كاریگەری وەستانی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر
2022-08-31 21:00:24
وەرگێڕانی: درەو
(الطاقە)
ئەورووپا لە هەوڵی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی غازدایە، لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە كوردستانی عێراق و کشانەوەی چەند کۆمپانیایەک، پرۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر گورزێکی نوێی بەرکەوت.
دۆخی ناجێگیری ئەمنی هەرێم و پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەکە، وایکردووە بەڵێندەرانی ئەمریکی لەو پڕۆژەیە بکشێنەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتی بەستووە بەو پرۆژەیە بۆ زیادکردنی داهاتەکانی، وەک جێگرەوەیەکی بچووک بۆ غازی ڕووسی حسابی بۆ کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی پێگەی (الطاقە) لە کۆتایی حوزەیران و دوای سێ هێرشی موشەکی، پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر کە لەلایەن کۆمپانیای (پیرڵ پێترۆلیۆم)ەوە بەڕێوەدەبرێت و زۆرینەی پشکەکانی کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی خاوەندارێتی دەکات هەڵپەسێردرا.
هەناردەکردنی غاز بۆ ئەوروپا
کۆرمۆر، یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی غاز لە عێراقدا، پلانی فراوانکردنیشی ئامانجی دوو هێندەکردنی بەرهەمهێنانی غازە لە ناوچەکەدا کە زۆر پێویستی بە غازی زیاترە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و کۆتاییهێنان بەبڕینی رۆژانەی کارەبا. سەرچاوەکان رایانگەیاندووە،لە هێرشەکاندا زیانی بەرچاو بەر پرۆژەکە نەکەوتووە، پرۆسەی کار پەکی نەکەوتووە، بەڵام پڕۆژەی فراوانکردنەکە کە لە قۆاناغی دواتردا دروستکردنی بۆری نوێ بۆ تورکیا لەخۆدەگرێت تا دۆخەکە ئارام دەبێتەوە راوەستاوە، وەک (ئاژانسی رۆیتەرز) ئاماژەی پێداوە.
ئامانجی پرۆژهكه ههناردهكردنی غازه بۆ توركیا و ئهوروپا لەدوای دابینکردنی پێداویستییهكانی بازاڕی ناوخۆیی، لە رێگای رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای تەمویلی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکی بە بڕی (250) ملیۆن دۆلار پرۆژەکە تەمویل دەکرێت، ساڵی رابردوو (2021) حكومهتی كوردی گرێبهستێكی لهگهڵ کۆمپانیای كار گروپ ئیمزاکرد، بۆ دروستكردنی بۆرییهك له کۆرمۆر له رێگای ههولێرهوه بۆ پارێزگای دهۆك له نزیك سنووری توركیا، تەریب بە بۆری قائم.
کشانەوەی ئێکسترانی ئەمریکی
هەندێک سەرچاوە لە حكومەتی هەرێم رایانگەیاند، كرێكارانی كۆمپانیای ئێكستران لە ویلایەتی تەكساسەوە مانگی رابردوو گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی دەست بە كارەكان بكەنەوە، بەڵام لە 25ی تەمموزدا بە دوو مووشەكی دیكە هێرش کراوەتە سەر کێڵگەکە ، كۆمپانیاكە ناچار بووە جارێكی دیكە شوێنەکە بەجێبهێڵێت، بەبێ ئەوەی وادەی گەڕانەوەی دیاری بكات. بە پێی (ئاژانسی رۆیتەرز).
لە دوای هەردوو کۆمپانیای بەڵێندەری تورکی (هافاتک وبیلتیک)، کۆمپانیای ئێکستران سێیەم بەڵێندەرە کە لەسەرەتای هێرشەکانەوە بۆ سەر کیڵگەکە لە 21ی حوزەیراندا کارەکانی رابوەستێنێت، دواکەوتنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە قەرزێکی زۆری لەسەرە، غەرامەیەکی زۆری بێتە سەر و پلانی هەناردەکردنی غازی کوردیش بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە.
سەرچاوەیەکی حکومی رایگەیاند، ئەگەر تا مانگی ئایاری 2023 ژێرخانی پڕۆژەکە ئامادە نەبێت- وادەی کۆتایی بۆ وەرگرتن یان پارەدان- ئەوا حکومەتی هەرێم دەبێت مانگانە 40 ملیۆن دۆلار بدات بە داناغاز تا پرۆژەکە ئامادە دەبێت.
عەلی سەفار، بەڕێوەبەری پرۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە رایگەیاند "لەوە زیاتر زیانگەیشتنە بە ناوبانگ، چونكە هەڕەشە ئەمنییەکان بەشێکی ترە لەو مەترسییانە زیاد دەکات کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر تێچووی سەرمایەو دڵنیایی هەبێت".
پلانەکانی دانا غاز
دان غاز، مافی بەکارهێنانی دوو گەورەترین کێڵگەی غازی عێراق (کۆرمۆر، چەمچەماڵ) هەیە، هەردوکیان رۆژانە بە نزیکەیی (450) ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەم دەهێنن.
کۆمپانیای دانا غاز (گەورەترین بەرهەمهێنەری غازی کوردستان) بەنیازە توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەی کۆرمۆر تا چارەکی دووەمی ساڵی 2023 بۆ 700 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانێتی بۆ ئەوەی لە چەند ساڵی داهاتوودا بگاتە یەک ملیار پێ سێجا لە ڕۆژێکدا ، ئەم بڕەش بەسە بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان.
بە هەبوونی 16 ترلیۆن پێ سێجای یەدەگی سەلمێنراو، بەرهەمهێنان دەتوانێت بۆ 1.5 ملیار پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەرزبێتەوە، بڕێکی زۆر بۆ هەناردەکردن بەجێبهێڵێت.
كۆمپانیا ئیماراتییەکە سەرقاڵی تەواوكردنی جێبەجێكردنی پرۆژەكە بوو بۆ فراوانكردن و پەرەپێدانی پرۆسێسی غاز لە کۆرمۆر (کۆرمۆر 250) بە تێچووی 600 ملیۆن دۆلار، پێشبینی دەكرا قۆناغی داهاتووی پڕۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە تا ساڵی 2023 بە رێژەی 25% زیاد بکات.
کێبڕکێی غازی ئێرانی
پلانی هەناردەکردنی غاز لە هەرێمی کوردستانەوە هەڕەشە لە پێگەی ئێران دەکات وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی غاز بۆ عێراق و تورکیا، لە کاتێکدا کە هێشتا ئابوورییەکەی بەدەست گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە دەناڵێنێت.
لە مانگی ئازاردا بەرپرسەکان رایانگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران دەیان مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی هەولێر کرد، لە هێرشێکدا کە وا دیار بوو پلانی ناوچەکەی بۆ دابینکردنی غاز بۆ تورکیا و ئەوروپا کردۆتە ئامانج.
لە كاتێكدا لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە تا ئێستا هیچ گروپێك بەرپرسیارێتی خۆی لە پێنج هێرشەکەی سەر کۆرمۆر رانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی كورد و دیپلۆماتكاران و سەرچاوە پیشەسازییەكان و شارەزایانی وزە لەو بڕوایەدان هێرشەکان لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام دراون، بەڵام دوو دیپلۆماتکار کە لەعێراق نیشتەجێن پێیان وایە ململانێ ناوخۆییەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە ئەو ناوچەیەی لە ژێر دەسەڵاتی ئەو حزبەدایە، بووەتە هۆی ئەوەی لایەنێک تۆڵە لە لاکەی تر بکاتەوە بۆ ئەوەی گرفت بخاتە بەردەم پرۆژەی فراوانکردنەکە.
ململانێی سیاسی
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە نزیک ناوچەیەکی دابڕاوی نێوان سوپای عێراق و هێزە کوردییەکان و میلیشیا شیعەکان، لەوێوە یەکەم هێرشی موشەکی دەستیپێکرد.
بەهۆی نەبوونی رێککەوتن لەسەر کۆنترۆڵکردنی خاکەکە چەند ناوچەیەک کە نە سوپای عێراق و نە هێزە کوردییەکان ناتوانن بۆی بچن، بۆشایییەکی ئەمنی بەجێهێشتووە، رێگە بە میلیشیا چەکدارەکان دەدات بە ئازادی چالاکی بکەن، بەڵام دوو هێرشی ئەم دواییە بە مووشەکی گەورەتر کران لە ناوچەکانی نزیک لە شاری کەرکوک کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵیدایە.
ئەو هەرەسەی روبەڕووی پلانی غاز بووەوە لە کاتێکدایە سێکتەری نەوت بە دەست کێشەوە گیرۆدەیە، کە سەرچاوەی دارایی ناوچەکەی لەسەر بەندە.
یەدەگی نەوت بە زیاتر لە دوو هێندەی تێکڕای جیهانی دەستی بە کەمبوونەوە کرد، دادگای باڵای فیدراڵی لە مانگی شوباتدا بڕیاریدا کە بنەما یاساییەکانی کەرتی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان نادەستوورین، ئەمەش وایکرد بەشێک لە کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان ناچار بە کشانەوە بکرێن.
سهرچاوهكان رایانگهیاندووه، دواكهوتنی زیاتری وهبهرهێنان لهو كهرته كاریگهرییهكی بهرچاوی لهسهر حكومهتی ههرێمی كوردستان دهبێت، کە هەرێمێکە لە عێراقێکی ناسەقامگیردا و رووبهڕووی قهیرانی ئابووری بووەتەوە.
دۆخی سەختی ئابووری گەنجانی کورد، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت قەیرانی کۆچبەران لە سنووری نێوان بێلاڕووس و یەکێتی ئەوروپا کە لە ساڵی ٢٠٢١ دەستی پێکرد