خەبات عەبدوڵڵا • گەندەڵی لە کوردستاندا دۆخێکی کت‌وپڕ نییە، بەڵکو ڕەگوڕیشەی لەمێژینەی لەناو سیستمی حیزبیی و حوکمڕانیی ئێمەدا هەیە. ئەوە ڕاستە کە لە پاش ڕوخانی بەعسەوە گەندەڵی پانتایییەکی بەرفراوانتری تەنییەوە و بەشێوەیەکی زەقتر کایە جیاجیاکانی داگیرکرد، بەڵام جیاوازی لەنێوان ئەو گەندەڵییەی هەر لە سەرەتاکانی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان بنجی داکوتا و ئەوەی کە ئێستا هەیە، ئەوەیە کە گەندەڵی لەمڕۆدا شێوازێکی سیستماتیکی وەرگرتووە و کەرتێکی پان‌وپۆڕی حیزبی و حکومی و ئەهلی تێیدا بەشدارن. لە هەمووشی مەترسیدارتر ئەوەیە کە گەندەڵی لای سیستمە حیزبی و حکومییەکە بۆتە ستراتیژێک بۆ مانەوە. • ئه‌وه قسه‌ی پێناوێت، دیارده‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی خێرا شانبه‌شانی دیارده‌ی هه‌ژاربوونی خێرا، پێوه‌ندییه‌كی تووندوتۆڵی به‌و گەندەڵییەوە هه‌یه كه له چه‌ند ساڵی پێشوودا، لە سایەی دابارینی پارەی نەوتەوە عێراق و هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه. ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی خێرا، درێژكراوه‌ی كولتوری تاڵان و بڕۆ و له هه‌مان کاتدا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆی ئابووریی حیزبییه، ئه‌و ته‌رزه ئابورییه‌ی كه جگه له كوردستان ڕه‌نگه له هیچ شوێنێكی دنیادا شوێن و ڕێی نه‌بێت. • گەندەڵی شێوازگەلی جیاجیای هەیە، لەکاتێکدا ئابووریناسان کەرەستەی گرنگ دەدەنە دەست مرۆڤ بۆ شرۆڤەکردنی ئەو دیاردەیە، بەڵام لە شیتەڵکردنی تانوپۆکانی گەندەڵی لە کوردستاندا، لە دەرەوەی تیۆر و میتۆدی ئابووری، پێش هەر شتێک پێویستمان بەوە دەبێت لە خودی دەسەڵاتە سیاسییەکە خۆی ورد ببینەوە. ئاخر گەندەڵی لە کوردستاندا پێش ئەوەی گەندەڵییەکی ئابووری بێت گەندەڵییەکی سیاسییە. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە گەندەڵی لە کوردستاندا لە دەرەوەی ڕەهەندە ئابوورییەکانەوە کار دەکات و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووریی کوردستان نییە، گەندەڵی ڕێگری گەورەی هاتنە کایەی ئابوورییەکی نەتەوەییە لە کوردستاندا و بەردەوام پڕۆژە نەتەوەییەکان پەک دەخات و توانای بەربەرەکانێی شەریفانە دەکوژێت. ڕاستییەکەی قۆناغی گواستنەوە لە ئابووریی دەوڵەتییەوە کە ئێمە بە میرات لە بەعسەوە وەکو دەسەڵاتێکی تۆتالیتا‌ر بۆمان مابۆوە بەرەو ئابووریی بازاڕ کە قۆناغی سەرهەڵدان و گەشەکردنی کەرتی تایبەتە، لەبەر مۆنۆپۆلی حیزبی و نەبوونی ئاسانکاریی یاسایی و چاودێرییەکی کاریگەر، قۆناغی هاتنەکایەی گەندەڵیی سیاسی کاراتر کردووە. • مەترسییەکانی گەندەڵیی سیاسی لەوەدایە کە تێڕوانینی هاووڵاتیان سەبارەت بە سیستمی سیاسی دەگۆڕێت و لە ئاکامدا بە سیستمێکی ناڕەوای لەقەڵەم دەدەن. هەر لە هەمان سۆنگەشەوە وردە وردە هاووڵاتی خۆی لە پشتیوانی دەسەڵاتی سیاسی دەدزێتەوە و بێ مەیلیی سیاسی لە کۆمەڵگەدا پەرەدەستێنێت و کۆی کایە سیاسییەکە ڕووبەڕووی پرسیار دەبێتەوە. • ئەوە ڕاستە کە گەندەڵی هەر وەکو چۆن خەسڵەتی سیستمە ئۆتۆکراسییەکانە، دەشێت خەسڵەتی سیستمێکی دیموکراسییش بێت، بەڵام تیۆرییەکانی لەمەڕ گەندەڵی ئاماژە بەوە دەدەن کە ئاستی گەندەڵی (بەتایبەتیش گەندەڵیی دارایی) لەگەڵ هەڵکشانی ئاستی دیموکراسی و سەروەریی خەڵک، بەرەو دابەزین دەچێت. • سیستمی سیاسیی ئێمە جگە لەوەی سیستمێکی حیزبیی تاکجەمسەر و بێ بەرامبەرە، حیزبی چاو‌دێر و دەزگا و ڕێکخراوی مەدەنی و ناحکومیی چاودێریشی نییە، یا ئەگەر هەشبن ناکارا و پاسیڤن. قۆرخکردنی کۆی ئەم کایە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە هەر لە لایەن حیزبی دەسەڵاتدارەوە فاکتەری گەورەی تەشەنەکردن و قوڵبوونەوەی گەندەڵیی سیاسییە. • ڕاستکردنەوەی ئەم هاوکێشەیە و هەوڵدان بۆ ڕەنگڕێژکردنی سیستمێکی فرە حیزبی و فرە ڕێکخراوەیی کراوە و بەکورتییەکەی سیستمێک کە بتوانێت جێگە بۆ هەموو دژەکان بکاتەوە و ئامادە بێت ناوبەناو دەسەڵات دەستاودەست پێ بکات، ئەگەر گەندەڵییش بنەبڕ نەکات، بەڵام بە بوارێکی تری دەسپێرێت و لە کۆڵ خۆی دەکاتەوە. بۆیە ناکارایی سیستمی سیاسیی ئێمە بە دیوێکی تردا کاراکردنی گەندەڵییە. • بەڕەنگاربوونەوە و بنەبڕکردنی گەندەڵی کارێکی کردەیە. بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە پێویستە پێش هەر شتێک پرسیار لە بونیاتی دامەزراوە حکومییەکە بکرێت. ئاخۆ ئەم بونیاتە کاری ڕیفۆرم و بنەبڕکردنی گەندەڵی ئاسان دەکات، یان دەبێتە ڕێگر؟ چونکە ڕیفۆرمی دامەزراوەیی مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ڕیفۆرمی سیستمێکی سیاسیی گەندەڵ. ئاخر ناکرێت تەنها لەڕێگەی تەعمیم و وتارەوە باس لە بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی بکرێت. • بە هەمان شێوە ناشکرێت تەنها لە ڕێگەی دەسەڵاتێکی تەنفیزیی سوپەرەوە گەندەڵی بنەبڕ بکرێت، ئەو سیستمانەی کە پەرلەمان تیایاندا لاوازە و حکومەتیان زیاد لە پێویست بەهێزە (هەروەکو لە هەندێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا بەدی دەکرێت)، گەندەڵی لە دامەزراوە تەنفیزییەکاندا لە پەرەسەندندا دەبێت. چونکە پەرلەمانی لاواز، قەزای لاواز بەرهەم دەهێنێت. • گرفتی گەورە لەوەدایە دەشێت گەندەڵی لە سیستمی بێ چاودێری و بەڕواڵەت دیموکراسییدا بەشێوەی یاسایی یان بەشێوەیەکی نەنوسراو بێت. دیسان گرفتێکی گەورەتر و یەکێک لە شێوازە باوەکانی هاتنەئارای گەندەڵی، دامەزراندنی کەسانی خۆییە لە پۆستە سەرەکی و گرنگەکاندا. • بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی دامەزراوەی جیاجیا و سەربەخۆی دەرەوەی حیزبی دەوێت کە میدیا و چاپەمەنی ئازادی لە پشتەوە بێت. دامەزراوەیەک کە توانای دەستپێڕاگەیشتنی بە هەموو بەڵگە دارایی و دەوڵەتی و شەخسییەکانی لێپرسراواندا هەبێت و لە یاساییبوونی سەرچاوە داراییەکانی بەرپرسان بکۆڵێتەوە و لەتوانایدا بێت لە کاتی ڕوودانی سەرپێچیدا دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی دادگا بکاتەوە. بێ گرتن و دادگایی‌کردنی لێپرسراوانی گەندەڵ، بنەبڕکردنی گەندەڵی لە مانا بنەڕەتییەکەی خاڵی دەبێتەوە. • گەندەڵی بەرچاو و ئاشکرا مەترسی زۆری نییە، لەمە ترسناکتر ئەو گرێبەست و کارە ژێربەژێرانەیە کە گەورە لێپرسراوان لە بوارەکانی مقاوەلات و پڕۆژە شەخسییەکانیاندا ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی خۆیانەوە، یان لە ڕێگەی کەسانی ترەوە دەیکەن. ڕاستییەکەی چاودێرییەکی ئەکتیڤ لە دەرەوەی ئازادییەکی سیاسی کە یاسا پشتیوانی بێت، بوونی نییە. • هەر لە هەمان سۆنگەوە و بەو پێیەی ئەو یاسایانەی پێوەندییان بە بازاڕی ئازاد و ئابووریی کراوەوە هەیە و ئێستا کۆن بوونە و هی ئەم سەردەمە نین، پێویستە هەڵبوەشێنرێنەوە و لە جێگەیاندا یاسای نوێ و یاساکانی ئاسانکاری بۆ بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی دابنرێن. ڕاستییەکەی ئه‌وه‌ی حاڵی حازر له كوردستاندا به كه‌رتی تایبه‌ت ناو ده‌برێت، لە سایەی ئابووریی حیزبییدا ڕووبەڕووی قۆرخکارییەکی گەورە بووەتەوە. چه‌مكی كه‌رتی تایبه‌ت به هه‌مان شێوه‌ی چه‌مكی بازاڕی ئازاد، دوو چه‌مكی یه‌کجار شێوێنراون. • هەر هەوڵێکی چاکسازی لەسەر ئاستی حکومەت دەبێت چاکسازییش بێت لە ئەدائی دادگاکاندا و گەڕانەوەی ڕێز و سەروەری بێت بۆیان، تەنها لە ڕێگەی فرەیی ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە دەکرێت باس لە بنەبڕکردنی گەندەڵی بکرێت. فرەیی دەسەڵاتە جیاجیاکان هێز و گوڕ و تین دەبەخشێتە سەرجەم سیستمە سیاسی و ئیدارییەکە.
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج كه‌ناڵی عیراقیه به‌شی توركمانی ، به‌ڵام به عه‌ره‌بی و له به‌رنامه‌ی پانۆرامادا كه هانی ره‌زا پێشكه‌شی ده‌كات ، له سه‌ر ڕوداوه تاڵ و خوێناویه‌كانی ساڵی 1959ی كه‌ركوك به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی به میوانداری ئه‌رشه‌د ساڵحی به‌ڕێوه برد ، له به‌رنامه‌كه‌دا حزبی شیوعی و كورد تاوانبار كران به‌و ڕوداوانه‌ی كه‌ركوك و وایشنیشاندرا كه گوایه توركمان به‌و بۆنه‌یه‌وه" بۆنه‌ی ساڵرۆژی یه‌كه‌می راگه‌یاندنی كۆمار " ویستویانه ئاهه‌نگ بگێڕن و شیوعی و كورد ئه‌و ئاژاوه‌یه‌یان ناوه‌ته‌وه ، له راستیدا ئه‌و روداوه تاڵه زۆری له سه‌ر نووسراوه ، من نامه‌وێ لێره‌دا باسی بكه‌مه‌وه ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم نه‌كوردی كه‌ركوكی و دڵسۆز نه‌توركمانی دڵسۆز ، نه‌شیوعی راسته‌قینه ده‌ستی نه‌بووه له‌و روداوه‌داو ده‌شێت له ناو هه‌موو ئه‌وانه‌داو له ناو سوپاشدا له نمونه‌ی ته‌به‌قه‌چلی و خه‌ڵكی تر هۆكاری ئه‌و كاره‌ساته‌بووبن ، قسه كردن له باره‌ی ئه‌و دیرۆكه‌وه ده‌بێت زۆر هه‌ستیارانه‌و زۆر بێلایه‌نانه بێت ، من تێناگه‌م عیراقیه له‌م كاته‌دا چ پێویستی به وروژاندنی ئه‌و بابه‌ته‌یه به میوانداری كه‌سێكیش كه زۆر جار به هاندانی توركیا دنه‌ی كورد ده‌دات و كورد بریندار ده‌كات . كورد‌و توركمان نزیكه‌ی هه‌زار ساڵه له‌م ناوچه‌یه پێكه‌وه ده‌ژین ، لانی كه‌م ئه‌وه‌نده‌ی به‌رده‌سته زیاتر له 600 ساڵه ، له‌و هه‌موو ساڵانه‌دا كێشه‌و گیر‌و گرفت و ئاژاوه‌ش دروست بووه ، به‌ڵام پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌و پێكه‌وه هه‌ڵكردن و تێكه‌ڵ بوون زۆر زیاتر بووه ، شاعیرانی كورد شیعری توركمانیان وتوه ، هونه‌رمه‌ندانی دوو نه‌ته‌وه قۆریات و مه‌قامی توركمانی و كوردیان وتوه ، ژن و ژنخوازو تێكه‌ڵی و هاوخه‌می و پێكه‌وه‌یی له‌و مێژوه‌دا زۆر زیاتره له ناكۆكی ، بۆچی هه‌میشه ئێمه لایه‌نه تاریكه‌كه ده‌بینین وێڕای كه‌می ماوه‌كه‌شی ، بۆچی لایه‌نه روناكه‌كه نابینین ، بۆچی سه‌یری په‌یوه‌ندی سه‌ید ئه‌حمه‌دی خانه‌قاو توركمانه‌كان ، شێخ ره‌زاو شاعیرانی توركمان ، هیجری ده‌ده‌ده‌و ئه‌ده‌بی پێكه‌وه‌یی ناكه‌ین ، بۆچی ده‌ست بۆبرینه‌كه ده‌به‌ین ، ئه‌مه بۆ هه‌موومان جێی پرسیاره ، دواتریش كه ده‌ست بۆ برینه‌كه ده‌به‌ین بۆ بۆكولانه‌وه‌ی بێت بۆ بۆ ساڕێژكردن نه‌بێت . عیراقیه به‌شه توركمانیه‌كه‌ی پێویستی به لێپێچینه‌وه‌یه ، هه‌ڵبه‌ت به‌شه‌كانی تریش كه‌م و كوڕیان هه‌یه، من له به‌غدا له به‌شه‌كوردیه‌كه میوان بوومه زۆر بێسه‌ره‌و به‌ره‌یه ، هه‌رسێ به‌شی توركمانی ، كوردی ، سریانی هاوڕێیه‌ك به ناوی ناپلیۆن به‌رپرسێتی ، كه ئاگاداری دۆز‌و زمان و دیرۆكی كورد‌و ئه‌وانی تر نیه، پێشتر نه‌وفه‌ڵیش شاره‌زایی زۆری نه‌بوو باشه له‌و به‌غدایه كوردێك نیه ئه‌و به‌شه به‌ڕێوه به‌رێت، به ڕاستی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری عیراقی و ده‌زگای رۆشنبیری كوردی و لایه‌نی به‌رپرسی كوردی له به‌غدا هه‌قه له‌و بابه‌ته بكۆڵنه‌وه . له‌و به‌رنامه‌یه‌دا ئه‌رشه‌د ساڵحی زۆر ناڕه‌وا هێرش ده‌كاته سه‌ر ئه‌و 29 شه‌هیده‌ی كه سومبلی پێكه‌وه ژیان و ئاشتی و خۆشه‌ویستی بوون له كه‌ركوك ، هه‌موویان له بنه‌ماڵه‌ی تێكۆشه‌رو خوێنه‌وارو ئازادیخوازان بوون، مرۆڤ كه نامه‌ی به‌ر له بڕیاری كوشتن‌یان ده‌خوێنێته‌وه ده‌زانێ ئه‌وان چه‌ند جوامێر بوون ، هه‌مووشیان هاشا له‌وه ده‌كه‌ن كه گوناهێكیان كردبێت ، من چه‌ند جار له سه‌ر شێخ مارف به‌رزنجیم نووسیوه ، له كتێبی كورد‌و كه‌ركوكیشا نامه‌كانم بڵاو كردوه‌ته‌وه ، له ناویاندا شێخ مارف ، شێخ حوسێنی برای ، عه‌بدولحافیزی حاجی شه‌ریف ،جه‌بار محه‌مه‌د پیرۆز خان ،نه‌جمه‌دین نادر شوانی ، مه‌حمود حاجی عه‌لی به‌ستێ و ئه‌وانی تر هه‌موویان خه‌ڵكانی رۆشنبیر‌و خوێنه‌وارو ئازادیخواز بوون بڕوایان به كوشتنی مێروله‌یه‌كیش نه‌بووه ، بۆ ده‌بێت به تاوانبار‌و بكوژ ناوببڕێن ، بۆ ده‌بێت رێگری له به شه‌هید ناساندنیان بكرێت ، شانازیش به‌وه وه بكرێت كه نه‌هێڵراوه بكرێن به شه‌هید ،شێخ حوسێن له نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت " له‌هه‌موو ئه‌و روداوانه بێبه‌ریم كه له كه‌ركوك رویاندا "، خۆی بێ‌تاوان نیشانده‌دات مارف به‌رزنجی له نامه‌كه‌یدا ده‌نووسێت " به‌خته‌وه‌رم به‌وه‌ی كه تاوانم نه‌كردوه‌و شه‌هیدم " نه‌جمه‌دین نادر شوان بۆ خانه‌واده‌كه‌ی ده‌نووسێت " ئێوه ده‌زانن كه وا له سێداره ده‌درێم به‌ڵام بێ‌تاوانم و به شه‌ریفی ده‌مرم" . ناكرێت ئه‌رشه‌د ساڵحی وه‌ك كه‌ركوكیه‌ك به هه‌مان زمانی ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌و تێكۆشه‌رانه به تاوانبار بزانێت، كه له دار دراون ، ئه‌وان ده‌بوو ئێستا له ناو كه‌ركوك پارك و باخچه‌و قوتابخانه‌یان به ناوه‌وه بكریایه ، ده‌بوو په‌یكه‌رو دیوار به‌ندیان هه‌بوایه نه‌ك رێگری بكرێت له‌وه‌ی به شه‌هید حساب بكرێن ، كه‌س و كاری ئه‌و شه‌هیدانه كه 28 كه‌سیان به‌یه‌ك بڕیاركران به دارا، خه‌ڵكانی تێكۆشه‌رو نیشتمانپه‌روه‌رو پاكن ، بۆده‌بێت برینداربكرێن و ئازار بدرێن ، ئه‌رێ ده‌سه‌ڵاتی كوردی و لایه‌نی به‌رپرس تاكه‌ی له‌و تانه‌و تۆمه‌ت و شه‌ڕه‌نگێزیه‌ی ئه‌رشه‌د بێده‌نگ ده‌بن ، چۆن ده‌كرێت چاوپۆشی له‌و هه‌موو ناهه‌قیه بكرێت ، هه‌ر به‌ڕاست ئه‌رشه‌د بۆ ده‌یه‌وێت كورد‌و توركمان بكات به گژ یه‌كدا ، كێ له ئاژاوه‌و كوشت و بڕ قازانج ده‌كات ، ئایه ئه‌رشه‌د بازرگانی شه‌ڕه یان سیاسه‌تمه‌دار . ئه‌وه یه‌كه‌م جاری نیه ئه‌رشه‌د ساڵحی به‌و جۆره سوكایه‌تی به كورد‌و شه‌هیده‌كانی ده‌كات ، من قسه‌ی تری ده‌ره‌وه‌ی ته‌له فیزیۆنیم لایه ، كورد به قه‌ره‌ج و دۆم له قه‌ڵه‌م ده‌دات ، ده‌ڵێت كه‌ركوك قه‌ره‌جی له سوریا‌و توركیاوه بۆ هێنراوه ، كه شتی وانیه‌و ئه‌وه‌ی هه‌یه ره‌نگه چه‌ند ماڵه سوریه‌ك كوردن یان عه‌ره‌ب گه‌یشتبێتنه كه‌ركوك وه‌ك چۆن له هه‌ولێرو سلێمانی و ئه‌سته‌نبوڵ و غازی عه‌نتاب و شوێنی تریش هه‌ن ، ئێ دیاره ساڵحی به چ مه‌به‌ستێ و بۆ كێ ئه‌و قسانه ده‌كات ،ئۆباڵی هه‌ر دڵۆپه خوێنێ بڕژێ ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ، ده‌بوو ئه‌رشه‌د لایه‌نگری ئاشتی و پێكه‌وه ژیان بوایه ، وه‌ك چۆن سامانی كوڕی شێخ مارف به‌رزنجی له بوونی توركمانێك به سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له كاتی خۆیدا هات پیرۆزبای لێكرد‌و داوای كرد لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵبدرێته‌وه . كورد‌و توركمان و هه‌موو نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌و ئاینزاكانی كه‌ركوك و عیراق پێویستیان به پێكه‌وه ژیان و پێكه‌وه هه‌ڵكردنه ، نه‌ك ترازان و دوو به‌ره‌كی ، كه‌ركوك و عیراقیش یان نابێت ببن یان به‌و فره‌ڕه‌نگیه‌وه جوانن و هه‌ن ، ساڵحی زۆر باش ئاگای له دیرۆكه‌و ده‌زانێ كه‌س ناتوانێ ئه‌وی تر بسڕێته‌وه ، كه‌سیش ناتوانێ ئه‌و شه‌هیدانه به شه‌هید حساب نه‌كات ، كه به مانای شه‌هید شه‌هیدی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك و خاك و نیشتمانن . له بیره‌وه‌ری خوالێخۆشبووان مسته‌فا عه‌سكه‌ری ، فوادی تاهیر سادق و زۆری تردا بێتاوانی ئه‌وانم خوێندوه‌ته‌وه ، دڵنیام ئه‌و كه‌سانه له خۆڕا كه‌س بێ‌تاوان نیشانناده‌ن ، به تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه كه‌سانی رۆشنبیر‌و یاسا ناسیش بوونه ، فوادی تاهیر سادق كه خۆی له زیندان بووه‌و شاهیدی بردنی شێخ مارف و هاوڕێكانێتی بۆ به‌رده‌م په‌تی سێداره ده‌نووسێت " كارێكی نامرۆڤانه‌ی دڕندانه بوو ، چونكه زۆریان به‌رپرسی روداوه‌كه‌ی كه‌ركوك نه‌بوون ، ئه‌و روداوه ده‌ستی هه‌واڵگری سه‌ربازی ، هه‌ندێ ئه‌فسه‌ری عه‌ره‌بی ره‌گه‌ز په‌رست و ئاسایش و كاربه‌ده‌ستی دی تێدا بوو " ، هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و لاپه‌ڕانه به نیازی تێكدانی په‌یوه‌ندی جۆرێكه له تاوان ، ئه‌رشه‌د ساڵحی پێبزانێ یان نا كارێكی مه‌ترسیدار ده‌كات ه عیراقیه‌ش به‌و به‌رنامه‌یه ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه .
رزگار شێخ حه‌سه‌ن له‌ماوه‌ی رابردوودا گفتوگۆیه‌ك ده‌رباره‌ی ده‌نگۆی هه‌ندێك گۆرانگاری له نێو په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی هاته ئاراوه ، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ئیسلامی و خه‌ڵكی جیاوازی لێكه‌وته‌وه ، له راستیدا بابه‌تی گۆرانكاری له پرۆگرامه‌كانی خوێندن نابێت وه‌ك بابه‌تی شه‌رێكی ئایدۆلۆژی ته‌ماشا بكرێت ، یان وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی پروپاگه‌نده بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ هه‌ندێك لایه‌ن به‌ڵكو پێویسته وه‌ك به‌شێك له چاكسازی و گه‌شه‌پێدانی سیستمی په‌روه‌رده‌ی وڵات و وانه فێركارییه‌كانی لێكبدریته‌وه ، ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و شاره‌زایانی بواری پرۆگرام و په‌روه‌رده‌یه نه‌ك لایه‌نی سیاسی ، هه‌ر گۆرینی گفتوگۆكان به ئامانجی پروپاگه‌نده‌ی سیاسی زیانی زۆر به هه‌وڵه‌كانی گۆرانگاری و چاكسازی ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم ، هیچ هه‌وڵێك بۆ لابردنی وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی له خوێندنی قوتابخانه‌كان له ئارادا نه‌بوه ، به‌ڵكو هه‌وڵێك هه‌بوه بۆ گۆرانكاری ئه‌مه‌ش شتێكی زۆر ره‌وا و گونجاوه، هیچ وانه‌یه‌ك نیه هیچ پێویستی به چاكسازی و نوێكردنه‌وه نه‌بێت به‌ڵكو پێویسته به پێ هه‌ڵومه‌رج و گه‌شه‌كردن كۆمه‌ڵگا نوێبكرێته‌وه ، به‌و پێیه‌ی ئایین رۆڵێكی گرنگی هه‌یه له كۆمه‌ڵگادا پێویسته وانه‌ی ئایین و هه‌موو وانه‌كانی تریش به‌پێ پێویستی كۆمه‌ڵگا و فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی ده‌وڵه‌ت گۆرانكاری تیا بكرێت ، كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كی فره ره‌نگ و فره ده‌نگه ، نه‌ته‌وه‌ی جیاواز و ئایین و مه‌زهه‌بی جیاوازی تیایه ، كوردستان كه‌ش و هه‌وای ئازادی هه‌یه و ئه‌بیت ده‌رفه‌تی ئازادی ویژدان ده‌سته‌به‌ر بیت، ئه‌بیت وانه‌ی په‌روره‌ده‌ی ئایینیش گونجاو بیت له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌دا ، ناكری ئایین ناكۆكی هه‌بیت له‌گه‌ڵ فره‌یی مه‌زهه‌ب و ئایینی كوردستان ، ناكری گیانی ته‌كفیر و دوژمنكاری په‌ره پێبدات ، ئه‌مه مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه و دژ به فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی حكومه‌ته له ئیستادا زۆر گرنگه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و هه‌موو مرۆڤێكی شاره‌زا و به‌رپرسیار له په‌روه‌رده به‌رده‌وام بن له هه‌وڵه‌كانیان بۆ گۆرانكاری و چالاكسازی له وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئایین ، نابیت هه‌وڵی هه‌لپه‌رستانه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن كه ئه‌یانه‌وی ئایین و سۆزی ئایینی ئیستغلال بكه‌ن بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ ، نابی هه‌وڵی ئه‌م جۆره كه‌سانه ساردمان بكاته‌وه له هه‌وڵی گۆرانكاری و چاكسازی له سیستمی په‌روه‌رده و له ناویشیاندا وانه‌ی په‌روره‌ده‌ی ئایینی خاڵێك له‌م پرۆسه‌یه‌دا زۆر جێگای سه‌رنجه ، سیستمی په‌روه‌رده له هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه ، كیشه كه‌می قوتابخانه و نه‌بوونی شوین و ناوه‌ندی پێویستی خوێندن كه زۆر جار قوتابیان ناچار ئه‌بن سێ ده‌وام بكه‌ن ، نه‌بوونی قوتابخانه كه زۆر جار ناچار ئه‌بن به رێگایه‌كی دوور ببرن بۆ گه‌یشتن به قوتابخانه‌یه‌ك، نه‌بوونی پێداویستی خوێندن ، گه‌لێك كیشه‌ی قورس له بواری په‌روه‌رده ، به‌ڵی ئه‌وه راسته حكومه‌ت به‌رپرسیاره له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه ، به‌ڵام خێره فراكسیۆنێكی په‌رله‌مانی له ئاست ئه‌م هه‌موو كێشه گه‌وره‌یه‌دا بێده‌نگ بێت و قسه‌یه‌ك پرۆژه‌یه‌ت نه‌بیت بۆ چاكسازی ، به‌شدارییه‌ك نه‌كه‌یت له باشتركردنی دۆخی په‌روه‌رده و قه‌یرانه كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی ، بیر له‌و هه‌زاران مناڵی كورده نه‌كه‌یته‌وه كه له خوێندن دابراون ، به‌ڵام ته‌نها و ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی گۆرانكارییه‌كی ساده‌ی ناو په‌روه‌رده‌ی ئایینی هه‌ڵای راگه‌یاندن به‌رپا بكه‌یت و بته‌وێ كه‌ڵكی سیاسی لێوه‌ربگریت خه‌ڵك فریو بده‌یت و ریگریش دروست بكه‌یت له ئه‌نجامدانی هه‌ر گۆرانكارییه‌ك كه پێویسته بۆ كۆمه‌ڵگا. پرسێكی گرنگ كه پێویسته هاوشانی گۆرانكاری له‌ناو سیستمی په‌روه‌رده بجوڵێنرێت ، ئه‌وه‌یه وانه‌كانی تری ناو پرۆگرامه‌كانی خوێندن یارمه‌تیده‌ر بن بۆ دروستكردنی تاكێكی بیركه‌ره‌وه ، یارمه‌تیده‌ر بن بۆ ئه‌وه‌ی تاكه‌كه‌س عه‌قڵێكی كراوه‌ی هه‌بێت و توانای ره‌خنه‌گرتن له خۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنی عه‌قڵی هه‌بێت بۆ دیارده و روداوه‌كان ، وانه‌كانی زانست ، مێژوو ، په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی ، ئه‌مانه وانه‌ی گرنگن كه پێویسته هه‌م ناوه‌رۆكی وانه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك دابریژرێن كه توانای فكر و عه‌قڵ له مرۆڤدا گه‌شه پێبدات ، نه‌ك عه‌قڵی مرۆڤ بكات به میمۆری مه‌علومات ، نه توانیت رۆڵ ببیت له هه‌ڵسه‌نگاندنی خودی و توانای بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ ، وێرای گرنگی ناوه‌رۆكی وانه‌كان خاڵێكی دیكه‌ش كه زۆر گرنگه بریتیه له توانای كادری په‌روه‌رده‌یی ، لیهاتووی مامۆستایانه له وتنه‌وه و گه‌یاندنی ناوه‌رۆك و په‌یامی زانستی وانه‌كانه ، هه‌تا ئه‌و ئامانجه زانستیه‌ی كه پێویسته بگات به خوێندكار وه‌ك خۆی بگات ، ئامانجی زانستیش دروستكردنی توانای عه‌قڵیه له مرۆڤدا كه بتوانیت رۆڵی هه‌بێت له گه‌شه‌پێدان و بیركردنه‌وه‌ی زانستیدا بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌بێت به‌رده‌وام خوڵی هوشیاری زانستی بكرێته‌وه ، هه‌روه‌ها چاودێری ئاستی هوشیاری مامۆستایان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت به چ ئه‌ندازه‌یه‌ك رۆڵیان هه‌یه له گه‌شه‌پێدانی توانای زانستی و له توانای بیركردنه‌وه‌ی خوێندكاره‌كان ، هه‌تا مامۆستا به شێوه‌یه‌كی گونجاو به‌و ئه‌ركه په‌روه‌رده‌ییه‌ی هه‌ڵ،ه‌ستی و ئاستی فكر و عه‌قڵی ره‌خنه‌گرنه و بیركه‌ره‌وه له خوێندكاردا گه‌شه‌پێنه‌دات هه‌یچ وانه‌یه رۆڵی خۆی نه‌بینیوه و ئامانجی خۆی به‌دینه‌هێناوه ، بۆیه زۆر گرنگه له‌م روانگه‌یه‌وه به جدی كاری بۆ بكرێت و جێگای بایه‌خی دام و ده‌ڤای په‌یوه‌ندیدار بێـ ، هه‌ر مامۆستایه‌ك سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و ئه‌ركه زانستیه‌دا ئه‌وا پێداچوونه‌وه به ئه‌رۆك و رۆڵیدا بكرێت به‌ریگه‌ی جیاواز هانبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی چالاكتر بكریت و رۆڵی خۆی ببینیت
شوان قلیاسانی لەدوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆ‌ڤیەت لەساڵی ١٩٩١وە، ئەمریکا تاکە هێزی بێ ڕکابەری جیهانە لەبواری ئابوری و سەربازیدا. ئەم باڵادەستیەی ئەمریکا دوای بەهێزبوونی چین لەڕووی ئابورییەوەو دروستکردنی تۆڕە ڕێگای پشتێنەی ئابوری (Economic Build) کە لەساڵی ٢٠١٤ بۆ بەستنەوەی ئابوری چین بەدنیاوە دەستیپێکردووە، خەریکە ئەمریکا دەکاتە زلهێزی خاوەن ئابوری دووەم لە جیهاندا. دوای خێزانی ڕاجاپاسکای سەرۆک وەزیرانی سریلانکا، کە ماوەی ٢٠ ساڵە سامان و سەروەتی وڵاتەکە بۆ خزمەتی خۆیان، برسیکردنی گەلی سریلانکا بەکاردەهێنن (تەنها لەبەرئەوەی خۆیان بەڕزگارکەری سریلانکا دەزانن لەدەستی تامیلەکان) کێ قوربانی ململانێی چین و ئە مریکایە..؟ ئەمە دوای ئەوەی تاکە ڕێگەی دەریایی خواروی چینی کە لەژێر دەسەڵاتی چیندا مابوو کە ڕێگەی (چین- بۆرما –سریلانکا)و لە سریلانکاوە بەدوو ٢ ڕێگا، ڕێگای یەکەم بۆ خلیجی عه‌ره‌بی و فاوی عێراق و تورکیا‌و ئەوروپا، ڕێگای دووەم بۆ مۆمباسا لە کینیاو جیبۆتی و میسر‌و یۆنان و ئەوروپا، لەو تۆڕە ڕێگایانەی کە بە پشتێنەی ئابوری (Economic Build) دەناسرێت لەساڵی ٢٠١٤وە چینییەکان هەوڵی بۆدەدەن بۆدەستبەسەراگرتنی ئابوری جیهان، بکەوێتە ژێردەسه‌ڵات و نفوزی ئەمریکاو، ڕاجاپاسکای سریلانکا ببێتە سێهەم قوربانی ململانێی ئابوری ئەمریکاو چیین. یەکەم قوربانی سەرۆک وەزیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی بوو دوای سەردانەکەی لەساڵی ٢٠١٩دا بۆ چین و، واژۆکردنی ڕێکكەوتنی گەورەو درێژخایەن لە بواری نەوت و وەبەرهێنان و بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابوری لەعێراقدا. دووەم قوربانی عیمران خانی سەرۆک وەزیرانی پاکستان بوو دوای پاڵپشتیکردنی بۆ ڕوسیا دژی ئۆکرانیاو ڕێکكەوتن و دروستکردنی ڕێگای ئابوری لەچینەوە بۆ بەندەری جوادری پاکستانی لەسەر زه‌ریای هیندی و لەوێوە ڕێگەیەکیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەستنەوەی بە ئەوروپاوە و رێگەیەکی تریش بۆ ئەفریقا. دوای ئەم هەوڵانە (بایدن) سەرۆکی ئەمریکا بۆ دوو مەبەست سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. یەکەم ئیجبارکردنی ئێران کە دۆست و هاوجەبهەی چینە بەواژۆکردنی (ڕێکكەوتنی ئەتۆمی) ئەوەش لەڕێگەی دروستکردنی جەبهەی دیفاعی عەرەبی (ناتۆی عەرەبی) یان جەبهەی دیفاعی شەرق ئەوسەتی (ناتۆی شەرق ئەوسەتی) کە ئیسرائیلیش ئەگرێتەوە. دووەم مەبەست پەیداکردنی سەرچاوەیەکی بەدیلی غاز‌و نەوتی ڕوسی بۆ ئەوروپاو ڕێگری‌کردن لە سودمەندبوونی چین لەغازو نەوتی ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست. جێگەی داخە پارتی و یەکێتی خاوەنی هەرێمی کوردوستانی خاوەن نەوت و غاز لەم هەموو ڕووداوە چارەنوسسازانەدا شەڕ لەسەر ئەوە ئەکەن یەکێتییەک یان پارتیەک سەرۆک کۆماری عێراق بێت..!
ملازمی مافپەروەر: گەرمیان خالد گڕاوی سەرەتای ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی ماددەی ھۆشبەر دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەھەم، لەوڵاتی بەریتانیا، ئینگلیزەکان بۆ یەکەم جار ماددەی (تلیاک)یان بۆ چین گواستۆتەوە، لەوکاتەدا ھیرۆین، کۆکاین و تلیاک وەک ئامرازێکی سیاسی لە دەستی دەوڵەتدا بوو، وەک چەکێکی سیاسی دژی چینیەکان بەکاریان دەھێنا، ئەمە بوو بەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر بەشێوەیەکی خێرا‌و دروستبوونی ڕێکخراو گروپی گەورەی تاوانکاری، لەوێوە بازرگانی کردن بە ماددەی ھۆشبەر بوو بە دیاردەیەکی جیھانی. ئەمریکا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی تائێستاش باجی فراوانی بڵاوبونەوەی ماددەی ھۆشبەر دەدات لە وڵاتەکەی، کە ئەمەش لە مێژویەکی دوروەوە دەستپێدەکات، لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەم سەربازی ئەمریکی لە ڤێتنام ئاڵودەی ھیرۆین بوو، ساڵێک دواتر لە گوتارێکی مێژویدا، ٣٧ تەمین سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا (ریچارد نیکسۆن) شەڕی دژی ماددەی ھۆشبەر ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستاش ئەمریکا گەورەترین بازاڕی ماددەی ھۆشبەرە بەجۆرێک ڕێژەی بازرگانان لە دکتۆری ددان زیاترە لەو وڵاتەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لەئەمریکادا لەھەڵکشاندایە بەشێوەیەک بەپێی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و نەھێشتنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا (CDC) تێکڕای مردن بەھۆی ماددەی ھۆشبەر لە ساڵی ٢٠٠٠- ٢٠١٦ بە نزیکەی ١٣٦٪ زیادیکردووە. ئەمڕۆ بازرگانی ماددەی ھۆشبەر یەکێکە لە گەورەترین بازرگانییە جیھانییەکان، وەک گەورەترین کێشەش دەبینرێت بۆ کۆمەڵگاکان، لە جیھاندا تێکڕای سەرمایەی بەگەڕخراو لە بازرگانی ماددەی ھۆشبەردا دەگاتە نزیکەی چوارسەد ملیار دۆلار، کە دەکاتە ٨٪ی کۆی گشتی بازرگانی لە جیھان و تێکرای بەکارھێنەرانیشی دەگاتە نزیکەی ١٩٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا. کوردستانیش پشکی گەورەی بەرکەوتووە لەبابەتی بازرگانی و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، بەجۆرک چینێک بەکاریدەھێنن کە ئاستی ھۆشیاری و پەروەردەیان لە ئاستێی ھێندە نزمدایە کەنازانن لێکەوەتە خراپەکانی چین؟ و کاریگەریان چیە؟ جیا لەوەش درکیان بە قەدەغەی و ترسناکی ماددە ھۆشبەرەکان نەکردووە، ئاشناییان نیە، بەوەی گیرۆدەبوون بە ماددەی ھۆشبەر وڵامدانەوەی فیزیۆلۆژیکی جەستەیە بە کەڵک وەرگرتنی دووبارە لە ماددە ھۆشبەرەکان. ئەمەش چەندین ھۆکار لەخۆی دەگرێت: کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار بە بڵاونەکردنەوە ھۆشیاری، نەگەیاندنی پەیامی ترسناکی ماددەی ھۆشبەر بە کۆمەڵگا و ھۆشیار نەبوونی خێزان و پەروەردەی ناتەندروست، ئاسانی لە بەدەستھێانان و بەکارھێنان و بڵاوبوونەوەی گرووپی جۆراو جۆر لە ژێر ناونیشانی نەمانی خەمۆکی و چوونە جیھانی مەستی. پێش ئەوەی کەسی بەکارھێنەر پێوەی ئاڵودەبێت دەبێت بزانێت، دوای ئاڵودەبوون نەخێزان نەژیان نەخواردن خواردنەوە، تەنانەت خەو و بیرکردنەوەش وەک خۆی نامێنێ بەڵکو تەواو ژیانی پێچەوانە دەبێتەوە، لە نیشانە دیارەکانی: دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی کێش، خەمۆکی زۆر، کەمی خواستی جنسی، ڕەشبوونی ڕەنگی پێست بەتایبەت ژێر چاو، تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی جۆراوجۆر، تێکچوون و نەمانی خەو، توشبوون بە نەخۆشی لە دڵ و سییەکان، توشبوون بە ئایدزو ھێپاتیت، لە ناوچوون و مردن. لەگەل تەواوی لایەنە خراپەکانی ماددەی ھۆشبەر، بەڵام بوونە دیاردە لەبابەتی بازرگانی و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەبینرێت لە کوردستان، بەجۆرێک لە دادگا، کەیسە ھەرە زۆرەکان بازرگانی و کێشانی ماددەی ھۆشبەرە، بۆتە عادەت لە کاتی ئاڕاستەکردنی پرسیار بەرەو ڕووی تۆمەتبار، کە زۆر جار گوێبیست دەبم لەدادوەر لەکاتی دادگایکردن، یەکەم پرساری دەیکات و دەڵێت: (بازرگانی بەماددەی ھۆشبە دەکەیت یان تەنھا بەکاریدەھێنیت). ئەمە بۆمان پشتڕاست دەکاتەوە ماددەی ھۆشبەر لە چ ئاستێکی بەرزدایە. بۆ ھەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەش ڕووبەڕووبوەنەوەی مادەی هۆشبەر قورس نیە، ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار لە ئاست بەربڵاوی دیاردەکەو مەترسییەکانی تێبگەن و کاری جدی بکەن بۆ نەھێشتنی. پشتگوێخستنی لەلایەن بەرپرسانی ھەرێم و بەئاسانی داخلبوونی بە ڕێگای قاچاغ و لە وڵاتانی دەوروبەر، ئەگەر ڕووبەڕوبوونەوەکان لە ئاستێکی پێویستدا نەبێت کار لە کاران دەترازێ.! چارەسەریش گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی قورسە لە سنورەکان بۆ کۆنتڕۆڵی سنووری بازرگانی نایاسایی، بەتایبەت ماددەی ھۆشبەر، وە سەپاندی سزای تووند‌و غرامەکردن ( پێبژاردن) بە بڕکی زۆر کە لەتوانای ماددی بەکارھێنەر یاخود کەسی بازرگانی ماددەی ھۆشبەر زۆر زیاتربێت.
د. ئومێد رەفیق ئەم سەردانەی جۆبایدان بە دیاریکراوی دوای ساڵێک دێت بە سیستەمی سیاسی لە ئەفغانستان گۆرانکاری بەسەردا هاتوو تاڵیبان دەستی بەسەر خاکی ئەفغانستاندا گرت ، دوای ئەوەی ئەمریکا تەواوی سوپاکەی لە ئەفغانستان کشانەوە ، کە ئەمریکا قوربانییەکی زۆری مرۆییی ودارایی لە گۆڕیندا خەرج کرد. زۆربەی بۆچونەکان لەساڵی رابردوا باسیان لەوە دەکرد کە ئەم روداوە پاشەکشەیەکی رون و ئاشکرای نفوزی ئەمریکیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەورەبونی نفوز و کاریگەری وڵاتانی ترە. یاخود کۆتایهاتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمریکا ئەو گرنگیە ستراتیژییەی نییە. پەیامی یەکەمی ئەم سەردانە جگە لە وەی بایدن لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی واشتن پۆست رونییکردۆتەوە کە باس لەوە دەکات دەستپێکردنەوەی وەرزێکی تازەی ڕۆڵی ئەمریکایە لە ناوچەکە ، بە مانای ئەوەیە پەیامی یەکەمی ئەوەیە هێشتا ناوچەکە لە ستراتیجی ئەمریکادا گرنگی خۆی هەیە و ناوچەیەکی زیندوی ستراتیژییە. هەروەها باس لەوەش دەکات کە ناوچەکە بەشدارییەکی کارای هەیە لە پاڵپشتیکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، دەیەوێت ئەوەش بڵێت کە ناوچەکە لە ئێستادا زۆر ئارامترە لە کاتی ئیدارەی پێشوو. لەم وتارەدا زیاتر جەختی لە دوو بنەمای سەرەکی کردوەتەوە ، ئەوانیش کاری دبلۆماسی( ڕێکەوتن ، دروستکردنی هاوپەیمانێتی ، بونیادنی هاوبەشی لە بەرگری ، ووزە)، هەروەها بنەمای دووەم کاری هاوکارییە( ئاشتی ئیسرائیل، ڕێکەوتنی نوێ بۆ هاوکاری فەلەستین، پاراستنی ئاسایشی کەنداو، دورکەوتنەوە لە جەمسەری رووسی ـ ئێرانی، چارەسەرکردنی ململانێکانی یەمەن) . سەردانەکە لە کاتێکدایە دوو روداوی گەورە لە جیهاندا ئەجوڵێت کە دووەمیان دەرئەنجامی روداوی یەکەمە، ئەوانیش شەڕی ئۆکراین ، پاشان بەرزبونەوەی نرخی وزەو مەترسی لەسەر ئاسایشی ناتۆ‌و ئەوروپا، ئەم دوو روداوە ئەگەر بۆ ئەوروپا مەترسیەکانی گەورە بێت بۆ ئەمریکاش مەترسی گەورەی هەیە، چونکە ئاسایش و ئاشتی جیهانی خستۆتە مەترسیەوە. بۆ بایدن ئەم روداوانە گرنگیەکی تری هەیە ، ئەویش بابەتی هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەی ئەمریکی پێ دەوترێت، بۆیە بۆ بایدن ئەم هەنگاوانە گرنگن، یاخود بەلانی کەمەوە ئەم هەنگاوانە ناونیشانی ئەم قۆناغەن: یەکەم: دابەزینی نرخی ووزە لە جیهاندا چونکە روسیا لەم ڕێگەیەوە ، بوەتە هۆی تێکدانی باڵانسی نرخی و هاوردەکردنی ووزە. تەنها ڕێگەش لەبەردەم بایدن قەناعەتپێکردن و فشارخستنە سەر سعودییە و دەوڵەتانی کەنداوە بۆ زیاتر ناردنە دەرەوەی ووزە. دووەم: گێرانەوەی باڵانسی هێز و پیاچونەوە بە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ سعودییە، چونکە بایدن لە سەرەتای بانگەشەو سەرۆکایەتیەکەیدا خۆی بەدوور ئەگرت لە قسەکردن و بینینی محمد بن سەلمان و سیاسەتی دەرەوەی سعودیە ، بەڵام لە ئێستادا بۆ رازیکردنی ئیسرائیل و سعودیە بۆ یەکەمجار فڕۆکەی سەرۆکی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بەرەو ریاز ئەفڕێت.ئەمەش دیوی دووەمی سیاسەتی نوێی دەرەوەی ئەمریکایە ، کە پاش قۆناغێکی چوار دەیەیی لە پەیوەندی و هاوکاری کاری هاوبەش و دبلۆماسی ناکرێت سعودیە بکرێتە نەیارو پەراوێز بخرێت. سێەم : بۆ ئەمریکا ئم دۆخەی ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و حکومەتێکی لاوازی وەکو فەڵەستین هەیە، رەنگە باشترین دۆخ بێت، بۆیە بایدن هیچ دەست پێشخەرییەکی ئەوتۆی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین پێ نابێت ، جگە لەسەردانی هەردوو لا. چوارەم: دروستکردن و هاندانی دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ زیاتر لەیەکتر نزیکبونەوە، بەتایبەت ئەوانەی نەیاری ئێرانن، ئەمەش پەیامێکی راستەوخۆیە بۆ ئێران کەلە جەنگی ئۆکراین پشتگیری لە رووسیا دەکات. رەنگە یەکێک لە هەوڵەکانی نزیکردنەوەی دروستکردنی هاوپەیمانیەکی سەربازی بێت لە نێوان وڵاتانی نەیاری ئێران ، بۆیە سەرچاوە رەسمیەکانی ئێران ئەم سەردانە بەسەرهەڵدانەوەی فەوزا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست وەسف دەکەن. پێنجەم : بەشداریکردن لە کۆنگرەی گروپی( ئای ٢ ی‌و ٢) بە ئامادەبونی سەرۆکی وڵاتانی هندستان و ئیسرائیل و ئیمارات، کە یەکێک لە و گروپانەی ئامانجیان ئاسایشی خۆراک و هاوکاری نێودەوڵەتیە. شەشەم: لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بەشداری لە کۆبوەنەوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو دەکات، کەئەم کۆبونەوەیەش بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر پێشهاتە ئابوری و سیاسیی و ئەمنیەکانی دوای شەڕی روسیا ئۆکراین، عێراقیش بەشدارە لەم کۆبونەوەیە. حەوتەم: عێراق لە ئەجێندای ئاشکرا‌کانی سەردانەکەی بایدندا نییە، رەنگە خوێندنەوەی جیاواز هەڵبگرێت، لەلایەک رەنگە لە روانگەی ستراتیژی ناوچەکە عێراق نەتوانێت ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت لە کاریگەری لە سەر سیاسەتی ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە، لەلایەکی ترەوە رەنگە، بەهۆی یەکلاینەبونەوەی حکومەت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ کابینەی تازەی حکومەت رەنگە لەم قۆناغەدا نەتوانن مامەڵەی هاوسەنگ لەگەڵ دۆخەکە بکەن، بەڵام رەنگە ئەو تەفسیرەیەی کەوا لێک بدرێتەوە کە عێراق پەراوێز خراوبێت لەسەردانەکە، راست نییە، چونکە لەماوەی مانگی پێش‌و ئاستی دبلوماسی وڵاتەکەی لە نوێنەرایەتی لە عێراق بەرزکردەوە، ئەوەش واتای گرنگی عێراقە بۆ ئەمریکا.
فارس نەورۆڵی ئەم بابەتەم گشتاندن نیە بۆ کۆی میدیا یاخود میدیاکار، بەڵام کەمن ئەوانەی ئەرکی میدیایی خۆیان جێبەجێ دەکەن. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو ووتە باوەی کە دەڵێ: (میدیاکان درێژکراوەی سایک و هەست و بیرکردنەوەی مرۆڤەکانن)، بۆ تێگەیشتن لەم فەزای فەوزایەی میدیای کوردی ئەو ووتەیە بنەمایە بۆ تێگەیشتن لە هەموو جۆرەکانی میدیا. ئەرکی میدیا هۆشیار کردنەوەی خەڵکە، بەرگری کردنە لە نیشتیمان، بەهێزکردنی ئینتیمایە، دژایەتی گەندەڵییە و نیشاندانی کەم و کوڕییەکان و خستنە ڕووی ڕێگا چارەیە، نەک میدیا ببێتە ئامراز بەدەس کارەکتەرەوە بۆ شکاندنی ئەوی دیکە! ئەرکی میدیا خۆ سەرقاڵ کردنە بە کێشە گەورەکانەوە، کارکردنە لەسەر ئازارەکانی نەتەوە و دروستکردنی پرۆژەی میدیاییە لە دژی ئەو پرۆژە گەورە میدیاییانەی کە دژی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. لە کایەی فەرهەنگ و فیکر‌و ڕۆح و ئینتمادا بۆ تێک‌شکاندن و گومان خستنە سەر هەموو شت. بۆ سوککردنی مێژوو، بۆ سوککردنی سیاسەت و بۆ سوککردنی ئەقڵی کورد. کەچی بەشێک لە میدیای کوردی لەبری هێرشی پێچەوانە بۆڕێگاگرتن لەو شەڕە میدیایەی کەدژی هەرێمی کوردستان بەبەرنامە بەڕێوەدەچێت بەپێچەوانەوە خۆی خزاوەتە ئەو زەلکاوە و خۆی دژی بوەتە بەشێک لە پرۆژەکە! ئەوەی ئێستا بەشێک لە میدیای کوردی بە کۆمەڵێک کارەوە سەرقاڵە جێگای پرسیارە و جێگای گومانە! بۆچی سەرەڕای ئەو هەموو کێشە قوڵەی بۆیان خولقاندوین و خۆشمان بەشێک بووین لە خولقاندنەکەی، کەچی بەشێک لە میدیای کوردی خەڵکیان بە چییەوە سەرقاڵ کردووە. چۆن بونەتە ئامرازی شکاندنی خەڵک و وێرانکردنی دەروونی خەڵک. دیقەت بدەن لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بەشێک لەمیدیا سەرقاڵی چی بوە: ۱. ژنە مۆدێلەکان چۆن دەوڵەمەند بوون، تاتۆیان لەکوێدا کوتاوە. ۲. مامۆستا عەلی باپیر هاوسەرگیری نوێی کرد. ۳. محەمەدی حاجی مەحمود لەتەک ژنێک دەرکەوت، بەمەرجێ خۆی دەڵێ ۲٥ ساڵە هاوسەرمە. پرسیار لێرەدایە بۆچی میدیای کوردی ئێستا ئەم مەسەلە دەوروژێنێ؟ 4. پێکدادانی ئاینەکان، هانی زەردەشتی دەدا دژی دینی ئیسلام قسە بکات و لەو لاوە مەلایەک دێنێ دژی زەردەشتیەکان قسە بکات. ئەمە دروستکردنی جیاوازی نیە، ئەمە خولقاندنی گیانی شەڕەنگێزییە، ئەگینا هیچ دروست نیە دژی هیچ ئاینێک قسەی نەشیاو بکرێ. ئەگەر کەسێک قسەی ئەقڵ و فیکری هەیە ئەوە جیاوازە لە سوکایەتی. ٥. یەک ساڵ سەرقاڵ کردنی خەڵک بە خەتەنەی ئافرەتانەوە و نیشاندانی کوردستان وەک قەسابخانە! خۆ ئەگەر چەند نمونەیەک هەبێت دەکرا لەڕێگای هۆشیار کردنەوە و یاساوە ڕێگری لێ بکرێت، نەک بەو شێوازەی کە بینیمان. ٦. جێندەر بەماناکەی خۆی. نەک دروست نیشان نەدرا، بەڵکو لێرە هاتوون پیاو و ژن دەکەنە دوژمنی یەک. ۷. نەمانی باوک سالاری بێ ئەوەی لەمانای باوک تێبگەن. ۸. هەڵوەشانەوەی خێزان، هەندێ دەنگ دەڵێن با خێزان هەڵوەشێتەوە. ئاخر ئەمە ئەگەر گەمژەیی نییە چیە کە نەزانی هەڵوەشانەوەی خێزان یانی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگا و نەتەوە و کەوتنی هەموو بەهاکان. 9. دەبێ هەموو پانتایی دیموکراتی لە هەڵکەوت زاهیر داخرێ، بە مەرجێک دیموکراتی بەشێکی چاکسازییە، ئەگەر کەسێک کارێکی پێچەوانەی چاکەی گشتی و دیموکراتی کرد دەبێ هۆشیاری کەیتەوە کە هەڵەیە، نەک دەرگای دیموکراتی لێ داخەی. 10. ژنێک بەسێ گولە پیاوەکەی خۆی کوشت. کوڕێک باوکی خۆی دایە بەر گولە. ژنێک لەتەک دۆستەکەیدا پیاوەکەی خۆی ژەهر خوارد کرد. 11. بەغدا کۆنترۆڵی بیرەنەوتەکانی هەرێم دەکاتەوە. ئەمە ناشیرین‌ترین ڕستەی ساڵە، ئەگینا میدیای کام نەتەوە هەیە خۆشحاڵ بێت خاکی داگیر بکرێت، ئەم میدیا نەخۆشەی کوردستان نەبێت. تا ئێرە ئەوەی من سەیرم کردبێت لەو ساڵەدا ئەمە داهێنانی بەشێک لە میدیای کوردی بووە. بە هەموو جۆرەکانییەوە، نەتەوەیەک بەو هەموو دوژمنە گەورانەوە، بەو هەموو کێشە قوڵانەوە، بەو هەموو ئازارانەوە میدیاکەی بە چییەوە سەرقاڵی کات، چۆن ناشیرینی کات! ئەمەدەبێ خەڵکی ئاقڵ ئەو پرسیارە بکات، چی لە پشتی ئەم جۆرە لە میدیاوە هەیە. ئەم جۆرە لە میدیا کۆمەڵگای سەرقاڵ کردووە بە خوار ناوکەوە! تاک بەتاکی ئەم کۆمەڵگایە لە ژێرهەڕەشەی ئەم جۆرە لە میدیایە. بۆیە قوڕ بەسەر ئەو نەتەوەیەی ئەم جۆرە لە میدیا بیری بۆ بکاتەوە و توێژەرێکی نەبێ بیری بۆ بکاتەوە، یاخود ئەگەر هەشبێت گوێی بۆ نەگیرێ. کەواتە دەکرێ بڵێین ئەوەی بە درێژای مێژوو دوژمن بە کوردی نەکرد بەشێک لە میدیای کوردی بەڕۆحی کوردی کرد‌و تەواو ماندوی کردوە.
عەبدولڕەزاق شەریف جارێکی‌تر و لە ستونێکدا، نوسیبوم کە خۆشحاڵ نیم بەو روخان و پاشاگەردانییەی یەکێتی، وەک چۆن باخەوانێک دوای چەندساڵ خزمەتی باخچەیەک ئەکات، کەلێی دور ئەکەوێتە، بە ناخزمەتی و ناشرینی دارودرەختەکانی خۆشحاڵ نیە. لەم نوسینەشدا، شوێنی ئەوەنیە کای کۆنی مەڵۆی ساڵانی پێش‌و بەبا بکەمەوە، ناکرێ نەشیڵێم کە ساڵی دوهەزاروحەوت لەرۆژنامەی ئاوێنەدا، لە وتارێکدا نوسیم (پێویستە هەمو مومتەلەکاتی یەکێتی و سەرچاوەی داهات و پارەکانی بزانرێت و بەئامادەبونی هەموان تەسلیمی لیژنەیەکی سەرۆکایەتی بکرێت). دوای دوساڵ و لە کۆنگرەی سێ، بەئامادەبونی خۆی باسی مەرگی حەتمی مامجەلال و پاشاگەردانی دوای مردنی سکرتێری گشتیم کرد‌و هەمان پێشنیازم وتەوە. مەکتەبی سیاسی و کارگێڕ، لەجیاتی کارکردن بە پێشنیازەکانی ئێمە، غەزەبیان بەسەردا باراندین و تۆمەتی گۆڕانبونیان خستە پاڵمان و دورکەوتینەوە.! دوای چەند ساڵێک و لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیشدا، کاتێ هەمان باسی موڵکوماڵی بزوتنەوەکەمان بەنوسین و قسەی کۆبونەوەی جڤات کردەوە، تۆمەتی یەکێتیبونیان خستە پاڵمان و دورکەوتینەوە. چاوچنۆکی و تەماحی پارەو دەسەڵاتی ماڵباتی نەوشیروان مستەفا بە پشتیوانی رێکخەرو خانەکەیان، بزوتنەوەو بیری نەوشیروان مستەفای بۆ هەتا هەتایە ناشت. بەهەمان شێوە ماڵباتی تاڵەبانی بە پشتیوانی مەکتەبی سیاسی و جێگرەکانی سکرتێر، یەکێتییان روخاندو بەم حاڵەی ئێستای گەیشت. بزوتنەوەی گۆڕان سەرێکی گەورەی بێ جەستە بو! یەکێتی نیشتیمانیش جەستەیەکی گەورەی بێ سەر! بۆیە یەکەمیان کۆتایی هات و دوەمیان پاشماوەیەکی بەهێزی پەرتەوازە لە لەشکرو ئۆرگان و کادری سەر شەقامەکانی لەپاش خۆی جێهێشتوە. ئەوەی ئێستا لەدادگایە باڤڵ و پەیڕەوی کۆنگرەی یەکێتی نیە! (هەروەک چۆن سبەینێش گەر دادگایی بزوتنەوەی گۆڕان بکرێت کوڕی نەوشیروان مستەفاو دەستورەکەی نادرێن بە دادگا) بەڵکو ئەوەی لە دادگای عێراقیدایە شکۆو کەرامەتی کورد‌و مێژوی شۆڕش و شەهید و قوربانییەکانێتی ..! بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی کاری حیزبی، سیاسی و رێکخراوەیی، بۆ ئاسودەبونی ویژدان و خوێنی قوربانییەکانی ئەو مێژوە گەر بەڵێن بێت داد‌و داوەری بکرێت ! بەندەکانی دەستوری و یاسای عێراق و هەرێمی کوردستان‌مان پێویست نیە ! دروست ئەوەیە ( شۆڕشی نوێ ) بە بڕیارەکانی، پەیڕەوپڕۆگرام و گشت سەرکردە زیندو و مردوەکانیەوە لە ویژدانی گەلەکەماندا، دادگایی بکرێن. ئەو خۆڵەکەوەیەش ئەنجامی گەندەڵی و فەسادی حوکمڕانیەکەیانە، خۆیان کردویانە بەسەری خۆیاندا.
رێبوار کەریم وەلی ساڵێک بەسەر کودتای سپیی هەشتی تەمموز تێپەڕی. لەو ماوەیەدا، لە رێگەی چەند بڕیار‌و گەعدە (دیدار)ی یەکێتی، هاوسەرۆکی یەکێتی و چەند کەسێک لە سەرکردایەتی دورخرانەوەو، کوڕانی تاڵەبانی دەستیان بەسەر یەکێتیدا گرت. * ئەم ئاڵوگۆڕە ناسروشتی و دور لە پرەنسیپی حیزبیە یەکێتیی بردە بەردەم دادگای بەغداو چاوەڕێ دەکرێ لە کۆتایی ئەم مانگەدا، دادگا لەبارەی یەکێتییەوە بڕیار بدات. بڕیاری دادگا هەرچییەک و هەرچۆنێک بێت، لەو چەند حاڵەتە بەدەر نییە کە کوڕانی تاڵەبانی بە هەموو پێوەرێکی بنەماڵەیی، حزبەکە بە موڵکی خۆیان دەزانن و نایانەوێ کەس شەریکیان بێت. * لە حاڵەتێکدا کە دادگا لە قازانجی کوڕانی تاڵەبانی حوکم بدات، ئەوە ئیتر کۆتایی خەونی مانەوەی لاهور شێخ جەنگییە لەچوارچێوەی یەکێتیدا. بەپێچەوانەوە ئەگەر دادگا حوکمەکەی ئەوە بێت کە ئاڵوگۆڕەکان لەگەڵ پرەنسیپ و یاسای ئەحزابدا ناکۆکە و هەق بەلای لاهوردایە، ئەگەر زەمینەخۆشکەر نەبێ بۆ گەڕانەوەی لاهور بۆ هەرەمی دەسەڵاتی ناو یەکێتی، لانیکەمی ئەوە ئیسپات دەکات کە هاوسەرۆک مافی دەرکردنی هاوسەرۆکی نییە کە بەدەنگی کۆنگرە هەڵبژێردراوە. * بەڵام بەوەش کۆتایی نایەت؛ یەکێتی لەقەیرانی شەرعییەت و بڕیاردایە. جاران کە دوو هاوسەرۆکیش هەبوون، بە هەردووکیان ئینجاش نەدەبوون بە سەرۆکی یەکێتی، بگرە هەردووکیان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بوون. ئینجا لە سەرووی ئەو ئەنجومەنەشەوە، ئەنجومەنێکی نۆ کەسی و سەرۆکێک هەیە کە بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و بڕیارە چارەنووسسازەکان، لە هەموو ئەوانە گرنگتر دەرکردنی هاوسەرۆکێک بە فلتەری ئەواندا تێنەپەڕیوە! * ئەنجومەنی باڵا‌و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە بڕیارێکی شەخسی، هیچ رۆڵێکیان لە بڕیاردا نەماوەو کەسیش نازانێ ئەنجومەنی باڵا‌و سەرۆکەکەی، بڕیار دەدەن یان کێ سەرۆکی کێیە؟ بەپێی کۆنگرە بێت، هاوسەرۆکەکان دەکەونە ژێر حوکم و بڕیاری ئەنجومەنی باڵاوە، بەڵام ئێستا مەکتەبی خێزانی (سیاسی)ی یەکێتی و بەناو سەرۆکی یەکێتی تەجاوەزی هەموو سنورەکانیان کردووە. * بڕیاری دادگا لەبارەی یەکێتییەوە، دەبێ بۆ یەکێتییەکان گرنگ بێت. درێژەکێشانی ئەو پاشاگەردانییەی ئێستا، ئەگەر بەشێکی یەکێتیی سوتاندبێت لە داهاتوودا داوێنی ئەوانیش دەگرێ؛ دەرکەوت لە ماوەی یەکساڵدا، بەو هەموو دەسەڵات و چاوپۆشییەی کە لە کوڕانی تاڵەبانی کرا، نەیانتوانی جگە لە گۆڕینی تایتڵی خۆیان هیچی دیکە بکەن و، یەکێتیی نوێ زۆر بێ ئیرادەتر و لاوازترە لە جاران.
سالاری بازیان ڕەوشى جيهان به جۆرێك دەگوزەرێت شەڕو كوشتن، تاڵانى، داگيركارى هێزى شەڕكەر بووەته پاڵەوان و بڕياردەر، ئێستا سەرجەم گەل و وڵاتانى جيهان لەسەر ئەم مەنهەجه خۆيان تازه دەكەنەوه، ڕۆژ له دواى ڕۆژ جادووی ديموكراتى و مافى مرۆڤ و مافى گەلان بەتاڵ دەبێتەوە، شێركۆ بێكەس وتەنى؛ "وشەيەك بوو لەدەم هەڵەوەڕێكى مێژوو دەرچوو". تاك جەمسەرى لە مەرگى خۆى نزيك دەبێتەوه، جارێکی دیکە جیهان بۆ دوو جەمسەرى پڕ چەكى چاو برسی دوور لەعەقڵانيەت هەنگاو دەنێت، شەڕى غەنيمەت و پاوانخوازى گەڕاوەتەوه بۆ هەمان ئايدى سەدە تاريكەكان، بە تەكنەلۆجیاى پێشكەوتووى جیهانى سەرمايەدارى. نەتەوەیەکگرتووەکانيش هاوشێوەی عەسبەتولئومەم، ڕۆڵى ڕێكخراوێکى خزمەتگوزارى دەبينێت و تاريخى مەسرەفى وا بە سەر دەچێت. سەرجەم دەوڵەتەكان لەخۆ ئامادەكردندان بۆجەنگێک كە له ئۆكرانيا جاڕ دراوە و درێژه دەكێشێت و دەبینین چوارچێوەى ناتۆ فراوانتر دەبێت، وڵاتانک، كە قەڵای ديموكراتى بوون جارێکی دیکە گۆڕەپانەكە پڕ دەكەن لە چەكى مرۆ كوژ، ئەوەى پێشبينى كراوه، كورديش لە ناو ڕيزبەندى ئەم هاوكێشانەدا دابەش دەبێت، پێدەچێت خاك و خەڵكەكەى سووتماکی جه نگبن و له نێوان زلهێزەكاندا دابەش بن و تانوپۆى ئەم دۆخەش بەڕوونى دەبينرێت. پێکنەهێنانى حكومەتى نوێی عيراقيش بەستراوەتەوە بەم پێشهاتە سياسيیەوە نەك كێ سەرۆك كۆمارە و كێ سەرۆك وەزيرانه، باش‌ترين هۆكاريش، بەم بيانوه ماڵى شيعى، ماڵى كورد شێواوترو لێکترازاو تر دەكات، عيراق ڕاهێنەرەكانى كه له دەرەوەى گۆڕەپانەکەن، ئەوان بڕيار دەدەن كێ يارى بە كێ بكات و كێ بكاته یەدەگ، لەدەست عيراق و خەڵكەكەشيدا نیيە، ئيتر كۆبوونەوەكان لە تەوێڵه بن يان لە ئەنقەره فەرق ناكات... كورد وتەنى؛ بابێ و باران، لە بەفر كەمدەبێتەوە. بەديوێكى تردا دەبێت ئەو ڕاستيیە بزانرێت لەناو ئەم كێشمە كێشە جيهانیيه دا، ئێران بيانوى هەژموونگەرایى ئیسرائيلی هەیە، سەرەڕای كاريگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر وڵاتانى تر و بە تايبەت عيراق، مەرجەكانى توركياش بۆ ئەمريكا و ناتۆ ڕاسته ئەوەى سەر مێزەکە پەکەکە و ڕۆژئاوایە، وەلێ ژێر مێزەکە موسڵ و كەركوك لە خۆدەگرێت. گەرچی هەندێك لەمەڕ نووسەر و سياسى كورد ڕیوایەت دەدەن بەوەى توركيا بيانوى هەيه بۆ پەلاماردانى هەرێمی میدیا، بەڵام دەبێت بيانوى پەلاماردانى موسڵ و كه ركوكيش بە دەليلى ئەوەى خاكى دێرينى ئيمپراتۆرەکەیيان بووە بەرچاو بێت، تا حاڵى حازر، لە بودجەى توركيادا شتێ له "ليره" دادەنرێت بۆ ويلاتى موسڵ، واته دووبارە كورد له بەرداشى توركيا و ئێراندايە، لەم دنيا بينيیەوه دەبێت هێزه كوردیيەكان خۆيان بۆ داهاتوو ئامادەبكەن و لەبازنەى پۆست و ماددە و ڕکابەری دەروونی خۆيان ڕزگار بكەن، دەنا داهاتوويان له ڕابردوويان گەشاوه تر نابێت و کوردەی خێر لە خۆنەدیویش لە هەردوو جەژنەکە دەبێت، "هەرچەندە بووە".
لوقمان مستەفا سالح ئەگەرچی پەرلەمانی كوردستان لە یەكەم خولی خۆیدا لە ساڵی 1992 یاسای قەدەغەكردنی چەكی دەركردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو یاسایە وەک پێویست جێبەجێ نەكراوە، ئەمە لە كاتێكدا تەواوی ڕێكخراوە مەدەنییەكان بەردەوام داوای قەدەغەكردنی ئەو دیاردەیەیان كردووە. ھەروەھا پێش سێ‌ساڵ واتە لەساڵی ٢٠١٩ وە «وەزارەتی ناوخۆی حكومه‌تی ھەرێمی كوردستان، لەبارەی داماڵینی چەك چەند بڕیارێكی ده‌كرد . له نووسراوێكدا كه خاڵی بریاره‌كانی تیادا بڵاو كراوه‌ته‌وه، ڕایده‌گه‌یه‌نێت. بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6)ی ساڵی 2009 و بەپێی یاسای چەك ژمارە (16)ی ساڵی 1993، بە مەبەستی نەھێشتنی دیاردەی چەكداری بە تایبەت چەكی قورس و مام ناوەند و ھێشتنەوەی ئەو چەكانە تەنھا لە دەست ھێزە چەكدارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیارماندا بە: یه‌كه‌م: داماڵینی گشت چەك و تەقەمەنی جگە لە دەمانچە و كلاشینكۆف. دووه‌م: دەست بەسەرداگرتنی ئەو چەكە بێ مۆڵەتانەی كە لەلایەن ھاووڵاتیان ھەڵدەگیرێت و گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەریان. سێیه‌م: لە سەنتەری ھەر پارێزگا و قەزا و ناحیەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس و ئاسایش بنكەی كۆكردنەوەی ئەو چەكانەی رادەست دەكرێن یان دەستی بەسەردا دەگیرێت كۆدەكرێنەوە و لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە جەرد دەكرێن و رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێن. چواره‌م: لە رێگای دەزگاكانی راگەیاندن ئاگاداری گشت ھاووڵاتیان دەكرێت ئەوانەی دەمانچە و كلاشینكۆفی بێ مۆڵەتی ھەیە لەو بنكانە تۆماری بكەن و ئەو چەكانەی كە لە بڕگەی (1)ی سەرەوە ئاماژەی پێكراوە رادەستی بكەن. پێنجه‌م: ئەم بەیانە لە رۆژی دەرچوونی كاری پێدەكرێت بۆ ماوەی 6 مانگ. شه‌شه‌م: دوای كۆتایی هاتنی ماوه‌ی كه له بڕگه‌ی پێنجی سه‌ره‌وه دیاریكراوه، هه‌رچه‌كێك ده‌ستی به‌سه‌ردابگیرێت، خاوه‌نكه‌ی به پێی یاسای چه‌ك ڕه‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێت . حه‌وته‌م: ئه‌م بابه‌ته له رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی كوردستان بڵاو ده‌كرێته‌وه.» ھەڵبەتە دیاردەی چەك هەڵگرتن بەڕێپێدراو و بێ مۆڵەتەوە، بە هەموو شێوەکانیەوە، کارەساتێکی وای خوڵقاندوە، هیچ کەسێک لە هەرێمی کەردستان نەتوانێت بە ئاسودەیی ژیان بگوزەرێنێت، چونکە زۆربەی ئەو تاوانانەی ئەنجامدە درێن، لە رێی چەکەوەیە و تائێستا نەتوانراوە پێشی لێ بگیرێت، دوبارە بونەوەی تاوانەکان وای کردووە هاوڵاتیان متمانەیان بە دام و دەزگا تایبەتمندەکان نەمێنێت. هەندێک لە یاساناسان پێیانوایە دەبێت یاسای قەدەغەکردنی چەک دووبارە لەپەرلەمان هەموار بکرێتەوە، بەڵام بە پێجەوانەوە هەندێکیان رایان وایە حکومەتی هەرێم دووبارە پێویستی بەیاسای قەدەغەکردنی چەک نییە، چونکە ئەو یاسایە، کەموکوڕییەکی ئەوتۆی نییە. یاسای مۆڵەتدان و قەدەغکردنی چەک وەک هەموو یاساکانی تر حکومەت کاری لەسەر نەکردووە، ئەمەش بۆ کەمتەرخەمی حکومەت دەگەڕێتەوە، چونکە وەک ئاماژەمان پێ‌کرد یاساکە کەموکوڕییەکی وای نییە، ئەگەر کەسانێک لەپەرلەمان یاخود یاساناسان پێیان وابێـت، کەموکوڕی لە یاساکەدا هەبێت. چەک هەڵگرتن یان هێشتنەوەی چەک لەماڵەکاندا دیاردەیەکی بەرچاوە و ئەو کەسانەش کە چەک هەڵدەگرن، راستە زۆربەیان مۆڵەتی یاساییان نییە، بەڵام ئەوانەشی کە مۆڵەتی یاساییان هەیە لەکات ودەرفەتی گونجاو‌دا هەمان تاوانی پێ ئەنجام دەدەن. دیاردەی چەک هەڵگرتن یان هەڵگرتنی چەک و هێشتنەوەی لەماڵەکاندا دەکرێت زیاتر بۆ شەڕی ناوخۆ بگەڕێنینەوە، چونگە ئەوکات شارەکان جێگای دڵنیایی خەڵک نەبوون، لەبەرئەوەی شەڕی نەگریسی ناوخۆ وای کردبوو، کە خەڵک متمانەیان بە حکومەت نەبێت،هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی سەقامگیربونی ئاشتی لەهەرێم، دیاردەی چەک هەڵ گرتن کەمێک بەرەوکاڵ بونەورۆیشت،بەڵام لەگەڵ شەڕ فرۆشتنی داعش بەکوردستان، جارێکی‌تر ئەودیاردەیە سەری هەڵدایەوە. هەرچەندە قەدەغەکردنی چەک بەپێی یاسا بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەگەڕێتەوە، "بەپێی یاسای چەک بەماددی 29 بەهەموو شێوەیەک چەک قەدەغەیە. بەڵام زیاتر بەپێی مادەی (21) لەیاسای چەک، سزا بۆ ئەو کەسانە هەیە، کە مۆڵەتیان نییە و چەکی ئاگرینیان لەژێردەستدایە، سزاکەش بریتییە لە "بەندکردن کە لەیەک ساڵ کەمتر نەبێت، غەرامەی مادیشی لەگەڵ دەبێت"، بەڵام تائێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، وەک پێویست کار بەو یاسایە نەکراوە، بەڵکو زیاتر رووی لە سزای دارایی بوە، وەک لەوەی سزای بەندکردنی بەسەردا بسەپێنێت. هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆ نکۆڵی لەوە ناکات، خەڵک بەبێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن، خۆیان گوتەنی لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێمیان لەبەرچاوگرتوە، بەڵام کەم تا زۆر ڕوبەروی ئەودیاردەیە بونەتەوە، بەڵام وەک پێویست نەیان توانیوە هەندێ رێکاری یاسایی بگرنەبەر، هەندێ جاریش روبەروی کێشەی زۆر بۆنەتەوە، لەبەرئەوەی زۆربەی ماڵەکان چەکیان هەیە، تەنانەت ماڵی وا هەیە چەکی قورسی وەک بیکەیسیشی هەیە، ئیتر چۆن بتوانرێت ئەو بارودۆخە چارەسەر بکرێت؟ ئەو کەسانەشی چەک هەڵدەگرن، هەریەکەیان سەر بەحزبێکن، حزبەکانیش هەموو پاسەوانیان هەیە. لەماددەی 16ـی یاسای چەک هاتووە، "بەهەموو شێوەیەک بازرگانیکردن بەچەک قەدەغەیە"، بەڵام بازاڕی چەکفرۆشتن لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا هەیە، بەڵام دەزگا ئەمنیەکان دەڵێن لەلایەن ئێمەوە کۆنتڕۆڵ کراون و لەژێر چاودێریدان، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەشوێنی چەکفرۆشەکانی کوردستان هەن، ئەگەرچی چەک فرۆشتن لەلایەن دەزگای ئاسایشەوە سنووردار کراوە و بەردەوام لە ژێر چاودێریدایە ، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە ئاسایش بزانێـت کێ چەک دەفرۆشێت و کەسی چەککڕیش ئەو چەکەی بۆچییە، بەڵام ئەو کەسانەی گەر نەیانەوێـت ئاسایش پێیان بزانێت، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکەن، دەچن لەدەرەوەی بازاڕی چەکفرۆشەکان، مامەڵەی خۆیان ئەنجام دەدەن. وەزارەتی ناوخۆ نکۆڵی لەوە ناکات بازاری چەک فرۆشی نەبێت، بەڵام ئەوە رەت دەکاتەوە بەمۆڵەتی ئەوان ئەو بازاڕە کرابێـتەوە، لەو جێگایانەی بەئاشکرا چەک دەفرۆشرێت و بازرگانی پێوە دەکرێت، بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆیان نییە و هەموویان بەقاچاخچێتی دەیکەن. چەند جارێک هەوڵی ئەوە دراوە ئەو دیاردەیە نەمێنێت، بەڵام وەک خۆی لێ هاتۆتەوە، بەڵام ئەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەهەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بەچەک هەتا ئەو چەکانەش کە بۆ راو بەکار دەهێنرێت، دەبێت مۆڵە تیان هەبێ. بەپێی یاسا ئەرکی قەدەغەکردنی چەک لەئەستۆی وەزارەتی ناوخۆیە و وەزارەتی ناوخۆ بێتوانایی خۆی نیشان دەدات، بۆ قەدەغەکردنی چەک ، چونکە پێویستیان بەپشکنین هەیە، بەڵام ناتوانن پشکنینێکی گشتی لەشارەکانی کوردستان بکرێت، چونکە کەم ماڵ هەیە چەکی نەبێت، لەبەر ئەوە ناتوانرێت ئەو پشکنینە ئەنجام بدرێت، بەهۆی بونی چەك هەڵگرێکی زۆرە و هەرکەسە و سەر بەحیزبێکە و حیزبەکەی پشتگیری لێ دەکات، هەر بۆیە بنبڕکردنی دیاردەی چەک هەڵگرتن بە قسەکردن زۆر ئاسانە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی گرانە،هەندێکی بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی ودوژمنداریەوە،هەندێکیشی بەهۆی پاڵپشتی کردنی هەندێ لە لێپرسراوان لە کەسانێک کە بۆ کاری تایبەتی خۆیان دەگەرێتەوە.!! بوونی دیاردەی چەك شكۆی یاسا دەشكێنێت و هەیبەتی ناهێڵێت، بازرگانی ڕەش بەچەكەوە دروست دەبێت و لە دەرەنجامدا ژیانی مەدەنی لە كۆمەڵگەدا دەسڕدرێتەوە.لەو بارودۆخەشدا خەڵكی وا هەست دەكەن نە دامودەزگە یاساییەكان هەیبەتیان هەیە و نە دامودەزگە مەدەنییەكان چالاكییان پێ دەكرێت، نە متمانەشیان بە پۆلیس و ئاسایش دەبێت تا ژیانیان بپارێزێت، واتا روانینێكی نایاسایی و نامەدەنی و سەربازیی لا دروست دەبێت كە پێی وایە تەنیا بە چەكەكەی خۆی، خۆی پێ دەپارێزرێت". بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ووشیاریی خەڵکەکە زۆر گرنگە کە بزانێت ئەو چەکەی بۆچییە، ئایا بۆ بەرگری کردنە لەخاکی نیشتیمان، یان بۆ بەرگریکردنە لەخۆپاراستن‌و هەردەست درێژیەک کە بۆ بەرگریکردنی رەوایی لەخۆی‌و سەروماڵی، چونکە ئەگەر سەیری رابردو بکەین، ئەو کاتانەی گەلی کورد دەچەوسایەوەو ستەمی لێ دەکرا، ئەوکات بە ئاواتەوەبوین هەمو ماڵێک لەگوندەکان چەکی هەبێت، بۆئەوەی لەکاتێک کە حکومەت هێرشی بۆبهێنابایە، ئەوان بەرگریان لەشەرەف‌و کەرامەتی خۆیان بکەن، بەڵام بۆ ئەم زروفە نابێت، بۆیە لەئێستادا ئەرکی هەموو لایەکە بەراگەیاندن‌و رێکخراوەکان‌و هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایەوە ئەو دیاردەیە نەمێنێت، چونکە دیاردەیەکی ناشارستانیەو لەگەڵ ژیانی سەردەمدا نایاتەوە.
بەختیارنامیق و سەرکەوتی جیهاز. ماوەیەکە بەهۆی هەندێ بڕیاری دادگای بەغدادەوە زۆرێک لەو نوسینانە باس لە کۆتایی هاتنی هەرێمی کوردستان دەکەن و بە تایبەت بڕیارەکانی دادگای کەرخ ، ئەگەر چی ئەم بڕیارانە لە ٢٠١٠ هەیە بەڵام جوڵاندنی پەیوەندی بە ئێران و ململانێکانی ئێرانەوە هەیە لەسەر هێڵی ڕوسی بەرامبەر ئەمریکا و ئەوروپا و بە تایبەتی تریش دۆسیەی غاز و پێدایوستی عێراق بە غاز ، وە هەوڵی ئێران بۆ ئەوەی غاز نەڕوا سێ مەبەستی هەیە ، یەكێکیان خۆی غاز دەفرۆشێت بە تورکیا نایەوێ ئەم بازاڕە لەدەست بدات ، دووەمیان بەغداد کە لەگەڵ سوریا بە (کارت بە کارت) لەگەڵ تورک یاری پێ دەکات پێویستی بە غاز هەیە ، سێیەمیان نایەوێ غازی کوردی ببێتە بەدیلی غازی ڕوسی و ئێرانی ، کەواتە جگە لە بڕیارێکی سیاسی هیچی تر نیە ، تەنها گوشارە بۆ هەرێمی کوردستان نەک لە ناوچونی . بە گشتی دۆخی جیهان و ناوچەیی کەوتوەتە سەر هێڵێکی کێرڤی و بەردەوام لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە ، بە تایبەت دوای زیندوبونەوەی ورچە سپیەکەی ڕوس و گەورەبونی ئەژدیهاکەی چین و جەنگی نێوان ڕوس و ئۆکراین ، بە گشتی ئەم دۆخە جیهانیە کاریگەری لەسەر کۆی نەخشەی سیاسی و ئابوری بوە و بەردەوام لە بەرز بونەوەدایە تا ئەو ئاستەی سەرەتای کاریگەرییەکانی لەسەر هەمو تاکێکی ئەم سەرزەمینە بوە و بەردەوام گەورەتر دەبێت ، لەم ڕوانگەوە بە پێی پەیوەندی وڵاتان و ململانێی وڵاتان هەمو وڵاتێک بە پێی گۆڕانی دۆخەکە نەخشەیەکی تر لەسەر نەخشەی پەیوەندیەکانی جیهان دادەڕێژێت ، ئا لێرەوە دەکرێت بپرسین ئایا هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر کوێی نەخشەی تازە و پەیوەندیە جوڵاوەکانی ئێستای ناوچەکە و جیهان ، دەکرێت ئێمە بە دوو هەنگاو باس لە چارەنوسی هەرێمی کوردستان بکەین لەبەردەم گۆڕانکاریەکاندا ( پەیوەندی وڵاتانی ناوچە و جیهان و بەرژەوەندیەکانیان بە هەرێمی کوردستانەوە + بەغداد و هەولێر خاڵە جیاوازەکانیان و خاڵە لێکچوکانیان) پاشان بتوانین خاڵی کۆکەرەوەی کۆی وڵاتانی جیهان ڕونبکەینەوە : هەنگاوی یەکەم 🙁 پەیوەندی وڵاتانی ناوچە و جیهان و بەرژەوەندیەکانیان بە هەرێمی کوردستانەوە) ئەو وڵاتانەی کە کاریگەری پلە یەکیان هەیە لەسەر بەغداد و هەولێر تورکیا و ئێرانە ، ئەگەر چی لە ستراتیژی قوڵیاندا دژی دەوڵەتداری نەتەوەیی کوردی و دامەزراوەین ، بەڵام هەر کات گۆڕانکاری گەورە ڕوبدات و چانسی کورد بۆ دەوڵەت بون ببێت ئەم دو وڵاتە بە پلان دژی دەوەستنەوە و لە چوارچێوەیەکی خێڵەکیدا وەک میرنیشینەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن ، ئەوەش دەزانین ئەم دو وڵاتە هەم بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە هەم ململانێ ، ئەوەش دەزانین بۆ زۆر پرس و دۆسیە ( کارت بە کارت ) دەکەن لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتنە مێژوەییەکان و ڕێککەوتنە هەنوکەییەکان ، بۆیە ئێمە لەم دوو وڵاتەوە دەست پێدەکەین ، کە وڵاتان بەرژەوەندیان لە مانەوەی هەرێمی کوردستان گەورەترە وەک لەناوچونی ، دەکرێت گوشاری توند هەبێت تا ڕادەی بەکارهێنانی درۆن ، بەڵام جگە لە گوشاری توند ناکاتە ئەوەی بەرژەوەندیە گەورەکانیان لە مانەوەی هەرێم بفەوتێننن. 1. ئێران : ململانێکانی لەگەڵ هەرێم بچوکترە لە بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ هەرێم ، زۆنی سەوز لەسەر نەخشەی سیاسی خۆی دەبینێ و عێراقیش بە ناوچەی درێژکراوی خۆی دەبینێ و بۆ ئێران مانەوەی هەرێم وەک فیدڕالی سودبەخش دەبێ بۆی تا بتوانێ زیاتر لە عێڕاقدا هەژمونی خۆی بسەپێنێ ، وە بە ڕیککەوتن لەگەڵ تورکیا عێراق بۆ ئیرانە و سوریا بۆ تورکیایە ، واتا زۆنی زەرد ئەگەر چی سەر بە تورکیایە بەڵام بە کارت بە کارت هەر لە ژێر هەژمونی ئێرانیدایە ، وە بازاڕیکی باشە بۆ کاڵای ئێرانی و وە ناوچەیەکی ئارامیشە بۆ عێراق ، وە چەندین دۆسیەی تر ، بۆیە مانەوەی لە بەرژەوەندی ئێراندایە . 2. تورکیا : سودێکی گەورەی ئابوری و نەوتی بۆ تورکیا هەیە بەتایبەت زۆنی زەرد و باجێکی گەورەی نەوتی و کاڵای دەست دەکەوێت ، ئەگەر چی پەکەکە بۆ تورکیا زۆر پێویستە چونکە بوەتە چەکی بیانوەکانی تورکیا بۆ هەمو دۆسیەکان ، بەڵام گەورەنەبونی بەندە بە مانەوەی هەرێمی کوردستانەوە و وە وەک هیلالی سونیش زۆر پیویستی پێیەتی ، وە چەندین دۆسیەی تری سیاسی و سەربازی و ئەمنی. 3. ئەمریکا و ناتۆ : دوای جەنگی ئۆکراین وپاشەکشێی ئەمریکا لە زۆرێک لە ناوچەکانی دنیا وەک پێگەیەکی سیاسی و سەربازی زۆر پێویستیان بە هەرێمی کوردستان هەیە بە تایبەت لە دۆسیەی غاز و نەوتدا ، چەندین دۆسیەی تر . 4. نەتەوە یەکگرتەوەکان : وەک سەرزەمێنێکی ئارام بۆ ئاوارەکانی سوریا و عێراق زۆر پێویستی بە مانەوەی هەرێمی کوردستان هەیە . 5. چین و ڕوسیا : لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر ڕێگەی ئاورشمی و سه رزەمێنێکی دەوڵەمەندی غازی و نەوتیە و دنیایەک بەرژەوەندی گەورە تر لە ناکۆکیەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان زۆر پێویستیان بە مانەوەی هەرێم هەیە ، وە چەندین دۆسیەی تر. 6. وڵاتانی عەرەبی : عەرەب چواچێوەیەکی جدیان نیە و هەر وڵاتێکیان لە خەمی خوێدایە و نا‌وێرن زۆر بە جدی کار لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن تەنها لەسەر کۆمەڵێک ئاستی بچوک نەبێت و لەسەر کۆمەڵیک دۆسیە زۆر پێویستیان بە مانەوەی هەرێم هەیە وەک مۆدێلی خلیجی و هەم وەک هەرێمێکی ئابوری و هێمن بۆ عێراق لە چوارچێوەی فیدڕاڵی‌دا . بە گشتی خاڵی کۆکەرەوەی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی نیوان وڵاتانی دنیا بۆ مانەوەی هەرێم گەورەترە لە خاڵی لەناو بردنی هەرێم . هەنگاوی دووەم 🙁 بەغداد و هەولێر خاڵە جیاوازەکانیان و خاڵە لێکچوکانیان) دەکرێت جیاوزی و خاڵە لێکچوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر زۆر بن بەڵام خاڵی جیاوزی لە ڕوی باشیەوە هەرێم زۆرترە لە بەغداد ، با بزانین چۆن .؟؟ 1. لە ڕوی ئەمنیەوە بۆ هێزە دژەکان هەرێم لە بەغداد باشترە . 2. لە ڕوی ئازادی ڕۆژنامە گەریەوە بەغداد لە هەرێم باشترە . 3. لە ڕوی گەندەڵێەوە ئەگەر چی هەرێم و بەغداد نوقمی گەندەڵین بەڵام هێشتا هەرێم زۆر لە بەغداد باشترە . 4. لە ڕوی موچە و ستیستەمی بانکیەوە بەغداد زۆر لە هەرێم باشترە . 5. هەرێم بە پێی سروشتی چوار وەرزی و دەوڵەمەند بە ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی لە چاو عێراقدا ، لەم ڕوەوە لە عێراق باشترە. 6. بە حوکمی سنوری بازرگانی بەتایبەت لەگەڵ ئێران و تورکیا لە عێراق باشترە. 7. بۆ سوتەمەنی عێراق چەندین جار لە هەرێم باشترە. سەرەڕای خاڵە جیاواز و باش و خراپەکانی نێوان هەرێم و بەغداد هێشتا لە بەرژەوەندی وڵاتاندایە هەرێمێکی فیدڕاڵی وەک هەرێمی کوردستان بمێنتەوە و بەردەوامیش بیخەنە ژێر گوشاری یاسایی و دادگایی و درۆنی سەربازیەوە ، بەڵام ناکەتە ئەوەی هەرێم لە ناو بچێت، بۆ وڵاتان کۆکردنەوەیەکی ماتماتیکی سیاسی خاڵە باشەکانی هەردولا دەکاتە دۆخێکی باشی مامناوەند بۆ کۆی بەرژەوەندی وڵاتانی دنیا .
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا دیمه‌نی سیاسیی ئێستای عێراق، زۆربه‌ی هێزه عێراقییه‌كانی ناچار به چاوگێڕانه‌وه به گره‌و و گریمانه‌كانی خۆیان كردۆته‌وه. زۆر سیناریۆ دانرابوون كه وڵاته‌كه‌ی پێدا تێپه‌ڕ ببێت، به‌ڵام ره‌وتی سه‌در هات و هه‌ر هه‌مووی به‌سه‌ر یه‌كدا هه‌ڵگێڕایه‌وه. بێگومان هێشتا زووه قسه له ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و وه‌رچه‌رخانه دراماتیكییه بكرێت كه گۆڕه‌پانی سیاسی به‌خۆوه‌ی بینیوه، جارێ زووه كه مرۆڤ داوه‌ری به‌سه‌ر سیناریۆكانی داهاتوودا بكات، به‌تایبه‌تی كه هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ره‌وتی سه‌در، نه هه‌ڵچوونێكی سیاسییه، نه له‌روانگه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستیشه بۆ هاونیشتمانیان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به مانای نه‌شاره‌زایی یان كه‌م ئه‌زموونییش نییه وه‌ك به شێوه‌یه‌كی ڕه‌مه‌كی ئه‌م ره‌وته‌ی پێ تۆمه‌تبار ده‌كرێت. ئه‌وه‌ی رووده‌دات، گه‌وره‌تره له چاوه‌ڕوانكراو، راسته زۆرجار نائومێدی سیاسی په‌خش ده‌كرێت، یان ره‌شبینیی گه‌وره له‌باره‌ی پاشه‌ڕۆژی وڵاته‌كه‌وه بڵاوده‌كرێته‌وه، به خه‌مڵاندن و پێشبینیكردنی ناخۆشیش راڤه‌ی حاڵی وڵات ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان، به‌دیاریكراوی، هه‌لومه‌رجه‌كانی ئێستا به پێوانه‌ی ئه‌م بۆچوونه سایكۆلۆژییانه، ناپێورێن. ئه‌وه‌ی دادێت، به مانای روونی وشه، نزیكه له‌وه‌ی كه له رووی تیۆرییه‌وه، پێی بوترێ: هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی ئاژاوه‌ی خوڵقێنه‌ر Creative Chaos، ئه‌و تیۆره‌ی كه پێیوایه كاتێك كه كۆمه‌ڵگه ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی ئاژاوه، ئاژاوه‌یه‌ك كه خۆی له توندوتیژییه‌كی زۆر‌و خوێنڕشتندا ببینێته‌وه‌و به‌هۆیه‌وه بتوانرێت ترس و بیمێكی گه‌وره له لای جه‌ماوه‌ر دروست بكرێت، ئه‌وا هه‌ر ئه‌و ده‌مه ده‌توانرێت ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه جارێكی تر بونیاد بنرێته‌وه‌و به شوناسێكی نوێ-ه‌وه دابڕژرێته‌وه كه خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌مووان بكات. له‌سه‌ر بنه‌مای زۆر ئاماژه، ئه‌مڕۆ عێراق، وای لێهاتووه له‌سه‌ر مه‌نجه‌ڵێك وایه بۆ كوڵاندن و پێگه‌یاندنی بۆ هه‌لومه‌رجێك كه تیایدا ئاژاوه‌ی خوڵقێنه‌ری تێدا رووبدات. سه‌درییه‌كان كه به‌رپرسیارێتی سیاسی نه له حكومه‌ت و نه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیشدا قبوڵناكه‌ن و به 100.000 چه‌كداره‌وه خۆیان وه‌ك به‌شێك له به‌رهه‌ڵستكارێكی میللی ئه‌ناسێنن، ده‌یانه‌وێت ببنه ئه‌ندازیاری كوڵانی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌و، عه‌ررابی و روژاندنی ئه‌و ئاژاوه خوڵقێنه‌ره، له كۆتاییشدا گره‌ویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌بێت كه هه‌ر خۆیان، به‌بێ كه‌سی تر، كۆنترۆڵی بارودۆخی وڵات و هاوڵاتییش بكه‌ن. ئه‌م نزیككارییه بۆ ئاینده‌ی عێراق، به‌زمانی ئه‌ستێره‌ناسی و فاڵگرتنه‌وه نییه له‌ئاست نیازی سه‌درییه‌كان، به‌ڵكو، به ڕسته‌یه‌ك، خوێندنه‌وه‌یه‌كی بابه‌تییه بۆ ئه‌و بژارده مومكینه‌ی ئێستای سه‌درییه‌كان دوای كشانه‌وه‌یان له پرۆسه‌ی سیاسی، ئه‌و بژارده‌یه‌ی كه بۆته تاقه رێگای گه‌ڕانه‌وه‌ی كارایی بۆ ئه‌و ره‌وته. سه‌درییه‌كان وه‌ك چۆن ته‌واو ده‌یانزانی كه ناتوانن حكومه‌ت پێك بهێنن و، ئۆپۆزسیۆنێكی گوێلێگیراوی ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بن، ئاوهاش ئه‌زانن كه له‌م هاوكێشه قورسه‌دا به‌سه‌لامه‌تی و به‌بێ قوربانی ده‌رناچن، بگره بێ هیچ گومانێك ده‌كرێنه ئامانج، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر خۆیان وه‌ك ئۆپۆزسیۆنێكی میللی یه‌كلاكرده‌وه‌و له‌سه‌ر ریشاڵی تووڕه‌یی شه‌قام یاری بكه‌ن و له‌رووی سیاسیه‌وه بیقۆزنه‌وه، له‌وه‌ش خراپتر، ره‌نگه سه‌ركرده‌و چالاكوانه‌كانیان ده‌ستگیر بكرێن و پیاده‌كردنی كاری سیاسی‌یان لێ یاساغ بكرێت، بۆ نا؟!، ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ی پاكی لاوانی خۆپیشانده‌ری مه‌ده‌نی له‌سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كانی عه‌بادی و عه‌بدولمه‌هدی و ئێستای كازمییش، له‌خوێنی خۆیاندا گه‌وزێنرابن، چ رێگره له‌وه‌ی هه‌موو ئه‌ندامان و چالاكوانانی ئه‌م ره‌وته‌ش به‌بیانووی پاراستنی ئاسایش و ئارامییه‌وه، بكرێنه ئامانج؟ هه‌ر بۆیه لێره‌داو به رسه‌یه‌ك ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه كه ئه‌و بژارده‌یه‌ی باسكرا، به كردار وه‌ك بژارده‌یه‌كی چاره‌نووسساز وایه، بگره ره‌نگه روودانی دوو ئاقیبه‌تی له‌سه‌ر بوه‌ستێت بێ هیچ ئاقیبه‌تێكی تر: یان ئه‌وتا، ئه‌م ره‌وته، ده‌گه‌نه كۆتاییه‌كی كوشنده، یان هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌و ركابه‌ره‌كانیان تێكده‌شكێنن. * توێژه‌ر له ناوه‌ندی ئه‌كادیمیی توێژینه‌وه‌ی نیشتمانی ACNS
ئاری محەمەد هەرسین تێبینی: ئەم گوتارە بە مەبەستی ڕەخساندنی دیبەیتێکی هەمەلایەنە نوسراوە. بەو هیوایەی کەسانی خاوەن ڕەئی لە بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکان و، بەتایبەتی کەسانی حیزبی (لە هەموو حیزبەکان) بۆچونەکانمان لەگەڵ یەکتر بگۆڕینەوە بەئامانجی ئەوەی بگەینە چارەسەرێکی مەنتیقی و عەمەلی. عەیبە نیە ئینسان باس لە کەمو موڕیەکانی خۆی بکات، عەیبە و نەزانی گەورە ئەوە یە لە ئاست کەم و کوڕیەکانماندا ئەوەندە کوێر بین هەتا ڕۆژێک دێت مێشکمان ژەنگ هەڵدێنێت. هەندێک کەس دە ڵێن سیاسەت لە ماوەی سی ساڵی ڕابوردوو لە هەرێمی کوردستان پاشە کشەی کردوە. مەبەستیشیان لە سیاسەت شێوازی حوکمڕانیە لە چوارچێوەی دام ودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەندە پێم وایە شێواز و مۆدێلی حیزبایەتی لە شوێنی خۆی چەقیوە و، حکومڕانیەکەش خاو‌و خلیچک بوە. بەراوردێکی سەرپێیی ئێستای هەرێمی کوردستان لەگەڵ سی ساڵ بەر لە ئێستا پێمان دەڵێت کە شت کراوە و، شتی زۆریش کراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی شتەکان بە خاوی کراون ئینسان هەست بە گۆڕانکاری گەورە ناکات. هیچ میللەتێک لەسەر گۆی زەوی نادۆزیتەوە حەزی بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری، ئاوی خاوێن و بەنزینی هەرزان نەبێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، زۆرینەی دانیشتوانی سەر زە وی (بەتایبەت وڵاتانی جیهانی سێهەم) بەدەست کێشەی کارەبا، نەبوونی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە و بەنزینی گران داد و بێدادیانە. دونیای ئێستا وەک دووسەد و بگرە وەک سەد ساڵ لەمەوپێشیش نیە. وڵاتانی ئەفەریقا بە هەزاران کیلۆمەتر لە ئۆکرانیا و ڕوسیاوە دورن، کەچی شەڕی نێوان ئەو دوانە نرخی گەنم (نرخی نان) لە ئەفریقا گران دەکات. لە ئەنجامی شەڕی عەرەب و ئیسرائیل (١٩٧٣) زیانێکی هێجگار گەورە بەر ئابوری جیهان کەوت و، نرخی بەنزین بە جۆرێک بەرز بوە وە کە لە جادەو بان و ئۆتۆبانەکانی ئەوروپا بەزەحمەت ئۆتۆمبیلێک بەدی دەکرا (وڵاتانی عەرەبی ئیمبارگۆی نەوتیان ڕاگەیاند). بڕوانە مەسافەی جوگرافیایی وڵاتانی عەرەبی کە نەوت بەرهەم دەهێنن چەند لە ئەوروپاوە دورن…! بەکورتی، گلۆبالیزەیشن دونیای بەجۆرێک کردوە بە سۆپەرمارکێتێکی گەورە، کە هیچ حکومەتێک یان وڵاتێک ناتوانێت کۆنترۆڵی نرخی شت و مەک لە بازاڕی خۆیدا بکات. بەواتایەکیتر شتێک بەناوی بازاڕی لۆکاڵ مانایەکی ئەوتۆی نەماوە. ئەمە ش ئەوە دەگەیەنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان (وەک هەموو حکومەتێکیتر) لەژێر کاریگەری ئابوری نەرێنی دەوروبەر (جیهان) دابوە. ئەم قسانە بە هیچ جۆرێک پاساو نین بۆ ئەو هەڵەو کەم و کورتیانەی کە خۆمان لێی بەرپرسیارین. بەڵام حکومەتەکانی ئێمە لە هەڵسەنگاندندا نەک بە مایە، بەڵکو بە قازانج هەستاونەتەوە. نموونە بۆبەراوردکردن لەگەڵ وڵاتان زۆرن. ئەی حیزبایەتی لەماوەی ئەم سی ساڵەدا چ گۆڕانکاریەکی بەسەردا هاتوە؟ ئایا حیزبەکان توانیویانە مۆدێلی بەدیل، سەردەمیانە و پێشکەوتوو بۆ سیاسەتکردن بدۆزنەوە؟ حیزب دام و دەزگایەکی مەدە نیە و ناوەندی کاروباری سیاسیە. لەسەردەمی ئێمەدا حیزب کەرەستەیەکە بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی خەڵک بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە حیزب خەلاق بێت و بەبەردەوام تەزوی ژیان ئۆرگانەکانی بە زیندوویی بهێڵێتەوە. حیزبایەتیش وەک هەموو جموجۆڵێکی تری ناو کۆمەڵگەی ئینسانی کۆمەڵێک بنەماو تایبەتمەندی خۆی هەیە. مەخابن، ئێمە لە ماوەی ئەم سی ساڵەی ڕابوردودا، نەمانتوانیوە حیزبەکانمان نۆژە ن بکەینەوە و کادری خەلاق، بوێر و خاووەن ڕە ئی دروست بکەین. لەبری ئەوە حیزبمان کردوە بە تەممەڵخانە، کارگەی پلەبەخشینەوە بە هەوانتە (خاتری ئەم و خاتری ئەو و واستەی ئەو) و ئۆرگانەکانیمان کردۆتە بەخێوکەر (فەرمانگەی سۆشیال). بۆ ئەوەی دڵێکی زویر ئاشت بکەینەوە پلەیەکی حیزبی پێ دەبەخشین، یان پلەکەی بەرز دەکەینەوە، بێ ئاگا لەوەی کە پلەی حیزبی (لەهەرێمی کوردستان) یەکسانە بە ئیمتیازات. خۆ ئەگەریش پلە بەرز بکەیتەوەو ئیمتیازاتی نەدەیتێ، ئەوا دڵشکانی دووهەم دروست دەبێت. بەکورتی، ئەم نەریتە سەقەتە وای کرد، هەتا ئاوڕمان دایەوە، بوینە خاوەنی لەشکرێکی حیزبی کە پێویستی بەنان و کرێ خانوو، مەسرە فی مناڵ و دەواو دەرمان و هاتوچۆو … تا دوایی هەیە. دواجاریش حیزب دەبێتە بەرپرس لە دابینکردنی ئەو پێداویستیانە. مەنتیقیشە ئەگەر بڵێین، ئەم بەرپرسیارێتیە وا لە حیزب دەکات کە لە دابینکردنی داهاتدا مونافەسەی حکومەتەکەمان بکات. ئەم مۆدێلە لەبارچوە لە حیزبایەتی، هیچ مانایەک بۆ سیاسەت ناهێڵێتەوە، یان لانی کەم زۆر لاوازی دەکات. ژیانی ڕۆژانەی حیزبایەتی لەبری ئەوەی تێکهەڵقژانی سیاسی، کۆبونەوەی پڕ بەرهەم و قوتابخانەی پێگەیاندنی جیلی سیاسی داهاتومان بێت، دەبێتە ژیانی بێگاری و ڕۆتینی دەوام و سەری مانگیش وەرگرتنی مووچەکە. ئەمەیە پاشەکشێ و، ئەمەیە کە ساڵ بە ساڵ زەرەری بە چۆنایەتی (کواڵیتی) حوکمڕانی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی ئێمە گەیاندوە. ئەمە ئەو مۆدێلەیە لە حیزبایەتی کە خەریکە ژەنگ هەڵدێنێت.
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج ماده‌ی 140ی ده‌ستوری ده‌نگپێدراوی ساڵی 2005ی عیراق ، به هه‌موو ئه‌و كه‌م و كوڕیانه‌وه‌ی كه تێیدایه ده‌رچه‌و ده‌رفه‌ته بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كوردستانین و ناونراون كێشه له سه‌ر ، من كاتی خۆی له سه‌ر كه‌م و كوڕی و درز‌و كه‌لێنه‌كانی ماده‌ی 140 م نووسیوه بۆیه نامه‌وێت لێره‌دا بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و كێشانه ، به‌ڵام خودی ماده‌كه كه ده‌رهاویشته‌ی ماده‌ی 58ی ده‌ستوری كاتی ، یان راستتر وایه بڵێین قۆناغی راگواستن بوو به جۆرێكه وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نێوان قوربانی و سته‌مكار داڕێژرابێت له قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق 8-3-2004تایبه‌ت به ئاسایكردنه‌وه‌ی بار‌و دۆخی كه‌ركوك ماده‌ی په‌نجاو هه‌شت له سێ بڕگه‌ی " ئه‌لف ، بێ ، جیم " پێكهاتبوو كۆی بڕگه‌كان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كان و بڕیاره‌كانی به‌عس ،ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و گێڕانه‌وه‌ی قه‌زاو ناحێ و گونده دابڕێنراوه‌كان و هه‌روه‌ها قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌و دواتر راپرسی و سه‌ر ژمێری ، ناوه‌ڕۆكی ماده‌ی 58 به‌م جۆره بوو دواتر هه‌مان ماده‌ی 58 له ماده‌ی 140 ده‌ستوری هه‌میشه‌یی دانرایه‌وه‌و كاتیش بۆ جێبه‌جێكردنی دانرا كه 31ی 12ی 2007بوو ، ماده‌كه جێبه‌جێنه‌كراو كوردیش نه‌یتوانی له رێگه‌ی دادگای فیدراڵی و مافه ده‌ستوریه‌كانیه‌وه ئه‌و كاته هه‌نگاوی ئاوه‌زیانه بنات . ئێستا كه ئیدی پێویست ناكات بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و باس و خواسه‌ی به‌رێ ، ده‌بێت پرسیاری ئه‌وه له نوێنه‌رانی كورد له به‌غداو حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ین ، بۆچی نه‌یانتوانیوه له سه‌ر په‌كخستنی پرسی ماده‌ی 140 ، جێبه‌جێنه‌كردنی له كاتی خۆیدا ، كه‌مته‌رخه‌می مه‌حمود مه‌شهه‌دانی و پارله‌مانی عیراقی ئه‌و كاته نه‌یانتوانی شكات لای دادگای فیدراڵی بكه‌ن ، بۆچی له دوای 2017ه‌وه نه‌یانتوانیوه له سه‌ر ئه‌و هه‌موو پێشێلكایه‌ی ئیداره‌ی كه‌ركوك و پارێزگاره عه‌ره‌به‌كه‌ی لای دادگای فیدراڵی پرسی ئه‌و سته‌م و نادادیانه بجوڵێنن ، داگیر كردنه‌وه‌ی زه‌ویه كشت‌و كاڵه‌یه‌كان ، كێشه‌ی گونده‌كانی سنوری دوبزو داقوق و خورماتوو ، كێشه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و عه‌ره‌به هاوردانه‌ی قه‌ره‌بووكراونه‌ته‌وه ، ئاسانكاری بۆ پێدانی متفی نیشته جێبوون به عه‌ره‌ب و دروستكردنی كێشه و رۆتینی زۆر بۆ كورد ، ئه‌وانه هه‌موو كێشه‌ن و هه‌ردوو حزبی به‌رپرسیاری كوردستانیش كه بریتین له پارتی و یه‌كێتی ، نه‌یانتوانیوه بچوكترین رێگری له‌و هه‌موو نادادیه بكه‌ن . به گوێره‌ی ماده‌ی 140 كه‌ركوك چه‌ند مافی حكومه‌تی ناوه‌نده تێیدا حاكم بێت ، له‌وه‌نده زیاتریش مافی كورده ، هه‌ر نا له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قی ماده‌كه وه‌ك وتمان له نێوان سته‌مكارو سته‌ملێكراودا چاره‌سه‌ره‌كانی دیاری كراوه‌و ته‌واوی ماده‌كه‌ش بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سته‌م و نادادی رژێمی سه‌دام و به‌عسه ده‌رهه‌ق یه كورد و قوربانیه‌كانی تر ، به‌ڵام كێشه‌ی دوو حزبی به‌رپرسیارله كه‌ركوك ده‌ستگرتن به سه‌ر بیره نه‌وت و حزباندنی كۆمه‌ڵی كورده‌واری بوو ، جگه له داگیر كردنی زه‌وی و زاری ناوشارو كردنه‌وه‌ی مۆڵَ و بازاڕ‌و ڤێللاو ته‌لارو به‌نزینخانه‌وكۆمپانیاو تادوای ، ته‌نانه‌ت له هه‌موو كاره رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌یی و میدیاییه‌كه‌ی سه‌ره‌تا به‌ره به‌ره كشانه‌وه‌و كه‌ركوكیان روتانه‌وه له هه‌موو جوانی و به‌هایه‌ك ، بێ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌و پلان و به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش و باشیان هه‌بێت بۆ داكۆكی له كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كان . ئێستا كه رۆژانه لێره‌و له‌وێ كورد نادادی به‌رانبه‌ر ده‌كرێت ، هه‌زار كێشه‌و رۆتینی له فه‌رمانگه‌كان بۆ دروست ده‌كرێت ، رێژه‌ی فه‌رمانبه‌رانی له زۆربه‌ی دام و ده‌زگاو فه‌رمانگه‌و ناوه‌نده فه‌ڕمیه‌كان له وانی تر كه‌متره له كاتێكا رێژه‌ی دانیشتوانی بێ گێڕانه‌وه‌ی قه‌زاو ناحێ دابڕێنراوه‌كان كه بریتین له چوار قه‌زاو سیازده ناحێ و سه‌دان گوند نزیكه‌ی 750گوند ده‌گرێته‌وه زیاتره، نه‌نوێنه‌رانی كوردی كه‌ركوك له پارله‌مان و حكومه‌تی عیراقی، نه‌حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یانتوانیوه بچوكترین هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بنه‌ن ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه پارتی و یه‌كێتی له دوای راكردن و پشتكردنه كه‌ركوكی 2017ه‌وه به هۆی دژایه‌تی یه‌كترو ململانێی ناجۆرانه جگه له پۆستی پارێزگار ده‌یان پۆستی تریان له ده‌ست داوه . خه‌راپی مامه‌ڵه‌ی پارتی و یه‌كێتی و تاڵانچیه‌كانی زه‌وی و زار به راده‌یه‌ك بوو ، له دوای 2017وه خه‌ڵك به ئاشكرا بڵێت " رۆیشتن جه‌هه‌نه‌م " هه‌رچه‌نده ئه‌وه كاردانه‌وه‌و ده‌رده دڵ بوو ، ئێستا كه كورد تا ئاستی سفر ده‌سه‌ڵاته‌كانی كه‌م كراوه‌ته‌وه ، هه‌ر رۆژه‌و به بیانویه‌ك كوردی كه‌ركوك ئازار ده‌درێت ، له كاتێكا كه‌ركوك له سه‌رده‌می به‌عسدا زۆرترین سزا دراوه‌و به‌عس وێڕای ته‌عریب هه‌میشه ویستویه‌تی له شاریشی بخات ، وه‌ك چۆن ئێستاش هیچ سیمایه‌كی شاری بوونی پێوه نه‌ماوه . هه‌ڵبه‌ت له ئێستادا لانی كه‌م كورد له رێگه‌ی ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌وه كه بۆ ئه‌و ناوچانه دایناوه ده‌كرێت دۆسیه‌یه‌ك ئاماده بكات بۆ دادگای فیدراڵی به مه‌رجێك دۆسیه‌كه هه‌موو ئه‌و سته‌م و پێشێلكاریانه‌ی تیا بێت كه له 2017به دواوه‌و یان له‌وه پێشیش كراوه ، بۆ نمونه له 2003ه‌وه تا هاتنی داعش زیاتر له هه‌زار ماڵی كورد و چه‌ند ماڵێكی توركمان له سنوری قه‌زای حه‌ویجه به زۆر‌و له ژێر زه‌بری هه‌ڕه‌شه‌دا ده‌ركراون ، ئه‌مه له كاتێكا حكومه‌تی به‌عس به‌و هه‌موو سته‌مكاریه‌وه هێشتا نه‌بووبووه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئه‌و ماڵانه .
