Draw Media

ئەوەی لەبارەی 100 مەترییەكەوە نایزانیت !

ئەوەی لەبارەی 100 مەترییەكەوە نایزانیت !

2020-07-15 18:22:44


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف 
قۆناغی یەكەمی شەقامی (100) مەتریی سلێمانی كە ئێستا جێبەجێ دەكرێت، لەناو ماستەرپلانی شاردا لە شەش شوێن هێڵی شەمەندەفەر دەبڕێت، قۆناغی دووەمیش كێشەی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و پرۆژەی "چاڤی لاند"ی هەیە، قۆناغی دووەمی پرۆژەكە ناوی لێنراوە "خەیاڵ" واتە ئەگەری جێبەجێبوونی سەختە، بەگشتی ئەوەی ناوی لێنراوە شەقامی (100) مەتری سلێمانی، لەكۆی (146 كیلۆمەتر) تەنیا لە نزیكەی (55 كیلۆمەتر)یدا پانی شەقام (100) مەترەو پاشماوەی تری شەقامەكە پانی كەمكراوەتەوە بۆ (30 بۆ 40 بۆ 60) مەتر، تائێستا لیژنەی سەرپەرەشتیاری پرۆژەكە نادیارە، لەم راپۆرتە وردەكاری دیزاین‌و كێشەو گرفتەكانی جێبەجێبوونی پرۆژەكە دەخەینەڕوو.

قۆناغی یەكەمی شەقامەكە
بەپێی ئەو دیزاینەكەی كە ساڵی 2013 كۆمپانیای (خەتیب‌و عەلەمەین)ی لوبنانی كردویەتی، قۆناغی یەكەمی شەقامی (100) مەتری سلێمانی بەمشێوەیەیە: 
•    پانی جادەكە (100 مەتر)ە.
•    لە دەرەوەی (100 مەتر)ی جادەكە، لە هەردوو بەرەوە روبەری (50) مەتر شەقام هەیە كە پێی دەوترێت "محرمات"، ئەمە وەكو بەشی خزمەتگوزاری شەقامەكەیە‌و دەبێت لە كۆتایی بەشی موحەڕەمات لەهەردوو بەری شەقامەكە سیاج دروست بكرێت، واتە پانی جادەكە بە ناوچەی محەڕەماتەوە دەگاتە (200) مەتر.
•    قۆناغی یەكەمی شەقامەكە لە تاسلوجە بە "ئینتەر چەینج" دەستپێدەكات‌و لە گوندی "دەمركان" بە ئینتەرچەینج كۆتایی دێت، ئینتەرچەینج واتە فولكەی شێوەی پەپولەیی.
•    جەزر "بلوار"ی ناوەڕاستی دوو شەقامە سەرەكییەكە پانییەكەیان (18 مەتر)ە.
•    پانی هەر شەقامێكی سەرەكی جادەكە (15) مەترە، لە هەر لایەكی جادەكە دوو شەقامی سەرەكی هەیە، واتە بەكۆی گشتی لە هەرلایەك روبەری (30 مەتر) شەقامی سەرەكییە.
•    شۆستەی نێوان شەقامە سەدییەكانی سەرجادەكە پانییەكەی (3 مەتر)ە 
•    پانی ناوچەی ستاند لاین لە شەقامەكەدا حەوت مەترە كە شوێنی لادانی ئۆتۆمبیل و راوەستانە.
•    شەقامی لاوەكی یەكەم یاخود ئەوەی پێی دەوترێت "خەدەمی" پانییەكەی (7 مەترو 50 سانتیمەتر)ە، شەقامی خەدەمی دووەمی جادەكە پانییەكەی (8 مەتر)ە.
•    بەكۆی گشتی ئەو روبەڕەی كە لە هەرلایەكی جادەكە قیرتاو دەكرێت (50) مەترە، واتە بەهەردوو ئاڕاستەی شەقامەكە روبەری (100 مەتر) شەقامی قیرتاوكراو هەیە.
•    لەم قۆناغەی شەقامەكەدا لە ئاستی گوندی (فەرەج ئاوا) لە خوارووی گوندی ژاڵەو پاڵاگەوی نەوتی كۆمپانیای قەیوان، پردێك هەیە كە درێژییەكەی (700 مەتر)ە.

هێڵی شەمەندەفەر دەبڕێت
قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە درێژییەكەی (32) كیلۆمەترەوە لە پرەكەی تاسلوجەوە دەستپێدەكات بۆ گوندی (دەمركان)، ئێستا كۆمپانیای قەیوان دەستیكردووە بە پرۆسەی "كلینین"‌و "گرەیپین" واتا پاككردنەوە‌و تەختكردن كردووە.
•    بەهۆی ئەوەی پرۆژەكە دەرخستەی نییە نازانرێت پرۆسەی "كلینین"‌و "گرەیپین" چەند لەسەر خەرجی گشتی قۆناغی یەكەمی شەقامەكە كە بڕی (400 ملیار) دینارە، دەكەوێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی (درەو)، پرۆسەی "كلینین"‌و "گرەیپین" ئەگەر بۆ هەر مەترچوارگەشەیەك بڕی (هەزار) دیناری عێراقی بۆ تەرخان بكرێت، بۆ (32 كیلۆمەتر) كە دەكاتە (32 هەزار) مەتر، بڕی (6 ملیارو 400 ملیۆن) دینار لە خەرجی گشتی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە دەبات، ئەمە بەكەمترین بڕ خەمڵێندراوە‌و پێشبینی دەكرێت هەر مەتر چوارگۆشەیەك بڕی (3 هەزار) دیناری تێبچێت، كۆمپانیا توركییەكان پێشتر بۆ ئەم قۆناغەی كاركردن بۆ هەر مەترێك چوارگۆشەیەك بڕی (2 هەزارو 500) دیناریان تەرخانكردووە كە خەرجییەكەی بەكۆی گشتی (15 ملیار) دینارە.
•    كێشەیەكی تری قۆناغی یەكەمی شەقامەكە بەپێی بەدواداچوونی (درەو) ئەوەیە، لەناوچەی (تانجەرۆ) تاوەكو سنوری گوندی (ناوگردان) كە درێژییەكەی (3 كیلۆمەترە)، شەقامە (100 مەتر)یەكەی سلێمانی ناوچەی "موحەڕەمات"ی نامێنێت، لەم سنورە پاڵاوگەی نایاسایی نەوت هەن، شارەوانی سلێمانی بڕیاریداوە لەم سنورەدا ناوچەی موحەڕەمات بۆ شەقامەكە دروست نەكرێت، ئەمە جۆرێك لە نادادپەروەری لە شەقامەكەدا دروستكردووە، لە بەشەكانی تردا لە هەرلایەكی شەقامەكە روبەری (50 مەتر) وەكو ناوچەی موحەڕەمات دانراوە، بەڵام لەم ناوچەیەدا بەهۆی پاڵاوگەكانەوە ناوچەی موحەڕەماتی شەقامەكە لابراوە، ئەوانەی زەوییەكانیان بەر ناوچەی موحەڕەماتی شەقامەكە كەوتووە دەبێت حكومەت قەرەبوویان بكاتەوە، ئەو (400 ملیار) دینارەی كە تەرخانكراوە بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی شەقامەكە بۆ قەرەبووی خاوەن زەوییەكان خەرج ناكرێت.
•    قۆناغی یەكەمی شەقامی (100) مەتریی نزیكەی كیلۆمەترێك لە شەقامی سەرەكی سلێمانییەوە دورە، یەكێك لە گرفتەكان ئەوەیە پرۆژەكە دروستكردنی شەقامی لاوەكی كە بچێتەوە سەر شەقامە سەدمەترییەكە (لە زمانی ئەندازیاریدا بە Freeway) ناسراوە، لە خۆناگرێت، واتا بەپێی ئەو دیزاینەی كە ئێستا جێبەجێ دەكرێت شەقامی (100) مەتریی هەیە بەڵام رێگەی رۆیشتن بۆسەر شەقامەكە نییە، بەمانایەكی تر شەقامە (100) مەترییەكە نەبەستراوەتەوە بە تۆڕی شەقامەكانەوە، ئەمە تەندەرێكی ترەو دەبێت حكومەت لە كاتێكی تردا بیدات بە كۆمپانیا بۆ ئەوەی رێگە لاوەكییەكان بۆ چونە سەر شەقامە (100) مەترییەكە دروست بكەن، تەنیا لە قۆناغی یەكەمی شەقامەكەدا كە ئێستا كاری تێدا دەكرێت (6) رێگەی لاوەكی (فری وەی) هەیە، یەكێك لە رێگە لاوەكییەكان كە دەچێتەوە سەر شەقامی (100) مەتریی لەنزیك گوندی (ژاڵەی خواروو) كە رێگەی ژمارە (10)یە، بەفەرمانی شارەوانی سلێمانی زیادەڕۆیی كراوەتەسەرو گەنجینەیەكی تێدا دروستكراوە، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر شارەوانی خۆی نوسراوی بۆ هەموو فەرمانگەكان كردووە‌و سنوری شەقامی (100) مەتریی‌و تۆڕی رێگاكانی دیاریكردووە‌و داوایان لێدەكات بیپارێزن لە زیادەڕەویی.
•    لەسەرەتای قۆناغی یەكەمی شەقامەكەدا لە تاسلوجە، ژمارەیەك موڵكی صرف بەردەكەون لەوانە دوكان‌و مزگەوت، نازانرێت ئەم كێشەیە چۆن چارەسەر دەكرێت.
•    باخەكانی بەردەم ناوچەی "هەزارمێرد" زەوی كشتوكاڵین‌و بەر شەقامە (100) مەترییەكە دەكەون، ئەوكات كە دیزانین دانراوە لەم ناوچەیە زیادەڕۆیی نەبووە، بەڵام ئێستا كە پرۆژەكە جێبەجێ دەكرێت زیادەڕۆیی لەناوچەكە هەیە‌و دەبێت چارەسەر بكرێت.
•    بارەگای سكرتاریەتی (1)‌و (2)ی مام جەلال كە بە "باروتخانە" ناسراون‌و دەكەونە تەنیشت پردەكەی تاسلوجە بەر قۆناغی یەكەمی شەقامی (100) مەتری دەكەون، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لیوای (2) رەزامەندی نیشانداوە ئاسانكاری بۆ شەقامەكە بكات، بەڵام هێشتا لیوای (1) ناڕازییە.
•    بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، یەكێك لە كێشە دیارەكانی تر ئەوەیە ئەو شوێنەی كە ئێستا قۆناغی یەكەمی شەقامی (100) مەتری تێدا جێبەجێ دەكرێت بەپێی ماستەرپلانی سلێمانی لە شەش شوێندا هێڵی شەمەندەفەر دەبڕێت‌و لە دیزاینەكەدا هیچ حسابێكی بۆ نەكراوە، هێڵی شەمەندەفەر لە كەركوكەوە بۆ باشماخ دەچێت، ئەو زەوییەی كە لە ماستەرپلاندا بۆی تەرخانكراوە، بەشی زۆری لەلایەن شارەوانییەوە ئیفرازكراوە.  
لەبارەی كێشەكانی ئەم قۆناغەی شەقامەكە، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند:" لە قۆناغی یەكەمی كارەكەدا هیچ كێشەیەكی ئەوتۆمان نییە، بە سوپاسەوە هەموو ئەو لایەنانەی كە هەن هەماهەنگ بوون لە چارەسەركردنی هەر كێشەیەك كە بێتە پێشەوە، هەر كێشەیەكی زیادەڕەویی یاخود زەوی‌و زار هەبێت بەپێی یاسا چارەسەر دەكرێت، لیواكانی سكرتاریەت یەكەم كەس بوون كە ئامادەییان دەربڕیوە شوێنەكەیان بۆ شەقامەكە چۆڵ بكەن".
شاباز حەمەسدیق بەڕێوەبەری جێبەجێكاری شەقامی سەدمەتریی سلێمانی لە كۆمپانیای قەیوان بە (درەو)ی وت:" تائێستا نزیكەی چوار كیلۆمەتر پاككردنەوەمان كردووە‌و خەڵك هاوكاربوون، زیادەڕۆیی‌و ئەو موڵكانەی كە بەر شەقامەكە دەكەون كاری كۆمپانیای قەیوان نییە، ئەمە كاری فەرمانگەكانی حكومەتە وەكو شارەوانی‌و كشتوكاڵ‌و تاپۆ چارەسەری بكەن".

قۆناغی دووەمی شەقامەكە
قۆناغی دووەمی شەقامی سەدمەتریی سلێمانی كە جێبەجێكردنی دەكەوێتە سەردەمی كابینەكانی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەتاكەی لە گوندی (داربەڕولە)وە دەستپێدەكات‌و لە بازگەی مێرگەپان- قەیوان كۆتایی دێت.
بەشی دووەمی شەقامەكە لە گوندی (داربەڕولە)وە دەچێتە پشتی خانوەكانی كۆمپانیای نەوزاد، لەوێشەوە بەبەردەم شوقەكانی (بەرزاییەكانی قەیوان)دا تێدەپەڕێت، واتا ئەم پرۆژە نیشتەجێبونە دەكەوێتە دەرەوەی شەقامی سەدمەتری‌و ماستەرپلانی سلێمانییەوە، پاشان شەقامەكە لەوێوە دەچێتە پشتی شوقەكانی شاری گۆیژەو ئەم  شوقانە دەكەونە ناو شەقامی سەدمەترییەوە.
لە پشتی شوقەكانی گۆیژە كە بە "دۆڵەمیران" ناسراوە شەقامی (100) مەتری سلێمانی دەچێتە ناو پرۆژەی گەشتیاری "چاڤی لاند"‌و شەقامەكە رێك بەناو "ئەكوا پارك"ی چاڤی لانددا تێدەپەڕێت، پانی شەقامەكە لەم ناوچەیە كەمدەبێتەوە بۆ (30 مەتر).
پانی شەقامی (100) مەتریی بەپێی ئەو دیزاینەی بۆی كراوە لە گوندی (داربەڕولە)وە تاوەكو پشتی شوقەكانی شاری گۆیژە (60 مەترە)، واتە مەرجی شەقامی (100) مەتری تێدا نییە كە دەبێت پانییەكەی (100 مەتر) بێت.
دوای چاڤی لاند، شەقامی (100) مەتریی دەچێتە پشتی پرۆژەی بەرزاییەكانی سلێمانی كە موڵكی كۆمپانیای قەیوانە، پانی شەقامەكە لەم ناوچەیە دەبێت بە (30 مەتر).
لە پشتی پرۆژەی نیشتەجێبوونی بەرزاییەكانی سلێمانییەوە شەقامەكە دەڕوات بۆ ناو پاركی هەواری شار، لەناو پاركەكەدا پردێك دروست دەكرێت، لە پاركی هەواری شارەوە شەقامەكە دەچێتە بازگەی مێرگەپان، پانی جادەكە لەم ناوچەیە دەبێت بە (40 مەتر).

خەیاڵێك كە نابێت بە واقیع
قۆناغی دووەمی شەقامی (100) مەتری سلێمانی، ژمارەیەك گرفت‌و ئاستەنگی تێدایە كە چارەسەركردنیان كارێكی ئاسان نییە، تا ئەوڕادەی كە هەندێك لە بەرپرسانی شارەوانی باوەڕیانوایە، ئەم قۆناغەی شەقامەكە "خەیاڵێكە كە هەرگیز نابێت بە واقیع".
•    یەكێك لە كێشەكانی قۆناغی  دووەمی شەقامەكە پرۆژەی چاڤی لاندە، پانی شەقامەكە لەناو چاڤی لاند كراوە بە (30 مەتر)، بەڵام چاڤی لاند بەمە رازی نییە‌و دەڵێ تەنیا (10 مەتر) روبەر بە شەقامەكە دەدات ئەوەش لەناو سنەوبەرەكان، بۆ ئەمەش داوای (25 ملیۆن) دۆلار دەكات، سەرۆكی پێشووی شارەوانی سلێمانی لەسەر ئەم دۆسیەیە دورخرایەوە.
•    یەكێكی تر لە كێشەكانی قۆناغی دووەمی شەقامی (100) مەتری ئەوەیە لە بناری چیای گویژەو لەبەرامبەر وێستگەی كارەبای گەڕەكی ئازادی، زەوییەك دراوە بە مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و بڕیارە بارەگای مەكتەی سیاسی نوێی یەكێتی لەم شوێنەدا دروستبكرێت، ئەم پرۆژەیەش رەنگە لە داهاتوودا كێشەی گەورە بۆ قۆناغی دووەمی شەقامەكە دروست بكات.
•    سەرباری ئەمە، بەپێی ئەو دیزاینەی كە دانراوە بۆ قۆناغی دووەم خەرجییەكەی زۆر دەبێت، چەند ئۆپشنێك هەیە بۆ رزگاركردنی ئەم قۆناغەی شەقامەكە لە مردن، یەكێك لە ئۆپشنەكان كە لەناو شارەوانی سلێمانی تاوتوێ دەكرێت ئەوەیە لە پشتی شوقەكانی گۆیژە "دۆڵە میران" شەقامەكە بە تونێلێك بەناو چیای گویژەدا تێپەڕبكرێت‌و بەوە شەقامەكە لە كێشەی چاڤی لاند‌و كێشەكانی دوربخرێتەوە‌و ببرێتە ناحیەی سیتەك، ئەگەر ئەم ئۆپشنە جێبەجێ بكرێت ناحیەی سیتەك دەكەوێتە ناو ماستەر پلانی سلێمانییەوە، ئۆپشنی دووەم كە باسدەكرێت ئەوەیە ئەم قۆناغەی شەقامەكە هەر دروست نەكرێت.
لەبارەی كێشەو گرفتەكانی قۆناغی دووەمی شەقامەكە، پارێزگاری سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، ئەوەی كە گرفتی گەورەی لەسەرەو كێشەی هاتوچۆی بازرگانی چارەسەر دەكات قۆناغی یەكەمی شەقامەكەیە كە ئێستا جێبەجێ دەكرێت، ئێمە لەو بەشەوە دەستمان پێ نەكردووە كە كێشەی هەیە، لەو بەشەوە دەستمان پێكردووە كە خۆی كێشەی جێبەجێبوونی نییە‌و بەجێبەجێبوونی زۆرترین كێشەمان بۆ چارەسەر دەكات، دەوڵەت بۆ هەر قۆناغێك چارەسەری دیاریكراو و ئەندازەیی بۆ ئەو گرفتانە دەبێت كە دێتە بەردەم پرۆژەكە.

قۆناغی سێیەمی شەقامەكە
قۆناغی سێیەمی شەقامەكە لە بازگەی (مێرگەپان- قەیوان)ەوە دەستپێدەكات تاوەكو بەرزاییەكانی (شێركوژ) لە پشتی ناوچەی قولەڕەیسی-یەوە، پانی شەقامەكە لەم قۆناغەدا (60 مەترە)، بەڵام لە پشتی قولەڕەیسییەوە تاوەكو بازگەی كەڵەوانان- پیرەمەگرون پانی شەقامەكە جارێكی تر دەبێتەوە بە (100 مەتر).
واتە بەكۆی گشتی شەقامی (100) مەتری سلێمانی كە روبەرەكەی (146 كیلۆمەتر)ە، نزیكەی تەنیا (50 كیلۆمەتر)ی بە پانی (100 مەتر) دروستدەكرێت، لە بەشەكانی تریدا پانی شەقامەكە (30 بۆ 40 بۆ 60) مەترە.
یەكێك لە دیارترین گرفتەكانی ئەم قۆناغەی شەقامەكە ئەوەیە، لە ئێستاوە دەستكراوە بە دابەشكردنی زەوییەكانی ناوچەی قولەڕەیسی، ئەمە رەنگە لە داهاتوودا كێشەی گەورە بۆ شەقامە سەدمەترییەكە دروست بكات.

كێشەی یاسایی پرۆژەكە
قۆناغی یەكەمی دروستكردنی شەقامی سەدمەتری سلێمانی دەستیپێكرد، بەڵام لیژنەی سەرپەرەشتیاری كارەكانی كۆمپانیاكە بوونی نییە، پێشترو لە ساڵی 2013 لیژنەیەك لە نوێنەری دامەدەزگاكان سەرپەرەشتی كاری دروستكردنی شەقامەكەیان دەكرد، بەڵام رۆژی 27ی تەموزی 2018 هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە فەرمانێك فەرمانگەكەی سڕ كرد، ئازاد رەسوڵ كە سەرۆكی ئەو فەرمانگەیە بوو ئێستا خانەنشینە، بەڵام هێشتا بەناوی فەرمانگەكەوە قسە دەكات.
یەكێك لە كارەكانی لیژنە یاخود فەرمانگەی سەرپەرەشتیاری پرۆژە ئەوەیە ناوچەی كاركردن رادەستی كۆمپانیای جێبەجێكار بكات، كارێكی تری لیژنە ئەوەیە دەستبەكاربوون بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار بنوسێت پاشان كارێكی تری ئەوەیە چاودێری كوالیتی جێبەجێكردنی پرۆژەكە بكات.
شاباز حەمەسدیق بەڕێوەبەری جێبەجێكاری شەقامی سەدمەتریی سلێمانی لە كۆمپانیای قەیوان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، لیژنەیەك هەیە لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە بەناوی (فەرمانگەی ئەندازیاریی نیشتەجێی شەقامی سەدمەتری) كە بەڕێز ئازاد رەسوڵ سەرۆكی فەرمانگەكەیە، ئەم فەرمانگەیە هێشتا هەڵنەوەشاوەتەوە‌و بە فەرمی فەرمانی دەستبەكاربونی بۆ كۆمپانیای قەیوان نوسیوە.
بەڵام هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا بەفەرمی فەرمانی دەستبەكاربوون بۆ كۆمپانیای قەیوان دەرچووە یاخود نا، دەڵێ:" ئێستا لایەنی یەكەم وەزارەتی شارەوانییە‌و لایەنی دووەم كۆمپانیای قەیوانە، دەبێت ئەو پرسیارە لەوان بكەن".
پارێزگاری سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، پێشتر كە كارەكانی فەرمانگەی سەرپەرەشتیاری شەقامی سەدمەتریمان سڕكرد بەهۆی ئەوەبوو پرۆژەكە راوەستابوو، كە پرۆژەكە دەستیپێكردووە ئێستا فەرمانگەكە كارابوەتەوە".
لەبارەی ئازاد رەسوڵ سەرۆكی فەرمانگەكە كە خانەنشین بووە، پارێزگاری سلێمانی ئاشكرایكرد:" ئێستا لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەگفتوگۆدان، بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە‌و چاودێری كارەكە بكات، بەوپێیەی ئەندازیارەو ئەزمونی لەگەڵ كارەكانی شەقامی سەدمەتری سلێمانیدا هەیە".
نەبوونی دەرخستەیەكی دیاریكراو بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردن‌و خەرجییەكانی پرۆژەكە یەكێكی ترە لەو بابەتانەی كە بۆ هەندێك لە چاودێرانی پرۆژەكە گرفتی دروستكردووە، بەڵام شاباز حەمەسدیق بەڕێوەبەری جێبەجێكاری شەقامی سەدمەتریی سلێمانی لە كۆمپانیای قەیوان دەڵێ:" دەرخستەی كارەكە هەمان دەرخستەی پێشووی كۆمپانیا توركییەكانە، بەڵام حكومەت‌و ئەو لیژنە تایبەتەی كە دروستكراوە، پێیان باش بووە كۆمەڵێك فەقەرە كە پێویست نین و لە ئێستادا كار لەسەر شەقامەكە ناكات، لاببرێت‌و لە كاتێكی ترداو بە پرۆژەیەكی تر جێبەجێ بكرێت لەوانە سیستمی سەوزكردنی ناو جەزرە وەسەتییەكان".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بۆ وەرگرتنی كارەكە لە سێ كۆمپانیا توركییەكە (كور- ئلیتبای- ئینتاشی) كە ساڵی 2013 بڕیاربوو ئەوان پرۆژەی شەقامەكە جێبەجێ بكەن‌و ماوەی سێ مانگ كاریان تێدا كرد، كۆمپانیای قەیوان بڕی (15) ملیۆن دۆلاری داوە بەو كۆمپانیایانە داوە.
ئەلەند مەحوی لێپرسراوی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو پارانەی كە كۆمپانیای قەیوان گەڕاندویەتیەوە بۆ كۆمپانیا توركییەكان دەخرێتەسەر خەرجی پرۆژەی شەقامی سەدمەتری‌و حكومەت بۆ كۆمپانیای قەیوانی دەگەڕێنێتەوە.
واتا ئەمەش خەرجییەكەی ترە بۆ بۆسەر خەرجی قۆناغی یەكەمی شەقامی سەدمەتری سلێمانی دروستبووە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا لە قەیرانی دارایدایە، موچەی مانگانەی موچەخۆرانی بۆ دابین ناكرێت، لەم كاتەدا پرۆژەی شەقامی (100) مەتریی خراوەتە بواری جێبەجێكردن، كە لە (7) ساڵی رابردوودا بەهۆی هەمان قەیرانەوە جێبەجێكردنی پرۆژەكە دواكەوتووە.
كۆمپانیای قەیوان بە قەرز پرۆژەكە بۆ حكومەت جێبەجێ دەكات، بەپێی قسەی لێپرسراوی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان، كۆمپانیاكەیان تاوەكو بڕی (100 ملیار) دینار لە قۆناغی یەكەمی پرۆژەكەدا خەرجدەكات‌و دوای ئەوە حكومەت مانگانە بەپێی توانا سولفەی بۆ خەرجدەكات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆمپانیا توركییەكان ساڵی 2013 كە هێشتا قەیرانی دارایی روینەدا بوو، بەڵێنیان دابوو بڕی (15 ملیار) دینار لە پرۆژەكەدا خەرج بكەن‌و دوای ئەوە حكومەت سولفەی كاركردنیان پێبدات.
بەهۆی دۆخی خراپی دارایی حكومەتەوە پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی كارەكانی بەشی یەكەمی شەقامی (100) مەتریدا، كۆمپانیای قەیوان لەبری پارە، زەوی لە حكومەت وەرگرێت، یاخود بۆ ماوەی چەند ساڵێك شەقامەكە بدرێت بە كۆمپانیاكە‌و بۆ دەرهێنانەوەی خەرجییەكانی پارەی هاتوچۆ لەو ئۆتۆمبیلانە وەرگرێت كە پێیدا گوزەر دەكەن، خزمەتگوزاری ناوچەی موحەڕەماتی شەقامەكە كە ئەمەش سەرچاوەیەكی تری داهاتە رەنگە بدرێت بە كۆمپانیا جێبەجێكار.

100 مەتریی لە سلێمانی !
لە شاری سلێمانی جگە لە شەقامی (100) مەتری (شاڕێی بابان) كە ئێستا قۆناغی یەكەمی جێبەجێ دەكرێت، دوو شەقامی تری (100) مەتریی‌و یەك شەقامی (120) مەتریی هەن كە دروستكردنیان شكستی هێناوە:
•    شەقامی (100) مەتری قڕگە:
 ئەم شەقامە لە گەراجی (موەحەد)ی سەر رێگای سلێمانی- عەربەتەوە دەست پێدەكات تا بناری گویژە، واتا لەنێوان شوقەكانی بەرزاییەكانی قەیوان و شوقەكانی گویژەدا كۆتایی دێت، ئەم شەقامە لە فولكەی بازاڕی قڕگە لە بەردەم شاری سپیەوە تا بناری گویژە بە نیوەناچڵی تەواو بووە، بەڵام لەبەردەم شاری سپیەوە تا گەراجی موەحەدو سەر رێگای سلێمانی- عەربەت دەستكاری نەكراوەوەو تەنانەت تەجاوزێیەكی زۆری كراوەتەسەر.
•    شەقامی (100) مەتری وڵوبە – بەكرەجۆ:
ئەم شەقامە لەڕێگای بەكرەجۆو لەبەردەم هۆتێل (های كریست)ەوە دەستپێدەكات‌و بەناو ناوچەی پیشەسازیدا دەڕوات‌و بەلای شوقەكانی (سائیب سیتی)دا دەچێتە گەڕەكی گویژەو بە (شاری ئەوین)و (مەیدانی ئاژەڵان)دا تێپەڕ دەبێت.
ئەم شەقامە لە هەندێك شوێن بە كوالێتیەكی خراپ دروستكراوە، پانی شەقامەكە كراوە بە (30 بۆ 40) مەتر، رێژەی 70%ی تەواو نەبووەو بە نیوە ناچڵی بەجێهێڵدراوە. 
•    شەقامی (120) مەتری سلێمانی- عەربەت:
شەقامی (120) مەتری سلێمانی- عەربەت، لە كابینەكەی عومەر فەتاح- ئیدارەی سلێمانی دروستكراوە، بەپێی خشتەو دەرخستە ئەم شەقامە (120) مەترییە، واتا (60) مەتری رۆیشتن‌و (60) مەتری هاتنە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، تەنیا (9) مەتر هاتن‌و (7) مەتر رۆیشتن لەگەڵ شەقامی خەدەمی دروستكراوە، واتا شەقامەكە لە بری (120) مەتری كراوە بە (60) مەتر.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand