گۆڤارێكی ئەمریكی: نێچێرڤان بارزانی خاوەنی 300 موڵکی ملیۆنان دۆلارییە
2022-04-06 17:17:53
درەو:
زاک کۆپلن ئەو رۆژنامەنوسە ئەمریکییەی کە بە ئاشکراکردنی موڵکێکی نهێنی مەسرور بارزانی لەسەر کەناراوەکانی شاری میامی هەڵایەکی گەورەی نایەوە، لە نوێترین راپۆرتیدا نێچیرڤان بارزانی تۆمەتبار دەکات بە گەندەڵی و سپیکردنەوەی سەدان ملیۆن دۆلارو گواستنەوەی خاوەندارێتییان بۆ سەر ناوی کەسە نزیکەکانی. لە راپۆرتێکدا گۆڤاری (زە ئەمریکان پرۆسپێکت) ئاماژە بەوە دەکات بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی دەستیان کەوتووە دەرکەوتووە کە دەوڵەتی کوردی چۆن بەشێوەیەکی سیستەماتیک گەندەڵی دەکات.
🔻 نێچیرڤان بارزانی هەروەک ئامۆزاکەی پەیوەندی بە چەندین موڵکی نهێنی دەرەوەی وڵاتەوە هەیە بەڵام ناوەکەی ڕاستەوخۆ لەسەر هیچ کام لە بەڵگەنامەکانی خاوەنداریەتی دەرناکەوێت.
🔻 گۆڤاری زە ئەمریکان پرۆسپێکت نزیکەی 300 کۆشک و موڵک و ڤێلای نێچیرڤان بارزانی ئاشکرا کردووە کە نرخی سەرجەمیان نزیکەی 100 ملیۆن دۆلارە.
🔻 بە پێی بەڵگەکان نێچیرڤان بارزانی ژمارەیەکی زۆر موڵکی لە دوبەی و ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکادا هەیە
🔻 تەنها لە شەقامی مۆتترۆم، لە باکوری ڤێرجینیا 4 موڵک کە بە تەنیشت یەکەوەن و نرخەکەیان دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار لەلایەن پارێزەرەکەی نێچیرڤان بارزانی، (دان ویزەرس)ەوە هەوڵدراوە خاوەندارێتییەکەیان بشاردرێتەوە
🔻 یەکێک لە موڵکەکان لەلایەن نەبیلە مستەفای ژنی نێچیرڤان بارزانییەوە گوازراوەتەوە بۆ سەر ناوی (دان ویزەرس)ی پارێزەر، ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوێکی دیکەی هەیە بە ناوی نەبیلە بارزانی و ئەمەش لادانێکی دیکەیە لە یاسا
🔻بەپێی داتایەکی دزەکراوی موڵکداری دوبەی کە لەلایەن سەنتەری لێکۆڵینەوەی بەرگری پێشکەوتووەوە دەستکەوتووە سالار حەکیم هاوسەری پوری کۆچکردووی نێچیرڤان بارزانی خاوەنی زۆرترین موڵک و ماڵی عێراقیە لەو شارەدا.
🔻موڵکەکانی سالار حەکیم خۆی لە 288 شوقەی هەوربردا دەبینێتەوە کە بەلایەنی کەمەوە نرخەکانیان بە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت
🔻کاتێک پەیوەندی پێوە کرا، حەکیم خاوەندارێتی ئەو موڵکانەی پشتراست کردەوە بەڵام رەتی کردەوە هیچ لێدوانێکی تر بدات.
🔻 نوێنەرانی نێچیرڤان بارزانی و پارێزەرەکەی وەڵامی داواکارییەکانی زە ئەمریکان پرۆسپێکتیان نەداوەتەوەو ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک بدەن