كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق دەردەكات
2018-05-23 13:42:03
( درەو میدیا) :
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پێشوازی لە لیژنەیەكی ئەنجومەنی نوێنەران نەكات كە بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی هەڵبژاردن پێكهێنراوە.
عادل نوری وتەبێژی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونی راستیەكانی تایبەت بە پێشلێكارییەكانی هەڵبژاردن رایگەیاند لیژنەیەكیان سەردانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كردووە، بەڵام پێشوازیان لێنەكراوە.
عادل نوری لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " سۆمەریە نیوز" وتی :" لە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی ئەو پێشێلكارییانە پێكهێنرا كە لە هەڵبژاردندا روویاندا و لیژنەكە لە ئەندامانی لیژنەی یاسایی و نەزاهە و كۆچ پێكهێنرا و دوو رۆژە پەیوەندی دەكەین بە كۆمسیۆنەوە، بەڵام وەڵاممان نادەنەوە و ئەوەش وایكرد ئەمڕۆ چوارشەممە پێنج پەرلەمانتار بچینە كۆمسیۆن بۆئەوەی نوسراوێكیان دەربارەی كاری لیژنەكە رادەست بكەن."
عادل نوری لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا وتی:" رێگەمان نەدرا بچینە ناو كۆمسیۆن، ئەنجومەنی كۆمسیاران كۆبونەوەیەكیان كرد و بڕیاریاندا بەهیچ شێوەیەك مامەڵەمان لەگەڵدا نەكەن و رێگەش نادەن هیچ كەسیچك لە كۆمسیۆن پەیوەندیمان لەگەڵدا بكات هەروەها شەڕە قسە و پاڵپێوەنانیش لە نێوانماندا دروست بوو."
وتەبێژەكەی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق بە پێویسیشتی زانی پەرلەمان لە دانیشتنە ناساییەكەی سبەینێیدا میوانداری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكات، بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆن دژی هەموو بەهاكانی شەفافیەت و پەیمان و ئەو سوێندەش هەڵگەڕاونەتەوە كە لە كاتی پێكهێنانیندا لەبەردەم پەرلەمان خواردیان.