Draw Media

حائیری وازی لە مەرجەعیەت هێنا، سەدریش لە سیاسەت

حائیری وازی لە مەرجەعیەت هێنا، سەدریش لە سیاسەت

2022-08-29 13:30:33


 
راپۆرت: درەو
مەرجەعی ئاینیی سەدرییەكان وازهێنانی لە مەرجەعیەت راگەیاند‌و لایەنگرانی سەدری دایە دەست عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمە موقتەدا سەدری توڕە كرد كە خۆی بە شیعەیەكی عێراقی‌و دوور لە هەژمونی ئێران دەناسێنێت. 

وازهێنانی مەرجەعی سەدرییەكان !
چەند كاتژمێرێك دوای وازهێنانی ئایەتوڵلا (كازم حائیری) مەرجەعی ئاینیی سەدرییەكانی، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر وازهێنانی تەواوەتی خۆی لە كاری سیاسی راگەیاند. 
لەكاتێكدا سەدر لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021وە هەوڵیداوە وای نیشان بدات كە ئەو بەپێچەوانەی لایەنە شیعەكانی ترەوە لەژێر هەژمونی كۆماری ئیسلامی ئێراندا نییە، كازم حسێنی حائیری وەكو مەرجەعی سەدرییەكان دوای وازهێنانی لە مەرجەعیەت بەبەهانەی باری تەندروستی‌و تەمەنەوە، داوای لە سەدرییەكان كرد گوێڕایەڵیی لە سەماحەتی ئایەتوڵلا (عەلی خامنەیی)  رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بكەن، چونكە بەوتەی ئەو تەنیا خامنەیی توانای ئەوەی هەیە سەركردایەتی (ئوممەت) بكات‌و ئیدارەی ململانێكان بدات لەگەڵ هێزی ستەمكار‌و خۆبەزلزان (مەبەستی خۆرئاوایە). 
لایەنگرانی رەوتی سەدر كە خەڵكە هەژارەكەی پێكهاتەی شیعەی عێراقن، ئەم رۆژانە زیاتر لەژێر كاریگەری موقتەدا سەدردان‌و بەردەوام رووی رەخنەو قسەكانیان لە كۆماری ئیسلامی ئێرانە، پێیانوایە لە ململانێی ناوخۆی شیعەكاندا، كۆماری ئیسلامی پاڵپشتی لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم) كردووە، بۆیە پێناچێت ئەو ئاسانییە خۆیان رادەستی مەرجەعەكەی تاران بكەن. 
وازهێنانی حائیری لە مەرجەعیەت، حاڵەتێكی دەگمەنە لەمێژووی مەرجەعەكانی شیعەدا رویداوە، ئەمە سەدری شپرزە كردووە، پێیوایە حائیری بە ئارەزووی خۆی وازی لە مەرجەعیەت نەهێناوە، هێرشی توندی كردوەتەسەر حائیری‌و دەڵێ" زۆر كەس لەناویشیاندا سەید حائیری پێیوایە ئەم سەركردایەتییە بەهۆی ئەوان‌و بە فەرمانی ئەوانە، بەڵام نەخێر ئەمە سەرەتا بە فەزڵی خودایە‌و پاشان سەیدی باوك كە دەستی لە عێراق‌و گەلەكەی هەڵنەگرت".
حائیری لە پەیامی وازهێنانەكەیدا لە مەرجەعیەت، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ  هێرشی كردوەتە سەر موقتەدا سەدرو تۆمەتباری دەكات بەوەی هەوڵی پۆست‌و سەركردایەتیكردن دەدات‌و ناكۆكی دەخانە ناو رۆڵەكانی مەزهەبەوە، سەدریش وەڵامی داوەتەوە‌و دەڵێ" سەرباری ئەوەی حائیری دەستیلەكاركێشاوەتەوە، بەڵام وەكو هەمیشە نەجەفی ئەشرەف بارەگای گەورەی مەرجەعیەتە‌و منیش هیچ رۆژێك لە رۆژان بانگەشەی پاكیی‌و ئیجتهاد‌و تەنانەت سەركردایەتیكردنیشم نەكردووە‌و تەنیا فەرمانم بەچاكە كردووە‌و خراپەم رەتكردوەتەوە‌و جگە لە راستكردنەوەی ئەو خوارییەی كە هۆكارە سەرەكییەكەی هێزە سیاسییەكانی شیعە بوون، هیچی ترم نەویستووە‌و تەنیا ویستومە لە گەلەكەیان نزیكیان بكەمەوە‌و وایان لیێبكەن هەست بە ئازارەكانیان بكەن. 

حائیری كێیە ؟
كازم حسەینی حائیری ساڵی 1938 لە كەربەلا لەدایكبووە، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لەسەر دەستی باوكی دەستی بە خوێندنی ئاینیی كردووە‌و دواتر رووی لە شاری نەجەف كردووە بۆ تەواوكردنی خوێندن، ئەو یەكێك لە دیارترین خوێندكارەكانی سەید (محەمەد باقر سەدر)ی مامی موقتەدا سەدرە‌و ماوەیەكی دورو درێژ هاوەڵی بووە. 
بەر لە مردنی سەید باقر سەدر، شوێنكەوتووەكانی خستوەتە بەردەم دوو بژاردە بۆئەوەی یەكێكیان وەكو مەرجەعی خۆیان هەڵبژێرن، ئەو دوو كەسەش یەكێكیان سەید (كازم حائیری) بووە كە لە شاری (قوم)ی ئێران نیشتەجێ بووە، ئەوەی تریان سەید (ئیسحاق فەیاز) بووە كە لە نەجەف نیشتەجێ بووە، شوێنكەوتوانی سەدر ئەوكات سەید (كازم حائیری)یان هەڵبژاردووە، چونكە پێیانوابووە حائیری لەو هێڵە شۆڕشگێڕانەوە نزیكە كە سەید  (محەمەد سادق سەدر) واتە باوكی موقتەدا سەدر هەڵیگرتووە. 

سەدرییەكان دوای وازهێنانی حائیری
وازهێنانی حائیری لە مەرجەعیەتی سەدرییەكان، دەرفەتی بە موقتەدا سەدر بەخشی لەناو چەقبەستنی سیاسەتەكانی بێتە دەرەوە، ئەو بە راگەیاندنی وازهێنانی لە كاری سیاسی، دەرفەتی بە لایەنگرەكانی بەخشی پەلاماری سەرۆكایەتییەكانی عێراق بدەن. 
سەدر كە لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2018وە ناكۆكییەكانی بەشێوەیەكی زیاتر لەگەڵ نەیارە ناوخۆییەكانی شیعەدا تەقییەوە، دوای كشاندنەوەی (73) پەرلەمانتارەكەی لە پەرلەمان، دروشمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی بەرزكردەوە، كاتێك لە جێبەجێكردنی ئەم دروشمە شكستی هێنا بانگەوازی بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كرد بەبێ بەشداری هیچ یەكێك لەو حزبە سیاسییانەی كە لەدوای رووخانی رۆژێمی پێشووی عێراقەوە لە 2003وە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسیدا، ئەم بانگەوازەشی وەكو پێویست وەڵام نەدرایەوە، هەموو ئەو بارودۆخەش توشی پەراوێزخستنی كرد. 
سەدر یەكەمجاری نییە وازهێنانی خۆی لە كاری سیاسی رادەگەیەنێت، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن لەژێر ناوی خوێدا خۆی بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی ئامادە بكات‌و بەم هەنگاوەی لایەنگرەكانی زیاتر لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە، هەڵبەت ئەگەر بارودۆخەكە سەرنەكێشێت بۆ پێكدادانی چەكداریی لەنێوان لایەنە ناكۆكەكانی شیعەدا. 
ئەم پەرەسەندنەی ئەمڕۆ لەناو ماڵی شیعەدا رویدا لەكاتێكدا بوو لایەنە عێراقییەكان چاوەڕوانی دەستپێشخەرییەكی مەسعود بارزانی بوون بۆ كۆتایهێنان بە ناكۆكییەكان‌و رێككەوتن لەسەر دەربازكردنی عێراق لەو چەقبەستنە سیاسییەی كە ماوەی لە زیاتر لە (10) مانگە تێیكەوتووە. 
میدیاكانی پارتی دوێنێ ئاشكرایانكرد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەنیازە سەردانی نەجەف‌و بەغداد بكات‌و دەستپێشخەرییەكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بگەیەنێتە لایەنە عێراقییەكان، بەڵام وازهێنانی سەدر لە كاری سیاسی، بەر لە لەدایكبوونی، دەستپێشخەرییەكەی بارزانی لە گۆڕنا. 
بارزانی هاوپەیمانی بەهێزی موقتەدا سەدر بوو بەر لە كشانەوەی سەدرییەكان لە پەرلەمان، هەندێك لەلایەنە شیعەكان پێشبینی ئەوەیان دەكرد كاریگەری لەسەر هەڵوێستی سەدر هەبێت بۆ چارەسەر.  

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand