Draw Media

چارەنوسی موچەی مانگی ئازار لە داهاتی حكومەتدا

چارەنوسی موچەی مانگی ئازار لە داهاتی حكومەتدا

2020-07-19 10:02:30


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
چارەنوسی دابەشكردنی موچەی مانگی ئازاری موچەخۆران نادیارە، هەرێم‌و بەغداد رێككەوتنیان ئیمزا نەكرد، بۆ ئەم مانگە بەغداد پارە بۆ هەرێم نانێرێت، ئێستا كۆی گشتی داهاتی حكومەتی هەرێم تەنیا (276 ملیار) دینارە، تەنانەت ئەگەر دابەشكردنی موچە بۆ ناوەڕاستی مانگی ئاب‌و سەرەتای مانگی ئەیلولیش دوابخرێت، هێشتا خەرجی موچە 38% كورتهێنانی دەبێت، ئەگەر بەم كورتهێنانەوە موچە دابەش بكرێت، حكومەت ناچارە رێژەی لێبڕینی موچە لە 21%وە بەرزبكاتەوە بۆ 38%.

دیسان موچە !
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی ساڵێكە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە، موچەی دوو مانگی موچەخۆرانی نەداوە.
دواین موچە كە حكومەت دابەشی كرد، موچەی مانگی شوباتی 2020 بوو، بۆ موچەی مانگی ئازار تائێستا دیار نییە حكومەت چی دەكات.

سەرچاوەكانی داهات
حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە (چوار) سەرچاوەی هەبوو بۆ كۆكردنەوەی داهات كە بریتی بوون لە (داهاتی نەوت، داهاتی ناوخۆ، تەمویلی هاوپەیمانان، پارەی بەغداد).
بەشە پارەكەی بەغداد كۆڵەیەكی سەرەكی داهاتی حكومەتی هەرێم بوو، بەڵام ئەم سەرچاوەیە ئێستا وشك بووە، بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی نەوتەوە لەگەڵ حكومەتی بەغداد ئیمزا نەكردووە، واتا لانی كەم ئەگەر بۆ ئەم مانگەش بێت، حكومەتی هەرێم یەكێك لە سەرچاوە سەرەكییەكانی داهاتی وشك بووە، كە بەشە پارەكەی بەغدادە.

رێككەوتنی هەرێم‌و بەغداد
لەچوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵی 2019دا، بەبێ ئەوەی هەرێمی كوردستان نەوت رادەست بكات، بەغداد مانگانە بڕی (453 ملیار) دیناری بۆ حكومەتی هەرێمی دەنارد، لە كۆتایی تەمەنی كابینەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا ناردنی ئەم بەشە پارەیە لە بەغدادەوە كێشەی تێكەوت، ئەوەش بەبەهانەی ئەوەی ساڵی دارایی 2019 كۆتایی هاتووە.
دوای دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، مانگی رابردوو بۆ دواینجار بەغداد بڕی (400 ملیار) دیناری رادەستی حكومەتی هەرێم كرد، بەڵام پێدانی ئەم بڕەپارەیە مەرجدار كرا بەوەی حكومەتی هەرێم لەماوەی (30) رۆژدا رێككەوتن لەبارەی نەوت‌و داهاتەكانی ترەوە لەگەڵ حكومەتی بەغداد ئیمزا بكات، بەپێچەوانەوە بەغداد پارە نانێرێت، حكومەتی هەرێم بە نوسراو وەڵامی بەغدادی دایەوە‌و لەبەرامبەر وەرگرتنی پارەكەدا مەرجەكەی بۆ رێككەوتن قبوڵ كرد.  
حكومەتی عێراق رۆژی 30ی ئایار بڕی (400 ملیار) دیناری رەوانەی هەرێم كرد، وادەی ئەو (30) رۆژەی كە حكومەتی عێراق بۆ رێككەوتن لەگەڵ هەرێم دیاریكردبوو، لە رۆژی 30 ئایار واتا رۆژی رادەستكردنی (400 ملیار) دینارەكەوە دەستیپێكرد، ئێستا (19) رۆژ بەسەر وادەی مۆڵەتەكەی بەغداد تێپەڕیوە، بەڵام هەرێم‌و بەغداد هیچ رێككەوتنێكیان ئیمزا نەكردووە، بەگوێرەی كرۆكی نوسراوێكی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق بۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی هەرێم، لەدوای ئەو (400 ملیار) دینارەی كە مانگی رابردوو بۆ هەرێمیان ناردووە، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا نەبێت، هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێم نانێرێت، واتا بۆ ئەم مانگە كە رێككەوتن نەكراوە بەغداد پارە بۆ هەرێم رەوانە ناكات.
كۆتاییەكانی مانگی رابردوو جارێكی تر وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەردانی بەغدادی كرد، وەفدەكە سێ رۆژ لە بەغداد مایەوە، لەبارەی نەوت‌و بەشە بودجەوە گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كرد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دوای گەڕانەوەیان لە بەغداد، قوباد تاڵەبانی هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی لەوە ئاگاداركردووە كە لەگەڵ بەغداد گەیشتونەتە رێككەوتن، ئەو رێككەوتنەی كە قوباد تاڵەبانی باسی كرد، تائێستا ئیمزا نەكراوە، رەنگە قوباد تاڵەبانی بۆ خۆپاراستن لە توڕەیی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی ئەو قسەیەی كردبێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاری مانەوەی لە حكومەت بەستوەتەوە بەوەی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێككەوتن ئیمزا بكات‌و كێشەی موچە چارەسەر بكرێت، قوباد تاڵەبانی كە دواینجار سەرۆكایەتی وەفدی هەرێمی كرد بۆ بەغداد، لەلایەن مەكتەبی سیاسی حزبەكەیەوە بەو مەرجە نێردرا بۆ بەغداد، رێككەوتن ئیمزا بكرێت.

لە چوارەوە بۆ سێ ! 
ئێستا كە بۆ ئەم مانگە سەرچاوە داراییەكەی بەغدادی لەدەستداوە، حكومەتی هەرێم تەنیا (سێ) سەرچاوەی داهاتی بەدەستەوە ماوە كە (داهاتی نەوت‌و داهاتی ناوخۆو یارمەتییە داراییەكەی هاوپەیمانانە). 
یەكەم: داهاتی نەوت
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لە ئەنجومەنی وەزیران دەست (درەو) كەوتوون، داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مانگە (138 ملیۆن) دۆلارە كە دەكاتە (165 ملیار) دینار.
دۆخی نەوتی هەرێمی كوردستان لەم مانگەدا بەمشێوەیە بووە:
•    رۆژانە (435 هەزار) بەرمیل نەوت فرۆشراوە
•    كۆی فرۆشی نەوت لە مانگەكەدا (13 ملیۆن) بەرمیل بووە 
•    نرخی نەوت لەم مانگەدا بۆ هەر بەرمیلێك (42) دۆلار بووە
•    حكومەتی هەرێم بە (10) دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕی جیهانی نەوتی فرۆشتووە، واتا بەرمیلی بە (32) دۆلار فرۆشتووە
•    كۆی داهاتی ئەم مانگەی نەوت (417 ملیۆن) دۆلار بووە
داهاتی نەوتی هەرێم مانگانە بەمشێوەیە دابەش دەبێت:
•    (60 ملیۆن) دۆلار بۆ كۆمپانیای رۆز نەفتی روسی (كرێی بۆری) 
•    (50 ملیۆن) دۆلار بۆ قەرزی توركیا
•    (30 ملیۆن) دۆلار بۆ توركیا (كرێی گواستنەوەی نەوت بەناو خاكی توركیادا)
•    رێژەی 50%ی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی نەوت دەڕوات كە مانگانە (138 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلار.
•    بەكۆی گشتی داهاتی نەوت بۆ ئەم مانگە كە (417 ملیۆن) دۆلار بووە، بڕی (278 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلاری رۆیشتووە بۆ خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی نەوت‌و پێدانەوەی قەرزی توركیا، واتا بۆ ئەم مانگە رێژەی 67%ی كۆی داهاتی هەرێم نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی.
•    بۆ ئەم مانگە تەنیا رێژەی 33%ی داهاتی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، واتا لە كۆی (417 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت، تەنیا بڕی (138 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلاری رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە.
دووەم: داهاتی ناوخۆ
بەكردنەوەی دەروازە سنورییەكان‌و گەڕانەوە جموجوڵی بازاڕو هەڵگرتنی كەرنتین، ئێستا داهاتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم تاڕادەیەك بەرزبوەتەوە، بۆ ئەم مانگە داهاتی ناوخۆ (90 ملیار) دینار بووە.

سێیەم: تەمویلی هاوپەیمانان
ئەمە ئەو یارمەتییە داراییەی كە ئەمریكاو هاوپەیمانان مانگانە بۆ پاڵپشتی پێشمەرگە بە هەرێمی كوردستانی دەدەن‌و بڕەكەی (21 ملیار) دینارە.

داهاتی حكومەت بۆ ئەم مانگە
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، داهاتی حكومەتی هەرێم بۆ ئەم مانگە بەمشێوەیەیە:
•    داهاتی نەوت:  165 ملیار دینار
•    داهاتی ناوخۆ: 90 ملیار دینار
•    یارمەتییەكەی هاوپەیمانان: 21 ملیار دینار
واتا كۆی گشتی داهاتی حكومەتی هەرێم بۆ ئەم مانگە (276 ملیار) دینارە، حكومەت تەنیا بۆ موچە مانگانە پێویستی بە (894 ملیار) دینار هەیە، واتا ئەو داهاتەی ئێستا لەبەردەستی حكومەتدایە بەتەنیا بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران بڕی (618 ملیار) دینار كورتهێنانی هەیە. 
بۆ مانگی شوبات بەو (400 ملیار) دینارەشەوە كە لە بەغدادەوە بۆی هات، حكومەتی هەرێم (500 ملیۆن) دۆلاری لەبەردەست بوو، سەرۆكی حكومەت بەڵێنیدا بڕی (100 ملیۆن) دۆلار قەرزبكات بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی بۆ موچەی مانگی شوبات لەبانكی (RT) لە هەولێر بڕی (97 ملیۆن) دۆلاری قەرزكردووە، بەم قەرزەوە كۆی داهاتی مانگی رابردووی حكومەت بۆ موچە گەیشتە (600 ملیۆن) دۆلار، واتا (720 ملیار) دینار، بۆ موچەی مانگی شوبات حكومەت (172 ملیار) دینار كورتهێنانی هەبووە، ئەم كورتهێنانەی بە بڕینی رێژەی (21%)ی موچەی موچەخۆران پڕكردەوە. 
بەڵام بۆ ئەم مانگە ئەو داهاتەی لەبەردەستی وەزارەتی داراییدایە (276 ملیار) دینارە، ئەگەر دابەشكردنی موچە دوابخرێت بۆ ناوەڕاستی مانگی ئاب‌و سەرەتای مانگی ئەیلول، حكومەت دەتوانێت داهاتی دوو مانگ یەكبخات كە دەكاتە (552 ملیار) دینار، لەم حاڵەتەدا كورتهێنانی پارەی حكومەت بۆ دابەشكردنی موچە بڕی (342 ملیار) دینار دەبێت، واتا رێژەی 38%ی كۆی گشتی خەرجی موچە كورتهێنان دەبێت، ئەمە وادەكات پێشبینی ئەوە بكرێت حكومەت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە رێژەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە 21%وە زیاد بكات بۆ 38%، بەڵام ئەگەر حكومەت قەرزبكات یاخود بڕە پارەیەكی تری دەستكەوێت، پێدەچێت رێژەی لێبڕینەكە كەمببێتەوە.

هەرێم پارە بۆ بەغداد دەنێرێت !
ئەگەر حكومەتی هەرێم‌و بەغداد نەگەیشتنە رێككەوتن، سەرەڕای ئەوەی بەغداد پارە بۆ هەرێم نانێرێت، دەبێت حكومەتی هەرێم ئەم مانگانە بڕی (11 ملیارو 880 ملیۆن) دینار رەوانەی بەغداد بكات، ئەمە پارەیەكە كە پێشتر حكومەتی هەرێم بە قەرز لە بانكە ئەهلییەكانی وەرگرتووەو ئێستا دەبێت مانگانە بیگێڕێتەوە.
كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم لەسەردەمی قەیرانی دارایدا پارەی لە بانكە بازرگانییەكانی بەقەرز راكێشاوە، بەپێی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی بەغداد، دەبێت مانگانە حكومەتی هەرێم بڕێك لەو قەرزانە بداتەوە بە بانكی ناوەندی عێراق‌و لەوێوە دابەشبكرێت بەسەر ئەو بانكە ئەهلییانەدا كە حكومەتی هەرێم قەرزی لێوەرگرتوون.
هەولێرو بەغداد لە سەرەتای ساڵی 2019دا رێككەوتن مانگانە حكومەتی هەرێم (10 ملیۆن) دۆلار واتا (11 ملیارو 880 ملیۆن) دینار قەرز بداتەوە بە بانكە ئەهلییەكان، بەپێی رێككەوتنەكە مانگانە ئەم بڕە پارەیە لەو بەشە بودجەیە دەبڕدرا كە حكومەتی عێراق بۆ موچەخۆرانی هەرێمی دەنارد، كاتێك بەغداد مانگانە بڕی (453 ملیار) دیناری بۆ هەرێم دەنارد، هەموو مانگێك بڕی (11 ملیارو 880 ملیۆن) دیناری لێدەبڕی بۆ قەرزی بانكەكان‌و (441 ملیار) دینار رادەستی حكومەتی هەرێم دەكرد، دەبوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئەو لێبڕینەی موچەی فەرمانبەران پڕبكاتەوە.
ئێستادا ئەگەر بەغداد پارەی فەرمانبەران نەنێرێت، حكومەتی هەرێم ناچارە مانگانە بڕی (11 ملیارو 880 ملیۆن) دینار قەرز بنێرێت بۆ بانكی ناوەندیی لەبەغداد، ئەمەش كێشەیەكی ترە، نازانرێت چۆن چارەسەر دەكرێت.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand