( درەو میدیا/ سۆمەریە نیوز) دەیان كەس لە پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگای كەركوك و داقوق خۆپیشاندانیان كرد و داوایان كرد دەنگەكانی پارێزگاكە بەدەست جیابكرێتەوە. پەیامنێری سایتی " سۆمەریە نیوز" رایگەیاند دەیان هاوڵاتی لە پێكهاتەی عەرەب و توركمان لە پارێزگاری كەركوك و داقوق دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی ئایار خۆپیشاندانیان كرد و داوایان لە حكومەتی عێراق و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد بڕیاربدات دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگاكە بە دەست جیابكرێتەوە بەهۆی ئەوەی ساختەكاری تێداكراوە. ئاشكراشیكرد خۆپیشاندەران لە داقوق خێمەیان داناوە و بەردەوام دەبن تا ئەو كاتەی داواكارییەكانیان جێبەجێدەكرێت." هاوكات ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی رایگەیاند حزبە توركمانیی و عەرەبییەكانی كەركوك 24 كاتژمێر مۆڵەتیان داوەتە كۆمسیۆن بۆئەوەی بڕیاری جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست بدات بۆئەوەی ئەنجامی راستەقینەی هەڵبژاردنە ئاشكراببێت.
( درەو میدیا) ئیئتیلافەكەی ئەیاد عەلاوی داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامدانەوەی دەكات لە كاتێكی گونجاودا . ئیئتیلافی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردوەتەوە، ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بوونی ساختەكاری و توندتیژی و كڕینی دەنگ بەشێوەیەكی بەربڵاو و بەشدارینەكردنی بەشێكی زۆری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەكان، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و مانەوەی حكومەتی ئێستا دەكەن وەك حكومەتی كاربەڕێكەر تا ئەو كاتەی دۆخەكە لەبار دەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، تەمومژاوی ئەو ڕێوشوێنانەی كۆمیسۆن گرتویەتیەبەر لە دەنگدانی ئەلیكترۆنی، بەشێكی ترە لە هۆكارەكانی كەمی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەكان. بەپێی ئەو ئەنجامە نافەرمییانەی تائێستا بڵاوكراونەتەوە، ئیئتیلافی " النصر" بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی لە پلەی یەكەم و بەدوایدا لیستی (سائرون) بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر لە پلەی دووەمی هێزە كێبڕكێكارەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنەكاندا هاتووە.
د.دەرباز محەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردوەتەوە، ئەمڕۆ 13-5-2018، بەغدا سێ لیژنە دەنێرێتە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، دەشڵێت : ئەو لیژنانە بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیە لە سكاڵاكانی تایبەت بە ئەنجامی هەڵبژاردن. ئەنجامی بەرایی دەنگەدانی گشتی بۆ بەشێك لە هێزەكان جێگای شۆك بوو، هەرزوو بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند ئامێری ئەلیكترۆنی دەنگدان هاككراوە، دواتر هەریەك لە ( هاوپەیمانی، گۆڕان ، كۆمەڵ، یەكگرتوو) كۆبونەوە و ئەنجامی دەنگدانیان رەتكردەوە لە راگەیەندراوەكەدا، كە دوو خاڵی سەرەكی لەخۆگرتوە، تێیدا هاتووە: "كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی رەتدەكەینەوەو پابەند نابین بە ئەنجامەكانەوە". لە خاڵی دووەمیشدا هاتووە: "داوای دوبارەكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەرێمی كوردستان بە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەكەین". دەقی راگەیەندراوی هاوبەش 1- كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی رەتدەكەینەوەو پابەند نابین بە ئەنجامەكانەوە. 2- داوای دوبارەكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەكەین. سەركەوتن بۆ ئیرادەی حەقخوازانەی گەلەكەمان بزوتنەوەی گۆڕان – هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری – كۆمەڵی ئیسلامی – یەكگرتووی ئیسلامی 12ی ئایاری 2018
(درەو میدیا) كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە هەموو پارێزگاكاندا 44.52% بووە. ریاز بەدران سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكانی كۆمسیۆن لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند رێژەی بەشداریكردن لە دەنگداندا لەسەرتاسەری عێراقدا 44.52% بووە و كۆی دەنگدەران زیاتر لە 10 ملیۆنە و زیاتر لە 700 هەزار لەدەنگدانی تایبەتدا بەشداریكردووە و لە دەرەوەی عێراقیش ژمارەی دەنگدەران لە 179 هەزار تێپەڕیوە.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەبۆنەی تەواوبوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەكات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا راشیگەیاند ئەركێكی گرنگ لەسەر شانی پەرلەمانتارانی نوێیە كە بریتیە لە پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیر كە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكانی هەموو عێراقییەكان بێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاندوو هیواخوازن پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بەخێرایی و بە گوێرەی خشتەی دەستوریی بەڕێوەبچێت، بۆئەوەی عێراق بتوانێت بەرەو داهاتوویەكی زیاتر سەقامگیر و گەشەسەندوو بەردەوام بێت لە جموجوڵ.
بەرەی توركمانیی هۆشداریدەدات لە گڕگرتنی دۆخی كەركوك ئەگەر دەنگەكانی ئەو پارێزگایە بە دەست جیانەكرێنەوە و داواش لە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەكات بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵگەی كەركوك بڕیارێك بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست دەربكات. ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانیی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەوەی لە ئەنجامی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكانی ئامادەیی حەویجە روویداە باشترین نمونەیە لەسەر دەستكاریكردنی ئامێرەكانی دەنگدان. ساڵحی داواشی لە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كرد بڕیارێكی دروست بدات بۆ پارێزگاریكردن لە ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵگەی كەركوك بەوەی دەنگەكان ببرێنە بەغدا و بە دەست جیابكرێنەوە.
راكان جبوری پارێزگاری كەركوك رایگەیاند كێشە لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە پارێزگای كەركوك روویداوە و داواشدەكات لە بەغدا دەنگەكانی پارێزگاكە بەدەست جیابكرێنەوە. جبوری لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی :" كەركوك عێراقێكی بچوككراوەیە و بە سیفەتی ئەوەی پارێزگارم چەند مافێكی یاسایی و دەستوری دەكەوێتە سەرشانم." جبوری وتیشی :" جوموجوڵێكی جەماوەریی لەدژی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەیە، دوای ئەوەی دەركەوت كێشە لە پرۆگرامی ئەلیكترۆنی دەنگداندا هەیە، هۆشداریمان لەوەدا ، بەڵام بێ وەڵام بوو." پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت داواشیكرد سندوقەكانی دەنگدان بە سەرپەرشتی هێزە ئەمنییەكان سندوقەكانی دەنگدان ببرێنە بەغدا بۆئەوەی لەوێ بەدەست دەنگەكان جیابكرێنەوە."
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایدەگەیەنێت لە هیچ دۆخێكدا پەنا بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست نابەن و پشت بە جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی دەبەستن و لەماوەی 48 كاتژمێریشیدا ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رادەگەیەنێت. لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " بغداد الیوم"، حازم ردێنی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وتی:" كۆمسیۆن پشت بە جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنیی دەنگەكان دەبەستێت و لە ژێر كاریگەری هیچ دۆخێك پەنا بۆ جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان نابات." ردێنی وتیشی ئەو هەواڵانەی لە میدیاكانەوە دەربارەی ئەنجامێكی زۆری حزبێكی دیاریكراو بڵاودەكرێنەوە دوورن لە راستییەوە كۆمسیۆن لەماوەی 48 كاتژمێردا ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكە رادەگەیەنێت.
(درەو میدیا): بەپیێ دواین زانیارییەكانی كە لە لێپرسراوانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وەرگیراوە، ئاستی بەشداریكردن لە پارێزگای كەركوك تاوەكو نیوەڕۆ، گەیشتوەتە نزیكەی 24%. لە پارێزگای پارێزگای بابل، ئاستی بەشداری دەنگدەران تاوەكو نیوەڕۆ 27% بووە، لە پارێزگای میسان 23% بووە، لە پارێزگای واست ئاستی بەشداری 25% بووە، لە پارێزگای موسەنناش ئاستی بەشداری 25% بووە.
رێكخراوی " تەمموز" یەكەمین راپۆرتی خۆی دەربارەی دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوكردەوە. ئەمەش چەند خاڵێكی راپۆرتەكەیە: لە كاتژمێر شەشی بەیانی ئەمڕۆ شەممە 12ی ئایاری 2018ەوە چاودێرەكانی رێكخراوی تەمموز بۆ پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی لە هەموو پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەستیانكرد بە چاودێریكردنی پرۆسەكە، چاودێرەكانمان لە كاتژمێر شەش بۆ هەشتی بەیانی چەند تێبینییەكان تۆماركردووە كە ئەمانەن: - شوێنی بنەكانی دەنگدان زۆر باشن، تەنها لە گوند و ناحیەكان نەبێت كە هاوڵاتیان بۆ گەیشتن بە بنكەكانی دەنگدان دەبێت رێگای دوور ببڕن. - هێزە ئەمنییەكان بە شێوەیەكی باش بۆ پاراستی بنكەكانی دەنگدان ئامادەن. - ئامادەكاری كۆمسیۆن لە رووی لۆجیستییەوە باشە. - بریكاری قەوارە سیاسییەكان لە ناوەندەكانی دەنگدان ئامادەن. - تیمەكانی كۆمسیۆن لە زۆرینەی بنكەكاندا لەكاتی گونجاودا ئامادەبوون. - رێگری لە چاودێرەكانمان كراوە لە كەركوك و قەزای حەی لە واست و لە تكریت. - لە بنكەی دەنگدانی ئاوارەكان لە سلێمانی تا كاتژمێر 10 و نیو ئامێرەی دەنگدان ئامادەنەبوو. - كێشەی نەخوێندنەوەی كارتی دەنگدانی كۆن هەیە . - زۆرینەی بنكەكانی دەنگدان لەكاتی دیاریكراودا كرانەوە و چەند بنكەیەك تا كاتژمێر هەشت نەكرانەوە. - بنكەی دەنگدانی وەمیز، سوهەیب رۆمی، لە ئەبی سەیدا لە دیالە رووبەڕووی هاوەن و هێرشی چەكداری بووەوە و شەش كەس برینداربوون. - جۆرێك لە شڵەژان لە كاری فەرمانبەرانی ناو وێستگەكانی دەنگدان هەیە و زانیاریان بۆ بەكارهێنانی ئامێر و كەلوپەلەكانی دەنگدان نیە. - لە ژمارەیەكی زۆر لە بنكەكانی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراقدا ئامێری لێكۆڵینەوە و زانیاری كارناكات. - لە چەند بنكەیەك پەنا بۆ دەنگدانی دەستی براوە. - لە بنكەیەكی دەنگدان لە نەجەف تا كاتژمێر نۆ و نیو رێگە نەدراوە بە كارتە كۆنەكە دەنگ بدرێت. - لە نزیك چەند بنكەیەكی دەنگدان بانگەشەی هەڵبژاردن كراوە. - هەندێك بنكە ئامێرەكەی تەنها كارتە نوێیەكە دەخوێنێتەوە. - لە كاتژمێری سەرەتای پرۆسەكەدا رێژەی بەشداریكردن زۆر كەم بوو.
ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف 12ی ئایاری 2018 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لەو هەڵبژاردنەدا ( 24.033.494 ) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە كۆی ( 38.354.563 ) كەس لە ژمارەی دانیشتوانی عێراق، بۆ ئەم هەڵبژاردنە ( 3.266.092 ) دەنگدەر زیادی كردووە، كە لە دایكبوانی ( 1997 ، 1998 ، 1999، 2000 )ە. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ( 329 ) ئەندام پێكهاتووە ، ( 320 ) ئەندامی گشتی و ( 9 ) ئەندامی كۆتا كە ( 5 ئەندامی مەسیحی ) و ( 1 ئەندامی ئێزدیی ) و ( 1 ئەندامی شەبەك ) و ( 1 ئەندامی سابیئە) و ( 1 ئەندامی كوردی فەیلی) . كورسیەكان بەم شێوەیە دابەش بوون بەغداد 69 كورسی و 2 كورسی مەسیحی + سائیبی نەینەوا 31 كورسی و 3 كورسی مەسیحی + ئێزدی+ شەبەك بەسرە 25 كورسی زیفار 19 كورسی سلێمانی 18 كورسی بابل 17 كورسی ئەنبار 15 كورسی هەولێر 15 كورسی و 1 كورسی مەسیحی دیالە 14 كورسی سەڵاحەدین 12 كورسی كەركوك 12 كورسی و 1 كورسی مەسیحی نەجەف 12 كورسی واست 11 كورسی و 1 كورسی فەیلی كەربەلا 11 كورسی دیوانیە 10كورسی دهۆك 11 كورسی و 1 كورسی مەسیحی میسان 11 كورسی موسەنا 7 كورسی
ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی " وەتەنیە" رایدەگەیەنێت ژمارەیەكی زۆر دەنگدەر رێگەیان پێنەدراوە دەنگ بدەن و 25 سكاڵاشیان لە بەغدا تۆماركردووە. عەلاوی دوای دەنگدانی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " سۆمەریەنیوز" وتی:" ئەو دەنگدەرە عێراقییانەی لە دەرەوە هاتونەتەوە رێگەیان پێنەدراوە بەشداری دەنگدان بكەن." عەلاوی داواشی لە هاوڵاتیان كرد بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆئەوەی پەرلەمانێكی بەتوانا هەڵببژێردرێت كە بتوانێت ئەركەكانی جێبەجێ بكات." عەلاوی ئاشكراشیكرد لەسەر پێشێلكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئوردن 15 سكاڵا و لە توركیا دوو سكاڵایان تۆماركردووە و ئەمڕۆش لە بەغداد 25 سكاڵایان تۆماركردووە.
عەبدولمەهدی كەربەلایی نوێنەری عەلی سیستانیی مەرجەعی باڵای شیعەكان دوای دەنگدانی، داوای لە هاوڵاتیانی عێراق كرد لە پێناوی گۆڕانكاریدا بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و جەختیشیكردەوە كە پێویستە نەگەنە قۆناغی نائومێدیی لە راستكردنەوەی رێڕەوی دامەزراوەكانی دەوڵەت. كەربەلایی لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان وتیشی :" پێویستە لەسەرنمان نائومێد نەبین لە راستكردنەوەی رێڕەوی دامەزراوەكانی دەوڵەت، بە تایبەتی كە مەرجەعیەتی باڵای ئایینی روونیكردەوە كە جگە لە پرۆسەی هەڵبژاردن هیچ جێگرەوەیەكی تر نییە." بەیانی ئەمڕۆ شەممە 12ی ئایار پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 329 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەرتاسەری عێراقدا دەستیپێكرد و پرۆسەكە تا كاتژمێر شەشی ئێوارە بەكاتی بەغداد بەردەوام دەبێت.