Draw Media

100 مەترییەكە لە نێوان بەردی یەكەم و دووەمدا

100 مەترییەكە لە نێوان بەردی یەكەم و دووەمدا

2020-07-11 16:22:29


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
شەقامی سەد مەتریی سلێمانی.. پرۆژەیەك كە لەماوەی حەوت ساڵدا دوجار مەراسیمی بۆ كراوەو بەردی بناغەی بۆ دانراوە، لە بەردی بناغەی یەكەمدا تێچووی هەر كیلۆمەترێك لە قۆناغی یەكەمی شەقامەكەدا بڕی  (14 ملیارو 700 ملیۆن) دینار بوو، ئێستا خەرجی یەك كیلۆمەتر كەمكراوەتەوە بۆ (12 ملیارو 500 ملیۆن) دینار، بەڵام سەرباری ئەمەش بە پێی قسەی سەرۆكی حكومەت بێت كە لە هەولێر بۆ هەر كیلۆمەترێكی شەقام بڕی (2 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار خەرجكراوە، هێشتا تێچووی دروستكردنی شەقام لە سلێمانی چوار هێندەی هەولێرە، شەقامی سەدمەتری سلێمانی لە حەوت ساڵی رابردوودا یەكێك لەو پرۆژانە بووە كە زۆرترین قسەوباسی لەسەركراوە، لەو ماوەیەدا لە هەولێر شەقامی 120 مەتری تەواو كراوەو ئێستاش نیوەی كاركردن لە شەقامی 150 مەتری تەواوبووە، كۆتایهاتنی سەدمەترییەكەی سلێمانی بەهەموو پێوەرەكان دەكەوێتە كابینەكانی داهاتووی حكومەتی هەرێمەوە.

یەكەمین بەردی بناغە
پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2011دا بڕیار لەسەر دروستكردنی درا، بەڵام دوای دوو ساڵ‌و لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ساڵی 2013دا یەكەمین بەردی بناغەی پرۆژەكە لەلایەن عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمەوە دانرا.
بەپێی قسەی (بەهرۆز محەمەد ساڵح) كە ئەوكات پارێزگاری سلێمانی بووە، ساڵی 2013 كوالیتی پرۆژەكە بەمشێوەیە بووە: 
•    پرۆژەی شەقامی 100 مەتری پێكهاتووە لە رێگەیەكی دوو سایدی خێرا.
•    هەر سایدێك پێكهاتووە لە چوار هێڵی ئۆتۆمبێل، سەرباری هێڵی وەستان.
•    پرۆژەكە كراوە بە سێ‌ قۆناغەوە، قۆناغی یەكەم درێژییەكەی 33 كیلۆمەترەو 8 یەكتر بڕی تێدایە 60 ئاوبڕی سندوقی‌و چەندین بڕگەی تەواوكاری لە خۆی دەگرێت.
•    ئەم قۆناغە لە تاسلوجەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بازگەی عەربەت‌و بەگرنگترین بەشی پرۆژەكە دادەنرێت.
•    بەشی دووەمی پرۆژەكە لە تاسلوجەوە درێژ دەبێتەوە بۆ تونێلی پێشرەو.
•    بەشی سێیەم لە تونێلی پێشڕەوەو بۆ بازگەی عەربەت درێژ دەبێتەوە.
•    جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی شەقامی سەد مەتری ماوەی 36 مانگی تەقویمی بۆ دانراوە.
•    قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە بە گوژمەی 469 ملیارد دینار جێ‌ بەجێ‌ دەكرێت. 
•    كۆمپانیاكانی (كور)و (ئلیتبای)و (ئینتاشی) توركی پرۆژەكە جێبەجێ دەكەن.
•    ئەم پرۆژەیە چارەسەرێكی هەمیشەیە بۆ كەمكردنەوەی كێشەی هاتوچۆو رەنگە بۆ 50 ساڵی ئایندە بتوانێت كێشەی هاتوچۆ لە سلێمانیدا كەم بكاتەوە.
•     ئەو كۆمپانیا توركیانەی كە پرۆژەكە جێبەجێ دەكەن پرۆژەی تریان بەشێوەیەكی سەركەوتوو لە سلێمانی جێ‌ بەجێ‌ كردووە.

دووەمین بەردی بناغە
دوای نزیكەی (7 ساڵ) ئەم پرۆژەیە جێبەجێ نەكرا، ئەمڕۆ جارێكی تر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتە سلێمانی‌و لە مەراسیمێكدا بۆ جاری دووەم بەردی بناغەی پرۆژەكەی دانایەوە.
بەپێی قسەی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی‌و گەشتوگوزار، پرۆژەكە ئێستا بەمشێوەیە جێبەجێ دەكرێت: 
•    ئەم پرۆژەیە تاوەكو (20) ساڵی دیكە كێشەی جەنجاڵیی هاتوچۆ لە شاری سلێمانی چارەسەر دەكات.
•    پرۆژەكە لە ماستەرپلانی سلێمانیدا لە دوو شەقامی شێوە تەریب پێكهاتووە كە لە رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵاتی سلێمانی درێژدەبێتەوە.
•    لەكاتی تەواوبوونی هەموو پرۆژەكەدا، شەقامەكانی 60 مەتری‌و 100 مەتری بەشێوەی تۆڕێك لە شەقام بەیەكەوە دەبەستێتەوەو رووپۆشی رووبەری 472 كیلۆمەتر دووجا دەكات.
•    درێژیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكانی 146 كیلۆمەترە.
•    پرۆژەكە لە تاسڵوجەوە بۆ تونێلی پێشڕەو درێژبوەتەوە.
•    پرۆژەكە لە (100 مەتری)یەوە دەستپێدەكات لە كۆتاییەكەیدا دەبێتە (40 مەتری)ی.
•    پرۆژەكە بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەكرێت، ئەوەی ئێستا قۆناغی یەكەمە كە لە 32 كیلۆمەتر پێكدێت، هەشت یەكتربڕو شەش ئاوبەری سندوقیی تێدایەو بەپێی ستانداردی جیهانیی دروستدەكرێت.
•    پرۆژەكە لەسەر بودجەی حكومەت جێبەجێ دەكرێت‌و تەنیا بۆ قۆناغی یەكەمی بڕی (400 ملیار) دیناری بۆ تەرخان كراوە.

جیاوازی بەردی یەكەم‌و بەردی دووەم
بەردی یەكەمی پرۆژەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی كە ساڵی 2013 دانرا، بودجەی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە واتە ئەو رێگایەی كە لە تاسلوجەوە بۆ نزیك بازگەی عەربەت دروستدەكرا (469 ملیار) دینار بوو، بەڵام تێچووی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە لە بەردی دووەم بناغەدا كەمكراوەتەوە بۆ (400 ملیار) دینار، واتە بڕی (69 ملیار) دیناری لێبڕاوە، بەم پێیە خەرجی هەر كیلۆمەترێك لە شەقامەكە لە (14 ملیارو 700 ملیۆن) دینارەوە كەمكراوەتەوە بۆ (12 ملیارو 500 ملیۆن) دینار.
رۆژی 27ی كانونی دووەمی ئەمساڵ كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بەشداربوو لە كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆكرا لەبارەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی، لەو كۆبونەوەیەدا بوو كە بڕیاردرا پێداچوونەوە بە گوژمەی پرۆژەی شەقامی سەدمەتری سلێمانیدا بكرێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت كە رۆژی 2ی شوباتی ئەمساڵ بڵاوكرایەوە، مەسرور بارزانی وتویەتی:" ناكرێت لە هەولێر بۆ كیلۆمەترێك شەقام (دوو ملیۆن‌و نیو) دۆلار تەرخان كراوە، بەڵام لە شەقامی سەدمەتری سلێمانیدا بۆ كیلۆمەترێك (9 ملیۆن) دۆلار تەرخان بكرێت".
گوژمەی نوێی قۆناغی یەكەمی جێبەجێكردنی پرۆژەی سەدمەتری سلێمانی كە درێژەكەی (32 كیلۆمەتر)ە، بۆ هەر كیلۆمەترێك بڕی (10 ملیۆن‌و 400 هەزار) دۆلاری بۆ تەرخانكراوە، واتە سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێم كۆی گشتی گوژەمەكەی پرۆژەكەی كەمكردوەتەوە، بەڵام بەبەراورد بە قسەكەی مەسرور بارزانی كە پێشتر (9 ملیۆن) دۆلاری بۆ هەر كیلۆمەترێك بەزۆر زانیوە، بڕی پارەكە زیادكراوەو كەمنەكراوەتەوە. 
پانی شەقامەكە بەپێی ئەوەی ئێستا جێبەجێ دەكرێت لە هەموو قۆناغەكاندا (100) مەتر نییە‌و بەگوێرەی قسەی وەزیری شارەوانی لە كۆتایی پرۆژەكەدا پانی شەقامەكە دەبێت بە (40 مەتر).


لە بەردی یەكەمی بناغەدا كە بەهۆی قەیرانی دارایی كابینەی پێشووی حكومەتەوە نەچووە بواری جێبەجێكردن، بڕیاربوو سێ كۆمپانیای توركی بەناوەكانی (كور- ئلیتبای- ئینتاشی) پرۆژەكە جێبەجێ بكەن، بەڵام لەبەردی دووەمی بناغەدا پرۆژەكە دراوە بە كۆمپانیای (قەیوان) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییە، ئێستا هاوشێوەی كابینەی پێشوو، حكومەت توشی قەیرانی دارایی بووە، كۆمپانیای قەیوان بە قەرز پرۆژەكە بۆ حكومەت جێبەجێ دەكات.
ئەلەند مەحوی بەرپرسی راگەیاندنی كۆمپانیای قەیوان بە (درەو)ی راگەیاند، كۆمپانیای قەیوان وەكو دەستپێشخەرییەك بڕیاریدا بەبێ وەرگرتنی پارەی پێشەكی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە، دەست بەكارەكانی بكات، قەیوان تاوەكو بڕی (100 ملیار) دینار لە پرۆژەكەدا خەرجدەكات‌و دوای ئەوە حكومەت مانگانە سولفەی جێبەجێكردنی پرۆژەكەی بۆ خەرج دەكات.
لە بەردی یەكەمی پرۆژەكەدا بڕیار بوو تەنیا قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە كە لە تاسلوجەوە دەستی پێدەكرد بۆ بازگەی سلێمانی- عەربەت، بەماوەی (36) مانگ واتە (سێ ساڵ) تەواو بكرێت، لە بەردی بناغەی دووەمیشدا ئەم كاتە وەكو خۆی ماوەتەوە‌و گۆڕانكاری تێدا نەكراوە، بەم پێیە بێت قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە لە كۆتایی تەمەنی ئەم كابینەی حكومەتدا تەواو دەبێت‌و چارەنوسی قۆناغی دووەم‌و سێیەمی پرۆژەكە دەكەوێتە سەردەمی كابینەكانی داهاتوو.
لەبەردی بناغەی یەكەمدا پرۆژەكە ناوی لێنرابوو "شەقامی سەدمەتری سلێمانی"، بەڵام لە بەردی بناغەی دووەمدا ناوی پرۆژەكە گۆڕدراوە بۆ "شاڕێی بابان"، ئەم ناوە لەسەر پێشنیازی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دانراوە‌و وەكو ئاماژەیەكە بۆ رۆڵی "میرنشینی بابان".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand