خوناف قاسم: ئه‌م وێنەیە ژیانمانی گۆڕی
2020-07-15 20:20:36
راپۆرتی: عەمار عەزیز - كەركوك ناو
ژیانی ئێستای خوناف قاسم وه‌ك به‌هه‌شت وایه، بە به‌راورد به‌وكاته‌ی وێنه‌كه‌ی تیادا گرتووە؛ كه ژیانی دۆزه‌خیی ئێزیدییه‌كان به‌ده‌ست داعشه‌وه پیشانی جیهان ده‌دات.
جیاوازی نێوان ئه‌و دوو وێنه و ژیانه؛ نزیكه‌ی شه‌ش ساڵه، یه‌كه‌میان له عیراق و دوه‌میان له ئه‌ڵمانیا گیراوە.
له وێنه‌ی یه‌كه‌مدا، ئافره‌تێكی ئێزیدی، به منداڵه‌كه‌ی باوه‌شییه‌وه، له‌گه‌ڵ دوو كچیدا كه سه‌رتاپا خۆڵاوین و ماندوێتییان پێوه‌دیاره، له پێشی كاروانێكه‌وه به‌پێ ده‌شتاییه‌كی وشكهه‌ڵاتوو ده‌بڕن.
مێژوی ئه‌و وێنه‌یه؛ 9ی ئابی 2014ـیه، له ناوچه‌یه‌كی نێوان دهۆلا و دووگرێ له قه‌زای شنگال، دوا سنوری عیراق به‌ره‌و سوریا.
"ئه‌و رۆژه‌ی وێنه‌كه‌ی ئێمه‌ی تیادا گیراوه؛ وه‌ك قیامه‌ت و دۆزه‌خ وابوو، نه‌مانده‌زانی روو له كوێ بكه‌ین، ئه‌وه‌نده رۆژێكی ره‌ش و ناخۆش بوو نازانم چۆن وه‌سفی بكه‌م" خوناف عه‌لی قاسم، ئه‌و ژنه‌ی له وێنه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه وای وت.
له كاتی وێنه‌ی یه‌كه‌مدا، خوناف ته‌مه‌نی 31 ساڵ، منداڵه‌كه‌ی باوه‌شی؛ سه‌عدی ته‌مه‌ن سێ ساڵ و كچه‌كانیشی؛ دالیا شه‌ش ساڵ و زینا پێنج ساڵ بون.
ئه‌و خێزانه له ناوچه‌ی گرزه‌ركی شنگاله‌وه هه‌ڵدێن، كاتێك داعش له 3ی ئابی 2014دا ده‌گاته ناوچه‌كه، دوای شه‌ش رۆژ به‌پێ ده‌گه‌نه چیای قه‌زاكه له خۆرئاوای نه‌ینه‌وا و له 9ی ئابیشدا به‌ره‌و سوریا به‌ڕێده‌كه‌ون.
له‌و كۆچه ناچارییه‌دا، ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوس مه‌ینه‌تی ئێزیدییه‌كانیان بۆ جیهان گواسته‌وه، تا چاوی كامێرای یه‌كێكیان ده‌چێته سه‌ر خێزانه‌كه‌ی خوناف.
"قه‌د بیرم له‌وه نه‌كردبۆوه، ئه‌و وێنه ته‌واوی ژیانی ئێمه بگۆڕێت و خه‌ڵك به‌و راده‌یه رێزمان لێ‌بگرن" خوناف بۆ (كه‌ركوك ناو) واده‌ڵێت.
له‌و كۆچه‌دا؛ هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌كه به پارێزراوی گه‌یشتنه كه‌ناری ئارامی.
له‌و ساڵه‌دا؛ داعش سه‌دان هاوڵاتی ئێزیدی "كۆمه‌ڵكوژ" كرد و زیاتر له شه‌ش هه‌زار كه‌سی رفاند، كه هێشتا چاره‌نوسی نزیك به نیوه‌یان نادیاره.
"دوای وێنه‌كه؛ گه‌یشتینه سوریا، به‌ڵام ته‌نیا شه‌و و رۆژێك ماینه‌وه، به‌رێكه‌تین بۆ هه‌رێمی كوردستان و له‌وێشه‌وه دوای 15 رۆژ چوینه توركیا" سه‌عید یوسف (38 ساڵ)، هاوسه‌ری خوناف وای وت، ئه‌و ده‌ڵێت نازانن رۆژنامه‌نوسه‌كه كێیە وێنه‌كه‌ی گرتون، به‌ڵام وێنه‌كه بۆته ره‌مزێك و زۆر هاوكاری بۆ ئه‌وان هێنا.
خێزانه‌كه به ئامانجی گه‌یشتنه ئه‌وروپا چونه توركیا.
خوناف وتی "له توركیا خێزانێكی كورد ئێمه‌یان ناسییه‌وه، وتیان تۆ ئه‌و ژنه‌ی له وێنه‌كه‌دایت، باوه‌ڕم نه‌كرد تا رۆژنامه‌یه‌كیان نیشاندام و وێنه‌كه‌م بینی".
دوای نزیكه‌ی شه‌ش ساڵ، خوناف و سێ منداڵه‌كه‌ی، وێنه‌یه‌كی تریان گرت و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاویانكرده‌وه، بۆ نیشاندانی جیاوازی نێوان هه‌ردوو وێنه‌كه.
له وێنه‌ی دوه‌مدا، کە ته‌مموزی 2020 له ئه‌ڵمانیا گیراوه؛ دوو كچ و كوڕه‌كه‌ی ئه‌و خێزانه گه‌وره‌بون، له‌گه‌ڵ دایكیاندا له‌بری ماندوێتی و ترس، زه‌رده‌خه‌نه به روخساریانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت.
خوناف ده‌ڵێت "له ئه‌ڵمانیاش به‌هۆی وێنه‌كه‌وه لێپرسراوانی وڵاته رێزیان لێگرتین و هه‌موو شتێكیان بۆ دابینكردین، وه‌ك شوێنی مانه‌وه و خه‌رجی".
خێزانه‌كه دوای ساڵێك و پێنج مانگ له توركیاوه ده‌چنه یۆنان، له‌وێوه بۆ ئه‌ڵمانیا، له‌وكاته‌وه له ناوچه‌ی برگدوف له شاری هانۆڤه‌ر ده‌ژین.
سه‌عید یوسف بۆ ژیانی ئێستای سوپاسی هاوكاری خه‌ڵكی كرد، له هه‌رێمی كوردستان و سوریا، "ئه‌ڵمانیا پاره و خانوی پێداین، ئێستا ژیانمان زۆر خۆش و بێ كێشه‌یه".
دوو كچ و كوڕه‌كه‌ی خوناف له خوێندنگه‌ن، ئێستا زیادیانكردووه و خێزانه‌كه بوون به شه‌ش كه‌س؛ لیزا دوایین منداڵیانه و ته‌مه‌نی سێ مانگه.
"نامانه‌وێت قه‌ت وێنه‌ی یه‌كه‌م له بیر بكه‌ین، بۆیه به دیواری ماڵه‌كه‌مانه‌وه هه‌ڵمانواسی، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی كاره‌ساتی شنگال به جینۆساید بناسرێت و هه‌موو ئێزیدییه‌كیش قه‌ره‌بوی قوربانیدانیی بكرێته‌وه" خوناف عه‌لی قاسم وای وت.