(درەو میدیا): فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماریی عێراق بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە هەندێك پارێزگا بە (نادەستوری) ناودەبات. لەو نوسراوەدا كە بەڕێوەبەری نوسینگەی فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق ئیمزای لەسەر كردووەو ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كراوە هاتووە: بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران كە رۆژی 28-5-2018 دەرچووە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی هەندێك لە پارێزگاكان و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان لە بنكەكانی تر لە خۆدەگرێت، سەرۆكایەتی كۆمار وای دەبینێت ئەو بڕیارە سەرپێچی حوكمەكانی دەستور و یاسای كۆمسیۆنە. لە بەشێكی تری نوسراوەكەدا، نوسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق ئاماژە بەوەدەكات، پەیوەندی بە دادگای باڵای فیدراڵییەوە كراوە بۆ ئەوەی بۆچونی خۆی لەوبارەیەوە رابگەیەنێت. ئەم هەڵوێستەی فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق دوای كۆبونەوەیەكی دێت لەگەڵ هەرسێ جێگرەكەی (نوری مالیكی- ئەیاد عەلاوی- ئوسامە نوجێفی) و پێچەوانەی راگەیەندراوی دوای كۆبونەوەكەیە كە تێیدا باسلەوەكراوە دەبێت بەدواداچون بۆ گومانەكانی ساختەكاری بكرێت لە پرۆسەی هەڵبژاردندا. هاوكات بڕیارەكەی فوئاد مەعسوم دوای ئەوەدێت كە فراكسیۆنی حزبەكەی (یەكێتی نیشتیمانی كوردستان) لە ئەنجومەنی نوێنەران داوایان لێكرد وەكو سەرۆك كۆمار هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت و بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن رابگرێت. دەقی نوسراوەكە:
(درەو میدیا): پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسای هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە 45ی ساڵی 2013ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كرد و بڕیارە دوای خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاساكە دەنگی لەسەر بدرێت و بۆ ئەم هەڵبژاردنەش كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو كاری پێبكرێت. ئەمەش دەقی خاڵەكانی پرۆژە یاساكەیە: مادەی 1 : مادەی (38) ی یاسای ژمارە 45ی ساڵی 2013ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەمواردەكرێتەوە بەمشێوەیە دەخوێنرێتەوە: كۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پابەند دەكرێت بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ئامادەبوونی بریكاری قەوارە سیاسییەكان و نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەنگی هەموو بنكەكانی دەنگدان لە عێراق بەدەست جیابكاتەوە و ئەژماریان بكات. مادەی 2: ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی دەرەوە و دەنگدانی مەرجدار لە كەمپەكانی ئاوارەكان و جوڵەی دانیشتوانی پارێزگاكانی ( ئەنبار، سەلاحەدین، نەینەوا، دیالە) هەڵدەوەشێنرێتەوە، جگە لە دەنگی كەمینەكان كە سیستمی كۆتا دەیانگرێتەوە. مادەی 3: حوكمەكانی ئەم یاسایە لەسەر هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ساڵی 2018 جێبەجێ دەبێت. مادەی 4 : ئەم یاسایە لە مێژووی دەنگدان لەسەریەوە جێبەجێ دەكرێت.
(درەو میدیا): رۆژی دوو شەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا لەسەر بڕیارێك كە دەڵێ" دەبێت لانی كەم رێژەی 10%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار جارێكی تر ئەژماربكرێنەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵاتیش هەڵوەشێندرێتەوە. ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی نوێنەران لەناوەندی سیاسی عێراقدا مشتومڕی دروستكرد، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی هەیە بە ئاستی گونجاوی ئەو بڕیارە لەگەڵ دەستوردا هەروەها پرسیار دەكرێت لەبارەی ئەوەی ئاخۆ پەرلەمان مافی هەیە بڕیارێكی چارەنوسسسازی لەوشێوەیە دەربكات لەكاتێكدا ویلایەتەكەی لە تەواوبوندایە. شارەزایان تێڕوانینی جیاوازیان هەیە لەسەر ئەم بابەتە: بوشرا عوبێدی كە پسپۆڕێكی یاساییە لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (الحرە) دەڵێ" دەستوری عێراق مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی بە پەرلەمان نەداوە.. یاسای عێراقی میكانیزمی رونی داناوە بۆ تانەدان لە ئەنجامەكان، كە خۆی دەبینێتەوە لەوەی كۆمەڵێك دادوەر لە ناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەڵدەستن بە تەماشاكردنی تانەكان، ئەگەر هاتوو گومانەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن بەردەوام بوو پەنا بۆ دادگای باڵا فیدراڵی دەبرێت". بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاویكردەوە، رێژەی 70%ی پەرلەمانتارانی خولی ئێستای پەرلەمان كە خۆیان كاندیدكردوەتەوە، دەرنەچوون بۆ ویلایەتی دووەم. لەوبارەیەوە بوشرا عوبێدی ئاماژە بەوەدەكات"زۆرینەی هەرەزۆری ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئامادەی دانیشتنەكەی رۆژی دوو شەممە بوون پەرلەمانتارە دۆڕاوەكان بوون، ئەمەش ئەو بڕیارە جێناكۆكە دەردەخات كە داویانە". رۆژی پێنج شەممەی رابردوو حكومەتی عێراق پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای راگەیاند بۆ لێكۆڵینەوە لە دەنگۆكانی رودانی ساختەكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردندا. رۆژی دوو شەممە لیژنەكە بەشێوەیەكی كردەیی دەستی بەكاركرد و لێپرسراوانی باڵای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی بانگهێشتكرد و داوای لێكردن زانیاری بدەن لەبارەی دەنگدەران لە دەرەوەی وڵات و تایبەتمەندی هونەری ئەو ئامێرانەی كە لە پرۆسەی دەنگداندا كۆمسیۆن پشتی پێبەستوون. تاریق حەرب كە پسپۆڕێكی ناسراوی عێراقییە دەڵێ" بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لای من هەن لیژنەی لێكۆڵینەوە لەماوەی لانی كەم چوار رۆژی داهاتوودا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی رادەگەیەنێت بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی ئەو مشتومڕەی لەبارەی دەنگۆی ساختەكاری و یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن دروستبووە". تاریق حەرب وتی: بڕیاری پەرلەمان بۆ دووبارە جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی رێژەی 10%ی دەنگەكان، شتێكە دەكرێت روبدات، چونكە وەكو وردبینیكردن و پشكنین و دڵنیابوونە لە دروستی ئەنجامەكان و پێچەوانەی یاسا نییە. بەڵام تاریق حەرب لەڕووی دەستورییەوە هاوڕایە لەگەڵ بوشرا عوبێدی سەبارەت بە پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و دەڵێ" دەستور دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی بە پەرلەمان نەداوە". رۆژی 12ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، ژمارەیەك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق نیگەرانن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە و دەڵێن ساختەكاری بەرفراوان لە پرۆسەكەدا كراوە، بەتایبەتی لە شارەكانی سلێمانی و كەركوك و بابل و دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەكان.
( درەو میدیا): ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوە نائاساییەكەی دەستپێكردەوە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كرد. بە گوێرەی بەیاننامەیەك كە فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردوەتەوە، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان جەختیكردوەتەوە كە پەرلەمانی مافی خۆیەتی دانیشتنی نائاسایی بكات بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی بە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەخشراون، ئاماژەیبەوەشدا كە دانیشتنە نائاساییە بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەڵەكانییەتی. لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یاسا بۆ پرۆژە یاسای هەمواری سێییەكی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ژمارە 45ی ساڵی 2013 كرا كە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە پێشكەكراوە بە رەچاوكردنی ئەو پێشێلكارییە یاسایی و تەكنیكییانەی لە پرۆژەی هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایاری 2018 رویانداوە و بۆ پارێزگاریكردنیش لە پرۆسەی دیموكراتی كە گەرەنتی متمانەبوون بە خاوێنی هەڵبژاردنەكان و دادپەروەریی بكات و بۆئەوەی كۆمسیۆن بتوانێت دەنگەكان بەدەستی جیابكاتەەوە ئەژماریان بكات. دواتر بڕیاردرا دانیشتنەكە بەكرایەوەیی بهێڵدرێتەوە و رۆژی شەممەی داهاتوو 2ی حوەزیران دەستپێبكاتەوە.
(درەو میدیا): بەپێی نوسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە بۆ لیژنە باڵاكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی ناردووە، لە 10 پارێزگای عێراق 954 وێستگەی دەنگدانی هەڵوەشاندەوە لەگەڵ 67 وێستگەی دەنگدانی دەرەوەی وڵات كە كۆی گشتی دەكاتە 1021 وێستگە. لەو ژمارەیە ( 80 وێستگەی لە پارێزگای هەولێر و 96 بنكە لە پارێزگای سلێمانی و 224 بنكەی پارێزگای دهۆكی ) تێدایە كە دەكاتە ( 400 وێستگە) هاوكات پارێزگای كەركوك 186 وێستگەو نەینەوا 195 وێستگەو سەڵاحەدین 47 وێستگەو دیالە 2 وێستگە ئەنبار 101 وێستگەی هەڵوەشاوەتەوە. هاوكات 67 وێستگەی دەنگدانی دەرەوە كە ( 10 وێستگەی ئەڵمانیا و 22 وێستگەی ئەردەن و 31 وێستگەی ئەمریكاو 2 وێستگەی سوید و 1 وێستگەی بەریتانیا و 1 وێستگەی توركیا)ی هەڵوەشاندەوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت هێشتا قەیرانی ئەنجامی هەڵبژاردن و گومانەكانی ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن تەواو نەبووە، قەیرانێكی نوێ بەرۆكی عێراقی گرت. لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە دۆخی كارەبای نیشتیمانی لە شارەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراق زۆر خراپ بووە، بەجۆرێك رۆژانە (15) كاتژمێر كارەبا نادرێت بە هاوڵاتیان، ئەمە نیگەرانییەكی مەترسیداری لە شەقامی عێراقیدا دروستكردووە. هەندێك دەڵێن كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا سزای دەسەڵاتدارانە بۆ هاوڵاتیانی عێراقی كە لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاردا بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو كەمترین ئاستی بەشداریكردنیان هەبوو لە پرۆسەكەدا. ئەوەی نیگەرانییەكانی زیاتر كردووە ئەوەیە وەزارەتی كارەبا لە هەموو وەزارەتەكانی تر زیاتر بودجەی بۆ دابینكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەدوای 2003 وە نەیتوانیوە كێشەی كارەبا چارەسەر بكات. پچڕانی تەزوی كارەبا لە شارەكانی بەغدادی پایتەخت و دیالە و نەجەف و بابل و بەسرەو كەربەلا لەكاتێكدایە شەپۆلێكی گەرما ناوچەكەی گرتوەتەوە و هاوكات مانگی رەمەزانە و خەڵك بەرۆژوو دەبن. بەغدادی پایتەخت كە ئێستا بێ كارەبایە، بەر لە 100 ساڵ لەمەوپێش و بەدیاریكراوی لە ساڵی 1917دا لەلایەن ئەندازیارێكی ئینگلیزەوە روناككراوەتەوە و بۆیەكەمجار بە وزەی كارەبا ئاشنا بووە. قەیرانی كارەبا لە عێراقی دوای سەدامدا بووتە قەیرانێكی هەمیشەیی، داڕمانی ئەم كەرتە لە جەنگی ساڵی 2013دا زیانێكی زۆری بە ژێرخانی كارەبا گەیاند. دەسەڵاتی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق هەوڵی زۆریدا كەرتی كارەبا هەڵسێنێتەوە، بەڵام هەوڵەكانی بێئەنجام بوون. بەپێی راپۆرتە فەرمییەكان لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە لە 14 ساڵی رابردودا نزیكەی (41 ملیار) دۆلار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی كارەبا خەرجكراوە، بەڵام هێشتا خەڵك بێ كارەبان. كەرتی كارەبا لە عێراق كە وەزارەتی كارەبا بەڕێوەی دەبات یەكێك لەو كەرتانەی كە زۆرترین قسەوباسی گەندەڵی لەسەرە. بەرپرسانی وەزارەتی كارەبای عێراق هۆكاری سەرهەڵدانەوەی قەیرانی كارەبا بۆ بوونی كێشەیەك لەو هێڵەدا دەگێڕنەوە كە كارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق دەگوازێتەوە، ئێستا ئەو كێشەیە چارەسەركراوە، بەڵام هێشتا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان وەكو پێشتری لێنەهاتوەتەوە. هەندێك سەرچاوە باسلەوەدەكەن، بەهۆی قەرزەوە ئێران هەناردەی كارەبای بۆ عێراق راگرتووە. بەپێی قسەی ماجدە تەمیمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق" كۆی گشتی ئاستی وەبەرهێنانی كارەبا لە عێراق دەگاتە 10 هەزار و 900 میگاوات، ئەمە لەكاتێكدایە عێراق دەبێت 10 هەزار میگاواتی تر بەرهەم بهێنێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی كارەبا". كێشەی سەرەكی كەرتی كارەبا لە عێراق خۆی دەبینێتەوە لە خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی لە گرێبەستەكان و بەهەدەردانی وزە و نەبوونی هەماهەنگی تەواو لەنێوان هەردوو وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی نەوتدا. نیگەرانییەكان لە خراپی دۆخی كارەبا لە چەند رۆژی رابردودا سەریانكێشا بۆ خۆپیشاندانی شەوانە لە چەند شارێكی عێراق. لەدواین كاردانەوەكانی خراپی دۆخی كارەبادا، عەلی داینی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە هۆشداریدا لە "تەقینەوەیەكی جەماوەری گەورە" لە پارێزگاكەیان بەهۆی خراپتربوونی دۆخی كارەبا لەماوەی 48 كاتژمێری رابردوودا. لەنوێترین لێدوانیدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، چەند یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكەونە كارو دۆخی كارەبا باشتر دەبێت.
(درەو میدیا): موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی " سائرون" سەردانی كوەیت دەكات. نوسینگەی تایبەتی سەدر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەمڕۆ سێشەممە موقتەدا سەدر بە سەردانێك نەجەفی بەرەو كوەیت بەجێهێشتووە. راشیگەیاند سەدر بە فەرمی بانگهێشت كراوە بۆئەوەی سەردانی كوەیت بكات و سەردانەكە بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتە.
( درەو میدیا): ئەمڕۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆدەبێتەوە و وەڵامی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە كە لە دانیشتنە نائاساییەكەی رۆژی دووشەممەدا دران. حازم ردێنی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " غەد پرێس" وتی:" ئەمڕۆ كۆمسیۆن كۆدەبێتەوە بۆئەوەی بڕیاربدات لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بڕیارانەی پەرلەمان لە دانیشتنە نائاساییەكەیدا دەریكردوون." ردێنی وتیشی:" دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، پێویستە دادگا چاو بە تانەكاندا بخشێنێتەوە كە لەلایەن هەندێك لە پەرلەمانتارانەوە پێشكەشكراون، هەر ئەویش خاوەنی بڕیارە بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان." ردێنی راشیگەیاند چەند رێگەیەكی یاسایی هەیە بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. دەربارەی بڕیارەكەی پەرلەمانیش بۆ ژماردنی دەستی دەنگی 10% وێستگەكانی دەنگدان ردێنی وتی:" كۆمسیۆن وێنەی كارتی دەنگدانی داوەتە هەموو حزبەكان و خۆیان دەتوانن پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی ئەو كارتانەبكەن كە كۆمسیۆن لە هەموو عێراقدا رادەستی كردوون."
( درەو میدیا): ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێكی نائاساییدا بە سەرۆكایەتی سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەن و بە ئامادەبوونی 168 پەرلەمانتار رۆژی دووشەممە 28/5/2018 دەنگیدا لەسەر بڕیارێك دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. لە دەستپێكی دانیشتەكەدا كە سەرەتا راوێژكاربی بوو دواتر و دوای تەواوبوونی نیسابی یاسایی بووە دانشتنێكی نائاسایی، سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەختیكردەوە كە پەرلەمانی عێراق ویستی دانیشتنێكی نائاسایی بكات لە هەوڵیدا بۆ پاكڕاگرتنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەو هەڵە و دەستكارییكردنەوەی بەویستی دەنگدەراندا كراوە، ئاماژەی بەوەشدا كە بە بەڵگەی یەكلاكەرەوە پێشێلكارییەكانی كۆی پرۆسەی هەڵبژاردن سەلمێنراون، ئەوەش گومانی خستە سەر كۆی ئەنجامەكانی و بە تایبەتی ئەوەی لە بەشێك لە پرسەی دەنگدانی مەرجدار و تایبەت و دەرەوە روویدا. رونیشیكردەوە، گواستنەوەی ئەلیكترۆنیی ئەنجامەكان كە بە پێچەوانەی ویستی دەنگدەران بوو، كارێكی زۆر مەترسیدارە، لەبەرئەوەی خروقاتەكان لەبەردەم چاوی چاودێرەكاندا سەلمێنرا، ئەوەش ناوبانگی پرۆسەی سیاسی دووچاری شەرمەزارییەكی گەورەدەكات لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پێویستە كارەكان بخرێنەوە شوێنی خۆیان. جبوری لە بەشێكی تری وتەكانیدا داوای لە دەسەڵاتی دادوەری و داوكاری گشتی و دەستەی نەزاهە كرد، پارێزگاری لە رێرەوە دیموكراتی بكەن و بەرپرسیارێتی یاسایی خۆیان بە تەواوەتی بگرنە ئەستۆ، وتی: بەشدارینەكردنی دەنگدران لە پرۆسەی هەڵبژاردندا پەیامێكی روون و ئاشكرای گەلی عێراقە بۆ چینی سیاسیی، سوپاسی پەرلەمنتارەكانیشی كرد بە تایبەتی ئەوانەی لە هەڵبژاردندا سەركەوتوون و ئەوانەشی خۆیان كاندید نەكردووە لە نێویشیاندا ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەن. پاشان پەرلەمانتار كازم شەممەری جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە مافی پەرلەمانە هەموو رێوشوێنێكی پێویست بگرێتە بەر بۆ پارێزگاریكردن لە پرۆسەی سیاسیی. پەرلەمانتار حەسەن تۆران داوای لە داواكاری گشتی و فەرمانگەی یاسایی پەرلەمان كرد مامەڵە بكات لەگەڵ چەند وتەیەكی مەترسیدار كە لەلایەن هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە وتراوە دەربارەی ئەوانەی لە پارێزگای كەركوك مانیان گرتووە. هەروەها پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی، گومانی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە پشت بەستن بەو كۆبوونەوەیەی كە دەزگا ئەمنییەكان و چەند دامەزراوەیەكی گرنگ لە ئەنجومەنی وەزیرانی لەخۆگرتبوو، جەختیكردەوە كە گومانكردن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، حكومەتێكە ناشەرعیی لێ لەدایك دەبێت، داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كرد پارێزگاری لە پرۆسەی دیموكراتی و هەڵبژاردن بكات و تا ئەولایەنانەی كە دەیانەوێت ویستی دەنگدران بگۆڕن كۆنترۆڵی نەكەن و داواشی كرد دەنگەكانی پارێزگای بابل بە دەست ئەژماربكرێنەوە. پەرلەمنتار هۆشیاری عەبدوڵاش جەختیكردەوە كە یاری بە سندوقەكانی دەنگدان كراوە و لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی ساختەكاری كراوە، داواشی كرد كارتەكانی ناو سندوقەكانی بنكەكانی دەنگدان لە پارێزگاكانی هەرێم بەراورد بكرێن. عەبدولڕەحمان لویزی پەرلەمانتاری پێشنیاری كرد سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئامادەبن بۆ گفتوگۆ لەسەر كێشەو گرفتەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەكان. لایخۆشیەوە ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رونیكردەوە كە ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا روویدا لە رێگەی پێشكەشكردنی تانەی یاساییەوە چارەسەر دەكرێت و ئاماژەی بەوەشدا كە ئەنجومەنی نوێنەران تا یەكی تەمموزی داهاتوو بەردەوام دەبێت و رونشیكردەوە ئەنجومەنی نوێنەران یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی دەركردووە و دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە لەكار لایانبدات و دەستیان پێ لەكاربكێشێتەوە، هەروەها یاسای هەڵبژاردنەكان شێوازی پرۆسەی هەڵبژاردنی دیاریكردووە، رونیشیكردەوە كە تانەكان بە گوێرەی یاسای كۆمسیۆن لە رێگەی دەستەیەكی دادوەرییەوە یەكلایی دەكرێنەوە كە پێكدەهێنرێت بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەو بەڵگەنای پێشكەش دەكرێن و لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەتوانێت پێش رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو تانە پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكات. لایخۆشیەوە حەسەن تۆران جەختیكردەوە كە لیژنەی یاسایی و لیژنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی تایبەت بە بەدواداچوونی راستییەكانی هەڵبژاردن، وایدەبینێت كە سیستمە ئەلیكترۆنییەكان، پێشێلكاری بۆ تایبەتمەندی دەنگدەر تێدایە، بەهۆی ئەوەی دەتوانێت ئاشكرایبكات دەنگدەر دەنگی بەكێ داوە، ئاماژەی بەوەشدا كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان 155 هەزار دەنگی پارێزگای كەركوكی هەڵوەشاندوەتەوە، داواشیكرد دەنگی 10%ی وێستگەكانی دەنگدان لەسەرتاسەری عێراقدا بەدەست جیابكرێنەوە لە حاڵەتی ئاشكرابوونی هەر پرۆسەیەكی ساختەكاریدا جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستی بۆ دەنگی هەموو وێستگەكانی عێراق بكرێت. پاشان ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارێكی پەرلەمانی خستەدەنگدانەوە كە لەلایەن لیژنەی یاسایی ئەنجومەنەوە پێشكەشكرابوو. لە بڕیارەكەدا داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە هەرلایەنەوە بە گوێرەی پسپۆری خۆی هەموو رێوشوێنەكان بگرێتەبەر بۆئەوەی متمانە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و خاوێنانە بگەڕێنرێتەوە، لەوانەش : • هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دەرەوە كە پرۆسەی ساختەكاریكردن تێیدا سەلمێنراوە، دەنگدانی مەرجدار لە هەموو پارێزگاكان جگە لە نەینەوا و ( جموجوڵی دانیشتوانی سەلاحەدین و ئەنبار) هەڵبوەشێنرێتەوە، هیچ ئەوەلیاتێك جگە لە دەنگی كەمینەكانی كە كۆتا دەیانگرێتەوە لەناونەبرێت. • دەنگی سندوقەكانی 10%ی هەموو بنكەكانی هەڵبژاردن بە دەست جیابكرێتەوە و ئەژماربكرێت، ئەگەر دەركەوت كە جیاوازی بە رێژەی 25% هەیە، ئەوا دەنگی هەموو پارێزگاكان بەدەست جیابكرێتە و ئەژماربكرێت. • دەستبەجێی كۆپی ئەلیكترۆنی و وێنەی تیشكی كارتەكانی دەنگدان و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كە لە رێگەی مانگی دەستكردەوە رەوانەی سێرڤەری سەرەكی كراوە لە كۆمسیۆن " تەل سەنتەر" بدرێتە قەوارە سیاسییەكان، لەسەر ئاستی كاندیدی هەموو پارێزگایەك. • جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستی دەنگی ئەو وێستگانەی كەركوك كە ( ئێس دی رام) ەكانیان گۆڕاون و ئەو وێستگانەشی كە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان ئەنجامەكانیان هەڵوەشێنراوەتەوە و جەختبكرێتەوە لە پرۆسەی بەراوردكردنی داتا ئەلیكترۆنییەكان و داتای نێو سندوقەكان. • هەر كەسێك رەوانەی بەردەم دادگا بكرێت كە سەلمێنرا، تێوەگلاوە لە تەگەرەخستنە بەردەم دادپەروەیی و خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆئەوەی لێپرسینەوەی لە گەڵدا بكرێت و هەموو ئەوەلیاتەكانیش رەوانەی داواكاری گشتی و دەستەی نەزاهە بكرێت. • هەموو لایەنەكان بە گوێرەی ئەو یاسایانەی بەسەریاندا سەپێنراوە كاربكەن بۆ پاراستی بەرژەوەندی گشتی و بەردەوامبووونی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان لە كارەكانی و پەلەكردن لە پێشكەشكردنی ئەو ئەنجامانەی پێی گەشتووە بە ئەنجومەنی نوێنەران. • پشتیوانی و پاڵپشتیكردنی لیژنەی باڵا كە لە ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە بۆ وردبینیكردنی بەڵگە و دۆكیۆمێنتەكانی و رێوشوێنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك، لەبەرئەوەی پێشێلكاریی گەوەری بەخۆیەوەب ینوە و ویستی دەنگدەران ساختەكراوە. فەرمانگەی راگەیاندن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 28/5/2018
( درەو میدیا): زیاتر لە پێنج هەزار دەنگدەری شیعە لە پارێزگای كوتی باشووری بەغداد لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا دەنگیان بە كاندیدێكی مەسیحیی دا، بەڵام نەگەیشتە پەرلەمان. عەمار فەرەنسیس پوترس ( 41 ) ساڵ لە شاری كوت لە دایبكووە و ئەو شارە تەنها سێ خێزانی مەسیحیی تێیدا نیشتەجێن. لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا عەمار فەرەنسیس كاندیدی هاوپەیمانی " سائرون " بوو كە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەكات و توانی 5348 دەنگی خەڵكی شارەكە بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەو ژمارەیە بەس نەبوو بۆئەوەی بگاتە پەرلەمان. عەمار لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " نیقاش" دەڵێت:" بەیانی هەڵبژاردن چوومە شەقامەكانی كوت، هەستم بە خۆشییەكی زۆر كرد، كاتێك هاوڵاتیانی موسوڵمانی شارەكەم دەبینی پەلەیان دەكرد بۆئەوەی بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگم پێ بدەن." عەمار كە 10 ساڵ لە مەوبەر لەو شارە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی تەواوكردووە، رایدەگەیەنێت كە سەرەڕای دەرنەچوونی بۆ پەرلەمان، بەڵام ناترسێت لەوەی ئاستی جەماوەریی لەناو هاوڵاتیانی كوتدا داببەزێت، هەرئەوەش بووە وایكردووە كە لە هیچ باردۆخێكدا ئەو شارە بەجێنەهێڵێت و لێی بمێنێتەوە.
( درەو میدیا): ئەو لیژنەیەی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی هەڵبژاردن پێكیهێناوە ئەمڕۆ دووشەممە كاتژمێر نۆی بەیانی لێكۆڵینەوە دەكات لەگەڵ سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنی كۆمسیۆن و لێپرسراوی هەڵبژاردنەكانی دەرەوەی عێراق و بەرپرسی تەكنۆلۆژیای زانیاری كە سەرپەرشتی كاری ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدانی كردووە. لیژنەكەی ئەنجومەنی وەزیران كە د. سەلاح نوری خەڵەف سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەرۆكایەتی دەكات دوێنێ 27ی ئایار نوسراوێكی ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان , تێیدا شەش داواكاری لە كۆمسیۆن كردووە كە ئەمانەن: 1- لە ماوەی 24 كاتژمێردا دوای وەرگرتنی ئەم نوسراوە، ناوی دەنگدەران ( ساڵی لە دایكبون، ناوی دایك، ژمارەی پاسپۆرت، هەر ناسنامەیەكی تر) لە هەڵبژاردنی دەرەوە و مەرجدار و ئاوارەكان لەسەر سیدییەك دەدەنە لیژنەكە. 2- ئەم بەڕێزانەی لە خوارەوە ناونیشانی وەزیفییان هاتووە لە كاتژمێری نۆی بەیانی رۆژی دووشەممە رێكەوتنی 28/5/2018 لە بارەگای دەستەی نەزاهە لە هۆڵی خولد ئامادەدەبن. أ- سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران ب- سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن ج – لێپرسراوی هەڵبژاردنەكانی دەرەوە د- لێپرسراوی تەكنۆلۆژیای زانیاری، سەرپەرشتیاری كاری ئامێرەكانی دەنگدان. 3- راپۆرتێكی تەكنیكیمان بدەنێ كە ئەم تایبەتمەندییە تەكنیكیانەی ئامێرەكان لەخۆبگرێت( سندوق، ئامێری گواستنەوە، پرۆگرام و سێرەڤەر، ئەرشیڤ و شیكاریی ). 4- رێساكانی چۆنێتی بەكارهێنانی ئامێرەكان و ناوی ئەو كەسانەشی ئاگادار و سەرپەرشتیار سیستمەكە بوون. 5- نمونەكانی SDRAM ی تایبەت بە ( داقوق، ناوەندی كەركوك، واستی ناوەندی فەجر، تسعین قوتابخانەی هدایەت) ، سەلاحەدین( سامەڕا دەوروبەر 4 ، ئامادەیی بازرگانی ، ناوەندی بێجی 3 ، خوێندنگەی تەقوا) 6- راپۆرتی ئاماری دەنگدەران( دەنگدانی گشتی پارێزگای سەلاحەدین)
(درەو میدیا): سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری رژێمی پێشووی عێراق لە بارودۆخێكی ناڕووندا لە زیندانی ناسریەوە لە پارێزگای زیقار گواسترایەوە بۆ بەغداد. بەپێی هەواڵێك كە سایتی سۆمەریەنیوز لە زاری سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە ئاشكرایكردووە" سوڵتان هاشم لە بارودۆخێكی ناڕووندا گواستراوەتەوە بۆ بەغداد". سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، دۆخی تەندروستی سوڵتان هاشم بەهۆی تەمەنییەوە بەتەواوەتی تێكچووە و تائێستا هۆكاری گواستنەوەی بۆ بەغداد روون نییە و نازانرێت بەهۆی تێكچوونی تەندروستییەوە گواستراوەتەوە بۆ بەغداد یاخود بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە. سەرەتای ئەم مانگە سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەیی خۆی نیشاندا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان قسە بكات بەمەبەستی دەركردنی لێَبوردنێكی گشتتی بۆ سوڵتان هاشم.
( درەو میدیا): لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتی زۆر هەیە دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق و ئەندامێكی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دوو رێگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان ئاشكرادەكات. زانا رۆستایی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ رژنامەی " سەباح"ی نیمچە فەرمیی ئەو دوو رێگایە ئاشكرادەكات كە دەتوانرێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێ هەڵبوەشێنرێتەوە. رۆستایی روونیكردەوە:" ئەگەر نیسابی یاسایی پەرلەمان تەواوبێت، ئەوا پەرلەمان دەتوانێت خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان بكات و دەنگی لەسەربدات ، بەڵام چانسی ئەو رێگەیە زۆر كەمە، رێگای دووەمیش ئەوەیە دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەندنەكات و رەتیبكاتەوە." تا ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سێجار هەوڵیداوە دانیشتنێكی نائاسایی بۆ رەتكردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەنجامبدات بەڵام هیچ جارێك بەهۆی تەواونەبوونی نیسبای یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمنتارانەوە شكستیهێناوە و بڕیاری سبەی دووشەممە جارێكی تر دانیشتنەكە ئەنجامبدات.
(درەو میدیا): نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق نوسراوێكی رەسمی دەربارەی سكاڵاكانی ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربخۆی هەڵبژاردنەكان دەكات و داوای لێدەكات ئەو سكاڵایانە یەكلابكاتەوە كە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان تۆماركراون. لە نوسراوەكەدا هاتووە:" سەرنجتان رادەكێشین بۆ حوكمەكانی مادەی ( 8 )ی یاسای ژمارە ( 11)ی ساڵی 2007 كە پێویستە ئەو سكاڵایانە قبوڵ بكەن كە لەلایەن ئەو كەسانەوە پێشكەشكراون كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ناڕازین و یەكلاییان بكەنەوە و بڕیارەكانتان لە بارەیانەوە بڵاوبكەنەوە بۆئەوەی ئەوانەی زیانیان پێگەیشتووە بتوانن تانەیان لێبدەن لە دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان كە لە دادگای تەمییزی فیدراڵی پێكهێنراوە."
( درەومیدیا): ئەمڕۆ شەممە جارێكی تر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ سێیەمجار هەوڵیدا دانیشتنێكی نائاسایی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار و ئەنجامەكان و بوونی ساختەكاری و پێشێلكاریی سازبكات، بەڵام ئەمجارەش بەهۆی تەواونەبووی نیسابی یاسایی پەرلەمانتارانەوە دانیشتنەكە شكستیهێنا. دوای شكستهێنانی دانیشتنەكە سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا شكستیهێناوە و دەنگی پێویستی بۆ بوونەوە بە ئەندامی پەرلەمان بەدەستنەهێناوە رایگەیاند، داواكرا وەك بەرپرسیارێتییەك بۆ راستكردنەوەی پرۆسەكە، دانیشتنێكی نائاسایی بكرێت، بەڵام تەواونەبوونی نیسابی یاسایی رێگە ناگرێت لەوەی كە ئەنجومەنەكە رێوشوێنی رەسمی و یاسایی نەگرێتەبەر بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن." جبوری وتیشی:" سوپاسی هەموو ئەو ئەندامانە دەكات كە ئامادەبوون ئەمڕۆ و هەوڵەكان بەردەوام دەبن و بەیاننامەیەكیش دەربارەی ئەو خروقاتانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا كراون ئامادەیە." شكستهێنانی هەوڵێك بۆ دروستكردنی نیسابی یاسایی ژمارەی ئێستای كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 328 كورسییە و بە گوێرەی دەستور و یاسا كارپێكراوەكان، بۆ یاسایی بوونی دانیشتنەكان پێویستە ( 50+1 ) ی پەرلەمنتاران كە 165 پەرلەمانتار دەكات ئامادەبن. لەگەڵ دەستپێكردنی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ شەممەدا چەندین ژمارە دەربارەی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران خرانە ڕوو كە هەندێكیان چەند پەرلەمانتارێكی كەم بوو بۆ تەواوبوونی نیسابی یاسایی. پەرلەمانتارێكی بەشداربووی دانیشتنەكە بە " درەو میدیا" راگەیاند فەرمانبەرانی پەرلەمان چەند جارێك لەسەر داوای سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان، پەرلەمانتارانی ئامادەبوویان ژمارد و هیچ كاتێك نەدەگەیشتە 150 پەرلەمانتار، بەڵام نیازی میعمار ئۆغڵۆ بڕیاردەری پەرلەمان دەیوت كە 160 پەرلەمانتار ئامادەن و هەوڵیدەدا ژمارەكان زیاتر بكات تا نیسابی یاسایی تەواوبێت. ئەو پەرلەمانتارە وتیشی سەرۆكی پەرلەمان متمانەی بە ژمارەكانی بڕیاردەرەی پەرلەمان " نیازی میعمار ئۆغڵۆ " نەبوو، داوایلێكرد ناوی پەرلەمانتارە ئامادەبووەكان و ئیمزاكانیان كۆبكاتەوە و دواتر دەركەوت كە 149 پەرلەمانتار ئامادەبوون." ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد لە كاتی پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی 2018 شدا كە فراكسیۆنی كوردستانییەكان بایكۆتیان كرد، نیسابی یاسایی تەواو نەبووە و نیازی میعمار ئۆغڵۆ بە ساختە زیادیكردووە، بەڵام، بەوتەی ئەو لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا سەرۆكی پەرلەمان لە ترسی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن و بە تایبەتی رەوتی سەدر هەوڵەكەی نیازی میعمار ئۆغڵۆی شكستپێهێناوە.
