حزبەكان چۆن بودجەی خۆیان دابین دەكەن ؟
2022-03-23 10:45:33
راپۆرت: درەو
پارتی لە چوار دەرگای جیاوازەوە بودجەی مانگانە بە حزبە سیاسییەكان دەدات، كۆمەڵی دادگەرییو یەكگرتووی ئیسلامی لە نێچیرڤان بارزانی، حزبی سۆسیالیستو زەحمەتكێشان لە بارەگای بارزانی، بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینگەی مەسرور بارزانی، حزبە بچوكەكانیش لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی، بودجەكەی پارتی لەبەرزترین ئاستدا (25 دەفتەر) دۆلارە بۆ مانگێك، لە نزمترین ئاستیشدا (ملیۆنێكو 500 هەزار) دیناری عێراقییە، نزیكەی حەوت ساڵە یاسای پێدانی بودجەی حزبەكان لە پەرلەمان پەسەندكراوە، بەڵام تائێستا ئەم یاسایە جێبەجێ نەكراوە، بودجەی حزبەكان چۆنەو بڕەكەی چەندە ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
یاسایەك كە جێبەجێ نەكرا !
لە هەرێمی كوردستان زۆرینەی پارتە سیاسییەكان سەرباری ئەوەی بەپێی پێگەو هێزیان، ئابوریو كۆمپانیاو بزنسی تایبەت بەخۆیان هەیە، مانگانەش بڕە بودجەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەردەگرن.
وەرگرتنی ئەم بڕە بودجەیە، وا دەردەكەوێت خراوەتە بری (یاسای پێدانی بودجەی حزبەكان)، كە نزیكەی حەوت ساڵە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە، بەڵام كاری پێناكرێت.
(یاسای پێدانی بودجەی حزبەكان) لە رۆژی 24ی تەموزی 2014دا پەسەندكرا، ئەوكات پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (یوسف محەمەد) لای بزوتنەوەی گۆڕان بوو، پەسەندكردنی ئەم یاسایە سەرباری ئەوەی لەكاتی خۆیدا رەخنەی زۆری لێگیرا، بەڵام بوونی یاساكە لە نەبوونی باشتر بوو، چونكە جێبەجێكردنی یاساكە وای دەكرد حزبەكان نەكەونە ژێر فشاری دارایی هێزە دەسەڵاتدارەكانو سەرچاوەی داراییان تاڕادەیەك شەفاف بێت.
یاسای پێدانی بودجەی حزبەكان، لەسەر بنەمای بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان بەشە بودجەی حزبەكانی دیاریكردووە، لە ساڵی 2013وە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نییە، بەوهۆیەشەوە یاسای بودجەی حزبەكان جێبەجێ نەكراوە.
بەهۆی جێبەجێ نەكردنی یاسای پێدانی بودجەی حزبەكانەوە، پارتە سیاسییەكان بۆ دابینكردنی بەشە بودجەی مانگانەی خۆیان پەنایان بۆ رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ (پارتیو یەكێتی) بردووە، ساڵی 2016 یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكیان ئیمزا كرد "رێككەوتنی دەباشان"، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا یەكێتی مانگانە بڕی (400 هەزار) دۆلاری بە بزوتنەوەی گۆڕان دەدا، وەرگرتنی ئەم پارەیە بە بڕی جیاواز تاوەكو ساڵی كۆتایی ساڵی 2017 بەردەوام بوو، حزبەكانی تریش هەریەكەیانو لەكاتی جیاوازدا بە بڕی جیاواز بودجەیەكی مانگانەیان لە پارتیو یەكێتی وەرگرتووە.
لە ساڵی 2014وە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نییە، ئەمە وایكردووە، حزبە سیاسییەكان لە دەرەوەی یاسا پارە وەربگرن، ئەگەر بودجە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، دەبێت یاسای بودجەی حزبەكانیش كارا بكرێت.
بودجەی ئێستای حزبەكان چۆنە ؟
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئێستا بودجەی پارتە سیاسییەكان، لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەدرێتو پارتی لەڕێگەی چوار دەرگاوە ئەم پارەیە بە حزبەكان دەدات، كە ئەمانەن:
دەرگای یەكەم: بارەگای بارزانی
چەند حزبێكی هەرێمی كوردستان بەشە بودجەی مانگانەی خۆیان لە بارەگای بارزانی وەردەگرن، لەوانە حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستانو حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، بودجەكەی حزبی سۆسیالیست مانگانە (100 هەزار) دۆلارە بە زمانی بازاڕ واتە (10 دەفتەر) دۆلار، بودجەكەی زەحمەتكێشان-یش مانگانە (50هەزار) دۆلار واتە (5 دەفتەر).
دەرگای دووەم: نێچیرڤان بارزانی
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش مانگانە بڕە بودجەیەك بۆ چەند حزبێك دابین دەكات، لەوانە كۆمەڵی دادگەریی كوردستانو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بەمدواییە عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا بەفەرمی دانی بەوەدانا لە دەرەوەی یاسای بودجەی حزبەكان مانگانە بڕە پارەیەك وەردەگرن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بودجەكەی كۆمەڵی دادگەرییو یەكگرتووی ئیسلامی لای نێچیرڤان بارزانی مانگانە (150 هەزار) دۆلارە بۆ هەریەكێكیان، بە زمانی بازاڕی دراوەكە، واتە هەریەكە لەو دوو حزبە مانگانە بڕی (15 دەفتەر) دۆلار وەردەگرن.
دەرگای سێیەم: مەسرور بارزانی
بزوتنەوەی گۆڕانیش لەڕێگەی نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە مانگانە بڕە بودجەیەك لە پارتی وەردەگرێت، بەگوێرەی نوسراوێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە بەمدواییە ئاڕاستەی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەیان كردووە، ئەو پارەیەی كە گۆڕان مانگانە لە مەسرور بارزانی وەردەگرێت، بڕەكەی (250 هەزار) دۆلار واتە (25 دەفتەر) دۆلارە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتییەوە ئەم بڕە پارەیەی وەرگرتووە، بەڵام بەمدواییە وەرگرتنی پارەكەی گواستوەتەوە بۆ نوسینگەی سەرۆك وەزیران بۆ ئەوەی وا دەركەوێت پارەكە لە حكومەت وەردەگیرێت نەك لە حزب.
دەرگای چوارەم: مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی
ژمارەیەك لە حزبە بچوكەكانی تر لەرێگەی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتییەوە مانگانە بڕە پارەیەكیان پێدەدرێت، (درەو) زانیویەتی لەناو ئەو حزبانەی لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی پارە وەردەگرن، حزبی تێدایە بودجەی مانگانەی (ملیۆنێكو 500 هەزار) دینای عێراقییە.
بودجەی حزبەكان لەسەرەتاوە بۆ كۆتایی
دوای كشانەوەی بەعس لە ناوچەكانی كوردستان، ساڵی 1992 یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە كوردستان كرا، ساڵی 1993 یاسای حزبەكان دەرچوو، لەم یاسایەدا بۆ یەكەمجار باسلەوەكرا دەبێت بودجەی حزبە سیاسییەكان دیاری بكرێت.
ساڵی 1994 شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتیو یەكێتی دەستی پێكردو كوردستان دابەش بوو بەسەر دوو ئیدارەدا، شەڕی ناوخۆ تاوەكو ساڵی 1998 بەردەوام بوو، ساڵی 2005 پارتیو یەكێتی رێككەوتنی ستراتیژییان ئیمزا كردوو حكومەتەكانیان یەكخستەوە.
بەپێی قسەی نەوشیروان مستەفا، مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 1994 لەسەروبەندی شەڕی ناوخۆدا، خەرجی موچەی مانگانەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان (86 ملیۆنو 450 هەزار) دیناری سویسری بووە، بەڵام پارتیو یەكێتی بەهەردووكیان مانگانە لە بودجەی حكومەت بڕی (80 ملیۆن) دیناری سویسرییان بردووە.
ساڵی 1999 كە یەكێتی لە سنوری خۆی حكومەتی هەبووەو كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی حكومەتەكە بووە، بەپێی قسەی نەوشیروان مستەفا، رێژەی 30%ی بودجەی حكومەتەكە بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتی رۆیشتووەو رێژەی 35%ی بۆ هێزی پێشمەرگەی یەكێتی بووە، رێژەی 35%ی بودجەكە بۆ حكومەتو موچەی فەرمانبەران ماوەتەوە.
ساڵی 2004 بۆ 2010 مانگانە یەكێتیو پارتی لە بودجەی حكومەت هەریەكەیان بڕی (35 ملیۆن) دۆلاریان بۆ خۆیان بردووە، بۆ نمونە كۆی گشتی بودجەی حكومەت لە ساڵی 2005 كە ئیدارەكانی پارتیو یەكێتی یەكیان گرتووەتەوە بڕی (3 ملیارو 124 ملیۆن) دۆلار بووە، لەم پارەیە پارتیو یەكێتی پێكەوە بڕی (840 ملیۆن) دۆلاریان بردووە بۆ خۆیان، كە دەكاتە (26%)ی تێكڕای بودجەی گشتی هەرێم لەو ساڵەد.
ساڵی 2010 بڕە پارەی پارتیو یەكێتی لە بودجەی گشتی هەرێم لە (35 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (35 ملیۆن) دۆلارەوە كەمكرایەوە بۆ (4 ملیارو 720 ملیۆن) دینار بۆ هەریەكێك لەو دوو حزبە، واتە مانگانە یەكێتیو پارتی پێكەوە بڕی (9 ملیارو 400 ملیۆن) دیناریان لە بودجەی هەرێم بۆ خۆیان بردووە.
ساڵی 2013 كە هەرێمی كوردستان دواین یاسای بودجەی هەبووە، پارەی حزبە سیاسییەكان بەمشێوەیەو لە دەرەوەی یاسای بەركار دابەشكراوە:
• پارتی مانگانە بڕی (4 ملیارو 720 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە
• یەكێتی مانگانە بڕی (4 ملیارو 720 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە
• بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەوكات هێزێكی ئۆپۆزسیۆن بووە، مانگانە بڕی (590 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە
• یەكگرتووی ئیسلامی مانگانە بڕی (450 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە
• كۆمەڵی ئیسلامی (كە ئێستا بووە بە كۆمەڵی دادگەریی) مانگانە بڕی (350 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە
• حزبی شیوعی كوردستان مانگانە بڕی (580 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە (ئەم بڕە پارەیەی شیوعی لەكاتی خۆیدا مشتومڕی دروستكرد، حزبەكانی تر دەیانوت ئەم پارەیە زۆرە بەبەراورد بە پارەكەی ئەوان)
• حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان مانگانە بڕی (400 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە
• حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان مانگانە بڕی (250 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە
• بزوتنەوەی ئیسلامی مانگانە (80 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە
• سەرباری ئەمانە (15) حزبی سیاسی تر هەبووە كە كورسی پەرلەمانیان نەبووەو مانگانە بە تێكڕاو پێكەوە بڕی (353 ملیۆن) دیناریان وەرگرتووە، كە زۆرترینیان پارتی پارێزگاران بووەو مانگانە (45 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە، كەمترینیشیان حزبی رزگاری نەتەوەیی توركمان بووە كە مانگانە بڕی (ملیۆنێك) دیناری وەرگرتووە.
بەر لە یەكخستنی ئیدارەكانیان، پارتیو یەكێتی لەو پارانەی كە لە بودجەی گشتی هەرێم بۆ خۆیان بردووە، ماوە لەدوای ماوە یارمەتیی دارایی حزبە سیاسییەكانی تری كوردستانیان داوە، ئەمەش لەسەر بنەمای راكێشانی وەلائی ئەو حزبانە بەلای سیاسەتەكانی خۆیاندا، بۆ نمونە ساڵی 1999 لە بودجەی ئیدارەی سلێمانی پارەی بەمشێوەیە بە حزبەكانی تر داوە:
• بزوتنەوەی ئیسلامی مانگانە بڕی (2 ملیۆن) دیناری سویسری وەرگرتووە
• حزبی سۆسیالیستی دیموكرتی كوردستان مانگانە بڕی (700 هەزار) دیناری سویسری وەرگرتووە
• حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان مانگانە بڕی (600 هەزار) دیناری وەرگرتووە
• پارتی پارێزگارانی كوردستان مانگانە بڕی (250 هەزار) دیناری وەرگرتووە
• حزبی دیموكراسیخوازان مانگانە بڕی (100 هەزار) دیناری وەرگرتووە
• حزبی شیوعی كوردستان مانگانە بڕی (200 هەزار) دیناری وەرگرتووە
• حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری مانگانە بڕی (50 هەزار) دیناری وەرگرتووە
• حزبی وەتەنی عێراقی مانگانە بڕی (60 هەزار) دیناری وەرگرتووە
یاسای بودجەی حزبەكان چی دەڵێ ؟
ساڵی 2014 كە بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرت، یاسای پێدانی بودجە بە حزبەكان پەسەندكرا، بزوتنەوەی گۆڕان كە نەوشیروان مستەفا رێبەرایەتی دەكرد، زۆر خواستی لەسەر تێپەڕینی ئەم یاسایە بوو، گۆڕان دەیویست بەم یاسایە كێشەی دارایی خۆی بەشێوەیەكی سەلامەتو دوور لە فشاری پارتیو یەكێتی چارەسەر بكات، بۆیە یاساكە بە تەوافوقی هەموو لایەنەكان تێپەڕێندراو زۆرینەی لایەنەكان لێی سودمەندبوون.
یاسای بودجەی حیزبەكان كە ئێستا یاسایەكی بەركارە بەڵام جێبەجێ ناكرێت، لە (6) مادە پێكهاتووە، بەپێی ئەم یاسایە، ئەو بودجەیەی كە ساڵانە بۆ حزبە سیاسییەكان دابین دەكرێت (ئەوانەی مۆڵەتی كاركردنیان هەیە)، بڕەكەی دەبێت (1%)ی كۆی گشتی بودجەی ساڵەكە پێكبهێنێت، بۆ نمونە ئەگەر لەسەر یاسای بودجەی 2013 كە دواین یاسای بودجە بووە لە هەرێمی كوردستان خەمڵاندن بكرێت، لەو ساڵەدا تێكڕای بودجە (16 ترلیۆن) دینار بووە، رێژەی (1%)ی ئەم پارەیە دەكاتە بڕی (160 ملیار) دینار، واتە بڕی (160 ملیار) دینار بە تێكڕا بۆ بودجەی حزبەكان تەرخان دەكرێت، ئەمەش بەبەراورد بە پێشتر كە یاسای بودجەی حزبەكان نەبووە زۆر باشترە، چونكە پێشتر بودجەی تەرخانكراو بۆ حزبەكان لە دەرەوەی یاسا بڕی (190 ملیار) دینار بووە، واتە لەحاڵەتی جێبەجێكردنی یاساكەدا خەرجی بودجەی حزبەكان كەمتر دەبێتەوەو سەرباری ئەمەش حزبەكان تاڕادەیەك لەژێر هەژموونی پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان رزگاریان دەبێت.
یاساكە چەند پێوەرێكی دیاریكردووە بۆ پێدانی بودجە بە حزبەكان كە ئەمانەن:
• كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكرێتە بنەما، بەهای كورسییەك مانگانە (0.000375)ی كۆی گشتی بودجەی حیزبەكان دەبێت، ئەگەر هەر لەسەر بنەمای بودجەی 2013 خەمڵاندن بكرێت، هاوكێشەكە بەمشێوەیە دەبێت (160 ملیار دینار × 0.000375 = 60,000,000) واتا لەم حاڵەتەدا بەهای كورسییەكی پەرلەمانی كوردستان (60 ملیۆن) دینارە، دیاریكردنی ئەو رێژەیە لەسەر ئەو بنەمایەیە ئەگەر بودجەی گشتی كەمیكرد ئەوا بودجەی حیزبەكانیش كەمدەكات، بەپێچەوانەشەوە.
• ژمارەی دوو خولی كۆتایی پەرلەمان كۆدەكرێتەوە لەگەڵ كورسییەك بۆ هەر خولێكی پەرلەمانی كوردستان، بەمەرجێك ئەو حیزبانە لە (4) كورسی كەمتریان نەبێت لە پەرلەماندا.
• ئەو حیزبانەی كورسیان نەهێناوەو ژمارەی دەنگەكانیان (40%)ە، ئەوا دوو كورسیان بۆ ئەژمار دەكرێت، واتە ئەو حزبانەشی كورسی پەرلەمانیان نییە، بەپێی ئەم یاسایەو لەسەر بنەمای هاوكێشەكەی سەرەوە بڕە بودجەیەكیان بۆ دابین دەكرێت.
• ئەو حیزبانەی كورسیان نەهێناوەو رێژەی دەنگەكانیان (20% بۆ 39%)ە، ئەوا یەك كورسییان بۆ ئەژمار دەكرێت.
• هەر حیزبێك كە خاوەنی یەك كورسی بێت لە خولەكانی پەرلەمان، بە دوو كورسی كۆمەك دەكرێت.
• ئەو حیزبانەی كە پێش راپەرین بەشداربوون لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، نابێت لە (300 ملیۆن) دینار كەمتر وەرگرن، لێرەدا حزبە نەریتییەكان جارێكی تر باڵادەستكراونەتەوە.
• ئەو حیزبانەی كە خاوەن كورسییە كۆتاكانن، بۆ یەك كورسی (0,0005)ی بودجەی حیزبەكانیان پێدەدرێت، ئەگەر ئەمە لەسەر بنەمای بودجەی 2013 لێكبدرێتەوە هاوكێشەكە بەمشێوەیە دەبێت (160,000,000,000 × 0,0005 = 80,000,000) بۆ هەر كوسییەك (80 ملیۆن) دینار دەكات.
بودجەی حزبەكان بەپێی یاسا
بەپێی یاسای پێدانی بودجەی حزبەكان، ئەگەر یاسای بودجەی 2013 بكرێت بە بنەما كە بودجەی گشتی كوردستان لەو ساڵەدا (16 ترلیۆن) دینار بووە، بودجەی حزبەكان بەمشێوەیە دەبێت (خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەژمار نەكراوە، واتا لێكدانەوەكان بۆ كورسیەكان پێش هەڵبژارنی خولی پێنجی پەرلەمان كراوە):
• پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان لە خولی سێیەمی پەرلەماندا (30) كورسی هەبووە، لە خولی چوارەمدا (38) كورسی هەبووە، لە (4) خولی پەرلەمان بەشداری كردووە كە دەكاتە (4) كورسی دەكات، بەپێی یاسای بودجەی حزبەكان تێكڕای كورسییەكانی پارتی بە (72) كورسی ئەژماردەكرێت، بۆ ئەم ژمارە كورسییە تێكڕای بودجەی پارتی لە بودجەی گشتی كوردستان بۆ هەر مانگێك دەكاتە (4 ملیارو 320 ملیۆن) دینار. بەو پێیەش بودجەی پارتی ( 390 ملیۆن دینار ) كەمیكردووە، چونكە پێشتر ( 4 ملیار و 720 ملیۆن ) دیناری وەردەگرت.
• بزوتنەوەی گۆڕان
لە خولی سێیەم (25) كورسیو لە خولی چوارەم (24) كورسی هەبووە، دوو خول بەشداری كردووە، كۆی گشتی كورسییەكانی بەپێی یاساكە دەكاتە (51) كورسی، بەم پێیە بودجەی مانگێكی دەكاتە (3 ملیارو 60 ملیۆن) دینار، بەپێی یاساكە بودجەكەی گۆڕان كەمدەكات، چونكە پێشتر مانگانە بڕی (600 ملیۆن) دیناری وەرگرتوو.
• یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
لە خولی سێیەم (29) كورسیو لە خولی چوارەم (18) كورسی، چوار خول بەشداری كردووە، كۆی گشتی كورسییەكانی بەپێی یاساكە دەكاتە (51) كورسی، بەم پێیە بودجەی مانگێكی یەكێتی دەكاتە (3 ملیارو 60 ملیۆن) دینار، بەپێی یاساكە یەكێتی بڕی (1 ملیارو 660 ملیۆن) دینار بودجەكەی كەم دەكات، چونكە پێشتر بڕی (4 ملیارو 720 ملیۆن ) دیناری وەردەگرتووە.
• یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
لە خولی سێیەم (6) كورسیو لە خولی چوارەم (10) كورسی، سێ خول بەشداری كردووە، كۆی گشتی كورسییەكانی بەپێی یاساكە دەكاتە (19) كورسی، بەم پێیە بودجەی مانگێكی یەكگرتووو دەكاتە (1 ملیارو 140 ملیۆن) دینار، بودجەی یەكگرتوو بەپێی یاساكە زیاد دەكات، چونكە پێشتر مانگانە بڕی (450 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە.
• كۆمەڵی دادگەریی كوردستان
لە خولی سێیەم (4) كورسیو لە خولی چوارەم (6) كورسی هەبووە، سێ خول بەشداری كردووە، بەپێی یاساكە تێكڕای كورسییەكانی دەكاتە (13) كورسی، بەم پێیە بودجەی مانگێكی دەكاتە (780 ملیۆن) دینار، یاساكە بودجەی كۆمەڵ زیاد دەكات، چونكە پێشتر مانگانە بڕی (350 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە.
• هەمان هاوكێشەی بۆ بودجەی حزبەكانی تریش جێبەجێ دەبێت بەپێی ناوەڕۆكی یاساكە.