Draw Media

دوای سەربەخۆكان؛ سەدر یەكێتی تاقی دەكاتەوە

دوای سەربەخۆكان؛ سەدر یەكێتی تاقی دەكاتەوە

2022-03-29 14:20:52


راپۆرت: درەو
دوای تاقیكردنەوەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، سەدر دەیەوێت ئەمجارە یەكێتی‌و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی سوننە بەلای خۆیدا رابكێشێت‌و نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو بكات، بەبێ رەزامەندی ئێران پێشبینی ناكرێت ئەم هەوڵە نوێیەی سەدر هیچ شتێكی لێ سەوز ببێت، ئەگەر سبەینێ نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان تەواو نەبێت، عێراق دەكەوێتە بەردەم چەند سیناریۆیەكەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

كورد لە كێشمەكێشی شیعەكاندا
سبەینێ جارێكی تر پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەپێی ئەو عورفەی لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە داكەوتووە، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە. 
كورد بە دیاریكراوی پارتی‌و یەكێتی، دابەشبوون بەسەر ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعەدا، پارتی لەگەڵ رەوتی سەدر‌و یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە، هەردووكیان كاندیدی خۆیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لایەنەكانی تریش سەرباری ئەوەی هەڵوێستیان لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی نەبێت، بەڵام هەڵوێستی سیاسییان كەوتوەتە ناو یەكێك لەم دوو بەرەیەوە، نەوەی نوێ بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان دەكات‌و هەڵوێستەكەی دەچێتە خزمەتی هاوپەیمانێتییەكەی (سەدرو پارتی) بۆ تەواوكردنی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان، یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی دادگەریش بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمان دەكەن‌و هەڵوێستەكەیان دەچێتە خزمەتی بەرەكەی (یەكێتی‌و چوارچێوەی هەماهەنگی).
سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەسەر پێكهاتەی شیعە بە پاڵپشتی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و هاوپەیمانی سیادە (هاوپەیمانێتی گەورەی سوننەكان) هێشتا سورە لەسەر پێكهێنانی "حكومەتی زۆرینە"، لەبەرامبەردا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (نوری مالیكی، هادی عامری، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، عەممار حەكیم، حەیدەر عەبادی) كە بەهەمان شێوە نوێنەرایەتی پێكهاتەی شیعە دەكەن، داوای پێكهێنانی "حكومەتی تەوافوقی" دەكەن هاوشێوەی ئەو حكومەتانەی كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە تاوەكو ئێستا دروستكراون، چوارچێوەی هەماهەنگی كە بە هێزەكانی بەرەی ئێران ناودەبرێن، پشتیوانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و زیاتر لە (10) پەرلەمانتاری سوننەكان، دەیانەوێت هەوڵەكانی سەدر بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت پەكبخەن، ئەگەر پێشوەختە گرەنتی بەشداربوونیان لە حكومەتەكەدا نەكەن.  
وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان نزیك دەبێتەوە، تائێستا نە دوو بەرە ناكۆكەكەی شیعە لەناو خۆیان رێككەوتوون، نە پارتی‌و یەكێتیش لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار. 
شیعەكان ناكۆكییەكانی خۆیان بەستوەتەوە بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە، چونكە بە تێپەڕینی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكات‌و سەدر بەبێ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەتوانێت هەنگاوەكانی تر تەواو بكات، بۆیە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت پرۆسەكە لە خاڵی یەكەمەوە رابگرن.

هەوڵێكی نوێ لەلایەن سەدرەوە
بۆ گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، موقتەدا سەدر لەڕێگەی راكێشانی پەرلەمانتارانی سەربەخۆوە هەوڵیدا هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تێپەڕێنێت، رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە ئەم هەوڵەی سەدر شكستیهێنا، نیسابی یاسایی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو نەبوو.  
ئەمجارە بۆ تەواوكردنی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان، سەدر پەنای بۆ هەوڵێكی نوێ بردووە، دەیەوێت پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بگەیەنێتە رێككەوتن‌و یەكێتی لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دوربخاتەوە. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دوێنێ دووجار موقتەدا سەدر پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانییەوە كردووە، سەدر دوو پێشنیازی بۆ چارەسەری كێشەی پارتی‌و یەكێتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە خستوەتە بەردەم بافڵ تاڵەبانی: 
•    پێشنیازی یەكەم: یەكێتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار (بەرهەم ساڵح) لە بەرژەوەندی كاندیدی پارتی (رێبەر ئەحمەد) بكێشێتەوە، لەبەرامبەر ئەمەدا یەكێتی پۆستە وزارییەكانی پشكی كورد لە بەغداد ببات، كە سێ پۆستی وزارییە‌و یەكێكیان پۆستێكی باڵایە (وەزارەتی دەرەوە). 
•    پێشنیازی دووەم: پارتی‌و یەكێتی هەردووكیان كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكێشننەوە‌و لەسەر كاندیدێكی هاوبەش رێبكەون كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی رەزامەندی لەسەر بدات. 
مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەبەشداری بافڵ تاڵەبانی، دوێنێ لە كۆبونەوەدا بوون بۆ تاوتوێكردنی پێشنیازەكانی موقتەدا سەدر، بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی هەردوو پێشنیازەكەی رەتكردوەتەوە، دوێنێ شەو بافڵ تاڵەبانی جارێكی تر گەڕایەوە بۆ بەغداد، بەڵام تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە هیچ زانیارییەك لەبەردەستی (درەو)دا نییە كە ئاماژە بۆ رێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بكات. 
لەپاڵ هەوڵەكەی سەدر بۆ راكێشانی یەكێتی، لەناو هاوپەیمانتێتییە سێقۆڵییەكەوە (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) هەوڵێكی تریش هەیە بە ئاڕاستەی راكێشانی ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی سوننە بەتایبەتی پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی عەزم. 
بەپێی ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری لێداوە، دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نیسابە یاساییەكەی دوو لەسەر سێیە، واتە بۆ ئەوەی دانیشتنەكە بەڕێوەبچێت، دەبێت لەكۆی (329) پەرلەمانتار، (220) پەرلەمانتار ئامادە بن. 
رۆژی شەممە كاتێك بڕیاربوو پەرلەمان دانیشتن بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لەكۆی (329) پەرلەمانتار، (202) پەرلەمانتار ئامادەبوون، واتە هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ‌و لایەنە هاوپەیمانەكانیانەوە هێشتا (18) كورسی تری پەرلەمانیان پێویستە بۆ ئەوەی نیساب تەواو بكەن، سێقۆڵییەكە ئومێدی هەیە ئەم (18) كورسییە تەواو بكات، بەتایبەتیش پێیانوایە هاوپەیمانی (عەزم)ی سوننەكان كە موسەننا سامەڕایی سەرۆكایەتی دەكات‌و 6 كورسی پەرلەمانی هەیە، زیاتر بۆ گفتوگۆ ئامادەیە، سەرباری ئەمەش هەندێك لەو سەربەخۆیانەی كە رۆژی شەممە بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان كردووە، بایكۆتەكەیان بۆ هاوهەڵوێستی نەبووە لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمانەش دەكرێت گفتوگۆیان لەگەڵ بكرێت‌و بۆ دانیشتنی سبەینێ ئامادە بكرێن، ئەمە جگە لە نوێنەری پێكهاتەی ئێزیدی‌و چەند پەرلەمانتارێكی تری سەربەخۆ. 

رێككەوتن بەبێ رەزامەندی ئێران
واقعی باوی عێراق‌و هەرێمی كوردستان لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە ئەوە نیشان دەدات، هەرجۆرە رێككەوتنێكی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەبێ ئاگاداری ئێران، ئاكامی خراپی دەبێت. 
ئەگەر پارتی بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتییەوە لەژێر هەژموونی توركیادا بێت‌و هەندێكجار بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی ئێرانەوە هەڵسوكەوت بكات، دۆخەكە بۆ یەكێتی بە تەواوەتی جیاوازە، بۆیە یەكێتی بەبێ رەزامەندی ئێرانییەكان ناچێتە ناو هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ موقتەدا سەدر، ئەگەر ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە بەلادا نەخرێن‌و سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەنە رێككەوتن‌و ئێران رێككەوتنەكەیان پەسەند نەكات. 

عێراق لەبەردەم چەند سیناریۆیەكدا
سبەینێ هەوڵی دووەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تاقیدەكرێتەوە، ئەگەر هاوشێوەی رۆژی شەممەی رابردوو، سبەینێ نیسابی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو نەبێت، عێراق دەكەوێتە بەردەم چەند سیناریۆیەك، چونكە دواین وادە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار رۆژی 6ی نیسانی داهاتوو دەبێت‌و لەو وادەیە بترازێت، ئیتر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكی دەكەوێت‌و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.
ئەگەر سبەینێ نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو نەبێت، لایەنە سیاسییەكان دەكەونە بەردەم چەند بژاردەیەك، كە رەنگە بە ناچاری یەكێك لە بژاردەكان پەسەند بكرێت: 

سیناریۆی یەكەم: 
پارتی‌و یەكێتی یەكێكیان كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرژەوەندی ئەوی تر بكشێنێتەوە، ئەمە لەبەرامبەر چەند پۆستێك لە بەغداد یاخود لە هەرێمی كوردستان، بۆ نمونە بە رەزامەندی ئێران، یەكێتی كاندیدی خۆی بكێشێتەوە‌و لەبەرامبەردا پارتی چەند پۆستێكی خۆی لە بەغداد یان لە هەرێمی كوردستان بدات بە یەكێتی.  

سیناریۆی دووەم: 
شیعەكان بەنێوەندگیری ئێران لەناو خۆیاندا رێبكەون، سەدر دەست لە بیرۆكەی دروستكردنی حكومەتی زۆرینە هەڵگرێت‌و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداری حكومەت بكات، لەم حاڵەدا دۆخی عێراق دەچێتەوە پێش خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019، كە ئێران پێی وایە لەو كاتەوە دۆخی سیاسی عێراق لە رێڕەوی خۆی دەرچووە‌و دەبێت بخڕێتەوە سەر رێڕەوەكەی خۆی، واتە ئەو رێڕەوەی كە ئێران دەیەوێت، كە ئەویش دروستكردنی حكومەتی تەوافوقی‌و دابەشكردنی كێكی دەسەڵاتە لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكاندا. 

سیناریۆی سێیەم: 
هەوڵەكانی سەدر بۆ تەواوكردنی نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان‌و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، جارێكی تر شكست بخوات، لەم حاڵەتەدا پێشبینی دەكرێت، كوتلەی سەدر لە پەرلەمانی عێراق بكشێنەوە‌و ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندانەكان دەستپێبكاتەوە. 
لە دۆخێكی لەمشێوەیەدا پێشبینی هەڵوەشاندنەوەی خولی نوێی پەرلەمان‌و بانگەوازكردن بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت، لەم دۆخەدا، حكومەتی مستەفا كازمی وەكو حكومەتی كاربەڕێكەر دەمێنێتەوە‌و بەرهەم ساڵحیش وەكو سەرۆك كۆمار بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت، تا ئەو كاتەی هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand