دیوی ناوەوەی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت
2022-04-02 19:32:04
شیكاری: درەو
بەپێی داتاکانی دیلۆیت نەوتی هەرێمی كوردستان بەردەوام (11 - 12) دۆلار لە خوار نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشرێت
سەربارەی ئەوەی بەردەوام پرۆسەی نەوتی هەرێم خەرجی و تێچووەکانی گەورەترە لەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت کۆی نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2021)دا بە هەردوو شێوەی (بۆری و فرۆشتنی ناوخۆ) بەهاکەی زیاتر بووە لە (9 ملیار) دۆلاری ئەمریکی، لەو بڕەش (5 ملیار) دۆلاری بە ڕێژەی (56%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە، تەنها نزیکەی (4 ملیار) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
(دیلۆیت) كێیە و چۆن و بۆچی هاته ههرێمی کودستان
بهپێی ئهو زانیارییانهی که له ماڵپهڕی حکومهتی ههرێمی کوردستان بڵاوکراوهتهوه، كۆمپانیای (دیلۆیت تۆش تۆهامتسۆی سنووردار)، كە ناسراوە بە (دیلۆیت)، یەكێكە لەو "چوار گەورە" كۆمپانیایەی بواری ژمێریاری و وردبینی كە گەورەترین تۆڕی خزمەتگوزاری جیهانین لە بواری ئەژماركردنی داهات و ژمارەی كەسانی پسپۆڕەوە. لەگەڵ زیاتر لە (244 ههزار و 400) ئەندامی پسپۆڕ لەو كۆمپانیایانەی كە خزمەتگوزاری لە بواری وردبینی و باج و ڕاوێژكاری و ڕاوێژكاری دارایی و ڕاوێژكاری پەیوەندیدار بە كاری سەركێشی و خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەكان لە زیاتر لە (150) وڵات و ناوچەی جیاجیا پێشكەش دەكەن، (دیلۆیت) كۆمپانیایەكی باوەڕپێكراوە لە سەرتاسەری جیهان و وەك پێوەر و خاوەن بڕیار لە بواری كارەكەیدا پشتی پێ دەبەسرێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بە بڕیاری (ژمارە ٧٣) لە ٣ی شوباتی 2016 دەرچووە، كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بواری وردبینی ڕاسپارد بۆ پێداچوونەوە بە سێكتەری نەوت و گاز لە هەرێم و ئاشكراكردنی ئەنجامەكەی لە پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بە شەفافیەت و خواستی حكومەت بۆ پتەوكردنی متمانەی خەڵك بە سێكتەری نەوت و گاز، هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ بەرەوپێشردن و چاكسازیی لە سامانی گشتی سەرچاوەی گرتووە. جگە لەوەش جێبەجێكردنی بڕگەی (شەشەم)ە لە ماددەی (١٥) لە یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ كە تایبەتە بە نەوت و گازی هەرێمی كوردستان كە دەخوازێت پێداچوونەوە بكرێت بە داهاتەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان و بخرێتە بەردەم ڕای گشتی، لە هەمان كاتدا سندوقی داهاتی نەوت و گاز بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بكات بە پێی پرەنسیپ و پێوانەی دەستپێشخەریی نێودەوڵەتی بۆ شەفافیەت لە بواری پیشەسازییە دەرهاتووەكان (EITI) كە لە بەندی 4 - 9ی دەستپێشخەرییەكەدا هاتووە:
• پێویست دەكات خەرجی و داهاتەكان لەلایەن دامەزراوەیەكی متمانەپێكراوی سەربەخۆوە بەراورد بكرێن كە پێوەرەكانی وردبینی نێودەوڵەتی پیادە دەكات، و ڕای ئەو دامەزراوەیەش بڵاوبكرێتەوە سەبارەت بە بەراوردكردنەكە بە دەرخستنی دەرئەنجامەكان
• پێویستە بەراوردكردن ئەنجام بدرێت لە نێوان شایستەی خەرجكراو بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان لەگەڵ داهاتی بەدەستهاتوو بۆ حكومەت لەلایەن دامەزراوەیەكی سەربەخۆ كە پێوەرە پیشەییە نێودەوڵەتییەكان پیادە دەكات.
سەرەڕای ئەوەش، ماددەی ٧ لە یاسای پەرلەمانی كوردستان ژمارە 2ی ساڵی 2015 تایبەت بە سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان ئەوە دەخاتە ڕوو كە پێویستە سەرجەم داتاكانی تایبەت بە ژمێرە و چالاكییەكانی سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان ئاشكرا بكرێن و لەلایەن كۆمپانیای ژمێریاریی جیهانیی لێهاتوو و متمانەپێكراو پێداچوونەوەیان پێدابكرێت و ئەژمێرەكانیان وردبینی بكرێنەوە، هەروەها پێویستە چالاكی و ڕاپۆرتی كۆمپانیاكانی ژمێریاریی جیهانی بدرێتە ئەنجومەنی وەزیران.
سەرەڕای ئەوەش، لە بڕگەی (4)ی ماددەی (7)ی ئاماژەپێدراوی سەرەوەدا هاتووە كە پێویستە ستاندەردی ژمێریاریی پەیڕەوكراوی جیهانی جێبەجێ بكرێت بۆ مسۆگەركردنی شەفافیەت و دركاندن لە پرۆسە داراییەكاندا. حكومەتی هەرێم كۆمپانیای (دیلۆیت)ی هەڵبژارد لەسەر بنەمای تەندەرین بە كەمرتین نرخ و بە پێی بڕیاری ژمارە (73)ی ئەنجومەنی وەزیران كە لە بەرواری 3/2/2016 دەرچووە و تیایدا داوا كرابوو پێداچوونەوەیەكی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت لەلایەن "هەر چوار گەورە كۆمپانیاكە"؛ (دیلۆیت، PwC، EY وKPMG) كە پێشنیارە هونەری و داراییەكانیان پێشكەش بكەن، ئەمەش لەسەر بنەمای پێوەرە نێودەوڵەتییە وردەكانی بانكی نێودەوڵەتی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ كراوە، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەكی ڕوون و بە پێی پێوەرە سەرەكییەكانی كاركردن كۆمپانیایەك بۆ ئەو پڕۆژەیە دەستنیشان بكرێت.
ئامارەکانی ئامارەکانی دیلۆیت بۆ ساڵی (2021)
ڕۆژی (31/3/2022) کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتەکانی خۆی بۆ تەواوی ساڵی (2021) بڵاو کردەوە، ئەمە لە کاتێکیدا سێ مانگی ساڵی (2022) تێپەڕیووە.
ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی نەوتی عێراق مانگانە دوو جار بەشێوەی ڕاپۆرتی (سەرەتایی و کۆتایی) فرۆش و داهاتی مانگانەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ڕادەگەیەنێت، واتە لەو ماوەیەی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دیلۆیت هیچ زانیارییەکی فەرمی ئەوتۆیان لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە بڵاو نەکردبویەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە (تەموزی 2021 – شوباتی 2022) (16) ڕاپۆرتیان لەبارەی هەناردەو داهاتی نەوتەوە بڵاوکردووەتەوە.
داهات و خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بۆ ساڵی (2021)
بەپێی ئەو ئامارو وردبینیانەی کۆمپانیای دیلۆت بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2021)دا بڵاوی کردووتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەوای ساڵەکەدا بڕی (152 ملیۆن و 1 هەزار و 154) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بازاڕوکانی جیهان کردووە، بە تێکڕا بەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (59) دۆلار فرۆشراوە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (9 ملیار و 37 ملیۆن و 887 هەزار و 22) دۆلاری ئەمریکی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
خشتەی ژمارە (1)
بڕو داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ساڵی 2021
ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەردەوام پرۆسەی نەوتی هەرێم خەرجی و تێچووەکانی گەورە ترە لەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت کۆی نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2021)دا بە هەردوو شێوەی (بۆری و فرۆشتنی ناوخۆ) بەهاکەی بریتی بووە لە (9 ملیارو 107 ملیۆن و 309 هەزار و 205) دۆلاری ئەمریکی، لەو بڕەش (5 ملیار و 161 ملیۆن و 172 هەزار و 554) دۆلاری بە ڕێژەی (56%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە، تەنها بڕی (3 ملیار و 964 ملیۆن و 814 هەزار و 502) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))
خشتەی ژمارە (2)
داهات و خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021
کرێی بۆری نەوتی هەرێم بۆ ساڵی (2021)
بەپێی وردبینیەکانی کۆمپانیای دیلۆت، کرێی بۆری و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، یەکێكە لەو خەرجییانەی گەورانەی سەرنجی چاودێرانی بوارەکەی ڕاکێشاوە، چونکە بە تێکڕا لە تەواوی ساڵەکەدا نزیکەی (10%)ی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ کرێی گواستنەوە بۆری خەرج کراوە، گواستنەوەی هەر بەرملێک نزیکەی (6) دۆلار تێچوونەکەی بووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)).
بەجۆرێک ئەو (152 ملیۆن و 1 هەزار و 154) بەرمیل نەوتەی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بازاڕوکانی جیهان کردووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (9 ملیار و 37 ملیۆن و 887 هەزار و 22) دۆلاری ئەمریکی بڕی (870 ملیۆن و 174 هەزار و 286) دۆلاری دراوە بە خاوەن پشکەکانی بۆری نەوتی کوردستان (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) کە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا هەردوو کۆمپانیای (کار و رۆسنەفت)ن لە خاکی تورکیاشدا خاوەندارێتییەکەی بۆ (کۆمپانیای وزەی تورکی) دەگەڕێتەوە.
سەرنج ڕاکێشتر لەوە خەرجکردنی داهاتی زۆرتر بۆ (بۆری نەوتی کوردستان) لە سنوری هەرێمی کوردستان زۆر گەورەترە لەو خەرجییەی کە لە سنوری تورکیادا دەکرێت، لە کاتێکدا نزیکەی (75%) بۆرییەکە لە سنوری تورکیادایە.
خشتەی ژمارە (3)
نەوتی فرۆشراو و کرێی بۆری (2021)
خشتەی ژمارە (4)
فرۆش و داهات و کرێی بۆری نەوتی هەرێم لە ساڵی (2021)
هەراج کردنی نەوتی هەرێم
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت هەرزان فرۆشتن و هەڕاجکردنی نەوتی هەرێم بەردەوامی هەیە و بەپێی داتاکان نەوتی هەرێم بەردەوام (10 - 12) دۆلار لە خوار نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشرێت (خشتەی ژمارە (5)) ئەو ڕاستییە زۆرتر ڕووندەکاتەوە
خشتەی ژمارە (5)
هەرزان فرۆشکردنی نەوتی هەرێم بەراورد بە بازاڕەکانی جیهان
نەوتی هەرێم و پاڵاوگەکانی ناوخۆ
پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان (4) پاڵاوگەی فەرمییە، پێکەوە ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی (256 هەزار) بەرمیل نەوتی خاویان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی سوتەمەنی و وزە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پێویستیان بۆ دابین ناکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕێک نەوتی خاو دەدات بە پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان و لە بەرامبەردا حکومەت بڕێک پارە دەدات بە پاڵاوگەکان بۆ مەبەستی پڕکردنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی ناوخۆ، بەڵام بڕەکە زۆر لەوە کەمترە کە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕ بکاتەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (6)) کە بڕی ئەو نەوتە خاوە نیشان دەدات کە پاڵاوگەکان لە ماوەی ساڵی (2021) پێیان دراوە، کە بۆ تەواوی ساڵەکە (8 ملیۆن و 357 هەزار و 27) بەرمیل نەوتی خاو بووە. واتە بە جۆرێک ئەو ماوەیە کە دەکاتە (365) ڕۆژ و ئەگەر ئەو بڕە نەوتە دابەشی ڕۆژەکان بکەین دەکاتە (22 هەزار و 896) بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە.
خشتەی ژمارە (6)
ڕادهستکردنی نهوتی خاو له لهیان وهزارهتی سامانه سروشتییهکان بۆ پاڵاوتن 2021
جگە لەوەی پاڵاوگەکان ڕۆژانە بڕێک نەوتی خاو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەپاڵێون (وەک لە خاڵی پێشتر ئاماژەی پێکراوە)، ڕۆژانە بڕێکیش نەوتیان پێ دەفرۆشێت، بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵی (2021) دا بڕی(1 ملیۆن 581 هەزار و 979) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای نرخی (57) دۆلار بە پاڵاوگەکان فرۆشتووە، کە بۆ هەر ڕۆژێک (4 هەزار و 334) بەرمیل بووە. کۆی داهاتەکەی دەکاتە (88 ملیۆن و 100 هەزار و 34) دۆلار بووە، بۆ بەرچاو ڕونی زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (7))
خشتەی ژمارە (7)
شیکاری پاڵاوگهو فرۆشتنهکانی ناوخۆ (2021)
سەرچاوەکان
- بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ تاکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢١؛
https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q1%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf
- بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی ٢٠٢١ تاکو ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١؛
https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q2%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf
- بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی ٢٠٢١ تاکو٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢١؛
https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q3%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf
- بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ تاکو٣١ کانونی یەکەمی ٢٠٢١؛
https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q4%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf
- Average monthly Brent crude oil price from February 2020 to February 2022
https://www.statista.com/statistics/262861/uk-brent-crude-oil-monthly-price-development/