فرە بازنەیی.. كێ لەگەڵیدایەو كێ دژە ؟
2022-04-06 16:31:41
راپۆرت: ئالان بەرزنجی
(58) كورسی پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی ئەوە دەكات هەڵبژاردن هاوشێوی رابردوو بەشێوەی (یەك بازنەیی) بەڕێوەبچێت، لەبەرامبەردا (53) كورسی پەرلەمان داوا دەكات هەڵبژاردن بكرێت بە فرە بازنەیی، حزبە سیاسییەكانی كوردستان چۆن دابەشبوون بەسەر ئەم دوو بەرە جیاوازەدا، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
ناكۆكی لەسەر بازنە !
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی (1ی ئۆكتۆبەر)ی ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە.
لایەنە سیاسییەكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە لەسەر چەند پرسێك ناكۆكن، لەوانە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەروەها هەمواری یاسای هەڵبژاردنو كورسی پێكهاتەكان، بەڵام دیاترین كێشەی نێوان لایەنەكان لەسەر شێوازی هەڵبژاردنە.
لە شێوازی هەڵبژاردندا لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك داوا دەكات لە یاساكەدا شێوازی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان لە (یەك بازنە)ی هەڵبژاردنەوە بگۆڕدرێت بۆ (فرە بازنەیی) هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی عێراق، واتە هەرێمی كوردستان دابەشبكرێت بەسەر چوار بازنەداو هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت، لەبەرامبەردا بەرەكەی تر داوا دەكەن (یەك بازنەیی) هەڵبژاردن وەكو خۆی بمێنێتەوەو دەستكاری نەكرێت، واتە هەرێمی كوردستان یەك بازنە بێت.
لایەنگرانی فرەبازنەیی
ئەوانەی پشتیوانی ئەوە دەكەن هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بە فرەبازنەیی، بریتین لە (یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان+ یەكگرتووی ئیسلامی+ كۆمەڵی دادگەریی+ جوڵانەوەی نەوەی نوێ+ 3 پەرلەمانتاری سەربەخۆ كە لە نەوەی نوێ جیابونەتەوە).
ئەم بەرەیە بەتێكڕا لە كۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (53) كورسین، ئەمانە پێیانوایە هەڵبژاردن بەشێوەی (فرە بازنەیی) وادەكات حزبێك نەتوانێت بەتەنیا خۆی "زۆرینە"ی پەرلەمان كۆنترۆڵ بكات، هاوشێوەی ئەوەی ئێستا لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا هەیە، كە پارتی لەگەڵ كورسی كۆتای پێكهاتەكاندا زۆرینەی دروستكردووەو دەتوانێت بەبێ لایەنەكانی تر بڕیارو یاساكان تێپەڕێنێت.
لایەنەكانی ناو ئەم بەرەیە، لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچوو، هەندێكیان سودمەندبوون، بەتایبەتی جوڵانەوەی نەوەی نوێو یەكگرتووی ئیسلامی، بەڵام كۆمەڵی دادگەرییو بزوتنەوەی گۆڕان لە فرە بازنەییەكی عێراقدا زیانیان بەركەوت.
ئەوەی لەبارەی شێوازی فرەبازنەییەوە زانراوە ئەوەیە كە حزبە بچوكەكان زیانی لێدەكەن، چونكە دەنگەكانیان لەناو بازنەكانی هەڵبژاردندا بەفیڕۆ دەچێتو توانای سەرخستنی كاندیدەكانیان بۆ پەرلەمان زۆر كەمتر دەبێتەوە.
لایەنگرانی یەك بازنەیی هەڵبژاردن
ئەوانەی پشتیوانی ئەوە دەكەن شێوازی هەڵبژاردن لە كوردستان وەكو خۆی بەشێوەی "یەك بازنەیی" بمێنێتەوە برتین لە (پارتی+ 11 كورسی پێكهاتەكان+ حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان+ بزوتنەوەی ئیسلامی+ حزبی زەحمەتكێشان).
ئەم بەرەیە بە تێكڕا لە پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (58) كورسین، پارتی وەكو لایەنی بەهێزی ئەم بەرەیە، دەیەوێت لەرێگەی هێشتنەوەی شێوازی هەڵبژاردن وەكو خۆی، بۆ جاری دووەمو لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا "زۆرینەی پەرلەمان" كۆنترۆڵ بكات، پارتییەكان چاویان لەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی كورسییەكانیان لە (45) كورسییەوە بۆ نزیكەی (50) كورسی زیاد بكەن، شێوازی فرەبازنەیی رێگر دەبێت لە بەدیهاتنی ئەم خەونەی پارتی، چونكە لەم شێوازەدا پارتی ناتوانێت لە پارێزگایەكی وەكو هەڵەبجەوە دەنگ بۆ سەرخستنی كاندیدێكی بدات لە پارێزگای دهۆك، ئەمە تەكتیكێكە كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا پارتی لێی سودمەند بووە.
ئەو لایەنانەی كە پشتیوانی پارتی دەكەن بۆ ئەوەی شێوازی هەڵبژاردن وەكو خۆی بمێنێتەوە، واتە كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، لەڕوانگەی بەرژەوەندی خۆیانەوە بڕیاریانداوە نەك بەرژەوەندی پارتی، ئەم لایەنانە كە ژمارەی دەنگەكانیان كەمە، بەشێوازی فرەبازنەیی چانسی سەرخستنی تاكە كاندیدێكیش بۆ پەرلەمانی كوردستان لەدەستدەدەن، چونكە دەنگە كەمەكانیان دابەش دەبێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردنو دەنگەكانیان بەفڕۆ دەڕوات، بەتایبەتیش بزوتنەوەی ئیسلامی كە پێگەیەكی جەماوەریی جێگیری لە پارێزگای هەڵەبجە هەیەو بە پشتیوانی دەنگدەرەكانی لەناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان رەنگە بتوانێت كاندیدێكی بۆ پەرلەمانی كوردستان سەربخات، هەمان دۆخ بۆ حزبی شیوعیو حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستانیش دروستە.
لەنێوان هەردوو بەرەكەدا
ژمارەكان دەریدەخەن ئەو بەرەیەی كە پارتی سەرۆكایەتی دەكاتو پشتیوانی شێوازی (یەك بازنەیی) دەكات، لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی لەو لایەنانە زیاترە كە داوای (فرەبازنەیی) دەكەنو یەكێتی سەرۆكایەتییان دەكات، بەرەكەی پارتی (58) كورسی هەیە، بەرەكەی یەكێتیو لایەنەكانی تر بە تێكڕا (53) كورسییان هەیە
ئەگەر یاسای هەڵبژاردن بخرێتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی هەمواركردن، بەرەی نەیارانی (فرە بازنەیی) بەسەر پشتیوانەكانیدا سەردەكەونو رێگر دەبن لە گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن بۆ (فرەبازنەیی).
ئەمە هۆكارەكەیە كە پارتی هەڕەشەی ئەوە دەكات زۆرینەی پەرلەمانی بەكاربهێنێت بۆ تێپەڕاندنی پرسی هەڵبژاردن، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لە واقعی سیاسی هەرێمی كوردستاندا تەنیا بە زۆرینەی پەرلەمانی دەتوانرێت هەڵبژاردن بكرێت یاخود نا ؟
دابەشبوونی كوردستان بەسەر دوو ناوچەی دەسەڵاتدارێتی (پارتیو یەكێتی)دا ئەوە نیشان دەدات، لە پرسی هەڵبژاردندا پارتی تەنیا بە زۆرینەی پەرلەمانیی ناتوانێت هەڵبژاردن رێكبخات، چونكە لەڕووی واقعییەوە ئەگەر یەكێتی رێگر بێت لە هەڵبژاردن لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، پرۆسەكە دەكەوێتو سەركەوتوو نابێت.
لەبارودۆخێكی لەم شێوەیەدا، لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، جگە لە رێككەوتن، هیچ دەرفەتێكی تریان لەبەردەمدا نییەو چارەنوسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە ناڕوونی دەمێنێتەوە، بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخەش رەنگە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عێراق توشی "بنبەستی سیاسی" بكات.
یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێن بەمەرجی ئەوە لەگەڵ پارتیدا بەشداری پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە، یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، لەبەرامبەردا پارتی بۆ دەستكاریكردنی یاسای هەڵبژاردن باس لە دەنگی پەرلەمانو زۆرینەو كەمینە دەكات.