توانای پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێم لە بەرهەم هێنانی بەنزین
2022-09-08 10:24:22
شیكاری: درەو
# لە هەرێمی کوردستان نزیکەی (1.9 ملیۆن) ئۆتۆمبێل هەیە، کە (51%)ی لە پارێزگای هەولێر و (34%)ی لە سلێمانی و (15%)ی لە پارێزگای دهۆکە.
# هەرێم ڕۆژانە پێویستی بە (5 ملیۆن) لیتر هەیە، واتە هەولێر (2.5 ملیۆن) و سلێمانی (1.6 ملیۆن) و دهۆک (754 هەزار) لیتر بەنزینیان دەوێت.
# پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێم ئەگەر هەموو هێزی خۆیان بخەنەگەڕ و نەوتی خاویان بدرێتی، دەتوانن ڕۆژانە زیاتر لە (8.6 ملیۆن) لیتر بەنزین بەرهەم بهێنن.
# ئەو نەوتە خاوەی حکومەتی هەرێم لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە پاڵاوگەکانی داوە، تێکڕای ڕۆژانەی (3.9 ملیۆن) لیتر بووە، (21%)ی بەنزینی لێ بەرهەم هاتووە کە تەنها (835 هەزار) لیتر و (17%)ی خواستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە.
یەکەم؛ ژمارەی و جۆری ئۆتۆمبێل پێداویستی بەنزین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە سێ پارێزگاکەی هەرێم زیاتر لە (ملیۆنێک و 915 هەزار) ئۆتۆمبێل هەن. سەرباری (19 هەزار) ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە ئامارەکەدا تۆمارنەکراون، ژمارە و جۆرەکانی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)).
بەشی هەرە زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە بە بەنزین و بەشێکی کەمیشیان بە گازوایل کار دەکەن و بەپێی وتەی (وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان/ کەمال ئەتروشی) "هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزینە، لەو بڕە تەنیا نزیکەی (1 ملیۆن) لیتر بەرهەمی نێوخۆییە و ئەوی دیکەی هاوردە دەکرێت". هاوکات بە وتەی (ئەحمەد محەمەد/ گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان) "بەپێی ئەو زانیارییانەی لای ئێمە هەیە، لە هەرێمی کوردستاندا رۆژانە نزیکەی (7 ملیۆن) لیتر بەنزین و گازوایل دەسووتێندرێن".
ئەگەر هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزین بێت ئەوا پارێزگای هەولێر ڕۆژانە پێویستی بە (2 ملیۆن و 571 هەزارو 409) لیتر بەنزین دەبێت بەو پێیەی زۆرترین ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ئەو پارێزگایەوە، پارێزگای سلێمانیش پێویستی بە (1 ملیۆن و 674 هەزارو 609) لیتر و پارێزگای دهۆکیش ڕۆژانە پێویستی بە (753 هەزارو 981) لیتر بەنزین هەیە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)).
دووەم؛ توانای پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەم هێنانی بەنزین
لە ئێستادا پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیان (4) پاڵاوگەی فەرمییە، پێکەوە ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی (256 هەزار) بەرمیل نەوتی خاویان هەیە، بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی سوتەمەنی و وزە، ئەوانیش بریتین لە؛
1. پاڵاوگەی کار (کەڵەک یان کەورگۆسک)
2. پاڵاوگەی بازیان
3. پاڵاوگەی لاناز
4. پاڵاوگهی تاوکێ
بەڵام لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە ئەو نەوتە خاوەی پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان دەیپاڵێون بەگشتی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بە ڕێژەی (21.23%) بەنزینی لێ بەرهەم دەهێنرێت _ بەشێوەیەکی ڕێژەیی و دەکرێت بەپێی جۆری نەوتەکە گۆڕانکاری لەو ڕێژەیە ڕووبدات_ و بەرهەمەکانی دیکەی بریتین لە (دیزڵ، نەوتی ڕەش، نەوتی سپی، بەنزینی و فڕۆکە و گازی ماڵان ...) بەرهەم دەهێنرێت.
کەواتە سەرجەم پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێم کە (4) پاڵاوگەن، ئەگەر بە سەرجەم توانای خۆیانەوە کاربکەن و ڕۆژانە (256 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو پاڵاوتە بکەن _ئەگەر بەرمیلێک نەوتی خاو بریتی بێت لە (159) لیتر وەک لە ستانداردی جیهاندا دەستنیشان کراوە_ ئەوا پاڵاوگەکان ڕۆژانە توانای پاوڵاتنی (40 ملیۆن و 704 هەزار) لیتر نەوتی خاویان دەبێت، لەو بڕەش ئەگەر (21.23%)ی بەرهەمەکەیان بریتی بێت لە بەنزین، ئەوا دەریدەخات کە دەتوانن بڕی (8 ملیۆن و 641 هەزار و 459) لیتر بەنزین بەرهەم بهێنن کە بڕی (3 ملیۆن و 641 هەزار و 459) لیتری زیاترە لە خواستی ناوخۆ لە ئەو سوتەمەنییە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))
سێیەم؛ پاڵپشتی حکومەتی هەرێم لە پاڵاوگە نەوتییەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ
بەپێی دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم کە لە مانگی (تەموزی 2022) بڵاوی کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی (1ی کانونی دووەمی 2022 تا 31ی ئازاری 2022)، واتە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنها بڕی (2 ملیۆن و 226 هەزار و 83) بەرمیل نەوتی خاوی ڕادەستی پاڵاوگە نەوتییەکان کردووە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
واتە ڕۆژانە (24 هەزار و 734) بەرمیل نەوتی خاوی ڕادەستی پاڵاوگەکان کردووە، خۆ ئەگەر هەر بەرمیلێکی نەوتی خاو بریتی بێت لە (159) لیتر بەپێی ستانداردی جیهانی _وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا_ ئەوا پاڵپشتییەکە بە لیتر دەکاتە (3 ملیۆن و 932 هەزار 747) نەوتی خاو، لەو بڕەش ئەگەر (21.23%)ی لە پاڵاوگەکان بەنزینی لێ بەرهەم بهێنرێت، ئەوا تەنها بڕی (834 هەزار و 922) لیتری دەمێنێتەوە بۆ پڕکردنەوەی سەرجەم پێداویستییەکانی ناوخۆ کە یەک لەسەر پێنجی ناکات و و (17%)ی خواست پڕ دەکاتەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))
سەرچاوە؛
- درەو میدیا، نرخی بەنزین گیرفانی شۆفێرانی تەکاندووە، 25/8/2021؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8788
https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202022/RCOG%20Q1%202022%20Report%20on%20Oil%20and%20Gas%20review.pdf
- درەو میدیا، پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، 28/2/2022؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9777
- درەو میدیا، توانای پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێم بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی سپی، 28/2/2022؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10990
- دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ تاکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢ (وەرزی یەکەم)، تەموزی 2022؛