Draw Media

‎دوو قسەی کورت لەسەر لێدوانەکانی سەرۆکی پەرلەمان

‎دوو قسەی کورت لەسەر لێدوانەکانی سەرۆکی پەرلەمان

2022-09-04 20:27:02


‎عەدنان عوسمان
‎قسەی یەکەم:
‎یەکێک لە دیمەنە سیاسیە دەگمەنەکان کە لەکوردستان رووئەدات ئەوەیە، گلەیی و گازندەو رەخنەو واوەیلای بەرپرسە باڵاکان، مونافەسەی رەخنەی هاوڵاتیان و لایەنەکان و چاودێران ئەکات و بە قۆناغ تێی پەڕاندوە!
‎ بەڕێز د. رێوازی سەرۆکی پەرلەمان، باس لە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان ئەکات، کە گوایە سەرباری ئەوەی رەوا نیە بەڵام ناچاریە! چونکە نابێ فەراغی یاسایی هەبێت.
‎جارێ لە بناغەدا فەراغی تەشریعی بەوە پڕ ناکرێتەوە کە ماوەی خۆی درێژ بکاتەوە بەڵکو بەوە دەبێت کە لەماوەی یاساییدا هەلبژاردن بکرێت و دەستەی سەرۆكایەتیش یەکلاکەرەوەی ئەو پرسە بن.
‎پاشان مەعلومی هەموو لایەکە کە بۆچی هەڵبژاردن ناکرێت و بۆچیش دانیشتنەکانی پەرلەمان پەک ئەخرێن و هیچ هەنگاو و پرۆژەیەک لەو بارەوە ناخرێنە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە. مەسەلەکە بە کورتی ئەوەیە دەسەڵات بە گشتی و حزبەکەی سەرۆکی پەرلەمان بە تایبەت لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندا نین. ئەوان تەنها بیانو دێننەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان و سەرۆکی پەرلەمانیش بە گوێرەی ویست و داوای ئەوان کار ئەکات. ئەبێ چ عەقڵێک هەبێت بڕوای بەوە بێت پەرلەمان و لایەنەکان لە کۆتاییەکانی تەمەنی خولەکە بیریان کەوتبێتەوە کە دەبێ یاساکە بگۆڕدرێت!!! چوار ساڵی رابردوش ورتەیان لەدەم نەهاتبێت.
‎لە خولی رابردودا وەک خولەکانی تر، دەسەڵات بە پەرلەمانی وت، بۆتان هەیە باسی هەمو پرسێک بکەن جگە لە سیستەم و دەسەڵات و حاکمیەت، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان، ئازایانە روبەروی ئەو بێڕێزی کردن و بێنرخ کردنەی پەرلەمان وەستایەوەو وتی کەس لە سەروی یاسا نیەو نەچوە ژێر باری هیچ فشارێک. بەداخەوە سەرۆکی ئەم خولە، کە زۆرتر وەک فەرمانبەرێکی حزبیی کار ئەکات، پێی وتن 'لبیک'.
‎بەداخەوەم سەرۆکی دەزگای تەشریعی ئاوا بێ دەسەڵاتانە قسە لەسەر پرسێکی  وا گەورەو گرنگ بکات. 

سەرنجی دووەم لەسەر قسەکانی سەرۆکی پەرلەمان
 

‎بەڕێز د. رێواز لەبارەی پرسی دەستور ئاماژە بە سێ رێگر یا کێشە ئەکات کە ئەوانیش : ناوچە جێناکۆکەکان و سنوری هەرێم، پرسی جێوشوێنی ئاین، پرسی سیستەمی حوکمڕانی.
‎لێرەدا بەو حوکمەی کە ئەندامی لیژنەی پێشوی نوسینەوەی دەستور بوم، دەمەوێت بە کورتی ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەم.
‎یەکەم: چ لە گفتوگۆکانی لیژنەکەی ئێمەو چ پێشتریش و پێشم وایە ئێستاش، کێشەیەک لەسەر دیاریکردنی سنوری هەرێم نەبوە. لەو بارەوە جۆرێک لە کۆدەنگی هەبوە.
‎دوەم: بۆ پرسی ئاینی ئیسلام و پێگەی لە دەقە دەستوریەکاندا، پێشتر و لە لیژنەکەی ئێمەش گرێکوێرەو کێشەی عوقدەیی نەبوو. راستە گفتوگۆی زۆر و ئیجتیهاد و دەقی جۆراو جۆر پێشنیازکرابون، بەڵام بە هۆی ئەو بڕگەیەوە نە کاری دەستور و نەکاری لیژنەکەش پەکی نەکەوتبوو.
‎سێیەم: خاڵی سەرەکی و ئەتوانم بڵێم تەنها خاڵی ناکۆکی ئەوکات و ئێستاش پرسی پەیکەرەی دەسەڵاتە لە هەرێمدا واتە سیستەمی حوکمڕانی.
‎هەڵەی گەورەی دانانی لیژنەی پێشوو( کە پێ ئەچێت  ئەمجاریش دوبارە بێتەوە) کارنەکردن بوو بۆ ئەوەی سەرەتا جۆرێک لە نەخشە رێگاو وەیا لێکتێگەیشتنی دەستوری هەبێت بۆ  خاڵە هەستیارەکان کە پەیوەستن بە شكڵی حوکمڕانی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان. هەر لەسەرەتاوە دیار بوو کەبەبێ ئەو چوارچێوەی تێگەیشتنە، ئیمکانی نیە ئەو لیژنەیە بە سێ مانگ، تەنانەت بە سێ ساڵیش بتوانێت کارەکانی تەواو بکات. 
‎چوارەم: من لە گرنگی  بونی دەستور کەم ناکەمەوە، بەڵام لە وڵاتێکدا پەرلەمانێکی لاواز و نەریتێکی بەهێزی کارنەکردن بە یاساکانی هەبێت، لەهەمان کاتیشدا کۆمەلێک گروپ و خێزان هەبن خۆیان لەسەروی یاساو سیستەمەوە ببینن، ئەبێ چ دڵخۆشیەکمان هەبێت بۆ نوسینەوەی دەستور؟.
‎پاشان گەر نیەتی راستەقینە بەو ئاراستەیە هەیە( کە گومانم هەیەو پێم وایە تەنها کات کوشتنە) خێرە لەم ماوانەدا هیچ دیالۆگێکی دەستوری لەسەر خاڵە ناکۆکەکان نەکراوە؟ خێرە تا ئێستا بیر لە داڕشتنی بنەما گشتیەکان نەکراوەتەوە؟؟
‎دیارە کە ئەوەش نەکرێت، لە توانای هیچ لیژنەیەکدا نابێت ئەو کارە گرنگە بە ئاکام بگەیەنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand