Draw Media

"سەرەتای نیسان توركیا هێرش دەكات"

"سەرەتای نیسان توركیا هێرش دەكات"

2022-03-25 10:43:46


 (درەو):
توركیا ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات لە هەرێمی كوردستان دژ بە گەریلاكانی (پەكەكە)، بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی‌و  یەكێتی كردووە، تائێستا یەكێتی رازی نییەو پارتی گڵۆپی سەوزی هەڵكردووە، بڕیارە لەسەرەتای مانگی نیساندا ئۆپراسیۆنەكە لە هەرێم ئەنجامبدات.
كێشە ناوخۆییەكانی توركیا، سەرقاڵی ئەمریكاو جیهان بە شەڕی روسیاو ئۆكراینا، سەرقاڵی لایەنە عێراقییەكان بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، زیادبوونی هەژمونی ئێران لە عێراق، هەموو ئەم هۆكارانە وایان لە توركیا كردووە ئۆپەراسیۆنەكانی بۆ سەر (پەكەكە)و (شەنگال) خێراتر بكات.  
بەرپرسێكی باڵای پەكەكە بە (درەو)ی راگەیاند: لە كۆبونەوەی (ئەنتالیا)دا، نێچیرڤان بارزانی‌و رەجەب تەیب ئەردۆغان رێككەوتن لەسەر ئەوەی، توركیا ئۆپراسیۆنێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان دژ بە پەكەكە ئەنجام بدات. 
ئەو بەرپرسەی (پەكەكە) كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" پێدەچێت ئەمجارە پیلانەكە بەجۆرێك بێت، لەباكورەوە توركیا‌و پارتیش لە گارەوە گەمارۆی گەریلاكانی پەكەكە بدەن، پێشبینی دەكەین دەستپێكردنی پیلانەكان لەسەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە بێت، چونكە پارتی راستەوخۆ دوای گەڕانەوەی نێچیرڤان بارزانی لە توركیا، هێزی بۆ ئەو ناوچانە جوڵاندووە".
" توركیا دەیەوێت لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان چەند تەقینەوەیەك ئەنجامبدات‌و بیخاتە ئەستۆی پەكەكە، ئەمە بۆ شەرعیەتدان بە ئۆپراسیۆنەكەی‌و ناچاركردنی بەشداری پارتی‌و لایەنە كوردییەكان لە شەڕی دژ بە پەكەكەدا" ئەمە بەگوێرەی قسەی بەرپرسەكەی پەكەكە. 
توركیا نایەوێت ئەمجارە تەنیا پارتی بەشدار بێت، چاوی لەوەیە یەكێتیش بە جۆرێك لەجۆرەكان لە شەڕەكەدا بەشدار بێت، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو وەفدێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەردانی توركیای كردووەو لەگەڵ هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) كۆبوەتەوە.
سەرچاوەكان لەناو یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، گفتوگۆكان تایبەت بوون بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان توركیاو یەكێتی‌و بەشداری یەكێتی لە شەڕی دژ بە پەكەكەدا، بەڵام یەكێتی رەزامەندی نەداوە لەسەر بەشداریكردن لەشەڕی پەكەكەدا. 
ئامانجی توركیا لەم ئۆپراسیۆنە نوێیەدا، لەیەككاتدا شەڕی پەكەكەو كۆنترۆڵكردنی شەنگال‌و بەشێك لە ناوچە ستراتیژییەكانی دەشتی نەینەواو چەسپاندنی زیاتری هەژمونی خۆیەتی لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و پشتیوانیكردنی توركمانەكانی دەشتی نەینەواو كەركوكە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand