موقتەدا سەدر پیاوی ژمارە یەكی عێراق
2018-05-23 12:39:25
راپۆرتی شیكاریی: فازل حەمەڕەفعەت
سەردەمێك سەرۆكی میلیشیا و ئێستا داوای پێكهێنانی حكومەتی تەكنۆكرات دەكات، ئەمە چیرۆكی ژیانی موقتەدا سەدرە، ئەو پیاوەی كە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بوو بە ژمارە (یەك) لە عێراق و بە جۆرێك ئەوەی چاوی لە كورسی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقە دەبێت بە ژێر عەباكەی سەدرا گوزەربكات.
موقتەدا سەدر كێیە ؟
12ی ئابی 1973 لە شاری نەجەف لەدایكبووە، چوارەمین كوڕی (محەمەد محەمەدسادق سەدر)ە، ئەو پیاوەی كە لەسەردەمی خۆیدا بەشێوەیەكی ئاشكرا رەخنەی توندی لە سەددام حسێن و حزبی بەعس دەگرت.
موقتەدا سەدر سێ برای هەیە بەناوەكانی (موستەفا- موئمیل- مورتەزا)، بەڵام ئێستا تەنیا (مورتەزا) لە ژیاندا ماوە، موقتەدا هاوسەرگیری لەگەڵ كچی مامی خۆی كردووە، واتە كچی (محەمەد باقر سەدر)ی دامەزرێنەری حزبی دەعوەی ئیسلامی كە لەلایەن سەددام حسێنەوە كوژرا، سەدر منداڵی نییە.
موقتەدا لە حەوزەی عیلمی نەجەف لەژێر دەستی باوكی و (محەمەد كەڵانتەر و محەمەد جەواهیری) خوێندویەتی و لەو سەردەمەی كە باوكی لەژیاندا بووە سەرپەرشتی زانكۆی ئاینی سەدری كردووە و بەرپرسیارێتی لیژنەی حقوقی شەرعی گرتوەتە ئەستۆ كە سەربە نوسینگەكەی باوكی بووە هەروەها چاودێری پرۆسەی لەچاپدانی كتێبەكانی كردووە و هاوكات سەرنوسەری گۆڤاری (الهدی) بووە.
لە دوای راپەڕینی (شەعبانیە)ی شیعەكان لەدژی رژێمی سەددام لە ساڵی 1991، موقتەدا لەگەڵ باوك و براكانیدا دەستگیركراوە، پاش تیرۆركردنی سەید محەمەد سەدری باوكی، سەركردایەتی جوڵانەوەیەكی یاخیبوانەی كردووە لەدژی رژێمی بەعس، جوڵانەوەكەی ژمارەیەك هێرشی لەدژی هێزەكانی رژێمی بەعس ئەنجامدا، ئەو جوڵانەوەیە دواتر ناوی لێنرا "راپەڕینی 1999".
موقتەدا لەڕووی خوێندنی ئاینییەوە پلەی (حجە الاسلام) لە حەوزەی عیلمی قوم بەدەستهێناوە و ئێستا دەخوێنێت بۆئەوەی بە پلەی (المجتهد) بگات.
سەدر دوای روخانی رژێم
لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراق لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەوە لە ساڵی 2003، ناوی موقتەدا درەوشایەوە، ئەوەش كاتێك بوو دژایەتی بونی سوپای ئەمریكای كرد لە عێراق.
لەو ساڵانەدا موقتەدا هاوشێوەی باوكی وتاری نوێژی هەینی مزگەوتی كوفەی كردبوو بە مینبەری دژایەتیكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، لە یەكێك لە وتارەكانیدا لەو مزگەوتە موقتەدا هەواڵی پێكهێنانی سوپای (مەهدی) راگەیاند و لە ساڵی 2004دا چووە شەڕی چەكدارییەوە لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا.
سەرەتای تەقینەوەی شەڕی لایەنگرانی سەدر لەگەڵ سوپای ئەمریكا ئەو كاتەبوو كە پۆل َبریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق فەرمانیدا بە داخستنی رۆژنامەی (الحوزە)ی سەربە سەدر، ئەو بڕیارە نیگەرانی لێكەوتەوە و لایەنگرانی سەدر خۆپیشاندانیان كرد، هێزەكانی هاوپەیمانان بە چەك روبەڕوی خۆپیشاندانەكان بوونەوە.
سوپای (مەهدی) كە موقتەدا سەرۆكایەتی دەكرد لە شارەكانی نەجەف و كوت و چەندین ناوچەی تری عێراق چووە شەڕەوە لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا، سوپای مەهدی تۆمەتبار دەكرێت بەوەی سەرپەرشتی پرۆسەی رفاندن و ئەشكەنجەدان و كوشتنی سەدان كەسی كردووە لە ماوەی ساڵانی 2006-2007 كە شەڕی تائیفی لە عێراق گەیشتە لوتكە.
هەر لەو ساڵانەدا بوو ئەمریكییەكان فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ موقتەدا سەدر دەركرد، بەوهۆیەوە موقتەدا رووی لە ئێران كرد و ماوەیەك لەبەرچاو وون بوو.
سەدر جارێكی تر گەڕایەوە بۆ عێراق و لە ئابی 2008 دا فەرمانیدا بە هەڵوەشاندنەوەی سوپای مەهدی، ئەمەش دوای هەڵمەتێكی سەربازی هات كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق لەدژی سوپای مەهدی دەستیپێكرد و هەڵمەتەكە لە مانگی ئازاری 2008دا لە بەسرە كۆتایی هات.
موقتەدا سوپای مەهدی هەڵوەشاندەوە، بەڵام لەجێگای ئەو هێزێكی بەناوی (لیوای یوم الموعود) بۆ شەڕكردن لەدژی ئەمریكییەكان پێكهێنا، ئەو هێزە لەماوەی ساڵانی 2009-2010-2011 هەندێك شەڕی چەكداری لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا كرد.
سەرباری ئەو شەڕانەی كە مالیكی لەدژی سوپای مەهدی كردی، بەڵام دواتر موقتەدا ئاشتیی لەگەڵ مالیكی كرد و هۆكاریش بوو بۆ ئەوەی ساڵی 2010 جارێكی تر مالیكی لەسەر كورسی سەرۆك وەزیرانی عێراق دابنیشێتەوە.
سەرلەنوێ پەیوەندییەكانی مالیكی و سەدر تێكچوو، ئەوەش كاتێك ساڵی 2013 موقتەدا فەرمانی بەلایەنگرانیدا پشتیوانی لە خۆپیشاندانی سوننەكانی پارێزگای ئەنبار بكەن لەدژی حكومەتی مالیكی بەوپێیەی خۆپیشاندانەكان ئاشتیانەن.
كوژرانی خوئی
موقتەدا تۆمەتباردەكرێت بە تێوەگلان لە تیرۆركردنی (عەبدولمەجید خوئی) یەكێك لە زانایانی ئاینی شیعە و سەرۆكی دامەزراوەی خێرخوازی (خوئی) لە لەندەن، كە لە رۆژی 10ی نیسانی 2003 لەناو مەزارگەی ئیمام عەلی لە شاری نەجەف كوژرا.
ئەوكات یەكێك لە دادوەرەكانی عێراق لەسەر كوشتنی خوئی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ موقتەدا دەركرد، بەڵام خێزانی زانا تیرۆركراوەكە فەرمانەكەیان رەتكردەوە و لەوكاتەوە بێدەنگییان لە دۆسیەكە كردووە، كەسە نزیكەكانی موقتەدا دەڵێن ئەوەی رویداوە تەنیا تەڵەیەك بووە بۆ راوكردنی سەدر.
سەدر و ئەمریكا و ئێران و سعودیە
موقتەدا تەنیا لە ناوخۆی عێراق نەبوو بە ژمارەیەكی قورس، ئەو لەسەر ئاستی دەرەوەش جموجوڵە سیاسییەكانی چڕكردەوە، ئەمدواییانە هەوڵیدا بە یەك دووری لەنێوان ئێران و ئەمریكا راوەستێت وەكو دوو جەمسەری دژ بەیەك لە ناوچەكەدا.
سەدر ساڵی رابردوو داوای لە حكومەتی عێراق كرد هێزەكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە كە دەوترێت هێزێكە لەلایەن ئێرانییەكانەوە پشتیوانی دەكرێت.
سەدر لەبارەی قەیرانی سوریاشەوە قسەی خۆی كرد، ئەو داوای لە بەشار ئەسەد كرد " بڕیارێكی مێژویی پاڵەوانانە" بدات بۆ دەستهەڵگرتن لە دەسەڵات و پاراستنی وڵاتەكەی لە خوێنڕشتنی زیاتر.
سەدر بەپێچەوانەی رێبەرانی تری شیعە لە عێراق بەشێوەیەكی فەرمی دژایەتی خۆی بۆ دەستوەردانی ئێران لە كاروباری عێراق راگەیاند و هاوكات سەردانی سعودیە و ئیماراتی عەرەبی كرد وەكو دوو نەیاری سەرسەختی ئێران لە ناوچەكە.
موقتەدا و شەڕی گەندەڵی
بەمدواییەش سەدر بەتەواوەتی بوو بە سەركردەیەكی جەماوەری لە عێراق، بەتایبەتی دوای ئەوەی لایەنگرەكانی رژاندە سەر شەقامەكانی بەغدادی پایتەخت و شارەكانی تری عێراق لەدژی گەندەڵی.
سەدر لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا بەروبومی هەوڵەكانی بۆ دژایەتی گەندەڵی و چاكسازیكردن چنییەوە و بوو بە ژمارەی (یەك) لەڕوی ئەو دەنگانەی كە لە هەڵبژاردنەكەدا بەدەستیهێنا.
ئێستا ماڵی سەدر بووە بە سەرەڕیگای ئەو كاروانە سیاسییانەی كە دەیانەوێت لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا رۆڵ و پشكیان هەبێت.
سەدر و كورد
سەدر خۆی لە شەڕی مافەكانی كورد پاراستووە، بەڵام لەكاتی ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی هەرێمی كوردستاندا رایگەیاند پشتیوانی لە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ناكات و كورد هاوبەشە لە عێراقدا و داواشی لە حكومەتی عێراق كرد فڕۆكەخانەكان و دەرواز سنورییەكان كۆنترۆڵ بكات.
لە نوێترین هەڵوێستیشیدا دەربارەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا سەدر لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەفدی پارتی رایگەیاندووە حكومەتی نوێی عێراق بەو ئاراستەیە كاردەكات كە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەربكات.