ئەردەڵان عەبدوڵڵا لە عیراقدا مێژوونووسی زۆر باشی تێدابووە، هەریەکەیان لە سۆنگەی تایبەتی خۆیەوە هەوڵیداوە، مێژووی عیراق بنووسێتەوە، بەڵام کەسیان نەهاتوون وەکو د.عەلی وەردی لە سۆنگەی سۆسیۆلۆژییەوە، باسی مێژووی عیراق بکەن. عەلی وەردی وەکو بیرمەند و کۆمەڵناسێکی بەتوانا، هەوڵیداوە باسی رووداوە گرنگەکانی مێژووی عیراق بکات، ئەمەش بە روونی لە دوو کتێبدا دەردەکەوێت. یەکەمیان: چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی کۆمەڵایەتی عیراق: کە کتێبێکی قەبارە گەورەیە و لە چەند بەرگێک پێکدێت، بە یەکێک لە سەرچاوە مێژووییە گرنگەکانی مێژووی عیراق دادەنرێت. لە کتێبێکی تریشدا باسی مێژووی عیراق دەکات ئەوەش کتێبی» وانەکانی ژیانم»ە. ئەم کتێبە زیاتر وەکو بیرەوەریی خۆیەتی، بەڵام لەپەنا بیرەوەرییەکانی خۆیدا، باسی رووداوە گرنگەکانی عیراق دەکات بەتایبەتی پرسی مۆدێرنە و داهێنانە نوێکان. ئەم کتێبەش لەلایەن وەرگێڕی هێژا « د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد» کراوە بە کوردی ناوەندی جەمال عیرافان چاپیان کردووە. پرسی مۆدێرنە عیراق وەکو هەموو ئەو شوێنانەی تری ژێر دەسەڵاتی تورکی عوسمانی، بەدەست دواکەوتوویی و هەژاریی و نەخۆشییەوە دەیناڵاند، لەپاش داگیرکردنی عیراق لەلایەن بەریتانیاوە، گەلانی عیراق کەمێک هەوای ئازادییان هەڵمژیی، هەرچەندە ئێستا دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت وا پیشانی بدات، کە ئەو وڵاتانەی پێشتر تورک داگیریکردبوون، باشتر ژیاون تا ئێستا. لە عیراقدا بەهاتنی ئینگلیز گەلانی عیراق چاویان بە مۆدێرنە کەوت، ئەم بەریەککەوتنەش کارێکی ئاسان نەبووە، چونکە هەموو کاتێک مۆدێرنە رووبەڕووی رەوتەکانی پێش خۆی دەبێتەوە و زۆرجاریش رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە. لەعیراقیشدا هەمان شت روویداوە، ئەم بەریەککەوتن و ململانێی کۆن و نوێیە لە عیراقدا بەهاتنی ئینگلیز دەستپێدەکات. هیچ مێژوونوسێکی عیراقیش هێندەی د. عەلی وەردی بە جوانی باسی ئەو بەریەککەوتن و کێشانەی نەکردووە. بەتایبەتی هاتنی « شەمەندۆفێر، کارەبا، فڕۆکە، قوتابخانەی حکومی، زانستی نوێ لەوانە: « خڕێتی زەوی، دروستبوونی باران لەرێگەی هەڵمی ئاوەوە» ئەم دووانەش زۆر زەحمەت بووە کە عەقڵی گشتی خەڵکی قبوڵی بکات. وەکو خۆشی دەڵێت : مرۆڤ ناتوانێت لە شتی تازە تێبگات تەنها لە میانەی چەمکە کۆنەکانییەوە ، لێکدانەوەیان بۆ دەکات. شتی سەرسوڕهێنەر لەبارەی یەکەمین بەریەکەوتنی گەلانی عیراق لەگەڵ ئەو داهێنانە نوێیانە ، عەلی وەردی دەڵێت: تاکی عیراقی هەندێک داهێنانی سەیرو سەرسوڕهێنەریان بینی کە لە سەردەمی عوسمانیدا، هیچ شتێکیان دەربارەی نەدەزانی، وەکو فڕۆکە، رووناکی کارەبا. ئیدی لە خۆیانەوە قسەیان لەسەر دەکرد، هەندێ جاریش دەیانپرسی، چۆن بۆ کافران رەخساوە ئەم شتانە دابهێنن کەچی موسڵمانان نەیانتوانیوە هاوشێوەی ئەمانە شتێک دابهێنن.ل28 بارانبارین پرسێکی تر کە لەناو کۆمەڵگەی عیراقیدا کێشەی زۆری ناوەتەوەو قبوڵکردنی بۆ خەڵکی ئاسایی و ئایینپەروەر قورس بووە، مەسەلەی پرسی زانستی « باران بارین « بووە. لەمباریەوە دەڵێت: ئەوکاتە کتێبێک بۆ یەکێک لە زانایانی ئایینی چاپ کرا بەناونیشانی « السیف البتار علی الکفار الژین یقولون المگر من البخار، واتە شمشێری تیژ بۆسەر ئەو کافرانەی دەڵێن، باران لە هەڵمەوەیە» رۆژێکیان بە چاوی خۆم بینیم پیاوێک لە یەکێکی دەدا و بەوە تاوانباری دەکرد، کە گوایە وتویەتی باران لە هەڵمەوە دروست دەبێت. ل58 پرسی فڕۆکە مەسەلەیەکی تر کە زۆر سەرسووڕهێنەر بووە بەلای تاکی عیراقیەوە فڕۆکە بووە، ئەم داهێنانەش هەریەکە و قسەوباسی خۆی بۆ کردووە. لەمبارەیەوە عەلی وەردی دەڵێت: باوکم لە زمانی باوکییەوە دەیگێڕایەوە کە چەند کەسێک لە هاوەڵانی بە حەپەسانەوە هاتوون بۆلای و پێیان وتوە کە ئەفرەنجییەکان « واتە بیانییەکان» عارەبانەیەکیان دروست کردووە بە ئاسماندا دەفڕێت کە مەبەستیان فڕۆکە بووە، ئیدی باپیریشم سەرزەنشتی کردوون پێی وتوون: چۆن عەقڵی ئێوە تەسەوەری ئەوە دەکات عارەبانەیەک بە هەوادا بفڕێت؟ ئاخر مەعقوڵە تەختە و ئاسن بە هەوادا بفڕێت؟ خودا عەقڵی پێداوین تا بیر بکەیەنەوە! ل25 لە شوێنێکی تردا زیاتر وێنەکەی روونتر کردۆتەوەو دەڵێت: یەکێک لە عەشیرەتە لادێیەکانی نزیک شاری بەسرە کاتێک بینیان فڕۆکەیەکی ئینگلیزی لە بەرزایی ئاسمانەوە دەفڕێت، ئیدی خۆیان نەگرت و دەستیان کرد بە « هۆسە» و دەیانوت : سەیرە خودای خالق، حوشتری خۆی هەیە.ل 26 گڵۆپ و کارەبا داهێنانێکی تر کە بۆ تاکی عیراقی زەحمەت بووە قبوڵی بکات» کارەبا و گڵۆپ» بووە. کە ئەمەش شتێکی زۆر سەیر و نامۆ بووە. لەمبارەیەوە عەلی وەردی دەڵێت: گڵۆپی کارەبایی سەیرو سەمەرترین شتێک بووە کە خەڵکی دووچاری سەرسوڕمان و حەپەسان و تاسان کردبوو،،، ئیدی هەرکەسە بە جۆرێک دەربارەی هۆیەکانی ئەو گڵۆپانە قسەی دەکرد. بەرەیەک دەیانووت کارەبا دروستکراوی جنۆکەیە و ئینگلیزەکان توانیویانە جنۆکە لە خزمەتی خۆیاندا بەکاربهێنن. بەرەیەکی تر پێیان وابوو، کە کارەباش وەچە دەنێتەوە، لە دیدی ئەواندا ئەو گڵۆپە کارەبیانەی هەڵواسراون « مێ» ن، « نێر»ە کانیانیش لەلای ئینگلیزەکان پارێزراون ، هەر کاتێک بیانەوێ لەگەڵ مێیەکاندا، زاوزێیان پێدەکەن. بەرەی سێیەم دەیانووت، رووناکی کارەبا لە بروسکەی ئاسمانییەوە وەرگیراوەو ئینگیلزەکان توانیویانە بۆ خۆیان راویان بکەن و بیانخەنە زیندانەوە، کە ئێوارەش دادێت بەریان دەدەنە وێزەی گڵۆپەکانەوە. بەرەی چوارەم دەیانووت، لە دەریاکاندا باڵندەیەک هەیە رووناکی تێدایە و ئینگلیزەکان بۆ خزمەتی خۆیان راویان کردووە. ل29 دژایەتی مەکتەب داهێنانێکی نوێتر خوێندنی حکومی بووە، کە زۆرکەس هەتا ماوەیەکی زۆر دژایەتیی قوتابخانەی حکومیان کردووە بە شتێکی دژە ئاینیان داناوە. هەر لەمبارەیەوە عەلی وەردی دەڵێت: زۆربەی خەڵکی بە چاوێکی پڕ لە گومانەوە تەماشای ئەو قوتابخانە نوێیانەیان دەکرد کە تایبەت کرابوون بۆ کوڕانی « ئەفەندییەکان» ، واتە بۆ منداڵی فەرمانبەرە حکومییەکان، پێیان وابوو ئەو جۆرە قوتابخانەیە لادانی سێکسی تیادا باوە. ل88 حوکمی عوسمانی و حکومی ئینگلیز عەلی وەردی لە زۆر شوێندا باسی ستەم و زۆرداری حوکمی تورکی عوسمانی کردووە لەمەشدا هیچ زیادەڕۆیی یان ناڕاستی نەووتوە، بەڵکو خۆی لە خۆیدا، داگیرکاری تورکی لەهەموو روویەکەوە کارەساتی بۆ هەموو ئەو گەلانە هێناوە کە داگیریان کردوون. بەهاتنی ئینگلیزیش گەلانی عیراق کەمێک ئازدا دەبن و چاویان بە مۆدێرنە کرایەوە، لەبارەی جیاوازی ئەم دوو داگیرکەرەوە، عەلی وەردی دەڵێت: جەور و ستەم لە سەردەمی عوسمانیدا گەیشتبووە پلەیەک بە دەگمەن زوڵمی وا لە هیچ سەردەمانێکی تردا هەبووە.ل34 لە سەردەمی منداڵیمدا گوێم لە خەڵکی دەبوو باسی گەندەڵی و زوڵم و زۆری عوسماییەکانیی دەکرد، کە ئەو زوڵمە چۆن بەشێوەیەکی فراوان و بەرین بڵاوبۆوە، دواتر کە بیرەوەرییەکانی هەندێک لەو کەسانەم خوێندەوە کەلەو کاتەدا ژیابوون، بۆم دەرکەوت ئەو بارودۆخەی کە خەڵکی عەوام لە دانیشتنە تایبەتییەکانی خۆیاندا باسیان دەکرد، هەمان ئەو بارودۆخەیە کە لە بیرەوەرییەکاندا باس کراوە. ل35 لە زاری باوکیشیەوە دەڵێت: باوکم وتی: دەوڵەتی عوسمانی لەروخسار و رووکاردا دەوڵەتێکی ئایینی بوو، بەڵام لەراستیدا وانەبوو،ل 41 دواتر دەڵێت: خەڵکی بینیان حوکمی ئیگلیز دادپەروەرانەتر و نەزیهترە وەک لە حوکمی عوسمانی، ئیدی دەیانپرسی بۆچی کافر دادپەروەر و موسلمان ستەمکارە، کامیان بۆ فەرمانڕەوایی خەڵک باشترە، کافرێکی دادپەروەر یان موسڵمانێکی زاڵم.؟ 24 ئازادیی و رای گشتی خاڵێکی تری جیاوازی نێوان حوکمی ئینگلیز و تورک لەوەدایە، کە بەهاتنی داگیرکاری ئینگلیز، گەلانی عیراق کەمێک هەوای ئازادییان هەڵمژیوە و ئەمەش وایکردووە کە « رای گشتی» دروست ببێت، ئەمەش لەکاتێکدا لە کاتی داگیرکاری تورکدا، هیچ جۆرە ئازادییەک نەبووە. عەلی وەردی زۆر بە جوانی ئەم خاڵەشی دەرخستووەو دەڵێت: لەسەردەمی عوسمانیدا « رای گشتی سیاسی» لە عیراقدا زۆر لاواز بوو بگرە هەر لە ئارادا نەبوو، کەچی لە سەردەمی فەیسەڵدا زۆر بەخێرایی گەشەی کرد. خەڵکی لە سەردەمی عوسمانیدا نەدەبوو باسی سیاسەت بکەن، چونکە دەشیا رووبەڕووی زیندان یان پارەو ماڵیان تیا بچوایە، خۆ ئەگەر یەکێک جورئەتی بکردایە و باسی سیاسەتی بکردایە، پێیان دەیوت، ئەم حکایەتە سوودی نییە، باسی شتێک بکە نان پەیدا بکات. دوا قسە لەوانەبێت کاتێک ئێستا ئەم شتانە دەخوێنینەوە، هەڵوێستی ئەوکاتەی خەڵکی ئاسایی بەلامانەوە سەیر بێت، بەڵام ئەمەش واقعی هەموو گەلانی خۆرهەڵات بووە، کاتێک بەریەککەوتنیان لەگەڵ مۆدێرنە و داهێنانە نوێکان بووە، هەرچەندە ئێستا دژایەتیکردنی مۆدێرنە لە عیراق و خۆرهەڵاتدا بە جۆرێکی ترە. سەرچاوە: د. عەلی وەردی. وانەکانی ژیانم. لە عەرەبییەوە. د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد. ناوەندی جەمال عیرفان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. سلێمانی. 2019
سمكۆ ئەسعەد بڕیاردەرێكی نوێ هاتۆتە سەر سنگی سیاسەتكردن وئاراستەكردنی ڕووداوەكانی بەغدا ، ناز ناوەكەی (وزیر القائد)ە ، دراوە بە كەسێك ناوی (محمد صالح العراقی) ە، ئەمڕۆ ئەم كەسە فەرمانیدا (خۆپیشاندەران تەنها هۆڵی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی عیراق چۆڵ بكەن ،نەك تەواوی باڵەخانەی پەرلەمان و دەوروبەری ..) واتا هۆڵی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی عیراق ئامادەیە بۆ كۆبونەوەی پەرلەمانتاران ، بەڵام ئەمجارە پەرلەمانتاران لە ژێر عەباكەی (موقتەدا سەدر) وبە مەرج و فەرمانەكانی (وەزیر القائد) لەسەر كورسییەكانیان دا ئەنیشن. ئەگەر لایەنە سیاسیەكانی هەرێم فەرمانیان بە پەرلەمانتاران دا (بە بێ چۆڵكردنی تەواوی باڵەخانەی پەرلەمان ودەوروبەری) بەشداری هەر دانیشتنێكی ئەو پەرلەمانە بكەن، ئەوا بە ناوی كوردەوە یەكەم متمانە ئەبەخشن بە باڵادەستی وسەروەری (ڕەوتی سەدر) بەسەر تەواوی دەوڵەتی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، دواتر ئەبێت چاوەڕوانی فەرمانەكانی (وزیر القائد) بن تا پێیان بڵێت .. كەی كۆ ببنەوە و دەنگ بە چ یاسایەك بدەن . ئەوەی پێویستە هەموان بیزانن ئەوەیە ، چیتر لە بەغدا كەس گوێ بۆ مەرج و داواكارییە سواوەكانی جارانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ناگرێت لە بارەی پۆست ودۆسێ جیاجیاكان، وئەگەر ئەیانەوێت پارێزگاری لە (قەوارەی دەستووریی هەرێم بكەن) و خۆیان نەبن بە مەترسی لەسەر ئەم قەوارەیە ، با سیاسەتكارانی كورد (دۆخی نا دەستووری بوونی عیراق) ڕابگەێنن .. بیر لە ئەگەری كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی ئێستای عیراق بكەنەوە . ئەگەر نا ، لە داهاتوویەكی تزیكدا هیچ لایەنێكی ئێستای حوكمڕان لە هەرێمدا خۆی وەك قوربانی نەخاتە ڕووی هاوڵاتیان. تا زووە فریای هەرێم بكەون وهەڵەیەكی نوێ بۆ تۆماری هەڵە مێژوویەكانی كورد تۆمار مەكەن.
هونەر حاجی جاسم ئایە موقتدا دەیەوێت گۆڕانکاری ڕیشەی بکات؟، ئایە گۆڕانکاری پێ دەکرێت؟، ئایە چی دەوێت و کام مۆدیلی سیاسی دەوێت؟!. لەوانیە بۆ وەلامدانەوەی ئەو پرسیارانە زۆر قورس بێت بە کورتی و پوختی وەلام بدرێنەوە و شی بکرێنەوە!. بەلام لەم نوسینە کورتەدا وەلامی ئەم پرسیارانە زۆر بە کورتی ئەدەینەوە. بەشێوەیێکی گشتی ئەو خەلکانەی بۆ موقتدا خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەردەبڕن هیچیان لەسەر بنچینەی فکری سیاسی و پڕۆژەی سیاسی نیە، یانیش ئایدۆلۆژیێکی دیاریکراو نیە!. چونکە موقتدا لە سالی 2014 بەملاوە پۆستی گەورەی لە حکومەت و دامەزراوەکانی دەولەت هەبووە تاکو ئێستاشی لەگەل دابێت کە کازمی بە کەسێکی نزیکی خۆی دادەنرێت!. بۆیە موقتدا نە دەیەوێت گۆڕانکاری بکات نە دەشتوانێت گۆڕانکاری بەم شێوەیە بکات!. لە واقیعدا صەدر لەسەر دوو ئاست کار دەکات، یەکەم ئاستی سیاسی کە دەیەوێت سولتەی سیاسی وەربگرێت و دەستووری ئێستا هەموار بکاتەوە بە دەستوورێکی تر کە سەرۆکایەتی بێت و کەسێکی نزیکی خۆشی بکاتە سەرۆک!. ئاستی دووەم بریتیە لە ئاستی ئاینی: صەدر ماوەیێکی زۆرە کار لەسەر ئەوە دەکات کە دوای سیستانی خۆی ببێتە مەرجەعی ئاینی شیعە لە عێراقدا. بۆیە لە دەرنجامدا ئامانجی صەدر نە گۆڕانکاری سیاسی ڕیشییە نە ڕیفۆرمی سیاسی، ئابووری و کۆمەلایەتییە، بەلکو شینەکەی بۆ هەریسەی بەدەستێهێنان و نوسینەوەی دەستورێکە کە سەرۆکایەتی بێت و سەرۆکیشی بوکەلە بێت بە دەستی خۆی و خۆشی مەرجەع بێت!
لهتیف فاتیح فهرهج موقتهدا یاریهكی زۆر مهترسیداری كرد بهوهی شهقی له پارلهمان ههڵدا ، بهمكارهی زهمینهی گێڕانهوهی دیكتاتۆریهتی فهراههمكرد ، دیكتاتۆریهت له ژێر عهمامهو عهباوه ، ئهگهر سهربگرێت ، ههست و كهوته سهیرو سهرنجراكێشهكانی موقتهدا كه دیار نیه چهند لایهن و وڵات و ئاوهز دهیجوڵێنن ، كارهكتهری مارمێلكی نێو فیلمی مارمێلكم بیر دهخاتهوه ، موقتهدا ، جگه له ههنگاوه كانی خۆی بهرههمی ناجۆری و نائاوهزی بهرانبهرهكانێتی ، ئهوانهی له 2003هوه تهڕوهیشك پێكهوه دهخۆن ، موقتهدا پێبزانێت یان نا زهمینهیهكی دیكتاتۆریهت دهخولقێنێ كه ههر گیز خۆی تێیدا له ئاسایشا نابێت و رهنگه له ژماره سهره تاییهكانی قوربانیهكان بێت ، ئهگهر ئهم سیاسهته نائاوهزیه بهردهوام بێت ، زهمینهی دهستوهردانی دهرهكی زیاد دهكات ، دوور نیه ئهمهریكاو بهریتانیا جارێكی ترو له دهرگایهكی ترو به پڕۆژهیهكی ترهوه بێنهوه ، بهڵام ئهستهمه عیراق بگهڕێتهوه بۆ قۆناغی پاشایهتی كه ئهوهش خهیاڵی كهسانێكه ، عیراق لهم دۆخهدا یان بهرهو فهوزا یان بهرهو دیكتاتۆریهت ملدهنێت ، تهنانهت سهدریهكان ههڕهشهی ههڵوهشانهوهی دهستوریش دهكهن ، كه ئهمهش ئهگهر رای گهلی له گهڵ نهبێت مهگهر سیستهمی دیكتاتۆریهت بیكات ، ئهم ههڕهشهیه جدیهو بهردهوامی زۆر له سهری خواستی ههڵوهشانهوهكه زیاتر دهكات . ئهوانهی ئێستا له ناو هۆڵی پارلهمانی عیراقیدان به مانا ئاوهزیهكهی گهل نین شهقاوهو ههروهها گیرفانخاڵی و توڕهكانی بهغداو شوێنهكانی ترن كه سبهینێی خۆیان دهوێت ، شهقاوهش خهونی ههیه ، بهڵام ئاوهزدارهكان لهوێ نین تا لانی كهم مرۆڤ بزانێ داوای چی دهكهن ، موقتهداو وهزیر سهركردهكهشی ناتوانن لانی كهمی یهك له دهی خهونهكانی ئهوان بەدیبێنن ، خۆ ئهگهر خهونهكانیان له گۆڕ نهنێن، نهجم و جۆڵ و سهركێشیهكانی موقتهدا، نهتفهنگه شڕهكهی دهستی مالكی ، كه رهنگه خۆنمایشكردنی به چهكهوه ناشرینترین وێنهی ساڵ بێت من بینیبێتم ، ئاخر ئهو چهكه بۆ سنگی لاوه توڕهكانی وڵات ههڵگیرابوو ، ئهوانهی شهقاوهكان و موقتهداش یاری به خهونهكانیان دهكهن ، نهك بۆ دهركردنی بنكهو بارهگاكانی توركیا . شیعه له چاخ و سهردهمێكی جیاوازدا به ههمان رێگهی بیستهكاندا دهڕۆنهوه كه بۆماوهی زیاتر له ههشتا ساڵ ههموو دهسهڵاتێكی خۆخاوهنیان لێسهندرایهوه ، كێ دهڵێت موقتهداو مالكی گۆزهكه له سهری خۆیان و شیعهشدا ناشكێنن ، شهڕی دهرو دراوسێَی دورو نزیكیان هێناوهته ناوچهی سهوزی بهغدا ، كوردیش له بهردهم مهترسیدایه ، پرسهكه له گۆڕینی دهستورو دووسهد ملیارو ئهو شتانه زیاتره ، وێنهكانی حهرهس قهومیهكانی 1963 بهراورد كهن به وێنهكانی ئێستا ، دروشمهكان ببینن، بزانن بایهكه بهرهو كوێمان دهبات .
جەعفەر عەلی ڕەوتی سەدر، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٠ ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ بوو. دوای ماوەیەک لە کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، بەهۆی نەگەیشتن بە خاڵێکی کۆکەرەوە و هیچ لە یەکدی گەیشتنێک، سەدر لە ١٢ حوزەیراندا بڕیاری کشانەوە لە پەرلەمانیدا و ٧٣ ئەندام پەرلەمانەکەی بەیەکەوە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. ڕەوتی سەدر پێداگربوو لەسەر حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی و چوارچێوەی هەماهەنگیش خواستی حکومەتی تەوافوقی و پشک پشکێنەی سیاسی هەبوو. داخرانی سیاسی هێزە سیاسییەکانی عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە ماوەی نزیک بە ٣٠٠ ڕۆژ تێپەڕبوون بەسەر دوا هەڵبژاردندا، هیچ هیوایەکیان بۆ دەربازکردنی عیراق لەم دۆخی داخرانە سیاسییە بە هاوڵاتی عیراقی نەداوە، بەڵکو وڵاتەکەیان بەرەو قەیرانی سیاسی، ئابوری و ئەمنی قوڵتر و ترسناکتر بردووە. لەو کاتەوەی دادگای فیدڕاڵی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی ڕابردووی پەسەندکردووە، براوەی یەکەم، ڕەوتی سەدر هاوشانی هاوپەیمانی سیادەی سوننە و پارتی دیموکراتی کوردستان، کە هەرسێکیان بەیەکەوە چوونە ناو هاوپەیمانێتییەکەوە بە ناوی (هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتیمانی)، بەهۆی هەڵوێستی هێزەکانی (چوارچێوەی هەماهەنگی) و پشتیوانەکانیان و ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بە قازانجی ئەم هاوپەیمانێتییەی دوایی دەریکردبوو، لە سێ دانیشتنی پەرلەماندا شکستیان خوارد لەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تێپەڕێنن. دوای ئەم شکستە سیاسییە، موقتەدا سەدر ماوەی چل ڕۆژ کاتی بە چوارچێوەی هەماهەنگی و ماوەیەکیشی بە سەربەخۆکاندا بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام ئەوانیش لە هەوڵەکانیاندا بۆ پێکهێنانی حکومەت شکستخواردوو بوون. لێرەوە دۆخی سیاسی عیراق هەرچی زیاتر بەرەو مەترسی داخرانی سیاسی و بچووکتربوونەوەی ڕووبەرەکانی گفتوگۆ هەنگاوینا و ئەگەرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش وەک هەنگاوی یەکەمی دەستوری بەرەو پێکهێنانی حکومەت، ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەردەکەوت. تەوافوق، یان زۆرینەی نیشتیمانی پێشتر بە دوورودرێژی سەبارەت بەم بابەتە قسەمان کردووە، کە کێشەی بنەڕەتی عیراق، نە تەوافوقە، نە زۆرینە، بەڵکو کێشەی نەبوونی دیموکراسییە. موقتەدا سەدر لە ئێستادا وەک بەهێزترین پیاوی سیاسی عیراق دەبینرێت، نمایش و مانۆڕە سیاسییەکانی ئەو کاریگەری گەورەی بەسەر ڕەسمکردنی ڕێڕەوی سیاسی عیراق و بڕیاردان لە کۆی دیمەنی سیاسی وڵاتەکەوە هەیە. سەدر وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکرد، هەوڵیدەدا لەڕێی حکومەتی زۆرینەوە بەرنامە چاکسازییەکەی جێبەجێ بکات. گەندەڵی لە ڕەگەوە هەڵکێشێ، لە ڕێگەی جیاکردنەوەی حەشدی شەعبی لە گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران، چەک بگەڕێنێتەوە بۆ دەوڵەت و پرۆسەی سیاسی لە عیراق لەسەر بنەمای نیشتیمانی و بڕیاری سەربەخۆی سیاسی دوور لە دەستێوەردانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات ڕێکبخاتەوە. ئەو هەنگاوانە کرابوو بە بەشێکی گرنگ لە بەرنامە و گوتاری چاکسازی (هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتیمانی). ئێستا و دوای خۆپێشاندانەکان و کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمان، سەقفی داواکارییەکانی موقتەدا چووەتە ئاستێکی بەرزتر، قسە لە هەمواری دەستور و بونیادنانی فۆرمی دەوڵەتی دڵخوازی تایبەت بەخۆی دەکات، کە سەدر ناوی ناوە "دەوڵەتی باوکایەتی"، واتە بوونی باوکێکی ڕۆحی و خاوەن بڕیار لە دوا جوڵەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیانی عیراق لە ترۆپکی هەرەمی دەسەڵاتی سیاسیدا. هەرچی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، بۆچوونێکی جیاوازتریان هەبوو، ئەوان هەوڵیاندەدا حکومەتێکی تەوافوقی لەسەر بنەمای پشک پشکێنەی سیاسی پێکبهێنن، پرەنسیپێک ڕەوتەکەی سەدر لە سەرەتاوە تا کۆتایی دژی بوو. ئێستا عیراق بۆ (١٠) مانگ دەچێت بەهۆی ناکۆکی ناو ماڵی شیعە (شیعە-شیعە) لە قەیرانێکی سیاسی قوڵی پێکهێنانی حکومەتدا دەژی. ئاسۆیەکی ڕوونیش بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە نابینرێت، بەپێچەوانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ قەیرانەکە، تایبەت دوای بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدرییەکان لە پەرلەمان، قوڵتر و مەترسییەکانیش بۆ سەر کۆی پرۆسەی سیاسی عیراق و ژیانی هاوڵاتیانیش گەورەتر و مەترسیدارتر دەبن. سەرەنجامی ئەم قەیران و داخرانە سیاسییە، ئەگەر بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی ناو ماڵی ناکۆکی شیعە چارەسەر نەکرێت، دەبێ بخرێتە ناو بازنەی بیرکردنەوە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دی. ئەمەش بە دوو میکانیزمی دەستوری دەکرێت، یەکەمیان، لە ڕێی پێشکەشکردنی داواکارییەک لەلایەن (١١٠) پەرلەمانتار، واتە سێیەکی ژمارەی ئەندامان بۆ سەرۆکی پەرلەمان، دووەمیش، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە ڕەزامەندی سەرۆک کۆمار داوایەک پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات. لە هەردوو حاڵەتەکەدا دەبێت زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان، واتە (٢١٠) پەرلەمانتار دەنگی پێبدەن. دەستلەکارکێشانەوە، گەورەترکردنی زۆنی نائارامی عیراق پاشەکشەی بەکۆمەڵی خاوەن گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و گەورەترین پێگەی سیاسی و جەماوەری لە عیراق، هەنگاوێک نەبوو بۆ دەربازکردنی عیراق لە چەقبەستوویی و داخرانی سیاسی، بەڵکو بوو بە سەرەتایەکی نوێ بۆ گۆڕینی عیراق لە ولاتێکی نائارامەوە بەرەو زۆنێکی نائارامتر و نادڵنیاتر لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. دەستلەکارکێشانەوە جێهێشتنی کورسییەکانی پەرلەمان و چۆڵکردنی هۆڵی پەرلەمان بوو، بەڵام بریتی نەبوو لە چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە سیاسییەکە و جێهێشتنی یارییەکە بۆ تیمی نەیار، وەک چۆن بەشێک لە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەم تێگەیشتنە بێ دیقەت و ناسیاسییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بڕیارەکەدا کرد و خۆیان وەک تیمی سەرکەوتووی یارییەکە و بڕیاردەری بێ ڕکابەر بینییەوە. بەشێک لە سیاسی و هێزە سیاسییەکانی نەیاری ڕەوتی سەدر بڕوایان وابوو، یان خۆشخەیاڵی و سەرمەستبوون بە نەغمەی سەرکەوتن بەرەو دونیای فانتازیای سیاسی و دابڕان لە واقیعی مەوجودی بردبوون. بۆیە کەوتنە پەلەکردن لە پەسەندکردنی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر و بە زوویی کۆبوونەوە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، تا کاندیدی دڵخوازی خۆیان بنێرنە سەر کورسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران. بەڵام دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی عیراق بە زوویی پێیگووتین، ئەمانە نە تەنیا دەیان فرسەخ لە ناسین و خوێندنەوەی دۆخی ڕاستەقینەی عیراقەوە دووربوون، بەڵکو قاچەکانیان بە زەوییەوە پچڕابوو و لە ئاسمانی خەیاڵی پڕ نەشئەی سەرکەوتنی خۆیاندا خەریکی بیرکردنەوە و بڕیاردان بوون. ئەو سیاسییانەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، هەرگیز نەیانتوانی بە قەبارەی خۆی پەیامی ڕەوتەکەی سەدر لە نوێژی ملیۆنیدا تێبگەن، بۆیە لە ڕێی زۆرینەی پەرلەمانییەوە، بەردەوامبوون لە هەوڵدان بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە خەونە سیاسییەکانیان و لەو ڕێگەیەشەوە نە تەنیا تەریککردن و پەراوێزخستنی موقتەدا و ڕەوتەکەی، بەڵکو لە ڕێی دەسەڵاتی سیاسییەوە هەوڵدان بۆ بچووککردنەوەشی. دوای نامە سیاسییەکەی ڕۆژی چوارشەممە (٢٧/٧/٢٠٢٢)ی موقتەدا سەدر بۆ نەیارەکانی و بەردەوامی (چوارچێوەی هەماهەنگی) لە هەوڵدان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و تێپەڕاندنی ڕێکارە یاساییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، سەدرییەکان بە نامەیەکی توندتر وەڵامیاندانەوە، وەڵامدانەوەیەک، نە تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا، ڕۆژی شەممە (٣٠/٧/٢٠٢٢)، جارێکی دیکە چوونەوە ناو ناوچەی سەوزەوە، بەڵکو دامەزراوەی دادگای فیدڕاڵیشیان خستە بەردەم مەترسی پەلاماردان و باڵەخانەی پەرلەمانیشیان کرد بە شوێنی دروشمبازی و ژێرەوژوورکردنی کۆی خەونە سیاسی و ڕەنگاڵەییەکانی سیاسییە کورتبینەکانی ناو (چوارچێوەی هەماهەنگی) و هاوکار و پشتیوانە سیاسییەکانیان. موقتەدا سەدر، لەم نامەی دواییدا خاڵی کۆتایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت بە خواستی چوارچێوەی هەماهەنگی دانا و بە خەتێکی درشت لەسەر بەربەستە کۆنکرێتییەکانی ناوچەی سەوز و دەروازە و دیوارەکانی پەرلەمان بە زمانێکی ڕەوان بۆی نووسین: ڕاستە ئێمە لە پەرلەمان کشاوینەتەوە، بەڵام ئەگەر لە ژوورێکی سادەی (حەنانە)شدا بین، هێشتا هێزی تێکدان و قڵپکردنەوەی یارییەکەمان بەسەر نەیارە سیاسییەکانماندا لە دەست نەداوە. سەدرییەکان لە نوێژی ملیۆنییەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمان، یەک نامەی سیاسی کورتیان بە چوارچێوەی هەماهەنگی و تەواوی نەیارە ناوخۆیی و ناوچەییەکان گەیاند: هەر کەسێک هێزی کاریزمایی و پۆپۆلیستی موقتەدا سەدر نادیدە بگرێت، ناتوانێت بە ئارامی لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشێت، لەوەش زیاتر، ئەو دامەزراوە دەستورییەی پێتانوایە دەتانگەیەنێت بە خەونە سیاسییەکانتان، ئێمە بە یەک تویت دەیکەین بە ستەیگی هەڵپەڕین و سەمای خێڵە بیابانشینەکانی وڵات. هەمووان ئەو ڕاستییە دەزانین، ڕەوتی سەدر براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بوو، بەڵام سەرنەکەوتنی لە دروستکردنی فراکسیۆنێک، یان زۆرینەیەکی پەرلەمانی کە زامنی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی بۆ بکات، ناچار بە درێژەدان بە ململانێیەکی توندی لەگەڵ نەیارە شیعەکانی دیکەی کرد، ئەو گروپە شیعانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەمەش پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق ڕووبەڕووی مەترسی و قەیرانی قوڵتر بوویەوە. بەجۆرێک هەنگاوی دەستلەکارکێشانەوەی سەدرییەکانیش دوای نزیکەی هەشت مانگ لە چەقبەستوویی سیاسی، وەک هەنگاوێکی بێ پێشینە لە دیمەنی سیاسی عیراقدا، نەبووە چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە و گۆڕەپانی سیاسی بەغدای ئارام نەکردەوە. لە ئێستادا دیمەنی سیاسی عیراق پێماندەڵێت، موقتەدا سەدر کاتێک بێ ئومێد دەبێت لە سەرکەوتن لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لە ڕێی پەرلەمانەوە، ئەمجارەیان دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ لەو دامەزراوەیە وەک بۆمبێک لەبن پێی نەیارەکانیدا دەتەقێنێتەوە، بۆمبێک نمایشی هێز لە پەرلەمانەوە دەگوازێتەوە بۆ شەقام. سەدر لە هەر سیاسییەکی دیکەی عیراق زیاتر توانیویەتی وەبەرهێنان لە داخوازی و هێز و وزەی شەقامدا بکات. ڕاستە فراکسیۆنەکەی ڕەوتی سەدریش لەسەر بنەمای تائیفی دامەزراوە، بەڵام فۆرمی گوتار و دروشمەکانی زیاتر لە چوارچێوەی سەربەخۆیی سیاسی و پرسی نیشتیمانیدا دەخولێنەوە. ڕوونە موقتەدا خۆی، کوڕ و نەوەی خێزان و بنەماڵەیەکی دینی و مەزهەبی دیاری عیراقە، ئەو پاشخانە دینی و مێژووییەش بووەتە سەرمایەیەکی ڕەمزی کاریگەر بۆ موقتەدا و وەبەرهێنانی گرنگی لەسەر دەکات. موقتەدا وەک فیگەرێکی دینی و سیاسی، بە وردی کار لەسەر پێویستی و داخوازییەکانی شەقامی عیراقی دەکات، گوتار و دروشمەکانی شۆڕدەکاتەوە بۆ ناو دڵ و ناخی گەنجانی ناڕازی و بێکاری شەقام، هێزی گوزارشت لە بێزاری و توڕەیی ئەوانی لە گەندەڵی و کۆی ئەو قەیرانانە هەیە، کە لە ڕابردوودا پشک پشکێنەی سیاسی ڕووبەڕووی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی عیراقییەکانی کردووەتەوە، وێڕای توانای هەوڵدان بۆ کارکردن لەسەر پرەنسیپە نیشتیمانییەکان و گوتاردان بە ناوی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و دروستکردنی حکومەتی نیشتیمانی عیراقی دوور لە هەژموونی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات. موقتەدا لە مێژووی سیاسی عیراقدا بە بڕیاری کشانەوەی بەکۆمەڵ لە پەرلەمان هەنگاوێکی بێ پێشینەی ناوە، هەنگاوێک جیاوازتر لە هەنگاوەکانی پێشووی. ئەو لە هاوینێکی گەرمی بەغدادا بە بڕیاری کشانەوە، گۆڕەپانی سیاسی گەرمی بەغدای گەرمتر کرد. جوڵەکانی پێشتری سەدر بریتیبوو لەوەی قاچێکی لە ناو حکومەت و قاچەکەی دیکەیشی دەخستە ناو گۆڕەپانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە، بەڵام ئەمجارە فۆرمی بڕیار و یارییەکەی گۆڕیوە، بە تەواوی قورسایی خۆیەوە هەردوو قاچی خستووەتە نێو گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکان و لە پرۆسەی سیاسی پاشەکشەی کردووە. هەمووان دەزانین، شەقامی عیراقی لە کوڵاندایە، سەدریش بەهۆی ئەو پابەندی و ملکەچییە بێ سنورەی کە هاوسۆزان و جەماوەرەکەی بۆ گوتاری سیاسی و پۆپۆلیستی ئەو هەیانە، توانای یاریکردن لە نێو شەقام و کۆکردنەوەی جەماوەر و جوڵەپێکردنی شەقامی هەیە، دەزانێت چۆن و لە کوێوە قسە لەگەڵ هۆشیاری و عەقڵی جەماوەرەکەی بکات و وەک ڕۆبۆتێک کۆنتڕۆڵیان بکات و وەک مێگەلیش ئاراستەیان بکات. هەموو ئەمانە گومانی ئەوەیان گەورەتر دەکرد، کە کۆبوونەوەی ملیۆنی و ناڕەزایەتی شەقام دژ بە داخرانی سیاسی لە عیراق دەست پێدەکات، کە لە ڕاستیدا کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەبن دژ بە چوارچێوەی هەماهەنگی و خواستی ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ پێکهێنانی حکومەتی تەوافوقی لە غیابی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدردا، چونکە لە سەرەتاوە تا کۆتا، خودی موقتەدا، ئەم هاوپەیمانێتییەی بە هۆکاری داخرانی سیاسی عیراق و پەکخستنی پرۆسەی سیاسی تۆمەتبار کردووە. لە ڕابردوودا موقتەدا سەدر بەوە ناسراوە، هەڵکشان و داکشانی لە بڕیاری سیاسیدا هەیە، سیاسییەکی ڕاڕا و ناجێگیرە، زۆرجار بەیانیان بڕیارێک دەدات و ئێواران بڕیارێکی پێچەوانە. کاتێک لە ساڵی (٢٠١٦)دا هەوادارنی ڕەوتەکەی چوونە ناو باڵەخانەی پەرلەمانەوە لە ناوچەی سەوز، لە لێدوانێکیدا گووتی: "ئەوە گوێ ڕاکێشانی نەیارە سیاسییەکانمان بوو". ئایا ئەوەی ئێستا، دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ لەو مێژووە و لە کۆتایی تەموزی ٢٠٢٢دا ڕوودەدات بریتییە لە تەنیا "گوێ ڕاکێشانێکی سیاسی دیکە"، یان هەوڵدانە بە ئاراستەی یەکلاکردنەوەی دۆخەکە بە زمانێکی دی و بە فۆرمێکی دیکە. یەکلاکردنەوەیەک جگە لەوەی لە ئێستادا دەرفەتەکانی سەرکەوتنی گەورەی لایەنێک، گروپێک بەسەر لایەن و گروپێکی دیکەی لەبەردەمدا ئاسان نابێت، کردنەوەی دەروازەیەکی ئاگرینیش دەبێت بە ڕووی مەترسی بەیەکدادانی جەماوەری و چەکداری میلیشیا شیعە سیاسییە پێکناکۆکەکان لە بەغدا، بەیەکدادانێک جگە لە کردنەوەی دەروازەی دۆزەخێکی دیکە بۆ هاوڵاتیانی عیراقی، هیچی دیکەی لێسەوز نابێت.
دێرین عزەدین تەنها شتێک لەکێبرکێ ی سەرۆک کۆمار گرنگ بێت ئەوەیە ژنێک بکەین بە سەرۆک کۆمار ، هەرچەندە لە مێژووی دروستبوونی عێراقەوە هەتا ئێستا ژنێک نەبووە بە سەرۆک کۆمار، بەڵام هیچ دەقێکی دەستوری یاسایی نیـیە ڕێگری لە ژنان بکات لە وەرگرتنی ئەو پۆستە، وە ئێمە لە دوای 2003 وە بانگەشەی دیموکراسی دەکەین بۆ ژنانیش مافی خۆیانە پەیڕەوەی ئەو مافە دیموکراسیەی خۆیان بکەن نەک هەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەڵکو پۆستە باڵاکانی تریش وەک سەرۆک وەزیران حەقە بدرێتە ژنان تا پەیڕەوی توانای خۆیان بکەن لەم هەڵبژاردنەدا جارێکی تر کۆمەڵێک پرسیار جێگای باسن کە پێویستی بە وروژاندن هەیە کە بۆچی حزبەکان خۆیان لەقەرەی ئەم پرسە نادەن؟ بۆچی ژنان مافی بوون بە سەرۆک کۆماریان نییە؟ ئایا ژنان شایانی سەرۆک کۆماری نیین؟ ئایا یاساکان ژنانیان لەسەرۆک کۆماری قەدەغە کردووە؟ لێرەدا پرسیارێک، بەرجەستە دەبێ کە بۆچی لەچوونە سەر سندووقی دەنگدان لەنێوان ژن و پیاو هیچ جیاوازییەک لەئارادا نییە، بەڵام جیاوازی لەهەڵبژاردن و پالێوراوی تا ئەو ئاستە قووڵ و ناڕەوایە؟ حزبەکان دەیانەوێت بە بەشداری چالاکی ژنان (بەشداری لەهەڵبژاردن و دەنگدان) بکەن و بەجۆشەوە پەلکێشی سەر سندووقی دەنگدانیان بکات بەڵام بۆ بەشداری چالاکی ژنان (پالێوراوی سەرۆک کۆمار بوون) بەشداربوونیان بە رەوا نابینێت ! بە گشتی کە تەماشای ئەم هەیکەلەی کۆمەڵگای کوردی دەکەین ئەو هیواو ئومێدە بەرزە لە چاوماندا ناشارێتەوە کە ژنی کورد داهاتویەکی باشتر و کۆمەڵگای کوردی جیهانێکی یەکسان و مرۆڤ دۆست ترو کراوەتر چاوەڕێی دەکات ئەگەر ژنێک ببێت بە سەرۆک کۆمار بەو شێوەیە هەم دەتوانین جیاوازی خۆمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بسەلمێنین هەم وەکو ژنێک بۆ ئەوەی یەکسانی جێندەری بەرپا بکات، هەروەها وەکو کوردێک مافی هەموو کوردە بۆ ئەو پۆستە خۆی کاندید بکات ئەم پۆستە بە تەنها موڵکی پیاو نیـیە وەکو ژنێکی کورد کە نوێنەرایەتی هەموو کورد و عێراق بکات وە لە ناوەندە نێوەدەوڵەتیەکان لەو پۆستەدا نوێنەرایەتی هەموو ژنانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکات. پاشان دەبینە یەکەمین نەتەوە لە ناوچەکە کە توانیومانە ژن بە گەورەو سەرداری خۆمان قبوڵ بکەین بۆلایەنی دەرونی تاکی کوردیش کە ئێستا تێکشکاوە بە ئەندازەی مانای دیموکراسییەت گرینگە ژنێک سەرۆک کۆماری بێت. ھەروەھا لەکتێبى (الحريات العامة في الدولة الإسلامية لە نووسینى: راشد الغنوشى هاتووە (لن يفلح قوم..) واتە: نابێت سەرچاوەیەک بۆ مەسەلە یاساییەکان ڕێ لە ژنان بگیردرێ بۆ سەرۆک کۆماریى ! کەواتە بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکی سیاسی و ڕەواندنەوەی ترس و گومانی هێزە سیاسیەکان لەیەکتر خانمێکی خاوەن پرۆژە وەک سەرۆکی کۆمار بەپێشنیارێکی باش دەزانم، هەڵبژاردنی خانمێکی سیاسی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ، بە دیوێکدا تۆخ کردنەوەی مەیلی سیاسی گەلی کوردە بۆ یەکسانی نیوان ژن و پیاو و بە دیوەکەی تردا نیشاندانی درەوشاوەترین روخساری دیمۆکراسیەت و مەدەنیەتە بۆ دونیا کە گەلی کورد خاوەنی ژنانی چەکدارە بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان و هەروەها خاوەنی خانمانی سیاسیشە کە هاوشانی پیاوان بۆ خزمەت کردنی نیشتیمان تێدەکۆشێت.
عومەر عەلی موحەمەد بڕیاری پاشەکشەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی عێراق قۆناغێکی نوێ بوو لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و کۆتایی بە ئەو دۆخە سیاسیە هێنا کە لەنێوان کوتلە سیاسیەکانی پەرلەماندا دروست بوبوو، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە لایەک و هەڵبژاردنی سەرۆکی حکومەتی ئایندەی عێراق. سەرەڕای ئەوەی کوتلەی سەدریەکان کە خاوەنی 73کورسی پەرلەمان بوون، خۆیان بەتەنیا نەیان دەتوانی حکومەت پێکبهێنن و دەبوایە بەهاوپەیمانێتی بێت لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی تردا ، سەدرو سوننە و پارت هاوپەیمانێتیەکیان دروست کردبوو،ئەم هاوپەیمانێتیە بە ڕابەرێتی سەدر بوو، سەدریش بۆ پێکهێنانی حکومەت سوربوو لە سەر حکومەتی زۆرینەو هەتا کۆتاش سوربوون لە سەر داواکەیان، بەڵام بەم کارەی زیاتر شیعە نەیارەکانی توڕە کرد لە چوارچێوەی هەمەهەنگی کە زیاتر لە ئێرانیەکان نزیکن و ئەوانیش کەوتنە خۆو نەیانهێشت ئەو خەونەی سەدریەکان بێتـە دی ، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ۱۰ مانگ بەسەر هەڵبژاردندا دۆخەکە گەیشتە بن بەست ،نە سەدریەکان وازیان لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە هێنا ،نە چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەبوون ملکەچی داواکانی سەدریەکان بن و بچنە بەرەی ئۆپزسیۆن. سەدر لە هەنگاوێکی نوێدا دەستی کرد بە شڵەقاندنی گۆمەکەو 73پەرلەمانتارەکەی لە پەرلەمان پاشەکشە پێ کردوو خەباتی لە پەرلەمانەوە گواستەوە بۆ شەقام، چونکە ئەگەر سەیری تویتەکان و لێدوانەکانی سەدر بکەیـن ئەوەی پێوە دیارە کە ئەو بێ هیوا بوە لە خەباتی پەرلەمانی و نایەوێت حکومەتێک پێک بینێت کە هاوشێوەی حکومەتەکانی پێشوو بێت لەگەڵ هێزەکانی تردا وکێکەکە یان لەگەڵدا بەش بکات. سەدر دەیزانی ئەم دۆخە نوێیەی کە دروست بووە، لە ژێڕ فشارێ خۆپیشاندەرانی 2019دا بووە. هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی عادل عبدولمەهەدیش هەمووی بە ئەو هۆیەوە بوە ، لەبەر ئەوە جەماوەری عێراق چاوەڕێی گۆڕانکاری و چاکسازی و گەڕانەوەی سیادەیە بۆ دەوڵەتی عێراقی ، ئەمانەش هیچی لەژێر سایەی حکومەتێکی لەو جۆرەدا نایەتە دی و دواجار ناڕەزایی و خۆپیشاندان دەست پێدەکاتەوە . هەندێک لە چاودێرانی سیاسی و بەشێکی زۆریش لە کوتلە سیاسیەکان وایان لەقەڵەمدەدا کە ئەم هەنگاوەی سەدر سیناریۆیەو تەنیا بۆ ئەوەیە کەبەشێکی زۆرتر بۆ خۆی بەرێت ، بەڵام ڕۆژانی دوایی هەموو ئەو بۆچونانەی بەدرۆ خستەوە. لە ئێستادا سەدر بۆتە ڕابەری خۆپیشاندانەکان و لە ڕێگەی شەقامەوە درێژە بە خەباتی سیاسی دەدات. جوڵاندنی شەقام و ڕابەرایەتی خواست و داواکاریەکانیان لە ئێستادا وایکردوە کە هەموو چاوەڕوانی، تویتەکانی بن وبزانن پێ دەڵێت. هاتنە دەرەوەی سەدر لە پەرلەمانەوە بۆ شەقام هەنگاوێکی سیاسی گرنگ بوو ، چونکە لە هەڵبژاردنی شێوەی ئەنجومەنێ نوێنەرانی عێراق نزیکەی %70 ی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنی نەکردوە و بێ هیوا بوە لەو شێوازە حکومڕانیەی کە لە عێراقدا بەڕێوە دەبرێت، لەبەر ئەوە ئەگەر سەدریەکان بتوانن بەشێک لەو بێ هیوایانە بگێڕێتەوە ناو پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن و دەنگ بە سەدریەکان بدەن ،ئەوکاتە دۆخە سیاسیەکەی عێراق گۆڕان بەخۆوە دەبینێت و بەم هۆیەشەوە ئەگەر خۆپیشاندانەکان فشاری زیاتر دروست بکەن و بتوانن مەترسی لەسەر ناوچەی سەوز دروست بکەن و ڕێگە لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بگرن و دەست بگرن بەسەر بارەگای ئەنجومەنی وەزیران ، ئاوکاتە بەناچاری دەبێت یان پەرلەمان هەڵ بوەشێتەوەو بڕیار لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت ئەوکاتەش بەدڵنیایەوە دەنگەکانی سەدر ڕو لە هەڵکشان دەکات .یان ئەم فشارانە وا لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات کەدان بە بەهێزی سەدردا بنێن لە ڕوی جوڵاندنی شەقام ،لە هەردوو بارەکەشدا سەدر دەتوانێت حکومەتی زۆرینە پێک بهێنێت ،یان لانی کەم نوری مالیکی بخاتە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا.
شاکار ابراهیم لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە هاوکاری گروپی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، سیستەمێکی سیاسی نوێیان پەیڕەوکرد لە ژێر ناوی دیموکراسیەتی تەوافقی کە زانای سیاسی ئەمریکی بە ڕەگەز هۆڵەندی ئارێند لایپارت دامەزرێنەریەتی ، بە پێی تیۆریەکەی لایپارت، ئاماناج لە دیموکراسیەتی تەوافقی برییتیە لە بە دیهێنانی سەقامگیری سیاسی و حکومی و دوورکەوتنەوە لە ململانیی توندی سیاسی لە نێوان پێکهاتە و ڕەگەزە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی فرەڕگەز و فرە پێکهاتە وەک لوبنان، بؤسنە، ئوسترالیا ، عێراق...هتد ، لە رێگەی دابەشکردنی دەسەڵات و هێز لە نێوان مەزهەب و پێکهاتە جیاوازەکانەوە، بە واتایەکی دی، بەڕێوبردنی وڵات لە ڕێگەی بەشداری سەرجەم لایەن و پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتەوە، تا لەو ڕێگەیەوە سەقامگیری سیاسی دروست بێت و لایەن و گروپە جیاوازەکان دوورکەونەوە لە ململانێی توندی مەزهەبی و نەتەوەیی. سەبارەت بە عێراق و کۆمەڵگە سیاسیەکەی، عێراق خاوەن پێکهاتەیەکی سیاسی و دینی تەواو جیاوەزە. بۆ نمونە، لە کۆمەڵگەیەکی وەک مالیزیادا گەر ململانی سیاسیەکە لە نێوان پیکهاتە جیاوەزەکانی وەک مالیزی و چینی و هندیەکاندا بێت، بەڵام لە عیراقدا جگە لە ململانێی سونی- شیعی، کوردی- عەرەبی، عەرەبی- پێکهاتەکانی دی، ململانێەکی توندی سیاسی هەن لە نێوان خودی یەک پێکهاتەی دیاریکراودا لەوانە کورد-کورد، شیعە- شیعە، کە توندترین و کاریگەرترینیان ململانی سیاسی نێوماڵی شیعیە بەسەرۆکایەتی موقتەدا صەدری سەرۆکی رەوتی صەدری شیعی و نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسای شیعی کە مێژوو ململانیەکەیان دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی خولی یەکەمی دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی مالیکی کاتێک بە توندی ڕوبەڕوی ڕەوتەکەی صەدر بۆوە و زۆرینەی لایەنگرەکانی لە کونجی زینداندا بەند کرد. بەهۆی ئەم ململانێ نێوان پێکهاتە جیاوەزەکان لە عێراق، لە لایەکی دی ململانی توندە ناوخۆییەی نێوان یەک پێکهاتەی دینی-نەتەوەیەوە، نەمانی متمانەی سیاسی لە نێوان بەشیکی زۆری گروپە سیاسەکانی عیراق و خراپی دۆخی حوکم ڕانی و قوڵبونەوەی کێشە سیاسیەکان ، سیستەمی سیاسی تەوافقی کە سەرەکیترین بنەمای دابینکردنی سەقامگیری سیاسی و ئاسایشە لە عیراق ڕووبەروی قەیرانی قوڵبۆوە: شەڕی ناوخۆی شیعی-سونی(٢٠٠٦-٢٠٠٨)، کێشەی کورد و حکومەتی ناوەندی (٢٠١٠- تاکو ئێستا)، شەڕی داعش (٢٠١٤-٢٠١٧)، خۆپیشاندانی تشرینەیەکان (٢٠١٩-٢٠٢٠)، تاوەکو دواین هەڵبژاردنی عێراق ململانێکان بەردەوام بوون. لە دوای هەڵبژاردنی ١٠ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، صەدر بە هاوکاری هاوپەیمانەکانی لەگەڵ بەشێکی کورد و سونە، بانگەشەی حکومەتی زۆرینەی کرد وەک بەدیلێک بۆ سیستەمی تەوافقی زۆرینە، ئەم بانگەشەیە دۆخی سیاسی عێراقی تا لێواری تەقینەوە برد، بەڵام ىڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، دۆخەکەی لە بەرژەوەند نەیارە مێژوویەکەی صەدر یەکلاکردەوە و بارودۆخە سیایسەکەی گۆڕی. صەدر بۆ دەربازبوون لەو ئابڵوقە قانونیە بڕیاری کشانەوەی لە پەرلەمانی عێراق دا و شکستی هێنا لە دروستکردنی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی و کۆتایهاتنی سیستەمی دیموکراتیەتی تەوافقی. بۆیە موقتەدا صەدر ئەو شکستەی قبوڵ نیە، وەک دواین چانس، لە ڕێگەی جەماوەری سیاسی خۆیەوە کاردەکات بۆ شکاندنی سیستەمی تەوافقی سیاسی لە عیراقدا. شەقامی سیاسی عیراقی دژی نەیارانی سیاسی خۆی دەجۆڵێنێت کە ئامانج لێی پەراویزخستنی نەیارەکانیەتی لە پڕۆسەی سیاسی عێراقیدا. بەمەش، ئەمڕۆ عێراق ڕوبەڕوی ئاڵنگاریەکی قوڵبۆتەوە لە نێوان بەرەی سیستەمی تەوافقی و بەرەی سیتەمی زۆرینە، کە عەقڵێکی سیاسی گەورە نەبێت ئیدارەی ئەو ئەزمە قوڵەی عێراق بکات، عێراق بەرەو شەڕیکی توندی ناوخۆی دەڕوات کە کۆنترۆڵکردنی ئاسان نابێت و دەروازەیەک بۆ ململانیەکی سیاسی دوور مەودا دەکاتەوە. * ماستەر لە سیستەمی سیاسی عێراقدا
سمكۆ ئەسعەد (.. عیراق ، عیراقی عەلی ئەمیری موئمینینە ، ئەو گەورە و ڕابەری مەزهەبەكانە) ئەمە بەشێكی خاڵی چوارەمی وتارەكەی موقتەدا سەدر بوو لە نوێژی هەینی یەكگرتوو-ی رۆژی 15/7/2022 . كورد و سوننەی عیراق وشەیەكیان نەدركاند ، بەرامبەر ئەم ناولێنانە نوێ یە لە(عیراق) ، نەیانوێرا بە (سەدر ) بڵێن : عیراق دەستووری هەیە ، فیدرالی و دیموكراسییە ، لەو دەستوورەدا باس لە مەزهەب نەكراوە. سیاسەتكارانی كورد لە بیستن ولێكدانەوەی واتاكانی (عیراقی ئیمام عەلی ) خۆیان بێ دەنگ كرد ، لەبەر ئەوەی چاویان لەسەر پۆستەكانی عیراق بوو ، شەڕیان بوو لەسەری ، تا ئەمڕۆ چاویان بە لایەنگرانی (عیراقی ئیمام عەلی) كەوت ، بە پێی تەقویمی هیجری ولە مانگی موحەڕڕەمدا ، چۆن باڵەخانەكانی پەرلەمان و حكومەت و دادگای باڵا .ئەشێلن . هەڵبەتە بەشێكی سیاسەتكارانی كورد، هێشتا وا ئەزانن ، ئەمە كێشەی نێوماڵی شیعەیە وهیچ پەیوەندییەكی بە كوردەوە نییە ، بەشێكی تریشیان ، ئەم تێكچوونەی بەغدایان زۆر پێ خۆشە .. پێیان وایە .. ئەو دادگایەی بڕیاریدا لە دۆسێی نەوت .. ئەو پەرلەمانەی كاندیدەكانیان دەرناچوێنی .. هەر بۆ روخان باشە . بەڵام ئەوەی سیاسەتكارانی ئێستای كورد نایزانن ئەمەیە .. (عیراقی ئیمام عەلی) بە ڕابەرایەتی موقتەدا سەدر ، ئەو عیراقەیە كە هیچ پەیوەندییەكی بەم دەستوورەی ئێستا وبەم هاوپەیمانییە شكستخواردوانەوە نییە، سەرەتا لغاوی بەغدا ئەكا ، ئنجا دێتە سەر خستنەڕووی مەرجەكانی بۆ (كورد) پێش ( سوننە) دڵنیام ئەوەی ئێستا سیاسەتكارانی كورد بە خۆشی خۆیان لەسەری ڕێك ناكەون ، ئەوكات بە زەبر لە دەستی ئەدەن، ئەمە ئەگەر لایەنێك پێش ئەوانی تر نەكەوێت و (بەیعەت) نەدا.
د. كامەران مەنتك چی لە ئێراقدا دەگوزەرێت؟ ئایا ململانێكان بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت، یاخود ململانێی سەر شەقام ئەو قۆناغە تا رادەیەك ئاشتەواییە ، یاخود ئەو ململانێیە ساردە تێدەپەڕێنێت وقۆناغی بەریەككەوتنێكی خوێناوی دەست پێدەكات وئێراق دەكەوێتە دوو توێی شەڕێكی خوێناوی ناوخۆوە؟ لەراستیدا ئەوەی لە ئێراقدا دەگوزەرێت هێندەی پەیوەندی بەململانێ جیهانیەكان وداڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكەوە هەیە، هێندە پەیوەندی بەجیاوازی بیروراو خەباتی دیموكراسی وئەو قسە گەورانەی دەكرێن نیە! ئێستا ئێراق بە كوردستانیشەوە كەوتۆتە چەقی قۆناغێكی تر لەشەڕی سارد، واتە شەڕی نوێی سارد، كە لە نیسانی (2017) لە سوریا دەستیپێكرد وئێستا خەریكە دەپەڕێتەوە ئێراق وشەڕ لەسەر دابەشكردنەوەی گۆڕەپانی ئێراق دەكرێت لەنێوان زلهێزە جیهانیەكاندا. بە واتایەكی تر هەوڵ دەدرێت ئێراق لەژێر هەژموونی ئەمریكا دەربهێنرێت، یاخود بەلایەنی كەم هەژموونی ئەمریكا لەو وڵاتە لاواز بكەن، وەك لەسوریا كردیان ورێگە نەدەن ئەمریكا چیتر تاكلایەنە ئیدارەی ئەو وڵاتە بكات وهەموو بڕیارێك لەدەست خۆی بێت، واتە ئێراق لە ئێستادا رێك لە قۆناغەكانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، بە وردیش تاوەكو ساڵی (1991) دا دەژیت، بەڵام بەشێوەیەكی جیاواز تر! لە قۆناغی شەڕی ساردی یەكەمدا، لەماوەی نزیكەی 40 ساڵدا ئێراق بووە گۆڕەپانێكی سەختی شەڕی ناوەخۆو شەڕی دەرەكی، ئەو قۆناغە یاخود شەڕ لەنێوان حكومەتی ناوەندو كورددا هەبوو، یاخود ئێراق هێزەكانی دەنارد بۆ شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، وەك شەڕی (1967 -1973) عەرەبی ئیسرائیلی، یاخود خەریكی شەڕ بوو لەگەڵ هاوسێكانی، وەك شەڕی ئێراق -ئێران( 1980-1988). ئەوەی قۆناغی شەڕی نوێی سارد، یا گەڕی دووەمی شەڕی سارد لە ئێراقدا جیادەكاتەوە، ئەوەیە ئامڕازەكانی شەڕ زۆر ترو ترسناكتر بووەو گۆڕەپانی شەڕیش فروانتر بووە، ئێستا چەكی پێشكەوتوو ووێرانكەرتر هەیەو هاوكات دەتوانرێت ئاسانتر خەڵك وشەقام بگلێنرێتە ناو شەڕەكەوە ووەك ئامڕازێك بەكاربهێنرێت! یەكێك لەئەگەرە ترسناكەكانی ئەو ململانێ وگرژیەی لەئێراقدا روودەدا، رووبەڕووبوونەوەی لایەنەكانە لەسەر ئاستی جەماوەری، واتە شەقام بكرێتە بەریەككەوتنی راستەوخۆی نێوان لایەنەكان، كە دیارە ئەمەش لەكۆتایدا شەڕی ناوەخۆی لێدەكەوێتەوە، بەهۆی بوونی دەستی هەرێمیش لەو مللانێیەدا، ئەگەری ئەوە هەیە شەڕەكە بەرەو دەولەتە هەرێمیەكانیش بپەڕێتەوە، كە ئەگەرچی ئەمە ئەگەرێكی لاوازە، بەڵام ئەگەرێكەو لە ئارادایە! بەتایبەتیش ئەگەر ئەوەمانزانی چوارچێوەی هەماهەنگیش، وەك رایانگەیاند، نیازیان وایە خۆپیشاندا بەخۆپیششاندان وەڵام بدەنەوە، كە ئەمە كارێكی ترسناكەو دۆخەكە بەرەو تەقینەوە ورووبەڕووبوونەوەیەكی ترسناك دەبات، ئەگەر ئەو بانگەشەیە وەك جۆرێك لە فشار بێت بۆ سەر سەدریەكان، دەكرێت بڵێین شتێكی باشە، بەڵام ئەگەر بكەوێتە وبواری كردەییەوە، ئەوە ململانێكان بەرەو قۆناغێكی تری مەترسیدارتر دەگوازێتەوە. دوور نیە بەچڕبوونەوە وقووڵبوونەوەی گرژیەكان، ململانێكان بگوازرێتەوە ناو ماڵی كوردیش، لەبەرئەوەی كرۆكی ئەو كێشەو ململانێیەی لەنێو ماڵی شیعەو سووننەدا هەیە، لەنێو ماڵی كوردیش دا هەیە، كوردیش بەسەر لایەنە سەرەكیەكانی ململانێكە لەناوچەكە وجیهاندا دابەش بووە، بۆیە شەری یەكلاییكردنەوەی هەژموونی زلهێزەكان، ئەگەرێكی زۆری هەیە بپەڕێتەوە كوردستانیش، بەتایبەتیش ئەگەر ئەوەمان زانی هەموو بنەماكانی تەقینەوە ورووبەرووبوونەوە لەنیو هیزە كوردیەكاندا بەدیدەكرێت وهەمان ئەو زەمینە گرژەی لە بەغدا هەیە، لەهەولێردا بەشێوەیەكی چڕ تر بەدیدەكرێت!. دەئرەنجامی ئەو ململانێیە، هێندەی بە هاوسەنگ بوونی نێوان هیزە جیهانیەكانەوە پەیوەستە، هێندە پەیوەندی بە حودی هێزە ململانێكەرەكانی ناوەخۆی ئێراق نیە، لەبەرئەوەی وەك ئاشكرایە ئەو هێزانەی ئێراق جگە لە ئامڕازیك ویاریزانێكی بێئیرادە هیچ رۆڵێكی تریان نیە، بۆیە گرژبوونەوە یاخود هێور بوونەوەی دۆخەكە زیاتر پەیوەندی بە دۆخی زلهێزەكان لەناوچەكەو سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی هەژموونی هەیە!.
فەرحان جەوهەر ساڵانێکی زۆرە عیراقیەکان چاوەڕێی چاکبوونی دۆخی وڵاتەکەیان دەکەن، چەندین دەستهەڵاتی جۆراوجۆریان تاقی کردۆتەوە، جار لەدوای جاریش پەشیمان دەبنەوەو خۆزگە بە دەستهەڵاتی پێشوو دەخوازن، زیاتر لە شەست ساڵ بەر لە ئەمڕۆ حوکمڕانیەتیان لە ئێستا باشتربووە، چونکە دەستهەڵاتی راستینە لە دەست خۆیان نەبووە، بەڵکو لەدەست ئینگلیز بووە، دواتر بەهۆی کاریگەربوونیان بە کۆمەڵێک دروشمی وەک کۆماری مارکسی و نەتەوەیی عەرەبی لە ئێستاشدا ئاینی، هەڵسان بە ئەنجامدانی کودەتای خوێناوی یەک لە دوای یەک، نەوەستان تاسەریان چووە ژێر پۆستاڵی دیکتاتۆرێکی وەک سەددام و حزبێکی فاشی وەک بەعس، بەهەزاران خەڵکی لێ کوشتن چ ئەوانەی بەهۆی دژە دەستهەڵاتی خۆی لە ناوی بردن، وەک ئێمەی کوردو شیعە، چ ئەوانی تریش وەک سوننە و کەمایەتییەکان بەهۆی ئەو جەنگانەی هەڵیگیرساندن، ئەگەر ئەمریکا نەبوایە تا چەندین ساڵی تریش ئەو رژێمە هەردەمایەوە، کەچی شیعەکان پێش سوننە کەوتنە دژایەتی ئەمریکا، لە کاتێکدا ئەمریکا ئازادی کردن و کلیلی حوکمڕانیەتی دایە دەست خۆیان و پێی گوتن: فەرموون دەوڵەتی خۆتان بنیات بنێنەوە، زۆری پێنەچوو ئیدی کەوتنە لێدانی ئەو دەوڵەتەی خۆیان تێدا حوکمڕانن، سەیرکەن چۆن یاساو دامەزراوەکانی دەوڵەت و سەروەریەکەی دەشکێنن، هەرجارەو دەیخەنە ئەستۆی لایەنێک، هەندێک دەڵێن: خەتای ئیسڕائیلەو هەندێکی تر خەتای ئێرانە، هەندێک پێیانوایە ئەگەر مالیکی نەبێت عیراق دەبێتە مێرگی دیموکراسی، هەندێکی تر پێیانوایە سەدر دەتوانێ موعجیزە دروست بکات. بۆ تێگەیشتن لە دۆخی عیراق نابێت چیتر پشت بە لێکدانەوە سیاسیەکان ببەستین، بەڵکو شیکاریانەی حاڵەتی دەرونی و مێژوویی و سۆسیۆلۆژیانەی عیراقیەکان و پێکهاتەکانی، دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ تێگەیشتن لە دۆخی عیراق، راستە عیراق لە رابردووێکی زۆر دووردا سەرزەمینی چەندین شارستانی گرنگی وەک سۆمەری و ئەکەدی و بابلی و ئاشوری و گۆتی و لۆلۆیی بووە، بەڵام ئەمە مانای وانییە، ئەو دانیشتوانانەی ئێستا پاشماوەی ئەو نەتەوەو شارستانیانە بن، بەڵکو کۆمەڵێک هۆزی دەوارنشینی بیابانەکانن، بە دوای ئاو لەوەڕگاکانەوە گەیشتوونەتە سنووری ئەو شارستانیانە، بەهیچ شێوەک ناچنەوە سەر ئەو شارستانیانە، ئەو دۆخەی ئێستاو رابردووی عیراق گەواهیدەری ئەم راستیەیە، چونکە میللەتانی خاوەن باکگڕەوەندی شارستانی، هەڵس و کەوت و رەفتاری هۆڤیانە ناکەن، هەروەها دەتوانن خۆیان حوکمی خۆیان بکەن، پشت بەنەیارانی خۆیان نابەستن، سەیری خۆپیشاندەرانی عیراق بکەن، چ دروشمێک دەڵێنەوە: بڕوح بددەم هەمان دروشمی سەردەمی بەعسە، تەنها لە جیاتی ناوی سەددام دەڵێن: نەفدیک یا عیراق، جاران هەر هەمان خەڵک دەیانگوت: نەفدیک یا سەددام، هەرکەسێک بڕێک ئەزمون یان نیمچە خوێندەواریەکی هەبێت، تێدەگات عیراق لە کام خاڵ و چوارگشەدایە، بۆیە عیراق نە بەمالیکی و نەبەسەدرو نەبە هیچ کەسێکی تر چاک دەبێت، تا ئەو کاتەی گۆڕانکاری لە هزو بیرو کولتووریان نەکرێت.
سامانی وەستا بەکر لەم وتارەیا مەبەستمە تاکی کورد هۆشیارتر درک بە ترسناکی و مەغزای قوڵی ستراتیژی سیاسەتی تۆتالیتاری بۆ قڕکردنی کورد لەلایەن تورکەوە بکا و بەیەکگرتووی بەرەنگاری ببێتەوە، هەروەک چۆن مەبەستمە خوێنەر باشتر لە میتودە تێبگا کە تورک بەرامبەر کورد بەکاری ئەهێنێ بەمەبەستی فەوتان و قڕکردنی گەلی کورد. میلەتێکی تۆتالیتار: لاپەڕەکانی مێژوو پڕن لە ناوی مرۆڤی تینوو بە خوێن ڕشتن، پڕن لە ناوی دیکتاتۆر و کەسانی خۆپەرست، پڕن لە بوونی ڕژێمی تۆتالیتار و چەوسێنەر، پڕن لە بوونی حوکم و دەسەڵاتی نەتەوەپەرست و داپڵۆسێنەر، بەڵام زۆر بە دەگمەن تا ئاستی نەبوون ئەتوانی گەلێکی تۆتالیتارخواز و دڵ پڕ لەقین و داخ لەدڵی هاوشێوەی تورک بدۆزیتەوە بەرامبەر بە کورد. بەڵێ هەڵبەتە کاتێ ئەڵێم تورک مەبەستم لە نەتەوەی تورکە لەناو سنوری ئەو زەریە داگیرکراوەی کە بەزۆری زۆرداری ئێستا بە تورکیا ناسێنراوە. سەیرە میلەتێک بەکۆ ڕق و بوغزی بەرامبەر نەتەوەیەکی تر لەدڵابێت، بەدەگمەن تا ئاستی نەبوون کەسێکی بەنەتەوە تورک بڕوای بەبوونی نەتەوە و گەلێکی تر هەبێت وەک ئەوەی تورک بەرامبەر کورد هەیەتی. لەسەروبەندی داگیکاریەکەی عەفرینا لەگەڵ خانمێکی هاوکاری تورکا کەوتمە گفتوگۆ کە هەمیشە خۆی بە مرۆڤ دۆستێکی بێ وینە ئەناسێنێ، کاتێ بەندە باسم لە مێژووی بوونی کورد و خاوەندرێتی خاکی کوردستان ئەکرد بە عەفرینیشەوە هەروەکچۆن باسم لە زوڵم و داگیرکاری تورک و میلیشیاکان ئەکرد، وەڵامی ئەو خانمە تورکە زۆر ڕاستگۆیانە بوو، ئەو ووتی "ئەبێ من تورک نەبم ئەگینا هیچ تورکێ توانای گوێگرتن و باسی کوردستانی نیە". دەوڵەتێکی تۆتالیتار: کەرتی پەروەردە یەکێکە لەگرنگترین کەرتەکانی بوونیاتنان، ئەکرێ لەڕێی پەروەردەوە میلەتێکی میانڕەو ئاشتیخواز وەک وڵاتانی ئەسکەندەنافیا دروست بکرێ، وە بە پێچەوانەشەوە ئەکرێ هەر لەڕێی کەرتی پەروەردەوە میلەتێکی دڵ پڕ لەقین، تینوو بەخوێن، خۆبەزلزان، تۆڵەسێن، بێ بەزەیی دروست بکرێ هاوشێوەی تورک بەرامبەر کورد لەسەر ئەوە زەویە داگیرکراوەی کە بە وڵاتی تورکیا ناسێنراوە. بە درێژاییی مێژوو، مرۆڤ خەباتی كردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەفسانەی "حەتمییەتی غەیب یان نادیار"، بۆ ڕزگاربوون لە سەرکوتکردنی ئەو هێزانەی كە بە ناوی قەدەر و فەرمانی خواوەندەکانەوە خەڵكیان كوشتووە و سزای ترسناكیان سەپاندوون. پەروەردەی تۆتالیتاریزمیش بە هەمان میكانیزم كار ئەكا، بەڵام بەپێی لۆژیكێكی پێچەوانەوە كە حەتمییەتی نادیار یان غەیب ئەگۆڕێ بە حەتمییەتی زانستی. واتە هەروەك چۆن تێرۆریستە باوەڕهێنەرەکان بە غەیب، بە ویژدانی ئارامەوە قوربانییەكانیان لەناو ئەبەن و باوەڕ بە خۆیان ئەهێنن گەر قوربانییەكان گوناهبار بن، دەبێ بكوژرێن و گەر بێ گوناهیشبن قەدەری ئیلاهی ئەوەی خواستووە كە بكوژرێن، تۆتالیتاریزمیش بە هەمان لۆژیك، بەڵام بە لنگەوقوچی پاساو بەدڕندەیی ئەبەخشێ. ناکرێ بەئاسانی تۆتالیتاریزم بناسین و لە چەند هێڵێکی گشتییا سیما سەرەکییەکانی بزاوت و ڕژێمی خاوەن دەسەڵاتی تۆتالیتار پێناسە بکرێ. ناشکرێ ئەو ڕژێمە وەک دامەزراوەیەکی سادە نیشان بەین کە بەپێی تاقە ئایدۆلۆجیایەک و لە پێناو جێبەجێکردنی ئامانجێکی ستراتیژیی دوورخایەنا ڕەوایی "بوون و مانەوە" بەخۆی ببەخشێ. ناكرێ ڕژێمی تۆتالیتار بەسادەیی پێناسە بكرێ و هەروا بخرێتە ناو ئەو پۆلێنكردنە باوەی بیری ڕامیارییەوە كە ڕژێمەكان دابەش ئەكا بەسەر "ستهمكار، ئۆتۆكرات، دیكتاتۆری، دیموكراتی و پهرلەمانی....هتد"، چونكە ڕژێمی تۆتالیتار ڕژێمێكی ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە، پشت ئەستوورە بە بەرهەمەكانی زانستی مۆدێرن، هونەری بیرۆكراتییەتی كارگێڕی، بەگەڕخستنی هۆیهكانی ڕاگەیاندن، ورووژاندنی سۆزی میللی، ئاراستەكردنی ئامرازەكانی بانگەشەی ئایدیۆلۆژی و بەئەفسانەكردنی كێشە سیاسییەكان....هتد، هەروەك چۆن بەووردی كار لەسەر پاوانكردنی بواری ئابووری و پەروەردیی و ڕۆحییەتی مێژوویی و لۆژیكی زانستی و فەلسەفییش ئەكا. بەندە بەمەبەست ئەو پێناسەو دەستەواژانەی لای سەرەوەم خستۆتە بەردیدی خوێنەر تا ڕوونتر لە ئامانجی تورک تێبگا و باشتر درک بەوەبکات کە ئەوان چۆن کارئەکەن تا کورد قڕبکەن و چۆنیش پاساو بۆ خوێنڕێژی و تاوانەکانیان ئەهێنەوە لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیا. واتە کاتێ بەتاوانی کورد بوون ئەکوژێ و هەوڵی قڕکردن ئەیا بەڵام لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتیا وەک ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر باسی لیوەئەکا و ئەیناسێنێ، بەکوردیەکەی بەبێ تاوان ئەتکوژێ و بەتاوانبار تۆمارتئەکا و ئەتناسێنێ. مێژووی سیاسی و تۆتالیتاریزم: مێژووی سیاسی، چەندین جۆر سیستهمی داپڵۆسێنەری بەخۆوە بینیوە، بەڵام هیچیان لە سیستهمی تۆتالیتاری نەچوون. چونكە هەرچەندە ڕژێمە دیكتاتۆر و "ئیستبداد" سەرکوتکەرەكان توندوتیژیی زۆر ترسناكیان لە پێناو مانەوە و پاراستنی ئاسایشی دەسەڵاتدارانا پەیڕەو كردووە، بەڵام ڕژێمی تۆتالیتار توندوتیژی پەێڕەو ئەكات نەك وەكوو ئامراز، بەڵكوو وەكوو ئامانج و ستراتیژیی دوورخایەنیش، بەم پێیەش توندوتیژی ئەكاتە یاسایەك و حەتمییەتی زانستی و مێژووییی پێ ئەبەخشێ. واتە تەنیا پەنا نابا بۆ توندوتیژیی فیزیكی، بەڵكوو پەنا ئەبا بۆ پاساوی ڕەمزی و عەقڵییەتی زانستگەری و حەتمییەتی مێژووییش، تا هەموو ڕەوانێکی بەرەنگاری لەو كەسانە داماڵێ كە ئەچنە خانەی نەیارانەوە، تا بە ویژدانێكی ئاسوودەوە سزایان با و تەنیا وەك دوژمنی خۆی نیشانیان نەیا، بەڵكوو وەك دوژمنی مێژوو و زانستیش وێنایان بكا و وەك خەڵكانێكی بێهودە لێیان بڕوانێ، كە بەگژ ڕاستییەکی مێژوویی و زانستی ڕەهایا ئەچنەوە هەروەک ئەوەی تورک بەرامبەر کورد ئەیکا، لەمێژووی دروستکردنی ئەو زەویە داگیرکراوەی کە بە تورکیا ناسێنراوە بەردەوام کار لەسەر ئەوە کراوە کە شتێک بوونی نییە بەناوی کوردەوە بەڵکو ئەوە کۆمەڵە خەڵکێکی یاخین بەگژ ڕاستیەکی مێژووییا ئەچنەوە کە مەبەستی تورکەکان لەوەیا ئەوەیە کە "کوردیش هەر تورکن، تورکی شاخاوین بەڵام دان بە تورک بوونی خۆیانا نانێن" کە ئەمە هەموو سنورەکانی داگیرکاری تێپەڕانوەو کار لەسەر سڕینەوە و فەوت کردنی گەلێکی ڕەسەن ئەکا لەسەر زێد و خاکی خۆی. کاری ڕژێمی تۆتالیتار: ڕژێمی تۆتالیتار كاتێ یەنە سەر حوكم، هەمیشە پەیمانی سەقامگیركردنی دۆخی وڵات بە جەماوەرەكەی ئەیا، بەڵام هەرگیز ئەو پەیمانەی خۆی جێبەجێ ناكا و وڵات لە دۆخێكی ناجێگیر و نائاساییی بەردەوامدا ئەهێڵیتەوە، واتە هەرگیز ڕێگە نایا هەستكردن بە ئارامی و كۆتاییهاتنی باری نائاسایی لە ناخی خەڵكییا بچەسپێ. لەو پێناوەیا ڕژێم پێوستی بە جهنگی بەردەوام و دوژمنی بەردەوام و سازدانی سیناریۆی بەردەوام هەیە سەبارەت بەوەی كە وڵات و شۆڕش لە بەردەم مەترسییان. ئەوەی ئەردۆگان و تورکەکان ئەیکەن کت و مت ئەمەیە، ئەوان بەبیانووی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەمیشە بەردەوامی بە قڕکردن و کورد کوژی ئەیەن، هەمیشە کورد بە دێوەزمە و دوژمنی قەستەسەری تورک ئەناسێنن. هزری تۆتالیتاریزم: داروین ئەڵێ مانەوە تەنها بۆ بوونەوەرە بەهێزەکانە، ماركسیش گەشەكردنی ڕژێمی سیاسی و ئابووریی ئاشکرا كرد وەك یاسایەكی مێژووییی حەتمی كە قابیلی بەرەنگاربوونەوە نییە، بگرە هەر بەرەنگارییەكی ئەو یاسا مێژوویییە بەر زەبری خودی مێژوو ئەكەوێ و چارەنووسیشی هیچ نییە جگە له لەناوچوون و دۆڕان. لە سەردەمی یەكێتیی سۆڤیهتا بۆلشەفیكەكان، بەتایبەتی ستالینییەكان، وەرگێڕانێکی زۆر ترسناكیان بۆ ئەو دیدەی ماركس كرد، كاتێ ڕەوایەتیی زانستی و ئایدیۆلۆژی و ئەخلاقییان ئەبەخشییە تاوانەكانیان بۆ قەتڵ وعامی سەدان هەزار كەس، بەو پاساوەی ئەوانە كەسانێكن بەحەتمی ئەبێ لەناو بچن، چونكە بەگوێرەی حەتمییەتی مێژوویی و زانستی، ئەوانە چینی ڕوو لە مەرگن. بە هەمان شێوە نازییەكان لە تیۆریی ڕەگەزپەرستیا سوودیان لە هەمان تێزی داروین وەرگرت، بەتایبەتی لەو خاڵەیا كە ئەڵێ "مانەوە تەنیا بۆ بوونەوەرە بایۆلۆژییە بەهێزەكانە" بەڵام لای ئەوان مانەوە تەنیا بۆ ڕەگەزە ئەڵمانە باڵاكان بوو، كە ئەبێ ڕەگەزەكانی تر، یان ملكەچیان بن یان بەحەتمی و بێ دوودڵی قڕ بكرین و لەناو بچن. ئەمە بیرو هزری تاکی تورکیشە بەرامبەر کورد، لای ئەوان کورد بوونەوەرێکی بێ هێز و بێ کەڵکە بۆیە ئەبێ بۆ مانەوە و بەهێزی تورک کورد لەناوبچێ و نەمێنێ. نازییەکان بەئاشکرا کاریان بۆ فەوتان و وقڕکردنی جولەکە ئەکرد، تورکیاش هەمان کار بەرامبەر کورد دووبارە ئەکاتەوە، بەڵام سیستمی سیاسی و جیهانبینی وخێرای بڵاوبوونەوەی هەر هەواڵێک لە ئێستایا وای کردووە کە تورکەکان بەئاشکرا بانگی قڕکردنی کورد ڕانەگەیەنن ئەگەرچی بەکردار و سیاسەت هەر هەمان کاریشئەکەن. کوردی بی ئاگا: ناکرێ چیتر لەوە زیاتر کورد چاوپۆشی لە دوژمنایەتی و سیاسەت و ستراتیژیەتی قوڵی قڕکردنی کورد لالایەن تورکیاوە بپۆشێ، گربنگە تاکی کورد هۆشیارتربێ، ناکرێ ئەو ڕۆژانە بە تۆپ و فڕۆکەو ئاگر و کیمیای هەوڵی قڕکردنی کوردبات بەڵام تاکی کورد بۆ گەشتکردن و بەسەربردنی پشووەکانی بچێتە ئەو وڵاتە، یان خوردنی سەر سفرەکەی تورکیبێ. کاتێ باسی بایکۆتی کاڵای تورکی ئەکرێ وەک چەکێک بەرامبەر ئەو داگیرکاری وکوشتن و بڕینەی تورک بەرامبەر کورد ئەیکا، زۆرجار گوێت لێئەبێ کەسێک ئەڵێ بەتەنیا بەمن هیچ ناکرێ کە ئەمەش بێ هێزی و لاوازی و نەبوونی متمانە نەبوونی تاکی کورد بەرامبەر بەخۆی پیشانئەیا. نەبوونی متمانە بەخۆبوون زۆر لە داگیرکاری و کوشتن و تۆپ و فرۆکەی دوژمن ترسناکترە، چونکوم تەنها بە متمانە بۆخۆبوون مرۆڤ ئەتوانێ ڕووبەڕووبوونەوە بکات وبەرەنگاری دوژمن بێتەوە، ئەکرێ چەند کەسێک بەتمانەیەکی تەواوە بەرەنگاری هێزێکی گەورەتر لەخۆی بێتەوە و سەرکەوتووشبێ، پێچەوانەکەشی ڕاستە، بۆیە گرنگە لەناو خێزان و فێرگە و شوێنە گشتیەکانا کار لەسەر گەڕنەوەی متمانە بەخۆبوون بکرێ و وابکرێ کە هیچ کەسێک خۆی پێ کەم نەبێ و بۆ نمونە نەڵێ بایکۆتی کاڵای تورکی تەنها بەمن ناکرێ و سودی نیە بەڵکو ئەبێ خۆی وەک ئەو دڵۆپە ئاوە ببینێ کە دەریایەک دروست ئەکات.
د.حیكمەت نامیق ئەوەی كە دەگوزەرێ نا ئومێدیەكی لەڕادەبەدەری كۆمەڵگاو گرووپ و تاك و مرۆڤە جگە لە چینێكی باڵادەستی خۆشگوزەران كە كەلێنێكی ئێجگار گەورەی دروستكردوە لەنێو چین و توێژەكانی كۆمەڵدا بەشێوەیەك مرۆڤی توشی نا ئومێدیەك كردوە خەریكە تەواو پەنگ دەخواتەوە بە ئاراستەیەكی نادیار هەنگاو دەنێ كێشە ئەوەیە كەس نیە، یان ئەگەر هەشبێ ناتوانێ و نایەوێ جلەوی ئەو نا ئومێدیە بكات بەو مانایەی كە دایمركێنێتەوە یان لایەنی كەم بەشێكی ئەوخەمەقووڵەیان لەكۆڵ بكاتەوە كە دەمێكە ماندووە بەدەست ئەو گەندەڵی و پیسخۆریەی كە بەڕۆكی گرتوون ئەوسەركردەیەی كە هەڵدەكەوێ لەنێو كۆمەڵگادا كێشە نیە پڕۆژەو ئاراستەی ئیشكردنەكانی بەناو چاكسازی بێت یان دژە گەندەڵی بێت یان هەرناوێكی تر گرنگ ئەوەیە كوردێكی پاك و خۆنەویست بێت، هەروەها كێشە نیە لەبەرەی دەسەڵات بێت یان بەرهەڵستكار یان ئەوەتا سەربەخۆ و بێلایەن بێت، كاتێك میللەتێك تەژی دەبێت بە قەیران بەپێی ئەزموونی مێژوویی جیهانی كۆمەڵگاكان ئیدی كەسێك وەك سەركردەیەكی بوێر و خۆنەویست قووت دەبێتەوە ئەو خەمە دەكاتە كۆڵی خۆی بەهێزەوە دێت و ئەو میللەتە لە قەیران دەرباز دەكات لایەنی كەم لە قەیرانی ئابوری و سیاسی و كایەكانی دیكە. هەروەها كێشە نیە ئەو كەسە ئەهلی زانست بێت یان نا گرنگ ئەوەیە لەخەمی كۆمەڵگاكەی خۆیەتی و نایەوێ بكەوێت هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكات مێژوو ڕاست دەكاتەوە بە ئاراستەی چاككردنی دۆخەكە لەبەرژەوەندی خەڵكی ماندوو بە دەست نادادی وگەندەڵیەوە . ڕۆژانە ڕێژەی ئەو نیگەرانی و قەلەقیە كۆمەڵایەتیە زیاتر هەستی پێدەكرێی و لەهەڵكشاندایە. ئەو نیگەرانیەی كە كۆی میللەتی كورد ئاواتە خوازە كەسێك هەبێت ڕزگاری بكات لەو دۆخە چەقبەستوەی كە دەمێكە قفل دراوە لەلایەن هەموو ئەو حیزب و گرووپانەی كە دەسەڵاتیان بەدەستەیان ئەوانەی بەرهەڵستكارن. كۆمەڵگا هیچ دەرفەتێكی نیە تەنیا پێویستی سەركردەیەكی كاریزمی بوێر هەیە بۆ ئەوەی مافە زەوتكراوەكانی میللەت بەدەست بێنێتەوە، كەسیش تەمەنای تێكچوونی ئەو ئەزموونە ناكات بەئەندازەی ئەوەی خواستی چاككردنی ئەو دۆخە چەقبەستوەیە كە سەرتاپای كایەكانی ژیانی پەكخستوە كۆمەڵناسەكان ناویان ناوە قۆناغی ڕاگوزەری، بێگومان تێپەڕینی هەر قۆناغێك گرووپ و كەسانی ڕۆشنبیرو سیاسی كارامەو تەكنۆكرات ئەو ئەركە دەخەنە سەرشانی خۆیان بەتایبەتی لە كۆمەڵگا گەشەكردووەكاندا، بەڵام لەوڵاتی ئێمەماناندا لەبەر كۆمەڵێك فاكتەری بابەتی و خودی و كولتوری تەنیا سەركردە بە هێزەوە ئەو قۆناغە بەشێوەیەك لەشێوەكان تێدەپەڕێنێت و دەیكاتە مۆدێلێك بۆ ستراكتوری كۆمەڵگا ئەگەر ئەو خەسڵەتانەی تێدابێت كەلەسەرەوە ئاماژەمان بۆكرد.
عەلی مەحمود محەمەد تەنانەت كەناڵەكانی راگەیاندنی ئێرانیش هەموو دوبارەی دەكەنەوە كە پارتی شەریكە ئۆپەراسیۆنی سەركەوتووی فەجری دوو بووە, بە پێچەوانەی زۆرینەوە, مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەو كات و ئێستا, هاشا لەوە دەكات بەشداری راستەوخۆی ئۆپەراسیۆنی فەجری دوویان كردبێت, وەلێ هەر خۆشی دان بەوەدا دەنێت كە ئاگاداری پەلامارەكە بوونە و هەماهەنگییان لە دوو قۆڵەوە بە قازانجی ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو و كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە, لە بەرەی قەسرێ ناودەشت و سیدەكان, گرنتیان داوەتە كۆماری ئیسلامی ئێران لەم دوو قۆڵەوە بێخەم بن و دەیان پارێزن لە مەترسی پەلاماری سوپای عێراق, ئەوەی كەمترین هوشیاری كاری سەربازی هەبێت دەزانێت هەر ئەوەندە هەماهەنگی و بەشدارییە لە پرۆسەی جەنگ, بۆ هێرشی هێزێك بۆ ناو خاكێی ولاتێكی دیكە پاراستنی هێرش بەران لە دوو قۆڵ لە كۆی سێ قوڵ زۆر زیاتریشە لە بەشداریكردن, هێزی پەلاماردەر لە قولایی 16 كم دەورەدراوە بە هێزی وڵاتی هێرش بۆكراو كە لەوكاتەدا لە لوتكەی بەهێزی خۆیدا بوو. هەندێك لە بەشداربووانی ئەوكاتی بەرەی ناودەشت پێیان وایە بەشێك بوونە لە بەرەی شەڕەكە ئەگەر لە ئۆپەراسیۆنی حاجی ئۆمەران تاكە كەسێكیش بەشداری نەكردبێت, بەڵكە هاوكات و هاوتەنیشت بەرەیەكی دیكەیان كردۆتەوە لە مێژووی نوێی كورددا بە شەڕی قەندیلی دوو ناسراوە, بەڵام ساغبۆتەوە پارتی وەك چاوساغ و رێنیشاندەری كردووە لە حاجی ئۆمەران و هێزەكانی ئێرانی بردۆتە ناو قولایی خاكی عێراقەوە , بە قولایی 10 میل بۆ پشت سەنگەرەكانی حكومەتی عێراق لە بەرەی حاجی ئۆمەران و 24 كاتژمێر زووتر بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی كردووە, دیارە بارزانی ئەمەش بە بەشداری لە جەنگ نازانێت, چونكە فیشەكی تێدا نەتەقێنراوە, لە رووی سەربازییەوە كارەساتی خولقاندووە بۆ هێزەكانی عێراقی, هەموو دەزانین هێزەكانی پارتی لە روی چەك و مرۆییەوە لەوكاتە لە ئاستی ئۆپەراسیۆنێكی وادا نەبووە, ئەوەی هەیبووە شارەزایی و ناسینی خەڵكی ناوچەكە و زانیاری هەواڵگری بووە, شارەزایانە ئەمانەی بەكار هێناوە وەك راگەیاندنەكانی ئێرانی ئاماژەی پێ دەدەن. بارزانی لە یاداوەرەكانیدا دەنووسێت "بە مەبەستی كەمكردنەوەی گوشار لەسەر بەرەكانی ناوەڕاست و باشوور, ئێران بڕیاری دا بەرەیەكی نوێ لە میحوەری حاجی ئۆمەران بكاتەوە لە ژێر ناونیشانی ( وەلفەجری دوو), بۆ ئەم مەبەستەش پلانی گرتنی بەرزاییەكانی حاجی ئۆمەرانی داڕشت, بە پێی پلانەكە هێزەكەیان تا گەڵاڵە دادەبەزین بە مەبەستی كردنەوەی رێی قەسرێ بۆ ناودەشت. سەرهەنگ شیرازی و موحسین رەزایی سەردانی خانێیان كرد, بە مەبەستی باس و گفتوگۆ لەسەر پلانەكەیان و داوای چاوپێكەوتنی منیان كرد. لەبەشێكی دیدارەكەدا داوای بەشداری پێشمەرگەیان لە هێرشەكەدا كرد, لە وەڵامدا بۆم روون كردنەوە كە پێشمەرگە ناتوانێت راستەوخۆ بەشداری لە هێرشەكەدا بكات, چونكە هێزی گەورە, ئیمكاناتی پێویست و ئەزموونی شەڕی سەربازیی گەورەمان نییە, شەڕی ئێمە شەڕی پارتیزانییە. پێشم گوتن, ئێمە هێز دەنێرین بۆ ناوچەی ناودەشت و بەمەش ئێوە لە لایەكی بەرەی شەڕ دڵنیا دەبن و بۆ ئێمەش دەرگایەكی گەورە بەرەو ناوچەكانی رەواندز و قەڵادزێ دەكرێتەوە و ......, لە لای بەرەی رۆژئاواش, واتا لای سیدەكان, هێزمان هەیە و هەر هەڕەشەو مەترسییەك لەو دوو رێیەوە بۆتان بێت, پێشمەرگە بەریان پێ دەگرێت و رووبەروویان دەبێتەوە, چونكە دیار بوو مەترسیی ئەوەیان هەبوو لە دوو لاوە هێرشیان بكرێتە سەر, بۆیە بەم وەڵامەی من زۆر خۆشحاڵ بوون. هەروەها پێم گوتن كە بۆ ناوچەی ناودەشت لە رووی لۆجستیكەوە زۆر دوورەو كاتێكی باشی پێویستە تا رێی قەسرێ دەكرێتەوە, بۆیە ئەگەر ئێوە لە رووی گواستنەوەی بریندارو گەیاندنی پێویستییەكان بە هێلیكۆپتەر یارمەتیمان نەدەن, بە مانای ئەوەیە لەو بەرەیە تووشی كارەسات دەبین. بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ هەموو لایەنەكانی بەرەی جود قسەمان كرد, لە مەكتەبی سیاسی پارتیش كۆبوونەوە كرا, هەموویان پێیان خۆش بوو هێزی جوود بچێتە ناوچەی ناودەشت. بڕیار بوو ئەگەر یەكێتیش رێی پێگرتن, لەسەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە پێشمەرگەكانی حشع و حسك لە بەهاری 1983 كردبووی, تۆڵەی خۆیان لە یەكێتی بكەنەوە, كە دەیان پێشمەرگەی دیلی لێ شەهید كردبوون. لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا كە كاك ئیدریس لە لایەن جودەوە سەرپەرشتی هێرشەكە بكات" لێرەدا ئایا بارزانی ئەنجامی كۆبوونەوەی خۆی لە گەڵ ئێرانییەكان بۆ لایەنەكانی بەرەی جود باس كردووە؟؟". لەسەر وردەكاری پلانەكە, ناكۆكی كەوتە نێوان ژمارەیەك بەرپرسی سوپای پاسداران و جەیشی ئێرانەوە, كە نا كامڵ و لە خۆبایی بوون. كەسێكیان بەناوی رەبیعی گوتی: هەزاران پاسدار شەهید بێت بۆتان گرنگ نییە, بەڵام ناتانەوێت پێشمەرگەیەك خوێنی لێ بێت. منیش بە توندی وەڵامم دایەوە, دواتر هەمووو رەخنەی توندیان لە رەبیعی گرت. بەشداربوانی كۆبونەوەكە بریتی بوون لە سەرهەنگ ستاری, نوێنەری جەیش, سەرهەنگ جەلالی, نوێنەری لەشكری 64ی ورمێ و ئیستەكی, نوێنەری سوپای پاسداران). رۆژی 20-7-1983, هێرشی ئێران بۆ بەرزاییەكانی باكوور و باشوور و رۆژئاوای حاجی ئۆمەران دەستی پێكرد. سەرەتا لە زۆر شوێن سەركەوتنی بە پەلەیان بە دەست هێنا و بەرزاییەكانیان گرت, بەڵام لەناو خودی حاجی ئۆمەران و شەقامەكانی بۆ دەربەند, عێراق بەرگرییەكی توندی كرد, بەڵام دوای شەڕێكی قورس حاجی ئۆمەران تا رایات و بەرزاییەكانی بەتەواوی كەوتنە دەست ئێران. دوای گرتنی ناوچەكە هەر زوو ناوی شوێنەكانیان گۆڕی و ناوی خۆیان لەسەر دانا, كە من بەم كارەیان نیگەران بووم و لە كۆبوونەوەی رۆژی 30-7-1983 لەگەڵ شیرازی و موحسین رەزایی ناڕەزایەتییەكی توندم نیشان دا, داوام لێ كردن رێنمایی و ئامۆژگاری بە هێزەكانیان بدەن واز لەم كارەیان بێنن و بە كردەوەش كردیان. ئێران نەیتوانی لە رایات بچێتە خوارتر, بەهۆی ئەم شەڕەوە خەڵكێكی زۆر لە ناوچەكە ئاوارە بوون . بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد - بەرگی چوارەم 1975-1990 شۆڕشی گوڵان - ل 202, 203, 204". پێی دەچێت پارتی و ئێران بۆ ئۆپەراسیۆنەكە ژووری عەمەلیاتی هاوبەشیان پێك هێنابێت, دەنا كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوە چۆن وا بە سانایی و زویی رێكدەخرێت؟؟, ئەگەر پارتی بەشدار نییە چ پێویست دەكات بەم هەموو كۆبونەوانە, لە لایەكی دییەوە ئەو مێژووەی بارزانی دیاریكردووە بۆ كۆبونەوەی دووەم و ناڕەزایی دەربڕین بۆ گۆڕینی ناوی شوێنەكان لە لایەن ئێرانەوە هەڵەیە, راستە لە 20ی یۆلی ئێرانینیەكان و پارتی بەناو هێزەكانی بەعسدا 24 كاتژمێر زووتر چوونەتە پشت بەرەی شەڕەوە, لێ هێشتا تەقە دەستی پێ نەكردووە, شوێنەكان هەموو بەدەست عێراقەوەن, لە كاتژمێری یەكەمی هەینی رێكەوتی 22-7-1983 شەڕ دەستی پێكردووە, بۆ گۆڕینی ناوی شوێنەكانیش كەوتۆتە دوای رێكەوتی دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكەوە, بۆیە ئەو كۆبونەوەیە دوای ئەو مێژووە ئەنجام دراوە كە بارزانی ئاماژەی پێی داوە لە یاداشتەكەیدا. لە هەمان كاتدا ئەگەر بەشدار نین لە ئۆپەراسیۆنەكە, پێویست بە ناڕەزایەتی دەكات لە گۆڕینی ناوی تەنانەت چیاكانیش؟. "هێزەكانی ئێران لە لایەن شیرازی و موحسین رەزاییەوە فەرماندەیی دەكران, هێزەكانی عێراقیش لە لایەن فەریق روكن , نەعمە حوسێن فارس ئەلمحیاوی, فەرماندەی فەیلەقی پێنجەوە سەرپەرشتیی دەكران. سەددام خۆیشی سەردانی دیانای كردبوو, لەم شەڕە عێراق چەكی كیمیایی بەكار هێنا. لە بەرەی ناودەشتیش كە هێزەكانمان چەندین جار كەوتنە بەر هێرش و پەلاماری فڕۆكە و هێلیكۆپتەرەكانی عێراق, ئێران بە هیچ شێوەیەك هاوكاریی نەكردین. لە رۆژی 6ی ئاب هێزەكانمان بە چڕی بۆردومان كران و دوو پێشمەرگە شەهید بوون و سێیش بریندار بوون . بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد - بەرگی چوارەم 1975-1990 شۆڕشی گوڵان- ل 205". بارزانی ئاماژە بەوە ناكات, هێزەكانی ئەوان كێ فەرماندەیی دەكرد؟, شوێنی فەرماندەییەكە كوێ بوو؟. " هەرچەندە شكستەكەی سەددام بەرانبەر بە ئێران, شكستێكی گەورە نەبوو, بەڵام كردی بە بیانوو بۆ تاوانە مێژووییەكەی بەرانبەر بە بارزانییەكان و لە رۆژی 31 تەمووزی 1983 دا هەشت هەزار كەسی بارزانی لە تەمەنی 12 تا 90 ساڵان جینۆساید كرا. بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد - بەرگی چوارەم 1975-1990 شۆڕشی گوڵان-ل 206.". لەوكاتەدا كە ئێرانییەكان لە فەجری یەك لە باشوور بە سەخی تێك شكابوون, سوپای ئێران دەهێنرێتە پشت جەبهەوە بە قەولی ئێرانییەكان, پانتاییەكی 380 كم چوارگۆشە لەو ناوچە سەختە داگیر دەكرێت, زیاتر لە 4000 كوژراو بریندار و سەدان دیل دەدرێت, تەرزێكی نوێ لە جەنگ لەناو خاكی عێراق دادەهێنرێت, بە قازانجی كۆماری ئیسلامی ئێرانو بە بروای كاك مەسعود بارزانی شكستێكی گەورە نەبووە؟, هەرچەندە هیچ بهانەیەك بۆ جینۆسایدكردنی ئەو بارزانییە سڤیلانە نەبووە, هیچ رۆڵێكیان لەو ئۆپەراسیۆنەدا نەبووە, ئەوەی كرا بڕیاری مەرگی دەرەوەی پرۆسەی دادگاو جینۆسایدێكی عیار 24 بوو. دیارە بارزانی ئاگای لەوە نییە لەم شەڕەدا داهێنانی كردووە, بەوەی جەنگی ئێران عێراقی هێناوەتە ناو خاكی عێراقەوە, بە تایبەتیش ناو كوردستانەوە, بۆتە ماڵوێرانی بۆ ناوچەیەكی بەرفراوان لانی كەم 43 گوند و شارە دێ , بووە سەرەتایەك بوو بۆ وێرانكردنی كوردستان و سوتاندنی لە ئاگری جەنگی كۆنەپەرستانەی ئێران عێراقدا. بەو كارەی هێزە چەكدارەكانی لە خەبات بۆ رزگاری نەتەوەیی كردۆتە هێزێكی ئاراستەكراو لە لایەن ئێرانەوە. بارزانی دەزانێت ئەمەی ئەو دەیكات ئینكاركردنە لە بەشداری لە جەنگێك بۆتە هۆكاری تاوانێكی مەزن, ئیتر قوربانییەكان چی ئەو بن گرنگ نییە, بۆ مرۆڤایەتی, گرنگ هەڵەی ئەو هۆكار بووە بۆ تاوانەكە و پێویستە دان بە راستییەكاندا بنێت و داوای لێبوردن لە قوربانییەكان وخەڵكی ناوچەكەو هەموو زیان لێكەوتووانی ئۆپەراسیۆنەكە بكات و بە سامانی پارتەكەی قەرەبووی مادییان بكاتەوە, وە تەواوی دۆكۆمێنتەكانی تایبەت بە ئۆپەراسیۆنەكەو زانیارییەكانی ئاشكرا بكات, كاتێكیش دوای سێ بۆ پێنج ساڵ هەمان پرۆسەو كار چەندین جار دووبارە دەكاتەوە, ئەمجارە لە گەڵ ینك و حسیك و بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبوڵاكان, دەربڕی ئەوەیە ژیانی خەڵكیان بۆ گرنگ نەبووەو قوماریان بە چارەنووسی گەلەوە كردووەو پەندیان لەو شكستە گەورەیە وەرنەگرتووە. سەید كاكە پارتی بەشداری كردووە؟ سەید كاكە یەكێك لە فەرماندە مەیدانییەكانی ئەوكاتی حسك و ئەندامی سەركردایەتی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یاداشتەكانیدا دەنووسێت".... حیزب "مەبەستی حسیك ە"منیان نارد بۆ ناوچەی حەسارۆست هەرێمی 9ی باڵەكمان لەوێ بوو ئەحمەد فەقێ رەش بەرپرسیان بوو ماڵ و منداڵی لەوێ بوون, كە چووم بارودۆخەكە زۆر باش بوو چەند شەڕێكمان لەگەڵ رژێم كرد. هەر لەو كاتەدا ئێران هێرشی كردە سەر ناوچەی حاجی ئۆمەران ئێمە لەسەر شاخی بەردبووك بووین تەماشای ئەو شەڕەمان دەكرد چونكە شاخی بەردبووك لە ناوچەی چۆمان و حاجی ئۆمەران و رایات و ئازادی و زینوێی لێ دیاربوو سوپای عێراق زۆر بەرهەڵستیان نەكرد حاجی ئۆمەران و زیوێ و خەلان و ئازادی و رایات لە لایەن ئێران گیران و پارتی 50 پێشمەرگەیەكیان لە گەڵ بەشی ئێران بوو تەنیا بۆ شارەزایی هاتبوون و شەڕیان نەدەكرد, بەلام هەندێك چەكی هەردوو لایان " عێراق و ئێران" یان بۆ خۆیان كۆكردەوە و زۆر كەس لە پاش گرتنی حاجی ئۆمەران و ناوچەكە پڕوپاگەندەیان دەكرد دەیانگوت پارتی دەوری باشی هەبوو. ل 344-345 بیرەوەری پێشمەرگەیەك - سەید كاكە- چاپی چوارەم 2020. سەید كاكە وەك شایەد حاڵێك و بینەرێكی هێرشەكە دان بەوەدا دەنێت كە پارتی بەشداری شەڕەكەی كردووە وەك شارەزاو چاو ساغ, وە دەستكەوتیشیان هەبووە. لە روی سەربازییەوە شارەزاو چاوساغی رۆڵی كاراترە لە بەشداری سەربازی نە شارەزا بە تایبەت لە ناوچەیەكی سەختی وەك حاجی ئۆمەران, بۆ ئێرانییەكان ئەو شارەزایانە رۆڵی زیاتر لە سەدان جاری نا شارەزاكانیان بینیووە لە ئۆپەراسیۆنەكە. ئەگەر پارتی بە یەك كەسیش بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی كردبێت, هاتبێتە ناو سنووری گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنەكەوە, وە كارێكی دیاری كراوی لە بەرژەوەندی لایەكی شەڕكەرەكان بینیبێت ئەوا بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی كردووە لە رووی پراتیكەوە. كۆماری ئیسلامی لە جەنگدا شەپۆڵَی مرۆیی لە پەلامارەكانی بەكار دەهێنا بۆ تەقاندنەوەی كێڵگەی مینەكان و بڕینی سەنگەرەكانی پێشەوەی سوپای عێراقی, هێزی زۆر بوو وە پێویستی بە چەكداری پارتی نەبوو لە بەرەی جەنگ, بۆ ئەو ئەوە گرنگ بوو ئەو چاوساغانە 24 كاتژمێر زووتر, هێزەكانیانیان بردە پشت سەنگەرەكانی پێشەوەی سوپای عێراق و ئامادە كران بۆ چركە ساتی هاواركردنی ئەلاهو ئەكبەر و راگەیاندنی سەركەوتن, لە رووی سەربازییەوە ئەوە گەورەترین كار بووە لە مەودای ئۆپەراسیۆنەكە كرابێت, خودی ئێرانییەكانیش لە لێدوان و نووسینەكانیان ئەو دەست راكێشانە بە سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكە دەزانن. ئەی پرۆفیسۆر عەلی تەتەر چی دەڵێت؟ بە پێی ئاماژەی دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری ئێستای شاری دهۆك بێت لە وتارێك بەناوی " حكومەتی عێراق و جینۆسایدی بارزانییەكان" https://www.facebook.com/photo.php?fbid=397558890345662&set=a.168423243259229.26111.165422603559293&type=1&relevant_count=1 "كە لەساڵی 2013 لە ژمارە 940ی گۆڤاری گوڵان بڵاوی كردۆتەوە, پارتی بەشداری ئەو شەڕەی نەكردووە, ئەو هەڵوێستەكەی لە وتەی پێشووتری بارزانی وەرگرتووە, نەك ئەنجامی لێكۆڵینەوەو شیكاری پرۆفیسۆرێك بێت لێكۆڵینەوە لە روداوێكی مێژوویی بكات بۆتە هۆكاری كردەیەكی جینۆساید, ئەو دەنووسێت" مەسعود بارزانی دەڵێت:" ساڵی ١٩٨٣ ئێمە لە شەڕی حاجی ئۆمەران بەو شێوەیەی كە حكومەتی عێراق باسی لێدەكرد بەشداریمان لەو شەڕەدا نەكردبوو، هێزەكانمان لە ناوچەی (ناودەشت) بوون و بەرەی شەڕی ئێمە لەگەڵ ئەوان جیاواز بوو و ورژاندنی بەشداری پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەنگدا، تەنیا بیانوویەك بوو بۆ لەناوبردنی بارزانییەكان.«"لێرە پرۆفیسۆر تەتەر وەك شایەدحاڵێك قسە ناكات راستییەكان دەربخات, بەڵكە وەك داكۆكیەرێك بەرگری لە وتەی سەرۆكەكەی دەكات. بە وتەی دكتۆر عەلی تەتەر بەڕێز مەسعود بارزانی ساڵی دواتریش دوبارە نكۆڵی لە بەشدارییكردنیان لە فەجری دوو كردۆتەوە, كە دواتر فەتحیشی بۆ زیادكرا "مسعود بارزانی لە پاییزی ١٩٨٤ لە وەلامی پرسیارێكی گۆڤاری (ئەلحوریە)دا كە ئایا ئەوان لە گرتنی حاجی ئۆمەران هاوكاری ئێرانیان كردبوو؟ لە وەلامدا وتبووی: ئێران هێزێكی زۆری مرۆڤی هەبوو و پێویستی بە هێزی ئەوان نەدەكردو ئەو قسانەی كە لەسەر زاری سەدام حوسێن بلاوببووەوە تەنیا بیانووییەك بوو بۆ بێسەروشوێنكردنی بارزانییەكان. ". بەڵگەیەكی دی كاك دكتۆر تەتەر بۆ بەشدارینەكردنیان ئەوەیە" هەتا حكومەتی ئێران بەڕێوەبردنی ئەم ناوچەیەی نەدابووە دەست پارتی، لە كاتێكدا كە ناوچە و دەوروبەری لە ژێر كاریگەری پارتیدا بوون، بەڵكو بەڕێوەبەرایەتیەكەی دابووە دەست هێزەكانی حزبی دەعوەی ئیسلامی.", ئەم بەڵگەیەش بۆ پرۆفیسۆرێكی یاریدەدەر زۆر لاوازە, قوتابی من بوایە سفرم دەدا پێی, خۆ دواتر لە هەڵەبجەش ئێران هەر وای لێیان كردەوە, ئێران تەنها وەك مقاش و كرێگرتە ئەوانی بەكار دەهێنا, نەك بیانكات بە شەریك و حوكمڕان و سەرداری ناوچەكانیان, لەوەش زیاتر بەعس بە بەعسی خۆی ناوی چیاو بەرزاییەكانی ناگۆڕی, كەچی ئێران لە یەكەم چركەی داگیركردندا ناوی دەوروبەری حاجی ئۆمەرانی كردە شەهید سەدر. ناودەشت خۆ لە بەتلیس نییە, بە چاو شەڕەكە ئەبیننن ئەگەر لە بەرزاییەكانی گابەڵەك و سەری پایەو زینوێی گەز گەزەوە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەكە كرا بێت, لێ جەنابی پرۆفیسۆر نە ئاگای لە جوگرافیایە, نە مێژوو, نە شارەزای كاری سەربازیشە, لە هەمووشی خراپتر میتۆدی زانستی لێكۆڵینەوە نازانێت یان پەیڕەوی نەكردووە لە لێكۆڵینەوەكەی بۆ گەیشتن بە راستییەكان نەك بەرگریكردن لە سەرۆكەكەی. لە كۆتاییدا پێویستە راستییەكان ئاشكرا بكرێن,نكۆڵی لە حەقیقەت نەكرێت, دان بە هەڵەكاندا بنرێت و لە یاداشتەكاندا راستییەكان بووترێت وە قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی فەجری دوو بكرێتەوە. ماویەتی
هەندرێن شێخ ڕاغب گەنجان و هاوڵاتیانی عێراق رژانە سەر شەقام، حكومەتەكەی عادل عبدالمهدیان خست، عێراق بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاوی نا، كۆمەڵی نێودەوڵەتی كۆمەكی زۆریان كردو پێشوازی گەرمیان لەم هەنگاوە كرد. هەڵبژاردنەكەشیان سەرخست. چاوەڕێ بوون هێزە براوەكان حكومەتێكی جێگای خواستی هاوڵاتیان دروست بكەن. براوەی هەڵبژاردن لیستەكەی موقتەدا سەدر بوو، رایگەیاند تەوافوق هەڵدەوەشێننەوەو حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی دروست دەكەن. هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران و دۆڕاوی هەڵبژاردن، بە راوێژی ئێران چوارچێوەی هەماهەنگیان دروست كرد. سیماكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە چی بوون: 1-بەفەرمی ماڵی شیعەی دوو لەت كرد. ئیدی یەك ماڵەی شیعە كۆتایی هات. ئێستا دوو بەرەی شیعەی جیاواز هەیە. 2-ماڵی سووننەی یەك خست. هەرچەندە ناكۆكی زۆریان هەیەو بناغەی ماڵەكەیان زوو بومەلەرزەی لێ دەدات. 3-بەفەرمی كوردی لەعێراق دابەش كرد، كردی بە دوو بەرە. وەك ماڵی شیعە.هەرچەندە كورد دەمێكە دابەش بووە، بەڵام لە بەغدا بەم زەقیە دوو بەرە نەبوو. ئێران لەرێگای چوارچێوەی هەماهەنگی، شكستی بەدروست كردنی حكومەتی زۆرینەی موقتەدا هێنا، موقتەداش خەڵكی ناردە ناو پەرلەمان و گوتی حكومەتی تەوافوقی قبوڵ نیە. بەڵام ئەمە هەر ئەوەندە نیە، بەڵكو چەند گۆڕانكاریەك هاتە ئارا لەدوای دەركەوتنی مالكی بەتفەنگەوە. دەركەوتنی مالكی بەتفەنگەوە، دەلالەتی زۆری تێدایە، وەك: 1-شكستی گفتوگۆی سیاسی نێوان ماڵی شیعەیە. 2-شكستی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە. 3-گەیشتنە بنبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی ناو ماڵی شیعەیە. 4-دەستپێكردنی قۆناغێكی تازەیە لە پرۆسەی سیاسی عێراق، كە زیاتر سیمای توندوتیژی لێوەدیارە. نەك دیالۆگ. 5-جێگۆڕكێی سندوقی هەڵبژاردنە بە سندوقی فیشەك. 6-زەمینە خۆشكردنە بۆ كودەتا، كاتێك بەعسیەكان مالكی بەتفەنگەوە دەبینن لە ناو بەغداد، باش لەم جۆرە پەیامانە تێدەگەن، كەسیش هێندەی بەعسیەكان شارەزای هەڵگرتنی تفەنگ و كودەتاو گۆڕانكاری سەربازی نیە لەعێراق، دەتوانین بڵێین تفەنگەكەی مالكی بۆ بەعسیەكان رۆژێكی گرنگ بوو. 7-گومان كردن لە هێزی مەرجەعیەت بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ناكۆكی ناو ماڵی شیعە. تفەنگەكەی مالكی، مانای زۆری هەیە، كە دەكرێت لە زۆر گۆشە نیگاوە خوێندنەوە بۆ رەوشی عێراق بكرێت. كاتێك تفەنگ لە دەست دەگری، مانای وایە ئیدی گوێگرتن و دیالۆگ و قسەی خەڵكی نەما، هێز دەبێتە ئەولەویەت. بەهیوای ئەوەی هەرێمی كوردستان باشتر بتوانێت لە گۆڕانكاریەكانی دوای تفەنگەكەی مالكی تێ بگات؟؟.