دەستی یەكێتیی لەناو ئابوری سلێمانیدا
2022-09-06 16:37:53
راپۆرت: درەو
دارایی یەكێتی لە (باوڵ)ەكەی دلێری سەید مەجیدەوە دەستیپێكرد، ئێستا كەوتوەتە ناو قاسەكەی شێخ ئەحمەدی نۆكانەوە، سەرۆكی یەكێتی بەدوای هۆكاری كەمبونەوەی داهاتەكانی حكومەتدا دەگەڕێت لە سنوری ئیدارەی سلێمانی، هەڵمەتێكی دەستپێكردووە، زۆرینەی ئەوانەی گیراون كاریان بۆ ئیدارەی گشتی حزبەكەی كردووە. دەستی ئیدارەی گشتی یەكێتی لەناو ئابوری سلێمانیدایە، تۆڕەكەی بافڵ تاڵەبانی تەنیا ماسییە بچوكەكان دەگرێت یان دەگاتە سەر نەهەنگەكانیش ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
دۆخی دارایی
بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان هەڵمەتێكی دەستپێكردووە بۆ دەستگیركردنی ئەوانەی مامەڵە بە زەویو زارەوە دەكەن لە سنوری ئیدارەی سلێمانی، زۆرینەی ئەوانەی لەم كەیسەدا تێوەگلاون ئەوانەن كە كاریان بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتیی كردووە.
بافڵ تاڵەبانی نیگەرانە لە خراپی دۆخی دارایی سلێمانیو دەڵێ داهاتی سنورەكە بەشی خەرجییەكانی ناكات، رۆژی 10ی ئاب لە كۆبونەوەی كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم ناڕەزایەتی دەربڕیو هەڕەشەی كشانەوەی یەكێتی كرد لە حكومەت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا داهاتی سنورەكە بەشی خەرجییەكانی ناكات یاخود ئیدارەی گشتی یەكێتی ئابوری سلێمانی كون كردووەو داهاتەكان ناگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی حكومەت؟
رۆژی 4ی ئەم مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەگەڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی كۆبووەوە، بەرپرسیارێتی راوەستانی پرۆژەكانی لە سنورەكە خستە ئەستۆی بەڕێوەبەرەكانەوە، زۆرینەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە سلێمانی سەربە یەكێتینو زیاتر فەرمان لە ئیدارەی گشتی یەكێتیی وەردەگرن وەك ئەوەی فەرمان لە حكومەت وەربگرن.
ئەو هەڵمەتەی كە كوڕەكانی تاڵەبانی بەمدواییە دەستیان پێكردووە وا وێنا دەكرێت تەنیا تۆڕێك بێت بۆ گرتنی ماسییە بچوكەكانو كەمپەینێكی میدیایی بێت بۆ راكێشانی سەرەنجی رایگشتی بەلای خۆیاندا، چونكە رزگاركردنی ئابوری سلێمانی لە قۆرخكاری بەر لە هەرشتێك پێویستی بەوەیە دەستی ئیدارەی گشتیو بەرپرسانی یەكێتیی لەناو بازاڕو پرۆژەكان بهێنرێتە دەرەوە.
ئێستا لە سلێمانیو سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا رۆژانە سەرمایەداری نوێ سەردەردەهێنێت، لەبەرامبەریشدا زۆرینەی خەڵك رۆژ لەدوای رۆژ بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر دەبێت، ئەمە دۆخێكە لە ناوچەیەكدا كە بەناوچەی ناڕەزایەتیو خۆپیشاندانەكان ناوبانگی دەركردووەو چارەسەركردنی پێویستی بە گۆڕانكاری ریشەیی هەیە.
دەستی یەكێتی لە ئابوری سلێمانیدا
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، تێكڕای داهاتی مەكتەبی دارایی یەكێتی بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021 مانگانە گەیشتوەتە (7 بۆ 8) ملیۆن دۆلار، زانیارییە نافەرمییەكان باسلەوە دەكەن ئێستا تێكڕای داهاتی مانگانەی مەكتەبی دارایی یەكێتی بۆ نزیكەی (15 ملیۆن) دۆلار بەرزبوەتەوە.
ئیدارەی گشتی یەكێتی بەرپرسی سەرجەم پرۆژە ئابورییەكانی یەكێتییەو سەربە مەكتەبی داراییە، (شێخ ئەحمەدی نۆكان)ی بەرپرسی مەكتەبی داراییو ئیدارەی گشتییە، ئیدارەی گشتیی مانگانە داهاتەكان كۆدەكاتەوەو رادەستی مەكتەبی دارایی دەكات، مەكتەبی دارایی لەسەر داوای سەرۆكی حزب خەرجییەكان دەكات.
دارایی ئیدارەی گشتی یەكێتی لە چەند سەرچاوەیەكەوە دێت كە ئەمانەن:
• داهاتی كۆمپانیاو بازرگانەكانی یەكێتی لە دەروازە سنورییەكان
• داهاتی بەكرێدانی موڵكەكانی یەكێتیی
• داهاتی پشكی یەكێتی لە بازرگانی فڕۆكەخانەكان
• داهاتی ئیشوكارەكانی یەكێتی لەناو بازاڕ
• داهاتو پشكی یەكێتی لە گرێبەستەكانی نەوتو غازو بەنزینو كارگەكان
• داهاتو پشكی یەكێتی لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوونو بەنزینخانەكانو مامەڵەی زەویو زار
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ساڵی 2007 بەهای كۆمپانیای نۆكان بە پارەی كاشو موڵكو ماڵو پرۆژەكانییەوە بڕی (10 ملیار) دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی 2020دا بەهای كۆمپانیای نۆكان دابەزیوە بۆ (200 بۆ 300) ملیۆن دۆلار.
لەسەردەمی هاوسەرۆكایەتییەكەی یەكێتیدا دوو هاوسەرۆكەكە باوەڕیانوابووە لەدوای نەخۆشكەوتنو كۆچی دوایی مام جەلالەوە بڕێكی زۆری پارەی یەكێتی دیارنەماوەو رەوانەی (دوبەی- لەندەن- سویسرا- یۆنان) كراوە، ئەمانەش هەموو داهاتی سنوری ئیدارەی سلێمانی پێكدەهێنن.
یەكێتیو داراییەكەی
سەرەتای بە كۆمپانیابوونی حزب لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 1992 دەگەڕێتەوە، ئەوكات جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتیی یەكەم كەس بووە بیری لەوەكردوەتەوە حزب كۆمپانیای هەبێتو بتوانێت جیاواز لە حكومەت لەڕێگەی بارزگانییەوە ئابوری خۆی بەهێز بكات، وەكو باسدەكرێت لەم بیرۆكەیەدا تاڵەبانی باوك سەرسام بووە بە رێكخراوی (رزگاریخوازی فەلەستین) كە ئەوكات خاوەنی ئابورییەكی گەورە بووە.
یەكێتی لەسەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو كۆمپانیای (نۆكان)ی دروستكرد، (نۆكان) تەنیا كۆمپانیایەك نەبوو، دواتر بوو بە زنجیرەیەك كۆمپانیا، بۆ نمونە لە كەرتی بیناسازیدا نۆكان ژمارەیەك كۆمپانیای دروستكردبوو بەناوەكانی (راز، دەرگەزێن، توژەڵە، رەزگە، قوباد، شكۆفە، رێكۆ، چیا، ئیرۆن)و چەندین كۆمپانیای تر كە ساڵانە پارەیەكی زۆریان بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی پەیدا دەكرد.
كە نەوتیش دۆزرایەوە، كۆمپانیای نۆكان لە كەرتی وزەدا ژمارەیەك كۆمپانیای تری دروستكرد، لەوانە (مەهد، وزە، زەوی، باوان)و چەند كۆمپانیایەكی تر كە لەبواری نەوتدا كاریان دەكردو پارەیەكی زۆریان بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی كۆدەكردەوە.
كاتێك قسەوباس لەسەر كۆمپانیاكانی حزب زیادیان كرد، هاوكات لەگەڵ ململانێ ناوخۆییەكان لەسەر دارایی یەكێتی، كۆمپانیای نۆكان بیری لە دروستكردنی كۆمپانیایەكی ئەمنی كردەوە بەناوی (داهۆڵ) بۆ پارێزكاریكردن لە زنجیرە كۆمپانیاكانی، ئەم هێزە ئەمنییەی ئیدارەی گشتی یەكێتی ئێستاش ماوەو دەوترێت هێزەكە لە (300) كەس پێكدێت.
كۆمپانیای نۆكان چووە ناو بواری بازرگانی ئۆتۆمبیلیشەوە، لەم بوارەدا كۆمپانیایەكی دروستكرد بەناوی (كارزۆن)، ئەم كۆمپانیایە ئۆتۆمبیلی بۆ سنوری زۆنی سەوز هاوردە دەكردو ساڵانە پارەیەكی زۆری بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی دابین دەكرد.
تاوەكو ساڵی 2016، نۆكان كۆمەڵێك كۆمپانیای تری دروستكرد كە لە بوارە جیاجیاكاندا كاریان دەكرد لەوانە (هوما، كەڕنت، كوردستان، سایكس، نزار، هێزنگ، دیوتی فری، غازكۆ).
بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان، تاوەكو ساڵی 2016 كۆمپانیای نۆكان (16) كارگەی هەبووە كە لەبواری پیشەسازی لەوانە دروستكردنی (PVC)و خشتی سورو بەرهەمهێنانی خوێو دروستكردنی جلوبەرگو چەند بوارێكی تر.
نۆكان چەندین پرۆژەی تری لەناو شاری سلێمانیدا هەبوو لە كەرتی هۆتێلو چێشتخانەكاندا، لەوانە (ئاشتی، سلێمانی پاڵاس، ئەزمەڕ پاڵاس، میر، گوندی گەشتیاری دابان).
لە كەرتی فڕۆكەوانیشدا، كۆمپانیای نۆكانی یەكێتی جێ پەنجەی خۆی داناو دوو كۆمپانیای بەناوەكانی (ئەزمەڕ ئایەر)و (هۆما تراڤڵ) دروستكرد.
ئەمە جگە لە كۆمپانیاكانی بواری نەوتو سكیوریتیو هێڵی ئینتەرنێتو جگەرەو بوارەكانی تر.
كۆمپانیای نۆكان راستەوخۆ لەلایەن ئیدارەی گشتی یەكێتییەوە بەڕێوەدەبرا، گرێبەستی پرۆژەكانی وەردەگرت، ئابورییەكی گەورەی بۆ حزب دروستكرد.
ئابوری یەكێتی لەدوای ساڵی 2000و دروستبوونی باڵی ریفۆرمەوە لەناو یەكێتی زیاتر سەرەنجی كەوتەسەر وەكو بابەتێكی كێشەلەسەر، دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتیو دوركەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی، ساڵی 2016 یەكێتی دابەش بوو بەسەر دوو جەمسەردا، جەمسەری هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری تاڵەبانیو جەمسەری كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمیو بەرهەم ساڵحی جێگری دووەمی سكرتێر گشتی، دوو جێگرەكەی سكرتێر رەوتێكیان لەناو یەكێتیدا بەناوی "ناوەندی بڕیار" راگەیاند، یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان هەردوو جەمسەرەكە، دارایی حزب بوو.
ئەوكات باڵی ناوەندی بڕیار لە بەیاننامەیەكدا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو ماڵباتی تاڵەبانییان تۆمەتباركرد بەوەی یەكێتییان كردووە بە هێزێك بۆ "تاڵانكردنی نەوتو هەڵلوشینی سەروەتو سامانی خەڵك"و دارایی یەكێتییان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە.
كۆتا رۆژەكانی 2019، یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا دەستكاری مەكتەبی دارایی حزب نەكراو وەكو خۆی لای (دلێری سەید مەجید) مایەوە، بەڵام دوای كۆنگرە كاتێك سیستەمی هاوسەرۆكایەتیی جێگیركرا، دوو هاوسەرۆكەكە (بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیی) كە یەكەمیان كوڕە گەورەی تاڵەبانیو دووەمیان برازای بوو، دەستیان كرد بە گەڕان بەدوای دارایی یەكێتیدا، بۆ ئەمەش سەرەتا لیژنەیەكی سێ كەسییان دروستكرد، لیژنە سێ كەسییەكە پێكهاتبوو لە (هاوڕێ دارۆ شێخ نوری- دانا دۆغرمەچی- هیوا ئاوات)، ئەم لیژنەیە شوێنی ئیدارەی گشتی گرتەوەو ئەمە بوو بە سەرەتای دوركەوتنەوەی (دلێری سەید مەجید) لە كاروباری ئیدارەی گشتی.
ئەوانەی ئەو سەردەمە ئاگاداری كاروباری دوو هاوسەرۆكەكە بوون دەڵێن، هێندە مكوڕبوون لە جڵەوكردنی ئابوری یەكێتی لەدەستی خۆیاندا تەنانەت زیندانیان لە قەلاچوالان ئامادەكردووە بۆ دەستگیركردنی بەرپرسانی پێشووی ئیدارەی گشتیو ئاشكراكردنی داراییەكانی یەكێتی لەناوەوەو دەرەوەی وڵات، یەكێك لەوانەی كە هاوسەرۆكەكان گومانیان لەسەر هەبووە (شێخ ئەحمەدی نۆكان) بووە.
تاوەكو رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021 كە ناكۆكی نێوان دوو هاوسەرۆكەكە تەقییەوە، لیژنە سێ كەسییەكە كاروباری ئیدارەی گشتیی یەكێتییان بەڕێوەدەبرد، دوای 8ی تەموز لیژنەكە هەڵوەشایەوە، دوانیان وازیان هێناو یەكێكیان مایەوەو بوو بە راوێژكاری بافڵ تاڵەبانی بۆ كاروباری دارایی.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، لەو ماوەیەدا كە كاریان كردووە، لیژنە سێ كەسییەكەی هەندێك سەرەداویان لەبارەی دارایی یەكێتیو موڵكو ماڵو سامانەكەی كۆكردوەتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە جڵەوی دارایی یەكێتی بەتەواوەتی بخەنەوە دەستی هاوسەرۆكەكان، چونكە زۆرینەی مۆڵكەكان بەناوی (دلێری سەید مەجید)ەوە بووەو ئەمانە هێشتا هەر بەناوی ئەوەوە ماونەتەوەو تەحویل نەكراون.
لە باوڵەكەی دلێرەوە بۆ قاسەكەی شێخ ئەحمەد
دلێری سەید مەجید كە لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە بەرپرسیارێتی دارایی یەكێتی گرتوەتەدەست، سەرەتا دارایی یەكێتی لە (باوڵ)ێكدا هەڵگرتووە، بەڵام دوای راپەڕینو شەڕی ناوخۆ كە سەرچاوەی دارایی یەكێتی گەورەتر بووە ئیتر باوڵەكەی فڕێداوەو نازناوی "پیاوی پارەكە"ی پێدراوە.
لە كۆنگرەی چوارەمەوە، پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بەجۆرێك دەستكاریی كرا، ئەو كەسانەی كە پۆستی بەرپرسی مەكتەبەكان وەردەگرن دەبێت كەسانێك بن كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بن، دلێری سەید مەجید لە كۆنگرەی چوارەمدا بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بۆیە چاوەڕوانكراو بوو پۆستی بەرپرسی ئیدارەی گشتیی لێوەربگرێتەوە.
لەدوای دوركەوتنەوەی (دلێر سەید مەجید)و كۆتایهاتنی كاری لیژنە سێ كەسییەكەی دوای كۆنگرەی چوارەمو رووداوەكانی 8ی تەموز، سەردەمێكی نوێ دەستیپێكرد كە لەڕووی داراییەوە دەتوانرێت ناوی لێبنرێت سەردەمی (شێخ ئەحمەدی نۆكان).
ئێستا شێخ ئەحمەد بەرپرسی مەكتەبی داراییو هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، ئەم پیاوە سەرەتای كاركردنی لەناو یەكێتیدا بە كاركردن لە بەشی دابینكردنی (ئازوقە) بۆ فەرماندەیی پێشمەرگە دەستی پێكردووە، دواتر چوەتە ئیدارەی گشتی یەكێتیو پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ دلێر سەید مەجید هەبووە، لەرێگەی ئەوەوە پەیوەندی لەگەڵ بازرگانانی ناوخۆو دەرەوە دروستكردووە.
دوای كۆنگرەی چوارەم چەسپاندنی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی ماوەیەك بارودۆخی شێخ ئەحمەد لەناو یەكێتیدا باش نەبوو، لەژێر چاودێری لیژنە سێ كەسییەكەی هاوسەرۆكەكاندا بوو، بەدوای داراییو ئەو موڵكو ماڵانەدا دەگەڕان كە هی یەكێتی بوونو بەناوی شێخەوە بوون، بەڵام رووداوەكانی 8ی تەموز بە قازانجی شێخ ئەحمەد شكایەوەو بافڵ تاڵەبانی بە پێگەیەكی بەهێزترەوە هێنایەوە بۆ ناو دارایی یەكێتیی.
پەیوەندی شێخ ئەحمەد لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی نوێ نییە، ئەوانەی ئاگادارن دەڵێن سەرەتای پەیوەندییەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتانەی كە هێشتا بافڵ تاڵەبانی لە بەریتانیا بووەو نەگەڕاوەتەوە بۆ كوردستان، لەو سەردەمەدا دلێری سەید مەجید لەڕێگەی شێخ ئەحمەدەوە پارەی بۆ بافڵ تاڵەبانی لە لەندەن حەواڵە كردووە.
ئێستا دۆسیەی بازرگانی دەروازە سنورییەكانو نەوتو گازو بەنزینو نەفتاو كاروباری بەڵێندەرانو وەبەرهێنەران لەبوارەكانی خانوبەرەو بینای بازرگانیو تانەنەت هەندێكجار ئیفرازكردنی زەویش لای شێخ ئەحمەدەو رێژەی سەدی پرۆژەكان دیاریكراونو بەفلتەری شێخدا تێدەپەڕنو جڵەوی ئەو پرۆژانەشی كە پەیوەستن بە كاروباری كێڵگە نەوتییەكانو سكیوریتیو دابینكردنی لۆجستی داوەتە دەست كۆمپانیایەك بەناوی (نایترۆن) كە سەرۆكی ئەم كۆمپانیایە لەلایەن شێخ ئەحمەد خۆیەوە دانراوەو جگە لەو پارەیەی بۆ یەكێتی كۆیدەكاتەوە، بەپێی ئەوەی باسدەكرێت شێخ ئەحمەد خۆشی خاوەنی سەروەتێكی زۆرەو پرۆژەی تایبەت بەخۆی لەناوخۆی دەرەوەی وڵات هەیەو پشكی تایبەت بەخۆی لە پرۆژەكاندا هەیە.
دوو بۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی گەڕانەوەی شێخ ئەحمەد بۆناو دارایی یەكێتی، بۆچونی یەكەم پێیوایە بافڵ تاڵەبانی بە گەڕاندنەوەی شێخ ئەحمەد دەیەوێت جارێكی تر سەرەداوی داراییە ونبووەكانی یەكێتی بدۆزێتەوە، بۆچونێكی تر هەیە پێیوایە گەڕاندنەوەی شێخ ئەحمەد بۆ قۆناغی راگوزەری دوای دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیی بووەو بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت سەرلەنوێ مەكتەبی دارایی بە شێوازێكی دیكە رێكبخاتەوە.