Draw Media

جگە لە یەكێتی و پارتی خەنجەریش بە نیازی پۆستی سەرۆك كۆمارە

جگە لە یەكێتی و پارتی خەنجەریش بە نیازی پۆستی سەرۆك كۆمارە

2018-05-24 12:34:40


(درەو میدیا):
ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیانرا، بەڵام هێشتا لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەندنەكراون، بەڵام لە بەغدا ماراسۆنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان لە نێوان هەر سێ‌ پێكهاتەی " شیعە، سوننە، كورد" دەستیپێكردووە.
ئێستا وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغدان و بەجیا كۆبوونەوە و دانوستانیان لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنەكە دەستپێكردووە.
چاودێرێكی سیاسی ئاشكرایكرد كە كێبركێ لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق كە خاوەن دەسەڵاتێكی رەمزی و تەشریفاتییە لە نێوان كورد بەگشتی و یەكێتی و پارتی بە تایبەتی دەستیپێكردووە و خەمیس خەنجەریی كەسایەتی سوننەش كە دوای 15 ساڵ دوێنێ‌ چوارشەممە گەڕایەوە بەغدا، بە پشتیوانی و داواكاری توركیا چووتە ناو كێبركێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی كۆمار.
واسق هاشمی چاودێری سیاسی عێراقی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " سۆمەریە نیوز" وتی " لە ناو ماڵی كورددا كێشە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار هەیەن پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە كە هۆشیار زێبارییە، لە كاتێكدا یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش د. بەره ساڵحی كاندیدكردووە بۆ ئەو پۆستە و كاردەكات بۆ ئەوەی لە رێگەی برێت مەكگۆرك و ئەو كەسایەتیانەی تر كە سەردانی هەرێم دەكەن بیچەسپێنێت."
ئەو چاودێرە دەشڵێت:" سەرۆكی ئێستاش فوئاد مەعسوم هەرچەندە كە پێشتر رایگەیانددووە خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید ناكاتەوە، بەڵام باوەڕم وایە كە دەتوانێت رۆڵی یەكلاكەرەوە ببینێت لە چارەسەركردنی كێشەكەدا و خۆی كاندید بكاتەوە بۆئەوەی گەرەنتی لەدەستنەچوونی ئەو پۆستە بكات."
بەوتەی ئەو چاودێری جگە لە كێبركێی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، لایەنی سێیەمیش هاتوەتە ناو كێبركێكەوە و چەند لایەنێكی سوننەش داوای پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن.
بە بۆچوونی هاشمی گەڕانەوەی خەمیس خەنجەر كەسایەتی سوننە دوای 15 ساڵ بۆ بەغدا رەنگە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بێت بە فشاری توركیا، چونكە خەنجەر بەشداری هەڵبژاردنی نەكردوووە و ناتوانرێت بۆ سەرۆكی پەرلەمان كاندیدبكرێت.
بەرای هاشمی ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار نەدرێتە خەنجەر، ئەوا كێشە و ناكۆكی و دووبەرەكی لە نێو ماڵی سوننەدا روودەكات كە خۆی لە بنەڕەتدا دابەشبووە.
دوێنێ‌ چوارشەممە خەمیس خەنجەر  دوای 15 ساڵ گەڕایەوە بەغدا و لەگەڵ سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوەوە، خەنجە سەرەتا بڕیاربوو لە هاوپەیمانێتییەكەی ئوسامە نوجێفی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات، بەڵام دواتر كشایەوە.
دەربارەی كاندیدكردنی هۆشیاری زێباری وەزیری پێشووی دارایی عێراق كە لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی لێ سەندرایەوە، عەبدولباری زێباری ئەندامی خولی پێشووی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد هیچ لێكتێگەیشتنێك لە نێوان پارتی و یەكێتیدا نییە بۆ كاندیدكردنی هۆشیاری زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و جەختیشیكردەوە كە ئەو پۆستە مافی یەكێتییە و یەكێتی لە رێگەی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە كاندید بۆ پۆستەكە دیاریدەكات.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand