ڕێبازی پوتن (هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا هەمیشە بەشێک بووە لە پلانەکە)

Draw Media

2022-04-02 18:59:18



درەو:

نوسینی: ئەنگێلا ستێنت
وەرگێڕان: پەرۆش محەمەد - گۆڤاری ئاییندەناسی

ئەم قەیرانەی ئێستا نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، پڕۆسەیەکە ٣٠ ساڵە لە دروستبووندایە. ئەمە تەنها دەربارەی ئۆکرانیا و بەئەندامبوونی نییە لە ناتۆدا، بەڵکوو دەربارەی داهاتووی ئەو ڕێکخستنەوەیەی ئەورووپایە کە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت دروست بووە. لە ماوەی ساڵانی (١٩٩٠)ەکاندا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی پێکهاتەیەکی ئەمنیییان لە ئەورووپا و زەریای ئەتڵەسی دامەزراند کە تێیدا ڕووسیا ئەرک و ڕۆڵێکی دیاریکراوی نەبوو. لەو کاتەوەی پوتن هاتووەتە سەر دەسەڵات، ڕووسیا تەحەدای ئەو سیستمە دەکات. پوتن بەبەردەوامی گلەیی ئەوەی کردووە کە ڕێکخستنی ئێستای جیهان نیگەرانییە ئەمنییەکانی ڕووسیای پشتگوێ خستووە و داوای ئەوەی کردووە کە ڕۆژئاوا دان بە مافی ڕووسیادا بنێت لەوەی کە بەرژەوەندیی تایبەتی هەبێت لە جیهانی دوای سۆڤیەتدا. پوتن داگیرکاریی بۆ وڵاتە دراوسێکانی وەکوو جۆرجیا ئەنجام داوە کە لەژێر کاریگەریی ڕووسیا دەرچوون، بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بکات بەتەواوی ئاڕاستە بگۆڕن.

پوتن ئێستا بەم ڕێگایەدا هەنگاوێ زیاتر دەنێت. ئەو لە ئێستادا هەڕەشەی داگیرکارییەکی گشتگیرتری ئۆکرانیا دەکات لەوەی لە داگیرکردنی کریمیا و دەستتێوەردانەکەی دونباس لە ٢٠١٤دا کردی، داگیرکارییەک کە ڕێکخستنی ئێستای جیهان لاواز دەکات و مەزنیی ڕووسیا دووپات دەکاتەوە لەوەی کە پوتن دەڵێت شوێنی “ڕەوا”ی ڕووسیایە لە کیشوەری ئەورووپا و پرسەکانی جیهاندا. ئەو ئێستا بە کاتێکی باش دەزانێت بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت. لە ڕوانینی ئەودا، وڵاتە یەگرتووەکانی ئەمەریکا لاواز، دابەش و کەمتوانەیە لەوەی بتوانێ سیاسەتێکی هاوئاهەنگیی دەرەکی بگرێتە بەر. چەندین دەیە لە دەسەڵاتدا وای لە پوتن کردووە گومان لە مانەوەی دەسەڵاتی ئەمەریکا بکات. پوتن لە ئێستادا مامەڵە لەگەڵ پێنجەم سەرۆکی ئەمەریکادا دەکات و بەو دەرئەنجامە گەیشتووە واشنتن لە گفتوگۆدا باوەڕپێکراو نییە. حکومەتە نوێیەکەی ئەڵمانیا تازە خەریکە خۆی بگرێت و ئەورووپاش بەگشتی سەرقاڵی ئاڵنگارییە ناوخۆییەکانی خۆیەتی و بازاڕە دروستەکەی وزەش دەسەڵاتی زیاتر دەدات بە ڕووسیا بەسەر تەواوی کیشوەری ئەورووپادا. کرێملینیش پێی وایە دەتوانێ پشت بە پشتیوانیی چین ببەستێ وەکوو ئەوەی لە داگیرکردنی کریمیادا چین پشتیوانیی ڕووسیای کرد لە ٢٠١٤دا.

پوتن ڕەنگە بڕیاریش نەدات ئۆکرانیا داگیر بکات، بەڵام ئایا دەیکات یان نا، ڕەفتارەکانی سەرۆکەکەی ڕووسیا کۆمەڵێ پرەنسیپی بەیەکداچووی سیاسەتی دەرەکی ئاڕاستەی دەکات کە ئاماژە بەوە دەکات مۆسکۆ لە ساڵانی داهاتوودا لاسار دەبێت. با ناوی ئەم سیاسەتەی ڕووسیا بنێین “ڕێبازی پوتن”. ڕەگەزی سەرەکیی ئەم ڕێبازە ئەوەیە ڕۆژئاوا وەها لێ بکات بە جۆرێ مامەڵە لەگەڵ ڕووسیادا بکات وەکوو ئەوەی یەکێتیی سۆڤیەت بێت، هێزێک کە دەبێت ڕێزی بگریت و لێی بترسیت، بە کۆمەڵێ مافی تایبەتییەوە لە دراوسێکانیدا و دەنگیشی هەبێت لە پرسە نێودەوڵەتییە جددییەکاندا. ئەم ڕێبازە پێی وایە تەنها چەند وڵاتێکی کەم دەبێ ئەم دەسەڵاتەیان هەبێت لەگەڵ سەروەریی تەواودا، هەروەها پێویستە ئەوانی تر مل بدەن بۆ خواستی ئەم چەند وڵاتە. ئەوەش سەر بۆ ئەوە دەکێشێت ڕژێمە دەسەڵاتگەرەکانی داهاتوو پشتگیری بکرێن و دیموکراسییەکانیش لاواز بکرێن. ڕێبازەکەش بەستراوە بە ئامانجە گرنگەکەی پوتنەوە: هەڵگەڕاندنەوەی دەرئەنجامەکانی ڕووخانی سۆڤیەت، پارچەکردنی هاوپەیمانیی ئەتلانتیک (ناتۆ) و دووبارە دانوستانکردنەوە لەسەر ئەو ڕێککەوتنە جوگرافیاییانەی جەنگی ساردی کۆتایی پێ هێنا.

دەنگێک لە ڕابردووەوە

بە بۆچوونی پوتن، ڕووسیا مافێکی ڕەهای هەیە کە شوێنی خۆی هەبێت لە هەموو بڕیارە نیودەوڵەتییەکاندا. ڕۆژئاوا دەبێ دان بەوەدا بنێ کە ڕووسیا یەکێکە لەوانەی کە جیهان بەڕێوە دەبەن. دوای ئەو ڕیسوابوونەی (١٩٩٠)ەکان، وەکوو پوتن ناوی لێ دەنێت، کاتێک ڕووسیایەکی زۆر لاواز ناچار کرا مل بۆ ئەجێندای ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بدات، ئەو بە ڕێژەیەكی زۆر ئەم ئامانجەی بەدەست هێناوە. هەر چەندە دوای داگیرکردنی کریمیا لە ٢٠١٤، ڕووسیا لە “G8” دەرکراوە بەڵام ڤیتۆکەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕۆڵی وەکوو زلهێزێکی جوگرافی، وزە و چەکی ناوکی؛ دەستەبەری ئەوە دەکات کە وڵاتانی تری جیهان بۆچوونەکانی ڕووسیا بەهەند وەربگرن. ڕووسیا بەسەرکەوتوویی هێزی سەربازیی خۆی بنیاد نایەوە دوای شەڕی جۆرجیای ٢٠٠٨ و لە ئێستاشدا هێزی هەرە دیاری سەربازیی ناوچەکەیە و دەتوانێ لە جیهاندا دەسەڵاتەکانی پیادە بکات. توانای مۆسکۆ بۆ هەڕەشەکردن لە دراوسێکانی، ڕۆژئاوا ناچار دەکات کە بێنە سەر مێزی دانوستان لەگەڵیدا وەکوو ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەڕوونی دەرکەوتووە.

ئەوەندەی پەیوەندیی بە پوتنەوە هەیە، بەکار‌هێنانی هێز شتێکی زۆر گونجاوە ئەگەر ڕووسیا پێی وا بێ کە ئاسایشی لە مەترسیدایە: بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا هەمان ئەندازەی ئەوانەی ڕۆژئاوا ڕەوان و وەکوو پوتنیش دەڵێت ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی گوێیان بەمە نەداوە. زۆربەی کاتەکان ئەمەریکا و ئەورووپا نیگەرانییەکانی ڕووسیایان ڕەت کردووەتەوە کە بەزۆری لەدەوری هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و جیابوونەوەی ئۆکرانیا دەخولێتەوە. کاتێک پوتن ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتی وەکوو “گەورەترین کارەساتی جیۆپۆلەتیکیی سەدەی بیستەم” ناو برد، ئەو خەمی ئەوەی بوو ٢٥ ملیۆن ڕووسی لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕووسیادا خۆیان بینییەوە. زۆر بەتایبەتییش ڕەخنەی لەوە دەگرت کە ١٢ ملیۆنیان لە وڵاتی ئۆکرانیای نوێدا خۆیان بینییەوە. وەکوو ئەوەی لە وتارێکی ٥٠٠٠ وشەییدا بە ناونیشانی “لە بارەی یەکێتیی مێژوویی ڕووسییەکان و ئۆکرانییەکان”ەوە، هاوینی ڕابردوو دەڵێت: “لە ١٩٩١ خەڵکی لە چاوترووکانێکدا خۆیان لە دەرەوەی وڵات بینییەوە، ئەم جارەیان لە خاکی مێژوویی دایکی خۆیان دابڕێنران”. ئەم وتارەی بەم دواییە بەناو سەربازانی ڕووسیادا دابەش کراوە.

ئەم حیکایەتی دۆڕانە بەرامبەر ڕۆژئاوا، گرێ دراوە بە هۆگرییەکی تایبەتی پوتنەوە: ئەو باوەڕەی کە ناتۆ هەر بەوە ڕازی نییە وڵاتانی دوای سۆڤیەت وەربگرێت و هاریکارییان بکات، بەڵکوو ڕەنگە هەڕەشە لە ڕووسیا خۆشی بکات. کرێملن پێداگری دەکات لەوەی کە ئەم باوەڕە لە نیگەرانیی ڕاستەقینەوە سەرچاوەی گرتووە. دواجار ڕووسیا بەردەوام لەلایەن ڕۆژئاواوە داگیر کراوە. لە سەدەی بیستەمدا لەلایەن هێزە هاوپەیمانە دژەبەلشەفییەکانەوە داگیر کراوە، کە لە نێویاندا هەندێک هێزی ئەمەریکا هەبوو لە ماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆی ڕووسیادا لە ١٩١٧ بۆ ١٩٢٢. ئەڵمانیا دوو جار ڕووسیای داگیر کردووە کە بووە بە هۆی لەناوچوونی ٢٦ ملیۆن ڕووسی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، پوتن بەئاشکرا ئەم مێژووەی هەم بە نیگەرانییەکانی ئێستای ڕووسیاوە لە بارەی چوارچێوەی ناتۆوە لەنزیک سنوورەکانی ڕووسیا بەستووەتەوە، هەم ئەم مێژووەشی بە داواکارییەکانی ڕووسیاوە لە بارەی گەرەنتیی ئاسایشیەوە گرێ داوە.

هەر چەندە لەمڕۆدا ڕووسیا زلهێزێکە کە مووشەکی نوێی خێراتر لە دەنگی هەیە. هیچ وڵاتێک نیازی داگیرکردنی ڕووسیای نییە، ئەوە دراوسێ بچووکە لاوازەکانی بە هیچ شێوەیەک. لە ڕاستیدا وڵاتانی دراوسێی لای ڕۆژئاوای ڕووسیا حیکایەتێ دیکەیان هەیە و پێداگری لەسەر لاوازیی خۆیان دەکەن لە سەدەکانی ڕابردوودا لەهەمبەر داگیرکارییەکانی ڕووسیا. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەرگیز هێرش ناکاتە سەر ڕووسیا، هەر چەندە پوتن تاوانباری دەکات بەوەی کە دەیەوێ “پارچەیەک لە کێکە خۆشەکەمان” ببڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕوانینە مێژووییە بۆ خودێکی لاوازی ڕووسیا لای دانیشتووانی ڕووسیاش دروست کراوە. میدیای کۆنترۆڵکراوی حکومەت پڕە لەو بانگەشانەی کە ئۆکرانیا دەکرێت ببێت بە سەکۆیەکی مووشەکی بۆ دەستدرێژییەکانی ناتۆ. لە ڕاستیدا لە وتارەکەی ساڵی پاریدا، پوتن نووسیبووی کە ئۆکرانیا خەریکە بکرێت بە “سەکۆیەک دژی ڕووسیا”.

پوتن هەروەها باوەڕی وەهایە کە ڕووسیا مافێکی ڕەهای هەیە کە لە شوێنەکانی دوای یەکێتیی سۆڤیەت، ناوچەی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی هەبێت. ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەو وڵاتانەی دراوسێی پێشووی بوون لە سۆڤیەتدا، نابێ پەیوەندی بە هیچ هاوپەیمانییەکەوە بکەن کە دژی مۆسکۆن، بەتایبەتی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا. پوتن ئەمەی بەڕوونی ڕاگەیاندووە لەو دوو وتارەدا کە کرێملن لە ١٧-١٢ی ساڵی پێشوو پێشکەشی کردوون، کە تێیدا داوای کردووە ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکەی پاش سۆڤیەت -سوید و فینلەنداشی تێدایە- هەمیشە بێلایەن بن و واز بهێنن لە بوون بە ئەندام لە ناتۆدا. ناتۆش دەبێ بگەڕێتەوە بۆ پێگەی پێش ١٩٩٧، بۆ پێش کاتی یەکەم فراوانبوونی خۆی، ئەویش لە ڕێگای کشاندنەوەی هەموو ئەو سەرباز و چەکانەوە لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دایناون (ئەمەش ناتۆ بچووک دەکاتەوە بۆ قەبارەی ئەو کاتەی یەکێتیی سۆڤیەت تازە هەڵوەشابوویەوە)، هەروەها ڕووسیاش مافی ڤیتۆی هەبێ بەسەر سیاسەتی دەرەکیی وڵاتە دراوسێکانیەوە کە ئەندامی ناتۆ نین. ئەمەش دەستەبەری ئەوە دەکات کە ئەو وڵاتانەی سنووریان بە ڕووسیاوەیە، حکومەتەکەیان دۆستی ڕووسیا بێت، لە ناویشیاندا ئۆکرانیا لە هەمووی گرنگترە.

پەرت کە و داگیری بکە

تاوەکوو ئێستا هیچ وڵاتێکی ڕۆژئاوایی ئامادە نەبووە ئەم داوا نائاساییانەی ڕووسیا قبووڵ بکات. وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا بەگشتی ئەوەیان قبووڵ کردووە کە وڵاتەکان ئازادن لە دەستنیشانکردنی سیستمی ناوخۆیی و پەیوەندییەکانیان لە سیاسەتی دەرەکیدا. لەنێوان ساڵانی ١٩٤٥ بۆ ١٩٨٩، یەکێتیی سۆڤیەت ڕێگریی دەکرد لە مافی چارەنووسی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەورووپا و کۆنترۆڵی سیاسەتی دەرەکی و ناوخۆیی وڵاتانی پەیمانی وارشۆی کردبوو لە ڕێگای حیزبە کۆمۆنیستییە ناوخۆییەکان، پۆلیسی نهێنی و سوپای سوورەوە. کاتێک وڵاتێک لە مۆدێلە سۆڤیەتییەکە زۆر دوور دەکەوتەوە، وەکوو ئەوەی هەنگاریا لە ١٩٥٦ و چیکوسلۆڤاکیا لە ١٩٦٨، سەرۆکەکانیان بەزۆر لە دەسەڵات دوور دەخرانەوە. پەیمانی وارشۆ هاوپەیمانییەک بوو کە تۆمارێکی سەیری هەبوو: ئەم هاوپەیمانییە تەنها ئەندامانی خۆی داگیر دەکرد.

لێکدانەوەی ئەمڕۆی کرێملن بۆ سەروەری، لەگەڵ ئەوەی یەکێتیی سۆڤیەت زۆر لەیەک دەچن. ئەگەر قسەیەکی جۆرج ئۆروێڵ دەستکاری بکەین، دەتوانین بڵێین ئەم لێکدانەوەیە پێی وایە هەندێ وڵات لەوانی تر سەروەرترن. پوتن ئەمەی گوتووە کە تەنها چەند هێزێکی گەورە، وەکوو ڕووسیا، چین، ئەمەریکا و هیندستان، دەتوانن سەروەریی تەواویان هەبێ و ئازاد بن هەر هاوپەیمانییەک هەڵبژێرن پەیوەندیی پێوە بکەن یان ڕەتی بکەنەوە. وڵاتانی بچووکی وەکوو ئۆکرانیا و جۆرجیا بەتەواوی سەروەر نین و پێویستە ڕێز لە داواکاریی ڕووسیا بگرن هەروەکوو وڵاتانی ناوەڕاست و باشووری ئەمەریکا دەبێت گوێڕایەڵێ دراوسێ مەزنەکەیان بن لە باکوورەوە. ڕووسیا هاوپەیمانیی ناوێت بە مانا ڕۆژئاواییەکەی وشەکە، بەڵکوو لە جێی ئەوە بۆ هاوکاری و هاوبەشییەک دەگەڕێت لەگەڵ وڵاتانی نموونەی چین کە تێیدا هەردوو لا سوودی لێ ببینن و سنوور بۆ ئازادیی ڕووسیا دانەنێت لە ناوخۆی خۆیدا چی بکات و حوکم لەسەر چی بدات.

ئەم هاوبەشییە دەسەڵاتگەرییە ڕەگەزێکی ڕێبازەکەی پوتنە. سەرۆک پوتن ڕووسیا وەکوو پشتیوانی دۆخی ئێستا و پارێزەری بەها سوننەتییەکان نیشان دەدات و بە یاریکەرێکی نێودەوڵەتیی دەزانێ کە ڕێز لە سەرۆکە جێگیرەکان دەگرێت بەتایبەتی دیکتاتۆرەکان. هەروەکوو ڕووداوەکانی ئەم دواییەی بیلاڕووسیا و کازاخستان نیشانی دەدات ڕووسیا هێزێکە ئامادەیە بڕوات بۆ پشتگیریکردنی ئەو دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرانەی تووشی شەڕ هاتوون. ڕووسیا بەرگریی لە دیکتاتۆرەکان کردووە لە دراوسێکانی خۆی و لە وڵاتانی دووریش وەکوو کوبا، لیبیا، سووریا و ڤەنزوێلا. بە پێی کرێملن، ڕۆژئاوا بەپێچەوانەوە پشتگیریی ئاژاوە و گۆڕینی ڕژێمەکان دەکات وەکوو ئەوەی لە شەڕی عێراق لە ٢٠٠٣ و بەهاری عەرەبی لە ٢٠١١ ڕووی دا.

بەڵام لە “مەودای بەرژەوەندی”یەکانی خۆیدا، ڕووسیا دەکرێ وەکوو گۆڕانویستێ هەڵسوکەوت بکات کاتێک پێی وایە بەرژەوەندییەکانی کەوتوونەتە مەترسییەوە، یان کاتێک دەیەوێ ئەو بەرژەوەندییانە پەرە پێ بدات هەروەکوو داگیرکردنی کریمیا، جۆرجیا و ئۆکرانیا نیشانی دا. پاڵنەری ڕووسیا بۆ ئەوەی وەکوو ڕابەرێک و پشتیوانێکی ڕژێمی کەسە بەهێزەکان دانی پێدا بنرێت لەم ساڵانەی دواییدا سەرکەوتوو بووە، چونکە ئەو گرووپە شەڕکەرانەی کرێملن پشتیوانییان دەکات، لە زۆر بەشی جیهان لە جێی ڕووسیا شەڕیان کردووە، لە ناویاندا نموونەی ئۆکرانیا.

دەستتێوەردانە گۆڕانویستەکانی ڕووسیا تەنها بەو ناوچانەوە ناوەستێ کە وەکوو پێگەی دەسەڵاتی خۆی دەیانبینێ. پوتن پێی وایە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا ئەو کاتە باش بەدی دێن کە هاوپەیمانیی ئەتلانتیکی (ناتۆ) دابەش بکات. بەو بۆنەیەوە پوتن پشتیوانیی گرووپە دژەئەمەریکایی و دژەئەورووپاییەکانی کردووە، هەروەها پشتیوانیی گرووپە شمولییە چەپ و ڕاستەکانی لە هەردوو لای ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا کردووە، دەستتێوەردانی لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و بەگشتی کاری کردووە ئاژاوە و لێکترازان لەناو کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکاندا دروست بکات. یەکێ لە ئامانجە گەورەکانی ئەوەیە وەها بکات ئەمەریکا لە ئەورووپا بکشێتەوە. ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا ڕقی لە هاوپەیمانیی ناتۆ بوو لەگەڵ چەند هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکا لە ئەورووپادا پەیوەندیی باش نەبوو، دیارترینیان ئەنگێلا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، هەروەها بەئاشکرا قسەی لە بارەی کشانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ دەکرد. ئیدارەی جۆ بایدن بەوردی سەرقاڵی چاککردنەوەی هاوپەیمانێتییەکەیە و لە ڕاستییشدا قەیرانە دروستکراوەکەی پوتنیش لە بارەی ئۆکرانیاوە یەکێتیی هاوپەیمانێتییەکەی توندتر کردووەتەوە، بەڵام بە ئەندازەی پێویست گومان هەیە لە بارەی پابەندبوونی ئەمەریکاوە لەدوای هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٤)ەوە کە ڕووسیا سەرکەوتووانە توانیویەتی بەکاری بێنێت بۆ دروستکردنی گومان، بەتایبەتی لە ڕێگای سۆشیالمیدیاوە.

لاوازکردنی هاوپەیمانیی ناتۆ ڕێگا خۆش دەکات بۆ پوتن بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی: فڕێدانی ئەو ڕێکخستنە نێودەوڵەتییە لیبراڵ و پشتئەستوور بە یاسایەی کە دوای جەنگی سارد دروست بووە و ئەورووپا، ئەمەریکا و ژاپۆن پشتگیریی دەکەن و دانانی ڕێکخستنێک گوێڕایەڵی ڕووسیا بێت. بۆ ڕووسیا ئەم سیستمە نوێیە لەو ڕێکخستنەی سەدەی نۆزدەی هێزەکان دەچێت. دەکرێ ئەمە سەر بکێشێ بۆ بەرجەستەبوونی سیستمێکی نوێی یەڵتا کە تێیدا ڕووسیا، چین و ئەمەریکا جیهان دابەش بکەن بۆ سێ ناوچەی جێگای کاریگەری. زیادبوونی نزیکبوونەوەی مۆسکۆ لە چین، لە ڕاستیدا بانگی ڕووسیای بۆ دروستکردنی ڕێکخستنێکی بەهێزتر کردووە لەدوای ڕێکخستنی ئێستای جیهان کە هیی ڕۆژئاوایە. هەردوو ڕووسیا و چین داوای سیستمێکی نوێ دەکەن کە تێیدا هەردوو لا کاریگەریی زیاتریان دەبێت لە جیهانێکی فرەجەمسەردا.

سیستمەکانی سەدەی نۆزدە و بیست هەندێ یاسای یارییەکەیان دەزانی. لە کۆتاییدا لە ماوەی جەنگی سارددا هەردوو ئەمەریکا و یەکێتیی سۆڤیەت بەزۆری ڕێزیان لە پێگەی نفووزی یەکتری دەگرت. دوو ڕووداوی زۆر ترسناکی ئەو سەردەمە، داواکەی خرۆشۆف لە بارەی بەرلینەوە لە ١٩٥٨ و قەیرانی مووشەکی کوبای ١٩٦٢، بەر لەوەی بگەن بە پێکدادانی جەنگی هێورکرانەوە. بەڵام ئەگەر دۆخی ئێستا ئاماژەیەکی تێدا بێت ئەوەیە کە وەها دیارە “ڕێکخستن”ی پاش ڕۆژئاوای پوتن جیهانێکی ئاژاوەی هۆبزیانەیە بە کەمێک یاسای یارییەوە. بۆ گەیشتن بەو سیستمە نوێیە، پوتن شێوازی کارکردنەکەی ئەوەیە ڕۆژئاوا تووشی شڵەژان بکات کە خەمڵاندن بۆ نیازی ڕاستەقینەی ئەو بکەن و دواتر تووشی سەرسوڕمانیان بکات کە شتێک ئەنجام دەدات.

دانانەوە ڕووسییەکە

بە پێی ئامانجە کۆتاییەکەی پوتن و ئەو باوەڕەی کە ئێستا کاتیەتی بۆ ناچارکردنی ڕۆژئاوا بە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی، ئایا ڕووسیا دەکرێت بوەستێنرێت لەوەی هێرشێ تر بکاتە سەر ئۆکرانیا؟ کەس نازانێ لە کۆتاییدا پوتن چ بڕیارێک دەدات. بەڵام ئەو باوەڕەی کە ڕۆژئاوا بۆ ماوەی سێ دەیەیە بەرژەوەندییە ڕەواکانی ڕووسیای پشتگوێ خستووە، بەردەوام پاڵنەری کارەکانی پوتنە. ئەو سوورە لەسەر ئەوەی کە مافی ڕووسیا بسەپێنێ لە سنووردارکردنی بژاردە سەروەرەکانی وڵاتانی دراوسێ و ئەو وڵاتانەی پێشتر ئەندامی پەیمانی وارشۆ بوون، ئیدی ئایا شتەکە بە دیپلۆماسیەت بێت یان بە هێزی سەربازی.

 ئەمەش بەو مانایە نایەت کە ڕۆژئاوا بێهێزە. ئەمەریکا دەبێت بەردەوام بێت لە دیپلۆماسیەت لەگەڵ ڕووسیا و بەدوای ڕێککەوتنێکدا بگەڕێن کە بۆ هەردوو لا قبووڵکراو بێت بەبێ کەمکردنەوەی سەروەریی هاوپەیمان و هاوبەشەکانی. لە هەمان کاتدا، ئەمەریکا دەبێ بەردەوام بێت لە هەماهەنگی لەگەڵ ئەورووپییەکان بۆ وەڵامدانەوە و سزادانی ڕووسیا. بەڵام شتەکە ڕوونە هەتا ئەگەر ئەورووپا لە شەڕیش دوور بێت، چیدی گەڕانەوە نییە بۆ دۆخی پێش ئەو کاتەی ڕووسیا هێزەکانی کۆ کردەوە لە ئازاری ٢٠٢١. ئەنجامی کۆتایی ئەم قەیرانە، سێیەم ڕێکخستنەوەی ئاسایشی ئەتڵەسی-ئەورووپییە لە (١٩٤٠)ەوە. یەکەم جار ئەو کاتە بوو کە سیستمی یەڵتا بوو بە دوو بلۆکی دژبەر لە ئەورووپا لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم. دووەم جار لە (١٩٨٩)وە بۆ ١٩٩١ سەری هەڵدا، لەگەڵ ڕووخانی بلۆکی کۆمۆنیستی و دواتریش یەکێتیی سۆڤیەت. دوای ئەوەش ویستی دروستکردنی ئەورووپایەکی “تەواو و ئازاد”ی بەدوادا هات. پوتن ئێستا تەحەدای ئەو ڕێکخستنە دەکات بە جووڵەکانی دژی ئۆکرانیا.

لە کاتێکدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی چاوەڕوانی جووڵەی داهاتووی ڕووسیان و هەوڵی ڕێگریکردن لە داگیرکردن دەدەن بە دیپلۆماسیەت و هەڕەشەی سزای قورس، پێویستە لە ویستەکانی پوتن تێبگەن و بزانن چ ئاماژەیەکیان پێیە. قەیرانەکەی ئێستا لە کۆتاییدا دەربارەی هەوڵەکانی ڕووسیایە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی دوای جەنگی سارد و سەپاندنی نفووزی خۆی بەسەر نیوەی ئەورووپادا لەسەر ئەو بانگەشەیەی کە گەرەنتیی ئاسایشی خۆی دەکات. ڕەنگە بکرێت ئەم جارە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕوو نەدات، بەڵام هەتا ئەو کاتەی پوتن لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ڕێبازەکەشی هەر ده‌مێنێته‌وه‌.

 

نووسەر: ئەنگێلا ستێنت/ پسپۆڕی سیاسەتی دەرەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا لەگەڵ ڕوسیادا و بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە لە بواری ئۆراسیا، ئەوروپاو ڕوسیا لە زانكۆی جۆرج تاون.

سەرچاوە: Foreign affairs/ گۆڤارێکی ئەمریکییە سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا كە لە لایەن ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەردەکرێت.

وەرگێڕان: پەرۆش محەمەد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (12)ی ئازاری 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand