رۆیتەرز: لە ڤێلاكەی شێخ بازدا گفتوگۆ لەبارەی غاز كراوە
2022-03-29 17:10:48
(درەو)- رۆیتەرز
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرسێكی عێراق، ئەمریكی، توركییەوە باسلەوە دەكات، ڤێلاكەی شێخ باز لە هەولێر كە بوو بە ئامانجی هێرشی موشەكی ئێران، كۆبونەوەی تێدا كراوە لەبارەی ناردنی غازی كوردستان بۆ توركیاو ئەوروپا، بەرپرسانی ئیسرائیلیو ئەمریكیی بەشداربوون لەو كۆبونەوانەدا.
دوای زیاتر لە دوو هەفتە لەو هێرشەی كە هەولێری لە كوردستانی عێراق كردە ئامانجو سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتییەكەی گرتەئەستۆ، بەرپرسانی عێراقیو بیانی وردەكاری نوێو گرنگیان لەبارەی كردەوەكە ئاشكرا كرد.
بەرپرسانی عێراقیو توركەكان باسلەوە دەكەن، پلانی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی غازی سروشتی بە توركیاو ئەروروپا بە یارمەتی ئیسرائیل، بەشێكە لەوەی كە ئێرانی توڕە كردووەو وایلێكردووە لەم مانگەدا بە موشەكی بالستی هەولێر بۆردومان بكات.
ئەو بەرپرسانە كە لەم هەفتەیەدا، بەمەرجی ئەوەی ناوەكەیان ئاشكرا نەكرێت قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) كردووە، باسیان لەوە كردووە، باوەڕیانوایە هێرشەكە وەكو پەیامێكی فرەڕەهەند بووە بۆ هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەناوچەكە، بەڵام پاڵنەری سەرەكی پلانی ناردنی غازی كورد بووە بۆ توركیاو ئەوروپا بەبەشداری ئیسرائیل.
سەرچاوەكان دەڵێن، هەنگاوەكە لە كاتێكی هەستیاری سیاسیدایە بۆ ئێرانو ناوچەكە، چونكە پلانی هەناردەی غاز رەنگە هەڕەشە لە پێگەی ئێران بكات وەكو هاناردەكارێكی سەرەكی غاز بۆ عێراقو توركیا لەكاتێكدا ئابورییەكەی بەدەست سزا نێودەوڵەتییەكانەوە دەناڵێنێت.
دوو كۆبونەوە لە ڤێلاكەی هەولێردا
بەرپرسانی ئەمنیی عێراقی دەڵێن" بەمدواییە دوو كۆبونەوە لەنێوان بەرپرسانی وزەو پسپۆڕانی ئیسرائیلیو ئەمریكی لە ڤێلاكەدا هەبووە (وەكو ئاماژەیەك بۆ ڤێلاكەی شێخ باز لە هەولێر كە ئێران بۆردومانی كرد) بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ناردنی غازی كوردستان بۆ توركیا لەرێگەی هێڵێكی بۆری نوێوە".
بەرپرسێكی ئەمنی عێراقو بەرپرسێكی پێشووی ئەمریكا كە ئاگاداری پلانی ئەو سەرمایەدارە كوردەن ماڵەكەی بوو بە ئامانجی موشەكەكانی ئێران كە (باز كەریم بەرزنجی)یە دەڵێن" كاریكردووە بۆ پەرەپێدانی هێڵی بۆری بۆ هەناردەی غاز".
ئەم سەرچاوانە وتویانە، (كار گروپ) كە كۆمپانیایەكی نەوتییەو باز بەرزنجی خاوەنیەتی، كار دەكات بۆ خێراكردنی هێڵی بۆری غاز، بەرپرسە ئەمریكییەكە ئاماژەی بەوەكردووە" هێڵە نوێیەكە دەبەسترێتەوە بە هێڵێكەوە كە بەشێوەیەكی كردەیی لەناو خاكی توركیا لەسەر سنور كارەكانی تەواو بووە".
پێدانی غاز بە توركیاو ئەوروپا
بەرپرسە ئەمنییەكەی عێراق وتویەتی، بەلای كەمەوە دوو كۆبونەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەم بابەتە لەگەڵ پسپۆڕانی بواری وزەی ئەمریكاو ئیسرائیلدا لەو ڤێلایەدا كراوە كە بەرزنجی تێدا نیشتەجێیە، بەوتەی ئەو بەرپرسە ئەمە هۆكارەكە بووە كە ئەم ڤێلایە بووە بە ئامانجی گورزی موشەكی ئێران، لەم هێرشەدا كەس بریندار نەبووە، بەڵام ڤێلاكە زیانی زۆری پێگەیشت.
لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسێكی حكومی عێراقو دیپلۆماتكارێكی خۆرئاوایی لە عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەكەن، بەرزنجی بەوە ناسراوە میوانداری بەرپرسانو سەرمایەدارانی بیانی دەكات لە ماڵەكەیدا، لەنێویشیاندا بەرپرسانی ئیسرائیلی.
لەلایەكی ترەوە، دوو بەرپرسی توركیا جەخت لەسەر ئەوە دەكەن بەمدواییە بەبەشداری بەرپرسانی ئەمریكاو ئیسرائیل گفتوگۆ كراوە بۆ تاوتوێكردنی ناردنی غازی سروشتی عێراق بۆ توركیاو ئەوروپا، بەڵام شوێنی كۆبونەوەكانیان ئاشكرانەكرد.
بەرپرسانی عێراقو توركیا وردەكاری زیاتریان لەبارەی پلانی ناردنی غاز لە كوردستانی عێراقەوە بۆ توركیا نەخستەڕوو، هەروەها دەستنیشانیان نەكرد پلانەكە گەیشتووەتە چ قۆناغێك یاخود رۆڵی ئیسرائیل لەم پرۆژەیەدا چییە.
یەكێك لە بەرپرسانی توركیا وتی" ساتی هێرشەكەی هەولێر جێگەی بایەخە.. رەنگە بە پلەی یەكەم ئاڕاستەی هەناردەی وزە لە باكوری عێراقو ئەگەری هاوكاریكردنی ئیسرائیل، كرابێت".
جەختی لەسەر ئەوە كرد، هەندێك گفتوگۆ كراوە لەبارەی هەناردەی غازی سروشی باكوری عێراقو وتی:" ئێمە دەزانین عێراقو ئەمریكاو ئیسرائیل بەشداری لەم پرۆسەیەدا دەكەن، توركیاش پشتیوانی دەكات".
هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە
فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی عێراق دەڵێت" كار گروپ هێڵی بۆری خۆجێی لە كوردستان دروستكردووەو ئێستا ئەو هێڵەكە بەڕێوەدەباتو خاوەنی یەك لەسەر سێی بۆری هەناردەی نەوتی خاوی كوردستانە، بەشەكەی تر رۆسنەفتی روسی خاوەندارێتی دەكات".
نوسینگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق رەتیكردەوە هیچ كۆبونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكیو ئیسرائیلی بۆ بابەتی هێڵی بۆری لە ڤێلاكەی بەرزنجیدا كرابێت.
ئاماژە بەوەدەكرێت، ئەم ئاشكرابوونە، هێرشەكەی ئێران بۆسەر هەولێر دەخاتە چوارچێوەی بەرژەوەندی وزەوە بۆ لایەنە هەرێمایەتییەكانو وەڵامدانەوەی كوژرانی دوان لە ئەفسەرەكانی ئێران نەبوو لە هێرشێكی ئیسرائیلدا لە نزیك دیمەشق.