ئامادەكردنی: یاسین تەها ڕەنگه ئهو كهسایهتییه ئیسلامیانهی کە هاوشێوەی شێخ عهبدولقادری گهیلانین لە دنیای ئیسلامدا نەگەنە پهنجهكانی یەک دەست، ئەم شێخە عارفە له یهك كاتدا رێبهری یهكێک له گهورهترین تهریقهتهكانی تهسهوف و دهروێشێتییە بەناوی ”قادریی“، لهههمان كاتیشدا جێگه ستایشی سهلهفییه حهنبهلییهكانی ڕكابهر و نهیاری ئهم رێچكهیه و ئەوەندە بەسە کە ئیبن تەیمیەی حەڕانی (1263ز مردووە) ستایش و بەرگریی لێکردووە. بهپێی زۆربهی بۆچوونه مێژووییهكان شێخی گهیلانی له ئێران و دروست له دهوروبهری ڕۆخی دهریای قهزوینهوه دابهزیوهته بهغدای پایتەختی عەباسییەکان كهچی ڕەچهڵهكی ئەو گرێدراوە به ئال و بهیتی پێغەمبەر و جگه لهوهی بووه به ”قوتبی بهغدا“ مورید و شوێنكهوتهكانی سنووری دەستکرد ناناسن و له هیند و پاكستانهوه تا ئهوپهڕی باكوری ئهفهریقا پهرش و بڵاون. ڕەچهڵهكی شێخ عهبدولقادر وهك ههر كهسایهتییهكیتری ناوداری سهده ناوهنجییهكانی ئیسلام، بیروڕای جیا جیا و بگرە مشتومڕێکی زۆری مێژوویی لهسهر ڕەچهڵهك و نیشتمانی عهبدولقادری گهیلانی ههیه، بهڵام سهرجهمیان لەوەدا تا ڕادەیەکی زۆر یەکدەگرنەوە کە سەجەرەی ئەم عاریفە شەرعزانە بگێڕنهوه بۆ سەر ئیمام عهلی کوڕی ئەبوتالیب لهگهڵ جیاوازییان لهسهر ئهوهی ئایا ئهم "سهید" بوونه له رێگهی حهسهنهوهیه یان حوسێن كه كوڕانی فاتمهی كچهی پێغهمبهری ئیسلامن. ڕەنگه بهشێكی زۆری ئهم ناڕونییهش بگهڕێتهوه بۆ خۆهەڵنەکێشانی شێخی گهیلانی به ڕەچهڵهك و باو باپیرانی و دیارخستنی لەبەرچاوی خەڵک، چونکە وەک لە ژیانەکەیەوە دەردەکەوێت ناوبراو بە پلەی یەکەم پشتی بە کار و کردەوەی کەسێتی خۆی بەستووە بۆ هەڵکشان بەرەو لوتکەی ناوداریی لەناو جەنجاڵیی شاری بەغدا کە ئەودەم جمەی دەهات لەخەڵکانی زانا و رێبوار و سەدەیەک بەر لەوەی گەیلانی ڕووی تێ بکات بەقسەی خەتیبی بەغدادی نزیک بە 45 هەزار مزگەوت و گۆڕەپانی نوێژی تێدا بووە و لەهەندێ کاتیشدا دانیشتوانەکەی لە ملێونێک کەس زیاتر بووە. هاوكات لهگهڵ ئهم شهجهره عهرهبییه پێغهمبهرانهی گهیلانیدا كه پاسپۆرتێكی بههێزی پهڕینهوهیه بۆ خۆشەویستبوون له دنیای سۆفیگهریدا، ناوی باپیری چوارهمی گهیلانی له بهشی ههره زۆری سهرچاوهكاندا به ”جهنگی دۆست“ هاتووه. ئەم ناوە ئێرانییەی باپیرە گەورەی شێخی گەیلانی ئاڵۆزییهكی زۆری له نهتهوهی ناوبراودا دروست كردووه، چونكه ئهم ناوه بۆ ئێرانییەکان و بۆ كوردیش ئاشنایه و به مانای دۆستی جهنگ یان كهسی ئازاو چهلهنگ دێت، بهم هۆیهشهوه تا ئێستا به تهواوی یهكلا نهبۆتهوه ئاخۆ شێخ عەبدولقادر لە نەتەوەی گیلەکە یان عهرهب؟ ههندێكیش باسیان له ئهگهری كوردبوونی كردووه بهپێی جوگرافیای گەشەکردن و زۆری شوێنكهوته کوردەکانی ئەمە جگە لە ماناو دهلالهتهكانی ناوی ”جهنگی دۆست“، بەپێی ئەم بۆچوونە شێخ عەبدولقادر خەڵکی گەیلانی سەر بە کرماشانە( کە ئێستاش شارۆچکەیەک کە ناوی گەیلان لە پارێزگای کرماشان هەیە)، ئەمەش لەگەڵ ئەو سەرچاوە مێژووییانە دێتەوە کە باس لەوە دەکەن شێخ عەبدولقادر لەناوچەکانی بن دەستی ئیمارەتی حەسەنەوی کوردییەوە هاتووەتە بەغدا. بهپێی گهڕانهوهی باوی مێژویی شێخ عهبدولقادر له دهوروبهری ساڵی 1077 زاینیدا له شارۆچكهی "نیف"ی سهر به گهیلانی ڕۆخی دهریاچهی قهزوین لەباکوری ئێران هاتوەته دنیاوه، بهڵام لهناوەڕاستی ساڵانی نهوهدهكانی سەدەی ڕابردوو یهكێك له نهوهكانی گهیلانی ”جهمالهدین فالح“ توێژینهوهیهكی ئهكادیمی به چاودێری ههندێك شارهزا بڵاو كردەوە بهناوی ”جغرافیە الباز اڵاشهب“ كه خوێندنهوەیەکی جیاواز بۆ گێڕانەوە مێژوییەکان دەخاتەڕوو و جهخت لهوه دهكاتهوه، شێخ عەبدولقادری باپیری لەدایکبووی گوندی "جیل" یان "گهیلان"ی زیك مهدائینی باشوری بهغدایه، له شهجهرهکەشی کە ئەم گەیلانی زادەیە خستوویەتەڕوو ناوی ”جهنگی دۆست“ نییه، بەم پێیەش باپیرانی گهیلانی بهر له بوونی عهبدولقادر له ناوچهكانی بن دهستی ئیمارهتی حهسنهوی كوردییهوه هاتونهته گهیلانی نزیك بهغدا، ئەم خوێندنەوەو لێکۆڵینەوە تازەیەش شێخ عەبدولقادر دهکاتە عێراقی و بەوەش گیڕانەوە ئێرانی بوونە باو و بەناوبانگەکەی باپیری ڕەتکردۆتەوە کە سەرجەمیان له ژێر كاریگهریی یهك گێڕانهوهدا به كۆمهڵ لهدایكبوونی شێخ عهبدولقادریان گێڕاوهتهوه بۆ گهیلانی ئێران و بەبێ وردبوونەوە چاویان لەیەکتر کردووە. مناڵی و پێگهشتنی شێخ عهبدولقادر زانیاریی لهسهر قۆناغی مناڵی شێخ عهبدولقادر تا تەمەنی 18 ساڵی زۆر زۆر كهمه، بهڵام به پێی گێڕانهوهكان هەر به مناڵی باوكی مردووه و بە هەتیوی گەورە بووە، لە خێزانهكهی خۆی یهك برای ههبووه به ناوی عهبدوڵڵا کە زۆر گومناوە، بۆ ئهوهی بگات به ئاوهدانی كهڵكهڵهی سهفهر بۆ ڕووگهی دنیای ئیسلامی ئهوكات كه شاری بهغدایه کەوتۆتە مێشکی، له ههموو ماڵی باوكیشی تهنها 80 دینار پارهیان ههبووه، دایكی كه ناوی فاتمهیه و شێخ زادهیهكی ناوچهی گهیلانه نیو به نیو لهگهڵ عهبدوڵڵا بهشی كردووه لێیان، پاشان بەدەم گریان و زارییەوە عهبدولقادری لهگهڵ كارواندا بهڕێكردووه بەرەو عێراق، چونكه دڵنیا بووه لهوهی ڕۆشتنی به دهستی خۆیهتی بهڵام گهڕانهوهی بۆ گهیلان له مهحاڵهوه نزیكتره، دواتریش دڵهخورتێكهی دایكی بهڕاست گهڕاوه و ئەوە سەفەری یەکجاریی بووە و لەوە بەدوا بهغدای کردووە بە نیشتمانی خۆی کە ئەوکات شاری غەزالی و ئەسفەراینی و پێشەوا ناودارەکانی شەرعزانی بووە. گهیلانییهكان ئهوكات زیاتر سوننه مهزههب بوون و پهیڕەویشیان له مهزههبی حهنبهلی دهكرد، ئهڵبهت ئهمه بهر لهوهی بهر شهپۆلی شیعهگهریی بكهون. عهبدولقادری گهیلانی له تهمهنی 18 ساڵیدا و دروست له ساڵی 1095 ز گەیشتوهته بهغدا، پاش جێگە و رێگە خۆشکردن خێرا پهیوهندی كردووه به خوێندنگای نیزامییه كه بهناوبانگترین فێرگهی ئیسلامییه له سهردهمی عهباسییهكان، هاوكات لهگهڵ خوێندنهكهیدا سهفهری كردووه بۆ شام و حیجاز، ماوەیەکی زۆر لەناو کەلاوە و قشڵاخ و چۆڵەوانییەکانی دەوری بەغدا خەڵوەتی کردووە، له رێگای حهجی یهكهمیدا بوهته هاوهڵی ناوداران و له یهكێك لهو سهفهرانهدا (1115 ز)هاوهڵی شێخ عهدی كوڕی موسافیر بووه كه پایهی سهرهكییه له ئاینی ئێزدی و مهزارهكهی لەلالش ئێستا كهعبه و زیارهتگای ئێزیدییهكانه، له پاش ئهم گهشته عهبدولقادر ستایشی زۆری شێخ عهدی (ئادی) كردووه و باسی لهوه كردووه ئهگهر پێغهمبهرایهتی به تێكۆشان بهدهست بهاتایه ئهوه شێخ عهدی بهدهستی دههێنا، بهڵام مهسهلهكه ههڵبژاردهی خواییه و پهیامی خودا له محهمهددا خهتم كراوه. دەرکەوتنی شێخ عەبدولقادر شێخ عهبدولقادر، ماوەی 33 ساڵی تەمەنی به خوێندن و گهشت و گهڕان و خهڵوهت گوزەراندووە، لەم سێ دەیەیەدا توێشووی كۆ كردۆتهوه و وانهی وهرگرتووه تا ڕادەی ئەوەی سەردەمێک پێیان وتووه ”مهجنون“، کاتێکیش هەستی کردووە پێگەشتووە، لهسهر كورسی ئیرشاد دانیشتووه و بووه به واعیز و مامۆستا و دواتریش وهك ”قوتبی بهغدا“ و ”بازی ئهشههب“ ناوی دهركردووه. عهبدولقادری گهیلانی له سهردهمی پێنج خهلیفهی عهباسیدا ژیاوه، به چاوی خۆی ململانێكانی دهسهڵات و ههڵپهی خهڵكی بۆ دنیا دیوه، ئهمیش بانگی كردوون بۆ ئهخلاق و گهڕانهوه بۆ بههاكان، بهم جۆرهش سیفهته واعیز و سۆفیگهرییهكهی زاڵ بووه بهسهر شهرعزانی و فەرموودە ناسییەکەی و پاش ئهوهی حهنبهلییهكی سهلهفی مهشرهب بووه، بوهته شێخی تهریقهت و سلوك، لهم بارگۆڕانهشدا له ههندێك شێوازی بیركرنهوهی سهلهفییهكان لایداوه چونکە هەندێ لە مامۆستا سۆفییەکانی نەخوێندەواربوون (حەمادی دەباس)، بهڵام لهبهر ئهوهی لادانهكه گهوره و له بوارهكانی عهقیدهدا نییه و زیاتر لە سلووك و هەندێ وردە شیکاردا لە عەقیدەی سەلەف لایداوە سهلهفییهكان دهڵێن ” ئەوە به ئاوی دهریای چاكهكانی دهڕوات“، به تایبهت پاش ئهوهی له نوسینهكانیدا كه ئێستا له دوو توێی زیاتر له 20 كتێبدا كۆ كراونهتەوە و چاپکراون پابهندیی تەواوی خۆی به تهوحید و جێگیركردنی سیفاتهوه بۆ خودا ڕاگهیاندووه به پێچهوانهی ئههلی كهلام و موعتهزیله. لای حهنبهلییهكان عهبدولقادر نازناوی ”ئیمام“ی ههیه و جارجارهش پێی دهڵێن ”شیخ الإسلام“، له ههموو كتێبهكانی تەبەقاتی زانایانی ئهم مهزههبهشدا كه زۆرینهی نوسهرهكانی به عهقیده سهلهفین، عهبدولقادری گهیلانی سهردهسته و پێشەنگه لای حهنبهلییهكان، لهههمان كاتیشدا له ئهدهبیاتی سۆفیدا ”غهوس“ و ”قوتب“ ـه كه تێكهڵ دهبێت لهگهڵ شیرك و زادهی بیدعه ئاینییه حهرامهكانه به پێی میتۆدی خواناسیی سهلهفییهكان، چونكه لەعەقیدەی سەلەفدا تهنها و تەنها خوا فریاد ڕەس و كارههڵسورێنهره و جگه لهو كهسیتر قوتبی زهمانه نییە، ڕەنگە هیچ كهسیش لە سەردەمی ئەو و پاش ئەویشدا هێندهی شێخی گهیلانی كهرامات و خەواریقی نهدرابێته پاڵ به جۆرێك تەنانەت سهرچاوهكانی تەسەوفیش لهبهر زۆری و نامۆیی گێڕانهوهكان به گومان و وریاییهوه ئهو چیرۆكانهیان دهستاودهست پێ كردووه. شێخی گهیلانی كه له 13 شوباتی 1166 ز كۆچی دواییكردووهو ههر له ناوهڕاستی بهغدا ئهسپهردهی خاك كراوهو لهو كاتهوه ئارامگاكهی ڕووگهی زیارهتكهرانه و ناوی "حهزرهی قادری"یه، نهوەكانی ئهم کەسایەتییە ناسراوە 14 كوڕ بوون له نزیكهی 50 كوڕ و كچ کە زۆربەیان بە نەخۆشی مردوون و بەرهەمی چوار دایکن، لە پاش مەرگی شێخی گەیلانیش نەوەکانی له هیندهوه تا شام و تا باكوری ئهفریقا بڵاوهیان كردووه، تهریقەتهكهشی بهههمان شێوهی نهوهكانی بهناوی ”قادری“ و ”گهیلانی“ ناسراوە و چەندین لقی وردیشی لێ بووەتەوە کە یەکێک لەوانە تەریقەتی کەسنەزانی قادری بەرزنجییە . تەریقەتی قادریی لە کوردستان یهكهم جوگرافیای سهرههڵدانی قادریی بهغدا، پاشان خاكی عێراقه و ئەم تەریقەتەش لهسهر تێكۆشان و جیهادی نهفس بنهڕەته، بهڵام جیاواز له ههندێك له رێبازهكانیتری عیرفان لای عهبدولقادر شهرعزانی و تێگەیشتن لە فیقهه له پێش تهسهوفهوهیه، له پهنا جیهادی ئاشكرادا، جیهادی پهنهانی ههیه كه هی نهفس و شهیتانه، شێخ عهبدولقادر ڕێسایهكی ههبووه كه خۆی دایڕشتبوو ”شهریعهت فێربه ئهوجا پهناگیریی و خەڵوەت بكه“، له پهنا جیهادی نهفسیشدا ههندێك چەمکیتری كردبووه بنهڕەت بۆ تەریقەتەکەی كه بریتین له: تهوهكول به خودا، ڕەوشتی جوان، سوپاسگوزاریی، ئارامگرتن، ڕەزامهندی و له كۆتایشدا ڕاستگۆیی و درۆ نهكردن بەهیچ جۆرێک و لەژێر هیچ کاریگەرییەکدا. ئهگهرچی تان و پۆی تهریقهتی قادری له بهغدا سهری ههڵداوه، بهڵام گومانهكانی كوردبوونی شێخی گەیلانی و زۆریی شوێنكهوتهكانی له كوردستان بۆن و بهرامهیهكی كوردانهی بهم تهریقهته بهخشیوه. بهپێی سهرچاوه مێژوییهكان هاتنی تەریقەتی قادریی بۆ کوردستان یهكهمجار لهلایهن ماڵباتی بهرزنجهوه بووه كه دهگهڕێنهوه سهر سهید عیسا و سهید موسای بهرزنجی و له بنهڕەتدا وهچهی ئیمام موسای كازمن کە یەکێکە لە ئیمامە مەعسومەکانی شیعە و نەوەکانی عەلی کوڕی ئەبو تالیب. سەید عیساو سەید موسا له سەردهمی هێرشی مهغۆلهكاندا له ههمهدانهوه هاتونهته شارهزوور، وەهاش بڵاوە کە ئهم دوو ئیمام زادەیە برهویان به رێبازی قادریی داوه له كوردستان كه دامهزرێنهرهكهی له بنهچهدا ئامۆزایانه، به قسهی محهمهد ئهمین زهكی بهگیش بێت ئهو دوانه له 1455 ز هاتوونهته كوردستان. جگه لهم بۆچوونهش ههندێ له نوسهران لهوانهش شێخی خاڵ و سهفیزاده باسیان لهوه كردووه شێخ سمایلی ولیانی كه له وهچهكانی شێخانی بهرزنجهیه بۆ یهكهمجار قادریی له بهغداوه هێناوهته كوردستان، ئەگەر گریمان ئەمەش ڕاست بێت هیچ لەو ڕاستییە ناگۆرێت کە بەرزنجییەکان پردی یەکەمی پەڕینەوەی قادرین بۆ کوردستان. هاوكات لهگهڵ بهرزنجییهكانیشدا ماڵباتی تاڵهبانیش له پێشهنگانی گواستنهوهی تهریقهتی قادرین بۆ ناو کوردەکانی دەوری کەرکوک، لەناو گێڕانەوە مێژوییەکاندا وەها بڵاوە كه مهلا مهحمودی تاڵهبانی له رێگهی دهروێشێكی کاروانچیی هیندییهوه بهم رێبازه ئاشنا بووه و پاشان له بهغداوه گواستویانهتهوه بۆ ناوچهكانی خۆیان له ئاواییەکانی تاڵەبان و كهركوك، بهم پێیهش كوردهكان له سییهكانی سهدهی ههژدهیهمدا به رێبازی قادریی ئاشنا بوون تا ئهوكاتهی تهریقهتی نهقشبهندی لهسهر دهستی مهولانا خالیدی شارهزووری لەگەڵ ئەم رێبازەدا کەوتۆتە کێبەرکێ و لەگەڵیدا بڵاو بووەتەوە. سەرچاوەی بنەڕەتیی ئەم بابەتە: https://bit.ly/2Cr8Nrx
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف كابینەی سێقۆڵی (پارتی+یەكێتی+ گۆڕان) تەمەنی گەیشتە ساڵێك، دروشمی "كوردستانێكی بەهێز" ئابورییەكی داڕماو و سەروەرییەكی پێشێلكراوی بەدیهێناوە، یەكێتی لە حكومەت دەسەڵاتەو لە حزب ئۆپزسیۆن، بزوتنەوەی گۆڕانیش ئەمڕۆ مۆڵەتە یەك ساڵییەكەی بۆ كشانەوە كۆتایی هاتو پەیمانی بۆ مانەوە لەناو حكومەت نوێ كردەوەو پاڵپشتی بۆ تیمەكەی لە حكومەت راگەیاند، دیمەنی حكومەتی هەرێم دوای ساڵێك لە سوێندخواردنی لەم راپۆرتەدا. ساڵێك دوای سوێندەكە ! ساڵێك بەسەر سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی تێدەپەڕێت. رۆژی 10ی تەموزی ساڵی رابردوو، كابینەی نۆیەم لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا متمانەی وەرگرت، كابینەكە سێقۆڵییە (پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان) پێكەوە پێكیانهێناوە، ئەم كابینەیە لە یەكەم ساڵی تەمەنیدا روبەڕووی قەیرانێكی گەورەی دارایی بووەتەوە، قەیرانەكە سێ رەهەندی هەیە، دوانیان جیهانیو یەكێكیان ناوخۆییە: • بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا • داڕمانی نرخی نەوت • گۆڕینی حكومەت لە عێراق ئەم سێ گۆڕانكارییە كاریگەری گەورەیان لەسەر داهاتەكانی حكومەت بەجێهێشت، دابەزینی نرخی نەوت لە (50) دۆلارەوە بۆ (20) دۆلار، لەسەرەتای قەیرانەكەوە داهاتی نەوتی هەرێمی لە (295 ملیۆن) دۆلاری مانگانەوە كرد بە (30 ملیۆن) دۆلار (لێرەدا مەبەست لە داهاتی نەوت تەنیا ئەو ئەو داهاتەیە كە دەچێتە خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە)، بەڵام بەمدواییە كە نرخی نەوت بۆ سەرو (40) دۆلار بەرزبووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بۆ ئەم مانگانە داهاتی نەوت زیادی كردووە. بڵاوبونەوەی كۆرۆناو رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكەش، لەسەرەتای قەیرانەكەوە داهاتی ناوخۆی لە (270 ملیار) دیناری مانگانەوە كرد بە (30 ملیار) دینار، بەڵام ئێستا كە كەرەنتینەی تەواوەتی لە هەرێمی كوردستان هەڵگیراوە، داهاتی ناوخۆ بۆ نزیكەی (100 ملیار) دیناری مانگانە زیادی كردووە. گۆڕینی كابینەی حكومەت لە عێراق كە پێشتر عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی دەكرد، ئاڵنگارییەكی تر بوو كە روبەڕووی حكومەتی هەرێم بووەوە، عەبدولمەهدی لە كۆتایی ماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا ناردنی بەشە موچەی هەرێمی كوردستانی راگرت كە مانگانە (453 ملیار) دیناربوو، ئەمە هەڕەشەیەكی گەورەی لەسەر داهاتەكانی حكومەت دروستكرد، كابینەی مستەفا كازمی كە دەستبەكاربوو، لەدوای دەستبەكاربونیەوە بۆ یەك مانگ بڕی (400 ملیار) دیناری بۆ حكومەتی هەرێم ناردووە، ئەمەش بەمەرجی ئەوەی هەرێمی كوردستان رێككەوتنێكی گشتگیر لەبارەی نەوتو بودجەوە لەگەڵ بەغداد ئیمزا بكات، ئەم رێككەوتنەش تائێستا ئیمزا نەكراوەو چارەنوسی بەشە بودجەی هەرێم لە عێراق بەنادیاری ماوەتەوە. ترۆیكای حكومەت حكومەتی سێقۆڵی (پارتیو یەكێتیو گۆڕان) لە فەرهەنگی سیاسیدا بە "ترۆیكا" ناودەبرێت واتە گالیسكەیەك كە سێ ئەسپ پێكەوە رایبكێشن، دوای ساڵێك لە دەستبەكاربوونی حكومەت، هێشتا ئەسپەكان بەتەواوەتی لەبارەی راكێشانی گالیسكەكەوە كۆكو تەبا نین. یەكەم: پارتی لە حكومەت سەرۆكایەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لای پارتییە، لەناو پارتیشدا مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پۆستەكە بەڕێوەدەبات، وەكو حزب پارتی توانای راوەستانی لەبەرامبەر مەسرور بارزانی نەبووە، بەهێزیی مەسرور بارزانی كۆتایی بە رۆڵی مەكتەبی سیاسی پارتی هێنا، ئێستا لایەنە بەشدارەكانی حكومەت (یەكێتیو گۆڕان) قسەو ناڕەزایەتییەكانیان لەڕێگەی تیمەكانیانەوە لە حكومەت بە مەسرور بارزانی دەگەیەنن نەك مەكتەبی سیاسی پارتی، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتیان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی واژۆ كردووە. بەهێزیی مەسرور بارزانی لەڕووی دەسەڵاتەوە لەناو پارتی، تەنیا مەكتەب سیاسی حزبی سڕنەكردووە، بەڵكو كۆتایی بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانیش هێناوە كە ئێستا سەرۆكایەتی هەرێمەو پێشتریش ماوەی (17 ساڵ) پۆستی سەرۆكی حكومەتی بەدەستەوە بووە. كابینەی نۆیەم لە (21) وەزارەت پێكدێت، لەم ژمارەیە (8) وەزارەت بە فەرمی لای پارتییە، ئەمە جگە لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كە تائێستا پارتی پڕنەكردوەتەوە، كەمینە نەتەوەكان لە كابینەكەدا (2) پۆستی وزارییو حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش پۆستێكی وزاری وەرگرتووە كە پارتی كاندیدەكانی دیاریكردووە، لەپاڵ ئەمەدا سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانو وتەبێژی حكومەتیش هەر لای پارتییە، ئەمە جگە لە پۆستەكانی تری ناو حكومەتو وەزارەتەكان. پارتی بەتایبەتیش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، هەموو توانای خۆیان بۆ سەرخستنی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت خستوەتەگەڕو چارەنوسی حزبەكەیان بەوەوە بەستوەتەوە، جگە لە چەند دەنگێكی كەم كە لەژێر پەردەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕنو كەسانی نزیكن لە نێچیرڤان بارزانی، هیچ جۆرە ناڕەزایەتییەك لەناو پارتی بەرامبەر بە مەسرور بارزانی بەدی ناكرێت. دووەم: یەكێتی لە حكومەت یەكێتی وەكو لایەنێكی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت ناڕازییە لەئەدای حكومەت، كێشەی سەرەكی یەكێتی لە كابینەی نۆیەمدا ئەوكاتە دەستیپێكرد كە پارتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە بەرژەوەندی یەكێتی جێبەجێ نەكرد. بەڵام بەشێكی ناڕەزایەتییەكەی یەكێتی پەیوەندی بە ئاڵۆزی پەیوەندییەكانیەوە هەیە لەگەڵ پارتیدا، سەرۆكی پارتی تائێستا بەفەرمی دانی بە ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا نەناوە، دوای چەندین هەوڵ هێشتا مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب نەیانتوانیوە پێكەوە كۆببنەوە، یەكێتی وەكو حزب ناڕازییە لە ئەدای كاری حكومەت، بەڵام تیمی یەكێتی لەناو حكومەت كێشەیان نییە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كە سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی دەكات لەناو حكومەت، لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەوە ناڕەزایەتی هەبوو لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ناڕەزایەتییەكانی چارەسەركرد، ئێستا قوباد تاڵەبانی ئەركی سەرۆكایەتی تیمی حكومەتی هەرێمی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد پێ سپێردراوە. بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن پرسی كشانەوەیان لە حكومەت خستوەتە سەر مێزی گفتوگۆ ناوخۆییەكانیان، بەمدواییە كە حكومەت دەستكاری موچەی موچەخۆرانی كرد، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد نەگاتە رێككەوتن، شەفافیەت نەبێ لە خەرجیو داهات، یەكێتی ناچێتە ژێر باری موچەبڕین، هەڵپەساردنی بەشداری لە پەرلەمانو حكومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێك دەبێت لەبژاردەكان". تائێستا حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێككەوتنی ئیمزا نەكردووە، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن بۆ مانگەكانی داهاتوو حكومەت رێژەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە 21%وە بۆ نزیكەی 34% زیاد بكات، ئۆفەرێكی تر تاوتوێ دەكرێت لەبارەی ئەوەی حكومەت رێژەی بڕینی موچە لە 21% زیاتر نەكات، بەڵام دابەشكردنی موچە لە 30 رۆژەوە بۆ 60 وەكو خۆی بمێنێتەوە، بەم دۆخەوە ئایا یەكێتی لە حكومەت دەكشێتەوە ؟ كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت ئەگەرێكی لاوازە، وا دەردەكەوێت یەكێتی كارتی كشانەوە تەنیا بۆ فشار لەسەر پارتی بەكاردەهێنێت، بەتایبەتیش كە بەمدواییە یەكێتی چەند پۆستێكی خۆی لە حكومەت پڕكردەوە لەوانە پۆستی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ. تیمی یەكێتی لە حكومەت بەشداربوو لە بڕیاری كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران، بۆ مانگەكانی داهاتوو كە حكومەت بەناچاری پەنا بۆ كەمكردنەوەی زیاتری موچە دەبات یاخود دابەشكردنی موچە دوادەخات، یەكێتی جارێكی تر دەكەوێتەوە بەردەم هەمان پرسیار، رەنگە كۆبونەوەی نێوان مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتی كۆتایی بهێنێت بە ناكۆكیو ناڕەزایەتییەكانی یەكێتی لە ئەدای كاری حكومەت. كێشەی یەكێتی لەوەدا چڕبوەتەوە ئەو تیمەی كە نوێنەرایەتی حزبەكە دەكات لەناو حكومەت بەتەواوەتی دڵخوازی ئەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەم نییە، تیمی یەكێتی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەیان لەناو حكومەت دەستبەكاربوون. هەر لەو ماوەیەدا كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی ئاڵۆزی تێكەتووە، یەكێتی پرسی لامەركەزیەتی ئیداریو دارایی بۆ پارێزگای سلێمانی هێناوەتە پێشەوە، چارەنوسی ئەم پرسەش پەیوەندیدارە بە رێككەوتنی نێوان هەردوو حزبەكەوە. لە كابینەی نۆیەمدا كە لە (21) وەزارەت پێكدێت، یەكێتی (6) وەزارەتی هەیە، سەرباری ئەمە ژمارەیەك پۆستی تری بەركەوتووە كە تائێستا ئەو پۆستانەی پڕنەكردوەتەوە لەوانە پۆستەكانی (سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، سەرۆكی دەستەی كاروباری مین). سێیەم: گۆڕان لە حكومەت بزوتنەوەی گۆڕان هەر دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان وەكو یەكەم لایەن كارتی بەشداریكردنی لە حكومەتی مەسرور بارزانی مسۆگەر كرد. بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەی مەسرور بارزانی دوای ئەو روداوانەی بەسەر بزوتنەوەكەدا هات لە كابینەی هەشتەمدا (دەركردنی وەزیرەكانی لە حكومەتو دورخستنەوەی سەرۆكی پەرلەمان)، لەناو بنكەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان هەندێك ناڕەزایەتی دروستكرد، ئەوكات بۆ هێوركردنەوەی ناڕەزایەتییەكان سەركردەكانی گۆڕان رایانگەیاند، بەمەرجی چاكسازیی بەشداری حكومەتیان كردووەو لەماوەی ساڵێكی تەمەنی حكومەتدا بڕیاری كۆتایی دەدەن لەبارەی مانەوەیان لە حكومەت یاخود كشانەوە. ئەمڕۆ مۆڵەتە یەكساڵییەكەی گۆڕان كۆتایی هات، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حزبدا، بڕیاریدا بە مانەوە لە حكومەتو پاڵپشتی خۆی بۆ تیمەكەی لە حكومەت راگەیاند. رۆژی دوو شەممە جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، لەو كۆبونەوەیەدا عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە وتارێكی پێشكەش كرد، تێیدا باسی لەوەكرد، روسیاو توركیاو ئێران پلانیان داناوە ئەزمونی هەرێمی كوردستان "كەوڵ" بكەن، هەندێك لەوانەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان خوازیاری ئەوەبوون گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە، قسەكەی رێكخەریان والێكدایەوە دەیەوێت رێگری لە هەر هەوڵو بڕیارێك بكات بۆ كشانەوە لە حكومەت. بڕیاری مانەوەی گۆڕان لە حكومەت لەكاتێكدایە ئێستا كابینەكە كێشەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەیەو روبەڕووی ناڕەزایەتی شەقام بوەتەوەو چاكسازییەكانیش هێشتا لەئاستی خواستەكانی خەڵكدا نین، بەتایبەتی پرسی شەفافیەت لە دۆسیەی نەوت وەكو سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی حكومەت. لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەوە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی گۆڕان لەگەڵ مەسرور بارزانی پڕكردنەوەی ئەو پۆستانە بوو كە بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتیو گۆڕان لەناو حكومەت بەر گۆڕان كەوتبوون، بەمدواییە مەسرور بارزانی چوار پۆستی بریكاری وەزیری بزوتنەوەی گۆڕانی پڕكردەوەو ئەمە هەندێك دڵنەوایی بە سەركردەكانی گۆڕان بەخشی. لە كابینەی نۆیەمدا كە لە (21) وەزارەت پێكدێت، بزوتنەوەی گۆڕان (4) پۆستی وزاری وەرگرتووە، لەناویاندا پۆستی وەزیری دارایی. هێشتا ژمارەیەك پۆست هەن كە پشكی گۆڕانن لە حكومەتو پڕنەكراونەتەوە، لەوانە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە پۆستێكە پێویستی بەوەیە لەناو پەرلەمانەوە یاسای تایبەتی بۆ دەربكرێت، سەرباری ئەمە هێشتا زیاتر لە (40) پۆستی تر هەن كە بزوتنەوەی گۆڕان داوایان دەكات. حكومەت دوای ساڵێك كابینەی مەسرور بارزانی ساڵێكە دەستبەكاربووە، (4) مانگی ئەم ماوەیە لە قەیرانێكی قوڵی دارایدا بووە، لەو چوار مانگەی كە روبەڕووی قەیرانی دارایی بوەتەوە، حكومەت تەنیا دوو موچەی موچەخۆرانی دابەشكردووە، یەكێك لە موچەكانیش بەبڕینی رێژەی 21%ەوە دابەشكراوە. كابینەی مەسرور بارزانی لەسەرەتای دەستبەكاربونیدا دروشمی "كوردستانێكی بەهێز"ی هەڵگرت، بەڵام ئێستا كوردستان لەڕووی ئابورییەوە لاوازو لەڕووی سەروەریشەوە لەبەردەم هێرشو لەشكركێشی توركیاو ئێراندایە، لەسەر ئاستی ناوخۆش لایەنەكان ناكۆكن بەدیاریكراویش (پارتیو یەكێتی) وەكو دوو ناوچەی قەڵەمڕەویی جیاواز. بەڵێنی ئەنجامدانی چاكسازیش جگە لە یاسایەك بەناوی "چاكسازی لە موچەو دەرماڵەو خانەنشینی پلەباڵاكان"و چوار بڕیاری تایبەتی مەسرور بارزانی بۆ چاكسازی لە دەروازە سنورییەكانو باجو بەخشینی گومرگی كە تائێستا نەكەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، شتێكی ئەوتۆی لێ سەوز نەبووە. یاسای چاكسازی لە بنەڕەتەوە بۆ رێكخستنی موچەو خانەنشینیو دەرماڵەكان دانراوە، حكومەت لەسەرەتای ئەم مانگەوە خستیە بواری جێبەجێكردن، بۆ ئەو قەیرانە داراییەی كە ئێستا تێیكەوتووە، یاساكە دەرفەتێكی باش بوو بۆ كابینەی مەسرور بارزانی تاوەكو لەڕێگەیەوە دەستكاری موچەی فەرمانبەران بكات، بەڵام یاساكە بۆ چاكسازی لە بوارەكانی تری وەكو كەرتی نەوتو داهاتەكانی ناوخۆ هیچ شتێكی تێدا نییە. یەكێك لە بەڵێنەكانی تری كابینەی نۆیەم "شەفافیەت" بوو، بەڵام دوای ساڵێك لە دەستبەكاربوونی حكومەت، ئەم دروشمەش لەژێر پرسیاری گەورەدایە، پەرلەمان وەكو دامەزراوەی چاودێری ئاگاداری داهاتو خەرجییەكانی حكومەت نییە، كابینەی سیقۆڵی (پارتیو یەكێتیو گۆڕان) تائێستا یاسای بودجەیان نەناردوەتە پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمانو پەرلەمانتاران دەڵێن ئاگاداری فرۆشو داهاتی نەوت نین، میدیاكان زانیارییان لەبارەی داهاتو خەرجییەكانی حكومەت بەشێوەی فەرمی ناكەوێتە بەردەست. سەرباری ئەمانە هێشتا مەسرور بارزانی شانازی بەو هەنگاوانەوە دەكات كە حكومەتەكەی هەڵیگرتوون، ئەو لە وتاری (100 رۆژە)ی دەستبەكاربوونیدا لایەنی درەوشاوەی حكومەتەكەی لەم خاڵانەدا خستەڕوو: • ئێستا حكومەت چالاكترو ئەكتیڤتر بووە • ئێستا حكومەتی هەرێم بەهێزترو سەقامگیرترە • بە دڵنیایی ئێستا حكومەت شەفافترە • كەمكردنەوەی رێژەیەكی بەرچاوی رۆتین • فەرمانبەران باشتر لە جاران دەوام دەكەن • چاوپۆشی لە گەندەڵی هیچ كەس و لایەنێك ناكەین • چەندین فەرمانبەر لەسەر گەندەڵی دراونەتە دادگا • تا كۆتایی ئەمساڵ داهاتی ناوخۆ 50% زیاد دەكەین • ئێستا پرۆسەیەكی شەفافمان گرتوەتەبەر بەتایبەت لە بواری داهاتی سامانە سروشتییەكان • بە شێوەیەكی بەردەوام داتاو زانیارییەكانمان خستوەتەڕوو • ئێستا گشت هاوڵاتیانی هەرێم ئەتوانن بزانن داهاتی نەوتو داهاتە ناوخۆییەكان چەندەو لە چی بوارێكدا خەرجدەكرێت مەسرور بارزانی لە چوار مانگی رابردوودا كە بۆ یەكەمجار وەكو سەرۆكی حكومەت ئەزمونی قەیرانی دارایی كرد، بەرپرسیارێتی هەموو بارودۆخەكانی خستە ئەستۆی كابینەكانی پێشتری حكومەت كە نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای سەرۆكایەتی كردوون، لەسەروو هەموشیانەوە بەرپرسیارێتی خەزێنەی بەتاڵی حكومەتو نەبوونی یەدەگی داراییو قەرزاربوونی حكومەت بەبڕی (27 ملیار) دۆلار.
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت تەماتە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی سوركردووە، هەموان پێشنیاز دەخەنەڕوو بۆ رزگاركردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە قەیرانی بێبازاڕیی، شێخ باز خاوەنی كۆمپانیای كار كە دەستی باڵای لە نەوتدا هەیە بڕیاریدا بەشێك لە بەرهەمی جوتیاران بكڕێتەوە، ئەو نەیتوانی بۆ داڕمانی نرخی نەوت كارێكی ئەوتۆ بكات، بەڵام بۆ داڕمانی نرخی تەماتە كارێكی كرد، وەزیری كشتوكاڵ لەزاری خاوەن كارگەكانەوە وتی تەماتەی ناوخۆ بۆ دۆشاو نابێت، شێخ جەمالی كرپچنەش كە جوتیاری نمونەییە قسەی تری هەیەو پێیوایە هۆكاری بێبازاڕییەكە ئەو بازرگانانەن كە دۆشاوی تەماتە لە دەرەوە هاوردە دەكەن و بەهێزترن لەو كارگانەی لەناوخۆدا دۆشاو دروست دەكەن، تەماتە چۆن لە قەیران رزگار دەكرێت ؟ شێخ باز.. لە نەوتەوە بۆ تەماتە ئەم رۆژانە باس باسی تەماتەیە، بەرهەمی خۆماڵی زیانی گەورەی بەركەوتووە، جوتیاران رۆژی 6ی ئەم مانگە لە هەولێر خۆپیشاندانیان كرد، لە مەراسیمێكدا كە تاڕادەیەك لە فێستیڤاڵی شەڕە تەماتە دەچوو لە ئیسپانیا، بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵیان فڕێدایە سەر شەقامەكان. تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش چەند رۆژێكە پڕبوون لە وێنەی تەماتەو دۆشاوەكەی، خەڵك داوا لە حكومەت دەكەن پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی بكات، تاوەكو لە كێبركێدا لەگەڵ بەروبومی هاوردەكراو لە بازاڕدا نەكەوێت، هەندێك كەسیش بۆ پاڵپشتی لە جوتیاران، كەمپەینی كڕینی تەماتەی خۆماڵییان راگەیاندووە. جوتیارێك لە خۆپیشاندانەكەی هەولێردا وتی:" كیلۆیەك تەماتە بە كەمتر لە (70) دینار دەفرۆشن، سندوقێك تەماتە (10 بۆ 12) كیلۆی تێدایە، لە عەلوە بە (750) دینار لێمان وەردەگرن، هیچمان بۆ نامێنێتەوە، چونكە گواستنەوەی هەر سندوقێك تەماتە نزیكەی (300) دیناری تێدەچێت، بۆ هەر سندوقێك تەماتە لە عەلوە (250) دینار وەردەگیرێ، نرخی سندوقە بەتاڵەكەش (250) دینارە ئیتر چی بۆ جوتیارێك دەمێنێتەوە". لە هەنگاوێكی خێرادا بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتی جوتیاران، شێخ باز خاوەنی كۆمپانیای كار كە لەبواری نەوتدا دەستی باڵای هەیەو ئێستا وەكو راوێژكاری مەسرور بارزانی بۆ كاروباری وزە كاردەكات، بڕیاریدا رۆژانە (45) تەن تەماتە بۆ ماوەی شەش رۆژ بكڕێتەوەو وەك كاری خێرخوازی لە كەمپو گەڕەكە هەژارنشینەكانی هەولێر دابەشی بكات، بەڵام ئەمە كێشەكە لە ریشەوە چارەسەرناكات، شێخ باز بۆ داڕمانی نرخی نەوت نەیتوانی كارێكی ئەوتۆ بكات، بەڵام بۆ تەماتە كارێكی كرد. لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەو پرسە كۆبوەوە، عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سێ ڕێگا هەیە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵیی جوتیاران: • هاوڵاتیان بەرهەمی خۆماڵی خۆمان بكڕن • دەبێت بازاڕ بۆ بەرهەمی خۆماڵی بدۆزرێتەوە • دەبێت كارگەی لە قوتونان دابمەزرێنین، ئەو بەرهەمانەی ساغ نابنەوەو بازاڕیان بۆ نادۆزرێتەوە، پێویستە كارگەی لە قوتونانی بۆ دابمەزرێت گارگەی دۆشاوی تەماتە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران ئێستا هەموان چاویان لەوەیە كارگەی دۆشاوی تەماتە بكرێتەوەو بەروبومی زیادەی جوتیاران لەو كارگانەدا ساغبكرێنەوە بۆ ئەوەی زیانیان پێنەگات. لە هەرێمی كوردستان (3) كارگەی دۆشاوی تەماتە هەیە (هەریر، كۆیە، شارەزوور)، ئەم سێ كارگەیە لەتوانایاندایە رۆژانە لە (500 ) تەن تەماتە بڕی (50) تەن دۆشاو بەرهەمبهێنن. • كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور: ئەم كارگەیە لە ساڵی 2016 دامەزراوە، لەسەرەتاوە دۆشاوی لە ئێرانەوە هاوردە دەكردو لە كارگەكەدا لە قوتویان دەنا، بەڵام دواتر كارگەكە خۆی دۆشاوی بەرهەمدەهێنا، پێشتر ئەم كارگەیە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی (50 بۆ 60) هەزار قوتوی دۆشاوی تەماتەی هەبوو، بەڵام بەپێی وتەی بەڕێوەبەری كارگەكە ئێستادا رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی (250) هەزار تەن تەماتەیان هەیەو دەتوانن لەم بڕە (140) هەزار قوتوی (800) گرامی بخەنە بازاڕەوە. ئەم كارگەیە بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی زیاتر لە شەش مانگە داخراوە. • كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر ئەم كارگەیە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە داخراوە، بڕیارە لە ماوەی مانگێگدا جارێكی تر بكەوێتەوە كارو رۆژی شەممەی داهاتوو دەستبكات بە وەرگرتنی بەرهەمی تەماتەی جوتیاران، كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر ساڵی 1979 دروستكراوە، لە توانایدایە رۆژانە لە (150) تەن تەماتە بڕی (25) تەن دۆشاو بەرهەمبهێنێت. • كارگەی دۆشاوی تەماتەی كۆیە ئەم كارگەیە لە ساڵی 1996 دروستكراوە، بۆ ماوەی دوو ساڵ بەرهەمی جوتیارانی ناوچەكەی وەرگرتووە، بەڵام ماوەی (20) ساڵە لەكاركەوتووە. سەرەرای ئەم سێ كارگەیە، كۆگایەكی گەورەی هەڵگرتنی بەروبومی ناوخۆیی لە (گردەبۆر)ی سلێمانی هەیە كە سەربە وەزارەتی كشتوكاڵەو پێكدێت لە (32) كۆگا، هەر كۆگایەكی زیاتر لە (2 هەزار) تەن هەڵدەگرێت، بەكۆی گشتی لەتوانایدایە (70 هەزار) تەن بەرهەمی جوتیاران هەڵگرن. دۆشاوەكەی وەزیرو شێخ جەمالی كرپچنە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ لەزاری خاوەن كارگەكانی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتەوە رایگەیاند:" ئەو تەماتەیەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت، ئەو تەماتەیە نیە بۆ دۆشاوی تەماتە دەشێت، چونكە لە (10) تەن تەماتە رەنگە تەنێك بۆ تەنونیوێك دۆشاوی لێ بەرهەمبهێنرێت". ئەم قسەیەی وەزیری كشتوكاڵ لە توڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی دروستكرد، پرسیاری دروستكرد لەبارەی ئەوەی ئایا هەر بەراستی تەماتەی كوردستان بۆ دۆشاو دەبێت یاخود نا؟ شێخ جەمالی كرپچنە كە یەكێكە لە جوتیارە نمونەییەكانی كوردستان بە (درەو)ی وت:" هەموو جۆرە تەماتەیەك بە كەڵكی دۆشاو نایەت، ئەو تەماتەیە بەكەڵكی دۆشاو دێت كە گۆشتنەو كەمێك سورترە". شێخ جەمال دەڵێ:" تەماتەمان هەیە بە (6 بۆ7) كیلۆ، یەك كیلۆ دۆشاوی تێدا دەبێت، هەندێكی تر لە (12 بۆ 14) كیلۆ تەماتە یەك كیلۆ دۆشاوی تێدا دەبێت، ئێمە (9) جۆر تەماتەمان نارد بۆ تاقیگەی كشتوكاڵی سلێمانی، ئەوان وتیان (یەك) جۆر تەماتەیان بۆ دۆشاو دەگونجێتو (8) جۆرەكەی تر بۆ دۆشاو ناگونجێت، هەموو جۆرە تەماتەیەك بۆ دۆشاو ناگونجێت تەماتەی دۆشاو جیاوازە". لەبارەی تایبەتمەندی تەماتەی دۆشاوەوە، لوقمان حسێن بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر دەڵێ:" ئەو تەماتەیەی بۆ دۆشاو بەكاردەهێنرێت دەبێت تۆوەكەی جیاواز بێت لەو تەماتەیەی ئێستا بەرهەم دێت، جوتیارانی خۆمان تۆوی تەماتەیان بۆ خواردن چاندووە نەك بۆ دۆشاو، ئەوەی ئێستا لە بازاڕدایە (7 بۆ 8) كیلۆی پێویستە بۆ یەك كیلۆ دۆشاوی تەماتە. بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر باسی لەوەكرد، لە ئێستاوە دەمانەوێت بۆ ساڵی داهاتوو ئەو تۆوە بدەین بە جوتیاران، بۆ ئەوەی ئەو تەماتەیە بەرهەم بهێنن كە بە كەڵكی دۆشاو دێت، چونكە ئەو تەماتەیەی ئێستا بۆ دۆشاو بەرهەمنەهێنراوە. بەوتەی شێخ جەمالی كرپچنە، بەپێی ستانداردی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت هەموو وڵاتێك (10%)ی بودجە بۆ كشتوكاڵ تەرخان بكات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان (1.7%) تەرخانكراوە، ئەمە دوو ساڵیشە بودجەی كشتوكاڵ هەر نیە. "كێشەكە ئەوەیە ئەو بازرگانانەی كە دۆشاوی تەماتە لە ئێرانو توركیاوە هاوردەدەكەن زۆر بەهێزترن لە خاوەنی ئەو كارگانەی كە دۆشاوی تەماتە لەناوخۆدا دروست دەكەن، ئەو بازرگانانە دەتوانن دۆشاوی تەماتە بهێننو بەنرخی كەمتر لە كارگەكانی ناوخۆ بخەنە بازاڕەوە، بۆیە دوای مانگێك تاوەكو دوو مانگیك كارگەكە شكستدەهێنێت. هاوردە زیان لە هەناردە دەدات كێشەی ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی بەتایبەت لەم وەرزەدا دەگەڕێتەوە بۆ پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیاران پێكەوە، ئەوەی زیانی لە بەرهەمی ناوخۆیی داوە هاوردەكردنی بەروبومە لە دەرەوەر رێگریكردنە لە ناردنە دەرەوەی بەرهەمەكانیان بۆ پارێزگاكانی عێراق بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا. وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم بۆ پاڵپشتیكردن لە بەرهەمی خۆماڵی، رۆژی 10ی حوزەیران تاوەكو 15ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، باجی لەسەر هەر كیلۆیەك لە تەماتەی هاوردەكراو بەبڕی (600) دینار زیادكرد، بەڵام ئەمەش وەكو پێویست نەیتوانی بەرهەمی ناوخۆیی رزگاربكات لە قەیران. پێداویستی ناوخۆیی تەماتە بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە زیاتر (190 هەزار) تەن تەماتە هەیە، ئەم بڕەش بەشێكی بەرهەمی ناوخۆییەو بەشەكەی تری بەرهەمی هاوردەكراوە لە دەرەوە، واتا هەر تاكێكی هەرێم ساڵانە بە تێكڕا (34 ) كیلۆ تەماتە دەخوات . هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019دا پێویستی بە (191 هەزارو 545) تەن تەماتە هەبووە، لەو رێژەیە (80 هەزارو 446) تەنی بەرهەمی ناوخۆیی بووە، واتە بەرهەمی ناوخۆیی رێژەی (43.5%)ی كۆی پێداویستی هەرێمی كوردستانی بۆ تەماتە پڕكردوەتەوە، لەبەرامبەردا بڕی (108 هەزارو 099) تەنی تەماتە لەو ساڵەدا لە دەرەوە هاوردەكراوە، واتە تەماتەی هاوردەكراو رێژەی (56.5%)ی پێداویستی هەرێمی پڕكردوەتەوە. بەڵام ئەم رێژانە لە ساڵی 2017دا بە جۆرێكی تر بوون، لەو ساڵەدا بەرهەمی تەماتەی ناوخۆو هاوردەكراو نزیك بوون لە یەكترەوە، لە 2017دا پێویستی ناوخۆیی هەرێم بۆ تەماتە (170 هەزارو 195) تەن بووە، لەم بڕە بەرهەمی ناوخۆیی (83 هەزارو 107) تەن بووە بەرێژەی (49%)، تەماتەی هاوردەكراویش (87 هەزارو 88) تەن بووە بەڕێژەی (51%). ئەمە لە كاتێكدایە بڕی بەرهەمی تەماتەی خۆماڵی لە ساڵی 2009 دا (118 هەزار) تەن بووە. تەماتەو تەندروستی تەماتە (بەئینگلیزی: Tomatoe) میوەیەكی سووری شیاوە بۆ خواردن، لە ڕووەكی سۆلانەم ریكۆپێرسیكەمەوە دەڕوێت. ئەم میوەیە لە ناوەڕاست و باشووری ئەمریكاوە سەری هەڵداوە، دەوترێت زێدی رەسەنی تەماتە وڵاتی (پیرۆ)یە، یەكەمجار ئیسپانییەكان تەماتەیان گواستوەتەوە بۆ كیشوەری ئەوروپاو لەوێوە بە هەموو جیهاندا بڵاوبوەتەوە، سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن سەرەتا تەماتە تەنیا بۆ جوانكاری نێژراوە، خەڵك پێیانوابووە روەكێكی ژەهراوییە، لەدوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە تەماتە لەرێگەی بەریتانییەكانەوە هاتوەتە كوردستان. تەماتە چەندین ناوی تریشی هەیە لەوانە (باینجانی سور)، ئەم روەكە بەشێوەی دەستیی دەچێندرێت، كە دەڕوێنرێت سەرەتا گوڵێكی زەرد دەگرێت، بەرەكەی لەسەرەتادا رەنگی سەوزی كاڵە، پاشان مەیلەو زەردەبێتو بەرەو رەنگی پرتەقاڵی دەڕوات، كاتێك پێدەگات رەنگەكەی بەتەواوەتی سور دەبێت، تەمامە تامی مزرە. پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن تەماتە دەوڵەمەندە بە كانزا، ڤیتامینو پڕۆتین، بەهۆی بوونی ریشاڵ لەپێكهاتەیدا خواردنی مەترسییەكانی توشبوون بە نەخۆشی شەكرەو ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمدەكاتەوە هەروەها ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە كەمدەكاتەوە. سوودەكانی تەماتە بۆ تەندروستی : • مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە كەمدەكاتەوە • بەهۆی زۆری ڕێژەی پۆتاسیۆم تێیدا دەبێتە هۆی فراوانبوونی خۆینبەرەكانو كەمكردنەوەی فشاری خۆین • سوودی هەیە بۆ تەندروستی دڵ • بەهۆی بوونی فایبەر دەتوانێت ببێتە هۆی كەمكردنەوەی شەكرەی خۆین • سوودی هەیە بۆ كۆئەندامی هەرس • سوودی هەیە بۆ تەندروستی چاوەكان • هاوكارە لە پاراستنی پێستو هێشتنەوەی بە تەندروستیی • بەهۆی بوونی فۆلیك ئەسید سوودی هەیە بۆ ئافرەتی دووگیان
راپۆرت: هیشام هاشمی (درەو): هیشام هاشمی، شرۆڤەكار و چاودێری ئەمنی شارەزا و چاودێری بواری گروپە چەكدارەكان كە ئێوارەی دوێنێ تیرۆكرا بەم دواییە راپۆرتێكی ووردی لەبارەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بڵاوكردەوە ( درەو) لەكاتی خۆیدا راپۆرتەكەی وەرگێڕا بۆ زمانی كوردی ئەمڕۆش جارێكی تر بڵاوی دەكاتەوە ناكۆكی وەلائیو مەرجەعی لەناو حەشدی شەعبیدا نوسینی: هشام الهاشمی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت روبەڕووبونەوەكە خۆی دەبینێتەوە لە ناكۆكی قوڵ لەنێوان دوو رەوتدا كە لەڕووی فیقهییەوە لەناو حەشدی شەعبیدا دابەشبوون، یەكەمیان بە سەرۆكایەتی كۆچكردوو ئەبومەهدی موهەندیس كە پەیڕەوی لە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران دەكاتو رەوتی دووەمیش پێكهاتەیەكە لە كۆی ئەو لایەنانەی كە وابەستەن بە "عەتەبات"ەكانو عەلی سیستانی مەرجەعی باڵاوە لە نەجەف. حەشد لەڕووی ئاڵاو ناو و ئەوەی كە لەسەرەتای دامەزراندییەوە لە ساڵی 2018 خراوەتە پاڵ پێكهاتەی شیعە، پێكدێت لە (67) گروپی شیعە، (43) گروپی سوننیو، (9) گروپی سەربە كەمینەكان لە ناوچەكانی باكوری وڵات، دەكرێت ئەو گروپە شیعانە لەڕووی پەیڕەویكردنیان لە فیقهی مەزهەبییەوە دابەشبكرێن بۆ (44) گروپی پەیڕەوكار لە خامنەییو، (17) گروپی پەیڕەوكار لە سیستانی، (6) گروپی پەیڕەوكار لە مەرجەعەكانی تری شیعە لەناوخۆو دەرەوەی عێراق. ژمارەی توانای مرۆیی كۆی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەگاتە (164 هەزار) كارمەندو هێزی شەڕكەرو لۆجستی، یاسای ژمارە (40)ی ساڵی 2016 دەیپارێزێتو پشت بە پەیكەرێكی رێكخراوەیی دەبەستێت كە چەند فەرمانێكی دیوانیی لە ساڵی 2019دا بۆی داناوە، كە ئەوانیش فەرمانەكانی ژمارە (237)و (328)و (331)ن، ژمارەی توانای مرۆیی سەربە پێكهاتەی شیعە نزیكەی (110 هەزار) كەسە، پێكهاتەی سوننەش نزیكەی (45 هەزار) كەسە، پێكهاتەی كەمینەكانیش نزیكەی 10 هەزار كەسن. توانای مرۆیی حەشدی وەلائی (مەبەست لەوانەیە وەلائیان بۆ رابەری باڵای ئێران هەیە) ژمارەیان (70 هەزار) كەسەو حەشدی مەرجەعیەتەكانی تر لەنێویشیاندا هێزەكانی سەرایای سەلام نزیكەی (50 هەزار) كەسە. پەیكەری دەستەی حەشدی شەعبی بەپێی ئەو فەرمانە دیوانییانەی كە لە ساڵی 2019 دەرچوون، حەشدی دابەشكردووە بەسەر چەند لیوایەكداو ژمارەی لیواكان (64) لیوایەو دابەشكراون بەسەر (8) میحوەری فەرماندەیی هێزەكانی حەشدی شەعبیدا، بەجۆرێك قەدەغەكراوە ئەو لیوایانە ئاڵاو ناوی گروپەكانی خۆیان بەكاربهیننو لەسەریان فەرزكراوە تەنیا ژمارەی لیواكانیانو ئاڵای فەرمی حەشدی شەعبی بەكاربهێنن. فەرمانی دیوانیی ژمارە (237)ی ساڵی 2019 دەرفەتی كردەوە بۆ پچڕاندنی پەیوەندی گروپەكانی حەشدی شەعبی بە حزبو قەوارە سیاسیو ئاینییەكانەوە، فەرمانی دیوانیی ژمارە (328)ی ساڵی 2019 وای لە حەشد كرد وەك نوێنەرایەتییەكی هەماهەنگكار بەشدار بێت لەناو فەرماندەیی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەرمانی دیوانیی ژمارە (331)ی ساڵی 2019 پەیكەرێكی رێكخراوەییو ئیداری بۆ دانا كە پێكدێت لە: 1- پۆستەكانی سەركردایەتی باڵا كە (4) پۆستەو بەمشێوەیە دابەشكراوە: (3) پۆستی سیاسی بۆ بەیتی سیاسی شیعەی نزیك لە سەركردایەتی وەلائی كە ئەویش پۆستەكانی "سەرۆكی دەستەو نوسینگەی سەرۆكی دەستەو ئەمین سڕی گشتییە". هەروەها (1) پۆستی سەرۆك ئەركان بۆ سەركردایەتی وەلائی "ئێستا ئەبو فدك عەبدولعەزیز محەمەداوی"یەو بە فەرماندەی باڵای جێبەجێكارو ئۆپراسیۆنەكان دادەنرێتو (5) یاریدەدەری ئەركانو (8) میحوەری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی هێزەكانی دەستەی حەشدی پێوەبەستراوەتەوە. 2- پۆستی كادیرە مامناوەندییەكانی سەركردایەتی جێبەجێكار؛ كە ئەویش (5) یاریدەدەری سەرۆك ئەركانە، (3) لە یاریدەدەرەكان بە سەرۆكایەتی وەلائییەكانو (2) یاریدەدەر بە سەركردایەتی سەركردە خانەنشینەكانو یاخود راسپێردراوە سەربازیو ئەمنییەكان كە ئەوانیش لەلایەن حزبە سیاسییەكانی نزیك لە سەركردایەتی وەلائییەوە هەڵبژێردراون. 3- پۆستی كادیرە مامناوەندییە ئیدارییەكانی سەركردایەتی لۆجستی؛ كە ئەویش (10) بەڕێوەبەرایەتییە، (7)یان بۆ ئیدارەی سەربە حەشدی وەلائیو (3)یان بۆ ئەو كەسە مەدەنیانەی كە بە تەزیكییە لەلایەن حزبە سیاسییەكانی نزیك لە سەركردایەتی وەلائییەوە هەڵبژێردراون. 4- پۆستی كادیری ئیدارە مەیدانییەكان؛ كە ئەویش (50) بەڕێوەبەرایەتیو بەشن كە بەستراونەتەوە بە یاریدەدەرەكانی سەرۆكی ئەركانی دەستەی حەشدەوە، (32) پۆستی ئەو ئیدارانە سەربە حەشدی وەلائینو، (18)یان لەلایەن حزبە سیاسییەكانی نزیك لە سەركردایەتی حەشدی وەلائییەوە هەڵبژێردراون یان دانراون. بەگوێرەی ئەم وردبینییە خێرایە دەكرێت وادابنرێت كە رێژەی 80%ی پەیكەری رێكخراوەییو ئیداری دەستەی حەشدی شەعبی سەركردەو ئیدارییەكانی سەربە مەرجەعیەتی حەشدی وەلائین، لەكاتێكدا حەشدی مەرجەعیەتو حەشدی سوننەو كەمینەكان پۆستی سەركردایەتی باڵا یاخود ناوەندییان نییە لەناو پەیكەری رێكخراوەیی دەستەی حەشددا. لایەنە ناكۆكەكان ناكۆكی رۆژ لەدوای رۆژ قەبارەی گەورەتر دەبێت لەنێوان "فرقە العباس القتالیە"ی سەربە عەتەبەی عەباسی كە عەلی سیستانی بە مەرجەعی عەقیدەیی خۆی دەزانێت هەروەها دەستەی سەرەكی، بەدیاریكراویش لەگەڵ سەركردایەتی وەلائی حەشددا، شوباتی 2018 بازنەی ناكۆكییەكان تا ئەو رادەیە فراوان بوو ئەبومەهدی موهەندیس جێگری ئەوكاتی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی زنجیرەیەك بڕیاری توندی دەركرد بۆ فشارخستنەسەر گروپە چەكدارەكانی سەربە عەتەباتەكان لەڕووی داراییو ئیدارییەوە. ناكۆكی لەنێوانیان گەورەتر بوو لە میدیاكانیشدا دەركەوت، بەجۆرێك مانگی ئازاری 2018 سەرچاوەیەكی ئاگادار بە رۆژنامەی "العالم الجدید"ی وتبوو:" سەرەتا هەفتەی رابردوو كۆبونەوەیەك كراوەو فەرماندەكانی حەشدی شەعبی تێیدا بەشداربوون بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو یاسایەی كە سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی پێشكەشی كردبوو تایبەت بە دووبارە رێكخستنەوەی پەیكەری حەشد، لەكاتی گفتوگۆدا ئەبومەهدی داوای لە مەیسەم زەیدی فەرماندەی فیرقەی عەباس كردووە كە یەكێك بووە لە ئەندامانی لیژنەی راسپێردراو بە دوبارە رێكخستنەوەی پەیكەری حەشد بەگوێرەی یاسایەكی حكومی نوێ، پەیوەندی فیرقەكەی لەگەڵ گروپی عەتەبە پیرۆزەكانی سەربە مەرجەعیەتی ئاینی ئەو عەتەباتانەدا بپچڕێنێت، هاوشێوەی ئەو گروپانەی كە پەیوەندییان لەگەڵ حزبو رەوتە سیاسییەكانیان بڕیوە لەنمونەی عەسائیبی ئەهل حەقو رێكخراوی بەدرو گروپەكانی تر، بەڵام ئەم پێشنیازە زەیدیی توڕە كردووەو بە رەهایی رەتیكردوەتەوە، بەوپێیەی عەتەبە پیرۆزەكان حزب یاخود جوڵانەوەی سیاسی نین كە هەوڵ بۆ دەسەڵاتو بەشداری لە هەڵبژاردندا بدەن، بەڵكو دامەزراوەی سەربە دەوڵەتن، مەرجەكەی ئەبو مەهدی موهەندیسی وەكو هەوڵێك بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەراوێزخستنو دروخستنەوەی لایەنەكانی سەربە مەرجەعیەتی باڵا لەنەجەف ناوبردووە بەبەهانەی ئەوەی بەتەواوەتی ناكۆكن لەگەڵ ئاڕاستەی ئەبو مەهدی موهەندیسدا كە ناگونجێت لەگەڵ خواستەكانی بەغدادو نەجەفدا. توندبوونەوەی كێشەی نێوان گروپی "عەتەباتەكان" لەگەڵ موهەندیسدا دوای ئەوە دەستیپێكرد كە دكتۆر حەیدەر عەبادی رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی فەوجێكی تەواوەتی فیرقەی عەباس بخرێتەسەر سوپاو لەڕووی رێكخراوەییەوە بەشێوەیەكی فەرمی ببەسرێتەوە بە وەزارەتی بەرگرییەوە، ئەمە شتێك بوو كە چاودێرانو خەڵكی سەربازیی بە "گوڕانكارییەكی ئەرێنی لە كاروانی حەشدی شەعبیو تێكەڵبوونی لەناو ریزی هێزە نیزامییەكان" وەسفیان كرد، بەڵام سەركردە وەلائییەكان لە دەستەی حەشد دوچاری واقوڕمان بوون لەو پەرەسەندنە لەنێوان حكومەتو گروپی سەربە مەرجەعیەتی نەجەف، ئەمە بوو بەهۆی دەستپێكی داڕمانی پەیوەندی لەنێوان گروپی "عەتەبەكان"و گروپە وەلائییەكان. ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستە لە كانونی یەكەمی 2018دا بڕیارێكی فەرمی دەركرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی فەرمی فیرقەی عەباس لەگەڵ عەتەبەی عەباسیداو تێكەڵبوونی لەگەڵ فەرماندەیی هێزەكانی حەشد لە فوراتی ناوەڕاست بە سەركردایەتی لیوای خانەنشین عەلی حەمدانیو بە فەرمانی راستەوخۆی موهەندیس، ئەمە مەیسەم زەیدی فەرماندەی فیرقەی عەباسی توڕەكرد، هەڵمەتێك لێدوانی دژ بە موهەندیس ئەنجامداو رەخنەی گرت لە لایەنداریكردن بۆ تارانو مەرجەعیەتە ئاینییەكەی كە خۆی دەبینێتەوە لە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێراندا. لەوەڵامی هەڵسوكەوتەكانی موهەندیسدا لەگەڵ "فیرقەی عەباس"، ئەحمەد سافی بریكاری مەرجەعیەت لە نەجەف لە وتاری هەینی كەربەلادا وتی:" ئینتیما بۆ فیرقەی جەنگیی عەباس، دەبێت باجی هەبێت، بەشێك لەو باجە ئارامگرتنو سازش نەكردنە لەسەر بنەماو ناسنامەو بەهاكانمان، سەرباری ئەوەی بژاردەكان كراون". ئەمە جەختكردنەوە بوو لەسەر قوڵایی ناكۆكی نێوان هەردوولا. سەباح ئەزیرجاوی، یەكێك لە سەركردەكانی كەتائیبی ئیمام عەلی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی پێشتریدا، ناكۆكی نێوان گروپی عەتەبە پیرۆزەكان كە مەبەست لێی گروپەكان سەربە نەجەفن لەگەڵ هاوتاكانی لە "حەشدی شەعبی" ئاشكراكرد، كە ئەوەش ناكۆكی ئیداری، لۆجستی، تەنانەت فیكریو عەقیدەیشە. ئاماژەی بەوەكرد" جەنگاوەری عێراقی هەن لەگەڵ رژێم لە سوریا، بەشێكی زۆریان بەمدواییە گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەوانی تر كە ژمارەیان چەند هەزار كەسێكە هێشتا لەوێنو بەراشكاوی نازانین پارە لە كوێوە وەردەگرن". ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ هێزەكانی " النجباو "و كەتیبەكانی حزبوڵاو بەدر خۆراسانی، كە چەند ساڵێكە بە یارمەتی دارایی ئێرانو پاڵپشتی رژێمی سوریا لەچەند ناوچەیەكی سوریا دەجەنگنو دارایی حەشدی شەعبی لە عێراق قۆستراوەتەوە لەبەرژەوەندی ئەو گروپانەدا. ئەم گروپە دژبەرانە بەشێوەیەكی مەركەزی بەستراونەتەوە بەحكومەتەوە، بەڵام لەڕووی پێدانی سەرچاوەی داراییو فیكرو ئایدۆلۆژیاوە جیاوازن، گروپەكانی مقاوەمەی ئیسلامی چەند گروپێك لەخۆدەگرێتو بەر لە فتواكەی ساڵی 2014ی سیستانی (پێكهێنانی حەشدی شەعبی) دامەزراوە، ئەم گروپە خۆی وادەبینێت كە لە هەموو گروپەكانی تر زیاتر مافی داراییو ئیمتیازاتی هەیە، بەوپێیەی لەدوای ساڵی 2003وە هاوشێوەی بەدرو عەسائیبو كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی دژی بوونی ئەمریكا شەڕی كردووە. ئەو، هاوكات نوێنەرایەتی هەژمونی سەربازی ئێران دەكات لەناو عێراقدا. هۆكارەكانی ناكۆكی 1- سەركردایەتی عەتەبەی لیواكانی حەشدی مەرجەعیەت ناڵاندویەتی بەدەست گرفتی داراییو لۆجستییەوە، ئەمە كاریگەری كردوەتەسەر ئاستی ئەداو لێوەشاوەیی، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەو كێشانە تێكچوونی هاوسەنگییە لە دابەشكردنی داهاتی حەشد بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەنێوان لیواكانی حەشدی وەلائیو لیواكانی تری حەشددا بەتایبەتیش لیوای عەتەبەكانی مەرجەعیەت، ئەو رێگایەی كە سەركردایەتی باڵای ئۆپراسیۆنەكان لە دەستەی حەشدی شەعبی بڕیاری پێدەدات، وایكردووە لەلایەن لیواكانی حەشدی مەرجەعیەتو حەشدەكانی ترەوە هەست بەبێ ئومێدیو پەراوێزخستن بكرێت. 2- وەرگرتنی بڕیار لەلایەن سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكانەوە لە دەستەی حەشد شەفافیەتی تێدا نییە، بەشێوەیەك سەركردایەتی لیواكانی تر ئەوانەی كە بەشدار نین لە فەرماندەیی باڵا، بێبەش دەكات لە دەركردنی بڕیارەكان هەروەك بێبەشیشیان دەكات لەوەی بۆچونی خۆیان بدەن لەبارەی هەندێك لە پرسەكانو پێشنیازی چارەسەر بۆ دەرچوون لە قەیرانەكان. 3- زانیاری تایبەت بە بڕیارەكانی دەستەی حەشدی شەعبی بەكەس نادرێت تاوەكو دوای دەرچوونی بڕیارەكە لەڕێگەی راپۆرتێكەوە كە لەلایەن نوسینگەی جێگری سەرۆكی پێشووی دەستەكەوە دەردەچێت یاخود سەرۆكی ئەركانی ئێستا دەستەی حەشد، ئەمەش بەس نییەو نابێتە هۆی ئەوەی سەركردەكانی تری لیواكان ئاگاداری ئەو بابەتانە بن كە گفتوگۆیان لەسەر كراوە. نەبوونی یەكسانیی لە بەشداریكردنی سەركردەی لیواكانی حەشدی مەرجەعیەت لە بڕیارە چارەنوسسازەكانی دەستەی حەشددا بەتایبەتیش لە بڕیارەكانی رێكخستنی پەیكەرو هەڵبژاردنی ئەبو فدك عەبدولعەزیز محەمەداوی پرسیاری دروستدەكات لەبارەی رێزگرتن لەسەر ئەو بەشدارییە، ئەگەر بەشدارییەكی كرداری هەیە ئایا بۆچونێكی پێشنیازكراوی كاریگەر هەیە لە بڕیارەكەدا كە زۆربەی كاتەكان لەپشت دەرگا داخراوەكانەوە لەلایەن سەركردایەتی حەشدی وەلائییەوە دەردەكرێن كە دەستیانگرتووە بەسەر پۆستەكانی پەیكەری رێكخراوەیی حەشدی شەعبیدا. لەم حاڵەتەدا هەروەك لە حاڵەتەكانی تریشدا ئەو پەراوێزخستنە توندەی سەركردەكانی حەشدی مەرجەعیەت رێگە بەوە نادات كاركردن لەسەر ئەم پەیكەرەدا بەردەوام بێت، بۆیە هەنگاوی ناوە بەرەو چارەسەر بەئاڕاستەی جیابونەوەی تەواوەتی لە دەستەی حەشد، بەجۆرێك لە نیسانی 2020وە لیوای عەتەباتەكان لەڕووی ئیدارییو ئۆپەراسیۆنییەوە پەیوەندی بە نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە كردووەو لەژێر فەرمانی راستەوخۆی ئەودایە. 4- لیواكانی تر لەوانەی كە وەلائی نین (لایەنداری ئێران ناكەن) پەنجەرەی پەیوەندییان لەگەڵ سەركردەی لیوای عەتەبەكاندا كردوەتەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو ئەوانەوە لەوانەشە بۆ پێكهێنانی رێكخراوێكی نوێ لەژێر هەمان چەتری یاساییو دارایی دەستەی حەشدی شەعبی، چونكە بەدیاریكراوی سەرایای سەلامو حەشدی سوننی هیچ بەرەوپێشچونێكی راستەقینە نابینن لەو دامەزراوەیەداو دەنگی حەشدە مامناوەندیو بچوكەكان بەشێوەی پێویست نابیسرێت، ئەمەش پێشێلكردنی بنەمای هاوسەنگییە لەناو دەستەی حەشددا. 5- كەسایەتییە ئاینییە مەرجەعییەكان داوایانكردووە ئەو سەركردانەی حەشد كە وەلائی نین رۆڵی ناوەندییان هەبێت لە دووبارە راستكردنەوەی پۆستەكانی پەیكەری رێكخراوەیی، بەتایبەتیش پۆستەكانی سەركردایەتی باڵا لەڕووی پێكهاتەو شێوازی كاركردنی، بۆئەوەی زیاتر دادپەروەرانەو شەرعی بێت، ئەمەش لەپێناو راستكردنەوەی كەموكورتییەكانی هاوسەنگی لەنێوان دەسەڵاتی لیواو بەڕێوەبەرایەتییە سەرەكییەكان، بەتایبەتیش لەنێوان هەموو لیواكانی دەستەی حەشدو پۆستی سەرۆكی ئەركانی دەستەی حەشد. هەروەها لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە كەسایەتییەكانی مەرجەعیەتی ئاینیی لەنمونەی سەید ئەحمەد سافیو شێخ عەبدولمەهدی كەربەلائی داوایانكردووە دەرفەتی راستەقینە بدرێت بە سەركردەكانی حەشدی مەرجەعیەت بۆ ئەوەی چاكسازی ریشەیی بكەن لە پێكهاتەی شێوازی كاری پەیكەری رێكخراوەیی دەستەی حەشد، ئەوەش بە چاككردنی شێوازی نوێنەرایەتیو وای لێبكرێت زیاتر دادپەروەرانەو شەرعی بێت. 6- سەركردایەتی لیوای عەتەبەكانو سەرایا سەلام رەخنەیان هەیە لە بڵاوبونەوەی نوسینگەی ئابوری سەربە حەشدی وەلائیو لە زیاد لە بۆنەیەكدا داوایانكردووە لاببرێنو سزای ئەو لایەنانە بدرێت كە لەپشتی ئەو كارەوەن، ناكرێت بەهانە بۆ بوونی ئەم جۆرە نوسینگانە بهێنرێتەوە لەو ناوچانەی كە بە قوربانیدانی ئەو هێزانە ئازادكراون، نەبوونی چاودێری لەسەر ئەو نوسینگە ئابورییانە بەبەهانەی ئەوەی لایەنی سیاسینو ناكەونە ژێر چاودێریی دەستەی حەشدی شەعبییەوە، حەشدی وەلائی هەندێك لەو نوسینگە ئابورییانە دەپارێزن. 7- كێشەی سەرەكی لە حەواڵەی موچەی تایبەت بە هێزەكانی حەشدو بەكارهێنانی تواناو سەرچاوەكانی دەستەی حەشدە، لەلایەن هەندێك گروپی وەلائییەوە كە سەربە لیواكانی حەشد نین، هەروەها كێشەی لیوا وەلائییە تێكەڵەكان كە باڵی سیاسی و هەندێك باڵی حكومیو هەندێكی تر لەناو حەشدو یەكێكی تر لە دەرەوەی دەستەی حەشد وابەستەیە بە دەرەوەی سنوری نیشتمانی پرۆژەی میحوەری مقاوەمەتەوە. لەبەر رۆشنایی ئەوەدا، پێویستی هەمواركردنی فەرمانی دیوانیی ژمارە (331) دەردەكەوێت بۆ رێكخستنی پەیكەری دەستەی حەشد، تاوەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ لەرێگەی چاودێریكردنی كاری پۆستەكانی سەركردایەتی باڵا لە دەستەی حەشددا. ئاستەنگەكانی چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی دەستەی حەشد لەڕێگەی رێككنەكەوتن لەسەر ئاستی ناوخۆیی لەبارەی پرسی دوبارە رێكخستنەوە، وێنەكە روونە، رێكنەكەوتن دەبێتە ئاستەنگێكی راستەقینە لەبەردەم هەمواركردنی پەیكەری پێشنیازكراو لە فەرمانی دیوانیی ژمارە (331)دا. ئەو گفتوگۆیانەی كە لە ساڵی 2018وە لەژێر چەتری حەشددا كراون، بە لێدوانی رەتكردنەوەی پێشوەختەی سەركردەی عەتەبەكانو سەرایا سەلام دەستیپێكردووە، دادپەروەری لە دابەشكردنی پۆستەكانی پەیكەری حەشددا، بەشدارییەكی گشتگیرتر، هاوسەنگی لە دابەشكردنی پۆستەكان تائێستا بابەتێكی زۆر گرنگو بەبایەخن. لەسەر بنەمای ئەو پێدراوانەی پێشوو، دەتوانین تێبگەین لە داواكارییەكان بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی پۆستەكان بەسەر سەركردەكانی حەشددا بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو لەسەر بنەمایەكی ستراتیژی، بەجۆرێك پشكی سەركردە وەلائییەكان گونجاوبێت لەگەڵ قەبارەی توانا مرۆییەكانیان كە نزیكەی 35%ەو ئەو رێژەی 65%ی كە دەمێنێتەوە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشبكرێت بەسەر حەشدەكانی تردا، دەكرێت دیارترین ئاستەنگەكان ئەمانە بن: 1- ئیشكالیەتی ئەو حەشدانەی كە پەیوەندی سیاسیو سەربازیی ناوخۆییو دەرەكییان هەیە، رەنگە ببێتەهۆی ئیفلیجكردنی دەستەی حەشد بەهۆكاری زۆربوونی ئەگەرەكانی بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكان لەگەڵ زیادبوونی رێژەی پۆستی سەركردەكانی حەشدی وەلائی، ئەمە دەبێتەهۆی بەكارهێنانی مافی ڤیتۆ بەشێوەیەكی شورەیی بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانیانو بەرژەوەندی هاوپەیمانەكانیان بەتایبەت لەكاتی بوونی دژبەیەكی لەنێوان جەمسەری سەركردایەتی مەرجەعەكانو ناكۆكی تێڕوانین لە پرسە نێودەوڵەتییەكاندا. 2- داماڵینی چەكی گروپەكانو كورتكردنەوەی لە دەستی دەوڵەتدا، لەپاڵ كێشەی پلە سەربازییەكانو تەمەنو بڕوانامەی خوێندنو پلەبەندی سەربازی جەنگییو لۆجستی.. ئەم ئاستەنگە رەنگە هێزەكانی حەشدی شەعبی بكات بە شانۆی مشتومڕی دورودرێژو قوڵو لە كۆتایدا رێگر بێت لە وەرگرتنی بڕیاری یەكلاكەرەوەی خێرا. 3- لێرە دا دەبێت تەماشای ئەگەری گونجانی ئەم سەركردایەتییانە بكەین لەژێر یاسای (40)ی 2016دا، ئایا سەركردایەتی حەشدی وەلائی ئامادەن بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی ئەو ئیمتیازاتانەی كە هەیانە لەگەڵ ئەندامە پێشنیاركراوە نوێیەكان، بەتایبەتیش مافی بڕیاردانو ڤیتۆكردنی بڕیار لەگەڵ ئەو گروپو حەشدانەدا كە پێشتر نەیارو ركابەربوونو لەئێستادا بوون بە هاوڕێ ؟ 4- گفتوگۆی ئێستا پەیوەندیدارە بە پەیوەندی نێوان ئەبو فدك عەبدولعەزیز محەمەداویو مەیسەم زەیدی، هەریەكێكیان ئەتوانێت ئەوی تر تێپەڕێنێت. وەكو باسمان كرد، لیوا وەلائییەكان لەگەڵ بەلاداخستنی كێشەكەدان بەڵام بەمەرجێك لیوای عەتەبەكان لەڕووی یاساییو داراییەوە ملكەچی دەستەی حەشدی شەعبی بنو هێزەكانیان بخەنەژێر فەرمانی نوسنیگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە لەڕووی ئیداریو داراییەوە. بەواتایەكی تر، سەركردەی عەتەبەكانو مەیسەم زەیدی ناتوانن سەركردایەتی حەشدی وەلائیو ئەبو فدك تێپەڕێنن. سەرباری ئەمەش حەشدی وەلائی پێویستی بە حەشدی مەرجەعیەت هەیە وەكو ئامرازێكی گرنگ بۆ بەهانەی بوونی دەستەی حەشدی شەعبی لەڕووی ئاینییو پەیوندی دروستكردنی دەستەكە بە فتواكەی 13ی حوزەیرانی 2014ی مەرجەعیەتی نەجەف كە بە فتوانی "الدفاع الكفائی" ناوبانگی دەركرد، هەڵسوكەوتی راگەیاندنی حەشدی وەلائی لە شەش ساڵی رابردوودا دەریخست، فتواكەی مەرجەعیەت بەكاردەهێنن بۆ پێدانی شەرعیەتی ئاینیی بە سیاسەتە شەڕخوازانەكانی، بەڵام پرسیاری كۆتایی ئەوەیە ئایا ئەو حەشدەی كە وەلائی نییە دەتوانێت پێویستی خۆی بە حەشدی وەلائی لەڕووی سەركردایەتیو ئۆپەراسیۆنو ئەمنیو هەواڵگریو پیشەییو پەیوەندی سیاسیو هێزی تایبەتو پیشەسازی سەربازییەوە، تێپەڕێنێت؟ پێشنیازەكان: ئەوانەی پێشتر دەریدەخەن پێكهاتەی ئێستای پەیكەری دەستەی حەشدی شەعبی ناگونجێت لەگەڵ سیستمی سیاسی ئێستاو ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەسەریدا هاتووە، ئەوانەی ئەمڕۆ نەیاری پەیكەری حەشدی شەعبین زۆر زیاترن لەوانەی كە لەسەرەتای دروستكردنیدا لەدژی بوون. سەرباری ئەمە حەشد لەئێستادا روبەڕووی چەندین قەیران بوەتەوە ئەمە جگە لەوەی وڵاتانی گەورەی خۆرئاواو وڵاتانی عەرەبی عێراق هاندەدەن بۆ ئەوەی دەستەی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوەو رۆڵو دەسەڵاتەكانی لەقاڵب بداتو توانا مرۆییەكانی كامبكاتەوە یاخود پێداچوونەوە بكات بە پرۆسەكانی تێكەڵكردنی لەگەڵ هێزە نیزامییەكان یاخود بیكات بە هێزێكی یەدەگ كە لەكاتی پێویستدا بانگیان بكاتەوەو موچەیەكی خانەنشینی دادپەروەرانەیان پێبدات.. پەیكەری ئێستا حەشدی شەعبی گوزارشت ناكات لەو گۆڕانكارییە دراماتیكیە سیاسیو ئابوریانەی ئێستاو دەبێت حەشدە وەلائییەكانی تر بەهێزبكرێن لە زەمەنێكدا كە قەیرانی جۆراوجۆرو تێكهەڵچوو بەخۆوە دەبینێت لەوانە تیرۆری نێودەوڵەتیو ململانێ ناوخۆییو نێودەوڵەتییەكانو زیادبوونی هەژاریی، هەموو ئەمانە كاریگەرییان دەبێت لەسەر پێویستی دوبارە داڕشتنەوەی پەیكەری دەستەی حەشد. لە كۆتایدا پێویستە پێوەری دیاریكراو و روون دابنرێت بۆ پۆستەكانی دەستەی حەشدی شەعبیو پەنابردن بۆ بەكارهێنانی یاسایی سەربازی دژ بە كەسێك كە یاخی دەبێت، هەروەها رۆڵی ئاسایشو یاساو پشكنەرایەتی حەشد كارا بكرێت بۆ داخستنی نوسینگە ئابورییەكانو سزادانی سەرپێچیكارانو رێگریكردن لە كاری سیاسیو حزبی، تاوەكو ئەم دەستەیە دەتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت لەناو جەستەی دەوڵەتی عێراقیدا بەشێوەیەكی گونجاو لەگەڵ یاساو دەستوری عێراقدا. هەروەك پێویستە كارەكانی دەستەی حەشد ملكەچ بكرێت بۆ چاودێری داراییو كارگێڕیی لەرێگەی كاراكردنی رۆڵی چاودێری حكومیو پەرلەمانیی بۆ رێگرتن لە دەرچوونی بڕیاری نایاسایی كە پێچەوانەی حوكمەكانی یاسای عێراقی بێت.
راپۆرتی: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف پێش دەركەوتنی كۆرۆنا حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار خەرجی هەبوو، لەم پارەیە لانی كەم (960 ملیار) دیناری دەكەوتە بازاڕەوە، بەڵام ئێستا كۆی گشتی خەرجییەكانی حكومەت (765 ملیار) دینارە، واتا ئەو پارەیەی كە پێشتر دەچووە بازاڕەوە ئێستا نزیكەی (450 ملیار) دینار كەمیكردووە، دواكەوتنی دابەشكردنو كەمكردنەوەی موچەی موچەخۆران توانای كڕینی لاوازكردووە، ئەمەش لەپاڵ قەیرانی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر سستبونی جوڵەی بازاڕ دروستكردووە. سكاڵای بێبازاڕیی لە هەرێمی كوردستان بازاڕ ئیفلیج بووە، خاوەن دوكانو بازاڕەكان سكاڵایانە لەدەست كەمبوونەوەی توانای كڕین، خواستی كڕین لە هەرێمی كوردستان لەدوولاوە كەوتوەتە ژێر كاریگەری: • ترسی خەڵك لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو خۆپارێزی لە سەردانكردنی بازاڕو شوێنە گشتییەكان. • دواكەوتنی دابەشكردنی موچە لەلایەن حكومەتەوە بەسەر موچەخۆراندا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە وتارێكدا بەر لە جەژنی رەمەزان وتی: رێژەی 80%ی كۆی داهاتی حكومەت بۆ موچەی موچەخۆران دەچێت، ئەمە ئێستا كێشەی تێكەوتووە، داهاتەكانی حكومەت بەشی موچە ناكات، دابەشكردنی موچە لە 30 رۆژەوە بۆ 60 رۆژ دواكەوتووە، سەرباری ئەمە بۆ موچەی مانگی شوبات حكومەت رێژەی 21%ی موچەی فەرمانبەرانی بڕی، ئەم دۆخە جۆرێك ترسی لای موچەخۆران دروستكردووەو كاریگەری لەسەر خواستنی كڕین لای ئەو توێژەی كۆمەڵگا دروستكردووە كە بەپێی قسەی سەرۆكی حكومەت رێژەی 20%ی خەڵكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێننو موچەكانیان سەرچاوەی بژێوی خێزانەكانیانە. خواست لە بازاڕدا سەرباری مەترسییەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زۆرێك لە دوكانو بازاڕاڕەكان كراوەن، بەڵام كاتژمێرەكانیان لە چاوەڕوانی هاتنی كڕیاراندا تەواو دەكەنو خەون بە گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێش كۆرۆناوە دەبینن. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو): • پێشەنگای كڕینو فرۆشی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی كە بە "مەعرەزەكان" ناسراوە، پێش دەركەوتنی كۆرۆنا بەشێوەیەكی گشتی رۆژانە لەیەك پێشەنگادا نزیكەی (15) گرێبەستی كڕینو فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئیمزاكراوە، بەڵام ئێستا (2 بۆ 3) گرێبەست دەكرێت، واتا بەرێژەی (75%) كڕێنو فرۆش لە بازاڕی ئۆتۆمبیلدا كەمیكردووە. • دوكاندارێك جلوبەرگ كە پێش دەركەوتنی كۆرۆنا رۆژانە بەبەهای (750 هەزار بۆ یەك ملیۆن) دیناری جلوبەرگی فرۆشتووە، ئێستا رێژەكە كەمبوەتەوە بۆ (75 بۆ 100 هەزار) دینار، واتا بە رێژەی (80% بۆ 90%) خواستی كڕین لەسەر جلوبەرگ كەمیكردووە. • چاییچیەك ئەگەر پێش دەركەوتنی كۆرۆنا، رۆژانە (400 بۆ 500) چای فرۆشتبێت، ئێستا رێژەكەی بۆ (40 بۆ 50) چایی كەمبوەتەوە، واتا خواست لەسەر خواردنەوەی چا لە شوێنە گشتییەكان (10) هێندە كەمیكردووە. • لەفەفرۆشێك لە شوێنە گشتییەكان ئەگەر پێشتر (350 بۆ 400) لەفەی فرۆشتبێت، ئێستا نزیكەی (60 بۆ 70) لەفە دەفرۆشێت، واتا شەش بۆ حەوت هێندە خواست لەسەر خواردنی سەر شەقامو دوكانەكان كەمیكردووە. • شۆفێرێكی تاكسی ئەگەر پێشترو بەر لە كۆرۆنا (15 بۆ 10) جار سەرننشینی هەڵگرتبێتو بۆ هەر سەرنیشێنك بڕی (3 هەزار) دیناری وەرگرتبێت، داهاتی رۆژانەی نزیكە (50 بۆ 60 هەزار) دینار بووە، بەڵام ئێستا لەنێوان (5 بۆ 7) تاكسی دەكاتو داهاتەكەی كەمیكردووە بۆ (15 بۆ 30 هەزار) دینارو لەو رێژەیەش كەمتر، واتا (60%) داهاتەكەی كەمیكردووە. رێكخستنەوەی لیستی خەرجی دۆخی دارایی حكومەتو بڕینی موچەو دواكەوتنی دابەشكردنی موچە لەكاتی خۆی، دۆخێكی ئابوری نوێی بەسەر خێزاندا لە هەرێمی كوردستان سەپاندووە، دۆخێك كە نەبوونی متمانە بەسەریدا زاڵەو كاریگەری لەسەر خواستنی كڕین دروستكردووە. بەر لە كۆرۆنا ئەگەر خێزانێك داهاتی مانگانەی (ملیۆنێك) دینار بوبێت، لەو داهاتە لە مانگەكەدا بڕی (800 بۆ 900 هەزار) دیناری لە مانگەكەدا خەرجكردووە، واتا رێژەی (80% بۆ 90%)ی داهاتەكەی خەرج كردووە، بەڵام ئێستا سەرباری ئەوەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە خێزانەكان داهاتی مانگانەیان كەمیكردووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر خواستی كڕین دروستكردووە، خێزانێك كە ئەگەر داهاتی مانگەی ملیۆنێك دیناری موچەی مانگانە بێت، ئێَستا ئەم داهاتە بووە (500 هەزار) دینار، چونكە حكومەت دابەشكردنی موچەی بۆ (60 رۆژ) درێژكردوەتەوە، سەرباری لێبڕینی 21%ی موچە لە هەموو موچەخۆرێك، بەم دۆخەوە ئەگەر خواستی كڕین وەكو پێشتر لە شوێنی خۆیدا بێت، ئەوا كۆی خەرجی ئەو خێزانەی كە داهاتەكەی لە ملیۆنێكەوە بووە بە 500 هەزار دینار، لە مانگێكدا تەنیا (400 هەزار) دینار دەبێت، ئەمەش كاریگەری گەورەی لەسەر خواست لە بازاڕدا دروستكردووە. قەیرانی دواكەوتنو كەمكردنەوەی موچە وای لە زۆرێك لە خێزانەكان كردووە جارێكی تر لیستی خەرجییەكانیان رێكبخەنەوەو چاو بە لیستی پێداویستی مانگانەیاندا بخشێننەوە. پاشەكەوتی پارەی خێزان لە سێ مانگی رابردوودا بەهۆی دواكەوتنی موچەوە زیانی گەورەی بەركەوت، بەشێكی زۆر لە خێزانەكان ئەو پارەیەی كە پێشتر پاشەكەوتیان كردبوو، لە قەیرانی دواكەوتنی موچەدا خەرجیان كردووە، نەمانی پارەی پاشەكەوتكراو وەكو پاڵپشتی بۆ كەمبونەوەی رێژەی موچە، بەهەمان شێوە كاریگەری لەسەر ئارەزووی كڕین دروستكردووە، موچەخۆر بەهۆی ئەو دۆخە نوێیەی تێیكەوتووە، كاتێك موچەی مانگانە وەردەگرێت دەیەوێت ئاستی پاشەكەوت زیاد بكاتو رێژەی خەرجییەكانی زیاتر لە كڕینی خۆراكو پێداویستییە سەرەكییەكانی رۆژانەدا كەمبكاتەوە. هەموو ئەم بارودۆخە كاریگەری لەسەر بازاڕ دروستكردووەو جوڵەی كڕینو فرۆشتنی توشی ئیفلیجی كردووە. حكومەتو دۆخی بازاڕ پێش دەركەوتنی كۆرۆنا حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار خەرجی هەبوو، بڕی (894 ملیار) دینار خەرجی موچە بوو، (150 ملیار) دیناری خەرجی وەزارەتەكان بوو، (150 بۆ 200 ملیار) دیناریشی خەرجی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بوو. بەشی زۆری ئەم خەرجیانە پارەكەیان دەچووە ناو بازاڕەكانەوەو تواناو خواستی كڕینی بەهێزكردبوو، ئەگەر پێش كۆرونا ئەو (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دیناری مانگانەی خەرجی حكومەت رێژەی 80%ی چوبێتە بازاڕەوەو تەنیا رێژەی 20%ی چوبێتە پاشەكەوت، مانگانە (960 ملیار) دینار چووەتە بازاڕەكانەوە، بەڵام حكومەت ئێستا كۆی خەرجییەكانی لە (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینارەوە بۆ (600 ملیۆن) دۆلاری موچەو (45 ملیۆن) دۆلاری خەرجی وەزارەتەكان كەمكردوەتەوە، كە كۆی گشتی دەكاتە (765 ملیار) دینار، واتا ئەو پارەیەی كە پێشتر دەچووە بازاڕەوە ئێستا نزیكەی (450 ملیار) دینار كەمیكردووە، دواخستنی دابەشكردنی موچە بۆ (60 رۆژجارێك) رێژەكەی لەوە زیاتریش كەمكردوەتەوە. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) دكتۆر كاروان حەمەساڵح پسپۆڕی ئابوری وتی:" بێبازاڕی بەشێكی بۆ رێوشوێنەكانی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە، بەڵام پشكی گەورەی بێبازاڕی پەیوەستە بە ناجێگریی بارودۆخی سیاسیو ئابوری هەرێمی كوردستانەوە، كە خەریكە دۆخەكە لە قەیرانەوە سەردەكێشێت بۆ گێژاو". بەوتەی ئەو پسپۆڕە ئابورییە" لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە زیادتر لە (3 ملیار) دۆلار لە بازاردا كشاوەتەوە، ئەمە دۆخی بازاڕی توشی شكست كردووە". خەرجی تاكو خێزان ئامارە فەرمییەكان دەریدەخەن، خەرجی تاكو خێزان لەسەردەمی پێش كۆرۆنا بەبەراورد بە دوای كۆرۆنا زۆر كەمیكردووە. بەپێی قسەی مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی: • تێكڕای خەرجیی تاك بۆ یەك مانگ لە ساڵی 2018دا لە هەرێمی كوردستان (239 هەزار) دینار بووە. • لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش زۆرترین خەرجی تاك لە پارێزگای سلێمانیدا بووە بە بڕی (234 هەزار) دینار. • كەمترین خەرجی لە پارێزگای دهۆك بووە بە بڕی (199 هەزار) دینار بۆ هەر كەسێك. • لە پارێزگای هەولێریش خەرجی تاك لە مانگێكدا (211 هەزار) دینار بووە. سەبارەت بە خەرجی خێزان، بەپێی بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی: • تێكڕای خەرجیی خێزان بۆ یەك مانگ لە ساڵی 2018 لە هەرێمی كوردستان (ملیۆنو 293) هەزار دینار بووە. • لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم، پارێزگای دهۆك لە خەرجی خێزاندا پێشەنگ بووەو تێكڕای خەرجی مانگانەی خێزان لەو پارێزگایە (ملیۆنو 377 هەزار) دیناربووە. • كەمترین خەرجی خێزانیش لە پارێزگای هەولێر بووە كە بڕەكەی (ملیۆنو 118 هەزار) دیناربووە. • لە پارێزگای سلێمانیش خەرجی خێزان لە مانگێكدا (ملیۆنو 123) هەزار دینار بووە. بەڵام لەدوای بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە رێژەكان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئاماری فەرمی لەبارەی ئاستی گۆڕانكارییەكان لە خەرجی تاكو خێزان لەبەردەستدا نین، بەڵام كەمبونەوەی داهاتی تاكو خێزانەكان بەرێژەی (50% بۆ 60%)، دەریدەخات ئاستی خەرجی بەرێژەی زیاتر لە (80%) كەمیكردووە. بۆ نمونە، بەپێی ئامارەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی ئەگەر خەرجی تاك پێش كۆرۆنا بە تێكڕا لە پارێزگای سلێمانی (234 هەزار) دینار بوبێت، ئێستا خەرجیەكەی بەڕێژەی (60%) كەمیكردووە، واتا ئێستا تاك مانگانە (94 هەزار) دینار خەرج دەكات، بۆ خەرجی خێزانیش كە لە پارێزگای سلێمانی پێشتر (ملیۆنێك و 123 هەزار) ئێستا رێژەكە زیاتر لە (60%) كەمیكردووە كە دەكاتە (449 هەزار) دینار لە مانگێكدا، ئەم پارەیەش زیاتر بۆ كڕینی پێداویستییە بژێوییەكانی وەكو خۆراك دەڕوات نەك بۆ خەرجییە ناپێویستەكانی وەكو كڕینی كەلوپەلی ناوماڵو ئۆتۆمبیلو موبایلو .. كاتێك داهاتی تاك كەمدەكات، خواستی كڕین كەمدەكات، لەمەشدا (موچەخۆرو كاسب) هەردووكیان پێكەوە زەرەرمەند دەبن، پێدەچێت رێژەی كەمبونەوەی خەرجیەكانی تاكو خێزان زۆر زیاتر بێت لە رێژەی كەمبونەوەی داهاتەكانیان، چونكە موچەخۆران متمانەیان بە دۆخی دارایی خۆیان نییەو نایانەوێت لەم بارودۆخەدا خەرجییەكانیان زیاد بكەنو زیاتر چاویان لە پاشەكەوتكردنە بۆ ئەگەری رودانی خراپتر لەوەی ئێستا هەیە.
رانانی: یاسین تەها - گۆڤاری ئاییندە ناسی لەدوای 2003 و كەوتنی ڕژێمی سەددام، هێزە شیعەكان بە پاڵپشتیی مەرجەعیەتی نەجەف و لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە جڵەوی حومكڕانیی عێراقیان گرتە دەست. چ لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن و چ لە سەرەتای حوكمڕانیدا، ئامانج و مەترسیی هاوبەش ئەم هێزانەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی گەورەدا كۆ دەكردەوە، بەڵام لە سەروبەندی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2018 بەدواوە، بەنی تەزبیحی یەكڕیزیی سیاسیی شیعەكان بچڕا و بەسەر كۆمەڵێك هێزی ناكۆك و ناتەبادا دابەش و پەرتەوازە بوون، هاوشێوەی هاوتا سوننە و كوردەكانیان. ئەم توێژینەوەیەوە لەسەر ناوەرۆكی ئەو ململانێیانە و ئایندەی پێگە و نفوزی گرنگترین هێزە سیاسییەكانی شیعە هەڵوێستە دەكات. گۆڕانی نەخشەی هێزە سیاسییەكانی شیعە لە عێراقی پاش سەددام، گرنگترین هێزە سیاسییەكانی شیعە بریتی بووە لە: ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، حیزبی دەعوەی ئیسلامی، حیزبی فەزیلە، لەگەڵ ڕەوتی سەدر كە تازە دامەزرابوو([i])، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات هەندێ جیا بوونەوە و دابەشبوونی نوێ لە ڕیزەكانی ئەم هێزانە ڕوویان دا كە ئەم نەخشە سیاسییەی ماڵی شیعەی گۆڕی، ئەمە جگە لە دەركەوتنی حەشدی شەعبی و هێزەكانی سەر بە "مقاوەمەی ئیسلامی" لە چەشنی عەسایب و كەتیبەكانی حیزبوڵڵا كە ئێستا سەرقاڵی ململانێن لەگەڵ ئەمەریكا و كۆتایی 2019 كەوتنە بەر هێرشی فڕۆكە ئەمەریكییەكان([ii])، دواتر كوژرانی سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی بەدوادا هات. بەر لەم وادەیەش، هەندێ لە هێزە شیعییەكان دووچاری ئینشیقاق و جیابوونەوە بوونەوە، لەوانەش ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی كە جگە لە ڕێكخراوی بەدر لە ساڵی 2009([iii])، ڕەوتی حیكمەی لێ جیا بوویەوە([iv])، ئەمەش وەهای كرد بۆ هەڵبژاردنی 2018 تەنها قەبارەی 3 كورسی بمێنێتەوە لەناو هاوپەیمانێتیی فەتح، لە كاتێكدا پێشتر لایەنێكی سەرەكیی سیاسەتی شیعەی عێراق بوو([v]). گرنگترین هێزە سیاسییەكانی شیعە و ئایندەی پێگە و كاریگەرییان ١. حیزبی دەعوەی ئیسلامی حیزبی دەعوەی ئیسلامی هاوكات لە ساڵڕۆژی یادەوەریی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلامدا (د. خ)، لە ساڵی 1957 لە شوێنی حەوانەوەی مەرجەعی باڵای شیعە؛ ئایەتوڵڵا موحسین ئەلحەكیم، لە شاری كەربەلا و بە لاساییكردنەوەی شێوازی كاری ئیخوان موسلیمین، لەسەر دەستی هەشت كەس ڕاگەیەنراوە كە ناودارترینیان ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدرە كە ڕژێمی سەددام حسێن لە 9ی نیسانی 1980 لەسێدارەی دا. ئەم حیزبە سەرەتا هەڵگری بیرێكی پان-عێراقی و نێونەتەوەیی ئیسلامی بووە، دەستەی دامەزرێنەرەكەی پیاوانی ئایینی و چالاكی گەنج بوون، لەناو ئەندام و دامەزرێنەرە یەكەمەكانی دەعوەشدا چەند كەسایەتییەكی لوبنانی و بەحرەینی و پاكستانی هەن([vi]). لە ڕووی تەمەنیشەوە، كۆنترین حیزبی سیاسیی شیعەیە لە عێراق و بە دایكی زۆربەی ئەو هێزە مەزهەبییانەی ئێستا دادەنرێت كە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق چالاكن، چونكە سەرجەمیان یان لەم حیزبە جیا بوونەتەوە، یان ئیلهامیان لە شێوازی كاریەوە وەرگرتووە كە ئاوێتەكردنی دین و مەزهەبە لەگەڵ سیاسەت و حوكمڕانیدا([vii]). دامەزراندنی حیزبی دەعوە لەبن عەبای مەرجەعیەتی نەجەفدا، زیاتر لە سەروبەندی گەشەكردنی تەوژمی ماركسیزم (حیزبی شیوعی) و ڕەوتە ناسیۆنالیستییەكان (بەعس) بووە، بەتایبەت دوای ئەوەی شیوعییەكان كەوتنە جموجووڵ و پەلهاویشتن لە شاری نەجەف كە گڵكۆی ئیمام عەلی لەخۆ دەگرێت و پایتەختی ڕۆحیی تایفەی شیعە و بنكەی سەرەكیی حەوزە مەزهەبییەکانە([viii])، بەڵام ڕێبەرانی ئەم حیزبە ئامانجێكی دوور مەودایان بۆ داناوە و تیۆریستەكانی هەوڵ دەدەن بیخەنە خانەی وەڵامدەرەوەی تەحەدا هەنووكەییەكانی ئەوكات و ئێستای دنیای شیعەگەری و ئیسلامەتییەوە([ix]). حیزبی دەعوە خاوەن باڵێكی سەربازی بوو، كە لە زیاتر لە 2500 چەكدار پێك دەهات و تا 2004 كە بوونە بەشێك لە هێزە عێراقییەكان، بە "هێزەكانی شەهید سەدر" دەناسران([x]). بە هۆی كاریگەری و مەترسیی ئەم حیزبەشەوە، مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعس لە سەرەتای هەشتاكان بە بڕیاری 461، سزای لەسێدارەدانی دەستبەجێی بڕییەوە بۆ هەر كەسێك كە ئینتیمای بۆ دەعوە بەسەردا ساغ ببێتەوە([xi]). لە ڕووی مەرجەعیەتی ئایینییشەوە، محەمەد باقر سەدر كە ئایەتوڵڵا بوو، ڕابەری ڕۆحی و مەرجەعیەتی تەقلیدی بووە، دواتر كە لە سێدارەدا شوێنكەوتەی ئیجتیهادی محەمەد حسێن فەزلوڵای لوبنان بوون([xii])، بەڵام لە ئێستادا سەرباری ئەوەی ناوبەناو پێشوازی لە هەڵوێست و فەتواكانی سیستانی دەكەن و لەسەر فەتوای ئەویش مالیكییان گۆڕی بە عەبادی لە 2014([xiii])، بەڵام بەڕوونی ئاشكرا نییە كە پەیڕەوكەری قوتابخانەی ئەو بن و وا دەردەكەوێ ئەندامان لە تەقلیددا سەرپشك كرابن([xiv]). لێكەوتەی ناكۆكی و دەستەگەرییەكانی ناو حیزبی دەعوە حیزبی دەعوە لە مێژووی كارى خۆیدا، بە هۆی ناكۆكیی قووڵەوە پەنای بۆ كاری بەكۆمەڵ و دەستەجەمعی بردووە، هەر بە هۆی ئەم ناكۆكییانەشەوە زیاتر لە 10 جار دووچاری جیابوونەوە و ئینشیقاق و باڵباڵێن بووەتەوە و لە هەندێ قۆناغدا پێنج باڵ و كۆمەڵی جیا بە ناوی حیزبی دەعوەوە كاریان كردووە، هەر لەبەر ئەمەش تا دوای 2003 نەیتوانی ئەمیندار هەڵبژێرێت و تەنها وتەبێژی هەبووە([xv]). نوورى ماليكى يەكەم كەسە كە بە ئەمینداری گشتیی حیزب هەڵبژێردرابێت، لە كاتێكدا پۆستی سەرۆكایەتیی وەزیرانیشی بەدەستەوە بوو (2007)، ئەمەش بوو بە هۆی جیابوونەوەی ئیبراهیم جەعفەری و ڕاگەیاندنی باڵی ئیسڵاح، چونكە جگە لە سەرۆكایەتیی وەزیران، لەلایەن مالیكییەوە لە سەرۆكایەتیی حیزبیش بێبەش كرا([xvi]). لە 2014دا، عەبادی بە پاڵپشتیی هەندێ لە سەركردەكانی حیزب و لەبەر ڕۆشنایی فەتوای سیستانی بۆ گۆڕانكاری، كودەتایەكی سپیی كرد بەسەر مالیكیدا و ناكۆكییەكانیان درێژەی كێشا تا لە 2018 بۆ هەڵبژاردن؛ حیزبی دەعوەی بەسەر دوو باڵی جیاوازدا دابەش كرد، هەر ئەمەش وەهای كرد پاش 12 ساڵ لە سەرۆكایەتیكردنی وەزیران، ئەم پێگە گرنگە لەدەستی حیزبی دەعوە دەربچێت و سپێردرا بە عادل عەبدولمەهدی([xvii]). بە هۆی ئەم زیانە گەورەیەشەوە، ئەم حیزبە لە كێشە و قەیرانی بەردەوامدا دەژی. هەر بە هۆی ئەو ناكۆكییە ناوخۆییانەشەوە، لەنێوان دوو هەڵبژاردندا (2014 و 2018) ڕێژەی دەنگدەرانی لە 1 ملیۆن و 300 هەزار دەنگەوە دابەزی بۆ 400 هەزار دەنگ كە دەكاتە كەمكردن بە ڕێژەی 65%([xviii])، ئەمەش حیزبی دەعوەی لە دەوروبەری 20 كورسیی هەڵبژاردن بێبەش كرد لەچاو هەڵبژاردنی 2014([xix]). لە ساڵی 2019، حيزبى دەعوە گۆنگرەیەكی گشتیی لە شاری كەربەلا گرێ دا، لەوێدا دیسانەوە مالیكی وەك ئەمینداری گشتی متمانەی وەرگرتەوە، بەم هۆیەوە كێشە و پەرتەوازەییەكانی ناو حیزب سەریان هەڵدایەوە. كۆنگرەكە كادرە باڵاكانی حیزبی دەعوەی بەسەر ناڕازییەكان و باڵی مالیكیدا دابەش كرد، لەم نێوانەشدا باڵی نێوانگر سەریان هەڵدا، بۆ ئەوەی ڕێگە بگرن لە خزان و پاشەكشەی زیاتری حیزب([xx])، بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ كەلێنی نێوان جەمسەرەكانی ئەم حیزبە زیاتر فراوان دەبن. ٢. ڕەوتی سەدر، دژیەكی و قەیرانی شوناس یەكێك لە جەماوەریترین ڕەوتە سیاسییەكانی شیعە كە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە كەسایەتیی موقتەدا سەدر و بنەماڵەی محەمەد سادق سەدرەوە، كە بنەماڵەیەكی دێرینی ئایینی شیعەن و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ "جبل عامل"ی باشووری لوبنان و لە 1779 ئاوارەی عێراق كراون([xxi]). ڕابەری ئەم ڕەوتە؛ موقتەدا سەدر (45 ساڵ) كە كوڕە بچووكی ئایەتوڵڵا محەمەد سادق سەدرە، خۆی بە سەركردەیەكی نیشتمانیی عێراقی و لە هەمان كاتدا ڕێبەرێكی ئایینیی عێراقییش دەزانێت و خاوەن جەماوەرێكی زۆرە لەناو هەژارەكانی شیعە([xxii])، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێك بە كەسێكی عاتفی و ڕاڕا و هەڵچووی كەم ئەزموون لە كاری سیاسی دەیدەنە قەڵەم و بەوەش تۆمەتباری دەكەن هەر ڕۆژە جۆرە بڕیار و ڕاسپاردە و ڕێنماییەك بۆ لایەنگرانی دەردەكات([xxiii]). پاشخانی سەدری باوك (دووەم) ڕەوتی سەدر تا سەرلەبەیانیی 9ی نیسانی 2003 كە سەددام حوسێن ڕووخا، لە هیچ لێدوان یان پۆلێنێكی سیاسی و هۆكارێكی ڕاگەیاندن ناوی نەبووە. مەبەستیش لەم ڕەوتە، هەوادارانی محەمەد سادق سەدرە كە لە 1999 لەگەڵ مستەفا و موئەمەلی كوڕیدا لە نەجەف تیرۆر كران، بەڵام ڕەوتەكە جگە لە ئەو، وێنەی محەمەد باقر سەدری دامەزرێنەری حیزبی دەعوەش دادەنێن كە ئامۆزای ڕێبەرەكەیانە([xxiv]). محەمەد سادق سەدر لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا، وەك ڕێبەرێكی شیعەی جەماوەری كەوتە جموجووڵ و پاش چەندین ساڵ لە ڕاوەستان بە پاساوی ئەوەی واجب نییە، لە ساڵی 1997 ئەنجامدانی خوتبە و نوێژی جومعەی زیندوو كردەوە([xxv]). دەوترێت ئامانج لەم ڕێگەپێدانەی، قوتكردنەوەی ڕكابەر بوو بۆ گوتاری ویلایەتی فەقییهی ئێرانی لەلایەن ڕژێمی سەددامەوە، بەو پێیەی سەدر لە بنەماڵەیەكی عەرەبی و خاوەن تێڕوانینێكی جیایە و پاڵپشتیی لە "الولایة العامة المقیدة" دەكرد([xxvi]). موقتەدا سەدر خۆی ئەمە بە تۆمەتی شیعەی تاراوگە دەزانێت، كە لە دەرەوە نەیاندەتوانی بەرگەی ئەوە بگرن كە سەدر لە ناوخۆوە بەرەنگاری ڕژێم دەبێتەوە یان "خەڵكانی دڵپیس و خراپەكار بوون"([xxvii]). لە بارەی هۆكاری كاركردنی سەدریشەوە لە سایەی سەددام، موقتەدا پاساو بە كاری ئیمام ڕەزا لە سایەی حوكمڕانیی عەباسی دەهێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە بەشێك لەوان، بەتوندی بەرپەرچی هەر چەشنە نزیكایەتییەكی باوكی و ڕژێمی بەعسیش دەداتەوە و تیرۆرەكەشی بە كاری ئەوان دادەنێت و بەگژ ڕیوایەتی بەعسدا دەچێتەوە كە ئێرانی پێ تۆمەتبار كرد([xxviii]). ململانێی سەدر و مەرجەعیەتی نەجەف باوكی موقتەدا كە بە "سەدری دووەم" ناسراوە، هاوكات لەگەڵ ڕكابەریكردنی نموونەی ئێرانی و ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕكابەری تەقلیدیی مەرجەعیەتی نەجەف و خودی ئایەتوڵڵا سیستانی بوو، كە پاش مردنی خوئی و سەبزواری لە سەرەتای نەوەدەكان لەسەر تەختی مەرجەعیەت چوارمشقی دانیشتبوو([xxix]). سیستانی پەیوەندیی ساردوسڕ بووە لەگەڵ محەمەد سەدر و جارێك كە سەردانی كردووە بۆ ئاشتەوایی، ئامادە نەبووە تەوقەی لەگەڵ بكات و تەنانەت تەماشای ناوچاویشی بكات([xxx]). سەدر خۆی بە شیاوتر دەزانی لە سیستانی بۆ مەرجەعیەت و ئەمەشی بەئاشكرا گەیاندە حەوزە و سەركردە ئایینییەكانی نەجەف لەدوای مەرگی خوئی، بەڵام هیچی سەوز نەكرد([xxxi]). سەدرییەكان بە مەرجەعیەتی خۆیان دەڵێن "الناطقة"، كە هاوتای مەرجەعیەتی تەقلیدیی نەجەفە. ئەم مەرجەعیەتی شەعبییە ڕەخنەگرەش لە دەمی خۆیدا ڕكابەر و نەیاری زۆری هەبووە([xxxii])، یەكێك لەوانەش بنەماڵەی حەكیم بوون لە نەجەف، كە تا سەردەمی باقر حەكیمیش دانیان بە مەرجەعیەتی محەمەد سەدردا نەناوە و بە ساویلكە و پیاوی ڕژێمی بەعسیان دەزانی([xxxiii]). سەدری باوك هەوڵی دەدا چینایەتیی ئایینی و مەزهەبی تێك بشكێنێت، لە شوێنە پەراوێزخراو و هەژارنشینەكاندا كار و چالاكیی دەكرد و جەماوەری كۆ دەكردەوە و ئەمەش بە میرات بۆ موقتەدا مایەوە([xxxiv])، هەر ئەمەش گرەوی گەورەی سەدرە بۆ پێشكەوتن بەسەر مەرجەعیەتی تەقلیدی و بنەماڵە ئەریستۆكراتەكانی شیعە، بەتایبەت ئەوانەی گەشتوونەتە وڵاتانی تاراوگە كە دیارترینیان بنەماڵەی ئایەتوڵڵا ئەبولقاسمی خوئییە كە دوژمنایەتی و ڕقی زۆریان لەگەڵ سەدر هەیە و باوكیشیان لەگەڵ باوكیدا هەیبوو، تا كار گەیشت بەوەی ناوی موقتەدا تێكەڵ بە دۆسیەی كوشتنی عەبدولمەجید خوئی ببێت لە 9ی نیسانی 2003 لەناو سەحنی ئیمام عەلی لە نەجەف و دواتریش لە 20ی ئابی 2003 لە دادگای لێكۆڵینەوەی نەجەف فەرمانی گرتنی بۆ سەدر دەركرد([xxxv])، بەڵام جێبەجێ نەكرا و وەك كارتی گوشار بە دەست عەلاوی و مالیكی و نەیارانیەوە مایەوە تا كەیسەكە بە هۆی كۆنبوونەوە فەرامۆش كرا. وێستگە گرنگەكانی شەڕ و بەریەككەوتنەكانی سەدر لەگەڵ هێزەكانی تر موقتەدا سەدر سەرەتای كاروانی سیاسیی خۆی بە شەڕكردنی ئەمەریكییەكان دەست پێ كرد، سوپای مەهدیی دامەزراند و خەڵكانێكی زۆری زەرەرمەندی سەددام و دۆخی دوای سەددامیشی لێی كۆ بوونەوە. سەدر لە قۆناغی یەكەمدا پشتیوانیی سوننەكانی بەدەست هێنا، بەڵام دواتر سوپاكەی خزایە ناو شەڕی تایفی و پەیوەندیی لەگەڵ سوننەكاندا هەڵگەڕایەوە بۆ دوژمنایەتی([xxxvi]). شەڕی سەدرییەكان تەنها لەگەڵ ئەمەریكییەكان و سوننەكان نەبوو، بەڵكە لە 2008 كەوتنە بەر ڕقی نووری مالیكیی سەرۆكوەزیران لە چوارچێوەی پڕۆسەی "صولة الفرسان" و سەرباری بانگەوازەكانی موقتەدا بۆ كۆتاییهێنان بە پڕۆسەكە، گوزری گەورە بەر چەكدارەكانی سەدر كەوت([xxxvii]). ئەم گرژی و ناكۆكییەش تا ئێستا لەنێوان مالیكی و سەدر وەك دوو قوتبی شیعی و ڕەوتی سەدر و حیزبی دەعوە وەك دوو هێزی شیعیی كاریگەر بەردەوامن، ئەو هەموو ئەو دەستپێشخەرییانەشی كە كراون بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان؛ شكستیان هێناوە([xxxviii])، پێشبینییش ناكرێت لە ئایندەی نزیكدا بەستەڵەكی نێوانیان بتوێتەوە. پێیەك لە پڕۆسەی سیاسی و پێیەكی تر لە كاری چەكداری سەدر لە ڕێگای ژمارەیەك وەزیرەوە بەشداریی لە حكومەتە جیاجیاكانی عێراق كردووە، لە خولەكانی پەرلەمان فراكسیۆنێكی 30-40 كورسیی هەبووە([xxxix]) و لە 2018 بووە یەكەم هێزی براوەی هەڵبژاردن لە ڕێگەی سائیروونەوە كە 54 كورسیی هەیە([xl]). جگە لەم هێزە نەرمانەش، سەدر خاوەن میلیشیای "سرایا السلام"ە كە لە ڕێگای ئەبو یاسری "یاریدەدەری جیهادی" سەدرەوە پەیوەستن بە موقتەداوە و سنووری چالاكییان لەناو خاكی عێراقدایە، بەتایبەت كەرتی سامەڕا كە مەزاری حەسەنی عەسكەری و سەردابی ئیمام مەهدی لەخۆ دەگرێت كە بەشێكن لە پیرۆزییەكانی شیعە([xli]). جگە لەم شارەش، یەكە و گرووپە تایبەتەكانی ئەم میلیشیایە لە 12 پارێزگای عێراقیدا بەشداریی نمایشی سەربازیی تایبەتیان كردووە و ئەركەكانی خۆشیان بە بەرگری لە پیرۆزییەكانی شیعە دیاری كردووە([xlii])، بەڵام سەدر لە دیدارێكی ئەم دواییەدا نایشارێتەوە كە زۆر بیر لە چالاككردنەوەی سوپای مەهدی دەكاتەوە و هەڕەشەی ئەوەشی كرد "ئەگەر سوننەكان بگەڕێنەوە بۆ كاری تیرۆریستی، ئەوە ئەوانیش حازرن بۆ پەرچەكردار و پڕۆژەی سوپای مەهدی حازرە([xliii]) كە ئەمەش میكانیزمێكی سەدرە بۆ خۆسەلماندن و پەنابردنە بۆ بژاردەی چەك، لە كاتێكدا ئەو خۆی بە قوتابخانەیەكی دینی و ڕەوتێكی سیاسی و جەماوەری دەناسێنێت. سەدر، پۆپۆلیزم و جەماوەریبوون ڕوتی سەدر؛ جەماوەریترین تەوژمی شیعەیە، 30 كورسیی لە یەكەم هەڵبژاردنی 2005 بەدەست هێناوە، لە 2010دا كورسییەكانی بەرز كردووەتەوە بۆ 39 كورسی([xliv])، لە 2014 گەشتووەتە 36 كورسی و لە 2018 لە ڕێگای هاوپەیمانێتیی سائیروون كورسییەكانی گەیاندە 54 و بە پلەی یەكەم هات لەناو هەموو لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی گشتی([xlv])، بەڵام زۆر جار ڕەخنەی ئەوە گیراوە لەم ڕەوتە بەوەی لەبریی ئەوەی جەماوەری بێت، خەریكی پۆپۆلیزمە و لەبریی ئەوەی ئەو جەماوەرەكەی ئاڕاستە بكات، جەماوەرەكەی ئەو ئاڕاستە دەكەن. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا ڕەوتی سەدر خاوەن شوناسێكی سیاسیی دیاریكراو و كۆنكرێتی نییە و لە یەك كاتدا ئایین و سیاسەت و كۆمەڵایەتیی تێكەڵاو كردووە و هەمیشە لە ناوچەی خۆڵەمێشیدایە([xlvi]). جگە لەوەش كێشەیەكی تری ڕەوتی سەدر، ڕاڕایی و بڕیار گۆڕینی ڕێبەرەكەیەتی (موقتەدا) كە لە ماوەی 15 ساڵی ڕابروودا چەندین جار بەشداریی سیاسیی خۆی هەڵپەساردووە و دواتر پەشیمان بووەتەوە و لە چەندین وێستگەی گرنگیشدا بە هەمان شێوە بۆچوونە شلۆق و ناجێگیرەكانی جەماوەر و ڕەوتەكەی؛ دووچاری شپرزەیی و پەرتەوازەیی كردووەتەوە([xlvii]). سەرباری ئەم پۆپۆلیزمەش، دەكرێت بەگشتی ئەو پێودانگ و بنەمایانەی كە سەدر و ڕەوتەكەی ئاڕاستە دەكەن، بە چەند شتێك دیاری بكرێت، لەوانەش: هەڵوێستە مێژوییەكانی محەمەد سەدری باوك دەربارەی ڕەتكردنەوەی ویلایەتی فەقییهی ڕەها و دژایەتیكردنی ئەمەریكا، پابەندییە سیاسییەكانی ڕەوتەكە وەك لایەنێكی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی، هەوڵی قۆرخكردی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و بەشداریی لە خۆپیشاندانەكان و خۆپیشاندان وەك لایەنێكی یاخی و شۆڕشگێڕ و چاكەخواز، هەوڵی خۆنمایشكردن وەك پارێزەری مەزهەبی شیعە و دۆستی سوننە و كراوەش بە ڕووی ئەم تایفەیە لە هەمان كاتدا([xlviii]). پێگەی سەدر لە هاوكێشەی سیاسیی شیعیدا لەسەر ئاستە مەزهەبی و ئایینییەكە، سەدر قوتابخانەیەكە هاوتەریب لەگەڵ مەرجەعیەتی تەقلیدیی نەجەف، بەڵام جیاواز لە سەردەمی سەدری باوك، موقتەدا دژایەتیی خۆی بۆ سیستانی و حەوزە ئاشكرا ناكات. نەك هەر ئەوە، بەڵكە لە هەندێ فەتوا و بانگەوازەكانیدا داوای پابەندبوون بە فەتوا و بۆچوونەكانی مەرجەعیەت دەكات([xlix])، ئەمەش دەشێت لە لایەك تەقییه (التقیة) و خۆپارێزی بێت و لە لاكەی تر ملدانی ڕواڵەتی بێت بۆ ئەو كاریگەری و هەژموونە گەورەیەی مەرجەعیەت لە سەردەمی سیستانی هەیەتی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا سەدر خۆی بەبێ ئەوەی مەرجەع و ئایەتوڵڵا بێت، فەتوا دەردەكات و لایەنگرەكانی بەگشتی تەقلیدی سیستانی ناكەن و لە هەندێك كاروباردا دەگەڕێنەوە سەر مەرجەعەكانی تر، بەتایبەت حائیری شیرازی و ئیسحاق فەیاز، ئەمە جگە لەوەی ڕەوتی سەدر خۆی قوتابخانەیەكی ئایینی و مەزهەبیی سەر بە مەرجەعیەتی گۆیا (الناطقة)یە([l]). جەماوەر بۆ سەدر، دەوڵەت بۆ حیزبی دەعوە لە بارەی كاریگەریی سیاسییشەوە، سەدرییەكان خاوەن پێگەیەكی گەورەی پەرلەمانین، ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لە دانانی جەعفەری بە سەرۆكوەزیران بەرامبەر عادل عەبدولمەهدی (2005)، هەر ئەوان ویلایەتی دووەمی مالیكییان یەكلایی كردەوە سەرباری دوژمنایەتیی زۆر (2010)، پاڵپشت و یارمەتیدەر بوون بۆ ویلایەتی عەبادی كە بەسەر مالیكیدا هەڵگەڕایەوە (2014)، لە دانانی عادل عەبدولمەهدیدا لایەنی سەرەكی بوون (2018) و بۆ ڕاسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوییش بە هەمان شێوە ڕۆڵیان هەبوو، هەر چەندە سەر نەكەوت لە ئەركەكەیدا([li])، تەنانەت سەدر شانازی بەوەوە دەكات هیچ سەرۆكوەزیرانێك لە عێراقی پاش 2003 بەبێ ڕەزامەندیی ئەو دانەنراوە([lii]). بەڵام ئەم ڕەوتە كێشەی ئەوەی هەیە ئەم كاریگەری و پێگە پەرلەمانییەی شۆڕ نەبۆتەوە بۆ قووڵایی دەوڵەت كە لەلایەن حیزبی دەعوەوە بەشی زۆری كۆنترۆڵ كراوە، بە جۆرێك زۆرترین جەماوەر و كورسیی پەرلەمانی و هەژموونی سیاسیی هیی سەدرە و زۆرترین پۆست و پێگەی حكوومیی هەستیار و پلە تایبەتیش هیی حیزبی دەعوە([liii]). 3. ڕەوتی حیكمەی حەكیم و جێهێشتنی میراتی ئەنجوومەنی ئیسلامی ڕەوتی حیكمە یەكێكە لە باڵە جیابووەكانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و لەلایەن سەركردەی گەنجی شیعە؛ عەممار حەكیمەوە سەرۆكایەتی دەكرێت. عەممار حەكیم كوڕی عەبدولعەزیز حەكیمی سەرۆكی پێشووی كۆچكردووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و كوڕەزای مەرجەعی باڵای كۆچكردووی شیعە؛ سەیید موحسین ئەلحەكیمە و لە 1971 لە شاری نەجەف لەدایك بووە، دایكیشی لە بنەماڵەی سەدرە([liv]). قسە و باسی زۆر هەن لەسەر هۆكاری جیابوونەوەی حەكیم لەو ئەنجوومەنی ئیسلامییەی كە مامی و باوكی سەرۆكایەتییان كردووە و لە 2009 بە میرات سەرۆكایەتییەكەی وەرگرت، بەڵام حەكیم زۆر نەچووەتە وردەكاری، لە كاتێكدا ڕكابەرەكانی لە ئەنجوومەنی باڵا هۆكارەكەیان گێڕایەوە بۆ تاكڕەویی ناوبراو و نەبوونی مەرجی فەقاهەت، بەو پێیەی خوێندنی حەوزەی تەواو نەكردووە لەگەڵ دامەزراندنی ڕێكخستنی تایبەت بە خۆی لەناو ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی([lv]). شوناسی حیكمە و بەریەككەوتن لەگەڵ ئێران بە هۆی جیابوونەوەیەوە لە ئەنجوومەنی باڵا، پەیوەندیی نێوان حەكیم و ئێران كێشەی تێ كەوت، لە كاتێكدا باوكی (عەبدولعەزیز حەكیم) و مامی (محەمەد باقر حەكیم) لە نزیكترین هاوپەیمانەكانی تاران بوون، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بانگەشەی عەمار حەكیم بۆ "ڕەوتی مەدەنی" و گرنگیدانی بە گەنجان و ژنان و ڕیكلامكردن بۆ خۆی وەك سەركردەیەكی عەرەب بۆ شیعەی عێراق، كە ئەوەش درووشم و بانگەشەی چەندین ساڵەی سەرەكیی موقتەدا سەدری ڕكابەریەتی([lvi]) و مایەی بێزارییە بۆ ئێران. لە وتاری دامەزراندنەكەیدا (24ی تەممووزی 2017)، عەممار حەكیم ڕەوتی حیكمەی بە "تەوژمێكی سیاسیی نوێ" ناساند، كە زادەی خەم و ژانی خەڵكی عێراقە([lvii]) لە یەكەم ئەزموونی هەڵبژاردندا لەپاش جیابوونەوە لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی. ڕەوتی حیكمە 20 كورسیی لە پەرلەمانی عێراق بەدەست هێنا([lviii])، ئەمەش تا ڕادەیەك دەشێت بە سەركەوتن بۆ ڕیسكی عەمار حەكیم لەقەڵەم بدرێت كە دەستبەرداری ناو و ناوبانگی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بوو، پاش شەڕێكی میدیایی و ملشكاندنی یەكتری بە هۆی ناكۆكی لەسەر میراتی بنەماڵەی حەكیم و دابەشكردنەوەی پێگە و بارەگاكانیان([lix]). بەڵام ئەم 20 كورسییەی حەكیم كە بەبێ هاوپەیمانێتی بەدەستی هێنا، نەبووە هۆی ئەوەی كە ببێتە یەكێك لە ئاڕاستەكەرەكانی پێكهێنانی حكومەت و دیاریكردنی هاوپەیمانێتییەكان و زیاتر وەهای كرد وەك هێلكەی قەپان دەربكەوێت لە هاوكێشە شیعییەكان بۆ زۆركردنی ژمارەی لایەك بەسەر لاكەی تردا([lx]). كێشەی بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبوونی حیكمە لەپاش حەوت مانگ لە پێكهێنانی حكومەت، ڕەوتی حیكمە خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی ڕاگەیاند، بەهیوای ئەوەی ببنە گەورەترین فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن، لە كاتێكدا تا دەهات ناڕەزایەتی لە كابینەی عەبدولمەهدی پەرەی دەسەند([lxi]). ڕەوتی حیكمە هەر بەم ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆنە نەوەستان و هەوڵیان دا زنجیرەیەك خۆپیشاندان لە شارەكانی عێراق دژی حكومەتی عەبدولمەهدی ڕێك بخەن، ئەمەش تووڕەیی و ناڕەزایەتیی زۆری باڵە ئێرانییەكانی شیعەی بەدوای خۆیدا هێنا و حەكیمیان بە تێكدەر و شوێنكەوتەی نەیاران دایە قەڵەم([lxii]). لە دەرەوەی ناكۆكییە سیاسییەكانیش، ئەمە زیاتر لە هەنگاوەكانی موقتەدا سەدر دەچوو كە ساڵانێكی زۆرە كۆنترۆڵی شەقامی شیعە و گوتاری ئۆپۆزسیۆنی كردبوو بۆ خۆی. بەڵام بە پێچەوانەی گوتاری میدیایی سەدرەوە، ڕەخنەی ئەوە لە گوتاری حەكیم و حیكمە گیراوە كە بنەماكانی ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی بۆ دژایەتیی هاوپشكی تایفی و بنەما خراپەكانی پڕۆسەی سیاسی نییە و هۆكارەكانی ناڕەزایەتییەكانی ڕوون نین([lxiii])، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حەكیم وەك سەدر ناتوانێت سواری شەپۆل ببێت و وەك ڕەوتێكی سیاسیی شیعەش خۆیان ڕۆڵە و لە باوكانی دامەزرێنەری سیستمی (2003)ن، كاتێك لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بوون. ئەوەشی جێگەی سەیر بوو، پاش چەند مانگێك لە ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆنبوون، عەممار حەكیم لە بارەگاكەی خۆی لە جادریە میوانداریی كۆبوونەوەیەكی لایەنە سیاسییە سەرەكییە شیعە و سوننە و كوردەكانی كرد بۆ ڕزگاركردنی حكومەتی عەبدولمەهدی، كە دووچاری گوشار و ناڕەزایەتیی زۆری خۆپیشاندەران هاتبوو([lxiv])، ئەمەش پرسیاری زۆری لەسەر جۆری ئۆپۆزسیۆنبوونی ڕەوتی حیكمە دروست كرد. 4. حیزبی فەزیله، ڕووكارە سیاسییەكەی یەعقوبی فەزیلە كە باڵی سیاسیی گرووپێكی ئایینییە بە ناوی "الفضلاء"، یەكێك بوو لەو حیزبە شیعانەی بە خێراییەكی زۆر لەدوای 2003 دەركەوت([lxv]). ئەم حیزبە بانگەشەی ئەوە دەكات بیرۆكەی دامەزراندنەكەی پێش 2003 و لە بارودۆخی پاش تیرۆركردنی محەمەد سادق سەدر گەڵاڵە بووە، بەتایبەت كە محەمەد سەدر "وەسێتی كردبوو لەپاش خۆی كاروبارەكان بچنە لای محەمەد یەعقوبیی خوێندكارەكەی"، كە ئێستا مەرجەعی ئایینی و ڕۆحیی فەزیلەیە([lxvi]). بەم پێیەش ئەم حیزبە لە بندەستی سەدری دووەمەوە هاتۆتە دەر، بە هەمان شێوەی ڕەوتی سەدر و عەسایبی قەیس خەزعەلی. یەعقوبی لەدایكبووی 1960ی بەغدایە و دەرچووی ئەندازەی شارستانییە، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەكان متمانەی محەمەد سادق سەدری بەدەست هێناوە و ئەمیش پشتیوانی ئەو بووە لە ڕاگەیاندنی مەرجەعیەتی سەدری دووەم و لەگەڵیدا بووە تا تیرۆركردنی لە شوباتی 1999 و هەر ئەمیش نوێژی لەسەر تەرمەكەی كردووە([lxvii]). لە دامەزراندنی ئەم حیزبەدا، یەعقوبی پشتی بە پلەی ئیجتیهادی خۆی بەستووە كە خۆی دەڵێت لە ڕێگەی ئایەتوڵڵا مونتەزیری ئێرانییەوە بەدەستی هێناوە([lxviii]). حیزبی فەزیلە لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە ویلایەتی فەقییهـ هەیە، بەڵام پێیان وایە لە ئێستادا ڕێگریی زۆر هەیە بۆ گەشتن بەم قۆناغە، بۆیە لەبریی ئەوە پەنابردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێ باشە بۆ دیاریكردنی گرووپێك كە وڵات بەڕێوە ببەن كە شەرعیەتی خەڵكیان هەبێت([lxix])، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش فەزیلە لە هەڵبژاردنی 2005دا بەشدار بوون و حیزبەكە 15 كورسیی بەدەست هێنا لە پەرلەمانی عێراق، لە كۆی 132 كورسی كە بەر هاوپەیمانێتیی شیعەكان كەوت. پێگەی سەرەكیی ئەم حیزبەش، زیاتر لە پارێزگای بەسڕە و پارێزگاكانی باشوور بوو([lxx]). فەزیلە بە پێداگرییان لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی نەوت لە 2006 ناویان دەركرد([lxxi])، لەگەڵ هەوڵدان بۆ جێگیركردنی یاسای جەعفەری بۆ باری كەسێتی لەلایەن وەزارەتی دادەوە كە پشكی ئەوان بوو لە 2010-2014، ئەم یاسایە ڕێگەی بە هاوسەرگیریی منداڵان دەدا و بووە هۆی ناڕەزایەتیی زۆری ژنانی چالاك و مەدەنی([lxxii]). بە هۆی ئەوەی بەم دواییانە هێزە چەكدارەكانی شیعە دەنگیان بڵند بوو، كاریگەریی فەزیلە لەچاو جاران كەمتر هەستی پێ دەكرێت، جگە لەوەش لە چەند مانگی ڕابردوودا زنجیرەیەك ناكۆكیی ناو حیزبەكە لەسەر بەشكردنی دەستكەوت و ئیمتیازات دزەی كرد بۆ میدیاكان كە سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی پەیكەری فەزیلەی بەدوادا هات كە 7 كورسیى لە 329 كورسیى پەرلەمانی عێراقدا هەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نەسری عەبادی([lxxiii]). سیناریۆ بەردەستەكانی ئایندەی هێزە سیاسییەكانی شیعە حیزبی دەعوە بەپێی ئاماژە بەردەستەكان و بە خوێندنەوەی دۆخی گشتیی عێراق، پێگەی حیزبی دەعوە بەرەو داكشانی زیاتر دەڕوات لەوەی پێشتر باس كرا لە دابەزینی دەنگدەر و ژمارەی كورسییەكان لەبەر كۆمەڵێك هۆكار، لەوانەش: لاوازبوونی پەیكەر و دامەزراوەیی حیزب، تاكڕەویی ئەمیندارەكەی و گرنگیدانی بە زاوا و ئامۆزاكانی، زاڵبوونی "بەرژەوەندیخوازی" بەسەر بیروباوەڕ و لایەنە مەعنەوییەكانی جاران وەك حیزبێكی "جیهادی"، كاڵبوونەوەی پاشخانە مێژوویی و فیكرییەكان وەك گەورەترین و كۆنترین و هەمەچەشنترین حیزبی شیعەی عێراق، ئەمە جگە لە بارودۆخی پاش ڕاپەڕینی تشرینی 2019 لە بەغدا و پارێزگا شیعییەكان كە ئیسلامی سیاسیی كردووەتە ئامانجی خۆی، لەم میانەیەشدا حیزبی دەعوە تۆمەتبارە بە شكستهێنان لە كاری بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لە كاتێكدا جاران وەك فریادڕەس تەماشا دەكرا([lxxiv]). جگە لەمەش حیزبی دەعوە لە ئێستادا لە ئیسلامیی ڕادیكاڵییەوە گۆڕاوە بۆ ئیسلامیی مفتەخۆر (الریعي)([lxxv])، هەروەها كەوتووەتە سەردەمێكیشەوە کە ژیان لەسەر سەروەرییەكانی ڕابردوو بەس نییە بۆ پێشەنگبوون و ئەمەش بەڕوونی لە گوتاری ڕاپەڕینی تشرینی 2019دا دیارە، کە ئەمەش هاوكات لەگەڵ داتەپینی پێگە جەماوەرییەكەی حیزبی دەعوە. بەڵام ئەم حیزبە بە كەڵكوەرگرتن لە ساڵانی حوكمڕانیی جەعفەری و مالیكی و عەبادی (2005-2018) و بە هۆی ئەزموونی سیاسیی خۆیانەوە بەتەواوی چوونەتە جومگە گرنگەكانی بەڕێوەبردن و زۆر جار بە "دەوڵەتە قووڵەكە" ناویان دەبرێت، لە كاتێكدا خۆیان هەمیشە ڕەتی دەكەنەوە([lxxvi]). ڕەوتی سەدر لەپاش كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا لەگەڵ دەستپێكی 2020، بۆشاییەكی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسیی شیعەی عێراق دروست بوو كە لە سەرەتادا حیزبوڵڵای لوبنان فەرمانی وەرگرت لە ئێران بۆ پڕكردنەوەی([lxxvii]). هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا سەدر كۆمەڵێك هەنگاوی نا، كە ئەوەی لێ خوێنرایەوە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی گۆڕەپانی شیعەی عێراق بێت، لەوانەش: ڕێكخستنی خۆپیشاندان دژی بڵاوبوونەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق، سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی تشرین و قسەكردنی سەدر لە سیستمێكی سیاسیی هاوشێوەی باوكایەتی لە سایەی ڕێبەرایەتیی خۆیدا([lxxviii])، جگە لەوەش هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەكەن سەدر لەلایەن ئێرانەوە گفتی پێ درابێت كە سەرۆكایەتیی حكومەتی داهاتوو بۆ ڕەوتەكەی ئەو بێت([lxxix])، لە پەنا ئەمانەشدا سەدر وەك هێزێكی ئایینیی گەورە؛ ئامادەییەكی بەهێزی هەیە بۆ پڕكردنەوەی زۆرترین پانتایی لە حەوزە لە حاڵەتی مەرگی ئایەتوڵڵا سیستانیدا كە ئێستا تەمەنی لە 90 ساڵدایە. هێزە سیاسییەكانی شیعە و دەرەوەی شیعەش دركیان بەم هەڵكشان و ئەگەرانەی ئایندەی خەونەكانی سەدر كردووە، بۆیە بەشێكیان پڕۆژەی متمانەدانیان بە حكومەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی شكست پێ هێنا([lxxx]) كە ڕاستەوخۆ پاڵپشتی سەدری هەبوو، بەتایبەت پاش ئەوەی موقتەدا سەدر هەڕەشەی ئەوەی كردبوو ئەگەر دەنگی تەواو بەدەست نەهێنێت، ئەوە گەمارۆی ناوچەی سەوز بدات و یاخیبوون و خۆپیشاندان بەرپا بكات([lxxxi]). ڕەوتەكەی عەممار حەكیم ئەو ئەنجامە مامناوەندەی حەكیم لەپاش دروستكردنی ڕەوتەكەیەوە بەدەستی هێناوە، قەناعەتێكی وەهای دروست كردووە كە هەندێك بڵێن پێگە و نفوزە سیاسییەكەی حەكیم هاوتای ئامادەییە میدیاییەكەی نییە([lxxxii])، ئەمە جگە لەوەی هاوتای باكگراوەندە مێژوییەكەشی نییە وەك ڕۆڵە سیاسییەكەی بنەماڵەی حەكیمی تەباتەبایی. بەڵام بە هەڵوەستەكردن لەسەر گوتار و بەیاننامەكانی حیكمە، گرەوی ئەم ڕەوتە لەسەر ڕێبازی میانڕەوانە و كرانەوەیە بە ڕووی گەنجان و ژنان و ئەو نەوە نوێیەی شیعەیە كە سەری هەڵداوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی حەكیم خۆی بەشێكە لە سیستمی حوكمڕان، قورسە موفاجەئەی گەورە دروست بكات، بەتایبەت لە دۆخێكدا كە سەدر كۆنترۆڵی شەقامی ناڕازیی كردووە لە چەند ڕێگایەكی جۆراوجۆرەوە. حیزبی فەزیلە هەر چەندە فەزیلە خۆی بە حیزبێكی بان تایفی و تەكنۆكرات دەناسێنێت كە كار بۆ سەربەخۆیی و یەكێتیی عێراق دەكات([lxxxiii])، بەڵام زیاتر وەك واجیهەیەكی سیاسی و دارایی مەرجەعیەتی یەعقوبی و ماكینەیەكی ڕیكلامی سیاسی بۆ ئەم مەرجەعیەتە دەردەكەوێت كە ئاسۆی فراوانبوونی لە دنیای جەنجاڵی ململانێی مەرجەعەكاندا زۆر فراوان نییە، ڕەنگە بۆ داهاتووش هەروەك ئەم ژمارە سنووردارە لە هاوكێشەی شیعیدا بمێنێتەوە كە زیاتر چەك و پارە و دین و پۆپۆلیزم ئاڕاستەی دەكات لە ئێستادا، نەك گوتاری مەزهەبییانەی دەستەبژێرانەی لە چەشنی گوتاری فەزیلە. ئەنجام لەپاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، كۆمەڵێك هێزی سیاسیی شیعە كە باكگراوەندی چەكداری یان بنەماڵەیی و كاریزماتیكی سەركردەكان یان مێژوویی و ڕێكخستنیان هەبوو، جڵەوی نوێنەرایەتیی ئەم پێكهاتەیە و لەگەڵیشیدا حوكمڕانیی عێراقیان گرتە دەست لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترا "ماڵی شیعە"، بەڵام لەگەڵ ڕەوینەوەی مەترسییەكان لەسەر ئەم پێكهاتەیە، ناكۆكی و پەرتەوازیی و پێشهاتی تری ئەمنی و جەماوەریی وەك دەركەوتنی داعش و بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەكان، ئەم نەخشە سیاسییەی گۆڕی لە بەرژەوەندیی هەندێ هێزی نوێ و ڕایەڵەكانی هاوپەیمانێتی و یەكدەنگیی جارانی شیعەی بچڕاند. هێزە كۆنەكانی شیعە هەندێكیان لە پاشەكشە و هەندێكی تریان لە دابەشبووندان و هەندێك لەوانەشیان كە دێرین و تۆكمە بوون، خۆریان بەرەو ئاوابوون دەڕوات و ئەو كاریگەرییە عەقایدی و گوتاری مەزڵومیەتەی هەیانبوو بە هۆی دەسەڵاتەوە، تا دێت بەرەو كاڵبوونەوەی زیاتر دەڕوات. سەرچاوە و پەراوێزەكان ([i]) مكي، لقاء، "خارطة القوى السياسية في العراق"، https://www.aljazeera.net/specialfiles/pages/9e115e70-fedb-466b-8ca7-2f14163fcc51 ، (متاح: 9/3/2019). ([ii]) الحرة(29/11/2019)، "الجيش الأميركي يقصف 5 مواقع لكتائب حزب الله بالعراق وسوريا"، https://www.alhurra.com/a/%D9%82%D8%AA%D9%84%D9%89- , (متاح: 5/3/2020). ([iii]) براثا(5/5/2009)، "العامري: منظمة بدر مستقلة ولن تحتاج الى الانشقاق عن المجلس الاعلى"، http://burathanews.com/arabic/news/65140، (متاح: 5/3/2020). ([iv]) الشمري، براء(30/6/2017)، "انشقاقات التحالف الحاكم تفتح الصراع على قصور صدام حسين في الجادرية"، https://www.alaraby.co.uk/politics/2017/7/31/%D8%A7%D9%86%D8%B4%D9%82%D8%A7%D9%8، (متاح: 8/3/2020. ([v]) Smyth, Phillip, (11/6/2018), Iranian Militias in Iraq's Parliament: Political Outcomes and U.S. Response washingtoninstitute, link: https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/view/iranian-militias-in-iraqs-parliament-political-outcomes-and-u.s.-response,(accessed:11\3\2020) ([vi]) الخيون، رشيد(2011)، 100 عام من الإسلام السياسي بالعراق، مركز المسبار للدراسات والبحوث، دبي، الكتاب 1، ص171-181. ([vii]) مروان أحمد سلمان (9/2017)، "نماذج من حركات وأحزاب الإسلام السياسي في العراق"، مجلة الآداب، جامعة بغداد، ملحق العدد 122، ص 335-358. ([viii]) الخرسان، صلاح(2004)، الإمام السيد محمد باقر الصدر في ذاكرة العراق، مؤسسة البلاغ، بيروت، ص16. ([ix]) علي المؤمن(6/3/2019)، "تحولات حزب الدعوة ومستقبله"، https://www.sotaliraq.com/2019/03/06/%D8%AA%D8%AD%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%AA-%D8%AD%D8%B2%D8%A8-, (متاح: 10/3/2020). ([x]) رمزي، خلود (1/6/2002)، "حزب الدعوة ورحلة الإنقسامات"، https://www.niqash.org/ar/articles/politics/2225/ (متاح: 19/3/2020) ([xi]) الوقائع العراقية(21/4/1980) ، بغداد، العدد 2769، ص617. ([xii]) علي المؤمن، "تحولات حزب الدعوة و مستقبله"، مصدر سابق. ([xiii]) وكالة نون (18/8/2014)، "كيف ولماذا تنحى السيد نوري المالكي؟"، http://non14.net/53400، (متاح: 10/3/2020). ([xiv]) چاوپێكەوتنی نووسەر لەگەڵ عەلی ئەلمەدەن(10/3/2020). عەلی ئەلمەدەن شارەزا و دەرچووی حەوزەی نەجەفه. ([xv]) طالب عزيز(2019)، خريف الدعوة، القاهرة: دار بدائل، صص 70-74؛ میدل إیست أون لاین (18/6/ 2018): "حزب الدعوة في المعارضة والسلطة.. الانشقاقات مستمرة"، https://middle-east-online.com/%D8%AD%D8%B2%D8%A8-،(متاح:11/3/2020) ؛ خلود رمزي: حزب الدعوة، مصدر سابق. ([xvi]) طالب عزيز، خریف الدعوة، مصدر سابق، صص 70-74. ([xvii]) الطائی، صادق(28/10/2019)، "شيعة العراق.. مسيرة حزب الدعوة من المعارضة إلى الحكم"، https://arabi21.com/story/1218588/%D8%B4%D9%8A%D8%B9%D8%A9- ، (متاح: 12/3/2020). ([xviii]) المؤمن، علي (24/5/2018)، "على هامش نتائج الانتخابات البرلمانية العراقية"، https://afaq.tv/articles/view/details?id=1641 ، (متاح: 12/3/2020). ([xix]) نعمة، وائل (21/5/2008)، "حزب الدعوة يتراجع 20 مقعداً"، https://www.sotaliraq.com/2018/05/21/%D8%AD%D8%B2%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B9%D9%88%D8%A9-(متاح: 12/3/2020). ([xx]) عدنان أبو زيد(7/8/2019)، "الإنشقاق يهدد حزب الدعوة الإسلامية بعد إعادة اختيار المالكي أمينا عاما له، المونيتور"، https://www.al-monitor.com/pulse/ar/originals/2019/08/iraq-shiite-dawa-party-nouri-maliki.html#ixzz6GX124jy0، (متاح: 12/3/2020). ([xxi]) الخرسان، الإمام السيد، مصدر سابق، ص16. ([xxii]) بي بي سي عربي (5/10/2019): مقتدى الصدر: رجل الدين الشيعي وصاحب الكلمة المسموعة، موقع بي بي سي https://www.bbc.com/arabic/middleeast-49944790 (متاح: 5/3/2020). ([xxiii]) أمير عبد العزيز، نور أيوب: صحيفة الأخبار اللبنانية، العدد، 3835، ص15. ([xxiv]) سلمان، حركات وأحزاب، مصدر سابق، ص340. ([xxv]) الخیون، 100 عام، مصدر سابق، 356. ([xxvi]) الكبیسي، يحيى (30/1/2020): التيار الصدري: محاولة للفهم، صحيفة القدس العربي، https://www.alquds.co.uk/%D8%A7%D9%84%D8%AA%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%B5%D8%AF%D8%B1%D9%8A-%D9%85%D8%AD%D8%A7%D9%88%D9%84%D8%A9-%D9%84%D9%84%D9%81%D9%87%D9%85/ (7/3/2020)؛ الخيون، 100 عام، مصدر سابق، 361. ([xxvii]) الصدر، مقتدی محمد (2018): المرجعیة الناطقة، الشهيد السعيد السيد محمد صادق الصدر انموذجاً، هيئة تراث الشهيد الصدر، النجف، ص 15-16. ([xxviii]) نفس المصدر ([xxix]) الطائي، صادق (15/12/2016)، صراع المرجعيات الدينية في النجف؛ التيار الصدري نموذجا، الحوار المتمدن، العدد 5372، http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=541427&r=0 (متاح: 5/3/2020). ([xxx]) یوتیوب(13/6/2009)، "مادار بين السيد الصدر والسيد السيستاني"، https://www.youtube.com/watch?v=DD1EwyDDtYw&t=213s، (متاح: 12/3/2020). ([xxxi]) الخیون: 100 عام، مصدر سابق، ص364. ([xxxii]) الصدر، مقتدی السید محمد، المرجعیة، مصدر سابق، صص 15-20. ([xxxiii]) الخیون، 100 عام، مصدر سابق، صص 372-373. ([xxxiv]) الكبیسی، التیار الصدري، مصدر سابق ([xxxv])الجزيرة نت(2020)، "مقتل الخوئي خلافات في مرجعية الشيعة أم تصفية سياسية"، https://www.aljazeera.net/knowledgegate/opinions/2004/10/3/%D9%85%D9%82%D8%AA%D9%84-، (متاح: 2/3/2020) ؛ سامی جواد كاظم(25/5/2008)، "ضغينة مرجع بغداد قتلت الخوئي"، http://burathanews.com/arabic/articles/42255، (متاح: 3/3/2020). ([xxxvi]) سلمان، مصدر سابق، ص340. ([xxxvii]) الجزیرة(27/3/2008)، "مقتدى الصدر يدعو لوقف صولة الفرسان والائتلاف يؤيدها"، https://www.aljazeera.net/news/arabic/2008/3/27/%D9%85%D9%82%D8%AA%D8%AF%D9%89-, (متاح: 10/3/2020). ([xxxviii]) صوت العراق (10/2/2020)، "العامري يتبنى وساطة للصلح بين الصدر والمالكي لترميم البيت الشيعي"،https://www.sotaliraq.com/2020/02/10/ -، (متاح: 5/3/2020). ([xxxix]) سلمان، حركات وأحزاب، مصدر سابق، ص341. ([xl]) الحرة (19/5/2018)، "الانتخابات العراقية.. كتلة 'سائرون' تتصدر النتائج النهائية"، https://www.alhurra.com/a/iraq-election-final-results/437171.html(متاح: 3/3/2020). ([xli]) الصدر، مقتدی السید محمد(2018): بیان حول هیكلة سرایا السلام، المكتب الخاص، http://jawabna.com/index.php/permalink/10888.html ( تاح: 4/3/2020). ([xlii]) المصدر نفسه ؛ سي ان ان بالعربي (22/6/2014)، "سرايا السلام... مليشيات مقتدى الصدر الجديدة"، https://arabic.cnn.com/middleeast/2014/06/22/sadr-peace-unit (متاح: 5/3/2020). ([xliii]) یوتیوب(24/2/2020): لقاء السيد مقتدى الصدر وحوار صريح، https://www.youtube.com/watch?v=vZdGNgta8GI (متاح: 2/3/2020). ([xliv]) السوداني، مناف محمد(2011)، الانتخابات والأحزاب السياسية، التفسير المكاني للانتخابات 2005-2010 البرلمانية في العراق انموذجاً، دار الكتب والوثائق، بغداد، 68-69. ([xlv]) سی ان ان العربیة، مصدر سابق؛ بی ب سی العربیه(19/5/2018): تحالف الصدر يفوز بالانتخابات البرلمانية في العراق، موقع بي بي سي عربي، https://www.bbc.com/arabic/middleeast-44178665 (تاريخ الزيارة: 4/3/2020). ([xlvi]) حارث حسن(28/3/2008)، "التيار الصدري: بين الشعبية والشعبوية"، مجلة الحوار المتمدن الإلكترونية، العدد 2234، http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=129588&r=0 (متاح: 25/2/2020). ([xlvii]) حارث حسن(16/2/2020)، "العراق:موقف الصَّدر من الحراك الاحتجاجي وترشيح علاوي"، مركز الإمارات للسیاسات، https://epc.ae/ar/brief/iraq-sadrs-position-on-the-protest-movement-and-the-nomination-of-allawi (متاح: 7/2/2020). ([xlviii]) الكبيسي: التيار الصدري، مصدر سابق. ([xlix]) جوابنا(2020)، البيانات، )//jawabna.com/index.php/index.html?search_option متاح: 1/3/2020). ([l]) الصدر(2018). بحث حول التقليد، النجف: المكتب الخاص للشهيد الصدر، صص 10-20. ([li]) الكبیسی، التيار الصدري، مصدر سابق؛ حارث حسن، موقف الصدر، مصدر سابق ([lii]) الصدر، لقاء الشرقیة، مصدر سابق. ([liii]) العنبر، أیاد(2018)، الزعامات الشیعیة فی العراق: صراع السلط و النفوذ،<://www.alhurra.com/a/%D8%A7%D9%84%D8%B2%D8%B9%D8%A7%D9%85%D8%A7%D8%-(متاح: 26/2/2020). ([liv]) الحكیم(2020)، "السیرة الذاتیة للسید عمار الحكیم، الموقع الشخصي"، https://ammaralhakeem.com/ar/page/1 (متاح: 5/3/2020). ([lv]) یقین(31/7/2017)، "صولاغ يكشف اسباب تمزق المجلس الاعلى وخروج الحكيم منه"، https://yaqein.net/politics/50372 (متاح: 4/3/2020). ([lvi]) أيوب، نور(18/7/2019)، "تظاهرات لـ«الحكمة» غداً في بغداد والمحافظات: ألعب أو أخرّب الملعب؟"،https://al-akhbar.com/Iraq/273684 (متاح: 29/2/2020). ([lvii]) السومریة نیوز(24/7/2017)، "الحكيم يعلن تأسيس تيار الحكمة الوطني"، ://www.alsumaria.tv/news/210878/%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%83%D9%8A%D9%85(متاح: 3/3/2020). ([lviii]) بغداد الیوم (2018)، استمارة النتائج الأولیة للانتخابات العامة 2018 المفوضیة العلیا المستقلة للانتخابات فی العراق، https://baghdadtoday.news/ar/news/44637/%D8%A8%D8%BA%D8%AF%D8%A7%D8%AF- (متاح: 18/2/2020). ([lix]) الشمري، انشقاقات التحالف، مصدر سابق. ([lx]) العنبر، الزعامات الشیعیة، مصدر سابق. ([lxi]) إیلاف(17/6/2019)، تيار الحكمة العراقي يعلن تحوّله إلى المعارضة السياسية، موقع إیلاف، https://elaph.com/Web/News/2019/06/1254252.html (متاح: 20/2/2020). ([lxii]) أیوب، تظاهرات الحكمة، مصدر سابق. ([lxiii]) مشرق عباس(20/6/2019)، "معارضة "الحكمة".. تكتيك أم خطوة استراتيجية؟"، https://www.alhurra.com/a/%D9%85%D8%B9%D8%A7%D8%B1%D8%B6%D8%A9- (متاح:27/2/2020). ([lxiv]) اندبندنت (2019): اتفاق تاریخي لإنقاذ حكومة عبدالمهدي، إصلاحات سريعة أم إلتفاف على مطالب المتظاهرين العراقيين، https://www.independentarabia.com/node/72836/%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%AE%D8%A8%D8%A7%D8%B1/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85 متاح:29/2/2020) ([lxv]) الخیون، 100 عام، مصدر سابق، ص445. ([lxvi]) الفضيلة(2020): الهوية التعريفية لحزب الفضيلة الإسلامى، http://www.alfadhela.net.iq/?aa=about_us&menu=2&skin=3&p=Web-Menus، (متاح: 13/3/2020). ([lxvii]) اليعقوبي، موقع سماحة المرجع الديني الشيخ محمد اليعقوبي، (18/6/2016): السيرة الذاتية، الموقع الرسمي، لينكى: https://yaqoobi.com/arabic/6/5038.html، (متاح: 13/3/2020). ([lxviii]) نفس المصدر ([lxix]) حزب الفضيلة الإسلامي، الهوية التعريفية، مصدر سابق. ([lxx]) الخیون، 100 عام، مصدر سابق، 465. ([lxxi]) الماجدی، عبدالرحمن (13/5/2006): وزارة النفط تؤخر تشكيل الحكومة العراقية، موقع إیلاف، https://elaph.com/Web/Politics/2006/5/148112.html (تاريخ الزيارة: 3/3/2020) ([lxxii]) مصطفى حبيب (31/1/2013)، قانونان للشيعية يثيران اعتراضات كثيرة، موقع نقاش، https://www.niqash.org/ar/articles/society/3318/، (تاريخ الزيارة: 13/3/2020). ([lxxiii]) الشمري، براء (29/3/2019)، خلافات تهدد بتفكك أحد أبرز الأحزاب السياسية العراقية، موقع العربي الجديد، https://www.alaraby.co.uk/politics/2019/3/29/%D8%AE%D9%84%D8%A7%D9%81%D8%A7%D8%AA-,، (تاريخ الزيارة: 13/3/2020). ([lxxiv]) طالب عزيز، خريف الدعوة، مصدر سابق، 14-15. (75) Harith hasa (25/ 4/ 2019), "From Radical to Rentier Islamism: The Case of Iraq’s Dawa Party, Carnegie", https://carnegie-mec.org/2019/04/16/from-radical-to-rentier-islamism-case-of-iraq-s-dawa-party-pub-78887,(accwssed:5\3\2020). ([lxxvi]) موازین نیوز (17/10/2019)، المالكی: نرفض اسقاط الحكومة بالعنف و حزب البعث هو الدولة العميقة وليس حزب الدعوة، https://www.mawazin.net/Details.aspx?jimare=68864 (متاح 16/3/2020). ([lxxvii]) رویترز (11/2/2020): حزب الله اللبناني يتولى توجيه الجماعات المسلحة العراقية بعد مقتل سليماني، وكالة رويترز، https://ara.reuters.com/article/idARAKBN2052K2 (تاريخ الزيارة: 12/3/2020). ([lxxviii]) الصدر: لقاء الشرقية، مصدر سابق. ([lxxix]) صحیفة العرب، (26/1/2020)، ايران تلعب ورقة مقدى الصدر لتخريب الحراك الشيعي، العدد 1598، ص1. ([lxxx]) الجزيرة (4/3/2020)، "تشكيل الحكومة العراقية.. هؤلاء أفشلوا حكومة علاوي"، https://www.aljazeera.net/news/politics/2020/3/4/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82 (متاح: 13/3/2020). ([lxxxi]) الصدر، مقتدى السيد محمد(22/2/2020)، تغريدة على الصفحة الرسمية بتويتر،https://twitter.com/Mu_AlSadr/status/1231153720236208130/photo/1 (متاح: 13/3/2020). ([lxxxii]) العنبر، الزعامات الشيعية، مصدر سابق. ([lxxxiii]) حزب الفضيلة الإسلامي، الهوية التعريفية، مصدر سابق.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف سبەینێ لیژنەی هاوبەشی یەكێتیو گۆڕان بۆ یەكەمجار كۆدەبێتەوە، ئەمە قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبە، گۆڕان چاوی لە پۆستەكانی پارێزگای سلێمانییە، یەكێتیش چاوی لە كاری هاوبەشە لەناو حكومەت، یەكێتی ئەگەری كشانەوەی لە حكومەت خستوەتە سەر مێزی گفتوگۆ ناوخۆییەكانی، گۆڕان لەگەڵ پارتی رێككەوتنی هەیەو ترسی لە لێكەوتەكانی بڕیاری یەكێتی هەیە بۆ كشانەوە لە حكومەت، بۆیە وەرگرتنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی كردووەتە پێشمەرج بۆ دڵنیابوون لە نیازپاكی یەكێتیو ئەنجامدانی هەر كارێكی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی لەداهاتوودا. سەرەتایەكی نوێ یەكەم رۆژی ئەم مانگە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حزبەكەی سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی. لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 30ی ئەیلولی 2018 جارێكی تر پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵۆزی تێكەوت، دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیو هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان، جۆرێك لە هێوربوونەوە بۆ پەیوەندییەكانیان گەڕاوەتەوەو بەمدواییە هەردوولا بە فەرمی چەندجارێك سەردانی یەكترییان كردووە، ئەمە سەرەتایەكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو گۆڕانە. لەبارەی یەكێتیو گۆڕانەوە ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا بەتەواوەتی لە یەكێتی جیابووەوەو لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی بزوتنەوەیەكی نوێی بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان" راگەیاند، ئەو سەردەمە نەوشیروان مستەفا لە وەڵامی ئەوانەدا كە دەیانوت گۆڕان لە یەكێتی ئینشیقاقی كردووە دەیوت:" گۆڕان هێزێكی نوێیەو مونشەقی هیچ حزبێكی تر نییە، ئەوان یەكێتییان بۆ خاوەنەكانی بەجێهێشتووە"، بەڵام ئەمە ئەو وێنایەی كاڵنەكردەوە كە تائێستاش زۆرینەی یەكێتییەكان بزوتنەوەی گۆڕان بە پارچەیەكی جیاكراوە لە یەكێتی تەماشا دەكەن نەك پارتێكی سیاسی سەربەخۆ، یەكێتییەكان بێ گوێدانە گرژی پەیوەندییەكان لەگەڵ گۆڕان ساڵانە لەیادی كۆچی دوای نەوشیروان مستەفادا سەردانی گۆڕەكەی دەكەن. لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو گۆڕان بەچەندین قۆناغی هەڵبەرزو دابەرزدا گوزەری كردووە، لەسەرەتادا گۆڕان ئاڕاستەی ململانێ سیاسییەكانی بەپلەی یەكەم لەگەڵ یەكێتیدا بوو، لە قۆناغێكی تردا ئاڕاستەكەی گۆڕی بۆ پارتیو هەندێكجاریش لە یەككاتدا ركابەرێتی هەردووكیانی دەكرد. سەرباری ناكۆكییەكان، بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 یەكەمین رێككەوتنی فەرمی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بوو، كە هەردوولا ناكۆك بوون لەسەریو هیچیان سازشیان بۆ ئەوی تر نەدەكرد، بەپێی ئەم رێككەوتنە پۆستەكانی پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجەیان لەنێوان خۆیان دابەشكرد. دوای نزیكەی شەش ساڵ لە ئیمزاكردنی، هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە سلێمانی لەنێوان یەكێتیو گۆڕاندا بەنیوەناچڵی ماوەتەوە، جێبەجێ نەكردنی ئەم رێككەوتنە لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا یەكێكە لە سەرچاوەكانی نیگەرانی گۆڕان لە یەكێتی. دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەگەڵ یەكێتی، رۆژی 17ی ئایاری 2016 گۆڕان رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنێكی فراوانتر بوو، ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتیو گۆڕان" هەندێكجاریش بە رێككەوتنی دەباشان ناودەبرێت، رێككەوتنەكە لەنێوان هەردوو كۆچكردوو جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا ئیمزا كرا، بەڵام ئەم رێككەوتنەش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەی ئاسایی نەكردەوە، چونكە رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا، رۆژی 20ی كانونی یەكەمی 2017 بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە رێككەوتنەكەی هەڵپەسارد، بزوتنەوەی گۆڕان لەمەشدا یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە نەبووە. ئێستا وەكو دوو هێزی سیاسی كە زیاتر گۆڕەپانی كاركردنی سیاسییان لە پارێزگای سلێمانیدا چڕبووەتەوە، لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتیدا تەنیا یەك رێككەوتنی فەرمی ماوە كە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانییە، ئەم رێككەوتنەش ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە وادە فەرمییەكەی كۆتایی هاتووەو پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە. مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2018 یەكێتی هەندێك هەوڵیدا بۆ رێكخستنی كۆبونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو تێهەڵچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوانیان، بەڵام ئەوكات گۆڕان سازدانی هەرجۆرە كۆبونەوەیەكی رەتدەكردەوە، میدیای فەرمی گۆڕان رۆژی 29ی كانونی دووەمی 2019 هۆكاری رەتكردنەوەی كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتی لە شەش خاڵدا راگەیاند كە ئەمانە بوون: • نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی بەشێكی گرنگی رێككەوتنی حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی. • بەردەوامی سزادانی سیاسی بزوتنەوەی گۆران و هەڵسوراوانی لە لایەن یەكێتیەوە. • نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوولا. • نەبردنە سەری بەڵێنی رازیبونی یەكێتی بە دواخستنی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان. • هەوڵدانی یەكێتی بۆ پشتگوێخستنی گۆڕان لە كابینەی نوێَی حكومەتدا. • یەكێتی دەیەوێت گۆڕان وەك كارتێك دژی پارتی بەكار بهێنێت. پۆستە بەتاڵەكانی گۆڕان بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، سەرەتای ئەم مانگە كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە، سەركردەكانی هەردوو حزب پرسی پەیوەندییەكانی نێوانیان خستوەتە بەر باس، بزوتنەوەی گۆڕان جارێكی تر نیگەرانی خۆی بە یەكێتی راگەیاندووە لەبارەی ئەوەی هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی جێبەجێ نەكراوەو گۆڕان پشكی تەواوەتی خۆی لە پۆستەكان وەرنەگرتووە. بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەر نزیكبونەوەو كارێكی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی پێشمەرجی ئەوەی داناوە یەكێتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بەتەواوەتی جێبەجێ بكاتو نیازپاكی خۆی نیشان بدات، دواتر گۆڕان ئامادەیە لەبەر رۆشنایی ئەوەدا بڕیاری لە كاری هاوبەش بدات لەگەڵ یەكێتی بەتایبەتیش لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێم. (درەو) زانیویەتی، لەبارەی پرسی پێداچوونەوە بە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی، یەكێتیو گۆڕان لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێناوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەرۆكایەتی لیژنەكەی یەكێتی دەكاتو لیژنەكەی گۆڕانیش شەمال عەبدولوەفا ئەندامی خانەی راپەڕاندن سەرۆكایەتی دەكات، بڕیارە سبەینێ لیژنە هاوبەشەكە یەكەمین كۆبونەوەی خۆی بكات. دیار نییە لە دانوستانی ئەمجارەدا یەكێتیو گۆڕان دەیانەوێت رێككەوتنێكی نوێ لەبارەی پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی ئیمزا بكەن، یاخود تەنیا پۆستە بەتاڵەكانی گۆڕان پڕدەكرێنەوە ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەرێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانیدا (12 بۆ 15) پۆست هەن كە پشكی گۆڕاننو تائێستا یەكێتی رادەستی نەكردووە، لەوانە: • سەرۆكی ئیدارەی راپەڕین • جێگری سەرپەرەشتیاری ئیدارەی گەرمیان • بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان • جێگری پارێزگاری هەڵەبجە • قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە • سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا (ئەم ئەنجومەنە تائێستا دروست نەكراوە) • قایمقامی سەیدسادق • بەپێی رێككەوتنەكە لە كۆی (44) بەڕێوەبەری ناحیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، گۆڕان (19) بەڕێوەبەری ناحیەی بەردەكەوێتو یەكێتیش (18) بەڕێوەبەری ناحیە، سێ بەڕێوەبەری ناحیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی كە بەر گۆڕان كەوتووە تائێستا رادەستی نەكراوە • لیوای پاراستنی نەوتو گاز كە سەربە وەزارەتی ناوخۆیە فراوانتر لە حكومەتی خۆجێی ! لەدوای دروستبوونیەوە ترسی بەردەوامی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە بووە بە ئەندازەی نزیكبونەوەی لە یەكێتی، لەبەرامبەردا لە پارتی دوربكەوێتەوە، ئێستا گۆڕان لە پارتی نزیكەو لە حكومەتدا هاوبەشی سەرەكییەتی، نایەوێت بەبێ وەرگرتنی گرەنتی هیچ جۆرە سەرچڵییەكی سیاسی بكات. ئەرشیفی بزوتنەوەی گۆڕان دەیان لێدوانی سیاسی بەرپرسەكانیی تێدایە كە سكاڵا دەكەن لەبارەی ئەوەی یەكێتی هەركاتێك بیەوێت فشار لەسەر پارتی دروست بكات لە بزوتنەوەی گۆڕان نزیك دەبێتەوەو دواتر كە خۆی لەگەڵ پارتی رێكدەكەوێت گۆڕان بەتەنیایی لە گۆڕەپانەكەدا بەجێدەهێڵێت. ئێستا گەڕێكی نوێی نزیكبونەوەی لەنێوان هەردوولا دەستیپێكردووە، یەكێتی چی لە گۆڕان دەیەوێتو لەبەرامبەردا گۆڕان چی دەخوازێت ؟ ساتی نزیكبونەوەی ئەمجارەی نێوان هەردوو حزب لەكاتێكدایە یەكێتی چەند مانگێكە هەوڵی رێككەوتن لەگەڵ پارتی دەداتو هەوڵەكان تائێستا بێ ئاكام بوونو پارتیو بەدیاریكراویش مەسعود بارزانی نایەوێت دان بە ئەنجامەكانی كۆنگرەی چواری یەكێتیدا بنێت، لەدوای ئەمە ئێستا یەكێتی هەوڵێكی نوێی بۆ نزیكبوونەوەی لەگەڵ گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی دەستپێكردووە. لەلایەكی تر، یەكێتی پرسی كشانەوەی لە حكومەت خستوەتە سەر مێزی گفتوگۆ ناوخۆییەكانیو لەئەگەری بڕیارداندا گۆڕان لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دەبێت هەڵوێستی خۆی یەكلابكاتەوەو بەهەردوولادا زیانی بەردەكەوێت، رەنگە گۆڕان نەیەوێت بكەوێتە ئەو دۆخەوە، بۆیە پشتی لە بیرۆكەی كۆبونەوەی سێقۆڵی كردووەو ئێستا چووەتە ناو دانوستانێكی دوو قۆڵی نوێوە لەگەڵ یەكێتی، گۆڕان لە بنەڕەتەوە لەگەڵ كۆبونەوەی سیقۆڵیدا بوو لەنێوان (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)، بەڵام ئەم هەوڵە بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی بە بنبەست گەیشتووە. (درەو) زانیویەتی، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانیدا بەڵێنی كاری هاوبەشی لە حكومەت بە یەكێتی داوە، بەڵام بەمەرجێك كارە هاوبەشەكە كورت نەكرێتەوە لەدژایەتی پارتیداو بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سنوری ئیدارەی هاوبەشی هەردوو حزب بێت لە سلێمانیو هەڵەبجە. جیاوازی دانوستانی ئەمجارەی نێوان یەكێتیو گۆڕان لەوەدایە، ئەو تیمەی یەكێتی كە دانوستان دەكەن لەوانەن كە پێشتر پشتیوانییان لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی دەباشانی نێوان جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا دەكرد، رێككەوتنێك كە بڕیاربوو تێیدا جارێكی تر هەردوو حزب لەسەر سێ ئاڕاستەی (دارایی- سەربازی- پەیوەندییەكان) لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی هاوبەشدا كۆبكاتەوە. دانوستانی ئەمجارە لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێت كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییەو یەكێك لەوانە بووە بەردەوام پاڵپشتی لە بیرۆكەی رێككەوتنی نێوان گۆڕانو یەكێتی كردووە، سەرۆكی لیژنەی دانوستانكاری یەكێتی لەگەڵ گۆڕان ئەمجارە شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە كە لەماوەی رابردوودا بەردەوام بانگەشەی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی دەباشان كردووە، ئایا یەكێتی دوای كۆنگرەی چوار ئاڕاستەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ گۆڕان بەرەو كوێ دەبات ؟ بە رێككەوتنێكی گشتگیر بزوتنەوەی گۆڕان لە پارتی دوردەخاتەوە، یاخود دانوستانی ئەمجارەش سوڕانەوەیە لەناو بازنە كۆنەكەدا.
راپۆرت: نەزیر عەلی ئۆپهراسیۆنا تركیا ل ههفتهنین دژی (PKK) گههشتییه قۆناغا داویێ، بتنێ چهند رۆژهك، یان نێزیكی مهههكێ ماینه كو ههموو دهڤهرا ههفتهنین دێ كهڤیته ژێر كۆنترۆلا لهشكهرێ تركیا، ئهگهر (PKK) بشێت ههتا ههلبژاردنێن بهێت یێن تركیا، ههفتهنین ب پارێزیت، دێ بیته مهزنترین سهركهڤتن و موعجیزهیا دیرۆكا (PKK). ئهڤ زانیارییه نه لێدانه ل مهعنهویات و خهبات و قۆربانیدانا (PKK)، یان كوردان، بهلكو راستییهكه و چهند رۆژێن بهێت دێ بینین. ژبلی خهباتا درێژ یا پێشمهرگهیان، چێبوونا ڤێ ههرێمێ ب منهتا پهكهكێ ژی دبینم، چنكو سالا 1991-ێ، تركیا ب سهرۆكایهتیا (تۆرگۆت ئۆزال) پشتهڤانییا پرۆژێ فهرەنسا كر و ئهڤ ههرێمه چێكر. ئارمانجا تركیا بوو باشوورێ كوردستانێ نهكهڤیته دهست (PKK) چنكو 1991-ێ، ژ بلی (PKK) چۆ هێز نهمابوونه ل باشوورێ كوردستانێ. ئهڤ گۆتنه، سالا 2010-ێ، دهمێ فێربوونا پیتێن راگههاندنێ، من ل رۆژنامهیا وار بهلاڤكربوو، وی دهمی ههڤكارهكێ مه (رێناس جانۆ) رهخنه ل من گرت كو من روولێ (تۆرگۆت ئۆزال) بهرامبهر كوردان خراب نیشاندایه، لێ ئهوی بخوه مۆكێبێ رۆژنامهیێ ئیمزاكر و مژار وهكی من ڤیای بهلاڤبوو. بهری دوو مههان رۆژنامهنڤیس و چاڤدێرێ ناڤدار یێ سیاسهتا تركیا(حسنی مهحلی) ل تركیا گۆت:"(تۆرگۆت ئۆزال) سالا 1991-ێ، ههولدا ب درووستكرنا ههرێما كوردستانێ باكوورێ ئیراقێ بكهته پارچهك ژ تركیا، لێ تركیا سهركهڤتی نهبوو". واته تركیا ژ ترسێن (PKK) روول د چێكرنا ڤێ ههرێمێ دا ههبوو، ئهگهر باشوورێ كوردستانێ ههموو داكهڤیته دهستێن (PKK). نووكه، (PKK) حكومهتا ههرێمێ و تركیا خۆدانێن ڤێ ههرێمێ نه. جارهكادی دێ ڤهگهرم ههفتهنین: بۆچی تركیا د ئۆپهراسیۆنا نووكهدا سهركهڤتییه؟ - ههموو ئۆپهراسیۆنێن دهربازبوویی، دهمهكێ دیاریكری ههبوون، نمۆنه: ئۆپهراسیۆنا 1995-ێ 45 رۆژ بوو. - ئۆپهراسیۆنا نووكه چۆ دهمێن دیاركری نینن. - دهمێ سالهكێ یه، تركیا دهست ب ڤێ ئۆپهراسیۆنێ كرییه، دهمێ نێزیكبوونا سهركهڤتنێ ئانكو ناڤهراستا ڤێ مههێ ناڤ و هێرشێن داویێ یێن ئۆپهراسیۆنێ ب زهقی خستنه ناڤ راگههاندنێ. - تركیا دوور ژ گڤاشتنێن ئهوروپا، ئهمریكا و نهتهوهیێن ئێكگرتی، ئۆپهراسیۆنێ ئهنجامدهت. - راپۆرتا وهزارهتا دهرڤه یا ئهمریكا بۆ سالا 2019-ێ، (PKK)جارهكادی وهك تیرۆرست ناسكرییه و ماف دایه تركیا هێرش بكهته سهر (PKK). لدووڤ زانیاریێن راپۆرتا (جان كێری) ئهندامێ ئهنجۆمهنێ پیرێن ئهمریكا(داگیركرنا باكوورێ ئیراقێ ژ ئالیێ تركیا)كو 28-ێ ئادارا 1995-ێ، ئاراستهی (بیل كلنتۆن) سهرۆكێ ویلایهتێن ئێكگرتیێن ئهمریكا كربوو و پشتبهستن لسهر زانیاریێن سیناتۆر (رۆد ئیسلهند) كربوو، گۆتبوو:"20-ێ ئادارا 1995-ێ، نێزیكی 35 هزار لهشكهرێن تركیا سنوورێ ئیراقێ ب كۆراتیا 25 كیلومهتران بهزاندن و هێرشهكا مهزن كرنه سهر گهریلایێن كورد یێن پارتیا كاركهرێن كوردستان (PKK). بهری 25 سالان، ههلوهستێ گهلهك ئهندامێن كۆنگرێس و جڤاتا پیرێن ئهمریكا ل دژی تركیا بوو، هێرشا تركیا وهك داگیركرنا باكوورێ ئیراقێ بناڤ دكر. لهوما ژبهر گڤاشتنێن ئهمریكا (تانسۆ چیلهر) سهرۆك وهزیرا وی دهمی یا تركیا گۆت:"ئۆپهراسیۆنا وان بتنێ دێ 45 رۆژان بهردهوام بیت، لێ ههردهمێ پێدڤیبوو ئهو دێ ئۆپهراسیۆنا دژی تیرۆرستێن (PKK) ل دهرڤهی سنوورێن تركیا ئهنجامدهن". سالا 1995-ێ، ئۆپهراسیۆنا 35 هزار لهشكهران سهرنهكهڤت كو 150 میلان لسهر سنووری هاتبوو ئهنجامدان، شهڕێن گهلهك دژوار ل ههفتهنین هاتبوون كرن، پشتی دهمێ ئۆپهراسیۆنێ تركیا ههموو لهشكهرێن خوه نهڤهكێشان، ژمارهكا لهشكهران ل (گرێبی، بامهرنێ، ئامێدیێ و كانی ماسێ) بجهكرن. دیارترین دهستكهڤتێن ئۆپهراسیۆنا نووكه: - راكرنا مهزنترین كهلا بهرخوهدانا (PKK) ل 36 سالێن دهربازبوویی. - جێبهجێكرنا پلانا ڤالاكرنا دهڤهرێن سنووری ههر ژ زاخۆ تا خواكورك ب كۆراتییا 40 كیلومهتران. - نههێلانا مهترسییا (PKK) بۆ سهر لهشكهرێن تركیا ل دهرگههێن ئیبراهیم خهلیل و سێمالكا د پاشهرۆژهكا نێزیك دا. - بجهئینان شهش خالێن میساقا مللی یا 1918-ێ بۆ ڤهگهراندنا ویلایهتا مووسل بۆ سهر "دهولهتا مهزنا تركیا". ئهگهر تركیا پشتی كۆنترۆلكرنا ههفتهنین، بتنێ د ئێك ئارمانجا خوهدا سهركهڤتی بیت كو كۆنترۆلكرنا سێگوشا سنوورییه ههر ژ ههفتهنین تا سێمالكا و ئۆڤاكۆ، دێ بیته مهزنترین لێدان ل كوردێن باشوور، رۆژئاڤا و باكوور، چنكو سالا 1991-ێ، تا نووكه تركیا خهونان ب گرتنا دهرگههێ ئیبراهیم خهلیل-ڤه دبینیت، لێ چنكو دهرگههێ ئێكانهیێ بازرگانییا دگهل ئیراقێ یه، تركیا نهشییایه وی دهرگههی بگریت، ئهگهر تركیا سێگۆشا سنووری ههموو كۆنترۆلكر، یهكسهر دێ خهونا 30 سالان، ئانكو ڤهكرنا دهرگههێ ئۆڤاكۆ دگهل ئیراقێ جێبهجێ كهت و پێدڤی ب منهتا ئیبراهیم خهلیل و ههرێما كوردستانێ نابیت. گرنگییا ئۆڤاكۆ: ههولێن تركیا بۆ رێككهڤتن دگهل ئیراقێ بۆ ڤهكرنا دهرگەهەكێ نوو ل شوونا ئیبراهیم خهلیل ل قهزا زاخۆ یا ئیراقێ بهردهوامن. ئهو دهرگەهێ تركیا دخوازیت تازه دگهل ئیراقێ ڤهكهت دكهڤیته دهڤهرا ئۆڤاكۆ یا ههڤسنوور دگهل ئیراقێ كو 25 كیلۆمهتران دكهڤیته رۆژئاڤایێ دهرگههێ ئیبراهیم خهلیل، تركیا دخوازیت ب ڤی دهرگەهی راستهوخوه كهلوپهلان ڤهگۆهێزیت تهلهعفهر و ههرێمێن سوننهیان و باشوورێ ئیراقێ. ژ بلی كو دهرگەهێ ئۆڤاكۆ دێ قهبارهیێ بازرگانییا تركیا دگهل ئیراقێ زێدهكهت، دههمان دهمدا دێ بیته شوونگرێ دهرگەهێ ئیبراهیم خهلیل كو ئهڤهژی دێ بیته شهڕهكێ بهێز یێ تركیا بهرامبهر ئابورێ ههرێما كوردستانێ و تركیا پێدڤی ب قهنجی و منهتێن ههرێما كوردستانێ نابیت تا كهلوپهلێن خوه ڤهگۆهێزیت ئیراقێ. ههولێن تركیا بۆ ڤهكرنا ئۆڤاكۆ پشتی سالا 1991-ێ، تركیا ههولدان دگهل رژێما سهدام حسێن، دهرگههێ ئوڤاكۆ دگهل ئیراقێ ڤهكهت، لێ دهمێ هێزێن ئیراقێ ژ تهلهعفهر ههولداین بهر ب سنوورێ ئوڤاكۆ بچن، بالهفڕێن ئهمریكا ل بنگههێ ئهنجهرلیك ل تركیا رێگری ل لهشكهرێ ئیراقێ كر، دووهم ههولا جدی یا تركیا بۆ ڤهكرنا ڤی دهرگەهی پشتی ریفراندۆما سهرخوهبوونا كوردان بوو ل ههرێما كوردستانێ كو25-ێ ئهیلولا سالا2017-ێ، ئهنجامدابوو. ئۆڤاكۆ دناڤبهرا ئهنقهره و بهغدایێ دا نووكه، ترافیك ل ئۆڤاكۆ نینه، لێ ترافیكا ناڤبهرا بهرپرسێن تركیا و ئیراقێ لدۆر ڤێ مژارێ بهردهوامه، نووكه، چۆ رێككهڤتن دناڤبهرا ئیراقێ و تركیا دا لسهر ڤهكرنا دهرگەهێ ئۆڤاكۆ نههاتینه ئیمزاكرن، لێ پشتی كۆربهندا (توركێت- عێراق) ل 24-ێ نیسانا 2019-ێ ل بهغدا، محهمهد هاشم عانی، وهزیرێ بهرێ یێ بازرگانییا ئیراقێ گۆت:"لیژنهك ژ وهزارهتا بازرگانی و ڤهگۆهاستن و گههاندنێ و وهزارهتا دهرڤه و فهرمانگهها گۆمركان، بهردهوام دانوستاندنان دگهل حكومهتا تركیا دكهن و كارێ ڤهكرنا دهرگەهەكێ نوو دگهل تركیا باش برێڤهدچن، دهمهكێ نێزیك ئهو دهرگەهـ دێ هێته ڤهكرن". سالا دهربازبوویی ههوالگیرییا ئیرانێ بۆ راگههاندنا وهلاتێ خوه گۆتبوو:"د سهرهدانا بهغدایێ دا، ل 27-ێ نیسانا 2019-ێ، مهولۆد چاوش ئۆگلۆ، وهزیرێ دهرڤه یێ تركیا، داخواز ژ بهرپرسێن ئیراقێ كر پێكڤه لهزێ ل ڤهكرنا دهرگەهێ ئۆڤاكۆ بكهن". دیارترین ئارمانجێن تركیا ل ئۆڤاكۆ: - تركیا پێدڤی ب ههرێما كوردستانێ نهبیت كو دهرگههێ ئیبراهیم خهلیل بكاربینیت. - گههشتنا كهلوپهلێن تركیا بۆ ناڤهراست و باشورێ ئیراقێ ب رهنگهكێ راستهوخوه. - تركیا ب رێكا ئیراقێ بگههیت وهلاتێ ئوردن. - توركیا ب رێكا ئیراقێ بگههیت وهلاتێن كهنداڤی. - ژكارخستنا دهرگههێ سێمالكا دناڤبهرا باشوور و رۆژئاڤایێ كوردستانێ دا. ههرێم بێدهنگه! ل ههرێما كوردستانێ و ئیراقێ چۆ دهنگێن نهرازیبوونێ بهرامبهر ڤهكرنا دهرگههێ ئۆڤاكۆ نهبووینه. ل گۆرهی دهستوورێ ئیراق(وهلاتێ ئیراقێ ماف ههیه ل سنوورێن ههرێما كوردستانێ دگهل وهلاتێن جیران دهروازهیێن نوو ڤهكهت و حكومهتا ههرێما كوردستانێ ژی د ئیدارهكرنا وان دهروازهیان دا پشكداربیت). كاریگهریا ئۆڤاكۆ لسهر دهۆك دهرگههێ ئیبراهیم خهلی، قازانجهكا راستهوخوه بۆ پارێزگهها دهۆك ههیه، 70% ژ كۆمپانیێن بازرگانی ل دهۆك كهلوپهلێن تركیا ژ دهرگەهێ ئیبراهیم خهلیل ڤهدگۆهێزن مووسل و باژارێن دی یێن ئیراقێ. ئهگهر تركیا و ئیراق لسهر ڤهكرنا دهرگههێ ئوڤاكۆ رێككهڤتن، دێ كاریگهریهكا خراب لسهر بازرگانییا ئیبراهیم خهلیل چێبیت، چنكو وی دهمی تركیا پێدڤی ب ئیبراهیم خهلیل نابیت. ل گۆرهی ئامارێن وهزارهتا بازرگانییا ئیراقێ، سالا 2018-ێ، قهبارێ ئالۆگۆرییا بازرگانی ل دهرگههێ ئیبراهیم خهلیل 13 ملیار دولاربوون، لێ ب ڤهكرنا دهرگههێ ئوڤاكۆ، ئێدی ئیبراهیم خهلیل ئهڤ قهبارێ ئالۆگۆریا مهزن نامینیت. ههموو ئهڤ مژارێن من بهحس كرین، گرێدایی وی نهخشهینه یێ فهرهنسا و جڤاتا ئاسایشا سهر ب نهتهوهیێن ئێكگرتی ل سالا 1991-ێ بۆ كوردان چێكری. ئهرێ فهرهنسا و جیهان ههموو دێ بهرامبهر ڤان ههموو پلان و گۆههرتنێن تركیا لسهر ڤی نهخشهی بێدهنگ بن، یان دێ تبلا تركیا ل شوونا مۆرێ لسهر ئاڤێ دانن؟
راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازڵ حەمە رەفعەت دوای نزیکەی دوو هەفتە، حکومەتی هەرێم موچەی تەنیا (چوار) وەزارەتی دابەشکردووە، حکومەت هەم موچەی موچەخۆرانی دەستکاریکرد، هەم وادەی دابەشکردنی موچەی لە (٣٠ رۆژەوە بو ٦٠ رۆژ) درێژ کردەوە، حکومەت تاوەکو نزیكی جەژنی قوربان دابەشكردنی موچەی شوبات درێژدەکاتەوە، ئەمە کۆتایی کێشەکە نییە، بەپێی بەدواداچونەکانی (درەو) تەنانەت لەدوای ریككەوتنی لەگەڵ بەغداد و بەرزبونەوەی نرخی نەوتیش، بۆ مانگی داهاتوو حکومەت ناچارە رێژەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران زیاتر بکات، واتا دەستكاریكردنی موچە بڕیارێکی حەتمیە. مەسرور بارزانی قەرزی کرد ؟ سەرباری ئەوەی بەرپرسانی کابینەی مەسرور بارزانی بەدیاریکراویش (رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ) پێشتر چەندینجار دڵنیاییاندا لەبارەی ئەوەی حکومەت دەستکاری موچە ناکات، بەڵام حكومەت رۆژی ٢٠٢٠/٦/٢١بڕیاریدا رێژەی (٢١٪)ی موچەی موچەخۆران کەمبکاتەوە. بەهانەی حکومەت بۆ دەستکاریکردنی موچە ئەوەبوو، بڕی (٦٠٠ ملیۆن) دۆلاری لەبەردەستدایە، ئەم بڕە پارەیە بەشی خەرجی موچە ناکات کە مانگانە پێویستی بە (٧٥٥ ملیۆن) دۆلارە. بڕیار بوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بڕی (١٠٠ ملیۆن) دۆلار قەرزبکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە، بەڵام پێناچێت قەرزەکەی کردبێت. سەرباری ئەوەی حکومەت کورتهێنانی خەرجی موچەی لەسەر حسابی لێبڕینی (٢١٪)ی موچەی موچەخۆران چارەسەرکرد، بەڵام بەوشێوەیەش دوای نزیكەی دوو هەفتە لەو بڕیارە، تائێستا تەنیا موچەی (٤) وەزارەتی دابەشكردووە (تەندروستی، ناوخۆ، پێشمەگە، دارایی)، پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر پارەی موچە ئامادەیە بۆچی حکومەت دابەشی ناكات لەكاتێكدا لیستی تەواوی وەزارەتەكان ئامادەیەو بڕی لێبڕینی رێژەی (٢١٪) لەسەر تەواوی فەرمانبەران جێگیرکراوە جگە لە پلەباڵاكان و ئەوانەی موچەکەیان لە (٣٠٠ هەزار) دینار كەمترە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەت دەیەوێت لەیەك كاتدا هەردوو ئۆپشنەكە جێبەجێ بكات کە پێشتر لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرا: ٭ ئۆپشنی یەکەم: بڕینی موچەی موچەخۆران بەڕێژەی ٢١٪ ٭ درێژکردنەوەی وادەی دابەشكردنی موچە لە ٣٠ رۆژەوە بۆ ٦٠ رۆژ حکومەت ئێستا ئۆپشنی بڕینی موچەی جێبەجێكردووەو دەیەوێت ئۆپشنی درێژكردنەوەی ماوەی دابەشکردنی موچەش جێبەجێ بكات، هەربۆیە هەفتانە موچەی دوو بۆ سێ وەزارەت دابەش دەكات و دەیەوێت تا پێش جەژنی قوربان بە موچەی مانگی شوبات بەڕێی بكات و دواتر دەست بە دابەشكردنی موچەیەكی تر بكات. بژاردەکانی بەردەم حكومەت ئێستا حكومەت بەچەند رێگەیەك دەیەوێت داهاتی زیاتر دەستبخات، بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆران دابین بكات: ٭ رێگەی یەكەم: حكومەت ئێستا سەرقاڵی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییە، ئەو یاسایە لە ٧/١ ەوە چوەتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام ئەگەر حكومەت موچەی مانگی داهاتوو دابەش بكات كە موچەی مانگی ئازارە، ئەم یاسایە بەسەر موچەخۆراندا جێبەجێ ناكرێت، بۆیە حكومەتی هەرێم بیر لە پاشەكەوتكردنی موچەی مانگەكانی (٣، ٤، ٥، ٦) دەكاتەوەو دەیەوێت لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی تەموز بكات، بۆ ئەوەی یاسای چاكسازی جێبەجێ بكات و بەشێك لە داهاتی بۆ بگەڕێتەوە. ٭ رێگەی دووەم: حكومەت ناچارە بۆ مانگی داهاتوو دەستكاری زیاتری موچە بکات، كە رەنگە بۆ دەستكاریكردنی موچە جیاواز لە شێوازی بڕینی موچەی مانگی شوبات (٢١٪) شێوازێكی تر بگرێتەبەر، ئەویش لەڕێگەی دەستكاریكردن و رێكخستنەوەی دەرماڵەكانەوە بێت (٥٦٪ی خەرجی كۆی موچەی موچەخۆران بۆ دەرماڵەکان دەڕوات، واتا لەكۆی ٨٩٤ ملیار دینار ٥٠٢ ملیار دیناری موچە بۆ دەرماڵەیە)، ئەگەری بەهێز ئەوەیە حكومەت لەڕێگەی دەستكاریكردنی دەرماڵەكانەوە (كە پاڵپشتی پەرلەمانی هەیەو بەپێی مادەی (٥)ی یاسای چاكسازی دەتوانێت دەستكاری دەرماڵەكان بكات) دەستكاری موچە بكات، دەستكاریكردنەكەش بەپێی ئەو پارەیەیە کە دوای رێککەوتنەکە لەبەغدادەوە دێت. رێگەی سێیەم: حكومەت چاوەڕوانی رێككەوتنی كۆتاییە لەگەڵ بەغداد، چونكە تا رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغداد نەچێتە بواری جێبەجێكردن ناتوانێت بڕێكی دیاریكراو بۆ موچە دیاری بكات، ئەویش لەبەر چەند ئەگەرێك: لەدوای رێككەوتنی كۆتایی نێوان هەولێرو بەغداد، ئەگەر هەرێم تەواوی نەوتەكەی رادەستكرد یان (٢٥٠ هەزار) بەرمیل و نیوەی داهاتی ناوخۆ، لە باشترین حاڵەتدا مانگانە (٦٠٠ ملیار) دیناری لە بەغدادوە بۆ دێت، ئەم پارەیە تەرخاندەکرێت بۆ خەرجی موچەو ئەو نیوە داهاتەی تری ناوخۆش کە لای حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە بۆ خەرجی بەكاربردن تەرخاندەکرێت. ئەگەر تەواوی ئەو پارەیەی لە بەغدادوە دێت، بۆ موچە تەرخانبكرێت، كە مانگانە نزیكەی (٦٠٠ ملیار) دینارە، ئەوا نزیكەی (٣٠٠ ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت لە كۆی خەرجی مانگانەی موچە كە (٨٩٤ ملیار) دینارە، واتا پارەکەی بەغداد بەرێژەی (٣٤٪)ی کورتهێنانی هەیە بۆ پڕکردنەوەی خەرجی موچەی هەرێم، كۆی موچە، لەم حاڵەتەدا حکومەتی هەرێم هاوشێوەی ئێستا ناچارە کورتهێنانەکە لە موچەی موچەخۆران ببڕێت و رێژەی لێبڕینی موچەی موچەخۆران لە (٢١٪)و زیاد بکات بۆ (٣٤٪). بەڵام لە حاڵەتی رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد، حکومەتی هەرێم تەواوی داهاتەكەی بریتی دەبێت لە: ٭ داهاتی نەوت: رۆژانە (٤٣٥ هەزار) بەرمیل نەوت رەوانە دەكات، بۆ مانگی رابردوو كۆی داهاتی نەوت كە خرایەبەر دەستی وەزارەتی دارایی (٨٦ ملیۆن) دۆلار بووە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە داهاتی نەوت وەك جارانیشی لێبیێتەوە، دەهاتەکەی دەكاتە (٢٩٥ ملیۆن) دۆلار كە پێشتر لە داهاتی نەوت دەخرایە خەزێنەی حكومەتەوە. ٭ داهاتی ناوخۆ: ئێستا نزیكەی (٩٠ ملیار) دینارە، ئەگەر وەك جارانیشی لێبێتەوە كە نزیكەی (٢٧٠ ملیار) دینار بوو. ٭یارمەتییەکەی هاوپەیمانان كە ٢١ ملیار دینارە. كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم بەبێ پارەی بەغداد ئێستا نزیكەی (٢٠٠ ملیۆن) دۆلار دەبێت. خۆ ئەگەر داهاتەكانی هەرێم وەك جارانی لێبێتەوە، ئەوا كۆی داهاتەكانی هەرێم بەبێ بەغداد نزیكەی (٦٠٠ ملیار) دینار دەبێت، لەم حاڵەتەشدا بەهەمان شێوەی حکومەتی هەرێم لە خەرجی موچەدا (٣٠٠ ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، واتا لەم حاڵەتەشدا حكومەت ناچارە دەستكاری موچە بكات. ٭ تەنها لەیەك حاڵەتدا حكومەت دەستكاری موچەی موچەخۆران ناكات كە بەشێك لە وەزیرەكان لەگەڵ ئەو ئۆپشنە بوون، ئەویش درێژكردنەوەی وادەی دابەشكردنی موچەیە لە (٣٠) رۆژەوە بۆ (٦٠) رۆژەو كۆكردنەوەی داهاتی دوو مانگی هەرێم و دابەشكردنی موچەی یەک مانگە، لەم ئۆپشنەدا موچە ٥٠٪ كەم دەكات، چونكە ئەگەر فەرمانبەرێك موچەكەی (ملیۆنێك) دینار بێت ئەگەر بە (٦٠) رۆژ جارێك دابەشبكرێت ئەوا دەكاتە (٥٠٠ هەزار) دینار، واتا (٥٠٪) ی موچەكەی دەستكاری دەكرێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەگەڵ بەغداد رێکبکەوێت یان نا، پارە لە بەغدادەوە بێت یان نا، نرخی نەوت بەرزببێتەوە یان نا، حکومەت دەستكاری موچە دەكات، دەستکاریکردنی موچە بڕیارێکی حەتمیە تەنانەت ئەگەر قەیرانی کۆرۆناش تێپەڕێت.
ئامادەكردنی: خالید ڕەزا ئەمین - درەو پارتی و یەکێتی لە ململانێی نادیموکراسییانەی خۆیاندا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر خەڵکیان بە ناوی پێشمەرگەی دێرین و ژنی شاخەوە، هی هەردو شۆڕشەکە "ئەیلول و گوڵانی" پارتی دیموکراتی کوردستان و "شۆڕشی نوێ"ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دور لە هەموو پرەنسیپێک، بە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و خزمخزمێنە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، لەسەر بودجەی گشتی، خانەنشین کردوە. لێرەدا ئەم پێشنارە بۆ حکومەت ئەکەم، ئەگەر بتانەوێ کاتتان بۆ بگەڕێتەوە، ئەوا بە تەنها بڕیارێک، ژمارەیەکی زۆر و بە کاتێکی کەم بەشێک لە لیستەکە بژار ئەکەن. بڕیاری ئەوە بدەن، ئەوانەی لە دایک بوی ١٩٧٣-١٩٩١ لە لیستی پێشمەرگەی دێریندا نوسراون، یەکسەر بسڕدێنەوە، چونکە ئەگەر کەسێک لە ١٩٧٣ لە دایک بو بێ لە هەلگیرساندنەوەی "شۆڕشی نوێ و گوڵان لە ساڵی ١٩٧٦دا، تەمەنی تەنها سێ ساڵ بوە!! هەتا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ تەمەنی بوە بە ١٨ ساڵ!! بۆیە لە دایکبوانی ١٩٧٣، ١٩٧٤، ١٩٧٦... بێ هیچ دودڵییەک ئەبێ لە لیستی پێشمەرگەی دێرین (پێش ڕاپەرین) لاببرێن! کە رەنگە هەزران کەس بن. پێشەكی سەرەتا ئەمەوێ جەخت لەوە بکەمەوە، کە ئەم نوسینەی من بە مەبەستی بەشداریکردنە لە راستکردنەوەی ئەو کاروکردەوە نا رەوانانەی هەردو هێزی فەرمانڕەوا (پارتی و یەکیتی) لە بەرامبەر خەبات و ماندوبونی هەزاران رۆلەی ئەم نیشتمانەدا، کردویانە. ئەم نا رەوایەتییە لە ساڵی ١٩٦١وە دەست پێ ئەکا و، لە راپەرینی سالی ١٩٩١ کۆتایی دێ. لەدوای راپەرینەشەوە هەمان شتکراوە. بەلام مەبەست لەم نوسینە هەتا ڕاپەڕینە. ناحەقیەکانی دوای ڕاپەڕین یش کەمترنین. سەرۆکی حکومەت (مەسرور بارزانی) لە یەکەم وتاری دا، کە لە رۆژی ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٠ بڵاوی کردەوە، وتی: "زۆرینەی لیستی موچە، نایاسایییە" ئەمە دانپیدانانێکی گرنگە، بەڵام بەس نییە. هەروەها جێگری سەرۆک وەزیران (قوباد تاڵەبانی) لە رۆژی ١٦ی ٥ی ٢٠١٧ لە قەزای سۆران بە بۆنەی کۆتایی هاتنی مەراسیمی "من کتێبم خۆش ئەوێ" وتەیەکی بۆ ئامادەبوان پێشکەش کرد و وتی: "بە سیستەمی میلاکاتی حکومەتەکەمانا دەچینەوە و بن دیوار و فرە موچەی نایاسایی ناهێڵین، ئەمە بە پەیڕەوکردنی سیستەمی بایۆمێتری" دەزگای درەومیدیاش لە رۆژی ٣٠ی ٤ی ٢٠٢٠دا راپۆرتێکی لەسەر سەردانی وەفدی هەریم بۆ بەغداد بە سەرۆکایەتی قوباد تالەبانی بلاو کردۆتەوە و، ئاماژەی داوە بەکۆبونەوەی وەفدەکە لەگەل زۆرینەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پارلەمانی بەغداد. لە ئەنجامی گفتوگۆی نیوانیاندا، لەسەر زاری جەمال کۆچەر پارلەمانتاری یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستانەوە نوسیوێتی: "قوباد تاڵەبانی دانی بەوەدا ناوە، کە ناتوانن پاکسازی لە لیستی موچەخۆراندا بکەن، چونکە دوسەد هەزاریان موچەخۆر و پاسەوانی باخی بەرپرسەکانن"! بۆیە لە ئێستادا باشترین کارێک، کە سەرۆک و جێگرەکەی پێکەوە بیکەن ئەوەیە بە ئیرادەیەکی بە هێزەوە، بە بێ ترس و دودڵی دەست بە چاکسازی، بژار و پاکسازی بکەن، لە هەموو سێکتەرەکاندا. چونکە چاکسازی بە بێ ئیرادەی پارتیی و یەکێتیی ناکرێ. بۆیە هەرچۆن لە کردنی دا بەشی شێری چاکەکەی بەر ئەوان ئەکەوێ، بێگومان لە نەکردنی دا، هەمووئۆباڵەکەی ئەکەوێتە ئەستۆی ئەوان. ئەم باسەی من تەنها هی سێکتەرێکە و ئەوانی تریش لەم خراپتر نەبن باشتر نین.! لێرەدا ئەمەوێ بە ژمارە و بەڵگە و ئەرگومێنت، ژمارەی ئەو کەسانە، ئەگەر بە دیاریی کراویش نەتوانم بیسەلمێنم، ئەوا بە نزیک لە ژمارەی راستی ئەوانەی بە ناوی پێشمەرگەی دێرینەوە خانەنشین کراون، دیاری بکەم و هەڵەکان دەست نیشان بکەم. لە هەمان کاتدا باری سەرنجی خۆم بۆ راستکردنەوەیان بخەمەڕو. حاجی قادر وتەنی: "گوێم لێ ئەگرن زەریفە، ناگرن بەڵا لە خۆتان" پارتی و یەکێتی لە ململانێی نادیمۆکراسییانەی خۆیاندا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر خەڵک یان بە ناوی پێشمەرگەی دێرین و ژنی شاخەوە، هی هەردو شۆڕشەکە "ئەیلول و گوڵانی" پارتی دیموکراتی کوردستان و "شۆڕشی نوێ"ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دور لە هەموو پرەنسیپێک، بە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و خزمخزمێنە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، لەسەر بودجەی گشتی، خانەنشین کردوە. (پێم باشە بە پێی شۆڕشەکان قۆناغبەندیان بکەم و سەرنج و دیدی خۆم بخەمەڕو) # خانەنشینانی شۆڕشی ئەیلول، بە هەردو باڵی مەلاییی و جەلالییەوە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیان هەزار خەڵکی بە ناوی پیشمەرگەی ئەیلولەوە لەسەر بودجەی گشتی خانەنشین کردوە. لەبەر نەبونی سەرچاوەی پێویست، کە بێگومان نیشانەی نا شەفاف بون و دەست نەگەیشتنە بە سەرچاوەی زانیاری، بۆیە پشت بەو زانیاریانە ئەبەستم، کە لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە. لیستی خانەنشینی پێشمەرگەی پارتی بە ئەیلول و گوڵانەوە گەیشتۆتە ٧٠،٠٠٠ حەفتاهەزار پێشمەرگە. بە گریمانەی ئەوەی شۆڕشی ئەیلول پێشمەرگەی زۆری هەبوە، بۆیە ئێمەش بەشە زۆرەکە لەسەر ئەیلول ئەژمار ئەکەین و، وای دائەنێین ٦٠،٠٠٠ شەست هەزار لەسەر ئەیلول خانەنشین کراون و ١٠،٠٠٠ دە هەزاریش لەسەر گوڵان. ئەبێ ئاماژە بەو راستیەش بدەین، کە هێزی پێشمەرگەی ئەیلول هەتا مفاوەزاتی ساڵی ١٩٧٠ ژمارەیان زۆر نەبو، ئەو زیادبونە زۆرە لە مفاوەزاتی ١٩٧٠ بۆ ١٩٧٤ واتە لەو چوار ساڵە ئارامەدا زیادی کرد، بە جۆرێک هێزی پێشمەرگە لە ١٨ هێزدا ڕێکخران لەوانە: هەندرێن، زۆزک، شێخان، ئاکرێ، سەفین، دەشتی هەولێر، کەرکوک، خەبات، زمناکۆ، کاوە، بێتواتە، حەمرین، ئەزمڕ، هەڵگورد، رزگاری... هەر هێزێکیش لە بەتالیۆن، لق، پەل و دەستە پێکهات بو. ئەگەر ژمارەی هەر هێزیک بە سێهەزار- سێ هەزاروپێنج سەد بخەمڵێنین، ئەتوانین بڵێین نزیکەی شەستهەزار پێشمەرگە بون. ئەم هێزانە لە دوانزە مانگی شەڕدا (ئازاری ٧٤- ئازاری ٧٥) هێزی سەرەکی بەرەنگاربونەوەی رژێمی بەعس بون. هەموو ئاوایییەکیش خۆبەخشانە بە چەکی خۆیەوە، هێزی بەرگری میللی دروست کرد بو لە ماڵی خۆیان دانیشت بون کاری کشتوکاڵ، ئاژەڵداری وباخداری خۆیان ئەکرد. ئەم هێزی بەرگری میللییەش، لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێشدا هەبون، لە زۆربەی شەڕەکاندا پشتیوانی پێشمەرگە بون. سەرەتا گرنگە هەندێک پرسیاری لۆژیکی بکەین سەبارەت بە تەمەن، وە لێرەوە گومان بخەینە سەر ئەو کەسانەی ناویان لە لیستی پێشمەرگەی ئەیلولدا تۆمارە، ئایە ئێستە تەمەنیان چەندە، ماون یان مردون؟ سەرەتا، با تەمەنی پێشمەرگەکانی ئەیلول بۆ دو گروپ پۆلێن بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین تەمەنی هەردو گروپەکە هەتا ئێستە بخەمڵێنین! بێگومان لە دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلولەوە، واتە: ساڵی ١٩٦١ هەتا ئێستە، کە سالی ٢٠٢٠ە ئەکاتە ٥٩ ساڵ. بەمانایەکی تر ئەگەر کەسێک لە ١٩٦١دا لە دایک بو بێ، ئێستا تەمەنی ٥٩ ساڵە. گروپی یەکەم: با وای دابنێین گەنجەکان ئەوانەی لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە بون بە پێشمەرگە، تەمەنیان لە نیوان ٢٢ بۆ ٣٢ ساڵدا بوە. واتە ئەگەر کەسیک لە ٢٢ ساڵیدا بوبێ بە پێشمەرگەی ئەیلول، لە ئێستادا تەمەنی بوە بە ٨١ ساڵ، (٢٢+٥٩=٨١). خۆ ئەگەر کەسێک ٣٢ ساڵ تەمەنی بوبێ، کەواتە: لە ئێستادا تەمەنی ٩١ ساڵە، (٣٢+٥٩=٩١). کەواتە، گروپی یەکەم لە ئێستادا تەمەنیان لە نیوان ٨١ بۆ ٩١ ساڵدایە.! موعەدەلی تەمەنیان ٨٦ ساڵە. گروپی دوەم: با وای دابنێین تەمەندارەکان لە نیوان ٣٣ بۆ ٤٣ ساڵی دا بوبن. واتە، ئەگەر کەسێک لە ٣٣ ساڵی دا بوبێت بە پێشمەرگەی ئەیلول، لە ئێستادا تەمەنی بوە بە ٩٢ ساڵ، (٣٣+٥٩= ٩٢). خۆ ئەگەر تەمەنی ٤٣ ساڵی دا بوبێت بە پێشمەرگە، لە ئێستادا تەمەنی ١٠٢ ساڵە، (٤٣+٥٩= ١٠٢). کەواتە، گروپی دوەم لە ئێستادا تەمەنیان لە نێوان ٩٢ ساڵ و ١٠٢ ساڵدایە و، موعەدەلی تەمەنیان ٩٧ ساڵە. بەپێێ سایتی فەرمی دەستەی ئاماری هەرێم، موعەدەلی تەمەندریژی لە هەرێمدا ٧٤ ساڵە. ئەم سەرنجانە لەسەر خانەنشینانی ئەیلول دوای ئەو شیکردنەوەیەی سەرەوە بە پێویست ئەزانم: یەک: لە ئەنجامی ئەو دوو گروپە پۆلین کراوەی سەرەوەدا راستییەکمان بۆ دەرئەکەوێ، کە گروپی دوەم بە دەگمەن نەبێ کەسیان لە ژیاندا نەماون. ئێ خۆ ناکرێ سێ چوار پشت لەدوای خۆی موچە بە ناوی باپیرە گەورەیانەوە وەربگرن!. یان ناوی سێ پشت دواتری خرابێتە شوینی باپیرەیان! ئەبێ ئەمە بەیاسا کە دادپەروەری بەرقەراربکا، رێک بخرێت. دوو: لەدوای هەرەس، ئەوانەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دامەزراندوە، لەگەڵ سەدان کادرو پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بەشدارییان لە دەستپێکردنی شۆڕشی نوێ دا کردوە، ئێستە سەر بە پارتی نین تا پارتی لە لیستی خانەنشینی شۆڕشی ئەیلول بیان نوسێ!! بۆیە لە گروپی یەکەمیش ئەگەر زۆر خاتریان بگرین لە دو- سێ هەزار تێ ناپەڕن. ئیتر ٦٠،٠٠٠ شەست هەزار کەستان لە کوێ هێناوە؟ ئایا لە دوای دروستکردنی ئەم هەمو قەیران و نادادی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە، ئێستە کاتی ئەوە نییە بەوپەڕی ئازایەتییەوە، ئەم هەڵانە ڕاستبکەنەوە؟ سێ: ئەوانەشی لەسەر باڵی جەلالی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) لە سەر بودجەی گشتی و بە (یاسایی!!) خانەنشینی کردون، ژمارەکەیان نازانین! ئەوانەیان لە ژیاندا مابن رەنگە لە پەنجەکانی دەست تێ نەپەڕن. ئیتر ئەم چەند هەزار خانەنشینە بەناوی پیشمەرگەی جەلالییەوە، بۆ؟ لە کوێتان هێنان؟ ئایە ئێستە کاتی ئەوە نییە بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە ئەو هەڵانە ڕاستبکەنەوە؟ بۆیە پارتیی و یەکێتی ئەگەر ئەیانەوێ بەشێک لە هەڵەکانی رابردویان راست بکەنەوە. ئەبێ ئەو ناوە (وەهم) یانە لە لیستی خانەنشینی پێشمەرگەی ئەیلول و پێشمەرگەی جەلالی دا، لەسەر بودجەی گشتی لاببەن. ئازادن لەسەر بودجەی حیزب و کۆمپانیاکانیان پارە ئەدەن بەکێ بیدەن!. بەڵام کورد وتەنی نا ڕەوایە "پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامەوە" بکەن. # شۆڕشی گوڵانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان پارتی ی لە دوای رێکەوتنی شا- صدام لە جەزائیر و بڵاوەپێکردنی شۆڕش (هەرەس). لە ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦دا لە مەنفا و لە ژێر ناوی قیادەی موەقەتەدا خۆیان رێک خستەوە. قورسایی هێزەکانی پارتی لە شۆڕشی گولاندا ئەو کادر و پێشمەرگانەی شۆڕشی ئەیلول بون، کە لە بڵاوەپێکردنی شۆڕشدا لەگەڵ خوالێخۆش بو بارزانیدا ئاودیوی ئێران بوبون و، لە ئۆردوگاکانی وەک زێوێ و شارەکانی کەرەج، عەزیميیە و تاران، بەشێک لە شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، جێگیر بوبون. پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە سەرەتای شۆڕشی گوڵانەوە هەتا راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ هەمو بنکە و بارەگاکا سەرەکییەکانیان لە ناوچەی سێ سنور لە دیوی ئێران بون. ماڵی بەڕیز بارزانی لە گوندی سلێڤانی و بارەگاکەیی و مەکتەبی سیاسی لە گوندی ڕاژان بون، هی لق و رێکخراو و پێشمەرگەکانی تریان لە مەرگەوەر و تەرگەوەر، زێوێ و سلێڤانی بون لە سنوری پارێزگای ورمێ لە ئیران، لەسەرەتای هەشتاکانیش دا لە رێکەوتنی ناوچەیی(لۆکاڵی) نیوان یەکیتیی و پارتی دا، هەندیک لق و مەفرەیان بە کاتی هاتنەوە سنوری هەریمی سلێمانی، لە دزڵی دەوروبەری هێزێکی ٨٠ بۆ ١٠٠ پیشمەرگەییان بە فەرماندەیی خوالێخۆش بو (نالە هەورامی) هەبو ئەم هیزە، بنکە یان لە دۆڵەناو و کانی خەیاران، خۆرنەوەزان یش هەبو کە هی لقی سێ و چواربون. لقی یەک، کە گەورەترین هێزی سیاسی و سەربازی پارتی بو، لەساڵی ١٩٨٧دا لە گەلی زێوە ی ناوچەی بادینان بون، کە ژمارەیان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ چوار سەد بۆ پێنج سەد پێشمەرگەیەک بو. هەتا رۆژی ٨ی نۆڤەمبەری ١٩٨٦ کە هەردو خوالێخۆش بو مامجەلال و ئیدریس بارزانی لە شاری تاران ریکەوتنێکیان ئیمزاکرد. یەکێ لە خاڵەکانی رێکەوتنەکە دابینکردنی ئازادی سیاسی و چەکداری هەردولا بو لە سەرتاسەری کوردستاندا. لە دوای ئەو کاتەوە، واتە لە ساڵی ١٩٨٧ هەتا ئەنفالەکان، تەنها لقی ٣ی کەرکوک و ٤ ی سلێمانی، پارتی هاتنە سنوری مەڵبەندی یەک. لە بەرپرسە دیارەکانیان کاک حەمید ئەفەندی و کاک عەبدوڵلا حەمە ئەمین برای خوالێخۆش بو فەتاح ئاغا بو، لە بەری قەردەداخ و گەرمیان و بنکە و بارەگایان دانا و دەستیان بە جەولەکردن کرد، ئەمانە بە هەمویان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ دووسەد بۆ سێ سەد پێشمەرگە ئەبون. ئەوە بو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بارەگای هێزێکی سەد پێشمەرگەیی (مەڵبەندی بادینان، کە کرابون بە ٤ کۆمیتەوە) بە فەرماندەیی کاک ئازاد هەورامی لە گەلی زێوە نزیک بارەگای لقی یەکی پارتی دانا. لە بادینان پارتی هێزی یەکەم بو. سەبارەت بە پێگە و هێز و مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەرسێ پاریزگای هەولێر و کەرکوک و سلێمانی، کە لەو سەردەمەدا بە کردەوە دەسەڵاتداری سەرئەرزی کوردستانی عێراق بو، لەگەڵ هێزی پارتی دا، هی بەراورد کردن نین. گەر پارتی ئەڵێ وانییە. با لیستی ناوی پێشمەرگەکانی ئەو سەردەمە، ناڵێین بخاتە بەردەستی کۆمەڵانی خەلک، با بیخاتە بەردەمی لیژنەی پێشمەرگە لە پارلەمانی کوردستان، کە خۆی زۆرینەیە تیایدا.! # شۆڕشی مایس (شۆڕشی نوێ)ی سالی ١٩٧٦ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٢ی ٥ی ١٩٧٥ لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لە مەنفا دامەزرا. بەڵام یەکەمین دەستەی چەکداری لە ناوەوەی کوردستان و لە هەرێمی سلێمانییەوە ناردە شاخ. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شایەتی یار و نەیار، بە پشت بەستن بەو بەڵگەنامانەی لە ڕاپەریندا لە داودەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعسدا، گیران. هێزی سەرەکی سەر گۆڕەپانی کوردستانی عێراق بوە لە روبەڕوبونەوەی بەعس دا. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەورەترین هێزی سەربازی خۆی لە کارەساتی هەکاری لە ساڵی ١٩٧٨ دا، لە دەست دا. بەڵام جارێکی تر هەستایەوە. لە ساڵی ١٩٨٥ زۆرترین هێزی چەکداری هەبو. لەساڵی ١٩٨٨ دا یەکێتی بەکردەوە دەسەڵاتداری سەرئەرزی کوردستانی عێراق بو. دەستی ئەگەیشتە ناو شارەکانی موسڵ و هەولێر و سلێمانی و کەرکوک. بارەگاکانی هەرسێ سکرتێر (مامجەلال تاڵەبانی-یەکێتی، نەوشیروان مستەفا- کۆمەڵە، فوئاد مەعسوم- شۆڕشگێڕان) لە پێنج کیلۆمەتر هەوایی شاری سلێمانی دا بو، بارەگای هەمو مەڵبەندەکان و سەرکردایەتییەکەی لە دەوروبەری شارەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکوک و دهۆک دا بون. لەو سەردەمەدا ژمارەی پێشمەرگەکانی یەکێتی لە نێوان ٦ بۆ ٧ شەش بۆ حەوت هەزار پێشمەرگە دا بوو، بە مەڵبەندەکانی یەک، دوو، سێ و بادینانیشەوە. گەرچی لەو سەردەمەدا هیچ ئامارێکی پێشمەرگە ئەنجام نەدراوە، بەڵام بە حوکمی بەشدارییکردنم وەک پێشمەرگەیەک و ئاگایم لە گەورە و بچوکی مەڵبەندەکان دا، ئەم ژمارەیە زۆر لە ڕاستییەوە نزیکە. ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ناڕاستی ئەزانی با لیستی ناوی پێشمەرگەکانی پێش ئەنفالەکان بداتە لیژنەی پێشمەرگە لە پارلەمانی کوردستان. لە دوای پرۆسە بەدناوەکانی ئەنفال و، کشانەوەی هیزەکانی یەکێتی بۆسەر سنوری ئێران و، جێگیربونی سەرکردایەتیی لە قاسمەرەش، بەرنامەی خۆڕێکخستنەوەی یەکێتی لەسەر ئاستی سیاسی و رێکخراوەیی و پێشمەرگەیی و دپلۆماسی دانرا. لەو چوارچیوەیەدا مەڵبەندەکان هەڵوەشینرانەوە و، هێزەکانی پێشمەرگە لە پەیکەری سەربازی بەتالێۆن، ڕەتڵی پارتیزانەکانی گەرمیان، دۆڵی جافەتی، شارباژێڕ،هەولێر و کەرکوک ڕیک خران . ئەمە جگە لە پێشمەرگەکانی سەرکردایەتی و داودەزگاکانی راگەیاندن و مالییە و دەزگاکانی بێسیم، کە ئەرکی دیاریکراویان هەبو. لەو سەروبەندەدا، بە دروستی لە وەرزی یەکەمی سالی ١٩٨٩دا سەرکردایەتی بریاریدا سەرژمێری پێشمەرگە بکات و، ناسنامەی پێشمەرگایەتییان بۆ بکا. کۆکردنەوەی ئامار و ئامادەکردن و نوسینی ناسنامەکان بە بەڕێزان: "ئەمین قادرمینە، شۆڕش حاجی و بەندە" سپێردرا. ئەرکی من, تۆمار کردنی ناوی پێشمەرگەکان بو لە دەفتەرێکی گەورەدا، نوسینی ناوەکان بو لە سەر ناسنامەکان. ناسنامەکە رەنگی رەساسی بو، بە خەتی وردی سور لێی نوسرابو "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان". بڕوانە نمونەی ناسنامەکان. بەپێی ئەو سەرژمێریەی کە کرا: هەم لە دەفتەرا تۆمارکرا، هەم (زۆرینە) ی پێشمەرگە ناسنامەی تایبەت بە خۆی بۆدروستکرا. ئاماری گشتی هەمو پیشمەرگەکان لە لایەن کاک(ئاکۆ حەسەن بەکر، سۆران جەلال، هیوا) وە خرایە ناو کۆمپیتەرە (شارپ) ەکەی کاک نەوشیروانەوە، کە ئەو خۆی سەرپەرشتی کارەکانی ئەکرد. بۆ میژوو تۆماری ئەکەم، کە ژمارەی پیشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو کاتەدا، کە گەورەترین هێزی سەربازی و سیاسی و رێکخراوەیی کوردستانی عێراق بو، لە نێوان ٣ هەزار بۆ سێ هەزار وپێنجسەد پیشمەرگە دا بوو. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی مەڵبەندەکان، تەشکیلاتی پێشمەرگەیی بەسەر ١٢ دوانزە بەتالیۆن و پارتیزانەکان بە (خول و مەشقی سەربازی) و، دەستەی پارێزگاری سەرکردایەتی و داودەزگاکانی تردا دابەش و رێک خرانەوە. ئەم هێزە ڕیکخراوە مەشق پێکراوە، لە هەر دە میحوەرەکەی راپەڕین دا (لە کفری تا دهۆک)، رۆڵی گەورە بینی. بێگومان لەناو پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، زۆرینەیان گەنج و سەڵت بون، ئەوانەی ژن و منداڵیان هەبو، زۆر کەمتر بون لەوانەی سەڵت بون. زۆرینەی ئەو پیشمەرگانەی ئەنێردران بۆ پارتیزانی، سەڵت بون، تا لەکاتی هەر روداویک دا کەسیان لەدوا بەجێ نەمێنێ.! مەبەستم لە باسکردنی پێشمەرگەی خێزاندار بۆ ئەوەیە، کە تیشک بخەمە سەر ئەو ژمارە زۆرەی ژن، کە بەناوی ژنی شاخەوە دور لە هەمو یاسا و رێسا و عورفێک خانەنشین کراون، کە لە راستی دا ئەکرێ بە ١٠٪ ی ژمارەی هەمو پێشمەرگەکان مەزەندەی بکەین. ئەڵبەت مافی هەمو کەسێکە (چ پیاو بێ، یان ژن) رۆژیک لە رۆژان بەشداری خەباتی پیشمەرگانەی دژ بە رژیمی بەعسی فاشی کردبێ، جا لەبەر هەر هۆکاریک نەیتوانی بێ دریژە بە خەبات بدات، بە مەرجێک دەستی لەگەڵ بەعس تیکەڵاو نەکردبێ. مافی خۆیەتی ناوی لە لیستی پێشمەرگەدا تۆمار بکرێ و ڕێزی لێ بگیرێ. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم سەرنجەش ئەتوانم بڵێم هەمو پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (بە هەردو رەگەزەکەوە) لە سەرەتاوە (١٩٧٦) تا ئەنفالەکان، کە هێزی سەرەکی بەرەنگاربونەوەی بەعس بوە تا ڕاپەرین، لە ١٠ دە بۆ ١١ یانزە هەزار پێشمەرگە زیاتر نەبوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی تا ئێستا لە رۆژنامە و سایتەکان بڵاو کراونەتەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چلوشەش هەزار کەسی بەناوی پێشمەرگەی دێرینەوە خانەنشین کردوە. ئەمە جگە لە ژنی شاخ.! لە کاتێکدا بە پێی ئاماری قاسمەرەش، کە لەسالی ١٩٨٩ تۆمار کراوە، یەکێتی خاوەنی کەمتر لە سێ هەزارو پێنج سەد پێشمەرگەی پێش راپەڕین بوە. وەک وتمان، وای دائەنێین دە بۆ یانزەهەزاریش بوە! ئیتر چلوشەش هەزار، بۆ؟ زیادە ڕۆیی نییە گەر بڵێم: ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چلوشەش هەزار پێشمەرگەی هەبوایە، بە رۆژی نیوەڕۆ کەرکوک ی رزگارئەکرد!! # سوپای رزگاری کوردستان (سرک) لە دوای ئەنفالەکان یەکێکی تر لەو ئۆرگانە پێشمەرگەیییانەی دروستکرا، سوپای رزگاری کوردستان (سرک) بو. کاک نەوشیروان مستەفا ئەم سوپایەی دامەزراند بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست دا بتوانێ لەناو شارەکانی کوردستان و عێراقیش چالاکی دژ بە رژێمی بەعس و داودەزگاکانی، ئەنجام بدا. وەک خۆی ئەیوت: "ئەبێ شەڕ بخەینە ناو ماڵی دوژمنەوە". سەرەتای دروستکردنی ئەم سوپا نهێنییە بۆ کۆتایی ساڵی ١٩٨٨ ئەگەڕێتەوە. پیکهاتەکەی لەسەر تەشکیلەی تیپ، کەرت و مەفرزە بو. لە پێشمەرگەی خاوەن تەجروبە و ئەندامانی رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان پیکهات بون و، ژمارەیان هەتا راپەرین ١٥٠ سەدوپەنجا پێشمەرگە بون. بەداخەوە لە دوای راپەڕین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مێژوی ئەم هێزەشی شێواند و، بەناوی پێشمەرگەی (سرک) ەوە، زیاتر لە ٣٠٠٠ سێهەزار پێشمەرگەی خانەنشین کردوە. # هێزی لایەنەکانی تر (حیزبی سۆسیالیست، حیزبی شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی و زەحمەتکێشان) لەپێش راپەڕین، پێشمەرگەی ئەم لایەنانە بە هەر چواریانەوە لە نۆسەد٩٠٠ بۆ ١٠٠٠ هەزار پێشمەرگە زیاتر نەبون، کە بەپێی زانیاریییەکان لەناو لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا خانەنشینی یان بۆ کراوە. لە لایەکی ترەوە لەم ساڵانەی دوایی دا پارتی چەند سەد کەسێکی تری لەسەر بودجەی گشتی بۆ حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی کوردستان(حسک) خانەنشین کردوە بەداخەوە ململانیکانیان لەسەر پیشکەشکردنی خزمەت گوزاری نەبوە بەڵکو لەسەر زیاد کردنی بەتاڵەی دەمامک دار بوە.! وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێداوە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ناوی پێشمەرگەی "ئەیلول و گوڵان"ەوە حەفتاهەزار کەسی خانەنشین کردوە. وەک باسم کرد، ئەگەر بەپێی تەمەن بێ، ئەوانەی لە شۆڕشی ئەیلول دا پێشمەرگە بوبن و، لە ژیاندا مابن لە هەزرا پێشمەرگە کەمترن و، هی شۆڕشی گوڵانیش لە نێوان دوو هەزار بۆ دوو هەزار پێنج سەد پێشمەرگە زیاتر نین! ئیتر نازانم چ ویژدانێک قبوڵی ئەکا حەفتاهەزار کەس بەناوی پیشمەرگەی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە لەسەر بودجەی گشتی خانەنشین بکرێ؟ هەموو ئەو پێشلکاریانەش، کە کراون پێچەوانەی مادەی ٣٩ لە یاسای ژمارە ٣٨ی راژە و خانەنشینی پێشمەرگەیە، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ پارلەمانی کوردستان لە دەورەی سەرۆکایەتی عەدنان موفتی دا، دەریکردوە. # ئاماری شەهیدانی سەنگەر بابەتێکی تر، کە دیسان پەیوەندی بە خەباتی پێشمەرگانەوە هەیە، شەهیدانی سەنگەرە. شەهیدی سەنگەر وەک لە ناوەکەیدا دیارە، ئەبێ ئەو پێسمەرگانە بن، کە لەسەنگەری خەباتی پێشمەرگانەدا روبەڕوی داگیرکەر، شەهید بون، یان گیرابن و لە سێدارە درابن. بەڵام ئەفسوس لەمەشدا دیسان پارتی و یەکێتی ژمارەیەکی زۆر مردویان تێکەڵاو بە لیستی شەهیدانی سەنگەر کردوە، کە تیایاندایە دەستی بە خوێنی پێشمەرگەی سەنگەر سورە! ئەمەش نیشانەی بێ مۆراڵی سیاسی و، بێ ئەندازە سوکایەتی کردن بە شەهیدی سەنگەر ئەگەیەنێ. بەپێی ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکانەوە دەستم کەوتوە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٣٨٠٠٠سی وهەشت هەزار کەسیان بە ناوی شەهیدی سەنگەرەرەوە ناونوس کردوە، بێگومان ئەمەش زیاتر بە مەبەستی بەستنەوەی بنەماڵەی ئەو کەسانەیە بە حیزبەکانیانەوە، تا لە کاتی هەلبژاردن دا، بە قازانجی خۆیان دەنگ و ویژدانیان بکڕن، ئیتر باکیان بەوە نیە، کە ناوی پێشمەرگەی سەنگەر لەکەدار ئەبێ، یان نا. بێگومان رێزی بێ ئەندازەم بۆ شەهیدانی سەنگەر هەیە، لە خۆشەویستی بۆ گیانبەخشینی ئەوانە، کە لێرەدا شەڕی پاککردنەوەی لیستی شەهیدانی راستەقینەی سەنگەر لەو کەسانە ئەکەم، کە رەنگە رۆژێک لە رۆژان گەرمی و ساردیان نە چەشتبێ، یان بە ئەگەری زۆر لەسەر جێگە و لە ناو ماڵومناڵی خۆیاندا بە دەردی خودا مرد بن! بە پێی زانیاریییەکان، کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە دەستم کەوتوە، لەمەشیاندا دیسان پارتی دیمۆکراتی کوردستان بەشی شێری لەو شێواندنەدا بەرکەوتوە بە جۆرێک پارتی هەمو ئەو مردوانەی لە سالی ١٩٤٥وە ئاوارەی ئێران بون، بەهەر هۆیەک مردبن، پارتی لەسەر بودجەی گشتی بە پێشمەرگەی سەنگەر ناونوسی کردون. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکی زۆری ئەوانەی جەلالی بون و مردون، کردونی بە شەهیدی سەنگەر. ئەگەر ئەتانەوێ لەگەڵ شەهیدانی راستەقینەی سەنگەر بە وەفا بن و رێز لە خوێنی ڕژاویان بگرن، ئەبێ بێ دودڵی، لیستی شەهیدانی سەنگەر لە مردوانی سەرجێگە بژار بکەن. لە راستیدا نابێ ئەمە بە تەنها خواستی من بێ، ئەبێ خواست و داوا و پێداگری خێزان و کەسوکاری شەهیدەکان بێبەر لە هەر کەسێکی تر. بێگومان من لێرەدا باسی ئەو شەهیدانە ناکەم، کە لە خەباتی نهێنی گەلەکەماندا گیراون و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی داودەزگا تۆقینەرەکانی بەعسدا رۆحی پاکیان سپاردوە، یان بە بریاری دادگاکانی بەعس لە سێدارە دراون، کە دڵنیام لە تەک ناوی ئەم قارەمانانەشدا، سەدان ناوی تریان تیکهەڵکێش کردوە و، ئەبێ ئەم لیستەش پاک و خاوێن بکرێتەوە. سەبارەت بە وارسی شەهیدەکانیش ئەوە ئەبێ بە یاسا یەکلایی بکرێتەوە، کێ تا پلە چەندی کەسی شەهید، وە تا چ تەمەنێک بۆیان هەیە شەهیدانە وەربگرن. یاسایەک کە دادپەروەری بەدی بهێنێ. # کەمئەندامانی سەنگەر سەبارەت بە ژمارەی کەمئەندامی سەنگەر، دیسان پارتی و یەکێتی هەریەکەیان بە جیا سەدان کەسیان بە ناوی کەمئەندامی سەنگەر بەم جۆرە خانەنشین کردوە: • پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەسەر یەکەی هێزەکانی هەشتای سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، زیاتر لە ٥٠٠٠ (پێنجهەزار) کەسی بە روتبەی سەرباز هەتا لیوا و فەریق لە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە بە موچەی جیاجیا بە ناوی "شەهیدی زیندو" خانەنشین کردوە. هیچ کەسێکی لە لایەنەکانی تر تێدا نیە و، تەنها هی پارتییە. ئەم لیستە تیکەڵەیەکە لە کەم ئەندامانی سەنگەری پێش راپەڕین و، هی دوای ڕاپەڕین، شەڕی ناوخۆ و شەڕی داعش. • یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر یەکەی هێزەکانی حەفتای سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ٤٠٩٩ (چوارهەزار و نەوەدونۆ) کەسی لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە بە روتبەی سەرباز هەتا لیوا و دو-سێ کەسیش بە پلەی فەریق، بە موچەی جیاجیا خانەنشین کردوە. ئەم لیستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشمەرگەی لایەنەکانی تریشی تیایە وەک: "حیزبی سۆسیالیستی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و گۆڕان". ئەم لیستەی یەکێتیش بەهەمان شێوەی لیستەکەی پارتی، هی پێش راپەرین و دوای راپەڕین و شەری داعشە. هەوڵم دا ژمارەی کەمئەندامی سەنگەری لایەنەکانی تر، هی پیش راپەڕینم دەست بکەوێ. بەداخەوە دەستم نەکەوت. بێگومان لەم لیستانەدا هاوشێوەی لیستی پیشمەرگە و شەهیدان، کەسانی نا شایستەی تێدایە و، هەندێک جار کەسانی وای تێ خزێنراوە، کە رەنگە لە پشکنینی لیژنەیەکی بێلایەندا ئەگەر پشکنینیان بۆ بکرێتەوە، دەرنەچن. بۆیە بژارکردن و پاکسازی کردن لەم گروپەش دا، کارێکی گرنگ و پێویستە تا کەسانی ناشایستە مافی کەسانی شایستە نەخۆن و، نەبن بە بار بەسەر بودجەی گشتییەوە. # ئەم نوسینەی من، خوانەخواستە بۆ کەمکردنەوەی خەبات و تێکۆشانی هیچ حیزبێکی کوردستانی نییە، کە دژ بە رژێمی بەعس تێکۆشاوە، بەڵکو بۆ راستکردنەوە و بە ئاگاهێنانەوەی پارتیی و یەکێتییە، کە ئێستا کاتی راستکردنەوەی ئەو هەڵانەیە. پاکسازی لە لیستی خانەنشینانی پێشمەرگەدا بکەن، کە بێگومان دەیان هەزار کەس زیاد نوسراون، ئەمە جگە لەوەی لە پێدانی ئیمتیاز و پلەی خانەنشین کردندا رەچاوی هیچ خاڵبەندی و پێوەرێک نەکراوە و، نادادی زۆری تیا کراوە. سیاسهتی خانهنشین کردنی بەشێکی زۆر لە کۆمهڵگه له ژێرناوی پێشمهرگهدا، سوکایهتی کردنه بە ناو و کەسایەتی پێشمەرگە. شکاندنی ئەو سیمبولەیه، که پێشمهرگه بە خوێنی خۆی، پێش راپهڕین لە دڵودەرونی خەڵکی کوردستان دا بە دەستی هێنا بو. ئەفسوس ئێستە ئەوە لە دەستدراوە. پێشمەرگە دێرینەکان مافی خۆیانە بە یاسا ژیانێکی شەرەفمەندانەیان بۆ دابین بکرێ و چاویان لە دەستی هیچ حیزب و بەرپرسێک نەبێ، هیچ هێزێک نەتوانێ دەست بۆ مافەکانیان ببات. لە هەمان کاتدا نابێ هیچ پێشمەرگەیەکی دێرن چاوی لە دوو موچە و شتی نایاسایی بێ. ئێستە کە بڕیارە حکومەت لە مانگی تەموزدا یاسای چاکسازی بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، هیوادارم ئەم نوسینەی من بەشداریییەک بێ بەو ئاراستەیە و، کاری لەسەر بکا. داوا لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی ئەکەم، ئەگەر لەبەر خاتری پاراستنی شکۆی باوکیشیان بێ، کە پێشمەرگە بون، ئەبێ لێبڕاوانە و ئازایانە لیستی خانەنشینی پێشمەرگە لە جاش و خۆفرۆشان و، خەڵکانی ناشایستە بژار بکەن و، ڕێز بۆ ناوی پێشمەرگە و خەباتەکەی بگێڕێنەوە. ئێستە کاتی راستکردنەوەی هەڵەکانە. لێرەدا ئەم پێشنارە بۆ حکومەت ئەکەم، ئەگەر بتانەوێ کاتتان بۆ بگەڕێتەوە، ئەوا بە تەنها بڕیارێک، ژمارەیەکی زۆر و بە کاتێکی کەم بەشێک لە لیستەکە بژار ئەکەن. بڕیاری ئەوە بدەن، ئەوانەی لە دایک بوی ١٩٧٣-١٩٩١ لە لیستی پێشمەرگەی دێریندا نوسراون، یەکسەر بسڕدێنەوە، چونکە ئەگەر کەسێک لە ١٩٧٣ لە دایک بو بێ لە هەلگیرساندنەوەی "شۆڕشی نوێ و گوڵان لە ساڵی ١٩٧٦دا، تەمەنی تەنها سێ ساڵ بوە!! هەتا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ تەمەنی بوە بە ١٨ ساڵ!! بۆیە لە دایکبوانی ١٩٧٣، ١٩٧٤، ١٩٧٦... بێ هیچ دودڵییەک ئەبێ لە لیستی پێشمەرگەی دێرین (پێش ڕاپەرین) لاببرێن! کە رەنگە هەزران کەس بن. لە کۆتایی دا پێوسیتە دان بەو راستیەدا بنێین کە: ئیسڵاحاتی نیوهوناچڵ زهرهری زۆرتره له قازانج وهکو ئهوهیه له نهشتهرگهریدا سکی نهخۆشهکه ههڵدڕی بهڵام نهیدرویتهوه و به کراوهیی به جێی بهێڵی! بۆیە هیوادارم چاکسازی گشتگیر بکرێ نابێ پارتی و یەکێتیی داواکردنی ئیسڵاحات لە لایەن جەماوەر و هێزەکانی ترەوە بە موئامەرە لە خۆیان بزانن! بۆ مانەوەی خۆشیان بێ ئەبێ بیکەن. بەڵگەکان # ناسنامە: 1. مەڵبەندی یەک: رحیم قادر مصگفی (مخابری م١). 2. جلال کریم عیسا (رابەرسیاسی تیپی ٥٥ی م١). 3. رزگار سعید اسماعیل (پ.م کۆمیتەی بادینان). 4. مەڵبەندی سێ: وەصفی عزیز علی (ڕابەرسیاسی تیپی م٣). 5. سەرکردایەتی: سەرکەوت محمد فتاح (مخابر/ م.س) عەدەدجیهازی مەکتەبی سیاسی. 6. اکرم محمد امین احمد (ئیدارەی مەکتەبی سیاسی). # وێنەکان، لە کاتی پڕکردنەوەی ناسنامەکاندا: 1. خالید رەزا. رۆژی گرتنی وێنەکە ٧ی ٧ی ١٩٨٩. 2. باست حەمەغەریب، خالید رەزا. رۆژی گرتنی وێنەکە ١١ی ٧ی ١٩٨٩. 3. باست حەمەغەریب، خالید رەزا، ئاراس ئیبراهیم. رۆژی گرتنی وێنەکە ١٢ی ٧ی ١٩٨٩. # پاشکۆی وێنە و بەڵگەکان
درەو: لیژنەی ئامادەكاری لامەركەزی رەشنوسی پرۆژەی سیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی تەواوكرد، سەرۆكی لیژنەكەش دەڵێت: ئەوەی لەسەر شانمان بووە كردمان ئێستا كاتی ئەوەیە یەكێتی و گۆڕان لە ئەنجومەنی وەزیران بەرگری لە پرۆژەی لامەركەزی بكەن. بەرزان شێخ محەمەد سەرۆكی لیژنەی لامەركەزی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند: رەشنوسی پرۆژەی سیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و داراییمان تەواوكردووەو دوای ئەوەی لە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پەسەند دەكرێت رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت بۆ بڕیاردان لەسەری. بەپێی رەشنوسی پرۆژەكە كە كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە ئامادەكردنی پرۆژەكەیان گەڕاندۆتەوە بۆ "سیستەمی بەڕێوەبردن لەهەرێمی كوردستان بەجۆرێكە كەدوای نزیكەی سێ دەیە لەخۆ بەڕێوەبەری و تاقیكردنەوەی سیستەمی مەركەزی، قەیرانی بەڕێوەبردن و دارایی و زیادبونی ڕۆتین و گەندەڵی لێكەوتۆتەوە، بەهۆی قەیرانە بەردەوام و یەك لەدوای یەكەكانەوەو بەلەبەرچاوگرتنی ئەزمونی سەركەوتوی وڵاتان ، كاتی ئەوە هاتووە كەجۆرێكی دیكە لە سیستەمی بەڕێوەبردن تاقیبكەینەوە كەگونجاوترین و باشترینیان لامەركەزی كارگێڕی و داراییە" سودەكانی لامەركەزی لە پرۆژەی لامەركەزی كارگێری و داراییدا رونكراوەتەوە" دەرفەت دەدات بەهاوڵاتیان لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەرپرسی یەكە كارگێڕیەكانی خۆیان دیاریبكەن، بەمەش متمانەی هاوڵاتیان بە دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی دیموكراسی زیاددەكات، ئاسانكاری بۆ حكومەتی مەركەزدەكات و ئەركی سەرشانی كەمدەكاتەوە وادەكات باشتر ئەركە ستراتیژیەكان و نیشتیمانیەكان ڕابپەڕێنێت. سەرۆكی لیژنەی لامەركەزی دەڵێت" پرۆژەكەیان پیشانی یەكێتی و گۆڕان داوە، ئیتر ئەركی ئەوانە دەستبەپرۆژەكەوە بگرن و لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی بكەن چونكە گۆڕان چوار وەزیر و یەكێتی شەش وەزیر و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەیە". دەقی پرۆژەكە پرۆژەی سیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی ساڵی 2020 پێشەكی: ئەم پرۆژەیە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت و بۆ سەرجەم پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین دروست و سودبەخش و گونجاوە. لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەنیسانی ساڵی 2014 پاڵپشت بەیاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2009، ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 3 پارێزگای هەرێمی كوردستان پێكهات، كەدواتر كاركردن بەیاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوەو یاساكە لەم خولەدا كاریپێكرا، لەگەڵ ئەوەشدا دوای تێپەڕبونی 6 ساڵ بەسەر كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و حكومەتە خۆجێیەكان هێشتا زۆربەی زۆری دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكان لای وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە، واتە تەنها لەڕوی ڕواڵەتەوەو بەهۆی یاساو ڕێنماییەوە چوارچێوەیەكی لامەركەزی دروستكراوە. لەكاتێكدا پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیارەكانی ژمارە (11231) و (11232) لە بەرواری 17/10/2012 و بڕیارەكانی ژمارە (40) لە 16/1/2013 و هەردوو بڕیاری ژمارە (44) و (45) لە 19/6/2013 دەركرد كەتایبەتبون بە دابەزاندنی دەسەڵاتە كارگێری و داراییەكان بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەرەگشتیەكان، دواتریش بەبڕیاری ژمارە (1700) لە 17/4/2016 هەردووبڕیاری ژمارە (11231 و 11232) هەڵوەشێنرانەوەو هەروەها هەرسێ بڕیاری ژمارە (40 و 44 و 45) لە 10/5/2016 بەنوسراوی ژمارە (2062) هەڵوەشێنرانەوە، هەرچەندە لەساڵی 2014 ەوە یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەركاربووەو دەبوو بەهۆی دەستبەكاربونی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە ئەو بڕیارانەی سەرەوە هەڵبوەشێنرایەتەوەو كار بەیاسای ژمارە 3 بكرایە بۆ چەسپاندن و پیادەكردنی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بڕیارەكان هەڵوەشێنرانەوەو ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسبەكاربون و حكومەتی خۆجێیەكان پێكهاتن بەڵام هێشتا سیستەمی بەڕێوەبردن و بڕیاردان مەركەزییە. لامەركەزی كارگێڕی و دارایی دابەشبونی تایبەتمەندی و دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكانە لەنێوان حكومەتی مەركەزی و حكومەتە خۆجێیەكان، بەجۆرێك كە حكومەتە خۆجێیەكان تایبەتمەندی و توانای پیادەكردنی دەسەڵاتی كارگێڕی و داراییان هەبێت، لەژێر چاودێری ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و هەماهەنگی و چاودێری حكومەتی مەركەزی لەسەر كارو چالاكیەكانیان. سودەكانی لامەركەزی كارگێری و دارایی: 1- بەپیادەكردنی دیموكراسی دادەنرێت لەبواری كارگێڕی و دارایی چونكە دەرفەت دەدات بەهاوڵاتیان لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەرپرسی یەكە كارگێڕیەكانی خۆیان دیاریبكەن، بەمەش متمانەی هاوڵاتیان بە دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی دیموكراسی زیاددەكات. 2- ئاسانكاری بۆ حكومەتی مەركەزدەكات و ئەركی سەرشانی كەمدەكاتەوە وادەكات باشتر ئەركە ستراتیژیەكان و نیشتیمانیەكان ڕابپەڕێنێت. 3- ئەنجومەنە خۆجێیەكان بەرپرسیارێتی پلان و دروستكردنی بڕیاریان دەكەوێتە ئەستۆو ئەگەر نەنگیەك لەبڕیارێك هەبوو تەنها لەناوچەیەك یان سێكتەرێكی دیاریكراو دەبێت و بەرپرسانی كەمتەرخەمیش ئاسانترو خێراتر لێپرسینەوەیان لێدەكرێت. 4- هۆكارێكی باش دەبێت بۆ پێگەیاندنی ژمارەیەكی زۆر لەكادری شارەزا و سەرۆكی یەكەی كارگێڕی ئەمەش یارمەتی پێشكەوتن و گەشەپێدانی كارگێڕی و دارایی دەدات و كێبڕكێ لە نێوان پارێزگاكان زیاددەكات. 5- بەهۆی جیاوازی لە جوگرافیا و تایبەتمەندی ناوچەكان لەهەرێمی كوردستان، پێویستی و داواكاری هاوڵاتیانیش بە خزمەتگوزاری گشتی و تەنانەت تایبەتیش جیاوازن، بەم هۆیە ئەنجومەنە خۆجێیەكان لەبەر پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاوڵاتیان باشتر ئاشنان بە خواست و پێداویستیەكانی ناوچەكانیان، ئەم نزیكیەش دەبێتە هۆكارێكی یارمەتیدەرو گونجاو بۆ باشتر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكان بەشێوەیەكی خێراتر، هەروەها كەمكردنەوەی ڕۆتین و كارئاسانی بۆ هاوڵاتیان. 6- نمونەی ئەو ووڵاتانەی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی پیادەدەكەن وەك ( ئەڵمانیا و نەمسا و ئەمریكاو ئیمارات) ئابووریەكی جێگیری گەشەكردوویان هەیە و ئینتیمای هاوڵاتی زۆرترە چونكە بەڕاستەوخۆ سودمەندەبێت لەداهاتی ناوچەكەی و هەست بەبونی شەفافیەت دەكات ، بەراورد بەو ووڵاتانەی كە سیستەمی مەركەزی پیادەدەكەن. 7- لە سیستەمێك كە لامەركەزی كارگێڕی و دارایی پیادە دەكات دادپەروەری كۆمەڵایەتی تێیدا زۆرترە. هۆكارەكانی ئامادەكردنی پرۆژەكە: سیستەمی بەڕێوەبردن لەهەرێمی كوردستان بەجۆرێكە كەدوای نزیكەی سێ دەیە لەخۆ بەڕێوەبەری و تاقیكردنەوەی سیستەمی مەركەزی، قەیرانی بەڕێوەبردن و دارایی و زیادبونی ڕۆتین و گەندەڵی لێكەوتۆتەوە، بەهۆی قەیرانە بەردەوام و یەك لەدوای یەكەكانەوەو بەلەبەرچاوگرتنی ئەزمونی سەركەوتوی وڵاتان ، كاتی ئەوە هاتووە كەجۆرێكی دیكە لە سیستەمی بەڕێوەبردن تاقیبكەینەوە كەگونجاوترین و باشترینیان لامەركەزی كارگێڕی و داراییە. پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین خاوەنی ڕێژەیەكی زۆرن لە نەوت و غاز و سامانی سروشتی و قەبارەیەكی گەورەی پیشەسازی و ناوچەیەكی بەپیت و بەرفراوانی كشتوكاڵی و سەرچاوەی گرنگی گەشتوگوزاری و دەروازەی سنوری نێودەوڵەتی و فڕۆكەخانەو خاڵی گومرگی و داهاتە ناوخۆییەكان و مقەوەماتی گەشەپێدانی وەك كار و زەوی و سەرمایەو ڕێكخستن و هەبونی چەندیدن بەنداوی گرنگ و ستراتیژی. هەموو ئەمانە پاڵنەرمان بووە بۆ پێداگیری لەسیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی و ئامادەكردنی ئەم پرۆژەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە. پاڵپشتییە یاساییەكان 1- ماددەی 116ی دەستوری عیراقی ساڵی 2005 بەم جۆرە هاتووە (نیزامی فیدڕاڵی لەكۆماری عیراق پێكدێت لە پایتەخت و هەرێمەكان و پارێزگا لامەركەزیەكان و ئیدارە خۆ جێیەكان) 2- هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەكان بەپێی یاسای ژمارە 6 ی ساڵی 1993 لەساڵی 2000 لە هەرێمی كوردستان 3- ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەساڵی 2005 بەپێی یاسای ژمارە 59 ی ساڵی 1969 4- یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە 3 ی ساڵی 2009 5- یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەكان لەهەرێمی كوردستان ژمارە 4 ی ساڵی 2009 6- بڕیارو ڕێنماییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 7- یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ژمارە 1 ساڵی 2015 8- بڕیاری پاڵاوتن و پەسەندكردنی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان ژمارە 1 ساڵی 2015 ی پەرلەمانی كوردستان 9- پشت ئەستور بە هۆیە پێویستیەكانی دەرچواندنی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 كە دەقەكەی دەڵێت (بەمەبەستی ڕێكخستنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و كارگێڕیان لەهەرێمداو پەرەپێدانیان و لەپێناو بەدیهێنانی پرەنسیپی ناسەنتەری لەدابەشكردنی دەسەڵاتەكان بەمەبەستی ئاسانكاری و چاككردنی گەیاندنی خزمەتگوزاریە گشتیەكان بەهاوڵاتیان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندیەكانی كۆمەڵگا ئەم یاسایە دەرچوێنرا) 10- ماددەی دووەمی یاساكە كەدەڵێت (ئەم یاسایە دەسەڵات وبەرپرسیارێیەتی ئەنجومەنەكان و سەرۆكەكانیان و ئەندامەكانی دەستنیشان دەكات بۆ پتەوكردنی پرەنسیپی ناسەنتەری لەدابەشكردنی دەسەڵاتەكان و چاككردنی گەیاندنی خزمەتگوزاری گشتی بۆهاوڵاتیان و پاراستنی مافەكان و بەرژەوەندیەكانی كۆمەڵگاو پەرەپێدانی یەكە كارگێڕیەكان لەهەرێمدا) 11- ماددەی پێنجەمی یاساكە كە دەڵێت (ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی چاودێرییە لەناو سنوری كارگێڕی پارێزگاداو مافی ئەوەی هەیە بڕیارو پەیڕەو ڕێنماییەكان بۆ ڕێكخستنی كاروباری كارگێڕی و دارایی لەناو سنوری پارێزگادا دەربچوێنێت تاكو بتوانێت سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی كاروباری پارێزگا بەپێی پرەنسیپی ناسەنتەری بەڕێوەبردنی كارگێڕی بكات بەجۆرێكی وا ناكۆك نەبێت لەگەڵ دەستورو یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم) 12- ئەم پرۆژەیە پاڵپشت بە بڕگەی نۆیەم لەماددەی شەشەم لە یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 نوسراوە كە دەقەكەی دەڵێت (پێشنیازكردنی پرۆژە یاسا تایبەتیەكان بەپەرەپێدانی پارێزگا و بەرزكردنەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی وەزارەتی پەیوەندیدارەوە) پاڵنەرە واقعییەكان 1- ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەنیسانی ساڵی 2014 دا. 2- متمانەدان بە پارێزگارو جێگری پارێزگارو بەڕێوەری گشتی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان. 3- ئامادەكردنی ڕەشنوسی هەمواری یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 لەلایەن هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە و ئاڕاستەكردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان خولی چوارەم. 4- ئامادەكردنی پرۆژەی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی و پەسەندكردنی بەزۆرینەی دەنگ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئاڕاستەكردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2017 دا. 5- لەگەڵ بونی ئەم پاڵنەرانەی سەرەوەدا و هەبونی كەرەستەو سەرچاوەی مادی و مرۆیی و جیاوازی جوگرافیای ناوچەكان و هەبونی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و حكومەتە خۆجێیەكان، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی پێویست لای حكومەتە خۆجێیەكان نییە و هێشتا مەركەزیەتیەكی توند لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە پەیڕەو دەكرێت. 6- ئاماژە بەبڕگەی (14) لەماددەی 6 ی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە 3 ی ساڵی 2009 ، وە بڕگەی (ب) لەماددەی 31 ی پەیڕەوەی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وە ئاماژە بەكۆبونەوەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە 26/4/2020 و وە یاداشتی 15 ئەندامی ئەنجومەن لە 23/4/2020 ، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی كاتی لەنوێنەری فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەن بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی درا. 7- لەدوای دەستبەكاربونی لیژنەكە و گرێدانی یەكەم كۆبونەوە لە 4/5/2020 هێڵە گشتیەكانی كاركردنی لیژنەكە دانراو بەمشێوەیە جێبەجێكرا: • سەردانی مەیدانی ئیدارەی ڕاپەڕین لە 6/5/2020 دا و كۆبونەوە لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەو بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە. • سەردانی پارێزگای سلێمانی لە 7/5/2020 و كۆبونەوە لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و جێگرەكانی و قائیمقامی قەزای ناوەند. • سەردانی ئیدارەی گەرمیان لە 10/5/2017 و كۆبونەوە لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەو بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە. • سەردانی پارێزگای هەڵەبجە لە 12/5/2020 كۆبونەوە لەگەڵ پارێزگارو جێگرەكەی و قائیمقامی قەزای ناوەند. • كۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتیەكانی سلێمانی لە 14/5/2020 لەبینای ئەنجومەن. • كۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی و دەروازەی سنوری باشماخ لە 17/5/2020 لە بینای ئەنجومەن. • كۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئاو و سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەرانی باجەكان لە 18/5/2020 لەبینای ئەنجومەن. • كۆبونەوە لەگەڵ بەڕیِوەبەرانی پۆلیسی سلێمانی و پۆلیسی دارستان و پۆلیسی بەرگری شارستانی و پۆلیسی هاتوچۆ لە 19/5/2020 لەبینای ئەنجومەن. • كۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری گەنجینەكانی سلێمانی وهەڵەبحەو گەرمیان و ڕاپەڕین و بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی لە 20/5/2020 لەبینای ئەنجومەن. • كۆبونەوە لەگەڵ شارەزاو پسپۆڕانی بواری كارگێڕی لە 3/6/2020 لەبینای ئەنجومەن. • كۆبونەوە لەگەڵ شارەزایانی دارایی و ئابووری لە 4/6/2020 لە بینای ئەنجومەن. • ئەنجامدانی 2 كۆبونەوە لەگەڵ شارەزاو پسپۆرانی بواری یاسایی لە 7/6/2020 و لە 15/6/2020 لەبینای ئەنجومەن. لەدەرئەنجامی سەردانە مەیدانی و كۆبونەوەكان لەگەڵ نزیكەی 70 بەرپرسی ئیداری و ڕاوێژكردن بە 15 پسپۆرو شارەزایانی بوارە پەیوەندیدارەكان و وەرگرتنی سەرنجی نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، سەرجەمیان پاڵپشتی پرۆژەكەیان كردوەو بەگرنگیان زانیوە بۆ باشتركردنی دۆخی بەڕێوەبردن لەهەرێمی كوردستان. پەیوەندیدار بە پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارەكان و تەواوی بەرپرسە ئیداریەكان گرفتی زۆریان لەگەڵ نەبونی دەسەڵاتی پێویست بۆ ڕاییكردنی كاروباری هاولاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری لەكاتی پێویستدا بۆ دروستبووە، بەجۆرێك بۆ بچوكترین ڕەزامەندی كارگێڕی و دارایی پێویستیان بەگەڕانەوەیە بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەروەها سەرجەم ئەو داهاتەی لەم سنورە لە سێكتەرە جیاوازەكان وەك داهاتی ناوحۆ كۆدەكرێتەوە بەناوی وەزارەتی داراییەوە تۆماردەكرێت و تەنها وەزارەتی دارایی دەسەڵاتی خەرجكردنی هەیە، هەروەها پەیوەندیدار بە سێكتەری نەوت و گاز و سامانی سروشتیەوە هیچ زانیاری و داتاو بەشداریەك بۆ ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و بەرپرسانی حكومەتە خۆجێیەكان ڕێپیدراونییەو داهاتەكەشی دەچێتە سەر حسابی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و تەنها ئەوان خەرج و مامەڵەی پێوِەدەكەن، هەروەها بەرپرسانی ئیداری دەسەڵاتی ڕێكخستنەوەی میلاكات و داڕشتنەوەو ڕێكخستنی هەیكەلی ئیداری دامودەزگاكانیان و پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەیان نییە، لەكاتێكدا بەپێی خاڵەكانی بڕگەی شەشەم لەماددەی 19 ی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 ، دەسەڵاتی داوە بەپارێزگار بۆ دەرچواندنی فەرمانی دامەزراندنی فەرمانبەرانی كارگێڕی و تەنسیب كردنیان لە پلەی حەوتەم بەرەو خوارەوە بەپێی پەیژەی (ڕیزبەندی) پلەكانی فەرمانبەرێتی و دواتر چەسپاندنی فەرمانەكەو وەرگرتنی ڕێكاری كارگێری و یاسایی دەرحەق بە فەرمانبەران لەكاتی نواندنی كەمتەرخەمی و هەبونی گەندەڵی. لەگەڵ بەركاربونی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كە ئەرك و دەسەڵاتی حكومەتە خۆجێیەكانی دیاِریكردووە، یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و زۆرێك لەوەزارەتە پەیوەندیدارەكان بەتایبەت یاساو ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و دارایی دەبنە ڕێگر لەجێبەجێكردنی یاسای پارێزگاكان ، بەجۆرێك حكومەتە خۆجێیەكان لەنێوان ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان كەمتمانەیان پێبەخشیون و وەزارەتەكانیان كەلەڕوی كارگێڕیەوە پێوەی بەستراون گرفتی زۆری بۆ دروستكردون. لەدوای یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی هەولێرو سلێمانی بەهۆی جیاوازی ڕێنماییەكان و نەبونی سیستەمێكی بەڕێوەبردنی سەرتاسەری یەكخراو كەلەسەر پێوەرو بنەما زانستیەكان دانرابێت، لاسەنگیەكی زۆر لە پرۆژەكان و دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی و جیاوازی بودجەی بەردەستی فەرمانگەكان دروستبووە، ئەمەش گرفتی زۆری بۆ بەرپرسانی ئیدارەو و بەڕێوەبەری فەرمانگەكان دروستكردووە، لەمیانی كارو بەدواداچونی لیژنەكەمان سەدان نمونەی ئەو گرفت و جیاوازیە لە پرۆژەكانی ئەم سنورەمان لەبەردەستە. پێشنیازەكان 1- تۆماركردنی سەرجەم داهاتە ناوخۆییەكان كە لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین كۆدەكرێتەوە بەناوی پارێزگاو ئیدارەكان خۆیانەوە بكرێت ، دوای جیاكردنەوەی بودجەی تەشغیلی و بڕی پێویست بۆ پرۆژە خزمەتگوزاریەكان بەپێی پێوەرو جیاوازی سێكتەرو ناوچەكان بە پەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا خەرجبكرێت ، دواتریش گەڕاندنەوەی ڕێژەیەك بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان. 2- داهاتی نەوت و غازو سامانە سروشتیەكان كەلەئێستادا لای وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە تادروستكردنی سندوقی داهاتی نەوت و گاز بخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی، هەروەها ئیدارەدانی پرۆژەكانی وزەو سامانە سروشتیەكان بەجۆرێك بێَت كە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و حكومەتە خۆجێیەكان ئاگادارو بەشداری وردەكاری و مامەڵە دارایی و كۆكردنەوەی داهاتەكانیانبن، نەك وەك ئێستا كەتەنها چارەسەری گرفتە كۆمەڵایەتیەكانی ئەو پرۆژانە كاری بەرپرسانی ئیداری ناوچەكان بێت. 3- ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بودجەی پترۆ دۆلارو گاز دۆلار بۆ خزمەتگوزاری ئەو سنورانە خەرجبكات كەپرۆژە نەوتی و گازیەكانی تێدایە بەهەماهەنگی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان، نەك وەك ئەوەی هەیە تەنها پیسكردنی ژینگەكەیان بەشی ناوچەكانەو سودمەندنابن لەهیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری. 4- هەڵوەشاندنەوەی ڕێنمایی ژمارە 1 ی ساڵی 2018 ی وەزارەتی ناوخۆ و سەرجەم ئەو ڕێنماییانەی ڕێگری دروستدەكەن بۆ كاركردن بەیاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 5- پاڵپشت بە خاڵی یەكەم لەبڕگەی پێنجەم ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 ، ئەنجومەنی پارێزگا هەیكەلی ئیداری و دارایی سەربەخۆی هەبێت بۆ ڕاییكردنی ئیش و كارەكانی. 6- ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەنوسراوی فەرمی داوا لەبانكی ناوەندی عیراق بكات كەلقی خۆی لەپارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە بكاتەوەو سەرجەم بەربەرستە كارگێڕی و داراییەكانی كردنەوەی لەبەردەم هەڵبگیرێت، بەو پێیەی پێشتر ڕەزامەندی زارەكی هەبوەو لەئێستادا بانكی ناوەندی عیراق بۆ دەستپێكردنی هەنگاوەكانی داوای نوسراوی فەرمی دەكات . پێشنیازی دەسەڵات بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان 1- پێدانی دەسەڵاتی دەركردنی ڕێنمایی لەلایەن پارێزگارو سەرپەرشتیاری ئیدارەكان بەمەبەستی زیادكردن و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیداركان و دوای پەسەنكردنی لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە. 2- جێبەجێكردنی پرۆژە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەبودجەی ئاسایی + وەبەرهێنان + پەرەپێدان بەپێی ڕێنماییەكان و بەپەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا. 3- پێكهێنانی لیژنەی گۆڕانكاری و پەسەندكردن و ئەنجامدانی گۆڕانكاری بڕگەكان بەپێی مەرجە گشتیەكانی كاری بەڵێندەرایەتی و ڕێنماییەكانی تایبەت بەپرۆژەكانی پەرەپێدان تا ڕێژەی 15% بەپەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا. 4- پێدانی دەسەڵات بۆ گواستنەوە لەتەرخانكراوەكانی بودجەی ئاسایی و وەبەرهێنان و وەفرو پرۆژەكانی گەشەپێدانی هەرێمایەتی لەسنوری یەكە كارگێڕیەكان بەپەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا. 5- پێدانی ماوەی زیادە بۆ پرۆژەكان بەپێی پێویستی. 6- دەسەڵاتی پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر هەموو فەرمانبەرانی فەرمانگەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان، پاڵپشت بە بڕگەی حەوتەم لە ماددەی 19 ی یاسای ژمارە 3 پارێزگاكان. 7- ڕێكخستنەوەی میلاكی فەرمانبەران لەنێوان فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان لەسەر بنەمای تایبەتمەندی و جۆری ئەركەكانیان، هەروەها دەرچواندنی فەرمانی دامەزراندنی فەرمانبەران وتەنسیبكردنیان لەسەرئاستی پارێزگا لەپلەی حەوتەم و بەرەوخوار لەپەیژەی پلەكانی فەرمانبەرێتی و چەسپاندنی فەرمانی دامەزراندن پاڵپشت بەخاڵەكانی بڕگەی شەشەم لەماددەی 19 ی یاسای ژمارە 3 پارێزگاكان و هەروەها پێدانی دەسەڵاتی دامەزراندن بەگرێبەست بەپێی پێویستی. 8- خەرجكردنی هاندان بۆ ئەوانەی كاردەكەن و بەشدارن لەپرۆژەكانی وەبەرهێنان لەسەر تەرخانكراوی ڕێژەی بەدواداچون و سەرپەرشتیكردن. 9- كڕینی كەلوپەل و موجودات تابڕی (5000000) پێنج ملیۆن دینار. 10- بەكرێگرتنی ئۆتۆمبێل (شۆفڵ+گرێدەر+گەڵابە) لەكاتی پێویست هەروەها بەكرێگرتنی ئۆتۆمبێل بۆسەر پرۆژەكان لەسەر تەرخانكراوی ڕێژەی بەدواداچون بەمەبەستی سەرپەرشتیكردن. 11- پێدانی دەسەڵاتی (فرۆشتن+بەكرێدان)ی موڵك و ماڵی دەوڵەت بەپێی یاسای ژمارە 32 ی ساڵی 1986 ی هەمواركراو. 12- خەرجكردنی كرێی ماندوبونی پارێزەران بەپێی بڕیاری دادگا. 13- ئیفادكرنی جێگرانی پارێزگارو جێگرانی سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان. 14- بەكرێگرتنی خانوو بۆ بەرژەوەندی گشتی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كەپلە تایبەت و بەڕێوەبەری فەرمانگەن لەكاتی نەبونی موڵكی گشتی و بەپێی پێویست. 15- خەرجكردن و نوێكردنەوەی گشت دەرماڵە جێگیرو ناجێگیرەكان بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی میلاك لەسەرئاستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان 16- پێدانی سوپاس و پێزانین بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی میلاك لەسەرئاستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان 17- خانەنشینكردنی فەرمانبەران لەگشت پلەكان (جگە لەپلە تایبتەكان و بەڕێوەبەری گشتی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە) پاش گەیشتنی بەتەمەنی یاسایی خانەنشینی و هەروەها خانەنشنیكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كۆچی دوایی دەكەن پێش وادەی یاسایی خانەشینبونی، هەروەها خانەنشینكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كەپێش تەواوبونی تەمەنی یاسایی وەزیفیان داوای خانەشین بوون دەكەن 18- دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی (5)ساڵ و بەمووچەی تەواوەوە بۆ ماوەی ( 3) مانگ. پێشنیازی دەسەڵات بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكانی پۆلیس 1- پێدانی دەسەڵاتی مۆڵەتی ئاسایی و پزیشكی و دایكایەتی بۆ ئەفسەرو پۆلیس و كارمەندان بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەپلەی عەقید بەرەو خوارەوە. 2- پێدانی دەسەڵاتی خەرجكردنی دەرماڵەی بڕوانامەو سەرەموچەی ئەفسەران و پارەی كۆكراوە لەپلەی عەمید بەرەو خوار. 3- دەسەڵاتی گواستنەوەو ئیستخدامی پۆلیس لەسنوری دەسەڵاتی كارگێری بەڕێوەبەرایەتیەكاندا 4- پێدانی دەسەڵاتی نوسینەوەی پەیوەندی پۆلیس لەدوای ماوەی فیراربونی. 5- پێدانی دەسەڵاتی مۆڵەتی بێ مووچە رەِزامەندی لەسەر مۆڵەتی كۆكراوەو دەسەڵاتی ئیفادكردن. 6- پێدانی دەسەڵاتی پلە بەرزكردنەوە تاپلەی مفەوەزی دەرەجە یەك. 7- پێدانی دەسەڵاتی دروستكردنی ناسنامە. 8- پێدانی دەسەڵاتی ڕێكخستنەوەی پەیكەری كارگێڕی و كردنەوەی بەشی نوێ بەپێی پێویست. 9- پێدانی دەسەڵاتی دیاریكردن و ڕێكخستنەوەی میلاك و پڕكردنەوەی شاغیر. 10- پێدانی دەسەڵاتی هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە ناوخۆیی و بیانیەكان بەمەبەستی كردنەوەی خولی گەشەپێدان. 11- پێدانی دەسەڵاتی ڕەوانەكردنی تۆمەتبارو تاوانبار بۆ ئەو شوێنانەی بەفەرمی داواكراوە. 12- پێدانی دەسەڵات گشتاندنی فەرمانی دەستگیركردنی تۆمەتباران بۆ دەروازەو خاڵە سنوریەكان 13- پێدانی دەسەڵاتی پەیوەندی لەگەڵ پۆلیسی ئەنتەرپوڵ 14- پێدانی دەسەڵاتی كڕینی چەك و تەقەمەنی و بەكارهێنانەوەی چەكی دەستبەسەراگیراو بەگوێرەی فەرمانی دادگا. 15- پێدانی دەسەڵاتی تەلەف كردن بۆ ئۆتۆمبێل و كەلوپەل. 16- پێدانی دەسەڵاتی كڕینی ئۆتۆمبێل و سوتەمەنی و جل و بەرگ و كەلوپەل و پێداویستی دیكە. 17- پێدانی دەسەڵاتی پەسەندكردنی ئەنجامی بڕیاری ئەنجومەنی لێكۆڵینەوە. 18- لەكاتی دروستكردنی هەر لیژنەیەك لەوەزارەت كە پەیوەندی بەپۆلیسی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانەوە هەبێت نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پەیوەندیداری تێدابێت. 19- پێدانی دەسەڵاتی پەسەندكردنی جێبەجێكردنی ڕێنمایی و مەرجەكانی بەرگری شارستانی لەكاتی دروستكردنی باڵەخانەی نوێی نیشتەجێبون و بازرگانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانەوە. 20- پێدانی دەسەڵاتی دەركردنی ڕێنمایی و پەسەندكردنی مۆڵەتی كردنەوەی نوسینگەكانی شۆفێری و مۆڵەتی پرۆژە پەیوەندیدارەكان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پەیوەندیداری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان. پێشنیازی دەسەڵات بۆ سێكتەرە جیاواز و فەرمانگە خزمەتگوزاریەكان 1- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ بەكرێدانی ڕاستەوخۆ بەپێی خەمڵاندن بەپێی یاسای ژمارە 32 ی ساڵی 1986 بەزیادكردنی ئاشكرا بۆ ڕوبەرێكی دیاریكراوی گونجاو بۆ هەندێك پرۆژەی بچوك و سادە كەلەلایەن هاڵاتیانەوە داواكاری لەسەرە لەناو پارك و باخچەو شۆستەی شەقامەكان بەشێوازی كۆشك یا دامەزراوەیەك بێت یان بۆ ئەو پرۆژانەی كەبچوكن یان بیرۆكەی نوێ و نایابن بەمەرجی پاراستنی ماف و ئەولەویەتی خاوەن بیرۆكەكە، كەهیچ ڕێگریەك و ئەركێكی دارایی و یاسایی بۆ شارەوانیەكان دروستناكات نەلەئێستاو نەداهاتوو وەئەمەش هیچ جۆرە زەویەكی نیزامی پرۆژەكانی بەكرێدان و موساتەحەو وەبەرهێنان ناگرێتەوە. 2- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ بەكرێدانی (پارچە زەوی بەڕوبەری ئەندازەیی دیاریكراوی گونجاو) لەپاركەكانی ناوسنوری ماستەرپلانی شارەكان و باخچەكان و ئەو شوێنانەی ژمارەی ئیفرازكراوی نییەو لەو سێكتەرانەی ناو ماستەر پلانی شارەكان سنوری بۆ دیاریكراوە بەپێی نەخشەی پەسەندكراوی ماستەر پلانی شوێنەكە بەشێوازی (بەكرێدانی درێژخایەن)موساتەحەو وەبەرهێنان. 3- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ دانوستاندن بۆ هەندێك كاری بازرگانی بەشێوازی (مساهمە) هاوبەش لەگەڵ سەرمایەدارو كۆمپانیاو هاوڵاتیان بۆ نۆژەنكردنەوەو برەودان بەو موڵك و ماڵانەی شارەوانی كەپێگەی ستراتیژی و نایابیان هەیە بەمەبەستی زیادكردنی داهات و هەلی كارو جوانكردنی سیمای شار. 4- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ئەنجامدانی گرێیەست بۆ ئەو یاساناسانەی كەشارەزاییان هەبێت لەبواری كاروباری كێشەكانی شارەوانی. 5- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ خەرجكردنی پارەی ئیستیملاك یان جیاوازی نرخی زەوی خەمڵێنراو هەروەها دەسەڵاتی تەقسیت كردنی پارەی جیاوازی نرخی خەمڵێنراو لەدادگا بەپێی یاسای ژمارەی 12ی ساڵی 1981 7- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ئیفرازكردن و گۆرٍینی ڕەگەزی زەوی (جگە لەسەوزایی) بەهەماهەنگی بەرێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەپەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا. 8- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ زیادكردنی ڕێژەی خەرجكردنی داهاتی غەرامات بەمەبەسەتی پاداشتكردن و خواردنی ڕۆژانەی چاودێرانی زیادەڕەوی. 9- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنی داواكار بەشێوازی (موساتەحە، وەبەرهێنان) بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژی و پێویست و نوێ. 10- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێكردن و خەرجكردنی تێچووی پرۆژەكان لەسەر بودجەی (داهات و فرۆشتنی زەوی). 11- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەلەجیاتی دانانی فەرمانبەرانی گرێبەستە كاتیەكان بەجێگرەوەكانیان لەچوارچێوەی ئەو ژمارەیەی كەساڵانە ڕەزامەندی بۆ دەردەبڕدرێت بەهەماهەنگی ئەنجومەنی پارێزگا. 12- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپێدانی مۆڵەتی بێ موچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی (5)ساڵ. 13- دەسەڵاتی مۆڵەت بەمووچەی تەواو بۆ ماوەی (3 )مانگ. 14- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گۆڕینی ناونیشانی شۆفێری كاتی لەئامێرێكەوە بۆ ئامرێكیتر. 15- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گۆڕینی ناونیشان و پسپۆڕی گرێبەستە كاتیەكان و پێدانی مافی مۆڵەتی ئاسایی و نەخۆشی و پێش و دوای منداڵبون و بێموچە. پێشنیازی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان 1-پێدانی دەسەڵاتی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی (5) ساڵ ، ڕەزامەندی لەسەر پچڕانی مۆڵەتی بێ مووچەو دەستبەكاربونەوەی. 2- دەسەڵاتی مۆڵەت بەمووچەی تەواوەوە بۆ ماوەی ( 3)مانگ. 3- دەسەڵاتی مۆڵەتی بەخێوكەر بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی. 4- خانەنشینكردنی فەرمانبەران لەگشت پلەكان پاش گەیشتنی بەتەمەنی یاسایی خانەنشینی و هەروەها خانەنشنیكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كۆچی دوایی دەكەن پێش وادەی یاسایی خانەشینبونی و ترقین قیدكردنی فەرمانبەرانی كۆچ كردوو، هەروەها خانەنشینكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كەپێش تەواوبونی تەمەنی یاسایی وەزیفیان داوای خانەشین بوون دەكەن. 5- دەسەڵاتی گواستنەوەو تەنسیبكردنی فەرمانبەران و دەسەڵاتی ڕێكخستنەوەی میلاك لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیدار. 6- دامەزراندنی كارمەند بەشێوەی گرێبەستی كاتی تاماوەی پێویست 7- دەسەڵاتی شاندكردنی فەرمانبەران بۆ دەرەوەی وڵات لەكاتی پێویست 8- دەسەڵاتی پێدانی وەكالەتنامەی تایەبت و گشتی بەفەرمانبەرانی یاسایی. 9- پێشنیاز بۆ گۆڕینی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەكان بەڕەزامەندی پارێزگارو سەرپەرشتیاری ئیدارەكان. 10- دەسەڵاتی ئەنجامدانی گرێبەستی پرۆژەكان تابڕی (2)دوو ملیار دینار بۆ هەر پرۆژەیەك و دەسەڵاتی پێوانەی كۆتایی ئەو پرۆژانە تاهەمان بڕ. 11- دەسەڵاتی بەكرێدان و بەشبەشكردن (تقسیت)كردنی كرێی ساڵانە. 12- دەسەڵاتی فرۆشتنی موادی لەكاركەوتوو خەمڵاندنیان بەبێ دیاریكردنی بڕی پارەی مەوادەكان. 13- دەسەڵاتی گۆڕانكاری لەپرۆژەدا بەڕێژەی 15% ی بودجەی بنەڕەتی گرێبەستی پرۆژەكە. 14- دەسەڵاتی پێدانی ماوەی زێدەگی بەپرۆژەكان بەپێی پێویست. 15- دەسەڵاتی پێكهێنان و ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوە. 16- پێدانی هاندان و سوپاس و پێزانین. 17- دەسەڵات بدرێتە بەرٍێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پەسەندكردنی لیژنەكانی خەمڵاندن و فرۆشتن، بۆ هەر بڕێك بێت لەدەسەڵاتی خۆیاندابێت. 18- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەمەبەستی فەرمانی ئیفادكرنی خۆیان. 19- پێدانی دەسەڵات بەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ علاوەو ترفیع ی فەرمانبەران بەپێی بونی ڕێنماییەكان. 20- پێدانی دەسەڵات بەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ئاڕاستەكردنی نوسراو بۆ وەزارەتەكان و وێنەیەك بدات بەوەزارەت یان دەستەكەی خۆی. 21- پێدانی دەسەڵات بەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە پاداشتكردنی فەرمانبەران و ئەوانەی فەرمانبەرنین (غیر عاملین) تابڕی (300000)سێ سەد هەزار دینار بەرامبەر كارێكی ناوازەو خزمەت بێت بەبەرژەوەندی گشتی بەمەرجێك دوبارە نەبێتەوە بەپێی یاساو ڕێنماییەكان. 22- دەسەڵات بدرێت بەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەو ڕأگرتنی خەرجكردنی مووچەو پێدانی پشتگیری لەئاستی پارێزگادا. 23- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پەسەندكردنی نرخی هاندراوی زەوی. 24- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پەسەندكردنی ماوەو كرێی مساتەحە. 25- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ فراوانكردنی پرۆژە بە چالاكی + سەرمایە+ زەوی+ زیادكردنی هێڵی بەرهەمهێنان 26- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گۆڕانكاری پرۆژە لەهەمان سێكتەر بەمەرجێك لەتواناو نیشاندەرە ئابوورییەكانی كەم نەكاتەوە. 27- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپەسەندكردنی سەرەتایی بۆ پرۆژەی كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری و سەرجەم كەرتەكانی دیكە. 28- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ واژوكردنی گرێبەستی ڕاوێژكاری. 29- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە ڕەزامەندی دریًژكردنەوەی ماوەی پرۆژەكان بەپاساوی یاسایی و هونەری. 30- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپەسەندكردنی تەنازول كردن لەسەرجەم یان بەشێكی پرۆژە بۆ كەسێكیتر بەپێی یاساو ڕێنماییەكان. 31- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپەسەندكردنی ڕەهنی موڵك لەبری ختاب زەمان یان هەڵوەشاندنەوەی ختاب زەمان لەپاش بونی سەرجەم مەرج و ڕێكارە یاساییەكان. 32- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ دانان و لابردنی هێمای مامەڵەنەكردن لەسەر زەوی پرۆژەكانی وەبەرهێنان بەپێی یاساو ڕێنمایی. 33- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەنوێنەرایەتیكردنی بەڕێوبەری گشتی لەبەردەم دادگاو وەزارەت و فەرمانگەكان و كردنەوەی بریكارنامە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیەكان بەمەبەستی داخڵ بون لەداوا یاساییەكان وەك داواكار یان داوا لەسەركراو یان لایەنی سێهەم. 34- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ كردنەوەی بریكارنامە بۆ پارێزەران لەو داوایانەی كەدەسەڵاتی فەرمانبەری یاسایی نییە. 35- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان پاكتاوكردنی پێشینەی كۆتایی پرۆژەكانی وەبەرهێنان لەسەر تەرخانكراوی پشتیوانكراو لە خەرجیەكانی پرۆژەكان بەپێی بڕگەكانی گرێبەست و ڕێنماییە داراییەكان 36- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ بانگەوازی جێبەجێكردنی پرۆژەكان و كردنەوەو شیكردنەوەی تەندەرو ئیحالەكردنی بەپێی ڕێنماییەكان و جێبەجێكردنی گرێبەستە گشتیەكان. 37- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە خەرجكردنی پێشینە بۆ كۆمپانیاو بەڵێندەرەكان بەپێی بڕگەكانی گرێبەست بەڕەچاوكردنی مەرجە گشتیە كارپێكراوەكان و ڕێنمایی جێبەجێكردنی گرێبەستە حكومیەكان. 38- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە خەرجكردنی قەرەبوی هاوڵاتیان لەسەر بودجەی ئاسایی. 39- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپێدانی دەسەڵات بۆ واژووكردنی گرێبەست لەسەر بودجەی ئاسایی+وەبەرهێنان. 40- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە پێدانی دەسەڵاتی گرێبەستكردنی زەوی كشتوكاڵی و هەڵوەشاندنەوەی لەگەڵ جوتیارو هاوڵاتیاندا. 41- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گرێبەستكردنی زەوی بەردەڵان بەپێی بڕیاری 395 ی ساڵی 1983 (بناری چیاكان)بۆ باخ و ڕەزو میوەی دێمەكار كە چەند ساڵێكە بێ هیچ پاساوێكی یاسایی ڕاگیراوە كەبۆتە هۆی دیاردەی زیادەرۆیی هەروەها دەسەڵاتی گواستنەوەی گرێبەستەكە بۆ كەسێكیتر یاخود هەڵوەشاندنەوەی. 42- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ تەرخانكردن و دەستهەڵگرتن لەزەوی میری وەك زەوی بەردەڵان و لەوەڕگاو زەوی كشتوكاڵی بۆ بەرژەوەندی پرۆژەی هاوڵاتیان و دامودەزگاكانی حكومەت. 43- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ تەرخانكردن و گرێبەستكردنی زەوی بۆ پرۆژەكانی پەلەوەرو ماسی و ئاژەڵداری كەلەلایەن هاوڵاتیانەوە ئەنجامدەدرێت. 44- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گواستنەوەو هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دابەشكردنی زەوی كەدراوە بەجوتیاران. 45- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ مۆڵەتی پرۆژەكانی پەلەوەری و گاوداری و حەوزی ماسی و جوجك هەڵهێنەرو كارگەی ئالیك هەروەها نوێكردنەوەو گواستنەوەو هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكان یاخود گۆڕینیان بۆ پرۆژەیەكیتر. 46- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ڕێگەپێدان بەهاوڵاتیان و جوتیاران بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو پەلەوەرو گۆشتی سورو گۆشتی مریشكی بەستوو هێلكەی خواردن و شیرو ماسی فرێش و زیندوو بەستو و پەین و ئالیك و پێكهاتەكانی بەهەموو جۆرەكانیەوە، هەروەها دەسەڵاتی ڕێگەپێدان بۆ هاوردەكردنی كەرەستە و پێداویستی كشتوكاڵی، بەلەبەرچاوگرتنی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو و بەپێی یاساو ڕێنماییەكان. 47- دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ نۆژەنكردنەوەی بینای خوێندنگەكان تابڕی (250000000) دوسەدو پەنجا ملیۆن دینار. 48- دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ خەرجكردن و كۆكردنەوەی داهاتی فرۆشگای خوێندنگاكان. 49- دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ كڕینی كەلوپەل و پێویستی خوێندنگاكان. 50- دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان لەسەر بودجەی مەڵبەندەكانی كێش (قەپانەكان). 51- فڕۆكەخانەی نێدەوڵەتی سلێمانی لەسەر وەزارەتی گواستنەوە لاببرێت و هەمان مامەڵەی كارگێڕی و دارایی فڕۆكەخانەی هەولێری لەگەڵ بكرێت. 52- پێدانی دەسەڵات بە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سلێمانی بۆ بانگهێشتكردنی ڕاستەوخۆی كۆمپانیاكانی تایبەتمەند لەبوارەكانی فڕۆكەخانەو فڕۆكەوانی و واژۆكردنی گرێبەست بەمەبەستی (ڕاوێژكاری ، دانان، چاكسازی، گۆڕین، تێستكردن)ی سیستەم و ئامێرو ئۆتۆمبێلە تایبەتەكانی فڕۆكەخانەو ئەنجامدانی (flight calibration) بۆ ئامێرە فڕۆكەوانیەكان بەپێی هاتوو لەپاشكۆكانی (ICAO) دوای وەرگرتنی ئۆفەرەكانیان بۆ هەرحاڵەتێك بەبێ ئەوەی پێویست بە تۆماركردنی لقی كۆمپانیاكانیان لە هەرێم بكات و پێویست بەپێدانی تەئمیناتی سەرەتایی گرێبەستەكان ناكات و پێدانی دەسەڵات بۆ خەرجكردنی ڕێژەی پێشەكی پێشینەكانیان تابڕی 50% تێچوی گرێبەستەكە وە لیژنەی تایبەت لەفڕۆكەخانە پێكبهێنرێت بۆ هەر بابەتێك لەو بوارانەی كەلەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە بڕیار لەسەر پێداویستیان بدات. 53- پێدانی دەسەڵات بە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ بانگەوازو جێبەجێكردنی پرۆژەكانی تایبەتمەند بەفڕۆكەخانەو بواری سەلامەتی فڕۆكەوانی و كردنەوەو شیكردنەوەو ئیحالەكردنی تەندەرەكان بەپێی ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستە گشتیەكان، هەروەها پێدانی دەسەڵات بۆ خەرجكردنی بڕی تێچونی ئەو گرێبەستانەی واژوو دەكرێن. 54- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كڕینی ڕاستەوخۆی سیستەم و ئامێرو پێداویستیەكانی فڕۆكەخانە كەپەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بەبوارەكانی سەلامەتی گەشتیاران و فڕۆكەوانیەوە بەپێی پێوەرو ڕێنماییە نێودەوڵەتیەكان (ICAO). 55- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ دامەزراندن و واژووكردنی گرێبەستی كاتی بۆ پسپۆڕو شارەزاو ئەندازیارو كارمەندو كرێكار تاماوەی (6)مانگ كەشایەتی نوێكردنەوەبێت. 56- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ مۆڵەت بەهێڵە ئاسمانیەكان. 57- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كردنەوەو داخستنی بارودۆخی كەش بەهۆی زروفی نائاسایی. 58- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕەزامەندی لەسەر دابەزینی فڕۆكە لەكاتی پێویست. 59- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ گواستنەوەو تەنسیبكردنی فەرمانبەران و دەسەڵاتی كردنەوە یان جیاكردنەوە یان دەمجكردنی بەڕێوەبەرایەتی و بەش و هۆبە تایبەت لەهەیكەلی ئیداری فڕۆكەخانە. 60- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ واژوو كردنی پەیوەستنامە لەگەڵ كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكاندا دوای ئەوەی مۆڵەتی وەبەرهێنان وەردەگرن بۆ جێبەجێكردنی پرۆەژەكانیان لەناو فڕۆكەخانە. 61- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ شرۆڤەكردن و واژوو كردنی گرێبەستی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنەكانی تایبەت بەڕێكخستنی خولی ڕاهێنان بۆ كارمەندانی فڕۆكەخانەو یەكە یاریدەدەرەكانی فڕۆكەخانە. ئەو سێكتەرانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیان لەئاستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكاندا نییە پێشنیازدەكەین بە: 1-كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆیان لەسەر ئاستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان. یان 2- هەمان ئەو دەسەڵاتانەی كەدەدرێت بەبەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان، بدرێت بەو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگانەی كە گشتییەكانیان لەپایتەختە. كۆتایی...
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت حكومەتی هەرێمی كوردستانو عێراق رێككەوتن، ئێستا رێككەوتنەكە تەنیا واژۆكردنی ماوە، ئەگەر رێككەوتنەكە واژۆ بكرێت مەسرور بارزانی یەكەم بەڵێنی خۆی جێبەجێ دەكات كە رێككەوتن بوو لەگەڵ بەغداد، حكومەتی هەرێم رەزامەندی نیشانداوە داهاتی تەواوەتی نەوت دوای لێدەركردنی خەرجییەكان رادەستی بەغداد بكات، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری رێككەوتنەكە بڵاودەكاتەوە. كۆبونەوەیەكی گرنگ وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكرد، دوای سێ رۆژ مانەوە لە بەغدادو گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی عێراق، گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بڕیارە سبەینێ وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كۆببێتەوەو لە دواین گۆڕانكاریو وردەكاری گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئاگاداری بكاتەوەو پێكەوە دواین بڕیاری بدەن. كۆبونەوەكەی وەفدی حكومەتو مەسرور بارزانی كۆبونەوەیەكی گرنگو مێژوییە، ئەگەر بڕیاری كۆتایی تێدا بدرێت، بۆ یەكەمجار هەرێمی كوردستان داهاتی نەوت رادەستی بەغداد دەكاتو دەبێت بە سەرەتای قۆناغێكی نوێ كە وردە وردە دەستی توركیا لەناو نەوتی هەرێم دەكێشێتەوە. هەرێمو بەغداد رێككەوتن بەپێی ئەو زانیارییانە كە دەست (درەو) كەوتوون، وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتوەنەتە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی نەوتو بودجەو ئێستا رێككەوتنەكە تەنیا ئیمزاكردنی ماوە. (درەو) زانیویەتی رێككەوتنی نێوان وەفدی حكومەتی هەرێمو حكومەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەمشێوەیەیە: • حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی تەواوەتی نەوت دوای لێدەركردنی خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوە رادەستی بەغداد دەكات، واتە حكومەتی هەرێم پارەی نەوت رادەستی بەغداد دەكات نەك نەوتەكە، هەرێمی كوردستان رۆژانە (450 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت داهاتی تەواوەتی ئەم نەوتە دوای لێدەكردنی خەرجییەكان، رادەستی بەغداد بكات. • حكومەتی هەرێم رێژەی 50% داهاتی ناوخۆی دامەزراوە فیدراڵییەكانی وەكو (دەروازە سنورییەكانو فڕۆكەخانەكانو فەرمانگە فیدراڵییەكان) رادەستی بەغداد دەكات. • بەپێی رێككەوتنەكە، حكومەتی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لەبەرامبەر رادەستكردنی داهاتی نەوتو ناوخۆ، مانگانە بڕی (550 ملیار بۆ 600 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم بدات. • رێككەوتنەكە بەجۆرێك كراوە، ئەگەر نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا بەرزبووەوە، حكومەتی بەغداد بەپێی بەرزبونەوەی نرخ بەشە بودجەی هەرێم زیاد بكات. • سەبارەت بە فشارو رێگرییەكانی توركیا لە كەیسی نەوتی هەرێمدا، بەرپرسانی بەغداد بەڵێنیان بە وەفدی حكومەتی هەرێم داوە، ئەگەر توركیا رێگری كرد، خۆیان كێشەكان لەگەڵ توركیا چارەسەر بكەن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، فشارەكانی ئەمریكاو بەریتانیا كاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی حكومەتی هەرێمو بەغداد جارێكی تر لەبارەی پرسی نەوتو بودجەوە بگەنە رێككەوتن. لێكەوتەكانی رێككەوتنەكە ئەگەر رێككەوتنەكە دوچاری هیچ كێشەو گرفتێك نەبێتەوە، پێشبینی دەكرێت ناوەڕاستی هەفتەی داهاتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم خۆی بچێتە بەغدادو لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتنەكە ئیمزا بكات، هەندێك لە سەرچاوەكانی زانیاریی پێشبینی دەكەن، رەنگە بۆ خۆبەدورگرتن لە توڕەیی شەقامو بەدیاریكراویش لایەنە شیعەكان، مستەفا كازمی خۆی ئیمزا لەسەر رێككەوتنەكە نەكاتو لەبری ئەوەی تیمی هەردوو حكومەت رێككەوتنەكە واژۆ بكەن، لەم حاڵەتەدا پێشبینی ناكرێت مەسرور بارزانی خۆی بچێت بۆ بەغدادو رەنگە قوباد تاڵەبانی رێككەوتنەكە ئیمزا بكات. رێككەوتنەكە بەرلەوەی خەڵكی كوردستان لە قەیرانی دارایی رزگاربكات، حكومەتی مەسرور بارزانی لە ئەگەری لێكهەڵوەشان رزگار دەكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا یەكێتی وەكو لایەنێكی پێكهێنەری حكومەت هەڕەشەی كشانەوە دەكات ئەگەر رێككەوتن نەكرێتو كێشەی موچە چارەسەر نەكرێت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لەژێر فشاری توندی حزبەكەیدایە، لەدواین كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، تەنیا بە مەرجی رێككەوتن رەزامەندی نیشاندراوە لەسەر ئەوەی جارێكی تر قوباد تاڵەبانی بە سەرۆكایەتی وەفدی هەرێم بچێتە بەغداد، هەر لەو كۆبونەوەیەدا بەهۆی ئەو رەخنە زۆرانەی كە لە بڕیارەكەی حكومەت سەبارەت بە دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران گیراوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە ئامادەیە دەست لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بكێشێتەوە. لەلایەكی ترەوە، ئەگەر رێككەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، گورزێكی بەهێز دەبێت كە مەسرور بارزانی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی دەداتو كۆتایی بە دەستڕۆیشتووی نێچیرڤان بارزانی دەهێنێت لە كەیسی نەوتی هەرێمدا. داهاتی نەوتی هەرێم بەپێی دواین داتاكان، داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا كە نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا شكاوە، گەیشتوەتە (312 ملیۆن) دۆلار لە مانگێكدا، ئەم پارەیە تەنیا (86 ملیۆن) دۆلاری بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوەو چوەتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی، پاشماوەی پارەكە بەمشێوەیە دابەشبووە: • 60 ملیۆن دۆلاری رۆیشتووە بۆ كۆمپانیای (روزنەفت)ی روسی، ئەمە كرێی گواستنەوەی نەوتەكە بووە بە بۆرییەكاندا • 86 ملیۆن دۆلاری رویشتووە بۆ كرێی وەبەرهێنانی نەوت لەلایەن كۆمپانیاكانەوە • 80 ملیۆن دۆلاری رۆیشتووە بۆ توركیا، (30 ملیۆن) دۆلاری كرێی گواستنەوەی نەوتەكە بووە بەناو خاكی توركیا، (50 ملیۆن) دۆلاری بۆ پێدانەوەی قەرزەكانی توركیا بووە موچە دوای رێككەوتنەكە ئەگەر رێككەوتنەكە ئیمزا بكرێت، لەمەودوا داهاتی مانگانەی هەرێمی كوردستان بەشی هەرەزۆری ئەو بڕە پارەیەیە كە لە بەغدادەوە بۆی دێت. بەغداد بڕیاریداوە لەبەرامبەر رادەستكردنی داهاتی نەوتو ناوخۆدا، مانگانە (550 ملیار بۆ 600 ملیار) دینار بە هەرێمی كوردستان بدات، ئەمە لەحاڵەتێكدا نرخی نەوت وەكو ئێستا لە بازاڕی جیهانیدا بمێنێتەوە. لە هەموو حاڵەكاندا ئەو بڕە پارەیەی كە بەغداد مانگانە دەیدات بە حكومەتی هەرێم، تەرخاندەكرێت بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم كە مانگانە پێویستی بە (894 ملیار) دینار هەیە، واتە هێشتا ئەو بڕە پارەیەی كە بەغداد بە هەرێمی دەدات، مانگانە تەنیا بۆ خەرجی موچە بڕی نزیكەی (300 ملیار) دینار كورتهێنانی هەیە، واتا رێژەی 34% كورتهێنانی دەبێت بۆ پڕكردنەوەی خەرجی موچە، حكومەتی هەرێم بەپێی ئەو داهاتەی لە بەغداد وەریدەگرێت موچەی موچەخۆران رێكدەخاتەوە، لەم حاڵەتەدا رەنگە حكومەت ناچاربێت رێژەی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران لە 21%وە كە بۆ ئەم مانگە بڕیاری لەسەرداوە بۆ مانگەكانی تر زیاد بكات بۆ 34%و ئەمە جێگیربكرێت، خۆ ئەگەر یاسای چاكسازی كە بڕیارە لە مانگی تەموزەوە جێبەجێبكرێت، رەنگە داهاتێكی زیاتر بۆ خەزێنەی حكومەت بگەڕێنێتەوەو ئەكات رێژەی دەستكاریكردنی موچە كەمتر بێتەوە.
راپۆرت:درەو رەنگە وەفدی حکومەتی هەرێم بە دەستی بەتاڵەوە لە بەغدادەوە بگەڕێنەوە بۆ کوردستان، بەڵام ئەمجارە وەزیری پلاندانان هێدفۆنەکەی بەدەستەوە نابێت، چونکە پەشیمانەو چاوەڕێی کاردانەوەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی نەکردووە، حكومەتی هەرێم دەیەوێت داهاتی نەوت رادەست بكات، عێراق داوای پرۆسەی تەواوەتی نەوت دەكات، (درەو) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی گفتوگۆی وەفدی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەخاتەڕوو. ئەندامانی وەفدەکە لەکوێ دەمێننەوە ؟ شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوو رۆژە لە بەغدادە، قوباد تاڵەبانی و وەزیرە یەكێتییەكانی ناو وەفدەکە لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار لای سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵح و وەزیرە پارتییەكانی وەفدەکەش لەبارەگای نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد لای (فارس عیسا) نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەمێننەوە، واتا وەفدەکە خەرجییان نیە. وەفدی حکومەتی هەرێم لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا دوو كۆبونەوەی كردووە: • رۆژی یەكەم لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكی وەزیرانی عێراق کۆبووە. • رۆژی دووەم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە. • سبەینێ وەفدەکە كۆبونەوەیەكی تر دەكات، لەو کۆبونەوەیەدا وەزیری نەوتی عێراق بەشدار دەبێت. بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەكانی (درەو) لەو دوو کۆبونەوەی کە وەفدی حکومەتی هەرێم لە دوو رۆژی رابردوودا لە بەغداد کردویەتی، تا ئێستا نەگەیشتوەتە هیچ ئەنجامێك، ئەوەی قسەوباسی لەسەرکراوە تەنیا خستنەڕووی ئەو زانیارییانە بووە كە حكومەتی عێراق لە شاندی حكومەتی هەرێمی ویستووە. شاندی حكومەتی هەرێم دوو فایلی ئامادەكردووەو لەگەڵ خۆی بردویەتی بۆ بەغداد: • فایلی تایبەت بە موچەو بودجە • فایلی تایبەت بە نەوت و ووزە رێككەوتنێكی ئاڵۆز لە دوو رۆژی رابردوودا وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ویستویەتی ژمارەیەكی دەستبكەوێت بۆ ئەوەی مامەڵەی لەگەڵ بكات، شاندەكەی هەرێم ئەوەی خستوەتە بەردەم بەرپرسانی عێراق کە: ٭ هەرێم (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەو (50%)ی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغداد دەکات ئەگەر لەبەرامبەر ئەوەدا بەغداد مانگانە بڕی (700 ملیار) دینار بە هەرێم بدات، وەڵامی بەرپرسانی عێراق بۆئەم پێشنیازە ئەوەبووە كە ئەوان ناتوانن هیچ ژمارەیەك بخەنەڕوو چونکە بارودۆخی دارایی عێراق خراپە، ئەوان بەپێی ئەو داهاتەی دێتە بەردەستیان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكەن. لەبارەی پرسی دەروازە سنورییەکانەوە، بەرپرسانی عێراق بە وەفدی هەرێمیان راگەیاندووە، دەروازەیەكی نوێی نێودەوڵەتی لەنێوان توركیاو عێراق دەكەنەوە، ئەو دەروازەیە دەكرێت بە دەروازەی راستەوخۆی نێودەوڵەتی لەنێوان هەردوولادا. چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ بەبێ رێککەوتن وەفدەكەی حکومەتی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، ئەگەر لە کۆبونەوەی سبەینێدا بگەنە ئەنجامێک، واژووكردنی رێككەوتنەكە جێدەهێڵن بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، پێشتر مەسرور بارزانی رایگەیاند، ئەگەر بەغداد نیەتی رێككەوتنی هەبێت لەگەڵ هەرێم، ئەوا خۆی سەردانی بەغداد دەكات. سەرچاوەیەك لە وەفدی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند، رێككەوتنی ئەمجارە زۆر ئاڵۆزە، چونکە: • لایەنە شیعەكان و شەقامی عێراقی فشاری زۆر توندیان لەسەر مستەفا كازمی سەرۆک وەزیران دروستكردووە نابێت بەئاسانی و وەك كابینەكانی پێشوو لەگەڵ وەفدی هەرێم رێكکەوتن بکات، چونكە شاندی هەرێم تەنها بۆ پارە دێتە بەغدادو حکومەتی هەرێم دەستی دەستی بە بەغداد دەكات و هەركات قەیرانەكەی تێپەڕاند، رێككەوتنەكە جێبەجێ ناكات. • حكومەتی عێراق جدیە لەوەی دەبێت رێككەوتنەكە هەمیشەیی بێت و بناغەیەیەكی پتەوی هەبێت، بۆ ئەوەی كێشەی نێوان هەرێم و بەغداد بەتەواوی چارەسەر بكرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم دەیەوێت رێككەوتنەكە كاتی بێت و بۆ ماوەیەكی دیاری كراو بێت. • حكومەتی هەرێم دەیەوێت داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات و دۆسیەی نەوت هەر لەدەستی خۆیدا بمێنێتەوە، بەڵام بەغداد دەیەوێت پرۆسەی نەوتی هەرێمی بەتەواوەتی رادەستبكرێت، نەوت بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵی کۆمپانیای بەبازاڕخستنی نیشتمانی نەوتی عێراق "سۆمۆ"دا بێت، بۆ ئەوەی خۆی لەسەر ئێشەی كۆمپانیاكان و گەندەڵی نەوت رزگار بكات. • پرۆسەی نەوتی هەرێم رەگوڕێشەی درێژو جیاوازی هەیەو هەموو سەرەداوەكان لەدەستی هەرێمدا نیە، بەشێكی لای كۆمپانیای "رۆزنەفت"ی رووسیە، بەشی زۆری سەرەداوی نەوت لەدەستی توركیایە، لە كرێی كۆمپانیاو كرێی گواستنەوەی بۆری نەوت و قەرزی نەوتی توركیا، واتا بەبێ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن توركیاوە، رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد مەحاڵە، پێشبینی دەکرێت دواجار بەغداد لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمەوە خۆی رێككەوتن لەگەڵ توركیا بكات و نەوتی لە دەستی هەرێم دەربهێنێت. • ئەمریكا دەیەوێت هەرێم و بەغداد رێككەوتن بكەن، ئەمریكا دەیەوێت حكومەتەكەی كازمی سەركەوێت، بەڕوونی بە بەرپرسانی هەرێمی وتووە تەنیا دەروازەی رزگاربوونی هەرێم لەم بارودۆخەدا رێككەوتنەكە لەگەڵ بەغداد. هێدفۆنەكەی وەزیری پلاندانان وەفدی هەرێم بە فڕۆکەیەکی سەربازی چونە بەغداد، کاتێک ئەندامانی وەفدەکە لە فڕۆکەکە دابەزین، (دارا رەشید) وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان "هێدفۆن"ێکی بەدەستەوە بوو، دیمەنی هێدفۆنەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی قسەوباسی دروستکرد، وا لێکدرایەوە وەزیر هێدفۆنی ناو فڕۆکە سەربازییەکەی لەگەڵ خۆی بردووە، لەکاتێکدا ئەوە تەنیا بۆ ناو فڕۆکەو بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاوی دەنگی فڕۆکە سەربازییەکان بەکاردەهێنرێت. بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، هێدفۆنەكەی وەزیری پلاندانان بلوتوز بووە، كاتێك خۆی ئامادە کردووە بۆ گەشتەکەی بەغداد، هێدفۆنەكە لەگەڵ خۆی بردووە بۆ ئەوەی لەناو فڕۆكەكە گوێ لە بەرنامەیەکی دۆكیۆمێنتەریەكی كەناڵی (BBC) بگرێت تایبەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی سەرژمێری و ئامار لە بەریتانیا، بەڵام دوای دابەزینی لە فڕۆكەكە لەبیرچووە بیخاتە ناو جانتاكەی و هەر بەدەستیەوە بووە. دارا رەشید ئاماژەی بەوەکردووە، بیری لەوە نەکردوەتەوە هیدفۆنەکەی بەوشێوەیە كاردانەوەی لێكەوتوەتەوە، وتویەتی" شەڵڵا هەر نەمبردایە لەگەڵ خۆم".
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازڵ حەمەڕەفعەت مەكتەبی سیاسی یەكێتی كاتێك هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیاری دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران راگەیاند، خەڵكی هەرێمی كوردستان لە خەودا بوون، كە رۆژهەڵات لاهور شێخ جەنگی بە "تویت"ێك بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاندەوە، بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی چۆن نوسرا ؟ كێ نوسی ؟ بۆچی لە میدیاكانی یەكێتی لابراو پێچرایەوە ؟ بەیاننامەیەك لە تاریكی شەودا كاتژمێر (2:30)ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ كاتێك خەڵكی هەرێمی كوردستان لە خەودا بوون، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە. ئەمە بەیاننامەی دوای (4 كاتژمێر) كۆبونەوەی دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو لەبارەی بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران. ناوەڕۆكی بەیاننامەكە بۆ زۆرێك لە یەكێتییەكان پێشبینی نەكراو و "شۆك" بوو، ئەوانە لەبەر رۆشنایی لێدوانەكانی پێشتری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان چاوەڕێی بەیاننامەیەكی توندبوون دژ بە دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران، بەڵام بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پشتیوانی بڕیارەكەی كردو بەهانەی بۆ دەستكاریكردنی موچە بەوە هێنایەوە كە "حكومەت بەناچاری ئەو بڕیارە قورسەی داوە". چەند كاتژمێرێكی نەخایاند، كە رۆژ لە ئاسۆ دەركەوت، بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی لە میدیاكانی یەكێتیدا پێچرایەوەو تویتێكی كورتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە توڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، لە میدیای یەكێتیدا شوێنی بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی گرتەوە. لاهور شێخ جەنگی لە تویتەكەیدا هۆشداری بە ناوخۆی حزبەكەو دەرەوەش دەدات كە "ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆدەبێتەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد نەگاتە رێككەوتنو شەفافیەت لە خەرجیو داهاتدا نەبێت، یەكێتی ناچێتە ژێر باری موچە بڕین". لاهور شێخ جەنگی هەر لەو تویتەدا هەڕەشەی هەڵپەساردنی بەشداری یەكێتی لە پەرلەمانو حكومەتو بانگەشەكردن بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات. چی رویدا ؟ كاتژمێر (8:30) خولەكی دوێنێ شەو مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوە، كۆبونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی بڕیاری حكومەتی هەرێم بوو لەبارەی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم وەكو سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت بەشداربوو لە كۆبونەوەكەدا. یەكێتی پێشتر لەڕێگەی چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسییەوە رایگەیاند، لە حكومەت پاڵپشتی لە بڕینی موچەی فەرمانبەران ناكات، بەڵام رۆژی یەكشەممە حكومەت بەڕەزامەندی تیمی یەكێتی بڕیاریدا لەسەر دەستكاریكردنی موچە. كۆبونەوەی دوێنێ شەوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە تاوەكو كاتژمێر (11:40) خولەكی شەو بەردەوام بوو، بۆ لێپێچینەوە بوو لە تیمی یەكێتی سەبارەت بە بەشداریكردن لە بڕیاری دەستكاریكردنی موچە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی رونكردنەوەی داوە بە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی چۆنیەتی دەركردنی بڕیاری دەستكاریكردنی موچە، قوباد تاڵەبانی باسی لەوەكردووە، بەنیاز نەبوون لە كۆبونەوەكەی رۆژی یەكشەممەی حكومەتدا بڕیاری كۆتایی لەبارەی دەستكاریكردنی موچە بدەن، بڕیاربووە ئەوان پێشنیازەكانی دەستكاریكردنی موچە گەڵاڵە بكەنو دواترو لە كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی حكومەت) بڕیاری كۆتایی رابگەیەندرێت، لە ناوەڕاستی كۆبونەوەی رۆژی یەكشەممەدا ئاگاداركراون لەوەی كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە ناكرێتو دەبێت حكومەت خۆی بڕیار بدات. قسەكانی قوباد تاڵەبانی بۆ مەكتەبی سیاسی حزبەكەی قایلكەر نەبوون، بەتایبەتیش لەكاتێكدا مەكتەبی سیاسی پێشتر تیمی یەكێتی لە حكومەت ئاگاداركردووە لەوەی ئەوان پشتیوانی دەستكاریكردنی موچە ناكەنو رۆژی بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكەش هەمان ئاگادارییان پێدراوە. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بەتوندی رەخنەی لە قوباد تاڵەبانیو تیمی یەكێتی لە حكومەت گرتووەو تۆمەتباریكردون بەوەی بریاری مەكتەبی سیاسی حزبو هاوسەرۆكەكانیان شكاندووە لەوەی بەشدارییان كردووە لە بریاری بڕینی موچەی فەرمانبەران. لاهور شێخ جەنگی لەبارەی پرسی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەرانەوە باسی لەوەكردووە، حكومەت بۆ بڕینی (21%)ی موچەی فەرمانبەران، پێویستی بە (150 ملیۆن) دۆلار هەبووە، دەبوو ئەو پارەیە قەرزبكاتو دەستكاری موچە نەكات، كابینەی پێشوو (27 ملیار) دۆلار قەرزی هەبووە، با ئەم كابینەیەش (150 ملیۆن) دۆلاری قەرز بكردایە، نەك دەستكاری موچە بكات. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتوون، لەبەرامبەر ئەو رەخنانەی كە لەلایەن لاهور شێخ جەنگیو هەندێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسییەوە لێی گیراوە، قوباد تاڵەبانی چەندجارێك ئاماژەی بەوەكردووە، ئامادەیە دەست لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بكێشێتەوە. لاهور شێخ جەنگی بە قوباد تاڵەبانی وتووە: پێویستە رونكردنەوە بدەن چۆن چونەتە ژێر باری بڕیاری دەستكاریكردنی موچە، قوباد تاڵەبانی وتویەتی: من ناتوانم رونكردنەوە بدەمو بەو كارە تێكدەشكێم، بۆیە رونكردنەوە نادەمو ئامادەم دەستلەكاربكێشمەوە. بەیاننامەكە چۆن نوسرا ؟ كاتژمێر (11:40) شەو كاتێك كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆتایی هات، بەشداربوانی كۆبونەوەكە لەسەر ئەوە رێككەوتبوون بڵاوكردنەوەی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە بخرێتە سبەینێوە (واتە ئەمڕۆ)، بەڵام كاتژمێر (2:30) خولەك بەیاننامەكە بڵاوكرایەوە، (درەو) لەكاتی خۆیدا بەیاننامەكەی بڵاوكردەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتوون، بڕیار بووە فەرید ئەسەسەرد سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رەشنوسی بەیاننامەكە ئامادە بكاتو بینێرێت بۆ ستران عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بۆ ئەوەی پاكنوسی بكاتو ئامادەی بكات بۆ بڵاوكردنەوە. ئەسەسەرد رەشنوسەكەی ناردووەو ستران عەبدوڵاش پاكنوسەكەی بۆ ناردوەتەوە، بەڵام ئەسەسەرد بە ستران عەبدوڵای وتووە بڵاوی نەكاتەوەو لەوبارەیەوە لەگەڵ مەلا یاسین سكرتێری پێشوی جەلال تاڵەبانی و نوێنەری ئێستای یەكێتی لە قاهیرە، كە ئێستا لە سلێمانیە قسەبكات، مەلا یاسین نوسراوێكی نوێی بۆ ستران ناردووەو پێی وتووە ئەمە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەو بافڵ تاڵەبانی رەزامەندی لەسەر دەربڕیوەو ئەو بەیاننامەیە بڵاوبكاتەوە، ستران عەبدوڵا بەیاننامەكەی لە (2:30) خولەكی شەودا بڵاوكردوەتەوە. (درەو) زانیویەتی، لە چەند ساتی بەر لە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكەدا، ستران عەبدوڵا داوای دڵنیایی لە مەلا یاسین كردووە، مەلا یاسین پێی وتووە چاوەڕێ بكات، بافَل تاڵەبانی دەیەوێت لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی لەوبارەیەوە قسە بكات، دواتر ستران عەبدوڵا ئاگادار كراوە لەوەی كاتەكە درەنگەو بافڵ تاڵەبانی نەیتوانیوە پەیوەندییەكەی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی وەرگرێت، بۆیە دەبێت بەیاننامەكە بڵاوبكرێتەوە. چی گۆڕدرا ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەپێی ئەوەی لە كۆبونەوەكەی دوێنێ شەودا لەسەری رێككەوتوون، بڕیار بووە لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بەهیچ شێوەیەك پشتیوانو بەهانە بۆ دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتەوە نەخرێتەڕوو، بەڵام لەو بەیاننامەیەی كە بڵاوكرایەوە، بەهانەی دراوە بە حكومەتو باسلەوەكراوە" حكومەت بەناچاری ئەو بڕیارە قورسەی داوە". بەپێی رەشنوسی یەكەمی بەیاننامەكە بەر لە دەستكاریكردن، بڕیار نەبووە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی بە هیچ جۆرێك پشتیوانی بۆ تیمی یەكێتی لە حكومەت رابگەیەنێت، بەڵام ئەو بەیاننامەیەی كە بڵاوكرایەوە جەخت لەسەر ئەوە دەكات مەكتەبی سیاسی یەكێتی پاڵپشتی لە تیمی حكومەت دەكات. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی دەست (درەو) كەوتوون، قوباد تاڵەبانی رۆڵی سەرەكی گێڕاوە لە دەستكاریكردنی بەیاننامەكە. ئەمانە ئەو روداوانە بوون كە دەرەنگانێكی دوێنێ شەو لەناو یەكێتیدا رویاندا، كاتێك رۆژ لە ئاسۆ دەركەوت، بەر لەوەی چاوەڕێی كاردانەوەكان بكات، قوباد تاڵەبانی بە سەرۆكایەتی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سواری فڕۆكەیەك بوو، بەرەو بەغداد بەڕێكەوت.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی گەڕایەوەو سبەینێ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت دەچێتە بەغداد، ئاڕاستەی بەرپرسانی هەرێم ئەم رۆژانە روو لە بەغدادە، هەموان چاویان لە رێككەوتنێكە هەرێم لەو قەیرانە داراییە سەختە رزگاربكات كە تێیكەوتووە، حكومەتی هەرێم چی لە بەغداد دەوێت ؟ بەغداد داوای چی دەكات ؟ توركیا لە كوێی رێككەوتنەكەدایە ؟ كەیسی نەوتی هەرێم بەیەكجاری چارەسەر دەكرێت یان بە هەڵواسراویو وەكو كێشەیەك بۆ ساڵانی داهاتووش دەمێنێتەوە ؟ لەبارەی رێككەوتنەكەوە بڕیارە سبەینێ جارێكی تر وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی بچێتە بەغداد، بەڵام ئاسۆی رێككەوتن هێشتا دورە، رۆژی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمو بەغداد لەبارەی نەوتو بودجەوە ئەو رۆژە دەبێت كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم خۆی دەچێتە بەغدادو رێككەوتنەكە ئیمزا دەكات. حكومەتی هەرێمی كوردستان بەناو قەیرانێكی دارایی سەختدا گوزەر دەكات، نرخی نەوت لەبازاڕی جیهانیدا دابەزیوە، ئاستی گەڕانەوەی بەهای نەوت بۆ دۆخەكەی پێشتری هێشتا نادیارە، حكومەت لەژێر فشاری موچەخۆراندایە بەناچاری دەیەوێت جارێكی تر لە دەرگای بەغداد بداتەوە. ئەوەی تائێستا لەنێوان وەفدی هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵیدا قسەی لەسەر كراوە ئەوەیە، حكومەتی هەرێم لە یەكێك لە پێشنیازەكاندا ئامادەیی دەربڕیووە تەواوی داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، بەڵام پاش لێدەكردنی خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوتەكە، هەروەها ئامادەیی دەربڕیوە لەچوارچێوەی یاسای كارگێڕیی دارایی عێراقدا رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان رادەستی بەغداد بكات، كە دەروازە سنورییەكانو فڕۆكەخانەكانو ئەو فەرمانگانە دەگرێتەوە كە سەربە حكومەتی فیدراڵین. لەبەرامبەر ئەمەدا، حكومەتی هەرێم مانگانە داوای (600 ملیار) دینار لە بەغداد دەكات، حكومەتی عێراق ئەم بڕە پارەیە بە زۆر دەزانێت، پێیوایە تێكڕای ئەو داهاتانەی كە حكومەتی هەرێم رادەستی بەغدادی دەكات نیوەی ئەو پارەیە نییە كە داوا دەكات عێراق مانگانە پێی بدات. رێككەوتن دەكرێت ؟ بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو) كەوتوون، ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمو حكومەتی عێراق بۆ رێككەوتن دوو ئاڕاستەی جیاوازن: • ستراتیژی هەرێم ئیمزاكردنی رێككەوتنی كورتخایەنە لەگەڵ حكومەتی عێراق كە بتوانێت بەهۆیەوە ئەو قەیرانە داراییە دەرباز بكات كە ئێستا تێیكەوتووە، هەرێم دەیەوێت هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، مانگانە بڕە بودجەیەك لە حكومەتی عێراق وەكو سەرچاوەی داهاتی خۆی زامن بكات بەبێ ئەوەی هەموو شتێك بە دیاریكراویش نەوت بەتەواوەتی رادەستی بەغداد بكات. • ستراتیژی حكومەتی عێراق ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی هەمیشەییو گشتگیرە كە ببێت بە بنەما بۆ پەیوەندی هەردوولا لەڕووی ئابوریو سیاسییەوە لە داهاتوودا، عێراق دەیەوێت لەڕووی دەستورییەوە بەتەواوەتی هەرێمی كوردستان پابەند بكاتەوە بە چوارچێوەی عێراقییەكەی خۆیەوە. سەرباری ئەوەی لە ئاڕاستە گشتییەكەدا خواستی حكومەتی هەرێم لەگەڵ خواستی عێراق لەیەكتر جیاوازن، لە وردەكاری رێككەوتنەكەشدا چەندین ناكۆكییان هەیە كە یەكلاكردنەوەیان بەمزوانە كارێكی ئاسان نییە. كەیسی نەوت تەوەری سەرەكی كێشەی رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغداد، پرسی نەوتە، لە دوای دەرهێنانی نەوتەوە لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014، هەرێم خۆی ئیدارەی كەیسی دەرهێنانو فرۆشتنی نەوت دەدات، بەغداد بەردەوام ناڕەزایەتی هەبووە، بەرپرسانی عێراق دەڵێن بەپێی دەستور نەوت سامانێكی گشتییەو بۆ هەموو گەلانی عێراقەو دەبێت لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی فیدراڵیدا بێت. لەم رێككەوتنە نوێیەدا حكومەتی هەرێم دەیەوێت داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، بەڵام بەغداد نەوتەكەی دەوێت نەك داهاتەكەی، رادەستكردنی نەوت بە بەغداد بۆ حكومەتی هەرێم گرفت دروست دەكات، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتوون، توركیا رازی نییە نەوتی هەرێم رادەستی حكومەتی عێراق بكرێت. داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی (50 ملیۆن) دۆلاری دەچێت بۆ توركیا، ئەمە بۆ پێدانەوەی قەرزانە كە كابینەی پێشوو لەكاتی قەیرانی دارایدا بە قەرز لە توركیای وەرگرتووە، جگە لەمە هەموو مانگێك بڕی (30) ملیۆن دۆلاری تری داهاتی نەوتی هەرێم بۆ توركیا دەچێت كە پارەی گواستنەوەی نەوتەكەیە بەناو خاكی توركیادا، واتە مانگانە تەنیا لە نەوتی هەرێمدا توركیا (80 ملیۆن) دۆلاری دەستدەكەوێت، لەحاڵی رادەستكردنی نەوتی هەرێم بەبەغداد، دەبێت هەرێم ئەم كێشانە لەگەڵ بەغداد یەكلابكاتەوە، ئایا بەغداد دەچێتە ژێر باری قەرزەكانی هەرێمەوە ؟ سەرباری ئەمە مانگانە (60 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم بۆ كۆمپانیای (رۆزنەفت)ی روسی دەچێت كە كرێی گواستنەوەو بۆرییەكەی ناوخۆی هەرێمە، ئەمە جگە لە 50%ی داهاتی نەوت كە لە بنەڕەتەوە بۆ كۆمپانیاكانی بواری وەبەرهێنانی نەوت دەچێت. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستانەكانی نێوان حكومەتی هەرێمو عێراق لە بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند، لە سەردانە دوو رۆژییەكەیدا بۆ بەغداد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسانی عێراقی راگەیاندووە، هەرێم نەوت رادەست ناكات، بەڵكو داهاتی نەوت رادەست دەكات. داهاتی دواین مانگی نەوتی هەرێمی كوردستان كە رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە، لە كۆی (312 ملیۆن) دۆلار، (86 ملیۆن) دۆلاری ماوەتەوە، هەرێم دەیەوێت ئەو بڕە پارەیەی داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات كە مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە دوای لێدەكردنی پارەی قەرزو كرێی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت، بەرپرسانی بەغداد بەمە رازی نین، دەڵێن ناكرێت هەرێم (86 ملیۆن) دۆلارمان بداتێو لەبەرامبەردا مانگانەی داوای (550 ملیار) دینار واتە زیاتر (450 ملیۆن) دۆلار بكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئێستا حكومەتی عێراق بەدۆخێكی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت. بەرپرسانی هەرێم پێشبینی بەرزبونەوەی نرخی نەوت دەكەن، بۆیە لەبەرامبەر رادەستكردنی بڕی (86 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت لە ئێستادا، داوای (450 ملیۆن) دۆلار لە بەغداد دەكەن. لەبارەی كێشەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، توركیا چاوی لە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێیە لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئامادەیە لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كۆتایی بە مامەڵەی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنێت. حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، دۆسیەكە لە دادگا لە یەكلایبوونەوەی نزیكبوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرتو دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیاو هەرێمی كوردستان، بەڵام كەیسەكە دانەخراوەو هەڕەشەیە لەسەر توركیا، بەرپرسانی توركیا دەیانەوێت هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر توركیا بكێشێتەوەو رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت. نێچیرڤان بارزانی كە خۆی ئەندازیاری رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستانو توركیایە، بۆ گەیاندنی لێكەوتەكانی بڕیاری رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی عێراق سەردانی بەغدادی كردووە، هەندێك لە بەرپرسانی هەرێم پێیانوایە ئەگەر هەرێم كەیسی نەوت بەتەواوەتی رادەستی بەغداد بكات، سەروەری ئابوری لەدەستدەدات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە هەرێمی كوردستانو توركیا رێككەوتنی (50 ساڵە)یان هەیە لەبواری وزەدا. ئێستا هەرێمی كوردستان رۆژانە (450 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات، لەم بڕە ئامادەیە (244 هەزار) بەرمیل رۆژانە رادەستی بەغداد بكات، بەرپرسانی هەرێم دەڵێن داهاتی پاشماوەی نەوتەكە بۆ خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوە دەڕوات. پاكتاوكردنی حساباتەكان پاكتاوكردنی حساباتی پێشتر لەنێوان هەردوولادا یەكێك لەو خاڵانەی رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغدادە كە كێشمەكێشی لەسەرە، عێراق داوا دەكات پاكتاوی ئەو حساباتانە بكرێت كە پێشتر هەبوون، بەدیاریكراویش لەدوای دەركەوتنی "داعش"وە كە هەرێمی كوردستان نەوتی كەركوكی فرۆشتووەو داهاتەكەی بردووە. لەماوەی رابردوودا لەسەر ئەم بابەتە، حكومەتی عێراقو حكومەتی هەرێم بە نوسراو وەڵامی یەكترییان دایەوە، راوەستان لەسەر حساباتەكانی پێشتر، رەنگە بەتەواوەتی دانوستانەكان ئیفلیج بكات، بۆیە پێناچێت لەسەر ئەم تەوەرەیە زۆر رابوەستن. داهاتە نانەوتییەكان ئەمە بریتییە لە داهاتە فیدراڵییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانو داهاتی گومرگو فڕۆكەخانەكان. حكومەتی هەرێمی كوردستان قایل بووە ئەم داهاتانە رادەستی عێراق بكات، عێراق داوای زەمانەتی زیاتر دەكات، بەغداد دەیەوێت كاری ئەو دامەزراوە فیدراڵییانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە بخاتەژێر چاودێری وردەوە. بەرپرسانی عێراق لەبارەی پرسی گومرگو خاڵە سنورییەكان كێشەیان لەگەڵ هەرێم هەیە، ئەوان دەڵێن هەرێم (29) دەروازەی سنوریی هەیە، بەڵام (5) دەروازەیان فەرمین، دەبێت دەروازە نافەرمییەكان دابخرێن، چونكە بەرپرسانی هەرێم لەو دەروازە نافەرمیانەوە قاچاخچێتی دەكەنو ئابوری عێراقیان كون كردووەو زیان لە داهاتی دەروازە فەرمییەكان دەدەن، ئەگەر بەمشێوەیە داهاتی دەروازەكان رادەست بكەن، بەغداد داهاتی راستەقینەی ناوخۆی هەرێم نازانێت.