Draw Media

شەممە.. دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار

شەممە.. دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار

2022-03-22 12:49:22


راپۆرت: درەو
تەنیا چوار رۆژ ماوە بۆ وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، سەدر هێشتا سورە لەسەر هەڵوێستی خۆی "حكومەتی زۆرینە"، هەردوو بەرە نەیارەكە بۆ دانیشتنی رۆژی شەممە، گرەو لەسەر دەنگی پەرلەمانتارە سەربەخۆكان دەكەن، ژمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەگەر هەموو پەرلەمانتارە سەربەخۆكان بەشداری كۆبونەوەكە بكەن، هێشتا نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە تەواو نابێت، ئەگەر لایەنە شیعەكان لەناوخۆیاندا نەگەنە رێككەوتن.. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.


گەڕێكی نوێ
رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو، جارێكی تر وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.
(40) كەس خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە، ئەم پۆستە بەپێی عورفێك كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت، پشكی كوردە، لەناو كوردیشدا ئەم پۆستە تاوەكو ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان بردویەتی، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، پارتی دەیەوێت ئەمجارە پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت‌و لەبەرامبەردا وەزارەتێكی باڵا لە عێراق بۆ یەكێتی بەجێبهێڵێت (وەزارەتی دەرەوە).
ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار‌و رێكنەكەوتنیان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش، هەردوو حزبەكەی دابەشكردووە بەسەر بەرە ناكۆكەكانی شیعەدا، پارتی لەگەڵ موقتەدا سەدری براوەی یەكەمی هەڵبژاردندایە، یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی، عامری، فالح فەیاز، قەیس خەزعەلی، عەبادی، حەكیم)دایە‌و ئەم بەرەیە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی لێدەكرێت. 

نیساب لەنێوان سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگیدا
دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەگوێرەی ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لێداوە، نیسابە یاساییەكەی (دوو لەسەر سێ)یە، واتە بۆ ئەوەی كۆبونەوەكە بەڕێوەبچێت، دەبێت لە كۆی (329) ئەندامی پەرلەمان، (220) ئەندامیان لەكاتی دەستپێكردنی دانیشتنەكەدا ئامادە بن.
هەردوو بەرە ناكۆكەكە، واتە بەرەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)‌و بەرەی (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی+ یەكێتی+ هەندێك لە پەرلەمانتارانی سوننە) بەتەنیا خۆیان ناتوانن (220) ئەندام بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی رۆژی شەممە كۆبكەنەوە. 
هاوپەیمانێتی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بەتێكڕا خاوەنی (171) كورسی پەرلەمانە، لەبەرامبەردا  بەرەی (چوارچێوە+ یەكێتی+ هەندێك لە سوننەكان) بەتێكڕا ژمارەی كورسییەكانیان دەگاتە نزیكەی (105) كورسی. 
پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەمدواییە چەندجارێك قسەیان كردووە لەبارەی ئەوەی دەیانەوێت هاوپەیمانێتییەك رابگەیەنن بەناوی (هاوپەیمانی چەسپاوی نیشتمانی)‌و ئەم هاوپەیمانێتییە بەپێی قسەی ئەوان، خاوەنی نزیكەی (130) كورسییە، بەڵام ئەمە تائێستا تەنیا وەكو قسە ماوەتەوە‌و هاوپەیمانێتییەكە بەفەرمی رانەگەیەندراوە.
سەدر كە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار وەكو تێكشكاندنی یەكەمین بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێدا دەبینێت، دەیەوێت هەرچۆنێك بووە، نیسابی دانیشتنی رۆژی شەممە تەواو ببێت‌و سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، چونكە بەگوێرەی دەستور، دوای هەڵبژاردنی، سەرۆك كۆمار كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە‌و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سوننەكاندا، كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان پێكدەهێنێت. 
لەبەرامبەردا نەیارەكانی سەدر، واتە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ ئەوەی كێشە بۆ نیسابی دانیشتنەكە دروست نەكەن، داوا دەكەن، هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران لەناو پەرلەماندا دیاری بكرێت‌و پرسی بەشداری ئەوان لە حكومەتی داهاتوو یەكلا بكرێتەوە.
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، هێشتا هیچ گرەنتییەكیان لە سەدر وەرنەگرتووە لەبارەی بەشداربونیان لە حكومەت، بەبێ ئەم گرەنتییە، هەوڵ دەدەن بۆ جاری دووەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكبخەن، چونكە پێیانوایە ئەگەر ئەمجارە دانیشتنەكە پەكبخەن، هیچ رێگاچارەیەك نامێنێتەوە، جگە لەوەی جارێكی تر پەنا بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ ببرێت (هەرچەندە ئەمڕۆ  نوری مالیكی لە تویتێكدا بژاردەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی رەتكردەوە)، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە سودی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەتایبەتیش ئەوان هەر لە بنەڕەتەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو ناڕازی بوون، یاسای نوێی هەڵبژاردن غافڵگیری كردن‌و سەدر بەسەریاندا سەركەوت. 

گرەو لەسەر سەربەخۆكان 
سەدر بۆ ئەوەی نیسابی كۆبونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو بكات، پەنای بۆ پەرلەمانتارانی سەربەخۆ برد، دوێنێ لە تویتێكدا، دوای لێكردن نەكەونە ژێر كاریگەری فشارو كڕینەوە.
سەدر بەڵێنی بە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ داوە، ئەگەر بەشداری دانیشتنەكە بكەن‌و پشتیوانی حكومەتی زۆرینە بكەن، بەشدارییان پێبكات لە حكومەتی نوێدا.  
ئەوانەی پێیان دەوترێت پەرلەمانتاری سەربەخۆ، مەبەست لەوانەیە كە بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە‌و یان لە دەرەوەی هێزە نەریتییەكانن‌و لەم خولەی پەرلەمانتار بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەوە سەركەوتوون، ژمارەی ئەمانە بە تێكڕا (48) پەرلەمانتارە.  
ئەمانە لەدوای بانگەوازەكەی دوێنێی سەدرەوە، لەناو خۆیاندا سەرقاڵی گفتوگۆن لەبارەی ئەوەی بەشداری كۆبونەوەی رۆژی شەممە بكەن‌و پشتیوانی حكومەتە "زۆرینە"كەی سەدر بكەن یاخود نا، ئەم پەرلەمانتارانە لە هەردوو بەرەكەوە لەژێر فشاردان، سەدر هۆشدارییان پێدەدات ئەگەر بەشداری كۆبونەوەكەی شەممە نەكەن، پەرلەمانی نوێی عێراق هەڵدەوەشێتەوە‌و هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت‌و ئەمجارە چانسیان نابێت سەركەوتن بۆ پەرلەمان، لەبەرامبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی دڵنیاییان پێدەدات تەنانەت ئەگەر حكومەتی نوێش پێكنەیەت، رێگەنادەن پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە‌و ئەوان لە شوێنی خۆیان بەردەوام دەبن. 
هەندێك سەرچاوەی نزیك لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ باسلەوە دەكەن، لەكۆی (48) پەرلەمانتار، زیاتر لە (30) پەرلەمانتاری سەربەخۆ یەكلابونەتەوە بۆ ئەوەی بەشداری كۆبونەوەی شەممە بكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو نیساب نەشكێنن، لەم (30) پەرلەمانتارە، (18) كەسیان پەرلەمانتاری (هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك)ن كە هاوپەیمانێتی نێوان بزوتنەوەی ئیمتیداد‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، ئەمانە تائێستا یەكلابونەتەوە بەشداری كۆبونەوەكە بكەن، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی خۆیان كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە كە كاندیدەكە (رێبوار ئەوڕەحمان)ە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ. 
ئەگەر وەكو ئەوەی سەرچاوەكان باسی دەكەن، (30) پەرلەمانتاری سەربەخۆش لەگەڵ سەدر بڕۆن‌و بەشداری دانیشتنی رۆژی شەممە بكەن، ئەوە بە تێكڕا ژمارەی كورسییەكانی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) لەگەڵ سەربەخۆكان دەبێت بە (200) كورسی، ئەمەش هێشتا (20) كورسی كەمی هەیە بۆ تەواوكردنی نیسابی دانیشتنەكە كە (220) كورسییە، واتە لەم حاڵەتەشدا هێشتا تەواوبوونی نیساب كێشەی تێدایە. 
ئەمە لەكاتێكدایە لەبەرامبەردا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (بەرەی ئێران) بەهەمان شێوەی سەدر، كار لەسەر راكێشانی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەكەن بەلای خۆیاندا. 
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و یەكێتی‌و پەرلەمانتارانی سوننە، ئەگەر بتوانن بە تێكڕا (110) پەرلەمانتار كۆبكەنەوە، ئەوا دەتوانن دانیشتنی پەرلەمان رۆژی شەممە پەكبخەن، ئەمە پێی دەوترێت (الپلپ المعگل) واتە (یەك لەسەر سێی پەكخەر).


بەرهەم ساڵح یان رێبەر ئەحمەد ؟
ئەگەر هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بتوانن نیساب بۆ دانیشتنی رۆژی شەممە تەواو بكەن، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار (رێبەر ئەحمەد) لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، بە زۆرینەی سادە‌و بەدەنگی هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكە پۆستی سەرۆك كۆمار دەباتەوە. 
لەبەرامبەردا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و یەكێتی، توانای تەواوكردنی نیسابی یاسایی پەرلەمانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار نییە، بەڵام رەنگە بتوانن بە پاڵپشتی ئێران (110) كورسی كۆبكەنەوە‌و نیسابی یاسایی دانیشتنەكە تێكبدەن، لەم حاڵەتەشدا بۆ جاری دووەم هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكی دەكەوێت‌و دۆخەكە دەگاتە بنەست، دەرگا لەسەر بەڕِێوەچوونی هەڵبژاردنێكی نوێ لە عێراق دەكرێتەوە، واتە چانسی هەڵبژاردنەوەی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆمار، بەبێ رێككەوتنی لایەنە ناكۆكەكانی شیعە ئەستەمە.
هەردوو جەمسەرە ناكۆكەكەی شیعە دەڵێن، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردەو ئەوان دەستوەردان لە دیاریكردنی كاندیدەكەیدا ناكەن، بەڵام لەڕاستیدا هەردوو جەمسەرەكە، یەكلابونەوەی پۆستی سەرۆك كۆماریان بەستوەتەوە بە چارەنوسی حكومەتی داهاتووەوە، بەبێ رێككەوتنی خۆیان لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران، رێگە بەتێپەڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار نادەن. 

كورد لە ناكۆییەكانی ناو ماڵی شیعەدا
دابەشبوونی كورد (پارتی‌و یەكێتی) بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكانی شیعەدا، هەرێمی كوردستانی خستوەتە ژێر فشارەوە، سەرەتای ئەم فشارانە سەرەتا خۆی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق نیشاندا كە پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بە نادەستوریی ناوبرد، لە قۆناغی دووەمیشدا موشەكە بالیستییەكانی ئێران بۆسەر هەولێر، فشارەكان گەیشتنە لوتكە. 
پارتی‌و یەكێتی بەیەكەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دروستكردووە‌و هەردووكیان لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بانگەشەی "یەكڕیزییان" بەرزكردوەتەوە، ئێستا بە هەردووكیانەوە، لەرێگەی بەغدادەوە فشاریان لەسەر حكومەتەكەی خۆیان دروستكردووە.  
لەدوای روخانی رژێمی سەددام‌و دروستبوونی عێراقی نوێدا، یەكەمجارە كورد (پارتی‌و یەكێتی) بەم قورسییە دەچنە ناو كێشەكانی ناو ماڵی شیعەوە، ئەمە هەر لەسەرەتاوە ئێرانی لە پارتی توڕە كرد‌و یەكێتیشی خستە ناو بەرەی دۆستەكانی تارانەوە. 
لەدوای ئەم دابەشبونە نوێیەی پارتی‌و یەكێتییەوە بەسەر بەرە ناكۆكەكانی شیعەدا، پەیوەندی هەردوو حزب لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاڵۆزی تێكەوتووە، قەیرانی دارایی‌و كێشەی موچە لە سلێمانی سەریهەڵداوەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand