كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وەڵامی بڕیارەكانی پەرلەمان دەداتەوە
2018-05-29 08:24:18
( درەو میدیا):
ئەمڕۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆدەبێتەوە و وەڵامی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە كە لە دانیشتنە نائاساییەكەی رۆژی دووشەممەدا دران.
حازم ردێنی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " غەد پرێس" وتی:" ئەمڕۆ كۆمسیۆن كۆدەبێتەوە بۆئەوەی بڕیاربدات لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بڕیارانەی پەرلەمان لە دانیشتنە نائاساییەكەیدا دەریكردوون."
ردێنی وتیشی:" دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، پێویستە دادگا چاو بە تانەكاندا بخشێنێتەوە كە لەلایەن هەندێك لە پەرلەمانتارانەوە پێشكەشكراون، هەر ئەویش خاوەنی بڕیارە بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان."
ردێنی راشیگەیاند چەند رێگەیەكی یاسایی هەیە بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
دەربارەی بڕیارەكەی پەرلەمانیش بۆ ژماردنی دەستی دەنگی 10% وێستگەكانی دەنگدان ردێنی وتی:" كۆمسیۆن وێنەی كارتی دەنگدانی داوەتە هەموو حزبەكان و خۆیان دەتوانن پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی ئەو كارتانەبكەن كە كۆمسیۆن لە هەموو عێراقدا رادەستی كردوون."