Draw Media

مام جەلال سكرتێر بوو؛ كوڕەكەی بوو بە سەرۆك

مام جەلال سكرتێر بوو؛ كوڕەكەی بوو بە سەرۆك

2022-08-28 17:06:43


 راپۆرت: درەو 
(11) ئەندامی سەركردایەتی ئامادە نەبوون، بەڵام بە نوسراو ئیمزایان كرد‌و پشتیوانی هەمواری پەیڕەویان كرد، پەیڕەوی نوێ بافڵ تاڵەبانی كرد بە یەكەم سەرۆك لە مێژووی یەكێتیدا، سەرۆكێك كە دەسەڵاتی دیاریكردنی كاندیدی شوێنگرەوەی ئەندامە دورخراوەكانی سەركردایەتی پێدراوە، پەیڕەوی هەمواركراو دەرفەتی داوە بەو حزب‌و كەسانەی كە دەچنە ناو یەكێتی، لە سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسیدا پۆستیان پێبدرێت، پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی چۆن هەموار كرا ؟ ئایا نیسابی یاسایی بۆ هەموارەكە بەدیهاتووە ؟

موبایلەكانیان لێوەرگیرا !
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ كۆبووەوە، لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەموزی 2021وە كە كێشەی نێوان دوو هاوسەرۆكەكە (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیی) تەقییەوە، ئەمە جاری دووەم بوو سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە، جاری یەكەم كۆبونەوەی سەركردایەتی لە 31ی كانونی دووەمی  ئەمساڵدا رێكخرا بۆ پرسی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. 
كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتیی بەلای ماڵی مام جەلالەوە كۆبونەوەیەكی هەستیار بوو، بۆیە بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، دوای ئەوەی هەندێك  هەواڵی ناو كۆبونەوەكە دزەی كردووە بۆ میدیاكان، قوباد تاڵەبانی پێشنیازی كردووە ئەندامانی سەركردایەتی موبایلەكانیان دابنێن، دوای ئەم قسەیە، داوا لە ئەندامانی سەركردایەتی كراوە موبایلەكانیان لەسەر مێزێكی كۆبونەوەكە دابنێن، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی دەستیكردووە بە كۆكردنەوەی موبایلی ئەندامانی سەركردایەتیی، (فێنك ئەحمەد) یەكێك لەو ئەندامانەی سەركردایەتی بووە كە لە كۆبونەوەكەدا بە دەنگی بەرز ناڕەزایەتی نیشانداوە دژی لێسەندنی موبایلەكەی.

هەمواری پەیڕەو
لە بڕگەیەكدا كۆبونەوەكەی سەركردایەتی، هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی پەسەندكرد. (درەو) زانیویەتی، ئەو لیژنەیەی كە لەناو یەكێتی دروستكراوە بۆ هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆ بریتی بوون  لە هەریەكە لە (رەفعەت عەبدوڵا- تەلار لەتیف- سەركەوت زەكی).  
بەگوێرەی پەیڕەوی پەسەندكراوی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، هەرجۆرە هەمواركردنێك لە پەیڕەوی ناوخۆدا پێویستی بە دەنگی (چوار لەسەر پێنج)ی ئەندامانی سەركردایەتیی هەیە، واتە لەكۆی (124) ئەندامی سەركردایەتی دەبێت (101) ئەندامیان هەموارەكە پەسەند بكەن. 
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا لەكۆی (124) ئەندامی سەركردایەتی (94) ئەندام بەشداربوون، چەند سەركردایەتییەكی یەكێتیی كە نزیكن لە لاهور شێخ جەنگییەوە دەڵێن جارێكی تر لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتیدا پەیڕەوی ناوخۆ پێشێلكراوە، چونكە نیسابی (101) دەنگ بۆ هەمواری پەیڕەو پێكنەهاتووە،  بەڵام هەندێك لە سەركرداتیەتییەكانی تر كە نزیكن لە ماڵی مام جەلال‌و (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون دەڵێن" (11) ئەندامی تری سەركردایەتی كە ئەمڕۆ بەشداری كۆبونەوەكە نەبوون، ئیمزای خۆیان ناردووە بۆ كۆبونەوەكە‌و دەنگی خۆیان خستوەتە پاڵ دەنگی ئەو 90 ئەندامەی كە دەنگیان بۆ هەموارەكە داوە، بەمەش نیسابی (101) دەنگەكە تەواو بووە".
یەكەم سەرۆك لەمێژووی یەكێتیدا !
هەمواری نوێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە لە كۆبونەوەی سەركردایەتی پەسەندكراوە، كۆتایی بە سیستەمی (هاوسەرۆكایەتی) هێناو كەسی یەكەمی یەكێتیی لە (سكرتێر)ەوە گۆڕی بۆ (سەرۆك).
بەپێی هەموارە نوێیەكەی پەیڕەو، بافڵ تاڵەبانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی یەكێتی كاندیدكرد، هەموارەكە هەڵبژاردنی سەرۆكی لە سەركردایەتی بە دەنگی (زۆرینەی سادە) دیاریكردووە، بافڵ تاڵەبانی لەكۆی 94 ئەندامی بەشدار لە كۆبونەوەكە دەنگی (90) ئەندامی بەدەستهێناوە.
مام جەلال كە نزیكەی نیو سەدە كەسی یەكەمی ئەم حزبە بوو، پاشناوەكەی (سكرتێر) بوو، بەڵام ئێستا ئیتر كوڕە گەورەكەی (سەرۆك)ە.  
پەیڕەوە نوێیەكەی یەكێتیی بەپێچەوانەی سەردەمی دەسەڵاتی تاڵەبانی باوكەوە، هیچ جێگرێكی بۆ سەرۆك‌و كەسی یەكەمی حزبەكە دانەناوە، بەمەش وا دەردەكەوێت یەكێتی نوێ دەسەڵاتێكی زیاتر لە مام جەلال داوە بە بافڵ تاڵەبانی كوڕی.  
لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە گرەوی گەورەی لاهور شێخ جەنگیی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئەوەبوو، بتوانێت ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبكاتەوە‌و گۆڕانكارییەكانی‌و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی بەشێوەیەكی یاسایی‌و لەچوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا پەسەند بكات، ئەمە تەنیا گرەو نەبوو بەڵكو مەرجی لاهور شێخ جەنگیی بوو بۆ وازهێنانی لە پۆستی "هاوسەرۆك". 
دوای ساڵێك‌و نزیكەی دوو مانگ لە رووداوەكانی 8ی تەموز، دواجار بافڵ تاڵەبانی كاتی گونجاوی بۆ سازدانی كۆبونەوەی سەركردایەتی‌و گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆو دورخستنەوەی تەواوەتی هاوسەرۆكەكەی تر (لاهور شێخ جەنگیی) دۆزییەوە.
بافڵ تاڵەبانی كە كۆتا رۆژەكانی ئایاری رابردوو لە "دیداری یەكێتی"دا بەشێوەیەكی فەرمی لەمیدیاكانەوە وەكو "سەرۆك"ی یەكێتی ناسێندرا، ئەمڕۆ لەڕێگەی سەركردایەتییەوە بەرگێكی یاسایی‌و پەیڕەوی كرد بە بەری سەرۆكایەتییەكەیدا، بەر لە سازدانی ئەم كۆبونەوەیە بە چەند رۆژێك بافڵ تاڵەبانی سەركردایەتی هەڵمەتێكی ئەمنیی كرد بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی كە تۆمەتبارن بە مامەڵەكردن بە زەوی‌و زارو  چەكی بانكیی بەشێوەیەكی نایاسایی.
ئەم بڕیارەی سەركردایەتی یەكێتی لەكاتێكدایە، لاهور شێخ جەنگیی لە دادگای (كەرخ)ی بەغداد سكاڵای لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە‌و گۆڕانكارییەكانی بە "نایاسایی" لەقەڵەم دەدات، لاهور چاوەڕێی ئەوە بوو دادگا گۆڕانكارییەكانی پێشتر رابگرێت، بەڵام سەركردایەتی گۆڕانكارییەكەی پەسەندكرد، ئێستا ئەگەر لاهور شێخ جەنگیی هەر لەسەر ئەو باوەڕە سور بێت كە لەرێگەی دادگاوە دەتوانێت كێشەكانی بەلادا بخات، دەبێت ئەمجارە سكاڵایەكی یاسایی تر تۆمار بكات لەبارەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتییەوە.   
ئەو چوار ئەندامەی سەركردایەتی كە  ئەمڕۆ دژی گۆڕینی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی‌و دانانی بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆكی حزب دەنگیاندا بریتی بوون لە هەریەكە لە (فێنك ئەحمەد- پەروین كاكە حەمە - چرا عومەر- سەردار هەركی).  

شوێنی سەركردایەتییەكان چۆن پڕدەكرێتەوە ؟
سەبارەت بە چۆنیەتی پڕكردنەوەی شوێنی ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی یەكێتیی كە نزیكن لە لاهور شێخ جەنگی‌و لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە دورخراونەتەوە (بە لاهور شێخ  جەنگیی خۆشیەوە كە ئەندامی سەركردایەتییە)، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئەو میكانیزمەی كە دیاریكراوە بەمشێوەیە:
* سەرۆكی حزب بۆ هەر كورسییەكی بەتاڵی سەركردایەتیی ناوی دوو كاندیدی شوێنگرەوە دیاری دەكات. 
* كاندیدی شوێنگرەوە لەو بازنەیە دەبێت كە كورسییەكەی سەركردایەتی تێدا بەتاڵ بووە. 
* دوای دەستنیشانكردنی كاندیدە شوێنگرەوەكان لەلایەن سەرۆكی حزبەوە، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی دانانی شوێنگرەوەكان وەكو ئەندامی سەركردایەتی پەسەند دەكات.
* لەدوای روداوەكانی 8ی تەموزەوە (4) ئەندامی سەركردایەتی بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی دورخراونەتەوە كە بریتین لە هەریەكە لە (لاهور شێخ جەنگیی- ئاڵا تاڵەبانی- شادمان مەلا حەسەن- ژینۆ محەمەد)، دوو كەسی یەكەم ئەم چوار كەسە لەسەر بازنەی كەركوك بۆ سەركردایەتی هەڵبژێردراون، دوانەكەی تر لەسەر بازنەی هەولێر، واتە لە بازنەی كەركوك‌و هەولێر بە كاندیدەكانی تری سەركردایەتیی شوێنی ئەم چوار كەسە پڕدەكرێتەوە، ئەو میكانیزمەی لە پەیڕەوی نوێدا بۆ پڕكردنەوەی شوێنی بەتاڵەكانی سەركردایەتی دانراوە، بۆ رێگرتنە لە پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكان لەلایەن لایەنگرەكانی لاهور شێخ جەنگییەوە.
بۆ ئەوانەی دەیانەوێ بچنە ناو یەكێتییەوە !
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتوون، لە پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەكێتیدا دەرفەتێك هێڵدراوەتەوە بۆ زیادكردنی ژمارەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیی، ئەمە دوو مەبەستی لە پشتە، مەبەستی یەكەم سەرخستنی هەندێك كەس لەناوخۆی یەكێتی بۆ سەركردایەتی یاخود مەكتەبی سیاسیی، مەبەستی دووەم: دەرفەت هەبێت بۆ هەر كەس‌و حزبێك كە لە دەرەوەی یەكێتی دەچنە ناو ریزەكانی یەكێتیی، بەگوێرەی پێگەی خۆیان پۆستیان لە سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسیدا پێبدرێت.  
 
قوباد تاڵەبانی "دیدار"ی تێپەڕاند
ئەگەر بۆ بافڵ تاڵەبانی دەستكەوتی كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی پەسەندكردنی سەرۆكایەتییەكەی بێت، بۆ  قوباد تاڵەبانیش دەستكەوتی پەسەندكردنی راسپاردەكانی "دیداری یەكێتی" بەدی هات كە كۆتایییەكانی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی زۆر دڵی بە راسپاردەكانی ئەو دیدارە خۆشە‌و  پێیوایە بە پەسەندكردنی لەسەركردایەتی، دەستكەوتی گەورەی بەدیهێناوە‌وبناغەیەكی پتەوی بۆ یەكێتی داناوەو یەكێتی نوێ دەكاتەوە.  

پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ پارتیدا 
كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی‌و پەسەندكردنی سەرۆكایەتییەكەی بافڵ تاڵەبانی، دوای رۆژێك هات لە سەردانی فوئاد حسێن سەرۆكی تیمی دانوستانكاری پارتی بۆ (دەباشان)‌و كۆبونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی. 
ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتیدا، میدیاكانی پارتی ئاشكرایانكرد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم (كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتییە) سەردانی (نەجەف)‌و (بەغداد) دەكات‌و دەستپێشخەرییەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دەگەیەنێتە لایەنە عێراقییەكان بۆ دەربازبوون لە چەقبەستنی سیاسیی. 
بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتیدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە" لەگەڵ مەسعود بارزانیدا لەسەر زۆر شت  گفتوگۆكانیان لەبارەی دۆخی هەرێم‌و عێراقەوە بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە". 
سەرباری ئەوەی جەختی لەسەرلێكتێگەیشتن لەگەڵ بارزانی كردووە، بەڵام هاوشێوەی دواین كۆبونەوەی سەرۆكی حزبەكان لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم بافڵ تاڵەبانی گلەیی لە پارتی‌و حكومەت كردووە سەبارەت بە دۆخی دارایی سلێمانی‌و وتویەتی" ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت هەڵوێستمان دەبێت". 

یەكێتی‌.. لە سكرتێرەوە بۆ سەرۆك
یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 47 ساڵ تەمەندا تەنیا (4) كۆنگرە‌و دوو (پلینیۆم)‌و یەك (دیدار)ی كردووە.
كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی چوارەم  لەمەش مەترسیدارتر بوو، چونكە بووە هۆی لێكترازانی ئامۆزاكان (كوڕەكانی تاڵەبانی‌و شێخ جەنگی برای). 
یەكێتی هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەكانیدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئەوەی ئەمڕۆ رویدا دوای نزیكەی نیو سەدە لە دروستبوونی، حزبەكەی بەتەواوەتی رادەستی كوڕەكانی تاڵەبانی كرد، بەڵام هێشتا ناڕەزایەتی لەناو حزبەكەدا ماوە، هەرچەند بەبەراود بە رابردوو دەنگێكی لاوازە.
كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتیی بۆ یەكەمجار سیستەمی سەرۆكایەتیی لەمێژووی حزبەكەدا چەسپاند‌و كۆتایی بە دەستەواژەی (سكرتێر)‌و (هاوسەرۆك) هێنا، لە مێژووی 47 ساڵی تەمەنی یەكێتیدا بافڵ تاڵەبانی یەكەم كەسە دەبێت بە سەرۆك، جەلال تاڵەبانی باوكی كە تا كۆچی دوایی كەسی یەكەمی حزبەكە بوو هەڵگری پاشناوی (سكرتێر) بوو نەك (سەرۆك). 
ئەمڕۆ سەركردایەتی یەكێتیی بەفەرمی حزبەكەی دایە دەست كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانیی سكرتێری مێژوویی حزبەكە، بەم  هەنگاوە دوای نزیكەی (نیو سەدە) لە رەخنەگرتن لە پارتی وەكو حزبێكی بنەماڵەیی، یەكێتیش خۆی چووە سەر شێوازەكەی پارتی‌و دەرفەتی بۆ حزبە سیاسییەكانی تریش خۆشكرد هەمان شێوازی بە بنەماڵەیكردن‌و گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ پەیڕەو بكەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand