پادشای نوێ دژی دیپۆرتكردنی پەنابەرانە بۆ رواندا
2022-09-09 12:17:46
(درەو):
پادشای نوێی بهریتانیا حهزی به نوكتهو قسهی خۆش ههیه، بهڵام ئهڵێن عادهتێكی خراپی ههیه زوو ههڵئهچێ، نهیارهكانی ئهڵێن دهستوهردان له كاروباری سیاسیدا ئهكات، رهنگه ئهمه دواجار سیستهمی پادشایهتی له بهریتانیا بخاته مهترسییهوه، بۆ ئهو كوردانهشی بهمدوایه به قاچاخ خۆیان گهیاندوهته بهریتانیا، رهنگه هاتنی پادشای نوێ بۆ ئهوانیش لهگهڵ خۆیدا بهختی هێنا بێت، چونكه پادشای نوێ دژی دیپۆرتكردنی زۆرهملێی پهنابهرانه بۆ رواندا، وردهكاری زیاتر لهم راپۆرتهدا.
70 ساڵ چاوهڕوانی تهخت
دوای مردنی شاژن ئیلیزابێسی دایكی، دواجار شازادە چارلز بوو بە پادشای بەریتانیاو 14 وڵاتی تر، بەمەش كۆتایی هات بە زیاتر لە 70 ساڵ چاوەڕوانی شازادە بۆ گەیشتن بە تەختی پادشایەتیی، ئەمە درێژترین وادەی چاوەڕوانی شازادەیەكە بۆ تەخت لە مێژووی بەریتانیادا.
چارلز روبەڕووی ئەركێكی سەخت دەبێتەوە، كۆچكردووی دایكی خاوەنی پێگەیەكی جەماوەریی بەهێزو رێزێكی زۆر بوو، بەڵام لەدوای خۆی خێزانێكی شاهانەی بەجێهێشتووە كە ئابڕوچونەكانو ناكۆكی خێزانی لەبەر یەكتری هەڵوەشاندووە، ئەمە لەپاڵ دەنگۆی بەردەوام لەبارەی رەگەزپەرەستیی بەرپرسانی كۆشكی باكنگهام.
چارلز كە لە تەمەنی (73) ساڵیدایە كە روبەڕووی ئەم ئاڵنگارییانە دەبێتەوە، ئەو بەتەمەنترین پادشایە لەناو خێزانی شاهانەدا تەخت وەردەگرێت كە مێژووی حوكمڕانییان دەگەڕێتەوە بۆ (هەزار) ساڵ، هاوسەری دووەمی چارلز كە ناوی (كامێلا)یە، لەناو رایگشتی بەریتانیادا مشتومڕی لەسەرە.
ئەوانەی نەیارن دەڵێن، پادشای نوێ كەسایەتیی لاوازەو حەزی بە دەستوەردان لە سیاسەت هەیەو گونجاو نییە بۆ ئەو پلەیە. چارلز پێشتر روبەڕووی گاڵتەجاڕی بوەتەوە، ئەمە بەهۆی بانگەشەكردنی بۆ قسەكردن لەگەڵ درەختو ئارەزووەكانی بۆ ئەندازیاری بیناسازیو ژینگە، ژیاننامەی ئەو هەمیشە دەبەسترێتەوە بە كۆچكردوو شازادە (دیانا)ی هاوسەری یەكەمی، وەكو هاوسەرگیرییەكی شكستخواردوو.
بەڵام ئەوانەی پاڵپشتی لێدەكەن دەڵێن، ئەمە تەنیا بۆ شێواندنی كارە باشەكانی چارلزەو هەمیشە تێگەیشتنی هەڵەی بۆ دەكرێت، ئەو لە بواری گۆڕانكاری كەشوهەوادا پێش سەردەمی خۆی كەوتووە.
هەندێكی تریش بەو قسەیە پاڵپشتی لە چارلز دەكەن كە كەسایەتییەكی هۆشیارەو هەمیشە بایەخ بە خۆشگوزەرانی بەریتانییەكان دەدات لە هەموو چینو توێژەكانی كۆمەڵگا. دامەزراوە خێرخوازییەكەی كە ماوەی نزیكەی (50) ساڵە بەردەوامە، یارمەتی زیاتر لە (یەك ملیۆن) گەنجی هەژارو بێكاری داوە.
چارلز جارێكیان لە فیلمێكی دیكۆمێنتاری تەلەفزیۆنیدا وتی:" كێشەكە ئەوەیە تۆ هەمیشە لە پێگەی دۆڕاوێكدا گیردەخۆیت. تەنانەت ئەگەر هیچ شتێكیشت نەكردبێت.. هێشتا هەر سكاڵات لەدژ دەكەن".
بەدرێژایی ژیانی خۆی، چارلز لەناو سیستەمێكی شاهانەدا گیری خواردووە كە سیستەمێكە هەوڵی نوێكردنەوەی خۆی دەدات لەگەڵ كۆمەڵگەیەكی خێرا گۆڕاو و یەكسانخوازدا، ئەمە لەپاڵ پارێزگاریكردن لەو نەریتانەی كە بوون بە سێبەر بەسەر دامەزراوەی شاهانەوە.
ئەم نیگەرانییە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت لە ژیانی دوو كوڕەكەیدا ببینرێت، كوڕە گەورەكەی كە شازادە (ولیام)ی تەمەن (40 ساڵ)ەو ئێستا بووە بە شازادەی جێنشینی بەریتانیا، ژیانێكی پڕ لە كۆتوبەندی نەریتیی دەژیو زۆرینەی كاتەكان بۆ كاروباری خێرخوازیو دەركەوتن لە مەراسیمە سەربازییەكاندا تەرخان دەكات.
بەڵام كوڕە بچوكەكەی كە شازادە (هاری)ی تەمەن (37 ساڵ)ە، لە دەرەوەی لۆس ئەنجلیس لەگەڵ (میگن)ی هاوسەریو دوو منداڵەكەیدا دەژی، هاوسەرەكەی ئەكتەرێكی پێشووی سینەمای ئەمریكایە، ئەم شازادەیە شێوازێكی ژیان پەیڕەو دەكات كە زیاتر لە ژیانی ئەكتەرەكانی هۆلیوود دەچێت وەكو لەوەی لە شازادەیەكی كۆشكی باكنهگام بچێت.
ئەم دوو برایە پێشتر زۆر نزیك بوون لە یەكترەوە، بەڵام ئێستا زۆر بە دەگمەن لەگەڵ یەكتر قسە دەكەن.
گەورەبوونی چارلز
چارلز فیلیپ ئارسەر جۆرج لە كۆشكی باكنگهام لە 14ی نۆڤێمبەری 1948 لەدایكبووە، لە ساڵی دوانزەیەمینی حوكمڕانی شا جۆرجی شەشەمی باپیریدا، لەوكاتەوە شارلز ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەی رۆژێك لە رۆژان ببێت بە پادشا.
لە تەمەنی سێ ساڵیدا بووە كاتێك چارلز بووە بە شازادەی جێنشینی بەریتانیا، ئەمەش دوای ئەوەی دایكی لە ساڵی 1952دا تەختی پادشایەتی وەرگرتووە، بەڵام گەورەبوونی چارلز جیاواز بوو لەو شێواوەی كە پێشتر پادشاكانی بەریتانیا پێیدا تێپەڕیون، بەپێچەوانەی پێشینەكانەوە كە مامۆستای تایبەت وانەی پێ وتونەتەوە، چارلز چوەتە خوێندنگەی (هیل هاوس) لە خۆرئاوای لەندەنو دواتر بووە بە خوێندكاری خوێندنگەی (چیم) لە بیركشایەر كە شازادە فیلیبی باوكیشی لەم خوێندنگەیەدا خوێندویەتی.
دواتر نێردراوە بۆ خوێندنگەی گۆردۆنستۆن كە خوێندنگەیەكی ناوخۆیی بووە لە سكۆتلەندا، چارلز ئەم ماوەی ژیانی خۆی وەكو "دۆزەخ" ناودەبات، كە تێیدا توشی تەنیاییو قسەڵۆك بووەتەوە، تا ئەو رادەی ئەم ماوەیەی ژیانی بە "حوكمی زیندانیكردن" پێناسە دەكات.
چارلز جارێكی تر نەریتی باوی خێزانی شاهانەی شكاندووە، ئەوەش كاتێك بووە كە چووە بۆ كۆلیژی (ترینیتی) لە كامبردج بۆ خوێندنی زانستی شوێنەوارناسیو ئەنسرۆپۆلۆجیا، بەڵام دواتر رشتەی خۆی گۆڕیوە بۆ مێژوو.
لەماوەی خوێندنیدا، چارلز بە فەرمی وەكو شازادەی ویڵز دانراوە، ئەمە نازناوێكە كە بەشێوەیەكی نەریتی وەكو میراتگری تەختی شاهانە لە ئاهەنگێكی گەورەدا لە ساڵی 1969دا وەریگرتووە، ئەمەش دوای بەسەربردنی (9) هەفتە لە یەكێك لە زانكۆكانی ویڵز، وەكو خۆی دەڵێ لەو ماوەیەدا لەوێ بەشێوەیەكی نیمچە رۆژانە روبەڕووی ناڕەزایەتی نەتەوە پەرەستەكان بوەتەوە، بەڵام ساڵی دواتر بووە بە یەكەم شازادەی جێنشینی بەریتانیا كە بڕوانامەی زانكۆی بەدەستهێناوە.
وەكو زۆرێك لە ئەندامانی پێشووی خێزانی شاهانە، چارلز چوەتە ریزی هێزە چەكدارەكان، لە سەرەتادا لە ساڵی 1971 چوەتە هێزی ئاسمانی شاهانەو دواتریش بۆ هێزی دەریایی، پلەی سەربازی بەرزبوەتەوە تا بووە بە فەرماندەی پاككردنەوەی مین (ئێچ. ئێم. ئێست برۆننگتۆن)، لە ساڵی 1976 خزمەتی سەربازی تەواوكردووە.
لەسەردەمی لاوێتیدا وێنەیەك بۆ چارلز دروستكراوە كە وێنەی شازادەیەكی وەرزشكارەو حەزی بە یاری خلیسكێنەی سەر بەفرو سواربوونی شەپۆلەكانی دەریاو ژێرئاوگەڕیی هەیە، هەروەك ئارەزووی یاری ئەسپسواریی كردووەو لە زۆر پێشبڕكێدا ئەسپسواریدا بەشداری كردووە.
ساڵی 1979دا مامی گەورەی چارلز كە ناوی لۆرد (مۆنتباتن) بووە لە تەقینەوەیەكی سوپای كۆماری ئیرلەندا كوژراوە، ئەم رووداوە زۆر كاریگەری هەبووە لەسەری. لەبارەی ئەم رووداوە وتویەتی:" پێدەچێت بناغەی هەموو ئەو شتانەی كە لەژیاندا شانازییان پێوە دەكەین، بەشێوەیەك داڕمابێت كە نەتوانین چاكی بكەینەوە".
كاتێك هێزی دەریایی لە ساڵی 1976دا بەجێهێشتووە، بەدوای رۆڵێكدا گەڕاوە لەناو ژیانی گشتیدا، ئەمە لەسەردەمێكدا كە هیچ ئەركێكی دەستوریی روون بۆ شوێنگرەوەی تەختی شاهانە دیاری نەكراوە، ئەو لەوبارەیەوە وتویەتی" ئەمە كارێكە كە لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا دەبێت خۆی دروستی بكات".
مۆتەكەی خاتوو دیانا !
بۆ زۆر كەس لە بەریتانیاو دەرەوەش ناوی چارلز هەمیشە بەستراوەتەوە بە هاوسەرگیرییە شومەكەی لەگەڵ خاتوو (دیانا سبنسر)و پەیوەندییەكەی لەگەڵ (كامێلا باركەر بولز)ی خۆشەویستی ژیانی.
كاتێك چارلز لەگەڵ دیانا لە ساڵی 1981دا هاوسەرگیری كرد، نزیكەی (750 ملیۆن) كەس لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە لەسەرتاسەری جیهان تەماشای ئاهەنگەكەیان كرد، وا دەركەوت دیانا باشترین بژاردەی چارلز بێت.
لەسەرەتاوە هەموو شتێك بە باشی تێپەڕیو لە ساڵانی 1982و 1984دا دوو منداڵیان بوو (ولیامو هاری)، بەڵام لە پشتی پەردەوە هاوسەرگیرییەكە دوچاری چەندین كێشە بووەوە، دیانا بەرپرسیارێتی داڕوخانی تەواوەتی هاوسەرگیرییەكەی لە ساڵی 1992دا خستە ئەستۆی (كامێلا)وە، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی" لەم هاوسەرگیرییەدا سێ كەس هەبوون"، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ كامێلای خۆشەویستی چارلز.
بەڵام چارلز دەیوت ئەو هێشتا وەفادارە بۆ دیانا "تا داڕمانی هاوسەرگیرییەكە بەشێوەی كۆتایی". كارەكە لە ساڵی 1996دا بە جیابونەوەی چارلزو دیانا كۆتایی هات.
كاتێك دیانا لە رووداوێكی هاوتوچۆدا لە پاریس لە ساڵی 1997دا گیانی لەدەستدا، لە میدیاكانەوە چارلزو كامێلا روبەڕووی شەپۆلێكی بەهێزی رەخنە بونەوەو بەمەش ئاستی جەماوەریی چارلز دابەزی.
سەرباری ئەوەی هێشتا بەراورد بە دایكی ئاستی جەماوەریی هەر لاواز بوو، بەڵام لە ساڵانی دواتردا وردە وردە وێنای لەناو رایگشتیدا هەندێك باشتر بوو. ساڵی 2005 دواجار چارلز هاوسەرگیری لەگەڵ كامێلای خۆشەویستی كردو بەهۆی مامەڵەی ساكارو خاكیانەی خۆیەوە، كامێلا بەشێوەیەكی خێرا لەناو رایگشتیدا قبوڵكرا.
بەڵام سەرباری ئەمەش هێشتا مۆتەكەی دیانا بەشێوەیەكی بەردەوام چارلز راوەدوو دەنێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی خەڵك بایەخێكی زۆریان بۆ وردەكاری ژیانی دیانا هەیە، لەم ساڵانەی دوایدا ژیانی شازادەی كۆچكردوو بابەتی فیلمێكی گەورەو شانۆیەك بوو لە (برۆدوەی)، زنجیرە تەلەفزیۆنیی بەناوبانگی (زە كراون) كە بەرهەمی نێتفلێكس بوو، سەرەنجی خستبووە سەر پەیوەندی ئەو جوتە هاوسەرە.
سوكایەتیكردن بە میدیاكان
كاتێك میدیاكان سەرەنجیان خستە سەر پەیوەندییەكانی، مامەڵەی چارلز لەگەڵ میدیاكاراندا گرژی تێكەوت، هەوڵی نەدەدا بێڕێزیكردنەكانی بەو وێنەگرانە بشارێتەوە كە شوێن كەسە بەناوبانگەكان دەكەون (پاپارازییەكان).
ساڵی 1994 وتی" بەڕاستی من نازانم رۆڵی مەیمونی سەماكەر بگێڕم. من كەسێكم بایەخی بە ژیانی تایبەتی خۆم دەدەم".
لە میانی وێنەگرتنێكی پشووی خلیسكێنەی سەر بەفردا لە ساڵی 2005دا، دەنگی چارلز بیسترا كاتێك دەزگاكانی راگەیاندنی بە كەسانی "خوێناوی" ناوبردو بە پەیامنێری كاروباری شاهانەی تۆڕی هەواڵی (BBC)ی وت" ناتوانم بەرگەی ئەو پیاوە بگرم، زۆر ترسناكە".
كاتێك میدیاكان سەرەنجیان خستبووە سەر ژیانی تایبەتی چارلز، ئەو هەوڵیدەدا لەبارەی پرسە كۆمەڵایەتییو رۆحییەكانەوە قسە بكات، هەرگیز شەرمی لە دەربڕینی ئەو بابەتانە نەدەكرد كە خۆی بۆی گرنگ بوو.
بەڵام بەهۆی هەندێ كاری وەكو دامەزراندنی براندنی (دەچی ئۆریجناڵز)ی بازرگانییەوە كە بانگەشەی بۆ خۆراكە ئۆرگانییەكان دەكردو قسەكەی لەبارەی ئەوەی لەگەڵ درەختەكانی گفتوگۆ دەكاتو تەوقەیان لەگەڵ دەكات، جارێكی تر كەوتەوە بەر سەرەنجی میدیاكانو وەكو كەسێك ناویان برد كە هەڵسوكەوتی نامۆ دەكاتو بۆ ئەوە باشە ببێت بە جوتیار نەك شازادە.
هەروەك روبەڕووی رەخنە بووەوە بەهۆی تێڕوانینە راشكاوەكانی سەبارەت بە ئەندازیاری تەلارسازیی، جارێك پاشكۆی هاوچەرخی گەلەری نیشتمانی لەندەنی بە "زیپكە" ناوبرد، هەروەها بەهۆی بانگەشەكردنی بۆ دەرمانی جێگرەوە، بەكەسێكی قۆڵبڕ ناوی هێنرا.
بەمدواییە میدیاكان تیری رەخنەكانیان لەسەر چارلز هەڵگرتو ئاڕاستەی كوڕەكەی (شازادە هاری)یان كرد، بەڵام هێشتاش بەتەواوەتی رەخنەكانیان لەسەر چارلز رانەگرتووە.
مانگی حوزەیرانی رابردوو میدیاكان رایانگەیاند، چارلز كەوتوەتە ناكۆكیی لەگەڵ سیاسەتەكانی حكومەتی بەریتانیا سەبارەت بە دیپۆرتكردنی پەنابەران بۆ رواندا، وەكو باسدەكرا شازادە چارلز ئەم هەنگاوەی بە "ترسناك" ناوبردووەو ئەمەش رەخنەی وەزیرو میدیاكانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
رۆژنامەی (دەیلی میل) لە سەروتاری خۆیدا لەبارەی هەڵوێستەكەی چارلزەوە نوسی " ئەگەر زۆر وریا نەبێت، ئەوانەی ناكۆكن لەگەڵیدا سەبارەت بە دەستوەردانە سیاسییەكانی، رەنگە بگەنە ئەو بڕوایەی چیتر پادشایەتی دەستوریی بەریتانیا شایستەی مانەوە نییە".
بایەخدان بە خەڵك
لایەنگرەكانی دەڵێن، هەڵوێستەكانی پادشای نوێ دەرخەری ئەوەن پادشا پیاوێكی جدیەو بایەخ بە گەلەكەی دەدات، بەلای هەندێك كەسەوە چارلز روبەڕووی ئەركێكی سەخت دەبێتەوە، ئەمەش لەنێوان تۆمەتباركردنی بە دەستوەردان لە كاروباری سیاسی لەلایەكو تۆمەتباركردنی بەوەی شازادەیەكی نازدارەو بایەخ بە كەسانی تر نادات لەلایەكی تر.
ساڵی 2021 شازادە چارلز لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا وتی" بۆچی پێتان وایە من بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵانە ئەم كارانەم كردووە؟ چونكە من بایەخ بە نەوەی داهاتوو دەدەمو هەر بەوشێوەیەش دەمێنمەوە".
لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا لەماوەی داڕمانی ئابوری بەریتانیادا، چارلز پاداشتی كۆتایی خزمەتەكەی لە هێزی دەریایی كە بڕەكەی (7 هەزارو 400) جونەیهی ئەستەرلینی بووە، بەخشیی، لە قۆناغی دواتریشدا كە ئاژاوەو بێكاری لە زۆرێك لە شارەكانی بەریتانیا زیادی كردووە، ئەو كۆمەڵە خێرخوازییەكەی دروستكردووە بۆ یارمەتیدانی گەنجە بێكارەكان بۆ ئەوەی كاری بازرگانی تایبەت بە خۆیان بنیاد بنێن.
یەكێك لە دیاترین ئەو بوارانەی كە پادشای نوێی بەریتانیا بایەخی پێدەدات پرسی ژینگەیە، ئەو ئێستا ئیتر دەتوانێت شانازی بكات بە دەستكەوتی خۆیەوە كاتێك سەركردەكانی جیهان وەڵامی داواكارییەكەیان داوەتەوە بۆ پێویستی روبەڕوبونەوەی قەیرانی گۆڕانكاریی كەشوهەوا.
سەرچاوەی خۆشبەختیی
دوور لە ئەركەكانی لە كۆشكی شاهانەو چالاكییە كۆمەڵایەتییەكانی، چارلز خۆشترین كاتەكانی لە باخچەی ماڵەكەی لە هایگرۆڤ لە خۆرئاوای بەریتانیا بەسەردەبات، یان وەكو كۆچكردووی دایكی لەناو موڵكەكانی خێزانی شاهانەدا لە سكۆتلەندا پیادەڕەوی دەكاتو ماسی دەگرێتو بە رەنگی ئاویی وێنەدەكێشێت.
ئەو حەزی لە هونەرەكانیش هەیە، بەتایبەتی كارەكانی شكسپیرو ئۆپراو لیۆنارد كوهین.
یاریدەدەرەكانی دەڵێن حەزی بە نوكتەو قسەی خۆش هەیە، بەڵام بەخێرایی هەڵدەچێتو داواكاری زۆرە، یاریدەدەرەكانی ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە كە باسلەوە دەكەن چارلز حەزی بە سیماكانی خۆشگوزەرانییە، بەڵام دەڵێن باوەڕی وایە ئەگەر پێویستی كرد دەبێت سروشتی فەخامەتی شاهانە دەربكەوێت.