راپۆرتی شیكاری: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت "هەڵبژاردن بۆ ئێران و پێكهێنانی حكومەت بۆ ئەمریكا" ئەمە ئەو چیرۆكەیە كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003 بەردەوام لە عێراق دووبارەدەبێتەوە. پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق كۆتاییهات، لایەنە نزیكەكان لە ئێران هەڵبژاردنیان بردەوە، ئێستا نۆرەی ئەمریكایە ئەركەكە تەواوبكات. برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دوێنێ لە بەغداد دەستی بە زنجیرەیەك كۆبونەوە كرد لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی عێراق. ئێستا برێت مەكگۆرك دوای بەغدا لە شاری هەولێرە و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی كۆبوەوە. بەگوێرەی زانیارییەكان هەر لە هەولێر، برێت مەكگۆرك چاوی بە بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كەوتووە. رەنگە بەرهەم ساڵح پەیامی نیگەرانی لایەنەكان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی بە مەكگۆرك گەیاندبێت. هاوكات ئێستا لە هەولێر هەر شەش لایەن (گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری- بزوتنەوەی ئیسلامی- حزبی شیوعی) لە كۆبونەوەدان. مەكگۆرك لە پێكهێنانی كابینەكانی حكومەتی عێراقدا رۆڵی هەبووە ئێستاش گەیشتوەتە ناوچەكە و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكان دەستپێكردووە. كۆبونەوەكە بۆ بڕیاردانە لەو گومانانەی كە لەبارەی ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە لە پارێزگای سلێمانی و ئەو لایەنانە داوادەكەن پرۆسەی هەڵبژاردن دووبارەبكرێتەوە. بەپێی هەواڵێك كە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە" روخساری پێكهێنانی كوتلەیەك كە پێكهاتووە لە حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و عەممار حەكیم و ئەیاد عەلاوی و ئوسامە نوجێفی و رەنگە مەسعود بارزانیش خەریكە روون دەبێتەوە، ئەمەش لەسەر حسابی مالیكی و عامری و كەربولی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان". هەمان سەرچاوە باس لەوەدەكات، سەردانەكەی مەكگۆرك بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕژێتە بەرژەوەندی هاوپەیمانێتییەكەی نێوان عەبادی و سەدر و حەكیم و عەلاوی و نوجێفی و بارزانی و رێخۆشكەری بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە دەستیپێكردووە. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكان لیستەكەی سەدر یەكەمە و هادی عامری دووەمە و حەیدەر عەبادی سێیەم و نوری مالیكی چوارەمە ئەنجامەكان چی دەڵێن ؟ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، بە گوێرەی ئەنجامەكان لیستی (سائرون) بە رابەرایەتی موقتەدا سەدر لە پلەی یەكەمدایە و دوای ئەویش لیستی " الفتح" دێت كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و بە لیستی هێزەكانی حەشدی شەعبی وەسفدەكرێت. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانی " النصر" دەكات و لە هەوڵی ئەوەدایە كە بۆ خولی دووەم پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستبێنێت، بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكان لە پلەی سێیەمدایە و لیستی (دەوڵەتی یاسا)ش كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات و بە ركابەری سەرەكی عەبادی دادەنرا، لە پلەی چوارەمدایە. ئەگەری ئەوە هەیە سەدر و عەبادی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت هاوپەیمانێتی بكەن و مالیكی و عامریش بە هاوپەیمانێتییەك ركابەرێتیان دەكەن سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەت لە رۆژانی داهاتوودا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی تەواوەتی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت، ئێستا باس و خواسی ئەوەی كێ كابینەی حكومەتی نوێی عێراق پێكدەهێنێت؟ لە ناوخۆی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش بە گەرموگوڕی باسی لێوەدەكرێت. بە گوێرەی ئەنجامەكانە بەراییەكان، هاوشێوەی خولەكانی تر لیستەكانی پێكهاتەی شیعە لە عێراقدا زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستدەهێنن، و سەرۆك وەزیران بۆ ئەوان دەبێت و بە گوێرەی دەستوریش گەورەترین كوتلە مافی ئەوەی هەیە حكومەت پێكبهێنێت. پێكهێنانی حكومەتی نوێی و دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان، جگە لەوەی پەیوەستە بە بڕیاری هێزەكانی عێراقەوە لە كاریگەری دەرەكیش بەدوور نییە، بە تایبەتی ئێران و ئەمریكا، ئەو دوو وڵاتە رۆڵی كاریگەریان هەیە لە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ. سەرچاوەكانی ناوخۆ ئاماژەوە بەوەدەدەن، پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لە نێوان هاوپەیمانی (سائرون)ی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی (النصر) حەیدەر عەبادی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت زۆر نزیكە، بەڵام كێشەی سەرەكی بەردەم هاوپەیمانێتییە پۆستی سەرۆك وەزیرانە، عەبادی خوازیارە خۆی سەرۆكایەتی حكومەت بكات، سەدریش نەیشاردوەتەوە كە كاندیدی بۆ سەرۆك وەزیران هەیە. چەند سەرچاوەیەكی تر باس لە ئەگەری هاوپەیمانێتیكردنی نێوان هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامری و (دەوڵەتی یاسا)ی نوری مالیكی دەكەن، كە عامری بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكان پلەی دووەمی بەدەستهێنا و دەوڵەتی یاساش پلەی چوارەم. ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی ناوچەكە رۆڵی کاریگەریان دەبێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا ئەگەر ئەم دوو بەرەیە لە ناو پێكهاتەی شیعەدا پێكبێت و كێبركێ بكەن لەسەرئەوەی كامیان گەورەترین كوتلە پێبكهێنێت، ئەوكات رۆڵی لیستەكانی كورد و سوننە و لیستە بچوكەكانی تر دەردەكەوێت، چونكە هیچ كام لەبەرەی (سەدر- عەبادی) و (عامری – مالیكی) بە تەنها ناتوانن زۆرینەی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكومەت پێكبهێنن، هەروەها ئەو دوو بەرەیە بەر لە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران پێویستە لەگەڵ لیستەكانی تردا، پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی و سەرۆك كۆمار و جێگرەكانی چارەسەربكەن، چونكە بە گوێرەی دەستوری عێراق، سەرەتا سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێردرێن و پاشان سەرۆكایەتی كۆمار و ئینجا سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین كوتلە رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. پێشبینیدەكرێت پرۆسەی دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان و پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانێتی ئاڵۆزبێت و كاتی زۆر بخایەنێت، لێرەوە ئیتر رۆڵی ئەمریكا و ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئیقلیمی لە ئاڕاستەكردنی لایەنەكان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان دەستپێدەكات.
بەپێی خشتەیەكی نارەسمی كە بڵاوكراوەتەوە، لیستی سائیرونی موقتەدا سەدر لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە 54 كورسی بردۆتەوە،هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری پلەی دووەمی بەدەستتهێناوەو 47 كورسی و ئیئتلافی نەسری حەیدەر عەبادی 42 كورسی و ئیئتلافی دەوڵەتی یاسای نوری مالكی 25 كورسی بەدەستهێناوە. بە تەواوی لیستە كوردیەكانیش بە بێ كۆتاكان 56 كورسیان بەدەست هێناوە، كە چاوەڕوان دەكرێت بە كۆتاكانەوە بگاتە 60 كورسی لە پەرلەمانی عێراق، بەو پێیەش پارتی ٢٣ كورسی و یەكێتی ١٧ كورسی و گۆڕان ٥ كورسی و نەوەی نوێ ٤ كورسی و كۆمەڵ ٣ كورسی و هاوپەیمانی ٢ كورسی ویەكگرتوو ٢ كورسی بە دەستهێناوە. كۆی گشتی كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران 329 كورسیە كە 320 كورسی گشتی و 9 كورسی كۆتاكانە.
كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی هەڵبژاردنی لە (10) پارێزگا راگەیاند، بەڵام هیچ یەكێك لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی تێدا نەبوو، بەوپێیەی هێشتا پرۆسەی ئەژماركردنەوەیان كۆتایی نەهاتووە. ئەنجامە بەراییەكان هەڵبژاردن لەم پارێزگایانە: پارێزگای بەغداد: یەكەم: (سائیرون- موقتەدا سەدر) دووەم: (فەتح- هادی عامری) سێیەم: (دەوڵەتی یاسا- نوری مالیكی) پارێزگای ئەنبار: یەكەم: (الانبار هویتنا) دووەم: هاوپەیمانی نیشتیمانی سێیەم: هاوپەیمانی بڕیار پارێزگای بابل: یەكەم: فەتح دووەم: سائیرون سێیەم: (النصر- حەیدەر عەبادی) پارێزگای موسەننا: یەكەم: سائیرون دووەم: فەتح سێیەم: رەوتی حیكمە چوارەم: النصر پارێزگای دیالە: یەكەم: هاوپەیمانی بڕیار دووەم: فەتح سێیەم: هاوپەیمانی نیشتیمانی چوارەم: سائیرون پارێزگای كەربەلا: یەكەم: فەتح دووەم: سائیرون سێیەم: النصر چوارەم: دەوڵەتی یاسا پارێزگای بەسرە: یەكەم: فەتح دووەم: سائیرون سێیەم: النصر چوارەم: دەوڵەتی یاسا پارێزگای زیقار: یەكەم: سائیرون دووەم: فەتح سێیەم: النصر چوارەم: دەوڵەتی یاسا پارێزگای قادسیە: یەكەم: فەتح دووەم: سائیرون سێیەم: النصر چوارەم: رەوتی حیكمە پارێزگای واست: یەكەم: سائیرون دووەم: فەتح سێیەم: رەوتی حیكمە پارێزگای نەجەف: یەكەم: سائیرون دووەم: فەتح سێیەم: النصر
(درەو میدیا): نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە لایەنە سیاسییەكان عێراق دەكات بە رێگەی یاسایی چارەسەری ئەو ناكۆكیانە بكەن كە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە دروست دەبێت. ستیڤان دوجاریك وتەبێژی فەرمی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەکان بەیاننامەیەكی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بڵاوكردەوە. لە بەیاننامەكەدا نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پیرۆزبایی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن لە عێراق دەكات و دەڵێت" دوای شكستهێنانی سەربازی داعش، هەڵبژاردن پێشكەوتنێكی زیاتر بە ئاڕاستەی بونیادنانی دیموكراتیەتێكی بەهێزتر لە عێراق بەدی دەهێنێت". وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ستایشی هەوڵی رێكخەرانی هەڵبژاردنەكە و لایەنە عێراقییەكان و هێزە ئەمنییەكان دەكات كە وایانكردووە "هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ئاشتیانە و سیستماتیك" بەڕێوەبچێت، ستایشی بەشداری ئاوارەكانیش دەكات لە پرۆسەی دەنگدان سەرباری سەختی بارودۆخی ژیانیان. لە كۆتایی بەیاننامەكەدا، وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە لایەنە سیاسییە كاراكانی عێراق دەكات، هەر ناكۆكییەك كە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە دروست دەبێت بەرێگای یاسایی چارەسەری بكەن و لەرێگەی پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیرەوە لە زوترین كاتدا، پرۆسەی هەڵبژاردن تەواو بكەن.
(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، لە چەند كاتژمێری ئایندەدا ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران رادەگەیەندرێت. سەفا جابری بەڕێوەبەری كارەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئاشكرایكرد" لە چەند كاتژمێری داهاتوودا ئەنجامی هەڵبژاردن رادەگەیەندرێت". بەپێی هەواڵێكی بەپەلە كە تەلەفزیۆنی ئەلعێراقییە لە زاری سەفا جابری بڵاویكردەوە" لێكۆڵینەوەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە كەركوك، كاریگەری نابێت لەسەر وادەی راگەیاندنی ئەنجامەكان". ئەمڕۆ نوێنەرانی هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان لە پارێزگای كەركوك داوایانكرد پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوەی دەستی بەڕێوەبچێت، كارمەندانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان لە پارێزگاكەیان تۆمەتبار كرد بە ساختەكاری لە بەرژەەوەندی لایەنێكی دیاریكراو.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ رۆژی شەممە 12ی ئایار دەنگدەرانی عێراق لە یەكەم هەڵبژاردندا دوای شكستپێهێنانی رێكخراوی داعش چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان، دەنگدانێك كە كاریگەری دەبێت لەسەر هاوسەنگی هێزەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بەمشێوەیەكی خوارەوە بە گوێرەی دەستوری عێراق كابینەی نوێی حكومەت پێكدەهێنرێت كە 90 رۆژی بۆ ئەو پرۆسەیە دیاریكردووە: - كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان شەوی هەینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی راگەیاند - فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق داوا لە پەرلەمانی هەڵبژێدراو دەكات لە ماوەی 15 رۆژ دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان كۆببێتەوە. - پەرلەمانتاران لە دانیشتنی یەكەمدا بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری، سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی بە زۆرینەی رەها هەڵدەبژێرن. - پەرلەمان بە كۆی دەنگی دوو لەسەر سێ لە ماوەی 30 رۆژدا دوای دانیشتنی یەكەمی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت. - سەرۆك كۆماری نوێ كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ. - سەرۆك وەزیران راسپێردراو 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و خستنەڕووی ناوەكانیان لە پەرلەمان بۆ متمانە پێدانی. - پێویستە پەرلەمان بەرنامەی حكومەت پەسەند بكات و هەر وەزیرێك بەجیا دەنگی لەسەربدرێت و بە زۆرینەی رەها متمانەی پێببەخشرێت. - ئەگەر سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو نەیتوانی لەماوەی 30 رۆژدا كابینەی حكومەت پێكبهێنێت، یان پەرلەمان رەتیكردەوە متمانە بە حكومەت ببەخشێت، ئەوا پێویستە سەرۆك كۆماری كاندیدێكی تر رادەسپێرێت لە ماوەی 15 رۆژدا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت.
( درەو میدیا ) حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانێك بۆ هێزە ئەمنییەكانی كەركوك و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆئەوەی بێلایەن بن لە مامەڵەكردنیان لە دۆسیەی هەڵبژاردنەكان و ئاسایشی ناوچەكە بپارێزن. هەروەها عەبادی داواش لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكات رێوشوێنی خێرا بگرێتەبەر بۆ پشكنینی ئەو سندوق و ئامێرانەی دەنگدان كە تانەیان لێدراوە و ئەنجامەكان بۆ رای گشتی رابگەیەنێت لە پێناوی گەرەنتیكردنی سەلامەتیی هەڵبژاردنەكان.
( درەو میدیا/ سۆمەریە نیوز) دەیان كەس لە پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگای كەركوك و داقوق خۆپیشاندانیان كرد و داوایان كرد دەنگەكانی پارێزگاكە بەدەست جیابكرێتەوە. پەیامنێری سایتی " سۆمەریە نیوز" رایگەیاند دەیان هاوڵاتی لە پێكهاتەی عەرەب و توركمان لە پارێزگاری كەركوك و داقوق دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی ئایار خۆپیشاندانیان كرد و داوایان لە حكومەتی عێراق و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد بڕیاربدات دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگاكە بە دەست جیابكرێتەوە بەهۆی ئەوەی ساختەكاری تێداكراوە. ئاشكراشیكرد خۆپیشاندەران لە داقوق خێمەیان داناوە و بەردەوام دەبن تا ئەو كاتەی داواكارییەكانیان جێبەجێدەكرێت." هاوكات ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی رایگەیاند حزبە توركمانیی و عەرەبییەكانی كەركوك 24 كاتژمێر مۆڵەتیان داوەتە كۆمسیۆن بۆئەوەی بڕیاری جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست بدات بۆئەوەی ئەنجامی راستەقینەی هەڵبژاردنە ئاشكراببێت.
( درەو میدیا) ئیئتیلافەكەی ئەیاد عەلاوی داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامدانەوەی دەكات لە كاتێكی گونجاودا . ئیئتیلافی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردوەتەوە، ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بوونی ساختەكاری و توندتیژی و كڕینی دەنگ بەشێوەیەكی بەربڵاو و بەشدارینەكردنی بەشێكی زۆری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەكان، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و مانەوەی حكومەتی ئێستا دەكەن وەك حكومەتی كاربەڕێكەر تا ئەو كاتەی دۆخەكە لەبار دەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، تەمومژاوی ئەو ڕێوشوێنانەی كۆمیسۆن گرتویەتیەبەر لە دەنگدانی ئەلیكترۆنی، بەشێكی ترە لە هۆكارەكانی كەمی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەكان. بەپێی ئەو ئەنجامە نافەرمییانەی تائێستا بڵاوكراونەتەوە، ئیئتیلافی " النصر" بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی لە پلەی یەكەم و بەدوایدا لیستی (سائرون) بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر لە پلەی دووەمی هێزە كێبڕكێكارەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنەكاندا هاتووە.
د.دەرباز محەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردوەتەوە، ئەمڕۆ 13-5-2018، بەغدا سێ لیژنە دەنێرێتە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، دەشڵێت : ئەو لیژنانە بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیە لە سكاڵاكانی تایبەت بە ئەنجامی هەڵبژاردن. ئەنجامی بەرایی دەنگەدانی گشتی بۆ بەشێك لە هێزەكان جێگای شۆك بوو، هەرزوو بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند ئامێری ئەلیكترۆنی دەنگدان هاككراوە، دواتر هەریەك لە ( هاوپەیمانی، گۆڕان ، كۆمەڵ، یەكگرتوو) كۆبونەوە و ئەنجامی دەنگدانیان رەتكردەوە لە راگەیەندراوەكەدا، كە دوو خاڵی سەرەكی لەخۆگرتوە، تێیدا هاتووە: "كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی رەتدەكەینەوەو پابەند نابین بە ئەنجامەكانەوە". لە خاڵی دووەمیشدا هاتووە: "داوای دوبارەكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەرێمی كوردستان بە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەكەین". دەقی راگەیەندراوی هاوبەش 1- كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی رەتدەكەینەوەو پابەند نابین بە ئەنجامەكانەوە. 2- داوای دوبارەكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەكەین. سەركەوتن بۆ ئیرادەی حەقخوازانەی گەلەكەمان بزوتنەوەی گۆڕان – هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری – كۆمەڵی ئیسلامی – یەكگرتووی ئیسلامی 12ی ئایاری 2018
(درەو میدیا) كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە هەموو پارێزگاكاندا 44.52% بووە. ریاز بەدران سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكانی كۆمسیۆن لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند رێژەی بەشداریكردن لە دەنگداندا لەسەرتاسەری عێراقدا 44.52% بووە و كۆی دەنگدەران زیاتر لە 10 ملیۆنە و زیاتر لە 700 هەزار لەدەنگدانی تایبەتدا بەشداریكردووە و لە دەرەوەی عێراقیش ژمارەی دەنگدەران لە 179 هەزار تێپەڕیوە.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەبۆنەی تەواوبوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەكات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا راشیگەیاند ئەركێكی گرنگ لەسەر شانی پەرلەمانتارانی نوێیە كە بریتیە لە پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیر كە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكانی هەموو عێراقییەكان بێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاندوو هیواخوازن پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بەخێرایی و بە گوێرەی خشتەی دەستوریی بەڕێوەبچێت، بۆئەوەی عێراق بتوانێت بەرەو داهاتوویەكی زیاتر سەقامگیر و گەشەسەندوو بەردەوام بێت لە جموجوڵ.
بەرەی توركمانیی هۆشداریدەدات لە گڕگرتنی دۆخی كەركوك ئەگەر دەنگەكانی ئەو پارێزگایە بە دەست جیانەكرێنەوە و داواش لە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەكات بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵگەی كەركوك بڕیارێك بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست دەربكات. ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانیی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەوەی لە ئەنجامی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكانی ئامادەیی حەویجە روویداە باشترین نمونەیە لەسەر دەستكاریكردنی ئامێرەكانی دەنگدان. ساڵحی داواشی لە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كرد بڕیارێكی دروست بدات بۆ پارێزگاریكردن لە ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵگەی كەركوك بەوەی دەنگەكان ببرێنە بەغدا و بە دەست جیابكرێنەوە.
راكان جبوری پارێزگاری كەركوك رایگەیاند كێشە لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە پارێزگای كەركوك روویداوە و داواشدەكات لە بەغدا دەنگەكانی پارێزگاكە بەدەست جیابكرێنەوە. جبوری لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی :" كەركوك عێراقێكی بچوككراوەیە و بە سیفەتی ئەوەی پارێزگارم چەند مافێكی یاسایی و دەستوری دەكەوێتە سەرشانم." جبوری وتیشی :" جوموجوڵێكی جەماوەریی لەدژی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەیە، دوای ئەوەی دەركەوت كێشە لە پرۆگرامی ئەلیكترۆنی دەنگداندا هەیە، هۆشداریمان لەوەدا ، بەڵام بێ وەڵام بوو." پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت داواشیكرد سندوقەكانی دەنگدان بە سەرپەرشتی هێزە ئەمنییەكان سندوقەكانی دەنگدان ببرێنە بەغدا بۆئەوەی لەوێ بەدەست دەنگەكان جیابكرێنەوە."
