"ئەنجامی هەڵبژاردنی تایبەت و دەرەوە و ئاوارەكان هەڵدەوەشێتەوە"
2018-05-26 09:01:40
(درەو میدیا):
ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا ئەنجامی هەڵبژاردنی تایبەت و دەرەوە و ئاوارەكان هەڵدەوەشێنێتەوە و متمانەش لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەسەنێتەوە، ئەمە قسەی كەسێكی نزیكە لە حەیدەر عەبادی.
جاسم بەیاتی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەو دۆسیەیانەی كە ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا گفتوگۆیان لەسەردەكات بریتین لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و سەندنەوەی متمانە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان یاخود هەندێك لە فەرمانگەكانی وەكو بەڕێوەبەرە گشتییەكان.
لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (بەغداد الیوم)، بەیاتی ئاماژەی بەوەكرد، پێشنیازێك هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی دەرەوە و دەنگدانی تایبەت و هەڵبژاردنی ئاوارەكان هەڵوەشێندرێتەوە.
هەوڵەكان لەناو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەندێك لەلایەنە سیاسییە براوەكانی نیگەران كردووە.
هۆشیاری زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پۆستێكدا لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسی" ئێستا هەندێك هەوڵی مەترسیدار لەلایەن هەندێك سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری دۆڕاوی هەڵبژاردنەكانەوە بەڕێوەدەچێ بۆ هەڵوەشاندنەوە و پوچوڵكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 2018، كە لێكەوتی كارەساتباریان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەبێت.. دەبێت رابگیرێن و رێگرییان لێبكرێت وڵات بەرەو داڕمان و پشێوی ببەن".