Draw Media

شێخ باز.. لە نەوتەوە بۆ تەماتە

شێخ باز.. لە نەوتەوە بۆ تەماتە

2020-07-08 17:35:31


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت 
تەماتە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی سوركردووە، هەموان پێشنیاز دەخەنەڕوو بۆ رزگاركردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە قەیرانی بێبازاڕیی، شێخ باز خاوەنی كۆمپانیای كار كە دەستی باڵای لە نەوتدا هەیە بڕیاریدا بەشێك لە بەرهەمی جوتیاران بكڕێتەوە، ئەو نەیتوانی بۆ داڕمانی نرخی نەوت كارێكی ئەوتۆ بكات، بەڵام بۆ داڕمانی نرخی تەماتە كارێكی كرد، وەزیری كشتوكاڵ لەزاری خاوەن كارگەكانەوە وتی تەماتەی ناوخۆ بۆ دۆشاو نابێت، شێخ جەمالی كرپچنەش كە جوتیاری نمونەییە قسەی تری هەیە‌و پێیوایە هۆكاری بێبازاڕییەكە ئەو بازرگانانەن كە دۆشاوی تەماتە لە دەرەوە هاوردە دەكەن و بەهێزترن لەو كارگانەی لەناوخۆدا دۆشاو دروست دەكەن، تەماتە چۆن لە قەیران رزگار دەكرێت ؟

شێخ باز.. لە نەوتەوە بۆ تەماتە 
ئەم رۆژانە باس باسی تەماتەیە، بەرهەمی خۆماڵی زیانی گەورەی بەركەوتووە، جوتیاران رۆژی 6ی ئەم مانگە لە هەولێر خۆپیشاندانیان كرد، لە مەراسیمێكدا كە تاڕادەیەك لە فێستیڤاڵی شەڕە تەماتە دەچوو لە ئیسپانیا، بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵیان فڕێدایە سەر شەقامەكان.
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش چەند رۆژێكە پڕبوون لە وێنەی تەماتە‌و دۆشاوەكەی، خەڵك داوا لە حكومەت دەكەن پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی بكات، تاوەكو لە كێبركێدا لەگەڵ بەروبومی هاوردەكراو لە بازاڕدا نەكەوێت، هەندێك كەسیش بۆ پاڵپشتی لە جوتیاران، كەمپەینی كڕینی تەماتەی خۆماڵییان راگەیاندووە.
جوتیارێك لە خۆپیشاندانەكەی هەولێردا وتی:" كیلۆیەك تەماتە بە كەمتر لە (70) دینار دەفرۆشن، سندوقێك تەماتە (10 بۆ 12) كیلۆی تێدایە، لە عەلوە بە (750) دینار لێمان وەردەگرن، هیچمان بۆ نامێنێتەوە، چونكە گواستنەوەی هەر سندوقێك تەماتە نزیكەی (300) دیناری تێدەچێت، بۆ هەر سندوقێك تەماتە لە عەلوە (250) دینار وەردەگیرێ، نرخی سندوقە بەتاڵەكەش (250) دینارە ئیتر چی بۆ جوتیارێك دەمێنێتەوە". 
لە هەنگاوێكی خێرادا بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتی جوتیاران، شێخ باز خاوەنی كۆمپانیای كار كە لەبواری نەوتدا دەستی باڵای هەیە‌و ئێستا وەكو راوێژكاری مەسرور بارزانی بۆ كاروباری وزە كاردەكات، بڕیاریدا رۆژانە (45) تەن تەماتە بۆ ماوەی شەش رۆژ بكڕێتەوەو وەك كاری خێرخوازی لە كەمپ‌و گەڕەكە هەژارنشینەكانی هەولێر دابەشی بكات، بەڵام ئەمە كێشەكە لە ریشەوە چارەسەرناكات، شێخ باز بۆ داڕمانی نرخی نەوت نەیتوانی كارێكی ئەوتۆ بكات، بەڵام بۆ تەماتە كارێكی كرد.
لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەو پرسە كۆبوەوە، عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سێ ڕێگا هەیە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵیی جوتیاران:
•    هاوڵاتیان بەرهەمی خۆماڵی خۆمان بكڕن
•    دەبێت بازاڕ بۆ بەرهەمی خۆماڵی بدۆزرێتەوە
•    دەبێت كارگەی لە قوتونان دابمەزرێنین، ئەو بەرهەمانەی ساغ نابنەوەو بازاڕیان بۆ نادۆزرێتەوە، پێویستە كارگەی لە قوتونانی بۆ دابمەزرێت 

گارگەی دۆشاوی تەماتە
بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران ئێستا هەموان چاویان لەوەیە كارگەی دۆشاوی تەماتە بكرێتەوە‌و بەروبومی زیادەی جوتیاران لەو كارگانەدا ساغبكرێنەوە بۆ ئەوەی زیانیان پێنەگات.
لە هەرێمی كوردستان (3) كارگەی دۆشاوی تەماتە هەیە (هەریر، كۆیە، شارەزوور)، ئەم سێ كارگەیە لەتوانایاندایە رۆژانە لە (500 ) تەن تەماتە بڕی (50) تەن دۆشاو بەرهەمبهێنن.

•    كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور:
ئەم كارگەیە لە ساڵی 2016 دامەزراوە، لەسەرەتاوە دۆشاوی لە ئێرانەوە هاوردە دەكردو لە كارگەكەدا لە قوتویان دەنا، بەڵام دواتر كارگەكە خۆی دۆشاوی بەرهەمدەهێنا، پێشتر ئەم كارگەیە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی (50 بۆ 60) هەزار قوتوی دۆشاوی تەماتەی هەبوو، بەڵام بەپێی وتەی بەڕێوەبەری كارگەكە ئێستادا رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی (250) هەزار تەن تەماتەیان هەیە‌و دەتوانن لەم بڕە (140) هەزار قوتوی (800) گرامی بخەنە بازاڕەوە. 
ئەم كارگەیە بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی زیاتر لە شەش مانگە داخراوە. 

•    كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر

  ئەم كارگەیە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە داخراوە، بڕیارە لە ماوەی مانگێگدا جارێكی تر بكەوێتەوە كارو رۆژی شەممەی داهاتوو دەستبكات بە وەرگرتنی بەرهەمی تەماتەی جوتیاران، كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر ساڵی 1979 دروستكراوە، لە توانایدایە رۆژانە لە (150) تەن تەماتە بڕی (25) تەن دۆشاو بەرهەمبهێنێت. 

•    كارگەی دۆشاوی تەماتەی كۆیە
ئەم كارگەیە لە ساڵی 1996 دروستكراوە، بۆ ماوەی دوو ساڵ بەرهەمی جوتیارانی ناوچەكەی وەرگرتووە، بەڵام ماوەی (20) ساڵە لەكاركەوتووە. 


سەرەرای ئەم سێ كارگەیە، كۆگایەكی گەورەی هەڵگرتنی بەروبومی ناوخۆیی لە (گردەبۆر)ی سلێمانی هەیە كە سەربە وەزارەتی كشتوكاڵەو پێكدێت لە (32) كۆگا، هەر كۆگایەكی زیاتر لە (2 هەزار) تەن هەڵدەگرێت، بەكۆی گشتی لەتوانایدایە (70 هەزار) تەن بەرهەمی جوتیاران هەڵگرن.  

دۆشاوەكەی وەزیرو شێخ جەمالی كرپچنە
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ لەزاری خاوەن كارگەكانی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتەوە رایگەیاند:" ئەو تەماتەیەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت، ئەو تەماتەیە نیە بۆ دۆشاوی تەماتە دەشێت، چونكە لە (10) تەن تەماتە رەنگە تەنێك بۆ تەنونیوێك دۆشاوی لێ بەرهەمبهێنرێت".
ئەم قسەیەی وەزیری كشتوكاڵ لە توڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی دروستكرد، پرسیاری دروستكرد لەبارەی ئەوەی ئایا هەر بەراستی تەماتەی كوردستان بۆ دۆشاو دەبێت یاخود نا؟
شێخ جەمالی كرپچنە كە یەكێكە لە جوتیارە نمونەییەكانی كوردستان بە (درەو)ی وت:" هەموو جۆرە تەماتەیەك بە كەڵكی دۆشاو نایەت، ئەو تەماتەیە بەكەڵكی دۆشاو دێت كە گۆشتنەو كەمێك سورترە".
شێخ جەمال دەڵێ:" تەماتەمان هەیە بە (6 بۆ7) كیلۆ، یەك كیلۆ دۆشاوی تێدا دەبێت، هەندێكی تر لە (12 بۆ 14) كیلۆ تەماتە یەك كیلۆ دۆشاوی تێدا دەبێت، ئێمە (9) جۆر تەماتەمان نارد بۆ تاقیگەی كشتوكاڵی سلێمانی، ئەوان وتیان (یەك) جۆر تەماتەیان بۆ دۆشاو دەگونجێت‌و (8) جۆرەكەی تر بۆ دۆشاو ناگونجێت، هەموو جۆرە تەماتەیەك بۆ دۆشاو ناگونجێت تەماتەی دۆشاو جیاوازە". 
لەبارەی تایبەتمەندی تەماتەی دۆشاوەوە، لوقمان حسێن بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر دەڵێ:" ئەو تەماتەیەی بۆ دۆشاو بەكاردەهێنرێت دەبێت تۆوەكەی جیاواز بێت لەو تەماتەیەی ئێستا بەرهەم دێت، جوتیارانی خۆمان تۆوی تەماتەیان بۆ خواردن چاندووە نەك بۆ دۆشاو، ئەوەی ئێستا لە بازاڕدایە (7 بۆ 8) كیلۆی پێویستە بۆ یەك كیلۆ دۆشاوی تەماتە.
بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر باسی لەوەكرد، لە ئێستاوە دەمانەوێت بۆ ساڵی داهاتوو ئەو تۆوە بدەین بە جوتیاران، بۆ ئەوەی ئەو تەماتەیە بەرهەم بهێنن كە بە كەڵكی دۆشاو دێت، چونكە ئەو تەماتەیەی ئێستا بۆ دۆشاو بەرهەمنەهێنراوە. 
بەوتەی شێخ جەمالی كرپچنە، بەپێی ستانداردی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت هەموو وڵاتێك (10%)ی بودجە بۆ كشتوكاڵ تەرخان بكات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان (1.7%) تەرخانكراوە، ئەمە دوو ساڵیشە بودجەی كشتوكاڵ هەر نیە. 
"كێشەكە ئەوەیە ئەو بازرگانانەی كە دۆشاوی تەماتە لە ئێران‌و توركیاوە هاوردەدەكەن زۆر بەهێزترن لە خاوەنی ئەو كارگانەی كە دۆشاوی تەماتە لەناوخۆدا دروست دەكەن، ئەو بازرگانانە دەتوانن دۆشاوی تەماتە بهێنن‌و بەنرخی كەمتر لە كارگەكانی ناوخۆ بخەنە بازاڕەوە، بۆیە دوای مانگێك تاوەكو دوو مانگیك كارگەكە شكستدەهێنێت.

هاوردە زیان لە هەناردە دەدات
كێشەی ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی بەتایبەت لەم وەرزەدا دەگەڕێتەوە بۆ پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیاران پێكەوە، ئەوەی زیانی لە بەرهەمی ناوخۆیی داوە هاوردەكردنی بەروبومە لە دەرەوەر رێگریكردنە لە ناردنە دەرەوەی بەرهەمەكانیان بۆ پارێزگاكانی عێراق بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا.
وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم بۆ پاڵپشتیكردن لە بەرهەمی خۆماڵی، رۆژی 10ی حوزەیران تاوەكو 15ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، باجی لەسەر هەر كیلۆیەك لە تەماتەی هاوردەكراو بەبڕی (600) دینار زیادكرد، بەڵام ئەمەش وەكو پێویست نەیتوانی بەرهەمی ناوخۆیی رزگاربكات لە قەیران.
 
پێداویستی ناوخۆیی تەماتە
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە زیاتر (190 هەزار) تەن تەماتە هەیە، ئەم بڕەش بەشێكی بەرهەمی ناوخۆییەو بەشەكەی تری بەرهەمی هاوردەكراوە لە دەرەوە، واتا هەر تاكێكی هەرێم ساڵانە  بە تێكڕا (34 ) كیلۆ تەماتە دەخوات .
هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019دا پێویستی بە (191 هەزارو 545) تەن تەماتە هەبووە، لەو رێژەیە (80 هەزارو 446) تەنی بەرهەمی ناوخۆیی بووە، واتە بەرهەمی ناوخۆیی رێژەی (43.5%)ی كۆی پێداویستی هەرێمی كوردستانی بۆ تەماتە پڕكردوەتەوە، لەبەرامبەردا بڕی (108 هەزارو 099) تەنی تەماتە لەو ساڵەدا لە دەرەوە هاوردەكراوە، واتە تەماتەی هاوردەكراو رێژەی (56.5%)ی پێداویستی هەرێمی پڕكردوەتەوە.
بەڵام ئەم رێژانە لە ساڵی 2017دا بە جۆرێكی تر بوون، لەو ساڵەدا بەرهەمی تەماتەی ناوخۆو هاوردەكراو نزیك بوون لە یەكترەوە، لە 2017دا پێویستی ناوخۆیی هەرێم بۆ تەماتە (170 هەزارو 195) تەن بووە، لەم بڕە بەرهەمی ناوخۆیی (83 هەزارو 107) تەن بووە بەرێژەی (49%)، تەماتەی هاوردەكراویش (87 هەزارو 88) تەن بووە بەڕێژەی (51%).
ئەمە لە كاتێكدایە بڕی بەرهەمی تەماتەی خۆماڵی لە ساڵی 2009 دا (118 هەزار) تەن بووە. 

تەماتەو تەندروستی
تەماتە (بەئینگلیزی: Tomatoe) میوەیەكی سووری شیاوە بۆ خواردن، لە ڕووەكی سۆلانەم ریكۆپێرسیكەمەوە دەڕوێت. ئەم میوەیە لە ناوەڕاست و باشووری ئەمریكاوە سەری هەڵداوە، دەوترێت زێدی رەسەنی تەماتە وڵاتی (پیرۆ)یە، یەكەمجار ئیسپانییەكان تەماتەیان گواستوەتەوە بۆ كیشوەری ئەوروپاو لەوێوە بە هەموو جیهاندا بڵاوبوەتەوە، سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن سەرەتا تەماتە تەنیا بۆ جوانكاری نێژراوە، خەڵك پێیانوابووە روەكێكی ژەهراوییە، لەدوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە تەماتە لەرێگەی بەریتانییەكانەوە هاتوەتە كوردستان.
تەماتە چەندین ناوی تریشی هەیە لەوانە (باینجانی سور)، ئەم روەكە بەشێوەی دەستیی دەچێندرێت، كە دەڕوێنرێت سەرەتا گوڵێكی زەرد دەگرێت، بەرەكەی لەسەرەتادا رەنگی سەوزی كاڵە، پاشان مەیلەو زەردەبێت‌و بەرەو رەنگی پرتەقاڵی دەڕوات، كاتێك پێدەگات رەنگەكەی بەتەواوەتی سور دەبێت، تەمامە تامی مزرە.
پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن تەماتە دەوڵەمەندە بە كانزا، ڤیتامین‌و پڕۆتین، بەهۆی بوونی ریشاڵ لەپێكهاتەیدا خواردنی مەترسییەكانی توشبوون بە نەخۆشی شەكرە‌و ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمدەكاتەوە هەروەها ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە كەمدەكاتەوە.
سوودەكانی تەماتە بۆ تەندروستی :
•    مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە كەمدەكاتەوە
•    بەهۆی زۆری ڕێژەی پۆتاسیۆم تێیدا دەبێتە هۆی فراوانبوونی خۆینبەرەكان‌و كەمكردنەوەی فشاری خۆین
•    سوودی هەیە بۆ تەندروستی دڵ
•    بەهۆی بوونی فایبەر دەتوانێت ببێتە هۆی كەمكردنەوەی شەكرەی خۆین
•    سوودی هەیە بۆ كۆئەندامی هەرس
•    سوودی هەیە بۆ تەندروستی چاوەكان
•    هاوكارە لە پاراستنی پێست‌و هێشتنەوەی بە تەندروستیی
•    بەهۆی بوونی فۆلیك ئەسید سوودی هەیە بۆ ئافرەتی دووگیان
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand