نەخشە رێگای یەكێتی لە "تویت"ەكەی هاوسەرۆكدا
2020-07-20 17:39:36
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
سەركردایەتی یەكێتی یەكەمین هەنگاوی بۆ جێبەجێكردنی نەخشەرێگای ناو "تویت"ەكەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی حزب خستەبواری جێبەجێكردن، یەكێتی بەشێوەیەكی كاتیی بەشداریكردنی لە دانیشتنەكانی پەرلەمان هەڵپەسارد، قۆناغی دووەمی "تویت"ەكەی هاوسەرۆك كشانەوەیە لە حكومەتو بانگەوازكردنە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەموو ئەم پەرەسەندنانە چاوەڕێی كۆبونەوەیەكی نێوان پارتیو یەكێتی دەكەن كە تائێستا ئاسۆی نادیارە.
كۆبونەوەی سەركردایەتی
دوێنی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان بەئامادەبوونی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی حزبەكە كۆبووەوە.
لەبنەڕەتەوە كۆبونەوەكە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەبارەی پەیڕەوی مەكتەبو كۆمسیۆنەكانی حزب، بەڵام كاتێك دانیشتنەكە دەستیپێكرد گفتوگۆكان ئاڕاستەیەكی تریان وەرگرتو پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو پارتی باڵی بەسەر قسەوباسەكاندا كێشا.
پەیوەندییەكان لەگەڵ پارتی
كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی قسەوباسی كرد لەبارەی پەیوەندییەكانەوە لەگەڵ پارتی، بەپێی زانیارییەكان (درەو)، بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی گلەییان لە رەفتاری پارتی كردووە لەناو حكومەتو لە پەرلەمانیش.
(درەو) زانیویەتی، یەكێك لەوانەی گلەیی لە پارتی كردووە، مەحمود سەنگاوی بووە، باسی لەوەكردووە بەرپرسانی پارتی خۆیان كە پێشوازی لە بەرپرسانی عێراق دەكەن ئاڵای عێراق لە پشتی خۆیانەوە دادەنێن، بەڵام كە ئاڵای عێراق لە بارەگایەكی پێشمەرگە هەڵدەكرێت دەیكەن بە هەڵڵا.
یەكێكی تر لەوانەی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا قسەی كردووەو رەخنەی لە مامەڵەی پارتی گرتووە، چەتۆ ساڵح بووە كە بەمدواییە پۆستی بریكاری وەزیری ناوخۆی وەرگرتووە.
چەتۆ ساڵح كە ئەندامی سەركردایەتییە، لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی:" لە بازگەگان رێگری لە خەڵكی سنوری سلێمانی دەكات، ئەم شێوازە مامەڵەكردنە لە چوارچێوەی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا دەرچووەو بووە بە حاڵەتێكی سیاسی"، پێشنیازی ئەوەی كردووە ئەگەر پارتی لەسەر ئەو رەفتارانە بەردەوام بێت، یەكێتیش بەهەمان شێواز لە بازگەكانی خۆی مامەڵە بكات.
عیماد ئەحمەد قسەی كردووەو داوای كردووە ئەو كێشانە لەناو حكومەت چارەسەر بكرێن.
دیالۆگەكەی لاهور شێخ جەنگیو رێواز فایەق !
(درەو) زانیویەتی، لەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆیەكی توندی لەنێوان لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیو رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستاندا دروستبووە.
لەبارەی دۆسیەی لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی (سۆران عومەر)، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان وتویەتی:" ئەو پرسە لای ئەو تەواوبووەو قوفڵی لێداوە، چونكە ئەوەی لە سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوای لێكراوە، ئەنجامی داوەو بڕیاری لەوبارەیەوە دەركردووە، پێشتریش كە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران خراوەتە دەنگدانەوە ئەو بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی نەكردووەو ئیدارەی دۆسیەكەی بەوجۆرە داوە كە یەكێتی داوای لێكردووە".
بەڵام قسەكانی رێواز فایەق بۆ هاوسەرۆكی یەكێتی قایلكەر نەبووەو لاهور شێخ جەنگی پێی وتووە:" ئێوە لە پرسو بڕیارەكاندا زیگزاك دەكەنو لە پشتەوە رێككەوتن لەگەڵ پارتی دەكەن".
لە وەڵامدا رێواز فایەق وتویەتی:" هەموو ئەو بڕیارانەی لە هاوسەرۆكەكانو مەكتەبی سیاسییەوە دراون، ئیلتزامم پێوە كردوون، بەڵام هیچ یەك لە پۆستە سیادییەكانی تری كوردستانو عێراق (سەرۆك كۆمارو جێگری سەرۆكی هەرێمو جێگری سەرۆكی حكومەت) ئیلتزام بە بڕیارەكانەوە ناكەنو تەنها بڕیارەكانتان رووی لەمنە، بۆچی بڕیارەكانتان بەسەر ئەواندا جێبەجێناكەن".
لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندووە:" كارتی پەرلەمان كارتێكی بەهێزە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان تا لەگەڵیان ئەو پرسانە یەكلابكەینەوە، ناكرێت بەو دۆخە چەقبەستویەوە بەردەوام بین، ئێمە لە سەرۆكایەتییەكان تەنها پەرلەمانمان بەدەستەوەیە، ناكرێت ئەویش تەسلیمی پارتی بكرێت".
رێواز فایەق وتویەتی:" من ئیلتزامی حزبیم كردووەو پرسم بە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكیتی كردووەو ئەو وتویەتی بەشداری كۆبونەوەكان بكەنەوەو رەوشی پەرلەمان ئاسایی بكەنەوە".
رۆژی 23ی مانگی رابردوو، لاهور شێخ جەنگی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا نەگاتە رێككەوتن، شەفافییەتی نەبێت لە خەرجیو داهات، یەكێتی ناچێتە ژێر باری مووچە بڕین. هەڵپەساردنی بەشداری لە پەرلەمانو حكومەتو، هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێك دەبێ لە بژاردەكانمان".
لە كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، یەكێك لەو بژاردانەی كە لاهور شێخ جەنگی لە تویتەكەیدا ئاماژەی بۆكرد، خرایە بواری جێبەجێكردن، دوای مشتومڕەكەی نێوان سەرۆكی پەرلەمانو هاوسەرۆك، سەركردایەتی یەكێتی پرسی هەڵپەساردنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی خستە دەنگدانەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە دانیشتنی دوێنێدا، لەكۆی (121) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی، (80) ئەندام بەشداربوون كە زۆربەیان لەلایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی بوون، بەدەنگی (65) كەس لە بەشداربوانی كۆبونەوەكە، بڕیاردراوە یەكێتی دانیشتنەكانی پەرلەمان هەڵپەسێرێت تا ئەوكاتەی لەگەڵ پارتی كێشەكان یەكلادەكاتەوە، هەڵپەساردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان بەواتای هەڵەپەساردنی تەواوەتی پەرلەمان نایەت، چونكە بڕیارەكە سەرۆكی پەرلەمانو فراكسیۆنی یەكێتی ناچار دەكات نەچنە ناو كۆبونەوەكانی پەرلەمانەوە نەوەك بەیەكجار لە پەرلەمان بكشێنەوە، بەڵام بەبێ بڕیاری سەرۆك پەرلەمان ناتوانێت كۆببێتەوە.
بەمدواییە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان داوای لە لیژنەكانی پەرلەمان كرد كۆببنەوەو راپۆرتی خۆیان ئامادە بكەن، لیژنەكان كۆبونەوەو راپۆرتەكانیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، سەرۆكایەتی پەرلەمانیش داوای لە بەرپرسانی حكومەت كرد بێنە بەردەم پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی موچەو قەرزەكانی حكومەتو كارەباو تۆپبارانی سنورەكان، تائێستا حكومەت بەفەرمی وەڵامی پەرلەمانی نەداوەتەوە.
كێ ناڕازییە ؟
لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا كە بڕیار لەسەر هەڵپەساردنی كۆبونەوەكانی پەرلەمان درا، هەندێك لە جەمسەرەكانی ناو یەكێتی بەشدار نەبوون، لەوانە باڤڵ تاڵەبانیو قوباد تاڵەبانی برای، رەفعەت عەبدوڵاو ئاسۆ ئەڵمانیو ئەوانەی ناویان لێنراوە "گروپی كەركوكییەكان"، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵو دەربازی برایو ئەوانەی ناویان لێنراوە لایەنگرانی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ.
پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە دابەشكاری ناوخۆیی یەكێتیدا بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەمی حزب، بەر جەمسەری كۆسرەت رەسوڵ كەوت، بڕیاری ئێستای ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ هەڵپەساردنی كۆبونەوەی پەرلەمان بەبێ بەشداری جەمسەری كۆسرەت رەسوڵ، نیگەرانی دروستكردووە، (درەو) زانیویەتی، دەرباز كۆسرەت رەسوڵو شاڵاوی برای ناڕازین لە بڕیارەكە، پێیانوایە بڕیارەكانی سەركردایەتی یەكێتی تەنیا بۆ سەرۆكی پەرلەمانە كە سەربە ئەوانەو سەركردایەتی ناتوانێت لێپێچینەوە لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتو بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراقو جەعفەری شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم بكات كە سەربە جەمسەرەكانی ترن.
هەنگاوی دووەمی تویتەكە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە، بەشدار نەبوو لە كۆبونەوەكە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) گەشتی دەرەوەی وڵاتی كردووە.
پێشتر مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی پرسی بڕینی موچەی فەرمانبەرانەوە لێپێچینەوەی لە قوباد تاڵەبانی كردو داوای لێكرد پابەند نەبێت بە بڕینی موچەوە، بەڵام قوباد تاڵەبانی هەڕەشەی ئەوەی كرد ئەگەر فشاری لێبكەن دەستلەكاردەكێشێتەوە، مەرجی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ قوباد تاڵەبانی ئەوەبوو رێككەوتن لەبارەی نەوتو بودجەوە لەگەڵ بەغداد ئیمزا بكات، لەدواین سەردانیدا بۆ بەغداد، كاتێك گەڕایەوە قوباد تاڵەبانی بەرپرسانی حزبەكەی لەوە ئاگاداركرد كە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد تەواوبووە، بەڵام تائێستا ئەو رێككەوتنە ئیمزا نەكراوەو بەهۆی گەشتی قوباد تاڵەبانی بۆ دەرەوەی وڵات پیێناچێت تاوەكو دوای جەژنی قوربان وەفدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغداد بكات.
نەخشەرێگای ناو تویتەكەی لاهور شێخ جەنگی كە لە قۆناغی یەكەمدا هەڵپەساردنی پەرلەمانە، یەخەی ریبَواز فایەقی گرت، لە قۆناغی دووەمدا كە كشانەوەیە لە حكومەت، بەرۆكی قوباد تاڵەبانی دەگرێت، ئەم پەرەسەندنانە لەسەر كۆبونەوەی نێوان پارتیو یەكێتی راوەستاوە.