نووسینی؛ ئەنوەر کەریم ڕووسیا ووڵاتێکی دەوڵەمەندە بە هەموو سەرچاوە سروشتیەکان نەک هەر لە بواری ووزەدا. بەڵكو لە دانەوێڵەی وەک گەنم و گەنمە شامی و بەرهەمەکانی وەک ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە، لە بواری کانزاشدا خاوەنی یەدەگی گەورەی وەک نیكڵ و ئەڵماس و خەڵوزو ئەلەمنیۆم و ئاڵتون و پالادێومە... بەڵام ڕوسیا بەردەوام نەیتوانیوە ئەم هەموو داهاتە وەک پێویست بۆ خزمەتی ووڵاتەکەی خۆشی بەکاربهێنیت، بە هۆی سیاسەتەکانیەوە سەرچاوەی سامانەکەی بە هەدەر دراوە سیستەمێکی گەندەڵی کلیپتۆکراسی بنیادناوە، لەسەردەمی سۆشیالیستدا بۆ بواری پڕ چەککردن بەکارهاتوە و خەڵکەکەی ژیان و گوزەرانی خراپیان بەسەربردوە، چونکە ئابوریەکەیان دابڕاو بوو لەئابوری نێودەوڵەتی کە لە سەر بنەمای (بەرهەم و داهات) ئەبێت، ئەو سەردەمە کۆتای هات بە هەڵوەشانەوەی بلۆکی سۆڤیەت لە ئەنجامی گەندەڵی و وەستانی گەشەی ئابوری ڕووسیادا. لە ڕۆژی 21-8– 2022 "ئەلیکساندە دۆکین" فەیلەسوفی بەناوبانگی رووسی بەهۆی کارێکی تیرۆریستیەوە کچەکەی کوژرا، بەناوی (داریاوە) کە یەکێکە لە ڕۆژنامەنووسەکانی ڕوسیا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی دەرەوەی شاری مۆسکۆ، ڕاستیەکەی تەقینەوەکە بۆ هەردووکیان بوو، بەڵام ئەوەبوو ئەلیکساندەر دۆکین، رەئی خۆی گۆڕیبوو لەگەڵ کچەکەیدا نەڕۆیشتبووە، بووە هۆی تەنها کوشتنی (داریا)، ئەم فەیلەسوفە بە ئەقڵی (پوتین) ناسراوە و یەکێکە لە هەرە ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان، خۆی بەخاوەنی فکری (ڕووسیای تازە) ئەزانێت، واتە گەڕانەوەی ئەو زەویانەی کە ڕوسیا لە دەستیداوە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ڕوسیاوە بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی ڕوسیا، هەر ئەمەش پاڵنەربووە بۆ ئەوەی پۆتین هێز بنێرێت بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئێستا ڕووسیا بچەقێت لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و هێزە سەربازیەکەی زیانی گەورەی بەربکەوێت و ئابوریەکەی بەرەو پاشەکشە بڕوات. بە پێی ڕاپۆرتی سندوقی دراوی نیودەوڵەتی (IMF) ئابوری ڕووسیا بە ڕێژەی 8% ئەمساڵ پاشەکشە ئەکات. و پاشەكشە بەردەوام ئەبێت لە ئابوریەکەی لە چەند ساڵی داهاتودا بە هۆی سزاکانی ئەمریکاو ئەوروپاوە، کە لەسەر ڕوسیادا دانراوە. ئەم پاشەکشەیەش کە ڕودەدات لە ئەنجامی دابڕانی ئابوری ڕوسیا بە (ئابوری نێودەوڵەتیەوە)یە. ئەم ووڵاتە بەرەو پاشەکشە ئەبات لە ڕووی یاسایی و کارگێری و دارایی و تەکنەلۆژیاوە، ووڵاتەکە زیاتر بەرەو ووڵاتێکی تۆتالیتاری ئەڕوات کە زیاتر مافەکانی مرۆڤ تییدا پێشێل بکرێت، و ئازادی ڕادەربڕین بەرەو دواوە ئەڕوات، پڕۆسەی دیموکراسی بەرەو کۆتای دەچێت، وەک چۆن لەسەردەمی کامپی سۆشیالیستدا لە ئەنجامی دابڕانی ئابوریدا بوە هۆی پاشەکشە لە هەموو بوارەکاندا، کۆتاییەکەی کەمپەکە هەرەسی هێنا. ئێستا ڕوسیا ووڵاتێکە ڕاستە بەهۆی بەرزی نرخی ووزەوە گەنجینەکەی پڕبوە لە دۆلار، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات ئابوریەکەی وێران ئەبێت، بە هۆی دۆزینەوەی سەرچاوەی تری ووزەی پاک و سەوز. هەروەها سەرچاوەی تر بۆ جێگرەوەی نەوت و گازی ڕوسی کە ئێستا ئوسترالیاو ئەمریکا بونەتە هۆی پڕکردنەوەی بەشێکی زۆر لە گازی سروشتی بۆ ئەوروپا، ئەمەش دابڕانی زیاتری ئابوری ڕووسیا لە ئابوری نێودەوڵەتی قوڵتر دەکاتەوەو ئەبێتە هۆی کەمبونەوەی (بەرهەم و داهات) کە بنەمای سەرەکی مانەوەی دەسەڵاتەکانن. بۆیە روسیا بەهۆی ئەم هەڵەیەوە کە بەناوی ناسیۆلیزمەوە کردی بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا، خەڵکی ڕوسیا زیانی گەورەیان پێدەگات، پاشان حکومەتەکەی پوتین باجی بڕیارەکانی دەدات، چونکو ڕوسیا هەڵە مێژوویەکەی دابڕانی لە ئابوری نێودەوڵەتی دووبارە کردەوە.
خالید ڕەزا ئەمێن: دێڵفت/ هۆڵەندا 26-8-2022 لێرە بەدواوە لە جیاتی پۆینت تو پۆینت دەستەواژەی (خاڵ بۆ خاڵ ) بەکار دەهێنم. هۆڵەندا وەک نموونە: چەند سەرنجێکی خێرا لەسەر مێژووی کامێرای پێوانی خێرایی لەسەر جادەوبانەکان. زانیاریەکانی ئێمە کە لێرەدا قسەی لەسەر دەکەین، لەسەر سیستمی کۆنترۆڵکردنی خێراییە لە ڕێێ کامێراوە، بۆیە مێژووی سیستمەکە بە کورتی ئاماژە پێ ئەدەین. # کورتەیەک لەسەر سیستمی ترافیک و کامیرای تۆمارکردنی خێرایی لە هۆلەندا: لە گلۆپی سورەوە بۆ پێوانی خێرایی لەگەڵ زیاد بوونی ئۆتۆمۆبیل لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا حکومەتی هۆڵەندا تێبینی ئەوەیکرد کە شتێکی باش لە پێوانی خێرایی دا هەیە. لە ساڵی ١٩٦٦ دا یەکەم کامێرای گڵۆپی سووریان لە شاری (هارلم) دانا. سەرەتا سیستمی لولەیی لاستیکی بوو، لەساڵی ١٩٧١ دا پەرەیان پێ دا کردیان بە کامێرای سندوقی کە لەرێی دانانی تەل لەناو قیری جادەکاندا کە بە کامێراکانەوە پەیوەست بوو کۆنترۆڵی خێرایی دەکرد، ئەم سیستمە هەتا ساڵی ١٩٨٠ بەکار هێنرا، ئینجا مۆدێلی کامیرای ڕادار بەرهەم هێنرا کە بەهۆی گەورەیی کامیراکەوە لەناو سەیارەدا جێگیر دەکرا. بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیاوە گۆڕانکاری لە قەبارەیدا کراو لە ساڵی ١٩٨٢ وە بۆیەکەم جار کامێرای ڕاداری فلاشدار لە قەراخ ئۆتۆبانەکاندا جێگیرکرا. لە ساڵی ١٩٨٨ وە کامێرای کۆنترۆڵی جووت سیستمی (سوور و پێوانی خێرایی ) خرایە بواری ئیشپێکردنەوە. لەساڵی ٢٠١٤ یشەوە سیستمی کامێرای کۆنترۆڵی خێرایی (خاڵ بۆ خاڵ) خرایە گەڕ. # سودی گوماناوی زیاتر لە ١٤٠٠ کامێرای کۆنترۆڵی خێرایی لە هۆڵەندا هەیە. ئەم تەکنۆلۆجیایە لە ٦٠ ووڵات زیاتردا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. کەواتە بەرهەمێکی سەرکەوتوە. بەڵام زۆربەی خەڵک ڕقی لەم کامێرایانەیە. سەرەڕای ئەم ڕق لێبوونە خەڵکانێکی زۆریش گومانیان لەوە هەیە کە ئەم کامێرایانە سودی بۆ سەلامەتی هاتوچۆ هەبێ. شۆفێرەکان لە نزیکی کامێراکان خێراییەکانیان کەم دەکەنەوە و کە لێێ تێ پەڕین خێراییەکانیان زیاد دەکەنەوە. لەساڵی ٢٠١٤ شەوە سیستمی کامێرای کۆنترۆڵکردنی خێرایی (خاڵ بۆ خاڵ) لە هۆڵەندا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە ٢٠١٤ هەتا ٢٠١٦ لە سەرتاسەری هۆڵەندا لە ١١ شوێن سیستمی کامێرای کۆنترۆلکردنی خێرایی (خاڵ بۆ خاڵ) دانران. داهاتی ساڵی ٢٠١٦ ی ئەم سیستمە بۆ خەزێنەی حکومەت گەیشتە ١١٣ ملیۆن یۆرۆ. بەزیاد کردنی ئەم سیستمە لە شوێنەکانی تر کە چڕی دانیشتوان و هاتوچۆ تیایاندا زۆرە داهاتی ئەم سیستمەش بۆ حکومەت زیاد دەکات. # ژمارەی سەرپێچییەکان و غەرامەکان بە پێی ساڵەکان بەم جۆرە بوو: + ساڵی ٢٠١٤ نزیکەی ١ یەک ملیۆن و ٧ حەوت سەد هەزار غەرامەکراو. + ساڵی ٢٠١٥ نزیکەی ١ یەک ملیۆن و ٩٥٠ نۆسەدو پەنجا هەزار سەرپێچی غەرامەکراو. + ساڵی ٢٠١٦ گەیشتە نزیکەی دوو ملێۆن و پێنج سەد هەزار سەرپێچی غەرامەکراو. هەتا ژمارەی دانانی سیستمەکە زیاتر بێ ژمارەی سەرپێچیکردنی تۆمار کراو زیاتر دەبێ وداهاتیش زیاتر.. # سەرەتا دەبێ ئەوە ڕوون بێ کە ئامانجی دانانی ئەم کامێرایانە بۆ: یەکەم: سەلامەتی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە کە ئامانج تییدا پاراستنی ژیانی مرۆڤەکانە. دووەم: بۆ ئەوەیە کە خێراییەکان لە ناوچەیەکی دیاریکراودا رێکبخات و ڕۆشتن بەردەوام و بێ کێشە بێ . سێیەم: بۆ کەمکردنەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و پاراستنی ژینگەیە. چوارەم: بۆ کۆکردنەوەی داهاتە بەمەبەستی خەرج کردنەوەی لە ڕیگاوبانەکاندا، کە ئەمەشیان جارێکی تر خزمەت بە سەلامەتی هاتوچۆ، واتە مرۆڤ دەکات. # لە زۆرێک لە وڵاتان سیستمی کۆنترۆڵکردنی ڕێگاوبانەکان لە ڕیی کامێرا جیا جیاکانی چاودێری خێراییەوە، کارپێکراوە. بەڵام سیستمی کامێرای چاودێری (خاڵ بۆ خاڵ) لەهەموو وڵاتیکدا نییە. # پیش ئەوەی بچینە سەر باسی کۆنترۆڵکردنی ڕێگاکانی هاتوچۆ بەهۆی کامیرای چاودێرییەوە باشترە هەندێک خاڵ دیاری بکەین کە دەکرێ ناوێ بنێین پێداویستیە پێش مەرجەکانی دامەزراندنی سیستمی کامێرای چاودێری هاتوچۆ: یەکەم: پیش هەرشتێک دەبێت هەرێمی کوردستان لەڕێێ دەسەلاتی یاسا دانانەوە یاساکان دەربچوێنێ و پۆلێن بەندی لە جۆری سەرپێچیکردن و بڕی سزادانەکاندا بکات، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و داواکاری گشتی بزانن لەسەر بنەمای چ یاسا و ڕێسایەک سزاکان جێبەجێ دەکەن... دووەم: ڕێگاو بانەکانی کوردستان هەمووی پۆلێن کرابێ. جۆرەکانی بە ژمارە دیاریکرابێ بۆنموونە: کام جادە مەرجەکانی ڕێگای خێرا و کام جادە و بانانە مەرجەکانی ڕێگای نۆرماڵ و کام لە ڕیگا و بانانە دەکەونە ناو شوێنی نیشتەجێ بوون و ناو شار و شارۆچکەکانەوە. لە رێێ بۆردی هاتوچۆوە خێراییەکانی هەر یەکێ لەو جۆرە جادانە دیاری کرابێ. مادام هەرێمی کوردستان دەیەوێ تێکەڵ بە سیستمی دیجتاڵی جی پی ئیس ببێ زۆر پێویستە جادەکان بەتایبەت جادە خێراکان و جادەی نۆرماڵەکانی ئۆتۆمۆبیل بکات بەژمارە و ئەوناوە دورودرێژانەی کە لێیان نراوە لا ببرێن. سێیەم: هەموو جادە خێرا و نۆرماڵەکان جگە لە پۆرتاڵ و بۆردە سەرەکیەکانی کە ناو و دووری شوێنەکانی لەسەرنووسرابێ. پیویستە بەدرێژایی ڕێگا سەرەکیەکان لەدەستە ڕاستی ئاراستەی رۆیشتن دا لە ئاراستەی ڕاست و ئاراستەی چەپەوە لە سفرەوە هەتا درێژی هەرجادەیەکی دیاریکراو ناوەکەی دیاریکرابێ و لە هەر ١٠٠ مەترێک دا بۆردێک لە قەراخ جادەکان چەقێنرابێ و دریژەیەکی لەسەر نوسرابێ ئەم بۆردە بچوکانە بە هۆڵەندی پێی دەوترێ (Hectomete) سەیری وێنەکە بکە. بۆنموونە: لە دەروازەی شارەوە(باخی بەختیاری) بە ئاراستەی کەرکوک با وای دابنێێن خاڵی سفری دەستپێکی جادەکە بێ و هەتا چەمچەماڵ ٨٠ کیلۆمەتر بێ. ئەم جادەیە ناوبنێن جادەی (A1) دەبێ بەدرێژیی ئەو ٨٠ کیلۆمەترە هەر ١٠٠ مەترێک لەقەراخی جادەکەدا بۆردێک چەقێنرابێ هەم ڕاست یان چەپ، هەم درێژی جادەکەی تیا نوسرابێ. بۆ بەرچاو ڕوونی بڕوانە وێنەکە کە بۆردێکی تەخت سەوزە ناوی جادە کیلۆمەتردرێژی و چەپ (Li)ی لەسەر نوسراوە. ئەم وردە کارییانە بۆ ئەوەیە کاتێک کامێرایەکی کۆنترۆڵکردنی خێرایی وێنەی سەرپێچی کەرێک دەگرێ لەکاتی نوسینی غەرامەکەدا شوێنەکە بە دروستی تۆمار و دیارکرابێ. لێرەدا بە دیاری کراوی لەسەر سیستمی کامێرای پێوانی خێرایی خال بۆ خاڵ دەوەستین کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە لیوای سلێمانی جاران دەست بە دانانی کراوە. بە ڤیدیۆ سیتمەکە ڕوون دەکەینەوە، هەروەها سزای سەرپێچکەران لە هۆڵەندا ڕوون دەکەینەوە. پێم باش بوو لە ماڵپەڕی داواکاری گشتی هۆڵەندا کە تەنها دەزگایە دەسەڵاتی سزاکانی هەیە، جۆری یاسا و ڕێسا و سزاکان کە لەشێوەی پرسیار و وەڵام دا دایان ناوە بیانکەم بەکوردی. هیوادارم بەرچاوی ئەوانە ڕووناک بکاتەوە کە قسەی لەسەر دەکەن. بێگومان بەش بەحاڵی خۆم پشتیوانی لە پرۆژەیەکی وا دەکەم، بەتایبەت بۆ ئەو ڕێگا و بانانەی کە ڕووداوی زۆری هاتوچۆ تیایاندا ڕوو ئەدەن. یان بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاوی ئۆتۆمۆبیل لە ناوچەیەکی دیاریکراودا کاتێک جادە خێراکان بە نزیک یان بەناو شوێنی نیشتەجێ بوون دا دەڕۆن. کەمکردنەوە و دیاریکردنی خێرایی خزمەت بە ژینگە دەکات. قسە لەسەر لایەنی یاسایی ناکەم کە دەبێ لەلایەن پارلەمانی کوردستانەوە بۆی دەربکرێ. بەڵام ئەگەر بەپێێ ئەوزانیارییانە بێ کە تائێستە بڵاو کراوەتەوە و قسە لەسەر داهاتەکە و بەشکردنی دەکرێ بە جۆرێک: 70٪ بۆ کۆمپانیاکە بێ و 30٪ بۆ حکومەت، ئەمە گرێبەستێکی نا هاوسەنگە. ئەگەر چی حکومەت پارەی کاشی تیا خەرن ناکات، بەڵام بە شیکی زۆر لە لە کارەکان خراوەتە سەر داودەزگاکانی حکومەت. لە هۆڵەندا ئەو کۆمپانیانەی کە کامێراکان دا ئەنێن و چاکسازی تیادا ئەکەن و نۆژەنی دەکەنەوە بە پێی گرێبەستەکە مەرج دارە و بەتەنها پارەی تێچون و بڕی قازانجی خۆیانی دەخەنەسەر. گرێبەستەکە هاوبەش نییە و داهاتی هەموو جۆرەکانی کۆنترۆڵکردنی ڕیگاوبانەکان دەچێتەوە خەزێنەی حکومەتەوە، داهاتەکەش مەرکەزی نییە و بەپێی سنوری جوگرافی شوینەکە داهاتەکە ئەدرێت بە شارەوانی یان هەرێم یان وەزارەتی تایبەت. گریمان با ئەو داهاتەی کە لەساڵی ٢٠١٦ دا حکومەتی هۆلەندی بەتەنها لە سیستمی کۆنترۆڵکردنی خێرایی خاڵ بۆخاڵ دا کۆیکردۆتەوە و بڕەکەی ١١٣ ملیۆن یۆرۆ بووە، وەک نموونە بۆ ئەم گرێبەستەی حکومەتی هەرێم کردویەتی وەربگرین بزانین چەندی بۆ کۆمپانیا ئەهلیەکە و چەندی دەچێتە خەزێنەی حکومەتی هەرێمە: ١١٣ ملیۆن یۆرۆ: لە ٧٠٪ بۆ کۆمپانیا = ٧٩.١٠٠ یۆرۆ حەفتاونۆ ملیۆن و ١٠٠ هەزار یۆرۆ بۆ کۆمپانیاکەیە. لە ٣٠٪ بۆ حکومەت کە دەکاتە ٣٣.٩٠٠ یۆرۆ سیوسێملیۆن و نۆسەد هەزار یۆرۆ بۆ حکومەت. ئەو نمونەیەی سەرەوە وەکو گریمانە وەرمان گرتووە و بۆ ڕوونکردنەوەیە. جا با ١١٣ ملیۆن یۆرۆ نەبێ، سەدوسیانزە ملیۆن دینار بێ. # سیستمی (خاڵ بۆخاڵ) ی بەش بەش (فرە بەش) لەهەندێک شوێن سیستمی خاڵ بۆ خاڵ، بەش بەش کراوە. بەتایبەت لەو شوێنانەی کە دەرچوون و هاتنەناوەوە (داخڵ ) بوونێک یان زیاتری تیابێت. بۆ کۆنترۆڵکردن هیچ جیاوازی نییە ئەگەر کەسێک بەهەموو بەشەکاندا بڕوات یان بەشێکی. کامێراکان هەر بەشە و بەجیا تێکرای خێرایی تیا تۆمار دەکەن. ئەگەر ئۆتۆمۆبیلێک لە یەک (1) بەش دا تیژڕەوی کردبێ، غەرامە دەکرێ. ئەگەر هاتوو لە بەشەکانی تردا تێژڕەوییەکەی بۆ خوار خێرایی ڕێگا پێدراویش کەم بکاتەوە. تیژڕەوی لە سەرەتای بەشی یەکەمی سیستمەکەدا، بە هێواش لێخوڕین لە بەشەکانی تردا قەرەبوو ناکرێتەوە، بۆ ئەو بەشانەی دەرچوون و داخڵ بوونی هەیە. ئەگەر ئۆتۆمۆبیڵیک لە زۆر بەش دا تیژڕەوی بکات، خاوەنەکەی تەنها یەک غەرامە دەکرێ. غەرامەکەش بۆ ئەو بەشەیانە کە بەرزترین خێرایی تیا کراوە. ئەم پرسیار و وەڵامانە لە ماڵپەری فەرمی وەزارەتی داواکاری گشتی (OM)Openbaar Ministerie وەر گیراوە: # سیستمی خاڵ بۆ خاڵ چۆن ئیش دەکات؟ ئەم پرسیار و وەڵامانە لە ماڵپەڕی داواکاری گشتی هۆڵەندا وەرگیراون: پرسیار: ئەگەر من لە بەشی یەکەم دا تیژ لێم خوڕی، لە بەشی دووەمیش زۆرتیژ ترو لە بەشی سێهەمیش ئەوپەڕی خێرایی لێم خوڕی، بۆ کام لەو بەشانە سزا ئەدرێم؟ وەڵام: ئەوانەی کە بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ دا تێ دەپەڕن، ئەگەر لەهەموو بەشەکانی دا سەرپێچیان کردبێ و تیژ لیێێان خوڕی بێ، ئەوا تەنها ئەو سەر پێچییەی بۆ ئەژمار دەکرێ کە بەرزترین تیژڕەوی تێادا ئەنجام داوە. بۆیە باشترە پابەند بیت بە خێرایی دیاریکراوەوە. پرسیار: ئایە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ هەموو جۆرە ئۆتۆمۆبیلێک دەناسێتەوە؟ وەڵام: هەر ئۆتۆمۆبیلێک بەپێی بەشە جیا جیاکان لە پۆلێک ئۆتۆمۆبیلی دیاریکراودا کۆنترۆڵ دەکرێ. لە هەندێک حاڵەتی کەم دا ئەشێ لە پۆلێنکردن و ناسینەوەی تابلۆکەیدا هەڵە ڕوو بدات. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە سیستمەکە بەرزترین خێرایی بەهەڵە بۆ ئۆتۆمۆبیلێکی تر تۆمار بکات، سزاکە بنێر درێت بۆ ئۆتۆمۆبیلێکی تر کە سەر پێچی نەکردوە و بڕیار و سزای هەڵە درابێت. ئەگەر گومانت هەبوو لە سزادانەکە ئەوا بۆت هەیە داوای وێنەی دیجیتاڵی چرکەساتی سەرپێچیەکە بکەیت بە ژمارەی تابلۆ و وێنەی شۆفێرەکە لە سەنتەری هەڵگرتن و پاراستنی سەرپێچییەکان هەڵدەگیرێ بۆت بنێرن تا دڵنیا ببی لە ڕاستی و ناڕاستی سزادانەکە. پرسیار: سیستمی کامێرای کۆنترۆڵکردنی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ چۆن کار دەکات؟ وەڵام: لە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ دا لە زۆر جێگە کامێرای پێوانەی خاڵ بۆ خاڵ لە قەراغ جادەکاندا هەڵدەواسرێن. ئەم کامێرانە هەرچی سەیارەیەک بەو جادەیەدا بڕوات، وێنەی دەگرێ و تۆماری دەکات. ئەو (کات)ەی کە ئۆتۆمۆبیلەکە لە نێوان دوو خاڵدا دەیبڕێ، پیشانی ئەدات کە بە چ خێراییەک ڕۆشتووە. ئەگەر لە بەرزترین خێرایی دیاریکراو زیاتر بوو، ئەوا خاوەنی تابلۆی ئۆتۆمۆبیلەکە بڕی سزای سەر پێچیکردنەکەی بە پۆست دا بۆ دەچێتە ماڵەوە. پرسیار: ئایە لە سیستمێکی کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵدا، دەکرێ لە یەک بەشی ئاراستەکەدا سزا بدرێـم (یەک بەش لە سیستمەکە)؟. وەڵام : بەڵێ، لە سیستمی کامیرای کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵدا کە لەچەند بەشێک پێکهاتبێ. کورت ترین دووری (مەسافە)کە تێکڕای خێرایی تیا حساب بکرێ لانیکەم ٢٠٠ مەترە. ئایە تۆ بەناو سیستمێکی کۆنترۆلێ چەند بەشیدا تێ ئەپەڕی؟ ئەوا لەم کاتەدا تەنها لەو بەشەدا غەرامە دەکرێیت کە تیایدا بەرزترین خێرایی لێتخوڕیوە. پرسیار: بۆچی لە سیستمی کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵی فرە بەش دا، تێکڕای خێرایی (موعەدەلی خێرایی) لەسەر کۆی درێژی ئاراستەکە حساب ناکرێ کە ئۆتۆمۆبیلەکە لە ناو سیستمەکەدا بڕیوێتی؟ وەڵام: بۆئەوەی هەموو شۆفێرێک بە یەکسانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. وای دابنێ، کەسێک تەنها لە بەشی یەکەم دا بەرزترین خێرایی لێیخوڕیوە، لەیەکەم دەرچوندا لائەدات و ئاراستەکەی ئەگۆڕێ و لە سیستمەکە دەچێتە دەرەوە، شۆفێرێکی تر بەهەمان خێرایی دێت و بەشی یەکەمی کۆنترۆڵەکە دەبرێ و بەردەوام دەبێ و لە بەشەکانی تردا زۆر خاوی دەکاتەوە. ئەگەر سیستمەکە تێکڕای خێرایی ئەژمار بکات، دەبێ شۆفێری دووەم لە شۆفێری یەکەم کەمتر سزا بدرێ وەکو لە شۆفێری یەکەم. هەرچەندە هەردوو شۆفێرەکە بەهەمان خێرایی سەرپێچییان کردوە. لەم حاڵەتەدا غەرامەکردنی وەک یەکی هەردوو شۆفێرەکە بەهۆی هەمان خێرایی لێخوڕین لە خاڵ بۆ خاڵی بەشی یەکەمی ناو سیستمەکەدا ، شتێکی مەنتقییە. (ئەمە بۆ ئەو شوێنانەیە کە لەناو بەشی یەکەمی خاڵ بۆ خاڵەکەدا دەرچوون هەیە، واتە لادانی تێ ئەکەوێ. یەکەم لە کۆی سیستمەکە دەچێتە دەرەوە، بەلام هی دووەم کە بەردەوامە بەلام وا حساب دەکرێ ئەمیش لێێ چوەتە دەرەوە، چونکە گریمانەکە وایە کە لەبەشەکانی تردا خاوی دەکاتەوە و سەرپێچی ناکات. کەواتە بۆ ئەوەی داد پەروەری هەبێ هەردووکیان لەسەر هەمان سەرپێچی کە لەبەشی یەکەمدا بەهەمان خێرایی کردویانە، وەکو یەک غەرامە دەکرێن- وەرگێڕ) پرسیار: بۆچی سیستمی کامێرای کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵ دابنرێ؟ وەڵام: سیستمی خاڵ بۆخاڵ بۆ سەلامەتی هاتوچۆیە، بۆ ژینگە و بۆ بە بەردەوام لەبەر ڕۆشتنی هاتوچۆیە. بۆ ئەوانەی کە ئۆتۆمۆبێل لێدەخوڕن بەرچاویان ڕوونتر و ئارام تربێ، جیاوازی خێراییەکان کەمتر بکاتەوە. سیستمی کامێرای کۆنترۆڵکردنی خێرایی تەنها بۆیەک بەش و خاڵ نییە، بەڵکو بۆ دیاریکردنی تێکڕایی خێراییە لە مەسافەیەکی درێژی چەند بەشییدا. سیستمەکە حەوت ڕۆژ لە هەفتەیەک و ٢٤ سەعاتە کراوەتەوە و کۆنترۆڵی خێرایی دەکات. پرسێار: بۆچی هەندێک لە هەندێک شوێن سیستمی کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵ، بەش بەش کراوە؟ ئەمە پەیوەندی بە چۆنێتی جادەکەوە هەیە، زۆر جار بەهۆی ئەوەوە کە دەرچوون و هاتنە سەری لێ دەبێتەوە. (سەیری ڤیدیۆکە بکە - وەرگێڕ) پرسیار: ئایە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ هەمیشە لەکاردایە، دەتوانم لە دوورەوە بیبینم کە ئاخۆ ئیش دەکات یاخود نا؟ وەڵام: نەخێر، ناتوانی لە ڕووکاری دەرەوە بیبینی کە ئاخۆ سیستمەکە داگیرساوە. بە گشتی سیستمەکە بەردەوام داگیرساوە و ئیشی خۆی دەکات. تەنها لەکاتی نۆژەنکردنەوەی ئامێرەکان و جادەکەدا بە شیوەیەکی کاتی ئەکوژێنرێتەوە. پرسیار: ئایە ئەم سیتستمە لەسەر ئەو لەین(خەت)انەش ئەکتیڤە کە لەینی فریاکەوتنی خێرایە، گۆڕین لە خەت (لەین) یکەوە بۆ خەتێکی تر؟ وەڵام: بەڵێ، سیستمی خاڵ بۆ خاڵ چاودێری هەموو لەینەکان دەکات، هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمۆبیل و ماتۆڕێک دەناسێتەوە ئەگەر(لەین)ەکانیش بگۆڕن. پرسیار: ئایە سیستمی کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵ بۆ ماتۆڕ/ پاس/ گەڵابە و لۆری/ سەیارە کە عەرەبانەیان پێوەیە، ئیش دەکات؟ وەڵام: بەڵێ، ئەم سیستمە بۆ هەموو هۆیەکانی گواستنەوەیە کە ڕێگە پیدراون بەوێدا تێبپەڕن. خوێندنەوەی تابلۆی ماتۆڕ هەروەکو خوێندنەوەی تابلۆی ئۆتۆمۆبیلەکانە. بۆ لۆری و گەڵابە، پاس و ئەو ئۆتۆمۆبیلانەی کە عەرەبانەیان لێ بەستراوە، سیستمەکە ئاماژە ئەدات بە درێژی و پانی، یان تابلۆکە، کە بەرزترین لێخورێنی ڕێگە پێدراوی لەسەر نوسراوە( بۆ نموونە بەرزترین خێرایی( ٨٠ یان ٩٠ کم/سەعات ) پرسیار: ئایە ئەو خێراییەی کە سیستمەکە تۆماری دەکات، ئۆتۆماتیک خۆی ڕاستکردنەوە(Correction)ی بۆدەکات؟ وەڵام: بەڵێ، وەکو هەموو جۆرەکانی تری کامێرای کۆنترۆڵکردنی خێرایی، هەموو خێراییەک کە تۆماری دەکات ڕاستەوخۆ ڕاستکردنەوەی بۆ دەکات. ئەم ڕاستکردنەوە کە لە خێرایی تۆمار کراودا دەیکات، بریتییە لە ٣ کم/ سەعات هەتا ئەوپەڕی خێرایی ١٠٠کم/سەعات. لەسەروو ئەمەشەوە ئینجا لەسەدا سێ ٣٪ لە تێکڕای خێرایی تۆمارکراو دەریدەکات. بۆ جادەیەک کە بەرزترین خێرایی ١٢٠ کم/ سەعات دیاریکرابێ، بەتەنها ٣ کیلۆمەتری ڕاستکردنەوەی لێ دەردەکات. ٤کم/سەعات زیاتر بی لەدوای ڕاستکردنەوەکە غەرامە دەکرێ. ئەمە مانای وایە: * واتە بۆ بەرزترین خێرایی ٨٠کم/سەعات، غەرامەکردن لە ٨٧کم/سەعات ەوە دەست پێ دەکات(٣ کم ڕاستکردنەوە، ٤ کم چاوپۆشی - marge ). * لەو شوێنانەی بەرزترین خێرایی ڕێگە پێدراو ١٠٠کم/سەعات بێ، ئەگەر بە خێرایی ١٠٧ کم/سەعات لێبخوڕیت ئەوە سەرپێچییە وغەرامە ئەکرێی. * ئاگاداربە: لەو شوێنانەی کە بەرزترین خێرایی تیایدا بە ١٣٠کم/سەعات دیارکراوە، ڕاستکردنەوەی خوارەوە نامێنێ و لەیەک ١کم/سەعات خێراترەوە غەرامە دەست پێ دەکات (لەدوای ڕاستکردنەوەوە) تێبینی: وەکو لەسەرەتاوە ئاماژەم پێداوە، زانیاریەکانی من لەسەر هۆڵەندایە بۆیە پێم باشە ئەم زانیاریانەش لە کۆتایی دا بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر بنووسم. هەتا ئێستا لە هۆلەندا سیستمی کامیرای خاڵ بۆ خاڵ لە جادە خێرا (Snelwegen) کان و جادە نۆرماڵەکان واتە ئەو جادانەی کە جادەی خێرانین و بە (N-wegen) ناونراون بەم ژمارانە دانراون: - لە کۆی ١٦٢ جادە خێراکان(Snelwegen) ، لەم ژمارەیە تەنها لەسەربیست( ٢٠) جادە ئەم سیستمە دانراوە ئەویش بۆ بەشێکی دیاریکراو کە یان رووداوی هاتوچۆی زۆر تیا ڕویداوە، یان بە نزیک شوێنی نیشتەجێبوون دا دەڕوات هەم بۆ کەمکردنەوەی ژاوە ژاوی ئۆتۆمۆبیل لەو شوێنەدا هەم بۆ کەمکردنەوەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، کە هەردووکیان دەچنە خزمەتی مرۆڤەکانەوە. - لە کۆی ٦٤٧ ڕیگای نۆرماڵ (N-wegen) تەنها لەسەربیست (٢٠) جادە ئەویش لەو شوێنانەی کە پێوسیتن دانراوە، ئەوەش لەبەر هەمان هۆی ڕێگا خێراکان کە ئاماژەمان پێداوە. - لەسەر زۆربەری زۆری جادەکان بە جادەی خیرا و نا خێراوە، بە ناوشارەکان و چوار ڕێکانەوە سیستمی کامیرای فلاش، کامیرای پێوانی خێرایی کامیرای جووت سیستمی واتە( لە ترافیکی سوور و هەم کۆنترۆڵکردنی خێرایی) بەهەموو جۆرەکانی تری کۆنترۆڵکردنەوە، دانراون. وەک لەسەرەتاوە ئاماژەم پێداوە ئەم نوسینە زیاتر لەسەر سیستمی کامیرای کۆنترۆڵکردنی خێراییە لە خاڵ بۆ خاڵ. - پێویستە لەهەرشوێنێک کە کامێرای جێگیری کۆنترۆڵی خێرایی بەهەموو جۆرەکانیەوە، یان سیستمی کامێرای کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵ هەبێ، پێویستە بە چەند سەد مەترێک پێشتر بۆردی گەورە لە قەراغی جادەکان دانرابێ و وێنەی کامیرای کۆنترۆڵ و لەسەری نوسرابێ کە ئەم ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی کامیرادایە بۆئەوەی شوفێر ئاگادار بکرێتەوە. من بەش بەحاڵی خۆم لە گەڵ دانانی کامێرای چاودێریم بۆ سەلامەتی هاتوچۆ، بۆ کەمکردنەوەی رێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و پاراستنی ژینگە، بۆ کۆکردنەوەی داهات. هەروەها دژی هەموو جۆرە کارێکی تێکدەرانەم کە کامێراکان بشکێنن، لەکاریان بخەن. بەڵام لەپێش ئەم سیستمی کامێرای چاودێری خاڵ بۆ خاڵە، باشتربوو کە تەرکیزیان لەسەر سیستمەکانی تری کامێرای کۆنترۆڵی خێرایی و ترافیک لایتەکان بکردایە چونکە ئەم سیستمە هەمووی دە ساڵێکە لە هۆڵەندا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا کاری پێ دەکرێ لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەوتنە تەکنۆلۆجیا و کوالیتی جادە و بانەکان و باری گوزەرانی هاوڵاتیان. دەقی گرێ بەستەکە کە شارپرێس بڵاوی کردەوە بەوردی خوێندمەوە، خاڵ و بەندەکانی ناوگرێبەستەکە زیاتر لە بەرژەوەندی کۆمپانیای جێبەجێکارە. بێگومان دەبێت و پێویستە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان قازانج بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن. بەنیگەرانییەوە لەکوردستان کەرتی تایبەت زیاتر لەلایەن کۆمپانیاکانی سەر بەحیزبەوە مۆنۆپۆڵکراوە و پرۆژەکان بەنرخی گران و لەسەر حسابی بودجەی گشتی بەبێ مونافەسە ئەدەن بە کۆمپانیاکانی خۆیان. بە حوکمی زیاتر لە ١٤ ساڵ کارکردنم لە یەکێ لە ١٠ کۆمپانیا گەورەکەی هۆڵەندا لەبواری ڕێگاوبان و لە بەشی (تەندەرو پلانکردن). پێویستە ئاماژەی پێ بکەم کە لەهەر پرۆژەیەک دا کە حساباتمان بۆ دەکرد دوو ڕێژە مان وەکو ستاندەر لە دوای کۆی تێچووی پرۆژەکە دەخستە سەری: یەکەم لەسەدا ٨٪ بۆ خەرجی گشتی و لە سەدا ٤٪ بۆ قازانج یان زەرەر کردن. زۆربەری جار بۆ ئەوەی پرۆژەکە ببەیتەوە لە سەدا ٤٪ کەمان لێ لادەبرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لەم کۆمپانیایەدا کاریان دەکرد و ژیانیان لەسەری بوو نزیکەی ٣٧٠٠ کەس بوون. با لەکوردستان نسبەتی قازانج ی کۆمپانیاکان ٢٠-٢٥٪ بێ. بەڵام ناکرێ ئەوە ڕێژە زۆرە قازانج بدرێ بە کۆمپانیاکان بەتایبەت ئەوانەی لە حیزبەکانی دەسەڵاتەوە نزیکن، لەسەر حسابی بودجەی گشتی. پرسیار ئەوەیە ئەم کۆمپانیایە کە ئەم پرۆژە گەورەیەی دراوەتێ چەند کەس کاری تیادا ئەکەن؟ بۆ ئەوەی ڕیژەی بێکاری کەم بکرێتەوە و باری سەرشانی حکومەتەکەشمان سووک بکات؟ هەتا کەرتی تایبەت نەک (مۆنۆپۆڵ) پێش بکەوێ ڕێژەی بێکاری کەم دەبێتەوە و ژایانی خەلک باشتر و باری سەرشانی حکومەت و سوکترو ژمارەی موچەخۆرانی دەوڵەت کەم دەبێتەوە. هیوادارم توانیبێتم بەرچاوڕوونی بدەم هەم بە هاوڵاتیان هەم بەو فەرمانبەر و پارلەمانتار و چاودێرانەی کە لەسەر ئەم کەیسە قسە دەکەن. سەرچاوەکان: + پرۆگرامێکی تەلەفزیۆنی (RTL)ی هۆلەندی کە لەسسڵی ٢٠١٧ دا لەسەر سیستمی خاڵ بۆ خاڵ کردووێتی. Aantal trajectcontroles verdubbelt: zo werken ze - RTL NIEUWS - YouTube + ماڵپەڕی داواکاری گشتی هۆلەندا Trajectcontrole - Openbaar Ministerie (archive.org) + سەرچآوەی تر..
د.جهعفهر عومهر، پزیشکی پسپۆری دەروونی (١) تێگەیشتن لە نەخۆشی ترسی کۆمەڵایەتی: توشبووان بە نەخۆشی دەروونی پێویستە بە تەواوی لە نەخۆشییەکەیان تێبگەن، پاشان دەستبکەن بە چارهسەرکردنی خۆیان، تێگەیشتنیش لەم نەخۆشییە کارێکی زۆر قورس و گران نییە، بەڵکو پێویستە بزانین: • نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە چین، لە چ کات و ساتێکدا توشمان دەبێت؟ • هۆکارەکان چین، بۆ توشی ئێمە بووە؟ • چارەسەرییهکان چین، کامەیان کاریگەرترینە بۆ ئێمە هەتا بیانگرینە بەر؟ • لێکەوتە و ئەنجامەکەی چییە؟ بەم تێگەیشتنەش، تووشبوو دەزانێت کە بە تەنها ئەو، ترسی کۆمەڵایەتی نییە و باشتر لە نەخۆشییەکەی تێدەگات، دەتوانێت بیناسێتەوە و بەرەو چارەسەر هەنگاوبنێت. (٢) ستراتیژییەکان بۆ خۆئامادەکردن بۆ شوێنێکی کۆمەڵایەتی: ئەم ستراتیژانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی بتوانیت لە شوێنە کۆمەڵایەتییەکاندا بە سەر ترسەکەتدا زاڵبیت: خۆئامادەکردنی پێشوەختە بۆ گفتوگۆ و کۆبونەوەکە: واتە پێش ئەوەی بچیتە ناو کۆبونەوە و شوێنەکە خۆت ئامادەبکە، بۆ نمونە: کاتێک دەتەوێت بچیتە شوێنێکی کۆمەڵایەتی وەکو میوانداری کەسانی زۆر لێیە ئەوە تۆ بابەتێکی گرنگ ئامادە بکە هەتا بتوانیت بە ئارامی و شانازییەوە گفتوگۆ بکەیت، هەروەها پێش ئەنجامدانی سیمینار یاخود قسەکردن لەناو وانە و کۆرێکدا ئەوە خۆت لەسەر بابەتەکە باش ئامادە بکە. لەکاتی خۆئامادەکردن یان قسەکردن هەوڵبدە تەرکیز بخەرە سەر ئەو توانا تایبەتە کەسییانەی کە هەتە یان ئەو بابەتانەی کە خۆت حەزت لێیانە. پێشچوونە ناو شوێنە کۆمەڵایەتییەکە میکانیزمی خۆخاوکردنەوە ئەنجامبدە: وەکو هەناسەدانی قووڵ. تەرکیز بخەرە سەر ئەوەی کە "ئایا ئەو شوێنە پێویستی بەو هەموو ترسە هەیە؟" هەرکات توشی فشار بویت لەو شوێنە ئەوە بیری خۆتی بخەرەوە کە ئەو هەستانەت دەڕۆن و دەتوانیت هەڵیان بگریت هەتا دەڕۆن، دڵنیاشبە کەس نازانێت تۆ هەست بەچی دەکەیت! کەسی بەرامبەر لە ناخی تۆدا نییە! واز لە خواردنەوەی مەی بهێنە بۆ خۆخاوکردنەوە: چونکە بەشێوەیەکی کاتی یارمەتیت دەدات و دواتر ترس و دڵهڕاوكێكهت زیاد دەکات. (٣) میکانیزمەکانی یارمەتیدانی خودی بۆ ترسی کۆمەڵایەتی: ئەو رێوشوێنانەن کە تاک دەیانگرێتە بەر لەپێناو رزگاربوون لە ترس و دڵهڕاوكێ، ئهمانه دەبنە هۆی باشتربوون و هەستکردن بە ئارامی، یارمەتیدانی خودی نابێتە هۆی چاکبونەوە، بەڵام هەنگاوێکی گرنگە بۆ چاکبوونەوە. ئەو میکانیزمانەش زۆرن ئێمە لێرەدا لە شەش خاڵدا کورتیان دەکەینەوە: 1. لە نەخۆشی و حاڵەتەکەت تێبگە. 2. باشکردنی ستایلی ژیانی تاک، ئهمه یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان و ترس. 3. رووبەڕوی ترسەکانت ببەرەوە، هەرگیز خۆت بەدوور مەگرە لەو شوێنانەی کە ترست هەیە لێیان! 4. بیرکرنەوە ناواقیعی و نەرێنییەکان بە بیرکرنەوەی واقیعی جێبگرەوە. 5. میکانیزمەکانی خۆخاوکردنەوە بەکاربهێنە. 6. راهێنانی کەسی بکە بە تەنها و لەناو کۆمەڵ. (٤) بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ چارەسەری ترسی کۆمەڵایەتی: یەکێک لە بنەماکانی چارەسەری ترسی کۆمەڵایەتی بریتییە لە بەدەستهێنانی پشتیوانی کۆمەڵایەتی بۆ چاکبوونەوە، ئەمەش بەچەند شێوەیەک دەتوانرێت ئەنجامبدرێت: • چونە ناو هاورێ و ئەندامانی خێزان بە شێوەیەکی بەردەوام. • بەشداریکردن لەگەڵ گروپی پشتیوانی ناوچەیی، بۆ یارمەتیدانی توشبوان بەم نەخۆشییە یان هەندێکجار گروپی تایبەت لە ئینتەرنێت هەیە. • گەران و گەشتکردن: چونە دەرەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی ئاسودەی لەگەڵیان یارمەتیدەرێکی باشە بۆ زیادکردنی متمانە بەخۆبوون و بەردەوامی لەسەر چاکبونەوە. • بەبێ دوودڵی داوای یارمەتی لە کەسێکی نزیکت بکە کە دەزانیت دەتوانێت هاوکاریت بکات لە روبەڕوبونەوەی نەخۆشییەکەت و چارەسەری ترسەکەت. (٥) راهێنانی کەسی بۆ چارەسەری ترسی کۆمەڵایەتی: هەنگاوی گرنگ لە یارمەتیدانی خودی بریتییە لە ئەنجامدانی ڕاهێنانی تایبەتی کەسی بە مەبەستی کەمکردنەوەی ترسەکە و نەهێشتنی، بۆ ئەم هەنگاوەش پێویستە بە شێوەی ڕیزبەندی بەرکەوتنەکە ئەنجامبدرێت، واتە سەرەتا بە هەنگاوە بچوکەکان راهێنان بکەیت و پاشان هەنگاوی گەورە بنێیت، ئەمەش چەن ڕێنماییەکە بۆ راهێنانەکان: • ترسەکانی خۆت دیاریبکە بۆئەوەی بزانیت کام شوێن زۆرتر توشی دڵهڕاوكێت دەکات. • کارە رۆتیینییە کۆمەڵایەتییەکانت بە ڕێکی ئەنجامبدە، بۆ نمونە: لەگەڵ خزم و هاوڕێ نزیکەکانت نان بخۆ لە شوێنێکی گشتی، سەیری نێوچاوی بەرانبەر بکەو پاشان وەڵامی سڵاوی ئەوانی تر بدەوە، یان یەکەم کەس بە کە دەڵێیت سڵاو، گفتوگۆ لهگهڵ کەسێک بکە، پەیوەندی بکە بە هاوڕێیەکتەوە بۆ دانانی پلان و گفتوگۆکردن. • بچۆرە شوێنێکی کۆمەڵایەتی ترسهێنەر: واتە بچۆرە ئەو شوێنە کۆمەڵایەتییانەی کە ترست بۆ دروستدەکەن و سەرەتاش کامەیان کەمتری ترست هەیە تیایدا بچۆرە ئەو شوێنە، پێویستە پێش چونت بۆ شوێنە کۆمەڵیەتییە ترسهێنەرەکە خۆت ئامادەکردبێت. • گەشە بە لێهاتویی و توانا کۆمەڵایەتییەکانت بدە، ئەم کارانە یارمەتیدەرن: کۆرسێکی تایبەت بە لێهاتووییە کۆمەڵایەتیەکان وەربگرە، خۆبەخشبە بۆ ئەنجامدانی شتێک کە خۆشی لێ دەبینیت، کار لەسەر لێهاتوییەکانی پەیوەندی بکە. (٦) روبەڕوبونەوەی ترسەکانی ترسی کۆمەڵایەتی! ئەم میکانیزمەش دوو بەشە: یەکەم ناسینەوەی ترسەکەت و شوێنە کۆمەڵایەتییەکان کە ترسەکە دروستدەکەن، دووەمیش ڕووبەڕوبوونەوەی ئەو ترسەیە. یەکەم/ دیارریکردنی ئەو شوێنانەی ترسەکە دروستدەکەن: پێویستە لە ئێستاوە ئەو شوێنانە دیاری بکەیت کە تۆ توشی ترسی کۆمەڵایەتی دەکەن، بە واتایەکی تر ترسەکانی خۆت دیاریبکە بۆ ئەوەی بزانیت کام شوێن زۆرتر توشی دڵهراوكێت دەکات، شوێنەکان زۆرن یان کەم تۆ تەنها دیاریان بکە. دووەم/ ڕووبەڕوی ترسەکانت ببەرەوە: هەرگیز خۆت بەدوور مەگرە لەو شوێنانەی کە ترست هەیە لێیان و لە خاڵی یەکەم دیاریتکردوون، چونکە خۆ بەدوورگرتن تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی هەستی ئاسودەیت بۆ دێنێت و ترست بۆ شوێنەکە زیاد دەکات، هەروەها هەوڵبدە ئەو چالاکییانەی کە خۆت بەدوورگرتووە لێیان ئەنجامیان بدە، بۆ نمونە: نەتوێراوە سەیری جەماوەر بکەیت لە کاتی کۆڕی گشتی یان سەیری ناوچاوی کەسانی تر بکەیت کاتێک قسە دەکەیت لەگەڵیان، لەمەودوا بە جوانی تێیان بروانە! (٧) ڕێنمایی بۆ ئەو کەسانەی ترسی کۆمەڵایەتییان هەیە: بۆ ڕزگاربوون لەم نەخۆشییە چەند رێنماییەک هەیە دەبێت نەخۆش جێبەجێیان بکات و ئاگاداریان بێت، بەگشتی ئەم خاڵانە دەگرێتەوە: • دەبێت دەستنیشانی حاڵەتەکە بکرێت، ئایا نەخۆشە یان تەنها کەمێک دڵهڕاوكێی هەیە لە شوێنە گشتییەکان. • ئەگەر نەخۆش بێت، ئەوا پێویستە چارەسەر وەربگرێت بە گوێرەی حاڵەتەکەی، ئایا چارەسەرە بە دەرمان یان چارەسەری دەروونی و رێنماییە تایبەتەکان جێبەجێبکات. • ئەگەر نەخۆشیش نەبێت ئەوە تەنها بە بەجێهێنانی رێنماییەکان دەتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات و رزگاری ببێت. • لە پرۆسەی چارەسەریدا پێویستترین هەنگاو بوونی هاوکارێکە بۆ چاکبونەوە، باشترە ئەو هاوکارە چارەسەرکار بێت! • بە دەستهێنانی پشتیوانی و هاوکاری کۆمەڵایەتی پێویستییەکە دەبێت لەسەرەتای پرۆسەکەوە تاک بەدەستی بێهێنێت. • ئەنجامدانی میکانیزمەکانی یارمەتیدانی خودی، ئەمانەش کۆمەڵە رێوشوێنێکن تاک بۆخۆی ئەنجامیان دەدات، هەتا بتوانێت بەسەر ترس و دڵهڕاوكێکەیدا زاڵببێت. (٨) چارەسەر بە دەرمان بۆ ترسی کۆمەڵایەتی: یەکێک لە جۆرەکانی چارەسە بۆ ترسی کۆمەڵایەتی بریتییە لە بەکارهێنانی دەرمان هەتا یارمەتی تاک بدات لە کەمکردنەوەی دڵهڕاوكێكهی و چارەسەری نەخۆشییەکانی تری وەکو خەمۆکی بکات کە لەگەڵ ترسی کۆمەڵایەتی توشی تاک دەبن. زۆر جۆر دەرمان هەیە بۆ ئەم نەخۆشییە بەکاردەهێنرێت، باوترین و کاریگەرترینیان لە جۆری (SSRI)ـیە، ئەمیش وەکو یەکەم دەرمان بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەری ترسی کۆمەڵایەتی، ئەگەر وەڵامدانەوەی نەخۆش بۆ ئەم جۆرە لە دەرمان باش نەبوو ئەوە دەرمانی تر بەکاردەهێنرێت، وەکو دژە خەمۆکییەکانی تر، یان دەرمانی دژە دڵهڕاوكێ. بە گشتی دوو جۆری زۆر بەکارهاتوو بریتین لە: SSRI: وەکو حەپی پارۆکستین، سێرترالین، فلۆکستین، ... زۆر سودبەخشن بۆ کەمکردنەوەی دهڵهڕاوكێ، دەتوانرێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەکاربێت بەبێ ترسی هۆگربوون، چارەسەری خەمۆکیش دەکات ئەگەر تاک توشی بوبێت. بەڵام کاتی دەوێت بە نزیکەیی ٩ هەفتە هەتا بە تەواوی ئیشی خۆی دەکات. بێنزۆدایەزێپین: زۆر بە سودن بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی دڵهڕاوكێ بۆ ماوەی کورتخایەن. بەڵام مەترسی هۆگرییان هەیە و خەولێخەرن.
ژوان ئهحمهد لەمێژە وتومە، یەكێتی بەردەوام خەریكی دەركردنی ئەسپە ڕەسەنەكانی خۆیەتی و لەدوی گوێدرێژەكانی دراوسێكانی دەگەڕێ بۆ ئەوەی ناڵیان بكات. ئەمە بە دروستی بەو پرۆسەی بەناو چاكسازی و داراییە رەنگی داوەتەوە كە یەكێتی دەستیپێكردوەو سەدان كادری لەریزەكانی حزبەكە دورخستۆتەوە (دەركردنێكی بەڕێزانە). بە تاكە پاساوێك (گوایا ئەو كەسانە لە حكومەت موچەیان هەیەو نابێت كەس دوو موچەی هەبێت) لەكاتێكدا ئەوانە ئیشی دووەم دەكەن نەك دوو موچەیان هەبێت لەسەر یەك ئیش و ئەرك. لەو بڕیارە بەدتر، ئەوەیە پەیج و میدیا سێبەرەكان خراونەتەگەڕ دژی ئەو كادرانەی وەدەرنراون و بە جۆرێك وێنا دەكرێن وەك ئەوەی موچەی ئەوان لەسەر حزب هۆی بێكاری و بێ خزمەتگوزاری بێت.. وەك ئەوەی ئەوان مەرزو سنورەكانیان لوشدابێت. رەنگە ئەمە بۆ سلێمانی و گەرمیان تارادەیەك بە ئاسایی سەیری بكەین بەوەی تائێستا (سەركردایەتی یەكێتی) پێیوایە كە ئەم زۆنە، زۆنی سەوزەو خۆی باڵادەست و قەڵەمڕەو و زۆرینەیە تیایدا (ئەگەرچی زۆرینەش نیەو زۆرینەی رەها بریتییە لە دەنگی ناڕازی لە كۆی حزبەكان بە یەكێتیشەوە). بەڵام ئەو بریارە لە سنوری هەولێرو بادینان، بۆ یەكێتی كارەساتە، بەتایبەت بادینان، یەكێتی تیایدا دەنگەكانی سنوردارەو دوای ئەم رێكارەش هێندەی تر دەنگەكانی دادەكشێت چونكە، لەلایەك كۆمەڵێك كادرو لایەنگری رەسەنی خۆی دوردەخاتەوەو ناچاریان دەكات بە وازهێنان یاخود چونە ناو حزبی دیكە.. لەلایەكی دیكە ترسێكی راستەقینە دروستدەكات كە كادرانی دیكەش هەر رۆژێك بێت، بە پاساوی دیكە، دوردەخرێنەوە و كەسی دیكەش روو لە یەكێتی ناكات. ئەو یەكێتیانەی كە بە هۆی ئەم بریارەوە دورخراونەتەوەو نیمچە دەركراون لە سنوری هەولێرو بادینان، ئەو یەكێتیانەن كە: - لانیكەم پێنج بۆ 10 ساڵ بەهۆی شەڕی ناوخۆو لەبەر یەكێتی ئاوارەی سلێمانی بوون. - روبەڕوی فشاری جۆراوجۆری پارتی بونەتەوە لەبەر یەكێتی. - بەشێكیان زەوی و ماڵ و موڵكیان لە شەری ناوخۆ لەسەر یەكێتی داگیركراوەو هەندێكیشیان تائێستا نەیاندراوەتەوە. - ئەوانەن كە ئێستاش بەرامبەر بە هەموو ئیغرائاتێكی دارایی و پلەو پۆست بەرگریان كردووەو لەناو یەكێتی ماونەتەوەو رویان نەكردۆتە ناو پارتی یان حزبی دیكە. - ئەوانەن كە سەرەڕای فشاری جیاجیا، سورن لەسەر رێچكەی خۆیان و مل نادەن بۆ هەڕەشەو گوڕەشەی پارتی لەو سنوره. - ئەوانەن كە یەكێتی خۆی توانایەكی بێشوماری تیادا خەرجكردون تا بونەتە كادری بەئەزمون لە بوارەكانی راگەیاندن و رێكخستن. ئەوانەی بیرۆكەی ئەم بریاری بەناو چاكسازیەیان داوە لەناو یەكێتی، لە هەر ئاست و پلەیكدا بن، تێنەگەیشتون لەوەی ئەم بڕیارە لەڕووی جەماوەریی، یەكێتی توشی كارەسات دەكات، چونكە كۆمەڵێك خەڵكی بە ئەزمون لە یەكێتی دوردەخاتەوە كە كەمترینیان ماوەی زیاتر لە دە ساڵە كاردەكات و لە بوارە جیاجیاكان ئەزمونیان پەیا كردووەو دەكرا بە جۆرێكی دیكە سود لە تواناكانیان وەربگیرێت و بەسەر مەكتەبی و ئۆرگانەكانی یەكێتیدا دابەش بكرێن. لە بڕیارەكەش كارەساتتر، بێدەنگی سامناك و بێپاساوی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئەم حزبەیە لە ئاست بڕیارێكی لەو جۆرە نادپەروەرو كارەساتبار، چونكە ئەگەر بڕیار بێت شوێنی ئەو كادرانەش بە كەسانی (نوێ) پڕ بكرێنەوە، دەهەیەكی تر پێویستە بۆ ئەوەی ئەزمون پەیا بكەن و بتوانن لانیكەم كارەكانی خۆیان رایی بكەن، نەك وەك كادرانی ئێستا لە یەك كاتدا كادری ئۆرگانی خۆیان بن و لە بۆنەو هەڵبژاردنەكانیشدا رۆڵی كادری هەڵبژاردن و رێكخستن بگێڕن. رەنگە مهبهستی برایانی سەركردایەتی و رابەرانی یەكێتی لە بەكاربردنی چەمكی (نوێ) بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەوە بێت كە گشت ئەوانە وەدەر بنێن كە مێژوویان لە مێژووی خۆیان كۆنترە لەناو یەكێتی ، یان لەوان ماندوترو قوربانیدەرتر بووە بۆ یەكێتی. بە دروست نازانم بێدەنگی ناو یەكێتی تا كەی درێژەی دەبێت، بەڵام هێندە دەزانم، ئەمە بێدەنگی قایل بوون نیە، بەڵكو بێدەنگیەكە كە رەنگە هەرەسی بەدوادا بێت و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، دەنگی یەكێتی هاڕە بكات و دواتر نە بە بڕیاری سەرپێی، نە بە دڵدانەوەو تكا، ناتوانن كادرانی دەركراو و رەنجاو بگێڕنەوە. بە هیوای ئەوەی ئاقڵمەندانی سەركردایەتی (ئەو ژمارە كەمەی تیایدا ماوە) ئەو هۆشداری یە بگەیەنن بە هاوسەرۆك و مەكتەبی سیاسی، كە كارەساتێك روو لە یەكێتی دەكات، نە بە كەسایەتی یە سەربازییەكان و نە بە ریبات لە مل و ئەفەندییەكانی دەوروبەریان راست نابێتەوە. بۆیە لانیكەم چاوخشاندنەوە بەو بریارەدا بۆ سنوری هەولێرو بادینان زەرورەتێكی حەتمییە بەر لەوەی كار لە كار بترازێت و ئەو كادرانە هەڵوێست وەربگرن یان ڕوو لە حزبی دیكە بكەن. بۆیە ئەسپە رەسەنەكانی خۆتان بگرنەوە و واز لە ناڵكردنی گوێدرێژەكانی دراوسێ بێنن.
ئەنوەر حسێن (بازگر) ئۆكرانيا لەنێوان دەستهەڵگرتن لە مێژووى سۆڤييەت و خۆكردن بەناو جيهانى ئەوروپادا، لەنێوان كۆتاييهاتن بە ميراتى تۆتاليتاريزم، سەركوتى سياسى، نەبوونى ديموكراسى، هەنگاونان بەرەو سيستمى ديموكراسى، بازاڕى ئازادو ئازادى ميديا. لەنێوان مانەوەى لەچوارچێوەى سياسەتى ڕووسياو بە ئەندامبوونى لە يەكێتى ئەوروپاو ناتۆ، لەنێوان دوو مێژوو، دوو كلتورو دوو جيهانى سياسى تەواو جياواز، ديارە پاش چەندين دەورە، سەرۆكى جيا جيا، سياسەتى نزيك و دوور لە مۆسكۆ، هەڵبەزو دابەزى زۆر، كە دووهەميانى هەڵبژاردو تووشى ئەو قەيران و گرفتانە بۆتەوە، كە ئێستا فۆكەسى هەموو ميديايى جيهانى لەسەرە، ئاكامەكەشى ديار نييە پاش خاپووربوونى ئابورييەكەى، ژێرخانى ئەو وڵاتە چى لێدێت؟ بەشێك لە چاودێران دەڵێن "كييڤ، نەدەبوو بە حوكمى پێگە، جوگرافياو جيۆپۆلەتيكەكەيى و نزيكى لە ڕووسياو مێژووييەكى هاوبەشى ئيتينى، مەزهەبى و سياسى پەيوەندييەكى لە مێژينە لەگەڵ مۆسكۆ تێكبدات و دەبوو ئەم فاكتانە لەبەرچاو بگرێت"، بەڵام ئۆكرانييەكان هێشتا داگيركارى سوپاى سوورى سۆڤييەت لە (1921)و كوشتنى (7) مليۆن ئۆكرانى لە ساڵى (1932) لەسەر دەستى ستالينيان بير نەچۆتەوە، بۆيە ويستييان خۆيان لەو مێژووى ستەمە نەجات بدەن. بەڵام بۆچوونەكەى تر دەڵێت "ئۆكرانيا وڵاتێكى سەربەخۆيەو دەتوانێت بڕيار بدات، ئەو دۆخە سياسى و مێژووييە جێبهێڵێت و بپەڕێتەوە بۆ قۆناغێكى گەشاوەترو باشتر بە نزيكبوونەوە لە ئەمەريكاو ئەوروپا، بەوەش توانيويەتى پرسى ديموكراسى گەشە پێبدات و بازاڕێكى باش بۆ گەشەى ئابورى خۆى پەيدا بكات و قۆناغى هەژارى تێپەڕێنێت"، هەڵبژاردنى (فيكتور يانۆكۆڤيچ) بە پشتيوانى ڕووسيا لە قۆناغى يەكەمداو دواتر هەڵهاتنى بۆ ڕووسياو سەرهەڵدانى شۆڕشى پڕتەقاڵى لە ئۆكرانيا، كۆتايى بە حكومەتى سێبەرى مۆسكۆ هات و ئۆكرانيا بەتەواوى خۆى لە ڕووسيا نەجاتدا، لەبەرامبەردا ئەڵتەرناتيڤى ترى مۆسكۆ هێرش و پەلامار بوو بۆ سەر هەردوو هەرێمى (دۆنێتسك و لۆهانسك)، بەوە مۆسكۆ هێندەى تر ململانێى و ناكۆكى نێوانيانى تۆختر كردەوەو چاو تێبڕينى مۆسكۆ زۆرتر بوو، لەپاڵ ئەوانەدا ترس و ئارەزووى بۆ نزيكبوونەوەى ئۆكرانياش لە ئەمەريكاو ئەوروپا خێراتر بوو، وەهاش بيانووى زۆرترييدا بەدەست مۆسكۆەوە. هەرچەندە ئۆكرانيا بەشێكى زۆر لە بيانووەكانى ڕووسيا ڕەتدەكاتەوە، بەڵام پۆتين و مۆسكۆ، جيا لەو فاكتەرانە، باس لە بوونى هێزى نازيزم، نيونازيزم و ناسيۆناليستى (ئازۆڤ)و بۆرى گازى ڕووسيا بۆ ئەوروپا، كە ساڵانە ئۆكرانيا نزيكەى (8) مليار يۆرۆ وەردەگرێت، وەكو بيانووى پەلامار باسدەكەن. لەلايەكى ترەوە ئۆكرانيا پێگەيەكى ئابورى گەورەى هەبوو لە ناوچەكە، كە جێگەى سەرنجى ڕووسيا بوو، دەيتوانى وەكو سەبەتەى خۆراكى ئەوروپا سەير بكرێت، جگە لە سامانى ژێر زەوى و بەرهەمهێنانى كارەبا، (خەڵوزى بەردينى نزيكەى (197) مليۆن تەنە، كێڵگەى بەرهەمهێنانى ئاسن كە (130) كێڵگەن، بەرهەمهێنانى تووتن، پەموو، شەكر، گەنمەشامى، كارگەى گەورەى ئەتۆمى بۆ بەرهەمهێنانى كارەبا لەوانە كارگەى (پاپوريگيا)، كە گەورەترين كارگەى بەرهەمهێنانى كارەبايە لە ئەوروپا لەسەر ئاستى جيهان، لە پلەى چوارەمدا بوو لە بوارى (IT) لە دواى ئەمەريكا، هيندستان و ڕووسياو ساڵانە بە بەهاى (3,6) مليار دۆلار داهاتى بوو، جيا لەوەى ساڵانە نزيكەى (13) مليار دۆلار كەلووپەلى هەناردە كردووە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ ئامار باس لەوە دەكەن، كە ئابورى ئۆكرانيا لە ئاستى جيهاندا لە پلەى (45)دايە، لەوانەش گرنگتر ئامارەكان دەڵێن "ئۆكرانيا (12%) گەنمى سەرجەم جيهان، (16%) بەرهەمى برنج، (18%) بەرهەمى جۆ بەرهەم دەهێنێت"، جيا لەوانە تەنها لە ساڵى (2020)، (22,4) مليار داهاتى ئۆكرانيا بووە، لە بابەتى (6,9) مليۆن تەن زەيتى گوڵەبەڕۆژە، (431) هەزار تەن بەرهەمى پەلەوەرى، (81) هەزار تەن هەنگوين، (55) هەزار تەن ميوەو مەعكەرۆنى هەبووە. بەڵام ئەوەشى دەزانى، بەبێ بوون بە ئەندامى ناتۆ لە برۆكسڵ، سەختە لەبەردەم هێرشى ڕووسيا خۆى بگرێت، كە هەرواش دەرچوو، لە ئەگەرى وەستانى شەڕيش، جيا لە دوورگەى قرم، ڕەنگە دوو شارى گەورەترى بە يەكجارى لەدەستبدات. بەڵام لەپاڵ ئەوانەدا، ڕەخنە لە ئۆكرانيا دەگيرێت، كە تا ئێستا ڕەگ و ڕيشەى گەندەڵى لەو وڵاتە لە بەردەواميدايەو ڕەنگە يەكێك بێت لە فاكتەرەكانى شەڕ، بەهۆى ئەوەى ڕووسيا دەيەوێت كەسێكى لايەنگرى خۆى لەسەر كار بێت، تا كار ئاسانى سياسى و ئابوورى بۆ بكات، هەر بۆيە لە دواى سەربەخۆ بوون لە ڕووسيا، تووشى چەندين كێشەو گرفتى سياسى و هەڵبژاردنى جياواز بۆتەوە، ئامارەكان دەڵێن "ڕێژەى گەندەڵى ساڵانە (2,5) مليار دۆلار بووە، لەپاڵ كۆلۆمبياو ئەفغانستان، نۆهەمين گەندەڵترين وڵاتى دونيا بووە". دەخالەتى ئەمەريكا لە ئۆكرانيا، زياتر مۆسكۆى نيگەرانكرد، بە تايبەتى دەخالەتى لە هەرێمى (دونباس)، كە دەوڵەمەندە بە گاز، ئەمەريكاو ئۆكرانيا بە نياز بوون بە دەرهێنانى گاز لەو هەرێمە لە جياتى گازى ڕووسيا بۆ ئەوروپا، جيا لەوەى هەر لەو هەرێمە ئەو كورانەى تێدايە، كە بزوێنەرى موشەكە دوورهاوێژەكانە. هەر چۆنێك بێت، شەڕى ئۆكرانياو ڕووسيا، كە پاڵنەرى سەرەكى ئەمەريكا بووە، زۆر خوێندنەوەى جياواز جياواز هەڵدەگرێت، لەبابەتى ئەوەى ئايا ئەوە جەنگى سێيەمى جيهانييەو سەردەكێشێت بۆ پەلاماردانى وڵاتانى تر لەلايەن ڕووسياوە، بۆسەر پۆڵەندا، كۆمارەكان و بەڵتيك لە (ئيستونيا، لاتيڤيا، ليتوانيا)، يان سويدو فينلەندا، ئايا ئەمەريكاو ئەوروپا دەبنە لايەنى ڕاستەوخۆى شەڕەكە، كە تا ئێستا ئاكامێكى وردى نييە؟. ڕەهەندێكى ترى ئەم شەڕە، ڕەنگە ئەو بۆچوونە بێت كە ڕێگا بۆ چين خۆشبكات پەلامارى تايوان بدات، توركياش پەلامارى موسڵ بدات و ئەرمينياش داواى گێڕانەوەى ناگۆڕنا قەرەباغ بكات، گەر ئەوەش ڕووبدات چى دەبێت؟ ئايا سەر لە نوێ شەڕێكى گەرمى دەيەى حەفتاو هەشتاكان لەنێوان دوو بلۆكى ئەمەريكا، ڕووسياو دۆستەكانيان سەرهەڵدەدات، لە ناو ئەو هەموو هاوكێشە سياسييانەدا پێگەى كورد چى دەبێت و چى لێدێت؟ ئەوەى مەعلوومە گەر ئەو خوليا فكرييەى ئەنكەرە بەردەوام بێت، ئەوا چاوى زياترى لە ڕۆژئاواى كوردستان بێت و داگيرى بكات، وەكو چۆن پێشتر بە چراى سەوزى واشنتۆن عەفرينى داگير كردو بۆ باشوورى كوردستانيش، جيا لەوەى چاوى لە موسڵ و كەركوكيشە لە پرسى غازى كوردستان، باشوورى خستە ناو ئەو هاوكێشانەوە، كە ئايا غازى كوردستان دەتوانێت بە توركيادا بڕوات و ڕووسياش لێى بێدەنگ بێت؟ ئەمەريكا لەو بابەتە يارە، يان نەيارە؟ بەپێى چەند سەرچاوەيەك، هەردوولا بلۆكى شەڕەكە، چ ڕووسياو چ ئەمەريكا داواى هەڵوێستيان لە هەرێم كردووە، بەڵام هەرێم پێيوايە هەردوولا دۆستن و پەيوەندى سياسى و ئابوريان لەگەڵيدا هەيەو ناتوانێت تەرەفگير بێت. ئەوەش كە پەيوەندى بە ڕۆژهەڵاتى كوردستانەوە هەيە لەم شەڕەدا، گروپى (5 + 1) ويستييان لەم تەنگەژەيەدا، ئێران ڕێككەوتنى ئەتۆمى واژۆ بكات و بە دەرفەتييان زانى، بەڵام ڕووسيا ڕێگرى كرد، ئەمەش ماناى وايە بارودۆخى ڕۆژهەڵات باش نييە. هەرچى سەبارەت بە باكورە، ئەنكەرە دەيەوێت دڵى هەردوو بلۆكەكە ڕابگرێت، بەڵام ئەو چاوەڕوانى بڕۆكسڵە، بۆ بوون بە ئەندام، بۆيە ئەم شەڕە، ئەنكەرە دەست ئاوەڵاتر دەكات لە سەركوتى كوردو پەلامارى زۆرتر بۆ سەر كورد. بۆيە بەدرێژەكێشانى شەڕ، ڕەنگە ڕەهەندو نەخشەى سياسى و سەربازى نوێ بكەوێتە خەياڵى سەر مێزى زلهێزەكان، كە هەر كاميان بەپێى بەرژەوەندى خۆى نەخشەى ناوچەكە دابڕێژنەوە، بۆيە باشترين ئەڵتەرناتيڤ ئاگربەست و ڕێككەوتنە، تا ئارامى بگەڕێتەوە خۆرهەڵاتى ئەوروپاو ناوچەكە.
د. دڵشاد مستەفا بەشی یەكەم: (کەشتییەکەم بەنێو وشکانیدا ئاژو )(فەریدەدینی عەتتاری نیساپوری) لەسەر ئەوە ڕاناهاتووم کە لەپانتاییەکدا قسەبکەم خاڵی بێت لە مەعریفە ، شوێنێک چەلەحانێی دوور لە لۆژیک کۆنتڕۆڵی بکات ، وەلێ وەک هاورێیەکمان پێشتر دەیوت : فەیسبووکی خۆمە و تایەی تێدا دەسوتێنم ، ناچار بووم منیش چیلکەوچەواڵ کۆبکەمەوە .. سادەتر بڵێم ، کێشەی هەر مەزنی تاکی کوردی ئەوەیە دەبێت قسە لەسەر هەموو شت بکات ، ئەو لە دەرزی لێفەدورینەوە لێی دەزانێت تا تەلسکۆبی جێمس وێب و هابل و ئەوانی تریش .. ئەوانەی بڕیاریان لەسەر هەڵپەساردنی بەشی فیلمسازی داوە خۆیان تەواو بەرچاوڕون نیین و نازانن چۆن پاساوی بۆ بهێننەوە ، ئەم هاتوە بەڵێ دەکات ! ئەم دیاردەیە گەڕاندمییەوە لای تێزەکەی بیریاری بە نەژاد کەنەدی (ئالان دۆنۆ) ، دەربارەی سستمی پوچی و بێ بەهایی .. لەسەردەمێکدا دەژین کە ئیدی هەمووشت بێ بەهاکرا کە میدۆکراتەکان بە مانا دۆنۆییەکەی بوونە خاوەنی هەموو شت ئیدی هیچ خۆ ماندووکردنێکی ناوێ ئەم پرسە . هەموو جوانی و بەها و شکۆ و بایەخ و شەنگییەک لەبەین دەچێت . رۆژگارێک دێتە پێشێ کە (موفتی پێنجوێنی ) لەمێژە لە دێڕە بەنێوبانگەکەیدا وەسفی کردوە . کێشەیە بەبێ زانیاری و داتا قسە لەسەر هەرشتێک بکەیت . چەند رۆژێکە سۆشیال میدیا پڕ بووە لەوانەی هەندێکیان نازانن باسی چی دەکەن! هەندێک خۆی لێبۆتە پسپۆری پرۆگرام و ستراکچەر و پێوای وایە کە لە بونیادەوە بەشەکە بەهەڵە دامەزراوە ( گەر لەمەیاندا هەڵەیەک هەبێت من بەرپرسیارم ) بەبێ ئەوەی بزانێت سستمی دامەزراندنی بەش مانای چی و چۆن دروستکراوەوە پێوەرەکان چین و بیواژۆکانی کاری پێدەکرێت لەنێو زانکۆدا کامانەن. هەندێکی تر بەبڕیاری سیاسی دەزانن کە (ئەوەندەی من ئاگاداربم ) بابەتەکە هیچ پەیوەندی بەبڕیاری سیاسییەوە نییە . لەهەمویان بەداختر بۆ من ئەوەیە کە هەندێک لەدەرچووەکانی ئەو بەشە کە بەس (خۆیان و من و خودا )دەزانین چۆن تەوایان کردوە کەوتونەتە هێرشی ناڕەوا و منیان خستۆتە ئەو دۆخەی ئەوە بڵێم کە فەریدەدینی عەتتاری نیساپوری لە کتێبی ( منطق الطير) دا دەڵێت ( کەشتیەکەم بەنێو وشکانیدا ئاژو ). رەنج بێوەر خۆمان کە ئەو هەموو ماندووبوون و شەونخونی و شەکەتی و هەوڵەمان دەکەوێتە نێو بێبایەخی و فەرامۆشییەوە .. گەر ئێستاش هەندێک لاقرتەیی و مەتەڵەک چارتان نەکات .. ئەم باسە درێژەی دەبێت و هەروا لێناگەڕێم .. بەڵێ بۆ داخستنی بەشی فیلمسازی ؟! بەشی دووەم لەورۆژەوەی دەمەوێت شیکارییەکی دروست بۆ ئەم هەنگاوە بکەم هیچی ترم دەستنەکەوت جگە لە تێزەکانی ئالان دۆنۆ یان دەشێت بڵێم پێدەچێت ئەم هەنگاوە خولیایەکی هێرۆستراتۆسیانە بێت ، کە پەرستگای ئرتیمیسی سوتاند کە یەکێک بوو لە ٧سەرسورهێنەکای دنیا ، تەنها لەبەر ئەوەی نێوبانگ پەیدا بکات ، ئەو خواستی ئەوەی هەبوو ناوی بچێتە نێو مێژوو ، ئیدی گەر لەرێی کاریێکی نادروست و خراپەشەوە بێت . هەندێک کەس هەن لەو نێوەندەدا عەرەب وتەنی (نکرة) ن بۆیە لەدۆخی وادا نەبێت وەیخڕ پاشاکان ناتوانن دەربکەون . هەنجەتی بڕیاری هەڵپەساردنی بەشی فیلمسازی لەوێوە هێنراوە کە گوایە بەشەکە مامۆستای تەواوی نییە ، لەراستیدا ئەم زانیارییە هەڵەیە بەشەکە (٢ پرۆفسیۆری یاریدەدەر ، ٢ دکتۆرا و ، ٥ هەڵگری بروانامەی ماستەری هەیە ، بێجگە لە مۆڵەتەکان و ئەو مامۆستایانەی وانەبێژن و میلاکی بەشەکە نین لەبەشەکانی شێوەکاری و راگەیاندنەوە دێت و وانەی پسپۆری خۆیان دەڵێنەوە ، بۆ نموونە مامۆستا نەبەز سەمەد ( هەڵگری بڕوانامەی ماستەری فەلسەفە، وانەی فەلسەفەی فیلم دەڵێتەوە ، پ.ی.د. ئیبراهیم سەعید و پ.ی.د. یۆهان ، بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆنی دەڵێنەوە کە دوو مامۆستای پسپۆر و لێهاتوون مامۆستا کوڤان حسێن وانەی شیکاری فیلم دەڵێتەوە و گەلێک سەرکەوتووە . مامۆستا میدیا رەئوف بێگەرد مامۆستای نواندن بووە ، مامۆستا بەناز وانەی فۆتۆی وتۆتەوە . مامۆستا دارکۆ لەتیف هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە سینەماتۆگرافی کە توانایەکی کەم وێنەی هەیە و من دڵبەندی زانیارییەکانی بووم لە سیمیناری هاوتاکردنی بڕوانامەکەی و گەلێک پێی سەرسام بووم لەبەر ئەوەی خولی پێداگۆگی تەواونەکردوە ، ئەویش رێگری بۆ دروست بووە . مامۆستا سالار سەعید کە ساڵانێک مامۆستای وانەبێژ بووە و وانەکانی ئێکسپێرمێنتاڵ و فۆتۆ و پرۆداکشنی زۆر بەسەرکەوتوویی وتۆتەوە ، ئامادەیی هەیە بە خۆبەخش بگەڕێتەوە . هاوکات ژمارەیەک وانەی گشتی هەن کە بۆ هەموو کۆلێجەکانی زانکۆ یەک شتن و مامۆستای هەمووان یەکە وەک ئینگلیزی و کوردۆلۆجی و کۆمپیوتەر و وەرزش ) ژمارەی خوێندکارانی بەشەکە ئێستا لە قۆناغی ٢-٤ (٥٣) خوێندکارە و ساڵانە لەنێوان ١٥-٢٠ خوێندکار وەردەگرێت . سستمی خوێندن بیواژۆی بۆلۆنیایە کە سستمێکی خوێندکار سەنتەرییە و پەیوەندی بە توانستی خوێندکارەوە هەیە لە کارکردن لەدەرەوەی کلاسەکان . لەم سستمەدا هەر ١٠-١٥ خوێندکار پێویستیان بە مامۆستایەکە ، واتە بەوەرگرتنی ٢٠ خوێندکاری تریش ژمارەکە دەبێتە ٧٣ خوێندکار کە پێویستیان بە ٧ مامۆستایە . خۆتان ئەوەی سەرەوە بژمێرن و بزانن چەند مامۆستایە . من نکوڵی لەوە ناکەم کە لەساڵانی خوێندندا خوێندکار گلەیی لە مامۆستا هەبووە کە توانستی زانستی نزمە و هیچی لێ فێرنابن و ئیمزایان لێ کۆکردۆتەوە و لای من پارێزراوە ( ئێستا هەر خۆیان لە پۆستی فەیسبووکیدا کردویانەتە فریشتەو فریادرەس ، کە مایەی شەرمە) بەڵام ئەمە رێ لەوەناگرێت کە ژمارەیەک مامۆستای زۆر باش وانەیان وتوەتەوەو هێزێکی باش بوون بۆ بەشەکە . دووەم : سەعاتەکانی وانەی پسپۆری لە چوار ساڵی خوێندندا بەم شێوەیەیە ساڵی یەکەم : هەفتەی ١٣ سەعاتە ساڵی دووەم : ٢٥ سەعات ساڵی سێیەم : ١٨ سەعات ساڵی چوارەم : ٢٠ سەعات کە بەگشتی دەکاتە ٧٦ سەعات کە پێویستی بە ٦ -٧ مامۆستایە و بەشەکە بە وانەبێژەکانەوە زۆر لەوەزیاتری هەیە .. کەواتە کێشەکە لەشوێنێکی ترە نەک نەبوونی مامۆستای پێویست .. دەنگۆیەکی تر کە کراوەتە بیانوو ، گوایە من کۆلێجەکە و بەشەکەم جێهێشتوەو گەراومەتەوە بریتانیا و ئیدی تەواو ، ئەمەش دوورە لە ڕاستیەوە ، وەک هەر مامۆستایەکی تر لە پشودام و سەرەتای مانگی ٩ دەگەڕێمەوە و پشتیوانی هەر هەنگاوێکی باشترکردنی بەشەکە و کۆلێجەکە و بەردەوامیانم ..
دانا حهمهعهزیز تایوان، دورگەیەکە ڕوبەرەکەی هێندەی پارێزگای هەولێرو سلێمانی یە. کۆی ڕوبەری تایوان بە ١٦٨ دورگە بچوکەکانی دەوروبەریشیەوە ٣٦ هەزارو ١٩٣ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، دانیشتوانەکەی نزیکەی ٢٤ ملیۆنە. تایوان دەکەوێتە نێوان ژاپۆن و چین و فلیپینەوە. کەنارەکانی تایوان لە باکوری خۆرهەڵاتەوە تەنها ٩٠ کم لە دورگەی یۆناگیونی ژاپۆنەوە دورە، کەنارەکانی تایوان لە باکورو خۆرئاواوە ١٨٠ کم لە کەنار ئاوییەکانی چین و لە باشوریشەوە ١٤٠ کم لە دورگەکانی فلیپین ەوە دورە. نزیکەی ٢٥ هەزار ساڵە، تایوان ژینگە و شوێنی نیشتەجێبونی مرۆڤە. دوو لەسەر سێی خاکی تایوان شاخ و بەرزایی و دارستانە، کشتوکاڵ ڕێژەیەکی زۆر کەم لە سامانی وڵات پێک دەهێنێت، زۆرینەی دانیشتوان شارنشینن و لە ئاستێکی بەرزی خوێندەواریدان. ئاستی هۆشیاری گشتی (تایوان)یەکان هاوشێوەی (ژاپۆن)یەکان هەمەلایەنەو تێڕوانینیان بۆ ژیان فراوان و پڕ لە لیبوردەیی یە. بەدرێژایی مێژوو، دورگەی تایوان مەیدانی ململانێ بووە لەنێوان ئیمپراتۆرێتییەکانی ژاپۆن و چین و هۆڵەنداو بهریتانیا. لە سەدەی حەڤدەهەمدا بۆ نزیکەی چل ساڵ کۆلۆنی هۆڵەندا بوو، ئەوکات بەهۆی بوژانەوەی باری ئابورییەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی چین کۆچیان کرد بۆ تایوان، بەڵام لەژێر گوشاری ئیمپراتۆرێتی نوێی چین، هۆڵەندییەکان بەجێیان هێشت. ساڵی ١٨٩٥ چین لە ڕێکكەوتنێکی ناڕۆشندا، سازشی لە دورگەکە کرد بۆ ژاپۆن. ساڵی ١٩١٢ کۆمارییەکان بە سەرکردایەتی حزبی (کۆمیوتانگ)ی نیشتیمانیی چین کۆتاییان بە ئیمپراتۆرێتی چین هێناو لە تایوانەوە کۆماری چینیان ڕاگەیاند. ساڵی ١٩٤٥ دوای کەوتنی ژاپۆن لە جەنگی جیهانی دووەمدا، کۆمیوتانگ دەستی گرت بەسەر تەواوی تایوان و هەرێمی مەنچۆریای خۆرهەڵاتی چین و تەواوی چین ی ئێستا، بەڵام زۆری نەخایاند کۆماری چین دوچاری شەڕی ناوخۆ و پەلاماری کۆمۆنیستەکان بووەوه، لە کۆتایی ١٩٤٩دا، پارتی کۆمۆنیست بە سەرکردایەتی ماودزیتۆنگ شەڕی ناوخۆی بردەوە، بەڵام سەرکردەکانی پارتی (کۆمێتانگ)و زۆربەی سەرکردە سەربازییەکان و بە هەزاران نوسەرو ڕۆژنامەنوس و خەڵکیی خوێندەواری ئەوکاتە لە دورگەی تایوان مانەوەو کۆماری چینیان لەوێ بوژاندنەوە، تا ئۆکتۆبەری ١٩٧١ کورسی هەمیشەیی چین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لای تایوان مایەوە. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەوکاتەی کە نزیکەی سەد ملیۆن کەس لە چین بەهۆی شۆڕشی کەلتوریی ماوزیدۆنگ و حزبی کۆمۆنیستەوە مردن، تایوان گەورەترین گەشەی ئابوری لە جیهاندا تۆمارکردو نازناوی موعجیزەی تایوانی پێبەخشرا. بەپێچەوانەی چینهوە، پێشکەوتنی تایوان گشتگیرەو هەموو بوارێکی گرتوهتەوە. کواڵیتی بەرهەمی تەکنۆلۆجیای تایوان هاوشێوەی کۆریای باشورەو مەرجەکانی پاکیی و سەلامەتی تێدایە. بەپێچەوانەی چین، تایوان پابەندە بە تەواوی یاساکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانیی، لە کۆپیکردن و بەرهەمهێنانی کوالێتی خراپ بەدورەو متمانەی تەواوی نێودەوڵەتی هەیە. کۆمپانیای نیمچە گەیەنەری (TSMC)ی تایوان زیاتر لە ٦٠%ی کۆی مایکرۆچیپی جیهان دروست ئەکات و کۆمپانیای سامسۆنگی کۆریای باشوریش نزیکەی لە ٢٥%ی دروست ئەکات. بەگشتی زۆرینەی وڵاتانی جیهان بە ئەمریکاو ئەوروپاو ژاپۆن و چینیشەوە پشت بە کۆمپانیای TSMCو سامسۆنگ دەبەستن، بەڵام کۆمپانیای ئینتێڵی ئەمریکا زۆرینەی مادەی نیمچە گەیەنەری سلیکۆن بۆ هەردوو کۆمپانیایەکە دابین دەکات. لە ڕوی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیاوە، تایوان دەیان ساڵ لە پێش چینەوەیە، کۆی بەرهەمی ناوخۆی تایوان ئەمساڵ دەگاتە ٧٠٠ ملیار دۆلار. سیستەمی سیاسی تایوان، دیمۆکراسی فرە حزبی نیمچە سەرۆکایەتییە، کۆمیتانگ و دیمۆکرات گەورەترین دوو حزبی (تایوان)ن. دەزگاکانی دەوڵەت شەفاف و دورن لە گەندەڵیی. هاوڵاتیان لە ماف و ئازادیدا یەکسانن، ڕێژەی بێکاریی نزمە، هاوڵاتی تایوانیی بە پێچەوانەی هاوڵاتی چینییەوە، لێبوردەو کراوەو بڕوای تەواویان بەخۆیانە، کۆمەڵگەی تایوانیی بەپێچەوانەی چینەوە، لە هەمو بوارەکانی پێشکەوتندا کامڵن و لە ئاستێکی بەرزی هۆشیاریدان، لە کاتێکدا کەسایەتی چینی شەرمن و سەرکوتکراو و پێشکەوتنیان تەنها لە بواری تەکنۆلۆجیادا کورتکراوەتەوە. تایوانییەکان چیان دەوێت؟ زیاتر لە ٩٠%ی خەڵکی تایوان خۆیان بە نەتەوەیەکی جیاوز دەزانن و پێیانوایە هیچ ڕیشەیەکی مێژویی و نەژادییان بە چینی یەکانەوە نیە، زۆرینەی ڕەهاش داوای سەربەخۆیی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی دەکەن، لە ئێستا دا تەنها پانزە دەوڵەتی بچوك و بێکاریگەر دانیان بە سەربەخۆیی تایوان دا ناوە. ئەمریکا چی لە تایوان دەوێت؟ زیاتر لە ٤٠ ساڵە ئەمریکا پابەندە بە دەستەواژەی یەك چین، واتە تایوان بەشێکە لە چین بەڵام بەو ئۆتۆنۆمییە یان ئەم قەوارەی ئێستایەوە کە چین دەست بۆ سیستەمی تەکنۆلۆجیاو ئابوری شەفافی تایوان نەبات، دیمۆکراسی و فرە حزبی لە تایوان نە ڕوخێنێت و ئازادی خەڵکی تایوان لە قاڵب نەدات. ئەمریکا دژی بەزۆرەملێ لکاندنی تایوانە بە چینەوە، هەر پەلامارێکی سەربازیی چین بۆ سەر تایوان ڕەتدەکاتەوە و کاردانەوەی دەبێت. لەلایەکی ترەوە داگیرکردنی تایوان لەلایەن چینەوە، دەبێتە هۆی کۆتایی هێنان بە کۆمپانیای مایکرۆچیپی تایوان کە دوور نیە زۆرینەی تەکنۆلۆجیای سەر زەوی لە مۆبایلی دەستییەوە هەتا فڕۆکە سەربازیی و مەدەنییەکان دوچاری کێشە بکاتەوە. هەرچەندە دەسەڵاتدارانی چین بە نافەرمی ئاماژە بە دۆخێکی تایبەت دەکەن لە تایوان، بەڵام ئامانجی دەوڵەتی چین کۆتایی هێنانە بە کۆی سیستەمی سیاسی ئێستای تایوان بە شێوازی کارکردنی دامەزراوە ئابوری و زانستییەکانیشەوە. حکومەتی چین بە ئاشکرا دەڵێ، دەبێ تەواوی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی تایوان هەڵبوەشێنەوە، لەڕووی سیاسییەوە چین بڕوای بە شتێك نیە بەناوی هەڵبژاردن و فرەحزبیەوە، هەروەها دەبێت تەکنۆلۆجیای پاك و بە متمانەی تایوان لە ناو تەکنۆلۆجیای ناڕۆشنی چین دا بتوێنەوە کە لەسەر بنەمای کۆپیکردن و کواڵێتی نزم دامەزراوە. توانای سەربازی چین لە چەندایەتیدا یان لە ڕووی ژمارەوە لەگەڵ تایوان بەروارد ناکرێت، بەڵام لە ڕوی چۆنایەتییەوە، سیستەمی بەرگری تایوان لە ئاستێکی زۆر بەرزتردایە بەبەراورد لەگەڵ چین، تایوان ٣٠٠ هەزار سەربازی مەشقپێکراوی ئامادەی هەیە، خاوەنی سەدان فڕۆکەی پێشکەوتووی دروستکراوی ئەمریکاو کۆریای باشورە، سەدان سەکۆی موشەکی بەرگری ئاسمانیی و زەمینی و دەریایی هەیە کە بەبێ پاڵپشتی ئەمریکاش، دەتوانێ بەرگری گەورە بکات، ئیرادەو مۆراڵی تایوانییەکان زۆر بەرزەو دەڵێن دەمرین بەڵام تەسلیمی چین نابین، لەبەرئەوە چین ئامادەی ئەو شەڕە نیە کە پێشبینی دەکرێت قوربانییەکانی بگاتە چەندین ملیۆن ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر ئەمریکا بێدەنگیی هەڵبژێرێت. بەڵام هەرکاردانەوەیەك یان هەر پشتیوانییەکی سەربازی ئەمریکا بۆ تایوان، کارەساتێکی زۆر گەورەتری لێدەکەوێتەوە، لە ڕووی ئابوریشەوە ئەمریکا دەتوانێ گەمارۆی چین بدات و سنوری دەریایی لە ژاپۆنەوە تا ئێندۆنیزیا لێ دابخات، چین نایەوێت هەڵەی ١٩٤١ی ژاپۆن دوبارە بکاتەوە چونکە تا ئێستاش زۆرینەی سوتەمەنی چین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە تەنگەی مەلاکای ئێندۆنیزیادا دەگاتە چین کە لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی ئەمریکا دایە!
دڵسۆز حەمە- ئەندازیاری تەلارسازی وێنەیەكی خۆت لە پاڵ بورجی (ئیڤڵ)دا بەسە كە نیشانی بدەیت لە پاریس بویت، وێنەیەك لەپاڵ (قەوسی سەركەوتن) دابنێیت ئەوە دەزانرێت كە لە پاریس بویت لە شەقامی شانزلیزیە، لە مەیدانی شارل دیگول!! لەپاڵ پەیكەرە بەرزو زەبەللاحەكەی (سەركەوتندا) وێنەیەك بگرە دەزانن لە ئەمێركایت، وێنەیەك لە تەنیشتی كەعبەی پیرۆزدا مانای تۆ لە حەجو عەمرەیت لەشاری مەككە، لە سعودیە، وێنەیەك لە تەنیشت (ئەیا سۆفیا) ئاماژەیە تۆ لە ئێستانبوڵیت لە توركیا، وێنەیەك بەسەر (بورجی خەلیفە)دا بڕوانێت مانای تۆ هایت لە دوبەی، وێنە لە پاڵ پەرستگای (ئەنگۆر فات) مانای لە كامبۆدیایت، وێنەی خۆت لەنزیك ئەخانەی ئۆپرایە كە لەسەر شێوەی بەلەمی چارۆكەدار دیزاینكراوە دەزانرێت لە ئوسترالیایت، وێنەیەك لە پاڵ كڵێسای (سەگرادە فامیلیا) دەزانرێت تۆ لە بەرشلۆنەیت لە ئیسپانیا.. هەتا دوایی ئەو تەلارو كاتدراڵو مزگەوتو مەیدانو سەنتەرو پەیكەرو گۆڕستانو تاوەرو تەلارانەی كە بونەتە ناسنامەی وڵاتو كۆمەڵگاو كەلتورو نیشتمانێك. تەلارسازیو هونەری تەلارسازی تەنها ڕەهەندێكی فیزیكی ئەندازەیی نیە، بەتەنها دروستكردنی فەزایەك نیە بۆ ژیانو بەكارهێنانی تایبەتو گشتی، فەزایەك نیە بۆ پاراستنی مرۆڤو بەكارهێنانی بۆ وەزیفە جیاوازەكانی ژیانی گشتی، بەڵكو تەلارسازی هەڵگری ڕەهەندی كەلتوریو ئابوریو مێژووییو فەرهەنگیو ئینسانی زۆر گرنگە، تەلارسازی یەكەمین بەریەككەوتنی غەریبەكانە بەكۆمەڵگایەك، یەكەمین خۆنمایشكردنی فەرهەنگو كەلتورو دۆخی ئینسانی كۆمەڵگاكانە بەڕووی دەرەوە. فۆرمو شێوازە ئەندازەییەكان، ئەستونو قوببەو دیوار منارەكان، هەموو ئەو پێكهاتە فیزیكیو ئەبستراكتانە دەشێت زمانێكی ژیاریو فەرهەنگی تایبەت بێت لە ژینگەو كەلتورو شێوازی بیركردنەوەو شێوازی ژیانی كۆمەڵگایەكی تایبەت، تەلارسازی پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە مرۆڤو قۆناغەكانی گەشەكردنی ژیانی مرۆڤەوە هەیە، بۆیە ئەمیش وەكو هەموو پێدراوێكی فەرهەنگیو ئابوریو ئینسانی بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، هیچ پێدراوێكی فەرهەنگی وەكو تەلارسازی كاردانەوەی ڕاستەوخۆی نیە بۆ گۆڕانی فەرهەنگیو ئابوری كۆمەڵگا، هەربۆیە ئەم هونەرە لە سەرەتاكانی دروستبونی كۆمەڵگای مرۆڤ، لە سەرەتای دۆزینەوەی كشتوكاڵو دروستبوونی تیرەو كۆمەڵگەی بچوكی مرۆڤ، لە سەردەمی پێش مەسیحو پاشان هاتنی ئایینەكان، سەردەمی ڕێنسیانسو قۆناغی شۆڕشی ئابوری، مۆدێرنو پۆست مۆدێرنو هەتا ئێستا كە قسە لەسەر دروستكردنی تەلاری دێجیتاڵو شارو گوندی دیجیتاڵیە، لەهەموو ئەو قۆناغانەدا هونەری تەلارسازی بەر گۆڕانەكانی سەردەمی خۆی كەوتووەو وەڵامی بە پێداویستییە ئینسانیو ئابوریو فەرهەنگیو فیزیكییەكانی سەردەمەكەی خۆی داوەتەوە. تەلارسازی ئەگەر لەسادەترین مانادا، دیزاینكردنی فەزایەك كە وەزیفەی ماڵو شوێنی ژیان ببینێت لە ئاستی تاكو خێزاندا، ئەوا لە ئاستی گشتی كۆمەڵگاو لەئاستی فەرهەنگو كەلتورەكاندا ڕۆڵیكی سیاسیو فەرهەنگیو ئابوریو تەندروستیو ژینگەیی گرنگ دەبینێت لە فۆرمۆلەكردنی خۆشگوزەرانیو ئاوەدانیو سەلامەتیو فەراهەمكردنی ژینگەیەكی فیزیكیو ئینسانی، هەمان كات فەزایەكی گشتی بۆ پێكەوە ژیانو پیادەكردنی فەرهەنگی كۆمەڵگا. هونەری تەلارسازی وەكو هەموو زانستەكانی تر لەگەڵ گۆڕانە ئابوریو زانستیو ژینگەییو كۆمەڵایەتییەكاندا گۆڕانی بەسەردا دێت، چەمكی نوێ، بەشی نوێو تێڕوانینی نوێ بەرهەم دێنێت، چی وەكو دیزاین، چی وەكو تێگەیشتن بۆ چەمكی شارو كۆمەڵگاو گەشەكردنو بیناكردنو خێزانو پێكەوەژیان. یەكێك لە بەشە هەرە گرنگو فراوانەكانی زانستی تەلارسازی، نەخشەسازی شارەكانە، شار وەكو پێدراوێكی ئاركۆلۆژیو ئابوریو كۆمەڵایەتیو مێژووییو ئینسانی، شار وەكو جێگایەك بۆ كۆبونەوەو پێكەوەژیانی كۆمەڵێك هاوشاری بەجیاوازی فەرهەنگو كەلتورو ئایینو شێوازی ژیانەوە، بەجیاوازی ئاستی ئابوریو كۆمەڵایەتی مرۆڤەكانەوە، لە دۆخێكی تەناهیو هارمۆنیو پێكەوەژیانو لێبوردەییدا، شارەكانیش جگە لەشێوازو هەڵكەوتەی تۆپۆگرافی (هێشویی، هێڵی ڕاست، بازنەیی، سەنتەر و دەوروبەرەكەی ..)و سروشتی ژینگە سروشتییەكەی، چەند فاكتەرێكی تر هەیە كە ناسنامەی شار فۆرمۆلە دەكەنو دواجار هونەری تەلارسازیو شێوازی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە ڕەنگدانەوەی ئەو ناسنامە تایبەتە بەرجەستە دەكاتو بەهێزتری دەكات، دەشێت شارەكان گەشتوگوزاری، ڕۆشنبیری، ئایینی، شاری ئابوری، سیاسی، یان چەند دانەیەك لەم ڕەهەندانە لەشارێكدا كۆببێتەوە، ئەنقەرە پایتەختی توركیایە، بەڵام ئێستانبوڵ پایتەختی فەرهەنگیو گەشتوگوزاریو ناسنامەی كەلتوری توركیایە، ئەمستەردام پایتەختی ئابوریو فەرهەنگیو ڕەمزی هۆڵەندایە، بەڵام لاهای پایتەختی سیاسییە. نەخشەسازی شارەكان، گرنگی دەدات بە فەراهەمكردنی گونجاوترین شێوازی بەكارهێنانی زەوی بۆ مەبەستە جیاوازەكانی نیشتەجێبون، خزمەتگوزاری گشتییەكان (فەرمانگە، نەخۆشخانە، قوتابخانە، ڕێگاوبان، باخچەو سەوزاییو ناوچەی كراوە ...هتد). ماستەرپلانی شارەكان لەسەر بنەمای زانستی ئاماری دانیشتوان، ڕێژەو ئاستی گەشەكردنی ساڵانەی دانیشتوان، دۆخی ئابوریو ستراتیژی ئابوری دەوڵەت لەو شارەدا هەروەها ئەگەری فەرامكردنی خزمەتگوزاریو ڕێژەی بەكارهێنانی زەوی، بەرچاوگرتنی ستانداردە جیهانییەكانی ژینگەپارێزیو فەراهەمكردنی ژینگەیەكی تەندروستو سەلامەت بۆ دانیشتوان، دیزاین دەكرێت. بەپێی ستانداردە جیهانییەكان تەنها 42٪تا 45٪ لەشارەكاندا بۆ نیشتەجێبون تەرخان دەكرێت، دیدو بۆچونی جیاواز هەیە لەسەر شێوازی بەكارهێنانی زەویو بەرچاوگرتنی ژینگەو هەمان كات فەراهەمكردنی شوێنی نیشتەجێبون بۆ هەموو تاكێك، تەلارسازی بەناوبانگی ئەمێركا (فرانك لوید ڕایت)، لایەنگری دروستكردنی باڵاخانەی بەرز و هەوربڕەكان بوو هەتا زۆرترین پانتایی سەوزی لە سروشتدا بمێنێتەوەو كەمترین بینا لەسەر زەوی دروست بكرێت ! دابینكردنی خزمەتگوزاریو ئامڕازەكانی خۆشگوزەرانیو حەوانەوە بۆ هاوڵاتیانو بەستنەوەی گەڕەكەكە جیاوازەكان بە خزمەتگوزاریەكانو بەیەكترەوە لە ڕێگای تۆڕی هاتوچۆی ئاسانو سەلامەتو بەردەست، تۆڕەكانی هاتوچۆ یەكێكن لەهەرە گرنگترین فاكتەرەكانی بوژانەوەو گەشەكردنی ئابوریو خۆشگوزەرانی لە شارەكاندا، دەستەبەركردنی هێڵی هاتوچۆ یەكێكە لەو فاكتەرانەی كە قەرەباڵغی شارەكان كەمدەكەنەوە، دەتوانرێت چالاكیو خزمەتگوزارییەكانیش دابەش بكرێن بە قورنەی جیاوازی شار. ئەگەرچی تەلارسازیو نەخشەسازی شارەكان وەكو هەموو بوارەكانی تری ژیان، وەكو هەر یەك لە زانستەكان بەر ئەو گۆڕانكاریە خێراكان، بەر كرانەوەی كەلتورەكانو بەر جیهانگیری دەكەوێت، بەڵام هێشتا هەر شارێك پابەندە بە كەشوهەوای جوگرافیو سروشتی تۆپۆگرافیو دۆخی ئابوریو فەرهەنگیو كۆمەڵایەتی خۆیەوەو لە جێكەوتەی جوگرافیو فەرهەنگیو ئابوری خۆیدا دەتوانێت ناسنامەی خۆی پارێزگاری لێبكات. ناپۆڵی شارێكی ئیتالییە، سان تۆرینی دورگەیەكی یۆنانییە، بەڵام دوبەی شارێكی جیهانییە، شارێكە ناكرێت ڕەنگدانەوەی فەرهەنگو كەلتورو شێوازی ژیانێكی تایبەت بێت بە ناسنامەیەكی تایبەتەوە بەڵكو شارێكە بە ناسنامەیەكی جیهانی، گوزارشت لە جیهان دەكات لەسەر زەمینێكی عەرەبیدا ! شارەكانیش وەكو مرۆڤو مێژوو و یادەوەریان هەیە، مرۆڤی بێ مێژوو، مرۆڤێكی بێئەسڵو فەسڵە، بێ ڕەگوڕیشەیە، ڕۆحێكی شپرزەو بێمتمانەیە، دەستگرتن بە یادەوەری شارەكانەوە، بە میراتی ئاركۆلۆژیو میعماری شارەكانەوە، بەو دیوارو بەردو خانوو تەلارو شەقامو پێدراوە فیزیكیانەوە كە مێژوو و یادەوەری شارێكو كۆمەڵگایەك دەگێڕنەوە یەكێكە لە ئەركە ئەخلاقیو مێژوییو ئیدارییەكانی دەسەڵاتی شار، یەكێكە لەو خاڵانەی كە لە ماستەرپلانو نەخشەسازی شارەكاندا دەبێت زۆر بە گرنگییەوە لە بەرچاو بگیرێتو پارێزگاری لێبكرێتو دەشێت ئەم میراتییە كەلتوریانە ببنە سەرچاوەیەكی ئابوریو فەرهەنگی ڕاكێشان بۆ شارەكە، ئەوەی لە شارەكانی ئێمەدا ڕودەدات، خۆكوژییەكی فەرهەنگیو گەندەڵیو پاشاگەردانیو بێباكی مرۆڤی كوردە بە دەسەڵاتو كۆمەڵگاوە، جێگای نیگەرانییە ! بەدرێژایی ئەم ساڵانەی ئاوەدانیو ئەو ملیارەها دۆلارەی ڕژاوەتە كەرتی بیناسازیو ئاوەدانكردنەوەی شارەكانەوە، دەتوانم بڵێم بەرەنجامی دیدێكی ستراتیژیو زانستیو ئابوریو تەنانەت ئەخلاقیشی نەبووەو نیەو ئامانج تەنها كەڵەكەكردنی پارەی خەیاڵیە بە ئاسانترین، تاوانێكی مێژویی گەورەیە دەرهەق بە ژینگەو بە پاشەڕۆژی نەوەكانی داهاتوو. زەوی لە نەوتو گاز زیاتر ڕەهەندی نیشتمانیو نەتەوەییو ئابوری خەتەرناكی هەیە لەسەر پاشەڕۆژی كۆمەڵگا، كە پێناچێت دەسەڵات دەركی بەم ڕاستییە كردبێت !
نەوزادی موهەندیس • ئەم عێراقەی ئێستا كاتێك لەساڵی 1921وە دامەزرا لەلایەن دەوڵەتی ئینگلیزی داگیركەری ئەوكاتە و دەستڕۆیشتوی ئێستاشەوە وەك بڵێیت بەهەڵە دەستیپێكرد و هەر ئەم هەڵەیەشە كە تاكو ئێستا بەردەوامە و ئەم وڵاتەی كەناویلێنرا عێراق لە دەوامە و بازنەیەكی بۆشی مێژوویدا دەسوڕێتەوە و ناتوانێت هەنگاوێك بەرەو پێشەوە بنێت،بەهۆی لەلایەك دەستتێوەردانی دەرەكی ناوچەیی و دونیایی و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی ململانێ نەبڕاوە و ناڕەوا ناوخۆییەكانی نێوان نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكانیەوە بەدرێژایی ئەم 100ساڵەی ڕابووردوو.بۆیە تائێستاش هیچ دەیە ساڵێك نەبوە كە جەنگێكی خوێناوی ماڵوێرانیكەر یان كودەتای سەربازی بەناوی شۆڕشەوە یەخەی گەلانی عێراق نەگرێت و بە خوێناویترین شێوازیش حومكڕانی نەكەن. • ئەوەتا عێراق سەرەڕای دەوڵەمەندی لە سەروەت و سامانە سروشتی و مرۆییەكانی كەچی هێشتا لەڕیزی وڵاتانی هەژار و تازەگەشەكردوودایە كە لانی كەم دەبوایە ئێستا یەكێك بوایە لەوڵاتانی پیشەسازی ناوچەیی و جیهانی وەكو توركیا و ئێران ،بەهۆی زەنگینی لەنەوت و غازی سروشتی وەكو دوو سەرچاوەی گرنگی وزە و خاك و ئاوی بەپیتیەوە.بەڵام بەهۆی سیاسەت و سەركردە سیاسیەكانیەوە و جۆری حومكڕانیە تاكڕەو و خۆسەپێنە ئاینی و مەزهەبیەكانەوە بۆتە یەكێك لە هەژارترین و بێكارترین و گەندەڵترین وڵاتی ئەم سەردەمە. • لەماوەی ئەم 100 ساڵەی ڕابووردوودا و هەر لەسەرەتاوە عێراق بەو هەموو نەتەوە و ئاین و مەزهەبە جیاوازانەوە نەیانتوانیوە كە حوكمڕانی خۆیان بكەن،ئەوەتا نە پادشاكانی خەڵكی ئەم وڵاتە بوون و نە كاربەدەستە دەستڕۆیشتوەكانیشی خەڵكی عێراق بوون، بەڵكو هەموانیان لەدەرەوەی سنورەكانی عێراقەوە هاتوون و هەژموون و دەسەڵاتی خۆیان بەكارهێناوە بەباش و خراپ حوكمڕانی ئەم گەل و وڵاتەیان كردوە . ئەوەتا هەر لەسەرەتاوە عێراق لەلایەن خاتونێكەوە براوە بەڕێوە یان نەخشەدانەر و هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانی بوە و ڕۆڵی گەورەی هەبوە لەدامەزراندنی ئەم دەوڵەتە و دواتریش دروستكردنی دامودەزگای دەستوری و یاسایی و حوكڕانیەكانی دروستكردوون كە تائێستاش باسو خواسی زۆری دەربارەی دەكرێت و مشتومڕی گەرمی لەسەرە.ئەویش خاتوو ((گێر ترود بێڵ))ی بەریتانیە 1868-1926 وەك لێكۆڵەر و گەڕیدە و زانای شوێنەوارناسی و شاخەوان هاتۆتە عێراق لەساڵی 1914وە لەگەڵ دەستپێكی جەنگی جیهانی یەكەمەوە و دواتر وەك ڕاوێژكاری مەندوبی سامی بەریتانی سێر بێرسی كوكس كاری كردوە لەساڵانی بیستەكانی سەدەی بیستدا و ڕۆڵی بەرچاوی هەبوە لەدوای جەنگەكەوە لە عێراقدا و بەڕادەیەك لای عێراقیەكان بە ((خاتوون)) ناوی براوە و زۆرێكیش وەك جاسوسێكی بەریتانی لێیان ڕوانیوە.ئەو خاتوونە ڕۆڵ و كاریگەری گەورەی هەبوە لەسەر سیاسەت و پلان و بڕیارەكانی بەریتانیای عوزمای ئەوكاتە و لەسەر داڕشتنی سیاسەت بۆ ئایندەی عێراق لەناوچەكەدا.ئەم خاتونە پێشنیازی دامەزراندنی مەجلیسی تەئسیسی دەوڵەتی عێراقی كردوە((پەڕلەمان)) بۆئەوەی شا فەیسەڵ بێنن و بیكەنە مەلیكی عێراق.بۆخۆشی وەك زانایەكی شوێنەوار ناس ڕۆڵی گەورەی هەبوە لە دامەزراندنی ((مۆزەخانەی عێراقی)) كەتاكو ئێستاش هەرماوە.ئەم خاتونە هەرچەندە ڕۆڵی نێگەتیفی هەبوە بەرامبەر كورد و دەسەڵات و حوكمڕانی مەلیك مەحمود و ڕێگریش بوە لە دامەزراندنی حوكمڕانیەكی كوردی لەم هەرێمی كوردستانەدا و گەلێك كێشەی بۆ دەسەڵات و حوكمڕانیەكەی مەلیك مەحمود دروستكردوە.بەڵام لە مێژووی عێراقدا ناو و ناونیشانێكی گەورە و دیارە و كەس ناتوانێت پشتگوێی بخات.ئەم خاتونە هەر لەعێراقدا كۆچی دوایی كردوە و لە گۆڕستانی باب المعڤم لەناوەڕاستی شاری بەغداد نێژراوە و ڕێوڕسمی بەخاكسپاردن و ناشتن و پرسەكەی زۆر شكۆمەندانە بوە و تەنانەت مەلیك فەیسەڵ بۆخۆی بەشداری تیادا كردوە. • وەك بڵێی مێژوو خۆی دووپات دەكاتەوە،ئەوەتا دوای 100ساڵی ڕێك خاتونێكی بیانی تر هاتۆتە عێراق و بەچالاكی و كار و كردەوەكانی و جموجۆڵ و چالاكیەكانی سەرنجی هەموانی بۆلای خۆی ڕاكێشاوە و وەك مسز بێڵ بۆتە ناوێك و كارەكتەرێكی سەرەكی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا و هەموان بەسەركردە سیاسی و حوكمڕانیەكانەوە لە بەغداد و هەرێمی كوردستانیش گوێی بۆدەگرن و ئامادەی كۆبونەوەكانی دەبن و پرس و ڕاوێژیشی پێدەكەن.ئەو خاتونەش مسز((جەنین هێنیس بلاسخارت))ی تەمەن 49 ساڵی هۆڵەندەیە كە لەدایكبووی 7/4/1973 و خێزاندارە لەساڵی 2003وە و لەژیانی سیاسی خۆیدا گەلێك پلە و پۆستی باڵای وەرگرتوە لەهۆڵەندا وەك ئەندامی پەڕلەمانی هۆڵەندا لە ساڵانی 2010-2012 و2017-2018 و وەزیری بەرگریش بوە لە 2012-2017 كەسەر بەحیزبی گەل لەپێناو ئازادی و دیموكراسیدایە و پێشتریش بۆتە ئەندامی پەڕلەمانی ئەوروپا لەساڵانی 2004-2009 و 2009-2010 و لەساڵی 2018شەوە لەلایەن ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە ئەنتۆنیۆ گوانتێرێسەوە دیاریكراوە بەنوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق. لە ئێستادا ئەم خاتونە ڕۆڵی گەورەو بەرچاو دەگێڕێت لەپێناو چارەسەركردن و كەمكردنەوەی كێشە و گرفتە سیاسیەكان و ململانێ ناوخۆییەكانی عێراق و ڕۆژ نیە سەردانی سەركردە و لایەنێك نەكات و وەك دەڵێن قاچێكی لەهەرێمی كوردستانە و قاچەكەی تری لە بەغدادە و لەنێوان هەردوولادا هاتوچۆی گەرموگوڕ دەكات بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی ناكۆكی و گرفت و كێشە قورسەكانی نێوانیان و تاڕادەكیەكی باشیش سەركەوتوو بوە. لەناو عێراق خۆشیدا هاتوچۆی مەكوكی دەكات لە نێوان هەموواندا هەر لە مەرجەعە باڵاكانی شیعەوە لەنەجەف و سەركردە سیاسەیەكان لە حەنانە و بەغداد و وەك دەڵێن بۆتە داشە هارەی یاری و گەمە سیاسیە نەبڕاوەكانی عێراق. لەنێوان عێراق و وڵاتانی ناوچەكەشدا كە كاریگەری و دەستێوەردانیان هەیە لە عێراقدا لە ئێران و توركیا و كەنداویەكاندا بەبەردەەوام سەردانی مەكوكی دەكات بۆ كەمكردنەوەی هەژموون و كاریگەریان لەسەر عێراق و عێراقیەكان. • ئاشكرایە ئەوەی لەسەر كاری نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان یان تەواوی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان زانراوە كە هیچ كێشە و گرفتێكی دونیایی چارەسەرنەكردوە و هەمیشە لەپێناو پاراستن و چەسپاندنی ئاشتیدا كاتی زۆری خایاندوە و لەبەرئەوەی بڕیارەكانیشی مولزەم نین زۆرجاران بەگوێشیان نەكردوە.بەڵام بەهەق ئەم خاتونە هۆڵەندیە لەماوەی 2018وە تاكو ئێستا بە كار و چالاكیە بەردەوام و بەرچاوەكانی، خۆی كردۆتە كاراكتەرێكی دیاری سەر شانۆی سیاسی عێراق و لەكاتی تەنگژە و گرفتەكاندا سەردانی هەموان دەكات و دۆخەكان هێوردەكاتەوە و پێشنیاز و ڕای گونجاویش پێشكەش دەكات و بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و بوێرانەش هەموان بەزمانی دایك ((كوردی و عەرەبی)) ئاگاداردەكاتەوە لەمەترسیەكان و ئاڵنگاریەكانی ئێستا و ئایندە بۆسەر عێراق و هەرێمی كوردستان لەسایەی گۆڕانكاری و ململانێ سیاسیەكانی ناوچەكە و دونیاشەوە. • بەم شێوەیە عێراق بە كوردستانیشەوە،لەئێستادا و دوای 100ساڵ خاتونێكی بیانی هاوشێوەی مسز بێڵی بەریتانی كاروبارەكانی بەڕێوەدەبرێت و ڕۆڵی گەورە دەگێڕێت. خۆشبەختانەش ئەم خاتونە بەپێچەوانەی مسز بێڵەوە نێوان و پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ كورد زۆر باشە و حەزدەكات ئەم ئەزمون و حوكمڕانیە درێژە و بەردەوامی هەبێت بەوەی كە حوكمڕانیەكی ساغڵەم و تەندروستی دیموكراسی و پڕاوپڕ لە ئازادیەكان و دادپەروەری بێت دوور لەگەندەڵی و ململانێی ناڕەوا و هەمیشە ئامۆژگاری هەموان دەكات بۆكەمكردنەوەی كێشەكان و چارەسەركردنیان لەنێوخۆیاندا و پاراستنی هەموو ئەو دەسكەوتانە وەدەستهاتوون و دووربكەونەوە لەمملانێ ناوخۆییەكان . بۆیە بەهەق ئەم خاتونە بۆتە كاراكتەرێكی دیاری ئەم قۆناغە هەرچەندە وەك مسز بێڵ نمایندەی گەورەترین وڵاتی سەردەمیش ناكات و پاڵپشت و پشتیوانی بەهێزیشی نیە وەكو ئەو.بەڵام بەكاروكردەوەكانی خۆی كردۆتە خاتونێكی دیار و گەشاوەی عێراق.بەهیوای ئەوەی دوای 100ساڵ لەسەر دەستی ئەم خاتونەدا عێراقێكی نوێ و كۆمارێكی نوێی ئازادی و دیموكراتی و هاوڵاتیبوون بچەسپێنرێت و عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە گەشە و ئاوەدانی بەخۆوە ببینێت و چیتر ڕووباری خوێن و فرمێسكی 100ساڵەی ڕابووردوو بەردەوام نەبێت.و هەموان لەو گێژاوە نەبڕاوەیە و لەو هەڵە سیاسیەی سەرەتا ڕزگاریان ببێت.
جەعفەر عەلی کۆمەڵگەی ئێمە پڕیەتی لە وەهم، وەهمی دینی، وەهمی سیاسی و حیزبی، وەهمی ئاغای گەورە، شێخی پیرۆز، باوکی ڕۆحی، سەرکردەی فریادڕەس و بێهاوتا. وەهم جگە لەوەی بەشێکی گرنگ لە ژیانی ئینسانی ئێمەی داپۆشیوە، هەندێجاریش مرۆڤ بە ڕۆچوون لە ناو وەهمەکانیدا خۆی لێدەگۆڕێ بە سوکرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ، هەندێکی دی، چ لە ناو سیاسییەکان، چ لە ناو ڕۆشنبیران و نووسەراندا، وەهم توشی ئیگۆیەکی کوشندەی کردوون و پێیانوایە لە بەرزیدا جێگەیان گرتووە و سەیرکردنیان بۆ دامێن وەک خڵتەی کۆمەڵگە نەبێت هیچی دیکە نییە. وەهم بریتی نییە لە خەیاڵ، وەهم ماسکێکی ساختەی حەقیقەت و ئەنجامەکەیشی هەمیشە نائومێدکەرە، هەرچی خەیاڵە لە ڕێی بیرکردنەوە و ڕامانەوە، دەشێ بەرەو داهێنان و قوڵبوونەوە لە دونیای نوێ و سەرکەوتنمان بەرێت. وەهم سەرابێکە پەیوەندییەکی گرنگی بە واقیعەوە نییە، هەر خەون و خەیاڵێکیش لەسەر وەهم هەڵبچنرێت، جگە لە بەخشینی دەستکەوت و ئومێدی وەهمی، هیچی دیکەی لێسەوز نابێت. وەهم کۆی ئەو بینین و بیرۆکە و خورافاتانەیە، کە مرۆڤ بەبێ هیچ بنەمایەکی واقیعی، لۆژیکی، عەقڵی و زانستی، باوەڕ بە ڕاستیبوونیان دێنێت. کێشەی وەهم ئەوەیە، توانای بینینی دیوی دووەمی جیهانی نییە، هەوڵدەدات تەنیا یەک دیو و یەک ڕووی جیهانمان پێشانبدات، جیهانێک کە دەیخوازین، دەمانەوێت و دڵخوازی خۆمانە. یەکێک لە ترسناکترین جۆرەکانی وەهم، وەهمی سیاسییە. وەهمی سیاسی، بریتییە لەوەی گروپێک لە خەڵک پێیانوایە، بەبێ گەڕانەوە بۆ واقیع و مەرجە بابەتییەکان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەها مرۆییەکان، هێزی ئەوەیان دەبێت واقیع لەسەر بنەمای ئارەزوو و خواستی خۆیان، یان بەگوێرەی هۆشیاری ساختەی خۆیان بە مێژوو، دروستبکەنەوە. لە دوای ڕاپەڕینەوە بۆ ئێستا، دەتوانین دەیان نموونەی ناو کایەی سیاسی و ڕۆشنبیری، بەشی هەرە گەورەی ئەو یادداشتە سیاسییانەش بهێنینەوە، کە لە ناو ڕووبەرێکی بەرینی دۆزەخی و ناشیریندا، سەرڕێژن لە وەهمی دروستکردنی مرۆڤی پاک، ئاشتیخواز، نیشتیمانی و فریشتەیی. گرفتی سەرەکی کەسانی ئاڵوودە بە وەهم، دابڕانە لە بیرکردنەوە و خەیاڵ، بیرنەکردنەوە و بێ خەیاڵیش مرۆڤ بەرەو بەرگری لە بەردەوامێتی وەهم و درێژەدان بە ژیان لە ناو وەهمدا دەبات. وەهمی مرۆڤی ئێمە بابەتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی سادە و ئاسایی نییە، وەهمێکە لە سەردەمی جیاواز و لە سیاقی کۆمەڵایەتی جیاوازدا بە زمانێکی تازەترەوە دێت و گوتارێکی دیکەی ئیگۆسازی پێشکەش دەکاتەوە. وەهمی ئێمە لە هیچ سەرچاوەیەکی راستەقینەی بوونەوە سەرچاوەی نەگرتووە، وەهمێکە لە نەبوون و بەتاڵییەوە هاتووە، لە خەیاڵێکی ئیگۆساز و مێشکێکی بەتاڵ و پوچەوە خۆی لێبووە بە بوونێکی ڕاستەقینە. لەم سەرزەمینی وەهم و خەیاڵە شێواوەدا، مرۆڤی نائاگا بە سیاسەت و زانستی سیاسی، مرۆڤی ناهۆشیار بە ململانێ و دۆخی کۆمەڵایەتی، خۆی لێدەگۆڕێت بە مەکیاڤیللی و رۆسۆ و کیسنجەر، کۆلکە خوێندەواریش خۆی لێدەبێت بە هیگڵ و مارکس و نیتشە، سیاسییە خێڵەکی و پۆپۆلیستەکانیش، هنتگتن و فۆکۆ و گاندی و ماندێلا بە شاگرد ناگرن. ترسناکی عەقڵی مرۆڤی ئێمە بە تەنیا لەوەوە نایەت، کە لە وەهمێکی قوڵدا دەژی، بەڵکو لەوەشەوە دێت کە وەهمی لێگۆڕاوە بە حەقیقەتێک و ژیانی ڕاستەقینە. گوتاری حەماسی و میلیتاریستی حیزب و سەرۆکی حیزب لە شێوەی پسولەی لێخوشبوونی پاپاکانی سەدەکانی ناوەڕاست وەک تێپەڕاندنی دۆزەخ بەرەو بەهەشت دەبینێت. گوتاری ڕۆژانەی بەتاڵ، زبر، بێ ناوەرۆکی سیاسی و قۆڵبادانی یەکدی، لێدەبێت بە پەیام و کارنامەی سیاسی و ستراتیژی پیرۆز، بێئاگا لەوەی بەشێکی گرنگی هاوار هاوار و قڕەقڕ، بە قڕەقڕەکانی ناو دامەزراوەی پەرلەمانیشەوە، بۆ داپۆشین و پینەکردنی بابەتێکی دیکەیە، بابەتێک وەک پاڵنەرێکی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی، لە ناو قوڵایی و ناوەوەی کەسی قڕەقڕکەردا ناچار بە هاوار هاوار و دەنگەدەنگی دەکات، بابەتێک لە نەبوونیدا، جەوهەری بوونە ڕاستەقینەکە، حەقیقەتی بوونە ئەسڵییەکە، بە ڕووتی دەکەوێتە بەر ڕوناکی. لێرەوە بۆ شاردنەوە و داپۆشینی بێهێزی پێگەی کەسی قڕەقڕکەر، پێویستدەکات تەمێکی ئەستور بەسەر ڕووی ڕوناکییەکەدا دروستبکرێت، تەمێک بۆ ئەوەی ڕوناکییەکە لێڵ و تەماوی بکات و گروپە کۆمەڵایەتییە سادەکان هێزی بینینی جەوهەر و ناوەرۆکی کەسی قسەکەر لە دەست بدەن، چونکە هەموو ئەوانەی هاوار هاوار و قڕەقڕیان وەک بنەما و پرەنسیپ وەرگرتووە، لە ڕێی سادەگۆیی و شۆڕبوونەوە بۆ ناو عەقڵی عەوام نەبێت، مەترسی سفربوونەوەیان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لەسەر گەورەتر دەبێت. بابەتێک گرنگە بۆ هەمووان ڕوون بێت، دەنگەدەنگی بێ فیکر، هاوار هاواری پۆپۆلیستانە، قڕەقڕی بێ مەعریفەی سیاسی و مێژوویی، لە هیچ پنتێکییەوە نامانباتەوە ناو دونیای گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و تێپەڕاندنی دۆخی باو، لە هیچ شوێنێکی دونیاشدا هاوار هاواری بێ زانیاری و بەتاڵی مەعریفی، بەرهەمێکی گرنگی بۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و بەرینکردنەوەی ئازادی و مافی ئینسان نەهێناوە. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی نەخۆش لە ڕێی بێدادی کۆمەڵایەتی، بێبەهاکردنی پیرۆزییەکانی نیشتیمان، گەورەترکردنەوەی ڕووبەرەکانی گەندەڵی و سەپاندنی هەژموون بەسەر کۆی کایە جیاوازەکانی ژیاندا، زەبری کوشندە لە کۆمەڵگە، بەهای مرۆیی و نەتەوەیی دەدات، ئەوا ئۆپۆزیسیۆنی قڕەقڕکەر، بێ فیکر و خەیاڵیش دیوی دووەمی هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکە تەواو دەکات، لە شێواندن و هەڵوەشاندنەوەی مرۆڤ و خراپ بەکارهێنانی بێزاری و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتیدا، لە ڕووی ستراتیژی سیاسی و نەتەوەییەوە، کۆمەڵگە بەرەو وێرانەیەکی دی و فۆرمێکی دیکە لە نائومێدی و هەڵوەشان دەگوازێتەوە. کاتێک سەرۆکی حیزب قسە دەکات، بەیاننامە دەردەکات، ڕێنمایی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئیداری بڵاودەکاتەوە، لەو کاتەدا سەرۆک هەر خۆی لە وەهمی گەورە و ئیگۆی قوڵی خۆیدا ناژی، بەڵکو مێگەلیش بە باوەشێکی تەواو کراوەوە پێشوازی لە وەهمی سەرۆکی پیرۆز دەکات، لە ملکەچی و خۆونکردندا دەچێتەوە ناو هەمان وەهم و، بێ ئەوەی بیربکاتەوە لە ناو ڕووبەرەکانی وەهمی باڵادا وەک مرۆڤێکی بێ ئیرادە و چەماوە دەردەکەوێت، بە مانا وەهمێک لە بڵندییەوە دیالۆگ لەگەڵ ڕووبەرێکی گەورەتری وەهم لە دامێندا دەکات، ئەوەیش وا دەکات وەهمی باڵا بژی و بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنانی وەهمی تازە و شۆڕکردنەوەی بۆ خوارەوە، ڕووبەرە کۆمەڵایەتییە گەورەکەی وەستانەوە لە پشت وەهمی باڵایە. سەرۆک بڕیاردەدات گەندەڵی بنبڕ بکات، گەندەڵکاران سزای سیاسی و یاسایی بدات، بێگومان ئەمانە ئەگەر بکرێن کاری باش و قسەی جوان و جێگەی دەستخۆشین، بەڵام دەزانین دروشمی کۆن و سواون. دوای پەیامەکەی سەرۆک، مێگەلی ئاڵوودە بە وەهمی باڵا بۆ تەنیا یەک چرکەساتیش ئامادەیی تێدا نییە چاوێک بە باڵای خودی سەرۆک، خێزان و بنەماڵەی سەرۆک و دەوروبەریدا بگێڕێت، کەمترین ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە، تەنانەت سەرنجێکی شەرمنانەش لە مرۆڤە رۆبۆتییەکانی چواردەوری مێزی کۆبوونەوەی سەرۆک بدەن و بپرسن: سەرۆکی هێژا، بنبڕکردنی گەندەڵی لە کورسی هەرەباڵای دەوری ئەم مێزە ڕاقییەوە تا دوا کورسی دەوروبەرت دەست پێدەکات، سەرۆک هیچ کەسێک بێ پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئێوە و ئەو دەوروبەرەت، هێزی نە تەنیا سەرپێچی یاسایی و زیادەڕەوی بۆ سەر ژیان و موڵکی گشتی نییە، بەڵکو توانای بیرکردنەوە لە وەها بابەتێکیشی نابێت. سەرۆک، ئیدی جیاوازی نییە، سەرۆک قاتی ئیتاڵی و ریبات دەپۆشێ، یان قاتی کوردی و جامانە، هیچ مەکە، تەنیا بۆ یەکجار بە دەروونێکی ئارام و ویژدانێکی نیشتیمانی زیندووەوە چاوێک بە جەستەی ڕوشاوی خۆت، خێزان و بنەماڵە سیاسییەکەت و چواردەوری مێزەکەتدا بخشێنەوە و وەک وردبینێکی بە پەرۆش بۆ پرسی کۆمەڵگە و نەتەوەکەی، دەستێک بە نێو گیرفان و موڵک و سامانەکانیاندا بگێڕە، بزانە هیچ موچەیەک لە توانایدا دەبێت گیرفانی هێندە قوڵ و موڵک و سامانی هێندە گەورە کۆبکاتەوە، بزانن هیچ کەسێک بە تەنیا موچەیەکی دیاریکراوی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی، وەزیری و پەرلەمانتاری، پارێزگار، سەرۆک شارەوانی، قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و ئاوەدانکردنەوە و هەر پۆستێکی دیکە، دەتوانێت موڵکی هێندە گەورە و سامانی زەبەللاح کۆبکاتەوە. بزانن بە درێژایی مێژوو، هیچ مافیایەک، هێندەی حیزبی کوردی و کاستە سیاسییەکانی، لەسەر حیسابی گیرفانی گشتیدا، گیرفانی تایبەتی خۆیان و خێزانەکانیان پڕ کردووە. سەرۆکەکانی ئێمە پێدەچێ بە هەمان میتۆد و چیرۆکی ئەو مامۆستا ئاینییە کاربکەن، دەڵێن، ڕۆژێک لە مینبەری مزگەوتەوە مامۆستایەکی ئاینی بە حەماسێکی زۆرەوە ئامۆژگاری خەڵک دەکات، ئەوەی دوو نانی هەیە یەکی بکاتە خێر، ئەوەی دوو کراسی هەیە دانەیەکی ببەخشێت... . کاتێک ژنی مەلا گوێی لەم قسانەی هاوسەرەکەی دەبێت، لە هەر شتێکی دوو دانەیی مەلادا، دانەیەکی دەبەخشێت. دوای ئەوەی مامۆستا دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، کاتێک داوای کراسێکی خۆی دەکات، مەلاژن دەڵێت گوێم لە ئامۆژگارییەکانی تۆ بوو مامۆستا، بۆیە لە هەر شتێکی دوو دانەت هەبووبێ، دانەیەکیم بەخشیوە، واتە ئەو کراسەی داوای دەکەیت بەخشیومە. مەلا توڕە دەبێت و دەڵێت؛ ئافرەت خۆ من قسەم بۆ خۆمان نەکردووە، لەگەڵ ماڵی خۆم نەبووە، ئامۆژگاری خەڵکم کردووە و قسەم بۆ ئەوان کردووە. دیارە سیاسییەکانی ئێمەیش بەگوێرەی میتۆدی ئەم مەلایە دەیانەوێت گەندەڵی و دەستدرێژی بۆ سەر موڵک و سامانی گشتی ڕابگرن. سەرۆک، لە هەر ڕەنگێکی، لە هەر دەنگێکی، لە هەر ئاستێکی بەرپرسیارێتیدایت، ئەگەر بڕیارتدا گەندەڵی بنبڕ بکەیت، تکایە موڵک و سامانەکەی خۆت، خێزان، بنەماڵە و مافیاکانی دەوروبەرت بیرنەچێت. دیڤید هیلبرت دەڵێت: "ژیان بەبێ تێپەڕاندن و جێهێشتن بەردەوام نابێت". ئەگەر سەرۆکەکانی ئێمە بڕیارە چاکسازی بکەن و سزای گەندەڵکاران بدەن، بە دڵنیاییەوە کارێکی یاسایی، نیشتیمانی و ئەخلاقی گەورە دەکەن، بەڵام کار و هەنگاوێکی لەم جۆرە بەبێ جێهێشتن و تێپەڕاندنی ئەم گاڵتەجاڕی و وەهمە ناشیرینە نابێت، کە فیگەرە سیاسی و حیزبییەکانی ئێمە (٣٠) ساڵی تەواوە لە پوچێتی ئەم دروشمە وەهمییەدا، دروشمی دژایەتی گەندەڵی و لێپرسینەوە و سزادانی گەندەڵکاران، مێگەلێک بەرەو وەهمی قوڵتر و گەورەتر دەبەن. مێگەلێک وەک نیتشە دەڵێت: "لە ترسی ئەوەی لە ژیانێکی تەواو خاڵی لە هەر مانایەک بژین، دەستیان بە هەندێ مانای بۆشەوە گرتووە".
سیروان حەمەڕەشید سەرەتا گرنگە چەند پرسیارێک لەسەر ڕۆڵ و ئەدای کاری حیزبایەتی بکەین بڵێین .. ئایا لەکوێ و لەکام سیستمی دیموکراسی و خاوەن دامەزراوەی دەستووری و دەوڵەتداریدا هەبووە حیزب هەرچی داهات و سەروەت و سامانی گشتی هەیە دەستی بەسەردا گرت یبێت و بەمنەت و خێری خۆی بەشێکی کەم بداتەوە خەڵک و موچەخۆرەکانی؟ یان ئەوە هەر حیزبە و لەنێو حیزبشدا ئەشخاسی سیاسی خاوەن میلشیا و هێزی چەکداری بن و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لەژێر و فەرمان و کۆنترۆڵی حیزبدا بێت؟ یان ئەندامانی مەکتەب سیاسی و سەرکرداییەتی خۆیان لەسەروی حکومەت و یاساوە ببنێتەوە و دەزگای زانیاری و پاراستنی تایبەت بەخۆیان هەبێت و بۆ ترساندنی خەڵک و نەیارەکانی شەقاوە و چەقۆکێش بەربدەنە گیانی هاوڵاتییەکانی؟ یان لەکوێ دونیادا هەبوو بەرپرسی باڵای سەربازی حیزبی تەعدا و دەستدڕێژی بکاتە سەر زەوی وزاری دەوڵەت و موڵکی گشتی وەک موڵکی تایبەتی و شەخسی مامەڵەی پێوە بکات و تەرکیزی لەسەر ئەو جۆرە بەد ڕەفتارانە بێت؟ ، 30 ساڵە خەڵکی کوردستان گیرۆدە و دەرگیری دەست ئەو فۆڕمە لە کاری حیزبایەتییە...!!!! ئاشکرایە حیزبی سیاسی بەرهەمی ڕۆشنگەری و مۆدێرنە و خەباتی پەرلەمانییە٫ هەڵبەتە ڕەگەز و خەسڵەتەکانی حیزبی سیاسی لەکۆمەڵێک پڕەنسیپ و ڕەگەزی بنەڕەتی پێکهاتووە.. دەپرسین لەکوردستاندا شتێکمان هەیە حیزب بێت و تایبەتمەندییەکانی حیزبی تێدا بێت یان ئەوەی کەهەیە تەنها کەڵتی سیاسیە؟ لێرەدا گرنگە پێناسەی حیزب و کەڵتی سیاسی بکەین بزانن سەرهەڵدانی حیزب سەر بەکام پارادایمە و لەچ ژینگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەدایک بووە؟ ئایا تا ئەم ساتەوەختە لەکوردستاندا بەمانا دروستەکە حیزبی سیاسی ئامادەگی هەیە؟ یان ئەوەی هەیە هیچ نییە جگە لەکەڵتی سیاسی..!!!؟؟ (جەیمس مادیسون) پێناسەی حیزب دەکات و دەڵێت:" بریتیە لەکۆمەڵێک هاوڵاتی چ زۆرینە یان کەمینە، ئامانجێکی هاوبەش ، یان بەرژەوەندی هاوبەش یەکیخستوون لەبەرامبەر مافەکانی هاوڵاتییانی تردا، یان بەرامبەر کۆی بەرژەوەندیییە هەمیشەییەکانی کۆمەڵگە" هەروەها حیزبی سیاسی هەیە لەسەر ڕێباز و بەرنامەیەکی تەکتیکی و ستراتیژی نیشتمانی ئامانجداری دادەمەزرێت و کاری ڕێکخراوەی دەکات.. ئەی کەڵت چییە؟ بریتیە "لەگرووپی بچوکی ئاینی داخراو.." ئایا فۆرم و چەشنی و مۆدیلی ئەحزابی کوردی دەرهاویشتەی کەلەپور و فەزای مۆدێرنە و دیموکراسییە، یان ئەو پارادایمە نزیکەی (100)ساڵێکە خۆی وەک حیزبی کوردی بەیان کردوە؟ لەچ جیهانبینی هەلومەرجێک و لەکام و فەرهەنگ و عەقڵ و مینتەمیتاڵێکەوە هاتۆتەدەرێ؟!!! دەتوانین بڵێین هێشتا لەجڤاتی کوردیدا شتگەلێکمان نەبووە بەمانا دروستەکەی حیزبی سیاسی بێت ، بۆیە لەبۆشایی نەبوونی حیزبی هاوچەرخ و مەدەنیداین، ڕاستە چەند گرووپ و کۆمەڵەیەک هەن لەژێر ناونیشان و فۆڕمی جیادا خۆی ناوناوە حیزب ، بەڵام گەر هەڵسەنگاندنی بابەتیانەیان بۆ بکرێت ئەوا کەم و زۆر پەیوەندی بەکەلتور و فەرهەنگ و چەمکی حیزبەوە نییە ، ئەوە مۆدێلەی لەکوردستاندا پێدەڵێن حیزب وەک پێداویستی و پڕەنسپی سیستمی دیموکراسی و سیاسی تێدا لەدایک نەبووە ، کەواتە دەتوانین بڵێین بەرمەبنای ئەوەش بوو کەسیاسەت بۆ چاکەی گشتی و بەرژەوەندی نیشتیمانی و هاوڵاتییان کاری نەکردوە و هیچ مانا و مەغزایەکی دروستی نەبووە و نییه، حیزب خۆی تەحویل کردوە بەکەڵتی سیاسی .. بۆ ئەوەی کوردستان لەو مۆدیلە ترسناکەی لە کەڵتی سیاسییەوە بگوازرێتەوە بۆ حیزب ، لەو نێوەندا پێویستمان بە زەمینەی دیموکراسی و مەدەنیەتە چ لەسەرئاستی پانتای جڤات و ڕووبەری گشتی و چ لەسەر ئاستی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتی پەرەی پێبدرێت و لەناو کەلتور و عەقڵییەت و پەروەردەیماندا ڕەنگبداتەوە، بۆ ئەوەی کردار و هەنگاوەکانی دیموکراسی و دەوڵەتداری سەڕپێبخرێت ، گرنگە بکەری مەدەنیخواز و دیموکرات لەسەرجەم ئاستەکانی جڤاتی ئێمەدا دروست بکرێت. دواجار تا کوردستان خاوەنی ئەو چشنە لەحیزب بێت ، ئەوا دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەمە ئێستا کەهەیە باشتر نابێت و ناتوانرێت لەکەڵتی سیاسی ببەڕێتەوە بۆ حیزبی هاوچەرح .. ئەوکات تادێت پڕۆسەی سیاسی و حکومداری و کۆی ئازادییەکانی تاک و جڤات و دۆخ و ژیانی خەڵک لەوپەڕی مەترسیدا خۆی دەبینتەوە....
ساڵح ژاژڵەیی لە ئێستادا شاری سلێمانی بە تەنهاو كۆی دەڤەری سەوز بە پێی لێدوانەكانی بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت ، لە لایەن پارتییەوە گەمارۆی خراوەتە سەرو سزادراوە . ئەمە لە كاتێكدایە كە هەردوحیزب دوو لایەنی سەرەكی پێكهاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستانن لە ئێستادا . هۆكاری سەرەكی ئەم ناكۆكیانە مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوو بەرەكی و لێكترازانەی ناو پارتی لە ساڵی 1964 كە دواجار بەرەی جەلالی و مەلایی بەرهەم هێناو ئاگری ئەو دوو بەرەكیە تا ئێستاش بەردەوامە . كاتێكیش یەكێتی نیشتمانی شۆڕشی نوێی دەست پێكردەوە ، جارێكی تریش ناكۆكی و دوژمنایەتی نێوان ئەو دوو بەرەیە دەستی پێكردەوە و هەزران كەس بونە قوربانی و داستانە خوێناویەكەی هەكاری ساڵی 1979 كە بوو بە هۆكاری لەناوچونی نزیكەی 700 پێشمەرگەی یەكێتی بەرهەمی ئەو ناكۆكیە بەدناوە بوو . شەڕی نێوان یەكێتی و پارتی لە ساڵی 1996 و كارەساتی خوێناوی و شومی 31 ئابیش بە هەمان شێوە بەرهەمی ئەو ناكۆكی و لێكترازانەی ساڵی 1964 بوو . ئێستا كە بەناو هەرێمی كوردستان خاوەنی جۆرێك لە سەر بەخۆیی و خاوەنی سەرۆكایەتی هەرێم و پەڕلەمان و حكومەت و دام و دەزگاو هێزی پێشمەرگەیە ، بەڵام لە ڕاستیدا دوو ئیدارەیی تەواوەو دوو حكومەتن لەناو یەك حكومەتدا . بە حوكمی ئەوەی كە پارتی زۆرینەیەو دەتوانین بڵێین بڕیاردەری سەرەكی ناوحكومەتن لە هەمان كاتێشدا ناكۆكیەكانی نێوان ئەو دوو لایەنە هەر بەردەوامە و لە ئێستادا لەو پەڕی خراپیدایە بەتایبەتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بەو هۆیەوە یەكێتی پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی كەزونی سەوزیان پشت گوێ خستوەو بە ئاشكرا سزای دەدەن و لە ئێستادا هیچ پڕۆژەیەكی خزمەت گوزاری لە دەڤەری سەوز ئەنجام نادرێت و موچەی موچەخۆرانی سلێمانی لە كاتی خۆیدا نادرێت و خەستەخانەكان دەرمانیان تێدا نییەو زۆر جار بەنزین نییە بۆ ئەمبوڵانسەكان . ئەوەتا لە هەولێر شەقامی شەستی و سەدی و سەدو بیستی و سەدو پەنجایی هەیە ، بەڵام لە سلێمانی تەنها شەقامی 60 مەتری هەیە ئەویش لە سەردەمی سەدامدا دروست كراوە. ئەوەتا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كۆیە دەستی لە كار كێشایەوە و دەڵێت وەزارەتی تەندروستی وەڵامی داواكاریەكانمان ناداتەوە ، ئەمە لە كاتێكدایە كۆیە لەڕوی ئیداریەوە لەسەر هەولێرە ، بەڵام لە ڕوی سیاسیەوە سەر بە زونی سەوزە . گومانی تێدا نییە پارتیش وەڵامی هەیە بۆ ئەم تۆمەتانەی یەكێتی . بەڵام ئەوەی گرنگە ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە كە سلێمانی و دەڤەری سەوز بونە قوربانی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن . یەكێتی و پارتی ناكۆكی و دوژمنایەتی كۆنیان هەیە بەڵام خانە نشینێك تاوانی چییە 40 ساڵ خزمەتی ئەم وڵاتەی كردوەو موچەی خانە نشینیەكەی 300 هەزار دینارەو لە سەرەی وەرگرتنی موچەدا گیان لە دەست دەدات . لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە هەندێك بابەتی مێژویی زۆر گرنك بدەم كە زۆر گرنگە هەموان بیزانن بە تایبەتی ئەوانەی ئاگاداری ڕابوردو نین . یەكەم : شاری سلێمانی هەموو كوردی باشور قەرزداربارنی چونكەزۆر لە كۆنەوە شاری بەرخودان و خەبات و قوربانیدان بوە . پایتەختی حكومەتەكەی شێخ محمودی نەمر بووە . خاوەنی خۆپیشاندانەكانی حوزەیرانی ڕەشی ساڵی 1930 بوە . خاوەنی ئەو هەموو قوربانیانەی سەردەمی یەعس بوە . سەدام حوسەین شاری سلێمانی بە شارە یاخیەكەو سەری مارەكەی شۆڕشی كوردی دەزانی و دەیگوت ئەگەر سلێمانی بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكرێت ، شۆڕشی كوردیش كۆنتڕۆڵ دەكرێت ، بۆیە هەمیشە سلێمانی لەلایەن بەعسەوە گەمارۆ درابوو . سلێمانی بە شاری شۆڕش و شاری ڕۆشنبیری ناسراوەو لێرەوە كوردایەتی گڕی ساندوە . دووەم :مامجەلال كە دواجار بوو بەسەرۆكی كۆماری عێراق هەر لە ڕێگای ئەم شارەو زونی سەوزەوە پشتیوانی لێكراو دواجار بوو بە كەسێكی سیاسی گەورە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا . خەڵكی ئەم شارە بون كە دوای دوو بەرەكیەكەی ساڵی 1964 گەورەترین پشتیوانیان لێكرد. لە دەست پێكردنەوەی شۆڕشی نوێشدا بەهەمان شێوە گەورەترین پشتیوانی بون و هاوكاری گەورەی بون . مامجەلال كەسێكی زۆر خۆشەویست بوو لە لای خەڵكی سلێمانی و زۆرشانازییان پێوە دەكرد و هەمیشە هاوخەمی بون . كەواتە دەكرێت بڵێین : مامجەلال هەم بە شەخسی وەكو خۆیی و هەم وەكو سەركردەیەكی سیاسی لە قۆناغی خەباتی ڕزگاری نیشتمانیدا زۆر قەرزداری شاری سلێمانی بوەو خەڵكی ئەم شارە زۆریان حەق بەسەریەوە هەبوە . كەواتە خزمەت كردنی شاری سلێمانی بە پلەی یەكەم لەسەر شانی ئەو خۆی بوەو نابێ چاوەڕوانی پارتی بكات لەو زیاتر خزمەتی سلێمانی بكەن . ئەو باجەی ئێستا سلێمانی دەیدات و پشت گوێ خراوە زیاتر هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پشتیوانیە زۆرەی خەڵكی ئەم شارە لە مامجەلال خۆیی و حیزبەكەی لە ساڵی 1964 وە . با بە ویژدانیشەوە قسە بكەین تا مەمجەلال خۆی لە ژیاندا مابوو بارودۆخی سلێمانی زۆر لە ئێستا باشتر بوو ، هەوڵی زۆری داوە خزمەتی ئەم شارە بكات ، بەڵام ئەگەر حسابی ڕابوردوو بكەین هێشتا ئەوەی مامجەلال بۆ ئەم شارەی كردوە ، نە لە ئاستی مێژوی خەباتی ئەم شارەو نە لە ئاستی پشتیوانیەكانی هاوڵاتیانی ئەم شارەو ئەم دەڤەرە بوە بۆ شەخسی مامجەلال خۆی . كەواتە مامجەل هەمیشە قەرزداری سلێمانی بوە و ئەوەی ئێستاش بەرامبەر بە سلێمانی دەكرێت ، هەر بە هۆی مامجەلال و حیزبەكەیەوەبوە . سێیەم : دوای وەفاتی مامجەلال بارودۆخی ناو ڕێزەكانی یەكێتی نیشتمانی گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات . دوای كۆنگرەی چوار یەكێتی كەوتە ژێر دەستی كوڕەكانی مامجەلال و نەوەی ئیبَراهیم ئەحمەد و نەوەی شێخ جەنگی و هەموو سەركردە كۆنەكانی یەكێتی لە ناوەندی بڕیار دوورخرانەوەو یەكێتی چووە قۆناغێكی تازەی مەترسیدارەوە . زۆر لەوەش خرابتر دوای ماوەیەكی كورت لاهوری شێخ جەنگی كە بە هاوسەرۆكی یەكێتی هەڵبژێرا لەگەڵ براكانی لە ناوەندی بڕیار دوورخرانەوە . واتە لاهوری شێخ جەنگی ئێستا لەدەرەوەی یەكێتییە و هیچ دەسەڵاتێكی نەماوە. گومانی تێدا نییە لاهوری شێخ چەنگی بەشی خۆی لایەنگر لەناو یەكێتیدا هەیەو بەردەوام هەوڵی خۆی دەدات و بەو هۆیەوە ڕێزەكانی یەكێتی جۆرێك لە كێشەو گرفت و لێكترازان و ناكۆكی پێوە دیارەو یەكێتی وەكو جاران بە تۆكمەیی نابینرێت و خەڵكیش زۆر ئومێدیان بە یەكێتی نەماوە چونكە پێیان وایە ئەوانەی ئێستا یەكێتی بەڕێوەدەبەن لە ئاستی ڕۆڵ و مێژو و گەورەیی یەكێتیدا نین و ئەوانەی ئێستا لە دوری كوڕەكانی مامجەلال و شانازی ئیبڕاهیم ئەحمەدن كە خۆیان بە خاوەنی یەكێتی دەزانن كەسانێكن عەرەقیان نەكردوەو هاتونە سەر حازری و ئەوەی بیری لێ ناكەنەوە خەڵكی شارەو هەمیشە خەریكی بەدەست هێنانی بەرژەوەندیەكانی خۆیانن لە پاڵ كوڕەكانی مامجەلالدا .. كەواتە لەم قۆناغەی ئێستادا دەبینین هاوكێشەی نێوان یەكێتی و پارتی زۆر گۆڕاوەو تەرازوەكە بەلای پارتیدا كەوتوە . پارتی زۆر بەهێزتر بوەو یەكێتی زۆر لاواز . پارتی بۆتە خاوەن بڕیاری یەكەم و یەكێتی بێدەسەڵات . پارتی هەموو جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵات و بڕیاردانی لەدەستدایە و یەكێتی تەنها بەشداری دەسەڵاتە نەك شەرێك . پارتی كۆی دۆسیەی نەوت و داهاتی نەوتی لایەو یەكێتی دەستی گرتۆتەوە . سنووری زەرد پشكی شێری هەیە لە خزمەت گوزاری وزونی سەوزیش بێ بەش و گەمارۆ دراو . كەواتە دەتونین بڵێن لە ئێستادا زونی سەوز بەگشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتی لە لایەن پارتییەوە پەڕاوێز خراوە. ئەگەر بڵێن ئاساییە كە سلێمانی و زونی سەوز لە لایەن پارتییەوە گەمارۆ دراوە چونكە ئەم دوو حیزبە ناكۆكی و دوژمنایەتی كۆنیان هەیە . ئێستا پارتی فرسەتی بۆ هەڵكەوتوەو دەیەوێت تۆڵەی خۆی هەم لە بناماڵەی تاڵەبانی و یەكێتی هەم لە خەڵكانی سەر بە ئەوان بكاتەوە ، هەرچەندە نەدەبوو ئاوابێت ، بەڵام تا ڕادەیەكیش ئاساییە بۆ ئەو كێشە كۆنانەی كە لەناو ئەم دوو بەرەیەدا . كارەساتە گەورەكە لێرەدایە ئەگەر بۆ پارتی ئاسایی بێت گەمارۆبخاتە سەر شاری سلێمانی و بیەوێت تۆڵەی خۆی لە خەڵك بكاتەوە چونكە هەمیشە پشتیوانی بنەماڵەی تاڵەبانی بون ، بەڵام بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی هەم تاوانەو هەم بێ وەفاییەو هەم خیانەتە كە بەم شێوەیەی ئێستا ڕەفتار لەگەڵ خەڵكی سلێمانی دەكەن و دەیان چەوسێننەوە . دەستیان كردوە بەتەخشان و پەخشانی موڵك و ماڵی گشتی بۆخۆیان و نزیكەكانی خۆیان . لەگەڵاَ ئەوەی باجێكی زۆریان خستۆتە سەر خەڵكی ، بەڵام خۆیان دەستیان گرتوە بەسەر داهاتی گومرگەكان و ناوخۆدا. پارتی هۆكاری دواكەوتنی موچەی بەشێك لە موچە خۆرانی دەڤەری سەوز بۆ ئەوە دەگێرێتەوە كە بە پیی ڕێكەوتنی نێوانیان دەبێ موچەی بەشێك لە موچە خۆران لە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنووریەكانی دەڤەری سەوز خۆی بدرێت . بەڵام یەكێتی بەشێكی زۆری ئەو داهاتانە ناخاتە بانكەكانەوەو بۆخۆیانی دەبەن . لەولاشەوە بافێڵ تاڵەبانی دەڵێت : ئەگەر هیچی تر ئاوا مامەلە لەگەڵ زونی سەوز بكەن ، ئێمە لە حكومەت دەكشێینەوە . بەڵام تا ئێستا ئەوە هەر قسەیەو نە وەڵامێكی قەناعەت پێكراویان هەیە بۆ پارتی و خەڵك كە دەڵێن یەكێتی بەشێك لە داهاتی ناوخۆ بۆ خۆی دەبات و نە لە حكومەتیش دەكشێنەوە . كەواتە زونی سەوز كەوتۆتە نێوان بەرداشی پارتی و یەكێتییەوەو هێواش هێواش بە هەردوكیان خەڵكەكە دەهاڕن لە پێناوی ناكۆكیەكانی خۆیاندا . لە كاتێكدا بەرپرسانی یەكێتی هاوار دەكەن پارتی گەمارۆی خستۆتە سەر دەڤەری سەوز و ئەوەتا پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكیش نادەن و شار بۆگەنی كردوەو دەرمان لە خەستەخانەكاندا نەماوەو شەقامەكان وێران بون و شەقامی كەلار سلێمانی وێرانەو بۆتە شەقامی مەرگ و پارە نییە بۆ تەواو كردنی شەقامی سەدمەتری و بە سەدان پڕۆژە هەیە چەندین سالە بە تەواو نەكراوی ماونەوە لەبەر بێ پارەیی و لە زونی زەردیش خزمەت گوزاری و تەواوكردنی پڕۆژەكان بەردەوامە. لە كاتێكدا سەركردەكانی یەكێتی پارتی تۆمەت بار دەكەن و دەڵێن پارتی گەمارۆی خستۆتە سەر زونی سەوز پارەی بۆ خەرج ناكات مەترسییە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە كە خۆشیان بە هەمان شێوەی پارتی سزای سلێمانی دەدەن . لە پار ساڵەوە بایی 100 ملیۆن دۆلار زەوی لە باشترین شوێنی سلێمانی و لەسەر شەقامی 60 مەتری بە ناوی وەبەر هێناوە لە لایەن خودی بنەماڵەی تاڵەبانی و یەكێتی و نزیكەكانی خۆیان داگیر كراوە . بۆ نمونە لەسەر شەقامی 60 مەتری نێوان هۆتێل تایتانیك و خەستەخانەی هەرێم . لە نێوان گاردن ستی و بەنزینخانەی هەڵگورد ، لە پردی كۆبانی بەرەو هەواری شار هەردوو بەری شەقامەكە داگیر كراوە ، لە لای پەیمانگای وەرزشی سەروی خەستەخانەی ئەنوەر شێَخە ، دوڕیانی سەرچنار و شوێنی مەسڵەحەی كۆن و دەیان شوێنی تر . باشە ئەگەر ئەوانە لە خەمی شاری سلێمانین بۆچی ئەو زەویانە نافرۆشن و بە پارەكەی خزمەت گوزاری بۆ شارەكە پێ ئەنجام نادەن و بە خۆرایی دەیدەن بە نزیكوكانی خۆیان و لەولاشەوە گلەیی لە پارتی دەكەن . دیارە ئەمە بۆ چەواشە كردنی خەڵكی سلێمانییە . بۆ ئەوەیە بڵێن ئەوە ئێمە نین سزای سلێمانی دەدەین ئەوە پارتییە . بەڵام ئێستا هەموو شتێك ئاشكرابوەو چیتر خەڵك بەو بەیت و بالۆرانە ناخەڵە تێنرێت . لە هەموو ئەوانە گاڵتەجاریتر ئەوەیە ماوەی چەند ساڵێكە بە بەردەوامی بەرپرسانی حیزبی و ئاسایش و دژەتیرۆرو پێشمەرگە بە ئارەزوی خۆیان كەوتونەتە داگیر كردن و دەست بەسەراگرتنی موڵك و ماڵی گشتی و تەنانەت هاوڵاتیانیش . بە سەدان دۆنم زەوییان بەش بەش كردوەو فرۆشتویانە بەبی ئاگاداری شارەوانی . دەستیان گرتوە بەسەر شوێنی باخچەو گۆڕەپانی یاری و خزمەت گوزاری تر بێ ئەوەی كەسێك ڕێگریان لی َبكات و پرسینەوەیان لەگەَڵا بكات . تەنانەت چەند كەسێكی دزو مافیا پڕۆژەیەكیان بردبوە شارەوانی سلێمانی كە شوێنی باخی گشتیش بكەنە شوێنی بازرگانی . كاتێك پێیان زانی و و زانییان بۆیان ناچێتەسەر ، لە شارەوانی نەخشەی پڕۆژەكەیان شاردەوە . دوای ئەوەی ئەم تاڵانكاریە هەموو سنوورەكانی تێپەڕاندو خەرێك بوو زەوی نەمێنێت ، دەنگی ناڕەزایی لەلایەن هەندێك دڵسۆز بەرزبۆوەو بەناچاری و لە ترسی خەڵك ، خودی بافێڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی هاتە سەرخەت و بڕیاریدا ڕێگری لەو زیادەڕەویانەبگرێت و هێزی تایبەتی نارد بۆ شارەوانی كە ئەوانەی زیادەەو ڕەویان كردوە بیانگرن و سزایان بدەن . هەرچەندە زۆر درەنگەو دەبوایە زوتر ئەو كارە بكەن ، بەڵام ئێستاش هەر باشەو دەتوانن هەموو ئەو زەویانە بگێڕنەوە بۆ وەزارەتی دارایی و كۆتایی بەم داگیر كاریە بهێنن . بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن بافێڵ تاڵەبانی بەناچاری و لە ژێر گوشاری خەڵكدا ئەو بڕیارەی دا چونكە پێشتریش باش خۆی ئاگاداری ئەو تاڵانیە بوە چونكە هەموو ئەوانەی بەو كارە هەستاون كەسانی حیزبی خاوەن دەسەڵات و پلەوپایە بون وكەس بڕوای بەوە نییە تا ئێستا ئەوەی نەزانیبێت . ئەی باشە بۆ داگیر كردنی ئەو زەویەی دانرابوو بۆ گۆڕەپانی یاری فتبۆَڵێن و پارچە پارچە كردنی و فرۆشتنی بۆچی نەهاتە سەرخەت و قسەی نەكرد . بەڵام یەكێك لە خرابترین تاوان و سوكایەتی بە شاری سلێمانی ئەوەیە كە بڕیار دراوە گەراجی بەغدا لە ناوچەی پیشەسازیەوە بگوێزنەوە بۆ تاسڵوجە . لە هەموو دنیادا محەتەی قیتار و گەراجی پاس و ئوتومبێل بۆ گواستنەوەی خەڵك دەكەوێتە ناوەڕاستی شارەوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی خەڵك بتوانێت هاتوچۆ بكات . ئەگەر چی ئێستاش گەراجی بەغدا دوورە لە ناوەندی شارەوە ، بە چ عەقَل و بە چ مەنتقێك گەراجی بەغدا بگوێزیتەوە بۆ تاسڵوجە . ئەم كارە لە پێناوی دوو كەسدا كراوە . یەكەم ئەوەی شوێنی گەراجەكە دەكاتە پیشانگا و ئەوەی لە تاسڵوجە گەراجەكەی دەكەوێتە گەڕ . ئەگەر ئەمە بەناوی وەبەر هێنانیشەوە كرابێت ، بێ شك ئەوە بە مەبەستی دزی كراوەو ژێر بە ژێر ڕێكەوتنی لەسەر كراوە . سەیر كەن بنەماڵەی تاَڵەبانی كە خۆیان بە خاوەنی یەكێتی و سلێمانیش بە تاپۆی خۆیان دەزانن . ئەو هەموو بەرپرسە حیزبی و حكومیانەی كە سەر بە یەكێتین بە هەمویان بەرژەوەندی شارێكیان خستە ژێر قۆندەرەكانیان لە پێناوی ئەوەی دوو دزوو مافیای سەر بەخۆیان دەوڵەمەند بكەن و لە بەرامبەردا گیرفانی هەزاران هاوڵاتی فەقیر كەم دەرامەت خاڵی بكەنەوە . ئەگەر جاران لە گەراجی بەغداوە كەسێك سەفەری كردبێت بۆ چەمچەماڵ بە 4000 چوار هەزار دینار ، ئەگەر ئێستا لە تاسڵوجەوە ئەو سەفەرە بكات ، دەبێ بەلانی كەمەوە 10 دەهەزار دیناری تر بدات تەكسی ناوشار لە سلێمانییەوە بۆ تاسڵوجەو لە تاسڵوجەوە بۆ ناو شار , واتە سەفەرەكەی بۆ چەمچەماڵ دەكاتە 14 چواردە هەزار دینار . بیر بكەنەوە لە ڕۆژێكدا چەند كەس لە تاسڵوجەوە بۆ بەغداو هەولێر و دهۆك و قەڵادزەو ڕانیەو كۆیەو شارەكانی تر هاتوچۆ دەكەن . ئەمە بۆ ساڵێك حسابە بكەن و بزانن ئەم پارە زیادەیەی لە گیرفانی خەڵكانی كەم دەرامەت دەردەچێت دەكاتە چەن . ئەمە هەمووی لە پێناوی دوو كەسدایە . لە بافێڵ تاَلەبانی دەپرسم ئەمەشیان خەتای پارتییە ؟. ئەگەر جنابیان لە خەمی خەڵكن با یەكسەر ئەو بڕیارە هەڵوەشێنێتەوەو با گەراجەكە هەر لە شوێنی خۆی بێت و سزای ئەوانەش بدات كە ئەم كارەیان كردوە . خۆ ئەگەر ئەو ئەمە نەكات و خەڵكی سلێمانی و هەموو ئەوانەی ڕۆژانەش لە تاسڵوجەوە سەفەر دەكەن دەنگ بە یەكێتی بدەن ، ئەوە ئەم بارودۆخەیان پیرۆزبێت و خەڵكی گەمژە دەبێ حاكمی لەم جۆرەی هەبێت . مەریوان وریا قانع دەڵێت : با هەموومان چاوەڕوانی فریاد ڕەس نەبین بەڵكۆ خۆمان ببێنە فرید ڕەسی خۆمان . تۆ خۆت ئامادە نەبێت لە خۆت بپرسیتەوەو لەسەر حەقی خۆت بییتە دەنگ ، چۆن چاوەڕوانی لە كەسانی تر دەكەی داوای حەقت بۆ بكەن . ئەگەر خاوەنی ئەو تەكسیانەی لە گەراجی بەغدا كاریان كردوە كەمێك خاوەنی ئیرادەو پیاوەتی و ئازایەتی بونایە ، هەر تەكسیەكانیان لە دووڕیانی سەرچنار ڕاگرتایەو بۆ دوو رۆِژ بە جێیان بهێشتنایە ، حكومەت ناچار دەبوو لەو بڕیارە پەشیمان ببێتەوە . بەڵام ئەم دەسەڵاتە لە مێژە ئەم خەڵكەی ناسیوەو هەموو شتێكیان بۆ چۆتە سەر چونكە دەزانن كەس نییە قسە بكات . 18/8/2022
شوان داودی « ئێوە سایتی ڕەسمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانن ، هیچ ڕیکلامی بازرگانی مەکەن و هەرچیتان پێویست بوو خۆم بۆتان دابین دەکەم » ئەمە قسەی هەمیشە زیندوو جەنابی مام جەلال بوو ئاراستەی ستافی سایتی puk میدیا کرد کاتێک لە 2003/1/22 دامەزرا . پێگەی فەرمی واتە زمانحاڵ ، لەو کاتەوە هەرچی هەواڵ و رای فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە لەو پێگەیەوە بڵاو دەکرێتەوە بەپێچەوانەوە هەر بابەتێک لە هەر کەناڵێکی تری ڕاگەیاندن بڵاو کرابێتەوە گوزارشت نەبووە لە ڕای فەرمی یەکێتی گەر لە puk میدیا بڵاو نەکرابێتەوە . تا ساڵی 2009 زنجیرەکەی یەکەم سایتی کوردی بووە لە جیهاندا ، لە 2018 کاتێک یەکەم پێگەی کوردی بوو خاوەنی1600000 لایەک و زۆرترین خوێنەر بوو کەوتە بەر هێرشی ئەلکترۆنی و پەلاماری نەیارانی یەکێتی بلۆکیان کرد . ئەم پێگەیە بەشی زمانەکانی کوردی هەردوو زاراوەی سۆرانی و کرمانجی ، عەرەبی ، ئینگلیزی ، ڕوسی ، تورکی ، فارسی هەبوو ، جگە لە سایتێکی تایبەت بە وەرزش خاوەنی شەش پەیچی فەرمی بووە و هەرزمانێکی ئەم پێگەیە پەیجی خۆی و تویتی تایبەتی بەخۆی هەبووە . بە هۆی کاریگەریەکانیەوە هەردوو بەشی تورکی و فارسی لە سەر داوای فەرمی تورکیا و ئێران لە کاتی خۆیدا ڕاگیراوە ،چەندین ساڵ لە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم پێگەیە بلۆک کرابوو ، ماوەی پێنج ساڵە بە ئێستاشەوە لە سەرانسەری تورکیا بلۆک کراوە . ئەم پێگەیە بەردەوام زۆرترین هێڕش و پەلاماری نەیارانی یەکێتی لەسەر بووە ، دەیان پەیجی داخراوە و فەوتاوە دەیان ئەکاونتی یوتوبی لێدراوە و کۆتایی پێهێنراوە . سەرباری ئەرکەکانی خۆی خوێندنگەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی کادری پیشەیی بۆ یەکێتی و چەندین کادر دەرچووی ئەو پێگەیەن لە شوێنی تر خزمەت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گەلی کورد دەکەن لە وانە سکرتێری ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ، سەرپەرشتیاری دەزگای بادینان سات ، سەرنوسەری المسری و دەیان کادری تر لە دەزگاکانی تری ڕاگەیاندنی یەکێتی کار دەکەن ، و چەندین کادری تری بونە خاوەنی بڕوانامەی باڵا ماجستێر و دکتۆرا لە بواری ڕاگەیاندن . لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پێگە سەنگەینە کەمترین کادر و کەمترین موچە و کەمترین بودجەی بۆ دابین کراوە بەرامبەر بە ناوەندەکانی تری ڕاگەیاندنی یەکێتی ، لە کاتی قەیرانی ئابوریدا ھاوکاریم کردوون و لە نزیکەوە ئاگادار بووم کە ئەم کەناڵەو کەناڵەکانی تریش بە چ قۆناغێکی سەختدا ئەو قەیرانەیان تێپەڕاند چۆن موچەیان لە 60 تا 90 رۆژ دواکەوتوەو ئەمان یەک رۆژ کارکردنیان نەوەستاندوە کەچی ئێستا بەو شێوازە دادەخرێت . من خۆم بۆ ماوەی سێ ساڵ وتەبێژی ، فراکسیۆنی یەکێتی بووم لە بەغدا و دە مانگ ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندن وسەرپەشتیاری دەزگای میدیایی کەرکوک بوومە لە نزیکەوە مامەڵەم لە گەڵ کردوە ئاگاداری هەموو کێشەو ئاستنەگەکانیان بووم و سودێکی زۆرم لەم پێگەیە بینیوە . لە 2022/8/6 هەواڵێک بڵاو کرایەوە کە میدیایەکی یەکێتی لەبەرامبەر بەکارنەھێنانی زاراوەی سەرۆک بۆ بارزانی داخراوە ، وەک زۆر جار بۆ بە دوادا چوونی ئەو هەواڵە سەردانی پێگەی puk میدیام کرد تابزانم کام میدیای یەکێتیە کە داخراوە ، بینیم پێگەکە ناکرێتەوە ، بۆیە زیاتر بە دوادا چوونم کرد بە داخەوە دەرکەوت دوای سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بۆ لای بارزانی و بڵاوبونەوەی ھەواڵەکە لە بەرامبەر بەکارھێنانی وشەی سەرۆک بۆ بافڵ تاڵەبانی و تەنھا بەکارھێنانی ووشەی مەسعود بارزانی بەبێ پێشگری سەرۆک ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەلایەن باڤڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیەوە داخراوە وەکو سزایەک . لەو ڕۆژە ڕۆژانە چەند جارێک سەردانی ئەو پێگەیە دەکەم بۆ ئەوەی بزانم کەوتۆتەوە کار یان سزاکە هەر بەردەوامە ..ئەمڕۆش جارێکی تر سەردانم کرد بەداخەوە هەر داخرابوو ، بۆیە بڕیارم دا قسەیەکی لە سەر بکەم لە کاتێکدا دەبوایە سکرتێری ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی حکومەت و سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان کە پێش هەموو کەس قەرزاری ئەو پێگەیەن قسەیان هەبوایە لەو بارەیەوە .. ئەمڕۆ زیاتر لە دە ڕۆژە زمانی یەکێتی بە بڕین سزا دراوە کەس نقەی لێوە نایەت ، پرسیارێک لام دروست بووە کە بە پێویستم زانی ئاراستەی هەریەک لە بەڕێزان باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بکەم و خوازیارم وەڵامێکم لێیان دەستکەوێ : ئێوە لە سەر هەواڵێک کە پێشگری سەرۆکی بۆ بارزانی دا نەناوە ، زمانی یەکێتیان بڕیوە puk میدیاتان داخستوە .. ئەی دەبێ بارزانی کێ و چۆن سزا بدات لە سەر نیگەرانییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەر ئەو هەموو چەواشەکارییەی بەرگی پێنجەمی کتێبەکەی خۆی (بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد) کە لە یادی 76 ساڵەی دامەزارندنی پارتیدا بڵاوی کردۆتەوە ؟ لە ڕاستیدا من خۆم پێم وانیە نە ئەو ڕاگرتنە سزا بێت و نە هۆکارەکەشی نیگەرانی بارزانی بێت ، چونکە گەر وابایە ئەوە چەند ڕۆژێک و سزاکە کۆتایی پێ دەهات و کارەکان ئاسایی دەبونەوە نەک حزبەکە لەوە زیاتر بێ زمان بکەن ، بەڵکو پێم وایە وا داخراوە ئیتر نەکرێتەوە هۆکارە کەڵەکەبوەکانیش زۆرن سەرەکی ترینیان ئەوەیە ئەم پێگەیە پێگەی یەکێتی بووە نەک هی کەسەکان و هەرواش دەمێنێتەوە نابێتە هی کەس .
ھەورامان وریا قانع پێدهچێت سوێندتان بهگۆڕی ئهو ههمو شههیدهی یهكێتی خواردبێت؛ كه چی خراپه بهم شارهی بكهن! دیاره دهتانهوێت تهنها سزای خهڵكی سلێمانی بدهن و باكتان به هیچ شتێكیش نییه. سیاسهتی ئێوه ئهوهیه چی له بهرژهوهندی خهڵكی ههژار و دهستكورتی شارهكهیه، نهیكهن و ئهوهی كۆمپانیا و دارودهستهكهی خۆتان دهیهوێت، ئۆكهی بۆ بكهن. ئێوه تهنها لهوهدا سهركهوتوون كه ڕۆژ به ڕۆژ، خهڵكی ئهم زۆنه، زیاتر و زۆرتر لهخۆتان توڕهبكهن و ڕقیان بهرامبهرتان ئهستورترببێت. لهمهدا زۆر له پێش پارتی و گۆڕان و حیزبهكانی دیكهوهن. زۆر سهركهوتوون لهوهی خهڵك چی پێناخۆشه، ئێوه لهگهڵ گۆڕینی قات و بۆینباغه ڕهنگاو ڕهنگهكانتان و عهینهكه شهمسییهكانتان، فهرمانی جێبهجێكردنی بۆ دهركهن و میكزهمینی پڕ كۆماندۆی دهمامكدار، بنێرنه سهریان. وهك ئهوهی ناردبووتانه سهر شۆفێری هێڵهكانی گواستنهوه له گهراجه كۆنهكه. یهكێك له كاره ههره سهقهتهكانی ئهم دواییهی كه ئهنجامدراوه و دڵنیام ئاگاداری ئهنجامدانهكهین، گواستنهوهی گهراجی بهغدا و ههولێر و شارهكانی دیكهی كوردستانه، بۆ لای نزیك كهنهكهوه. بهس یهك سودی ئهم گواستنهوهیهم پێ بڵێن بۆ خهڵكی كهم دهرامهت و ئهوانهیان كه هاتوچۆ دهكهن؟ یهك حیكمهتی مهعقول و لۆژیكی ئهم گواستنهوهیهم بۆ بنووسن. له كوێی دونیادا بووه گهراج كهوتووهته دوای فڕۆكهخانهوه! ئهمه چ داهێنانێكه كرێی نرخی تهكسی ناوشار بۆ گهراج، له ههندێك حاڵهتدا زیاتره له كرێی نرخی ڕۆشتن له گهراجهكهوه بۆ چهمچهماڵ یان بازیان یا ههر شوێنێكی دیكهی دهوروبهری پارێزگای سلێمانی. دوێنێ نزیك سهعات دوانزه و نیو، بهو قرچهی گهرمایه له سههۆڵهكه، تهكسییهكهم ڕاگرت بۆ گهراج، وتی ههشت ههزار!! وتم زۆره و پێنج باشه، بێ ئهوهی وهڵامم بداتهوه ڕۆشت. یهكێكی دیكهم ڕاگرت و یهكسهر وتم به شهش ههزار برۆین بۆ گهراج، وتی كهمه، وتم ئهی چهند باشه؟ وتی ده ههزار!! وتم پێش تۆ به ههشت ههزار دهڕۆشت، وتی منیش به ههشت ههزار دهڕۆم، بهڵام تهبرید داناگیرسێنم! به ناچاری و بێ تهبرید لهگهڵی رۆشتم. لهو گهراجهی گوایه دهڵێن زۆر مۆدێرنه و تازهگهری زۆری تێدا كراوه، هیچ وا نییه. سهیارهی خهتهكان ههر ههموی لهژێر جهمهلۆندایه و یهك هۆكاری فێنككهرهوه لهوناوهدا نییه و دهبێ لهژێر سێبهری جهمهلۆنهكان، ههر خهریكی باوهشێنكردن بێت. من بۆ ههولێر دهڕۆشم، دوای من نهفهرێكی دیكه هات، ئهو له سهرچنارهوه هاتبوو، وتی تهكسییهكه ده ههزار دیناری لێوهرگرتووه ئینجا تهبریدی بۆ داگیرساندووه. ئهوه دهرئهنجامی كاره جوانهكهتانه، ئهوه سودی گواستنهوهی گهراجهكهتانه. ئهوهی لهوێدا ڕاوهستابوو، به نهفهر و شۆفێرهوه، ههر ههموی ناڕازی بوو، بهشی ههره زۆریان ڕووی گلهیی و قسهكانیان له ههردووكتان بوو، ئێوهیان به بهرپرسی یهكهم و كۆتایی ئهو چهتهگهریی و مافیاگهرییه دادهنا كه به زهبری هێز و ههڕهشه و دهركردن، گهراجه كۆنهكهیان پێ چۆلكراوه. پرسارهكه ئهمهیه: ئێوه ئهم دوانهتان، بۆ وا بهم شاره و به خهڵكه ماندووهكهی دهكهن؟ چ قازانجێك لهوه دهكهن ڕۆژانه له ناو تهكسییهكان، ئهو ههمو قسه ناخۆش و ناشرینهتان بۆ بێت؟ چ لهزهتێك لهوه دهكهن كه ئازاری مرۆڤی ئهم شاره بدهن؟ ئاخر ئێوه ههتانه و نیتانه تۆزقاڵێكی ئهم شارهیه، لێره بڕۆنه دهرهوه، له هیچ شارێكی دیكهی كوردستان جێتان نابێتهوه و ناتوانن ئاوا به كهیفی خۆتان چیتان بووێت بیكهن! تۆزیك رێز و حورمهت بۆ خۆتان بگهڕێننهوه و ئهم كاره سهفهت و بێ مانایهتان ڕاگرن و ئهو گهراجه بگهرێننهوه بۆ شوێنه كۆنهكهی خۆی. سیاسهت بهوه نابێت باوهش به هادی عامریدا بكهیت و رۆژێ له بهغدابیت و رۆژێ له سهری ڕهش، ههر هەمو ئهوه تورێكی قوڕاوی ناهێنێت. سیاسهتی دروست ئهوهیه خهڵكی شارهكهت، له كاسبكار و دوكاندار و مامۆستا و فیتهر و كارمهند و خانهنشینهكان... هتد، لێت ڕازیبن، نهك حهسهن پلایس و خهزعهلی و جهماعهتی زۆنی زهرد.
شادی نەوزاد کاتێک هەرێمێک یاخود دەوڵەتێک دەیەوێت ڕووبەڕووی دیاردەیەکی کۆمەڵگا ببێتەوە، هەنگاوی یەکەمی ڕووبەڕووبونەوەکە ئەوەیە کە بەتەواوەتی و بە ڕاستی ئەو کێشەیە بخاتە ڕوو کە هەیەتی دواتر دەتوانێت لە چوارچێوەکانی کێشەکە تێبگات و کار بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بکات. هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستا و بە هەموو هەوڵەکانیەوە لە هەموو ئاستە جیاوازەکاندا شەرمنانە و لەبەر خاتری خاتران لە بەرامبەر کێشەی توندوتیژی دژ بە ژنان وەستاوەتەوە. کاربەدەستانی هەرێم (لە هەموو پلە و پۆستەکاندا) تا ئێستا نەیانتوانییوە تێگەیشتنێکی گشتگیریان هەبێت بۆ کێشەی توندوتیژی( جا توندوتیژی بێت بەرامبەر ژنان، خێزان یاخود منداڵان)، ئەمە وای کردووە کە ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی ئەوەندە هێواش و سەرپێیی بێت هەندێک جار شەرمیش بکەین لە باسکردنی. توندوتیژی(بە تایبەت توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان) هەموو چەند ساڵ جارێک دەبێت پێداچوونەوە بۆ یاسا و ڕێکارەکانی بکرێت، چونکە لەو جۆرە ئاکارانەیە کە چەند ساڵ جارێک خۆی دەگۆڕێت و لە جۆری نوێدا دێتەوە ناو کۆمەڵگا، هەموارکردنی یاساکان یەکێکن لەو کارانەی دەبێت بکرێت (کە ئێستا یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە پرۆسەی هەمواردایە لە پەرلەمانی کوردستان و بە دەیان جۆر تەگەرە و کۆسپدا تێپەڕیوە هەر لە بەکارهێنانی زاراوەکان و دانانی پێشنیارەکان و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان و باوەڕ بوون و نەبوون بە چەمکە بەکارهاتووەکان لە ناو هەموارەکەدا)، بەڵام هەموو کارەکە تەنیا هەمواری یاساگەلێک نیین کە تا ئێستا بەشی زۆری جێبەجێ نەکراوە و بەرچاوڕون نین لەوەی چەند لە هەموارەکەش جێبەجێ دەکرێت، بەڵکو کاری سەرەکی لە پێکهاتەی ئەو لایەنانەدایە کە دەبێت یاساکە جێبەجێ بکەن. بەشی زۆری لایەنی جێبەجێکار دەکەوێتە ئەستۆی یەکەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، کە تاکو ئێستا نە بودجەی پێویست کە بابەتی سەرەکییە لە دەستڕاگەیشتن بە هەموو ئەو کەیسانەی دەبێت بگەنە سەریان لە کاتی پێویستدا، نە ئیمکانیاتی مرۆیی پێویست کە زۆربەی جار کەیسەکان ئەوەندە کاتێکی زۆریان پێ دەچێت کار لە کار دەترازێت لە کێشەکاندا، نە ڕوئیایەکی ڕوون و ئاشکرا( لە دوای ڕێکارەکانی کەرەنتین لە هەرێمی کوردستان و چەند ڕۆژ دوای بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی یوئێن ومێن و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە تێیدا باس لەوە دەکەن هیچ جۆرە دیکۆمێنتکردنێک و بەداتا وەرگرتنێکی توندوتیژی پێش سەردەمی کۆرۆناڤایرۆس بۆ سەردەمی کۆرۆناڤایرۆس ناگونجێن و دەبێ بیر لە ڕێگەی نوێ بکەینەوە، بەوپێیەی ڕێژەکانی توندوتیژی ڕوویان لە زیادبوون کردوە و بەربەستی سەرەکی پێکەوە بوونی هەموو خێزان و کەسانی توندوتیژکارە لەگەڵ کەسی توندوتیژیلێکراو، دوان لە بەرپرسانی ئەو دەسەڵاتە جێبەجێکارەی هەرێم پێیان وابوو گەڕانەوەی پیاوان بۆ ناوخێزان و پێکەوەبوونی کاتێکی زۆری خێزان هۆکار بوون بۆ کەم بوونەوەی ڕێژەکانی توندوتیژی، کە بۆ من مایەی شۆک بوون بوو لەو کاتەدا و تا ئێستاش کە ئەو ڕوئیایە لە ترۆپکی ئەو دەسەڵاتە جێبەجێکارەدابن). یەکێکی دیکە لەو لایەنانەی دەسەڵاتی گەورەی هەیە لە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان دادگاکانن، کە ئەمانیش زۆر جاران نەیانتوانیوە وەڵامدەرەوەی ئەو داواکارییە زۆرانە بن کە لێیان دەکرێت بە یەکلاکردنەوەی چی زووە داواکانە، لە ساڵی ٢٠١٩ لە وتارێکدا ئاماژەم بە قۆناغێکی ترسناک کرد کە ڕەنگە هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی ببێتەوە، ئەویش زۆری داواکانی دادگای توندوتیژییە و لە بەرامبەردا کەمی یەکلابوونەوەی سکاڵاکانە، کە ئەمەش وادەکات لە دورمەودادا باوەڕ بە دادگاکان کەم ببنەوە وەک ئەو شوێنەی پارێزگاری کەسی توندوتیژلێکراو بێت و ڕێژەی نوسینی داواکان بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە کەمبوونەوە دەکەن، ئەم کەمبونەوەیەش بە واتای تەواوبوون یاخود چارەسەری کێشەکان نایەت، بەڵکوو کێشەکە دەچێتەوە دۆخی متبوون و شاراوەیی لەنێو کۆمەڵگادا. لە ڕویەکی دیکەوە ئەنجومەنی دادوەری دەبێت زۆر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ پەیمانگای دادوەری بکات بە بوونی پەیڕەوی تایبەت بە کارەکەیان و چوارچێوەی فراوانی توندوتیژی لەسەر هەموو ئاستەکان. هەموان نا، بەڵام لە چەند کەیسێکی دیاریکراودا چەند حاڵەتێکی نامۆ بینراوە لە باوەڕ نەبوون بە جۆری توندوتیژییەکان لەسەروو هەمویانەوە کوشتن و هەڕەشەی کوشتن (بەڕێوبەری یەک لە ماڵی داڵدەدانەکانی هەرێم بۆی گێڕامەوە و وتی کە یەک لە دادوەرەکان پێی وتوە کە ئەو کەیسە مەهێنە ژورەوە و وەرەقەی بەڵێندانی کەسوکارەکەی بێنە با ئیمزای بکەم و بابیبەنەوە، بە واتایەکی تر هیچ پرسیارێکی لە کەیسەکە نەکردووە کە ئایا هەست بە دڵنیایی دەکات بڕواتەوە ناو خێزانەکەی یاخود نا، ئەمە لە حاڵەتێکدایە کە چەند کەیسمان دوای ئەوەی چەند جار لە ماڵەکانی داڵدەدان بوون و دوای ئەو بەڵێننامەیە دراونەتەوە بە خێزانەکانیان و ژیانیان بە کۆتا گەیشتووە لەلایەن کەسی پلە یەکی خۆیانەوە، کەیسی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ بەنمونە) ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە پێویستمان بە پێداچونەوەی گشتی هەیە بۆ تێگەیشتن لە مانای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دادگاکاندا. یەکێکی دیکە لەو وێستگانەی ژنانی توندوتیژیلێکراوی پێدا تێپەڕ دەبێت، ماڵی داڵدەدانەکانە لە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی ئەم ماڵانەی خستۆتە ئەستۆی خۆی بەڵام ئەم ماڵانە تەواوی ئیمکانیاتیان نییە بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، زۆربەی جارەکان ئەم ماڵانە بەهۆی نەبوونی شوێنی پێویست و بینای گونجاو ناتوانن جۆری کەیسەکان جیابکەنەوە، بەدەر لەوەش توانای مرۆیی و دارایی ئەوتۆیان نییە بۆ پڕکردنەوەی بچوکترین پێداویستییەکان کە خۆی لە جل و بەرگ و دەرمانی پێویستدا دەبینێتەوە بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشیانەی هەیانە، هەندێک کات ماڵی داڵدەدانەکان توانای دابینکردنی ئۆتۆمبێلی گونجاویان نییە بۆ گواستنەوەی کەیسەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بەتەواوەتی نەتوانراوە ئەو کەسانەی لەو ماڵانە دادەنرێن بەتەواوەتی ڕابهێنرێن بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردنیان لەگەڵ کەیسەکاندا (لە بەسەرکردنەوەیەکی دەوری لیژنەی پەرلەمانیدا یەک لە فەرمانبەرەکانی یەک لەو ماڵی داڵدەدانانە بە ئەندامێکی پەرلەمانی وتبوو لە وەڵامی پرسیارێکی ئەندامەکەدا کە ئەو کچە بە خێزانی خراپن، دایکیشی لای خۆمان بوو لێرە دوو ساڵ دەبێ دەرچووە). ئەم کێشانە و دەیانی تر کە تەنیا و تەنیا لەناو حزبە سیاسییە باڵادەستەکانەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، بەو پێیەی ئەو کەسانەی کە سەرۆکایەتی ترۆپکی هەڕەمەکەی دەسەڵات دەکەن بە هەموو بەشەکانییەوە لە حزبەکانەوە دێن، ئەوانەش کە لە حزبەکانەوە دێن بەدەگمەن دەنا بەدرێژایی کاری حزبی و سیاسییان خولێکی تێروتەسەلیان لەسەر کێشەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری و شێوازەکانی ڕووبەڕووبونەوەی دیاردە باوەکانی کۆمەڵگا نەبینیوە، بێگومان کاتێک دێنە ناو دەسەڵاتی حکومی ناتوانن بە ماوەیەکی کەم ئەو ڕوئیایەیە دروست بکەن کە خولی بەردەوام و فێربوون لەسەر کرۆکی کێشەکە چەند پێویستە، بەڵام ئەم داوایە بۆ گۆڕانکارییەکی وەها گەورە لە کێ بکەین؟ (لە یەکێک لەو چالاکییە گەورانەی لەم ساڵانەدا لە هەرێم ئەنجام درا بۆ کێشەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، یەکێک لە گەورەتین دەسەڵاتەکانی هەرێم لە وتارەکەیدا بە دەق وتی کە تەنیا پیاوان نیین کە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دەکەن، بەڵکوو بەشێک لە ئافرەتانیش توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دەکەن، بێئاگا لەوەی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئێمە لەسەنگەردا نیین بەرامبەر پیاوان بەڵکوو ئێمە دەبێ ڕووبەڕووی ئەو فکرە ببینەوە کە پێی وایە توندوتیژی دژی ژنان کارێکی ئاساییە، بێگومان ئەم فکرە کە ئێستاکە لەبەشێکی هەرێم و لەناو کۆمەڵگاکەی هەیە، چەندە پیاوان بەرکەوتەی بوون ئەوەندەش ژنان بەرکەوتەی بوون و کاریگەری لەسەریان داناوە، بۆیە ناکرێت دەسەڵاتدارێکی گەورەی هەرێم کە ناوێکی دیارە لە ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژیدا بکەوێتە هەڵەیەکی وا گەورەوە). چەکی گەورەی دەستی ئێمە لە ئێستا و داهاتوشدا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژی دەبێت هۆشیاری بێت، هۆشداری دەربارەی جۆرەکان و ڕێژەکانی توندوتیژی لە کۆمەڵگادا و بە لەبەرچاوگرتنی پلە و پۆستە جیاوازەکان و ئەو شوێنانەی توندوتیژییە جیاوازەکانی تێدا ڕو دەدەن. پرسیارێکی دیکە ئەوەیە کە هەمیشە ڕوبەڕومان دەبێتەوە کە ئایا هەڵمەتەکانی هۆشیاری بۆ کێ بکرێت؟ دەستپێکی هەرە گرنگ ئەوەیە کە حزبە سیاسییەکان بێ دوودڵی دەست بە هەڵمەتی هۆشیاری بکەن لەناو کادیران و ئۆرگانە جیاوازەکانیاندا، بە گرنگی دان بەوەی کە کێ هەڵمەتەکە بەڕێوە دەبات و تا کوێ دەتوانێت بۆ هەر ئۆرگانێک بەجیاواز لەوانی دیکە ئەو بابەتانە بوروژێنێت و باس بکات کە دەبێ باس بکرێن. دواتر دەسەڵاتە جیاوازەکان لە حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری، بە لەبەرچاوگرتنی چۆنیەتی هەڵمەتەکان و چەندێتییان. بێگومان هەڵمەتەکان نابێ بەدەر بێت لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵکای مەدەنی و میدیا. هیچکات نەنگی نییە کە بەشداریکردن لە هەڵمەتێکی هۆشیاری گەورە و لەسەر ئاستی هەموو کۆمەڵگا لە سەرۆکایەتیەکانەوە تا دوا فەرمانبەری دەسەڵاتەکان تێیدا بەشدار بن، بەڵکوو سەربەرزییە چوونکە لە کۆتاییدا ئەوەی لە پێناوی بەدیهێنانی ژیانێکی شایستەیە بۆ مرۆڤ لە کۆمەڵگادا.