مەسرور بارزانی هەڕەشەی دەكردنی وەزیرەكانی یەكێتی كردووە
2020-07-26 13:26:12
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
كار گەیشتە ئەوەی مەسرور بارزانی هەڕەشەی دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتی بكات لە حكومەت، ئەمە دواین پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی بوو بەر لە بڕیاری دواخستنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، پەرەسەندنە سیاسییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی بەشێوەیەكی خێرا رێدەكەن، سبەینێ پەرلەمان كۆدەبێتەوە، بەر لەو كۆبونەوەیە پارتیو یەكێتی كۆدەبنەوە، بەم شێوەیە كارتی فشاری یەكێتی لە رێگەی پەرلەمانەوە بۆ سەر پارتی سەركەوتووبو، پارتی راكێشایە سەر مێزی گفتوگۆ، لەم راپۆرتەدا وردەكاری چۆنیەتی دواخستنی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان بخوێنەرەوە.
پەرلەمانو حكومەت لەناو كێشەكانی پارتیو یەكێتیدا
كۆبونەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ سبەینێ دواخرا، كۆبونەوەیەك كە بڕیارە تێیدا باس لە قەیرانی داراییو تەندروستیو ناوچە جێناكۆكەكانو گفتوگۆكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد بكرێت.
رۆژی 19ی ئەم مانگە سەركردایەتی یەكێتی كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانو فراكسیۆنی یەكێتی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان بكەن تا ئەوكاتەی یەكێتیو پارتی كۆدەبنەوەو كێشەو گرفتەكانی نێوانیان چارەسەر دەكەن.
ئێستا هەردوو دامەزراوەی پەرلەمانو حكومەت كەوتونەتە ناو كێشەو گرفتەكانی نێوان پارتیو یەكێتی، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەت بەدەست قەیرانێكی دارایی سەختەوە دەناڵێنێت.
فشار لە پەرلەمانەوە
رۆژی 23ی مانگی رابردوو، لاهور شێخ جەنگی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا نەگاتە رێككەوتن، شەفافییەتی نەبێت لە خەرجیو داهات، یەكێتی ناچێتە ژێر باری مووچە بڕین. هەڵپەساردنی بەشداری لە پەرلەمانو حكومەتو، هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێك دەبێ لە بژاردەكانمان".
سەركردایەتی یەكێتی خاڵی یەكەمی تویتەكەی لاهور شێخ جەنگی واتە "هەڵپەساردنی بەشداری لە پەرلەمان" خستەبواری جێبەجێكردن، بەڵام هەڵپەساردنی تەواوەتی پەرلەمان نەبوو، بەڵكو هەڵپەساردنی دانیشتنی پەرلەمان بوو تا ئەوكاتەی پارتیو یەكێتی كۆدەبنەوەو كێشەكانیان چارەسەر دەكەن.
بڕیاری یەكێتی بۆ بایكۆتكردنی كۆبونەوەی پەرلەمانو رێگریكردن لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەكان، پێشوەختە گرفتی تێدا بوو، چونكە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتییە، چەند رۆژێك بەر لە بڕیاری سەركردایەتی حزبەكەی، نوسراوێكی بۆ حكومەت ناردبوو، تێیدا داوای كردبوو وەزیرەكان بێنە پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند بابەتێك، لەم نوسراوەدا رێواز فایەق رۆژانی 26و 27و 28ی دیاریكردبوو بۆ كۆبونەوەی پەرلەمان، ئەمە وایكرد یەكێتی نەتوانێت لەڕێگەی سەرۆكی پەرلەمانەوە دانیشتنی پەرلەمان پەكبخاتو كارتەكەی بۆ فشاركردن لە پارتی سوتا.
كارتی فشار لەناو حكومەت
دوای ئەوەی یەكێتی بێئومێد بوو لەوەی بتوانێت لەڕێگەی سەرۆكی پەرلەمانەوە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان پەكبخات، پەنای بۆ كارتی فشار لەناو حكومەت برد، واتە بەشی دووەمی تویتەكەی لاهور شێخ جەنگی لە حكومەت كە "هەڵپەساردنی بەشداریكردنی یەكێتییە لە حكومەت" ئەم بەشەی تویتەكەش بەتەواوەتیو وەكو خۆی جێبەجێ نەكرا، تەنیا وەكو كارتێكی فشار دەستی بۆ بردرا.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوێنێ كۆبوەتەوە، لاهور شێخ جەنگیو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكەكانی حزب بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە ئەگەر پارتی سوربێت لەسەر ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، ئەوا وەزیرەكانی یەكێتی ناچنە ناو كۆبونەوەكەی پەرلەمانەوە.
بۆ كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان كە دواخرا بۆ سبەینێ، بڕیاربوو هەریەكە لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ كە سەربە پارتییە هەروەها شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەو خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد كە سەربە یەكێتین بچنە پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.
مەسرور بارزانی توڕە كرد !
(درەو) زانیویەتی، بڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ رێگریكردن لە بەشداریكردنی وەزیرەكانی لە دانیشتنی پەرلەمان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی توڕەكردووە، مەسرور بارزانی هەڕەشەی كردووە ئەگەر وەزیرەكانی یەكێتی نەچنە بەردەم پەرلەمانو لەبری حكومەت گوێ لە حزبەكەیان بگرن، رێگەنادات بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
دوای ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكە لەنێوان یەكێتیو مەسرور بارزانیدا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی هەوڵێكیان بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە دەستپێكردووە، لە هەنگاوی یەكەمی هەوڵەكەدا دوای قسەكردن لەگەڵ پارتی، بافڵ تاڵەبانی داوای لە رێواز فایەق كردووە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ ماوەی (24) كاتژمێر دوابخات، ئەمە بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخە سیاسییەكە، دواتر لەناو پەرلەمان پارتیو یەكێتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دوابخرێت بۆ سبەینێ، پاشان ئەم رێككەوتنە گشتگیركراو لە كۆبونەوەی فراكسیۆنەكانی پەرماندا دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ سبەینێ كرا بە بڕیارێكی فەرمی.
دوێنێ هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبووەوە، بەپێی زانیارییەكان لە كۆبونەوەكەدا مەكتەبی سیاسی پارتی نەرمی نواندووە لەبارەی ئەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكێتی ئاسایی بكرێتەوە بەتایبەتی لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم دوچاری قەیرانی دارایی بووە.
كۆبونەوەی حزب پێش كۆبونەوەی پەرلەمان
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە (درەو)ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە. ئێستادا گفتوگۆ لەنێوان سەركردەكانی پارتیو یەكێتیدا بەردەوامە، سەرباری ئەمە چاوەڕوانی دەكرێت لە نزیكترین كاتدا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كۆببێتەوە.
ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی لەسەر دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی دابەشكرد، فراكسیۆنەكانی گۆڕان، پێكهاتەكان، سەردەمو ئایندە بڕیاریاندا بەشداری كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بكەن لەگەڵ پارتی، لەبەرامبەردا فراكسیۆنی نەوەی نوێو كۆمەڵو یەكگرتوو بایكۆتیان كردو كەوتنە بەرەكەی یەكێتییەوە.
فشاری یەكێتی لە رێگەی پەرلەمانەوە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ پارتی سەركەوت بەڵام ئەنجامی كۆبونەوەكە و گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان هەردوو حزبدا تا ئێستا روون نیە بەتایبەتیش لە كاتێكدا هەردوولا گلەیی و ناڕەزاییەتیان لەیەكتر هەیە.
یەكێتیو پارتی لەسەر چی ناكۆكن ؟
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، 10ی تەموزی 2019 سوێندی یاسایی خوارد، كابینەكە سێقۆڵییە لە (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) پێكهاتووە.
یەكێتی لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا چەند مەرجێكی بۆ بەشداربوون لە حكومەت هەبوو، یەكێك لە دواكارییەكانی ئەوە بوو پۆستی پارێزگاری كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەكەدا لەبەرژەوەندی یەكێتی یەكلابكرێتەوە، پارتیو یەكێتی رێككەوتنیان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك كرد، بەڵام رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا.
یەكێكی تر لە داواكارییەكانی یەكێتی ئەوەبوو "بەشداری راستەقینە بێت لە بڕیاردا"، ئەم داواكارییەش لەناو یەكێتی گلەیی لەسەرەو هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتی دەڵێن ئاگاداری سەرچاوەكانی داهاتی حكومەتو رێككەوتنەكانی نینو لەناو هەموو پۆستە باڵاكاندا تەنیا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لای یەكێتییەو ئەویش لەژێر هەژمونی زۆرینەی پارتیدایە لەم خولەی پەرلەماندا.
یەكێتی لە كابینەی نۆیەمدا پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانو (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، قوباد تاڵەبانی كە جێگری سەرۆك وەزیرانەو سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی دەكات لە حكومەت، سەرەتای دەستبەكاربوونی هەندێك كێشەو گرفتی لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی هەبوو، بەڵام دواتر كێشەكەی چارەسەركرا، ئێستا قوباد تاڵەبانی بەشدارە لە بڕیارەكانی حكومەت، بەمدواییە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لێپرسینەوەی لەگەڵدا كرد سەبارەت بە پرسی بڕینی موچەی فەرمانبەران، قوباد تاڵەبانی بەرگری لە حكومەتو بڕیاری بڕینی موچەی كرد، ئێستا كە پەیوەندییەكانی نێوانو پارتیو یەكێتی بە قۆناغێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، قوباد تاڵەبانی بە گەشتێك لە دەرەوەی وڵاتە.
یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی كە كاریگەری لەسەر كاروبارەكانی پەرلەمانو حكومەتیش دروستكردووە ئەوەیە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی تائێستا بە فەرمی دانی بە ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا نەناوە كە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، بارزانی مامەڵە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەكات، بەڵام هێشتا دانی بە هاوسەرۆكایەتییەكەی لاهور شێخ جەنگیدا نەناوە، ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لە دوای كۆنگرەی چوارەوە لای لاهور شێخ جەنگییەو بڕیارەكانی سەركردایەتی یەكێتی لەژێر هەژمونی لاهور شێخ جەنگیدان.
تاوەكو بەر لە نەخۆشكەوتنو كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژووی یەكێتی، لەنێوان پارتیو یەكێتیدا رێككەوتنێكی ستراتیژی هەبوو لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستو دەسەڵاتەكان، ئەم رێككەوتنە هەرچەندە تائێستا بەفەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام كاری پێناكرێتو لەگەڵ بارودۆخی نوێی یەكێتیدا ناگونجێت.
ئێستا یەكێتی چاوی لەوەیە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتی ئیمزا بكات كە لەگەڵ دۆخی سیاسی نوێی حزبەكەدا بگونجێت، پارتی كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا سەركەوتنێكی بێ پێشینەی تۆماركرد، پەلەی نییە لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی نوێ لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی، سێ پۆستی باڵای هەرێمی كوردستان ئێستا لەدەستی پارتیدایە (پۆستی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەت، پۆستی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری) سەرباری ئەمە جڵەوی فایلی نەوتو پەیوەندییەكانی هەرێمی لەبەردەستدایە.
یەكێتی كاتێكی گونجاوی بۆ فشاركردن لە پارتی هەڵبژاردووە، كاتێك كە تێیدا حكومەتی هەرێم كە كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات دوچاری قەیرانێكی دارایی قورس بووەو موچەی موچەخۆرانی پێ دابین ناكرێت.
سەرباری ئەوەی لەناو یەكێتیدا جیاوازی هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەكردنو فشاركردن لەسەر پارتی، بەڵام تائێستا تاڕادەیەك حزبەكە لەسەر ئاستی دەرەوە بە یەكگرتوویی ماوەتەوەو دیارنییە ئەنجامی گەمە سیاسییەكە لە كۆتایدا بە چ جۆرێك دەشكێتەوە.