ئەو دوو هۆکارەی عێراقی بەم ڕۆژە گەیاند
2022-09-05 10:26:53
سەروەت هەڵەبجەیی
لە پاش دە مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2021 ی عێراق، لە سەر دابەشکردنی پۆستەکان و پێکهێنانی حکومەت نەک هیچ ڕێکەوتنێک نەکراوە بەڵکوو عێراق پێی ناوەتە شەڕێکی ناوخۆیی کە تەنیا لە یەک شەو و ڕۆژدا دەیان کوژراو و برینداری لێکەوە و ئەگەر فشارەکانی سەر سەدریش نەدەبوو و فەرمانی پاشەکشەی دەرنەدەکرد، ڕەنگە بە هەزاران قوربانیی دیکەشی دەبوو.
بۆ شرۆڤەی ئەم دۆخە دەتوانین باس لە دوو هۆکاری ڕیشەیی بکەین: یەکەم، پێکهاتەی سیاسی عێراق و دووەم، ئامادەبوون و دەستێوەردانی وڵاتانی بیانی لە کاروباری ناوخۆیی عێراق.
سەبارەت بە پێکهاتەی سیاسی عێراق، دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان شێعە، کورد و سوننە بووەتە هۆی ئەوەی کە بڕیارە باڵا و هەستیارەکان لە عێراق هێندە بە ئاسانی دەرنەکرێت، هەروەها کاریگەری کەسەکان لە ڕەوتی سیاسی عێراق وایکردووە کە لاوازبوونی حکومڕانی لەم وڵاتەدا بە ئاسانی ببینرێت، لە بەر ئەوەی کە سەرکردەکانی هەر یەک لەم سێ پێکهاتەیە دەتوانن دۆخەکە تێک بدەن یان لانیکەم پرۆسەی سیاسی پەکبخەن. بۆ نموونە، کورد بە هۆی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێگریی لەوە کرد کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت یەکەم هەنگاوی ببڕێت، یان ئەوەی کە سەدر بە هۆی ناکۆکییەکانی لە گەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆی پرۆسەی سیاسیی کردە ئامانج.
لەم دۆخەی بەردەم سیاسەتمەدارانی عێراقی دوو ڕێگا دەبینرێت: یەکەم، پێکهێنانی حکومەتێکی لاواز و تەوافوقی و بە بێ پاڵپشتی جەماوەری، لەم دۆخەدا ناڕەزایەتییەکان دەتوانێت گەورەترین کێشە و بەربەستی بەردەم ئەو حکومەتە بێت و پشکخوازیی لایەنەکان ڕێگری لە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە سەرەکییەکانی عێراق بە تایبەت قەیرانی خزمەتگوزارییەکان دەکات.
دووەم، هەندێک کەسی وەک سەدر لە دڵی ئەم کێشە و قەیرانانەدا هەوڵ دەدەن خۆیان وەک سەرکردە و ڕێبەری شۆڕش بناسێنن و درووشمی دژ بەم دۆخە و گەندەڵی بەرز دەکەنەوە.
بەم شێوازانەش کێشەی عێراقی ئێستا چارەسەر ناکرێت، چارەسەر تەنیا لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا دەکرێت، بە واتایەکی دیکە، کۆبوونەوەیەک وەک ئەوەی بە ناوی ڕێکەوتنی تائیف لە لوبنان دەناسرێت کە دابەشکردنی پۆستەکان و پێکهێنانی حکومەتی لە نێوان پێکهاتەکاندا ڕوون کردووەتەوە. ڕەنگە لە عێراقیش پێویست بەوە بکات کە کۆبوونەوەیەکی نێوان سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان لە هەر سێ پێکهاتە سەرەکییەکە بکرێت و کێشە و کەموکوڕییەکانی عێراق لەوێدا بە ڕێکەوتن بەرەو چارەسەری ببرێت.
سەبارەت بە دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکیش، دەبێت بوترێت کە هۆکارەکەی بۆ هەمان لاوازیی سیستەم و پێکهاتەی سیاسی عێراق دەگەڕێتەوە.
ئەوەی کە لەم ماوەیەدا لە عێراق بینرا، دیمەنێکی پڕ لە مەترسیی خستووەتەڕوو کە ئەم وڵاتە ڕەنگە بە ئاقارێکی خەراپتردا ببرێت و هیوایەک بەرەو باشتربوونی دۆخی ناوخۆیی نییە، بەداخەوە کە وەک بڵێی لە عێراق بە میراتی بۆ هەرێمی کوردستانیش بە جێ مابێت، کوردیش حاڵی لە شێعەکان باشتر نییە و نێوماڵی کورد بە تەواوی پەرتەوازەیە، ڕەنگە تێگەیشتوویی جەماوەری کوردستان و ئەزموونی تاڵی شەڕی ناوخۆیی بێت کە تا ئێستا ڕێگریی لە شەڕ و پێکدادانی سەربازی نێوان حزبە سەرەکییەکان کردووە.
عێراق بەم شڵەژاوییەی سەدرەوە بە هیچ ناگات، هەرێمی کوردستانیش بە هۆی پاوانخوازیی پارتی و حساب نەکردن بۆ لایەنەکانی دیکە، بێهیوایی خەڵکی بە دواوە بووە، چاوەڕوان دەکرێت یەکێتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی نموونەیەکی باشی حکومڕانی و خزمەتگوزاری بە تایبەت لە پاش چارەسەربوونی هەندێک لە کێشە ناوخۆییەکانی خۆی بخاتەڕوو.