دوو رێگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان
2018-05-27 11:35:51
( درەو میدیا):
لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتی زۆر هەیە دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق و ئەندامێكی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دوو رێگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان ئاشكرادەكات.
زانا رۆستایی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ رژنامەی " سەباح"ی نیمچە فەرمیی ئەو دوو رێگایە ئاشكرادەكات كە دەتوانرێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێ هەڵبوەشێنرێتەوە.
رۆستایی روونیكردەوە:" ئەگەر نیسابی یاسایی پەرلەمان تەواوبێت، ئەوا پەرلەمان دەتوانێت خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان بكات و دەنگی لەسەربدات ، بەڵام چانسی ئەو رێگەیە زۆر كەمە، رێگای دووەمیش ئەوەیە دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەندنەكات و رەتیبكاتەوە."
تا ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سێجار هەوڵیداوە دانیشتنێكی نائاسایی بۆ رەتكردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەنجامبدات بەڵام هیچ جارێك بەهۆی تەواونەبوونی نیسبای یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمنتارانەوە شكستیهێناوە و بڕیاری سبەی دووشەممە جارێكی تر دانیشتنەكە ئەنجامبدات.