Draw Media

 کام وەزارەت نەکراوەتە مەقەڕی حزب؟

 کام وەزارەت نەکراوەتە مەقەڕی حزب؟

2022-08-27 19:27:35


   هیوا سەید سەلیم
 وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا کە لەگەڵ ژمارەیەک میدیایی ناوخۆیی ئەنجامی داوە، باسی لەوەکرد کە لە هەفتەی یەکەمی دەستبەکاربوونی لە وەزارەتی پێشمەرگە زانیویەتی کە "وەزارەتی پێشمەرگە دوو مەقەڕی حزبیە" داننانی وەزیری پێشمەرگە بەو ڕاستیە تاڵە،  دەربڕی ئەو ڕاستیەیە کە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت وەزارەتی پێشمەرگە هەیکەلێکی بێ دەسەڵاتە، کارەکانی ئەو وەزارەتە لە دەرەوەی وەزارەت لە یەکەکانی( ٧٠، ٨٠ ) بەڕێوەدەچن، کە جاران ناویان (فەرماندەیی و فەلەک) بوون، یەکیان سەر بە یەکێتی و ئەوی دیکەیان هی پارتی بوون.
شایانی باسە، لەماوەی ئەم ساڵەدا دووەم جارە لە زاری وەزیری پێشمەرگەوە گوێبیستی ئەم جۆرە ڕەخنانە دەبین لە سیستەمی حوکمڕانی دەگیرێن ،چونکە دەزانین وەزارەتەکەی جەنابی وەزیر یەکێک لەو وەزارەتانەیە کە بە هۆی دەستوەردانی حزبی تیایدا زۆرترین رەخنە و گلەیی دۆستانی هێناوەتە سەر ناوبانگی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 جاری یەکەم لە مەراسیمی دەرچوونی ئەفسەران لە قەڵاچۆلان وەزیری پێشمەرگە زۆر بە ڕاشکاوی داواایکرد کە حزبەکان دەست لە کاروباری پێشمەرگە هەڵگرن، ئەو جارەشیان باس لەوە دەکات کە وەزارەت مەقەڕی حزبی بووە.
سایانی باسە، لە هەرێمی کوردستان، تەنیا وەزارەتی پێشمەرگە نیە کراوەتە مەقەڕی حزبی، بگرە سەرجەم وەزارەتەکان و تەنانەت فەرمانگەکانیش بەو دەردە دەناڵێنن.
ئەگەر مەقەڕی حزبی شوێنی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی حزبی بێت و تیایدا ئابوونەی حزبی کۆبکرێتەوە، ئەوا بەهەمان شێوەش لە وەزارەت و فەرمانگەکان هەمان کار بە زیادەوە ئەنجام دەدرێت،
 بۆ نموونە سەیارەی حکومی دوای دەوامی فەڕمی کاری حزبی پێدەکرێت، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ قازانجی لایەنەکانی دەسەڵات بەکاردێت، لە بەشی هەرزۆری فەرمانگەکان ئابوونە بە مەرکەزی لە فەرمانبەر دەبردرێت، نەک وەردەگیرێت، تەنانەت پۆستەکان لە فەرمانبەرێکی ئاسایی بگرە  تا دەگاتە پۆستی باڵا،  لەسەر بنەمای حزبی دادەنرێن، بە شێوەیەک کە لە زۆربەی جومگەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان کەسەکان لەسەر بنەمای کەسی شیاو بۆ پۆستی شیاو دانانرێت بگرە تاکە پێوەر تەزکیەی حزبیە.
زۆر جار کاتێک لەسەر بە حزبی کردنی سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەی ڕەخنە لە دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم دەگیرێ، یەکسەر لە وەڵامدا ئەوە دەبیستین کە "ئەوەی کراوە و دەکرێت دەرەنجامی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە" بەڵام لە هیچ شوێنێکی جیهان نیە حزب هەڵبژاردن بباتەوە بەڵام لە فەڕاشەوە تا وەزیر لەسەر بنەمای حزبی دابمەزرێنێت.
ئەگەر ئەو بیانووە بۆ سەردەمێک کاری پێکرابێت کە پارتی و یەکێتی زیاتر لە ٩٠٪ دەنگی خەڵکیان هێنا بێت، ئەوا لە ئێستادا کە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە دەنگی هەردوو لایەن نەگەیشتۆتە ٢٥٪ ئەوا هیچ بیانوێک نامێنێت کە پارتی و یەکێتی چیتر وەزارەت بکەنە بارەگای حزب، تاویی لێبێت وەزیر کە خۆشی بە پێوەری حزبی داندراوە هاواری لێهەڵسێت.
ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە تێکەڵاوکردنی کاری حزبی لەگەڵ کاری حکومی کەم وێنەیە، کە ئەم دیاردەشیان زۆربەی جار لە دەسەڵاتی بەرپرسانی حکومەت کەم دەکاتەوە.
لە ساڵانی دواییدا نەک رێگری لەو دیاردە خرابە نەکراوە، بگرە تادێت رۆژ بەرۆژ دیاردەکە تۆختر دەبێت، بەشێوەیەک کە  لەم دوو ساڵەی دواییدا دەستوەردانی حزبی گەیشتۆتە جومگەیەکی هەستیارتریش ئەویش دەسەڵاتی دادوەریە لە هەرێمی کوردستان.
وەزیری پێشمەرگە بە درکاندنی ئەو ڕاستیە تاڵەی کە جاران وەزارەتەکەی لە دوو مەقەڕی حزبی دەچوو، گۆمێکی مەندی شەقاندووە، ئەگەرچی ئەو دەڵێت " چارەسەری زۆرێک لەو دیاردە نامۆیانەی کردووە" بەلام ئەوەیان کاتێک خەڵک لێی باوەڕ دەکات کە لە دەروەی وەزارەتەکەی هێزی سەر بە فلان و فیسار نەمێنێت، کەس بەبێ ئەو و کاربەدەستانی وەزارەتەکەی بۆی نەبێت جوولە بە پێکهاتەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بکات.
شایانی باسە، گرفتەکە تەنیا لە وەزارەتی پێشمەرگە نیە، بەڵام ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە وەزارەتەکانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەو فشارەیە کە هاوپەیمانان لەژێر ناوی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خستویانەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەگینا نەک هەر وەزارەتی پێشمەرگە بگرە سەرجەم وەزارەتەکان وەک مەقەڕی حزبی وان، ئەمەشیان پەیوەستە بە فەلسەفەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، فەلسەفەیەک کە لەسەر بنەمای حزبی دامەزراوە.
چارەسەری ئەم بارودۆخەش بەوە دەکرێت کە هیچی دیکە حکومەت دیلی دەستی حزب نەبێت، بگرە حزب لە بارەگاکانی خۆی بە کەرستەی مرۆیی و مادی و مەعنەویی خۆی حزبایەتی بکات و حکومەتیش دوور لە دەستوەردانی حزبی حوکمڕانی خۆی بکات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand