Draw Media

لە ڕوانگەی سەرۆکی هەرێمەوە بڕوانن!

لە ڕوانگەی سەرۆکی هەرێمەوە بڕوانن!

2022-08-30 19:44:49


نووری بێخاڵی

ئەوەی ئەم یەک دوو ڕۆژە لە بەغدا بینیمان، دەرەنجامە نەک هۆکار. دەرەنجامی ئەو دەولەتەی سەت ساڵ پێش ئێستا، بەبێ ویست و لە دەرەوەی ئیرادەی پێکهاتەکانی، خەڵکەکەی وەک تۆپەڵێک و بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازییە ئیتنی، کولتووری، فەرهەنگی، جیۆگرافی و مێژووییەکانیان، زۆرەملێیانە خرانە چوارچێوەیەک و ناویان نا عێراق!
ئەم ناسەقامگیری و نائارامییە بەردەوامەی عێراق، چەندە پەیوەندیی بە سروشتی بەزۆر دروستکردنیەوە هەیە، هێندە و زیاتریش گرێدراوی جۆری بیرکردنەوە و مامەڵەی تاکڕەوانەی حوکمڕانەکانی و ئەو ڕاستییەیە کە هەمیشە دەوڵەتی کەمینەیەکی فەرمانڕوا بووە و تیایدا هیچ بەهایەک بۆ هاووڵاتیبوون نەبووە. 
دەوڵەتێکیش ئەوە مێژووەکەی بێت و بەناو تونێڵی تاریکی ئەم هەموو جەنگ و ماڵوێرانییەدا تێپەڕ بووبێت، ئەگەر بێتو گرێبەستێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی، کە مافی وەک یەکی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات و هەموویان بە یەک ئاست پێیەوە پابەند نەبن، کۆیان نەکاتەوە، بەدڵنیاییەوە ئاسان نییە ببێتە دەوڵەتێکی سەقامگیر و خاڵی لە ئاژاوەی سیاسی!
دوای ڕووخانی بەعس، لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەرگیز نەدەبوو بیر لە دووبارە بە سەنتڕالکردنەوەی دەسەڵات و پەراوێزخستنی ئەم و ئەو بکەنەوە. لەوەش ترسناکتر، هەرگیز نەدەبوو بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و ململانێیەکانیان، پەنا بۆ چەک و زەبری هێز ببەن. چونکە هێزی چەک هەموو کات ناتوانێت واقیعێکی سیاسیی ناجۆر، بە واقیعێکی نوێ و جیاواز بگۆڕێت. بەتایبەتی لە دۆخێکدا کە دەرفەتی گفتوگۆ و دانوستاندن و زەمینەی چارەسەری ئاشتی و مەدەنیانە هەبێت و دەستوورێک هەمووان کۆ بکاتەوە! 
دۆخی لەوەی بەغدا چاوەڕوانکراو بوو، بەتایبەتی لە عێراقێک کە تیایدا حزب و لایەنی سیاسی نییە و نادۆزیتەوە، بەشی خۆی هێز و چەک و جبەخانەی نەبێت. هێزگەلی سیاسی، کە ئەگەر نەشتوانن سەرتاسەری وڵات کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام لە هەموو چرکەساتێکدا دەتوانن ببنە سەرچاوەی ترس و هەڕەشە بۆسەر سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بەدڵنیاییەوە ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش دروستە!
ڕاستییەکەی، ململانێی ناتەندروستی حزبی و مەیلی قۆرخکردنی دەسەڵات و بڕیاری سیاسی، عێراقی بەم ڕۆژەی ئەمڕۆ گەیاند. بۆیە ئەگەر هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق نەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە  چوارچێوەی دەستووردا ناکۆکییەکانیان چارەسەر نەکەن، ئەگەری دووبارەبوونەوەی دۆخی هاوشێوەی ئەم دوو ڕۆژە، بگرە ترسناکتریش لەوە، ئەگەرێکی حەتمی و چاوەڕوانکراوە!
لەم ڕوانگەیەوە، جەختکردنەوەی بەردەوامی بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی)ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (کە ئەودیوی تونێڵی ناکۆکی و ململانێیەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا دەبینێت) لەسەر گەڕانەوە بۆ لۆژیکی گفتوگۆ و زمانی عەقڵ و مێزی دانوستاندن، سەرچاوە لەو ڕاستییەوە دەگرێت، کە لۆژیکی هێز هەرگیز نە ڕێگا چارەسەر بووە و نە دەشبێت. 
بۆیە لایەنە سیاسییە ناکۆکەکانی هەرێمی کوردستان (بەداخەوە، ئیستا وەک حزبی سیاسی لە بەغدان، نەک وەک بەرەیەکی یەکگرتووی خاوەن دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی)، هەروەها ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوونەتە بەشێک لەو دابەشبوونە سیاسییەی ئەمڕۆی عێراق، دەبێ ئەمڕۆ لەهەر کات زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانیی سەر شانیان بکەن و ڕووداوەکانی بەغدا بکەنە پەند، بەوەی خاڵێک لە کۆتایی دێڕی ناکۆکی و ململانێکانیان دابنێن و لاپەرەیەکی نوێ لەسەر بنەمای (یەکتر خوێندنەوە و قبووڵکردن، گفتوگۆ و دانوستاندن، نەرمینواندن و سازشکردن بۆ یەکتر) بکەنەوە و هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لەم دڵەڕاوکێ و دۆخە ناجێگیرە دەروونییە ڕزگار بکەن و ڕوانگە و ستراتیژی ئاشتیخوازانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەنە نەخشەڕێگا و گوێڕایەڵی ئامۆژگارییەکەی (قانیع)ی شاعیر بن، کە دەفەرمووێت:
برا بن، غایەتان یەک بێ، برایی غایە یەکبوونە
ئەوەی کۆمەک بە بیرت بێ، لە هەر لا بێ، براتانە 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand