Draw Media

بەرهەم و بڕشت و بەکاربردنی گەنم لە هەرێمی کوردستان (2010 – 2020)

بەرهەم و بڕشت و بەکاربردنی گەنم لە هەرێمی کوردستان (2010 – 2020)

2022-03-22 16:36:03



شیكاری: درەو
جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەتێکڕای ساڵانە زیاتر لە (3 ملیۆن) دۆنم زەویدا گەنم دەچێنن، تێکڕای بەرهەمەکەشیان زیاتر لە (ملیۆنێک 300 هەزار) تۆن گەنمە.
بەپێی ستانداردی جیهانی هەر تاکێک بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە خۆراکییەکانی ساڵانە پێویستی بە بڕی (71) کیلۆگرام گەنم هەیە. 
بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەر تاکێک ساڵانە پێویستی بە (139) کیلۆ گرام گەنم هەیە. بەم پێیە هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە (871 هەزار) تۆن گەنم هەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە بەرهەمی تێکڕای جوتیارانی کوردستان ساڵانە زیاتر لە (ملیۆنێک و 315 هەزار) تۆن گەنمە. 
بەم ئەنجامەش دوای پڕکردنەوی پێداویستی ناوخۆ بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بڕی نزیکە (445 هەزار) تۆن گەنم زیاتر لە پێداویستی ناوخۆ بەرهەم دەهێنن.

سەرەتا
گەنم وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی خۆراک بۆ مرۆڤ و بەشێک لە گیانلەبەران بەکاردەهێنرێت، ئێستا قەریرانی جەنگی نێوان (ڕوسیاو ئۆکرانیا) وەک دوو وڵاتی گەورە بەرهەمهێن و هەناردەکاری گەنم، مەترسی بەرزبوونەوەی نرخی نان و قەیرانی برسێتی هێناوەتە ئاراوە، بەتایبەت بۆ ئەو وڵات و ناوچانەی بۆ پڕکردەنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ پشت بە هاوردەکردنی گەنم و بەرهەمەکانی دەبەستن لە وڵاتانی هاوردەکارانەوە.
بڕی بەکاربردنی گەنم لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە، بەڵام بەپێی ستانداردە جیهانییەکان هەر تاکێک لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی بڕی (71) کیلۆ گرام لە گەنم هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە خۆراکییەکانی.
بەڵام لە وڵاتێکی وەکو میسر کە یەکێکە لە هاوردەکارانی گەورەی گەنم لە جیهاندا، هەر تاکێکی میسری ساڵانە (180) کیلۆ گرام گەنم بەکاردەهێنێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە خۆراکییەکانی. لە کاتێکدا هەر هاوڵاتیەکی سعودییە ساڵانە (88) کیلۆ گرام گەنم بەکاردەبات.
بەڵام بەپێی ئامارەکان وڵاتی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ساڵانە تەنها بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە مرۆییەکانی هەر تاکێکی عێراقی پێویستی بە (139) کیلۆ گرام گەنم هەیە، کە ئەمەش نزیکە لە دوو هێندەی ستانداردە جیهانییەکە.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخینە سەر گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هەناردەکار و بەکاربەرانی گەنم لە جیهاندا. سەرەڕای ئاماژەدان بە بڕی بەکاربردنی گەنم لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
دواجاریش ئاماژە بە ئامارەکانی ڕوبەری چاندن و بڕشت و بڕی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی هەرێم و پارێزگاکان دەدەین، کە ئایا هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی گەنم و بەرهەم گەنمییەکان دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت یان نا؟ 

یەکەم: گەورەترین بەرهەمهێنەر و هەناردەکار و بەکاربەرانی گەنم لە جیهاندا  
1.    گەورەترین بەرهەمهێنەرانی گەنم لە جیهاندا
بەپێی داتاکان هەر یەک لە وڵاتانی (چین، هندستان، ڕوسیا، ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا، پاکستان، ئۆکرانیا، تورکیا و ئەرجەنتین) (10) گەورەترین وڵاتی بەرهەم هێنی گەنم بوونە لە ساڵی (2020 - 2021) تایبەت بە بڕی بەرهەمی هەریەک لەو دەوڵەتانە (بڕوانە چارتی ژمارە (1))

چارتی ژمارە (1)


2.    گەورەترین وڵاتانی هەناردەکاری گەنم لە جیهاندا
بەپێی داتاکان هەر یەک لە وڵاتانی (ڕوسیا، ئەمریکا، کەنەدا، فەرەنسا، ئۆکرانیا، ئوسترالیا، ئەرجەنتین، ئەڵمانیا، کازاخستان و پۆڵندا) (10) گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری گەنم بوونە لە ساڵی (2020 - 2021) تایبەت بە بڕی هەناردەی هەریەک لەو دەوڵەتانە (بڕوانە چارتی ژمارە (2))

چارتی ژمارە (2)


3.    گەورەترین وڵاتانی هاوردەکاری گەنم لە جیهاندا
بەپێی داتاکان هەر یەک لە وڵاتانی (مسر، ئەندۆنیسیا، تورکیا، جەزائیر، بەنگلادیش، نەیجیریا، بەرازیل، فیلیپین، یابان و مەکسیک) (10) گەورەترین وڵاتی هاوردەکاری گەنم بوونە لە ساڵی (2020 - 2021) تایبەت بە بڕی هەناردەی هەریەک لەو دەوڵەتانە (بڕوانە چارتی ژمارە (3))

چارتی ژمارە (3)


دووەم: بەرهەم و بڕشی گەنمی هەرێمی کوردستان (2010 – 2020)
جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (2010 - 2020) بە تێکڕا، بڕی (3 ملیۆن و 12 هەزار و 76) دۆنم زەویان ساڵانە بە گەنم چاندووەو هەر لەو ماوەیەدا لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم و بە پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیانیشەوە بەرهەمی تێکڕای جوتیارانی کوردستان ساڵانە بریتی بووە لە (1 ملیۆن و 315 هەزار و 994) تۆن گەنم.
بەم پێیەش بڕشتی هەر دۆنمێکی بەگەنم چێندراوە بەرهەمەکەی بریتی بووە لە (415) کیلۆ گرام. بۆ وردەکاری تەواوی ئەو ماوەیە بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) + چارتی ژمارە (4)) 

چارتی ژمارە (4)

سێیەم: بەرهەم و بڕشی گەنمی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگاکان 
1.    پارێزگای هەرلێر

جوتیارانی پارێزگای هەولێر لەماوەی نێوان (2010 - 2020) زۆرترین بەرهەمی گەنمیان هەبووە بەراورد بە ناوچەو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەشێکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین ڕوبەری زەوی بۆ چاندنی گەنم تەرخانکراوە لەو پارێزگایە.
بەجۆرێک بەتێکڕای ئەو (10) ساڵە لە پارێزگای هەولێر بڕی (1 ملیۆن و 138 هەزار و 437) دۆنم بە گەنم چێندراوەو بەر‌هەمەکەی بە تێکڕای ساڵانە بریتی بووە لە (484 هەزار و 242) تۆن گەنم و بە بڕشتی (407) کیلۆ گرام بۆ هەر دۆنمێک لە زەوی چێندراو، بۆ وردەکاری تەواوی ئەو ماوەیە لە پارێزگای هەولێر بڕوانە (خشتەی ژمارە (2))

2.    پارێزگای سلێمانی
جوتیارانی پارێزگای سلێمانی لەماوەی نێوان (2010 - 2020) لە دوای پارێزگای هەولێرەوە زۆرترین بەرهەمی گەنمیان هەبووە بەراورد بە ناوچەو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئەمە لە کاتێکدا ئەو ڕوبەرەی بە گەنم دەچێنرێت لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی (300 هەزار) دۆنمی کەمترە بەراورد بە پارێزگای هەولێر، بەڵام بەرهەمی زەوی پارێزگاکە بڕشتی زۆرترە بەراورد بە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان جگە لە پارێزگای هەڵەبجە.
بەجۆرێک بەتێکڕای ئەو (10) ساڵە لە پارێزگای سلێمانی بڕی (850 هەزار و 490) دۆنم بە گەنم چێندراوەو بەر‌هەمەکەی بە تێکڕای ساڵانە بریتی بووە لە (389 هەزار و 230) تۆن گەنم و بە بڕشتی (441) کیلۆ گرام بۆ هەر دۆنمێک لە زەوی چێندراو، بۆ وردەکاری تەواوی ئەو ماوەیە لە پارێزگای سلێمانی بڕوانە (خشتەی ژمارە (3))

3.    پارێزگای دهۆک
جوتیارانی پارێزگای دهۆک لەماوەی نێوان (2010 - 2020) لە دوای پارێزگای هەولێرەو سلێمانییەوە زۆرترین بەرهەمی گەنمیان هەبووە بەراورد بە ناوچەو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان
بەجۆرێک بەتێکڕای ئەو (10) ساڵە لە پارێزگای دهۆک بڕی (783 هەزار و 185) دۆنم بە گەنم چێندراوەو بەر‌هەمەکەی بە تێکڕای ساڵانە بریتی بووە لە (351 هەزار و 877) تۆن گەنم و بە بڕشتی (442) کیلۆ گرام بۆ هەر دۆنمێک لە زەوی چێندراو، بۆ وردەکاری تەواوی ئەو ماوەیە لە پارێزگای دهۆک بڕوانە (خشتەی ژمارە (4))

4.    پارێزگای هەڵەبجە
جوتیارانی پارێزگای هەڵەبجە لەماوەی نێوان (2016 - 2020) بەرهەمەکەیان بە بڕشتترین گەنم بووە لە سەر ئاستی هەموو کوردستان، بەجۆرێک بەتێکڕای ئەو (4) ساڵە لە پارێزگای هەڵەبجە بڕی (69 هەزار و 39) دۆنم بە گەنم چێندراوەو بەر‌هەمەکەی بە تێکڕای ساڵانە بریتی بووە لە (43 هەزار و 896) تۆن گەنم و بە بڕشتی (627) کیلۆ گرام بۆ هەر دۆنمێک لە زەوی چێندراو، بۆ وردەکاری تەواوی ئەو ماوەیە لە پارێزگای هەڵەبجە بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)).

5.    ئیدارەی گەرمیان
جوتیارانی پارێزگای ئیدارەی گەرمیان لەماوەی نێوان (2012 - 2020) بەتێکڕای ئەو ماوەیە بڕی (265 هەزار و 435) دۆنمیان بە گەنم چاندووە، بەر‌هەمەکەی بە تێکڕای ساڵانە بریتی بووە لە (98 هەزار و 861) تۆن گەنم وکەمترین بڕشتیان هەبووە بەراورد بە ناوچەو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کە بڕشتەکەی (368) کیلۆ گرام بووە بۆ هەر دۆنمێک لە زەوی چێندراو، بۆ وردەکاری تەواوی ئەو ماوەیە لە ئیدارەی گەرمیان بڕوانە (خشتەی ژمارە (6)).


چوارەم: بەکاربردنی گەنم لە عێراق و هەرێمی کوردستان
بەپێی ئامارەکان ژمارەی دانیشتوانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانەو بە هەمان ئەو گەشەسەندنەی دانیشتوان خواست و بەکاربردنی گەنمیش بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوە بووە، بە جۆرێک لە ساڵی (2010) کاتێک ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بریتی بووە (30 ملیۆن و 340 هەزار) هاوڵاتی، قەبارەی بەکاربردنی گەنم بریتی بووە لە (4 ملیۆن و 220 هەزار) تۆن گەنم لە ساڵەکەدا.
بەڵام لە ساڵی (2010) کاتێک ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەگاتە (38 ملیۆن و 620 هەزار) هاوڵاتی، قەبارەی بەکاربردنی گەنم بەرزدەبێتەوە بۆ (5 ملیۆن و 372 هەزار) تۆن گەنم لە ساڵەکەدا.
ئەگەر بەپێی ئەو ئامارە بێت هەر تاکێکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بە تێکڕای ساڵانە پێویستی بە بڕی (139) کیلۆ گرام گەنم هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی وەکو (نان، سەمون، کێک، پسکیت، ساوەر، قەرەخەرمان، بڕوێش، گەنمەکوتاو، دۆینە و سەرجەم ئەو پێداویستیانەی لە گەنم بەرهەم دێن). سەبارەت بە بەکاربردنی بڕی گەنم لە عێراق و هەرێمی کوردستان (بڕوانە خشتەی ژمارە (7))
خشتەی ژمارە (7)


پێنجەم: بەرهەمهێنان و بەکاربردنی گەنم لە هەرێمی کوردستان
وەک پێشتر ئاماژەمانی پێدا بەپێی ستانداردی جیهانی هەر تاکێک بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە خۆراکییەکانی ساڵانە پێویستی بە بڕی (71) کیلۆگرام گەنم هەیە.
بەڵام هاوڵاتیانی عێراقی بە هەرێمی کوردستانیشەوە نزیکەی دوو هێندەی ستانداردی جیهانی گەنم بەکاردەهێنن کە بۆ هەر تاکێیک تێکڕا (139) کیلۆ گرامە. بەم جۆرەش بێت بەپێی دوا زانیارییەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2021)دا گەیشتووە بە (6 ملیۆن و 270 هەزار) کەس، واتە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی گەنمی دانیشوانی هەرێم ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە بڕی (871 هەزار و 530) تۆن گەنم هەیە.
هەرچی بەرهەمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانە لە ماوەی نێوان ساڵانی (2010 - 2020)، لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم و بە پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیانیشەوە بەرهەمی تێکڕای جوتیارانی کوردستان ساڵانە بریتی بووە لە (1 ملیۆن و 315 هەزار و 994) تۆن گەنم.
واتە ئەگەر ئەو بەرهەمە دابەشی (139) کیلۆ گرام بکەین، کە پێداویستی هەر تاکێکە، بەشی (9 ملیۆن و 467 هەزار و 583) کەس دەکات.
بەم ئەنجامەش دوای پڕکردنەوی پێداویستی ناوخۆ بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بڕی (444 هەزار و 464 ) تۆن گەنم زیاتر لە پێداویستی خۆی بەرهەم دەهێنن.


سەرچاوەکان
1.    ماڵپەڕی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، پوخته‌ی داتای به‌روبوومه‌ كشتوكاڵیه‌كان 1969-2020؛
https://krso.gov.krd/content/upload/1/root/%D9%BE%D9%88%D8%AE%D8%AA%D9%87%E2%80%8C%D9%89-%D8%AF%D8%A7%D8%AA%D8%A7%D9%89-%D8%A8%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%D9%88%D8%A8%D9%88%D9%88%D9%85%D9%87%E2%80%8C%D9%83%D8%A7%D9%86-1969-20201.pdf
2.    قصی الكلیدار، سعد عزیز ناصر و احلام كامل اسماعیل و المعهد التقنی فی المسیب، تحلیل اقتصادی للتوقعات المستقبلیە لانتاج واستهلاك القمح فی العراق للمدە 2010 – 2020 باستخدام نماژج التوقع الملائمە، علی الموقع؛
https://iasj.net/iasj/download/e6050169fa46823f
3.    أكبر الدول المصدرە للقمح فی العالم، سكای نیوز عربیە – أبوڤبی، علی الموقع؛
https://www.skynewsarabia.com/business/1507116-%D8%A7%D9%94%D9%83%D8%A8%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D9%84-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B5%D8%AF%D8%B1%D8%A9-%D9%84%D9%84%D9%82%D9%85%D8%AD-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85
4.    أكبر المصدرین والمستوردین وأهم المنتجین للقمح فی العالم، علی الموقع؛
https://www.almayadeen.net/news/economic/%D8%A3%D9%83%D8%A8%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B5%D8%AF%D8%B1%D9%8A%D9%86-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B3%D8%AA%D9%88%D8%B1%D8%AF%D9%8A%D9%86-%D9%88%D8%A3%D9%87%D9%85-%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%86%D8%AA%D8%AC%D9%8A%D9%86-%D9%84%D9%84%D9%82%D9%85%D8%AD-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand