Draw Media

پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژدەكاتەوە

پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژدەكاتەوە

2022-09-02 15:33:59


راپۆرت: درەو
پەرلەمانی كوردستان تەمەنی (30) ساڵە، لەم تەمەنەدا بەهۆكاری شەڕی ناوخۆ‌و ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە پەرلەمان (7) جار تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە‌و ئێستا دەیەوێت بۆ جاری (هەشتەم) درێژكردنەوە بكات، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان كەی بەڕێوەدەچێت ؟ پەرلەمان بۆ ماوەی چەند مانگ تەمەنی خۆی درێژدەكاتەوە‌و سیناریۆكانی درێژكردنەوە چۆنن ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

سێ كۆبونەوەی بێ ئەنجام 
لەماوەی سێ مانگی رابردوودا، كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردن سێ كۆبونەوەیان كردووە: 
•    كۆبونەوەی یەكەم: رۆژی 26ی ئایاردا لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر بەسەرپەرەشتی خاتوو (جینین پلاسخار) نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بەڕێوەچوو، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن. 
•    كۆبونەوەی دووەم: رۆژی 9ی حوزەیران لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم سەرپەرەشتی كرد‌و خاتوو پلاسخارت ئامادە بوو، جارێكی تر لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی‌و وادەی بەڕێوەنی هەڵبژاردن نەگەیشتنە رێككەوتن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەدا نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان داوایكردووە بەر لە جەژنی (نەورۆز)ی داهاتوو بەدیاریكراوی لە رۆژی (4ی ئازار)دا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، لەم كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا لیژنەیەك لە سەرۆكایەتی هەرێم بە سەرپەرەشتی (مستەفا سەید قادر) دروست بكرێت بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچونی لایەنەكان لەبارەی هەڵبژاردن‌و لە رۆژی 1ی تەموزدا لیژنەكە راپۆرتی خۆی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە، لیژنەكەی مستەفا سەید قادر چەند كۆبونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسی ژوری دەزگاو ژوری هەڵبژاردنی لایەنەكان كرد، بەڵام نەیتوانی بیانگەیەنێتە رێككەوتن. 
•    كۆبونەوەی سێیەم: رۆژی 10ی ئاب جارێكی تر كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان بەئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان‌و بە سەرپەرەشتی نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوە، ئەم كۆبونەوەیە ئاڵۆزی تێیدا دروستبوو، بافڵ  تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لەبەرچاوی نوێنەرەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان وتی: دوای گەڕانەوەی لەسەردانێكدا بۆلای بارزانی لە پیرمام، رۆژی 4ی ئاب كەسێكی "جاش" بەقەناس چاودێری كردووە‌و هەوڵیداوە تەقە لە فڕۆكەكەی بكات، هەروەها باسی لە دۆخی خراپی دارایی سلێمانی كرد، ئەمە كەشوهەوای كۆبونەوەكەی ئاڵۆز كرد‌و كەسی یەكەمی لایەنەكان بەبێ رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردن كۆبونەوەكەیان بەجێهێشت، ئەم كۆبونەوەیە خاتوو پلاسخارتی نیگەران كرد‌و وتی" من جارێكی تر بەشداری كۆبونەوەكانتان ناكەم"، بۆ راگرتنی دڵی خاتوونی نوێنەر، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی پێدا كۆبونەوەی مانگی ئەیلول (واتە ئەم مانگە) رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان لایەنەكاندا بكرێت لەبارەی هەڵبژاردنەوە. 
لەم سێ كۆبونەوەیەدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەشداری نەكرد‌و لەبری خۆی نوێنەری نارد، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێش بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی نەكرد‌و تەنیا بۆ كۆبونەوەی یەكەم نوێنەری خۆی نارد. 

كۆبونەوەی چوارەم‌و رێككەوتن 
بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا بۆ كۆتا جار كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكان لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. 
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڵێنی بە خاتوو (جینین پلاسخارت)داوە ئەمە دوا كۆبونەوە بێت‌و بڕیاری كۆتایی لەبارەی هەڵبژاردنەوە بدەن.
بەگشتی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانەوە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا، پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو هێزی باڵادەستیی سەرەكی پێكەوە نین‌و هەریەكەیان سەركردایەتیی بەرەیەكی ناكۆكییەكە دەكەن، پارتی بەزۆرینەی پەرلەمانیی لەتوانایدا بوو بەبێ لایەنەكانی تر یاسای هەڵبژاردن بەوشێوەیە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیەوێت، بەڵام ئەمەی نەكرد، چونكە زانی بەبێ رەزامەندی یەكێتی وەكو دەسەڵاتداری ناوچەی سلێمانی هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت، بۆیە بابەتەكە بۆ دانوستان‌و رێككەوتن بەجێهێڵدرا. 
كرۆكی ناكۆكی لەبارەی هەڵبژاردن لەنێوان لایەنەكان پەیوەندی بە (چۆنیەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و پشكی لایەنەكان لە كۆمسیۆن)‌و (هەمواری یاسای هەڵبژاردن)ەوە هەیە، لەناو هەمواری یاسای هەڵبژاردندا سێ بابەت ناكۆكی سەرەكی لەسەرە كە بریتین لە بابەتەكانی (بازنەكانی هەڵبژاردن)‌و (تۆماری دەنگدەران)‌و (كورسی كۆتای پێكهاتەكان)، بەڵام زیاتر ناكۆكییەكە لەسەر شێوازی هەڵبژاردن چڕبوەتەوە، بەرەیەك داوا دەكات شێوازی هەڵبژاردن وەكو هەڵبژاردنەكانی پێشوو بمێنێتەوە‌و كوردستان (یەك بازنەی) هەڵبژاردن بێت، بەرەكەی تر داوا دەكەن هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سیستەمی هەڵبژاردن بكرێت بە (فرە بازنە)‌و هەر پارێزگایەكی كوردستان بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت. 
•    بەرەی یەكەم: ئەم بەرەیە پێكدێت لە (یەكێتی+ كۆمەڵی دادگەریی+ یەكگرتووی ئیسلامی+ نەوەی نوێ+ سێ پەرلەمانتاری گۆڕان‌+ چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ)، ئەم بەرەیە مانگی ئازاری ئەمساڵ پرۆژەیەكیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردو داوادەكەن هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، واتە هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن  بێت‌و هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنە، هەروەها كورسی كۆتاكان دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، ئەم بەرەیە پێیوایە پارتی بە سودوەرگرتن لە شێوازی یەك بازنەیی هەڵبژاردن توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمانیی مسۆگەر بكات‌و لەرێگەی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنەوە دەتوانرێت ئەو  زۆرینەیەی لێ وەربگیرێتەوە كە لە خولی پێنجەمدا دروستی كردووە. ئەم بەرەیە لەكۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (53) كورسی پەرلەمانن، زۆرینەی رەها لە پەرلەمانی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی بڕیارو یاسا هەستیارەكان بە پشتیوانی دەنگیی (56) پەرلەمانتار پێكدێت، واتە ئەم بەرەیە لەڕووی زۆرینەوە توانایان نەبوو بەبێ پارتی‌و بەرەكەی تر بۆچونەكانی خۆیان بەیاسایی تێپەرێنن.  
•    بەرەی دووەم: ئەم بەرەیە پێكدێت لە (پارتی+ 11 كورسی كۆتاكان+ پارتی سۆشیال دیموكرات+ حزبی شیوعی+ حزبی زەحمەتكێشان)، ئەم بەرەیە داوا دەكات هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشتری كوردستان شێوازی هەڵبژاردن (یەك بازنە) بێت، ئەم بەرەیە بە تێكڕا ئێستا لەكۆی (111) كورسی پەرلەمان خاوەنی (58) كورسییە‌و پارتی بەتەنیا خۆی (45) كورسی هەیە. پارتی لەرێگەی شێوازی (یەك بازنەیی)ەوە دەیەوێت لە خولی شەشەمی پەرلەمانیشدا زۆرینەی بەدەستەوە بێت، لایەنەكانی تریش كە  ژمارەی دەنگدەرانیان سنوردارە، ترسیان هەیە بەهۆی شێوازی فرەبازنەییەوە دەنگەكانیان دابەش ببێت‌و نەتوانن كاندیدی خۆیان بۆ پەرلەمان سەربخەن.
بەمدواییانە پەیوەندی نێوان بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی گەرموگوڕی بەخۆوە دەبینێت، چەندجارێك یەكتریان بینیوە‌و لەرێگەی نوێنەریشەوە پەیامیان بۆ یەكتر ناردووە، چەند رۆژی رابردوو بافڵ تاڵەبانی لەكۆبونەوەی سەركردایەتی حزبەكەیدا باسی لەوەكردووە لەگەڵ بارزانی هەنگاوی باشیان ناوە بۆ چارەسەری كێشەكان. 
سەرچاوە نافەرمییەكان باسلەوە دەكەن، بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی گەیشتونەتە رێككەوتن لەسەر یاسای هەڵبژاردن‌و پۆستی سەرۆك كۆمارو پرسی دەستوری هەرێم، ئەگەر ئەمە راست بێت‌و رێككەوتنی كۆتایی كرابێت، پارتی‌و یەكێتی بەبێ گوێدانە هاوپەیمانەكانیان بەوشێوەیە یاسای هەڵبژاردن تێدەپەڕێنن كە خۆیان رێككەوتنیان لەسەر كردووە. 

پەرلەمان بۆ خۆی درێژ دەكاتەوە 
نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم رۆژی 1ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دیاریكرد، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتی لەسەر چۆنیەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی، نەتوانرا لەوادەی دیاریكراودا هەڵبژاردن سازبدرێت. 
ئێستا كە لەژێر فشارەكانی ناوخۆو دەرەوەدا پارتی‌و یەكێتی نزیكبونەتەوە لەرێككەوتن لەبارەی هەڵبژاردنەوە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بڕیارە هەڵبژاردن بۆ مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو دوابخرێت، چونكە بۆ ئامادەكاریكردن بۆ پرۆسەكە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لانی كەم پێویستی بە ماوەی (6) مانگ هەیە، ئەگەریش هەیە هەڵبژاردنەكە بۆ ماوەی ساڵێك دوابخرێت.
لەحاڵەتی دواخستنی وادەی هەڵبژاردن بۆ ئازاری داهاتوو، پەرلەمانی كوردستان هیچ رێگایەكی لەبەردەمدا نامێنێت‌و بۆ ئەوەی نەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە ناچارە تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە. 

پەرلەمان چەندێك تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە ؟
هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كورستان واتە ئەو خولی ئێستای پەرلەمان لە رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، بەڵام رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2018 پەرلەمان سوێندی یاسایی خواردو بە فەرمی دەستبەكاربوو، هەر خولێكی پەرلەمانی كوردستان بۆ چوار ساڵە،  واتە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ تەمەنی یاسایی خولی ئێستای پەرلەمان كۆتایی دێت. 
ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەم بۆ مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو دوابخرێت، ئەوا پەرلەمانی كوردستان دەبێت لەدوای 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە بۆ (یەك وەرز)ی یاسادانان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، هەر وەرزێكی یاسادانان ماوەكەی چوار مانگە لەگەڵ دوو مانگ پشوو. 
ئەگەر هەڵبژاردن بۆ ماوەی ساڵێك دوابخرێت، ئەوا پەرلەمان ناچارە بۆ ماوەی (2) وەرزی یاسادانان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە. 

پەرلەمان‌و درێژكردنەوە
پەرلەمانی كوردستان ئێستا تەمەنی دەبێت بە (30 ساڵ)، لەم تەمەنەدا پەرلەمان (7) جار بەهۆكاری شەڕی ناوخۆیی‌و ناكۆكی سیاسی پارتی‌و یەكێتییەوە تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە‌و ئێستا ئامادەكاری بۆ درێژكردنەوەی (هەشتەم) دەكات. 
تەنیا خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان (4) جار پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە. 
•    یەكەم درێژكردنەوە: یەكەم درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا بوو، بە بڕیاری ژمارە (1)و بەواژۆی (جەوهەر نامیق سالم) سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، لە رۆژی 27/5/1995، تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە (ئەوكات پەرلەمانی كوردستان ناوی ئەنجومەنی نیشتمانی بوو). 
لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە: 
-    خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق یەك ساڵ درێژ دەكرێتەوە لە بەرواری (4/6/1995)ەوە.
* دووەم درێژكردنەوە: لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لە رۆژی 3/6/1996 بە واژۆی (نەژاد ئەحمەد عەزیز ئاغا) لە جیاتی سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بۆ ماوەی (3) مانگ تەمەنی ئەنجومەنی نیشتمانی درێژكراوەتەوەو لەمادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە:
- خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لە رۆژی 4/6/1996ەوە بۆ ماوەی (3) مانگ درێژ دەكرێتەوەو قابیلی درێژكردنەوەی دیكەشە.
* سێیەم درێژكردنەوە: مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ (3) رۆژ دوای رووداوەكانی 31ی ئابی 1996، پەرلەمانی كوردستان بە واژۆی (جەوهەر نامیق سالم) بەبڕیاری ژمارە (2) لە رۆژی 3/9/1996 تەمەنی پەرلەمانی بۆ ماوەی (2) ساڵ درێژكردەوە، لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە:
- دەوری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق تاكو 4/6/1998 درێژ دەكرێتەوە.
* چوارەم درێژكردنەوە: ئەمجارە تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەیەكی نادیار تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن درێژكرایەوە، پەرلەمان بە بڕیاری ژمارە (9) لە رۆژی 15/4/1998 كە واژۆی (جەوهەر نامیق سالم)ی لەسەرە تەمەنی  خۆی درێژكردەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت‌و لە مادەی یەكەمی پڕیارەكەدا هاتووە:
- ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لەكاردا دەبێت تا هەڵبژاردنی تازەو بەستنی یەكەم دانیشتنی خۆی.
لەدوای پرۆسەی ئاشتی، یەكێتی‌و پارتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكەی بە دەوری دەبێت‌و ناوی خولی پەرلەمانی كوردستانیشان نا خولی گواستنەوە، هەر لەوكاتەشەوە ناوی (ئەنجومەنی نیشتمانی) گۆڕدرا بە (پەرلەمانی كوردستان).
ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی (د. رۆژ نوری شاوەیس) بەبڕیاری ژمارە (21) لە 15/10/2002 بڕیاریدا:
- ماوەی ئیشوكاری ئەنجومەنی نیشتمانی سەرەتا لە 4/10/2002ەوە تا هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەن دانیشتنی یەكەمی بەناوی (خولی گواستنەوە) دەبێت.
- سەرۆك و جێگر پلە یان مەنسەبیان دەگۆڕنەوە ئەم ئاڵوگۆڕە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت تاكاتی هەڵبژاردنی خولی دووەم.
• پێنجەم درێژكردنەوە: لە رۆژی 13/5/2009 پەرلەمانی كوردستان لە خولی دووەمدا تەمەنی خۆی درێژكردەوە لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە:
خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 4/6/2009 كۆتایی پێدێت بەردەوام دەبێت و پەرلەمان دەمێنێتەوە تاكو هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ
•    شەشەم درێژكردنەوە: پەرلەمانی كوردستان لە خولی سێیەمداو لە دانیشتنی رۆژی 30/6/2013 خولی هەڵبژاردنی بۆ ماوەی نزیكەی (3) مانگ درێژكردەوە، لە مادەی یەكەمی دانیشتنەكەدا هاتووە:
-    خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20/8/2013 تەواو دەبێت بەردەوام دەبێت و پەرلەمان تا 1/11/2013 لەسەر كاری خۆی دەمێنێت و هەڵبژاردن لە 21/9/2013 ئەنجام دەدرێت.
•    حەوتەم درێژكردنەوە: پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی خۆیدا لە 24/10/2017 تەمەنی خۆی بۆ ماوەی یەك ساڵ درێژكردەوە، لە مادەی یەكەمی بڕیارەكەدا هاتووە:
خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرەلمانی كوردستان دوو خولی گرێدانی تر لەكاردا دەبێت لە بەرواری 6/11/2017 ەوە.
 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand