پارەی نەوتی هەرێم لە حساب بانكیی پیاوێكی پاكستانیدا
2020-07-17 15:24:56
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
"دەڵالێك بازرگانی بە نەوتی نەتەوەیەكەوە دەكات" ئەمە ناونیشانی راپۆرتێكی سایتی (بلۆمبێرگ)ە كە لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستان بڵاوكردوەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی راپۆرتەكە، كۆمپانیاكانی بواری نەوت پارەی نەوتی هەرێم دەخەنەسەر ژمارە بانكی مورتەزا لاخانی نەك ژمارەی بانكی تایبەت بە حكومەتی هەرێم.
حەواڵەیەك لە زویرخەوە بۆ بەیروت
سایتەكە نوسیویەتی، مورتەزا لاخانی بە یەكجار (٨٠٠ ملیۆن) دۆلاری لەڕیگەی لقی بانكێكی روسی لە زیوریخ-ی سویسراوە بەڕێگەی ئەلكترۆنی حەواڵە كردووە بۆ بانكی Citigroup Incی نیورۆك، پێش گەیشتنی بە نیویۆرك، پارەكە یەكسەر حەواڵە كراوە بۆ بەیروتو چوتە سەر حسابی كۆمپانیای IMMSی مورتەزا لاخاكانی لە بانكی BankMedی لوبنانی.
بەپێی راپۆرتەكە، ئەم (٨٠٠ ملیۆن) دۆلارە، لەلایەن كۆمپانیا (رۆزنەفت)ی روسییەوە وەك قەرز لەبەرامبەر نەوتی خاودا دراوە بە حكومەتی هەرێم.
بلۆمبێرگ ئاماژە بەوەدەكات، (رۆز نەفت) لەماوی دوو ساڵی داهاتوودا (6 ملیار) دۆلاری تر وەك قەرز لەبەرامبەر نەوتدا بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات، بەڵام پارەكە ناچێتە سەر هیچ ژمارە بانكییەكی حكومەتی هەرێم، بەڵكو ئەچێتە سەر حسابی كۆمپانیاكەی مورتەزا لاخانی (IMMS) كە لە وڵاتی (بەلیز) تۆمار كراوەو ئەدرێسەكەی لە قوبرسە !
بەلیز وڵاتیكی بچوكو دوورەپەرێزی ناوەڕاستی ئەمریكای لاتینە، مەڵبەندی پارە سپیكردنەوەو خۆ دزینەوەیە لە باج.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەكە، ساڵی رابردوو لەماوەی سێ مانگدا كۆمپانیاكانی (Vital، Trafigura، Petraco Oil Group) لەبەرامبەر نەوتی هەرێمدا، زیاتر (یەك ملیار) دۆلاریان خستوەتە سەر حسابی كۆمپانیا IMMS.
بەمدواییە پرسی دیارنەمانی بڕی (ملیارێك) دۆلاری داهاتی هەرێم لە بانكێكی لوبنانی مشتومڕی دروستكرد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لیژنەیەكی تایبەتی بۆ لێكۆڵینەوە لەو كەیسە پێكهێنا، چەند پەرلەمانتارێكیش هەندێك بەڵگەنامەیان لەبارەی ئەو پارەیەوە خستەڕوو، بەڵام تائێستا كەیسەكە قوڕوقەپی لێكراوەو ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان نادیارە.
تارماییەك لە پشتی نەوتی هەرێمەوە
"تارماییەكە لە پشتی ئاشتی هەورامیەوە، ماوەی دوو دەیەیە لەبواری نەوتی هەرێمدا كاردەكات، راوێژكارو دەڵاڵو فرۆشیاری نەوتی هەرێمە، بیرۆكەی ئابوری سەربەخۆی خستە بەردەم بەرپرسانی حكومەت، سەرەنجام هەرێمی كوردستان بودجەكەی لە بەغداد بڕدراو كەوتە ژێر باری قەرزێكی گەورەوە، تا ئەمڕۆ هاوڵاتیانی هەرێم باجی ئەو بیرۆكەیە دەدەن" ئەو پیاوە (مورتەزا لاخانی murtaza lakhani )یە ناوێكی دیاری نێو كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستانو جیهانە، بەریتانیەكی بە رەگەز پاكستانییە. خاوەنو سەرۆكی كۆمپانیای فرۆشیاری نەوتی هەرێمە بەناوی (IMMS).
كەیسی ملیار دۆلارەكە !
بەمدواییە شەڕی بەیاننامەی دەزگا ئەمنییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر كەیسێكی ئەمنی، بە ئاشكراكردنی كەیسێكی گەندەڵی گەورە كۆتایی هات. دەزگای زانیاری یەكێتی كە سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە لە وەڵامی رونكردنەوەیەكی ئاسایشی هەولێردا كە بە رێنماییكارو سەرپەرشتیكاری سیخوری تۆمەتباری كردبوو، رایگەیاند، (250 ملیۆن) دۆلار لەلایەن كۆمپانیایەكی وزەی روسیەوە دراوە بە یەكێك لە كوڕەكانی بنەماڵەی سەرۆكی حكومەت.
كەیسی (250 ملیۆن) دۆلارەكە چەند وەڵامێكی حكومەتو بەدواداچوونی پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوكات دەنگۆی دیارنەمانی (ملیارێك) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێمی لە یەكێك لە بانكەكانی لوبنانیشی هاتەسەر، ئەم فشارانە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناچاركرد بێتە قسە، مەسرور بارزانی داوای لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان كرد لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ ئەم دەنگۆیانە بكەن.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم تەنها ئاماژەی بە كەیسەكە كردوو خۆی لە ناونهێنان پاراست، بەڵام پەرلەمانتاران راستەوخۆ ناوی (مورتەزا لاخانی)یان لەپاڵ ئەو دوو كەیسەی گەندەڵیەدا خستەڕوو.
ئەوكات عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە رونكردنەوەیەكدا لەدوای راگەیاندنەكەی سەرۆكی حكومەت وتی:" كۆی زانیاریو بەڵگەنامەكانم لە ٢١ پەڕەدا خستە بەردەست سەرۆكی داواكاری گشتی، ئەویش پەیوەندی بە ٢٥٠ ملیۆن دۆلارەكەی روزنەفتەوە هەیە لە ساڵی ٢٠١٧و ٢٠١٨دا، پێشتر لەگەڵ گلینكۆرو ڤیتۆڵیش كاری هاوشێوە كراوە لەلایەن كەسێكی بەڕەگەز پاكستانی كە ناوی مورتەزایە!".
هەر ئەوكات لە نوسینێكدا سەركۆ ئازاد گەڵاڵی پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان تێوەگلانی (مورتەزا لاخانی) لە نەوتی هەرێم راگەیاندو وتی:" ئاشتی هەورامیو سەروی ئەویش بۆ ئەوەی پارەی شیرینی نەوت ڕاستەوخۆ لە ڕوزنەفت وەرنەگرن، بەناوی نێوەندگیریو رێككەوتن دەڵاڵێك داخڵی نێوان خۆیانو روزنەفتو كۆمپانیای كار دەكەن بۆ وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار، بۆ رێككەوتنێك كە پێكهاتووە لە پێنج بلۆكی نەوتیو بازرگانی نەوتو بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەو دەڵاڵەش ملیارێك دۆلاری نەوتی هەرێم لە بانكێكی لوبنانی دادەنێ كە ئێستە بۆیان ناگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو كەسەش (مورتەزا لاخانی) بەڕەكەز پاكستانیە".
مورتەزا لاخانی كێیە ؟
مورتەزا لاخانی بە ئەندازیاری فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان ناودەبرێت، ئەو نێوەندگیرە لەنێوان بەرپرسانی هەرێمو ئەو كۆمپانیایانەی كە نەوتی هەرێم دەكڕن.
لاخانی تەمەنی نزیكەی (٦۰ ساڵ)ە، لە لەندەن دەژی، بەڵام لە هەولێریش ماڵی هەیە، دەوترێت ئەو كەسەی دەیەوێت پێ بخاتە ناو بازرگانی نەوتەوە لە هەرێم، ئەبێ شەوێك بەشداری ئاهەنگی نۆشینی شامپانیا بكات لە ماڵەكەی لاخانی، خواردنی میوانەكانیش لە دوبەیەوە رەوانەی ماڵەكەی لاخانی دەكرێت لە هەولێر.
مورتەزا لاخانی بە رۆژنامەی (فاینەنشاڵ تایمزی)ی بەریتانی راگەیاندووە "لە كەراچی پاكستان لە دایكبوومو لە لەندەن گەورەبووم".
لاخانی پیاوێكە كە بەهێمنی ئەدوێ، پێڵاو بەبێ گۆرەوی لەپێ دەكات، كراسی دوو رەنگ لەبەردەكات، لە شاری كاراچی پاكستان لەدایكبووە، بەڵام لە لەندەن گەورەبووە، بەرلەوەی چانس بەرەو شاری ڤانكۆڤەری كەنەدا كێشی بكات.
لاخانی لەبارەی چیرۆكی ژیانی خۆیەوە دەڵێ:" توانیم لە هیچەوە شتێك لەخۆمدا دروست بكەم، سەرەتای كاركردنم بە خاوێنكردنەوەی حەوزی كبریت لە كەنەدا دەستیپێكرد".
بنەماڵەی لاخانی نزیكن لە هۆزی "بۆتۆ" كە هۆزێكی بەهێزی پاكستانە، هەروەها پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ مارك ریچ گەورە بازرگانی نەوت هەیە كە دامەزرێنەری كۆمپانیای جلینكورە.
لاخانیو هەورامی
لاخانی سەرەتای ساڵانی ۲۰۰۰ رووی لە بەغداد كردووە بۆ كاركردن لەبواری نەوت بەرامبەر بە خۆراك، ئەو لە دوای ساڵی ۲۰۰۳وە زیاتر بازرگانییەكەی لە عێراق جێگیركردووەو چاوی بڕیوەتە نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی لە بەغداد تێوەگلاوە لە پلانێكی ئاڵۆزدا بۆ كڕینی نەوتی عێراقو خۆدەربازكردن لەو كۆتوبەندانەی كە ئەوكات بەهۆی سزا ئابورییەكانەوە بەسەر رژێمی سەددامدا سەپێندراوە، لەوانە قەدەغەكردنی فرۆشتنی نەوت، بەڵام لەوبارەیەوە هیچ تۆمەتێك لەسەر لاخانیو كۆمپانیای گلینگور ساغ نەكراوەتەوە، ئەمە سەردەمەكەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی نەوت بەرامبەر بە خۆراك.
لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمدا لە 2006 كاتێك ئاشتی هەورامی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەردەگرێت، لاخانی كۆمپانیاكەی دەهێنێتە كوردستانو لە پاڵ ئاشتی هەورامیدا كار لە نەوتی هەرێمدا دەكات، كۆمپانیاكەی كەلوپەلو پێداویستی بۆ ئەو كۆمپانیا بیانییانەی بواری نەوت دابین كردووە كە لە هەرێمی كوردستان كاریانكردووە، لاخانی نوێنەرایەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی كردووە لە چەندین پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان، وەكو گەورە راوێژكار لەپشت تەواوی بیرۆكەكانی ئاشتی هەورامییەوە بووە لە بواری نەوتو غازدا.
بەپێی قسەی خۆی كە بە رۆژنامەی (فاینەنشاڵ تایمز)ی راگەیاندووە، موچەكەی لاخانی لە حكومەتی هەرێم یەك ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە موچەكەی بۆ ٢٥٠ هەزار دۆلار كەمكراوەتەوە.
لاخانی لە ساڵی 2014ەوە گرێبەستێكی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان واژۆكردووە بۆ تێپەڕاندنی كارە لۆجیستییەكانی نەوتی هەرێم، كە خۆی دەبینێتەوە لە باركردنی نەوتی خاو لە بەندەری جەیهانی توركیاو چاودێریكردنی عەمبارەكانی نەوتو هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن كەشتییەكانو وەزارەتی وزەی توركیاو كۆمپانیاكان.
لەو كاتەدا بیرۆكەی ئابوری سەربەخۆ دێتەگۆڕێ، هەربۆیە بیرۆكەی زیادكردنی ئاشتی وەبەرهێنانی نەوت بۆ (ملیۆنێك) بەرمیل لە رۆژێكدا دەدرێت بە گوێی بەرپرسانی هەرێمدا، ئەمە وادەكات ئەوكات بەرپرسانی هەرێم رازی نەبن بەوەی نەوت رادەستی بەغداد بكەن، سەرەنجام ئەم بیرۆكەیە وایكرد بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی ببڕێت كە مانگانە (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار بوو.
لەدوای ئەو بڕیارە حكومەتی هەرێم روبەرووی قەیرانی گەورەی دارایی بوەوە، بەتایبەتیش دوای دروستبوونی "داعش"و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا.
ساڵی ۲۰۱٤ هەرێمی كوردستان دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ لەڕێگەی بۆری نەوتی توركیاوە، لێرەوە لاخانی بەتەواوەتی جێ پێی خۆی لە كەرتی نەوتی هەرێمدا جێگركرد، ئەو لەگەڵ ئاشتی هەورامی سەرەداوی نەوتی هەرێمیان گرتە دەست، لاخانی خشتەی زەمەنی ناردنی نەوتی هەرێمی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا ئامادە دەكرد، چاودێری ئەمبارەكانی دەكرد، هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوتو كۆمپانیا بازرگانییەكانی توركیادا دەكرد كە بۆرییەكانی نەوتیان بەڕێوە دەبرد، تا ئەمڕۆش سەرەداوی نەوتی هەرێمو داهاتەكەیو فرۆشتنیو مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكان لەدەستی ئەواندایەو بەتەواوەی رادەستی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە.