Draw Media

هەوڵدرا بە ساختە نیسابی یاسایی پەرلەمانی عێراق تەواوبكرێت

هەوڵدرا بە ساختە نیسابی یاسایی پەرلەمانی عێراق تەواوبكرێت

2018-05-26 16:56:55


( درەومیدیا):
ئەمڕۆ شەممە جارێكی تر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ سێیەمجار هەوڵیدا دانیشتنێكی نائاسایی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار و ئەنجامەكان و بوونی ساختەكاری و پێشێلكاریی  سازبكات، بەڵام ئەمجارەش بەهۆی تەواونەبووی نیسابی یاسایی پەرلەمانتارانەوە دانیشتنەكە شكستیهێنا.
دوای شكستهێنانی دانیشتنەكە سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا شكستیهێناوە و دەنگی پێویستی بۆ بوونەوە بە ئەندامی پەرلەمان بەدەستنەهێناوە رایگەیاند، داواكرا وەك بەرپرسیارێتییەك بۆ راستكردنەوەی پرۆسەكە، دانیشتنێكی نائاسایی بكرێت، بەڵام تەواونەبوونی نیسابی یاسایی رێگە ناگرێت لەوەی كە ئەنجومەنەكە رێوشوێنی رەسمی و یاسایی نەگرێتەبەر بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن."
جبوری وتیشی:" سوپاسی هەموو ئەو ئەندامانە دەكات كە ئامادەبوون ئەمڕۆ و هەوڵەكان بەردەوام دەبن و بەیاننامەیەكیش دەربارەی ئەو خروقاتانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا كراون ئامادەیە."
شكستهێنانی هەوڵێك بۆ دروستكردنی نیسابی یاسایی
ژمارەی ئێستای كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 328 كورسییە و بە گوێرەی دەستور و یاسا كارپێكراوەكان، بۆ یاسایی بوونی دانیشتنەكان پێویستە ( 50+1 ) ی پەرلەمنتاران كە 165 پەرلەمانتار دەكات ئامادەبن.
لەگەڵ دەستپێكردنی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ شەممەدا چەندین ژمارە دەربارەی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران خرانە ڕوو كە هەندێكیان چەند پەرلەمانتارێكی كەم بوو بۆ تەواوبوونی نیسابی یاسایی.
پەرلەمانتارێكی بەشداربووی دانیشتنەكە بە " درەو میدیا" راگەیاند فەرمانبەرانی پەرلەمان چەند جارێك لەسەر داوای سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان، پەرلەمانتارانی ئامادەبوویان ژمارد و هیچ كاتێك نەدەگەیشتە 150 پەرلەمانتار، بەڵام نیازی میعمار ئۆغڵۆ بڕیاردەری پەرلەمان دەیوت كە 160 پەرلەمانتار ئامادەن و هەوڵیدەدا ژمارەكان زیاتر بكات تا نیسابی یاسایی تەواوبێت.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی سەرۆكی پەرلەمان متمانەی بە ژمارەكانی بڕیاردەرەی پەرلەمان " نیازی میعمار ئۆغڵۆ " نەبوو، داوایلێكرد ناوی پەرلەمانتارە ئامادەبووەكان و ئیمزاكانیان كۆبكاتەوە و دواتر دەركەوت كە 149 پەرلەمانتار ئامادەبوون."
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد لە كاتی پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی 2018 شدا كە فراكسیۆنی كوردستانییەكان بایكۆتیان كرد، نیسابی یاسایی تەواو نەبووە و نیازی میعمار ئۆغڵۆ بە ساختە زیادیكردووە، بەڵام، بەوتەی ئەو لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا سەرۆكی پەرلەمان لە ترسی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن و بە تایبەتی رەوتی سەدر هەوڵەكەی نیازی میعمار ئۆغڵۆی شكستپێهێناوە.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand