درەو: راپۆرتی/ دەنگی ئەمریكا دوای بەدواداچونێکی ڕۆژنامەوانی دەنگی ئەمەریکا، کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبوک پەیجی پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان سیروان بابان و ڕۆژنامەنووس ڕەنج پشدەری داخست بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست سەبارەت بە قەیرانی کۆچبەران لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا. وتەبێژێکی فەیسبووک لە واشنتن کە نەیویست ناوی بهێندرێت بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند: "مێتا بڕیاریداوە کە هەردوو پەیجەکە پێشێلی یاساکانی ئێمەیان کردووە، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، و داخراون لە ژێر سایەی پێوەرە کۆمەڵایەتیـیەکانی مێتا دژ بە توندوتیژی و هاندان." دەنگی ئەمەریکا لە لێکۆڵینەوەیەکی بنکۆڵکاری بۆی دەرکەوت چەند کەسێک لە ناوڕەاستی مانگی یازدەی 2021 لە ڕێگەی بانگەشەی هەڵەوە کە گوایە "یەکێتی ئەوروپا سنوور بۆ پەنابەران دەکاتەوە"، بوونە هۆی دروستکردنی ' لێشاوێکی' گەورەی پەنابەران لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووسیا کە سەرەنجام بە توندوتیژی کۆتایی هات. ڕەنج مستەفا ئەحمەد ڕەنج مستەفا ئەحمەد، یەکێک لە بڵاوکەرەوە سەرەکیەکانی بانگەشەکە، ڕۆژی 13ی مانگی یازدەی 2021 لە پەخشێکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی فەیسبووک بە ناوی "هەواڵی خۆشم پێیە" مژدەی ئەوەی بە پەنابەرانی کورد لە بێلاڕووس دا کە حکومەتی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا بڕیاریانداوە لە چەند ڕۆژێکی دیاریکراو سنوورەکانی پۆڵەندا بکەنەوە. سێ رۆژ دواتر، ڕەنج لە پەخشێکی تر بە ناوی 'دانی پێدادەنێم شکستمان ھێنا' وردەکاری ئەم بانگەشەیەی بەم شێوەیە باسکرد: "من لێتان نەشارمەوە ڕێکخەری ئەو لێشاوە بووم... ڕۆژی هەینی [12 ی یازدەی 2021] ئێمە لەگەڵ نوێنەرەکانی پەنابەران دانیشتین، وە لە کاتی گفتوگۆکانمان بینیمان کە پۆلیسی بێلاڕووس گەنجێکی زۆریان دەبرد و لێیان دەدان و ئازاریان دەدان.... هیچ دەرفەتێکی تێدا نەبوو دەبوو ئەو خەڵکە هانبدرێت بۆ ئەوەی سیمەکە ببڕدرێت بۆ ئەوەی کوردەکان، ئەو گەنجانەی لەوێن، وەکو تاوانبار ئەشکەنجە بدرێن... وتیان ڕەنجە تۆ پەیجێکت هەیە، وەکو ڕێکخەری لێشاوەکە پۆستێک بکە بڵێ کە ئەڵمانیا ئەو کۆچبەرانە وەردەگرێت. وە دووبارە یەکشەممەش هەمان پۆست بکەرەوە بۆ ئەوەی خەڵکەکە پشتسارد نەبێتەوە." ڕەنجی تەمەن 32 ساڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زیاتر بە ڕەنج پشدەری ناسراوە و لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری قەڵادزێ یە لە هەرێمی کوردستان و ماوەی 10 ساڵە لە وڵاتی یۆنان نیشتەجێیە. ئەو لە ڕێگەی چالاکیەکانی سەبارەت بە پەنابەرانی کورد هەزاران بینەری هەیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و لە چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنی کوردی وەکو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی پەنابەران چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە. سەبارەت بە هۆکاری دروستکردنی بانگەشەکە، ڕەنج ڕایگەیاند کە ئەو لەگەڵ 'نوێنەرانی پەنابەران' پێشبینیان دەکرد کە بارودۆخی سەختی پەنابەران، بە تایبەتی منداڵ و ژن و بە تەمەن، وە لە هەمان کاتدا سەرنجی میدیا جیهانیەکان ببێتە هۆی ناچارکردنی یەکێتی ئەوروپا بە کردنەوەی سنوورەکانی. ئەو ئاماژەی دا کە هێزە سنووریـیەکانی بێلاڕووس هاوکاری پلانەکە بوون لە ڕێگەی کردنەوەی خاڵە سنووریـیەکانیان و بەڵێنیان دا کە یارمەتی پەنابەران بدەن بە پچڕاندنی بەربەستە تەلەکانی پۆڵەندا. ڕەنج ڕایگەیاند، " پلانەکەمان زۆر بە تۆکمەیی داڕشت.... بەڵام ئەی هاوار گەر ئەوروپا ئەو ئینسافەی تێدانەبێت ئەو هەموو ژن و منداڵە نەبینێت ئێمە چی بکەین؟" شکستی پلانەکە سەرئەنجام لە ناوەڕاستی مانگی یازدەی 2021 نزیکی 5 هەزار پەنابەر کە زۆربەیان کورد بوون بەرەو سنووری پۆڵەندا ڕۆیشتن. بەڵام پێچەوانەی پێشبینیەکەی ڕەنج، هێزە سنووریەکانی پۆڵەندا سووربوون لەسەر پاراستنی سنوورەکانیان هەتا 16 ی ئەو مانگە توندوتیژی دروست بوو، دوای ئەوەی هێزەکانی پۆڵەندا ئاو و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا بۆ ڕێگری لە بڕینی تەلەکان و لە وەڵامدا پەنابەران بە بەرد و دار ڕووبەڕووی هێزەکان بوونەوە. پۆلیسی پۆڵەندا ڕایگەیاند کە 7 لە ئەندامانی برینداربوون بەهۆی پێکانیان لە لایەن پەنابەرانەوە. ئەوەی بارودۆخی پەنابەرانی بەرەو ئاڵۆزتر برد بریتی بوو لە ڕێگری هێزەکانی بێلاڕووس بۆ گەڕانەوە بۆ دواوە کە بووە هۆی ئەوەی هەزاران پەنابەر لە کەشی ساردی سنووری نێوان هەردوو وڵات بۆ چەندین ڕۆژ گیربخۆن. یەکێتی ئەوروپا بێلاڕووسی بەوە تۆمەتبارکرد کە بە هاندانی وڵاتی ڕووسیا پەنابەران بەکاردەهێنێت وەک کارتێکی سیاسی و ئابوری. ڕەنج دوای شکستهێنانی 'پیلانەکە' دەڵێت هەمان بۆچونی بۆ دروست بوو. ئەو ڕایگەیاند، " بە کوردیـیەکەی ئەو خەڵکە بوونە قوربانی ئەو سیاسەتەی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا... ئێستا دوای ئەوەی ئەو لێشاوەمان دروستکرد و خەڵکەکەمان هان دا، چارەسەر ئەوەیە کە یان ئەوەی خەڵکەکە لەوێ بمێنێتەوە بە مانگ و بە ساڵ یا ئەوەی ناوی خۆیان تۆماربکەن و بگەڕێنەوە." لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕەنج بانگەشەکەی بە "سەرکەشیەکی گەورە" ناوبرد و پاساوی بەوە هێنایەوە کە ویستویەتی هاوکاری پەنابەران بێت. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "ئومێدێکی زۆرم هەبوو کە ئەڵمانیا ئەو دەرگایە بکاتەوە چونکە ژن و منداڵێکی زۆر هەبوو لە نێوان پەنابەران." ئەو دوای لێکەوتەکانی بانگەشە هەڵبەستراوەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. سەدان هاوڵاتی کورد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئەویان تۆمەتباردەکرد بە هۆکاری ئازارگەیاندن بە پەنابەران. لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ناڕەزایی ئەو هاوڵاتیانە، ڕەنج ڕایگەیاند، "ئەوان ڕەخنە لە خوداش دەگرن. بە هیچ شتێک ڕازی نین." تێوەگلانی بەرپرسان ڕەنج تەنیا کەسێک نیـیە کە بانگەشەی وەرگرتنی پەنابەرانی لەلایەن ئەوروپاوە بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، گەنجێکی تری کورد لە وڵاتی ئەڵمانیا بە ناوی کاروان ڕەواندزی بە هەمان شێوە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان برەوی بەو دەنگۆیانە داوە کە بە فەرمی لە لایەن دەستەڵاتدارانی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا ڕەتکراونەتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆمپانیای فەیسبوک بەهۆی ئەم بانگەشانە پەیجی گەنجەکەی داخستووە. بڵاوکردنەوەی دەنگۆکە تەنانەت بەرپرسانیشی گرتۆتەوە سیروان بابان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانیەکان بەردەوام ئاماژەی دەدا بە "هەواڵی خۆش" تایبەت بە وەرگرتنی کۆچبەران لەلایەن ئەڵمانیاوە. لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕووداو لە ڕێکەوتی 8 ی مانگی یازدە، سیروان بابان بە گریانەوە خۆشی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، "ئێستا نامەیەکم بۆ هات کە یەکێتی ئەوروپا داوای لە پۆڵەندا کردووە کە لەو دوو ڕۆژەدا دەبێت هەموو ئەو پەنابەرانەی لەوێن لەو تراژیدیایە ڕزگاریان بێت و بچنە ئەوروپا و تەواو." سیروان بابان بابان لە ڕێگەی فەیسبوکەوە چەندین بابەتی بڵاوکردۆتەوە کە جەخت لەسەر بانگەشەکە دەکەنەوە و لە هەمان کاتدا تۆماری دەنگی و ڤیدیۆی ئەو کەسانەی بڵاوکردۆتەوە کە گوایە پەنابەرن و سوپاسی هەوڵی ئەو پەرلەمانتارە دەکەن بۆ هەوڵیان لە کردنەوەی سنوورەکانی ئەوروپا. لە یەکێک لە ڤیدیۆکان، منداڵێکی بچوک بە ناوی سایە دەردەکەوێت کە گوایە لە دارستانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندایە و دەڵێت، " کاک سیروان بابانی ئەندام پەرلەمان، زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەو هەواڵە خۆشە.... دێم لە ئەڵمانیا ئەتبینمەوە." لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، سیروان بابان بە توندی ڕەتیکردەوە کە بەشداربووبێت لە بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە و ڕایگەیاند، "ئەم بابەتە بە ئەنقەست لە کوردستان بەم شێوەیە بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو کەیسە بخەنە ملی من." ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند کە ئەو تەنیا ئاماژەی بەوەداوە کە "ڕاسپاردە هەیە نەک بڕیار" بۆ کردنەوەی سنووری یەکێتی ئەوروپا بە ڕووی پەنابەرانەوە. لە هەمان کاتدا ئەو بێ ئاگایی خۆی دەربڕی لە دروستکردنی بانگەشەکە بە مەبەستی کۆکردنەوەی پەنابەران بۆ فشارخستنە سەر هێزە سنووریـیەکانی پۆڵەندا. سیروان بابان گوتیشی "دوایی کە بڕیارەکە دەگۆڕێت، حکومەتی پۆڵەندا دەچێتە ژێر کاریگەری یەکێتی ئەوروپا و ئەویش سنووری لە مرۆڤ پێ گرنگترە و مافی مرۆڤ دەچێتە ژێر پۆستاڵی بێلاڕووس و پۆڵەندییەوە، ئیتر ئەوە لە دەستەڵاتی من نامێنێت." سیروان بابان پێشتر ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردی بوو لە پەرلەمانی کوردستان. 8 ی مانگی دوازدە لە لایەن پەرلەمانەوە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەو لە ئەندامێتی لیژنەکە پەسەندکرا. لیژنەکە پێشتر و لە 2021/11/10 لە ڕاگەیەندراوێکیدا سیروان بابانی بەوە تۆمەتبارد کە "بێگوێدان بە هەست و سۆزی کەسوکاری پەنابەران و دوور لە ئیتیکی پەرلەمانتاری هەواڵێکی دوور لە ڕاستی بڵاوکردەوە." لیژنەکە ڕایگەیاند، "وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو لێدوانەی سیروان بابان کە دوور و نزیک گوزارشت لە ڕای لیژنەکە و پەرلەمان ناکات، پێشمانوایە ئەم هەواڵە بە شێوەیەکی خراپ هانی گەنجان دەدات کە ڕێگەی هاتونەهات بگرنەبەر و تووشی نەهامەتی و مەرگەسات بن". نەهامەتی بۆ کۆچبەرانی کورد ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەکە، لە لێدوانێک دا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە سیروان بابان لە ژێر گوشاری ڕێوشوێنە پەرلەمانیەکان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کراوە لە لیژنەکە. دەستەلەکار کێشانەوەکە، بە وتەی سەرۆکی لیژنەکە بۆ ئەوەیە کە "ببێتە پەند بۆ هەر پەرلەمانتارێک هەواڵی ناڕاست بڵاوبکاتەوە و خەڵکێک تووشی ئازار بکات." ڕێبوار بابکەیی ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "من وەکو سەرۆکی ئەو لیژنەیە، کەسوکاری هەندێک لەو گەنجانەی کە نیازیان هەبوو بچن بۆ بێلاڕووس، دوای ئەوەی کە ئەو هەواڵە نادروستەیان پێگەیشت و هاندران، پەیوەندیان پێوەکردم و گوتیان، 'ئەرێ باشە ئێوە لەبری ئەوەی هۆکاری چاکە بن بۆ گەنجانی ئێمە و باوەڕیان پێبهێنن کە بێلاڕووس بریتییە لە مەرگەسات، پەرلەمانتار و ئەندامێکی لیژنەی ئێوە بە ناوی سیروان بابان گەنجەکانی ئێمە هاندەدات.'" شایەنی باسە، پێشتر لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەنگۆی وەرگرتنی کۆچبەرانی لە زاری وەزیرێکی ئەڵمانیا بە فەرمی ڕەتدکردەو و ڕایگەیاند" ئەو وەزیرە پێی وتین ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە." ئەمەش ببینە سەفین دزەیی: وەزیرێکی ئەڵمانی بەفەرمی پێی وتین وەرگرتنی 2000 کۆچبەر لەلایەن ئەڵمانیەوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا لە چەندین بۆنەدا ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردۆتەوە کە ئاماژەدەکەن بە کردنەوەی سنوورەکانیان بۆ پەنابەران. هۆرست زیگوفەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی 18ی مانگی یازدە لە شاری وارسۆی پایتەختی پۆڵەندا، ڕایگەیاند، "ئێمە پەنابەران وەرناگرین و ملکەچی ئەو فشارانە نابین بۆ سەر وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا." دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا پەیوەندی بە چەند کەسێکەوە بکات کە بە نوێنەری پەنابەران ناسرابوون. یەکێک لەو کەسانەی کە گوماندەکرێت ڕۆڵی لە بڵاوکردنەوەی بانگەشەکە گێڕابێت کۆتایی مانگی 11 لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیانی لەدەستدا و پاشان تەرمەکەی گەڕیەندرایەوە بۆ شارەزوور. بەهادین موحسن قادر، کە ناسراوە بە بەهادینی سەرای ئازادی، یەکێکی ترە لەو پەنابەرانەی کە لە ڕێگەی وەرگێڕان ڕۆڵی چالاکی هەبووە لە گەیاندنی پەیام لە نێوان هێزە سنووریەکانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا. لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، بەهادین بێ ئاگایی خۆی لە بڵاوکردنەوەی بانگەشەکە دەربڕی و ڕەتیکردەوە کە هاوکار بووبێت لە هاندانی پەنابەران بۆ توندوتیژی. بەهادین ئاماژەی بەوەدا کە سەرەتا لەنێو پەنابەران دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە هێزە سنووریەکانی پۆڵەندا لە ڕێی بڵندگۆوە مژدەی ئەوەیان داوە کە "15ی مانگ سنوورەکان دەکرێنەوە." بەهادین ڕایگەیاند، "یەکێک وتی 'وەڵا کاکە ئەڵێن 15ی مانگ دەرگاتان بۆ ئەکرێتەوە.' منیش پرسیم، ' کێ وای وت؟' .... ڕۆیشتمە خوارەوە، یەک بە یەک، دانە بە دانە، پرسیم کاکە ئێوە خۆتان گوێتان لە بڵدگۆکەبوو؟ گشتیان وتیان نەوەڵا. دواتر سێ بۆ چوار کەس لە نزیک بڵنگۆکە وتیان گوێمان لێبووە." ئەو جەختی کردەوە کە هاوکار بووە لە ئاڕاستەکردنی پەنابەران بۆ یەکێک لە ڕێگا سەرەکیەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام دژی بەکارهێنانی توندوتیژی بوو بەرامبەر بە هێزە سنووریـیەکانی پۆڵەندا. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای وت، "من بە خەڵکەکەم وت، 'خەڵکینە لەگەڵ بێلاڕووس ڕێککەوتوین ئەچینە سەر جادەکە. ئەگەر خوا کردی ئەڵمانیا بۆی کردینەوە ئەوە زۆر باشە. ئەگەر نەشیان کردەوە لەوێ دائەنیشین و کامێرا و ڕۆژنامەوان دەمانبینن.'... بەڵام خەڵکەکە ئارامی نەگرت. من لە سەرەتاوە تا کۆتایی دژی توندوتیژی بووم. من شاعیرم، شاعیر بەرد دەهاوێت؟" بەشێک لە کۆچبەرانی کورد تا ئێستا لە بێلاڕووس ماونەتەوە هەتا ئێستا ئامارێکی فەرمی لەبەردەست نیـیە بۆ زانینی زیانەکانی پەنابەران لە پشێویـیەکەی سەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا. نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا لە 21 ی مانگی دوازدە ڕایگەیاند کە تیمێکی ناردبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی پەنابەران بەڵام هەردوو وڵات ڕێگرییان کردووە لە چوونی تیمەکە بۆ سەر سنووری نێوانیان. ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە دەزگاکەیان هەتا ئێستا ناوی دوو کەسی کوردی تۆمارکردووە کە لەسەر سنوورەکە گیانیان لەدەستداوە. ئەو ڕایگەیاند کە نزیکی 4 هەزار پەنابەری کورد گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و نزیکی 1100 هاووڵاتی تر لە کەمپی پەنابەرانی بێلاڕووس ماونەتەوە. ئاری جەلال سەبارەت بە هۆکاری خێرایی بڵاوبوونەوەی بانگەشەکەی مانگی یازدە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئاری جەلال ڕایگەیاند، "ئەو کەسانەی کە ئەو دەنگۆیانەیان بڵاوکردەوە خەڵکانی دەستی گروپی قاچاخچیەکانن و چۆن بیانەوێت هەڵیاندەسوڕێنن. بە داخەوە گەنجی کوردیش ساویلکەیە دوای پەخشی ڕاستەوخۆی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان دەکەوێت. ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی فەرمی حکومەتی عێراق و وڵاتانی ترمان ئاگادارکردۆتەوە کە ئەمە دەستێکە بۆ بازرگانی بە مرۆڤەوە." ئەو ڕایگەیاند کە پەنابەرانی کورد لە بێلاڕووس جگە لە زیانی جەستەیی و ماددی، " لە ڕووی دەرونیشەوە تەواو تێکشکاون." هێرش سەعید ئەحمەد دانیشتوی سلێمانییە و یەکێكە لە کوردەکان کە هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەگەڵ خێزانەکەی و منداڵە چوار ساڵەکەی لە بێلاڕووس ماوەتەوە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای وت، " کاروان ڕەواندزی ئێمەی هەڵخەڵەتاند و لە خشتەی بردین بەوەی وتی دوای لێشاو بکەون. ئێمەش کە چوین هیچ ئەنجامێکی نەبوو جگە لە قوڕبەسەری و ماڵوێرانی بۆ ئەو خەڵکە ڕەشوڕووتە. ئەو ڕایگەیاند، "بارودۆخمان دوای لێشاوەکە خراپتر و خراپتر و خراپتر بووە. وەرگرتنمان لە لایەن ئەڵمانیاوە لە لایەن فەیسبوک و درۆ و دەلەسەی ئەم و ئەو بوو ئەگینا هیچ ڕاستیەکی تێدا نەبوو." بۆچونی شارەزایان هەندێک لە شارەزایانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست پێویستی بە هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەیە سەرەڕای چاکسازی لە کاری کۆمپانیاکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی. دڵشاد عوسمان، شارەزایەکی سایبەرسکیوریتی لە واشنتن، بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "جێگەی داخە کە کۆمەڵگە هەتا ئێستا توانای ئەوەی نیـیە هەواڵی ڕاست لە هەواڵی ناڕاست جیابکاتەوە و گومان بخاتە سەر دروستی ئەو زانیاریانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پێیدەگات." ئەو شارەزایە ڕایگەیاند کە کۆمپانیای فەیسبوک کەمتر گرنگی دەدات بەو زمانانەی کەمتر بەکاردەهێنرێن بەراورد بە زمانەکانی دیکە، وەکو زمانی کوردی بەراورد بە زمانی عەرەبی . ئەو پێداگری کرد لەوەی کۆمپانیای فەیسبوک پێویستە کارمەندانی شارەزای زمانی کوردی زیاتری هەبێت بۆ چاودێری و ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی هەواڵی ناڕاست. لە هەمان کاتدا، دڵشاد عوسمان ڕایگەیاند کە پێویستە بەکارهێنەرانی کورد زیاتر بە زمانی کوردی بنووسن و نووسینی کوردی ڕێکبخەن بۆ ئەوەی خوارزمیـیەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و زیرەکی دەستکرد Artificial Intelligence کاریگەری زیاتریان هەبێت. سەبارەت بە ڕۆڵی دەزگا دەوڵەتیـیەکان، ئەو شارەزایە ڕایگەیاند، " لێرەدا من پێموانیـیە تەنیا فەیسبوک بەرپرسیاربێت. ئەو کەسانەی کە هاووڵاتیانیان چەواشەکردووە و بە ناڕاستەوخۆ بوونەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکانێکی زۆر بمرن لەسەر سنوورەکانی ئەوروپا دەبێت لە کوردستان دادگایی بکرێن." بەڵام هەندێک لە شارەزایان هۆشیاری دەدەن کە زیادبوونی دەستێوەردانی دەزگا حکومیـیەکان لە کاری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان مەترسی دەخاتە سەر ئازادی بیروڕا. موستەفا ئەیاد، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئاسیا لە ڕێکخراوی گفتوگۆی ستراتیژی لە وڵاتی بەریتانیا، بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بەداخەوە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەو ناوچەیە حکومەت خۆی یەکێکە لە دەزگا سەرەکیـیەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست." ئەو شارەزایە ڕایگەیاند، "پێویستە کۆمپانیاکانی وەکو فەیسبوک لە نزیکەوە کار لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی قۆڵتر دروستبکەن لەسەر کلتور و جیاوازی سیاسی و ناوچەیی ئەو هەرێمە."
(درەو): خەڵكی لەبەر سەرما لەسەرەی وەرگرتنی بوتڵی غازدان، لەم وەرزەدا پێویستی رۆژانەی هەولێر(17 هەزار) و سلێمانی (18 هەزار) و دهۆك (12 هەزار) بوتڵ غازە ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی دەڵێ" كێشەی كەمی غاز بوونی نیە"، كۆمپانیای گواستنەوەی غاز دەڵێت "دابەشكردنی غاز زیاد كراوە"، کەواتە کێشەکە لە کوێدایە؟ غاز لە سلێمانی رۆژانە سنوری پارێزگای سلێمانی پێویستی بە (12) تەنكەر غازی شڵی ماڵان ھەیە، بەپێی زانیارییەکان (درەو)، ئێستا ئەم بڕە بۆ (15) تەنكەر زیادكراوە، بەھۆی ئەوەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی غاز زیادیكردووە، كەواتا هۆكاری كەمی غاز چیە؟ غازی هەموو هەرێمی كوردستان لە کێڵگەی (كۆرمۆر) لە سنوری قەزای چەمچەماڵ بەرهەم دێت، رۆژانە (هەزار) تەن غاز دەخرێتە بازاڕەوە، بەپێی گرێبەستێكی نێوان كۆمپانیای (دانەغاز)و كۆمپانیای (ساوس كوردستان)، ئەو ( هەزار) تەن غازە (700 تەن)ی بۆ ناوخۆ و (300) تەنی بۆ دەرەوە دەنێردرێت. غاز بە ژمارە رۆژانە بۆ غازی ماڵان بڕی (700) تەن دابین دەكرێت، لە وەرزی هاویندا خواست لەسەر غاز زۆر كەمدەبێتەوە، بەڵام لە وەرزی سەرماو سۆڵە خواست زیاد دەبێت بۆ سەرو (700) تەن. تەنێك غاز (هەزار) كیلۆیە، بوتڵێك غازی ماڵان (16) كیلۆیە، واتا تەنێك غاز (62) بوتڵ غازی ماڵان دابین دەکات. تەنكەرێك غاز (20) تەن غاز هەڵدەگرێت، واتا (20 هەزار) كیلۆ غاز، بوتڵێك غازی ماڵان (LPG) نزیكەی (16) كیلۆ غاز دەگرێت، واتا تەنكەرێك غاز (1250) بوتڵ غاز دەبێت. دابەشبوونی غاز لە ھەرێمی کوردستان ئێستادا رۆژانە بەمشێوەیە غاز بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت: * بۆ پارێزگای هەولێر (14) تەنكەر واتا (17 هەزارو 500) بوتڵ * بۆ پارێزگای سلێمانی (12) تەنكەر و ئێستا زیادكراوە بۆ (15) تەنكەر واتا ( 18هەزارو 750) بوتڵ غاز * بۆ پارێزگای دهۆك(8) تەنكەر و ئێستا زیادكراوە بۆ (10) تەنكەر واتا (12 هەزارو 500) بوتڵ بەڵام ئەم رێژەیە كەم و زیاد دەكات، رۆژی 14ی ئەم مانگە (40) تەنكەر بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا دابەشكراوە، رۆژی 15ی مانگ بڕەکە كەمبووەتەوە بۆ (35) تەنكەر. لەمانگی (12)ی ساڵی رابردوو تەنكەری غاز بەمشێوەیە دابەشكراوە: * هەولێر: 460 تەنكەر رۆژانە دەكاتە (15) تەنكەر * سلێمانی : 401 تەنكەر رۆژانە دەكاتە (13) تەنكەر * دهۆك: 240 تەنكەر رۆژانە دەكاتە (8) تەنكەر کێشەکە لە کوێدایە ؟ ئێستا لەسەرجەم ناوچەكانی سنوری سلێمانی كێشەی كەمی غازی ماڵان هەیەو هاوڵاتیان لەسەری وەرگرتنی غازدان. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لەسلێمانی كێشەی كەمی غاز بونی نیە و كێشەی غازمان چارەسەركردووە، چونكە پشكی پارێزگاكە بەراورد بە چەند مانگی رابردو لە 13 بەشەوە بۆ 15 بەش زیادكراوە، بەڵام هۆكاری كێشەی غاز پەیوەندی هەیە بە زۆری خواست لەسەر بەكارهێنانی غاز لەهەردو مانگی 1 و 2ی هەمو ساڵێكدا كە هاوكاتە لەگەڵ وەرزی زستان، چونكە هاوڵاتیان وەك هۆكارێكی سەرەكی خۆگەرمكردنەوەی سودی لێوەردەگرن". (درەو) پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی كۆمپانیای (ساوس كوردستان)ەوە، ئەوان رایانگەیاند" هیچ شتێك رووی نەداوە كە ببێتە هۆی درووستبونی كێشەی غاز، بەرهەمهێنان و دابەشكردنی غاز نەك كەمی نەكردووەو بەڵكو زیادیش كراوە بۆ نمونە رۆژانی پێشوو (12) تەنكەر غاز بۆ سلێمانی دابین دەكرا، ئێستا كردوومانە بە (15) تەنكەر". بەرپرسانی کۆمپانیاکە ھۆکاری کێشەکە دەگەڕێننەوە بۆ: * زیادبوونی خواستی زۆر لەسەر غاز بەهۆی وەرزی سەرماو سۆڵەوە. * خاوەن كارگەكان نەیانتوانیوە بەهۆی بەفر و سەرماوە وەك پێویست غاز دابەشبكەن. * نەبوونی چاودێری وورد و لێپرسینەوە لەسەر كارگەكان و دابەشكردنی غاز، كە هەندێكیان هەلەكە بە قازانجی خۆیان دەقۆزنەوە. ئەوەی ئێستا هەیە لە كێشەی كەمی غازی ماڵان و دەستنەكەوتن و سەرەگرتنی هاولاتیان لەم وەرزەدا بۆ بوتڵێك غاز بەشێكی تری پەیوەندی بە فرۆشتنی غازە لەلایەن كارگەكانەوە بە شوێنە بازرگانیەكان و چونكە ئەوان بە نرخێكی گرانتر دەیكڕن و لە شوێنە بازرگانیەكان دەیفرۆشنەوە.
درەو: بارام مەجید خان - گۆڤاری ئاییندە ناسی ئێران لە سەرەتای سەدەی بیست بە گایەک و گاسنێک هاتە ناو ڕووداوە قورسەکانی سەدە و بە کارگەی پۆڵا و بەرزترین ڕێژەی مردن بە ڕوداوی هاتووچۆو و دۆسیەی ئەتۆمی لێی هاتە دەر. یەرەوان ئەبراهامیان[1] بەرایی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران؛ قورسترین و درێژخایەنترین دۆسیەی دەزگای دبلۆماسیی ئێران، لە سەدەی ڕابردوو تا ئێستاش بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. خەونەکانی محەمەد ڕەزا شا و پشتیوانییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەستپێکی هەوڵێکی نەپچڕاوەی ئێران بوو کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٧ دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٩٧٩ و سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کۆتایی بە هەوڵەکانی شای ئێران هات. لەپاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەژێر کاریگەریی تێزەکانی ئایەتوڵا خومەینی و شۆڕشی ئیسلامی و بۆ ماوەیەکی کورت چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاگیرا و شەڕی ئێران-عێراق پچڕانێکی کاتیی لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دروست کرد. محەمەد ئەلبەرادعی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٣ و سەردانی بۆ ئێران، جارێکی تر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی. چەندین خولی گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بەو دۆسیەیە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، بەچارەسەرنەکراوی مانەوە. لە ساڵی ٢٠١٥، بە ڕێککەوتننامەی بەرجام کۆتایی بە دانوستانەکان هات، لە ناوخۆی ئێران وەک دەستکەوتی سیاسی و دبلۆماسی ناوزەد کرا. لە هەمان کاتیشدا نەیارانی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران و ناوچەکەش هەبوو. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەپاش سەرهەڵدانی دیاردەی ترامپیسم لە ئەمەریکا لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کشانەوە. ئەم پاشەکشەی ئەمەریکا و دووبارەکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، کێشەکەی ئاڵوزتر کرد. حکومەتی میانڕەوی ڕۆحانی و لەدەستدانی پێگەی خۆی وەک سەرۆککۆمار و هاتنی باڵی توندڕەوی ئیبراهیم ڕەئیسی، بوو بە گرفتێکی قورس بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوەی دانوستانەکان لەنێوان وڵاتانی ٥+١ لە لایەک و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە لایەکی تر. ١. سەرەتایەک بەبێ کۆتایی دەستپێکی یەکەم هەنگاوی ئێران بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی، دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو. ئێران لە ساڵی ١٩٥٠، ژمارەیەک خوێندکار ڕەوانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات. ئەمەریکا یەکەم وڵات بوو کە لە چوارچێوەی “پڕۆژەی ئەتۆم بەرامبەر بە ئاشتی”، ئایزنهاوەر یەکەم هەنگاوی لە ساڵی ١٩٥٦ بۆ بەگەڕخستنی بەدەستهێنانی زانست و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی هاویشت. ئێران لە یەکەمی ئەو وڵاتانە بوو کە لە ساڵی ١٩٦٨ واژۆی لەسەر “NPT” (پەیماننامەی پێشگیری و قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی) کرد و لە ساڵی ١٩٧٤ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانی دامەزراند. ئێران لەپاش جەنگی جیهانیی یەکەم و دوورخستنەوەی ڕەزا شا و جێگرتنەوەی لەلایەن محەمەد ڕەزای کوڕیەوە، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نزیک بووەوە و وەک هاوپەیمانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەرکەوت. ڕووداوە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئێران و هەلومەرجی نێودەوڵەتی و سەرەتاکانی شەڕی سارد توانیی پێگەی شای ئێران بەهێز بکات، بەتایبەت کە دکتۆر محەمەدی موسەدیق لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە دەسەڵاتی گرتبووە دەست بە کودەتایەک کە بەریتانیا بەشدار بوو تێیدا، توانرا لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە. ئەم هەلومەرجە تازەیە، شای ئێرانی بەهێز کرد و توانرا وەک ئەندامێکی کارای پەیمانی سەنتۆ ڕۆڵ ببینێت[2]. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکەم هاندەری ئێران بوو بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و هەر ئەمەریکا بوو بە سەرسەختترین دوژمنەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی. یەکەم هەنگاوی کرداریی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ساڵی ١٩٥٧ و گرێدانی ڕێککەوتننامەیەک بوو کە پێک هاتبوو لە پێشەکییەک و یانزە مادە. لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی ئەمەریکا، لەژێر ناونیشانی “ئەتۆم بەرامبەر ئاشتی” بوو. وڵاتە یەکگرتووەکان زۆر هەستیاریی بەرامبەر ئەو وڵاتانە نیشان نەدا کە ئەم پڕۆژەیە دەیگرتنەوە، بەتایبەتی مەترسیی لادانی ئەو چالاکییانە بۆ ئامانجی شاراوەی سەربازی[3]. شانبەشانی ڕێککەوتننامەی ئێران و ئەمەریکا، ئەنستیوتی زانستە ئەتۆمییەکان کە لەژێر چاودێریی پەیمانی سەنتۆ بوو لە بەغداد، گوازرایەوە بو ئێران. زانکۆی تاران پێشنیاری بونیاتنانی ڕیاکتۆرێکی ٥ مێگاواتی لە ساڵی ١٩٦١ دا و لە ساڵی ١٩٦٧ کەوتە کار و بوو بە دەستکەوتێکی زۆر گەورە بۆ ئێران و دەنگدانەوەی زۆری لێ کەوتەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە پشبەستوو بە هەناردەکردنی نەوت و گاز بوون، ئەمەش وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەو چوارچێوەیە خرایە ڕوو. ئەم هاوکارییانە لەگەڵ هەندێک هەوراز و نشێو و هەندێک جار ساردیی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا بەردەوام بوو. ئێران بەردەوام بوو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی و پەنای بۆ زۆرێک لە وڵاتانی زلهێزی جیهانی برد، لەوانە: وڵاتانی وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئوستورالیا و هیند و ئەفەریقای باکووریش. جیاواز لەو ڕێکەوتننامانەی کە لەتەک وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا گرێی دان، ئێران ١٥ ڕێککەوتننامەی لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان واژۆ کرد کە بونیاتی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بەهێزتر کرد و پاشان بوو بە ژێرخانی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانە: بنکەی ئەتۆمیی ١٣٠٠ مێگاواتیی ئاوی سووک لە بوشەهر بنکەی ئەتۆمیی ١٢٩٠ مێگاواتیی ئەسفەهان بنکەی ئەتۆمیی ١٢٩٠ مێگاواتی لە ساوە بنکەی ئەتۆمیی ٩٠٠ مێگاواتیی کارون[4] بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر ئاوڕێک لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران تا دەستپێکی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بدەینەوە، بە سەرەتایەکی بەهێز دەستی پێ کرد و پاشان بەئارامی بەڕێوە دەچوو. کاتێک کێشەی نێوان هیند و پاکستان ئاراستەیەکی مەترسیداری بەخۆوە گرت و هەردوو وڵات بەپەلە بوون لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان گۆڕانیان بەسەردا هات. ئەم هەلومەرجە نوێیە ئێرانیشی خستە ژێر کاریگەری کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە خاو بوونەوە و لە لایەکی ترەوە بازاڕگەرمی بوو بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە کەرەستە و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی لە بازاڕەکاندا ساغ بکەنەوە. شای ئێران هەندێک جار بەوپەڕی نائومێدییەوە لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی و خواستی ئێران بۆ بە ژاندارم و زلهێزی ناوچەکە تووشتی نائومێدی دەبووەوە. شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیش وەک کارتێک لەلایەن ئەمەریکاوە بەرامبەر کەسە نزیکەکانی شای ئێران وەک باجخوازی سەیر دەکرا. عەلی ئەکبەری ئیعتماد وەک لێپرسراوی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، ڕۆڵێکی ئێجگار گەورەی بینی لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتییش. ئیعتماد پرسیاری سەرکی دەورووژێنێ کە ئایا ئێران ڕێگایەکی ڕاستی هەڵبژارد لە دەستبردن بۆ ئەتۆم؟ ئایا ئێران پێویستی بەوە هەبوو کە بەشوێن جێگرەوەی وزەی ئەتۆمییەوە بێت؟ بیرکردنەوەی باو ئەوە بوو کە ئێران پێویستە خۆی بۆ سەدەی بیست و یەک ئامادە بکات، بەتایبەت ئەو لێکۆڵینەوە باوانەی ئەو ڕۆژگارە باسیان لە سنوورداربوونی سەرچاوەکانی وزە دەکرد و پێویستە ئێران جێگرەوەی هەبیت بۆ وزەی ئەتۆم. شۆڕش و ئەتۆم (کێشمەکێشی نێودەوڵەتی) شۆڕشی ئێران خاڵێکی لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دانا. پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا کەوتە ژێر کاریگەریی هەندێک ڕووداوی گرنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. دوو ڕووداوی گرنگ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا دانا: یەکەم: دەستبەسەراگرتنی سەفارەتی ئەمەریکا لە تاران لە ساڵی ١٩٧٩، بابەتی بەبارمتەگرتنی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ. دووەم: شەڕی ئێران-عێراق لە هەمان ساڵدا. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لە هەمان کاتدا ئێرانی تاوانبار دەکرد بە تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەیرووت لە ساڵی ١٩٨٣ و تەقینەوەی ئەنجوومەنی کولتووریی ئیسڕائیل لە بۆینس ئایرس لە ١٩٩٤ و هێرش بۆ سەر بورجەکانی “خوبەر” لە سعودیە لە ساڵی ١٩٩٦[5]. چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران لەژێر تێزی ئایەتوڵڵا خۆمەینی کە دژی بەرهەمهێنانی چەکی کۆکوژ بوو، بە ئامانجی بەکارهێنانی ئاشتییانە و تەکنەلۆژیای زانستی جارێکی تر درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا. هاشمی ڕەفسەنجانی حکومەتی پاش شەڕی ئێران-عێراقی گرتە دەست و هەوڵە دبلۆماسی و نێودەوڵەتییەکانی خستە گەڕ بۆ درێژەدان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کە لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی دەستی پێ کردبوو و لەپاش شۆڕش درێژەی پێ درا. هاشمی ڕێککەوتننامەیەکی دە ساڵەی لەگەڵ چین واژۆ کرد، کە لەو چوارچێوەیەدا چین پابەند دەبوو کە ڕیاکتۆرێکی ٢٧ مێگاواتی لە ئێران دابمەزرێنێ. لەگەڵ ئەوەی کە بنکەی بوشەهر لە کاتی شەڕی ئێران-عێراق هێرشی کرابووە سەر و زیانی زۆری پێ گەیشتبوو، بەڵام جووڵەکانی ئێران چڕتر بوونەوە کە پەلە بکات لە بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی. لەگەڵ ئەوەی کە هاشمی دەستی یارمەتیی بۆ فەڕەنسییەکان درێژ کرد، بەڵام دەوڵەتی فەڕەنسا بە داواکەی ئێران ڕازی نەبوو. هاشمی سیاسەتی دووبارە بونیاتنانەوەی ئابووریی ئێرانی لە پێشەوەی سیاسەتەکانی خۆی دانابوو، بەڵام هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و جووڵە دبلۆماسییەکانی چاوی وڵاتانی زلهێزی دنیای لەسەر بوو[6]. پاش ئەوەی کە هاشمی ڕەفسەنجانی چالاکییە ناوەکی و ئەتۆمییەکانی لەپاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەگەڕ خستەوە، چەند کەسایەتییەکی سیاسیی گرنگ سەرۆکایەتیی ئەم دۆسیە گرنگەی ئێرانیان گرتە ئەستۆ، لەوانە: دکتۆر حەسەن ڕۆحانی، دکتۆر لاریجانی، دکتۆر سەعید جەلیلی، دکتۆر جەوادی زەریف. ئێستا ئەم دۆسیەیە عەلی باقری کەنی بەڕێوەی دەبات. ڕێککەوتننامەی تاران لەگەڵ تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و ئەو گومانانەی کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران هەیبوو، سیاسەتی ئێران لەسەر بنەمای سێکوچکەی کات و متمانە و ئەمنی ناوخۆ دریژەی بە پڕۆژە ناوەکییە ناتەواوەکانی خۆی دا[7]. تا سەرەنجام ئێران و وەزیرانی هەرسێ وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمان و بەریتانیا، لە ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣ و لە کاخی سەعدئابادی تاران ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە ئێرانی پابەند دەکرد بەوەی ڕێگا بە چاودێرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات کە بتوانن سەردانی ئێران بکەن و کامێراکانی چاودێری جێگیر بکەن. ئێران پابەند کرا بەوەی کە پرۆتۆکۆلی پەیوەست واژۆ بکات، کە ڕۆڵی چاودێریکردنی زیاتری بە ئاژانس دەبەخشی کە چاودێریی چالاکییەکانی ئێران بکات. لە بەرامبەردا ئێران مافی بەدەستهێنانی ئاشتییانەی وزەی ناوەکیی پێ بەخشرا، کە ئێران وەک مافێکی یاسایی و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لە چوارچێوەی “NPT” و پرۆتۆکۆلی پەیوەست دەیتوانی بەدەستی بهێنێ[8]. ڕێککەوتننامەی پاریس سەردانیکردنی محەمەد ئەلبەرادعی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ئێران، جارێکی تر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی. چەندین خولی گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بەو دۆسیەیە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بەچارەسەرنەکراوی مانەوە. حکومەتی سەید محەمەدی خاتەمی بە درووشمی سیاسەتی سڕینەوەی گرژییەکان، لە هەنگاوێکی دبلۆماسیدا دەرگاکانی جیهانی بەسەر حکومەتی ئێراندا ئاوەڵا کرد. لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٤، پاریس میوانداریی خولێکی نوێی وتوێژەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپایی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیای کرد، کە بە ترۆیکای ئەورووپی ناوزەد کرا. لە چوارچێوەی ئەم لێکتێگەیشتنە کە بە ئامانجی متمانەسازی بوو [زیاتر لەوەی پابەندی یاسایی بۆ ئێران دروست بکات]، ئێران بۆ ماوەیەکی کورت چالاکییە ناوەکی و ئەتۆمییەکانی خۆی ڕاگرت. لە بەرامبەردا وڵاتانی ئەورووپایی پابەند بوون بەوەی کە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران هەناردەی ئەنجوومەنی حاکمان (Bord of Governore)، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ناکەن[9]. لەپاش ڕێککەتننامەی تاران، کۆماری ئیسلامی هەوڵەکانی چڕ کردەوە کە چین و ڕووسیا بەشداریی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ ئێران بکەن، بەڵام ئێران نەیتوانی لە سەرەتادا ڕەزامەندیی ئەو دوو وڵاتە وەربگرێت. دبلۆماسیەتی کوشتنی کات لەلایەن ئێرانەوە، گومانەکانی لەسەر ئێران زیاد کرد تا ئەو ڕادەیەی کە کۆدژییەک لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکان کە پێک هاتبوون لە پێنج هێزە سەرەکییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا، توانییان بنچینەی ٥+١ بۆ وتوێژ لەگەڵ ئێران دابمەزرێنن، کە تا ٢٠١٥ی خایاند کە ڕێککەوتننامەی بەرجامی “J. C. P. O. A”ی لێ کەوتەوە. قۆناغی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کێشەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان کاتێک زیاتر تەشەنەی سەند کە لە ئێران دەوڵەتی پەڕگیر و توندڕەوی دکتۆر مەحموودی ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی ٢٠٠٥ دەسەڵاتی گرتە دەست. نۆ مانگ پاش دەستبەکاربوونی ئەحمەدی نەژاد، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە ئەنجوومەنی حاکمانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕادەستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرا. شەش بڕیار لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دژی ئێران دەرچوو، یەکەمیان ئێرانی پابەند نەدەکرد بە جێبەجێکردنیان، بەڵام پێنج بڕیارەکەی تر گەمارۆی قورسیان بەسەر ئێراندا سەپاند، بەتایبەت بڕیاری ١٩٢٩ کە سێبەرێکی ڕەشی بەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا سەپاند. سەعیدی جەلیلی وەک کارەکتەرێکی پەڕگیر کە سەرپەرشتیی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی لە ئەستۆ بوو، هەموو ئەو دەرفەتانەی کە بۆ ئێران هاتبوونە پێشەوە؛ لەدەست دا. “سەرۆکی ئێران ئەو بڕیارانەی بە کاغەزی دڕاو پێناسە کرد و هیچ بایەخێکی بەو بڕیارانە نەدا.” ئەم قۆناغە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، خەسارەتێکی گەورەی لە ئابڕووی نێودەوڵەتیی ئێران دا، بەو ڕادەیەی کە بڕیاربەدەستانی وەک دکتۆر محەمەد جەوادی زەریف کە پاشان ئەم دۆسیەیەی سەرپەرشتیی دەکرد بە کەسایەتیی سیاسیی ناکارامە و کەمئەزموون ناوی هێنان، کە هێچ شارەزاییەکیان لە هەلومەرجی دنیا و سیاسەتی نێودەوڵەتی نەبوو[10]. گرنگترین ئەو بڕیارانەی کە بەسەر ئێراندا سەپا، بریتی بوون لە: – بڕیاری (١٩٦٩، ساڵی ٢٠٠٦): داوا لە ئێران دەکات کە کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانێۆم بهێنێت، ئەگەرنا ڕووبەڕووی سزای سیاسی و ئابووری دەبێتەوە. ئەم بڕیارە لەژێر بەندی ٤٠ – بڕگەی هەشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکراوە و وڵاتان پابەند ناکات بە جێبەجێکردنی. – بڕیاری (١٧٣٧، ساڵی ٢٠٠٦): لەو بڕیارەدا داوا لە ئێران کرا کە کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت. لە بە فشارەکانی ڕووسیا و چین، هەندێ دەستکاریی بڕگەکانی کرا کە دواجار بە ڕەزامەندیی هەر ١٥ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش پەسەند کرا. – بڕیاری (١٧٤٧، ساڵی ٢٠٠٧): ئەم بڕیارە داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکات هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئێرانییانەی کە لە بواری وزەی ناوەکی کار دەکەن؛ سنووردار بکەن و هەروەها قەدەغەکردنی هاوردەکردن و هەناردەکردنی چەکی قورس لە ئێران. هەروەها پێداگری لە بڕیاری پێشووتری ١٧٣٧ دەکاتەوە، کە کۆتایی بە چالاکییە ئەتۆمییەکان و پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت. – بڕیاری (١٨٠٣، ساڵی ٢٠٠٨): ئەم بڕیارە بە پێشنیاری فەڕەنسا و بەریتانیا و لەژێر بەندی (٧) دەرچووە، کە باس لە ڕێکارەکانی ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیوەست بە ئێران دەکات. – بڕیاری (١٨٣٥، ساڵی ٢٠٠٨): ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی محەمەد ئەلبەرادعی؛ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەرچووە کە داوا لە ئێران دەکات هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی وەک پیتاندن و پڕۆژەی ئاوی قورس کۆتایی پێ بهێنێ. – بڕیاری (١٩٢٩، ساڵی ٢٠١٠): لەم بڕیارەدا ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری سزاکانی بۆ سەر کۆمپانیاکان و کەسایەتییەکان سەپاند. ئەمە قورسترین بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بوو دژی ئێران، کە خەسارەتێکی گەورەی لە ئابووریی ئێران و جووڵەی کەسایەتییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سنوردار و هەندێک جار قەدەغە کرد. قۆناغەکانی دانوستانەکانی ئێران لەپاش ئەم گەمارۆ قورسانە، هەر درێژەیان کێشا. سێ خولی دانوستانەکانی ژنێڤ بە ناوەکانی ژنێڤی ١، ٢، ٣، لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٠، بەبێ ئاکامێکی دیار و بێئەنجام مانەوە. لە ساڵی ٢٠١١، بە ناوبژیوانیی حکومەتی تورکیا لە ئەستەنبوڵ، خولێکی تری دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ ئەنجام درا و پاشانیش لە ساڵی ٢٠١٣ لە بەغداد و مۆسکۆش بە هەمان شێوە وتوێژەکان بەبێ ئەنجام کۆتاییان پێ هات[11]. ٣. دبلۆماسیی ئەتۆمی و بەرجام (Joint Comperehensive Plan of Action (J. C. O. P. A)) ئەمیر کەبیر سەرۆکوەزیرانی سەردەمی قاجار، وتبووی: “ئەوەندەی مەملەکەت پێویستی بە پیاوی دانا هەیە، هێندە پێویستی بە وەزیر و ئەمیر نییە[12]“. ئێران لە (٢٠١٣)وە قورسترین و چارەنووسسازترین وتوێژەکانی لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ دەست پێ کرد. دۆسیەیەک کە لەناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە درێژەی کێشابوو. ئەمیر کەبیر ڕاستی وتبوو… ئەم دۆسیەیە لە دەستی کارزانترین و شارەزاترین دبلۆماتەکانی ئێراندا بوو. محەمەد جەوادی زەریف جیاواز لەوەی سیاسەتمەدارێکی لیبراڵ و کراوە بوو کە لەتەک ڕیالیستە کارامەکانی ئەمەریکا گەیشتبووە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و لە هەمان کاتیشدا شارەزاییەکی تەواوی لە داڕشتن و ڕێکخستنی ڕێککەوتننامە نێدەوڵەتییەکاندا هەبوو. پاش زیاتر لە بیست مانگ کۆبوونەوە، سەرنجام ڕێککەوتننامەی بەرجام لە١٤ی جولای ٢٠٠٥ واژۆ کرا. ئەم ڕێککەوتننامەیە لەسەر ئاستی نێودەڵەتی؛ پشتیوانی و پێشوازییەکی زۆری لێ کرا. لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی ئێرانیش پێشوازیی لێ کرا، بەڵام بە شێوەیەکی نیوەشاراوە و و هەندێک جار بەئاشکرا لەلایەن باڵی توندڕەوی ئێران دژایەتی دەکرا. ئێران دوو ئامانجی سەرەکیی هەبوو لەم وتوێژانەدا: یەکەم: سیاسەتی بەدەستخستنی ئەمن و ئاسایشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. دووەم: جێگیرکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا. میکانیزم و کەرەستەی ئێران؛ بڕین و دەوردانەوەی گەمارۆ قورسەکان بوو کە لە ئەنجامی بڕیارە کەمەرشکێنەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بەسەریدا سەپابوو. زەریف ئامۆژگاریی تیمی دانوستانکاری کردبوو کە نەکەونە ناو داوی وردەکارییەکانەوە. وردەکارییەکانی کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، هەمان کاریگەرییش لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەجێ دەهێڵێ[13]. بەرجام کە پێک هاتبوو لە ١٥٨ لاپەڕە و پێنج پەیوەستنامە، لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بە بڕیاری ٢٢٣١ پەسەند کرا و هەموو لایەنەکانی پابەند کرد بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کە لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا کاری لەسەر دەکرێت[14]. ئەم ڕێککەوتننامەیە توانیی گەمارۆکان لەسەر ئێران لا بدات و ئێران مافی بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ناوەکیی بۆ خۆی پاراست و دەیتوانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا و بە شێوەیەکی سنووردار مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ خۆی مسۆگەر بکات. لە ماوەیەکی کەم پاش ڕێککەوتننامەی بەرجام، ئێران توانیی دەستکراوە بێت لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جووڵەی بانکی. ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی هەرێمایەتی، توانیی پێگەی بەهێز بۆ وڵاتەکەی بەدەست بهێنێتەوە و هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا جێگیر بکات. خاڵی لاوازی ئەم ڕێککەوتننامەیە ئەوە بوو کە ڕێککەوتننامە بوو نەوەک پەیماننامە. نەیارانی ڕێککەوتننامەکە لە ناوخۆی ئێران و هەروەها لە ئەمەریکاش ڕووی لە زیادبوون کرد. ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەی کە ئێران پابەند بوو بە ڕێککەوتننامەکە، لە ٨ی مایسی ٢٠١٨ لە ڕێککەوتننامەکە کشایەوە. ٤. پاش بەرجام جاک ستراو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی ڕێککەوتننامەی تاران، لە کتێبەکەی سەبارەت بە ئێران دەڵێت: “نە سیاسەتمەدارانی دنیا و نە زۆرینەی خەڵکی دنیا ناتوانن لە ئێران تێبگەن[15]“. ئەم لێکنەگەیشتنە هەم لە جیهانەوە بۆ ئێرانە و هەم لە ئێرانەوە بۆ جیهان. بەتایبەت کرۆکی بەرجام لە ناوەرۆکدا ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە لایەک و ئەورووپا و جیهان لە لایەکی تر بوو. پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، لە چوارچێوەی بەرجام بە سەختترین قۆناغدا تێپەڕی. سیاسەتی حکومەتی ئۆباما “سیاسەتی مامەڵە کردن” بوو لەگەڵ ئێراندا، بەڵام سیاسەتی حکومەتی بایدن سیاسەتی “زۆرترین فشار” بۆ سەر ئێران لە پێناو بەدەستهێنان و سەپاندنی زۆرترین مەرج لەسەر ئیران، کە هەمان سیاسەتی حکومەتی ترامپە سەبارەت بەو دۆسیەیە و پەیوەندیی لەگەڵ ئێران. هەم بایدن و هەم ترەمپ، خواستیان ڕێککەوتننامەیەکی بەهێز و نوێیە لەگەڵ ئێران. بایدن وەک تاکتیکی وتوێژ لەگەڵ ئێران، لە سیاسەتی حکومەتی ترەمپ نزیکترە تا ئۆباما، کە دوورنماکەی ڕێککەوتننامەیەکە زیاتر لە بەرجام کە ڕەهەندی سیاسەتی هەرێمایەتی و هەڕەشە سەربازییەکانی ئێرانیش بگرێتەوە. بەڵام ئیران تەسلیمی دبلۆماسیەتی فشار نابێتەوە. لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کرایەوە لە ٥٪ بۆ ٢٠٪ و پاشان ٦٠٪. لە فشارەکاندا، ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ڕێژەکە تا ٩٠٪ بەرز دەکاتەوە. لە ڕاستیدا کام لایەن لە ئێران و ئەمەریکا، پێڕەویی دبلۆماسیەتی کوشتنی کات و شەڕی ئارام و کوشندە دەکەن؟ لەبەر ڕۆشنایی هەلومەرجی ناوخۆ و دەرەکی و ئابووریی ئێران، سیاسەتی گشتیی وڵات گەیشتنە بە زیندووکردنەوەی بەرجام. ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاماژەی بە ڕێککەوتنێکی بەهێز دەکات لەگەڵ ئێران و ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێگایەکی درێژمان لەبەردەمدایە. سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل باس لە ستراتیژی “کوشتن بە هەزار چەقۆ” دەکات بەرامبەر ئێران[16]. ئێران و ئەمەریکا لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە ئاڵۆزترین شێوازی پەیوەندیی نێوان دوو حکومەتیان لە مێژوودا ئەزموون کردووە. گشت سەرۆکەکانی ئێران و ئەمەریکا، خوازیاری ئەوە بوون کە ئەم دیوارە لە بێمتمانەیی بشکێنن، بەڵام هەموویان شکستیان خواردووە. پەیوەست بە دۆسیەی ناوەکیی ئیرانیش، هەردوو باڵی ڕیفۆرمخواز و پەڕگیر لە ئێران و هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتیش، ئەزموونی زۆریان لەسەر ئەم دۆسیەیە هەیە. لە هەمان کاتدا، مێژووی ئەم پەیوەندییانە پێمان دەڵێن کە هیچ پەیوەندییەک بە ئەندازەی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمەریکا دوژمنی دەرەکی و ناوخۆی نەبووە[17]. گەڕی حەوتەمی وتوێژەکانی ڤیەننا کشانەوەی یەکلایەنەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، شۆکێکی گەورە بوو بۆ ئێران و جیهان و ناوچەکەش. “دۆناڵد ترەمپ ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە خوازیاری بەدەستهێنانی چەکی کۆکوژ و بۆمبی ئەتۆمییە. هاوکات ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتییە. ترەمپ باسی لە خراپیی ڕێککەوتننامەکە کرد و پێی وا بوو کە ئەگەر ئێران هەموو بەندەکانی ڕێککەوتننامەکەش جێبەجێ بکات، لە نزیکرتین دەرفەتدا دەتوانێت دەستی بە بۆمبی ئەتۆم بگات[18].” دۆسیەی ئێران لە دیدی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە سێ بەشی هەستیار دابەش دەبێت: یەکەم: ئێرانی ئەتۆمی و هەر بابەتێکی کە پەیوەندیدار بێت بەم دۆسیەیە وەک ڕێککەوتننامەکان و سیاسەتی جیهانی لەهەمبەر ئەم دۆسیەیە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی. دووەم: سیاسەتی هەرێمایەتیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو کە ئەمەریکا لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانیەوە لە ناوچەکە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات. سێیەم: بابەتی ئەمنی و سەربازی و مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران، کە ئەمەریکا وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆی و هاوپەیمانەکانی لەی قەڵەمی دەدات. لە کاتێکدا وتوێژەکانی ڤییەنا دووبارە دەستیان پێ کردەوە، کە گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران و ئەمەریکا ڕووی داوە. لە ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەۆکی وڵات دیاری کراوە، کە سەر بە ناوەندی دەسەڵاتی ئێران و باڵی توندڕەوە. لە ئەمەریکاش پارتی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن دەسەڵاتیان گرتەوە دەست، کە ئەزموونی حوکمڕانیی ئۆباما دێنێتەوە یاد. بەڵام نە باڵی توندڕەوی ئێرانی هێندە توند بوون کە پشت لە ڕێککەوتننامەی بەرجام بکەن و نە دیموکراتەکانی ئەمەریکاش لە ڕووی میکانیزمەوە هەمان ڕێچکەی ئۆبامایان گرتە بەر. “ڕۆبێرت ماڵی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، پێی وایە کە ئێران کاتی زۆری لەبەردەم نییە. دەبینن کە بەرجام لە ئایندەیەکی نە زۆر دوور کۆتایی پێ دێت و دەبێت بە ڕێککەوتننامەیەکی نوێ چارەسەری کێشەکان بکەین[19].” ئەمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ورووژاندنی دۆسیەی مووشەکە دوورهاوێژەکان و هەڵسوکەوتی ئێران لە ناوچەکەش، دەبێتە بابەتی کێشەی ئێران و سیستمی جیهانی و وڵاتە یەکگرتووەکان. هەست بە پاشەکشەیەکی ئارامی حکومەتی بایدن لە درووشمەکانی هەڵبژاردن دەکەین. ئیران لەژێر فشاری ئابووری و هەلومەرجی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، خوازیاری گەڕانەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ٥+١ دەکات. بەڵام ئێران لەم خولە لە گفتوگۆکان، داوای گەرەنتی قورس دەکات کە ئەمەریکا پابەند بکات بە ڕێککەوتننامەکە و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بەکرداری، بەتایبەت فرۆشتنی نەوتی ئێران و گەڕانەوەی داهاتەکەی بە دراوی بیانی بۆ وڵاتەکەی. ئەنجام دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران وەک کرۆک و جەوهەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان، هەر ڕەهەندی تەکنیکی و تەکنۆلۆجی نییە، بەڵکوو ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و ئیداری و یاساییشی هەیە. لە سەردەمی شای ئێران و تا دەگات بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم دۆسیەیە تا ئێستا بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. ئەمەش کاریگەریی قورسی هەم لەسەر ئێران داناوە و هەم کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانیشی تا ڕادەیەک سیاسەتی جیهانی بەسەر دووجەمسەرییەکی دیاردا دابەش کردووە. لە حاڵەتی چارەسەرکردنی کێشەکەدا، ئێران دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی ڕاستی نێودەوڵەتیی خۆی و جێگری سیاسی و ئابووری بۆ وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەباتە دۆخێکی ئارام و جێگیر و پێگر بۆ ئێران و ناوچەکەش، بەڵام ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەبوو، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی سزای توندتر و کەمەرشکێنتر بین لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپاوە. میکانیزمی ماشە (Trigger Mechanism)، یاخود گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکیی گەمارۆکان (Snapback) بۆ سەر ئێران لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە. هەڕەشەی هێرشی سەربازی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسڕائیل، دۆخی ناوچەکە دەخاتە حاڵەتێکی زۆر مەترسیدار، ناوچەکەش دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی سەربازی و گەرمکردنی بازاڕی چەک. سهرچاوهكان: [1] یراوان ابراهامیان، ١٣٩٨، تاریخ مدرن ایران، تهران، انتشارات نشر نی چاپ نوزدەهم. [2] سید حسن موسویان، ١٣٩٤، روایت بحران هستەای ایران، ناگفتەهای یک دیپلمات، تهران، انتشارای تیسا. [3] کاظم غریب ابادی، ١٣٧٨، برنامە هستەای ایران، واقعیت های اساسی، تهران، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجە. [4] کاظم غریب ابادی، ١٣٧٨، برنامە هستەای ایران، واقعیت های اساسی، تهران، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجە. [5] هەمان سەرچاوە. [6] سید حسن موسویان، ١٣٩٤، روایت بحران هستەای ایران، ناگفتەهای یک دیپلمات، تهران، انتشارای تیسا. [7] دکتر حسن روحانی، ١٣٩٠، امنیت ملی و دپلوماسی هستەای، تهران، مرکز تحقیقات استراتژیک. [8] کوسرت خدر ابوبکر، ٢٠١٨، المفارضات الدولیە حول البرنامج النووی الایرانی وآفاقها المستقبلیە، مرکز کردستان للدراسات الاستراتیجیە، سلیمانیە. [9] محمد جواد زریف، علی اکبر صالحی، عباس عراقچی، مجید تخت روانچی، ١٤٠٠ راز سر بە مهر، کتاب اول: موافقت ژنو، تنظیم و گردآوری: سید علی موجانی، انتشارات اطلاعات. [10] هەمان سەرچاوەی پێشوو. [11] http://www.irdiplomacy.ir/fa/news/1940867/%D9%86%DA%AF%D8%A7%D9%87%DB%8C-%D8%A8%D9%87-%D9%82%D8%B7%D8%B9%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87-%D9%87%D8%A7%DB%8C-%D8%B4%D9%88%D8%B1%D8%A7%DB%8C-%D8%A7%D9%85%D9%86%DB%8C%D8%AA-%D8%B9%D9%84%DB%8C%D9%87-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86 [12] محمد جواد زریف، علی اکبر صالحی، عباس عراقچی، مجید تخت روانچی، ١٤٠٠ راز سر بە مهر، کتاب دوم: از توافق مشترک تا اطاق نگارش موافقت ژنو، تنظیم و گردآوری: سید علی موجانی، انتشارات اطلاعات. [13] هەمان سەرچاوەی پێشوو. [14] https://www.armscontrol.org/factsheets/JCPOA-at-a-glance [15] jack,straw. 2019. The English job, understanding iran and why it distrust Britian . [16] علیرضا نامور حقیقی. تلفزیون ایران انترناشنال،22 dec 2021 / https://youtu.be/sjVOWZyE50s [17][17] سید حسین موسویان، ١٣٩٤، ایران و امریکا (گذشتە شکست خوردە و مسیر آشتی)، تهران، انتشارات تیسا. [18] https://www.bbc.com/persian/44046173 [19] https://www.mehrnews.com/news/5381469/%D8%B1%D8%A7%D8%A8%D8%B1%D8%AA-%D9%85%D8%A7%D9%84%DB%8C-%D9%81%D9%82%D8%B7-%DA%86%D9%86%D8%AF-%D9%87%D9%81%D8%AA%D9%87-%D9%81%D8%B1%D8%B5%D8%AA-%D8%AF%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D9%85
شیكاری: درەو لەماوەی (8) ساڵی ڕابردوودا نزیکەی (40) هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون بەتێکڕا یەکی (1) ملیۆن دینار لە موچەکەیان گەڕاوەتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی کە دەکاتە (40) ملیار دیناری مانگانەو (480) ملیار دیناری ساڵانە، بۆ هەشت ساڵی ڕابردوو دەکاتە (3 ترلیۆن و 840 ملیار) دینار. مامۆستایەک کە (43) ساڵ خزمەتی کردووەو خانەنشین بووە کۆی موچەکەی بریتی بووە لە (1 ملیۆن و 970 هەزار) دینار بووە بە (80%) موچە بنەڕەتیەكەی خانەنشین دەكرێت موچەی بنەڕەتییەکەی (1 ملیۆن و 148 هەزار) دینارە بە (918) هەزار دینار خانەنشین کراوە، واتە بڕی (1 ملیۆن و 52 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت. خانەنشین کێیە؟ بەشێوەیەکی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەرکەسێک پەیمانی پێدرابێت بە وەزیفەیرکی ناو میلاکی شارستانی یان سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە موچەیەک وەبگرێت لە حکومەت (دەوڵەت) ڕاگیراوەکانی خانەنشنی لە موچەکەی ببڕدرێت، یان تەنانەت لە کەرتی گشتیش کار نەکات بەڵام ڕاگیراوەکانی خانەنشین بدات وەک (پارێزەران، ڕۆژنامەنوسان، یان هەر چینێکی تر لە دەرەوەی کەرتی گشتی کە یاسا ڕێکیخستبێت) بەپێی یاسا ئیحالەی خانەنشینی دەکرێن. بە کورتیش بە کەسێک دەگوترێت خانەنشین کە سودمەندە لە مووچە یان پاداشتێکی خانەنشینی کە بە یاسا ڕێکخراوە. بۆ ئیحالە کردنی خانەنشین کردنیش لە هەرێمی کوردستان یاسا چەند ڕێوشوێنێکی دەستنیشان کردووە. ڕێگاکانی ئیحالەکردن بۆ خانەنشینی چین؟ بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە (27)ی ساڵی (2006) هەموار کراوی عێراق کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت و لە عێڕاق یاسایەکی نوێ جێگەی گرتووەتەوە کە یاسای ژمارە (9)ی ساڵی (2014) تایبەت بە یاسای یەکگرتووی خانەنشینی لە عێراقە، بەڵام ئەوی دووەمیان تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاری پێنەکراوە، بەپێی یاسا ژمارە (27)ی ساڵی (2006)ی بەرکار لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەران ئیحالەی خانشینی دەکرێن بە یەکێک لەم ڕێگایانەی لای خوارەوە، ئەوانیش؛ یەکەم: خانەنشینکردنی فەرمانبەر بەشێوەی ناچاری لە هەردووە حاڵەتی؛ - تەواوکردنی تەمەنی (63) ساڵی، جگە لەو پلەو پۆستە تایبەتانەی یاسا تەمەنی خزمەتی بۆ درێژکردوونەتەوەو خانەنشینکردنیانی دواخستووە. - ئەگەر لیژنەیەکی پزیشکی فەرمی پسپۆڕ بڕیاریدا بە دەستنەدانی بۆ خزمەت. دووەم: خانەنشینکردن لەسەر داوای فەرمانبەر بەپێی یاسای ژمارە (27)ی ساڵی (2006)ی خانەنشینی یەکگرتوو ماددەی (1) بڕگەی چوارەم: بۆ فەرمانبەر هەبوو داوای ئیحالەکردن بکات بۆ خانەنشینی ئەگەر هاتوو تەمەنی (50) ساڵ یان زیاتر تەواو بکات و ماوەی خزمەتی لە (25) ساڵ کەمتر نەبێت. بەڵام بەپێی یاسای ژمارە (2) ساڵی (2020) یاسای چاکسازی لە مووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان- عێراق، بەشی حەوتەم، مماددەی حەوتەم، بڕگەی سێیەم دەکرێت فەرمانبەر دوای ئیحالە کردنی خانەنشینی بکات کاتێک تەمەنی لە (45) ساڵەوە بەرەو سەرو بێت و خزمەتی کەمتر نەبێت لە (15) ساڵ. سێیەم: لەکاتی دوورخستنەوەی فەرمانبەر یان دەرکردنی یان جێهێشتن، ئەم ڕێوشوێنەش یاسا مەرجەکانی بۆ ڕێکخستووە. واتە فەرمانبەرێك لەسەر كار لابرا بێتیان دەركرابێت یان وەزیفەكەی جێهێشتبێت یان دەستی لەكاركێشابێتەوە لە مافی خانەنشینی بێبەش ناكرێت بەلام خانەنشینی بۆ خەرج ناكرێت تاكو تەمەنی ٥٠ ساڵی تەواو نەكات و بەلایەنی كەمەوە خزمەتی لە ٢٠ ساڵ كەمتر نەبێت. چوارەم: ئەگەر فەرمانبەر کۆچی دوایی بکات. ڕێکخستنی موچەی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکەم: ڕێکخستنی موچەی خانەنشینان لەعێراق بەپێی یاسای خانەنشینی یەكخراوی ژمارە (9)ی ساڵی (2014)ی عێراق، کە لە بە ناوەكەیدا دیارە و هەموو یاسا خانەنشینییەكانی پێشووی عێراق كە لە 10 یاسا زیاتر بوو، لە خۆگرتووە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینی پلە بالاكان كەمبكرێتەوە و ئەوەی پلە نزمەكانیش زیاد بكرێت و دادپەروەری تێدا دروست بێت، بەپێی ئەم یاسایە. مووچەی خانەنشینی بەم جۆرەی لای خوارەوە ئەژمار دەكرێت؛ - تێکڕای موچە لێکدانی ژمارەی ساڵانی خزمەت لێکدانی (2.5) بەم شێوەیەی کە لە هاوکێشەکەدا دیارە؛ تێکڕای موچەکەی X (ساڵانی خزمەت /12) موچەی خانەنشینی = 100 - كەمترین رادەی مووچەی خانەنشینی (400) هەزار دینار دەبێت بە دەرماڵەی مەعیشەتیشەوە. - نابێت مووچەی خانەنشینی هەر خانەنشینێك لە (%100)ی مووچەكەی بنەڕەتییەكەی كە لە وەزیفەكەدا بووە زیاتر بێت. - خانەنشینكراو دەرماڵەی بڕوانامە و دەرماڵەی مەعیشەتی بۆ دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینییەكەی كە بەپێی هاوكێشەكەی سەرەوە بۆی بڕاوەتەوە بەم شێوەیەی خوارەوە : أ. بۆ هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم دەرماڵەی (5%) ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ. ب. بۆ هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس (10%) ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ. ج. بۆ هەڵگری بڕوانامەی ماجستێر (15%)ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ. د. بۆ هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا (20%)ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ. ه. بۆ هەر ساڵێك خزمەتی فەرمانبەری دەرماڵەی ( معیشە )ی بەرێژەی (%1) دەدرێت بە خانەنشین. - بڕگەی شەشەمی ماددەی (35)ی ئەم یاسایە كە تایبەتە بە خانشینكردنی باڵوێزەكان و ماددەی (37) كە تایبەتە بە خانەنشینی پلە تایبەتەكان (سەرۆك كۆمار، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیر، جێگری وەزیر، راوێژكاران، بەرێوەبەری گشتی . . . هتد ) و بڕگەی سێهەمی ماددەی (38) كە تایبەتە بە (خانەشینكردنی بەرێوەبەری شارەدێ و قەزا و ئەنجومەنی شارەوانییەكان) لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە راگیراون و كاریان پێناكرێت لەسەر ئەو بنەمایەی كە ئەو ماددە و بڕگانە نادەستورین. دووەم: ڕێکخستنی موچەی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کار بە زیاتر لە یاسایەک دەکرێت بۆ مەبەستی خانەنشینی بەشێكی زۆری ئەو جیاكاری و نادادیانەی لەنێوان خانەنشیناندا دروستبووە پێشتر بەم یاسایانەی لای خوارەوە كراون دەیان یاسای جیاواز لە هەرێمی كوردستاندا كاری پێكراوە و بەپێی یاسای چاكسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 تایبەت بە (یاسای چاكسازی لە مووچەو دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان - عێراق) بەشێكیان هەڵدەوەشێنەوە. ئەو یاساینەش کە لە هەرێم کاری پێکراوە بریتین لە: • یاسای خزمەتی شارستانی (ژمارە 24 ساڵی 1960)ی هەمواركراو. • یاسای خانەنشینی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان (ژمارە 12 ساڵی 1999). (هەڵوەشاوە). • یاسای خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان (ژمارە 13 ساڵی 1999). (هەڵوەشاوە). • یاسای خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (36 ساڵی 2004). (هەڵوەشاوە). • یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ( ژمارە 27 ساڵی 2006 ) عێراقی فیدراڵ هەمواركراو. (بەرکارە) • یاسای ڕێزلێنانی پێشمەرگە ( ژمارەی 33 ساڵی 2007). (بەرکارە) • یاسای كەم ئەندامانی پێشمەرگەی سەنگەر ( ژمارە 34 ساڵی 2007) (بەرکارە). • یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ( ژمارە 38 ساڵی 2007 ). (بەرکارە). • یاسای ڕاژەی زانكۆیی ( ژمارە 23 ساڵی 2008 )ی فیدراڵ. (بەرکارە). • یاسای مووچەی دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی ( ژمارە 27 ساڵی 2008) فیدراڵ. (بەرکارە). • خانەنشینی پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە بەپێی یاسای پارێزگاكان (ژمارە 3 ساڵی 2009). (بەرکارە). • یاسای مووچە و دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی (ژمارە 13 ساڵی 2010). (هەڵوەشاوە). • یاسای ڕاژە و خانەنشینی كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ( ژمارە 18 ساڵی 2011) (بەرکارە). لێرەدا تیشک دەخەینە سەر؛ یاسای خانەنشینی یەكگرتوو (ژمارە 27 ساڵی 2006 ) عێراقی فیدراڵ هەمواركراو. کە لە عێراق هەڵوەشاوەتەوە و لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەرکارە. بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە (37)ی ساڵی (2008)ی وەزارەتی دارایی تایبەت بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو و هەروەها ماددەی (7)ی یاساکە هاتووە. یەکەم: موچەی خانەنشینی فەرمانبەر لەسەر بنەمای ڕێژەیەکی کەڵەکەبوو ئەژمار دەکرێت بە بڕی (2.5%) لە تێکڕای موچەی وەزیفی لە خزمەتی خانەنشینی کۆتایی بۆ هەر ساڵێکی خزمەت کردنی خانەنشینی بەم جۆرە (موچەی خانەنشینی = تێکڕای موچەکەی x ژمارەی ساڵانی خزمەت x 2.5%) لەم حاڵەتانەی خوارەوە. 1. ئەگەر تەمەنی فەرمانبەر لەکاتی خانەنشینکردندا لە (60) ساڵ کەمتر نەبووخزمەتی لە (25) ساڵ کەمتر نەبێت. 2. ئەگەر تەمەنی فەرمانبەر لەکاتی خانەنشینکردندا لە (55) ساڵ کەمتر نەبێت و خزمەتی کە (30) ساڵ کەمتر نەبێت. 3.ئەگەر فەرمانبەر بە ڕپۆرتی لیژنەی پزیشکی تایبەت خاننشنین بکرێت. 4. ئەگەر فەرمانبەر لەکاتی خزمەت کۆچی دوایی کرد. 5. ئەگەر تەمەنی کارمەندانی هێزەکانی سەربازی هێزەکانی ئاسایش لە بەرواری خانەنشینکردنیاندا لە (50) ساڵی کەمتر نەبێت. دووەم: ئەژمارکردنی موچەی خانەنشینی لەسەر بنەمای ڕێژەیەکی کەڵەکەبوو دەبێت بە ڕێژەی (2%) لە تێکڕای موچەی وەزیفی بۆ هەر ساڵێکی خزمەت بۆ ئەو حاڵەتانەی لەسەرەوە ئاماژەی بۆ نەکراوە. بەم جۆرە (موچەی خانەنشینی = تێکڕای موچەکەی x ژمارەی ساڵانی خزمەت x 2.5%) (بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە دەقی یاساکە). گروپێکی تر لە خانەنشینان ئەوانەن کە (32) ساڵ یان زیاتی خزمەتیان هەیە بە 80% موچەی بنەرەتی خانەنیشین دەکرێت. گروپی چوارەمیش بریتین لە مامۆستایانی زانکۆ، ئەوانەی خزمەتیان 25 ساڵە و تەمەنی یاسایی خۆیان تەواو کردووە، موچەی بنەڕەتیان جارانی دوو دەکرێت، ئێنجا خانەنیشین دەکرین هەر بە پێی دەقە یاساییەکان (نابێت مووچەی خانەنشینی لە ڕێژەی (80%)ی دواین موچەی وەزیفی فەرمانبەر وەریگرتووە زیاتر بێت). - بەپێی یاسا بەرکارەکان، كەمترین رادەی مووچەی خانەنشینی (220) هەزار دینارە، کە بەشی زۆری هێزە ئەمنییەکان بەو ڕێژەیە خانەنیشین دەکرێن، بەڵام ئەوانەی خاوەن بڕوانامە و خزمەت و تەمەنی تەواون، بەشی زۆریان بە موچەی 80% بنەڕەتی خانەنیشین دەبن. ژمارەی خانەنشینیان لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەكان و سیستەمی بایۆمەتری (251 هەزارو 575) كەس بە ڕێژەی (22.4%) موچە خۆران بەناوی خانەنشینی مووچە وەردەگرن كە پێكهاتوون لە خانەنشینانی (فەرمانبەرانی شارستانی، پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ، كارمەندانی دەزگای گشتی ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش، خانەنشیانی پێشمەرگە، كەم ئەندامی سەنگەر، پلە باڵاكان)، بڕی مووچەی یەك مانگیان زیاتر لە( ١٠٠ ملیار) دینارە. ساڵانە لەهەرێمی کوردستان زیاتر لە (4 - 5) هەزار فەرمانبەر و مامۆستا و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لەهەرێمی کوردستان خانەنشین دەبن و بەپێی ئامارێکیش، لە ماوەی نێوان ساڵی (2014 - 2021)دا نزیکەی (40) هەزار کەس خانەنیشین بوون. ساڵانە لە یەكی تەموزدا دەست بە خانەنشینبوون دەكرێت، بۆ ساڵی (2021) فەرمانبەرانی لەدایكبووی ساڵی 1958 خانەنشین دەكران بۆ ئەمساڵیش لەدایک بوانی ساڵی (1959) خانەنشین دەکرێن. گەڕانەوەی داهات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان درەو بۆ دەرخستنی ئەو داهاتەی لە بەهۆی خانەنشینی فەرمانبەرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی حکومەت دوو نمونەی وەرگرتووە بەم شێوەیە. "وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ئەوانەی کە (32) ساڵ یان زیاتی خزمەتیان هەیە بە 80% موچەی بنەرەتی خانەنیشین دەکرێت" بەم پێیەش؛ مامۆستایەک کە (43) ساڵ خزمەتی کردووەو خانەنشین بووە کۆی موچەکەی بریتی بووە لە (1 ملیۆن و 970 هەزار) دینار بووە بە (80%) موچە بنەڕەتیەكەی خانەنشین دەكرێت موچەی بنەڕەتییەکەی (1 ملیۆن و 148 هەزار) دینارە بە (918) هەزار دینار خانەنشین کراوە، واتە بڕی (1 ملیۆن و 52 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت. بە هەمان شێوە نمونەی کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆ کە (16) ساڵ خزمەتی هەیەو بڕی (1 ملیۆن و 240) هەزار دینار کۆی موچەکەی بووە لە ئێستادا بە (220) هەزار دینار خانەنشین کراوە، واتە بڕی (1 ملیۆن و 20 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت. بەم پێیەش ئەگەر لەو (40) هەزار فەرمانبەرەی لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون بەتێکڕا یەکی (1) ملیۆن دینار لە موچەکەیان گەڕابێتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی دەکاتە (40) ملیار دیناری مانگانەو (480) ملیار دیناری ساڵانە، بۆ هەشت ساڵی ڕابردوو دەکاتە (3 ترلیۆن و 840 ملیار) دینار.
(درەو): دوای (20) رۆژ لە دەستپێكردنی دابەشكردنی موچەی مانگی 12ی ساڵی (2021)، هێشتا بەشێكی زۆری وەزارەتو دەستەكان موچەیان وەرنەگرتووە، حكومەت دەیەوێت نیشانی بەرپرسانی عێراقی بدات بەبێ پارەكەی بەغداد، موچەی بۆ دابەش ناكرێت. تائێستا حكومەتی هەرێم لەكۆی (900 ملیار) دیناری كۆی خەرجی مانگانەی موچە بڕی (636 ملیار) دیناری وەكو موچەی مانگی (12)ی ساڵی 2021ی دابەشكردووە. لە 25ی مانگی رابردووەوە، كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) دەستی بە دابەشكردنی موچەی مانگی (12) كردووە بەڵام هێشتا دابەشكردنی موچە تەواو نەبووە، ئەمە لەكاتێكدایە دەبێت ئێستا ئامادەكاری بۆ موچەی مانگی 1ی ساڵی 2022 بكات. فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد بەردەوام لێدوان دەداتو دڵنیایی دەدات لەبارەی ئەوەی بەغداد (200 ملیار) دینارەكە دەنێرێت، بەڵام بەغداد تائێستا نەیناردووە، حكومەتی هەرێم دابەشكردنی موچەی بەتەواوەتی خاو كردوەتەوە، دەیەوێت نیشانی بەغدادی بدات بەبێ ناردنی (200 ملیار) دینارەكە ناتوانێت موچە دابەش بكات. ئەو وەزارەتو دامەزراوانەی موچەی مانگی 12یان وەرگرتووە • وەزارەتی تەندروستی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (50 ملیار) دینارە • وەزارەتی پێشمەرگە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (133 ملیار) دینارە • وەزارەتی دارایی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (11 ملیار) دینارە • وەزارەتی كاروباری شەهیدان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (855 ملیۆن) دینارە • زیندانییە سیاسییەكان: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانەی (2 ملیار) دینارە • كەسوكاری شەهیدان: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (35 ملیار) دینارە • وەزارەتی ناوخۆ: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (178 ملیار) دینارە • وەزارەتی پەروەردە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (149 ملیار) دینارە • ئەنجومەنی ئاسایشو دەزگای ئاسایش: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (62 ملیار) دینارە • كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (4 ملیار) دینارە • كەمئەندامان: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (12 ملیار) دینار واتە بۆ مانگی 12ی ساڵی 2021، تائێستا لەكۆی خەرجی موچەی هەموو موچەخۆران كە مانگانە بڕەكەی (894 ملیار) دینارە، حكومەتی هەرێم بڕی (636 ملیار) دیناری بۆ موچەی ئەو مانگە خەرجكردووە. ئەو وەزارەتو دەستانەی كە هێشتا موچەی مانگی 12یان وەرنەگرتووە • ئەنجومەنی دادوەری: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم ئەنجومەنە مانگانە (4 ملیار) دینارە • وەزارەتی داد: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (5 ملیار) دینارە • وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (2 ملیار) دینارە • وەزارەتی ئەوقاف: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (8 ملیار) دینارە • وەزارەتی خوێندنی باڵا: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (41 ملیار) دینارە • وەزارەتی شارەوانی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (23 ملیار) دینارە • وەزارەتی گواستنەوە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (4 ملیار) دینارە • وەزارەتی كارەبا: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (18 ملیار) دینارە • وەزارەتی پلاندانان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (808 ملیۆن) دینارە • وەزارەتی كشتوكاڵ: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (9 ملیار) دینارە • مافی مرۆڤ: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (237 ملیۆن) دینارە • دەستەی دەستپاكی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (267 ملیۆن) دینارە • دەستەی وەبەرهێنان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (392 ملیۆن) دینارە • دەستەی ژینگە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (390 ملیۆن) دینارە • دەزگای مین: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەزگایە مانگانە (946 ملیۆن) دینارە • ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (111 ملیۆن) دینارە • دیوانی چاودێری: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (749 ملیۆن) دینارە • كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (568 ملیۆن) دینارە • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (4 ملیار) دینارە • وەزارەتی رۆشنبیری: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (5 ملیار) دینارە • وەزارەتی بازرگانی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (2 ملیار) دینارە • سەرۆكایەتی هەرێم: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم سەرۆكایەتییە مانگانە (ملیارێكو 155 ملیۆن) دینار • سەرۆكایەتی حكومەت: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم سەرۆكایەییە مانگانە (ملیارو 630 ملیۆن) دینارە • سەرۆكایەتی پەرلەمان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم سەرۆكایەتییە مانگانە (ملیارێكو 820 ملیۆن) دینارە • خانەنشینی سەربازی و مەدەنی: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (116 ملیار) دینارە ئەو وەزارەتو دەستانەی كە هێشتا موچەی مانگی (12)یان وەرنەگرتووە، تێكڕای خەرجی موچەكەیان بڕی (254 ملیار) دینارە. داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم ئەو داهاتانەی كە ئێستا مانگانە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەمشێوەیە: • داهاتی نەوت: 350 ملیۆن دۆلار واتا (520 ملیار) دینار • داهاتی ناوخۆ: (350 ملیار) دینار (ئەم داهاتە گومانی لەسەرەو هەمووی ناگەڕێتەوە) • پارەی هاوپەیمانان: (20 ملیار) دینار • پارەی بەغداد: (200 ملیار) دینار (ئەم پارەیە بۆ مانگی 12 هێشتا نەگەیشتووە) بەم شێوازە لە دابەشكردنی موچە، ئێستا كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)، هەموو رۆژەكانی مانگی تەرخانكردووە بۆ دابەشكردنی موچەو موچەی مانگێك تەواو ناكات، دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگێكی تر دەكات، بەم دۆخەشەوە هێشتا فەرمانبەران ناتوانن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا موچەكانیان وەربگرن. ئەمە لەكاتێكدایە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبونەوەی بەردەوام بەخۆوە دەبینێتو ئێستادا (86) دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێك تێپەڕاندووە، داهاتی ناوخۆو باجو رسوماتیش زۆر زیادی كردووە. كابینەی مەسرور بارزانی چەند مانگێكە لێبڕینی موچەی هەڵگرتووە، بەڵام شێوازی دابەشكردنی موچەی بەجۆرێك رێكخستووەتەوە كە هەمان كاریگەری مانگەكانی لێبڕینی موچەی لەسەر بژێوی موچەخۆران دروستكردووە. دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت قەیرانی موچە بۆ كابینەی مەسرور بارزانی دەبێت بە قەیرانێكی ئەبەدیو چارەسەر ناكرێت، رەنگە دواجار بە كابینەی قەیرانی موچە ناوببرێت.
(درەو): سبەینێ وادەی یاسایی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كۆتایی دێت، رۆژی 8ی شوبات دواین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارێكی نوێ لە عێراق. بەپێی ئەو عورفەی لە دوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، لەناو كورددا بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی، پۆستی سەرۆك كۆمار دراوە بە یەكێتیو پارتی لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بردووە. رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی ئێستا سڕكراوەو كاری پێناكرێت، بەڵام هێشتا لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتیو سەرۆكی هەرێمیش لای پارتییە. تا سایتی نوسینی ئەم راپۆرتە، كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەر (بەرهەم ساڵح)ە، بەڵام لە هەرێمی كوردستانەوە چەند كەسێكی تر باسلەوە دەكەن خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید دەكەن. خۆپاڵاوتن چۆن دەبێت ؟ بەگوێرەی ماددەی (3)ی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2012ی تایبەت بە خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەو كەسانەی خۆیان كاندید دەكەن، پێویستە لەماوەی ئەو (3) رۆژەدا داواكاریی خۆیانو بەڵگەنامەی پێویستو سیڤی خۆیان رادەستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن. پاش ئەو (3) رۆژە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بە گوێرەی ماددەی (4)ی یاساكە، ناوی ئەو كاندیدانە رادەگەیەنێت كە مەرجە یاساییەكانیان تێدایە بۆئەوەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكەن. بەگوێرەی ماددەی (5)ی ئەو یاسایە، هەر كاندیدێك كە ناوی خۆی تۆماركردووەو ناوەكەی لە لیستی كاندیدەكاندا نییە، دەتوانێت لە ماوەی سێ رۆژدا لە دادگای باڵای فیدراڵی پەڵپ بگرێت بەشێوەی نوسراو و پاشان دادگای فیدراڵی لە ماوەی (3) رۆژدا دوای تۆماركردنی پەڵپەكان، بڕیار لەبارەی یەكلاكەوەرەوەیان دەداتو بە فەرمی لە ماوەی (3) رۆژدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە بڕیارەكەی ئاگاداردەكاتەوە، پاشان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو كاندیدانە رادەگەیەنێت كە دادگای فیدراڵی كاندیدبوونیان پەسەند دەكات، دوای پەڵپ گرتنیان. كەی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت ؟ ماددەی (شەشەم)ی یاسای خۆپاڵاتن بۆ سەرۆكی كۆمار ئاماژەی بەوە داوە، دوای كۆتاییهاتنی ئەو پرۆسانەی سەرەوە، بە گوێرەی ماددەی (72)ی دەستوری عێراق، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران داوای كۆبوونەوە دەكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەنێو ئەو كاندیدانەی مەرجە یاساییەكانیان تێدایە. لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا هەر كاندیدێك توانی دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی پەرلەمانتاران كە دەكاتە (220 دەنگ) بەدەستبهێنێت، دەبێت بە سەرۆك كۆمار، ئەگەر هیچ كاندیدێك نەیتوانی ئەو دەنگە بەدەستبهێَنێت، ئەوا گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت لەنێوان ئەو دوو كاندیدەی كە زۆرترین دەنگیان لە گەڕی یەكەمدا بەدەستهێناوە، ئەو كەسەی لە گەڕی دووەمدا زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، دەبێتە سەرۆك كۆماری نوێی عێراق. بەپێی ماددەی (9)ی یاسای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەگەر تەنها یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەبوو، ئەوا پێویستە لە گەڕی یەكەمدا دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، ئەگەر نەیتوانی، ئەوا لە گەڕی دووەمدا پێویستە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت. سەرۆك كەی سوێندی یاسایی دەخوات ؟ پاش ئەو پرۆسەیە، سەرۆك كۆماری هەڵبژێدراو لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانو بەئامادەبوونی سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، سوێندی دەستوریی دەخوات بەوشێوەیەی كە لە ماددەی 50ی دەستوریدا هاتووەو ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك كۆمار (4) ساڵە، لە رۆژی سوێندخواردنەوە دەستپێدەكات تا كۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی ئەو ئەنجومەنی نوێنەرانەی كە سەرۆكی هەڵبژاردووە، تەنها مافی ئەوەی هەیە یەك خولی تر بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خۆی كاندید بكاتەوە، واتە ئەو سەرۆك كۆمارەی دوو خول لە پۆستەكەدا بوبێت، مافی نییە بۆ خولی سێیەم خۆی كاندید بكاتەوە.
نوسینی: ئاسۆ حاجی ئەوەی لە ناو پەڕلەمانی عێڕاق روویدا خاڵی وەچەرخانە لە مێژووی عێڕاق لە دووای روخانی رژێمی سەدام حسێن، دەکرێ ئەوە لە دوو خاڵ کورت بکەیەنەوە: یەکەم، هێزێکی نوێی شیعی لە دەرەوەی هێزە تەقلیدیەکانی شیعە کە بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ هەبوون و خەباتی سیاسی و چەکداریان لە دژی رژێمی سەدام دەکرد، هەروەها ئەو هێزە بە باگراوندێکی قەومی عەرەبی زیاتر لە مەزهەبی شیعی زۆرینەی پەڕلەمان بباتەوە. دووەم، سەردەمی رۆمانسیەتی سیاسی هێزە سیاسیە کوردستانیەکان و هێزە سیاسیە شیعەکان کۆتاییهات، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان براوەی یەکەمە و زۆرترین کورسی هەیە، پارتی وەک هێزێکی بە سەنگ و خاوەن مەرکەزیەتێکی توند لە بڕیاردان، باوەڕی وابوو کە دەبێ هەر لەگەڵ ئەو هێزە شیعیانەی کە مێژووی خەبات و تێکۆشان لە دژی دیکتاتۆریەتی سەدام بە یەکیان دەبەستێتەوە دەبێ هاوکار و هەماهەنگ بن لە بەڕێوەبەدنی عێڕاق، بەڵام رووداوەکانی ٢٠١٤ بە بڕینی بودجە و موچەی خەڵکی کوردستان، پاشان رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە هێرشکەرن و داگیرکردنەوەی کەرکوک، دواتریش لە هێرشی موشەکی و دڕۆن بۆ سەر شاری هەولێر، هۆکار بوون کە پارتی بڕیار بدا کە بچێتە هاوپەیمانەتیەک لەگەڵ رەوتی سەدر و سوونەکان. بۆ سەدڕ؟ کورد لە دوای روخانی سەدام حسێن تا دواین کابینەی حکومەتی عێڕاق کە ئێستاش لە سەر کارە، بە دەیان رێکەوتنی سیاسی لەگەڵ لایەنەکانی شیعەی پێکهێنەری کابینەکانی حکومەتەکانی عێڕاق کردووە، بەڵام یەک لەو رێکەوتنانەش وەک خۆی لەلایەن هێزەشیعیەکانەوە جێنەجێ نەکراوە، ئەوەش زیاتر لە هۆکارێکی لە پشتەوەیە کە دەکرێ لەو دوو خاڵە ئاماژەیان پێبدەین: ١- ئەو هێزە شیعیانەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانیان بە دەستەوە بووە، خاوەنی ئیرادەی سەربەخۆیی بڕیاردان نەبووینە، بەڵکو ئیرادەیان بە هێزی دەرەکیەوە گرێدراوە و هەموو بڕیار و کردارەکانیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی وڵاتێکی ئیقلیمی بووە، ئەوان بەو کارەیان گوایە خزمەت بە بیروباوەڕە مەزهەبیەکەی خۆیان دەکەن. ٢- هەر لە دوای روخانی سەدام ماڵی شیعە بەسەر چەند ناوەندێکی بڕیار دابەش ببوون، لە سەرتادا لە نێوان حیزبی دەعوە و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێڕاق دا، دواتر مەرجەعیەی نەجەفیش بووە ناوەندێکی کاریگەر لە سەر بڕیاری سیاسی شیعە، ئێستاش ئەو هێزانە زیاتر پەرت و بڵاون و خاڵی کۆکەرەوە و هاوبەشیان وڵاتی ئێرانە کە هەموویان لە چوارچێوەی هەماهەنگی کۆکردۆتەوە. دوو خاڵی دیکەی گرنگ هەیە کە پەیوەندیان بە رەوتی سەدڕ و کەسایەتی موقتەدا سەدڕەوە هەیە، کە هۆکاری سەرەکەی راکێشانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە سوونیەکانە بۆ لای خۆیان: یەکەم، رەوتی سەدر وەک لە مێژووی چەند ساڵەی دیارە، رەوتێکی یەکگرتووی خاوەند ناوەندێکی بڕیاردانی بەهێزە، موقتەدا سەدڕ خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوەیە و هیچ سەرکردە و کەسێک لە چوارچێوەی ئەو رەوتە ناتوانن بڕیارەکانی جێبەجێ نەکەن، کورد و سوونە لەو قۆناغەدا پێویستیان بە لایەنێکی شیعە هەیە کە حکومەت پێکبهێنێ خاوەن بڕیار بێ و جێبەجێی بکات. - کورد بۆ جێنەجێکردنی رێکەوتنەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێڕاقی دەربارەی شایستە داراییەکان( بودجە و موچە) هەروەها بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ناوچە کێشە لەسەرەکان پێویستیان بەلایەنێکی لەو شێوەیەیە. - سوونە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکانیان کە لەسەر دەستی داعش و حەشدی شەعبی وێران کران، هەروەها گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەبوویان بۆ سەر زێدی خۆیان، لەوانەش گرنگتر بۆ سوونە ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان لە داگیرکاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی. دووەم، رەوتی سەدڕ خاوەنی ٧٣ کورسی پەڕلەمانیە و وەک خۆیان دەڵێن دەتوانن ئەو ژمارەیە بۆ ٩٠ کورسی بەرز بکەنەوە، واتا رێکەوتن لەگەڵ یەک حیزب و یەک کەس باشترە لەوەی ناچار ببی لەگەڵ شەش حەفت لایەن رێکەوتن بکەی و هیچ گرێنتیەکیش نەبێت لەوەی ئەو لایەنانە رێکەوتنەکە جێبەجێ دەکەن، لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا زۆرینەی حیزب و هێزە سیاسیەکان لەلایەن کەسانی توندڕەو سەرۆکایەتی دەکرێن کە بەردەوام هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن نەک دەستی ئاشتبوونەوەی بۆ درێژ بکەن، ئەوەیان بۆ سوونەش راستە، کە رۆژانە لەلایەن میلیشیا شیعیەکانەوە رووبەڕووی دەرکردن و زولم دەبنەوە. ناو ماڵی کوردستانی بەرەو کوێ؟ یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەڕلەمانی عێڕاق ئەو راستیەی دووبارە کردەوە کە هێزە کوردیەکان بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناتوانن بە یەکگرتووی و یەکدەنگی بمێنەوە، چوونکە دوو ئاراستەی سیاسی جیاوازیان هەیە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەوە نیشاندایەوە کە بەشێکە لە ئەجێندای ئێرانی و ناتوانێ لەو بەرەیە بێتە دەروە، هۆکاری هەرە سەرەکی کێشە ناوخۆیەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن، ئێران لە دوای نەخۆشکەوتنی جەلال تالەبانی بە شێوەیەک وەبەرهێنانی لەسەر ئەو کێشانە کردووە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ئاسانی ناتوانێ لە ژێر هەیمەنەی ئێران دەربچێ، لە دواین سەردانی شاندی ئێران لە هەفتەی رابردوو بۆ سلێمانی لە دوای دیداریان لەگەڵ بافێل تالەبانی یەکسەر سەردانی لاهور جەنگیان کردووە، ئێران هەمیشە وابووە و ئیدارەی ململانێ و رەوتە دژ بەیەکەکانی داوە لە کوردستان، هەروەها ئەو داهاتەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دەروازە سنووریەکان بە دەستی دەکەوێ و زیاتر لە ٨٠٪ ی بۆخۆی دەگێڕێتەوە و تەنها لە نێوان ١٠٪ بۆ ١٥٪ دەگەڕێنێتەوە خەزێنەی حکومەت ئەوە بە هاوکاری ئێرانە، زۆر بابەت و خاڵی دیکە هەیە کە ئاماژەیان بۆ بکرێت بەڵام دەکرێ هەمووی لەو دێڕە کورت بکەیەنەوە ‘ ئەگەر ئێران نەبوایە ئێستا هێزێکی سیاسی کاریگەر بەناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەدەما. ئایا سەرۆک کۆمار کێشەیە؟ لە رووکەشدا وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری وەک کێشەی سەرەکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دادەندرێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کێشەکە لە ناوزەدکردنی کەسێک نیە بۆ ئەق پۆستە بە قەدەر ئەوەی کێشە لە سەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو پۆستەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان نە ساڵی ٢٠١٨ و نە ئێستاش کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە، بەڵکو کێشە لە میکانیزیمی دانانی کەسەکە بووە، پارتی پێی وابووە و پێی وایە دەبێ ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆماری عێڕاق نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستان بێت و بەرگریکار و پارێزەری دەستوور بێت، نەک پارێزەری لایەنێکی سیاسی یان ئەجێندایەکی سیاسی دیاری کراو بێت. بۆ ئەو خولەی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار و کابینەی نوێ، پارتی دیموکراتی کوردستان وای دەبینێ کە پێویستە پارتی و یەکێتی و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بتوانن لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن کە لە بەغدا بە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان پۆست وەردەگرن، لە هەر پلە پۆستێک بن، هەروەها دەیەوێ بەر لە کاندید کردن و دانای هەر کەسێک لە پۆستی سەرۆک کۆماری ئەو کەسە پێگیر بکرێ بە کارنامەیەکی رێکەوتن لە سەر کراو کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت لە چوارچێوەی دەستووری عێڕاقدا. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەو بڕوایەی وەک جاری پێشوو دەتوانێ بە پاڵپشتی شیعە سەرۆک کۆمار بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە بەبێ رێکەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، تا ئێستا مکوڕە لەسەر ئەوەی تەنها بەرهەم سالح کاندید دەکەنەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، کە ئەو عینادی و بێمنەتیەی یەکێتی لای پارتی جێگای قبوڵکردن نیە نەک بەرهەم سالح، وێڕای هەبوونی سەرنج و تێبینی زۆر لەلایەن پارتیەوە لە سەر ئەدای بەرهەم سالح لە ساڵانی رابردوویدا، بەڵام هەرگیز ناوی کەسیان رەت نەکردۆتەوە و هێلی سووریان لەسەر کەس نەبووە، تەنها ئەوەیە وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن و وەک گەورەترین هێز دەبێ هاوبەش بێ لە بڕیاری بەربژێرکردنی هەر کەسێک بۆ ئەو پۆستە. یەکێتی و پارتی دەتوانن چی بکەن؟ پارتی کە زۆرینەی کورسیەکانی هەرێمی کوردستانی بردۆتەوە وهاوپەیمانی لەگەڵ رەوتی سەدڕ و دوو گەورەترین هێزی سوونەکان کردووە، وەک لە دەنگدان بە سەرۆکی پەڕلەمان و جێگرەکانی دەرکەوت، دەتوانێ بە ئاسانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئەوە کارە ناکات ئەگەر یەکێتی ناچاری نەکات، چونکە دەزانێ ئەو کارە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر پێکەوە کارکردنی هەردوولا دەبێت لە کوردستاندا. یەکێتی ئەوە دەزانێ بۆیە کارتی ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخی کوردستان بە رووی پارتی بەرزکردۆتەوە، لە درێژەدان بە نەگەڕاندنەوەی داهاتی گشتی بۆ خەزێنەی حکومەت و زیاتر کارکردن بۆ پتەوکردنی حکومەتی حیزب لە ناوچەکانی سلێمانیدا، هەروەها هاندانی هێزە ئیقلیمیەکان بۆ زیاتر فشار کردن لە سەر پارتی بۆ ئەوەی بە داخوازیەکانی رازی بێت، لە بەرامبەردا یەکێتی بەشێکی کاریگەری پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان دەبێت، یەکێتی لەوەش زیاتر دەڕوا و ئێستا ماوە ماوە ئەو قسەیە بە گوێی پارتی دادەدەن کە ئەگەر ئەوەمان بۆ نەچیتە سەرێ ئەوە شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێ، وەک ئەوەی قوباد تالەبانی گوتبووی ئەگەر لێژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە کارەکانی دەروازە سنووریەکان لە دێگەڵە بپەڕێتەوە ئەوە شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێ. دەرئەنجام چۆن دەبێت؟ یەکێتی رێگایەکی دیکەی نیە جگە لە دانیشتن لەگەڵ پارتی و رێکەوتن لەسەر کارنامەیەک و کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، ئەگەر ئەوە روونەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێری خۆی دەبێت و بەو رێکەوتنەی هەیەتی دەتوانێ پۆستەکە وەرگرێ و رەنگە لەوەش زیاتر بڕوا و لە پشکی کورد لە وەزارەت و پۆستە گرنگەکان زۆرینەی لای خۆی بێت و بەشێکیش بداتە ئەو هێزە کوردستانیانەی خوازیارن لەگەڵی بچنە بەرەیەک، لەلایەکی دیکەشەوە پارتی دەتوانێ لە رێگای حکومەتی نوێ کە دەبێتە حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی پرسی داهاتی دەروازە و داهاتەکانی ناوخۆ چارەسەر بکات.
درەو: ئێرانیەكان لە پارتی دیموكراتی كوردستان توڕەن "بەڵێنەكەتان شكاند" نێچیرڤان بارزانی نیگەران بووە لەو شێوە بەشداریكردنەی پارتی، بافڵ تاڵەبانی وتویەتی" نابمە بەشێك لە تێكدانی ناو ماڵی شیعە". لە دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا ململانێكان چوونە قۆناغێكی ترەوە، مەسعود بارزانی و محەمەد حەلبوسی چوونە بەرەی سەدرەوە، چوار چێوەی هەماهەنگی كۆبونەوەكەیان بایكۆتكرد، فراكسیۆنی یەكێتیش بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی دانیشتنەكەیان جێهێشت، خەریكە مەشهەدە سیاسیەكان رونتر دەبێتەوە، دابەشبوونی لایەنەكان بەسەر جەمسەرەكاندا دەركەوتوون، لایەنە كوردیەكان دابەشبوون بەسەر سێ ئاراستەدا، پارتی بۆ لای سەدریەكان و یەكێتی بایكۆت و لایەنەكانی تریش ئۆپۆزسیۆن، سونەكان دابەشبوون تەقەدوم و عەزم بۆلای سەدریەكان و مەشهەدانی بۆلای چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشێكیشیان خۆیان دوورگرتووە، شیعەكانیش بۆ دوو جەمسەری ناكۆك دابەشبوون. ئێرانیەكان توڕەن پێشتر ئیرانیەكان چەند جارێك سەردانی هەولێر و سلێمانیانكرد، بەڵێنیان لە پارتی و یەكێتی وەرگرتبوو كە نەبنە بەشێك لە ململانێكانی ناو ماڵی شیعە و تا خۆیان یەكلا نەكەنەوە بەشداری لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا نەكەن، بەڵام پارتی بەرەی سەدری هەڵبژاردو یەكێتیش بایكۆت. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئێرانیەكان توڕەن لە هەنگاوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و سونەكان بۆ درووستكردنی زۆرینە لەگەڵ سەدریەكان، ئێرانییەكان بە روونی رایانگەیاندووە ئێمە لە سەدرییەكان نیگەران نین، بە پلەی یەكەم لە پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی مەسعود بارزانی نیگەرانین، چونكە ئەوان بەڵێنیان دابوو نەبنە بەشێك لە كێشەكانی ناوماڵی شیعەو تا خۆیان یەكلا نەكەنەوە نەچنە بەشدار نەبن لە هیچ پرۆسەیەكدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق، بەڵام پارتی بەرەی سەدریەكانی هەڵبژاردوو، كێشەی ناو ماڵی شیعەی لە قازانجی سەدر یەكلاكردەوە، ئێرانیەكان بەروونی رایانگەیاندووە كە ئەم هەڵوێستە قبوڵناكەن، چونكە ئەو هەنگاوەی حەلبوسی و بارزانی بە پلەی یەكەم دژی ئێران بووە نەك لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی. بە پێی زانیاریەكانی (درەو) نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوو رۆژ پێش دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق بەروونی بە سەرۆكی پارتی و مەكتەبی سیاسی حزبەكەی راگەیاندووە، بڕیاری بەشداریكردن و چونە بەرەی سەدر بڕیارێكی درووست نیە، بەروونی وتویەتی، ئێمە چی قازانجێكمان كردووە لە سەدریەكان، ئەوان چییان بۆ كردین لە بودجەی هەرێم و تا ئێستاش سەدر پێی وایە پێشمەرگە میلیشیایە، ئێتر ئەم بڕیارە لە پێناو چی؟ ئەمە سەرەرای ئەوەی ئێمە دەبینە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعەو دەبینە بەشێك لە بەرەی دژ بە ئێران لە كاتێكدا ئێمە بەڵێنمان داوە كە نەبینە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعەو تا خۆیان یەكلا نەكەنەوە بەشداری لە هیچ پرۆسەیەكدا نەكەین. هەنگاوە سێقۆڵیەكەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) تەنیا رەهەندی ناوخۆیی نیە بەڵكو بەشێكە لە ئەجێنداو ململانێیەكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ئەوەی دوێنێ روویدا بەروونی سەرخستنی ئەجێندای ( ئەمریكا و بەریتانیا و ئیمارات و توركیا) بوو بەسەر بەرەی ئێرانی ( مالكی، عامری، تاڵەبانی). یەكڕیزییەكەی پارتی و یەكێتی پارتی و یەكێتی بە وەفدێكی هاوبەش لە بەغداد بوون، بەڵام بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا و مەسعود بارزانی لە پیرمام بڕیاری یەكلاكەرەوەیان دەدا، ئەمە یەكڕیز و وەفدی هاوبەشی نێوانیانی هەڵوەشاندەوە. بارزانی بڕیاری خۆیدا لەگەڵ سەدر و حەلبوسی رێككەوتنی كردو پرسەكانی تێپەڕاند، بافڵ تاڵەبانیش بڕیاریداو فراكسیۆنەكەی لە هۆڵی پەرلەمان كشاندەوە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە ئێمە نابینە بەشێك لە كێشەو ململانێكانی ناو ماڵی شیعە، وەك چۆن نامانەوێت ئەوانیش ببنە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی كوردی، هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە بافڵ تاڵەبانی لەسەر پێشنیازی ئێرانیەكان لە هۆڵی پەرلەمان كشاوەتەوە، ئێرانیەكان پێیان راگەیاندووە، ئەگەر لەم قۆناغەشدا سودمەند نەبن، ئێمە لە داهاتوودا قەرەبووی ئەو هەڵوێستەتان دەكەینەوە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) سەدرییەكان چەند جارێك پەیوەندییان بە بافڵ تاڵەبانیەوە كردووە و پێیان راگەیاندووە، دەمانەوێت لەگەڵمان بن، پاڵپشتان دەبین لە دانانی سەرۆك كۆمارو ئەو كاندیدەی خۆتان دەتانەوێت و پێدانی پۆستی وزاری پێتان، بەڵام بافڵ تاڵەبانی بەو پێشنیازانە رازی نەبووەو وتویەتی نامانەوێت ببینە بەشێك لە كێشەی ناو ماڵی شیعە. ململانێی سەرۆك كۆمار زۆرینەی پەرلەمانی ( سەدر، بارزانی ، حەلبوسی) دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان بۆخۆیان برد و سەرۆكە سونیەكەیان بۆ حەلبوسی مسۆگەر كرد بەدەنگی (200) ئەندام واتا (61%)ی ئەندامانی پەرلەمان، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بن، دەتوانن بە ئاسانی سەرۆك وەزیران بۆ سەدریەكان مسۆگەربكەن و سەرۆك كۆماریش بۆ پارتی، چونكە خۆیان زۆرینەن و ئەتوانن بە ئاسانی هەموو بڕیارێك تێپەڕێنن. تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بە حەزەرەوە باس لە پرسی سەرۆك كۆمار دەكات، نایەوێت لەوە زیاتر یەكێتی نیگەران بكات، ئەوان دەیانەوێت فشار لەسەر یەكێتی درووست بكەن بۆ گۆڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار، چونكە تا ئێستا بەرپرسانی یەكێتی باس لەوە دەكەن تاكە كاندیدیان ( بەرهەم ساڵًح)ە كە لەلایەن مەسعود بارزانیەوە ڤیتۆی لەسەرە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی بە یەكێتیان راگەیاندووە كە ئەوان دەبێت لانی كەم دوو كاندید پێشكەشبكەن و رەزامەندی بارزانی لەسەر یەكێكیان بێت، نیازی پارتی ئەوەیە كە یەكێتی كەسێكی تر لە بری بەرهەم ساڵح كاندید بكات و بیكەن بە كاندیدی كورد. ئەمە سەرەرای ئەوەی زۆرینەكەی ( سەدر، بارزانی، حەلبوسی) دەیانەوێت تەواوی پۆست و جومگە سەرەكیەكانی عێراق لە دەستی خۆیاندا بێت و خۆیان بڕیار لەسەر پرسە گرنگەكان بدەن و هیچ پۆست و كەس و لایەنێك رێگر نەبێت لە جێبەجێكردنی ئەجێنداكانیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو، ئەم بەرە سێقۆڵیە دەیانەوێت پێكەوە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە كۆنترۆڵ بكەن، حەلبوسی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەدر سەرۆكایەتی حكومەت و پارتیش سەرۆكایەتی كۆمار، بۆیە بارزانی نایەوێت كەسێك لە سەرۆكایەتی كۆمار بێت پێچەوانەی ئەچێنداو روانینی ئەو بێت. ئەوەی پەیوەندی بەناوخۆی یەكێتیشەوە هەیە، تا ئێستا بافڵ تاڵەبانی پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكات، ناوی د. خەسرەو گوڵ محەمەد و عیماد ئەحمەد بەگەرمی دێت، د. لەتیف رەشید چاوی لە پۆستەكەیەو چەند جارێك بەرپرسانی پارتی بینیوەو پێی راگەیاندوون، ئەگەر ئێوە كاندیدی خۆتان دەبێت من خۆم كاندید ناكەم ئەگەر بەرهەم ساڵح كاندید بێت منیش خۆم كاندید دەكەم. ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتنی كردووەتەوە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق،
شیكاری: درەو ئەو (٣٢٩) پەرلەمانتارەی عێراق كە دوێنێ سوێندی یاساییان خوارد بە سەرجەمیان (٤ ملیۆن) دەنگیان بەدەستهێناوە لەكۆی (22 ملیۆن) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، (18 ملیۆن) كەس دەنگیان پێنەداون، بەم جۆرەش ئەندامانی خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق بە ڕێژەی (١٨%)ی دەنگی دەنگدەرانی عێراق گەیشتوون بە پەرلەمان! بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەوە، کاندیدی سەرنەکەوتوو هەیە ژمارەی دەنگەکەی زۆرترە لە دەنگی (٣١٥) لەو کانیدانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. زیاتر لەوەش ئەو دەنگەی بەدەستی هێناوە زیاترە لە دەنگی (٨) کاندیدی سەرکەوتوو پێکەوە! ئەنجامی هەڵبژاردن رۆژی 30/11/2021 دەستەی دادوەریی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دوای پێداچوونەوە بە تانەکاندا، ئەنجامی کۆتایی و پەسەند کردو ناوی کاندیدە سەرکەتووەکانی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە. هەر بەپێی ئەنجامەکان، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (٢٢ ملیۆن و ١١٦ هەزار و ٣٦٨) هاوڵاتی عێراقی بوونە، بەڵام کۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە (٩ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١) دەنگ، ئەوەش دەکاتە ٤٤٪ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی عێراق. هاوکات ٨٪ی دەنگەکانیش پووچەڵبوون، کە دەکاتە (٧٢١ هەزار و ٩٧٩) دەنگ، بەو پێیەش (٨ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٦١٢) دەنگیان بە ڕاستەقینە هەژمار کراوەن. بەپێی دوا زانیارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن (٢١) هاوپەیمانی و (١٠٨) حیزبی سیاسی (٧٨٩) کاندیدی سەربەخۆ لە ڕێگەی (٣ هەزار و ٢٢٥) کاندیدەوە بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە. کاندیدە سەرکەوتووەکان (١٣٨) یان لە هاوپەیمانێتییەکان و (١٤٨) کاندیدی حیزبە سیاسییەکان (٤٣) یان سەربەخۆ بوونە، دیارتیرین لایەنە سەرکەوتووەکانیش بریتین لە رەوتی سەدر (٧٣) كورسی و هاوپەیمانی تقدم (محەمەد حەلبوسی): (٣٧) كورسی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (نوری مالیكی) (٣٣) كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان: (٣١) كورسی (بۆ وردەکاری ئەنجامەکان بڕوانە پاشکۆی ڕاپۆرتەکە) کاندیدی ئافرەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت (٢٥%)ی پێکهاتەی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئافرەتان پێکبێت، واتە لە (٣٢٩) کورسی پەرلەمان دەبێت بە لانی کەمەوە (٨٣) نوێنەریان ئافرت بن، بەو هۆکارەش عێراق دابەشی (٨٣) بازنەی هەڵبژاردن کرا. بەڵام بەپێی ئەنجامەکانی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمسیۆن (٩٥) کاندیدی ئافرەت و بە ڕێژەی (٢٨.٨٧%) سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، جێی ئاماژەیە لەو (٩٥) کاندیدە ئافرەتە تەنها (٣٨) کاندیدیان بە کۆتا سەرکەوتوون (٥٧) کاندیدیان ڕێژەی دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە. ڕیزبەندی 10 کاندیدی سەرکەوتووی خاوەن زۆرترین دەنگ بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو (١٠) کاندیدە سەرکەوتووەی زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە، سەرجەمیان لە ڕەگەزی نێرن و کانیدیدی یەکەمیان (یەکگرتوو)ەوە و لە پارێزگای دهۆک (٥٦ هەزار و ٧٠٢) دەنگی بەدەستهێناوەو (٦) کاندیدیان لە (پارتی دیموکراتی کوردستان)ن (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) ڕیزبەندی 10 کاندیدی سەرکەوتووی خاوەن کەمترین دەنگ بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو (١٠) کاندیدەی بە کەمترین دەنگ سەرکەتوون سەرجەمیان لە ڕەگەزی (مێ)ن و (٨) کاندیدی یەکەمیان بە کۆتا سەرکەوتوون، دوو کاندیدی کۆتاییان (واتە نۆیەم و دەیەمیان) دەنگی پێویستیان لە بازنەکانی خۆیا بەدەست هێناوەو بەبێ سیستمی کۆتا سەرکەوتوون، ئەو کاندیدە سەرکەوتووەشی کەمترین دەنگی بەدەستهێناوە لە بازنەی (٣) پارێزگای کەربەلایەو تەنها (هەزار و ٧٣٠) دەنگی بەدەستهێناوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (٢)) نادادپەروەری لە ئەنجامی هەڵبژاردن یەکەم: بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (٢٢ ملیۆن و ١١٦ هەزار و ٣٦٨) هاوڵاتی عێراقی بوونە، بەڵام کۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە (٩ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١) دەنگ، ئەوەش دەکاتە نزیکەی ٤٤٪ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی عێراق. هاوکات ٨٪ی دەنگەکانیش پووچەڵبوون، کە دەکاتە (٧٢١ هەزار و ٩٧٩) دەنگ، بەو پێیەش (٨ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٦١٢) دەنگیان بە ڕاستەقینە هەژمار کراوە. بەڵام بەپێی داتاکانی کۆمسیۆن ئەو (٣٢٩) کاندیدەی سەردەکەون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرجەمیان (٤ ملیۆن و ٦٨ هەزار و ٦٢٧) دەنگیان بەدەستهێناوە (بڕوانە پاشکۆی ڕاپۆرتەکە)، بەم جۆرەش بێت ئەندامانی خولی داهاتووی عێراق بە ڕێژەی (١٨.٤%)ی دەنگی دەنگدەرانی عێراق گەیشتوون بە پەرلەمان! دووم: بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەکەوە، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لەو کاندیدانەی سەرکەوتوون لە بازنەکانی خۆیان، دەنگیان کەمترە لە کاندیدێکی سەرنەکەتووی بازنەیەکی تر، بە پێچەوانەوە ڕوویداوە. بۆ نمونە لە بازنەی (١)ی پارێزگای هەولێر کاندیدی ژمارە (٢٤) کە (فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی)یەو لە نێو کاندیدە دەرنەچووەکان لەسەر ئاستی سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردنی عێراق زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوەو کە (٢٧هەزار و٦٠٤) دەنگە، ئەو ژمارە دەنگەش زۆرترە لە دەنگی (٣١٥) لەو کانیدانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. زیاتر لەوە، ئەو ژمارە دەنگەی ناوبراو بەدەستی هێناوە زیاترە لە دەنگی (٨) کاندیدی سەرکەوتوو پێکەوە کە بە کۆتا و کەمترین دەنگەیان هەیە لە نێو کاندیدە سەرکەوەتووەکان و هەر هەشتیان (٢٣ هەزار و ٩٦٨) دەنگیان بەدەست هێناوە (بگەڕێوە خشەتی ژمارە (2)) پاشکۆی ڕاپۆرت وردەکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن
(درەو): ئەمڕۆ یەكەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی دەستوری عێراق، لەم دانیشتنەكە (سەرۆكی پەرلەمان)و (دوو جێگر) بۆ سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن. دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەپێی دەستور بەشێوەی "راستەوخۆو نهێنی"ی دەبێت، سەرۆكیو جێگرەكانی سەرۆكی پەرلەمان بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی پەرلەمانتاران هەڵدەبژێردرێن. ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق (329) ئەندامە، زۆرینەی رەها واتە دەبێت (165) پەرلەمانتار بە جیا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانو هەردوو جێگرەكەی بدەن. بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2005ەوە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی سوننەیە، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ شیعەیەو جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی كوردە. سەرباری هەندێك ناكۆكی، سوننەكان لەناوخۆیان لەسەر ئەوە رێككەوتوون جارێكی تر (محەمەد حەلبوسی) بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكەنەوە، ئەم رێككەوتنە لە ئیماراتی عەرەبی كراوەو لە بارەگای بارزانی لە پیرمام موبارەكە دەكرێت. حەلبوسی پێشتر لە یەكێتی نزیك بوو، ماڵێكی لە سلێمانی هەبوو، بەڵام بەمدواییە لە پارتیو مەسعود بارزانی نزیك بوەتەوەو پارتی پشتیوانی دانانەوە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن. خولی پەرلەمان بەپێی دەستوری عێراق، ماوەی (4 ساڵ) دەخایەنێت، وادەكەی لە یەكەمین دانیشتنی خولی نوێوە دەستپێدەكات. پێشبینی دەكرێت لە دانیشتنی سبەینێدا، حەلبوسی وەكو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، ڤیتۆی ئێرانی لەسەرە، ئەگەر ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دروست ببێت، كۆبونەوەی سبەینێ پەرلەمان بە كراوەیی دەهێڵدرێتەوە تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن. رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق "نیساب"، بەگوێرەی دەستوری عێراق، زۆرینەی رەهایە، وادە بەڕێوەچوونی هەر كۆبونەوەیەك پێویستی بەوەیە لانی كەم (165) ئەندام ئامادەبن. بڕیارەكان لەناو پەرلەمانی عێراق، دوای تەواوبوونی نیسابی یاسایی، بە دەنگی "زۆرینەی سادە"ی پەرلەمانتاران تێدەپەڕێت. دەسەڵاتەكانی پەرلەمان دەستور، ئەركی پەرلەمانی عێراقی بەمشێوەیە دیاریكردووە: • دەركردنی یاسا فیدراڵییەكان • چاودێریكردنی كاری دەسەڵاتی جێبەجێكردن • هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار • رێكخستنی پرۆسەی پەسەندكردنی پەیماننامەو رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان لەرێگەی یاساوە كە دوو لەسەرسێ پەرلەمانتاران دەنگی پێبدەن • پەرلەمان بە دەنگی "زۆرینەی رەها"ی ئەندامەكانی، لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی پڕكردنەوەی ئەم پۆستانە پەسەند دەكات: - دانانی سەرۆكو ئەندامانی دادگای پێداچونەوەی فیدراڵی - دانانی سەرۆكی داواكاری گشتی - دانانی سەرۆكی دەستەی چاودێری دادوەریی • دانانی باڵیۆزو خاوەن پلە تایبەتەكان، لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران • دانانی سەرۆكی ئەركانی سوپاو یاریدەدەرەكانیو ئەوانەی لە پلەی فەرماندەی فیرقە بەرەوسەرن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆك كۆمار چۆن لادەبرێت ؟ • پەرلەمان لێپرسینەوە لە سەرۆك كۆمار دەكات لەسەر داوای زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان • لادانی سەرۆك كۆمار لە پۆستەكەی بە زۆرینەی رەهای دەنگی پەرلەمان، دوای تاوانباركردنی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، لە یەكێك لەم حاڵەتانەدا: - شكاندنی سوێندی دەستوریی - پێشێلكردنی دەستور - ناپاكی گەورە حكومەت چۆن هەڵدەوەشێتەوە ؟ • پەرلەمان دەتوانێت بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی ئەندامەكانی متمانە لە وەزیرەكانی حكومەت وەربگرێتەوە • سەرۆك كۆمار دەتوانێت داوای وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێشكەشی پەرلەمان بكات • پەرلەمان لەسەر داوای یەك لەسەر پێنجی ئەندامەكانی، دەتوانێت داوای سەندنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران بكات.. • پەرلەمان بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی ئەندامەكانی متمانە لە سەرۆك وەزیران وەردەگرێتەوە • لە حاڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران، كابینەی حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت • لە حاڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە حكومەت بەگشتی، سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكان بەردەوام دەبن لە پۆستەكانیان وەكو كاربەڕێكەر بۆ ماوەیەك كە لە (30) رۆژ زیاتر نەبێت، تا ئەوكاتەی ئەنجومەنێكی وەزیرانی نوێ دروست دەكرێت • پەرلەمان مافی بانگهێشتكردنی بەرپرسانی دەستە سەربەخۆكانی هەیەو دەتوانێت بە دەنگی "زۆرینەی رەها"ی ئەندامەكانی لەپۆستەكانیان دوریان بخاتەوە • پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامەكانی، لەسەر داوایەكی هاوبەشی سەرۆكی كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی دەدات لەسەر راگەیاندنی جەنگ، باری نائاسایی • حاڵەتی باری نائاسایی بۆ ماوەی 30 رۆژ رادەگەیەنێتو دەتوانێت وادەكە درێژتریش بكاتەوە • حكومەت پرۆژەیاسای بودجە دەخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی • ئەندامانی پەرلەمانی عێراق حەسانەی یاساییان هەیەو لەو ماوەیەدا كە پەرلەمانتارن، روبەرووی دادگا ناكرێنەوە، مەگەر پەرلەمان بەزۆرینەی رەها حەسانەیان لەسەر هەڵبگرێت پەرلەمان چۆن هەڵدەوەشێتەوە ؟ • لەسەر داوای یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان یاخود داواكاری سەرۆك وەزیران لەسەر رەزامەندی سەرۆك كۆمار، بە "زۆرینەی رەها"ی دەنگی ئەندامەكانی، پەرلەمان دەتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام ئەم كارە نابێت لەكاتێكدا بكرێت كە سەرۆك وەزیران بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی پەرلەمان كرابێت. • لە حاڵی هەڵوەشانەوەی پەرلەماندا، سەرۆك كۆمار بانگەواز بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەكات لەماوەیەكدا كە لە (60) رۆژ زیاتر نەبێت لە رۆژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە، لەم حاڵەتەدا ئەنجومەنی وەزیرانیش بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێتو بەشێوەی كاربەڕێكەر كاروبارەكان بەڕێوەدەبات
راپۆرت: درەو جارێكی تر كورد دەچێتەوە ناو دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق، وا دیارە ئەمجارەش دانوستانی كورد لە بەغداد لەسەر پۆستە حكومییەكان چڕدەبێتەوە، بەوپێیەی تائێستا پارتیو یەكێتی وەكو دوو لایەنی دانوستانكار كارنامەی خۆیان سەبارەت بە گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان بۆ رایگشتی لە هەرێمی كوردستان رانەگەیاندووە. ئەمە لەكاتێكدایە، ئەم ئێوارەیە وەفدی هاوبەشی پارتیو یەكێتی بەفەرمی لە بەغداد دەستیان بەگفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق كردو لەیەكەمین وێستگەی گفتوگۆكاندا سەردانی دەستەی سیاسی رەوتی سەدریان كرد وەكو لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن. لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003، ئەمە هەشتەمین كابینەی حكومییە كە لە عێراق دروست دەكرێت. پشكی كورد لە كێكەكەی بەغداد رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق یەكەمین دانیشتنی خۆی سازدەدات، ماوەی دوو رۆژ دەرفەت لەبەردەم لایەنە سیاسییەكاندا ماوە بۆ ئەوەی دانوستانەكانیان ببڕێننەوە، بەپێچەوانەوە دەبێت پەرلەمانی عێراق هاوشێوەی خولی پێشوو، دانیشتنی یەكەمی خۆی بە كراوەیی بهێڵێتەوە تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن. سەرەتای دانوستانەكان بە رێككەوتن لەسەر پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق (سەرۆكی پەرلەمانو جێگرەكانی، سەرۆك كۆمار، سەرۆكی حكومەت) دەستپێدەكات. ئەگەر كابینەی وزاری لەڕووی ژمارەی وەزارەتەكانەوە وەكو خۆی بمێنێتەوە كە ئێستا (22) وەزارەتە، پشكی كورد لە كابینەی هەشتەمدا بەمشێوەیە دەبێت: • پۆستی (سەرۆك كۆمار) بۆ یەكێتی • پۆستی (جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان) بۆ پارتی • (3 بۆ 4) وەزارەت لە كابینەی نوێی حكومەتدا، یەكێك لە پۆستە وزارییەكان پۆستی باڵا دەبێت (وەزارەتی دەرەوە یاخود وەزارەتی دارایی)، پارتی دوو وەزارەت دەبات، یەكێكیان وەزارەتێكی باڵا دەبێت، یەكێتیش وەزارەتێك دەبات • چەندین پۆستی باڵا لە بەڕێوەبەری گشتیو بریكاری وەزیرو باڵیۆزو دەستە سەربەخۆكان، ئەم پۆستانە لەنێوان پارتیو یەكێتی دابەش دەكرێنو هەندێكجار بەشی لایەنە سیاسییەكانی تری كوردستانیشی لێدەدرێت ئەمە هاوكێشەی دابەشكردنی پشكی كوردە لە پۆستەكانی بەغداد لەدوای روخانی سەددامەوە. خواستی كورد لە عێراقدا لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لە ساڵی 2003، لایەنە كوردییەكان بەشدارن لە پەرلەمان و حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا، لە 18 ساڵی رابردوودا كە كورد بەشداری سەرەكی بووە، كێشە و گرفتەكانی كورد لە عێراق لەبری چارەسەركردنی زیاتر بوون، ئەمەش هەندێك بۆ خراپی سیاسەتی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی دەگێڕنەوە، هەندێكی تر دەیخەنە ئەستۆی خراپی ئاستی نوێنەرانی كورد. ئێستا هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی ژمارەیەك كێشە و پرسی هەڵپەسێردراویان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا هەیە، كە هەندێكیان نوێن. دۆسیەی یەكەم: ماددەی 140ی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی چارەنوسی كەركوكو ناوچە "كێشەلەسەرەكان"، كە تائێستا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوەو لە 16ی ئۆكتۆبەریشەوە دۆخەكە خراپتر بووەو كورد بەتەواوەتی كۆنترۆڵی ئەمنیو ئیداری ئەو ناوچانەی لەدەستداوە، گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو، پێویستی بە گفتوگۆی چڕو سەختی لایەنە كوردییەكان دەبێت لە بەغداد، بەڵام پارتیو یەكێتی بەر لە شەڕی جێبەجێكردنی ئەم ماددە دەستورییە لە دانوستانەكانیان لەگەڵا لایەنە عێراقییەكان، لەناو خۆیاندا لەسەر كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك ناكۆكن، بەهۆی ئەم ناكۆكییەوە، لە هەردوو كابینەی عادل عەبدولمەهدیو مستەفا كازمیدا، پۆستی پارێزگاری كەركوك نەگەڕایەوە بۆ كورد، ساڵی 2018 كە كابینەی حەوتەمی حكومەت لە عێراق دروستكرا، ئەوكاتیش هاوشێوەی ئێستا، پارتی لەبری پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی، داوای پۆستی پارێزگاری كەركوكی دەكرد، وەفدی هەردوولا دوای پێكهێنانی حكومەت، چەند دانیشتنێكیان كرد بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش، بەڵام نەگەیشتن بە رێككەوتن، لەكاتی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمیشدا، یەكێتی بەشداریكردنی لە حكومەتەكەدا بەستەوە بە پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگار لەلایەن كاندیدێكی یەكێتییەوە، بەڵام ئەم مشتومڕەش بەبێ ئاكام كۆتایی هات. دۆسیەی دووەم: نەوتو غاز ئەمەش یەكێكە لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمو بەغداد، بەهۆی نەبوونی یاسای نەوت و غازەوە لە عێراق، فرۆشتنی نەوتو سامانە سروشتییەكانی تری هەرێم لەسەر ئاستی دەرەوە كێشەی بۆ دروستبووەو ساڵانە لەچوارچێوەی بودجەی گشتی عێراقدا رێككەوتنی لەرزۆكی لەبارەوە دەكرێتو چارەسەری ریشەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە. پەسەند نەكردنی یاسای تایبەت بە نەوتو غاز وایكردووە، هەردوولا (هەولێرو بەغداد) لەروانگەی خۆیانەوە لێكدانەوە بۆ دەستور بكەن، ناشەفافبوونی پرۆسەی نەوتیش لە هەرێمی كوردستان هێندەی تر كێشەكەی قورس كردووە، بەوهۆیەوە بەغداد پشكی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق راگرتووە، ئەمەش یەكێكە لە پرسە قورسەكانو دیار نییە لە كابینەی حكومەت و پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا نوێنەرانی كورد دەتوانن لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان یەكلایی بكەنەوە یاخود هاوشێوەی ساڵانی پێشتر لەچوارچێوەی یاسای بودجەدا، پاش لێدەكردنی داهاتی نەوت، بڕەپارەیەك بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەكرێت. دۆسیەی سێیەم: كێشەی یارمەتی دارایی و سەربازی پێشمەرگە بەپێی دەستوری عێراق هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشێكە لە سیستمی بەرگری عێراق، دەبێت لەچوارچێوەی بودجەی سیادی عێراقدا خەرجییەكانی پێشمەرگە دابین بكرێت لەنمونەی چەك و تەقەمەنی و راهێناو موچە، بەڵام تائێستا حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق ئەم پرسەیان بە هەڵپەسێردراوی هێشتوەتەوە، لەمەشدا هەندێكجار رەخنە لە لایەنە كوردییەكان بە تایبەتی (پارتی و یەكێتی) دەگیرێت كە لە چەند ساڵی رابردوودا نەیانتوانیوە ئامارێكی ورد لەبارەی ژمارەی پێشمەرگەوە بە حكومەتی عێراق بدەن. دۆسیەی چوارەم: پلەو پۆستەكانو بەشداری سیاسی كورد لە عێراق بەپێی رێژەی نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق كە نزیكەی 20%ە، دەبوو بە هەمان رێژە كورد ئامادەگی لە هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراقدا هەبێت، بەڵام ئەم رێژەیە لە هەندێك دامەزراوەی وەكو سوپادا لە خواروو رێژەی 2%وەیە، سەرباری ئەمە چەندین پۆست هەن لە بەغداد كە لە دەستی كورددا بوون و دواتر لابردنی بەرپرسە كوردەكان بە هەر هۆكارێك، خەڵكانی تر لە پێكهاتەی كورد دانەنراون، ئەمەش بەشێكی بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی عێراقدایەو بەشەكەی تری دەكەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنە كوردییەكان بەتایبەتیش (پارتی و یەكێتی) وەكو دوو بەشداری سەرەكی.
هێمن محهمهد عهبدوڵا هێزی نهرم بریتییه له توانایی بهدهستهێنانی بهرژهوهندییهكان به شێوازی نهرم و نیان و ئاشتییانهی دوور له توندوتیژی و سوپا، ههروهها دوور له گوشاری ئابووری و پێدانی پاداشتی دارایی (بهرتیل)، سهركهوتنی هێزی نهرم پهیوهسته به ڕادهی پێشكهوتوویی و دهوڵهمهندی كلتوری وڵاتهوه و له ههمان كاتیشدا زیرهكیی و لێوهشاوهیی نێردراوه سیاسییهكانهوه، ئهم هێزه زیاتر له ئاستی نێودهوڵهتییدا بهكاردههێنرێت و سهرچاوهكانی جێبهجێكردنیشی جۆراوجۆرن، میدیا یهكێكه له ئامرازه گرنگهكان كه له جێبهجێكردنی ئهم هێزهدا بهكاردههێنرێت، چهمكی هێزی نهرمیش بۆ یهكهمجار لهدوای ڕوخانی یهكێتی سۆڤێتهوه بهكارهێنرا. ئێمه تا ڕادهیهك ئاشناین به ئهوهی هێزی نهرم كه لهلایهن حكومهت و یهكه دهوڵهتییهكانهوه بهكاردههێنرێت بهتایبهتیش له سیاسهتی دهرهكی دا بۆ ئهوهی سهرنجی جهماوهری جیهانیی به لای وڵاتهكانیاندا ڕابكێشن و ڕووه جوانهكهی خۆیان نیشانی جیهانی دهرهوه بدهن، ههروهها بتوانن به شێوهیهكی نهرم و نیان و ئاشتییانه كاریگهریی لهسهر بڕیاری سیاسی حكومهتهكانی تر دروستبكهن، ئهوهی كه سهرنجڕاكێشه ئهوهیه كه ڕێكخراوه توندڕۆكان پهنا ببهنه بهر بهكارهێنانی ئهم جۆره هێزه، چونكه ههمیشه ئهوهمان بینیوه كه ئهم جۆره ڕێكخراوانه به زهبری هێز و ئهنجامدانی توندوتیژیی ویستوویانه خۆیان بسهپێنن، ئهوهی كه ئهم كارهی بۆ تاڵیبان و گرووپ و بزووتنهوهكانی هاوشێوهی ئاسان كردووه تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانه, ئهم تۆڕانه مهرجی سهپێنراوی وهكو پێویستیی ههبوونی كیانی فهرمی دانپێدانراو یان دهوڵهتیی نیه ههتا له هێزی نهرمدا بهكارببرێت، ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له ڕێگهی تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانهوه هێزی نهرمی تاقیكردووهتهوه و تهنها له ئهمریكا 250 هاووڵاتی پهیوهندییان به داعشهوه كردووه و قایلی كردوون بڕۆنه سوریا، ههروهها ههزاران كهسی تر كه ههڵگری پاسپۆرتی ئهوروپیین پهیوهندییان به داعشهوه كردووه، بزووتنهوهی تاڵیبانیش سوودی له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكان وهرگرتووه و دهیان ههزار ههژماری فهرمی و نافهرمی دامهزراندووه تا بههۆیانهوه هێزی نهرمی خۆی بهگهڕبخات بۆ ئهوهی لهلایهن جهماوهری ئهفغانییهوه قهبوڵ بكرێن و له لایهكی تریشهوه له ئاستی نێودهوڵهتییدا جێپێی خۆیان بكهنهوه، لهم باسهدا ئهوه دهخهینهڕوو كه چۆن تاڵیبان توانیویهتی بههۆی تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانهوه هێزی نهرم تاقی بكاتهوه و لێرهشهوه سەرقاڵی گۆڕینی خۆیەتی لە بزووتنەوەیەکی چەکدارەوە بۆ حکومەتێکی شارستانی. تاڵیبان كاتێك له ئهیلولی ساڵی 1996 له ئهفغانستاندا دهسهڵاتیان پهیدا كرد، ئینتهرنێتیان قهدهغه كرد و له ههر ماڵ و شوێنێكدا تهلهڤزیۆن و كامێرا و كاسێتی ڤیدیۆییشیان بهدی بكردایه دهیانشكاند و لهناویان دهبردن، بهڵام ورده ورده لهگهڵ گۆڕانكارییهكاندا ڕۆیشتن، وتیان دوژمنهكانمان كهناڵی میدیاییان ههیه و ئێمهش پێویسته ههمانبێت، له ساڵی 2005 دا ماڵپهری فهرمییان به ناوی (ئهلئهماره) دامهزراند و ههتاوهكو ئێستا بهم ناوهوه له تویتهر و تۆڕهكانی تریش نووسین و ڤیدیۆ و پهیامهكان به زمانهكانی عهرهبی و ئینگلیزی و سێ دیالێكتی ئهفغانی بڵاودهكهنهوه، تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانیشیان لهلایهن لیژنهی فهرههنگی بزووتنهوهكهوه سهرپهرشتی دهكرێت, ئێستا ههزاران ههژماریان له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكاندا ههیه كه ههندێكیان فهرمی و ههندێكیشیان نافهرمین و لهلایهن كهسانی نادیارهوه بهڕێوهدهبرێن كه هاوسۆزییان بۆ بزووتنهوهكه ههیه، لهم دواییانهدا كه ئهمریكا وڵاتهكهی چۆڵكرد ئهوه بوو میدیاكانی جیهان ههڵهاتنی خهڵكی ئهفغانستانیان بڵاودهكردهوه له كاتێكدا كه چهكدارانی بزووتنهوهكه تهقهیان لێ دهكردن و ترسیان بڵاودهكردهوه، بهڵام تاڵیبان له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانهوه وێنهی ئاشتی و سهقامگیریی وڵاتهكهی بڵاودهكردهوه و ترس و تۆقاندنهكانی به درۆ دهخستنهوه، تۆماس جۆنسۆن مامۆستا له كۆلێجی توێژینهوهی باڵای دهریایی (سهربازیی) له كالیفۆرنیا دهڵێت " تاڵیبان تێگهیشت كه بۆ بردنهوهی جهنگ پێویستی به بڵاوكردنهوهی چیرۆك ههیه چونكه ههموو هاوڵاتییهكی ئهفغانیی مۆبایلی زیرهكی پێیه، بۆیه دركیان بهوه كرد كه لهو ڕێگهیهوه دهتوانن به جهماوهر بڵێن كه پێویسته چ شتێك بكهن"، تاڵیبان ئهوهی ویستوویهتی له فهیسبووك، یوتیوب و تویتهرهوه بڵاویان كردووهتهوه، كاتێكیش كه تۆڕهكانیان لهسهر ئهو سێ سهكۆیه دادهخران لهلایهن كۆمپانیاكانهوه ئهوا دهیان ههژماری تریان دادهمهزراند بهتایبهتیش لهڕێگهی تویتهرهوه كهمتر بهربهستیان بۆ درووستكراوه، بهوپێیهی ئهفغانستانی ئهمڕۆ زۆر جیاوازه لهو ئهفغانستانهی كه تاوهكو 2001 یش ههوڵی قهدهغهكردنی ئینتهرنێتی تێدا دهدرا لهلایهن تاڵیبانهوه، ئێستا بزووتنهوهكه مۆبایلی زیرهكیان خۆشهوێت و ههزاران ههژماریان لهسهر تۆڕهكانی فهیسبووك، تویتهر و یوتیوب ههیه، بهپێی ئامارێكی ساڵی 2020 یش نزیكهی 23 ملیۆن كهس لهو وڵاتهدا مۆبایلی زیرهكیان پێیه كه دهكاته ڕێژهی زیاتر 70% ی دانیشتووانی ئهو وڵاته. له دوو دهیهی ڕابردوودا تاڵیبان ههوڵی داوه له چهند ئاستێكدا كار به هێزی نهرم بكات، له نێوان ساڵانی 2002 ههتا 2009 بهشێوهیهكی چڕ كاری لهسهر ناوبانگی خۆی دهكرد له ناوخۆی ئهفغانستاندا و دهستیكرد به بهكارهێنانی تۆڕهكانی كۆمۆنیكهیشن و بهكاریدههێنان بۆ بڵاوكردنهوهی پهیامهكانی، له لایهكی تریشهوه وتهبێژی بزووتنهوهیان ئاراسته كرد بۆ پهیوهندییگرتن لهگهڵ ئامرازهكانی میدیا و پهخشكردنی ههڵوێستهكانی بزووتنهوهكه له ڕێگهیانهوه، بهمجۆرهش توانی به شێوهیهك له شێوهكان زیندووبوونی خۆی بسهلمێنێت و بڵێت كه ئێمه له ههناوی كۆمهڵگهی ئهفغانستانداین، لهنێوان ساڵانی 2009-2017 شدا تهماحهكانی گهورهتر بوون و پێیان خسته ئاستی نێودهوڵهتییهوه، چیتر لهگهڵ پهرهپێدانی پهیوهندی لهگهڵ میدیاكانی ئهفغانستاندا لهگهڵ میدیاكانی جیهانیشدا ئاشنایهتی و پهیوهندی درووستكرد، به جۆرێك كه میدیاكانی جیهانی كرد به سهكۆیهك بۆ گواستنهوهی پهیام و نیازهكانی، بێجگه لهوهی كه له ڕێگهی چهند ئێستگهیهكی ڕادیۆییهوه پلانی چالاكییهكانیان بڵاودهكردهوه، پهیام و بڵاوكراوهكانی تاڵیبان تهنها له چوارچێوهی سیاسی و سهربازییدا قهتیس نهبوون بهڵكو بهرنامهی تایبهتیان ههبوو به شیعر و ئهدهب و تهنانهت مۆسیقا و چیرۆكی دڵخوازی خۆیان له ڕێگهی ئێستگهكانهوه بڵاودهكردهوه، ئهمهش وای كرد كه سهرنجهكان لهسهر بزووتنهوهكه تاڕادهیهك بگۆڕێن، تاڵیبانێك كه ههمیشه پهنای بردبووه بهر چهك ئێستا دێت چیرۆك و هونهری تر به گوێی گوێگرانییدا دهدات، هاوكات دهرفهتیان بۆ پهیامنێرانی كهناڵهكانی جیهان ڕهخساند تاوهكو بڕۆنه ناوچهكانی ژێر دهسهڵاتی تاڵیبانهوه و وێنه بگرن و چاوپێكهوتن ئهنجامبدهن، ئهوهش به ڕای سهركردهكانی ڕێكخراوهكه لهپێناو ڕوبهڕووبوونهوهی پڕۆپاگهندهی حكوومهتهكانی خۆرئاوایه، لهنێوان ساڵانی 2017 ههتا 2021 یشدا تاڵیبان زیاتر دركی بهوه كرد كه پێویستیی به بهدهستهێنانی ڕهوایهتی لهسهر ئاستی جیهاندا ههیه، بۆیه گرنگییدانهكانی چڕكردهوه لهسهر ڕای گشتی جیهانیی به بهكارهێنانی تۆڕهكۆمهڵایهتییهكان و ئامرازهكانی تری میدیا، ههوڵیاندا لهم ڕێگایهوه خۆیان بگۆڕن بۆ بزووتنهوهیهكی سیاسی، لهم ساڵانهدا بزووتنهوهكه توانی چهندین پێگه لهسهر فهیسبووك و تویتهر و یوتیوب دابمهزرێنێت و ههتاوهكو ئێستاش كاریان لهسهر بكات. تاڵیبان له سێ ئاستدا تۆڕهكۆمهڵایهتییهكانی ئاراسته كردووه تاڵیبان له چهند ئاستێكی جیاوازدا تۆڕهكۆمهڵایهتییهكان و كهناڵهكانی ڕاگهیاندنی بهكارهیناوه بۆ بههێزكردنی هێزی نهرمی خۆی، لهلایهك ڕوبهڕووی جهماوهری ئهفغانی و له لایهك بهرهو ڕووی سوپای ئهفغانی و له لایهكی تریشهوه ڕوبهڕووی كۆمهڵگهی نێودهوڵهتیی و جهماوهری جیهانیی بووهتهوه. له سهرهتاكانی مانگی ئایاری 2021 دا كاتێك ئهمریكییهكان و هێزهكانی ناتۆ دهستیانكرد به جێهێشتنی ئهفغانستان، تاڵیبان لهگهڵ ئامادهكاری سهربازییهكاندا ههڵمهتێكی گهورهی له تۆرهكۆمهڵایهتییهكانهوه دهستپێكرد، سات به ساتی جموجۆڵ و گۆڕانكارییهكانی له دهسهڵاتدا دهدا به چاو و گوێی جهماوهری ئهفغانییدا، ههڵمهتهكان به جۆرێك كاریگهر بوون كه ئهمروڵڵا ساڵحی جێگری سهرۆكی ئهفغانستان له پهیامێكدا داوایكرد هیزهكانی سوپا و جهماوهری ئهفغانی به پڕۆپاگهنده و بڵاوكراوه ناڕاستهكانی تاڵیبان نهخهڵهتین كه لهبارهی سهركهوتنهكانی خۆیان و ههڵهاتنی سوپاوه بڵاویاندهكهنهوه، له ئاستی ڕوبهڕووهستانی كۆمهڵگهی نێودهوڵهتییشدا، سوههیل شاهین نێردراوی تاڵیبان بۆ نهتهوهیهكگرتووهكان له تویتێكدا كه له سهرهتای مانگی تشرینی یهكهمی ئهمساڵدا بڵاویكردهوه ڕایگهیاند: تاڵیبان دهیهوێت لهگهڵ كۆمهڵگهی نێودهوڵهتییدا بكرێتهوه و خوازیاره گفتووگۆیان لهگهڵ بكات و بهركهوتنێكی ئهرێنیانهی لهگهڵیاندا ههبێت، خودی شاهین له سهكۆی تویتهر زیاتر له 530 ههزار فۆڵۆوهرسی ههیه. تاڵیبان زانیویهتی ژمارهی بهكارهێنهرانی تویتهر له وڵاتهكهیدا زۆره، بۆیه زیاتر سهرنجی لهسهر تویتهر بووه، له تویتهردا چهند تهكنیكێكیان بهكارهێناوه له ئاراستهكردنی هێزی نهرمدا، بۆیه بهردهوام جریوهكانیان به عهرهبی و ئینگلیزی بڵاوكردووهتهوه، له ههمان كاتدا تهكنیكی چهندباره بڵاوكردنهوهی بابهته گرنگهكانیان بهكارهێناوه، ههروهها جریوهكان به ئاراستهی كۆمهڵگهی ناوخۆیی (خهڵكی ئهفغانیی) لهلایهن زهبیحوڵڵا موجاهیدهوه كراون و ئهم ههوڵیداوه ئاسایش و ئارامی ناوخۆی وڵات لهسهردهمی تاڵیبان به ههردوو شێوهزاری پشتۆی و دری بڵاوبكاتهوه ئهمهش لهپێناو ئهوهی جهماوهری ئهفغانیی ههڵنهیهن و بهو هۆیهشهوه وێنهیهكی ترسناك بۆ بزووتنهوهكه دروست نهكهن, هاوكات بهكارهێنانی بهردهوامی بهكارهێنانی هاشتاگ له بڵاوكردنهوهی درووشمهكاندا بۆ ئهوهی خێراتر بڵاوببنهوه و زووتر بدۆزرێنهوه یان ببینرین یهكێكی تر بووه له شێوازهكانیان له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكاندا, تهكنیكێكی تریان بهكارهێنانی كهناڵی جێگیرهوه بووه بۆ ئهوهی بهردهوام پهیامی خۆیان به گوێی كۆمهڵگهكهیان و جیهاندا بدهن و لێیان دانهبڕێن, ههر بۆیه ئهگهر لهلایهن یوتیوبهوه سانسۆریان خرابێته سهر ئهوا له تۆڕی ستریم یارد سهریان دهرهێناوهتهوه، ئهگهر تویتهر مهودای فراوان نهبووه بۆ ناوهڕۆكه دورودرێژهكانیان ئهوا له تیلیگرامهوه بڵاویان كردووهتهوه، لهگهڵ چهند تۆڕێكی تری جێگیرهوهدا. بهدهر له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكان، تهكنیكی تری هێزی نهرم له نامیلكهیهك به ناوی (چۆن تاڵیبان له گونددا سهركهوت) نووسهری ئهمریكی مارك سكستون ئهوه ڕوون دهكاتهوه كه چۆن ئهندامانی بزووتنهوهكه پێش ئهوهی گوندێك كۆنترۆڵ بكهن ههڵمهتی هاوشێوهی ههڵمهتی پهیوهندییه گشتییهكانیان ڕێكدهخست، ڕوبهڕوو گفتوگۆیان لهگهڵ سهرۆك خێڵ و پیاوانی ئایینی دا له گوندهكاندا درووست دهكرد، لهوێشهوه كارلێكیان لهگهڵ گوندنشیناندا دهكرد و ههوڵی قایلكردنیان دهدا، دواتریش لهوانهوه زانیارییان دهستدهكهوت، تهنانهت له ههندێك باردا بهشێك له گوندنشینهكان شانبهشانی چهكدارانی تاڵیبان شهڕیان دهكرد، ئهندامه چالاكهكانی تاڵیبان له پێش گرتنه دهستی دهسهڵاتیش چاویان كهوتووه به پیاوانی ئایینی، سهرۆك هۆزهكان، تهنانهت ئهو كهس و لایهنانهشی كه پێچهوانه و دژی بهرنامهیانن تاوهكو بتوانن لهگهڵیاندا كۆڕاییهك درووستبكهن به ئاراستهی چونهپاڵ ڕهئییهكانی ئهوان و قایل كردنیان. كهناڵی جهزیره یهكێك له گرنگترین سهكۆكانی گواستنهوهی زانیارییهكان بووه لهبارهی تاڵیبانهوه، له كاتی نزیكبوونهوهی تاڵیبان له كابولی پایتهخت تاوهكو ئێستا ئهم كهناڵه له ڕێگهی تهلهڤزیۆن، ماڵپهر، فهیسبووك، ئینستاگرام و یوتیوبهوه سهدان ههواڵ و ڕاپۆرتی لهبارهیانهوه بڵاوكردووهتهوه كه بهشێكی زۆریان له سوودی ئهو گرووپهدا بوون، بهشێك لهوانه بانگهشهن بۆ تاڵیبان و تواناكانی بهڕێوهبردنی و بهشێكی تریشیان گواستنهوهی لێدوانی بهرپرسان و گۆشهنیگای بزووتنهوهكهیه. له نوێترینیاندا، چاوپێكهوتنێكی عهبدولقههار بهلخی وتهبێژی وهزارهتی كاروباری دهرهوهی ئهفغانستانه لهگهڵ جهزیرهدا كه له ڕۆژی (9ی تشرینی یهكهمی 2021) بڵاوبووهتهوه، وتهبێژهكه چهند لایهنێكی گرنگ لهبارهی سیاسهت و گۆشهنیگای گرووپهكه له دنیای ئهمڕۆدا دهخاتهڕوو، له پرسی گروپه توندڕهوهكانی وهكو داعش و قاعیدهدا وتهبێژ وهڵامێك دهداتهوه كه به جیهان دهڵێت ئێمه وهكو ئهوان نین بهڵكو ئهوان توندڕهون و خهڵك ئهوانی ناوێت، به جیهانی ئیسلامییش دهڵێت ئێمه سازش لهسهر بنهماكانی ئایینهكه ناكهین و ڕێگه نادهین سنوورهكانی ئیسلام ببهزێنرێت، وتهبێژ چهند تهوهرێكی تریش باس دهكات، لهوانهش پهیوهندییهكان لهگهڵ وڵاتانی جیهان و دراوسێكاندا، خواستی خۆیان نیشاندهدات بۆ ئهنجامدانی دیالۆگ و بهستنی پهیوهندی لهگهڵ ههموو لایهكدا بهتایبهتیش ئهمریكا و چین و ڕووسیا، باس كردن له مافی مرۆڤ و مافی ئافرهتان، ئازادی ڕادهربڕین، ئازادی ڕۆژنامهوانیی، وهڵامدانهوهی تۆمهتهكانی سهرۆكی تاجیكستان، پهیوهندییهكان لهگهڵ (ئێران، تاجیكستان، ئۆزبهكستان، پاكستان) بهشی تری گفتوگۆكهن كه له گرنگترین ئهو باس و خواسانهن كه تاڵیبان پێویستییهتی جیهان گوێی لێ بێت و له دهمی خۆیانهوه بیبیستن. میدیا، دهكهوێته ناو قوتابخانهی دیپلۆماسییهتی گشتی خۆسهپێنهوه، ئهم قوتابخانهیه پێی وایه كهناڵهكانی ڕاگهیاندنی خێرا (تهلهڤزیۆن، ڕادیۆ، گۆڤار، تۆڕهكۆمهڵایهتییهكان) كهناڵی خێرا و خۆسهپێنن و دهتوانن له ڕێگایانهوه كار لهسهر گۆڕینی ئاراستهی بیركردنهوهی جهماوهر بكرێت, دهتوانین بڵێین هێزی نهرمی بزوتنهوهی تاڵیبان زیاتر له چوارچێوهی میدیا و تۆڕهكۆمهڵایهتییهكاندایه و نهیتوانیوه له پراكتیكدا جێپێی خۆی دیاری بكات. دوای واژۆكردنی ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكا و بزوتنەوەی تاڵیبان لە دهوحه، وتەبێژی بزوتنەوەكە ڕایگەیاند " تەواوی هێرشە چەكدارییەكانمان لە ئەفغانستاندا ڕاگرتووە, چاوەڕوانین ئەمریكا بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات و ئەفغانستان جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ ژێر پەیڕەوكردنی سیستمی ئیسلامی"، ڕێككەوتنهكه دەنگدانەوەی زۆری لە ناوەندە سیاسی و میدیاییهكاندا ههبو, گرنگترین خاڵهكانی بریتی بوون له كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و ڕێگەنەدانی تاڵیبان بە گەڕانەوەی ڕێكخراوی قاعیدە بۆ ئەفغانستان, ڕێككەوتنەكە لەسەر ئاستی جیهان بەشداری تێدا كرا و زیاتر لە 20 وڵاتی ناوچەكە نوێنەریان لە مهراسیمهكهیدا هەبوو.
راپۆرت: درەو ماوەیەكە مەسرور بارزانی ناچێتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر، لە نوسینگەكەی خۆیەوە لە (پیرمام) حكومەت بەڕێوەدەبات، وەزیرەكان دەستیان ناگات بە سەرۆكی حكومەت فەرمان لە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی حكومەت وەردەگرن، ئومێد سەباح ئێستا سێبەری مەسرور بارزانیو سەرۆك وەزیرانی دووەمی هەرێمی كوردستانە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. سەرۆكایەتی لە پیرمامەوە سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بووەتە سێبەری سەرۆك وەزیرانو لەبری مەسرور بارزانی بڕٍیار بۆ وەزیرەكان دەردەكات. لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم نایەوێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزیرەكاندا بكات، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ماوەی نزیكەی ساڵێكە مەسرور بارزانی نەچووەتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر. مەسرور بارزانی كارەكانی لەرێگەی (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەڕێوەدەبات، هەموو پەیوەندیو كاروباری وەزارەتەكانی بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، لەرێگەی ئومێد سەباحەوە دەكرێت. لەو ماوەیەدا كە نەچوەتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە (پیرمام)ەوە كارەكانی رایی دەكات، جگە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) بەڕێوەدەچێت، نەك لە ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەكان نابینێت، كاری بەهەر فەرمانبەرو بەرپرسێكی ئەنجومەنی وەزیران هەبێت، بانگهێشتان دەكات بۆ نوسینگەكەی خۆی لە پیرمام. یەكێك لە وەزیرەكانی حكومەتی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند" لە ئێستادا ئێمە دوو سەرۆك وەزیرانمان هەیە، یەكەم مەسرور بارزانی كە كەسمان بە ئاسانی دەستمان پێی ناگات، دووەم ئومێد سەباح كە زۆربەی ئیشوكارەكانمان لە رێگەی ئەوەوەیە". بەپێی قسەی ئەم وەزیرە" تەنانەت لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا مەسرور بارزانی قسە گشتییەكان دەكاتو گفتوگۆكانو وەڵامدانەوەی وەزیرەكان بۆ ئومێد سەباح جێدەهێڵێت". بۆشایی نێوان سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم هێندە گەورە بووە، تەنیا لە بۆنە گشتییەكاندا كە مەسرور بارزانی تێیدا بەشدار دەبێت بەتایبەتی بۆنەی كردنەوەی پرۆژەی وەزارەتەكان، وەزیرەكان، سەرۆك وەزیران دەبینن. وەزارەتو یاسا ئێستا دەسەڵاتێكی بێسنور لای ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە، لەناو بینای ئەنجومەنی وەزیران تەنیا ئومێد سەباحو قوباد تاڵەبانی و ئامانج رەحیم دەوام دەكەن، هەموو فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیرانو پەیوەندی نێوان وەزارەتەكانو ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی ئومێد سەباحەوە دەبێت. ئەمە لەكاتێكدایە هەموو وەزارەتەكان یاسای تایبەتی خۆیان هەیەو یاساكە دەسەڵاتی بە وەزیرەكان داوە، كاروبارەكانی خۆیان بەڕێوەببەن، بەڵام لەم كابینەیەدا زۆربەی دەسەڵاتەكان لای سەرۆك وەزیران كۆبوەتەوە، زۆربەی وەزیرەكانیش ترسیان لە كاردانەوەی مەسرور بارزانی هەیە لەبارەی بڕیارەكانیانەوە، بۆیە دەگەڕێنەوە بۆلای ئومێد سەباح، كارگەیشتوەتە ئەوەی تەنانەت لە كڕینی ئۆتۆمبێلو خەرجی بچوكیشدا، فەرمان دەردەكرێتو دەنوسرێت (بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت) كراوە. ئومێد سەباح لە پڕكردنەوەی پۆستی لایەنەكاندا لە كابینەی نۆیەم، لەگەڵ پشتیوان سادقدا نوێنەرایەتی پارتیو سەرۆكی حكومەتی كردووەو تیمی یەكێتیو گۆڕان گفتوگۆیان لەگەڵدا كردووە. ئێستا تەنانەت گواستنەوەی فەرمانبەرێك لە وەزارەتێكەوە بۆ وەزارەتێكی تر، دەبێت ئومێد سەباح ئیمزای لەسەر بكات، ئومێد سەباح رۆڵی (نێچیرڤان ئەحمەد) سەرۆكی پێشووی دیوانی حكومەت دەگێڕێت بەپێگەیەكی بەهێزترەوە. سێبەرەكەی سەرۆك وەزیران كێیە ؟ سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ناوی تەواوەتی (ئومێد سەباح عوسمان)ە، لە دایكبووی: 1980 كەركوكە، خێزاندارەو باوكی سێ منداڵە. ئومێد سەباح دكتۆرای لە (یاسای تایبەت) لە زانكۆی سلێمانی بەدەستهێناوە، درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012 كە مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان كردی بە وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم. كاركردنی لەگەڵ مەسعود بارزانی، دەرفەتی ئەوەی بۆ ئومێد سەباح خۆشكرد، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، بكرێت بە سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران. لە هەموو پرسە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمدا، بەتایبەتی پرسی دانوستانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە بودجە، ئومێد سەباح بەشداربووەو رۆڵی كارای هەبووە وەكو چاو و گوێی سەرۆك وەزیران لەناو گفتوگۆكاندا. ئەمە لەكاتێكدایە سەرۆكی تیمی پارتی لەناو حكومەت (پشتیوان سادق) وەزیری ئەوقافو كاروباری ئاینییە. پەیوەندی وەزیرو سەرۆك وەزیران تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، (2 ساڵو 6 مانگ)ی تەمەنی خۆی تەواو كردووەو هەرێمی كوردستان لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندایە. پەیوەندی نێوان مەسرور بارزانیو تیمە وزارییەكەی هەر لەسەرەتای كابینەكەوە بە گرژیو ئاڵۆزی دەستی پێكرد، لەسەرەتای كابینەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ناڕازی بوو لە دەسەڵاتەكانیو گلەیی هەبوو لەوەی مەسرور بارزانی بەپێچەوانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی پێشووەوە، هیچ رۆڵێكی بۆ جێگری سەرۆك وەزیران نەهێشتوەتەوە، تەنانەت واژۆی قوباد تاڵەبانی لەسەر هیچ نوسراوێكی حكومی نابینیت، ئەوكات مەسرور بارزانی باسی لەوە دەكرد، حكومەتی سەرتاسەری دروست دەكاتو ئیتر ئەو سەردەمە بەسەر چووە قوباد تاڵەبانی وەكو سەرۆك وەزیرانی ناوچەی سلێمانی مامەڵە بكات، لە گفتوگۆیەكدا سەرۆك وەزیرانو جێگرەكەی كێشەكەیان چارەسەركردو قوباد تاڵەبانی پەیوەست بووەوە بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بەڵام هێشتا بەربەستەكان لەبەردەم قوباد تاڵەبانیدا ماون، بەمدواییەو بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا لەناوچەی گەرمیان زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانو ئەنفالكراواندا دابەش بكات، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی كە سەربە پارتییەو نزیكە لە مەسرور بارزانییەوە، وەڵامی دایەوەو رایگەیاند، كەس دەسەڵاتی دابەشكردنی زەوی نییە، ئەمە جارێكی تر قوباد تاڵەبانی توڕە كردەوەو بە راگەیەندراوێك وەڵامی وەزیرەكەی پارتی دایەوە. مانگی نیسانی 2020 پەیوەندی نێوان تیمی پارتیو یەكێتی وەكو دوو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت، لەسەر ئاڵۆزییەكانی "زینی وەرتێ" ئاڵۆزی تێكەوت، مەسرور بارزانی ئەوكات وەكو ئاماژەیەك بۆ یەكێتی رایگەیاند" بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین بە رواڵەت حكومەتی یەكگرتوو هەبێت، بەڵام لە بەشێكی دیكەی هەرێم دەسەڵاتداری تر هەبێتو دژایەتی حكومەت بكەن"، تیمی یەكێتی لە حكومەت لەسەر ئەم قسانە، نامەیەكی ناڕازایەتی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی كرد. حوزەیرانی 2021، هەریەكە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەسەر پشكی گۆڕانو خالید شوانی وەزیری كاروباری هەرێم لەگەڵ بەغداد لەسەر پشكی یەكێتی، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەی موچە، چونە بەردەم پەرلەمانی كوردستان، لەم دانیشتنەدا پەرلەمانتارانی پارتی هێرشیان كردەسەر وەزیرەكانی گۆڕانو یەكێتی، ئەمە وایكرد، ئاوات شێخ جەنابو خالید شوانی بۆ ماوەیەك نیگەرانن ببنو نەگەڕێنەوە بۆ وەزارەتەكانیان، بڕیار بوو دەستلەكاربكێشتەوە، بەڵام وایان نەكردو جارێكی تر گەڕانەوە بۆسەر كارەكانیان. نزیكەی مانگێك لەمەوبەریش وەكو ناڕەزایەتییەك لەبەرامبەر دەستڕۆیشتووی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ماوەیەك دارا رەشید وەزیری پلاندانان لە پشكی یەكێتی بایكۆتی دەوامی وەزارەتەكەی كرد. بەمدواییانەش كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان (هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان بۆ هەڵبژاردن) بوو، قوباد تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هێرشی كردەسەر پارتی و بە حزبی "تاكڕەو" ناوی برد، ئەمە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لێكۆڵینەوە لە قسەكانی قوباد تاڵەبانی بكرێت، بەڵام قوباد تاڵەبانی خۆی لەم مشتومڕە لاداو چەند كۆبونەوەیەكی حكومەت بەشداری نەكرد، بەڵام دواترو لە كۆبونەوەیەكدا لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ مەسرور بارزانی روبەڕووی یەكتر بونەوەو مەسرور بارزانی بە قوباد تاڵەبانی دەڵێت ئەم هەڵوێستانەت جێگەی قبوڵكردن نیە، قوباد تاڵەبانیش وەڵامی دەداتەوە كە من فەرمانبەری تۆ نیم بۆت نیە خۆت توڕە بكەیت. ناكۆكی تیمی یەكێتیو پارتی لە حكومەت، بەردەوام كاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی حكومەت هەبووە، بۆیە لە كۆبونەوەكانی نێوان مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبدا زۆرجار باس لە چارەسەركردنی ئەم ناكۆكیانە دەكەن. بزوتنەوەی گۆڕانیش وەكو لایەنی سێیەمی پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ناڕازییە لە بەشدارییەكەیو بەمدواییانە سەرلەنوێ لەناو گۆڕاندا گفتوگۆ لەبارەی ئەگەری كشانەوە لە حكومەت گەرم بووەو ئەمە پارتی لە گۆڕان توڕەو نیگەران كردووە. كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتیەكان دوای ماوەیەكی كەم لە دەوامكردن لە وەزارەتەكەی ماوەیەكە چووەتە دەرەوەی وڵات، هەندێك دەڵێن نیگەرانەو هەندێكیش دەڵێن بۆ چارەسەری تەندروستی لە دەرەوەی وڵاتە، سەفین دزەیی كە بە كەسێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانی دادەنرێت و سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم كەمترین كات دەچێتە دەوامی فەرمانگەكەی، ئاشتی هەورامی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتیەكان و محەمەد حاجی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری تەندروستی دەوام ناكەن.
درەو: دوو كوتلە بەهێزەكەی سوننە لە عێراق هاوپەیمانی تەقەدوم و هاوپەیمانی عەزم پێش كوردو شیعە رێككەوتنو بڕیاریاندا بەیەك هاوپەیمانێتی بچنە ناو یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراقو محەمەد حەلبوسی سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم كاندیدی هاوپەیمانێتیە نوێیەكە دەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانو خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی عەزمیش سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییە نوێیەكە دەكات. ئێوارەی پێنجشەممە پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نوێ لە نێوان هاوپەیمانی تەقەدوم بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسیو هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر راگەیەندراو هەردوولا بڕیاریاندا بە هاوپەیمانێتییەكی یەكگرتوو بەشداری یەكەمین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەن كە بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت. هاوپەیمانێتییە نوێكەی نێوان حەلبوسیو خەنجەر لەكۆی 329 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران خاوەنی 64 كورسییەو زۆرینەیان نوێنەرایەتی ئەو پارێزگایانە دەكەن كە لەدەستی داعش رزگاركراون. هاوپەیمانی تەقەدوم ئێوارەی چوارشەممە لە بەیاننامەیەكدا داوای لە سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم خەمیس خەنجەر كرد سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییە نوێەكە بكات لە پێناو یەكخستنی هەڵوێستەكان و خزمەتكردن بە پارێزگاكانیان. لایخۆشیەوە خەمیس خەنجەر پێشوازی لەو بەیاننامەیەی تەقەدوم كردو بە هەنگاوێكی مێژووی وەسفكردو رایگەیاند سەرەڕای فەشارێكی زۆر بۆ دوورخستنەوەیان لە یەكتر ئەو هەڵوێستە بەرز دەنرخێننو بەردەوام دەبن لە خزمەتكردنی عێراق و پارێزگاریكردن لە مافەكانی خەڵك. بە گوێرەی زانیارییەكان هاوپەیمانێتییە نوێكەی نێوان تەقەدوم و عەزم, محەمەد حەلبوسی كاندید دەكاتەوە بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانو خەمیس خەنجەریش سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكە لە ئەستۆ دەگرێت. رێككەوتنی حەلبوسیو خەنجەر هەروا بێ كاردانەە تێنەپەڕیو ناكۆكی خستە نێو هاوپەیمانی عەزمەوەو نەیارەكانی حەلبوسی لەنێو ئەو هاوپەیمانێتییەدا هەنگاویان لەدژی خەمیس خەنجەر هەڵگرت و بە نوسراوی فەرمی ئیمزایان بۆ لادانی خەنجەر پێشكەشی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كردووە. مشعان جبوری كە وەك كاندیدی سەربەخۆ كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناوەو ئێستا پەیوەندیكردووە بە هاوپەیمانێتی عەزمەوە لە تویتەر رایگەیاند كوتلەی عەزم 14 كاندیدی سەركەوتووە بۆ پەرلەمانو 3 كاندیدی تریش پەیوەندییان پێوەكردووەو لەو ژمارەیەش 12یان هەڵوێستیان لەگەڵ خەنجەردایەو تەنها سێ پەرلەمانتار كە موسەننا سامەڕایی پێشڕەوییان دەكات هەوڵدەدەن خەنجەر لە سەرۆكایەتی عەزم دووربخەنەو زۆرینەی ئەوانەی ئیمزایان كۆكردوەتەوە كاندیدی دەرنەچوون. جبوری ئاشكراشیكردووە كۆتایی بە پشووەكەی لەگەڵ خێزانەكەیدا هێناوەو گەڕاوەتەوە بەغداد بۆ ئەوەی بەرگری لە هاوپەیمانی عەزم بكات و داواش دەكات ئەوانەی لە عەزم جیابونەتەوە لە بڕیارەكەیان پاشگەز ببنەوە. ئەنجومەنی نوێی نوێنەرانی عێراق رۆژی یەكشەممەی داهاتوو یەكەمین كۆبونەوەی بە سەرۆكایەتی مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی تەمەن ئەنجامدەداتو تائێستا دوو كوتلە بەناوبانگەی شیعە رەوتی سەدرو هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیرانو پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رێكك نەكەوتونو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە زۆرینەی كورسییەكانی كوردیان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بەدەستهێناوە لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رێكك نەكەوتون كە لە دوای 2003ەوە وەك نەریتێك ئەو پۆستە بە كورد دراوە.
راپۆرت: درەو رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە حكومەتی كازاخستان پاڵپشتی لەسەر نرخی غازی شل هەڵگرت، ئەمە بووەهۆی بەرزبوونەوەی (دووقات)ی نرخی غازو سەریكێشا بۆ تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكی گەورە، چونكە زۆرینەی ئۆتۆمبیلەكان لە كازاخستان بە غازی شل كاردەكەن. گرانبوونی نرخی غاز، سەری حكومەتو (نزار باییڤ)ی سەرۆكی پێشووی وڵاتی خواردو لە پۆستە ئەمنییە باڵاكەی لادرا، حكومەتیش دەستی لەكاركێشایەوە. ئەمە لەكاتێكدا روویدا، ناڕەزایەتیو ئۆپۆزسیۆنن لە كازاخستان دیاردەیەكی بەربڵاو نین. دواین ناڕەزایەتیو خۆپیشاندان لە كازاخستان ساڵی 2011 لە شاری (زانوزین) لە هەرێمی مانگستاو رویدا، ئەوكات ژمارەیەك لە كارمەندانی كەرتی نەوت دژی خراپی موچەكانیان خۆپیشاندانیان كردو هێزە ئەمنییەكان بە توندی روبەڕوویان بونەوەو (14) كەس كوژراو ناڕەزایەتییەكە سەركوتكرا، ئەم شارە ئێستا یەكێكە لە مەڵبەندە سەرەكییەكانی ناڕەزایەتی دژی حكومەت. تۆكاییڤ پەنا بۆ روسیا دەبات روسیا بڕیاریدا هێزەكانی رێكخراوی (پەیمانی ئاسایشی هەموان) رەوانەی كازاخستان بكات، بەمەبەستی یارمەتیدانی حكومەتی ئەو وڵاتە لە كۆنترۆڵكردنی ئەو خۆپیشاندانە گەورەی كە كازاخستانی گرتوەتەوە. ناردنی هێز لەلایەن روسیاوە لەسەر داوای (قاسم تۆكاییڤ)ی سەرۆكی كازاخستانە، رێكخراوی (پەیمانی ئاسایشی هەموان) هاوپەیمانێتییەكی سەربازیی نێوان وڵاتانی پێشووی یەكێتی سۆڤیەتە كە هەریەكە لە (روسیا، ئەرمینیا، كازاخستان، قیرغیزستان، تاجیكستان، ئۆزبەكستان) لەخۆدەگرێت. خۆپیشاندانەكان لە كازاخستان سەرەتا دژی گرانبوونی نرخی (سوتەمەنی)ی دەستی پێكرد، بەڵام كاتێك ناڕەزایەتییەكان فراوانتر بوون، سەریكێشا بۆ داواكاری تری سیاسی. سەرۆك تۆكاییڤ دەڵێ: ئەم ناڕەزایەتییانە كاری گروپە تیرۆرستییەكانن كە لە دەرەوەی وڵات راهێنانیان پێكراوە. سەرۆكی كازاخستان حاڵەتی باری نائاسایی لەسەرتاسەری وڵات راگەیاندووە، هاتوچۆكردنو گردبونەوەی لە شەواندا قەدەغەكردووەو بەڵێنی رێوشوێنی توندتریشی دژی خۆپیشاندەران داوە، بەڵام سەرباری ئەمە ئەمڕۆ سەرلەنوێ خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكردەوە. رۆژی چوارشەممە، نیكۆل باشینیان سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا كە سەرۆكی رێكخراوی (پەیمانی ئاسایشی هەموان)ە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هاوپەیمانێتییەكە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، هێزێكی ئاشتیپارێز رەوانەی كازاخستان دەكات". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ بە چڕی چاودێری دۆخی كازاخستان دەكاتو داوا لە خۆپیشاندەرانو دەسەڵاتداران دەكات دان بەخۆیاندا بگرن. كەوتنی فڕۆكەخانە دوای ئەوەی خۆپیشاندەران دژ بە حكومەت چوونە ناو یەكێك لە فڕۆكەخانە سەرەكییەكانی كازاخستان، كارمەندانی فڕۆكەخانەكە هەڵاتن، ئەم رووداوە دوێنێ لە گەورەترین شاری كازاخستان رویدا كە شاری (ئەلما ئاتا) بوو، ئەمە بەرەوپێشچوونێكی نوێ بوو لە رەوتی خۆپیشاندانەكاندا، حكومەت دەڵێ لەم رووداوەدا لانی كەم (8) كەس لە هێزە ئەنییەكان كوژراونو سەدانی تر برینداربوون. سەرۆك تۆكاییڤ لەم رووداوە توڕەیەو هەڕەشەی وەڵامدانەەوەی توند دەكاتو خۆپیشاندانەكانی ئەم رۆژانە بە "سەردەمێكی رەش" لە مێژووی كازاخستان ناو دەبات، لەمە زیاتریش سەرۆك خۆپیشاندەرانی وڵاتەكەی تۆمەتبار دەكات بەوەی "پاڵنەری پارە" دەیانجوڵێنێت. بەهۆی ئەم رووداوانەوە، جموجوڵی فڕۆكەوانی لەكازاخستان راوەستاوە. دۆخی سیاسی كازاخستان لەدوای سەربەخۆیی كازاخستانەوە، تۆكاییڤ دووەمین سەرۆكە كە رێبەرایەتی ئەم دەوڵەتەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو دەكات، چونكە تاوەكو ساڵی 2019 نورسوڵتان نزارباییڤ سەرۆكایەتی وڵاتی دەكرد، 2019 كاتێك (قاسم تۆكاییڤ) وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا، یەكێتی ئەوروپا ئیدانەی هەڵبژاردنەكەی كردو بە هەڵبژاردنێكی "نادیموكراتی" ناویبرد. بەگشتی كازاخستان بە وڵاتێكی سەقامگیری ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست دادەنرێت، سەقامگیرییەك كە دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری سەپاندویەتی، ساڵی 2019 نورسوڵتان نزاربایڤ بەهۆی ناڕەزایەتی دژی خۆكاندیدكردنەوەی، دوای 28 ساڵ دەستبەرداری دەسەڵات بوو، بەڵام یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی خۆی كرد بە سەرۆك كە (قاسم تۆكاییڤ) بوو، ئەمە بۆ ئەوە بوو كە جڵەوی دەسەڵات هەر بە دەستی خۆیەوە بمێنێتەوە، نزارباییڤ كە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكایەتی وڵات بوو، لەبری ئەوە پۆستێكی ئەمنی باڵای وەرگرت، ماوەی حوكمڕانی نزارباییڤ تاوەكو ئێستاش بەردەوامەو لە هەموو شارەكانی وڵاتەكەیدا پەیكەری جۆراوجۆری بۆ دانراوە، پایتەختی وڵاتەكەش هەر بەناوی خۆیەوە ناونراوە. لە كازاخستان حیزبی قائید حوكم دەكات، ئەم حزبە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا بە نزیكەیی رێژەی 100%ی دەنگەكان دەهێنێت، هیچ جۆرە ئۆپۆزسیۆنێكی كارا لە كازاخستان بوونی نییە. ئەمە وایكردووە هەندێك لە چاودێران دەڵێن تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكان تەنیا پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی نرخی غازەوە نییە، بەڵكو كێشەكە قوڵترەو پەیوەندی بە نەبوونی دیموكراتییەوە هەیە، دۆخێك كە حكومەت پێشبینی نەكردووە لە پڕێكدا بەسەریدا بتەقێتەوە. شكاندنی پەیكەری سەرۆك وا دەردەكەوێت لایەنی گەورەی توڕەیی خەڵكی كازاخستان لە (نورسوڵتان نزارباییڤ) سەرۆكی پێشووی وڵات بێت، كە لەوكاتەوە دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەڵگرتووە، بەرپرسیارێتی پۆستێكی ئەمنی گەورەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كازاخستان وەرگرتووە، دوێنێ وەكو هەوڵێك بۆ هێوركردنەوەی خۆپیشاندانەكان، (نزارباییڤ) لە پۆستەكەی لادرا. خۆپیشاندەران دروشمیان دژی (نزارباییڤ) وتەوە، لەمە زیاتریش پەیكەرێكی سەرۆكی پێشووی وڵاتیان شكاند كە لە شاری لەدایكبوونی (نزارباییڤ) لە برونز دروستكرابوو. چەندین پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكانو خۆپیشاندەران رویداوە، راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن، لە هەندێك ناوچە هێزە ئەمنییەكان چونەتە پاڵ خۆپیشاندەرانەوە. بەهۆی ئەم باروخەوە، لە رۆژی سێ شەممەوە هێڵی ئینتەرنێت لەم وڵاتەی ئاسیای ناوەڕاستدا كێشەی تێكەوتووەو زانیارییەكان باسلەوە دەكەن حكومەت دەیەوێت بە یەكجاری هێڵی ئینتەرنێت لەسەرتاسەری وڵات ببڕێت.
