درەو: پ.ی.د. كارزان محەمەد/ مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیک/ گۆڤاری ئاییندەناسی بەرایی “ئاسایشی نەتەوەیی” لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان بە شێوەیەكی بەردەوام ڕووبەڕووی چەندین تەوژمی مهترسیدار دەبێتەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر بوارە گرنگەكانی ژیان لەو وڵاتانەدا دادەنێت. گەشەسەندنی تەكنەلۆژیای پەیوەندی له ماوهی چهند دهیهی ڕابردوودا پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی داتای لهسهر ئاستی نێودهوڵهتی خێراتر كرد. وێرای لایەنە ئەرێنییەكانی كە بووەته مایهی دامهزراندنى دهوڵهتی ئهلكترۆنی و پهرهپێدانی هۆشیاریی جۆراوجۆر له كۆمەڵگەكاندا، كۆمهڵێك لێكهوته و لایەنی نەرێنییشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە كە پێویستی بە شرۆڤە هەیە، بەئامانجی دەستنیشانكردنی مەترسییەكان و هەنگاونان بۆ شێوازی خۆپارێزی لە مهترسییهكانی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی بە هەموو ڕەهەندەكانیەوە. ههرێمی كوردستان وهك بهشێك لهو وڵاتانهی لهژێر سایهی شهپۆلی تهكنهلۆژیای مۆدێرندا، به شێوهیهكی بهرفراوان و له ماوهیهكی كورتدا، چهندین كۆمپانیای پهیوهندی و ئینتهرنێتی تیادا دامهزرا، فاكتهرێكی دهرهكیی گرنگ بوو بۆ سوودبینینی فراوان لهو خزمهتگوزارییانه. دیارترین ئهو فاكتهرە ناوخۆییانهی لهم ههرێمهدا دهرفهتی ڕهخساند بۆ ئهوهی ڕێژهیهكی زۆری دانیشتووان و تهنانهت دامهزراوه جۆراوجۆره فهرمی و نافهرمییهكان ههوڵ بدهن ئهم تهكنهلۆژیا مۆدێرنه بهكار بهێنن، بریتی بوون له: ئازادیی ڕادهربڕین و نهبوونی سانسۆر، ئاسانی له دهستڕاگهیشتن به خزمهتگوزاریی ئینتهرنێت و ههرزانی له نرخهكهیدا. واتە سهرجهمیان ڕۆڵی گرنگیان له ههڵكشانى ڕێژهى بهكارهێنهرانی خزمهتگوزارییهكانى ئینتهرنێتدا ههبووه. له ماوهی زیاتر له یهك دهیهی ڕابردوودا، تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانیش وهك بهرههمێكی نوێی ئینتهرنێت له ههرێمی كوردستان به شێوهیهكی بهرچاو گهشهی سهند. واتە له قۆناغێكی ههستیاردا كه چهندین ههڕهشهی دهرهكی (تیرۆریزم) و ههڕهشهی ناوخۆیی (ناكۆكی و دووبهرهكی) ببوونه مهترسی بۆ سهر دانیشتووان و سیستمی حكومڕانی له ههرێمی كوردستاندا. لێكهوتهكانى تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانیش لهسهر ههلومهرجی یهك دهیهی ڕابردوو پێویستى به شرۆڤهیهكی زانستی ههیه تا بتوانین بۆ دۆخی ئێستا و قۆناغی ئایندهش مامهڵهیهكی دروست لهگهڵ ئهم تهكنهلۆژیا نوێیهدا بكهین. ئهمهش ئامانجى ئهم توێژینهوهیهیه. یەكەم: چەمكی ئاسایش و ئاسایشی نەتەوەیی و ڕهههندهكانی تا ئێستا پێناسەی جۆراوجۆر بۆ چەمكی ئاسایشی نەتەوەیی كراوە، فرەچەشنی لە تێڕوانینی پسپۆڕانی بوارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕەهەندهكانی ئەم چەمكە كە زۆر بواری تری ژیانی مرۆیی لەخۆ دەگرێت. مەبەست لە ئاسایش (Security)، دۆخێكە تیایدا مرۆڤ هەست بە ئارامیی ژیان بكات. لە ڕوانگەی پۆلێنی پسپۆڕانیشەوە لەسەر ئاستی ئاسایشی تاكەكەسی، ئاسایشی كۆمەڵایەتی، ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی نێودەوڵەتی شرۆڤە دەكرێت. گەشەسەندنی چەمكی ئاسایش پەیوەندیی بە چارەنووسی كۆمەڵگا و پێگە و چارەنووسی دەوڵەتانەوە هەیە، ئهمهش بووەتە مایەی هاتنەئارای زاراوەی “ئاسایشی نەتەوەیی” كه به كۆڵهكهیهكی سهرهكیی پاراستنی سهروهریی خاك و حكومڕانی دادهنرێت. گهشهسهندنی پڕۆسەی جیهانگیری و كاریگهرییهكانى لهسهر كاڵبوونهوهی سنووری نێوان وڵاتان به قۆناغێكی مۆدێرن بۆ دهوڵهتان دادهنرێت، چونكە وێڕای دووریی سنوورەكانیان لە یەكتر، دەتوانن ببنە هاوپەیمان یاخود ململانێ و كاریگەری لەسەر بەرژەوەندی و پێگەی بەرامبەرەكانیان دروست بكەن. لەم ڕوانگەیەوە، مەبەست لە ئاسایشی نەتەوەیی: توانستی كۆمەڵگایەكه بۆ پارێزگاری و برەودان بە كولتوور و بەهاكانی خۆی[1]. بە پێی پێناسەیەكی تر، ئاسایشی نەتەوەیی بەشێكی دانەبڕاو لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی هەر وڵاتێك پێك دەهێنێت، لەم دیدگایهوه بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە مانای بەدیهێنانی باشترین دۆخە بۆ میللەت بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتانی تردا[2]. ڕۆبەرت ماندل؛ پسپۆڕی بواری ئاسایشی نەتەوەیی، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە بایەخی ئەم چەمكە و گەشەسەندنی بۆ دەستەواژەیەكی گرنگی نێودەوڵەتی، لە سەدەی بیستەم و بەتایبەتی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بووەتە باو. ناوبراو لهو باوهڕهدایه: ئاسایشی نەتەوەیی هێنانەدیی پێداویستییە سایكۆلۆژی و ماددییەكانی ئاسایش و ئارامییە، لە بنەڕەتیشدا بەشێكە لە بەرپرسیارێتیی حكومەت بۆ خۆپارێزی لە هەڕەشە ڕاستەوخۆ دەرەكییەكان و پاراستنی سیستمی هاوڵاتێتی و شێوازی ژیانی هاوڵاتییانی خۆی[3]. به پێی بۆچوونێكی تر، مەبەست لە دەستەواژەی ئاسایشی نەتەوەیی ڕەخساندنی هەلومەرجێكی ئارامە بۆ ژیانی هاوڵاتییان و ئاشتی لە وڵاتێكدا، واتە پاراستنی ئاسایشی تاكەكەس و خێزان و گرووپ و دامەزراوەكانی ناو كۆمەڵگا و نەتەوە و دەوڵەتێك كە سەرجەمیان لە چوارچێوەیەكدا كۆ بوونەتەوە[4]. دیارترین ڕەهەندهكانی ئاسایشی نهتهوهیی، بە پشتبەستن بە بۆچوونهكانی پسپۆڕانی بوارهكه، بریتین لە: ئاسایشی تاكەكەس (Individual Security) ئاماژەیە بۆ گرەنتیی گیان و جەستەی هاوڵاتییان لەهەمبەر ئەو مەترسی و زیانە تەندروستییانەی لەمپەرن لەبەردەم ژیانیاندا. بە مانایەكی تر: هەر جۆرە هەڕەشەیەك بۆ سەر گیان یاخود تەندروستیی مرۆڤ هەبێت، ئەوا ئاسایشی ژیانیان لەناو دەچێت[5]. ئاسایشی ئیتیك (Ehtic Security) چەمك و دەستەواژەی “ئیتیك” لە زاراوەی “Ethikos”ی یۆنانییەوە وەرگیراوە، بە مانای دابونەریت و خوو و ڕەوتاری زاڵ لەناو كەسێتی یاخود كولتوورێكدا دەوترێ. لە هەمان كاتدا پرەنسیپەكانی ئاكار و مامەڵەش دەربارەی چۆنیەتیی بوونیەتی تاكەكەس و شێوازی مامەڵەكەی دەوترێت، كە لە چوارچێوەی دامەزراوەیەك یان شوێنی ژیانیدا دەینوێنێت. ئاسایشی كۆمەڵایەتی (Social Security) باری بوزان (Barry Buzan) بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1991دا چەمكی “ئاسایشی كۆمەڵایەتی” لە پەرتووكە بەناوبانگەكەی خۆیدا بە ناوی “جەماوەر، دەوڵەتان و ترس[6]” بەكار هێناوە، ئەم چەمكەش لە ڕوانگەی “بوزان”ەوە واتە “ڕزگاربوون لە هەر جۆرە هەڕەشەیەك، لە هەمان كاتدا توانای دەوڵەتان و كۆمەڵگاكان بۆ پاراستنی ناسنامەی سەربەخۆیی و یەكپارچەیی لە بواری مەیدانیدا[7]“. ئاسایشی سیاسی (Political Security) دابینكردنی ئارامی و دڵنیاییە لەلایەن فەرمانڕەوای وڵاتەوە بۆ هاوڵاتییانی هەرێمەكەی، لە ڕێگەی بەگژداچوونەوەی هەڕەشە جۆراوجۆرە دەرەكییەكان و دابینكردنی مافە سیاسییەكانیان لە پڕۆسەی بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵات، بە ئامانجی دەستنیشانكردنی چارەنووسی خۆیان و كۆمەڵگا. پێویستە ئاسایش و ئامادەگیی ئازادانە و یەكسان بۆ هاوڵاتییانیش فەراهەم بكرێت، واتە هیچ كەسێك بەزۆرەملێ بیروباوەڕی بەسەردا نەسەپێنرێ یان دەستگیر نەكرێت[8]. ئاسایشی ئابووری و دارایی (Fanance and Economic Security) بنەما سەرەكییەكانی ئەم جۆرە ئاسایشە لە پێناو ڕەخساندنی سیستمێكە بۆ سەرجەم پێكهاتە و بەشە جۆراوجۆرەكانی ئابووریی كۆمەڵگا، تا هاوڵاتییان هەست بە مەترسی لەهەمبەر كەمبوون یا نەبوونی پێداویستییە بنچینەییەكانی ژیانی خۆیان نەكەن. نموونەیەكی بهرجهستهش، بارودۆخی بازاڕ و بانكەكانه كە لەسەر بنەمای دراو و مامەڵەیە. هەر بۆیە دابینكردنی ئاسایشی ئابوورییش پەیوەستە بە كۆمەڵێك بنەمای گرنگی وەك: سەرمایەگوزاری، دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامان، سوودوەرگرتن لە دەرفەت و ئیمتیازاتەكان بە شێوەیەكی یەكسان، بەگژداچوونەوەی گەندەڵیی ئابووری و دارایی، بنەبڕكردنی دیاردەی دزی و بەرتیل و هاوشێوەكانی كە دەبنە مایەی سەقامگیریی ئاسایشی ئابووریی كۆمەڵگە[9]. ئاسایشی ژینگە (Enveromintal Security) دڵنیابوونی جەماوەر لەهەمبەر ئاسایش و ئارامیی ئەو ژینگە و كەشوهەوایەی تیایدا دەژی، بنەمایەكی گرنگی ئاسایشی كۆمەڵگا پێك دێنێت. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، هاوكاتی گەشەسەندنی تەكنەلۆژیا، پاكوخاوێنیی ژینگەش كەوتووەتە بەردەم مەترسییهوه، بە مانایەكی تر: ژینگە وەك بنهمایهكی ئاسایشی نهتهوهیی بووەتە مەسەلەیەكی هەستیاری وڵاتان، كۆمەڵێك بابەتی وەك: پیسبوونی كەشوهەوا، كونبوونی بەرگی ئۆزۆن، دابارینی ئەسیدەكان، داخورانی خاك و بەبیابانبوون، لەناوچوونی جەنگەڵەكان تا پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەكانی سەرزەوی و ژێرزەوی…؛ بە بنەما گرنگەكانی ژینگە دادەنرێت[10]. ئاسایشی كولتووری (Cultural Security) ڕەهەندێكی گرنگی ئاسایشی نەتەوەیی پەیوەندیدارە بە ئاسایشی كولتووری و بنەما هزرییەكانی كۆمەڵگە دەگرێتەوە: (عەقڵانیەت، واقیعبینی، دادخوازی، دینامیكی)، به مهرجێك بە پێی پێوەرە زانستییەكان بێت. لە لایەكی تریشەوە بواری ڕووناكبیری و بەرهەمە كولتوورییەكانی كۆمەڵگاش لەخۆ دەگرێت، كە پێویستە بپارێزرێن و لە گەشەی بەردەوامیشدا بن[11]. ئاسايشى سهربازی (M ilitary Security) توانستى دهوڵهتان له بواری سوپا، تهكنهلۆژیای جهنگی و ئامادهباشی بۆ كۆنترۆڵی بارودۆخی ناوخۆی وڵات و ڕووبهڕووبوونهوهی ههر ههڕهشهیهكی دهرهكی، به بنهماكانی ئاسایشى سهربازی دادهنرێت. بهگشتی لهسهر ئاستی جیهان سهرجهم وڵاتان بایهخ بهو جۆرانهی ئاسایشى نهتهوهیی دهدهن، پلهبهندییهكهشی به پێی ههڵكهوتهی جیۆگرافی و سیستمی حكومڕانی گۆڕانی بهسهردا دێت. واتە وڵاتێك له دۆخی جهنگدا بێت، بهدڵنیاییهوه ئاسايشى سهربازی به پلهی یهكهم دێت، یاخود وڵاتێك دووچاری قهیرانێكی دارایی بووبێتهوه، ئهوا ئاسایشى ئابووری له ئهولهویهتدایه، كهواته پلهبهندییهكه لهژێر كاریگهریی فاكتهرهكانى كات و شوێن و ههلومهرجدایه. دووهم: تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان و تایبهتمهندییهكانی پڕۆژه و ههنگاوه زانستییهكانی دواى كۆتاییهاتنی جهنگی دووهمی جیهانی، بهتایبهتی له ململانێی جهنگی ساردی نێوان ویلایهته یهكگرتووهكانى ئهمەریكا و سۆڤیهت، كاریگهریی لهسهر زانستی تهكنهلۆژیای پهیوهندی ههبوو كه دیارترینیان داهێنانی تۆڕی ئینتهرنێته. له ماوهی دوو دهیهى ڕابردووشدا، له سایهی گهشهسهندنی ئینتهرنێتدا مۆدێلێكی نوێی میدیای ئهلكترۆنی هاته ئارا كه به تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان ناو دهبرێت. سەرەتای ئهم داهێنانه لە زانكۆی هارڤاردەوە دەستی پێ كرد. مارك زوكەر بێرگ لە قۆناغی خوێندنیدا لەو زانكۆیە، لە 4ی شوباتی 2004دا ماڵپەڕی “فەیسبوك”ی بۆ خوێندكارانی زانكۆ دروست كرد. دوای پێشوازییەكی گەرمی خوێندكاران، دەستین مۆسكۆڤیتز (Dustin Moskovitz) ماڵپەرێكی هاوشێوەی بۆ زانكۆكانی (ستانفۆرد، كۆڵۆمبیا، یێل) و چەند زانكۆیەكی تر بەرهەم هێنا، ئەمەش بە سەرەتاكانی هاتنەئارای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دادەنرێت[12]. سهبارهت به پێناسەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش، دەتوانین بڵێین: میدیای كۆمەڵایەتی یاخود سۆشیالمیدیا (Social Media) جۆرێكی نوێی ڕاگەیاندنە كە دەرفەتی مامەڵە لەنێوان خاوەن پەیام و وەرگردا دەڕەخسێنێت، بەو مانایەی كە لەم جۆرە میدیایەدا “وەرگر” هەر تەنها كارتێكراو نییە، بەڵكوو بە مامەڵەیەكی چالاكانە لەگەڵ پەیام و نێرەردا پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی پەیام دروست دەكات و توانای دەستكاری و سەرلەنوێ بڵاوكردنەوەی پەیامەكەشی هەیە، واتە پەیامەكە لەگەڵ هزر و بیروبۆچوونی خۆیدا ئاوێتە دەكات و دەینێرێتەوە بۆ كەسانی تر[13]. بە پێی پێناسەیەكی تر: تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە مۆدێلێكی نوێی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی دادەنرێن كە تیایدا پەیوەندیی نێوان بەكارهێنەران لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە فەراهەم دەبێت[14]. ئەركی سەرەكیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بریتییە لە دروستكردنی پڕۆسەی پەیوەندی و ئاسانكاری لەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانە بۆ هاوڵاتییان و گرووپەكان، بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی زانیاری[15]. كۆمهڵێك تایبهتمهندیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ڕۆڵی گرنگی ههبووه تا ببێتە بەربڵاوترین تۆڕی پەیوەندی لەنێو كۆمەڵگەدا: ئاسانیی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەرانبەردا بە هۆی “چات”ەوە. خێرایی لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری، بودجەیەكی كەمیشی پێویستە. هەندێك جاریش بەكاربەران نەناسراون. توانستی بەرفراوانی ئینتەرنێت بۆ خستنەڕووی زانیاری بۆ كۆمەڵگە، وەك: دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، وەرگرتن و ناردنی نامەی ئەلكترۆنی، كڕینی پێداویستی بە شێوەی ئەلكترۆنی كە ڕێگە لە بەهەدەردانی كات دەگرێت[16]. له ههرێمی كوردستاندا دامهزراندنى سهنتهرهكانى ئینتهرنێت به شێوهیهكی بهرفراوان له سهرهتای ساڵی (2000)ەوه دهستى پێ كرد، هاوكاتی گهشهى تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان لهسهر ئاستی جیهان. به هۆى ئاسانی له دهستڕاگهیشتن به ئینتهرنێت و نهبوونى سانسۆر یاخود فلتهریش له بهكارهێنانیدا، به شێوهیهكی خێرا بایهخدان و بهكارهێنانى تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان بووه بابهتێكی سهرهكی لهناو دانیشتووانى ههرێمی كوردستاندا. ئهم مۆدێله نوێیه كه به میدیای جهماوهرییش ناو دهبرێت، وێڕای ئهو تایبهتمهندییانهی له سهرهوهدا ئاماژهمان پێ كرد كه دیارترینیان ئاسانكارییه بۆ وهرگرتن و ئاڵوگۆڕی داتا و بۆچوون و خزمهتگوزارییهكانی تر، كۆمهڵێك لایهنى نهرێنی و مهترسیی بۆ سهر ئاسایشى نهتهوهیی له ههرێمی كوردستاندا هێناوهته ئارا. له تهوهرهی سێیهمدا، به شێوهیهكى زانستییانه ئاماژه به دیارترین مهترسییهكانى تۆڕە كۆمهڵایهتییهكان لهسهر ئاسایشى نهتهوهیی گهلی كورد دهدهین، له پێناو دهستنیشانكردنی جۆری مهترسییهكان و خستنهڕووی ڕێكارێكی شیاو بۆ ڕێكخستنهوه و ئۆرگانیزهكردنی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان. سێیهم: مەترسییەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی پۆلێنی كاریگهرییه نهرێنی و مهترسییهكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان به پێی ههلومهرج و سیستمی ژیان و حكومڕانیی دهوڵهتان گۆڕانكاریی بهسهردا دێت. لێرەدا ئاماژه به دیارترین مهترسییهكانى تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی له ههرێمی كوردستاندا دهدهین، به جۆرێك ڕهنگدانهوهی لهسهر ئاسایشى تاكهكهس و كۆمهڵگا و بوارهكانی تری ژیاندا دهبینرێت. یەكەم: سایبهرتیرۆریزم تیرۆر لە ڕووی زانستی زمانناسییەوە (Philology) لە بنەڕەتدا لە وشەی “Terrorisme”ی فەڕەنسییەوە هاتووە، بە مانای ترسێكی زۆر، تۆقاندن، دڕندەیی و تێكدانی باری دەروونی دێت([17]). بە بڕوای دورۆتی دەنینگ، تیرۆریزمی ئەلكترۆنی واتە: بەكارهێنانی ژینگەی میدیا و بواری ئەلیكترۆنی بە ئامانجی تیرۆر، یاخود پەلاماردان و هەڕەشەی نایاسایی لە ڕێگەی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و تۆڕەكانی زانیاری و بڵاوكردنەوە، ئەویش بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ یان ناچاركردنی دەوڵەت یان جەماوەر لە پێناو بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجی تایبەت. گرنگترین تایبەتمەندییەكانی ئهم جۆره تیرۆریزمه بریتییه لە: بێسنووری: تیرۆر لە ڕێگای میدیاكانەوە ڕووبەڕووی سنووردارێتییەكی ئەوتۆ نابێتەوە. كەمیی بودجەی تێچوو: بە بودجەیەكی كەم دەتوانرێ زۆرترین كردەی تیرۆر ئەنجام بدرێت. زیانگەیاندنی دارایی بەبێ زیانی جەستەیی: ڕێوشوێنێكی گرنگی تیرۆری میدیایی لەوەدایە كە دەتوانێ زۆرترین زیانی دارایی و سایكۆلۆژی بگەیەنێ بێ ئەوەی خۆی زیانی جەستەیی هەبێت. ئاسانكاری لە ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی. هەماهەنگی لە كردەی تیرۆردا: فاكتەری خێرایی لە پڕۆسەی پەیوەندی و هاریكاری لە ڕێگەی میدیاوە، كاری تیرۆریستانی ئاسان كردووە. ئاڵوگۆڕی دراو و بانك: سوودوەرگرتنی نێگەتیڤانەی تیرۆریزم لە پڕۆسەی پەیوەندی بۆ ئاڵوگۆڕی دراو، فاكتەرێكی تری پەنابردنی گرووپە تیرۆریستییەكانە بۆ میدیای ئەلكترۆنی. لە هەمان كاتدا خەسڵەتەكانی تیرۆریزمی میدیایی بریتین لە: خێرایی لە پڕۆسەی تاواندا: فاكتەرەكانی كات و شوێن لە سایبەر تیرۆریزم گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە دنیای ئەلكترۆنیدا بە هۆی نزیكایەتی (تاوانبار، ئامانج و شوێنی تاوان) ئەنجامدانی تاوانی ئاسان كردووە. نادیاریی ناسنامەی تیرۆریست. قەوارەی تاوان: لە سایبەرتیرۆریزمدا قەوارەی تاوان و ئاستی كاریگەرییەكانی ناڕوونە. كەمیی بودجە: ئەنجامدانی تاوان لە دنیای ئەلكترۆنیدا تەنها پێویستی بە كۆمپیوتەر و هێڵێكی ئینتەرنێت هەیە، واتە بڕی تێچووی كەمە. نائامادەگی لە شوێنی تاوان: لە تاوانی ئاساییدا بەبێ ئامادەبوونی تاوانبار ئاستەمە تاوان ئەنجام بدرێت، بەڵام كردەی تاوان لە دنیای ئەلكترۆنیدا بەبێ ئامادەگی لە شوێنەكەدا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دەبێتە مایەی ونبوونی سەرەداوەكان. نێودەوڵەتیبوونی تاوان: لە تیرۆریزمی میدیای ئەلكترۆنیدا سنوورەكان تێدەپەڕێنرێت و دەشێ تیرۆریست لە وڵاتێك بێت و تاوان لە وڵاتێكی تردا ئەنجام بدات. هەڵكشانی ژمارەی ڕەش: واتە ئاستی زیانەكانی تاوان بەتەواوەتی نادركێنرێت. ئۆتۆماتیكبوونی تاوان[18]. لە پڕۆسەی جەنگی دژ بە تیرۆریزمدا، تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان و سهرجهم میدیاكانیش وەك پرەنسیپێكی نیشتمانی ئەركی سەرشانیانە بەشداری لە بەگژداچوونەوەی سایبهرتیرۆریزمدا بكەن. بە بڕوای پسپۆڕان، پێویسته ستراتیژی بەگژداچوونەوەی سایبهرتیرۆریزم له سێ ڕەهەندەوه بێت: سیستمی بەرگری و خۆپاراستن: یەكەمین هەنگاوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتان. ناسین: هەوڵدان بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەس و لایەنانەی ئامانجی هێرشن و ناسینی كەس و لایەنی هێرشبەریش هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم. پووچەڵكردنەوە: لەم قۆناغەدا پەلاماردانی ئەلكترۆنی لە هەر سەرچاوە و هەلومەرجێكدا بێت پێویستە پووچەڵ بكرێتەوە[19]. دووهم: تەزویری ئەلكترۆنی دەستەواژەی تەزویر لە ڕوانگەی یاساییەوە پێناسەی جۆراوجۆری بۆ كراوە، بە پێی بۆچوونێكی گرنگی یاسایی ئهم تاوانه لە پوختەترین پێناسەدا واتە: گۆڕینی ڕاستییەكە لە نووسینێكدا بە ئامانجی فێڵكردن و بە شێوازێك كە یاسا بە تاوانی داناوە، دەبێتە مایەی زیانبەخشین (دەشێ زیانەكە ماددی یاخود مەعنەوی یان هەردووكیان بێت)[20]. گەشەكردنی تەكنەلۆژیای كۆمپیوتەرییش، وێڕای خەسڵەتە گرنگەكانی لە پەرەپێدانی پڕۆگرام و سێرڤسی جۆراوجۆر، بە هۆی پڕۆسەی ئاسانكاری لە دەستكاری و ئاڵوگۆڕی داتا و وێنەدا، دەرفەتی بۆ كەسانی خراپیش ڕەخساندووە تا بۆ ئامانجی نادروست و نایاسایی بەكاری بهێنن، بەتایبەت بۆ تاوانی ئەلكترۆنی. لەم ڕوانگەیەوە پسپۆڕێك پێی وایە: بەكارهێنانی سیستمی كۆمپیوتەر و پڕۆگرامەكانیەتی بۆ ئەنجامدانی تاوان[21]. تەزویری ئەلكترۆنی؛ بەكارهێنانی پڕۆگرامی جۆراوجۆر بۆ دەستكاریی (داتا، وێنە، مۆر و ڤیزا…) بهكار دههێنرێت، له ڕێگهی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانهوه به خهڵك دهفرۆشرێن. بۆ نموونه؛ دێكۆمێنتێكی فهرمی (بڕوانامه، ناسنامه و پاسپۆرت…) به ناوی كهسێكهوهیه، وێنه یاخود داتایهكی دهستكاری دهكهن بۆ مامهڵهیهكی تهزویر. ههروهها ئەم تاوانە له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكاندا بۆ چەند جۆرێك پۆلێن دەكرێت: – دروستكردنی ئەكاونت و پەیجی تەزویر. – بەكارهێنانی پڕۆگرامی پێشكەوتوو بە مەبەستی تەزویركردنی دەنگ و ڕەنگ و وێنە و ڤیدیۆ یاخود دەستكاریكردنیان. سێیهم: ژیانی تایبهت سەرهەڵدان و ڕێزگرتن لە سنوورەكانی چەمكی ژیانی تایبەت؛ مێژوویەكی دێرینی هەیە و لە زۆربەی ئایینە ئاسمانییەكانیشدا جەخت لەسەر پاراستنی كراوەتەوە، بەڵام هاتنەئارای وەك چەمكێكی سەربەخۆ؛ دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی نۆزدە، كاتێك هەردوو یاساناسی ئەمەریكی سامۆئیل وارین و لویس براندیس لە ئەنجامی دەركەوتنی ڕۆژنامەی ڕووزەرد كە بێــپەروا كەوتبووە گیانی پێشێلــكردنی ژیانی تایبەتیی كەسەكانەوە، توێژینەوەیەكیان لە ساڵی 1890 بە ناوی مافی ژیانی تایبەت بڵاو كردەوە[22]، تیایدا داوای پاراستنی مافی ژیانی تایبەتیان لە یاساكانی ئەو سەردەمەدا كردبوو، ئەمەش بە سەرەتای پشتیوانیی یاسا لەو مافە ئیتیكییەی مرۆڤ لەناو كایەی میدیادا دادەنرێت. هەروەها پسپۆڕێكی تری بواری یاسا و ئیتیك لەو باوەڕەدایە كە ڕێزگرتنە لە ژیانی تایبەت و سەربەخۆیی، واتە مرۆڤ لە ڕەفتارەكانیدا سەربەست بێ و لە خەڵك بەدوور بێ، ئەویش لە چوارچێوەی یاسادا[23]. تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان له ههرێمی كوردستان مهترسییهكى گهورهیه بۆ سهر ژیانى تایبهت كه به ئاسایشى تاكهكهس دادهنرێت. پێشێلكردنی ئهم مافه تایبهتییه، گیروگرفتی زۆری بۆ كهسێتی و ئاشتهوایی خێزان دروست كردووه، به جۆرێك لهدواى هاتنهئارای تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانهوه ئاژاوه و ناتهبایی كۆمهڵایهتی بووەته مایهی ئهنجامدانى چهندین تاوانی جۆراوجۆر و ههڵوهشانهوهی خێزانیش. چوارهم: پێكدادانى كولتوورهكان و ناتهبایی كۆمهڵایهتی لە هەرێمی كوردستاندا ئایین و ئایینزای جۆراوجۆر (ئیسلام، مەسیحی، ئێزیدی…) و ئایینزا و ڕێچكەی ئایینی (كاكەیی، هەقە، نەقشبەندی، قادری) و ئایدۆلۆژیای جیاوازی (ئیسلامی، عەلمانی…) و حیزب و عهشیرهتی جۆراوجۆری تێدایە، زۆر جاریش خراپ بهكارهێنانی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان، بووەته مایهی پێكدادانى كولتووری و ئایینی كه سهرچاوهیهكی سهرهكییه بۆ ناتهبایی كۆمهڵایهتی. پێنجهم: مامهڵهی ئهلكترۆنی بۆ كاڵای نایاسایی گهرموگوڕیی بازاڕی ئۆنلاین فاكتهرهكهی دهگهڕێتهوه بۆ ئهو ڕاستییهی كه تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان توانیویهتی سنووری دهوڵهتان ببهزێنێت، واتە ههر هاوڵاتییهك دهرفهتی كڕینی پڕۆگرام و خزمهتگوزاری و كاڵای ههیه. ئهم تایبهتمهندییهش ههندێك جار بۆ مهبهستى خراپ و تاوانی جۆراوجۆر بهكار هێنراوه، دیارترینیان كڕینی جۆرهها كاڵا و بهرههمی نایاساییه وهك: كڕین و فرۆشى چهك و تهقهمهنی، پڕۆگرامی سیخوری و ئابڕووبهر، ماددهی هۆشبهر، قاچاخچێتی، هاككردنی داتا بۆ مهبهستى فرۆشتنهوه و زۆر تاوانی تریش. گرفتهكه لهوهدایه ئهم بێسنوورییه له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان كێشهی بۆ دامهزراوه یاساییهكانیش خوڵقاندووه، چونكه زۆر جار كهسه تاوانبارهكه له دهرهوهی سنووری وڵاتهكهدایه، یاخود ناسنامهی خۆی ون دهكات تا له سزای یاسایی خۆی دهرباز بكات. بهگشتی كاریگهرییه نهرێنییهكانی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان لهسهر ئاسایشی نهتهوهیی ههرێمی كوردستان زۆرن، بهڵام ئهم پێنج مهترسییه به دیارترین ههڕهشه بۆ سهر ئاسایشی نهتهوهیی دادهنرێن. چوارهم: پێشنیار و ڕاسپاردەكان بۆ پارێزگاری له ئاسایشى نهتهوهیی داڕشتنی چهندین بەرنامە و خستنەڕووی پێشنیارەكان بۆ پراكتیزهكردنیان له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانی ههرێمی كوردستاندا، ڕۆڵێكی گرنگ له ئاڕاستهكردنی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكاندا دهبینێت بۆ بهكارهێنانی به مهبهستی پاراستن و خزمهت به ئاسایشی نهتهوهیی كه ژیان و چارهنووسی سهرجهم دانیشتووانیشی بهخۆیهوه گرێ داوه. ئهم سیناریۆیانه تهواوكاری یهكترن، واتە فرهڕهههندیی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان پێویستى به كۆمهڵێك ڕێوشوێن ههیه تا بتوانرێت زیانهكانی كۆنترۆڵ بكرێت. پهرهپێدانی ئاستی هۆشیاریی جهماوهر ههوڵدان بۆ گهشهپێدانی هۆشیاری و دروستكردنی ههستی بهرپرسیارێتی لهناو بهكارهێنهرانی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانی ههرێمی كوردستان، ڕێكارێكی گرنگه بۆ هاندانی ههر بهكارهێنهرێك به ئامانجی خزمهتكردن به ئاسایش و ئارامیی كۆمهڵگا، ههروهها له كاتی پێویستدا دهتوانرێ ههژموونی جهماوهر بخرێته خزمهت پاراستنی ئاسایشی نهتهوهیی لهسهر ئاستی ناوخۆی وڵات و نێودهوڵهتییشدا. بۆ نموونه؛ ههر بهكارهێنهرێك یاخود خاوهن ئهكاونت و پهیجێك له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكاندا، كۆمەڵێك ڕاسپاردە و ڕێنمایی یاسایی تایبهت وهربگرێت تا ئاگادار بێت كه پاراستنی سهرجهم ڕهههندهكانی ئاسایشی نهتهوهیی ئهركی سهرشانیهتی. ههروهها له كاتى قهیران و مهترسییشدا بهشداری له ههڵمهتی هۆشیاری بۆ خۆپارێزی له تاوانه جۆراوجۆرهكان بكهن، به شێوهیهكی بهردهوامیش هاوكار بن لهگهڵ دادگا و هێزهكانى پۆلیس بۆ دۆزینهوهی تاوانباره ئهلكترۆنییهكان. ئهركێكی تری جهماوهر، بهشدارییه له ڕیپۆرتكردنی ئهكاونت و پهیجهكان كه هاندان و پڕوپاگهندهیان بۆ تاوانه جۆراوجۆرهكانی وهك تیرۆر و ماددهی هۆشبهر و لهشفرۆشی و هاوشێوهكانیان تێدایه، تا كۆمپانیاكانى نموونهی فهیسبوك، به هۆی ئهو ڕیپۆرتانهوه دایبخهن. بابهتێكی گرنگی تری هۆشیاریی جهماوهری، بێئاگابوونى زۆرینهی بهكارهێنهرانه لهو ڕاستییهی كه ئهمڕۆ تهكنهلۆژیا هێنده پێشكهوتووه، له توانایدایه تاوانباره ئهلكترۆنییهكان بدۆزێتهوه. له ماوهی دوو دهیهى ڕابردوودا، زۆر جار تاوان له ڕێی ئهلكترۆنییهوه ئهنجام دراوه، چونكه تاوانبار بهئاسانی ناسنامهی خۆی حهشار داوه و به ناوى خوازراو تاوانهكهی كردووه، ئێستاش ڕێژهیهكی زۆری بهكارهێنهران ههر بۆ ئهو مهبهسته تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان بۆ تاوانی جۆراوجۆری وهك تیرۆر و تهزویر و مامهڵهی نهشیاو بهكار دههێنن، پێویسته بهكارهێنهران هۆشیار و ئاگادار بكرێنهوه كه به هۆی تهكنهلۆژیاوه شیاوی دۆزینهوهن تا تاوان ئهنجام نهدهن. 2. دانانى دەرگاوان له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان چهمكی دەرگاوانەكان (Gatekeepers) بۆ یەكەم جار لەلایەن كورت لوین (Kurt Lewin)ەوە بەكار هێنرا. بە تێڕوانینی ناوبراو، كۆمەڵێك فلتەر هەن كە هەواڵەكانی پیادا تێدەپەڕن، ئەم فلتەرانەش دەروازەیەكی چوونەژوورەوەن و تەنها مۆڵهت به هەندێك هەواڵ دەدهن و هەندێكیشیان دوور دەخاتەوە و بە نەشیاو ناوزەدیان دەكات[24]. بەگشتی ئەو كەسانەی لە ستافی نووسین و دامەزراوەكانی میدیادا بەشداری لە پڕۆسەی ئامادەكردن و هەڵبژاردن و خستنەڕووی پەیامەكانی هەواڵدا دەكەن، پێیان دەوترێ دەرگاوان (gatekeeper)[25]. له ههرێمی كوردستان بۆ پارێزگاری له ئاسایشی نهتهوهیی له مهترسییهكانى تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان، پێویسته لهسهر چهند ئاستێك سوود له دهرگاوانهكان ببینن: – خاوهن ئهكاونت و پهیج و وێبسایتهكان كه به پێی یاسا بهركارهكانى ههرێمی كوردستان بهرپرسن لهو بابهتانهی بڵاوی دهكهنهوه، پێویسته كهسێكی شارهزا له یاسا و پرهنسیپهكانى ئازادیى ڕادهربڕین وهك دهرگاوان دابنێن تا سهرجهم بابهتهكان ههڵبسهنگێنێت، دوای دڵنیابوونهوه له پاراستنى ئاسایشى نهتهوهیی، پاشان بڕیاری بڵاوبوونهوهیان بدات. – بهكارهێنهران هۆشیار بكرێنهوه له دروست بهكارهێنانى تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان، ئهگهرنا لایهنى بهرپرس بهدواداچوون بۆ سهرجهم ئهو ههواڵ و داتا و وێنانه بكات كه زیان به ئاسایشى نهتهوهیی دهگهیهنن. – كۆمپانیاكانی ئینتهرنێت و مۆبایل ئاگادار بكرێنهوه بۆ فلتهركردن یاخود كۆنترۆڵكردنی سهرجهم ئهو ئهكاونت و پهیجانهی زیان به ئاسایشی نهتهوهیی دهگهیهنن. ههندێك لهو پهیج و ئهكاونتانه دهشێ له وڵاتانی ترهوه ئاڕاسته بكرێن. ئهگهر هاندانیان بۆ تاوان تێدا بوو، بهتایبهت تاوانهكانى تیرۆر و بازرگانیی هۆشبهر و ڕیكلام بۆ كاڵای مهترسیدار، پێویسته فلتهر بكرێن. ڕێككهوتنامهی نێودهوڵهتى بۆ بهگژداچوونهوهی تاوانی ئهلكترۆنی خهسڵهتێكی گرنگی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان؛ گڵۆباڵیزهبوونی خزمهتگوزارییهكهیه، واتە بهكارهێنهران سنووری وڵاتان دهبهزێنن و لهسهر ئاستی جیهان پهیامهكانیان بڵاو دهكهنهوه. ههرێمی كوردستان وهك هاوپهیمانێكی گرنگی بهرهی دژهتیرۆر، پێویسته ڕێككهوتننامهی نێودهوڵهتیى لهگهڵ كۆمپانیاكانی ئینتهرنێت و وڵاتانی تری بهرهی دژهتیرۆردا ههبێت، به مهبهستى هاریكاریی دوولایهنه بۆ دۆزینهوهی ئهو تاوانبارانهی زیان به ئاسایشی نهتهوهیی كورد دهگهیهنن، ههروهها ههرێمی كوردستان به شێوهیهكی بهردهوام ئاگاداریان بكاتهوه بۆ فلتهركردنى ههر ئهكاونت و پهیجێك كه زیان به ئاسایشى نهتهوهیی دهگهیهنن. بهرزكردنهوهی ئاستى خزمهتگوزاری ههڵسهنگاندنى بارودۆخی ژیانی دانیشتووانی وڵاتان، میتۆدێكی گرنگه بۆ تێگهیشتن له ئاستی بایهخدانیشیان به ئاسایشی نهتهوهیی، واتە ههر وڵاتێك خۆشگوزهرانی و بژێوییهكی شایسته بۆ هاوڵاتییانی خۆی دابین بكات، بهدڵنیاییهوه زیاتر خهمخۆری پاراستنى ئاسایشى نهتهوهكهیانن لهو مهترسییه جۆراوجۆرانهی دێنه ئارا. له ههمان كاتدا ههڵكشانی فشارە ئابووری و سیاسی و كۆمهڵایهتییهكانیش، كاریگهریی ڕاستهوخۆی لهسهر ههڵكشانى ههڕهشه بۆ سهر ئاسایشى نهتهوهیی ههیه. ههتا ڕێژهی قهیران لهناو كۆمهڵگایهكدا زیاتر بێت، پتر ئاسایشى نهتهوهیی دهكهوێته بهردهم مهترسییهوه. لهم ڕوانگهیهوه، حكومهتی ههرێمی كوردستان و دهسهڵاتداران پێویسته بهبهردهوامی پڕۆژهی خزمهتگوزاریی وهك: ڕهخساندنى ههلی كار، بایهخدان به ناوهنده فێركاری و ئهكادیمییهكان، دابینكردنى شوێنی نیشتهجێبوون، بنهبڕكردنى ڕۆتین، چاككردنی ڕێگاكانى هاتوچۆ، كهمكردنهوهی فشاره ئابوورییهكان، یارمهتیدانى چینوتوێژه جۆراوجۆرهكان، كردنهوهی دهیان ناوهندی ڕووناكبیری و هونهری به ئهركی سهرشانی خۆی بزانێت تا دانیشتووانى ههرێمی كوردستان ههست به خۆشگوزهرانی و ئاسوودهیی بكهن و ئهمهش ببێته پاڵنهرێك بۆ پاراستنى ئاسایشی نهتهوهیی. سەرچاوە و پەراوێزەكان [1] Aminian, Bahadur (1991), Evolution Of National Security Concept, Rewal Pind, P2. [2] Iain McLean (editor) (1996), Oxford concise Dictionary of politics New York: Oxford university press, P332. [3] ماندل رابرت (1377)، چهره متغیر امنیت ملی، ترجمه پژوهشکده مطالعات راهبردي، تهران، ص ص51-52. [4] هيثم الكيلاني (1996)، مفهوم الامن القومي العربى، دراسة فى جانبية السياسى و العسكرى، بحث في كتاب (الامن العربى التحدديات الراهنة و التطلعات المستقبلية)، مركز الدراسات العربى-الاوروبى، الطبعة اڵاولى، ص70. [5] نبــوی، سیدعبدالحســین و همــکاران (1387)، “بررســی تأثیــر پایــگاه اجتماعــی- اقتصــادی و هویــت قومــی بــر اســاس امنیــت اجتماعــی”، نشريه دانش نظامى، شماره 2، ص82. [6] People, states and fear. [7] Buzan, Barry; Weaver, Ole (1998): “Liberalism and security: the contradictions of the liberal leviathan”, Copenhagen peace research institute (COPRI) Working papers, P302. [8] افتخاری، اصغر (1381): مراحل بنيادين انديشه در مطالعات امنيت ملي تهران: پژوهشكده مطالعات راهبرد، ص67. [9] صالحــی امیــری، ســیدرضا و افســر افشــاری نــادری (1389)، “مبانــی نظــری و راهبــردی مدیریــت ارتقــای امنیــت اجتماعــی و فرهنگــی در تهــران”، شــمارۀ پنجــاه و نهــم، ســال بیســتم، 1389، ص ص6-7. [10] ربیعی، علی (1383)، مطالعات امنیت ملی، تهران، وزارت امور خارجه، ص147. [11] دكتر سيد مجتبی تهامی (1384)، امنيت ملى، دكترين، سياست هاى دفاعى و امنيتى، انتشارات كانون پژوهش های دریای پارس، ص13. [12] Alexander, B. (2008), “Web 2.0: A New Wave of Innovation for Teaching and Learning”, University of Southern California, P93. [13] علی اكبری تبار و ابراهیم اسنكدر پور (1392)، رسانەهای اجتماعی و شبكەهای اجتماعی مجازی، موسسه فرهنگی هنری تقارب و تبادل فرهنگی، ص8. [14] Boyd, Danahm.& Ellison, Nicole B (2008), Social Network Sites: Definition ,History and Scholarship ,Journal of Computer-Mediated Communication ,Vol.13. P211. [15] Obar, Jonathan A. and Wildman, Steven S. (2015), “Social Media Definition and the Governance Challenge: An Introduction to the Special Issue”, SSRN Electronic Journal, doi:10.2139/ssrn.2647377, P745. [16] كامیان خزایی (1391)، “آسیبهای نوپدید شبكەهای اجتماعی مجازی”، نخستین کنگره ملی فضای مجازی و آسیب های اجتماعی نوپدید، ص ص6-7. [17] محمد علی سفری (1384)، مفاهیم تروریسم در قاموس زورمداران جهان، انتشارات صبا، ص22. [18] عبدالرضا جوان جعفری (1389)، جرایم سایبر و رویكرد افتراقی حقوق كیفری، مجلە دانش و توسعە، سال هفدهم، شمارە 34، ویژە اسفند 1389، ص ص176-180. [19] اردشير زابليزاده (1397)، “قدرت بازدارندگی در فضای سايبر”، مجله رسانهو فرهنگ، شماره 1، ص68. [20] جمال ابراهیم الحیدري (2013)، القسم الخاص من قانون العقوبات، دار السنهوري، ص43. [21] الدكتور عبدالفتاح بيومي حجازي (2008)، التزوير في جرائم الكمبيوتر و اڵانترنت، دارالكتب القانونية، مصر، ص106. [22] Warren and Brandeis: The Right to Privacy, Harvard Law Review, Vol. IV, December 15 1890, No. 5, http://groups.csail.mit.edu/mac/classes/6.805/articles/privacy/Privacy_brand_warr2.html – [23] فتحى حسين عامر: المسئولية القانونية و الآخلآقية للصحفي، القاهرة، 2014، ص24. [24] ژان كازنو (1365)، جامعەشناسی وسایل ارتباط جمعی، ترجمە: باقر ساروخانی و منوچهر محسنی، تهران، ص61. [25] نەعیم بەدیعی (2009)، ڕۆژنامەگەریی ئەلكترۆنی، وەرگێڕانی: كارزان محەمەد، چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەكەم، 2009، ل21.
شیكاری: درەو کاتێک لە ئامارو داتاکانی داهاتی گشتی عێراق لە دەیەی ڕابردوو ورد دەبیتەوە، پرسیاری ئەوەت لادروست دەبێت؛ ئەگەر نەوت نەبێت، دەبێت عێراق چی بکات یان چی ڕوو دەدات؟! 🔹 داهاتی نانەوتی گەورەترین خاڵی لاوازی ئابوری عێراقەو لەدوای ساڵی (2004) ەوە تا ئێستا بەتێکرا (7.5%)ی داهاتی گشتی عێراقی پێکهێناوە. 🔹 لە ماوەی (10) مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ڕێژەی بەشداری داهاتی نەوت لە داهاتی گشتی گەیشتووە بە (95.4%). 🔹 لە ماوەی (18) ساڵی ڕابردوودا، تەنها لە ساڵانی ((2015) بەڕێژەی (6%)، (2016) بەڕێژەی (23%)، (2019) بەڕێژەی (4%) و (2020) بەڕێژەی (20%)) کورتهێنان ڕوویداوە. 🔹 (14) ساڵ داهاتی گشتی عێراق سەرڕێژەی کردووە (داهات زۆرتر بووە لە خەرجی) ، لە ماوەی ئەو (14) ساڵەدا سەرجەم سەرڕێژی داهات زیاتر بووە لە (207 ترلیۆن) دینار. یەکەم؛ داهاتی گشتی عێراق لە ساڵانی (2004 – مانگی 10/2022) لەدوای ساڵی (2004)ەوە، داهاتی گشتی عێراق بە سەرچاوەکانی داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە، بەشێوەیەکی گشتی بەڕادەیەکی زۆر ڕووی لە گەشەسەندن بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشی هەرە گەورەی داهاتی گشتی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەست دێت، بۆیە زۆرجاریش بووە داهاتی گشتی بەڕادەیەکی خراپ ڕووی لە پاشەکشە کردووە، بە تایبەت لە ساڵەكانی (2009 بە ڕێژەی (31%)، 2013 بەڕێژەی (5%)، 2014 بەڕێژەی (7%)، 2015 بەڕێژەی (37%)، 2016 بەڕێژەی (18%) ساڵی (2020) بە بەرزترین ڕێژەی (41%)) ڕوویان لە پاشەکشە کردووە. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ساڵی (2004) عێراق کەمترین بڕی داهاتی هەبووەو کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (32 ترلیۆن و 982 ملیار و 740 ملیۆن) دینار. لە کاتێکدا لە ساڵی (2022) تەنها لە (10) مانگی یەکەمی ساڵەکەدا بەرترین ڕێژەی داهات تۆمار کراوە بەراورد بە (18) ساڵی ڕابردوو کە کۆی داهاتەکەی گەیشتووە بە زیاتر لە (136 ترلیۆن و 262 ملیار دینار)، بە دوو هۆکاری وەک بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دیناردی عێراقی. بۆ بەرچاو ڕوونی داهاتی گشتی عێراق و بڕو ڕێژەی گەشەی لە ساڵانی (2004 – مانگی 10/2022) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1) دووەم؛ داهاتی نەوت و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق (2004 – مانگی 10/2022) کاتێک لە ئامارو داتاکانی داهاتی گشتی عێراق لە دەیەی ڕابردوو ورد دەبیتەوە، پرسیاری ئەوەت لادروست دەبێت؛ ئەگەر نەوت نەبێت عێراق چی دەکات؟ چونکە؛ بەشی هەرە زۆری داهاتی گشتی عێراق، لە فرۆشی نەوتەوە بەدەست دێت. بە جۆرێک ساڵی (2004) داهاتی نەوت گەورەترین پشکی هەبووە لە پێکهێنانی داهاتی گشتی و (98.9%)ی داهاتی گشتی عێراقی پێکهێناوە. هاوکات ساڵی (2015) توانراوە ئەو ڕێژەیە دابەزێنرێت بۆ (77.2%)، بەڵام هۆکارەکەی لەبری ئەوەی تەنها زیادکردنی داهاتی ناوخۆ بێت، زۆرتر کەمبوونەوەی داهاتی نەوت بووە. لە ماوەی (10) مانگی یەکەمی ئەمساڵیش، ڕێژەی بەشداری داهاتی نەوت لە داهاتی گشتی ڕادەیەکی ئێجگار بەرزەو گەیشتووە بە (95.4%). بۆ بەرچاو ڕوونی داهاتی نەوت و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق لە ساڵانی (2004 – مانگی 10/2022) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمارە (2) سێیەم؛ داهاتی نانەوتی و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق (2004 – مانگی 10/2022) داهاتی نانەوتی گەورەترین خاڵی لاوازی ئابوری عێراقەو لەدوای ساڵی (2004)ەوە تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست پشتی پێ ببەسرێت و بەتێکرا (7.5%)ی داهاتی گشتی عێراق پێکهێناوە. لە ساڵی (2004) تەنها (1.1%)ی داهاتی گشتی لەداهاتی نانەوتییەوە سەرچاوەی گرتووە، لە سالی (2015)شدا بەهۆی پاشەکشەی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە تونراوە بەرزترین ئاستی پێوانەیی خۆی تۆمار بکات و گەیشتووە بە (22.8%). لە ماوەی (10) مانگی ساڵی (2022)شدا بەڕێژەی (4.6%) بەشداری کردووە لە پێکهێنانی داهاتی گشتیدا، ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەیە بەراورد بەساڵێک پێش خۆی بۆ زیاتر لە دوو هێندو و نزیکەی سێ هێندە ئاستەکەی دابەزیوە. بۆ بەرچاو ڕوونی ئاستی داهاتی نانەوتی و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق لە ساڵانی (2004 – مانگی 10/2022) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چارتی ژمارە (3) چوارەم؛ خەرجی گشتی عێراق و ڕێژەی گەشەکردنی (2004 – مانگی 10/2022) هاوتا لەگەڵ زیادبوونی داهاتی گشتی عێراق، خەرجییەکانیش تا ڕادەیەک گەشەکردنیان بەخۆ بینیووە، (وەک لە خشتەو چارتی ژمارە (4))دا نیشان دراوە، بەردەوام خەرجی گشتی عێراق ڕووی لە هەڵبەزو دابەز بووە. بەرزترین ڕێژەی خەرجیش لە ساڵی (2019)ەدا تۆمار کراوەو گەیشتووە بە زیاتر لە (111 ترلیۆن) دینار، لە ساڵی (2016)شدا زۆرتر لە (106 ترلیۆن) دینار بووە. کەمترین خەرجیش لە ساڵی (2005)دایە کە بڕەکەی زۆرتر لە (26 ترلیۆن) دینارە. هاوکات لە (10) مانگی یەکەمی ئەمساڵ نزیەکی بڕی (89 ترلیۆن) دینار خەرجی گشتی عێراق بووە. خشتەی ژمارە (4) چارتی ژمارە (4) پێنجەم؛ بەراوردی داهات و خەرجی گشتی عێراق و ڕێژەی سەرڕێژو کورتهێنانی داهات لە ماوەی (2004 – مانگی 10/2022) لە ماوەی (18) ساڵی ڕابردوودا، تەنها لە ساڵانی ((2015) بەڕێژەی (6%)، (2016) بەڕێژەی (23%)، (2019) بەڕێژەی (4%) و (2020) بەڕێژەی (20%)) کورتهێنان ڕوویداوە. (14) ساڵیش داهاتی گشتی عێراق سەرڕێژەی کردووە (داهات زۆرتر بووە لە خەرجی)، لە ماوەی ئەو (14) ساڵەدا سەرجەم سەرڕێژی داهات زیاتر بووە لە (207 ترلیۆن) دینار. جێگەی ئاماژەی (10) مانگی یەکەمی ساڵی (2022) گەورەترین سەرڕێژەی داهات تێدا ڕوویداو _هێشتاو دوو مانگی ماوە ساڵ تەواو بکات_ نزیکەی (50 ترلیۆن) دینار سەرڕێژی داهات هەبووە. (بۆ وردەکاری بڕوانە چارتی ژمارە (5)) خشتەی ژمارە (5) سەرچاوەکان - ابتسام عبد اللطيف محمد، نسبة الايراد النفطي من اجمالي الايرادات ومقدارالفائض والعجز المتحقق للدولة للمدة 2004 – 2020، مجلس النواب العراقي، دائرة البحوث والدراسات النیابیة، قسم بحوث الموازنة، شباط 2022. - هيمن احمد مخلص و هدايت حمد حمدامین و هيلین مقصود حسین، دراسة وتحلیل هیکل الموازنة العامة لدولة العراق من2010 – 2020، جامعة صلاح الدين - كلية الإدارة و الاقتصاد - قسم الاقتصاد. - وزارة المالیةٌ دائرة المحاسبة قسم التوحید/ نظام توحیدٌ حسابات الدولة على الموازنة الجاریةٌ والاستثماریةٌ لغایةٌ كانون الاول لسنة 2021. - وزارة المالية دائرة المحاسبة قسم التوحيد/ نظام توحيد حسابات الدولة على الموازنة الاتحادية لغاية تشرين الاول لسنة 2022.
د. هەردی مەهدی میکە (وردەمێژوویەکی پەراوێزکەوتوو) کاتێک قسە ڕەسمییەکان باسی سەردەمێکی چارەنووسسازی لە مێژووی گشتی دەکەن، ئیدی "سەردەمە مێژووییە کەمبایەخەکان" دەخرێنە پەراوێزەوە و لە باشترین حاڵەتیاندا هیچ جۆرە دەرکەوتنێک لە ئۆقیانووسی نووسینەوەی مێژوودا جێناهێڵن. ئەڵبەت ئەمە ڕێگا ڕاستەکە نییە، بە دڵنیایی ڕەنگە مێژووی گشتی و قەبە، وێنەیەکی گشتیی باو و گێڕدراوە بخاتە بەردەست، بەڵام هەرگیز وێنە ڕاستەقینەکە دەرناخات و ئەوەی گۆڕانکارییە مەزنەکان ئاراستە دەکات، وردەمێژوو و جوڵەی گرووپە پەراوێزخراو و سەردەمە بە کەمسەیرکراوەکان و مرۆڤە دەستخاڵییەکانن، ئەوان دروستی دەکەن بەڵام مێژووە گشتی و سیاسییەکان ئەمانە نانووسنەوە و بە کەمبایەخ لێیان دەڕوانن یان لانیکەم ناتوانن بپەردەچێنە سەر ئەو وردەکارییانە! ئێستا دەرفەتێکی باشە بە بیانووی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەرەوە، لە پەنای مێژووی ڕەسمی تۆپیپێی کوردستاندا، گوڵچنێک لە مێژووی پەراوێزخراوی هەمان مێژووی وەرزش لە کۆتا دەیەی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیستویەکدا بکرێت، یەکەم: بیری نەوەی خۆمانی بخەینەوە و بە خۆمان بڵێین چەند مەزڵووم و هەمانکات چەند چالاک بەڵام ڕەنج بەخەسار؟ دووەم: بیری نەوەی شۆڕشگێڕ و سیاسییە بەبازرگانبووەکانی پێش خۆمانی بخەینەوە چۆن مێژووی نەوەی دوای خۆیانیان قۆرخکرد و ڕەنج و مێژووی یەک نەوەی دەستخاڵی و بێپێڵاو و بێ گیرفانیان کردە مێژووی خۆیان و لە ئەدەبیاتی مێژووی ڕەسمیدا بەناویانەوە کرا، لەکاتێکدا پاڵەوانی ڕاستەقینە هەر ئەو پەراوێزخراوانە بوون چ لە هاندەران و چ لە یاریکەران و چ لە کارسازانی بوارەکە. لەم نووسینەدا لە چەند وێستگەیەکی یادگەی خۆمدا وەستاووم و لە تێهەڵکێشی سەردەمێکی تاریک(ڕابردوو) و بیرەوەریی مناڵی و نەوجەوانیم (وەک نموونەی نەوەیەک) و کاراکتەرە ناوەرزشیە کاریگەرەکان لەسەر وەرزش (جەنراڵەکانی شەڕی نێوخۆ)، سێکوچکەیەکم دروستکردووە و لەو ڕێگەیەوە مێژوویەکی پەراوێزکەوتووی تۆپیپێم بەتامی هەرێمم لە نۆستاڵجیای نەوەدەکان بۆ چنیوون، کە تەریبی مێژووی ڕەسمیی پڕ شکۆ و شانازیەکان، مێژووە پەراوێزیی مێژووی قوربانی و دەستخاڵیەکانە. (ئومێد دەکەم هەرکەس یادەوەرییەکی زارەکیی لەم شێوەیەی هەیە بیخاتە سەر کاغەز) ١. وەرزشکار وەک کەمتەرخەم و ناڕۆشنبیر لە مێژووی وردی کۆمەڵایەتی و کۆیادەوەریی کۆمەڵگەی دەیەی نەوەدەکاندا، ئەهلی تۆپ و یارییەکانی قاچ و بازوو، ڕێک بەرامبەر ئەهلی قەڵەم و خوێندەواری و "ڕۆشنبیربوون" وەستابوونەوە، واتە نەوەدەکان هەرکەس سەرقاڵی یاریکردن و وەرزش بووایە، ئیتر بە ئەهلی قەڵەم لەقەڵەم نەدەدرا، ئەگەر باوکێک کوڕەکەی زیرەک نەبووایە، ئەم تەمەڵییەی کوڕەی دەکردە خەتای تۆپ و قاچوقولی و دەیووت "سەعی ناکات و تا نیوەشەو بە شۆرتێکەوە لە ساحە نایەتەوە"، کتێبخوێن و یاریکەران لە دووجەمسەری پێچەوانە بوون. پێچەوانەی ئێستا، کە سەردەمەکە گۆڕدراوە و هەم وەرزش و هونەر پسپۆڕییەکی پێویستن و هەم یاریەکانیش بە نیوەشەودا دەکرێن، هەم بەخێوکاران خۆیان مناڵەکانیان دەبەنە یاریگا نەفرەتییەکانی جاران. بۆ هونەریش بە نزیکی ئەم هاوکێشەیە ڕاست بوو، تەنانەت لە پەروەردەی ڕەسمیشدا، وەرزش و هونەر و دەرسی "شاغر" هاوواتای یەک بوون، بەگشتیش یان مامۆستایان هەر نەبوو، یان بە قسەی خۆش و چوونەدەرەوە و "خۆبەخۆردان" مامۆستایەکی ناپسپۆڕ یان کەمتەرخەم سەعاتی بەشەوانەی خۆی پێ پڕدەکردەوە. ئەوسا و ئێستاش لای من وەرزشە بێغەلوغەشەکە ئەوە نییە لە زەینمدا وێنام کردووە، بە تایبەت تۆپی پێ، لای من تۆپەکان شتێکن لە هەست وەک وشەکان لە شیعردا، وەک چۆن وشەکان دەبێت حەسوودی بەیەک بەرن و یەک یەک بۆ هەستی "گۆرانی شاعیر" سەرەبگرن بۆ ئەوەی بیانکاتە مۆزەی نەمریی و لە نێو دێڕێکی ئاواودا جێیان بکاتەوە: وەختێ کە ئەکەی چەشنی نەسیم لەنجە بەرەوماڵ ئەگریجەی تەڕ پەخشە لەسەر کوڵم و خەت و خاڵ ڕێک ئاواش لە تۆپەکانی دەڕوانم کە دنیا حەسوودی بەیەک دەبەن تا ئەم ئەندامێکی جەستەی مارادۆنا بەریان بکەوێت و شانازییەکیان بۆ تۆمار بکات، ئاخر ڕەنگە بۆ مارادۆنا وشەی تۆپی پێ کەم بێت، ئەو تاقانە یاریکەرە کە نەک هەر بە قاچ بە دەست و سەر و سنگ و سمتیش گۆڵی بەهەردەر نەداوە، قیبلەی تۆپەکان خۆی بوو. چێژی جوانی لە هەر شوێنێکدا هەبێت فەرق ناکات، دەبێت دوای بکەویت، هێمنی موکریانی وتەنی: جیلوەیی جوانی لە هەرچیدا هەبێ خۆشم دەوێ ڕۆژێ کوشتەی مینی ژۆب و ڕۆژێ گیرۆدەی شەدەم یاری ئاوایە، دەبێت واش بیت بۆی، تۆپی پێ یەک ڕۆمانی گەورەیە، هێشتا ڕۆماننووسەکە لە گێڕانەوەی نەبووەتەوە یان ڕەنگە هەر مردبێت و هەرکەس لای خۆیەوە بە جۆرێک تەواوی بکات، بەڵام لە هەر جێیەکەوە دەستپێبکەیت دەروازەکەیەتی، بۆ کۆتایی ڕۆمانەکە نازانم؟ ڕەنگە یەکێک بە شادییەوە تەواوی بکات وەک ئەوانەی کاسەکە بەرزبکەنەوە و هەندێکیش بە ستەمی زەمانە و سەرمایەدارەکان بەزۆر کۆتاییەکی غەمگین بکەنە نسیبیان (وەک ڕیکیلمێ و ڕۆماریۆ). یان ئەوی دی وەک ڕۆناڵدۆیەک کامێراکان بۆ پۆزێکی، نۆرەیان بۆ دەگرت و ئێستا بۆ گریانەکانی! هەندێکی دیکەش وەک شەڕی خێر و شەڕ و هەندێکیش وەک جەنگی شوناس! هەندێکیش وەک سەیرکەری جوانی و چێژبینین. بە بڕوای من ئەمانەی دوایی لە هەمووان بگرە لە پاڵەوانەکانی تۆپیپێش براوەترن، لای ئەمان وەرزش ڕاوگەی جوانییەکانە، ئەمانیش ڕاوچیی چرکە نەمرەکانن(خوایە لەوانە بمانگێڕیت). زۆرێک هاندەران، تۆپی پێ هێندە لەگەڵ هەست و هەڵچوونەکانیاندا تێکەڵ دەبێت، جوانی و هونەرکاریی پاڵەوانێکی وەک مارادۆنا دنیای ڕاستەقینە و ئاین و سیاسەتیان بیردەباتەوە، بە ڕادەیەک پەرستگای بۆ دەسازێنن و دەیپەرستن، وەک ئەوەی کرا. خۆ گەر جادووی مێسی نەهاتایەتە کایەوە، ئەوا هەم ئەم نەوەیە بتی مارادۆنای بە ئاسانی نەدەشکێنرا و خودی مارادۆناش لە "خوایەتی تۆپی پێ" نەدەکەوت، مێسی هەم توانای مرۆڤایەتی لە بەرهەمهێنانەوەی مارادۆنایەکی دیکی لە ئەستەمەوە کردەوە مومکین و ئەم نەوەیەشی ئومێدەوار کردەوە بە تۆپ و جوانی و چێژەکانی. ئاخر ناهەقیان نەبوو مارادۆنا بە چەپی و ڕادیکاڵیتی خۆی نووسەر و ڕۆمانننوسێکی ڕاستی وەک یۆسا-ی ئەبڵەقی خۆی کردبوو، لای ئەو "مارادۆنا بتێکی زیندووە، مرۆڤ خۆی درووستی کرد تا بە هۆیەوە ستایشی خۆی بکات". تۆپی پێ ئاوایە. ئاخر نابێت لە هاوڕێیەتی تۆپدا، بەدوای بەڵگە و لۆژیی فیزیایی و پزیشکی و کیمیاییدا بگەڕێیت، ئەوە یاساکەیەتی گەر دەتەوێت چێژی لێوەربگرت. چێژ لە شێتییەکی جوان، چێژ لە بتی تۆپ کە ٢٢ یاریکەر خۆیان دەیکڕن و دەیخەنە نێوەڕاستی یاریگا و بەدوایدا ڕادەکەن و بۆیان ناگیرێتەوە! بۆ سبەی و دووسبەی و ساڵانی دادێش هەمان سرووت دووبارە دەکەنەوە! ئەمەیە گرێ و جادووی "بتی تۆپ"! نووسەری مەکسیکی (خوان بیۆرۆ) کاری ئەدەبی و یاری تۆپی پێ هاوشێوە نیشان دەدات و دەڵیت: گەرچی دوو دنیای لەیەک جیاوازن، بەڵام "هەردووکیان لە گرەوی وروژاندنی هەستەکان" دان، ڕاست دەکات ئەم دوو بوارە بەردەنگ(مخاگب)یان پێش عەقڵ، سۆز و هەست و هەڵچوونەکانی مرۆڤە. وەرزش لەوێ ئاوا بوو، با ئێستا بچمەوە نەوەدەکانی لای خۆمان (ڕێک ئەوکاتەی تۆپی پێ ئەستێرەکانی وەک باجیۆ، مارادۆنا، باتێستوتا، ڕۆماریۆ و ڕۆناڵدۆیان پێشکەشی جیهان دەکرد) و بچمە سەر گرێدانەوەی یادەوەری خۆم بە دوو کوچکەکەی ژەنراڵەکانی شەڕی ناوخۆ و زەمانەکەی ئێمە. بزانین لێرە چییان گوزەرا؟ ٢. وەرزش لە جەمسەربەندی سیاسەتدا پاش ڕاپەڕین، وەرزشکاران، وایان دەزانی ئیتر کاتی هەناسەیەکی ئازاد و خۆنواندنە، وەک گەلانی دنیا، چییان لەو عالەمە کەمە؟ خەیاڵەکە خاو بوو، عومری پەپولەیەکی هەبوو! ئاخر "شۆڕشگێرەکان" هاتنەوەوە نێو شار و وەک نەدی و بدی دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرت عەرزەوە تا ئاسمان، خۆیان وتەنی لە "نەوتەوە تا جەوت"، ئەی خۆ چی لە وەرزش و تۆپ ئاسانتر، تۆپ هەر بۆ تێهەڵدان باشە، هەر بەو دیدگایەوە، ڕێک پاش بەرەی کوردستانی، هەر حزبە و دەستی بەسەر چەند یانەیەکدا گرت، پاشان بەرپرسەکان هەریەکە و یانەی خۆی وەک بەشە غەنیمەتی شەڕ هەڵگرتەوە، شۆڕشگێڕ ئەوە بوو یانەیەکی بەناوەوە بکرێت، ئیتر هیچ نەمایەوە بۆ وەرزشکار، هەر بەرپرسە کەتافییەکی لەبەردەکرد و دەمانچەیەک لەقەد و بە چوار قەڵەمی بەکارنەهاتووی سەرباڵێکیەوە، ئێواران خۆی دەکرد بە یانەیەکدا و پلان و بەرنامەی پێنجساڵەی دەکێشا (ئێوە باوەڕ بەم قسەیەم مەکەن و ئاوا بیخوێننەوە: هەر بەرپرسێک وەک باخێکی خۆی وەک خانووەکەی وەک موڵک و کوڕەکانی، وەک ژنەکانی، وەک تۆڵەی ئەو هەلانەی بەعس لێی زەوتکردبوو سەیری یانەکەی دەکرد و چێژی لێوەردەگرت و هەڵیدەسوڕاند)! ئەم دۆخە زۆری نەبرد شەڕی نێوخۆی بەسەردا هات و هەموو باشوری کوردستانیان لە چەک و جبەخانە و جامانە و فیشەک و ئاسمان و ڕێسمان و زەوییان دابەشکرد، وەک چۆن قوتابی و ئافرەت کەوتە لای پارتی، خوێندکار و ژنیش بۆ یەکێتی، یانەکانیش هەر ئاوا: هەولێر و دهۆک بۆ پارتی و سیروان و کەمال سەلیم بۆ یەکێتی، جیهاد و ڕاستی(یان هاوکاری) بۆ بزوتنەوە (چونکە بزوتنەوە هاوپەیمانی پدک بوو)، ئاسۆ و ئاشتی و پەیامیش بۆ یەکگرتوو، (چونکە ئەم وەک هەمیشە لە هەردوولا هەبوو!). یانەش هەبوو، هی هەولێر بوو بەڵام تەنها لەدەڤەری سلێمانی بۆی هەبوو یاری بکات وەک برایەتی(چونکە هی کاک کۆسرەتی بوو). یانەش هەبوو، بە کاملی بندیوار یان لە مەنفا بوو، بۆ نمونە یانەی هەورامان لە خورماڵ، زۆرێکی کادیرانی پارتیی هەڵەبجە لەوێدا ڕازی کرابوون، بەڵام ئەم تەنها لەگەڵ تیپی دەفرەفڕیوەکان و جنۆکەکانی مەلاعەلی کەڵەکدا یاری دەکرد، بۆیە هەرگیز نەبینرا، بە ئیمتیازات نەبێت! دواتر مۆدێلی بەڕێوەبردن و دیدگای وەرزشیی گۆڕدرا، بەرپرسی یانەکان لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەدەی بیستویەک و شۆڕشی تەکنۆلۆژیای سمارتدا، ئەمانیش وتیان با دوانەکەوین، دیدگایان لە پشتیوانی و پاڵپشتی ماددیی یانەکانەوە گۆڕدرا، بۆ هەڵگوشینی یانەکە و سپیکردنەوەی پارە و زەویخۆری و بەبیانووککردنی یاریکەران وەک قەڵغانی کۆکردنەوەی سامان، ئەوەبوو هەر سێکتەرە بوو یانەیەکی بەناوە دەکرایەوە، پێشمەرگە و ئاسایش و سەرجەم هێزەکان و بوارەکان... هەر یانە بوو دەکرایەوە، ڕێک وەک کۆمپانیاکانی ئێستا کە بەلێشاو دەکرێنەوە و زەوییان بەناوەوە دەخورێت. ئیتر باوی ئەوە بوو زەوی و پارە بەناوی یانەکانەوە و بە بیانووی کۆمەکی وەرزش و وەرزشکارانەوە وەردەگیرا و چۆڕێکی کەمی دەردرا بە یاریکەران، نیوەی یاریکەران پاتەی لاستیکیان لە پێدا بوو بەڵام بەرپرسەکەیان بە سێ لاندکرۆزەرەوە دەهاتە حەوشەی یانەکە! ئەمەش تەواو بوو، مۆدێلی زەویوەرگرتن هاتەگۆڕێ بە هێکتار و دۆنم بە ناوی یانەکانەوە، بەڵام بە هاوڵاتیان دەفرۆشرایەوە و بەمەرجێ وەک یاریکەر خۆی تۆمار بکات. ئێستاش هەیە دەپرسێت بۆ وەرزش لە کوردستان پێش ناکەوێت؟ ٣. هاندەران پەراوێزکەوتووانی مێژووی تۆپی پێ (خۆم بە نموونە) با نەیشارمەوە، لەگەڵ ئەوەی هەمیشە تۆپێک هاوڕێم بوو، تیپ و تۆپ و ساحە و هاوڕێی باشم هەبوو، سەرکەوتوو نەبووم لەوەی وەرزشکارێکی باش بم، ئەمەیان ڕەنگە خۆم تیامدا نەبووبێت، بەڵام با بیکەمە خەتای ئەم شتانە:- بەسەریەکەوە تەنها لە ماوەی چوار ساڵدا: دەستم شکا، دووجار نەخۆش کەوتم و عەمەلیات کرام، هەریەک لەمانە بە ٢٠ ڕۆژ بۆ مانگێک لانیکەم لە ساڵەکەدا لە ماڵەوە منیان خستە سەرجێ، وازم لەو خەونە هێنا. ئیتر بوومە هاندەرێکی تۆپی پێی سەرکەوتوو، لە باشترین ئەستێرەکانەوە نزیک بووم، کەچی نەوەی پێشوو و سیاسەت نەیانهێشت لەوەشدا بگەمە کۆتا! ئێستا مەگەر جادووەکانی میسی و یادگارەکانی مارادۆنا جارجارە پشکۆی قەقنەسئاسای وەرزشیم بگەشێننەوە. ڕەنگە بڵێن جا هاندەری چییە؟ وانیە هاندەری واتە خۆ بە "یاریزانی دوانزەیەم" زانین، موڵکایەتیکردنی تیپێک، یانەیەک و هەڵبژاردەیەک بێ ئەوەی بست و فلسێکی هی تۆ بێت! بە یاریکەرێکدا هەڵدەڵیت و دەیکەیتە پاڵەوان و ئەوی دی دەدەی بە زەویدا، لەم توڕە دەبیت و بەدەم ئەوەوە پێدەکەنیت، لە نێوان گێمەکاندا دەچیتە لای کاپتن و یاریکەران و بگرە ئامۆژگاریشیان دەکەیت! ڕەنگە هەموو ئەمانە لای ئەوان فشە و قسەی نێوخاڵی بن، بەڵام گرنگ ئەوەیە لای خۆت هەم یاریکەری دوانزەیەم و هەم هەموو ئەوانەی باسم کردن، ئیتر عالەمەکە چی دەڵێن کەیفی خۆیانە. خۆ کە تیپەکەت دەیباتەوە تۆ لە گۆڵکارەکە و گۆڵچیەکەش زیاتر مکوڕ و بەخۆنازینت دەبێت! بەداخەوە هاندەریشم بۆ نەگەیشتە کۆتا گەر ئەوی تریان خەتای نەخۆشی و جەستەم بووبێ، ئەمەیان خەتای سیاسەت و شەڕی نێوخۆ و جەمسەربەندیی زەمانە بوو... هاندەری یانەی هەڵەبجە بووم کە ببووە دووەمین یانەی هەرێمی کوردستان، بەڵام شەڕی نێوخۆ هەڵەبجەی کردە دارولهیجرەی "موجاهیدین"ی بزوتنەوە و "پێشمەرگە"ی پارتیی و کارگێڕیی یانەی هەڵەبجەش نزیک بوون لە یەکێتییەوە، بەوشێوەیە، یانەکە بەنزیکەیی نەما یان هەر ناو بوو. بەداخەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ تا ئەمڕۆ پاشەوپاش دەکشێتەوە! پاش ئەوە دەبوو ببمە هاندەری یانەی تازەی پەیام، لە یەکەمینەکانی دەڤەرەکە بوو، بەڵام ئەوە دادی نەدا و سیاسەتی یەکێتیی تۆپی پێ (تۆ بڵێ یەکێتی نیشتمانی) ڕەحمی پێنەکرد، بەتایبەت سەرکردەیەک کە لە لێدوانی فەلسەفی ناوەندەکانی هزرەوە تا لێدانی پێناڵتیەکانی بەدەست بوو و قسەی تێدا دەکرد، ئامر و ناهی خۆی بوو، پەیامی داخست، ئیتر هەر تیپەکانی کوردستان و شەهیدان و جارجارەش شنروێ-مان بۆ مایەوە و بەمانەش تۆڵەی خۆمان لە تیپی حزبەکانی دیکە و شارەکانی دیکە دەکردەوە. لەو مێژووە کورتەی منێکی پەراوێزکەوتووی نێو دنیای وەرزشەوە بیگرە، بۆت دەردەکەوێت کە وەرزش و تۆپ و یاریکەران و هاندەران چەند قوربانی دەستی سیاسەت و ئەزموونی هەرێمی کوردستان و شەڕی نێوخۆن. ئێستاش هەر دەپرسیت بۆ وەرزش لە کوردستان وەک وڵاتان پێشناکەوێ؟ بۆ پاڵەوانەکانمان عومری پەپولەیەکیان هەیە؟
درەو: یادگار سدیق گەڵاڵی/ گۆڤاری ئاییندەناسی بەرایی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا و پاش نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بەردەوام بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن بە نەوت و گازی هەرێمەوە جێی ناکۆکی بووە لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمدا. بەغدا پێی وا بوو کە لە تایبەتمەندییەکانی حکومەتی فیدراڵە و هەولێریش بەپێچەوانەوە بە مافی خۆی دەزانی ئەو سێکتەرە بەڕێوە ببات. چارەسەری ناکۆکییەکان بە ڕێککەوتنی سیاسی لە چەندین قۆناغدا دوا خراوە، تا کار گەیشت بەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵەوە مامەڵەکانی هەرێم بە سەکتەری نەوتەوە بە نادەستووری بناسرێت و چەندین هەنگاوی خێرا لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە دژی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکانی کە لەگەڵ هەرێم مامەڵە دەکەن؛ بگیرێتە بەر. لەم توێژینەوەدا دەمانەوێ سەرەتا کورتەیەکی مێژوویی لەسەر کێشەکانی هەرێم باس بکەین و پاشان بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی نەوت؛ جۆری گرێبەستەکان شی بکەینەوە و بەراورد بکەین لەنێوان ئەو جۆرە گرێبەستانەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانەوە پەیڕەو دەکرێن. ئامانجمانە لە هەلومەرجی پێش دەرچوون و کاتی دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ تێبگەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاوەکانی ئایندە و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵی ڕوون بێت لامان. ١. کورتەیەکی مێژوویی کێشەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا دەگەڕێتەوە بۆ کاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و شێوازی داڕشتنەوەی ئەو مادانەی کە پەیوەستن بە بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان و پاشتریش لە کاتی نووسینی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵدا زیاتر زەق بووەوە و جیاوازیی تێڕوانینەکان ڕەنگڕێژ بوو، تا گەیشتە ئەوەی ڕەشنووسی جیای یاساکە بڵاو بکرێتەوە و لێکدانەوەی جیای بۆ بکرێت و گۆڕانکاری بەسەر ئەو ڕەشنووسەدا هات کە پەسەند کراوە لەلایەن هەرێمەوە. لە ڕێکەوتی 9ی ئازاری ٢٠٠٧دا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەقی پەسەندکراوی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاو کردەوە و هەر لەو ڕاگەیەنراوەدا هاتووە: ” لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت چوار هاوپێچ ئامادە بکات کە لە ڕەشنووسی یاساکەدا ئاماژەی پێ کراوە كە بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان و ناوچە تایبەتەكانی گەڕان لە عێراق بۆ حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق تەرخان دەكات. هەروەها لیژنەکە پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە لەسەر گرێبەستە نموونەییەکانی نەوت و ڕێنماییەکان بۆ مەرجەکانی گرێبەست و یاسای دابەشکردنی داهات(١)“. وەزیری سامانە سروشتییەکان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: “هاوپێچەكان وەك ئەوەی ئێستا نووسراون، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە قبووڵ ناكرێن. ئامانج لێی، لێسەندنەوەی کێڵگە نەوتییەکانە لە هەرێم(٢)“. دەرەنجام، دەرچوونی یاساکە لە پەرلەمان پەک خرا. پاش ئەوەی ڕەشنووسی یاسای نەوتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراق دەرنەچوو، هەرێم لە هەمان ساڵدا ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی هەرێمی ئامادە کرد. پێش ئەوەی لە پەرلەمان دەربچێت، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی لەسەر کرا تاوەکوو بەرگێکی نیشتمانیی بەبەردا بکرێت و پشتگیریی هەموو لایەک مسۆگەر بکات. لە ٩ی ئابی ٢٠٠٧دا، یاسای ژمارە 22ی ساڵی ٢٠٠٧: “یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان-عێراق” لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند کرا، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ بڕی ٥٧ گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا واژوو کرا. چارتی ژمارە (1) ژمارەی ئەو گرێبەستانەی بەرهەمهێنانی هاوبەش پیشان دەدات کە لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 2006 بۆ 2013دا واژوو کراون لە ساڵی (٢٠١٧)شدا پێنج کێڵگەی تر گرێبەستی بۆ کرا لەگەڵ کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی(٣). سەرجەم گرێبەستەکانی هەرێم جیاوازن لەگەڵ ئەو جۆرە گرێبەستانەی کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە پەیڕەو دەکرێن. ١١ گرێبەست لە ٩ کێڵگە پێش دەرچوونی یاساکە تا ساڵی ٢٠٠٦ ئەنجام دراون و ٢٩ گرێبەستیش لە ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨دا ئەنجام دران(٤) لەو کاتەی کە مشتومڕ لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵ هەبوو. دەستووریبوون و نەبوونی یاسای نەوت و بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت، لێکدانەوە و تەفسیری جیاوازی هەبوو لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵەوە. هەرێم لە یاسای نەوت و گازدا و لە مادەکانی دووەم و سێیەمدا پشتی بە مادەکانی ١١١، ١١٢، ١١٥ و ١٢١ی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت دەدات بە هەرێم. لە بەشی دەیەمی یاساکەدا جۆری گرێبەستەکان بە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش دیاری کراوە و لە مادەکانی ٣٧ تا ٣٩ مەرجەکانی گرێبەستەکەی تێدا دیاری کراوە. بەڵام حکومەتی فیدراڵ داوای ڕادەستکردنی سەرجەم نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی دەکرد و هەناردەکردنیشی بە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ دەزانی. ئەو هەنگاوانەی هەرێم لەو بوارەدا ناونی، بە نادەستووریی دەزانی. ٢. خاڵی ناکۆکیی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان هەرێم و ناوەند بریتی بوو لە بەڕێوەبردنی هەرێم بۆ سێكتەری نەوت کە لە ڕەشنووسی یاساکەی کە نێردرا بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی و هەرێم لەسەری ناڕازی بوو. لەو ڕەشنووسی یاسایەدا ڕۆڵی هەرێم تەنها ڕاوێژکاری بووە و بڕیاری کۆتا لای وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق دەبێت(٥) و هەرێم مافی واژووکردنی گرێبەستی نەوتی نابێت. خاڵێکی تر کە زۆر جەختی لەسەر دەکرێتەوە، زۆر جار وا نیشان دەدرێت کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناکۆکییەکان جیاوازیی جۆری گرێبەستەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵە، لە کاتێکدا هەرێم پەیڕەویی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش (Production Sharing Contracts) دەکات و حکومەتی فیدراڵ جۆری خزمەتگوزاریی مەترسیدار (Risk Service Contract) پەیڕەو دەکات، هەر چەند ڕەخنەگران و ئەوانەی دژی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازن دەڵێن ئەوەی لە ڕەشنووسی یاساکە و لە مادەی ١٥دا هاتووە: “گرێبەستی گەڕان و بەرهەمهێنان یان گرێبەستی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان” تەنها یاریکردنە بە وشە، ئەگینا مەبەست لێی هەمان گرێبەستی هاوبەشیکردن بووە لە بەرهەم. دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٣دا زیاد لە ٥٧ گرێبەست کراون(٦)، هەرێم لە سەرەتاوە بە ئاستی جیا و بە بڕی کەم هەناردەی نەوتی دەکرد، پاشتر لە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٤دا بەفەرمی هەناردەی نەوتی ڕاگەیاند. بەڵام لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٩دا بۆریی نەوتی هەرێم لە ڕێوڕەسمێکدا بەفەرمی کرایەوە و لە ساڵی ٢٠١٣دا حکومەتی هەرێم ئابووریی سەربەخۆی ڕاگەیاند. لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣دا، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفڕانسی نەوت و گازدا ئاشتی هەورامی؛ وەزیری سامانە سروشتییەکانی ئەوکات ڕایگەیاند ماوەی ساڵێکە نەوت بە تەنکەر بۆ تورکیا دەنێرین و سێ چوار ساڵیش دەبێت بە هەمان شێوە نەوتمان بە ئێران فرۆشتووە. لە کۆنفڕانسەکانی نەوتدا حکومەتی هەرێم سیاسەتی نەوتی خۆی ڕادەگەیاند، لە لایەک جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرهەمهێنان دەکردەوە، لە لایەکی تر هەڕەشەی بەکارهێنانی داهاتی نەوتی دەکرد گەر شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە نەدرێت(٧). لێرەوە کێشەی نەدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت و هەرێم دەستی پێ کرد. لەگەڵ هەناردەکردنی نەوتدا کێشەکان چوونە قۆناغێکی ترەوە، چەندین جار ڕێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدادا ئەنجام دراوە، هەر لە حکومەتی ئیبراهیم جەعفەری تا دەگات بە مستەفا کازمی، هەردوو لای کێشەکە یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە. لە سەرەتادا حکومەتی فیدراڵ ڕازی بوو شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت بدات. لە کۆنفڕانسی هەولێر لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٢دا، دکتۆر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی ئەوکاتی هەرێم ڕایگەیاند کە یەکەم گوژمەی شایستەی کۆمپانیاکان بە بڕی ٥٤٠ ملیۆن دۆلار دراوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە و چاوەڕێش دەکرێت تا کۆتایی ساڵ دووەم گوژمە بدرێت(٨). بەغدا و هەولێر ناکۆکییەکانیان بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە و چەندین جار گەیشتوون بە ڕێککەوتن، بەڵام هیچ کات ڕێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێ نەکراون. بەغدا دوو جووڵەی یاسایی کرد دژی هەرێم لە ڕێگەی تۆمارکردنی دوو داوا لە دوو دادگای جیاواز. جووڵەی یەکەم: بە ئاڕاستەی دادگای ئیتیحادی و لە ساڵی ٢٠١٢دا وەزیری نەوتی عێراق پێشکەشی دادگای ئیتیحادیی کرد کە هەرێم ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی ناکات، هەروەها هەناردەی نەوت دەکات بەبێ ڕەزامەندیی عێراق. ئەم داوایە و داوایەکی تر کە لەلایەن علی شەداد فارس؛ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە، لە ساڵی ٢٠١٩دا پێشکەش بە دادگاکە کرابوو بۆ هەمان مەبەست، دوای چەندین دواخستن، لە کۆتاییدا دوای ١٠ ساڵ لەلایەن دادگای فیدراڵەوە یەکلا کرایەوە، دادگا بڕیاری دا بە: نادەستووریبوونی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، تایبەت بە نەوت و گازی هەرێم. ڕادەستکردنی هەموو بەرهەمی نەوت بە وەزارەتی نەوت. داواکردن لە وەزارەتی نەوتی عێراق بەدواداچوون بکات بۆ نایاساییبوونی ئەو گرێبەستانەی کە هەرێم لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان کردوویەتی سەبارەت بە گەڕان و پشکنین، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت(٩). جووڵەی دووەم: بەئاراستەی دادگای نێوبژیوانیە لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەبریی وەزارەتی نەوت، بە تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی لە دادگای ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی پاریس لە مانگی ئایاری ٢٠١٤دا، تیایدا حکومەتی تورکیا کە لەلایەن کۆمپانیای بۆریی نەوتی تورکیا (BOTAS) نوێنەرایەتی دەکرێت، تۆمەتبار دەکات بەوەی بەبێ ڕەزامەندیی حکومەتی عێراق ڕێگەی بە هەرێم داوە لە ڕێی بۆریی عێراق تورکیاوە نەوت هەناردە بکات و ئێستا لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا چاوەڕێ دەکرێت دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو داوایە بدات. وەزیری نەوت زۆر گەشبینە کە داواکە لە بەرژەوەندیی عێراق کۆتایی پێ دێت(١٠). تیایدا عێراق داوای قەرەبووی زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلار لە تورکیا دەکات. بۆ ئەوەی بۆمان دەربکەوێت ئایا هۆکاری کێشەکان جۆری گرێبەستەکان و گەڕانەوەی داهاتە بۆ وڵاتی خانەخوێ یان نا، گرنگە کە ئاشنا ببین بە سیستمی دارایی نەوت و جۆری گرێبەستەکانی نەوت و بەراوردکردن لەنێوان ئەو جۆرە لە گرێبەست لە هەرێم و بەغدا پەیڕەو دەکرێت. ٣. سیستمی دارایی نەوت کاتێک باسی سیستمی دارایی نەوت دەکرێت، مەبەست لێی گرێبەستە نەوتییەکانە. پڕۆسەکانی نەوت پڕۆسەگەلێکی دوورودرێژی چەندین ساڵەن، وەبەرهێنان و پەرەپێدان تیایاندا پێویستی بە سەرمایەی زەبەلاح و ژێرخان و تەکنەلۆجیای بەهێز هەیە. سیستمی دارایی هەر وڵاتێک، چوارچێوەی کارکردن و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان دیاری دەکات. هەندێک لە وڵاتان لە ڕێگەی یاساوە جۆری گرێبەستەکان دیاری دەکەن و هەندێکی تر لە ڕێگەی دانووستانەوە مەرجەکانی و شێوازی گرێبەستەکانی دادەڕێژن. سیستمی دارایی پەترۆل پۆلێن دەکرێت بۆ دوو جۆر ، یەکەم سیستمی ئیمتیاز Concessionary Systems و دووەمیش سیستمی تەعاقدی Contractual Systems (١١). ٣.١. سیستمی ئیمتیاز Concessionary Systems مافی ئیمتیاز دەدات بە کۆمپانیا لە کێڵگەیەکی دیاریکراو و لە ماوەیەکی دیاریکراودا بەرهەمهێنان بکات و خاوەندارێتیی نەوت یان گازە بەرهەمهاتووەکە لە زۆربەی کاتدا لە سەری بیرەکەوە واتە لە دەرهێنانیەوە بۆ کۆمپانیا دەگوازرێتەوە، حکومەت تەنها “موڵکانە و باج و پاداشتی بەرهەم” وەردەگرێت. ئەم جۆرە لە گرێبەست کۆنترین جۆریانە، لە عێراق تا ساڵی ١٩٧٢ کە نەوت خۆماڵی کرا؛ پەیڕەو دەکرا . زۆر جار ئەم جۆرە لە گرێبەست پەیوەست دەکرێت بە سەردەمی ئیستعمارییەوە. ٣.٢. سیستمی تەعاقدی CONTRACTUAL SYSTEMS پێک دێت لە دوو جۆر: ا. گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم (لە کوردستان پەیڕەو دەکرێت) و ب. گرێبەستی خزمەتگوزاری (لە عێراق پەیڕەو دەکرێت). ئەم دوو جۆرە گرێبەستە خاڵی هاوبەش و جیاوازیان هەیە. شێوازی خەرجییەکان و پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان و پشکی کۆمپانیای نیشتمانی بە پێی گرێبەستەکە دیاری دەکرێت. جیۆلۆجیی بلۆکی نەوتی یان گازی، جیۆپۆلەتیکی وڵاتەکە، ژێرخانی ئابووری و ژێرخانی نەوت و گازی وڵاتەکە کاریگەرە لەسەر ڕێککەوتنەکە و پێگەی بەهێز یان لاوازی هەر لایەکی گرێبەستەکە دیاری دەکات لە دانوستاندن بۆ هەر ڕێککەوتنێک. تا پێگەی وڵاتی خانەخوێ بەهێزتر بێت، گرێبەستی باشتری لێ بەرهەم دێت بۆ حکومەت و لە بەرانبەریشدا کۆمپانیاش دەیەوێت زۆرترین قازانج بۆ خۆی ببڕێت لەبەرانبەر وەگەڕخستنی سەرمایەیەکی زۆر. ٤. گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش بە پێی ئەم جۆرە لە گرێبەست، کۆمپانیای نەوت مەترسیی گەڕان و پشکنین و خەرجی لەئەستۆ دەگرێت لەبەرانبەر بەشێک لەو نەوتە یان گازەی کە بەرهەم دێت لە ناوچەی گرێبەستەکەدا ئەگەر نەوت یان گاز دۆزرایەوە و بەرهەم هات. بەڵام گەر نەدۆزرایەوە، ئەوا حکومەت هیچ خەرجییەک ناداتەوە بە کۆمپانیا، ماوەی گەڕان و پشکنین پێنج ساڵە و دەتوانرێت بۆ ٢ ساڵ زیاتر درێژ بکرێتەوە. کاتێک نەوت بەرهەم دێت لە کێڵگەیەکدا، ئەوکات دەچێتە قۆناغی دووەمەوە کە قۆناغی بەرهەمهێنانە و ماوەکەی ٢٠ ساڵە و دەکرێت بۆ ٥ ساڵی تر درێژ بکرێتەوە بە پێی گرێبەستەکانی هەرێم(١٢). لەم جۆرە لە گرێبەست، کۆنترۆڵی نەوت و گاز لە دەست حکومەتدا دەبێت و کۆمپانیای نیشتمانییش بەشدار دەبێت لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا(١٣). لە گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەشدا، وڵاتی خانەخوێ چەند جۆر داهاتی دەست دەکەوێت. پاداشتێک هەیە کاتێک کۆمپانیا گرێبەستی لەگەڵ دەکرێت بۆ کێڵگەیەکی نەوت یان گاز، دەیدات بە وڵاتی خانەخوێ یان حکومەت. ئەم پاداشتە کە لە هەرێم بە شیرینییە نەوتییەکان ناسراوە، چەند جۆرێکی هەیە و لە چەند قۆناغێکی جیادا وەردەگیرێت، بەم شێوەیە: ٤.١. پاداشت ا. پاداشتی واژووكردن (signing bonus): لە کاتی واژووكردنی هەر گرێبەستێکدا، بۆ هەر کێڵگەیەکی نەوتی کۆمپانیا پاداشتی واژووکردنی گرێبەست دەدات بە حکومەت، لە گرێبەستەکەدا بڕەکەی دیاری دەکرێت و هەر ناوچەیەکی گرێبەستیش، گرێبەستی جیایە و دەکرێت ڕێژەکانیش جیا بن(١٤). ب. پاداشتی بنیادنانی تواناکان: ئەم پاداشتە لە کاتی واژووكردنی گرێبەستەکەوە لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە لە گرێبەستەکەدا دەستنیشان کراوە، دەبێت بدرێت بە حکومەت. ج. پاداشتی بەرهەمهێنان: کاتێک کێڵگەیەک دەگاتە بەرهەمهێنانی بازرگانی، کۆمپانیا بڕێکی تر پاداشت دەدات بە حکومەت، ئەم بڕەش بە پێی گرێبەستەکان دەگۆڕێت. ٤.٢. دابەشکردنی پشکەکان ا. موڵکانە بریتییە لە ڕێژەیەک لە کۆی داهات یان نەوتی بەرهەمهاتوو، لەلایەن وڵاتی خانەخوێوە وەردەگیرێت. لە گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم و یاسای نەوت و گازی ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧دا، ڕێژەکەی بە ١٠٪ دیاری کردووە(١٥). ب. خەرجیی کۆمپانیا نەوتییەکان لەدوای دەرکردنی موڵکانە، لەو نەوتەی دەمێنێتەوە ڕێژەیەک دەدرێتە ئەو کۆمپانیایانەی نەوتیان بەرهەم هێناوە وەکوو وەرگرتنەوەی خەرجی (Cost recovery)، لە گرێبەستێکەوە بۆ گرێبەستێکی تر جیاوازە، هەندێ وڵات تا ڕێژەی ٤٠٪ی دیاری کردووە بۆ وەرگرتنەوەی خەرجیی کۆمپانیاکان، واتە سەقفێک دیاری کراوە بۆ وەرگرتنەوەی خەرجییەکان. ئەوەی دەمێنێتەوە لە خەرجییەکان کە وەرنەگیراوەتەوە، دەگوازرێتەوە بۆ ساڵی دواتر و بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت تا هەموو خەرجییەکان وەردەگیرێتەوە یان گرێبەستەکە کۆتایی دێت. هەندێ وڵات ڕێژەی وەرگرتنەوەی خەرجییەکانی زیاترە لە وڵاتێکی تر، ئەو ڕێژەیە لە هەندێ شوێندا دەگاتە ئاستی ١٠٠٪ی بەرهەم. لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەم ڕێژەیە جیاوازە لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکی تر، لەنێوان ٤٠٪ بۆ ٤٥٪ دیاری کراوە. ج. نەوتی قازانج (Profit oil) ئەو نەوتەی لەدوای لێدەرکردنی مۆڵکانە و خەرجیی کۆمپانیاکان دەمێنێتەوە و پێی دەوترێت نەوتی قازانج، ئەم قازانجە لەنێوان کۆمپانیای نەوت و وڵاتی خانەخوێدا دابەش دەکرێت بە پێی ئەو بڕەی کە لە گرێبەستەکەدا لەسەری ڕێک کەوتوون. لە گرێبەستەکانی هەرێمدا قازانجی نەوت دابەش دەکرێت بە پێی فاکتەری “R” کە بریتییە لە “داهاتی کەڵەکەبوو”، دابەشی “تێچووی کەڵەکەبوو”، لە باری نموونەییدا کاتێک فاکتەری “R” دەگاتە ٢، قازانج بە لە سەددا ٨٥/١٥ لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێم دابەش دەکرێت. وە کاتێک “R” لە ١ کەمتر یان یەکسانە بە ١، قازانج بە لە سەددا ٧٠/٣٠ لە بەرژەوەندیی حکومەت دابەش دەکرێت. ئەم هاوکێشەیە لە زۆربەی گرێبەستەکاندا بەکار دەهێنرێت. بە پێی مادەی ٢٦، بڕگەکانی ٤ و ٥. R = X/Y = X داهاتی کەڵەکەبوو = Y تێچووی کەڵەکەبوو R < or = 1 30% 1 < R< or = 2 30 – (30 – 15) * (R – 1) / (2 – 1) R > 2 15% لە باری نموونەییدا بۆ حکومەت ڕێژەی ٨٥٪ی قازانجی بەر دەکەوێت و کۆمپانیاکانی نەوت ڕێژەی ١٥٪ی قازانج. بەڵام پشکی حکومەت لێرەدا تەواو نابێت، بەڵکوو حکومەت لە ڕێی کۆمپانیای کیپکۆوە بەشدارە لە قازانجی کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆیە لە پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان جارێکی تر حکومەت بە ناوی کۆمپانیای کێپکۆوە پشکی ٢٠٪ی هەیە. چارتی ژماره (2) چۆنیەتیی دابەشکردنی پشکەکان بە پێی گرێبەستەکانی هەرێم ٥. گرێبەستی خزمەتگوزاری لەم گرێبەستەدا حکومەت گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەوت دەکات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و لە ناوچەیەکی دیاریکراودا کە کرداری گەڕان و پشکنین و بەرهەمهێنان یاخود پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەم لە کێڵگەیەکی دیاریکراودا ئەنجام بدات، لەبەرانبەر ئەو خزمەتگوزارییەدا کۆمپانیا بڕە پارەیەکی دیاریکراو یان گۆڕاو وەردەگرێت(١٦). هەروەک گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش، لەم جۆرە گرێبەستەشدا بەڵێندەر دەبێت تەواوی مەترسییەکانی گەڕان لەئەستۆ بگرێت و هیچ قەرەبووکردنەوەیەک بۆ وەبەرهێنانەکانی وەرناگرێت ئەگەر لە دۆزینەوەی بازرگانیدا سەرکەوتوو نەبێت. ئەم گرێبەستە چەند جۆرێکی هەیە: تەنها خزمەتگوزاری، خزمەتگوزاریی مەترسیدار و خزمەتگوزاریی تەکنیکی. ٥.١. گرێبەستی خزمەتگوزاریی تەکنیکی گرێبەستی خزمەتگوزاریی تەکنیکی لە بنەڕەتدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی نەوت یان نۆژەنکردنەوەی کێڵگەیەک بەکار دەهێنرێت. ئەم گرێبەستانە دەتوانن لە ڕێگەی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشەوە، یان لەژێر سیستمی ئیمتیازیشدا ئەنجام بدرێن. ئەم گرێبەستانە پەیوەستن بە کێڵگە هەبووەکان، یان کێڵگە جێهێڵراوەکانەوە. بەگشتی، مەرجە داراییەکانی توندن بە هۆی کەمیی مەترسییەوە. ئەم جۆرە لە کێڵگەی ڕومەیلە پەیڕەو دەکرێت. حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەوەی خاوەنی پێنجەمین گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا و لە ساڵی (١٩٧٢)ەوە نەوتی خۆماڵی کردووە و چەندین کۆمپانیای لە بوارە جیاکانی پڕۆسەکانی نەوتدا هەیە، هەر لە گەڕان و پشکنین تا هەڵکەندنی بیر و گواستنەوە و بەبازاڕکردنی نەوت، بەڵام ئاستی بەرهەمی زۆر کەمتر بووە لەو یەدەگە زەبەلاحەی کە هەیەتی. هەندێک لە هۆکارەکان بۆ ئەو شەڕە یەکلەدواییەکانە دەگەڕێنەوە کە عێراق پیایدا تێپەڕیوە لە چوار دەیەی ڕابردوودا. پێش ڕووخانی ڕژێم، لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئاستی بەرهەمی نەوتی عێراق بەتێکڕا بریتی بوو لە ٢ ملیۆن و ٣٤٠ هەزار بەرمیل(١٧) و لە کاتی کاراکردنی گرێبەستەکانی خزمەتگوزاریی گەڕی یەکەم بەتێکڕا بەرهەمی ڕۆژانەی ناوچەی گرێبەستەکان ١ملیۆن و ٩٦٨ هەزار بووە(١٨). بە ئامانجی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی و زیادکردنی بەرهەم، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨دا پەنای بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا برد و لە ڕێی گەڕەکانی مۆڵەتپێدانەوە (جولات التراخیص) و جۆری ئەو گرێبەستەی عێراق پەنای بۆ برد؛ گرێبەستی خزمەتگوزارییە. لە چوار خولی گرێبەستدا، ١٨ گرێبەستی خزمەتگوزاری واژوو کراوە، چوار گرێبەست لە خولی یەکەمی مۆڵەتدان، حەوت لە خولی دووەم، سێ لە سێیەم و چوار لە خولی چوارەم، جگە لە گرێبەستی کێڵگەی نەوتی ئەحداب و گرێبەستی کێڵگەی ڕۆژهەڵاتی بەغدا/بەشی باشوور(١٩). هەروەها خولی پێنجەمی گرێبەستەکان بریتی بوو لە تەرخانکردنی شەش کێڵگە بۆ وەبەرهێنانی بیانی، کە چواریان کێڵگەی نەوت و دووانیان کێڵگەی گازن. ٦. خاڵە هاوبەشەکانی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش و گرێبەستی خزمەتگوزاری گرێبەستی درێژخایەنن، ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵ. حکومەت خاوەندارێتیی نەوت و گازی لەبەردەستە. پاداشتی واژووكردنی گرێبەست لە هەردوو گرێبەستەکەدا هەیە. کۆمپانیا خەرجییەکانی وەردەگرێتەوە ساڵانە بە ڕێژەیەک کە لە گرێبەستدا دیاری کراوە. کۆمپانیای نیشتمانی بە ڕێژەیەک بەشدار دەبێت لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتیدا. وەرگرتنی باج لەو بڕە قازانجەی کۆمپانیا یان بەڵێندەر دەیکات. ٧. خاڵی جیاواز لە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش و گرێبەستی خزمەتگوزاری لە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم، حکومەت لە کۆی بەرهەمی کێڵگەکە ڕێژەیەک نەوت یان بەهای نەوت وەردەگرێت وەکوو موڵکانە کە لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان ١٠٪ی کۆی بەرهەمی ئەو کێڵگەیە، بەڵام لە گرێبەستی خزمەتگوزاریدا موڵکانە نییە. لە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم، کۆمپانیای نێودەوڵەتی کاتێک دەگات بە نەوتی بازرگانی بەشدار دەبێت لە پشکێکی ئەو نەوتەی بەرهەم دێت، واتە خاوەنداریی بەشێک لەو نەوتە دەکات یان بەهای نەوتەکە، بەڵام لە گرێبەستی خزمەتگوزاریدا کۆمپانیا بڕێک پارە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک وەردەگرێت، دەکرێت بە پێی گرێبەستەکە تەنها بڕە پارەیەکی دیاریکراو یان گۆڕاو بۆ هەر بەرمیلێک وەربگرێت یان لەبریی پارە؛ نەوت یان گاز وەربگرێت و خاوەنداریی ئەو بڕە دەکات وەک پشکی خۆی. گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش زیاتر سەرنجی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ڕادەکێشێت، بەتایبەت لە کێڵگە بچووک و مەترسیدارەکان، چ مەترسیی جیۆلۆجی یان سیاسی و ئەمنی کە بە شێوەیەکی گشتی کێڵگەی نوێن و لە قۆناغی گەڕان و پشکنینەوە دەست پێ دەکەن. کۆمپانیا لەبریی ئەو مەترسییانە، بڕێکی زیاتر قازانج دەکات لە کاتێکدا گرێبەستی خزمەتگوزاری زیاتر لە کێڵگەی زەبەلاح و ئامادە (پێشتر وەبەرهێنانی تیاکراوە)دەکرێت، وڵاتی خانەخوێ بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە توانای تەکنیکی و تەکنەلۆجی و زیادکردنی بەرهەم پەنای بۆ دەبات. لە گرێبەستەکانی هەرێمدا سەقفی وەرگرتنەوەی خەرجیی کۆمپانیا لەنێوان ٤٠٪ بۆ ٤٥٪دا دەبێت، بەڵام لە گرێبەستی خزمەتگوزاریی حکومەتی فیدراڵدا ئەم سەقفە بە ٥٠٪ی کۆی بەرهەمی ئەو کێڵگەیە(٢٠). پاشان لەوەی دەمێنێتەوە کە پێی دەوترێت نەوتی قازانج لە گرێبەستەکانی هەرێم، بە پێی هاوکێشەیەکی ماتماتیکی لەنێوان ٧٠٪ بۆ ٨٥٪ بۆ حکومەت و ٣٠٪ بۆ ١٥٪ کۆمپانیا دەبێت، بەڵام لە گرێبەستی خزمەتگوزاری، حکومەتی فیدراڵ ڕێژەیەکی جێگیرە بۆ هەر بەرمیلێک کە لە بەرهەمی ئەو کێڵگەیە زیاد دەکرێت، ڕێژەکە لەنێوان ١.٢٥ بۆ ٦ دۆلارە، لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکی تر دەگۆڕێت(٢١). لە هەردوو جۆری گرێبەستەکەی حکومەتی هەرێم و فیدراڵدا، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت بە ڕێژەیەک بەشدارە لە گەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە لەنێوان ٢٠٪ بۆ ٢٥٪ بە پێی گرێبەستەکان دەگۆڕێت. لە هەرێم لە قازانج بەشدارن و لە حکومەتی فیدراڵ لە کرێی خزمەتگوزاری . لەو بەراوردەی سەرەوەدا، دەردەکەوێت هەردوو جۆری گرێبەستەکان خاڵی هاوبەشیان زۆرە. لە ڕووی پێکهاتەوە جیاوازیی زۆریان نییە، هەریەکەیان خاڵی ئەرێنی و نەرێنیی خۆیان هەیە، بەتایبەت کاتێک نرخی نەوت نزمە، بە پێی بنەما سەرەکییەکانی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش زیاتر لە بەرژەوەندیی حکومەتە و داهاتی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆی. بەڵام کاتێک نرخی نەوت بەرزە، کۆمپانیاکان لە گرێبەستی هاوبەشیکردندا قازانجیان زیاد دەکات، بەڵام لە خزمەتگوزاری و بەتایبەت ئەوەی حکومەتی فیدراڵ؛ کۆمپانیا ڕێژەکەی جێگیرە و داهاتی حکومەت لە کاتی بەرزیی نرخدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. خاڵێکی لاوازی گرێبەستی خزمەتگوزاریی حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە کرێی خزمەتگوزارییەکە جێگیرە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە بەرهەمی دەهێنن، لە کاتی نزمیی نرخی نەوتدا کرێی کۆمپانیا هەمان کرێیە کە نرخ بەرزە، ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی داهاتێکی کەم بۆ حکومەت و داهاتێکی زیاتر بۆ کۆمپانیا، لە ئەنجامدا لەبەر ئەوەی زۆر پشت بە داهاتی نەوت بەستراوە، کێشە بۆ بودجەی حکومەت دروست دەبێت. لە کاتی پەتای کۆرۆنادا و دابەزینی نرخی نەوتدا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ئەمە بەڕوونی دەرکەوت. خاڵێکی تری هاوبەشی هەردوو گرێبەستەکە، خەرجیی کۆمپانیاکانە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە تا کۆتایی ژیانی کێڵگەکە. حکومەت بەڕێوەبردنی کێڵگەکان دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیادا لە ڕێی لیژنەیەیەکی هاوبەشەوە لەنێوان کۆمپانیای نەوت و حکومەتدا و بڕیاری کۆتایی لای حکومەتە، بەڵام ئەگەر نوێنەری حکومەت لە ئەم لیژنەیەدادا بەتوانا و کارا نەبن، ئەوا دەبێت بە سەرچاوەی بەهەدەردان و گەندەڵی. ڕاستە پلانی پەرەپێدانی کێڵگەکە لەلایەن وەزارەتەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت و قبووڵ دەکرێت، بەڵام لە پراکتیزەکردندا ئەم پلان و بەرنامانە چەندین جار گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت و پێویستی بە دەستەیەکی بەتوانا و کارا هەیە لە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکاندا، ئەگەرنا دەرئەنجام خەرجی و تێچوو زیاد دەکات. ئەم خاڵە زۆر بەڕوونی هەستی پێ دەکرێت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستاندا پاش ئەوەی کە هەندێ کێڵگەی هەرێم زیاد لە ١٥ ساڵە نەوت بەرهەم دەهێنن، بەڵام هێشتا ئاستی خەرجییەکان زۆر بەرزە و بە پێی لێکدانەوەکان بۆ ڕاپۆرتەکانی حکومەت هێشتا پشکی حکومەت لە هاوکێشەی دابەشکردنی قازانجدا نەگەیشتووەتە باری نموونەیی. ٩. داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەتی هەرێم بە پێی بەرز و نزمیی نرخی نەوت (PSA) لە ساڵی ٢٠٢٠دا کاتێک نرخی فرۆشی نەوتی هەرێم بەتێکڕا ٢٨ دۆلار بوو، بڕی نزیکەی ١٦٦ملیۆن بەرمیل هەناردە کراوە و لە ناوخۆدا بەکار براوە، کۆی داهاتی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە نزیکەی ٣٤,٤ ملیار دۆلار، لەم بڕە ١.٧٦ ملیاری بۆ کۆمپانیاکانی نەوت ڕۆیشتووە و زیاتر لە ٩٥٠ ملیۆنیش بۆ گواستنەوە ڕۆیشتووە(٢٢) کە ڕێژەی کۆمپانیاکانی نەوت لە کۆی داهات، ٣٩.٦٪ بووە و ڕێژەی کرێی گواستنەوەش لەو ماوەیەدا ٢١.٤٪ بووە کە بەسەریەکەوە خەرجییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بریتی بووە لە نزیکەی ٦١٪ی کۆی داهات. کاتێک نرخی نەوت لە ١٠٠ دۆلاردا بوو، لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٢دا بڕی ٤٠ ملیۆن و ٣١٦ هەزار بەرهەم هاتووە و بەکار براوە، کۆی ٣ ملیار و ٧٨٩ ملیۆن داهاتی نەوتی ئەو ماوەیە بووە. لەم بڕە ١.٦٣٢ی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت چووە کە دەکاتە ٤٣٪ی کۆی بەرهەم، بڕی ٢٥٩٠ ملیۆن بۆ کرێی گواستنەوە چووە کە دەکاتە ڕێژەی ٦.٦٪ی کۆی داهات و کە ئەم ڕێژەیە کەمترین ئاستە لە چەند ساڵی ڕابردوودا (کرێی بۆریی ناو هەرێم کەمترە لە ١٪ی کۆی بەرهەم، لە کاتێکدا لە ساڵانی ڕابردوودا لەنێوان ٦٪ بۆ ١٥.٥٪دا بووە(٢٣))، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەرێم بە گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی نێوان کۆمپانیای “کار-گازپرۆم”دا چووەتەوە. ئەم بەراوردە بەو دەرەنجامەمان دەگەیەنێت کە بە پێچەوانەی بنەما سەرەکییەکانی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش، کاتێک نرخی نەوت نزم بووە؛ کۆمپانیاکان داهاتی زۆرتریان دەست کەوتووە لەو کاتانەی کە نرخی نەوت زۆر بەرز بووە، ئەمەش بۆ کێشە لە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و خەرجیی کۆمپانیاکان لە لایەک و لە لایەکی تر جێبەجێنەکردنی گرێبەستەکان وەکوو خۆی دەگەڕێتەوە، بەتایبەت کە سەیری ڕاپۆرتی دیلۆیتی چارەکی دووەمی ٢٠٢٠ دەکەین، کۆمپانیاکان ٨٤.٨٪ی هەموو داهاتی نەوتی ئەو ماوەیەیان وەرگرتووە کە ئەمە لەگەڵ دابەشکردنی پشکەکانی گرێبەستەکانی هەرێم یەک ناگرێتەوە(٢٤). سەرچاوەی خشتەكان: ژمارەکان لە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ وردبینیی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێم وەرگیراوە. ١٠. کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی گرێبەستی خزمەتگوزاری زیادکردنی داهات لەنێوان ساڵەکانی (٢٠١١ -٢٠١٥)دا، کۆی بەرهەمی زیادەی کێڵگەکانی خولەکانی مۆڵەتی ١و ٢ بریتی بووە لە ٢.٣ ملیار بەرمیل نەوت لە کۆی بەرهەمی ٤.٧ ملیار کە دەکاتە ڕێژەی نزیکەی ٥٠٪، دەرئەنجامی ئەم زیادەیە لە بەرهەم بڕی ١٧٥.٦ ملیار دۆلار لە کۆی داهاتی ٣٩٥.٥ ملیار دۆلار دەست حکومەت کەوتووە، کە دەکاتە نزیکەی ٤٤٪ی داهاتی ئەو کێڵگانە(٢٥). تێچووی نەوت کە لەو ماوەیەدا دراوە بە کۆمپانیا نەوتییەکان، بریتی بووە لە نزیکەی ٤٥.١ ملیار دۆلار، وە قازانج یان کرێی کۆمپانیاکان ٢.٢ ملیار دۆلار بووە، لە هەمان کاتدا گەڕاوە بۆ حکومەتی فیدراڵ بریتی بووە لە نزیکەی ٣٤٨.٣ ملیار دۆلار بە پشکی کۆمپانیای هاوبەشی حکومی و باجەوە. ڕێژەی دابەشکردنی داهاتە داراییەکان ڕێژەی قازانجی کۆمپانیا بەڵێندەرەکان لە کۆی داهات: ٠.٥٧٪ ڕێژەی شایستەکان لە کۆی داهات: ١١.٩٪ ڕێژەی کۆی داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەت: ٨٨.١٪ کۆی تێچوو (بەرهەمهێنان و کارکردن) بۆ هەر بەرمیلێك بریتییە لە ١٠.٥ دۆلار(٢٦). ئاسان نییە ئاستی بەرهەم و زیادکردنی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەراورد بکەین، چونکە کێڵگە نەوتییەکانی فیدراڵ هەندێکیان کێڵگەی نەوتی زەبەلاحن نەک لە عێراقدا بەڵکوو بە کێڵگەی زەبەلاحی جیهانی ئەژمار دەکرێن و لە هەمان کاتیشدا ئەو کێڵگانە لە کاتی بەرهەمهێناندا بوون و گرێبەستەکان بۆ زیادکردنی بەرهەم کراون، بەڵام کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کێڵگەی زۆر بچووکترن، هەندێکیان چەند بیرێکی تێدا بوو جێ هێڵرابوون، وەکوو تاوکی، تەقتەق، ئەوانی تر لە قۆناغەکانی سەرەتای گەڕان و پشکنینەوە دەست پێ کراون، واتە لە سەرەتای پڕۆسەکەوە، بۆیە مەترسیی دۆزینەوەی نەوت زیاترە بەراورد بە گرێبەستەکانی حکومەتی فیدراڵ کە بریتی بوون لە پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەمی کێڵگەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم بەخێرایی بەرەو قۆناغی پەرەپێدان چوو. بەرهەمهێنانی نەوت لە ٧٥,٠٠٠ بەرمیل لە شوباتی ٢٠١١دا بۆ ٢٠٠,٠٠٠ بەرمیل لە ٢٠١٢دا بەرز بوویەوە و ئامانجی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوە بوو تا ساڵی ٢٠١٥ بەرهەم بگەیەننە یەک ملیۆن بەرمیل و لە ساڵی ٢٠١٩دا بۆ ٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە(٢٧)، نەک ئەو ئامانجە نەهاتە دی، بەڵکوو ئێستاش دوای ١٠ ساڵ لەو ڕاگەیاندنەی حکومەت و کەوتنە بەرهەمی چەند کێڵگەیەک، لەگەڵ ئەوەی کێڵگەی خورمەڵەش کە کێڵگەیەکی ئامادەی نەوت و گازی حکومەتی فیدراڵ بوو خرایە سەر کێڵگەکانی هەرێم و لەو کاتەدا و ئێشتاش بەرهەمی ڕۆژانەی مەزندە دەکرێت بە ١٤٠ هەزار بۆ ١٧٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بەڵام بە پێی لێکدانەوە بۆ دوایەمین ڕاپۆرتی دیلۆیت، لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٢دا بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی هەرێم بەتێکڕا بریتی بووە لە ٤٤٣ هەزار بەرمیل نەوت(٢٨) کە ئەگەر نەوتی خورمەڵەی لێ دەربکەین، لە باشترین گریمانەدا نزیکەی ١٠٠ هەزار بەرمیل ئاستی بەرهەم زیادی کردووە لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا، واتە ٠٥٪ی ئەو ئامانجەی کە دانرابوو لە ساڵی ٢٠١٩دا پێی بگەن. چارتی ژمارە (3) زیادکردنی بەرهەمی نەوتی هەرێم لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٢ سەبارەت بەو ئامانجانەی حکومەتی فیداراڵ داینابوو بۆ ئاستی بەرهەمی نەوت پێی بگات، بەم شێوەیە بوو: حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٩دا چەند گرێبەستێكی خزمەتگوزاریی واژوو کرد بە ئامانجی ئەوەی لە ماوەی ٦ ساڵدا ئاستی بەرهەم بۆ ١٢ ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە(٢٩)، پاشان ئامانجی بۆ ٩ ملیۆن بەرمیل دابەزاند، دوایەمین جاریش لە ساڵی ٢٠٢٢دا وەزارەتی نەوت ئامانجیەتی کە تا ساڵی ٢٠٢٧ ئاستی بەرهەمهێنانی بگەیەنێتە ٨ ملیۆن بەرمیل. لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠٢٢ ئاستی بەرهەم لە ٢ ملیۆنەوە بۆ ٤،٥ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرز بووەتەوە(٣٠) کە دەکاتە ڕێژەی ١٢٥٪، بەڵام هێشتا زۆری ماوە ئاستی بەرهەم بگەیەنرێتە ئەو ئاستەی کە ئامانجیانە، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە: ناسەقامگیریی بازاڕی نەوت و خستنەڕووی نەوتێکی زۆر کە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی زۆری نەوت لە بازاڕی جیهاندا، کە وڵاتانی ئەندامی ئۆپیکی ناچار کردووە لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە ئاستی بەرهەمیان کەم بکەنەوە و سنوورداری بکەن لە پێناو گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوت (مەبەست لێی هێشتنەوەی نەوتە لە ئاستێکدا کە لێی ڕازی بن و ڕێگری بکەن لە دابەزینی زۆری). عێراقیش وەکوو دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئۆپیک و دووەمین گەورەوەبەرهێنی ناو ڕێکخراوەکە، پابەند بووە بە دیاریکردنی ئاستی بەرهەمیەوە. بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید ١٩ لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا لە چین و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا کە بووە هۆی کەمبوونەوەی زۆر خێرای خواست لەسەر نەوت، تا ئێستاش جیهان لەژێر سێبەری کاریگەرییەکانی دەربازی نەبووە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا وڵاتانی ناو ڕێکخراوی ئۆپیک و دەرەوەی ئۆپیک کە بە ئۆپیکپڵەس ناسراون، ڕۆژانە ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە بازاڕ گرتەوە. لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا، جارێکی تر دوای ئەوەی چاوەڕوان دەکرا ئەو بڕەی کە لە بازاڕ گیراوەتەوە؛ لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەتەواوەتی بگەڕێنرێتەوە بۆ بازاڕ، بەڵام هاوپەیمانییەکە جارێکی تر ڕێک کەوتن بڕی یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە تا کۆتایی ٢٠٢٣ لە بازاڕ بگرنەوە. ناسەقامگیریی ئەمنی و سیاسییش هۆکارێکی ترە کە وەبەرهێنان کەمتر بکرێت. پابەندبوونی ئەندامانی ڕێکخراوەکە یارمەتیدەر بووە کە نرخی نەوت لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتە بە بڕێکی کەمتر داهاتێکی زیاتریان دەست دەکەوێت، لە هەمان کاتدا ڕێگرە لە زیادکردنی بەرهەمیان. وڵاتە پیشەسازییەکان و بەتایبەت ڕۆژائاوا، بە شێوەیەکی خێرا ڕوو لە سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە دەکەن، دەیانەوی خۆیان لە بەکارهێنانی نەوت کە سەرچاوەی وزەی پیسە؛ دوور بخەنەوە و ئەوەی ئەم هەوڵانە خێراتر دەکات جەنگی ئۆکرانیایە و ئەو کێشانەیە کە ڕووبەڕووی ئەورووپا بوونەتەوە و ئاسایشی وزەی بۆ دروست بووە. عێراقیش وەکوو ئەندامی ڕێککەوتننامەی پاریسی ساڵی ٢٠١٥، پەیوەستە بە ڕێککەوتنەکەوە. بە پێی ڕێککەوتنەکە، پێویستە بە زووترین کات دەردانی گازی ژەهراوی کەم بکرێتەوە، تا ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکەم بگاتە سفری پاك (zero emission). بۆ ئەوەی گەرمبوونی جیهان لە خوار )1.5( پلەی سەدی بمێنێتەوە، پێویستە تا ساڵی 2030 ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە نزیکەی (٥٠٪) کەم بکرێتەوە(٣١). بۆیە جێبەجێکردنی و گەیشتن بەو ئامانجە بەربەستی زۆری لە بەردەمدایە و جیهان بە ئاڕاستەی کەمکردنەوی بەکارهێنانی نەوت چ لە پیشەسازی یان بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل هەنگاو دەنێت، بۆیە لەبریی ئەوە گرنگە سیاسەتی وزەی حکومەتی فیدراڵ و لەگەڵیشیدا هەرێم بە ئاڕاستەی سیاسەتی جیهان بێت، هەنگاوی جددی بنرێت بۆ فرەکردنی سەرچاوەکانی وزە لە وزەی نوێبووەوە (با و خۆر). ١١. بڕیاری دادگا و کاریگەرییە هەرێمایەتییەکان ئەم داوایە ڕاستە لە ٢٠١٢دا تۆمار کراوە و چەندین جار لە قۆناغە جیاجیاکاندا دوا خراوە و هۆکارەکەشی بۆ ڕێککەوتنە سیاسییەکان دەگەڕایەوە، بۆیە هەلومەرجی پێش دەرچوونی بڕیارەکە ناتوانرێت نادیدە بگیرێت. لەدوای دروستبوونی عێراقی نوێوە، وڵاتە هەرێمایەتییەکان و لە ناویشیاندا ئێران و تورکیا بە شێوەیەکی بەهێز ئامادەییان هەیە لە عێراقدا و کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی شتێكی شاراوە نییە، بەرژەوەندیی ئابووریی بەهێزیان هەیە، لە ناویشیاندا وزە. هەلومەرجەکانی پێش دەرچوونی بڕیاری دادگا لەسەر کەیسی نەوتی هەرێم، عێراق لە قۆناغی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو و پڕۆسەی سیاسی بەرەو بنبەست دەچوو. لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن لە ململانێیەکی بەهێزدا بوون و بەتایبەت نێو ماڵی شیعە کە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووبوون، لە لایەک موقتەدا سەدر زۆرترین کورسیی هێنابوو، لە لاکەی تر مالیکی و هاوپەیمانەکانی بوو. کورد لەگەڵ ئەوەی داوای (چاوەڕێی) لێ دەکرا نەکەوێت بەلای ململانێکانی نێو ماڵی شیعەدا، بەڵام کورد بەیەکگرتوویی نەچووە بەغداد. پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی زۆرترین کورسیی هەرێمە، لەگەڵ خاوەن زۆرترینی کورسی شیعەکان کە فراکسیۆنی سەدر بوو کەوتە بەرەیەکەوە و لە بەرانبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەلای چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیکی و هاوپەیمانەکانی)دا کەوت کە ئەمەی دووەمیان ئێران پشتگیریی دەکات. لەدوای دروستبوونی عێراقی نوێوە، ئێران یاریچییەکی سەرەکییە لە عێراق و کاریگەریی گەورەی هەیە لە ڕووی سیاسی و ئەمنی یان لە ڕووی ئابووری و وزەوە. عێراق بۆ ئێران هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ نەیارە تەقلیدییەکەیدا کە ئەمەریکایە. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەمەی ئێستاشەوە نابێت ڤیۆتۆی ئێرانی لەسەر بێت بۆ پێکهێنان. تا سەدر ناچار بە کشانەوە و سوننە و پارتییش وەک خاوەن زۆرترین کورسییەکانی کورد بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی نەکرا، ئاسۆی پێکهێنانی حکومەت ڕوون نەبوو. لە ڕووی ئابوورییشەوە لەگەڵ ئەوەی عێراق بازاڕێکی گەورەی کاڵاکانی ئێرانە، لە هەمان کاتدا توانیویەتی بە هۆی پێداویستیی زۆری عێراق بە وزە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ببێت بە هەناردەکەرێکی سەرەکیی گاز بۆ عێراق، سەرەڕای گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەری و لەم بوارەدا چەند گرێبەستێکی واژوو کراوە بە نرخێکی زۆر زیاتر لە نرخی بازاڕ و بوویە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆی، ئەمەریکاش چاوپۆشیی لێ کردووە. لەگەڵ ئەوەی هەوڵی فرەسەرچاوەکردنی سەرچاوەی دابینکردنی کارەبا دەدرێت لەلایەن عێراقەوە، بەڵام ئێران ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاوەکوو ماوەی پەیوەستبوونی عێراق پێوەی بۆ دابینکردنی وزە درێژ بکاتەوە. لە هەمان کاتدا عێراق بازاڕێکی گەورەی دەستخستنی دراوی قورسە بۆ ئێران بەتایبەت دۆلار و بووە بە دەروازەیەک لە ڕێیەوە دەتوانێت هەناسەیەک بدات. ئێران بە هێڵێکی گاز بەستراوەتەوە بە تورکیاوە، بڕێکی زۆر بە نرخێکی تا ڕادەیەک گران گاز هەناردەی تورکیا دەکات)٣٢) و ساڵی ٢٠٢٦ گرێبەستی نێوانیان کۆتایی دێت و مەترسیی ئەوەی لەسەر بوو کە گرێبەستەکە نوێ نەکرێتەوە ئەگەر تورکیا بژاردەی باشتری لە بەردەمدا بێت. هەروەها هیوای ئەوەی هەیە لە ڕێی تورکیاوە ببێت بە یاریچییەکی گەورەی گاز بۆ ئەورووپا و بۆشایی ڕووسیا پڕ بکاتەوە. هەوڵی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری گازدا، بەتایبەت دوای لێسەندنەوەی هەردوو کێڵگەی گازی بنەباوێ و میران لە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی کە لە قۆناغی پەرەپێداندا بوو و ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای گازی گەورەدا، هەروەها پلانی زیادکردنی بەرهەمی کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە دوو قۆناغ لە یەکەمدا بەرهەم ٥٠٪ زیاد بکەن و بەرهەمی گاز بگەیەننە ٦٩٠ ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا و پاشتر یەک ملیار پێ سێجا تا ساڵی ٢٠٢٤(٣٣). لێرەوە هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و بە مەترسی بۆ سەر ئەو بەرژەوەندییانەی ئێران ئەژمار دەکرێت کە لە سەرەوە باس کران، بەتایبەت کە باسی ئەوە دەکرا هەرێم تا ساڵی ٢٠٢٦ دەتوانێت پێداویستیی ناوخۆی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ پڕ بکاتەوە و گاز بۆ تورکیا هەناردە بکات(٣٤). لێدوانەکانی بەرپرسانی هەرێم بەبەردەوام بەوەی هەرێم دەبێت بە هەناردەکەری گازی سروشتی بۆ تورکیا و پاشتر بۆ ئەورووپا، تەنانەت ئەوانەشی باسی دابینکردنی گازی سروشتی دەکەن بۆ حکومەتی فیدراڵ، مەترسی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران چ لە عێراق و چ لە تورکیا دروست دەکات ئەگەر لە ماوەی کورتیشدا نەبێت، لە ماوەی مامناوەند و دووردا. لە لایەکی تر، حەزی بەسەنترالیزەکردنی سێكتەری نەوت و سیاسەتی نەوت لەلایەن سیاسییەکانی عێراقەوە و ئامادەکردنی زەمینە بۆی لە ڕێی لێدوانەکانی بەرپرسانەوە بەتایبەت وەزارەتی نەوت، تاوەکوو لە ئەنجامدا ڕایەکی گشتیی لەسەر دروست بکەن کە ناکرێت لە عێراقدا دوو سیاسەتی جیای نەوت هەبێت و هەرێم نەوت هەناردە بکات و بە هۆیەوە زیانی زۆر بە ئابووریی عێراق دەگەیەنێت بەوەی کە لە لایەک نەوت دەفرۆشێت و داهاتەکەی ناگەڕێنێتەوە، لە لایەکی ترەوە عێراق پابەندە بە ڕێککەوتنی ڕێکخراوی ئۆپیکەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمی نەوت و نەوتی هەرێمیش هەر نەوتی عێراقە و بەمەش ناچارین بەرهەم کەم بکەینەوە. ئەو هەلومەرجانە پێش دەرچوونی بڕیارەکەی دادگا بوون، بۆیە وا دەبینرێت بەو هەژموونە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەی ئێران هەیەتی لەناو عێراقدا بارگاوی بووبێت. ١١. دەرئەنجام لەگەڵ ئەوەی کێشەکانی مەلەفی نەوتی نێوان بەغدا و هەولێر زیاد لە ١٠ ساڵە بەردەوامە، بەڵام هەمیشە لە ڕێی ڕێککەوتنی کاتیی سیاسییەوە چارەسەرەکان دوا خراوە. لەدوای ساڵی (٢٠٠٥)ەوە، ساڵ دوای ساڵ پێگەی کورد لە بەغدا لاوازتر دەبینرێت. لە کاتی بەهێزیی هەرێم و بوونی زۆرێک لە کەسە یەکەمەکانی حیزبە سیاسییەکان و سیاسییە خاوەن پەیوەندییە زۆرەکان، چ لەگەڵ ناوەندی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمەریکی و بەریتانییەکان، چ لەگەڵ سیاسییەکانی بەغدا، بەڵام نەتوانرا لە ساڵی ٢٠٠٧دا یاسای نەوت و گازی فیدراڵی تێپەڕێنرێت لە پەرلەمان، گۆڕانکاری بەسەر ئەو ڤێرژنەدا هات کە کورد لای پەسەند بوو، هەر ئەوکات زۆرێک لە شارەزایان و پسپۆڕانی عێراقیی بواری نەوت و یاسا کەوتنە دژایەتیکردنی ڕەشنووسی یاساکە و لە چەندین بۆنە و سیمینار و بابەتی شیکاری و تەنانەت بە نووسینی کتێبیش لەو بارەوە دژایەتیی خۆیان بۆ ڕەشنووسی یاساکە دەربڕی و بە دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراقیان مەزەندە کرد. دوای ئەوەی یاساکە پەک خرا، بەدوایدا داوا دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تۆمار کرا و پاشتر نەتوانرا ڕێگری بکرێت لە دەرنەچوونی بڕیار دژی مامەڵەی هەرێم لەگەڵ سێكتەری نەوت، وەزارەتی نەوت هەر خێرا دەستی کرد بە فشارکردن لە هەرێم و داوای گرێبەستەکانی نەوتی دەکرد بۆ پێداچوونەوە و دروستکردنی کۆمپانیای نەوتی هەرێم کە فەرمان لە وەزارەتی نەوتەوە وەربگرێت بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و هەڕەشەکردن لە هەرێم لە ڕێی کۆمپانیا نەوتییەکان و هەناردەی نەوت و کڕیارانی نەوتی هەرێمەوە و تا ئێستاش فشار و هەڕەشەکان بەردەوامە. بەشێکی لاوازیی کورد لە بەغدا بۆ پەرتەوازەیی و نەبوونی یەک گوتاری سیاسی و ڕەنگدانەوەی کێشەکانی ناوخۆی هەرێم لە بەغداد و نەبوونی سیاسەتێکی یەکگرتووی نەوت و گاز دەگەڕێتەوە. سیناریۆكان سیناریۆی یەکەم: فشارەکانی وەزارەتی نەوت بەردەوام دەبێت لەسەر حکومەت و کۆمپانیاکان و کڕیارانی نەوت و وڵاتی تورکیا بەوەی ڕێگری بکرێت لە هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، تا وای لێ دێت هەرێم ناچار دەکەن بە ڕادەستکردنی هەموو مەلەفی نەوت بەرانبەر بە دابینکردنی بودجە. هەر چەند ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت بەو ئەنجامە دەگەین، بەڵام ئەگەرێکی زۆر لاوازە لەبەر تێکهەڵپژانی بەرژەوەندییەکان بەتایبەت کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا و تورکیا. سیناریۆی دووەم: مانەوەی بارودۆخەکە وەکوو پێش ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢، هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر بەرهەمهێنان و هەناردە و بەبازاڕکردنی نەوت بمێنێتەوە و فشار بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگا و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و تیایدا بەڕێوەبردنی نەوت و فرۆشتنی لە بەرژەوەندیی هەرێم جێگیر بکات. ئەم سیناریۆیە بە لەبەرچاوگرتنی لاوازیی گوتاری هەرێم و هەوڵدان بۆ دەستکەوتی حیزبی لە بەغداد و شەڕی پشکەکان و جیاوازیی ڕوون لە بۆچوونی لایەنە کوردییەکان لەسەر بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گاز، وای لێ دەکات ئەگەرێکی لاواز بێت. بەڵام ئەگەر وڵاتانی هەرێمی و ڕۆژئاوا لە بەرژەوەندیی هەرێم فشار بکەن لەسەر حکومەتی فیدراڵ، ئەوا ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە زیاد دەبێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنی سیاسی بەبێ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، بەڵام دیسان ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی و پتەو نابێت. سیناریۆی سێیەم: مانەوەی بەڕێوەبردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکان و هەناردەکردنی لەژێر دەستی حکومەتی هەرێم و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بخرێتە ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە مەرجێک شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و ئیلتیزاماتی هەرێم بەرانبەر کڕیارانی نەوت بگوازرێتەوە بۆ سمۆ و بە شێوەیەک لە یاسای نەوت و گازی فیدراڵیدا جێگیر بکرێت. لە بەرانبەردا حکومەتی فیدراڵ پابەند بکرێت بە ناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم بەبەردەوامی. ئەم سیناریۆیە زیاتر لە واقیعەوە نزیکە. ڕاسپاردەكان لە بەغداد چی بکرێت؟ گرنگە هەرێم بە یەک گوتار لە بەغداد بێت، دوو دیدیی جیاوازی بۆ نەوت و گازی نەبێت و چارەسەری کێشەی نەوت و گاز مەرجی سەرەکیی بەشداریی بێت لە گفتوگۆی پێکهێنان و بەرنامەی حکومەتی نوێ. دەبێت لە زووترین کاتدا هەرێم ڤێرژنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی ئامادە بکات، بڕگەکانی بە شێوەیەک دابڕێژرێت کە کەمترین بوار بدات بە لێکدانەوەی جیاواز. پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی لە وەزارەتی نەوتدا لە پشکی کورد هەبووە، هەر لە جێگری وەزیری نەوت تا جێگری سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بە مەرجی ئەوەی کەسی شارەزا و خاوەن دەسەڵات بن و دانەبڕێن لە هەرێم و بەتایبەت وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. سەبارەت بە فرۆشی نەوتی هەرێم، ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت نەرمی بنوێنێت لە ڕێی سۆمۆوە بیفرۆشێت، چونکە سۆمۆ هەر بەرمیلێک نەوت بە ٨ بۆ ٩ دۆلار زیاتر لە هەرێم دەفرۆشێت، بەمەش داهاتێکی زیاتر دابین دەکات. ئەم خاڵە چ لە هەرێم، چ لە شەقامی عێراقیش وەبەرهێنانی زۆری تێدا کراوە و پێگەی وتوێژی هەرێمی لاواز کردووە، ڕازی بوون بەوە بەو مەرجەی شایستەی خەڵکی کوردستان مسۆگەر بکرێت لەڕیی مسۆگەرکردنی پشکی هەرێم لە بوجەی فیدراڵ و هەموو شایستەداراییەکانی. دەتوانرێت ئەم خاڵە بەکاربهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر حکومەت و لە ئەنجمدازەمینەی باشتر بۆ گفتوگۆ بڕەخسێت. هاوتەریب لەگەڵ ئەو هەوڵانەدا، لە ڕێی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و نێودەڵەتییەکانیەوە هەوڵی دروستکردنی فشار بدرێت لەسەر بەغداد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆمپانیاکانی نەوت و گازیش لە ڕێی وڵاتەکانیانەوە کەرەستەیەکی باشن بۆ ئەم فشارانە. لە هەرێم چی بکرێت؟ لەم لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت کە بەڕێوەبردنی نەوتی هەرێم لە ڕابردوودا لە کێڵگە نەوتییەکان و جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی نەوت کێشەیان تێدا بووە، بەوەی خەرجیی کۆمپانیاکانی نەوت و گواستنەوە زۆرن و هەندێ جار بە پێی داتا فەرمییەکان گرێبەستەکان وەکوو خۆی جێبەجێ نەکراوە. بۆیە پێویستە چاکسازیی ڕیشەیی لە بەڕێوەبردنی کۆی پڕۆسەی نەوتدا بکرێت، هەر لە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی نەوت تا بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و گرێبەستی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت، قۆناغ بە قۆناغ چی کراوە و چەند کاریگەر بووە ڕابگەیەنرێت تاوەکوو بواری شیکردنەوەی نادروست کەم ببێتەوە. هێزی کاری ناوخۆ یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجیی نەوت، لەگەڵ ئەوەی هەلی کار دەڕەخسێنێت دەبێتە هۆی پشتبەستنی زیاتر بە توانای ناوخۆ لە بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت، دەبێت پشت بە توانا و لێوەشایی ببەسترێت نەک شتی تر. پێگەی ئەلکترۆنیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کارا بکرێت و زانیارییەکان نوێ بکرێنەوە و ڕاپۆرتی ئاستی بەرهەم و داهات (هەناردە و بەکاربردن) بە شێوەیەکی مانگانە بڵاو بکرێنەوە. کاتێک دەستگەیشتن بە زانیاری فەراهەم بکرێت، بواری گەندەڵی کەم دەبێتەوە و ئاستێک لە شەفافیەت دروست دەبێت لە بەرانبەردا بە ئەندازەی کەمبوونەوەی گەندەڵی متمانش دەگەڕێتەوە. سەرچاوەکان KRG, MNR, Prese release, (09/03/2007), “KRG publishes draft Federal Oil and Gas Law of Iraq in English and Arabic” http://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/en/press-releases/110-krg-publishes-draft-federal-oil-and-gas-law-of-iraq-in-english-and-arabic.html. (accessed: 01/10/2022). Webb, Simon, (18/04/2007) “Iraq oil law to go to parliament”, https://www.reuters.com/article/uk-iraq-oil-law-idUKL1816130120070418, (accessed: 01/10/2022). Rosnef, Press release, (25/05/2018), “Rosneft and The Kurdistan Regional Government of Iraq signed Gas Business Development Agreement for Kurdish Region of Iraq” https://www.rosneft.com/press/releases/item/191055/, (accessed: 01/10/2022). Roonbeen, (21/04/2020), “KRG Oil & Gas Contracts” https://www.roonbeen.org/krg-oilgas-contracts/, (accessed: 05/10/2022). ایلاف، (١٠/٠٧/٢٠٠٧)، ” نص قانون النفط و الغاز العراقي الجدید” https://elaph.com/Web/Politics/2007/7/246807.html, (accessed: 05/10/2022). KRG, MNR, Press release, (25/08/2013), “A New PSC” http://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/en/the-ministry/contracts/new-psc.html, (accessed: 08/10/2022). Hawrami, Ashti, (19/06/2013), “KRG oil policies produce real benefits and opportunities for Iraq’s citizens” http://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/en/press-releases/159-minister-hawrami-s-speech-at-london-oil-conference-krg-oil-policies-produce-real-benefits-and-opportunities-for-iraq-s-citizens.html, (accessed: 10/10/2022). KRG,MNR, Press release, (04/12/2012), “Oil and gas conference opens in Erbil, ‘exploration capital of the world” http://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/en/press-releases/147-oil-and-gas-conference-opens-in-erbil-exploration-capital-of-the-world.html, (accessed: 05/10/2022). المحكمة الاتحادية العليا، “تحكم بعدم دستورية قانون النفط والغاز لحكومة اقليم كردستان والغاءه”(١٥/٠٢/٢٠٢٢)، https://www.iraqfsc.iq/krarat/1/2012/59_fed_2012.pdf, (accessed: 10/10/2022). 10- یوتیوب،(٢٦/٠٩/٢٠٢٢)، “النفط اليوم وغدا.. أسعار مرتفعة وملفات شائكة في العاشرة مع كريم حمادي” https://www.youtube.com/watch?v=XI4R-dXkpG8” (متاح علی ١٣/١٠/٢٠٢٢). “Mazeel, Muhammed Abed, (2010), “Petroleum Fiscal Systems and Contracts”, Hamburg, DEU: Diplomica Verlag, P8. 12- “Production Sharing Contract, Shaikan Block, between the Kurdistan regional of Iraq and Gulf Keystone Petroleum International Limited and Texas Keystone Inc. and Kalegran Limited”,(06/11/2007), Page 66,68. Mezeel Mujammed Abed,Ibid, P18. PSC – Hillwood, (06/11/2007), “Production Sharing Contract, Sarsang Block, Kurdistan Region, between the Kurdistan region of Iraq and HKN Energy LTD” page 67-68. PSC – Hillwood,ibid, page 55 “Mazeel, Muhammed Abed,Ibid, P27. OPEC, (2003), “Monthly Oil Market Report”, https://www.opec.org/opec_web/en/publications/466.htm, (accessed: (11/10/2022). عبد المهدي حميد العميدي، (٢٠٠٨) “نظرة عامة على العقود النفطية لجوالت التراخيص في العراق”، صفحة٣. صباح الساعدي-عبد المهدي العميدي،(١/٨/٢٠٢٠) عقود التراخیص النفطیة مالها وما علیها، org/ar/عقود-التراخيص-النفطية-ما-لها-و-ما-عليها/، (متاح علی: ١٨/١٠/٢٠٢٢). “Technical Service Contract for Rumaila Oil Field” between South Oil Company of the Republic of Iraq and BP Iraq Limited and CNPC International (Iraq) limited and SOMO”, Article 19.2, page 33, (27/7/2009), https://s3.amazonaws.com/rgi-documents/24cf4f39ead2536ca9d94f5ad520a81cdb15ad38.pdf, (accessed: (15/10/2022). عبد المهدي حميد العميدي، مصدر السابق، صفحة ١. Deloitte, (20/06/2021), “Kurdistan Regional Government of Iraq Oil production, export, consumption and revenue for the year ended 31 December 2020”, https://gov.krd/english/information-and-services/open-data/deloitte-reports/deloitte-report-2020/ (accessed: 18/10/2022). Deloitte, (07/09/2022), “Kurdistan Regional Government of Iraq Oil production, export, consumption and revenue for the period 1 April 2022 to 30 June 2022” https://gov.krd/english/information-and-services/open-data/deloitte-reports/deloitte-report-2022/, (accessed: 18/10/2022)/ یادگار سدیق گەڵاڵی، فریا کاڵێ، (٢٠٢١)، “وردبوونەوە لە وردبینییەکەی دیلۆیت لێکۆڵینەوەی گرفتەکانی داهاتی نەوت لە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ٣ چارەکی ساڵی ٢٠٢٠”، هەولێر: کامبرج، ل٢٧. بتروتیم-القاسم، (٢٠١٧)، النرویج،”تقیم عوقد الخدمة النفطیة في العراق وتأثیر أسعار النفط”، الصفحة ٢٧. بتروتیم-القاسم، مصدر السابق، الصفحة ٢٨. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، (٢٥/٨/٢٠١٣)، http://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/ku/oil-ku/vision.html، (بەردەستە: ١٩/١٠/٢٠٢٢). Deloitte, (07/09/2022), ibids, accessed: (20/10/2022). ارتفاع انتاج العراق من النفط لأعلى مستوى منذ 33 عاما، (٥/٣/٢٠١٢)، https://www.bbc.com/arabic/business/2012/03/120305_iraq_oil، (متاح علی: ١٩/١٠/٢٠٢٢). OPEC, (2003), “Monthly Oil Market Report”, https://www.opec.org/opec_web/en/publications/338.htm, (accessed: (11/10/2022). United Nations, https://www.un.org/en/climatechange/paris-agreement, (accessed: 17/10/2022). O’Byrne, David (22/5/2020), “FEATURE: Turkey eyes leverage as it drags feet on Iran gas pipeline repairs”, https://www.spglobal.com/commodityinsights/en/market-insights/latest-news/oil/052220-feature-turkey-eyes-leverage-as-it-drags-feet-on-iran-gas-pipeline-repairs, (accessed: 16/10/2022). Dana Gas, (24/04/2021),” Dana Gas and Crescent Petroleum Resume Khor Mor Expansion Project”, https://www.danagas.com/media/press-releases/?cat=2021, (Access: (20/10/2022). You tube, (12/1/2021) “Gas in Iraqi Kurdistan: Market Realities, Geopolitical Opportunities” (accessed: 19/10/2022) *ماستەر لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز
راپۆرتی: درەو رۆژی 17ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك بە رۆژی ئاڵای كوردستان دیاریكراوە و پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە 48 ی رۆژی 19/6/2004 ئەو رۆژەی دیاریكردووە و ساڵی 1999ش یاسای ژمارە 4 بۆ ئاڵای كوردستان پەسەندكراوە و پێكهاتەی ئاڵای كوردستان رونكراوەتەوە. شێوەی ئاڵای كوردستان گۆڕاوە لە یاسای ژمارە ( 14 ) ساڵی 1999ی یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستانی عێراق كە پەرلەمانی كوردستان پەسەندیكردووە، ئاماژە بەوە كراوە ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی كوردستان " سەركردەی نەمر قازی محەمەد بەر لە شەهیدبوونی ئەو ئاڵایەی تەسلیم بەسەركردەی روحی هەمیشە زیندووی نەتەوەی كورد مستەفا بارزانی كردووە" بەڵام كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات، چونكە ئەو ئاڵایەی ئێستا زۆر جیاوازە لە ئاڵاكەی قازی محەمەد كە لە سەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد لە 16/12/1945 هەڵكراوە و لە بری خۆرەكەی ئێستا دوو گوڵە گەنم و قەڵەم و خۆرێكی تیایە و بەدەستكاریەكی كەمەوە لە ئاڵای سەردەمی پاشایەتی ئێران وەرگیراوە و قازی محەمەد تەنها شێرو خورشیدەكەی ناوی گۆڕیوە بۆ دوو گوڵە گەنم و قەڵەم و خۆرێك، ئەگەرنا تەختی ئاڵاكەو رەنگەكانی هەمان ئاڵایە، بەڵام ئەو ئاڵایەی ئێستا زۆر جیاوازە لەو ئاڵایەی قازی محەمەد. هەژاری موكریانی ( 1921 – 1991 ) لە شیعری ئاڵای كوردستاندا كە لە ژمارەی یەكی رۆژنامەی كوردستاندا لە 11/1/1946 بڵاوكراوەتەوە لە وەسفی ئاڵای كوردستاندا دەڵێت: بێ ببینێ ئەو كەسەی پێی وایە كورد سەرناكەوێ كێ بوو پێی وابوو تەمی نەگبەتی لەسەرمان ناڕەوێ داری ئاڵاكەم وەكو چقڵێكە بۆ چاوی عەدوو هەر دڵێ خۆشی نەوێ رەبی وەبەر خەنجەر كەوێ پارچەكەی سێ رەنگی خۆی دەنوێنێ رەنگی سور دەڵێ تا تنۆكێ خوێنی كورد مابێ قەدی من نانەوێ سپییەكەی مژدەی بەیانی بەختی كورد كرد بەیان رۆژی بەختی كوردی پەیدا بوو نەما پەردەی شەوێ دوو گوڵی گەنمی دەڵێ ئاگات لە رزقی خۆت بێ خۆت كە برسی بوو چی دوژمن پێی بژین لێرەو لەوێ پێو دەڵێ نوكی قەڵەم گەر ژینی خۆش و پێی دەوێ غەیری من دەست ناكەوێ بورجی تەرەقی پێش رەوێ رەنگی سەوزی یانی دایكی ( نیشتمان) لەو رۆكەوە جوان و سەرسەوزە وەرگیری كەوتەوە عومری نوێ لاوەكان ناموسی نۆ ملیۆنە ئەو ئاڵایەمان گیان بدەن بۆ حیفزی ئەو ناموسەتان لەمنوكەوێ بە هەموو پێوەرێك ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی كوردستان، تەواو جیاوازە لەو ئاڵایەی سەردەمی قازی محەمەد لە ساڵی 1946 كە لە كۆماری كوردستان لە مهاباد هەڵكراوە، بۆیە ئێستا پرسیارەكە لەسەر ئەوەیە كە ئایا ئەو ئاڵایە ئەگەر ئاڵاكەی سەردەمی قازی محەمەدە بۆچی دەستكاری كراوە، كێ دەستكاری كردووە، " ئەگەر قازی محەمەد بە ئەمانەت داویەتیە دەست مستەفا بارزانی" بۆچی ئەو ئاڵایەی ئێستا نیە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی زۆربەی سەرچاوە مێژووییەكان لەسەردەمی كۆتایی كۆماری كوردستان و دەستگیركردنی قازی محەمەد هیچ جۆرە بینینێك لە نێوان مستەفا بارزانی و قازی محەمەد روینەداوە و قازی محەمەد لە 23/12/1946 دەستگیركراوەو دوای زیاتر لە سێ مانگ لە 31/3/1947 لە سێدارە دراوە، لەو كاتانەشدا مستەفا بارزانی و بارزانییەكان لە مهاباد نەبوون لە شنۆ و نەغەدە نیشتەجێبوون، تەنانەت ( عەقید بەكر حەوێزی) كە ئەفسەر بووە لە سوپای كۆماری كوردستان و خەڵكی كۆیەیە لە كتێبەكەیدا بەناوی ( گەشتێك بە كۆماری مهاباددا) ئاماژە بەوە دەكات كە دواینجار كە پێكەوە لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی محەمەدیان بینیوە، هیچ ئەمانەتێكی نەداوە بە مەلا مستەفا تەنها بە منی ئەوی وتوە " ماشێنەكەی من بەرن و سودی لێ وەربگرن، منیش وتومە چاوم بەرایی نادات ماشێنی تۆ بەكاربهێنم و بۆ خۆت بیسوتێنە" بۆیە گەڕاندنەوەی ئەم ئاڵایەی ئێستا هەرێمی كوردستان بۆ ئاڵاكەی سەردەمی كۆماری كوردستان گومان و پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت. ئاڵای كوردستان لە هەرێمی كوردستان ئاڵای كوردستان لەهەرێمی كوردستانن ساڵی 1999 لەلاین پەرلەمانەوە كە ئەو كات تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەماندا بوو بە یاسایی كرا. بەپێی یاسای ژمارە ( 4 ) ساڵی 1999ی یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستانی عێراق كە لە پەرلەمانی كوردستان دەركراوە، لە مادەی یەكەمی یاساكەدا ئاماژە بەوە پێكهاتەی ئاڵای كوردستان كراوە كە : هەرێمی كوردستانی عێراق ئاڵایەكی دەبێت بە شێوەی لاكێشەیی كە پانیەكەی دوو لەسەر سێی درێژیەكەی دەبێت و دابەشكراوە بەسەر سێ لاكێشەی ئاسۆیی یەكسان لە درێژی و پانیدا و پێكهاتەكەی بەم شێوەیە دەبێت: 1- لاكێشەی سەرەوە رەنگی سورە هێمای شەهیدانی بزاڤی رزگاری خوازی كوردە. 2- لاكێشەی ناوەرسات رەنگی سپی دەبێت هێمای ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی و لێبوردنە كە خەڵكی كوردستان ئاواتە خوازیەتی. 3- خۆرێكی زەرد دەكەوێتە ناوەراستی لاكێشە سپییەكەوە چەقەكەی خاڵی یەكتربڕینی تیرەی لاكێشە سپیەكە دەبێت و تیرەی خۆرەكە ئەوەندەی پانایی لاكێشە سپیەكە دەبێت و ( 21 ) تیشكی لێوە دەردەچێت بە شێوەی سێ گۆشەی دولای یەكسان، خۆرە زەردەكە هێمای بەردەوام بونی ژیان و زانست و هێواو ئومێدەو 21 تیشكەكەشیش هێمای جەژنی نەورۆزە. 4- لاكێشەی خوارەوە سەوز دەبێت و هێمای كشتوكاڵ و سروشت و ژینگەی كوردستانە. لە مادەی سێیەمیشدا ئاماژە بەوە كراوە كە هەڵكردنی ئاڵاكە لە كاتی خۆرهەڵاتندا دەبێت و هاتنە خوارەوەشی لەكاتی خۆرئاوابووندا دەبێت. جیاوازی لەسەر ئاڵای كوردستان ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستان ئەم ئاڵایەی ئێستا بە یاسایی كراوەو لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەكاردەهێنرێت، بەڵام ئەو ئاڵایە لە رۆژئاوا و باكوری كوردستان بەكارناهێنرێت و لەوێ زیاتر ئاڵای سەردەمی ماد بەكاردەهێنن كە سێ رەنگە ( زەرد و سور و سەوز) بەو پێیەش كورد لە چوار پارچەكەی كوردستان لەسەر شێوازی ئاڵایەك رێكنەكەوتوون و جیاوازیان هەیە. پۆلێن كردنی مێژووی ئاڵای كورد: 1- ئاڵای كورد لە سەردەمی دەوڵەتی ماد (700 ساڵ پێش زایین): لە سێ رەنگ پێكهاتووە (زەرد و سور و سەوز) 2- ڕاپەڕینی بەتلیس لە ساڵی 1914 ئاڵایەكی هەبوو بە قوماشێكی زێڕین دروستكرابوو ئایەتێكی قورئانی تێدا بوو. 3- ئاڵای سەردەمی شێخ مەحمود لە ساڵی 1919 لەسەر باڵەخانەی ئەفسەری سیاسی بەریتانیا هەڵكرا كە بریتی بوو لە مانگێكی سور و ڕووبەرێكی سەوز. 4- ئاڵای سەردەمی شۆڕشەكەی سمكۆی شكاك لە ساڵی 1922 هەڵكرا تیایدا نوسرا بوو كوردستانی ئازاد . 5- شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 ئاڵایەكی هەبوو ڕەنگی سەوز بوو ڕۆژێك لە ناوەڕاستیدا بوو. 6- ئاڵای كورد لە كۆماری ئارارات 1927 – 1930: لە سێ رەنگی ( سور و سەوز و سپی و ناوەڕاستەكەشی بازنەیەكی زەردو و شاخێكی تیایە). 7- لەسەردەم كۆمەڵەی هیوا لە ساڵی 1937 ئاڵایەكیان هەبوو، ئەندامانی ئەم كۆمەڵەیە بە قورئان و خەنجەر و ئاڵا دەبوو سوێندبخۆن. 8- حزبی ئازادی كوردستان لە ساڵی 1938 دەمەزرا، ئاڵایەكەیان بریتی بوو لە دوو خەنجەر و سێ ئەستێرە. 9- بۆ یەكەمجار لەسەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستاندا لە مهاباد لە رۆژی 16/12/1945 لە گۆڕەپانی چوارچرا یەكەمین ئاڵا هەڵكرا تاوەكو ئێستا وەك ئاڵای كورد ماوەتەوە. 10- ئێستاش ئاڵای كوردستان بەرەسمی لە پەرلەمانی كوردستان بە یاساییكراوەو لە رەنگەكانی ( سور و سپی و سەوز ) پێكهاتووەو ناوەڕاستەكەشی خۆرێكی تیایە. ئاڵای كوردستان لە شیعری كوردیدا ئاڵا یەكێكە لەو هێما نەتەوەییانەی كە شاعیرانی كورد بایەخێكی فراوانیان پێداوە و لەروانگەی جیاوازەوە لە شیعرەكانیاندا بەرجەستەیان كردووە. لێرەدا بە كورتی و چەند نمونەیەك ئاماژە پێدەدەین: عەلی هەریری (1530 – 1600): سەبیدی حەق نەزەر ڤێرا د ئیقلیمان عەلەم گیرا ئەحمەدی خانی (1650– 1707: من دی عەلەما كەلامێ مەوزون عالی بكرا ل بانی گەردوون مەلای جزیری (1567 -1640): رایەتا فەتحی بە نەسرا (لم یرل) مەنشوور بوو شەهسواری فەردێ سوبحانی عەلەمدارێ تەبی (مستەفا بەگی كوردی 1809 – 1849) دڵ بوو؟ بردی ، عەقڵ ودین و ئابڕوو بوو ؟ لێی سەندم بۆیە، نابووت، تەپڵی، تەپڵی سەر، لە دەس ئاڵا دەكا خانای قوبادی (1704 – 1778): مەهدی لە مەككەیێ دەردێ ئاڵای تەبیبی لە بۆدێ نالی (1797 – 1855): وا چاكە خەیاڵت لەگەڵ ئەسراری هودابێ نەك بەحسی سروور و عەلەمی بادی هەوا بێ حاجی قادری كوێی (1815 -1897): بەشیر و خامە دەوڵەت پایەدارە ئەمن خامەم هەیە شیر نادیارە نە بەیداغی هەیە نە تەپڵ و كورسی ئەمەندەی پێ كرا بێ چارەنووسی ئاڵا لە شیعری نوێی كوردیدا: شێخ نوری شێخ ساڵح (١٨٩٦- ١٩٥٨) لەشیعری (شیوەنی شێخ مەحمودی سەرۆك)دا دەڵێ: هەزاران روحی جۆشانی وەتەن خواهانی كوردستان لەسەر تابووتەكەی وەستاوە بۆ تەشیعی جوسمانی بەسەر سەیارەوە بەیداخی رەش ئەشنێتەوە دایم جلی ڕەش بوەتە مۆدە بۆ هەموو خەڵقی سلێمانی كانی (١٧٩٧- ١٩٧٥): بەشەر ئیللا بە كۆشش بەرز ئەكا بەیداغ و رەمزی خۆی موحەققەق تەمبەڵی و سستی پەشیمانی لەگەڵ دایە قانیع (١٨٩٩- ١٩٦٥)، لە ساڵی ١٩٤٦ و لەكاتی هەڵكردنی ئاڵای كۆماری كوردستان، نامە شیعرێك دەهۆنێتەوە و بۆ(بێكەس)ی شاعیری دەنێرێت، كە تیایدا دەڵێت: ئەلحەمدولیلا ئاڵا هەڵكرا ماوەی ئەهلی دڵ ئەمڕۆكە درا هەركەس لەهەرلا وڕ و سەرسامە راكا ئەم ئاڵا كۆگای مەرامە جگەر خوێن (١٩٠٣- ١٩٨٤): وەرە خوشكێ تو زوو ڕابە دشەڕدا رەنگێ شێرابە بەری ئاڵا مەیە رەنگن ل سەر شاخان تە هلدا بی دڵداری شاعیر (1918 -1948) كە خاوەنی سرودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب)ە و هەر لەنێو ئەو سرودەدا باس لە ئاڵای كوردستان) دەكات و دەڵێت: كەس نەڵێ كورد مردووە كورد زیندووە زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاكەمان سەید كامیلی ئیمامی " ئاوات " (1903 – 1989) لە شیعرێكدا بەناوی (ئاڵا) دەڵێ: لەو پارچە سێ ڕەنگەی وەك باڵی هومای ئاڵا هەودایەكی لێ بووە، فەوری لە ملم ئاڵا تەعریفی نییە ئاڵا، ئاڵایەكی ڕەنگینە سوور و سپی و سەوزە، ڕۆح حازرە بەسەودا كامەران موكری (1929 – 1986) لە شیعرێكیدا بە نێوی (بۆ قازی محەمەد) دوای لەسێدارەدانی پێشەوا بە حوزنێكی قوڵەوە لەو كارەساتە دەدوێت و ئاوا باس لە(ئاڵا) دەكات: ئاڵای كورد لە دڵ و چاوا لە كەژا جۆگەی خوێناوا بۆ ئەم گەلەی هی تۆ و منە وردە وردە كەوتە شنە عەبدوڵڵا پەشێو لە (دوازدە وانە بۆ منداڵان)دا، وانەی یازدەمی تایبەت كردووە بەئاڵا و دەڵێت: مناڵەكان! ئەی بێلانە ژین تاڵەكان، شەو لە خەوما ڕێبوارێك بووم بۆ بارەگای (یوتان) دەچووم كە دەروازەكەی قووتی دام ڕەشم بینی ـ ئاڵای هەبوو، سپیم بینی ـ ئاڵای هەبوو، هەرچیم بینی ـ ئاڵای هەبوو، قیژاندییان: “ئەی بێ وڵات، بۆ دەرەوە! ئەی بێ ئاڵا، بۆ دەرەوە!” منیش گوتم: “مەقیژێنن! كە دەچمەوە، ئەم چیرۆكە بۆ منداڵان دەگێڕمەوە!
درەو: ئارام جەمال، توێژەرو دیزاینەری سیستمەكانی هەڵبژاردن پێشەكی رۆژی ١٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢١ خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەر رۆشنایی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠دا بەڕێوەچوو. بەپێی ئەم یاسایە سەرتاسەری عێراق كرایە (٨٣) بازنەی هەڵبژاردن و هەر چوار پارێزكاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە) بەسەر (12) بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكرا. سێ ساڵ بەر لەو بەروارە و بە دیاریكراوی لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨دا هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، ئەم لێكۆڵینەوەیە هەوڵدەدات ئەوە بخاتەڕوو كە لە دوا هەڵبژاردنی عێراقدا حزبە كوردییەكان لە سنوری هەریەك لەو پارێزگایانەی هەرێمی كوردستاندا چەند دەنگیان هێناوە و رێژەی دەنگدانیان تێیدا چەند بووە بۆ ئەوەی دەرگای بەراوردكاری بكاتەوە لەگەڵ ئەنجامەكانی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا (2018)، بەمەش راپۆرتەكە وەڵامی ئەم دوو پرسیارەی خوارەوەمان دەستدەخات سەبارەت بەوەی كە : • ئایا ژمارەی ئەو دەنگانەی هەریەك لە حزبە كوردییەكان لەنێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا بەدەستیانهێاوە زیادی كردووە یان دابەزیوە؟! • ئایا رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لەنێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا بە چ ئاڕاستەیەكدا رۆیشتووە، بەرزبۆتەوە یان دابەزیوە؟ ئەو دەرەنجامانەی لێكۆڵینەوەكە پێیگەیشتووە تارادەیەك دۆخی هەڵكشان و داكشانی دەنگی حزبە كوردییەكان و ئاستی رێژەی دەنگدان نیشاندەدات، كە دەتوانرێت وەك تووڵ و ئامرازێك ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانی پێبخوێنرێتەوە، دیارە ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جیاوازییەی كە سیستمی هەڵبژاردنەكە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا زۆرینەی یەكدەنگی نەگوێزراوەیە بەڵام سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەتا كاتی نوسینی ئەم راپۆرتە، لیستی نوێنەرایەتی رێژەییە، كە ئەمەش كاریگەرییەكی كەم دادەنێت لەسەر ئەنجامەكان بەڵام دیسانەوە بەشیوەیەكی زۆر نییە. پارێزگای هەولێر (٤) بازنەی هەڵبژاردن • بازنەی یەك: (چۆمان و سۆران و شەقلاوە) • بازنەی دوو: (دەشتی هەولێر، كۆیە، خەبات) • بازنەی سێ: (رۆژئاوای هەولێر) • بازنەی چوار: (رۆژهەڵاتی هەولێر) كۆی ژمارەی دانیشتوان: (1903609) كۆی ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە: (1228030) كۆی ژمارەی دەنگی دروست (441723) رێژەی دەنگدان: (36%) كۆی ژمارەی كورسی گشتی: 15 كورسی كورسی تەرخانكراوی كۆتای پێكهاتەكان: 1 كورسی بۆ مەسیحی كۆی ژمارەی حزبە بەشداربووەكان: (15) (8 حزب بۆ كورسی گشتی + 7 حزبی پێكهاتەی مەسیحی) كۆی ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی حزبەكانی سنوری پارێزگای هەولێر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (10-10-2022) پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (5) بازنەی هەڵبژاردن • بازنەی یەك: (باكوری سلێمانی، شارباژێڕ) • بازنەی دوو: (باشوری سلێمانی، قەرەداغ) • بازنەی سێ: (هەڵەبجە، سەیدسادق، پێنجوێن و شارەزوور) • بازنەی چوار: (پشدەر، رانیە، دوكان) • بازنەی پێنج: (كەلار، كفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ، خانەقین) كۆی ژمارەی دانیشتوان: (2219193) كۆی ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە: (1361971) كۆی ژمارەی دەنگی دروست (409784) رێژەی دەنگدان: (31%) كۆی ژمارەی كورسی گشتی: 18 كورسی كۆی ژمارەی حزبە بەشداربووەكان: (12) كۆی ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی حزبەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (10-10-2022) پارێزگای دهۆك (5) بازنەی هەڵبژاردن • بازنەی یەك: (دهۆك، ئامێدی) • بازنەی دوو: (زاخۆ، سێمێڵ) • بازنەی سێ: (ئاكرێ، بەردەڕەش) كۆی ژمارەی دانیشتوان: (1327188) كۆی ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە: (827658) كۆی ژمارەی دەنگی دروست (395977) رێژەی دەنگدان: (48%) كۆی ژمارەی كورسی گشتی: 11 كورسی كورسی تەرخانكراوی كۆتای پێكهاتەكان: 1 كورسی بۆ مەسیحی كۆی ژمارەی حزبە بەشداربووەكان: (10) (5 حزب بۆ كورسی گشتی + 5 حزبی پێكهاتەی مەسیحی) كۆی ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی حزبەكانی سنوری پارێزگای دهۆك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (10-10-2022) كۆی ژمارەی دەنگی بەدەستهاتووی حزبە كوردییەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان • كۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان: (5,449,990) • كۆی ژمارەی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستاندا مافی دەنگدانیان هەیە: (3,417,659) • كۆی ژمارەی دەنگی دروست: (1,198,092) • رێژەی دەنگدانی سەرتاسەری: (37.6%) دەرەنجام: یەكەم: لە نێوان هەردوو هەڵبژاردنی (2018) و (2021)دا، رێژەی دەنگدان لە هەرێمی كوردستاندا (18%) دابەزیوە، بە بەڵگەی ئەوەی لە پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، كە لە )30 ئەیلولی 2018(دا بەڕێوەچوو، رێژەی دەنگدان (56%) بوو، بەڵام ئەم رێژەیە لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا (ئۆكتۆبەری 2021) دابەزیوە بۆ (38%). دووەم: هەر سێ حزبی پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی ئەیلولی 2018 ژمارەی دەنگەكانیان زۆر دابەزیوە: - پارتی (110) هەزار و (118) دەنگ كەمیكردووە. - یەكێتی (105) هەزار و (345) دەنگ كەمیكردووە. - گۆڕان (164) هەزار و (812) دەنگ كەمیكردووە سێیەم: نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی بەراورد بە هەڵبژاردنی ئەیلولی 2018 ژمارەی دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنی (2021)دا بەرزبۆتەوە: - نەوەی نوێ (77) هەزار و (260) دەنگی زیادیكردووە. - یەكگرتووی ئیسلامی (28) هەزار و (529) دەنگ زیادیكردووە. چوارەم: ژمارەی دەنگەكانی كۆمەڵی دادگەری (45) هەزار و (469) دەنگ كەمیكردووە. پێنجەم: ئاستی بەشداریكردنی دەنگدەران لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە نێوان هەردوو هەڵبژاردنی (2018) و (2021)دا بەم رێژانەی خوارەوە دابەزیوە: - پارێزگای هەولێر بە رێژەی (25%) دابەزیوە. - پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بە رێژەی (28%) دابەزیوە. - پارێزگای دهۆك بە رێژەی (16%) دابەزیوە.
راپۆرت: درەو پردی (توەقوت) لە هەڵەبجە نمونەی یەكێك لەو پرۆژانەیە كە بەدەست كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە مرداربوەتەوە، ماوەی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دوو ساڵ دەخایەنێت، بەڵام زیاتر لە سێ ساڵە بڕیاری لێدراوەو جێبەجێ نەكراوە، (درەو) راپۆرتێكی چاودێری دارایی دەستكەوتووە كە دەریدەخات، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە بەدەر لە پرۆسەی تەندەرین هاوكاری ئەو دوو كۆمپانیایەی كردووە كە پرۆژەكەیان بۆ دەرچووە، چاودێری دارایی گومانی لەمە هەیەو داوای دروستكردنی لیژنە دەكات لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران. وردەكاری راپۆرتی چاودێری دارایی لەبارەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو پردەكەی توەقوت لەم راپۆرتەدا. چاودێری دارایی داوای لیژنەی لێكۆڵینەوە دەكات رۆژی 23ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ فەرمانگەی وردبینی پارێزگای سلێمانی كە سەربە (دیوانی چاودێری دارایی)ە لەسەر داوای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستبەكاربووە بۆ وردبینیكردن لە پرۆژەی (دروستكردنی رێگای هەڵەبجە- توەقوت- قلیجە)و پرۆژەی (پردی توەقوت) لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە. تیمەكەی چاودێری دارایی دوای تەواوكردنی وردبینییەكەی لەبارەی پرۆژەكەوە داوا دەكات (لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیرانو بە ئامادەبوونی نوێنەری داواكاری گشتیی، لیژنەیەكی پسپۆڕ پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینەوە لە ئیحالەكردنی پرۆژەكە بۆ دوو كۆمپانیاو ئەو سەرپێچییانەی كە كراون، پاشان سەرپێچیكاران دیاری بكرێنو رێكاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر). تەندەرەكە بۆ كێ دەرچوو ؟ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بڕی (30 ملیارو 345 ملیۆنو 547 هەزار) دیناری تەرخانكردووە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی (رێگای هەڵەبجە- توەقوت- قلیجە)و دروستكردنی هەردوو پردی (توەقوتو سازان). بەگوێرەی راپۆرتی چاودێری دارایی (10) كۆمپانیا بەشدارییان كردووە لە كەمكردنەوەی تایبەت بە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە، پاش پشكنینی بەرایی تەندەرەكان (3) كۆمپانیا دورخراونەتەوە كە بریتی بوون لە كۆمپانیاكانی (پەری شاد)و (MICG- میهرەبان)و (كارڤان رۆد). نرخی تەندەری هەرسێ كۆمپانیای یەكەمو دووەمو سێیەم، پاش پشكنینی وردی تەندەرەكان بەمشێوەیە بوون: رۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2021، تەندەرەكان كراونەتەوە، لیژنەی شیكردنەوە پێشنیازی كردووە جێبەجێكردنی پرۆژەكە بدرێت بە هەردوو كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر) بەهۆی ئەوەی كەمترین نرخیان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە پێشكەشكردووە كە بڕی (28 ملیارو 74 ملیۆنو 970 هەزار) دینار بووە. لەسەر ئەم بنەمایە، رۆژی 11ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە پرۆژەكەی ئیحالەی هەردوو كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر) كردووە، لەم تەندەرەدا (ساكۆ) رێژەی 65%ی هەیەو (سەرسیر) رێژەی 35%و پێكەوە ئەنجامی دەدەن. وەزارەت نرخی تەندەری بۆ كۆمپانیاكە گۆڕیوە ! ئەوەی چاودێری دارایی لە وردبینییەكەیدا تێبینی كردووەو تۆماریكردووە، بابەتی دەستكاریكردنی نرخی جێبەجێكردنی پرۆژەكەیە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ ئەو كۆمپانیای كە تەندەرەكەی بۆ دەرچووە. بەگوێرەی راپۆرتی چاودێری دارایی، دوای زیاتر لە سێ مانگ لە ئیحالەكردنی پرۆژەكە بۆ ئەو كۆمپانیایەی تەندەرەكەی بۆ دەرچووە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە رۆژی 27ی نیسانی ئەمساڵدا نوسراوێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووەو داوای كردووە رەزامەندی بدەن لەسەر ئەوەی كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر) پرۆژەكە بەبێ جێبەجێكردنی (پردی سازان) ئەنجام بدەن، بەڵام بەهەمان نرخی خەمڵێندراوی حكومەت بۆ پرۆژەكە كە بڕەكەی (30 ملیارو 345 ملیۆنو 547 هەزار) دینارە. وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لەسەر داوای كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر) دروستكردنی پردی سازانی لە پرۆژەكە دەركردووە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی كۆمپانیای جێبەجێكار دەڵێ "زیاتر لە چوار مانگ تێپەڕیوە بەسەر پێشكەشكردنی تەندەرەكەیو نرخ لە بازاڕدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو كۆمپانیا هۆكار نەبووە لە دواكەوتنی پرۆسەی واژۆكردنی گرێبەستەكە لەكاتی خۆیدا، بۆیە ئەمە ناچێتە خانەی پاشگەزبوونەوە". رۆژی 4ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دوای وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، كۆمپانیای (ساكۆو سەرسیری) ئاگاداركردووە كە پرۆژەكەیان بە هەمان نرخ پێ سپَردراوە بەبێ (پردی سازان). چاودێری دارایی دەڵێ ناوەڕۆكی نوسراوەكەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بەو مانایە دێت "پرۆسەی تەندەرینەكە كاری پێنەكرێتو راستەوخۆ پرۆژەكە لەلایەن ئەو دوو كۆمپانیاوە بە نرخی خەمڵێندراو جێبەجێ بكرێت". وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بەبەهانەی ئیمزا نەكردنی گرێبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەگەڵ كۆمپانیاكە، جێبەجێكردنی پردی (سازان) لە تەندەرەكە لابردووە، بەبێ ئەوەی روونی بكاتەوە بۆچی لەكاتی خۆیدا گرێبەستەكە ئیمزا نەكراوە، ئەمە جێگەی سەرەنجی چاودێری داراییە، چونكە: • لە ئەنجامی ئەم گۆڕانكارییەدا كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كردویەتی (واتا دەركردنی پردی سازان) لە تەندەرەكە، نرخی جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر)ەوە زیاتر بووە لەو نرخانەی كە لە تەندەریندا هەردوو كۆمپانیای دووەمو سێیەم پێشكەشیان كردووەو بۆیان دەرنەچووە. كۆمپانیای دووەم كە كۆمپانیای (سەلام تالب فەرەج)و تەندەرینەكەی بۆ دەرنەچووە، بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە بە پردی سازانیشەوە بڕی (29 ملیارو 533 ملیۆن) نرخی پێشكەش كردووە، كۆمپانیای سێیەمیش كە (كۆمپانیای هەڵەبجە- رێنوار)ەو بە هەمان شێوە بۆی دەرنەچووە، بڕی (29 ملیارو 562 ملیۆن) دینار نرخی پێشكەش كردووە. پێشینەو دەستەبەری بانكی بابەتێكی تری گرێبەستی (توەقوت ) كە جێگای سەرەنجی چاودێری داراییە، لەو گرێبەستەی كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار كردویەتی، ئاماژە بەوە كراوە لایەنی یەكەم واتە (حكومەت) دەبێت بەرێژەی 20%ی گوژمەی گرێبەستەكە پێشەكی بدات بە (كۆمپانیا)ی جێبەجێكار، چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە پێچەوانەی رێنمایی جێبەجێكردنی بودجەیە كە رێژەی 10%ی گوژمەی گرێبەستی وەكو پێشەكی دیاری كردووە. لەپاڵ ئەمەدا، چاودێری دارایی تێبینی ئەوەی كردووە، كۆمپانیای جێبەجێكار 15 رۆژ پێش پێشكەشكردنی پێشینەی یەكەمی پرۆژەكە، گرەنتی باش جێبەجیێكردنی پرۆژەكەی پێشكەش نەكردووە كە بریتییە لە دەستەبەری بانكی (خگاب چمان حسن التنفیژ)و ئەمە یەكێكە لە مەرجەكانی گرێبەستی پرۆژەكان. زیادكردنی گوژمە بەبێ رونكردنەوە لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانكردنەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە 28ی تەموزی ئەمساڵدا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر زیادكردنی بڕی (2 ملیارو 664 ملیۆنو 370 هەزار) دینار بۆسەر گوژمەی گشتی پرۆژەكە، بەمەش تێكڕای گوژمەی جێبەجێكردنی پرۆژەی رێگاو پردی توەقوتو پردی سازان بۆ (30 ملیارو 345 ملیۆنو 547 هەزار) دینار بەرزبوەتەوە، ئەوەی جێگەی سەرەنجی چاودێری دارایی بووە، لەم رەزامەندبوونەی سەرۆكی حكومەتدا بۆزیادكردنی گوژمەی پرۆژەكە ئاماژە بەوە نەكراوە (جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەلایەن ئەو دوو كۆمپانیاوە بەدەرە لە رێنماییەكانی كەمكردنەوە). پردێك لەنێوان دوو كابینەدا كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد لەدواین رۆژەكانی تەمەنی خۆیدا، رەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانكردنی بڕی (8 ملیارو 450 ملیۆن) دینار بۆ دروستكردنی پردی (توەقوت) لەسەر رووباری سیروان، ئەوكات كە ئەم بڕیارە دەرچوو (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) وەزیری ئاوەدانكردنەوە بوو. دروستكردنی ئەم پردە یەكێكە لە داواكارییە لە مێژینەكانی خەڵكی پارێزگای هەڵەبجە، چونكە پردەكە هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە دەربەندیخانو لە داهاتوودا ئاسانكاری دەكات بۆ جوڵەی بازرگانی لەنێوان هەڵەبجەو ناوچەی گەرمیان، لەلایەكی ترەوە دروستكردنی ئەم پردە سودێكی ئابوری تایبەتی بۆ خەڵكی ناحیەی (بەمۆ)ی سەربە پارێزگای هەڵەبجە دەبێتو گاریگەری دەبێت لە كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر رێگای هەڵەبجە- سەیدسادق، ئەمە سەرباری سودەكانی لەڕووی گەشتیارییەوە بۆ ناوچەكە، كە هەموو ئەمانە لەتوانایاندایە هەڵەبجە لە ناوچەیەكی چەپەكەوە بگۆڕێت بۆ سنورێكی پڕ جموجوڵی ئابوریو بازرگانیی. كابینەی هەشتەم رۆژی 1ی تەموزی 2019 بڕیاری تەرخانكردنی پارەی بۆ دروستكردنی ئەم پردە دەركردو دوای 10 رۆژ دەسەڵاتی رادەستی كابینەی نۆیەم كرد بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، كابینەی نۆیەم لە 10ی تەموزی 2019 سوێندی یاسایی خوارد، (دانا عەبدولكەریم) لە بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی وەرگرت، واتە پردی (توەقوت) پرۆژەی كابینەی هەشتەمەو رادەستی كابینەی نۆیەم كراوە. ماوەی سێ ساڵەو پێنج مانگە پارە بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخانكراوەو هێشتا جێبەجێ نەكراوە، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی جێبەجێكردنە پرۆژەكە بە (2 ساڵ) دیاریكراوە. دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، جارێكی ترو لە شوباتی 2020دا بودجە بۆ پرۆژەكە تەرخانكرایەوە، بەڵام بانگەواز بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە كەوتە رۆژی 14ی ئۆكتۆبەری 2021ەوە. ئەنجومەنی وەزیرانی لە 27ی شوباتی ئەمساڵدا گوژمەی پرۆژەكەی لە (8 ملیارو 450 ملیۆن) دینارەوە زیادكرد بۆ (27 ملیارو 682 ملیۆن) دینار، دواترو لە 27ی تەموزی ئەمساڵدا بڕی (2 ملیارو 664 ملیۆنو 370 هەزار) دیناری تر بۆ گۆژمەی پرۆژەكە زیادكراوەو تێكڕای بودجەكەی بووە بە (30 ملیارو 345 ملیۆنو 574 هەزار) دینار. 21ی تشرینی دووەمی 2021 پێشنیازی ئەوە كراوە پرۆژەكە ئیحالەی ئەو دوو كۆمپانیایە بكرێت كە تەندەرەكەیان بۆ دەرچووە، بەڵام دوای نزیكەی ساڵێكو لە 29ی ئەیلولی ئەمساڵدا وەزارەت گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ساكۆو سەرسیر) ئیمزا كردووە. رۆژی 14ی ئەیلولی ئەمساڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی رایگەیاند، لە ئایندەیەكی نزیكدا بەردی بناغەی پرۆژەی پردی (توەقوت) دادەنرێت، بەپێی قسەی كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بڕیار بووە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەردی بناغەی پرۆژەكە دابنرێت، بەڵام بەهۆی كێشەی نێوان پارتیو یەكێتییەوە دواخراوە بۆ كاتێكی نادیار. لەپاڵ كێشەی پارتیو یەكێتی، جێگری پارێزگای هەڵەبجە، كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكەش بە كەمتەرخەم ناودەبات كە نەهاتووە بۆ ئەوەی پێگەی ئەنجامدانی پرۆژەكە وەربگرێت، بۆ ئەمەش وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كەمتەرخەمی كردووەو لێپرسینەوەی لە كۆمپانیاكە نەكردووە.
(درەو): كرێی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا مانگانە (80 ملیۆن) دۆلار لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێت، تەنیا خەرجی موچەی وەزارەتی كارەبا مانگانە (17 ملیار) دینارە، خەرجی خەڵك بۆ كڕینی كارەبا لە مۆلیدە ئەهلییەكان مانگانە زیاتر لە (70 ملیار) دینارە، بە كرێی بەرهەمهێنانی كارەبای حكومەتو خەرجی كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكانەوە مانگانە بە تێكڕا لە هەرێم نزیكەی (200 ملیار) دینار لە كارەبادا خەرج دەكرێت، بەم دۆخەشەوە ئێستا حكومەت تەنیا (7) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی پێ دابین دەكرێت، بەپێچەوانەی پێشبینییەكانەوە لەدوای بەستنی (پێوەری زیرەك)ەوە پێدانی كارەبا بەرێژەی (56%) كەمیكردووە. خواست لەسەر كارەبا بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەكانی وەزارەتی كارەبا، ئێستا (3600) مێگاوات كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام خواست لەسەر كارەبا بۆ زیاتر لە (6600) مێگاوات بەرزبووەتەوە. لەكاتێكدا سایتی فەرمی وەزارەتی كارەبا لەسەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاند" لە كابینەی نۆیەمدا (615) مێگاوات كارەبا زیادیكردووە"و رۆژانە وێستگەی كارەبا دەكرێتەوەو باس لە زیادبوونی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكرێت، بەڵام ئێستا رۆژانە تەنیا (7) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دابین دەكرێت. پێوەری زیرەك پێدانی كارەبای كەمكردوەتەوە ! ئایاری ئەمساڵ وەفدێك لە كۆماری (كۆنگۆ)وە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، وەفدەكە (كەمال محەمەد) وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بینی، وەزارەتی كارەبا لەبارەی ئەم دیدارەوە رایگەیاند، وەفدەكەی كۆنگۆ هاتوون بۆ ئەوەی سود لە ئەزمونی (پێوەری زیرەك)ی هەرێمی كوردستان وەربگرن. ئەوكات وەزارەتی كارەبا باسی لەوە دەكرد، بەهۆی پرۆژەی (پێوەری زیرەك)ەوە رێژەی بەفیڕۆچوونی كارەبای لە 49%ەوە بۆ 39% كەمكردوەتەوە، بانگەشەی وەزارەت بۆ پێوەری زیرەك بەوشێوەیە بوو پێوەرەكە ماوەی 2 بۆ 3 كاتژمێری كاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر بكات لەوەی كە هەیە. كەمال محەمەد وەزیری كارەبایە لەسەر پشكی پارتی، ئەم پیاوە بەمدواییە وەزارەتێكی تریشی وەرگرت، بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی كەمال ئەتروشییەوە بە وەكالەت كراوە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان، واتە لە یەككاتدا دوو وەزارەتی هەستیار بەڕێوەدەبات، كە هەردووكیان چەندین ساڵە گلەییو ناڕەزایەتییان لەسەرە. ئێستا لە هەرێمی كوردستان (ملیۆنێكو 776 هەزارو 963) هاوبەشی كارەبا هەیە، لەم رێژەیە (ملیۆنێكو 300 هەزار) هاوبەش پێوەری زیرەكی كارەبایان بەستووە، كە دەكاتە رێژەی (73%)ی تێكڕای هاوبەشەكانی كارەبا، سەرباری زۆری ژمارەی ئەوانەی پێوەری زیرەكیان بەستووە، بەڵام كاتی پێدانی كارەبای نیشتمانی ئێستا لە (16) كاتژمێرەوە بۆ (7) كاتژمێر كەمیكردووە، واتا بەپێچەوانەی لێدوانەكانی وەزارەتی كارەباوە، پێوەری زیرەك كاتی پێدانی كارەبای نیشتمانی بەڕێژەی (56%) كەمكردوەتەوە. داهاتو خەرجی كارەبا لە هەرێمی كوردستان داهاتێكی زۆر لە كارەبادا خەرج دەكرێت، بەجۆرێك ئێستا مانگانە زیاتر لە (80 ملیۆن) دۆلار بۆ ئەو كۆمپانیایانە خەرج دەكرێت كە كارەبا بەرهەمدەهێنن. لەپاڵ خەرجی بەرهەمهێنانی كارەبادا، كۆی خەرجی مانگانەی موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا (17 ملیارو 850 ملیۆن) دینارە، ئەمە سەرەڕای ئەو پارەیەی هاوڵاتیان مانگانە خەرجی دەكەن بۆ كڕینی كارەبا لە مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان. لە هەرێمی كوردستان ژمارەی هاوبەشانی كارەبا بۆ (ملیۆنێكو 776 هەزارو 963) هاوبەش زیادیكردووە، ئەگەر بە تێكڕا (4) ئەمپێر بۆ هەر خێزانێك لە كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان ئەژمار بكرێتو نرخی هەر ئەمپێرێكیش بە (10 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، ئەوا هەر خێزانێك مانگانە بەتێكڕا (40) هەزار دینار پارە لە كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكاندا خەرج دەكات، تێكڕای خەرجی هاوڵاتیان بۆ كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان مانگانە دەگاتە (71 ملیار) دینار. بەو پێیەش كۆی خەرجی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەوەی حكومەت دەیداتو بەوەشەوە كە هاوڵاتیان دەیدەن بە كرێی مۆلیدە، مانگانە زیاترە لە (200 ملیار) دینارە. ئەم خەرجییە لەكاتێكدایە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كارەبا، داهاتی كرێی كارەبا مانگانە نزیكەی (50 ملیار) دینارە، ساڵی رابردوو كۆی گشتی داهاتی كارەبا بڕەكەی (456 ملیار) دینار بووە، ئێستا نزیكەی (تریلیۆنێكو 298 ملیار) دینار قەرزی كارەبای حكومەت لای هاوڵاتیانەو حكومەت خۆشی بڕی (3 ملیارو 883 ملیۆن) دۆلار قەرزاری كۆمپانیاكانە. راپۆرتی پەیوەندیدار كەرتی تایبەت كێشەی كارەبا كۆتایی پێدێنێت؟ پێوەری زیرەك پێدانی كارەبای كەمكردەوە
درەو: ئامادەكردنی: ئەنوەر كەریم لەدوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانی ئەمجارەی شارەكانی ئێرانەوە دراوی ئێرانی (14%) بەهاكەی لەدەستداوە، هەڵاوسانی ئابوری گەیشتووەتە زیاتر لە 50%، زۆرترین كاریگەری لەسەر توێژەكانی خوارەوەی كۆمەڵگە درووستكردووە, بێكاری لەناو گەنجاندا دەگاتە (77%) واتا زیاتر لە (7) ملیۆن كەس بێكارن، زیاتر لە (30) ملیۆن هاوڵاتی هەژارن، ژیانی خەڵكی لەوپەڕی خراپیدایە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانی ئەمجارە جیاوازن تەنیا خۆیان لە كێشە ئابورییەكاندا نابیننەوە، ئێستا خەڵكی ئێران باوەڕیان بە دونیا بینینی سەركردەكانیان نەماوە لە بەڕێوەبەردنی وڵاتدا، ناتوانن كێشە ئابورییەكانی ئێران چارەسەر بكەن و وڵات بەرەو پێشەوە بەرن ناڕەزاییەكان جیاوازن دوای كوژرانی (ژینا ئەمینی) تەمەن 22 ساڵی خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تاران بەدەستی پۆلیسی ئاكار، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لەسەرتاسەری ئیراندا سەری هەڵدا، ئەویش دوای ئەوەی حكومەتی ئێران شكستی هێنا لە كپكردنی هەواڵەكانی كوژرانی ( ژینا ئەمینی ) لە 16 – ئەیلولی رابردوودا ، لە ساڵی 2017 وە هەموو ساڵێك خۆپیشاندانی گەورە لە شارەكانی ئێرانداكراون بەڵام دوای چەند ڕۆژێك سەركوتكراون، خۆپیشاندانی ئەمجارە لەچەندین رووەوە جیاوازە: • بەردەوامی خۆپیشاندانەكان • فراوانی جوگرافیای خۆپیشاندانەكان گەورەیە • بنكەیەكی فراوانتری خەڵكی لە دەوركۆبۆتەوە لە خۆپێشانەدانەكانی ئێستای ئێران داخوازیەكانیان گۆڕاوە ، بەراورد بە ناڕەزایەتیەكانی پێشووتر، پێشتر تر زیاتر كێشە ئابوریەكان بوو لەگەڵ گٶڕانكاری لە بەڕیوەبردنی سیستەمەكەدا بوو . بەڵام ئێستا داواكاریەكان بۆ گۆڕانكاری لە دەسەڵات و تەنانەت رووخانی دەسەڵاتیشە لە ئێران. كێشەی ئابوری لە ئێران بووەتە نەخۆشیەكی درێژخایەن و جێگەی سەرنجی ئێرانیەكان، توڕەیی و بێزاری ئێرانییەكانی بەدوای خۆیدا هێناوە،خۆ پێشاندانەكانی ئێران لە مانگی ڕابردووە وا پێشان ئەدا قەیرانی قووڵ هەیە لە شەرعیەتی ڕژێمەكەدا . ئەگەر ئەم جارە ڕژێم بتوانێت خۆپیشاندانەكان سەركوتبكات، ئەوە زۆر زەحمەت ئەبێت جارێكی تر متمانەی خەڵك بەدەستبهێنێت . درووشم و لێدوانی خۆپیشاندەران ئەمجارە زۆر ڕونە كە كێشەكان ئابوری نیە بەتەنها ، زیاتر دژی سیاسەت و چەوساندنەوەكانیەتی رژێمەكەیە، بەڵام كێشە ئابوریەكە ژینگەیەكی دروستكردوە كە بۆتە هۆی توڕەبوونی زیاتری خۆپیشاندەران. هەڵئاوسانی ئابوری لە ئێراندا گەیشتۆتە زیاتر لە 50% ، كە زۆرترین كاریگەری لەسەر توێژەكانی خوارەوەی كۆمەڵگای ئێرانی درووستكردووە، نرخەكان بە هێواشی بەرزدەبنەوەو توانای كڕینی خێزانەكان كەمبووەتەوە ، تێكڕای گەشەی ناوخۆ هێواشە و كەمە لە كاتێكدا ئابوری ئێران پاشەكشەی زۆری نەكردوە لە بەر ئەوەیە نرخی نەوت بەرزە، ئەو هەنگاوانەی حكومەت بۆ چارەسەركردنی ئابوریەكەی گرتویەتەبەر هەنگاوەكان كردارینین و كارناكەن . ( ئیبراهیم رەئیسی ) سەرۆكی ئیران نەیتوانیوە تیمێكی ئابوری درووست بكات كە زیاتر لە بەرژەوەندی خەڵك بیربكاتەوە، ئەو جیاوازی و ناكۆكیانەی لە نێوان خۆیاندا هەیانە وایلێكردون كە نەتوانن ئەو پێوەرانەی كە پێویستە بیگرنە بەر، بۆیە پێوەرەكان كورتیهێنا . لە كاتێكدا كە ڕەئیسی بڕیاری گۆڕینەوەی دۆلاری بەنرخێكی تایبەتی هەڵوەشاندەوە كە بەكار دەهێنرا بۆ هاوردەكردنی كەرەستە سەرەتایەكان وەك خواردن، ئەوەش بەحەتمی ئەبێتە هۆی بەرزبونەوەی ئەو كەرەستە سەرەتایانەی كە هاوردەئەكرێن، هەرچەندە بەم كارە ئەو رێگایەی نەهێشت كە ببێتە هۆی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی پارەی ووڵات ، رەئیسی بڕیاریدا گۆڕانكاری لە پەیكەرەی ئابوری ئێران لە ماوەی درێژخایەندا بكات بۆ بودجەی ووڵات فشاری نەكەوێتە سەر، بەڵام ئەم هەنگاوەی بوە هۆی زیادبوونی هەڵئاوسان وە لە گەڵ ئەوەشدا یپلانێك نەبوو بۆ ئەوەی كە بتوانرێت هەڵئاوسانەكە كەمبكاتەوە . بەرامبەر بەمەش حكومەت دەستی كرد بە كەمكردنەوەی فرۆشتنی قەواڵەی نوێ ، نەبوونی داخوازی بۆ ئەو قەواڵانە لە گەڵ ئەوەشدا نەبوونی وە بەرهێنان لە لایەن كەرتی تایبەتەوە بەهۆی نەبوونی متمانە بە سیاسەتە ئابوریەكانی حكومەت، لە حاڵەتی وادا ئەبیتە هۆی كەمبونەوەی توانای دەستكەوتنی دراو. بانكی ئێرانی بە پێی ووتەی ئابوریناسەكانی ئێران كە هەڵئاوسان بەرزە، هەروەها كە مبونەوەی داهاتی خێزانەكان وایكرد كە بزنسە بچوكەكان بڕۆن قەرزبكەن ، بانكەكان یارمەتی درێژكردنەوەی قەرزاكانیان نادەن، هەروەها داوای ڕیژەیەكی زۆری سوودی بانكی ئەكەن، ئەمەش ئەبێتە هۆی ئەوەی كە بازرگانەكان نەتوانن قەرزبكەن ببێتە هۆی داخستنی بیزنسەكە و لەدەستدانی هەلی كاروكەمكردنەوەی چالاكیە ئابوریەكان و ئابوری بەرەو پاشەكشە بڕوات . ژمارەی بێكاری بەرەو بەرزبونەوە بڕوات ، كە یەكێكە لە كێشە گەورەكان لە ناو ئێرانداو هیوایەك نیە بۆ ڕەخساندنی هەلی كار بەم دۆخەی كە ئێرانی تیایە . مۆدێلێكی ئابوری هەڵە. ئابوری بەرەنگاربونەوە كە ڕابەری كۆماری ئیسلامی ئێران داوای ئەكرد دەركەوت كە ناتوانێت بەردەوامبێت بە بێ گۆڕانكاری گەورە ، هەرچەندە توانی بەرگە بگرێت لە ساڵی 2010- -2018 ، بەڵام ناتوانێت هەموو پێویستیە بنچینەیەكانی ئابوری ئێران لە وەبەرهینان و زیادكردنی بەرهەمدا بكات ، بتوانێت وە بەرهێنەری بیانی بۆ ناو ووڵات ڕابكێشێت وە یان بتوانێت قەرزی دڕێژخایەنی بانكی بیانی وەربگرێت و بچێتیە ناو بازاڕی تازەوە، ئەمەش بووە هۆی كەمبونەوەی بەرهەم ، بەرهەم بنچینەیە بۆ دروستكردنی گەشەی ئابوری و سەقامگیری بودجەی ووڵات . خشتە هەر چەندە كاتێك ( ئیبراهیم ڕەئیسی ) بەسەرۆكی ئیران هەڵبژێردرا، كاریگەری خراپی سزا ئابوریەكانی سەر ئێران بەتەواوی ڕەنگی دابووە بەسەر ئیراندا، لەساڵی 2019 وە بەرهەمی هەموو پشەسازیەكانی ئێران بەرەو كەمبونەوە ئەڕۆیشتن هەر لە پیشەسازی ئۆتۆمبێل و خواردن و ڕستن وچنینەوە ، ئەمەش كاریگەری تەواوی لەسەر بازرگانی دەرەوە دروستكردوە، بۆتە هۆی كەمبونەوەی قەبارەی هەناردەكەی واتە كاریگەری كردۆتە سەر كەمبونەوەی دراو، كەمبونەوەی كێشی هەناردەكەشی ئەمەش بۆتە هۆی تەرازوی بازرگانی بێجگە ( لە نەوت و گاز) بەرەو پاشەكشەی نێگەتێڤ بڕوات. بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە ئەبێت پەیكەری ئابوری ئێران دەستكاریبكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرامبەر كێشەكانی ناو ئێران و ئەو كاریگەریانەی كە سزاكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دایناوە لەسەر ئیران نەهێڵێت ، بەڵام ئەم شكاندنانە لە ژێر كامپی كۆنسەیرڤاتیڤەكانی ئێران واتایەكی نیە، ئەوە پاراستنی ناواخنی پارێزگارەكارەكانە ئەوە نابێت بشكێت و پێشێلبكرێ' فاكتەرە ئابوریەكان شكستی سەركردەكانی ئیران لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە تائیستا نەیان توانیوە گەشەیەكی بچوكی ئابوری بكەن لەگەڵ گەشە و پێشكەوتنی خەڵكدا، ئەمەش بۆتە هۆی ئاڵنگاری گەورە لە مەودای درێژخایەندا . لە ناوەڕاستی ساڵی 2010 وە توانای هێزیی كڕین و داهاتی خێزانەكان كەمیكردوە . ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی خەرجكردنی خێزانەكان كەمبكات تەنەنات بۆ كەرەستە سەرەتایەكانی وەك خواردن . لە ساڵی 2022 دا لە (18.4%) خەڵكی ئێران لە هێڵی هەژاری ڕەهادان . وا دەبینرێت كە لە( 60%)ی دانیشتوانی ئێران لە هێڵی هەژاریدا یان لە خوار هێڵی هەژاریدا ئەژین . كەواتە جێگای سەرسوڕمان نیە كە ئافرەتە گەنجەكانی ئێران ئیستا لەبەرەی ئامادەی پێشەوەی خۆپیشاندانەكانن . كە بەشێكن لەو (2) گروپە لەبەرمەترسیدان و بێدەسەڵاتن. بەپێی ئابوریناسە ئیرانیەكان رێژەی بێكاری لە ناو ئافرەتاندا لە (13%) یە ،وە بۆ پیاوان لە (7.2%) وە ئەم ژمارانە دەبێت بە ( 2 ) ئەوەندە لە نێو گەنجاندا كە تەمەنیان لە نێوان (18-35) بە پێی هەندێ سەرچاوە رێژەی بێكاری لە ناو گەنجاندا لە تەمەنی (15-24) دەگاتە (77%) واتە ( 7.1) ملیۆن كەس ، لە ناو ئێراندا جیاوازی ڕەگەزی هەیە كەبەرامبەر ( 5) پیاوی كارمەند تەنها (1) كارمەند ئافرەتە . هێشتا بەتەنها خراپی دۆخە ئابوریەكەی ئێران هۆكاری سەرەكی توندبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان نیە، ئیران لەساڵی 2017 وە بەردەوامی نرخی شتومەك بەرزبۆتەوە وە هەرگیز خۆپیشاندانەكان ئاوا گشتگیرنەبوون و توند نەبوون ، هەندێ خۆپشاندانی بچوك هەبوە، زۆری بە هۆی كاریگەرە ئابوریەكانەوە بووە، هەندێ جار خۆپیشاندانەكان سیاسی بوون بەڵام لە ناوچەیەكی دیاریكراودا بووە . ژمارەی بێكاری زۆرو دیاریكردنی چینەكانی ( چیناندن ) كۆمەڵگە هەر بوونی هەبووە لە دەیەیەكانی رابردوەوە، خراپی بارە ئابوریەكەی ئێران بۆتە ڕویەكی گەورە بۆ یارمەتیدانی ناڕەزایەتیەكانی ئێستا ، بەڵام فاكتەری سیاسی هاریكاری نارەزایەتیەكانی ئێستا ئەكات ،" خەڵكی ئیران باوەڕی بە دنیابینینی سەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران نەماوە" . دۆخی ئابوری ئێران ئەوەندە ناجێگێرە كاتێك كەسێك ئەچیت بۆ بازاڕ بۆ ئەوەی بازاڕ بكات بەردەوام خواردنەكەی ناو سەبەتەكەی كەمئەبێتەوە ، لەبەرئەوەی نرخەكان بەزویی بەرز ئەبنەوە ، هاوڵاتیەكی ئێرانی ڕۆژنامەی (نێوڕك تایمزی) ووتووە كە ناوی (نادر)ەو تەمەنی 41 ساڵە: لەساڵی پارەوە خواردنی گۆشتی سورم تەرككردوە، دوای ئەوەش خواردنی مریشكم تەركرد، ووتی هەموو پاشەكەوتەكەم بۆ خەرجكردنی نرخی كرێی خانوەكەم بوو، كەكرێكەی بووە بەدوو ئەوەندە . لەم كاتەدا تۆ هەر چەندە ڕابكەیت هەر فریا ناكەوێت، داواكاری خەڵك ئەوەیە لە حكومەت كە ئابوریەكە چاكبكات چونكە خەڵك تێكشكاوە لە ژێر ئەم فشارە داراییەدا . نادر ووتی: سەرەڕای ئەوە خەڵك لەژێر فشاری بەرزبونەوەی نرخدایە ، ژمارەی بێكاری بەرز، گەندەڵی و چەوساندنەوەی سیاسی، وە داواكاری زۆر لەئافرەتان لەبارەی پۆشێنی جل و بەرگ . فاكتەری بێ ئومیدی لە ئابوری وایكردوە، خەڵكی نەیار و خەڵكی لایەنگرانی حكومەتیشی لەناو ئێراندا یەكخستوە یەك دەنگن، ( عبدلرزاق دەڤاری) كە (شیكەرەوەیەكی كۆنسێرڤاتیڤە)و دژی ناڕیزایەتیەكانی ئێستای ئێرانە ، ئێستا بێگوێدانە ڕووئیای سیاسی لەناو ئێراندا لە 95% خەڵكی ئێران وایدەبێنێت كە ژیانیان زەحمەتە و ژیانی منداڵ و نەوەكانیان لەداهاتوودا نادیارە . دەیەیەك لە خراپ بەڕیوەبردنی ئابوری و گەندەڵی و 2 خولی سزاكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بەسەر ئێراندا و پەتای كۆڤید -19 بووە هۆی چەقبەستوی ئابوری ئیران دۆخی ئابورییەكەی لەپێش ساڵی 2012 یان خراپتری كردوە . ئیرانیەكان لە دۆخێكی خراپدان، دەیان ساڵە بەدوای هەلیكاردا دەگەڕێن، خواردنی گۆشت لەسەر سفرەكانیان نەماوە، ئەمەش بووەتە هۆی دواكەوتنی دروستكردنی خێزان و دروستكردنی منداڵ ، توڕەو بێزارن لەسەركردەكانیان بە بەرپرسیاری سەرەكی خراپی دۆخی ئابوریی ئێرانی دەبینن. لە ئیستادا براند و بەرهەمە بیانیەكان لە ناو دوكانەكانی ئێراندا نەماون یان ئەگەر مابن نرخەكانیان ئەوەندە گرانن كە لە كڕین نایەن ، تمەنی ئێرانی ئەوەندە بەهاكەی لەدەستداوە ، هەر بۆیە بڕیاری سفرەكانیان هەڵگرت لەسەر دراوەكەیان، دەرچووی زانكۆكان ناتوانن كاربدۆزنەوە كە لەگەڵ بڕوانامەكەی خۆیاندا گونجاوبێت ، زۆربەیان بوون بە شۆفێری تەكسی یان لە دوكانەكاندا كاردەكەن ئەمە قسەی كەسێكە كە ناوی (ئەمیر) تەمەنی 24 ساڵە دەرچووی كۆلیژی ئەندازیاری تەلارسازیە . ووتی: بیر لەوە ناكەمەوە كە خانوو بەكرێبگرم ، یان ئۆتۆمبێل بكڕم یان ژن بهێنم، یان بیر لەدروستكردنی منداڵ بكەمەوە، تەنها ڕێگا ئەوەیە كە ئێران بەجێبهێڵم، لە ساڵی 2015 كە ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكە كرا ، ئێرانیەكان دڵیانخۆش بوو كە ئابوریەكەیان بەرەو باشی ئەڕوات هەندێ لە وەبەرهێنەرانی بیانی و هەندێ سیستەمی شەراكەت كرا لە گەڵ حكومەتی ئێران، بەڵام لەساڵی 2018 كە لە لایەن (دۆناڵد ترەمپ )سەرۆكی پێشوی ئەمریكا سزا قورسەكان كەسەپێنرا بەسەر ئێراندا بە تایبەتی سزاكان بەسەر نەوت و گازداو ، كۆمپانیا بیانیەكان لە ئێران چونە دەرەوە . ئێستا ئیرانیەكان بیرلەوە ناكەنەوە كە ئایا ساڵی پار ئابوریەكەیان باشتر بوو بەراورد بەئەمساڵ ( ئەسفەندیار باتمان خلیجی) كە دامەزرێنەری سایتی ( بۆرسەو بازاڕ) تیمی تویژینەوەكەی كە تایبەتە بە (سیاسەت و ئابوری) ئێران ووتی: كێشەكان كاریگەری لەسەر هەموومان داناوە لە بنچینەدا وڵاتەكە تووشی ئیفلیجی ئابوری بووە زیاتر لە دەیەیەكە، خەڵك پرسیار ئەكات بۆچی دۆخی خەڵكی بەرەو باشتر ناڕەوات. هەڵئاوسان توندە لە( 30 – 40- 50%) یە ،ئیرانیەكان بە ڕێژەی 75% زیاتر پارە ئەدەن بە شتومەك بەبەراورد بەساڵی ڕایردوو . (وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ) لە مانگی ئابی ساڵی 2021 دا ووتی (سێ یەكی ) خەڵك یان (30ملیۆن) خەڵك لە ئێراندا لەهەژاریدا ئەژین . سەختی ژیان و ناخۆشیەكان وای لە ئێرانیەكان كردوە كە كۆچی بەكۆمەڵ بكەن، وەك ئەوكاتەی كە ساڵی 1979 لە شۆڕشی ئیسلامی دژی شای ئێران ڕوویدا، بەهۆی سزاكان و( كۆڤید -19) ئەوكەسانەی كە لەدەرەوە دەیانخوێند یان كارمەندی تەندروستی كە لە دەرەوە كاریان كردوە نەگەڕاونەتەوە بۆ ئێران . دەسەڵاتدارانی ئێران بەناوی ئابوری بەرەنگاربونەوە كە ئێران بتوانێت خۆی بژێنێت و لەسەرپێێ خۆی ڕابوەستێت و هاوردە لە ووڵاتان نەكات، حكومەت وەبەرهێنانی كرد لە كارگە ناوخۆیەكاندا، داوای لەئێرانیەكان كرد كە شتومەكی ناوخۆی بكڕن ، توانیان كە خۆیانبدزنەوە لە سزاكان بە فرۆشتنی نەوت بە چین بە نرخی داشكاندنێكی گەورە. ئەوەی كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2021 بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران ڕوویدا . ژمارەی دەنگنەدەران زیاتر بوو لە ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی كە ( رەئیسی) یان هەڵبژارد، ئەمە یەكەم هۆشداری بوو بۆ ئاگاداركردنەوەی سیستەمە سیاسیەكەی ئێران . خەڵكی ئێران ڕازی نەبوون بەو بڕیارەی كە ئەبێت رەئیسی هەڵبژێرێت لەسەر حسابی ئەوەی كە كاندیدەكانی تر كە خەڵكێكی زۆر بەناوبانگ بوون وە نەهێشتنیان بۆخۆكاندیدكردن لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا . ئیدارەی( رەئیسی ) سەركەوتوو نەبوو لەبەرنامە كۆمەڵایەتی – ئابوریەكەی لە ساڵی ڕابردوەوە . بەڵكو خەڵكی زیاتر توڕەكردوە و بێزاركردوە، بۆتە هۆی ئەوەی شكست بەو بۆچونانە بهێنێت كە كەمپی پارێزگارەكان ئەتوانن سەقامگیری لە ئابوریدا بكەن و بتوانن گۆڕانكاری بكەن ، هەرچەندە لەسەرەتادا رەئیسی بەڵێنی بەخەڵكیدا كە هەڵئاوسان دابەزێنێت بۆ خوار ( 10%) لە چەند ساڵی داهاتوودا ، وە گەشە بە ئابوری بدات و ( 2ملیۆن) هەلی كار برەخسێنیت هەتا مانگی ئازاری ساڵی2023. دراوی ئیرانی؛ دراوی ئیرانی زۆر دەمێكە كێشەی هەیە ئەم هەفتەیە نزمتترین ئاستی تۆماركرد، بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، بە هۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەكانەوە وە هیوایەك نیە بۆ ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكە ،بۆتە هۆی دابڕانی تەواوی ئێران لە كۆمەلگَەی نێودەوڵەتی لە ئەنجامی ئەو ڕەخنانەی كە كۆمەڵگای ڕۆژئاوا بە هۆی ئەو ڕەفتارە دڵرەقانەی كە سوپای پاسداران بۆ روبەرووبونەوەی خۆ پێشاندەران گرتویانەتە بەر، ئەو رەخنانەی كە لەسەر ئێران ئەگیرێت بە هۆی پەیوەندیەكانی لەگەڵ رووسیا، ڕیاڵی ئێرانی بەهاكەی بە ڕێژەی 13.8% دابەزیوە لەو كاتەی ناڕەزایەتیەكانی ئیران دەستیان پێكردوە بە هۆی گیان لەدەستدانی خاتوو ( ژینا ئەمینی )، بازرگانەكانی دراو بەتەواوی بێ هیوا بوون لە دراوی ئێرانی لە ئەنجامی ئەو ڕێگایەی كە دەسەڵاتدارانی ئیرانی گرتویەتە بەر بەرامبەر خۆپیشاندەران، وە هەروەها پەیوەندیە سەربازیەكانی ئێران لە گەڵ ڕوسیادا بەتایبەتی فرۆشتنی فڕۆكەی( بێ فڕۆكەوان) بە ڕوسیا. هەر ئەم هەفتەیە كەنەداو ئوسترالیاو ئەمریكا بەردەوام سزای زیاتریان سەپاند بە سەر ئێراندا . وە بەریتانیا سزای زیاتری سەپاند بەسەر بەرپرسە ئێڕانیەكاندا لە ئەنجامی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و گەندەڵی بەرپرسەكان، ئەڵمانیا ئیدانەی ئێڕانی كرد بە هۆی لە سێدارەدانی یەكەم خۆپیشاندەری ئیرانەوە. وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا بڕیاریانداوە سزای زۆر قورس بەسەر ئێراندا بسەپێنن، وەسایتی ( EcoIran) نوسیویەتی بە هۆی ئەم هەواڵانەوە ، زیاتر فشار دەكەوێتە سەر ڕیاڵی ئێڕانی ، وە ئەو كاتە لەوانەیە بانكی ناوەندی ئێران یارمەتی پشتیوانی ڕیاڵ بكاتەوە . چارەسەر بە پێێ قسەی شیكەرەوەكان و قسەی زۆربەی ئێرانیەكان بۆ ئەوەی باری ئابوری چاكبێت تەنها ڕێگا ئەوەیە كە ڕێكەوتن لە گەڵ ڕۆژئاوا بكرێت لە بارەی بەرنامەئەتۆمی ئیرانەوە. بەڵام لە كاتێكدا كە ئەمریكاو ئێران هەریەكەیان سورن لەسەرداواكاریەكانی خۆیان، دیارنیە كە هیچ ڕێكەوتنێك بكرێت ، هەر بەیانێك كە دەرئەچێت لەسەر ڕێكەوتن یان چەقبەستنی ڕێكەوتنەكە كاریگەری لەسە دراوی ئیرانی و پێوانەی دڵخۆشی ئیرانیەكان دیاریدەكات ، هەر ڕێكەوتنێك بكرێت لە سەر بەرنامە ئەتۆمیەكە كاریگەری خێرای ئەبێت لەسەر ئابوری ئێران چونكە بەملیارەها دۆلاری ئێران كە ئیستا لە بانكەكاندا ڕاگیراون دەگەڕێتەوە بۆ ئیران ، وە هەروەها نەوت و گاز دەتوانرێت بفرۆشرێت لە بازاڕەكانی جیهاندا . بەڵام بۆ ئیرانیەك گەشبینیەكەی وەستاوە بەوەشەوە كە ئەبێت سیستەمی حوكمڕانی لە خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی پاكبكرێتەوە ، بەڵام لەوە ناچیت ئێران بەپەلەبێت لە ڕێكەوتنەكە هەتا مسۆگەركردنی نەبێت بە قایلبوونێكی زۆر لە لایەن ئەمریكایەكانەوە ئەوەش كارێكی سەختە بۆ ئەمریكیەكان كە ڕازیبن . لەساڵی پاردا كە خۆپیشاندان ڕوویدا لە ئەسفەهان لە ئەنجامی( كەمی ئاو)دا و لە خوزستان لە ئەنجامی بەرزبونەوەی نرخ لە نان و ڕۆنی چێشت لێناندا .، حكومەت بەناچاری و بەپەلە دەستیكرد بەزیادكردنی پاڵپشتی پارەی زیاتر بۆ خێزانەكان، هەر لە شۆفێری پاس و مامۆستاو فەرمانبەرانی كەرتی گشتی و بازرگانی ناو بازاڕەكان و خانەنشینان هەموویان خۆپشاندانیان كرد، ئەوە بوو سەركوتكرا . سزاكانی سەر ئێران بەتەواوی ئێرانی بەستۆتەوە وەكارەكانی سنورداركردووە، بەڵام كۆنسیرڤاتیڤەكانی ئێران وا بیردەكەنەوە كە نابێتە هۆی داخستنی هەموو ڕێگاكانی پێشكەوتن ئەمە وتەی ( محەمەد نوری ساڵحی ) كەسەرۆكی دەستەی شارەوانی ئەسفەهانە لەسەر پارێزگەران، ئەو دەڵێت: سزاكان نەیتوانیوە چالاكیەكانی ئێمە ڕابگرن. ئەمە ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیشی دركیان پێكردوە. بە هۆی سزاكانەوە ئێران نەیتوانیوە كێشە سەرەكیەكان چارەسەر بكات بۆ نمونە وەك كەمی ئاو لە شاری ئەسفەهان دیارە باری ئابوری ئێران بە ئاشكرا كاریگەری هەیە لەسەر نارەزایەتیەكان خەڵكانی خۆپیشاندەر، تێكڕای گەشەی ناوخۆ پاشەكشەی كردوە بە رێژەی (6% ) بە پێیی ڕاپۆرتی سندوقی نێودەوڵەتی وە نرخی ڕیاڵ زۆر دابەزیوە، بەمەش كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت خەڵكیان دەركرد لە كارەكانیان وە هەروەها( كۆڤید -19) كە بەدوایدا هات ، بەیەكەوە بووە هۆی بەرزبونەوەی نرخ ، خەڵكی بردە هێڵی هەژاریەوە كە ئەوانەی داهاتیان لە خوار ( 5.50دۆلار) ەوەسە گەیشتۆتە ڕێژەی لە 20% دانیشتوانی ئێران (بە پێی راپۆرتی بانكی نێو دەوڵەتی)، سەرۆكەكانی پێشوی ئێڕان نەیان توانیوە گۆڕانكاری بكەن ، ئەمەش شەرعیەت ئەدات بەو پرسیارەی ئایا ئەم جۆرە سیستەمە ئەتوانێت گۆڕانكاری و پێشكەوتن بكات، بەڵام هەر كە هەواڵێ گیانلەدەستدانی ( ژینا ئەمینی) بڵاوبوەوە ، ناڕەزایەتیەكان دەستیان پێكردەوە چونكە خەڵكی ئێران لە زۆر مافە سەرەتایەكان و خزمەتگوزارییەكانیان بێبەشبن لە هەموو پیداویستیەكانی ژیان. هەرلەنووسین و خوێندن بەزمانی دایك ، وە ئازادی ڕادەربڕین و مافە سەرەتایەكان لە پۆشینی جلوبەرگ، هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوادا . وە نەبوونی ئۆپۆزۆسیۆن. جیاوازی زۆر لە نێوان ژن و پیاودا، چەوسانەوەی چینایەتی، جیاوازی زۆر لە نێوان نەتەوە جیاوزاكاندا و مەزهەبە جیاوازەكاندا هەیە. نەبوونی ڕێكخراوە مەدەنیەكان ، چەوساندنەوەی ئاشكرای نەتەوەیی بۆ نمونە هەر لە كاتی ئەم خۆپێشاندانەدا ژمارەی كوژراوان زۆر زیاترە لە و ناوچانەی كە مەزهەبی نەتەوەی سەردەست نین، وەك ناوچەكانی كوردستان و بلوچستان، ئەمە جیاوازیەكی گەورەی كۆمەڵایەتی دەردەخات نەڕەخساندنی هەلی كار لە ناوچەكانی تری كە لە سنوری نەتەوەی سەردەستەو مەزهەبی سەردەستدا نیە، لە هەندێ ناوچەدا تەنانەت ناتوانرێت ( ئاوی پاك ) بۆ خواردنەوە دابینبكرێت وە ك لە ناوچەكانی خوزستاندا كە زۆر دەوڵەمەندە بەنەوت و گاز . هەر لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی كوژرانی ( ژینا ئەمینی) ،بەهۆیەوە ناڕەزایەتیەكان دەستیان پێكردەوە . چونكە دۆخەكە وەك بەرمیلێك باروت وایە تەنها پڕیشكێكی بچوكی ئەوێت بۆ گڕگرتن . بۆیە خەڵك لە سەرتاسەری ئێراندا ڕژانە سەرشەقامەكان و داوای ( ژن ، ژیان، ئازادی) ئەكەن كە ئەم داوایانە بۆتە ئامانجی گەلانی ئێران، لە ژێر ئەم سیستەمی بەڕێوبەردنەدا ئەم ئامانجانە زەحمـەتە بهێنیتە دی. هەڵە گەورەكەی (رەئیسی) ئەوە بوو كە بڕیاریدا نەهێڵێت لە هیچ شوێنێك ، ڕێگابدات بەو كەسانەی كەیاساكانی ( حیجاب ) بشكێنیت، یان ئاهەنگی ماڵان و ئاهەنگی مۆسیقای گۆرانی بێژان، ئیستا خەڵك لە ژێر باری سەختی ئابوریدا ئەژی ئەمەش وایكرد كە خەڵكی هەندێ بڕیار پشتگوێ بخەن . وە هەروەها سەرۆكەكانی پێشوی خۆی هەر نەیان توانیوە گۆڕانكاری بكەن ، ئەمەش شەرعیەت ئەدات بەو پرسیارەی ئایا ئەم جۆرە سیستەمە ئەتوانێت گۆڕانكاری و پێشكەوتن بكات . بەڵام ئەم شكاندنانە لە ژێر كامپی كۆنسەیرڤاتیڤەكانی ئێران مانای نیە، ئەوە پاراستنی ناواخنی پارێزگارەكارەكانە ئەوە نابێت بشكێت و پێشێلبكرێ' سەر ئەنجام هەرچەندە هەتا ئیستا خۆ پێشاندانەكانە بەردەوامەو تاران نەیتوانیوە بە ئاسانی سەركوتی بكات ، كاتێك خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان كپدەبنەوە، دەبێت كۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕانكاری گەورە بكات، گۆڕانكاری قوڵ و فراوان، چونكە ئەم سیستەمەی ئێستا لە گەڵ خواستی خەڵكی ئیراندا یەكناگرێتەوە ، بۆیە ئەگەر گۆڕانكاریەكان گەورە نەبێت لەسەر ئاستی سیاسی و ئابوری و یاسایی و كۆمەڵایەتی، متمانە لای خەڵكی ئێران دروستنابێتەوە بە سیستەمە سیاسیەكەی ئێستای ئێران، سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیەكان لە ئایندەدا چاوەڕوانكراو ئەبێت . سەرچاوەكان: 1. ‘Out-of-Reach Dreams in a Sickly Economy Provoke the Rage in Iran, at; https://www.nytimes.com/2022/10/02/world/middleeast/iran-protests-economy.html 2. The economic backdrop of Irans protests, at; https://www.mei.edu/publications/economic-backdrop-irans-protests 3. Winter of protests exposes economic pressures in Iran as nuclear talks stall, at; https://www.ft.com/content/86e0e8cc-7770-416e-a49a-659616dc28a4 4. Iranian currency slides to new low amid unrest, isolation; https://www.reuters.com/world/middle-east/iranian-currency-slides-new-low-amid-unrest-isolation-2022-12-10/
راپۆرت: درەو یەكێتی لەڕێگەی بایكۆتكردنەوە دەیەوێت حكومەت ئیفلیج بكات، حكومەت چۆن هەڵدەوەشێتەوە ؟ ژمارەكان نیشانی دەدەن تەنانەت ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ یەكێتیدا لە حكومەت بكشێتەوە هێشتا لەڕووی یاساییەوە حكومەت ناكەوێت. یەكێتی كارتی حكومەتی تاقیكردەوە، ئەگەر رێككەوتن نەكرێت دوای حكومەت هەوڵی پەكخستنی پەرلەمان دەدات، دۆخەكە گەیشتوەتە دواین ترۆپی خۆی، بەڵام هێشتا مەسرور بارزانی دەڵێ هێشتا تێنەگەیشتووم یەكێتی چی دەوێت؟! وردەكاری زیاتر لەبارەی دواین پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتییەوە. هەوڵی گفتوگۆیەكی نوێ رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی دەكات، بڕیارە لەم كۆبونەوەیەدا تیمی یەكێتی بەشداری نەكات، بەڵام (درەو) زانیویەتی هەوڵێكی نوێ لە ئارادایە بۆ رێككەوتن لەنێوان هەردوولاداو ئەگەر سەركەوێت ئەگەری گەڕانەوەی یەكێتی هەیە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت. دوای نزیكەی (دوو مانگ) بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمو سەرۆكی تیمی یەكێتی هیچ دەستپێشخەرییەكی لەلایەن پارتییەوە پێنەگەیشتووە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان، بۆیە ئاستی بایكۆتی تیمی یەكێتی لە هەڵوێستێكی (تایبەتی) خۆیەوە بەرزكردەوە بۆ (هەموو) وەزیرەكانو لە یەكەم هەنگاویشدا وایكرد وەزیرەكانی یەكێتی لەگەڵ وەفدی حكومەت نەچن بۆ بەغداد (لە دوێنێوە وەفدی حكومەتی هەرێم چوەتە بەغداد بۆ دانوستان لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق). سەرچاوەیەك لە تیمی پارتی لەناو حكومەت بە (درەو)ی راگەیاند" تائێستا تیمی یەكێتی هیچ نوسراوێكیان ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت نەكردووەو بە فەرمی كێشەكانیان نەخستووەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران". سەرچاوەكە وتی" ئەگەر یەكێتی بیەوێت حكومەت پەكبخات، هەرگیز ناتوانێت، چونكە تەنانەت هەموو وەزیرەكانیشی دەستلەكاربكێشنەوە حكومەت هەڵناوەشێتەوەو بریكارەكانیان شوێنیان دەگرنەوە". بەپێی قسەی سەرچاوەكەی پارتی "یەكێتی لەڕێگەی باڵیۆزی وڵاتانەوە پەیام بۆ پارتی دەنێرێتو چاوەڕێی ئەوە دەكەن مەسرور بارزانی پەیوەندی بە قوباد تاڵەبانییەوە بكاتو بانگهێشتی بكاتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت"، بەڵام وەكو ئەو دەڵێ "مەسرور بارزانی ئامادە نییە تەلەفۆن بكات، چونكە پێیوایە كێشەكە لە ئەوەوە سەرچاوەی نەگرتووەو لەدوای روداوی تیرۆركردنی هاوكار جافەوە یەكێتی هەڵوێستی وەرگرتووە". لەبەرامبەردا، سەرچاوەیەك لە تیمی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند" ئەم شێوازە ئیدارەدانەی حكومەتمان قبوڵ نییەو تا نیگەرانییەكانمان نەڕەوێتەوە ناگەڕێنەوە بۆ كۆبونەوەكانی حكومەت". ئەو بەرپرسەی یەكێتی باسی لەوەكرد، دۆخەكە گەیشتوەتە ئاستێك پێشبینی ناكەن جارێكی تر قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوەو لەگەڵ مەسرور بارزانیدا كار بكات. قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی فەرمانی بە وەزیرو بەرپرسانی یەكێتی كردووە، نەك نابێت بەشداری لە كۆبونەوەكانی حكومەتدا بكەن، بەڵكو نابێت لەمەودوا بەشداری هیچ (مەراسیمێكی حكومی)ش بكەن، ئەمە كاردانەوەیە بەرامبەر بە دوو بڕیار چەند رۆژی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران دەریكردوو ئەمانەن: • بڕیاری یەكەم: خانەنشینكردنی (سەركەوت حەسەن) ناسراو بە "سەركەوتی كوبە" كە یەكێتی كاندیدی كردبوو بۆ پۆستی بریكاری وەزیری ناوخۆ لە شوێنەكەی (چەتۆ ساڵح)، سەركەوت حەسەن پێشتر لەسەر پشكی گۆڕان بریكاری وەزیری ناوخۆ بوو، كاتێك یەكێتی كاندیدی كردەوە بۆ ئەو پۆستە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ یەكسەر فەرمانی خانەنشیكردنی بۆ دەركرد، یەكێتی دەیەوێت بریكاری وەزیری ناوخۆ بگۆڕێت، دەركردنی ئەم بڕیارە لەم كاتەدا وا لێكدەداتەوە پارتی رێگری بۆ دروست دەكات، یەكێتی بڕیارەكە بە "سیاسی"و پارتیش بڕیارەكە بە "یاسایی" ناودەبات. • بڕیاری دووەم: پێدانی دەسەڵاتەكانی (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی بە (سەربەست لەزگین) بریكاری وەزیری پێشمەرگە لە پشكی پارتی، یەكێتی دەیەوێت وەزیری پێشمەرگە بگۆڕێت، دەركردنی ئەم بڕیارە لەم كاتەدا وا لێكدەداتەوە پارتی رێگری بۆ گۆڕینی وەزیرێكی یەكێتی دروست دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەرلەوەی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی بەتەواوەتی تێكبچێتو یەكێتی بەتەواوەتی كۆبونەوەكانی حكومەت بایكۆت بكات، هەوڵێك لە ئارادا بووە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەنێوان هەردوولاو تەنانەت لەسەر شێوازی گۆڕینی وەزیرەكانیش لە رێككەوتنی كۆتایی نزیكبونەتەوە (هاوشێوەی یەكێتی، پارتیش دەیەوێت وەزیرێكی خۆی بگۆڕێت كە پشتیوان سادقی وەزیری ئەوقافە، پشتیوان لەدوای كۆنگرەی 14وە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردرا، بەپێی بڕیاری ناوخۆیی پارتی ئەوانەی دەبن بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەبێت دەستبەرداری پۆستە حكومییەكانیان بن لەناو هەرێمی كوردستان). ئەگەر ئەمجارە نەگەنە رێككەوتنو دەستپێشخەرییە نوێیەكان شكست بهێنن، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) رەنگە یەكێتی دوای بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی حكومەت، هەوڵی پەكخستنی كۆبونەوەكانی پەرلەمانیش بدات لەڕێگەی سەرۆكی پەرلەمانەوە. یەكێتی لە چی نیگەرانە ؟ ئەوەی تائێستا یەكێتی لە میدیاكانییەوە بە فەرمی لەبارەی سەرچاوەی كێشەكانییەوە لەگەڵ پارتی باسیكردووە، ئەمانەن: • تاكڕەوی لە دەركردنی بڕیارە ئەمنییەكاندا (لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەست لە كەیسی كوژرانی هاوكار جافو هەندێك بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگەو راگرتنی موچەی هێزی دژەتیرۆری یەكێتیو چەند كەیسێكی تری ئەمنییە). • دروستكردنی كێشە بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی یەكێتی لەناو حكومەت (یەكێتی دەیەوێت وەزیری پێشمەرگەو بریكاری وەزیری ناوخۆو بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ كە پشكی خۆیەتی بگۆڕێت بە كاندیدی نوێ، لەپاڵ ئەمەدا بەمدواییە پۆستێكی تری یەكێتی لە حكومەت چۆڵ بووە كە پۆستەكەی خالید شوانی وەزیری هەرێمە بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەغداد، خالید شوانی لەسەر پشكی یەكێتی پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت). • جیاوازیكردن لە نێوان ناوچەكانی لەلایەن حكومەتی مەسرور بارزانییەوە (یەكێتی دەڵێ سلێمانی پەراوێز خراوە، پارتی دەڵێ یەكێتی داوای لامەركەزیەتی دارایی كردووەو ئەو دەسەڵاتەی پێدراوە، خۆی بەرپرسە لە دواكەوتنی دۆخی خزمەتگوزاریو ئاوەدانی لە سلێمانی). بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتییە، تائێستا لەلای كەسە نزیكەكانیو نێوەندگیرەكان باسی لەوە كردووە داواكارییەكانی یەكێتی روون نین و هەرجارەی بیانوویەك دەهێننەوە. هەندێك لە پارتییەكان دورتر دەڕۆن، پێیانوایە جموجوڵەكانی ئەمدواییەی یەكێتی لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی هەرێمایەتیدایە بۆ دابەشكردنی هەرێمی كوردستان. حكومەت بەبێ یەكێتی ! كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە (23) ئەندام پێكهاتووە، بەم شێوەیە دابەشبووە: • پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، (11) وەزیری هەیە بە پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە، واتا (48%)ی تێكڕای حكومەتی بەدەستەوەیە • یەكێتی كە براوەی دووەمی هەڵبژاردنە، (6) وەزیری هەیە بە جێگری سەرۆك وەزیرانەوە، واتا (26%)ی تێكڕای حكومەتی بەدەستەوەیە • بزوتنەوەی گۆڕان كە براوەی سێیەمی هەڵبژاردنە، (4) وەزیری هەیە، واتا (17%)ی تێكڕای حكومەتی بەدەستەوەیە • پارتی سۆسیال دیموكرات، (1) وەزیری هەیەو دەعوەتی پارتییە لە حكومەتدا، واتا (4.5%)ی حكومەتی بەدەستەوەیە • پێكهاتەكان، (1) وەزیری هەیە كە لای توركمانە، ئەمانیش لەلایەن پارتییەوە دەعوەتی ناو حكومەتەكە كراون، (4.5%) حكومەتیان بەدەستەوەیە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە دەستلەكاركێشانەوەی (50+1)ی وەزیرەكانی بە "هەڵوەشاوە" ئەژمار دەكرێت، ئەگەر سەرجەم وەزیرەكانی یەكێتی كە (6) وەزیرن دەستلەكار بكێشنەوە حكومەت بە هەڵوەشاوە ئەژمار ناكرێت، تەنانەت ئەگەر وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ وەزیرەكانی یەكێتیدا بكشێنەوە هێشتا حكومەت بە هەڵوەشاوە ئەژمار ناكرێت، چونكە بەهەردووكیان (10) وەزیریان هەیەو ئەمە تەنیا رێژەی (44%)ی كۆی گشتی ئەنجومەنی وەزیران پێكدەهێنێت. یەكێتی بەمدواییە لە ماڵەكەی مام جەلال لە دوكان كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكانی كۆكردەوە جگە لە (پارتیو نەوەی نوێ) كە بەشدار نەبوون، ئامانجی ئەم كۆبونەوەیە دروستكردنی بەرەیەكی سیاسی نوێ بوو دژ بە پارتی، بەڵام هیچ رێككەوتنێكی تێدا ئیمزا نەكرا. هاوشێوەی پەرلەمانی كوردستان، پارتیو هاوپەیمانەكانی لە ئەنجومەنی وەزیراندا زۆرینەن، پارتی (11) وەزیری هەیە بە پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە، وەزیرێكی سۆسیال دیموكراتو وەزیرێكی پێكهاتەكانیشی لەگەڵدایە، بەمەش بەرەكەی پارتی بە تێكڕا بەرەكەی پارتی (13) وەزارەتی بەدەستەوەیەو كە رێژەی (56%)ی ئەنجومەنی وەزیران پێكدەهێنێت، واتە زیاتر لە رێژەی 50+1ی حكومەت بەدەست پارتییەوەیەو لەڕووی یاساییەوە یەكێتی ناتوانێت كابینەی مەسرور بارزانی هەڵوەشێنێتەوە. بەڵام هاوشێوەی هەموو پرسەكانی تر، لەم بابەتەشدا ئەوەی لە كۆتایدا حوكم دەدات ژمارەی وەزارەتو كورسییەكان نییە، چونكە لەڕووی كردارییەوە هەرێمی كوردستان دابەشبووە بەسەر دوو زۆنی دەسەڵاتداری پارتیو یەكێتیداو هیچ كامیان بەبێ ئەوەی تریان ناتوانن حوكمڕانییەكی سەرتاسەری ئیدارە بدەن. كابینەی نۆیەم.. سەرەتاو كۆتاییەكی خراپ بەهۆی ئەوەی لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان نەگەیشتنە رێككەوتن، رۆژی 9ی ئۆكتۆبەری رابردوو پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردوەوە، رەنگە ئەم ساڵە جارێكی تریش درێژبكرێتەوە ئەگەر پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی بەمشێوەیە بە گرژی بمێنێتەوە. بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، حكومەتو سەرۆكایەتی هەرێمیش بوون بە دوو دامەزراوەی ماوە بۆ درێژكراوە، چونكە هەردووكیان لە پەرلەمانەوە متمانەیان پێدراوە، بەمشێوەیە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان ماوەی یاساییان كۆتایی هاتووەو تەنیا هەڵبژاردن دەتوانێت شەرعیەتی تەواوەتییان بۆ بگەڕێنێتەوە. هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، دوای نزیكەی مانگێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، خولی نوێی پەرلەمان رۆژی 6ی تشرینی دووەم 2018 سوێندی یاسایی خواردو دەستبەكاربوو، بەڵام كابینەی نۆیەم كە هەڵبژێردراوی پەرلەمانە، رۆژی 10ی تەموزی 2019 دەستبەكاربوو. كابینەی نۆیەم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكاتو كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، دەستبەكاربوونی (8) مانگ لەوادەی دیاریكراوی خۆی دواكەوت، ئەمە بەهۆی سەختی دانوستانەكانی نێوان یەكێتیو پارتی بوو، چونكە هەردوو لایەنەكە لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان رێكنەدەكەوتن، پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، بەر لە یەكێتی رێككەوتنی سیاسی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئیمزا كرد، ئەمە یەكێتی وەكو براوەی دووەمی هەڵبژاردن نیگەران كرد، لە لایەكی ترەوە یەكێتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا بابەتی یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكی هێنایە پێشو ئەمەش زیاتر پێكهێنانی كابینەكەی دواخست. كابینەی نۆیەم بە (8) مانگ پێكهێنرا، ئێستاش كە لە كۆتایی تەمەنی یاسایی خۆیدایەو ماوەی درێژكردنەوەی تەمەن بەڕێدەكات بارودۆخی لە رۆژانی سەرەتا باشتر نییە، ئەمە لەكاتێكدایە سەرۆكی ئەم كابینەیە مەسرور بارزانییە كە ماجستێری لەبواری (ئاشتیو چارەسەری ناكۆكییەكاندا) هەیە. سەرەتاو كۆتایی ناكۆكییەكان رۆژی 7ی ئۆكتۆبەر واتە دوو رۆژ بەر لەوەی پەرلەمانی كوردستان لەچوارچێوەی رێككەوتنی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)دا تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، بۆمبێكی لێكێندراو بە ئۆتۆمبیلی ئەفسەرێكی دەزگای زانیاری یەكێتی بەناوی عەقید (هاوكار جاف) تەقییەوەو بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. كەیسی كوژرانی ئەم ئەفسەرە هەر لەسەرەتاوە بوو بە كارتێكی بەهێز بەدەست پارتییەوە دژ بە یەكێتی، پارتی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەم روداوەو دانپێدانانی دەستگیركراوەكانی رۆژی 12ی ئۆكتۆبەر بڵاوكردەوە، واتە رۆژێك بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە ناكۆكییەكانی پارتیو یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار گەیشتبووە لوتكەی خۆی. یەكێتی لە بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكان ناڕازی بوو، چونكە سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆرەكەیو چەند بەرپرسێكی تری دەزگاكە تۆمەتباركران لە تێوەگلان لە پلانی كوشتنی عەقید (هاوكار جاف)دا، بەرپرسانی یەكێتی پێیانوایە پارتی لە یەكلاكردنەوەی ئەم كەیسەدا (تاكڕەوی) كردووەو گوێ لە یەكێتی نەگرتووە، بەڵام لەبەرامبەردا بەرپرسانی پارتی كە (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون باسلەوە دەكەن لە رۆژی رووداوی كوژرانی ئەفسەرەكەدا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی رووداوە، لەم پەیوەندییە بافڵ تاڵەبانی ئامادەیی دەربڕیوە هەر كەسێك لەو كەیسە تێوەگلابێت رادەستی دادگای بكات. هەر لەسەروبەندی ئەو رووداوەدا، یەكێتی داوای لیژنەی لێكۆڵینەوەی بێلایەنی كرد، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم كە لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە وەڵامی دایەوەو ئامادەیی نیشاندا لایەنی سێیەم یاخود لایەنی نێودەوڵەتی بێتە ناو كەیسەكە. بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە كرد، دانپێدانانەكانی روداوی كوژرانی عەقید هاوكار جاف رێكخراون بەمەبەستی تۆمەتباركردنی یەكێتی، ئەو بە ئاشكرا رەتیكردەوە سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆرەكەی رادەستی دادگا بكات، چونكە پێیوایە دادگای هەولێر بێلایەن نییە. رۆژی 12ی ئۆكتۆبەر دواینجار بوو كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكی تیمی یەكێتیی بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد، چونكە لە شەوی 12ی ئۆكتۆبەردا ئەنجومەنی ئاسایش دانپێدانانی دەستگیركراوانی كەیسی (هاوكار جاف)ی بڵاوكردەوە. رۆژی 25ی ئۆكتۆبەر، رووداوێكی تر لە هەولێر روویدا كە قوباد تاڵەبانی زیاتر توڕە كرد، هێزێكی سەربە (ئەژی ئەمین) بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاریی گەمارۆی ماڵەكەی دا لە گوندی (ئینگلیزی) شاری هەولێر، ئەمە كاردانەوەی ئەژی ئەمین بوو بەرامبەر بە رۆشتنی هێزەكانی یەكێتی بۆ سەر ماڵەكانی خۆیو دایكی لە شاری سلێمانی. دوای نیگەرانییەكانی لە بڵاوكردنەوەی دانپێدانانی گیراوانی كەیسی عەقید هاوكار جاف، رووداوی گەمارۆدانی ماڵەكەی لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی زیاتر لە پارتی نیگەرانو توڕە كرد، بەتایبەتی لەكاتێكدا وەكو ئەوەی خۆی لە كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتیدا باسی كردووە، نەك سەرۆكی حكومەتو نە هیچ بەرپرسێكی تری حزبیو حكومی پارتی لەو رووداوەدا پەیوەندییان پێوە نەكردووە لەكاتێكدا ئەو جێگری سەرۆكی حكومەتەو هەولێریش لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە، بەرپرسانی پارتی دەڵێن كێشەی ئەژی ئەمینو قوباد تاڵەبانی كێشەیەكی ناوخۆیی یەكێتییە بۆیە ئەوان دەستوەردانی تێدا ناكەن. لەدوای بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكانی كەیسی هاوكار جافەوە، قوباد تاڵەبانی نەگەڕاوەتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، واتە ماوەی نزیكەی (دوو مانگ)ە حكومەتی بایكۆتكردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوەتە دابڕانی تەواوەتیو زۆربەی كاتەكانی لە هەولێر دەمێنێتەوە. ئەمە جاری یەكەم نییە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ مەسرور بارزانی دەكەوێتە ناكۆكییەوە، سەرەتای پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، قوباد تاڵەبانی بەنیگەرانی دەستی بە كاركردن كرد لەگەڵ مەسرور بارزانیدا، ئەو نیگەران بوو لەوەی هاوشێوەی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی، دەسەڵاتەكانی لە كابینەی مەسرور بارزانی وەكو جێگری سەرۆك وەزیران دیاری نەكراوە، ئەم ناڕەزایەتییەی گەیاندە سەركردایەتی حزبەكەیو دواجار خۆی لە كۆبونەوەیەكدا كێشەكەی لەگەڵ مەسرور بارزانی چارەسەر كردو پێكهاتن، بەڵام ئەمە كۆتایی ناكۆكی نێوان سەرۆك وەزیرانو جێگرەكەی نەبوو. لە كەمپەینی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا كە ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، جارێكی تر گرژی كەوتەوە نێوان سەرۆك وەزیرانو جێگرەكەی. قوباد تاڵەبانی كە حزبەكەی بەهۆی رووداوەكانی 8ی تەموزەوی دوچاری پەرتبوون هات، خۆی سەركردایەتی كەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی عێراقی كرد، لەم كەمپەینەدا بۆ مەبەستی گەڕاندنەوەی یەكێتییەكان بۆسەر سندوقەكانی دەنگدان هێرشی توندی دەكردە سەر پارتیو بە "تاكڕەو" ناوی تیمی پارتی لە حكومەت هێنا، ئەمە مەسرور بارزانی توڕە كرد، داوای لێكرد لەناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا روونكردنەوە بدات لەبارەی قسەكانییەوە، بەڵام قوباد تاڵەبانی ئەوكاتیش هاوشێوەی ئێستا چەند كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران نەچووە ژورەوەو بەمە خۆی دزییەوە لە هەر جۆرە قسەكردنێك لەسەر بابەتەكە لەناو حكومەتدا. قوباد تاڵەبانی دوای گەڕانەوەی لە ئەمریكاوە بۆ كوردستان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت دەستی بەكاركردن كرد (ئەوكاتیش هەر جێگری سەرۆك وەزیران بوو)، پەیوەندییەكانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بەهێزبوو، چونكە دەسەڵاتی پێدابوو وەكو سەرۆك وەزیرانی ناوچەی سەوز مامەڵە بكات. قوباد تاڵەبانیو نێچیرڤان بارزانی سەرباری ناكۆكییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی، هێشتا پارێزگارییان كردووە لە پەیوەندییە باشەكەی نێوانیان، قوباد تاڵەبانی هەرجارێك لەگەڵ مەسرور بارزانی دەگاتە بنبەست، بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی لە دەرگای نێچیرڤان بارزانی دەدات، بەڵام ئێستا ئیتر بارودۆخەكە لەناو پارتیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو نێچیرڤان بارزانی ناتوانێت رۆڵەكەی جاران بۆ قوباد تاڵەبانی بگێڕێت، چونكە كۆنگرەی 14ی پارتی مەسرور بارزانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هاوتا كردووەو هەردووكیان لە قۆناغێكی هەستیاردا جێگری سەرۆكی پارتینو نێچیرڤان بارزانی نایەوێت بە پاڵپشتیكردن لە قوباد تاڵەبانی هەر لە ئێستاوە پەیامی ئەوە بە مەسعود بارزانی مامی بدات كە دژایەتی مەسرور بارزانی دەكات.
درەو: 🔹 لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر بووە لە (136.26 ترلیۆن) دینار، کە (95.3%)ی داهاتی نەوت و(4.7%)ی داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 لەو داهاتەی بەدەستهاتووە زیاتر لە (79.73 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (92.4%)ی چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن. تەنها (6.59 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (7.6%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە. 🔹 هەر بەپێی ئامارەکان دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (36.3%) و زیاتر لە (33.71 ترلیۆن) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. 🔹 خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بریتی بووە لە (6.5 ترلیۆن) دینار و بە جۆرێک؛ ئەنجومەنی وەزیران (6 ترلیۆن) دینارو ئەنجومەنی نوێنەران نزیکەی (429 ملیار) دینار و سەرۆکایەتی کۆمار زیاتر لە (40 ملیار) دینار، خەرجیان هەبووە. یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2022 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە بۆ دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڵاوی کردوونەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (136 ترلیۆن و 262 ملیار و 85 ملیۆن و 482 هەزار و 91) دینار، بەجۆرێک بڕی (129 ترلیۆن و 945 ملیار و 398 ملیۆن و 980 هەزار و 835) دیناری بەڕێژەی (95.3%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (6 ترلیۆن و 316 ملیار و 686 ملیۆن و 501 هەزار و 256) دینار، بەڕێژەی (4.7%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری دە مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2022 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (86 ترلیۆن و 330 ملیار و 376 ملیۆن و 650 هەزار و 331) دینار، بەجۆرێک بڕی (79 ترلیۆن و 738 ملیار و 531 ملیۆن و 191 هەزار و 216) دیناری بەڕێژەی (92.4%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (6 ترلیۆن و 591 ملیار و 845 ملیۆن و 369 هەزار و 115) دیناری بەڕێژەی (7.6%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر دە مانگی ساڵەکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2022 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (6 ترلیۆن و 951 ملیار و 845 ملیۆن و 369 هەزار و 116) دیناری بەڕێژەی (7.6%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ بڕی (90 ملیار و 182 ملیۆن و 185 هەزار و 915) دیناری بۆ خەرج کراوە. 2. کەرتی پیشەسازی بڕی (792 ملیار و 835 ملیۆن و 526 هەزار و 915) دیناری بۆ خەرج کراوە. 3. کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (2 ترلیۆن و 95 ملیار و 740 ملیۆن و 721 هەزار و 784) دیناری بۆ خەرج کراوە. 4. کەرتی بیناسازی بڕی (3 ترلیۆن و 501 ملیار و 957 ملیۆن و 291 هەزار و 990) دیناری بۆ خەرج کراوە. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (471 ملیار و 129 ملیۆن و 642 هەزار و 512) دیناری بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە دە مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2022 لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (86 ترلیۆن و 330 ملیار و 376 ملیۆن و 560 هەزار و 331) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (136 ترلیۆن و 262 ملیار و 85 ملیۆن و 482 هەزار و 91) دینار. واتە بڕی (33 ترلیۆن و 714 ملیار و 609 ملیۆن و 280 هەزار و 104) دیناری بەڕێژەی (36.3%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری دە مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). خشتەی ژمارە (4) پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە دە مانگی یەکەمی 2022 لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 499 ملیار و 907 ملیۆن و 702 هەزار و 551) دینار. بە جۆرێک؛ 1. ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (428 ملیار و 996 ملیۆن و 666 هەزار و 435) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (10) هەزار دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2. سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (40 ملیار و 166 ملیۆن و 924 هەزار و 773) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3. ئەنجومەنی وەزیران بڕی (6 ترلیۆن و 30 ملیار و 744 ملیۆن و 111 هەزار و 343) دیناری خەرجکردووە، بڕی (5 ترلیۆن و 217 ملیار و 192 ملیۆن و 187 هەزار و 369) دیناری بە ڕێژەی (87%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (813 ملیار و 551 ملیۆن و 923 هەزار و 974) دیناری بە ڕێژەی (13%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە دە مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) سەرچاوەکان ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق - حساب الدولە لغایە کانون الپانی 2022 للموازنە الاتحادیە - حساب الدولە لغایە شباگ 2022 للموازنە الاتحادیە - حساب الدولە لغایە اژار 2022 للموازنە الاتحادیە - حساب الدولە لغایە نیسان 2022 للموازنە الاتحادیە - حساب الدولە لغایە مایس 2022 للموازنە الاتحادیە - حساب الدولە لغایە حزیران 2022 للموازنە الاتحادیە - حساب الدولە لغایە تموز 2022 للموازنە الاتحادیە - حساب الدولە لغایە ێب 2022 للموازنە الاتحادیە - حساب الدولە لغایە ایلول 2022 للموازنە الاتحادیە - حساب الدولە لغایە تشرین الاول 2022 للموازنە الاتحادیە
شیكاری: درەو # شەپۆلی بارانی چەند رۆژی رابردوو، کاریگەری بەرچاوی لەسەر زیادبوونی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، هەبووە، بەڵام لە ئاوی ژێر زەویدا هیچ زیادبوونێک تۆمار نەکراوە. # لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی (50 هەزار و 257) بیرەوە ئاو لە ژێر زەوی دەردەهێنرێت، لەم بڕە تەنها (24 هەزار و 257) یان بە یاسایی هەڵکەندراون. # بیرە یاساییەکان (51%)ی بۆ خواردنهوهو (45%)ی بۆ کشتوکاڵ و (4%)ی بۆ پیشەسازی بەکاردەهێنرێت. # بیرە یاساییەکان (38%)ی لە هەولێر، (34%) لە سلێمانی، (20%)ی لە دهۆک و (7%) لە ئیدارەی گەرمیان لێدراون. # ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە ماوەی (20) ساڵدا (500) مەتر دابەزیوە. قەبارەی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆر ئاوی ژێر زەوی هەن، یەکێکیان ئەوانەن کە نزیکن لەسەر زەوی کە راستەوخۆ کاریگەرن بە بڕی دابارین، واتە دابارینی کەم و زۆر کاریگەریی خێرا دەکاتە سەر بڕەکانیان، بەڵام ئەوانەی کە لە قوڵاییدان کەمتر کاریگەر دەبن بە بڕی دابارینی ساڵانە، لەم بارەیەوە شارەزایان بەم جۆرە ئەوە روون دەکەنەوە؛ "ئەگەر کۆی رووبەری کوردستان بە (40 هەزار) کیلۆمەتر هەژمار بکەین، هەروەها تێکڕای بارانی ساڵانەش (500) ملیمەتر بێت، ئەوا ساڵانە نزیکەی (20) ملیار مەتر سێجا ئاو دەکات، لەو بڕەش (30 - 35٪)ی دادەچۆڕێتە خوارەوەو کۆگا ئاوییەکان پاراو دەکات". بەڵام ئەگەر ئەو بڕی بارانە کەمبکات بۆ نموونە ببێتە (400) ملیمەتر باران، ئەوا بڕی ئاو (4) ملیار مەتر سێجا کەمدەکات، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەکەی کەمتر ئاو بگاتە ژێر زەوی و کۆگاکانی ئاوی ژێر زەوی پاراو بکات. ئەم داچۆڕینەش بەپێی شوێن جیاوازە، ناوچەی شاخاوی (30 - 35٪) دادەچۆڕێتە خوارەوە، بەڵام ناوچەکانی نیشتەجێ و ناوچە پیشەسازییەکان (5 - 10٪) دادەچۆڕێتە خوارەوە. لە هەرێمی کوردستان لەو شوێنانەی کە چالاکیی پیشەسازییان تێدایە، یان ئەو شوێنانەی کە ئاستی ئاوی ژێر زەوی نزیکە، یان نزیکی پرۆژەی کشتوکاڵین، یان بەهۆی تێکچوونی ئاوەڕۆی ماڵانەوە، ئاوی ژێرزەوی پیسبووە، بە تایبەت ئەو شوێنانەی کە پاڵاوگهو چالاکیی نەوتیی تێدان. پرۆژەکانى ئاودێریى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لەڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیی گشتى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، دەستى کردووە بە جێبەجێکردن و تێستکردنى چەندین پڕۆژەى گرنگ کە کاریگەرییان لەسەر زیادکردنى ئاوى سەرزەوی و ئاوى ژێر زەوی و گلدانەوەى ئاو هەیە. بەپێی داتاکانى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو کە تا (4) مانگ بەر لە ئێستان، له كهرتی سهرچاوهكانی ئاو، چهندین پرۆژەی جۆراوجۆر ئهنجام دراون، كه بهشێكیان كارهكانیان تهواو بووهو بهشێكیشیان كارهكانیان تهواو نهبووه. واتە بەكۆی گشتی (٧٦) پرۆژە بە گوژمەى (٥١٤ ملیارو ٨٩٣ ملیۆن) دیناره هەبووە کە بەم شێوەیە دابەش کراوە: - پڕۆژەی ئاودێری تەواوکراو: (٤) پرۆژە، به گوژمهی (٢ ملیار و ٨٩٣ ملیۆن) دینار. - پڕۆژەی تەواونەکراو کە (١-٩٩%)یان تەواوکراوە: (٢٤) پڕۆژە، به گوژمهی (٧١ ملیار) دینار. - پۆند (حەوز)ی تەواوکراو: (٥) پۆند، به گوژمهی ملیارێک دینار. - پۆندی تەواونەکراو کە (٢٠-٧١%) یان تەواوکراوە: (١٣) پڕۆژە. - نەخشەسازی پۆند: (٣٠) پڕۆژە به گوژمهی (٤٤٠ ملیار) دینار. هەرێمى کوردستان خاوەن (١٥٥) پۆند (حەوز)ى ئاوە دکتۆر کاروان سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتیى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، لەسەر پۆندەکان بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە: ''لە ساڵى ١٩٩١ـەوە تا ٦ مانگى ڕابردوو، (١١٨) پۆند لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان هەبووە، بەڵام لەم شەش مانگى ڕابردوو، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندى لەسەر دروستکردنی (٣٧) پۆند لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان بە دوو قۆناغ داوە، کە نزیکەى (٢٦ ملیار) دیناریان تێ دەچێت کە بریتین لە: قۆناغى یەکەم: دروستکردنى (٢٣) پۆند کە (١٣ ملیار) دیناریان تێچووەو بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان: - پارێزگاى ههولێر: (٨) پۆند. - پارێزگاى سلێمانی: (٣) پۆند. - پارێزگاى دهۆك: (٩) پۆند. - ئیدارەى سەربەخۆ گهرمیان: (٣) پۆند. قۆناغی دووەم: دروستکردنى (١٤) پۆند بۆ پارێزگاى هەولێر، کە (١٢.٦ ملیار) دیناریان تێ دەچێت و زۆربەیان لە دەوروبەرى شارى هەولێر دروست دەکرێن، بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى لافاو کە لەو دوو ساڵەى ڕابردوو کاریگەریی خراپیان لەسەر خەڵک و دانیشتوانى پایتەخت هەبوو و ئەمانە تواناى گلدانەوەى (٤ بۆ ٥ ملیۆن) مەتر سێ جا ئاویان هەیە. ئامارەکانی بیری ئاوی (فەرمی) لە هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لەسەر ئامارى بیرەکانى سەرانسەرى هەرێمى کوردستان، تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ئاماری بیره ههڵكهندراوهكان بریتی بووه له (٢٤ ههزار و ٣٥٧) بیری جیاواز له سێكتهرهكانی ئاوی پاكی خواردنهوه، كشتوكاڵ، پیشهسازی، بە جۆرێک؛ بیرەکانى تایبەت بە ئاوى خواردنەوە کە (١٢ هەزار و ٤٢١) بیرن، بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان: - پارێزگاى ههولێر: (٤ هەزار و٣٢٠) بیر. - پارێزگاى سلێمانی: (٦ هەزار و ١١٧) بیر. - پارێزگاى دهۆك: (هەزار و ٤٧٧) بیر. - ئیدارەى سەربەخۆی گهرمیان: (٥٠٧) بیر. بیرەکانى تایبەت بە ئاوى کشتوکاڵى کە (١٠هەزار و ٩٨٦) بیرن، بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان: - پارێزگاى ههولێر: (٤ هەزار و ٨٣١) بیر. - پارێزگاى دهۆك: (٢ هەزار و ١٧) بیر. - پارێزگاى سلێمانی: (٣ هەزار و ٢٨) بیر. - ئیدارەى سەربەخۆی گهرمیان: ( هەزار و ١١٠) بیر. بیرەکانى تایبەت بە ئاوى پیشەسازی کە (٩٥٠) بیرن، بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان: - پارێزگاى ههولێر: (١٦٤) بیر. - پارێزگاى دهۆك: (١١٩) بیر. - پارێزگاى سلێمانی: (٤٨٨) بیر. - ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: (١٧٩) ئامارى بیرە فەرمییەکانى سەرانسەرى هەرێمى کوردستان لێدانی بیری ئاوی (نایاسایی) لە هەرێمی کوردستان ئەگەر چی ئامارێکی فەرمی لەبارەی بیرە نایاساییەکانەوە بەردەست نیە، چونکە ئەو بیرانە تۆمار نەکراون، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە (50) هەزار بیر لێدراون، کە (24.35) هەزاریان مۆڵەتیان هەن ، ئەوانی دیکە کە (25.9) هەزارن بە نایاسایی لێدراون، بەم پێیەش (52%) بیرەکان نایاسایین و (48%)ی بیری ڕێوشوێنی یاساییان هەیە. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا لەو بیرانەی کە یاسایین؛ (12 هەزار و 421) بۆ خواردنەوە، (10 هەزار و 986) بۆ کشتوکاڵ و هەروەها (950) بیریشیان بەمەبەستی پیشەسازیی لێدراون. سەبارەت بە كاریگەریی بێبارانی و هەڵكەندنی بێشووماری بیری نایاسایی لە ساڵانی ڕابردوودا (عەباس عەلی – بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی سلێمانی) پێی وایە؛ باران سەرچاوەی یەكەمی پاراوبوونەوەی ئاوی ژێر زەوییە، جگە لە فاكتەرەكانی دیكەی سەر زەوی، كە باران نەبوو كێشەی پاراوبوونەوەی ئاو دروستدەبێت. هەڵكەندی بیر ئەگەر بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بێت شێوازێكی زانستی وەردەگرێت، كە دووریی بیرەكان و قوڵایی و شوێنەكەی بەپێی حەوزە ئاوییەكان و بەپێی پێداویستیی خەڵك دیاریدەكات، كاریگەرییان نابێت لەسەر دابەزینی ئاستی ئاو. ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەی ئاشکرا کردووە "بیری نایاسایی لەبەرئەوەی نایاساییە، شوێنی پاراوبوونەوە ئەگرێتەوە، ڕێژەی دەرهێنانی چاودێری لەسەر نییە، باڵانس لەنێوان پاراوبوونەوە و دەرهێنانەوە تێكدەدات، ئەمیان كاریگەری لەسەر ئاستی ژێر زەوی دەبێت". لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ساڵی 2016ەوە هەڵكەندنی ئەو جۆرە بیرانە بەڕێژەی (40 تا 45%) كەمیكردووە. سەرەڕای بیری نایاسایی چەندین مەترسیی دیكە لەسەر ئاوی ژێر زەوی هەن، کە بریتین لە، گۆڕانكاریی ئاووهەوا، هەروەها پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی یەكێكی دیكەیە لە مەترسییەكان بەهۆی هەندێك لە چالاكییە مرۆییەكان، بەتایبەت لەناو شارەكان و ئەوانەی زۆر نزیكن لە سەرچاوە ئاوییەكانەوە. دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "لە ماوەی (20) ساڵدا ئاستی ئاوی ژێر زەوی (500) مەتر دابەزیوە"، له راگهیهندراوهكهی فەرمانگەی میدیاو زانیاری هاتووه: لە 2022 نزیکەی (300) بیری ئاو وشکیان کردووە، کابینەی نۆیهمی حكومهتی ههرێمی كورستانیش بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان (138) بیر لێ دەدات، هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە سەرچاوەکانی ئاو لە هەولێر دوو جۆره، ئاوی سەر زەوی 35% و ئاوی ژێر زەوی 65% دهبێت، ههروهها ئاستی قوڵیی بیرەکانی ئاو تادێت زیاد دەبێت، ئاستی قوڵیی بیرلێدان بەپێی ساڵ گۆڕانكاری بهسهردا هاتووه، كه بهمشێوهیه روونكراوهتهوه: - ساڵی 1996: قووڵی بیرلێدان 120 مەتر بووه - ساڵی 2003: قووڵی بیرلێدان 200 مەتر بووه - ساڵی 2010: قووڵی بیرلێدان 300 مەتر بووه - ساڵی 2021: قووڵی بیرلێدان 500 مەتر بووه - ساڵی 2022: قووڵی بیرلێدان 700 مەتر بووه لە نوێترین ڕاگەیەندراودا (بهڕێوبهرایهتی گشتیی سهرچاوهكانی ئاوی ههرێمی كوردستان) دهڵێ "شەپۆلی بارانی چەند رۆژی رابردوو، کاریگەری بەرچاوی لەسەر زیادبوونی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئاوی سەر زەوی، هەبووە، بەڵام ئاوی ژێر زەوی هیچ زیادبوونێک تۆمار نەکراوە". ههروهها هاتووه: "بارانی باریو بەشێکی گەورەی پێداویستی ئاوی ئاودێری بەرووبوومە زستانییەکانی دابینکرد.... ئەو زیادبوونە کاتییە و ئەگەری گۆڕانكاری تێدا هەیە". بڕی زیادبوونی ئاستی سهرزهوی لە دواین شەپۆی باران باریندا سەرچاوەکان؛ 1. فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 20 ساڵدا ئاستی ئاوی ژێر زەوی 500 مەتر دابەزیوە؛ https://fb.watch/hczZMCtR0O/ 2. فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان،هەرێمى کوردستان لە بوارى ئاو پێدەنێتە قۆناغێکى نوێ؛ https://gov.krd/dmi/activities/news-and-press-releases/2022/november/%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%D9%89-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D9%84%DB%95-%D8%A8%D9%88%D8%A7%D8%B1%D9%89-%D8%A6%D8%A7%D9%88-%D9%BE%DB%8E%D8%AF%DB%95%D9%86%DB%8E%D8%AA%DB%95-%D9%82%DB%86%D9%86%D8%A7%D8%BA%DB%8E%DA%A9%D9%89-%D9%86%D9%88%DB%8E/?fbclid=IwAR0FKWHlSzjeXwxPGZ2prL5T8P3tOu9wCCUM0a8902M_ZyIhjIYll1KCnJQ 3. ڕاگەیەندراوی بهڕێوبهرایهتی گشتیی سهرچاوهكانی ئاوی ههرێمی كوردستان. 4. سامانی ساڵانەی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان 4 ملیار مەتر سێجایە؛ https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2204202119 5. بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی: ئاستی ئاو زۆر بەخێرایی لە دابەزیندایە؛ https://esta.krd/190715/
درەو: راپۆرتی: فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق؛ # لەسەر ئاستی عێراق زیاتر (27 ملیۆن) دۆنم زەوی ڕوبەڕووی دیاردەی بە بیابانبوون بوونەتەوە، زیاتر لە (94 ملیۆن) دۆنم زەویش لەبەردەم هەڕەشەی دیاردەکەن. # لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش نزیکەی (442 هەزار) دۆنم زەوی توشی بە بیابانبوون بوونە، زیاتر لە (536 هەزار) دۆنم زەویش لەبەردەم مەترسی بە بیابانبووندان. # لە ماوەی ساڵی (2015 - 2020)، جوتیاران بەهۆی نەبونی ئاوی پێویستەوە، دەستیان لە داچاندنی زیاتر لە (7 ملیۆن) دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەڵگرتووە. ڕوبەری زەوی بە بیابانبوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پاڵپشت بە داتاکانی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2015 - 2020) لەسەر ئاستی عێراق (27 ملیۆن و 220 هەزار و 361) دۆنم زەوی ڕوبەڕووی دیاردەی بە بیابانبوون بوونەتەوە، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق پارێزگای ئەنبار زۆرترین ڕووبەری ڕوبەڕووی دیاردەکە بووتەوەو (7 ملیۆن و 467 هەزارو 920) دۆنمی بە ڕێژەی (27.44%)ی کۆی گشتی بەبیابانبوون گرتوویەتییەوە. جێگەی ئاماژەیە پارێزگای کەرکوک لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق کەمترین ڕێژەی بە بیابانبوون تێیدا ڕوویداوەو تەنها (11 هەزار و 726) دۆنمی بە رێژەی (0.04%) بەر شەپۆلی بەبیابانبوونەکەی عێراق بووتەوە. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش کە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵبجە) دەگرێتەوە، داتاکان پێکەوە هەژمار کراوەو ڕێژەی بە بیابانبوونە تێیاندا (1.62%) بووە بەرامبەر بە (441 هەزار و 798) دۆنم زەوی. تایبەت بە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق (بڕوانە چارتی ژمارە (1) و خشتەی ژمارە (1)) ڕوبەری زەوی لە ژێر هەڕەشەی بە بیابانبوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەو ڕووبەرە لە زەوییەکانی عێراق داوە کە لە ژێر هەڕەشەی بە بیابانبووندان، بەجۆرێک لەسەر ئاستی عێراق (94 ملیۆن و 264 هەزار و 400) دۆنم زەوی لە ژێر مەترسی دیاردەی بە بیابانبووندان. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق پارێزگای ئەنبار زۆرترین ڕووبەری لە مەترسیدان کە بە (45 ملیۆن و 804 هەزارو 400) دۆنمی بە ڕێژەی (48.59%) دەخەمڵێنرێت، کە مەترسی بەبیابانبووندان. هاوکات پارێزگای بابل لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق کەمترین هەڕەشەی لەسەرە، ئەو زەویانەشی کە لە ژێر کاریگەر هەڕەشەی دیاردەکەن بە (317 هەزار و 202) دۆنم دەخەمڵێنرێت کە بەرامبەرە بە رێژەی (0.34%) لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق. بەڵام لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە، داتاکان دڵخۆشکەرن بەرامبەر بە قەبارە گەورانەی لە پارێزگاکانی تری عێراق تۆمار کراون، چونکە تەنها (536 هەزار و 86) دۆنم زەوی لەژێر مەترسی دیاردەکەن و بەراورد بە کۆی گشتی مەترسییەکە لەسەر ئاستی عێراق تەنها بە ڕێژەی (0.57%) دەخەمڵێنرێت. تایبەت بە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (بڕوانە چارتی ژمارە (2) و خشتەی ژمارە (1)). دەستهەڵگرین لە داچاندنی زەوی کشتوکاڵی لەسەر ئاستی عێراق (2015 – 2020) جگە لەوەی قەبارەیەکی گەورەی زەوی کشتوکاڵی لە عێراق بە کەڵکی کشتوکاڵ کردن و داچاندن نەماون و ڕوبەڕووی بە بیابانبوون بوونەتەوەو یان لە ژێر کاریگەری دیاردەکەن. هاوکات ڕوبەرێکی بەرفراوانیش لە زەوی کشتووکاڵی لە عێراق بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویستەوە داچاندنیان تێدا ناکرێت و بەپێی داتاکان، لە ساڵی (2015) ڕوبەری (1 ملیۆن و 631 هەزار و 341) دۆنم، لە ساڵی (2016) ڕوبەری (545 هەزار و 108) دۆنم، لە ساڵی (2017) ڕوبەری (ملیۆنێک) دۆنم، لە ساڵی (2018) ڕوبەری (2 ملیۆن و 272 هەزار و 692) دۆنم، لە ساڵی (2019) ڕوبەری (540 هەزار) دۆنم و لەساڵی (2020) روبەری (ملیۆنێک و 134 هەزار و 378) دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە عێراق لەلایەن جوتیارانەوە نەکێڵراوەو هیچ بەروبوومێک دانەچێنراوە. بەم پێیەش لە ماوەی ساڵی (2015 - 2020)، جوتیاران بەهۆی نەبونی ئاوی پێویستەوە، دەستیان لە داچاندنی زیاتر لە (7 ملیۆن) دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەڵگرتووە. (بڕوانە چارتی ژمارە (3)).
راپۆرت: درەو زیاتر لە (5 ملیار) دیناری نەخۆشخانی شێرپەنجە شەش ساڵە كەوتوەتە ناو مامەڵەیەكی پیسی بانكییەوە لە سلێمانیو تێكەڵ بە مامەڵەی نایاسایی چەكی بەڵێندەران كراوە، رێكخراوی كوردستان بۆ هاوكاری نەخۆشانی شێرپەنجە لەرێگەی داواكاری گشتیەوە سكاڵای لەسەر (سەعد كۆڵەك) كردووە كە سەرمایەدارێكی ناسراوی سلێمانییە، لەم كەیسەدا ژمێریارێكی سەعد كۆڵەكیش تێوەگلاوەو ئێستا هەردووكیان كوردستانیان بەجێهێشتووە، وردەكاری چارەنوسی پارەی كەمپەینی "ژیانەوە" بۆ نەخۆشخانی شێرپەنجە لەم راپۆرتەدا بخوێنەرەوە. سكاڵای یاسایی تۆماركرا بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا رێكخراوی كوردستان بۆ هاوكاری نەخۆشخانی شێرپەنجە لە رێگەی داواكاری گشتیەوە سكاڵای یاسایی لەسەر دوو كەس تۆماركرد كە سەرمایەدارێكە لەگەڵ ژمێریارەكەی. سەرمایەدارەكە (سەعد فایەق كۆڵەك)ەو ژمێریارەكەشی پیاوێكە بەناوی (عوسمان عەلی ساڵح)، ئەم دوو كەسە لەسەرەتای هەڵمەتەكانی دەستگیركردنی ئەو كەسانەوە كە لە سلێمانی مامەڵەیان بە چەكی بەڵێندەرانەوە كردووە، كوردستانیان بەجێهێشتووەو روویان لە (دوبەی) كردووە. ئەم سەرمایەدارە بڕی زیاتر لە (5 ملیار) دیناری پارەی كەمپەینی پشتیوانی لە نەخۆشخانی شێرپەنجەی لە (نەقد)ەوە كردووە بە (چەكی بەڵێندەران)و ئەمە وایكردووە پارەی كەمپەینەكە بفەوتێت، ئەم كەیسە پەردە لەسەر چۆنیەتی مایەپوچبوونی بانكی (شیمال) لە سلێمانی هەڵدەداتەوەو تێوەگلانی ئەو بانكە لە پرۆسەی سپیكردنەوەی پارەدا دەردەخات لەرێگەی خاوەنەكەیو یەكێك لە هاوپشكەكانییەوە. كەمپەینی پارەكۆكردنەوە لەسەردەمی قەیراندا ساڵی 2012 پەرلەمانی كوردستان یاسای (سندوقی كۆمەك بۆ توشبوانی شێرپەنجە)ی پەسەندكرد، لەبەر رۆشنایی ئەم یاسایەدا، ساڵی 2014 كاتێك بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی داعشو دابەزینی نرخی نەوتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان روبەڕووی یەكەم شەپۆلی قەیرانی دارایی بووەوە، سندوقی (كۆمەك بۆ توشبوانی شێرپەنجە) كەمپەینێكی ئەنجامدا بەناوی "ژیانەوە"، رێكخراوی (كوردستان بۆ هاوكاری نەخۆشخانی شێرپەنجە) كەمپەینەكەی بەڕێوەدەبرد، خاتوو (د. ئەختەر نەجمەدین) سەرۆكی رێكخراوەكەیە، كە پێشترو لەسەردەمی حكومەتی (عومەر فەتاح)دا لە سلێمانی وەزیری خوێندنی باڵا بووە، خاتونێكی تر بە ناوی (ئەمیرە مەحمود غەفور) ژمێریاری رێكخراوەكەیە. ئەم كەمپەینە بڕی (5 ملیارو 282 ملیۆنو 782 هەزارو 250) دیناری كۆكردەوە، بەڕێوەبەرانی رێكخراوەكە لە بانكی (شیمال) لە سلێمانی كە بانكێكی ئەهلییەو دەكەوێتە بەرامبەر یانەی ئەندازیاران لەسەر شەقامی سالم، حسابێكی بانكییان بە (دینارو دۆلار) كردوەتەوە بۆ دانانی ئەو پارەی كە كەمپەینەكە كۆیكردوەتەوە، هەر لەو بانكە حسابی دۆلاریان گۆڕیوەتەوە بۆ دینارو خستویانەتە سەر حسابی دینار. پارەی شێرپەنجە لە گەردنی سەعدی كۆڵەكدا ! ساڵی 2016 بانكی (شیمال) مایەپوچ بوو، بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، بەرلەوەی بەتەواوەتی مایەپوچبوونی ئاشكرا بكرێت، (سەعد فایەق كۆڵەك) كە سەرمایەدارێكی دیاری سلێمانییەو ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانكی (شیمال)ە پەیوەندی بە بەرپرسانی رێكخراوی (كوردستان بۆ هاوكاری نەخۆشخانی شێرپەنجە)وە كردووەو بەناوی هاوكاریكردنیانەوە پێشنییازی بۆ كردوون بۆ ئەوەی پارەكانیان لە بانكی شیمال نەفەوتێت، بیگوازنەوە بۆ بانكێكی تر. رێكخراوی كوردستان بۆ هاوكاری نەخۆشخانی شێرپەنجە پارەی كەمپەینەكە كە زیاتر لە (5 ملیار) دینار بووە بە كاش لە بانكی (شیمال) دایناوە، بەڵام سەعد كۆڵەك وتویەتی ئێستا لە بانك پارەی كاشمان نییەو كەسێك رادەسپێرم یارمەتیدان بداتو پارەكەتان بە (چەك) بۆ بگوازێتەوە بۆ بانكێكی تر، بەڕێوەبەرانی رێكخراوەكە بەهۆی ئەوەی پارەكەیان لە كاری خێرخوازییەوە دەستكەوتووە، پێشبینی ئەوەیان نەكردووە كەس بتوانێت دەست بۆ پارەكە ببات. دوای گفتوگۆ لەگەڵ (سەعد فایەق كۆڵەك)، رێكخراوی كوردستان بۆ هاوكاری نەخۆشخانی شێرپەنجە هەموو پارەی كەمپەینەكەیان كە تا ئەوكاتە بڕی (5 ملیارو 249 ملیۆنو 750 هەزار) دیناری ماوەتەوە، بەشێوەی نەقدو لەماوەی 2/5/2016 بۆ 26/7/2016 بە چەند جارێكو بەبڕی جیاواز خستوەتەسەر حسابی كەسێك لە بانكی شیمال بەناوی (عوسمان عەلی ساڵح)، ئەم پیاوە ناسراوە بە (عوسمان عەلاف) ژمێریاری تایبەتی كۆمپانیاكەی سەعد فایەق كۆڵەك بووە. هەر لە ماوەی 2/5/2016 بۆ 26/7/2016 واتە رێك لەو ماوەیەدا كە رێكخراوەكە بە نەقد پارەی كەمپەینەكەی خستوەتە سەر حسابەكەی لە بانكی شیمال، عوسمان عەلاف پارەكەی بە (چەك) لە بانكی شیمالەوە گواستوەتەوە بۆ بانكی ئاشتیی، ئەم كارەشی بە هاوبەشی كردووە لەگەڵ خاتوو (ئەمیرە) كە ژمێریای رێكخراوی كوردستانە بۆ هەماهەنگی نەخۆشخانی شێرپەنجە. دوای ئەوەی پارەی كەمپینەكە بەشێوەی (چەك) لە بانكی شیمالەوە گواستراوەتەوە بۆ بانكی ئاشتی، بەڕێوەبەرانی رێكخراوەكە بۆیان دەركەوتووە (عوسمان عەلاف) كە ژمێریاری سەعد كۆڵەك بووە، چەكی بەڵێندەرانی بۆ رێكخراوەكە پڕكردوەتەوە، ئەمەش چەكێكی بانكییە كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە توشی كێشە هاتو حكومەت خەرجی نەدەكردو لە بازاڕدا بەبەهای كەمتر لە بەهای خۆی مامەڵەی پێوەدەكرا، ئەمە ئەو كەیسەیە كە دەوترێت بەرپرسی باڵای كابینەی پێشوو و ئەم كابینەیەش تێیدا تێوەگلاونو لەڕێگەی كەسە نزیكەكانیانەوە مامەڵەیان بەم چەكانەوە كردووە، بەمدواییە هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی چەندین كەسیان لە بازاڕی دۆلارەكە لەسەر ئەم كەیسە دەستگیركراوە، ئەو چەكە بانكییانەی بەڵێندەران كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە حكومەت بۆی خەرج نەكردون خستیانە بازاڕەوە بە نرخی كەمتر بەهاكەی دەگاتە (470 ملیار) دینار. كاتێك پارەی كەمپەینی هاوكاری نەخۆشی شێرپەنجە لە بانكی شیمالەوە بۆ بانكی ئاشتی لە پارەی نەقدەوە بوو بە چەكی بەڵێندەران، ئیتر پارەكە كەوتە ناو گێژاو و لە بانكی ئاشتیشەوە گواسترایەوە بۆ بانكی هەرێم كە لقی بانكی ناوەندی هەرێمە لە سلێمانی و لەوێش بە رێكخراوەكە راگەیەندراوە ئەم چەكانە چەكی بەڵێندەرانەو خەرجناكرێت، بەمدواییە هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی لەسەر كەیسی چەكی بەڵێندەران 23 فەرمانبەری بانكی هەرێمی دەستگیركرد. دوای شەش ساڵ لەمایەپوچبوونی ئەو بانكە، دەردەكەوێت بانكی (شمال) لە سلێمانی تێوەگلاوە لە پرۆسەیەكی گەورەی سپیكردنەوەی پارە یان ئەوەی ناوی لێنراوە "مەمەڵەكردن بە چەكی بانكیی بەڵێندەران"ەوە. ئێستا لەسەر ئەم كەیسە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سنوری سلێمانییەوە چەندین كەس دەستگیركراونو هەندێكیان لەبەرامبەر رادەستكردنی بڕە پارەیەك ئازادكراونو هەندێكی تریان هێشتا لە زینداندا ماون، بەڵام چارەنوسی پارەی كەمپەینی هاوكاری بۆ نەخۆشخانی شێرپەنجە هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە. هەر بەتەمای چاوە! كورد وتویەتی" كوێر تا دەمرێت بەتەمای چاوە"، سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە تیشك كە تاكە سەنتەری تیشكە لە هەرێمی كوردستان، هەر ئومێدی نەبڕیوەو بەتەمای پارەی كەمپەینەكە بووە. ئەم سەنتەرە لە نیسانی 2019دا لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە نوسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی كردووەو باسلەوە دەكات، تەنیا دوو ئامێری (لیناك)ی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشیی لە سەنتەرەكەدا هەیەو بەهۆی زۆریی نەخۆشەوە لۆدیان لەسەر دروستبووەو لیستی چاوەڕوانی نەخۆش زیاتر لە (8) مانگی تێپەڕاندووە. ئەم سەنتەرە لە نوسراوەكەدا داوا دەكات پارەی كەمپەینی "ژیانەوە"ی بۆ خەرجبكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت سیستمی جیهانی (LC) دابین بكات كە پێویستە بۆ كڕینی ئامێری (لیناك). لە بنەڕەتەوە بڕیار بوو بە پارەی ئەم كەمپەینە بینای نەخۆشخانەیەكی نوێی شێرپەنجە دروستبكرێتو ئامێری نوێی (لیناك)ی تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجەی بۆ بكڕدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەی كەمپەینەكە كەوتە ناو گێژاوی ساختەكاریی بانكییەوە، ئەم خەونە هەرگیز نەبوو بە واقع. لە تەموزی 2019 پارەكەی كەمپەینەكە خرایەسەر حسابی سندوقی كۆمەكی توشبوانی شێرپەنجە لە بانكی (باخان)، بەڵام ئەمە پارەی كاش نەبوو، تەنیا چەكی بانكی بەڵێندەران بوو كە ئەوكاتو ئێستاش حكومەت بە نرخی خۆی خەرجیان ناكات. وەصی بەسەر بانكەوە ! خاوەنی راستەقینەی بانكی (شیمال) پیاوێكی دیارە بەناوی (نەوزاد جاف)، بەڵام چەند هاوپشكێكی تری هەیە، بەر لەوەی مایەپوچبوونی رابگەیەندرێت بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) سەرمایەی بانكەكە گەیشتوەتە (300 ملیار) دینار. خاوەنی بانكەكەو یەكێك لە هاوپشكەكانی (سەعدی فایەق كۆڵەك) بەرلەوەی مایەپوچبوونی بانكەكەی رابگەیەنن، چەندین ڤێلایان لە دەرەوەی وڵات كڕیوە لەگەڵ كڕینی پشكی هەندێك كۆمپانیا، ئەمە گومانی لای هەندێك لە هاوپشكەكانی ترو ئەوانەی پارەیان لە بانكەكە داناوە دروستكردووە، ئەوانەی لە نزیكەوە ئاگاداری كەیسەكەن دەڵێن پارەی كەمپەینی شێرپەنجە لەلایەن ئەو سەرمایەدارانەوە لە كڕینی پشكو ڤێلاكاندا خەرجكراوەو سپی كراوەتەوە. بانكی (شیمال) لە ساڵی 2016وە توشی مایەپوچبوون بووە، بەڵام هێشتا پەیكەری بانكەكە هەر ماوە، مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ (عەمار حەمەد خەلەف) جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق فەرمانێكی دەركردووەو بەگوێرەی یاسای بانكەكان، بانكی (شیمال)ی لە سلێمانی خستوەتە ژێر (الوصایە)ی خۆیەوەو (محەمەد عەلی حسێن)ی كردووە بە وەصی بەسەر بانكەكەو دەسەڵاتی ئەوەی پێ بەخشیوە رێوشوێنی دژی ئەو كەسانە بگرێتە بەر كە هۆكاربوون لە بەهەدەردانی پارەی بانكەكەو خراپ بەكارهێنانی. بانكی شیمال كە خاوەنە راستەقینەكەی (نەوزاد جاف)ە، ئێستا تەنیا پەیكەرەكەی ماوە، كە نەكەس پارەی تێدا دادەنێتو نە كەسیش پارەی لێ رادەكێشێت، ئەو پیاوەی كە وەكو وەصی لە بانكی ناوەندییەوە بۆی دانراوە حساباتی ئەوە دەكات بانكەكە چەندی لە قەرزدایەو خۆی چەندێك پارەی خەڵكو خاوەن پشكەكانی بانكەكە قەرزارە.
درەو: راپۆرتی: دەستەی ئاماری هەرێم پاڵپشت بە ڕووپێوییەکانی دەستەی ئاماری هەرێم کە بە هاوکاری ڕێخکراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستی هەرێم و پارێزگاکان ئەنجامی داوە؛ # لە کۆی (2 ههزار 16) دامەزراوهی زۆر بچوک، بچوک و مامناوەند، تەنها (811)یان به ڕێژهی (40.2%) بە فەرمی تۆماركراوون و (ههزار و 205) یان به ڕێژهی (59.7%) لە هیچ شوێنێكی فەرمی تۆمار نەكراوون. # (ههزار و 985) دامەزراوەیان هەژماری بانکییان نییە بهڕێژهی (98.5%) و تەنیا (1.5%)ی دامەزراوەکان هەژماری بانکییان هەیە، كە ژمارهیان (31) دامەزراوهیە. # (3 ههزار و 812) كرێكار لە دامەزراوە پیشەسازییەكاندا كار دەكەن، (499) کهسیان به ڕێژهی (13%) لە ڕەگەزی مێینهن. ژمارەی خاوەنكاری ژن (269) کهسن به ڕێژهی (13.3%). # بەپێی ئەنجامەكانی بەدەستهاتوو لە ڕووپێوی بارودۆخی كۆمهڵایەتی و تەندروستی ئافرەتان دەركەوتووە كە ژمارەیەكی بەرچاوی كچان پێش تەمەنی (15 و 18) ساڵیدا هاوسەرگیرییان كردوە. لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش پارێزگای سلێمانی بەرزترین ڕێژەی تۆمار كردووە لە ڕووی هاوسەرگیری پێش تەمەنی (15 و 18) ساڵیدا. # لە بواری تەندروستی منداڵبوونیشدا، نەشتەرگەری قیسەری رێژەیەكی بەرزی تۆماركردووە (50.8%) لە ساڵی 2021 بە بەراورد بە ساڵی 2011 (26.4%) بووە، كە ئەمەش كاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر تەندروستی ئافرەتان. بهشی یهکهم؛ ئاماری دامەزراوە پیشەسازییەكان و ئابوورییەكان ئەم ئامارە پشت بە ستراوە بە؛ ڕووپێوی دامەزراوەكانی زۆر بچووك، بچووك و مامناوەند (MSME) لە هەرێمی كوردستانی- عێراق 2022 لە لایەن دەستەی ئاماری هەرێم بەهاوكاری (UNDP) ئەنجامدراوە. هاوکات ڕووپێوی دامەزراوە پیشەسازییەكانی گەورە و ڕووپێوی دامەزراوە پیشەسازییەكانی مامناوەند بۆ ساڵی 2020 لە لایەن دەستەی ئاماری هەرێم جێبەجێكراون. پێویستە ڕوون بكرێتەوە كە ڕووپێوی دامەزراوەكانی زۆر بچووك، بچووك و مامناوەند بە نموونە وەرگیراوەو ڕووپێوەكانی دامەزراوە پیشەسازییەكانی گەورەو مامناوەند ڕووپێوی گشتگیرن. یهکهم؛ ئەنجامەكانی ڕووپێوی دامەزراوەكانی زۆر بچووك، بچووك و مامناوەند (MSME) 1. ژمارەی دامەزراوەكان: بەپێی ئەنجامەكانی ڕووپێوی (MSME) ژمارەی گشت دامەزراوەكان لە نموونەكەدا (2 ههزار 16) دامەزراوهیە (ههزار و 875) زۆر بچووك، (127) بچووك، (14) مامناوەند. لهکۆی ئهو دامهزراوانه (811)یان به ڕێژهی (40.2%) دامەزراوە بە فەرمی تۆماركراوون و (ههزار و 205) دامەزراوە به ڕێژهی (59.7%) لە هیچ شوێنێكی فەرمی تۆمار نەكراوون، كە زۆربهیان دامەزراوە پیشەسازییەكانی زۆر بچووكن هەروەك لە خشتەی خوارەوە پێشاندراوە. (بڕوانه خشتهی ژماره (1)). خشتهی ژماره (1) 2. ژمارەی كرێكاران (كرێكار و خاوەنكار): بەپێی قەبارەی نموونەكە، (3 ههزار و 812) كرێكار لە دامەزراوە پیشەسازییەكاندا كار دەكەن. زۆر بچووك (2 ههزار و 976)، بچووك (656) و مامناوەند (14) كرێكار، كە (3 ههزار و 313) به ڕێژهی (86.9%) له ڕەگەزی نێرن و (499) کهسیان به ڕێژهی (13%) لە ڕەگەزی مێینهن. (بڕوانه چارتی ژماره (1)). چارتی ژماره (1) 3. ژمارەی خاوەنكارەكان: ڕووپێوەكەی ئێستای هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2020 دەریدەخات کە هێشتا ژنان کەمینەن لە خاوەندارێتی دامەزراوەكانی زۆر بچووك و بچووك و مامناوەند. لە كۆی گشتی (2 ههزار و 16) خاوەنكار، ژمارەی خاوەنكاری ژن (269) کهسن به ڕێژهی (13.3%)، بە بەراوورد بە (ههزار و 747) خاوەنكاری پیاو بهڕێژهی (86.6%). لە كۆی گشتی (269) خاوەنكاری ژن، (262) لە دامەزراوەی زۆر بچووك، (6) كەس لە دامەزراوەی بچووك و (1) كەس و دامەزراوەی مامناوەند خاوەنكارن. جێگهی ئاماژهیه كە زۆربەی ئەو دامەزراوانەی كە ژنان خاوەندارن لە هیچ شوێنێكی فەرمی تۆمار نەكراوون. تۆمارکراو (37) بە ڕێژەی (1.8%، تۆمارنەکراو (232) بە ڕێژەی (11.5%))، لهسهر ئاستی پارێزگاکان (بڕوانه چارتی ژماره (2)). چارتی ژماره (2) 4. بەكارهێنانی خزمەتگوزاری بانكی: بە پێی ئەنجامەكانی ڕووپێویMSME ، دەرکەوتووە کە زۆرینەی دامەزراوەکان (ههزار و 985)یان هەژماری بانکییان نییە بهڕێژهی (98.5%) و تەنیا (1.5%)ی دامەزراوەکان هەژماری بانکییان هەیە، كە ژمارهیان (31) دامەزراوهیە. لە ڕووی هەبوونی ژمارەی بانكی، جیاوازییەكی بەرچاو لە نێوان دامەزراوەكانی زۆر بچوك و بچووك و مامناوەند ههیە، چونکە ئەم ڕێژەیە لە (1.3%) بۆ دامەزراوەی زۆر بچووك بۆ (3.2%) بۆ دامەزراوەی بچووک و (14.3%) بۆ دامەزراوەی مامناوەند زیاد دەکات. سهبارهت به هەبوونی هەژماری بانكی بەپێی دامەزراوە لە ڕووپێوی MSME (بڕوانه چارتی ژماره (3)). چارتی ژماره (3) دووهم؛ ئەنجامی ڕووپێوی پیشەسازی گەورە: دامەزراوەکانی پیشەسازی گەورە: بریتییە لەو دامەزراوە پیشەسازییانەی کە ژمارەی کرێکارەکانی (30) کرێکار و زیاترە. 1. ژمارەی دامەزراوەكان: بەپێی ئەنجامەکانی ڕووپێوی پیشەسازی دامەزراوەی گەورە دەردەكەوێت كە ژمارەی دامەزراوەکانی پیشەسازی گەورە لە ساڵی 2020 کار دەکەن (128) دامەزراوەن بەبەراورد بە ژمارەی ئەو دامەزراوانەی کە لە ساڵی 2018 کاریان دەکرد کە ژمارەیان (132) دامەزراوە بووە، واتە ژمارەی دامەزراوەی گەورە بەبەراورد بە ساڵی 2018 بە ڕێژەی (3.03%) کەمی کردووە. لە سەر ئاستی پارێزگاکانیش ژمارەی دامەزراوەکان لە پارێزگای هەولێر لە (59) دامەزراوە لە ساڵی 2018 دابەزیوە بۆ (57) دامەزراوە لە ساڵی 2020 کە زۆرترین رێژەی دامەزراوەكانی گەورە بە ڕێژەی (44%)ی لە خۆگرتووە. لە پارێزگای سلێمانی لە (56) دامەزراوە لە ساڵی 2018 دابەزیوە بۆ (52) دامەزراوە لە ساڵی 2020 بە پلەی دووەم دێت بە ڕێژەی (41%). بهڵام لە پارێزگای دهۆک لە (17) دامەزراوە لە ساڵی 2018 بەرزبۆتەوە بۆ (19) دامەزراوە لە ساڵی 2020 کە رێژەکەی دەکاتە (15%). تاینبهت به ژمارەی دامەزراوەكانی پیشەسازی گەورە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2018 و 2020 (بڕوانه چارتی ژماره (4)) چارتی ژماره (4) 2. ژمارەی کرێکارەکان: بەپێی ئەنجامەكانی ڕووپێوی پیشەسازی دامەزراوەی گەورە دەركەوتووە کۆی ژمارەی کرێكارانی بەكرێ كە لە چالاکیە پیشەسازیە جۆراوجۆرەکاندا كاردەكەن (12 ههزار و 713) كرێكارەو ئەوانەی بێ كرێ كاردەكەن ژمارهیان (50) كرێكارە، وەک خاوەن كار یان یەكێك لە ئەندامانی خێزان. ژمارەی كرێكارانی بەكرێ لە ساڵی 2020 بە ڕێژەی (0.2%) دابەزیوە بەبەراورد بە ژمارەی كرێكاران لە ساڵی 2018 كە ژمارەیان (12 ههزار و 737) كرێكار بوون. لە سەر ئاستی پارێزگاكانیش ژمارەی كرێكارانی بەكرێ لە پارێزگای هەولێر لە (4 ههزار و 975) كرێكارهوه لە ساڵی 2018 بەرزبۆتەوە بۆ )5 ههزار و 284) كرێكار لە ساڵی 2020. لە پارێزگای سلێمانی لە (6 ههزار و 832) كرێكارهوه لە ساڵی 2018 دابەزیوە بۆ (6ههزار و 144) كرێكار لە ساڵی 2020دا. لە پارێزگای دهۆك لە (930) كرێكارهوه لە ساڵی 2018 بەرزبۆتەوە بۆ (ههزار و 285) كرێكار لە ساڵی 2020. لهم بارهیهوه (بڕوانه چارتی ژماره (5)). چارتی ژماره (5) سێیهم؛ ئەنجامی ڕووپێوی پیشەسازی مامناوەند دامەزراوەکانی پیشەسازی مامناوەند: بریتییە لەو دامەزراوە پیشەسازییانەی کە ژمارەی کرێکارەکانی لەنێوان (10 - 29) کرێکاردایە. 1. ژمارەی دامەزراوەكان: بەپێی ئەنجامەكانی رووپێوی دامەزراوەی پیشەسازی مامناوەند دەركەوتووە كە ژمارەی دامەزراوەكان کە لە ساڵی 2020 کار دەکەن (396) دامەزراوەن بەبەراورد بە ژمارەی ئەو دامەزراوانەی کە لە ساڵی 2018 کاریان دەكرد كە ژمارهیان (375) دامەزراوە بووە، واتە ژمارەی دامەزراوەی مامناوەند بەرێژەی (5.6%) لە هەرێمی كوردستان زیادیكردووە بەبەراورد بە ساڵی 2018. لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەر چەندە کە پارێزگای سلێمانی لە (217) دامەزراوە لە ساڵی 2018 کەمی کردووە بۆ (214) دامەزراوە لە ساڵی 2020، بهڵام زۆرترین رێژەی دامەزراوەی مامناوەند دەكەوێتە ئەم پارێزگایە بەرێژەی (54%) و هەروەها ژمارەی دامەزراوەكان لە پارێزگای هەولێر لە (75) دامەزراوەوه لە ساڵی 2018 بەرزبووتەوە بۆ (97) دامەزراوە لە ساڵی 2020 کە بە پلەی دووەم دێت بە رێژەی (25%) دامەزراوەکان. لە پارێزگای دهۆك لە (83) دامەزراوەوه لە ساڵی 2018 بەرزبووتەوە بۆ (85) دامەزراوە لەساڵی 2020 و رێژەی دامەزراوەکان دەگاتە (21%)ی دامەزراوەکان لە هەرێمدا. لهم بارهیهوه (بڕوانه چارتی ژماره (6)). چارتی ژماره (6) 2. ژمارەی کرێکارەکان: بەپێی ئەنجامەكانی رووپێوی پیشەسازی دامەزراوەی مامناوەند کۆی ژمارەی کرێكارانی بە كرێ كە لە چالاکیە پیشەسازیە جۆراوجۆرەکاندا كاردەكەن (5 ههزار و 441) كرێكارهو ئەوانەی بێ كرێ كاردەكەن ژمارهیان (188) كرێكارە وەک خاوەن كار یان یەكێك لە ئەندامانی خێزان. ژمارەی كرێكارانی بە كرێ لە ساڵی 2020 بە ڕێژەی (0.7%) بەرز بۆتەوە بە بەراورد بە ژمارەی كرێكاران لە ساڵی 2018 كە ژمارەیان(5 ههزار و 401) كرێكار بوون. لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش ژمارەی كرێكاران لە پارێزگای هەولێر لە (ههزار و 298) كرێكار لە ساڵی 2018 بەرزبۆتەوە بۆ (ههزار و 600) كرێكار لە ساڵی 2020. لە پارێزگای سلێمانی لە (2 ههزار و 976) كرێكار لە ساڵی 2018 دابەزیوە بۆ (2 ههزار و 661) كرێكار لە ساڵی 2020. لە پارێزگای دهۆك لە (ههزار و 127) كرێكار لە ساڵی 2018 بەرزبۆتەوە بۆ (ههزار و 180) كرێكار لە ساڵی 2020. (بڕوانه چارتی ژماره (7)). چارتی ژماره (7) بهشی دووهم؛ ئاماری پەروەردەو تەندروستی و كۆمەڵایەتی ئەم ئامارانە پشت بەستراوە بە ڕووپێوی بارودۆخی كۆمهڵایەتی و تەندروستی ئافرەتان (IWISH). گەڕی یەكەمی ئەم ڕووپێوە لەساڵی 2011 و گەڕی دووەم لە ساڵی 2021 لە هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی ئەنجامدراوه لهلایەن دەستەی ئاماری هەرێمی كور دستان بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق و بههەماهەنگی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتوان (UNFPA). قەبارەی نموونەی هەڵبژێردراو لەم ڕووپێوە لەسەر ئاستی هەرێم لە (ههزار و 596) خێزان پێكهاتووهو بۆ هەر پارێزگایەك (532) خێزان بووه، لە هەردوو ژینگەی شارنشین و گوندنشین. ژمارەی ئەو خێزانانەی كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدراوه (ههزار و 576) خێزان و ژمارەی ئەو ئافرەتانەی كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوه (2 ههزار و 162) ئافرەت بووە. یهکهم؛ بەرزترین بڕوانامەی بەدەستهاتوو بۆ ئەندامانی خێزان تایبهت به بەرزترین بڕوانامەی بەدەستهاتوو بۆ ئەندامانی خێزان كه پێشتر پهیوهندیان كردووه به خوێندن بهپێی ڕهگهز (بڕوانه چارتی ژماره (8)) چارتی ژماره (8) دووهم؛ تەمەنی ئافرەت لە یەكەم هاوسەرگیری بەپێی ئەنجامەكانی بەدەستهاتوو لە ڕووپێوی بارودۆخی كۆمهڵایەتی و تەندروستی ئافرەتان (2IWISH - 2021) بە شێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە ساڵی 2021 تێكڕای تەمەن لە یەكەم هاوسەرگیری لە هەمان ئاستدان كە لە تەمەنی (21) ساڵیدایەو لە هەمان كاتدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی (2011) دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لە ساڵی 2011 بە شێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان جیاوازیەكی ئەوتۆ بەدی ناكرێت، لەم ڕووەوە بەشێوەیەك لەسەر ئاستی هەرێم تێكڕای تەمەن بۆ یەكەم هاوسەرگیری لە تەمەنی (26) ساڵیدایە. دواتر پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر، لە تەمەنی (25) ساڵی و تەمەنی (24) ساڵی یەك لەدوای یەک، وهک له (چارتی ژماره (9)) ئاماژهی پێدراوه. چارتی ژماره (9) سێیهم؛ هاوسە رگیری پێش تە مەنی (18 و 15) ساڵی بەپێی ئەنجامەكانی بەدەستهاتوو لە ڕووپێوی بارودۆخی كۆمهڵایەتی و تەندروستی ئافرەتان (2IWISH - 2021) دەركەوتووە كە ژمارەیەكی بەرچاوی كچان پێش تەمەنی (15 و 18) ساڵیدا هاوسەرگیرییان كردوە. لە هەرێمی كوردستان. لە ساڵی 2021 ڕێژەی (23%) ئەو ئافرەتانەی كە لە تەمەنی (15- 49) ساڵیدان پێش تەمەنی (18) ساڵی هاوسەرگیرییان كردووە، هەروەها (10%)ی ئەو ئافرەتانەی لە تەمەنی (15- 49) ساڵیدان پێش تەمەنی (15) ساڵی هاوسەرگیرییان كردووە. لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم، پارێزگای سلێمانی بەرزترین ڕێژەی تۆمار كردووە لە ڕووی هاوسەرگیری پێش تەمەنی (15 و 18) ساڵیدا كە رێژەكەی (23%) و (10.3%) بۆ پێش تەمەنی (18) و پێش تەمەنی (15) ساڵی یەك لە دوای یەك. لهم بارهیهوه (بڕوانه چارتی ژماره (10)). چارتی ژماره (10) چوارهم تەندروستی 1. منداڵبوون بە (سروشتی، قەیسەری( رێژەی ئافرە تان كە بە نە شتەرگەری )قە یسەری) منداڵیان بووە: ئەم نیشاندەرە لە رووی تەندروستییەوە نیشاندەرێكی گرنگە. بەپێی ئەنجامەكانی بەدەستهاتوو لە ڕووپێوی بارودۆخی كۆمەڵایەتی و تەندروستی ئافرە تان (2IWISH - 2021) لە هەرێمی كوردستان، نەشتەرگەری قیسەری رێژەیەكی بەرزی تۆماركردووە (50.8%) لە ساڵی 2021 بە بەراورد بە ساڵی 2011 (26.4%) كە ئەمەش كاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر تەندروستی ئافرەتان. 2. رێژەی ئافرەتان كە بە سروشتی منداڵیان بووە بەپێی ئەنجامەكانی بەدەستهاتوو لە ڕووپێوی بارودۆخی كۆمەڵایەتی و تەندروستی ئافرەتان (2IWISH - 2021)، لە هەرێمی كوردستان، منداڵبونی سروشتی رێژەیەكی نزمی تۆماركردووە (49.2%) بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی 2011 (67.6) هەروەك لە چارتی ژمارە (11) پێشاندراوە. چارتی ژمارە (11) ڕۆژى-جيهانى-ئامار2 (1).pdf