پشووەكانی وەرزی یەكەم و پشووی بەهار، پێویستیان بە گۆڕانكارییە
2022-09-08 11:33:41
فەهمى حەمەتۆفیق ـ سەرپەشتیارى پەروەردەیی
لە پەراوێزى ڕاگەیاندنى ساڵنامەى خوێندن کە وەزارەتى پەروەردە بڵاوى کردۆتەوەو، هەفتەکانى دەوام و پشووەکانى لەگەڵ هەردوو وەرزەکەدا ڕێکخستووە، چەند سەرنج و تیبینییەکى گرنگ و پێویست دەخەمەڕوو..
ئەگەرچى بەندە دوو جار و لە هەردوو کابینەى پێشوو و ئێستاى وەزارەتى پەروەردەدا، دوو پرۆژەپێشنیارم بۆ بەرچاوى بەڕێز وەزیرى پەروەردەو بەرپرسانى ترى پەروەردە پێشکەشکرد، بەڵام ئەوەى ئێستا دەمەوێ ئاماژەى پێ بدەم دەبێتە بەشێکى ئەو پرۆژە پیشنیارە، چونکە بە پێى ساڵنامەى نوێ، گۆڕانکارى کراوە لە وەرزەکانى خوێندن و پشووەکاندا..
ئەوەى هاندەرى ئەم نوسینەیە تایبەتە بە پشووى بەهارە و پشووى وەرزى یەکەم، پێم خۆشە چەند واقیعێك لەبارەى ئەو پشووانەوە بیرى هەمووان بخەمەوە:
سەبارەت بە پشووى بەهار:
1- جێى خۆیەتى بپرسین: ئەم پشووە لە پێناوى چیدایە؟ ئەگەر بۆ پشووى ماندووبوونێکى دواى دوو مانگ خوێندنە، ئەوە واقیعى نییە و لە وەرزى یەکەمیشدا نییە، ئەگەریش بۆ پشووى ئامادەکارى بەهار و گەشتە (کە زیاتر ئەمەیانی لێ دەخوێندرێتەوەو پێویستیشە)، کەواتە با خاڵى دواتر بخوێنینەوە...
2- ئەوەى راستیە ئەوەیە كە پشووەكان دەكەوێتە ساتێك كە دەرفەتى پشوو و گەشتى تێدا نیە، بۆ نمونە رۆژەكانى گەڕان و سەیران لە (20/3)ەوە دەست پێدەكات، ئەوكات تەنها چوار رۆژ دەمێنێتەوە بۆ پشووى ئەو توێژانەى پەروەردە (مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و قوتابیان و فەرمانبەران) كە ئەو دوو هەفتەیان بۆ كراوەتە پشوو.
3- سەرەتاى پشووەكە لە ئانوساتێكدایە كە بۆنەى خۆشى یادكردنەوەكانى راپەڕین و، بۆنەى خەمناكى مەرگەساتی كیمیابارانى هەڵەبجە، دەرفەتى پشوو نیە، ئەوەندەى دەرفەتى یادكردنەوەو بۆنەیە و، پێویستە لە قوتابخانەکاندا یادبکرێنەوە، نەک نەوەیەکى بێئاگا لە خۆشى و ناخۆشییەکانى گەلەکەى پێشکەش بکەین.
4- نەهاتنى ساتى كەشوهەواى مامناوەندى بەهار، رێگرە لە دەرچوون و سەفەركردن و سوود وەرگرتنى پێویست لە رۆژەكانى پشووەکە و دەوام نەكردن.
5- خاڵێكى ترى سەرەكى ئەوەیە كە زۆرجار قوتابى لە پشوودایە، بەڵام دایك و باوكى لە فەرمانگەیەكى دەرەوەى وەزارەتى پەروەردەن، یان ژن و مێرد یەكێكیان مامۆستایە ئەوى تریان لە وەزارەتى پەروەردە نییە، كەواتە كەمترین دەرفەت دەرەخسێت بۆ سوود وەرگرتن لە پشووەكە.
6- هەندێ جار منداڵ پشووى هەیە و دایک و باوکى لە فەرمانگەیەکى ترن و دەوامیان هەیە، ئەمەش کێشەیەکى مانەوەو چاودێرى کردنە لاى دایک و باوکەکە..
7- ئەم پشووە لە ناوەڕاستى دەوامى وەرزى دووەمدایە و هێشتاش پشووى نەورۆز نەهاتووە، قوتابى و تەواوى پرۆسەى خوێندن رووبەرووى ساردبوونەوەو دابڕان دەكات و پەروەردەو فێركردن بێ زیان نابێت لێى.
لە كۆى گشتیدا بەراى من تەنهاوتەنها دووركەوتنەوەیەکى بێ ئامانجە لە دەوام و خوێندن و، ئەوەش ئەوەندە زیان بە پەروەردەو پێگەیاندن دەگەیەنێت، ئەوەندە لە سوودى كەشى ئارامى و پشووى قوتابیان و مامۆستایاندا نیە..
سەبارەت بە پشووى وەرزى یەکەم:
ئەم پشووە دواى تاقیکردنەوەکانى کۆتایی وەرزى یەکەم، لە (٢٥ى ١٢) تا (١/١) دەبێت و تەنها هەفتەیەکە، پاشان لە (٢ى١) دەوامى وەرزى دووەم دەست پێدەکاتەوە، ئەمەش چەند سەرنجێک بەدواى خۆیدا دەهێنێت:
1- پشووەکە تەنها هەفتەیەکە و بەراورد بە پشووى بەهار و پشووى وەرزى دووەم و، بەراورد بە سێ مانگ خوێندن، کەمە..
2- پشووەکە لە ساتى وەرزى بەفر و سەرما و شەختەدایە و، خۆپارێزى و مانەوەى زیاتر پێویستە لە برى خەمى ناردن بۆ قوتابخانە و سەرما و سۆڵەى ڕێگا و ناوەندەکانى خوێندن، ئەگەرچى رۆژانى دواتریش هەر وایە، بەڵام رۆژانێک کەمتر پارێزگارییەکى باشترە..
3- بۆ ئەو خێزانانەى کە گەشتى دەرەوەى شارەکانى خۆیان ئەکەن، ئەگەر فەرمانبەرى غەیرى پەروەردەیان هەبێت، تەنها رۆژێک دواى سەرى ساڵ کەمە و، پێویستییان بە رۆژانى زیاتر هەیە، تا دەوامى وەرزى دووەم..
لەو روانگەیەوە پێشنیار دەكەم پشووى بەهار و وەرزى یەکەم گۆڕانكارییان بەسەردا بكرێت، بە شێوەیەك لە سوودى قوتابى و مامۆستایان و تەواوى خێزانەکاندا بێت و، لە سەرووى ئەوانیشەوە سوودى زياتر بە پرۆسەى پەروەردەو پێگەیاندن بگەیەنرێت، بەم شێوەیە:
پشووى بەهار/
رۆژەكانى كەمبكرێتەوە بۆ (هەفتەیەک یان دە ڕۆژ) و بەم شێوەیە ڕێک بخرێت:
رۆژەكانى پشوو لە (20/3)وە دەست پێبكات، بێگومان ئەم حاڵەتەش بە جێگیرى نامێنێتەوەو زۆرجار رۆژەكان بەهۆى پشووى هەینییەوە درێژتر دەبنەوە، بێ ویستێكى تایبەت، ئەم گۆڕانكارییەش لەبەر ئەم هۆیانە بكرێت:
1- پشووەكە دەكەوێتە ساتەوەختێك كە دەتوانرێت سوودى لێ وەربگیرێت و نەورۆز و گەشت و سەیرانێكى بەسوود و بێ خەم ببەنە سەر.
2- هاوكاتە لەگەڵ پشووى وەزارەت و دامودەزگاكانى تر و خێزان پێكەوە لێى سوودمەند دەبن (ئەگەرچى تەنها پەروەردە ئەو رۆژە زیادانەى هەیە).
3- قوتابى و خوێندكار لە ماوەى خوێندنى وەرزى دووەمدا ئەوەندە شەكەت و ماندوو نەبووە تا پێویستى بەو رۆژە زۆرانەى پشوو بێت، بەڵام دواى نەورۆز ئەو پێویستییە دروست دەبێت.
4- گرنگە لە كاتى دەوامدا یاد و بۆنە نەتەوەییەكان، بەتایبەت راپەڕین و كیمیابارانى هەڵەبجە بۆ قوتابیان روون بكرێتەوە، چونكە لە ئێستادا نەوەیەك خەریكە پێدەگات تەنها ئەوەندە دەزانێت كە لە راگەیاندنەكانەوە بیستوویەتى، ئەوەش زۆر جێى گرنگى نییە، بەلآم ئەگەر لە دەوام و ناوەندى خوێندنەكەیدا لەلایەن مامۆستایان و كارگێڕى قوتابخانەكانەوە بۆنەى تایبەت سازبكرێت و یادبكرێنەوە باشتر لە یاد و بیرى منداڵ و لاواندا دەمێنێت و پێى ئاشنا دەبن، وەك لە رابردوودا (پێش دروستبوونى پشووى بەهار) ئەنجام دەدرا.
پشووى وەرزى یەکەم/
رۆژەکانى ئەم پشووە زیاد بکرێت بۆ (دە ڕۆژ یان دوو هەفتە)، کە لە (٢٥ى ١٢)ـەوە دەستپێدەکات تا چەند رۆژێک دواى سەرى ساڵى نوێ، ئەمەش لەبەر ئەم هۆیانە:
1- پشووەکە دواى دەوامێکى سێ مانگى چڕى دواى وەرزى یەکەم و، تاقیکردنەوە گرانەکان دێت، ئەوەش پێویستى بە پشوویەکى زیاتر هەیە..
2- دەوامى منداڵان لەو وەرزى بەفر و سەرمایەدا پێویستى بە مانەوەى زیاتر لە ماڵەوەو خۆپارێزى باشتر هەیە..
3- ئێستاش لە قوتابخانەکانى سەر بە حکومەتى ناوەندى عێراق پشووى (نیوەى ساڵ) دوو هەفتەیە، (لەگەڵ جیاوازى کاتى خوێندن و سیستەمى خوێندن لەگەڵ ئەوان)..
4- خێزان و کەسوکارى قوتابیان و مامۆستا و فەرمانبەران، زیاتر دەتوانن سوود لە پشووەکە ببینن، بە سەردانى کەسوکار و ئەگەرى گەشتکردن بۆ شار و گوند و جێگاى تر و ..... هتد
5- پشکنین و ووردبینى دەفتەرى تاقیکردنەوەکانى وەرزى یەکەم لەلایەن مامۆستایانەوە باشتر دەکرێت و، دەرفەتى زیاتریان لە بەردەست دەبێت..
6- تۆمارکردنى نمرەى تاقیکردنەوەکان و ئامادەکارى کارت و ئەنجامەکان لەلایەن کارگێڕى قوتابخانەکانەوە باشتر دەکرێت و، دەتوانرێت لە یەکەم رۆژى وەرزى دووەمى خوێندندا بە قوتابیان و خوێندکاران بدرێتەوە..
7- ئامادەکارى زیاتر و باشتر دەکرێت لەلایەن کارگێڕى و مامۆستایانەوە بۆ پێشوازى وەرزى دووەم و، دابینکردنى پێداویستییەکان..
لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم بۆ تەواوى دڵسۆزانى پەروەردەو فێرکردن و، بەهیواى گەیشتنى پەیامێکى دڵسۆزانە، لەگەڵ دەستخۆشى زۆرم بۆتان، بۆ ڕاستکردنەوەى هەڵەکانم و پشتگیرى خاڵە گرنگ و پێویستییەکان..