درەو: راپۆرتی: رێكخراوی ستۆپ "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا لە (24%)ی هەنگاوەكانی چاكسازی جێبەجێكردووە" ئەمە بەشێكە لە راپۆرتی رێكخراوی ستۆپ كە لەلایەن رێكخراوی (NED)ی ئەمریكیەوە پاڵپشتی دەكرێت. پێشەکی: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم کابینە بوو کە کارنامەکەی لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، ئەمەش هەنگاوێک بوو بە ئاراستەی پێشخستنی فۆرمی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵێک تێبینی لەسەر کارنامەکە و شێوازی ئامادەکردنی هەبوو، بەڵام دەرفەتی ئەوەی دروستکرد بتواندرێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. هێڵە گشتیەکانی چاکسازی لە کابینەی نۆیەم لە 13 خاڵ لەچوارچێوەی 52 خاڵی کارنامەکە پێکهاتووە، کە دەکرێت بڵێین زۆرینەی ئەو سێکتەرانەی گرتبویەوە کە پێویستیان بە چاکسازی هەیە، بەم ئاماژە پێکردنەش بەروونی پیشاندانی ئەوە بوو کە لە هەموو ئەم بوارانە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنان و لاوازی و کەموکوڕی هەیە. لەم راپۆرتە هەوڵمانداوە بە دانانی کۆمەڵێک پێوەر و پرسیار بۆ هەر خاڵێکی هێڵە گشتیەکانی چاکسازی لەکارنامە، هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی بکەین، بۆ ئێمە ئاسانتر و بەرچاو ڕوونی زیاتر دەبوو ئەگەر حکومەتی هەرێم خۆی لە کارنامەکە پێوەرەکانی دانابوایە، بۆ ئەوەی بەڕەچاوکردنی پێوەری خودی حکومەتەکە کە لە حکومرانیە پێشکەوتوەکان باوە، ئاستی جێبەجێکردنی کارنامەکە هەڵسەنگێنین. بەگوێرەی تەمەنی ئاسایی پەرلەمانی کوردستان 6ی11ی 2022 چوار ساڵ تەواو دەکات، ئێمە ئەم راپۆرتە وەک راپۆرتی کۆتایی تەمەنی یاسایی ئەم کابینەیە هەژمار دەکەین. هیوادارین حکومەتی هەرێم لەچوارچێوەی پلانی پێداچونەوە بەکارەکانی خۆیدا، سوود لەم راپۆرتە وەک تێڕوانینی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی وەربگرێت، کە هەوڵدراوە بەشێوازێکی زانستی ئەنجامبدرێت، لەکۆتاییشدا کۆمەڵێک راسپاردە بۆ باشترکردنی کاری حکومەت لەم کابینەیە و کابینەی داهاتووش خراوەتە ڕوو. میتۆدی ئامادەکردنی راپۆرت راپۆرتەکە لەسەر میتۆدی بەدواداچون و سەردانی مەیدانی و چاودێری ئەنجامدراوە، تیمی ئامادەکاری راپۆرت ٢٥ چاوپێکەوتنی لەگەڵ پەرلەمانتاران و لیژنە پەیوەندیدارەکان لە پەرلەمان و وەزارەت و دامەزراوە فەرمیەکانی حکومەتی هەرێم و سەربەخۆکان و شارەزایانی یاسایی و دارایی و پسپۆران و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ناوخۆیی و عێراقی و نێودەوڵەتی ئەنجامداوە، جگە لە چاودێری کردنی بەردەوامی بۆ راگەیەنراو و راپۆرت و چالاکیە میدیاییەکانی حکومەتی هەرێم. ئەم راپۆرتە لە ماوەی ٦ مانگ ئامادەکراوە. بەربەستەکانی بەردەم راپۆرت: بەربەستی سەرەکی بەردەم تیمی ئامادەکرنی راپۆرت، خودی کارنامەی حکومەتی هەرێمە، بەوپێیەی بەشێوەیەکی گشتگیر نوسراوە، پێوانەی بۆ هەڵسەنگاند¬¬ن تێدانیە، تاوەکو بکرێتە بنەما بۆ چاودێری و هەڵسەنگاندن، بۆیە دوای راوێژ و لێکۆڵینەوە، تیمی ئامادەکاری راپۆرت لەسەر کۆمەڵێک پێوانە رێککەوت بۆ هەڵسەنگاندن، کە لەبەشەکانی تری راپۆرتەکە خراوەتە ڕوو. بەربەستێکی تر نەگەیشتنە بە زانیاری ورد لەبارەی کارەکانی حکومەت، بەو پێیەی ئەم راپۆرتانەی حکومەت بە گەڕانەوە بۆ کارنامەکە ئامادە ناکرێن، بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتیش ئامادەی پێدانی زانیاری نین، دەبێت ئەوەش بڵێین بەشێکیان هاوکارن، بەڵام گەیشتن بە زانیاری ورد یەکێکە لە ئاستەنگیەکان. چەند تێبینیەکی گشتی لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم کابینەی نۆیەم بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی: • درەنگ کەوتنی پێکهێنانی حکومەت، ئەگەرچی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە 6ی11ی 2018 ئەنجامدرا، بەڵام پێکهێنانی حکومەت دواکەوت یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە 15ی 7 ی 2019 ئەنجامدرا. • بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە وای کرد ماوەی زیاتر لە ساڵێک حکومەتی هەرێم هاوشێوەی زۆرینەی وڵاتان دوچاری باری لەناکاو بوو، ئەمەش بوە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی کارەکانی. • دابەزینی نرخی نەوت لەسەرەتای کابینەکە. • بەردەوامی کێشە و ناکۆکی سیاسی و ئابوری لەنێوان هەرێم و بەغدا. • بەردەوامی سیمای دوو ئیدارەیی و دەستێوەردانی حیزبی لە کاروبارەکانی حکومەت. خاڵە بەهێزەکانی کابینەی نۆیەم لەبواری پشتیوانی رۆڵی کۆمەڵی مەدەنی ئاستی جێبەجێکردنی کارنامەکە • لە پلانی ستراتیژی روبەروبونەوەی گەندەڵی 2021 - 2025 خاڵێک تەرخان کراوە، بە رۆڵی میدیا و کۆمەڵی مەدەنی لە پرۆسەی رووبەروبونەوەی گەندەڵی. • لە پلانی ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ جەخت لە رۆڵ و بەشداری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کراوەتەوە لە جێبەجێکردنی پلانەکە. ئەم دوو هەنگاوە دەکرێت وەک خاڵی ئەرێنی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم سەیر بکرێت، لە پرۆسەی بەشداری خەڵک لە رێی رێکخراوەکانی کۆمەلی مەدەنی بۆ رووبەروبونەوەی گەندەڵی، بۆیە دەخوازین بە رەچاو کردنی ئەم بڕگانەی سەرەوە رۆڵ و دەرفەتی زیاتر بە رێکخراوە ناوخۆییەکان بدرێت لەم پرۆسەیە. هەڵسەنگاندنی هێلە گشتیەکانی چاکسازی بەپێوەری ناوخۆیی بۆ پێوانەکردن و هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی هەر هێلێک لە هێلە گشتیەکانی چاکسازی، پێنج پێوانە دانراوە، تەنها لەیەک خاڵدا سێ پێوانە دانراوە، لە رێگای وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و شیکارکردنیان، ئاستی جێبەجێکردنی هەر هێڵێک دیاری بکرێت، بۆ ئەمەش بە پێنج ئاست وەڵامەکان دابەش کراون: سەوزی تۆخ: واتە زۆر باش لە جێبەجێ کردن. سەوزی کاڵ: واتە باش لە جێبەجێ کردن. نارنجی(پرتەقاڵی): واتە مامناوەند لە جێبەجێ کردن سوری کاڵ: واتە خراپ لە جێبەجێ کردن سووری تۆخ: واتە زۆر خراپ و جێبەجێ نەکراوە ئاستی جێبەجێ کردنی هێلە گشتیەکانی چاکسازی لە خوارەوە دەقی هەر هێڵێکی چاکسازی کارنانەی کابینەی نۆیەم دانراوە و پێوانەکانی جێبەجێکردنی بە ئاستی رەنگەکان دیاری کراوە، دواتر رونکردنەوەی پێویست دەربارەی هەوڵەکان خراوەتەڕوو: یەکەم: کاردەکەین بۆ چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆر و خانەنشین و چارەسەرکردن و رێکخستنەوەی دەوام و گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە بەرامبەر هەر سەرپێچیەک کە لەم کەرتە کرابێت، ئەمەش لە ڕێگەی چەسپاندنی یاسا و دروستکردنی ئەنجومەنی ڕاژە و ئامادەکردنەوەی پرۆژە یاسای چاکسازی و ناردنەوەی بۆ پەرلەمان بە فۆرمێکی تازە و گونجاو. o ئایا یاسای پێویست دەرکراوە؟ o ئایا یاساکە وەک خۆی بەیەکسانی جێبەجێکراوە؟ o ئایا ئەنجومەنی راژە دروستکراوە؟ o ئەنجومەنەکە دەستی بەکارەکانی کردووە بۆ رێکخستنەوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی؟ o ئایا هەنگاوەکانی حکومەت بۆتە هۆی گێرانەوەی پارە و دروستکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی مووچە و پلە؟ سەرەڕای دەرکردنی یاسای چاکسازی کە هەنگاوی یەکەم بۆ چاکسازی لە مووچەخۆرانی کەرتی گشتی دادەندرێت، بەڵام ئەم تێبینیانە تۆمارکراون: • یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 لەپەرلەمانی کوردستان دەرکراوە و رێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی دەرکراوە، سەرەرای ئەوەی لە جێبەجێکردندا وەزارەتەکانی حکومەت رەخنەیان لێی هەیە، پێیان وایە دژیەکی لەناوەرۆکی یاساکە هەیە، کە بۆتە بەربەست لەبەردەم ئەوەی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. یاساکە هێشتا لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت بەیەک ئاست جێبەجێ نەکراوە، بەگویرەی راپۆرتی سێیەمی دەستەی دەسپاکی لە کۆی 26 دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتی حکومەتی هەرێم، تەنها وەزارەتی پێشمەرگە هیچ داتایەکی لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکە نەداوەتە دەستەکە. لەکاتێکدا بەگوێرەی بەدواداچون زۆرترین کێشەی مووچە خۆر لەم وەزارەتەیە، بەڵام لە وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە رێژەی جیاجیا بۆ پێداچونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پلە بالاکان جێبەجێکراوە، بەڵام حکومەتی هەرێم هیچ داتایەکی لەبارەی ئەم پارەیەی کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساکە و رێکخستنەوەی میلاکی فەرمانبەران و مووچەخۆران بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە بڵاونەکردۆتەوە، لە کابینەی نۆیەم. بەڵام ئێستا پارەی پێویست بۆ دابینکردنی مووچە زیاد بوە، بەجۆرێک لە 2020 بۆ دابینکردنی مووچە، حکومەتی هەرێم پێویستی بە 881 ملیار دیناربووە، لە 2022 رێژەکە بۆ 900 ملیار دینار بەرزبۆتەوە. • هەیکەلیەتی ئەنجومەنی راژە بەگوێرەی یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان لە تەمووزی 2022 لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کراوە، بەڵام ئەنجومەنەکە تا ئێستا هەنگاوی کرداری بۆ رێکخستنەوەی میلاکات نەناوە، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران هێشتا بەیەکسانی ئەنجامنادرێت، بۆ نمونە لەکەرتی سەربازی، سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم پلە بەرزکردنەوە ئەنجامدراوە، بەڵام پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ئاسایی کە لەدوای ساڵی 2013ەوە وەستاوە. ناهاوسەنگی لەدابەشکردنی فەرمانبەران بەسەر دامەزراوەکان هێشتا کارێکی ئەوتۆی تێدانەکراوە. دووەم: کار دەکەین بۆ نەهیشتنی ڕۆتین و هەروەها خێراکردنی ڕاپەراندنی ئیش و کاری هاوڵاتیان و ڕێزگرتن لێیان لە دامودەزگا فەرمییەکاندا. بە کردەوە هەوڵ دەدەین بۆ بەخزمەتگوزارکردنی دامەزراوە حکومییەکان لە ئاست هاوڵاتیاندا. لە پەیوەندیی بەم بابەتەوە هەرچی زووترە پەرە بە خزمەتگوزارییە ئەلەکترۆنیەکان دەدەین. o حکومەت بریار و رێنمایی پێویستی بۆ نەهێشتنی ڕۆتین دەرکردووە؟ o هیچ یەکەیەکی حکومی راسپێردراوە بۆ چاودێری کەمکردنەوەی رۆتین؟ o ئایا حکومەت توانیویەتی خزمەتگوزاریەکانی بە ئەلیکترۆنی بکات؟ o خول و راهێنانی پێویست لەبارەی حکومەتی ئەلیکترۆنی بۆ کارمەندانی دامەزراوەکان کراوەتەوە ؟ o حکومەت هیچ بودجەیەکی بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی حکومەت تەرخان کردووە؟ لەبارەی بە ئەلیکترۆنی کردنی کاروباری حکومەت و کەمکردنەوەی رۆتین ئەم تێبینیانە تۆمارکراون: • پۆرتاڵی خزمەت ئەرکی ئاشناکردنی هاولاتیانە بەو 499 خزمەتگوزاریەی کە لە 23 وەزارەت و دامەزراوەی حکومەتی هەرێم پێشکەش دەکرێت، واتە بۆ زانیینی چۆنیەتی بەدەستهێنانی هەر خزمەتگوزاریەک کە حکومەت لە دامەزراوەکانی پێشکەشی دەکات، دەتوانیت بەسەردانی ئەم پۆرتاڵە زانیاری پێویست و رێوشوێنەکان و ئەو بەلگەنامانەی پێویستن بەدەستی بهێنیت. • پۆرتالەکە تەنها رێنمایی دەدات، ناتوانیت راستەوخۆ داواکاری یان هیچ مامەڵەیەک بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجامبدرێ. • بەشێک لە وەزارەتەکان هەندێک لە کاروبارە ناوخۆییەکانی خۆیان بە ئەلیکترۆنی کردووە، بۆ نمونە وەزارەتی دارایی، پەروەردە، بازرگانی، ناوخۆ، خوێندی بالا. • لە هەندێک مامەلە لەوانە نشینگە (ئیقامە) لە وەزارەتی ناوخۆ، تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی کە بەشێک لە مامەلەکانیان بە ئۆنلاین کراون. • بەشێک لە دامەزراوەکان دوای دەستبەکاربونی پۆرتالی خزمەت هەنگاوەکانی مامەڵەیان لە دامەزراوەکانیان کەم کردۆتەوە. • تا ئێستا مامەلەی دامەزراوەکانی حکومەت بەگشتی هەر بەشێوەی کاغەز بەرێوەدەچێت، ناتواندرێت بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامبدرێت، ئەمەش رۆتینیات و قەرەبالغی دروست کردووە. • حکومەتی هەرێم پلانی ئەوەی هەیە تا 2025 سەرجەم کار و خزمەتگوزاریەکانی لە رێگای ئەلیکترۆنیەوە پێشکەش بکات. سێیەم: نابێ بەرپرسانی باڵای حکومەت پێگەی کارگێریی خۆیان بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوون بەکاربهێنن. بە پشتبەستن بە یاسا بەرکارەکانی هەرێم، نابێ بەرپرسان کاری بازرگانی و بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان بکەن و لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچییەک لەم بوارەدا دەکەین. o تا چەند حکومەت بۆ رێگریکردن یاسا بەرکارەکانی هەرێمی جێبەجێ کراوە؟ o ئایا یاسا یا رێنماییەکی تایبەت دەرکراوە بۆ رێگری لە بەکارهێنانی پلە و پۆستی حکومی بۆ مەبەستی بازرگانی؟ o ئایا هیچ دامەزراوەیەک یاخود لایەنێک راسپێردراوە بۆ چاودێری بەرپرسان بازرگانی نەکەن؟ o هیچ کەیسێک تۆمارکراوە یاخود لێکۆلینەوە لە کەس کراوە و سزادرابێت؟ o ئایا حکومەت لە هیچ راپۆرت و کۆبونەوەیەک ئەم پرسەی وروژاندووە؟ بەگوێرەی یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان ئەو فەرمانبەرانەی لە پلەی 6 تا پلەی ١ دەبێت بە مۆڵەتی وەزیری تایبەتمەند کاربکەن بۆ ماوەی یەک ساڵ، بەمەرجێک کار نەکاتە سەر ئەرکەکەیان، فەرمانبەری ئەو پلانە دەکرێت پشکی بازرگانی هەبێت، بەڵام ناکرێت لە ئەنجومەنی بەرێوەبردنی کۆمپانیاکە بێت. حکومەتی هەرێم لە هیچ راپۆرتێکی ئاماژەی بۆ ئەوە نەکردووە کە لەم بوارەوە چاودێری بەرپرسان بکرێت یان دامەزراوەیەک راسپێردرابێت بۆ لێکۆلینەوە بۆ ئەوەی بزاندرێت بەشێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بەرپرسان لە دەرەوەی کاری فەرمی خۆیان بازرگانی دەکەن یاخود نا، سەرەڕای ئەوەش دەستەی دەسپاکی بەپێی رێنمایی ئاشکراکردنی ئەستۆی دارایی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٦ لە رێگەی فۆرمی بەرژەوەندییە داراییەکان لەگەڵ پلە تایبەتەکان زانیاری کۆدەکاتەوە. • دەستەی دەسپاکی خەریکی ئامادەکردنی رەشنوسی رێنمایی رێگرییە لە بەریەکەوتنی بەرژەوەندی، بە ئامانجی ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو بەرپرسانەی کە لە پلە تایبەتن و کۆمپانیا و کاری بازرگانی ئەنجام دەدەن. • سەرەرای ئەوەی لە دەستەی دەسپاکی فۆرمی بەرژەوەندیە داراییەکان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبونی سیستەمێکی بانکی پتەو تا چاودێری داهات و موڵکی بەرپرسان بکات ناتواندرێت ئەم ئەرکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. • لە کوردستان هەر پێگەی فەرمی و حکومی بۆ بازرگانی بەکارناهێندرێت، بەلکو پێگەی حیزبیش، بۆ نمونە بەشێک لە حیزبەکان دەزگای وەبەرهێنانیان هەیە، بەڵام حکومەت لەو هێلە تەنها چاوی لەسەر پۆستە کارگێریە حکومیەکانە. • بەفەرمی هیچ کەیسێک لەم بوارە تۆمار نەکراوە، سەرەرای ئەوەی لە ماوەی پێشوو پەرلەمانتار هەیە دانی بەوە ناوە کارگەی هەیە. چوارەم: ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و بەستنی کۆنگرە و کۆنفراس، بە پێی پێویستی دەبێت و رێگە لە بە هەدەردانی سامان و خراپ بەکارهێنان و بەلاڕێدابردنێک لەم بوارانەدا دەگرین. o بۆ جێبەجێکردنی ئەم هێلە حکومەت هیچ رێنماییەکی دەرکردووە؟ o هیچ دامەزراوە یاخود لیژنەیەک راسپێردراوە بۆ رێکخستنەوەی ئەم بوارە؟ o هیچ راپۆرتێک هەیە ئاماژە بەبەرەو پێشچون لەم بوارە بدات؟ بەشێوەیەکی گشتی خەرجیە گشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمکراوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەشێک لەو پارەیەی کە ئیفاد و گەشت خەرج دەکران کەمکراوەتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم بە ڕوونی هیچ جۆرە راسپاردەیەک یان بڕیارێکی بلاوکراوەی نیە بۆ رێکخستنی ئەم بوارە. پێنجەم: بە هەموو توانامانەوە، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە گەندەڵیەکی دارایی و کارگێڕی دەبینەوە و رێگردەبین لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و زێدەرۆیی بۆ سەر موڵک و مومتەلەکاتی هەرێم، ئەمەش لە رێگەی کاراکردن و پشتیوانی کردنی دامەزراوە فەرمی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و داواکاری گشتی. o پشتیوانی یاسایی دامەزراوە ئاماژە پێکراوەکان کراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە؟ o حکومەت رێنمایی و رێوشوێنی گونجاوی بۆ رووبەروبونەوەی گەندەڵی دەرکردووە؟ o ژمارەی تۆمارکردنی کەیسەکانی زێدەرۆیی بۆ سەر موڵکی گشتی و گەندەڵی زیادی کردووە؟ o بودجەی پێویست تەرخران کراوە بۆ بەرەو پێشبردنی کارەکانی دامەزراوەکانی چاودێری؟ خول و بەرزکردنەوەی توانا و کادیری پێویست بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دابینکراوە؟ o ئایا داتاکان ئاماژە بە کەمکردنەوەی رێژەی بەهەدەردانی سامانی گشتی دەکەن؟ حکومەتی هەرێم لەم کابینەیە بەگوێرەی بەدواداچونی تیمی ئامادەکاری راپۆرت کەمتر پشت بە روبەروبونەوەی گەندەڵی لە رێی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەبەستێت، زیاتر فۆکەسی لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی هەیە، بۆیەش کەمتر پشتی بە دەستەی دەسپاکی، داواکاری گشتی لەبوارەکانی لێکۆلینەوە لەگەندەڵی بەستوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی کارکردنی دامەزراوەکان کردووە، لەچەند ڕووێک: • ماوەی یاسایی سەرۆکی دەستەی دەسپاکی تەواو بووە چارەسەر نەکراوە. ماوەی کارکردنی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی بەبێ پشتیوانی یاسا درێژکراوەتەوە. • حکومەتی رایگەیاندووە بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی لە رێی وەزارەتی دارایی خەرجیەکانی بۆ دابینکردنی پێویستیەکان بە ئەلیکترۆنی کردووە. • بەگوێری راپۆرتەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لەبارەی کەیسەکانی زێدەرۆیی، لە کابینەی نۆیەم دەردەکەوێت ژمارەی سکاڵا تۆمارکراوەکان کەم بۆتەوە ، بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی سکاڵاکان ٣٦٣٩ کەیس بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ دابەزیوە بۆ ٦٠٤ سکاڵا. • بەگوێرەی بەراوردی راپۆرتی ساڵانی 2018 و 2021، دەبیندرێت ژمارەی داوا سزاییەکانی کەیسەکانی گەندەڵی بەرزبۆتەوە، بەم شێوەیە -داوا سزایەکانی ساڵی 2018 بریتی بوە لە 210 حاڵەت، بەڵام لە 2021 بەرزبۆتەوە بۆ 408 کەیس، واتە نزیکەی دووبەرامبەر زیادبووە. - بەڵام لە ئاستی پلەکان لە 2018 دا 2 کەس بە پلەی وەزیر هەبووە لەگەل 3 بەرێوەبەری گشتی و 73 فەرمانبەر، لە 2021 هیچ کەسێک بە پلەی وەزیر لێکۆلینەوەی لەگەل نەکراوە لەجێی ئەوە 2 بەرێوەبەری گشتی هەبوە و 249 فەرمانبەری پلە ئاسایی هەبوە. - قەبارەی گەندەڵی لە 2018دا بە 275 ملیار و 720 ملیۆن و هەشت سەد و نۆزدە هەزار دینار خەملێنراوە، لەو بڕە 5 ملیار و 81 ملیۆن دینار گەڕێندراوەتەوە، پارەی دەستبەسەرداگیراویش 17 ملیۆن دینار بوە، بەڵام لە 2021 قەبارەی گەندەڵی بە 26 ملیاردینار و 400 ملیۆن دینار 874 هەزار دینار خەمڵێنراوە. • حکومەتی هەرێم هەنگاوی بۆ کەمکردنەوەی خەرجی دام و دەزگاکان ناوە لەدابین کردنی نەسریە و خەرجی تر، بەڵام لە بوارەکانی تر لە شێوەی خەرجیەکانی کەرتی نەوت، گۆرانکاریەکی ئەوتۆ نابیندرێت، بەبەراود لەگەل کابینەی پێشوو، نەتواندراوە داهاتی نەوت بەرامبەر خەرجیەکانی زیادبکرێت، بەگوێرەی دواین راپۆرتی دیلۆیت تەنها 43%ی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەرێتەوە. • لەبواری کۆمپانیاکانی خالە سنورییەکان، تا ئێستا پێداچونەوەکان نەگەیشتونەتە ئەنجام، هێشتا تەنها 20%ی داهاتی خالەسنوریەکان بۆحکومەت دەگەریتەوە. • حکومەتی هەرێم لەم کابینەیە ستراتیژیەتی رووبەروبونەوەی گەندەڵی (2021 -2025)ی پەسەند کردووە، کە ستراتیژیەتێکی گشتگیرە بۆ ئەم پرسە، هەروەها لە چوارچێوەی پلانی نیشتیمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ سێکتەرێک بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دانراوە، بەڵام هێشتا لەئاستی جێبەجێکردن کارکردنی زیاتری دەوێت. شەشەم: کاردەکەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەکانی هەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داهاتە نەوتییەکانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەکان. بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە کاردەکەین بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەکان بە پێی یاسای پەیوەندیدار. o حکومەت داتا و زانیاری دارایی لەبارەی داهات و خەرجیەکانی بڵاودەکاتەوە؟ o حکومەت پرۆژە یاسای بودجەی ئاراستەی پەرلەمان کردووە؟ o ئایا یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی دەرکراوە؟ o سندوقی داهاتە نەوتیەکان دروستکراوە؟ o ئایا حکومەت بەشێوەیەکی شەفاف گرێبەستەکانی بۆ دامەزراوەکان ئاشکرا دەکات و بلاویان دەکاتەوە؟ لەروانگەی شەفافییەتەوە، حکومەتی هەرێم بەردەوام بەشێوەی گشتی داتا و راپۆرتەکان لەبارەی داهات و خەرجییەکانی بەشێوەی راپۆرت بلاودەکاتەوە، بەشێکی راستەوخۆ بەشێکیش لە رێی کۆمپانیای دیلۆیت (داهات و خەرجی نەوت)، سەرەڕای ئەوەی ئەمە هەنگاوێکی ئیجابیە بەئاراستەی شەفافییەت، بەڵام داتاکان لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار کە دیوانی چاودێڕی داراییە پشتراست نەکراوەتەوە، ئەمەش بەبێ پەسەند کردنی پرۆژەی بودجە بەدی نایەت، کە لەسالی 2014ەوە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند نەکراوە. • بەگوێرەی بەدواداچونی تیمی ئامادەکاری راپۆرت، حکومەتی هەرێم هیچ گرێبەستێکی نەوتی یان نانەوتی نانێرێت بۆ دیوانی چاودێڕی دارایی، ئەمەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی مادەکانی (8 و 11 و 12)ی یاسای دیوانی چاودێری دارایی پێویستە گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کەرتی تایبەت ئاراستەی دیوان بکرێت، بۆ هەلسەنگاندن و وردبینی. • رێنمایی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری ئامادەکراوە لەلایەن دەستەی مافی مرۆڤ، بەڵام تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە. حەوتەم: بەپێی ستاندەرە جیهانییەکان، چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆڕاک دەکەین و رێکاری یاسایی بۆ هەر سەرپێچیەک کە لەم لایەنە ژیاریەدا بکرێت دەگرینە بەر. بۆ ئەم مەبەستانەش دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی هەرێم سەر بە ئەنجومەنی وەزیران دادەمەزرێنین. o ئایا دامەزراوەی پەیوەندیدار بە خۆراک و دەرمان دروستکراوە؟ o ئایا حکومەت هیچ پرۆژە یاسایەک یان پەیڕەوێکی دەرکردووە بۆ دروستکردنی دامەزراوەی خۆراک و دەرمان؟ o ئایا رێکار و رێنمایی پێویست گیراوەتەبەر بۆ چاودێری کاری کۆمپانیاکانی کوالیتی کۆنترۆڵ لەلایەن دامەزراوەکان؟ o ئایا بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە، بودجەی پێویست تەرخانکراوە؟ o رێکارەکان بۆتە هۆی رێگری لە هاوردەکردنی خۆراک و دەرمان و کەلوپەلی کوالیتی خراپ؟ تیبینیەکان لەسەر پرسی کوالیتی کۆنترۆل لە هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ وەزارەت سەرپەرشتی کاری کوالیتی کۆنترۆلی خۆراک و دەرمان و کەلوپەلەکانی تر دەکەن، کە ئەوانیش (وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی کشتوکال، وەزارەتی پلاندانان – دەستەی پێوانەسازی و کۆنترۆلی جۆری) کارەکان جگە لە وەزارەتی تەندروستی، ئەوانی تر لەرێی کۆمپانیاوە لە خالە سنوریەکان ئەنجامدەدرێن، پێشتر حکومەت خۆی ئەنجامی دەدا، بەجۆرێک تەنها داهاتی دەستەی پێوانەسازی و کۆنتۆلی جۆری 11 ملیۆن دۆلار بووە. تیبینیەکان گشتیەکان: ئێستا کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کاری کوالیتی کۆنترۆل لە دەروازە سنوریەکان جێبەجێ دەکەن، (جۆرێک لە دابەشکاری حیزبی هەیە)، بەگوێرەی گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێم، پێویستە حکومەتی هەرێم چاودێری کاری کۆمپانیاکان بکات، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونمان دامەزراوە حکومیەکانی هەرێم لەرووی ئامێر و تاقیگەوە توانای ئەوەیان نیە کارەکانی کۆمپانیاکان هەلبسەنگێن، واتە ئەو ئامێرانەی کۆمپانیاکان هەیانە لای حکومەت نیە، لەکاتێکدا دەبوو حکومەت ئامێری پێشکەوتوو تری هەبێت بۆ ئەوەی کاری کۆمپانیاکان هەلبسەنگێنێت. لیژنە راسپێردراوەکانیش وەک پێویست کەسانی تایبەتمەندی تێدانیە، کە پسپۆریەتیان لە خۆراک هەبێت. پێویستە تاقیگەی پێشکەوتووی ناوەندی لە پارێزگاکان هەبێت، بۆ ئەوەی چاودێری کاری کۆمپانیاکان بکرێت. لەهەرێمی کوردستان هیچ ئامێرێک نیە بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ کانزا قورسەکان، کە سەرچاوەی نەخۆشی شێرپەنجەن. مادەی پارێزەر وەک پێویست پشکنینیان بۆ ناکرێت، خەرجی زۆرە بۆیە کۆمپانیاکان بەرێژەیەکی کەم دەیکەن. بەشێک لە کۆمپانیاکانی کوالیتی کۆنترۆل ئۆفەری داشکاندن دەدەنە ئەو کۆمپانیایانە کەبەرهەمی زۆر هاوردە دەکەن، بۆ ئەوەی لەرێی ئەوان بەرهەم هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن. بەرێوەبەرایەتی کۆنترۆلی دەرمان، زیاتر پشت بە نوسراوی کۆمپانیاکان دەبەستن، زۆر بە کەمی خۆیان پشکینینیان بۆ دەکەن. سەنتەری خۆپاراستنی تەندروستی کراوەتە نیوە تایبەت (سیمی پرایڤێت) کە کاریان بەدواداچوونە لە شوینە بازرگانی و فرۆشیاریەکانی خۆراک و کەلوپەلی تر، بەشێکی زیاتری پشکنینەکانی تیمی تەندروستی دەخرێنە دوای دەوامی فەرمی بۆ ئەوەی پارە وەربگیرێت، بۆ هەر مادەیەک (35) هەزار دینار وەردەگیرێت. هەشتەم: چاکسازی لە سیستەمی باج دەکەین و دەبێ دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر ببێت و هەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی دەگرینەبەر بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە دەگرینە بەر بۆ رێکخستنی باج. o ئایا یاسا و رێنماییە پەیوەندیدارەکان وەک خۆی جێبەجێدەکریت بۆ وەرگرتنی باج؟ o حکومەت سکالای لەسەر کۆمپانیاکان تۆمارکردووە کە تاوانبارن بە خۆدزینەوە لە باج؟ o ئایا کۆمپانیا گەورەکان کە دەوترێت پشتیوانی حیزبیان هەیە ئەوانیش باج دەدەن بەتەواوی؟ o ئایا داهاتی وەرگرتنی باج زیاتر بووە؟ o ئایا هەنگاوەکانی حکومەت کاریگەری لەسەر پرۆژە مامناوەند و بچوکەکان هەبوە؟ داهاتی باجی کۆمپانیاکان لە سالی 2019 بریتی بووە لە 627 ملیار دینار، بەڵام لە 2021 بەرزبۆتەوە بۆ 796 ملیار دینار زیادی کردووە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە تیمی ئامادەکردنی راپۆرتیان وتوە، ئێستا رێوشوێن دژی ئەوانە دەگرێتە بەر کە دوای بەدواداچون بۆی روون دەبێتەوە کە لە هەژمارکردنی داهاتی سالانە فێلیان کردووە، هەرچەندە داتایەکی روون نیە لەسەر ژمارەی ئەو سکالایانەی لەسەر ئەم پرسە حکومەت تۆماری کردوون. • بەگوێرەی داتای وەزارەتی دارایی زیاتر لە 2000 کۆمپانیا سزای ماددی دراون، بەهۆی هەلاتن لە باج، سەرووی 300 کۆمپانیاش دراون بە دادگا. • ئەنجومەنی وەزیران بەگوێرەی بریاری ژمارە 13 کە دەریکردووە، بڕیاریداوە سەرجەم لێخۆشبونە نایاساییەکان هەڵوەشێنێتەوە. بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی وەرگرتنی باج: • بەهۆی نەبونی سیستەمی بانکی، تا ئێستا ناتواندرێت بەشێوەیەکی دروست قازانجی کۆمپانیاکان دیاریبکرێت، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەکی دروست باج وەربگیرێت، ئەمەش هەم نادادپەروەری دروستکردووە لە وەرگرتنی باج لە شوێن و ناوچانەی کە خاوەن کار و پرۆژەکان قازانج بە ئاستی جیاوازی لێدەکەن، هەمیش رێگایەکە بۆ خۆدزینەوەی کۆمپانیا گەورەکان. • لێخۆشبوون بەگوێڕەی یاسای وەبەرهێنان، تاکو ئێستا ئەم پرۆژانەی لەسەر وەبەرهێنان هەژمار دەکرێن، بەهۆی لێخۆشبوون کە لە یاساکە هاتووە، سەرەرای قازانجێکی زۆر، بەڵام باج نادەن، وەزارەتی دارایی و زۆرێک لە دامەزراوەکان بە پەرلەمانی کوردستانیش لەگەل هەمواری یاساکەن، حکومەت دەلێت درافت ئامادەیە بەڵام نەنێردرایتە پەرلەمان. • لەپرسی وەرگرتن یان رێکخستنەوەی باج، وەک پێویست رەچاوی دۆخی بازار و خاوەنکاران ناکرێت، بۆ نمونە تەنها لە ساڵی 2021 زیاتر لە 700 کارگە بەهۆکاری جۆراوجۆر داخراون* لە هەرێمی کوردستان کە دیارترینیان زۆری باج و کرێی کارەبایە. نۆیەم: کار دەکەین بۆ رێگەگرتن لە قۆرخکاری (احتکار) بە پێی یاسای بەرکار و رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ ململانێی بازرگانی ڕەوا و هاندانی کۆمپانیاکانی پشکداری. o ئایا ئەنجومەنی پاراستنی کیبرکێ و نەهێشتنی قۆرخکاری دروستکراوە؟ o ئەنجومەنەکە دەستی بەکارەکانی کردووە؟ o ئەنجومەنەکە بەدواداچونی کردووە و کەیسی تۆمارکردوە؟ o ئایا دەرفەتی یەکسان بۆ ململانێی بازرگانی ڕەوا بۆ کۆمپانیاکان دروستکراوە؟ o ئایا دادگای تایبەت بۆ بینینی کەیسەکانی قۆرخکاری دروستکراوە؟ ئەنجومەنی پاراستنی کێبڕکێ و نەهێشتنی قۆرخکاری بەگوێرەی یاساکە بەسەرۆکایەتی بریکاری وەزیری بارزگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی دروستکراوە، سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش نوێنەریان دیاریکردووە، تا ئێستا دوو کۆبونەوەی کردووە بە بەشداری نوینەری لایەنە پەیوەندیدارەکان کە لە یاساکە هاتووە، پەیرەوێکیان بۆ رێکخستنی کاروباری ناوخۆییان ئامادەکردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، بەڵام تا ئێستا پەسەند نەکراوە. کارەکان بەگشتی بەخاوی بەڕێوەدەچن، سەرەرای ئەوەی دادگای تایبەتمەند دروستکراوە، بەڵام بەهۆی دەستبەکارنەبونی ئەنجومەنەکە، هێشتا دابین نەکردنی کادیری پێویست، نەبینینی خولی پێویست، کارەکان لەسەرەتان، لەکاتێکدا هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن لە بازارەکان جۆڕێک لەقۆرخکاری لە بەرژەوەندی کۆمپانیا بالادەست و ئەوانەی پشتیوانی حیزبیان هەیە. دەیەم: پشتیوانی کاری چاودێریی پەرلەمانی دەکەین و بۆ ئەم مەبەستەش پابەند دەبین بە هەموو رێکارەکانی چاودێری لە پەرلەمانی کوردستان بە پێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ و بنەماکانی کاری پەرلەمانی. هەروەها بە پێی بنەماکانی کاری پەرلەمان، ڕێز لە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دەگرین. o ئایا رێز لە سەربەخۆیی دەسەلاتی یاسادانان گیراوە لە رووی دارایی و کارگێڕی؟ o ئایا حکومەت بە پێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ بەدەمەوە هاتنی بۆ رێکارەکانی پەرلەمان هەبووە؟ o سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرەکان بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە دەکەن؟ o وەڵامی نوسراو و پرسیارەکانی پەرلەمانتاران دەدەنەوە؟ o ئایا لە مامەڵەکردن، جیاوازی لەنێوان پەرلەمانتارانی لایەنەکانی سەر بە حکومەت و ئۆپۆزسیۆن دەکرێت؟ لەم خولەی پەرلەمان پەیوەندی نێوان ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانتاران بەگوێرەی داتاکان لە ئاستێکی باش دایە، لەبواری وەڵامدانەوەی پرسیار، بەشداری وەزیرەکان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان. لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تەنها لە بەرێوەبەرایەتی کاروباری پەرلەمان و لێژنەکان ، (2307) نووسراو ئاراستەی حکومەت کراوە لە کۆی ئەو نوسراوانە (2081) نووسراو وەڵام دراوەتەوە پاڵپشت بە ماددەی (68) و (69) پەیرەوی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان (4) جار داوای پرساندن کراوە :- ساڵی 2019 داوای پرساندنی (وەزیری دارایی و ئابوری) ساڵی 2020 داوای پرساندنی (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی و وەزیری دارایی و ئابوری) ساڵی 2021 داوای پرساندنی (وەزیری سامانە سروشتیەکان) ساڵی 2022 داوای پرساندنی (وەزیری دارایی و ئابوری ) (110) جار وەزیر لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئامادەبوون سەرەرای ئەوانەش بەڵام حکومەت لە روونکردنەوەی بەشێک لە گرێبەست و قەرزەکانی بۆ پەرلەمان روون نەبووە و زانیاری پێویستی ئاراستەی پەرلەمان نەکردووە. پرۆژە یاسای بودجەی بەمەبەستی پەسەندکردنی لە پەرلەمان نەناردووە، کە یەکێکە لە ئامرازەکانی دەستی پەرلەمان بۆ چاودێری حکومەت. یازدەیەم: سندوقی خانەنشینی بە پێی یاسای پەیوەندیدار لە هەرێم کارا دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم سندوقە گەرەنتی مافەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بکات. o ئایا رێوشوێنی یاسایی و پەیڕەوی پێویست بۆ دروستکردنی سندوقەکە دەرکراوە؟ o سندوقەکە بەگوێرەی یاساکە کارا کراوە؟ o حکومەت هیچ پارەیەکی بۆ پشتیوانی سندوقەکە تەرخان کردووە؟ o پارەی لێبرینی خانەنشینی فەرمانبەران دەخرێتە سندوقەکە؟ o کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچەی خانەنیشیان هەبوە؟ تێبینیەکان لەبارەی سندوقی خانەنشینی: • بەگوێرەی یاسای ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بە خشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هه رێمی کوردستان، پێویستە سندوقی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی دروستبکرێت، ئەنجومەنی وەزیران لە 17ی7ی2022 پەیڕەوی بۆ دەرکردووە. • تاکوئێستا سندوقەکە پارەی تێدانیە، حکومەتیش لێبرینی 7%ی مانگانەی فەرمانبەرانیشی تێدا دانانێت، هیچ پشتیوانیەکی داراییش پێشکەشی سندوقەکە نەکراوە، بۆ ئەوەی بتواندرێت لەرێی ئەم سندوقە بێ گەرانەوە بۆ وەزارەتی دارایی پارەی مانگانەی مووچەخۆران بدرێت. دوازدەیەم: بە هەماهەنگی لەگەل سەرۆکایەتی هەرێم، لە پێناو بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێم، پێداچوونەوە بە میکانیزمی ڕێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین و هەوڵ دەدەین بە هاوکاری پسپۆڕانی ناوخۆ و دەرەکی ئەم هێزانە لە ستانداردە سەربازییەکان نزیک بکەینەوە. o هیچ یاسا یان ڕێنماییەک بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە دەرچووە؟ o ئەو پرۆژانەی بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری کوردستان پێشکەشکراون، جێبەجێکراون؟ o هێزەکانی یەکەکانی 70 و 80 خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە؟ o هیچ رێنماییەک بۆ یەکخستنی هێزەکانی ئاسایشی هەرێم دەرچووە؟ o چاکسازیەکان بەسەر کەرتی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ جێبەجێ کراون؟ لەبارەی چاکسازیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەم کابینەیە، ئەم هەنگاوانە تێبینی کراون: • یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەردەم یاسای چاکسازی مەلەفی پێشمەرگەیە، بەو پێیەی کەموکوریەکی زۆر لە دۆسیەی هێزەکانی پێشمەرگە (یەکەکانی 70 و 80) هەیە، ئەمەش وای کردووە هەنگاوێکی ئەوتۆ بەگوێرەی یاسای چاکسازی نەنرێت، ئەمە لە راپۆرتی دەستەی دەسپاکی لەبارەی یاسای چاکسازی رەنگی داوەتەوە. • لە بەرواری 27ی 9ی 2020 بڕیاردرا یەکەی ژمێریاری یەکەکانی (70 و 80) بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. • تاکو ئێستا هێزەکانی ئاسایش بە دوو سیستەمی جیاواز بەرێوەدەچن، ژمارەی بازگەکانی نێوان پارێزگاکانی هەرێم کەمنەکراوەتەوە و بەڕێوەبردنیان یەک نەخراوە. • ئەم پرۆژانەی بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لە ئاستی نێودەولەتی پێشکەشکراون، زۆر بە سستی جێبەجێ دەکرێن. سێزدەیەم: کار دەکەین بۆ سەروەرکردنی یاسا و رێز گرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و نابێ لە کوردستاندا کەس لە سەرووی یاسا بێت. هیچ کەسێک رێگەی پێنادرێت بە هۆی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و حزبی لە دەست یاسا رابکات و خۆی لە دەرەوەی یاسا ببینێتەوە, هەروەها کاری جدی دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەک لە ناو کۆمەڵگەکەماندا. o ئایا بنەمای دەستوری هەیە بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و چەسپاندنی سەروەری یاسا؟ o ئایا دامەزراوەی دەسەلاتی دادوەریی بەتەواوی لەرووی دارایی و کارگێری سەربەخۆ کراوە ؟ o ئاستی دەستێوەردان هەیە لە کاروبای دادگا و بریارەکان بەیەکسانی جێبەجێ دەکرێن؟ o ژمارەی یەکلایی کردنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی لە دادگاکان زیاتر بووە؟ o ئایا داواکاری گشتی وەک پێویست، کارا کراوە بۆ ئەوەی سەر بەخۆیانە کاربکات؟ • تاکو ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستور نیە، کە تیایدا جیاکردنەوەی دەسەلاتەکانی چەسپاندبێت، لەهەرێمی کوردستان بە یاسا دەسەلاتەکان لەیەکتر جیاکراونەتەوە، ئەمەش بە ئاسانی لەڕێی یاسای تر دەکرێت پێشێل بکرێت. • لەرووی کارگێڕی بەگوێرەی یاسای دەسەڵاتی دادوەری لە ھەرێمی کوردستان- عیراق ژمارە (٢٣) ساڵی ٢٠٠٧ دەسەلاتی کارگێری تا رادەیەکی زۆر سەربەخۆ کراوە، بەڵام لە رووی دارایی هێشتا سەر بەدەسەلاتی جێبەجێکردنە. • تاکو ئێستا دەستوەردان لە کاروباری دادگاکان هەیە، ئەمە لە هەلوێستی حیزبە حکومرانەکانیش رەنگی داوەتەوە، بەجۆرێک لە دیاریکردنی دادوەران و پۆستەکانی دەسەلاتی دادوەری دەستێوەردانی حیزبی هەیە. • بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی (2021)ی دەستەی دەسپاکی لەهەرێم بریارە دادوەریەکان دژی گەندەڵکاران زۆر دوادەخرێن و هەروەها حوکمەکانیش سوکن، بریار بوو دادگای تایبەت بەکەیسەکانی گەندەڵی دروستبکرێت، بەڵام بەهۆی دەستوەردان جێبەجێ نەکرا. • بەبەراود کردنی راپۆرتی 2018 و 2021ی دەستەی دەسپاکی دەردەکەوێت ژمارەی یەکلایی کردنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی لەدادگاکان زیاد بوە: - لە سالی 2018 لە کۆی 210 داوای سزایی، 33 کەیس یەکلایی کراوەتەوە، 13یان ئیدانە و 20 ئازاد کردن. لە 2021 لە کۆی 408 داوای سزایی، 102 کەیس یەکلایی کراونەتەوە، 43 ئیدانە و 59 ئازاد کردن. ئەمەش دەریدەخات ژمارەی یەکلایی کردنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی لەدادگاکان زیاتر بووە. • هێشتا داواکاری گشتی بەشێکە لەدەسەلاتی جێبەجێکردن و سەربەخۆ نەکراوە، لەکاتێکدا یەکێک لەپێوانەکەی هەلسەنگاندنی سەروەری یاسا سەربەخۆ بونی ئەم دامەزراوەیە. دەرەنجامەکان: • هەبونی کارنامەی کابینەی نۆیەم هەنگاوێکی باشە بە ئاراستەی بەهێزکردنی کاری دامەزراوەیی و هێنانەدی حکومڕانی باش لە هەرێمی کوردستان، بەڵام زۆرێک لەبنەماکانی کارنامەی حکومی تێدا رەچاو نەکراوە. • حکومەتی هەرێم بەڕوونی دانی بەمەترسی هەبوونی گەندەڵی و پێویستی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان ناوە. • لە هەندێک بوار هەنگاوەکانی چاکسازی دەستی پێکردووە، بەڵام هەوڵەکان هێشتا سەرەتایین، هاوڵاتیان وەک پێویست هەستیان بە ئەنجامەکان نەکردووە. • حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی هێلە گشتیەکانی چاکسازی هەنگاوەکانی بۆ چاکسازی وەک پێویست نەهاوێشتوە. • یاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنیشنی و دەرماڵە و ئیمتیازەکانی تر هێشتا وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە. • گەندەڵی و لاوازی دامەزراوەیی بۆ ڕوبەرووبونەوەی، هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان. • وەک پێویست دەرفەت و پشتیوانی بۆ دامەزراوەکانی رووبەروبونەوەی گەندەڵی فەراهەم نەکراوە. • حکومەتی هەرێم لە رێی بلاوکردنەوەی راپۆرت و ژمارە و داتاکانی هەوڵی داوە پەرە بە شەفافییەت بدات، بەڵام نەبونی یاسای بودجە کەلێنێکی گەورەی لەبواری شەفافییەت دروستکردووە. • حکومەتی هەرێم زۆرترین پرسیاری پەرلەمانتارانی وەڵام داوەتەوە و بەشداری دانیشتنەکانی کردووە، بەڵام لەو یاسا و هەنگاوانەی کە رۆڵی پەرلەمان بەهێزتر دەکات هێشتا لاوازی لەو پەیوەندیە هەیە. • هێشتا هەست دەکرێت هەنگاوەکانی چاکسازی زیاتر لەسەر شانی هاولاتیان و چینەکانی خوارەوەیە وەک پێویست لەسەر کۆمپانیا و بازرگانە گەورەکان جیبەجێ ناکرێن. • چاکسازی لە کەرتی خۆراک و دەرمان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی پێویست نیە، نەبونی دامەزراوەی کوالێتی کۆنترۆڵی بەهێز، بۆشایەکی گەورەی دروست کردووە لەم کەرتە. • حکومەتی هەرێم وەک پێویست هەنگاوی لەبواری پرۆژەی هەموار و دەرکردنی ئەو یاسایانەی دەکرێت رۆلیان لە کەمکردنەوەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی هەیە، نەهاوێشتوە. • لاوازی لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی لەکەرتی سەربازی لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ئالەنگارییە گەورەکان. • حکومەتی هەرێم لەبواری دروستکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی هەنگاوی ناوە، بەڵام هێشتا ژێرخانی حکومڕانی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان لاوازە و پێویستی بە هەنگاوی بەهێز و گشتگیرتر هەیە. • هێشتا دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان ئەم رۆلە کاریگەرەی نیە لە پرۆسەی رووبەروبونەوەی گەندەڵی. ڕاسپاردەکان: • حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرمەبنای کارنامەکەی خۆی، چالاکتر کار لەسەر جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی بکاتەوە. • پێویستە لە ئایندە هەر کارنامەیەکی حکومی ئامادە دەکرێت، بەشێوەی وردتر دابڕێژرێت، کەمتر بەڵێنەکانی گشتی بێت، هەوڵبدریت قابیل بێت بۆ پێوانەکردن و هەڵسەنگاندن، لەرێی دیاریکردنی ماوەی دیاریکرا و خستنەرووی ژمارە و پێوانە. • حکومەتی هەرێم راپۆرتی خولی جێگیری هەبێت لەسەر ئاستی جێبەجێکردنی کارنامەکە، واتە راپۆرتەکان بەشێوەی شەش مانگی یاخود ساڵانە ئامادەبکرێن، بۆ رای گشتی بلاوبکرێنەوە، ناوەرۆکەکانی ئاستی جێبەجێ کردنی کارنەمەکە بێت. • رۆڵی زیاتر بە دامەزراوەکانی رووبەروبونەوەی گەندەڵی و چاودێری بدرێت، بەجۆرێک گەرەنتی سەربەخۆ بوون هەبێت، دوور بخرێنەوە لە دابەشکاری حیزبی، پێداویستیە مادی و لۆجستی و یاساییەکانیان پڕ بکرێتەوە. • لە پێناو شەفافییەتی زیاتر، وەک هەنگاوی یەکەم پێویستە پرۆژە یاسای بودجە ببرێتە پەرلەمان. • رۆلی چاودێری کردنی پەرلەمانی بۆ کارنامەی حکومەت بەهێزتر و وردتر بکرێت، بۆ ئەمەش سوود لە ئەزمونە پێشکەوتوەکانی دنیا وەربگیرێت. • دوورخستنەوەی دەستێوەردانی سیاسی لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی و رووبەروبونەوەی گەندەڵی. • بۆ قوڵکردنەوەی سەروەری یاسا و بنەماکانی حکومڕانی باش، پێویستە رێز لە رۆژمێری هەڵبژاردن بگیرێت، تا بتواندرێت دامەزراوە دەستوریەکان بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان کارەکانی خۆیان بکەن. • داڕشتنی ئەولەویەت بۆ پرۆسەی رووبەروبونەوەی گەندەڵی بەگوێرەی گرنگی و مەترسی سێکتەرەکان، هەروەک لە ستراتیژیەتی رووبەروبونەوەی گەندەڵی هاتووە. • دوپات لەسەر بەشداری کۆمەڵی مەدەنی و میدیا لە پرۆسەی چاکسازی دەکەینەوە، بەگوێرەی ستراتیژیەتی رووبەرووبونەوەی گەندەڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پلانی نیشتیمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ. لیستی سەرچاوەکان: ١. تیمی ئامادەکاری راپۆرت ٢٥ چاوپێکەوتنی لەگەڵ پەرلەمانتاران و لیژنە پەیوەندیدارەکان لە پەرلەمانی کوردستان و وەزارەت و دامەزراوە فەرمیەکانی حکومەتی هەرێم و سەربەخۆکان و شارەزایانی یاسایی و دارایی و پسپۆران و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ناوخۆیی و عێراقی و نێودەوڵەتی ئەنجامداوە. ٢. پۆرتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ٣. راپۆرتەکانی ژمارە (١ و ٢ و ٣ و ٤)ی چاودێری و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم، رێکخراوی ستۆپ. ٤. سایتی پەرلەمانی کوردستان. ٥. پۆرتالی خزمەت. ٦. راپۆرتی سێیەمی دەستەی دەسپاکی لەبارەی یاسای چاکسازی. ٧. کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ٨. راپۆرتی چاکسازی و حزمەتگوزاری، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ٩. ماڵپەڕی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان. ١٠. راپۆرتی چاکسازی دارایی کابینەی نۆیەم – رێکخراوی ستۆپ، ٢٠٢٢. ١١. راپۆرتەکانی سالانی (2018- 2021)ی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان. ١٢. راپۆرتەکانی سالانی (2018-2021)ی وەزارەتی داد – حکومەتی هەرێمی کوردستان. ١٣. توێژینەوەی ( سیادە القانون الحکم الرشید ورکیزە سیادە القانون فی کوردستان) د.احمد میران، 2022. ١٤. هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی یاسای کێبرکێ و قەدەغەکردنی قۆرخکاری لە هەرێمی کوردستان، رێکخراوی ستۆپ، ٢٠٢١. بڵاوکراوەکانی رێکخراوی ستۆپ 1. زنجیرەی یەکەم: راپۆرتی وهرزی یهکهمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان. 2. زنجیرەی دووەم: راپۆرتی وهرزی دووەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 3. زنجیرەی سێیەم: راپۆرتی وهرزی سێیەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 4. زنجیرەی چوارەم: راپۆرتی وهرزی چوارەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 5. زنجیرەی پێنجەم: راپۆرتی ساڵانە (2015 - 2016) داتاکانی گەندەڵی 6. زنجیرەی شەشەم: راپۆرتی وهرزی پێنجەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 7. زنجیرەی حەفتەم: راپۆرتی وهرزی شەشەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 8. زنجیرەی هەشتەم: راپۆرتی وهرزی حەفتەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 9. زنجیرەی نۆیەم: راپۆرتی وهرزی هەشتەمی پرۆژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوە و دهسهڵاتی یاسا لەهەرێمی کوردستان 10. زنجیرەی دەیەم: راپۆرتی (چاودێری و ههڵسهنگاندنی بڕیار و راسپاردهکان) بڕیار و راسپاردەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان 1/1/2016 تاوەکو 9/12/2016 11. زنجیرەی یازدەیەم: راپۆرتی ساڵانە (2016 - 2017) داتاکانی گەندەڵی. 12. زنجیرەی دوازدەیەم: بەشداری کۆمەڵی مەدەنی لە پرۆسەی چاکسازی و روبەروبونەوەی گەندەڵی. 13. زنجیرەی سێزدەیەم: ئەنجامی راپرسیەک لەبارەی رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و پێشخستنی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان. 14. راپۆرتی هەڵسەنگاندن و ئاستی جێ بەجێ کردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (1). 15. راپۆرتی بەرەو بەھێزترکردنی رۆڵی دەزگای داواکاری گشتی. 16. راپۆرتی هەڵسەنگاندن و ئاستی جێ بەجێ کردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (2). 17. گلۆسەری چەمک و زاراوەکانی گەندەڵی و حوکمڕانی چاک. 18. شەفافیەتی نەوتی کوردستان لە چاوی دیلۆیتەوە. 19. راپۆرتی هەڵسەنگاندن و ئاستی جێ بەجێ کردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (3). 20. تقییم خدمە المیاه فی مدینە اربیل. 21. نەخشەڕێـی چاکسازی و روبەروبونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان. 22. شاری هەولێر دۆخی ئاوی پاشەڕۆ، ئاستەنگ چارەسەرییەکان. ٢٣. چالاکردنی یاسای رێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان. ٢٤. راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم (1). ٢٥. زێدەڕۆیی سەر زەوی و زاری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان (کێشە و چارەسەرییەکان). ٢٦. راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم (2). ٢٧. وردبوونەوە لە وردبینیەکەی دیلۆیت لێکۆڵینەوەی گرفتەکانی داهاتی نەوت لە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ٣ چارەکی ساڵی ٢٠٢٠، لە بڵاوکراوەکانی رێکخراوی ستۆپ و رێکخراوی روونبین. ٢٨. راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم (3). ٢٩. راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندن هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم (4). ٣٠. هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی یاسای کێبرکێ و قەدەغەکردنی قۆرخکاری لە هەرێمی کوردستان. ٣١. 9 ساڵ حوکمڕانی بەبێ بودجە (گرنگی بودجە لە پێشخستنی شەفافیەت و چاودێری و چاکسازی لە داهات و خەرجی). ٣٢. هەڵسەنگاندنی چاکسازی دارایی لە کابینەی نۆیەمدا (گرفتەکانی بەرێوەبردنی داهاتی ناوخۆ). ٣٣. مەترسیەکانی ئاستی دابەزینی ئاوی ژێر زەوی هەولێر کاریگەری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بە نموونە. ٣٤. سەرەتایەک بۆ روبەڕوبونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە هەرێمی کوردستان.
راپۆرتی: درەو كۆنگرەی پارتی تەواو بوو، بەشێك لە كاندیدە دیارەكانی پارتی دەرنەچوون، نێچیرڤان بارزانی (6) ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و فایلی دەرەوەو پەرلەمانی بەركەوت، مەسرور بارزانی (45) ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و حزب و دارایی بەركەوت، نێچیرڤان بارزانی سیناریۆكەی لەبەرچاو بووە، بەنیاز بووە بەشداری كۆنگرە نەكات. دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی، (13) بەرپرسی لق، (6) وەزیر، (2) یاریدەدەری سەرۆك وەزیران، هەردوو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كوردستان و بەغداد، دەیان ئەندامی سەركردایەتی دەرنەچوون، زۆرینەیان نیگەرانن، پێیان وایە فێڵیان لێكراوە، بەڵام هێشتا یاری پشتی پەردەیان بۆ روون نەبووەتەوە. مەكتەبی سیاسی دەرنەچوو دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی نە لە تەزكیەكەی مەسعود بارزانیدا سەركەوتن، نە لە كۆنگرەشدا دەنگی پێویستیان بەدەستهێنا. • كاكەمین نەجاڕ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەولێر (258) دەنگ (دەرنەچوو) • عزەدین بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی (149) دەنگ (دەرنەچوو) كەسانی نزیك دوو كەس كە كوڕو برای كەسە نزیكەكانی مەسعود بارزانین دەرنەچوون. • سەفین دزەیی ئەندامی سەركردایەتی كوڕی موحسین دزەیی یەكێك لە هاوەڵە نزیكەكانی مەلا مستەفا (204) دەنگی بەدەستهێناوە(دەرنەچوو) • بروسك نوری شاوەیس ئەندامی سەركردایەتی برای رۆژ نوری شاوەیس هاوڕێی نزیكی مەسعود بارزانی (297) دەنگ (دەرنەچوو) وەزیرە دەرنەچووەكان: • ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە (264) دەنگ • ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە (240) دەنگ • سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی (254) دەنگ • ساسان عەونی وەزیری شارەوانی (332) دەنگ (یەدەگ) • سەفین دزەیی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە (204) دەنگ تازەكانی ناو بارتی: • رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت (187) دەنگ • محەمەد حاجی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت كشایەوە • مەسعود حەیدەر راوێژكاری مەسعود بارزانی (142) دەنگ • عارف روشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی كشایەوە • نەزاكەت حسێن (146) دەنگ فراكسیۆنەكان دەرنەچوون: • ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق (192) دەنگ • زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان (267) دەنگ • ڤیان دەخیل وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق (143) دەنگ • پێشەوا هەورامانی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان (227) دەنگ • مەحما خەلیل پەرلەمانتاری عێراق (171) دەنگ • بەهمەن كاكە عەبدوڵا (178) دەنگ • جوان رۆژبەیانی (202) دەنگ • ئاری هەرسین پەرلەمانتاری پێشوو (168) دەنگ • فازڵ بەشارەتی پەرلەمانتاری پێشوو (215) دەنگ سەركردایەتیەكان دەرنەچوون: * شیرین ئامێدی ئەندامی پێشوی سەركردایەتی (150) دەنگ * خەسرەو گۆران ئەندامی سەركردایەتی ( 162) دەنگ * نوری حەمە عەلی ئەندامی سەركردایەتی (333) دەنگ * قادر قاچاغ ئەندامی سەركردایەتی (310) دەنگ بەرپرسی لقەكان زۆرینەیان دەرنەچوون * سەعید ئاغا برپرسی لقی چواری سلێمانی (205) دەنگ * فازل رەئوف بەرپرسی لقی 21ی دەورەبەری سلێمانی (114) دەنگ * بەسام عەلی بەرپرسی لقی هەڵەبجە (157) دەنگ * محەمەد خورسید بەرپرسی لقی كەركوك (329) دەنگ * جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی لقی خانەقین (75) دەنگ * سەید رێبوار بەرپرسی لقی چەمچەماڵ (195) دەنگ * شوان محەمەد بەرپرسی لقی بەغداد (178) دەنگ * كرمانج عەبدوڵا بەرپرسی لقی قەرەچوغ ( 214) دەنگ * حەسەن عەدۆ بەرپرسی لقی چۆمان (179) دەنگ * سەباح بەیتوڵا بەرپرسی لقی ئاكرێ ( 317) دەنگ * ئاشتی كۆچەر بەرپرسی لقی شنگال (253) دەنگ * ئەنوەر مەسیفی بەرپرسی لقی ئەوروپا (82) دەنگ * عەبدولواحید رەواندزی بەرپرسی لقی سۆران (300) دەنگ دەرنەچووەكان نیگەرانن بە پێی بە دواداچوونەكانی (درەو) بەشێك لەوانەی دەرنەچوون نیگەرانن و لە ئێستادا بە پەیام و بە قسەش نیگەرانییەكانی خۆیان دەردەبڕن، هەندێكیشیان نیگەرانیەكانیان گەیاندووەتە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی. بەشیك لە دەرنەچووەكان پێیان وایە فێڵیان لێكراوە، بەوەی پێشتر پێیان وتراوە لە لیستەكەی مەسعود بارزانیدان و دواتریش لیستێكی تر هەبووەو ئەو لیستە رێككەوتنی لەسەر كراوەو سەركەوتووە، سەركردایەتی و وەزیرە دەرنەچووەكان و بەرپرسی لقەكان نیگەرانن، بەشێكیان پێیان وایە فێڵیان لێكراوە، هێشتا یاریەكەی پشتی پەردەیان بۆ روون نەبووەتەوە، ئەوەندە دەزانن ئەو لیستەی بارزانی داینابوو دواتر لەلایەن نزیكەكانی مەسرور بارزانیەوە گۆڕدراوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی پەیوەندی بە دەرنەچووەكانەوە دەكەن و دەڵنەواییان دەكەن. نێچیرڤانیەكان نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەدا هیچی دەستنەكەوت، تەنانەت رێگە نەدرا رەوان بارزانی برای خۆی كاندید بكات و یوسف بارزانی براشی كە ئەندامی سەركردایەتی پارتی بوو هەر بەشداری كۆنگرەی نەكرد. بە پێی زانیاریەكانی (درەو) نێچیرڤان بارزانی سەرەتا نیگەران بووە، نیازی بووە بەشداری كۆنگرە نەكات، سیناریۆكانی لەبەرچاو بوو، دەیزانی كۆنگرە تەنیا لە پێناو بە جێگر بوونی مەسرور بارزانی و دوورخستنەوەی بەشێك لەوانە بوو كە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی لێیان نیگەران بوون، بەڵام بەهەوڵی زۆری بارزانی باوك بەشداری كردوو تەنانەت ئامانجی یەكەمی كۆنگرە كە بەجێگربوونی مەسرور بارزانیە بە نێچیرڤان بارزانی جێبەجێكرا. لە كۆنگرەدا نێچیرڤان بارزانی تەنیا (6) كەسی نزیكی خۆی سەرخست بەخۆیەوە (7) ئەندام دەبن لە كۆبونەوەكانی كۆمیتەی ناوەندی پارتی واتا (14%). نێچیرڤان بارزانی بەرپرسی فایلی (دەرەوە، حكومەت، پەرلەمان)ە كە هیچیان كاریگەریان لەسەر رێكخستن و كۆنترۆڵی حزبی نیە. مەسروریەكان كۆنگرە بۆ مەسرور بارزانی سەركەوتنێكی گەورەبوو، چووە پاڵ نێچیرڤان بارزانی، لە كۆی (51) ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی (45) ئەندامی سەربە ئاراستەی مەسرور بارزانین واتا (86%)ی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی لەگەڵ بەڵێی مەسرور بارزانیدان، لەگەڵ ئەوەی بەرپرسی فایلی (حزب، رێكخستن، دارایی) ناو پارتیە. ماڵئاوایی مەسعود بارزانی لە هەموو وتارەكانیدا مەسعود بارزانی بە روونی ماڵئاوایی پێوە دیاربوو، مانەوەی وەك سەرۆكی پارتی تەنیا بۆ چاودێری كارەكانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیە. بارزانی باوك رێكخستن و سەركردایەتی وەك هێلكەیەكی پاككراو خستە دەستی مەسرور بارزانی، چەند جارێك ئەوەی دوپاتكردەوە "ئەبێت مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، وەك من و ئیدریس بارزانی بن، كە ئیدریس بارزانی براگەورەی من بوو" بەو واتایەی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەمان ئەزمونی ئەوان پیادەبكەن، ئیدریس بارزانی براگەورە بوو بەڵام مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب بوو، واتا نێچیرڤان بارزانی وەك براگەورەی مەسرور بارزانیە بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆك و بڕیار بەدەست دەبێت.
شیكاری: درەو بەپێی زانیارییەکان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (10) مانگی ڕابردوودا؛ 🔹 زیاتر لە (122 ملیۆن و 911 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە فرۆشتووە. 🔹 بە تێکڕای ڕۆژانە (404 هەزار 429) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. 🔹 تێکڕای بەهای بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان (103.71) دۆلار بووە، بەڵام هەرێم نەوتی بە (90.77) دۆلار فرۆشتووە. 🔹 کۆی داهاتی نەوتی هەرێم زیاتر بووە لە (11 ملیار و 138 ملیۆن 403 هەزار) دۆلار بووە. 🔹 بڕی (6 ملیار و 237 ملیۆن و 505 هەزار) دۆلار بەڕێژەی (56%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە. 🔹 بڕی (4 ملیار و 900 ملیۆن و 897 هەزار) دۆلار بەڕێژەی (44%) کە بەرامبەرە بە (7 ترلیۆن و 106 ملیار و 301 ملیۆن) دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم. چارتی ژمارە (1) یەکەم؛ بڕی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆرییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (1/1/2022 – 31/10/2022)، بڕی (122 ملیۆن و 911 هەزار 745 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە لە بەندەری جەیهانی تورکی فرۆشتووە. بەرزترین ئاستی فرۆشتنیش لە مانگی تەموزدا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (13 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل. کەمترین بری نەوتی فرۆشراویش لە مانگی حوزەیراندا بووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (11 ملیۆن و 168 هەزار و 971) بەرمیل (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) هاوکات بەتێکڕای ڕۆژانە لە دە مانگی ڕابردووەدا بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی بووە لە (404 هەزار و 429) بەرمیل نەوت، سەبارەت بە وردەکاری مانگەکان بڕوانە (چارتی ژمارە (3)) چارتی ژمارە (2) چارتی ژمارە (3) دووەم؛ نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان بە تێکڕای دە مانگی ڕابردوو هەر بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان نرخەکەی بریتی بووە لە (103.71) دۆلار. بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ هەردوو چارەکی یەکەم و دووەمی ئەمساڵ بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە کەمتر لە (12.94) دۆلار لە نرخی جیهانی فرۆشراوە. واتە بە تێکڕا لە ماوەی ڕابردوودا هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (90.77) دۆلار فرۆشراوە. بەرزترین ئاستی نرخی نەوتی هەرێمیش لە مانگی حوزەیران تۆمار کراوە، کە بریتی بووە لە (108.25) دۆلار، نزمترین ئاستیش لە مانگی کانونی دووەمدا بووە کە بەهاکەی بریتی بووە لە (73.89) دۆلار. بڕوانە (چارتی ژمارە (4) چارتی ژمارە (4) سێیەم: داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە 1/1/2022 – 31/10-2022 1. کۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دە مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا بڕی (122 ملیۆن و 911 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی بە (90.77) دۆلار فرۆشتووە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە بۆری بەدەستهاتووە، بریتی بووە لە؛ (11 ملیار و 138 ملیۆن و 403 هەزار و 56) دۆلار، زۆرترین داهاتیش لە مانگی ئایاردا بەدەستهاتووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ (1 ملیار و 346 ملیۆن و 889 هەزار و 426) دۆلار، کەمترین داهاتیش لە مانگی کانونی یەکەم دا تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە؛ (918 ملیۆن و 600 هەزار و 37) دۆلار. بڕوانە (چارتی ژمارە (5) چارتی ژمارە (5) 2. خەرجی نەوتی هەرێم بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوو (56%)ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە دەڕوات، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە دە مانگی ڕابردوودا لە پرۆسەی نەوتدا بە خەرج دراوە، بریتی بووە لە؛ (6 ملیار و 237 ملیۆن و 505 هەزار و 711) دۆلاری ئەمریکی، بە جۆرێک؛ بەرزترین ئاستی خەرجی لە مانگی ئایاردا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ (754 ملیۆن و 258 هەزار و 79) دۆلار. کەمترین خەرجیش لە مانگی کانونی یەکەمدا بووە، کە بریتی بووە لە؛ (514 ملیۆن و 416 هەزار و 21) دۆلار. (چارتی ژمارە (6)). چارتی ژمارە (6) 3. داهاتی ماوەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت (44%)ی داهاتی نەوت لە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەکە بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە دە مانگی ڕابردوودا لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە کەمترە لە کۆی خەرجییەکانی پرۆسەکە و بریتییە لە (4 ملیار و 900 ملیۆن و 897 هەزار و 345) دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە (7 ترلیۆن و 106 ملیار و 301 ملیۆن و 149 هەزار) دیناری عێراقی. بڕوانە (چارتی ژمارە (7 + 8)) و تەواوی وردەکارییەکان خشتەی ژمارە (1)). چارتی ژمارە (7) چارتی ژمارە (8) خشتەی ژمارە (1) سەرچاوەکان - ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و دهات لە 1ی کانونی دووەمی 2022 تاکو 31ی ئاداری 2022 (وەرزی یەکەم)، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. - ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و دهات لە 1ی نیسانی 2022 تاکو30ی حوزەیرانی 2022 (وەرزی دووەم)، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. - درەو میدیا؛ هەناردەو نەوتی بارکراوی هەرێم لە چارەکی سێیەمی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11255 - ئەنوەر کەریم؛ كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی رابردوودا (996 ملیۆن) دۆلار بووە، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10593
درەو: جارێكی تر یەكێتیو پارتی پەیوەندییەكانیان تێكچووە، یەكێتی هەڕەشەی كشانەوە لە حكومەت دەكات، یەكێتی حزبی دەسەڵاتداری ناوچەی (سەوز)ە، كشانەوە لە حكومەت بەواتای سەرهەڵدانەوەی دوو ئیدارەیی دێت. ئەگەر یەكێتی لە حكومەت بكشێتەوەو ئیدارەی خۆی جیابكاتەوە، بەواتای گەڕانەوەیە بۆ ساڵانی دوای شەڕی ناوخۆیی واتە لە ساڵانی 1996 بۆ 2005، ئەگەر دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان دروستببێتەوە، توانای مرۆییو ئابوریو دارایی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە لەنێوان ئیدارەی پارتیو یەكێتیدا دابەش دەبێتەوە: داهاتو خەرجی بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەكان، خەرجی سنوری ئیدارەی یەكێتی مانگانە (400 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە مانگانە بەتەنیا (365 ملیار) دیناری بۆ موچەی موچەخۆران سنورەكە دەڕوات، ئەگەر دوو ئیدارەیی دروست بێتەوە ئایا یەكێتی بە داهاتەكانی سنورەكەی مانگانە دەتوانێت ئەم خەرجییە دابین بكات؟ • هەر بڕە پارەیەك وەكو بەشە بودجە بۆ هەرێمی كوردستان لە بەغدادەوە رەوانە بكرێت، بەپێی رێككەوتنی بەركاری نێوان پارتیو یەكێتی، رێژەی 43%ی پارەكە بۆ سنوری دەسەڵاتی یەكێتیو 57%ی پارەكە بۆ سنوری دەسەڵاتی پارتی دەڕوات. • هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هەرێم ئێستا رۆژانە (420 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات، لەم رێژەیە تەنیا نزیكەی (40) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە سنوری یەكێتی بەرهەم دەهێنرێت، واتە رێژەی 90%ی كۆی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم لە سنوری پارتیداو تەنیا 10%ی نەوتی هەناردەكراو لە سنوری یەكێتیدا دەردەهێنرێت، سەرباری ئەمە بۆری هەناردەی نەوتی هەرێم لەناوچەی ژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە. • غازی سروشتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان كێڵگە سەرەكییەكەی لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدایە كە كێڵگەی (كۆرمۆر)ە، ئەم كێڵگەیە پێداویستی رۆژانەی غازی ماڵانو وێستگەكانی كارەبای هەرێمی كوردستان دابین دەكات، لەحاڵەتی دوو ئیدارەیدا كێشەی بۆ كارەبای سنوری پارتی دروست دەبێت. • یەدەگی نەوتو غاز بەمشێوەیە لەنێوان قەڵەمڕەوی پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە: - یەدەگی نەوت لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا (6 ملیار) بەرمیلە. - یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا (300 ملیار) پێ سێجا. - یەدەگی نەوت لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا (13 ملیار) بەرمیلە. - یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا (18 ترلیۆنو 300 ملیار) پێ سێجا. ئەم ژمارانە نیشانی دەدەن، لە حاڵەتی دوو ئیدارەیدا غاز كارتی بەهێزی دەستی یەكێتیو نەوتیش كارتی بەهیزی دەستی پارتییە. سنور لە حاڵەتی دوو ئیدارەیدا لەدوای ساڵی 1994و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، سنورێكی دەستكرد بەزەبری چەك لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو پارتی كێشرا، كە بەسنوری "دێگەڵە" ناسراوە، دوای تێپەڕبونی چارەكە سەدەیەك هێشتا ئاسەواری ئەو سنورە بەتۆخی ماوەتەوەو لەگەڵ توندبونەوەی ململانێكانی نێوان دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەدا، ئەم سنورە بیری خەڵك دەكەوێتەوە. بەپێی ماددەی (53)ی دەستوری كاتیی عێراق، سنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئەو سنورەیە كە لە (19/3/2003) هەبووە، واتە سنوری پێش روخانی رژێمەكەی سەددام حسێن. بەپێی ئەو ماددەیەی دەستور، رووبەری هەرێمی كوردستان (41 هەزارو 939) كیلۆمەتر دوجایە، بەمشێوەیە لەنێوان قەڵەمڕەوی پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە: - سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتی لەناو رووبەری گشتی هەرێمی كوردستان نزیكەی (20 هەزار) كیلۆمەتر دوجایە. - لەبەرامبەردا ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەولێرو دهۆكە، رووبەرەكەی دەبێت بە نزیكەی (22 هەزار) كیلۆمەتر دوجا. دوو ئیدارەییو دابەشبوونی خەڵك بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئێستا ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (5 ملیۆنو 884 هەزارو 23) كەسە، دانیشتوان بەمشێوەیە لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە: - هەولێر: ( 2 ملیۆن و 55 هەزارو 448) كەس - دهۆك: ( ملیۆنێك و 423 هەزارو 369 ) كەس - سلێمانی: ( 2 ملیۆن و 396 هەزارو 206) كەس واتە ژمارەی دانیشتوانی سنوری پارتی بەگشتی (3 ملیۆن و 478 هەزارو 654) كەسەو ڕێژەی (59%)ی كۆی دانیشتوانی هەرێم لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدایە. كۆی گشتی دانیشتوان لەسنوری یەكێتی (2 ملیۆن و 396 هەزارو 206) كەسەو رێژەی (41%)ی كۆی دانیشتوانی هەرێم پێكدەهێنێت. دوو ئیدارەییو داهاتی ناوخۆ بەگوێرەی داتاكان، ئێستا داهاتی ناوخۆ واتە داهاتی گومرگو باج لە سنوری ئیدارەی یەكێتی مانگانە بڕەكەی (120 ملیار) دینارە، لە سنوری پارتی ئەم داهاتانە مانگانە بڕكەی (180ملیار) دینارە. دوو ئیدارەییو دابەشبوونی سەربازیی هەرێمی كوردستان لەڕووی هێزی سەربازییەوە بەمشێوەیە لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە: • پارتی خاوەنی هێزی (80)یە، ئەم هێزە ژمارەی پێشمەرگەكانی زیاتر لە (56 هەزار) كەسە. • پارتی هێزێكی تری سەربازی هەیە بەناوی هێزی "زێرەڤانی"، ئەم هێزە (44 هەزار) كەسە. • ئاسایشی پارتی زیاتر لە (16 هەزار) كەسە. كۆی گشتی هێزی چەكداری پارتی بە هێزی دژە تیرۆرو هێزەكانی تریشەوە بە زیاتر لە (100 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت. هێزی سەربازی یەكێتی • یەكێتی خاوەنی هێزی (70)یە، ئەم لەنزیكەی (56 هەزار) پێشمەرگە پێكدێت. • هێزی بەرگریو فریاكەوتنی یەكێتی (26 هەزار) كەسە. • ئاسایشی یەكێتی زیاتر لە (14 هەزار) كەسە. كۆی گشتی هێزی چەكداری یەكێتی بە نزیكەی (100 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت. هەڵكەوتەی جوگرافی هەرێمی كوردستان لەڕووی جوگرافییەوە هاوسنورە لەگەڵ توركیاو ئێرانو سوریا، ناوچەی قەڵەمڕەوی یەكێتی تەنیا سنوری لەگەڵ ئێراندا هەیەو لەم سنورەدا دوو رێڕەوی سنوری نێودەوڵەتی هەن بەناوەكانی (باشماخو پەروێزخان). بەڵام ناوچەی قەڵەمڕەوی پارتی هاوسنورە لەگەڵ ئێرانو سوریاو توركیادا، لەم سنورەدا پارتی سێ رێڕەوی سنوریی لەگەڵ هەرسێ وڵاتەكەدا هەیە، لەگەڵ ئێران دەروازی نێودەوڵەتی (حاجی ئۆمەران)، لەگەڵ سوریا دەروازەی (فیشخاپور)، لەگەڵ توركیاش دەروازی (ئیبراهیم خەلیل). توانای مرۆیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكۆی گشتی خاوەنی (ملیۆنێكو 255 هەزار) موچەخۆرە، لەم ژمارەیە (721 هەزار)ی فەرمانبەرن. ژمارەی فەرمانبەران لە سنوری ناوچەی قەڵەمڕەویی یەكێتی (268 هەزار) فەرمانبەرە، واتە (453 هەزار) فەرمانبەری لە سنوری پارتیدایە. بەشێوەیەكی گشتی ژمارەی فەرمانبەرانو موچەخۆران لە سنوری پارتی زیاترە لە سنوری یەكێتی، ئەمە لەحاڵی دروستبوونی دوو هەرێمیدا بارگرانیی دابینكردنی موچەكانیان دەكەوێتە سەرشانی هەریەكێك لەو ئیدارانە.
راپۆرت: درەو فراكسیۆنی (یەكگرتوو) دەستیلەكاركێشایەوە، (نەوەی نوێ) كشایەوە، (كۆمەڵو سەربەخۆكانو چوار پەرلەمانتاری گۆڕان) بایكۆتی دەكەن، نەخشەی پەرلەمانی كوردستان لەدوای 6/11 دەگۆڕدرێت، پارتی دەبێتە (48) كورسی، یەكێتی دەبێتە (24) كورسی، گۆڕان دەبێتە (13) كورسی. دەستلەكاركێشانەوە یان كشانەوە یاخود بایكۆت پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022 بە دەنگی (80) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، هەشت پەرلەمانتاری گۆڕان، پێكهاتەكان) تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكردەوە. رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو واتە (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت، مانەوەو كشانەوەی ئەو فراكسیۆنو پەرلەمانتارانەی كە دەنگیان بە درێژكردنەوە تەمەنی پەرلەمان نەداوە زۆرترین كاردانەوەی دروستكردووە. تائێستا (5) پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكگرتوو و (1) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، (3) ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێش بڕیاری كشانەوەیان داوە بەبێ دەستلەكاركێشانەوە، فراكسیۆنی كۆمەڵو (4) پەرلەمانتارەكەی بزوتنەوەی گۆڕانو (3) پەرلەمانتارە سەربەخۆكە پەرلەمانتارەكەی حزبی شیوعی تائێستا بڕیاری كۆتاییان نەداوە. ئێستا فراكسیۆنە ناڕازییەكان لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دابەشبوون بەسەر چوار جۆر بۆچوندا سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ پەرلەمان دوای تەواوبوونی تەمەنی یاساییو دەستپێكردنی ماوەی درێژكردنەوە. لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ (بایكۆت)و (كشانەوە)و (دەستلەكاركێشانەوە)ی پەرلەمانتارانی دیاریكردووە. كێن ئەوانەی دەستلەكاردەكێشنەوە ؟ دەستلەكاركێشانەوە لە بڕگەی دووەمی مادەی (25)ی پەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە: ئەندام دەتوانێت بێ مەرج بەداوایەكی نوسراو دەستلەكاركێشانەوەی لە پەرلەمان پێشكەشی سەرۆك پەرلەمان بكات، دەبێت سەرۆك لە نزیكترین دانیشتنی پەرلەماندا داواكارییەكە بخاتە بەرنامەی كارەوە، بۆ ئەوەی لە هەموو بارێكدا لەماوەی (30) رۆژ لە رێكەوتی پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوەكە بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبوان یەكلابكرێتەوە. تائێستا تەنیا فراكسیۆنی یەكگرتوو لەگەڵ خاتوو (شایان عەسكەری) ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردووە، واتە بەتێكڕا (6) پەرلەمانتار نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردووە، هێشتا روون نیە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستلەكاركێشانەوەكان دەخاتە دەنگدانەوە یاخود نا، چونكە دكتۆر كازم فاروق سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە 27/2/2022ەوە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكردووە، بەڵام تائێستا نەخراوەتە دەنگدانەوە بە بیانووی نەخۆشیەكەیەوە. بەدەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو، كاندیدەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی جێگەیان دەگرێنەوە، لەبەر ئەوەی یەكگرتوو و بزوتنەوە لە هەڵبژاردنی 2018 بەیەك لیست (بەرەو ئیسڵاح) بەشداربوون، لەم بەرەیەدا تەنیا كاندیدەكانی یەكگرتوو سەركەوتن بۆ پەرلەمان. (درەو) زانیویەتی، تائێستا بزوتنەوەی ئیسلامی لە گفتوگۆدایە لەبارەی ئەوەی ئایا بچنە پەرلەمان یان نا، هێشتا بڕیاری كۆتاییان نەداوە. ئەو كاندیدانەی بزوتنەوەی ئیسلامی كە دەبنە شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی یەكگرتوو بریتین لە هەریەكە لە (محەمەد بازیانی، كامیل مەحمود، عەبدوڵا وەرتی، لەیلا عەلی عەبدولعەزیز، عومەر یوسفی). لە حاڵەتی نەچوونی كاندیدە شوێنگرەوەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی ئەوا كورسیەكانی یەكگرتوو دابەش دەبێت بەسەر سێ كوتلە گەورەكەی ناو پەرلەماندا بە گوێرەی هاوكێشەیەك كەلەم راپۆرتەداو لە بارەی چونیەتی دابەشبوونی كورسیەكانی كۆمەڵی دادگەریی لە بەشی خوارەوەی ئەم راپۆرتە رونكراوەتەوە. كێن ئەوانەی دەكشێنەوە ؟ تائێستا تەنیا (3) ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بڕیاریانداوە لەدوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان، بكشێنەوەو ژمارەی بانكی دابخەن. پرسی كشانەوە لە پەرلەمان بەگوێرەی بڕگەی (یەكەم)ی مادەی (22)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. لە بڕگەی یەكەمی مادەی (22)ی پەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە: • ئەندامی پەرلەمان بە ئامادەبوون لە دانیشتنەكانی پەرلەمان پابەند دەبێت، ئەگەر بە بێ هۆیەكی رەوا ئامادەی دانیشتنەكان نەبوو، سەرۆك بەنوسین سەرنجی رادەكێشێت، ئەگەر ئامادەنەبوون دوبارەبووەوە (5%) موچەكەی لە هەر دانیشتنێك دەبڕێت، ئەگەر ئامادەنەبوون لە (3) دانیشتنی یەك لەدوای یەكدا یان (5) دانیشتنی پچڕ پچڕ بێت، لەماوەی یەك وەرزی یاساداناندا، ئەوا ئامادەنەبوونەكەی لە ماڵپەری تایبەتی پەرلەمان بڵاودەكرێتەوە، وێڕای بڕینی موچەكەی لە ئەنجامی ئامادەنەبوونیدا، ئەگەر ئامادەنەبوونی دوای ئەم دوبارەبووەوە ئەوا سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت بابەتەكە بخاتە بەردەمی پەرلەمانو پەرلەمانیش دەتوانێت بەزۆرینەی دەنگی رەهای ئەندامانی بەلەدەستدانی ئەندامێتی لەقەڵەمی بدات. واتا بەگوێرەی ئەم بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆیە، دوای كشانەوەیان لە پەرلەمان، ئەگەر ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ یان هەر ئەندامێك لە فراكسیۆنەكانی تر لە (3) دانیشتنی یەك لەدوای یەكی پەرلەمان ئامادە نەبنو ئەم ئامادە نەبوونە لە چەند دانیشتنێكی تردا بەردەوام بێت، ئەوكات سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بابەتی ئامادەنەبوونیان دەخاتە بەردەم ئەندامانی پەرلەمانو بەزۆرینەی رەهای دەنگدان (50+1) دەستلەكاركێشانەوەیان بۆ دەكرێت. (درەو) زانیویەتی، هۆكاری ئەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بڕیاری كشانەوەیانداوەو دەستلەكاركێشانەوەیان نەكردووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە شوێنگرەوەی ئەو ئەندامانەی نەوەی نوێ، لە ئێستا سەربە نەوەی نوێ نین. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەگەر بەهۆی كشانەوەیان، پەرلەمان دەستلەكاركێشانەوە بۆ (3) پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ بكات، (3) كاندیدی تری نەوەی نوێ شوێنیان دەگرنەوە، بەڵام ئەم كاندیدانە ئێستا لە ریزی نەوەی نوێدا نەماون. كێن ئەوانەی بایكۆت دەكەن ؟ چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە (فراكسیۆنی كۆمەڵ، چوار پەرلەمانتاری گۆڕان، سەربەخۆكان) بژاردەی (بایكۆت) بگرنەبەر. لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا باس لە بایكۆت كراوە، لە بڕگەی حەوتی مادەی (23)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا هاتووە: • كاتێك فراكسیۆنێك یان ئەندامێكی پەرلەمان لەبەر هەڵوێستێك، بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمان دەكات، لەناو هۆڵی پەرلەمان بە ئامادەنەبوو هەژمار ناكرێت. پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان شێوازی بایكۆتی پەرلەمانتار یان فراكسیۆنی پەرلەمانیی روون نەكردووەتەوە ئایا تا چەند دەتوانن بایكۆتی بكەن، ئایا ئەگەر تا كۆتایی خولی پەرلەمان بایكۆت بەردەوام بێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت؟. ئەگەر پەرلەمان بەپێی مادەی (22) مامەڵەیان لەگەڵ بكات، ئەوا دوای ئامادەنەبوونی سێ دانیشتنی یەك لەدوای یەك یان (5) دانیشتنی پچڕپچڕ، سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت بیخاتە دەنگدانەوەو كۆتایی بە ئەندامێتییان بهێنێت، لەو حاڵەتەدا شوێنگرەوەكانیان بەمشێوەیە دەبێت: • چوار پەرلەمانتارەكەی بزوتنەوەی گۆڕان (عەلی حەمەساڵح، ئاشنا عەبدوڵا، دابان محەمەد، شیرین ئەمین) شوێنگرەوەكانیان بریتی دەبێت لە (دلێر عەبدولخالق، شێركۆ حەمەئەمین، سۆز عەبدولقادر، د. رێزان هەردی) لە لیستی گۆڕان. • ئەندامانی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی لە حاڵەتی كۆتاییهاتن بە ئەندامێتیان، لەبەر ئەوەی لە لیستەكەیاندا كەس ناچێتە شوێنیان، كورسییەكانیان دابەشدەكرێت بەسەر ئەو لیستانەدا كە زۆرترین كورسییان هێناوە، (7) كورسییەكەی كۆمەڵ بەمشێوەیە دابەشدەكرێت: • (111 ئەندام دابەش 45 كورسی فراكسیۆنی پارتی، لێكدانی 7 ئەندامی كۆمەڵ = 2.8 كورسی واتا بە نزیكەی (3) كورسی فراكسیۆنی كۆمەڵ دەچێت بۆ پارتی. • (111 ئەندام دابەش 22 كورسی فراكسیۆنی یەكێتی، لێكدانی 7 ئەندامی كۆمەڵ = 1.4 كورسی واتا بە نزیكەی (2) كورسی فراكسیۆنی كۆمەڵ دەچێت بۆ یەكێتی. • (111 ئەندام دابەش 12 كورسی فراكسیۆنی گۆڕان، لێكدانی 7 ئەندامی كۆمەڵ = 0.8 كورسی واتا (1) كورسی فراكسیۆنی كۆمەڵ دەچێت بۆ فراكسیۆنی گۆڕان (ئەمە لە حاڵەتێكدا چوار پەرلەمانتارە ناڕازییەكەی گۆڕان لە پەرلەمان بكشێنەوەو كاندیدی تری گۆڕان شوێنیان بگرێتەوە). مانەوە وەكو بژاردەی چوارەم لەبەردەم پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەكان و سەربەخۆكاندا بژاردەیەكی تریش هەیە كە مانەوەیە لە پەرلەمان لەدوای 6/11 ەوە، رەنگە هەندێك لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن كلیك لەسەر ئەم بژاردەیە بكەن بەتایبەتی پێیان وایە ئەگەری هەڵبژاردنێكی نوێ لە كوردستان دوورەو مانەوەیان باشترەو كارگەریگەرترە لەسەر دەنگی ئۆپۆزسیۆن. بەگوێرەی ئەم دابەشكارییە، ژمارەی كورسییەكانی فراكسیۆنی پارتی لە (45) كورسییەوە دەبێت بە (48) كورسی، یەكێتی لە (22) كورسییەوە دەبێت بە (27) كورسی، بەشوێنگرەوەی كورسییەكانی (كۆمەڵ، نەوەی نوێ)، فراكسیۆنی گۆڕان دەبێتە (13) كورسی. حزبی شیوعی بڕیاری نەداوە ! حزبی شیوعی كوردستان كە خاوەنی یەك كورسی پەرلەمانە، دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بوو، دەنگی پێنەدا، بەڵام هێشتا یەكلانەبوەتەوە لەبارەی ئەوەی دوای 6/11 كە تەمەنی یاسایی پەرلەمان كۆتایی دێتو ماوەی درێژكردنەوەی دەستپێدەكات، تاكە پەرلەمانتارەكەی چی دەكات (بایكۆت یان دەستلەكاركێشانەوە یاخود كشانەوە). سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو حزبی شیوعی بە (درەو)ی راگەیاند، رۆژی پێنجی ئەم مانگە واتە رۆژێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی پەرلەمان، حزبی شیوعی بڕیاری خۆی لەبارەی چارەنوسی پەرلەمانتارەكەیەوە یەكلادەكاتەوە. نەخشەی پەرلەمان لەماوەی درێژكردنەوەدا ئەگەر كشانەوەو بایكۆتو دەستلەكاركێشانەوەكانی پەرلەمان بخرێنە بواری جێبەجێكردنو بە كاندیدە شوێنگرەوەكان شوێنەكان پڕبكرێنەوە، نەخشەی دابەشبوونی كوردسییەكانی پەرلەمان لەماوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا بەمشێوەیە دەبێت: • پارتی: (48) كورسی • یەكێتی: (24) كورسی • بزوتنەوەی گۆڕان: (13) كورسی • پێكهاتەكان: (11) كورسی • باپیر كامەلا كۆی گشتی ئەو ئەندامانەی لەپەرلەمان دەمێننەوە ژمارەیان (97) پەرلەمانتار دەبێت، لەم حاڵەتەدا هیچ كێشەیەك بۆ نیسابی دانیشتنەكانی پەرلەمانو تێپەڕاندنی پرۆژە یاساكان دروست نابێتو دەنگی (50+1) مسۆگەر دەبێت.
شیكاری: درەو پاڵپشت بە داتاکانی دەستەی گشتی گومرگی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی نێوان ساڵانی (2016 - 2021) خراونەتەڕوو، سەرباری ئەوەی حکومەتی عێراق بەتەنها خاوەنی (19) خاڵی سنوری و نێودەوڵەتی (وشکانی، ئاوی و ئاسمانی)یە. هەرێمی کوردستان خاوەنی (6) دەروازەی فەرمی (وشکانی و ئاسمانی)یە. بەڵام داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵی کۆتاییدا (2019 - 2021) زیاترە، بە جۆرێک؛ - لە ساڵی (2019)دا داهاتی گومرگی هەرێم بڕی (510 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (48%) زیاترە لە داهاتی گومرگی حکومەتی ناوەندی. - لە ساڵی (2020)دا داهاتی گومرگی هەرێم بڕی (544 ملیار و 838 ملیۆن و 608 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (63%) زیاترە لە داهاتی گومرگی حکومەتی عێراق. - لە ساڵی (2021)دا داهاتی گومرگی هەرێم بڕی (689 ملیار و 586 ملیۆن و 141 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (69%) زیاترە لە داهاتی گومرگی حکومەتی عێراق. پێشەکی باجی گومرگی یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی پارەو داهات بۆ بودجەی گشتی. چونکە سەرچاوەی یەکێک لە لقە گرنگەکانی داهاتە گشتیەکانی دەوڵەتە، کە حکومەتەکان بەکاریان دەهێنن بۆ داپۆشینی خەرجییە گشتیەکانیان، ئامرازێکە بۆ تێرکردنی پێداویستییە گشتیەکان؛ چونکە چەندین ئەرکی کۆمەڵایەتی، ئابووری، خزمەتگوزاری، کولتووری، سەربازی و ئەمنی بەڕێوەدەبات. گرنگی باجی گومرگی بەتایبەتی، و سیستمی باج بەگشتی، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا یەکجار جێگەی بایەخە، بەو پێیەی نوێنەرایەتی یەکێک لە ئامرازە داراییە سەرەکییەکان دەکات بۆ زۆرێک لە وڵاتان. جگە لە گرنگی ئەو پارەیەی کە لە ڕێگەی ئەم باجانەوە دەچێتە خەزێنەی گشتی دەوڵەتەوە، گرنگییەکەی تەنها بەوە ناوەستێت کە لەسەر ئاستی سیاسی و دارایی و کۆمەڵایەتیش ڕەنگدانەوەی هەیە، بەڵکو ڕۆڵی گەورەی لە گەیشتن بە ئامانجەکان لە ئاستە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان، بەکاربردن، دابەشکردن، دارایی، هەروەها پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی هەیە، بەشێوەیەک ڕێگری دەکات لەوەی بازاڕ بە ئاستی بەرز پشت بە بڕو ڕێژەی شمەکی هاوردەکراو ببەستێت، کە بە ڕکابەری بەرهەمی ناوخۆیی دادەنرێت. لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم گرنگی ئەم باجانە لە دوای داهاتی نەوتەوە دێت لەڕووی بەدەستهێنانی داهاتی پێویست بۆ تەواوکەری خەزێنەی دەوڵەت، بەتایبەتی کە عێراق و هەرێم بەهرەمەندن لە زۆرێک لە دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت لەگەڵ وڵاتی ئێران و هەروەها ڕێژەی بەرزی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا؛ چونکە بەگشتی بازاڕی عێراق هەرێم پشت بە شمەک و پێداویستی هاوردەکراو دەبەستێت بۆ داپۆشینی خواست. دەروازە سنورییەکانی عێراق و هەرێم عێراق (25) دەروازەی سنوری وشکانی و دەریایی و ئاسمانی فەرمی هەیە. دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق سەرپەرشتی (19) دەروازەی سنورییان دەکات کە (13)یان دەروازەی وشکانی و (3)یان دەروازەی ئاسمانی نێودەوڵەتی و (3) یان بەندەری ئاوییە. (6) دەروازەی فەرمی کە (4) لە دەروازەی سنوری وشکانی و (2) دەروازەی ئاسمانی نێودەوڵەتین لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن. جگە لەوەی لە سنوری هەرێمی کوردستان (4) دەروازەی نافەرمی بەڕووی ئێراندا کردووەتەوە، بەجۆرێک؛ یەکەم؛ دەروازە سنورییەکانی وشکانی 1. دەروازە وشکانییەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی - دەروازەی سنوری سەفوان عێراق - کوەیت - دەروازەی سنوری شەلامجە عێراق - ئێران - دەروازەی سنوری شەیب عێراق - ئێران - دەروازەی سنوری وەلید عێراق - سوریا - دەروازەی سنوری مەندەلی عێراق - ئێران - دەروازەی سنوری تەربیل عێراق - ئوردن - دەروازەی سنوری زرباتیە عێراق - ئێران - دەروازەی سنوری مونزیریە عێراق - ئێران - دەروازەی سنوری عەرعەر عێراق - سعودییە - دەروازەی سنوری جەمیمیە عێراق - سعودییە - دەروازەی سنوری قائم عێراق - سوریا - دەروازەی سنوری رەبیعە عێراق - سوریا - دەروازەی سنوری جریشان عێراق - کوەیت 2. دەروازە سنورییەکانی وشکانی (ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم) • دەروازە فەرمییەکان - دەروازەی سنوری ئیراهیم خەلیل هەرێمی کوردستان – تورکیا - دەروازەی سنوری باشماخ هەرێمی کوردستان – ئێران - دەروازەی سنوری پەروێزخان هەرێمی کوردستان – ئێران - دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەران هەرێمی کوردستان – ئێران • دەروازە نیمچە فەرمییەکان (سەرجەمیان هاوسنوری ئێرانن) - مەرزی کێلێ - قەڵادزێ - مەرزی سەیرانبەن - گەرمک - مەرزی تەوێڵە - شوشمێ - مەرزی پشتە - لە شارەدێی بەمۆی سەربە پارێزگای هەڵەبجە دووەم؛ دەروازە ئاوییەکانی عێراق 1. بەندەری ئوم قەسر 2. بەندەری ئەبو فلوس 3. بەندەری خور زوبێر سێیەم؛ دەروازە ئاسمانییەکان 1. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد – حکومەتی ناوەندی 2. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە – حکومەتی ناوەندی 3. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف – حکومەتی ناوەندی 4. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر – حکومەتی هەرێم 5. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی – حکومەتی هەرێم نەخشەی عێراق کە دەروازەو خاڵە سنورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەردەخات داهاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق (2005 - 2021) بەپێی داتاکانی دەستەی گشتی گومرگی و ڕاپۆرتی ساڵانەی بانکی ناوەندی عێراقی، کۆی گشتی داهاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2005 - 2021) بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 605 ملیار و 748 ملیۆن و 251 هەزار) دینار. واتە بە تێکڕای (16) ساڵی ڕابردوو بەشێوەی ساڵانە داهاتی گومرگی بریتی بووە لە (623 ملیار و 867 ملیۆن و 544 هەزار و 176) دینار. بەرزترین ڕێژەی داهاتی گومرگی عێراق لە ساڵی (2018) تۆمار کراوە، بڕکەی بریتی بووە لە (1 ترلیۆن و 691 ملیار و 738 ملیۆن) دینار. لە کاتێکدا کەمترین ڕێژەی داهاتی گومرگی لە ساڵی (2005) تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (102 ملیار و 172 ملیۆن) دینار. سەبارەت بە وردەکاری داهاتی گومرگی عێراق و بڕو ڕێژەی گەشەی لە ماوەی ناوبراودا (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) داهاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق (2005 - 2021) – بە دینار داهاتی خاڵە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان (2016 - 2021) لە ئابی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی زیادبوونی داهاتی باج و گومرکەوە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "چاکسازییەکان کاریگەری زۆریان لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان هەبووە، بە تایبەت لە بواری باج و گومرگ و ئێستاش داهاتی باج و گومرگ بەراورد بە ساڵانی رابردوو چەند بەرامبەر زیادبووە، بێ ئەوەی هیچ بڕێک لە وەرگرتنی باج زیاد کرابێت." بەپێی راگەیێندراوەکە، داهاتی گومرک لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی (2016 - 2021) بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 930 ملیار) دینار. واتە بە تێکڕای (6) ساڵی ڕابردوو بەشێوەی ساڵانە داهاتی گومرگی بریتی بووە لە (1 ترلیۆن و 155 ملیار) دینار. بەرزترین ڕێژەی داهاتی گومرگی هەرێم لە ساڵی (2021) تۆمار کراوە، بڕکەی بریتی بووە لە (1 ترلیۆن و 930 ملیار) دینار. لە کاتێکدا کەمترین ڕێژەی داهاتی گومرگی لەماوەی ناوبراودا لە ساڵی (2016) تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (563 ملیار) دینار. سەبارەت بە وردەکاری داهاتی گومرگی هەرێم و بڕو ڕێژەی گەشەی لە (2016 - 2021)، (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) داهاتی خاڵە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان (2016 - 2021) – بە دینار جیاوازی داهاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (2016 - 2021) پاڵپشت بەو داتایانەی سەبارەت بە داهاتی گومرگی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (2016 - 2021) خرانە ڕوو، سەرباری ئەوەی حکومەتی عێراق بەتەنها خاوەنی (19) خاڵی سنوری (وشکانی، ئاوی و ئاسمانی)یە. هەرێمی کوردستان خاوەنی (6) دەروازەی فەرمی (وشکانی و ئاسمانی)یە. بەڵام داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵی کۆتاییدا (2019 - 2021) بە ڕێژەیەکی یەکجار بەرچاو زیاترە، بە جۆرێک؛ - لە ساڵی (2019)دا داهاتی گومرگی هەرێم بڕی (510 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (48%) زیاترە لە داهاتی گومرگی حکومەتی ناوەندی. - لە ساڵی (2020)دا داهاتی گومرگی هەرێم بڕی (544 ملیار و 838 ملیۆن و 608 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (63%) زیاترە لە داهاتی گومرگی حکومەتی عێراق. - لە ساڵی (2021)دا داهاتی گومرگی هەرێم بڕی (689 ملیار و 586 ملیۆن و 141 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (69%) زیاترە لە داهاتی گومرگی حکومەتی عێراق. ئەم جیاوازییە گەورانەش دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی، ئەوانیش؛ 1. ئەنجامدانی گەندەڵی زۆر گەورە لە داهاتی خاڵە سنورییەکانی عێراق. 2. جموجۆڵی بازرگانی گەورە لە سنوری دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان 3. زیادکردنی باجی گومرگی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. بۆ بەرچاوڕونی زیاتر لە بارەی جیاوازی داهاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (2016 - 2021)، بڕوانە (خشتەی ژمارە (3) و چارتی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (3) جیاوازی داهاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (2016 - 2021) – بە دینار چارتی ژمارە (1) سەرچاوەکان؛ - أ.د عدنان حسين يونس الخياط، واقع الضريبة الكمركية في العراق وامكانية تطويره في ضوء قانون التعريفة الكمركية رقم 22 لسنة 2010، دراسات الاقتصادیة عدد 43؛ https://www.iasj.net/iasj/download/ba191b4288e55492 - رويدة حسين حسن، حوكمة المنافذ الحدودية وانعكاسها على حجم الإيرادات الجمركية )منفذ الشلامجة نموذجاً(، مركز البيان للدراسات والتخطيط؛ https://www.bayancenter.org/2022/10/8971/ - الهيئة العامة للكمارك، الكمارك الايرادات المتحققة عام ٢٠٢١ زادت بنسبة 15% عن عام ٢٠٢٠، کانون الثاني 2022؛ http://customs.mof.gov.iq/ar/node/1833 - پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم هەنگاوی گەورەی لە بواری کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ هەڵگرتووە، 5ی ئابی 2022؛ https://gov.krd/dmi/activities/news-and-press-releases/2022/august/...
راپۆرت: درەو ئایا مەسعود بارزانی خۆی كاندید دەكاتەوە یاخود دەكێشێتەوەو وەكو "مەرجەعی" حزب لە بارەگای بارزانی دەمێنێتەوە ؟ ئەگەر بكێشتەوە كێ شوێنی دەگرێتەوە ؟ دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ دەگوازرێتەوە یان لەمامەوە بۆ برازا؟ دوو جێگری پەیڕەو دەكرێت یان دەسەڵاتەكان لەنێوان ئامۆزاكاندا دابەشدەكرێت ؟ سیناریۆكانی دابەشبوونی دەسەڵات لە كۆنگرەی (14) پارتی لەم راپۆرتەدا. سەركردایەتی لە وەزارەت گرنگترە! پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەنجامی ئەم كۆنگرەیە تەنیا كاریگەری لەسەر ناوخۆی پارتی نابێت، بەڵكو كاریگەریی لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان بەجێدەهێڵێت، پارتی حزبی یەكەمە لەسەر ئاستی هەرێم، سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەتو زۆرینەی پەرلەمانو سەرۆكایەتی دەسەڵاتی دادوەرییو پەیوەندییەكانی دەرەوەو دۆسیەی نەوتو شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەیە. شەش وەزیری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی كاندید كردووە، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە پێگەی سەركردایەتی پارتی لە پێگەی وەزیر لەناو حكومەتدا بەرزترو گرنگترە. لە (مەرگەوەڕ)ەوە بۆ دهۆك كۆنگرەی 14ی پارتی لە دهۆك بەڕێوەدەچێت، ئەمە یەكەمجارە پارتی كۆنگرەی خۆی دەباتە دهۆك، دهۆك بەهێزترین پێگەی پارتییە، بەڵام هەژارترین پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق. كۆنگرەی (14) هاوشێوەی كۆنگرەی (9) بایەخێكی گەورەی هەیە لەسەر چارەنوسی دەسەڵات لەناو پارتیدا. لە كۆنگرەی (9)دا كە لە تشرینی دووەمی 1979 دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی دامەزرێنەری پارتی لە گوندی (دەربەند)ی ناوچەی (مەرگەوەڕ)ی رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەچوو، بۆ یەكەمجار دەسەڵاتی لەناو ئەم حزبەدا لە باوكەوە گواستەوە بۆ كوڕو ئەمە بوو بە سەرەتای بە بنەماڵەیكردنی تەواوەتیی پارتی. لە كۆنگرەی (9)دا دەنگی ناڕەزایەتی لەناو پارتیدا دروستبوو، (سامی عەبدولڕەحمان)و (جەوهەر نامیق) سەركردایەتی بەرەیەكی ناڕازییان كرد، مەرجیان دانا بوو نابێت (ئیدریس بارزانی) خۆی بۆ كۆمیتەی ناوەندی كاندید بكات، لەپاڵ ئەمەدا داوای لیستی كاندیدی هاوبەشیان دەكرد، مەسعود بارزانی هەموو داواكارییەكانی رەتكردەوەو بەبێ ئەوان كۆنگرەی رێكخست، رۆژی 8ی تشرینی دووەمی ساڵی 1979 بۆ یەكەمجار مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی هەڵبژێردراو دواتریش (ئیدریس بارزانی) برای بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا واتە ماوەی (43 ساڵ)ە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی پارتی دەكات، ئەو ئێستا تەمەنی (76 ساڵ)ە، بەڵام هێشتا بە گوڕەو ئەگەری بەردەوامبوونی تا كۆنگرەی داهاتووش هەیە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە كۆنگرەی 14ەوە ئیتر نەخشەی دەسەڵات لەناو پارتیدا بۆ دوای خۆی دیاری بكات لەنێوان كوڕەكەی (مەسرور بارزانی)و برازاكەی (نێچیرڤان ئیدریس بارزانی). خاڵی هاوبەشی نێوان كۆنگرەی 14و كۆنگرەی 9ی پارتی ئەوەیە هەردوو كۆنگرەكە لە مانگی (تشرینی دووەمدا)ن، كۆنگرەی 9 دەسەڵاتی لە مستەفا بارزانییەوە گواستەوە بۆ مەسعود بارزانی كوڕی، كۆنگرەی 14 چارەنوسی شوێنگرەوەی مەسعود بارزانی دیاری دەكات. سیناریۆكانی بەردەم دەسەڵات لەناو پارتیدا ئایا مەسعود بارزانی خۆی كاندید دەكاتەوە یاخود دەكێشێتەوەو وەكو "مەرجەعی" حزب لە بارەگای بارزانی دەمێنێتەوە ؟ ئەگەر بكێشتەوە كێ شوێنی دەگرێتەوە ؟ دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ دەگوازرێتەوە یان لەمامەوە بۆ برازا؟ دوو جێگری پەیڕەو دەكرێت یان دەسەڵاتەكان لەنێوان ئامۆزاكاندا دابەشدەكرێت ؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن كە تائێستا بەرپرسانو میدیاكانی پارتی لەبارەی كۆنگرەی 14ەوە هیچ قسەوباسێكی ئەوتۆیان لەبارەوە نەكردووە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دەبوو كۆنگرەی 14 لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2014 بەڕێوەبچێت، واتە زیاتر لە (8 ساڵ) كۆنگرە لەوادەی خۆی دواكەوتووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دواین پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگرەی سیانزەیەمی حزبەكە، نابێت بەستنی كۆنگرە ساڵێك زیاتر لەوادەی خۆی دوابخرێت، بەگشتی ماوەی (12) ساڵە پارتی كۆنگرەی نەكردووە، سەركردەكانی پارتی پێشتر شەڕی داعشو قەیرانە سیاسیو ئابورییەكانی ساڵانی رابردوویان وەكو بەهانە بۆ دواكەوتنی كۆنگرە دەهێنایەوە، بەمدواییەش قەیرانی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا. پارتی (600 هەزار) ئەندامی هەیە، ئەمانە بەشداری هەڵبژاردنی ناوخۆیی حزبەكەیان كرد بۆ هەڵبژاردنی (800) ئەندامی كۆنگرە، كۆنگرە بەشێوەی راستەوخۆ سەرۆكی حزبو ئەندامانی سەركردایەتی هەڵدەبژێرێت. ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە (51) كەس پێكدێت، تائێستا زیاتر لە (150) كەس خۆیان بۆ سەركردایەتی كاندید كردووە، ئەوانەی خۆیان كاندیدكردووە پێشوەختە رەزامەندی بارزانییان وەرگرتووە. بەهۆی ئەوەی تائێستا بەرپرسانی پارتی چارەنوسی چۆنیەتی رێبەرایەتكردنی حزبەكەیان لە كۆنگرەی 14ی ئاشكرا نەكردووە، چەند سیناریۆیەك لە ئارادایە كە دەكرێت لەمانەدا كورتبكرێنەوە: سیناریۆی یەكەم: هاوشێوەی كۆنگرەی سیانزەیەم، مەسعود بارزانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پارتی كاندید بكاتەوەو نێچیرڤان بارزانی ببێتەوە بە جێگری سەرۆك، لەم حاڵەتەدا لە ئەگەری دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی بە هەر هۆكارێك، راستەخۆ نێچیرڤان بارزانی دەبێت بە سەرۆكی حزب، بەوپێیەی جێگری سەرۆكە، ئەمە رەنگە دڵخوازی كوڕانی مەسعود بارزانیو بەدیاریكراویش مەسرور بارزانی نەبێت، لەلایەكی تر ئەمە شێوازی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانی بۆ داهاتوو دیاری دەكات، بەوەی ئایا دەسەڵات بەشێوەی ستونی لە باوكەوە دەگوازرێتەوە بۆ كوڕ یاخود بەشێوەی ئاسۆیی دەبێتو لە مامەوە دەگوازرێتەوە بۆ برازا، ئەم هاوكێشەیە چارەنوسی نێچیرڤان بارزانی لەناو پارتیدا یەكلابونەوەی دیاری دەكات. هەندێك سەرچاوە لەناو پارتییەوە باسلەوە دەكەن، بارزانی داوای كردووە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكایەتی پارتی ببێت، بەڵام مەسرور بارزانی كوڕیو نێچیرڤان بارزانی برازای ئەم داواكارییەیان رەتكردوەتەوە. سیناریۆی دووەم: هاوشێوەی كۆنگرەی سیانزەیەم، مەسعود بارزانی جارێكی تر خۆی بۆ سەرۆكایەتی حزب كاندید بكاتەوە، بەڵام جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی حزب زیاد بكرێت، واتە بكرێت بە دوو جێگر، یەكێكیان نێچیرڤان بارزانیو ئەوی تر مەسرور بارزانی بێت، ئەگەر ئەم سیناریۆیە جێگیربكرێت، دوای دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی، پارتی بەرەو شێوازەكەی یەكێتی دەڕوات كە بەڕێوەبردنی حزبە لەلایەن دوو ئامۆزاوە، بەوپێیەی سەرۆك دوو جێگری هەیەو راستەوخۆ جێگرەكان دەسەڵاتەكان وەردەگرن. سیناریۆی سێیەم: وەكو هەندێك لە پارتییەكان باسی دەكەن، مەسعود بارزانی دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی هەڵگرێتو وەكو "مەرجەع" بمێنێتەوە لە بارەگای بارزانی، بەمدواییە بارزانی بەچەند بەرگێك دەستی بە بڵاوكردنەوەی یادەوەرییەكانی خۆی كرد، هەندێك ئەم هەنگاوانەی بارزانی بە خۆدورخستنەوەی لەناو كایەی حزبی دەبینن، لەم حاڵەتەدا بارزانی دەبێت سەرۆكایەتی حزب لەنێوان كوڕو برازاكانیدا یەكلابكاتەوە، ئەمە پەیوەندییەكان لەناو بنەماڵەكەیدا توشی شڵەژان دەكات، لەم حاڵەتەدا رەنگە پێویست بكات، بارزانی بەجۆرێك كۆپی شێوازەكەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بكاتەوەو دەسەڵاتی لەنێوان كوڕو برازاكانیدا دابەش بكاتو حزب رادەستی ئامۆزاكان بكاتو خۆی چاودێرییان بكاتو رێگری لەدروستبوونی گرژی بكات، بەڵام بە نەرمی لە كۆتایدا دەسەڵات لە بەرژەوەندی كوڕەكانی یەكلابكاتەوە. سیناریۆی چوارەم: پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهاتەكەی دەگۆڕێت، سەرۆكی پارتیو سكرتێری مەكتەبی سیاسی نامێنێت، بارەگای بارزانی شوێنی سەرۆكو هەیكەلی پارتی دەگرێتەوە، مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی بارەگای بارزانی دەكاتو نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی هەریەكەیان یاریدەدەری مەسعود بارزانی دەبن بۆ چەند فایلێكی دیاریكراو، لەم حاڵەتەدا فایلی دەرەوەو پەیوەندییەكان لای نێچیرڤان بارزانی، حكومەت و ناوخۆ لای مەسرور بارزانی دەبێت. سیناریۆی پێنجەم: راستەوخۆو بێ هیچ پێچو پەنایەك، پارتی سیناریۆی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دووبارە بكاتەوەو مەسعود بارزانی دەست لە پۆستی سەرۆكی حزب هەڵگرێتو لەبارەگای بارزانی وەك مەرجەعی پارتی دەمێنێتەوە، پارتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی لەنێوان نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانییەوە بەڕێوەببرێت، ئەمە بۆچونێك بوو كە پار ساڵ بەرلە بڕیاری دواخستنی كۆنگرەی 14، قسەو باسی لەسەر دەكرا بەڵام رەنگە بۆ ئەمڕۆ چیدیكە سیناریۆیەكی بەهێز نەبێت بەتایبەتی كە سیستەمی هاوسەرۆكایەتی یەكێتی شكستی هێناو هاوكات پارتی نایەوێت سیستەمێكی سیاسی تاقیبكاتەوە كە (پەكەكە) لەناو لایەنە كوردستانییەكاندا داهێناوە، هەرچەندە هەندێك لەو پارتییانەی كە لەناو كاری رێكخراویدا قاڵبونەتەوە پێشبینی ئەوەیان دەكرد ئەو شێوازی هاوسەرۆكایەتیەی یەكێتی بۆ ناو پارتیش گونجاو بێت لەدوای مەسعود بارزانی، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، لەدوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە، لە كۆبونەوەیەكدا بە بەرپرسێكی یەكێتی وتبوو" یەكێتی دەیەوێت خوی پارتیش خراپ بكات، چونكە هەر كارێك كە یەكێتی دەیكات، دواتر پارتیش كۆپی دەكاتەوە، یەكێتی چەندین میدیای جیاوازی دروستكرد، ئێستا پارتیش هەمان كاردەكات، یەكێتی كردی بە هاوسەرۆكایەتی، دەتانەوێت ئێمەش وای لێ بكەین؟!!". چارەنوسی نێچیرڤان بارزانی نێچیرڤان بارزانی كوڕی ئیدریس بارزانی براگەورەی مەسعود بارزانییە، مەسعود بارزانی كە لە كۆنگرەی نۆیەمدا دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی باوكی بە سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرا، وەكو پێویست دەسەڵاتی خۆی وەكو سەرۆكی حزب بەكار نەدەهێنا، ئەمە وەكو رێزگرتنێك لە ئیدریس بارزانی براگەورەی، ئیدریس بارزانی ساڵی 1987 بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، ئەمە وایكرد دەسەڵاتی مەسعود بارزانی بەسەر پارتیدا زیاتر فراوان ببێت. كانونی یەكەمی ساڵی 1989 پارتی كۆنگرەی دەیەمی خۆی لە گوندی (هاشماوا) بەست. لەم كۆنگرەیەدا بۆ یەكەمجار نێچیرڤان بارزانی هێنرایە پێشەوەو رۆڵی پێدرا. نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەی دەیەمی پارتیدا زیاتر رۆڵی دەركەوت، ئەو كرا بە سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەو دواتر لەناو كۆنگرەدا بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو لەوێشەوە بوو بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی. لەبارەی هێنانە پێشەوەی نێچیرڤان بارزانی، مەسعود بارزانی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا دەڵێ" چونكە كۆچی دوایی كاك ئیدریس بۆشاییەكی گەورەی دروستكردبوو، هەوڵماندا وەك وەفایەك بۆ كاك ئیدریس بارزانیو پڕكردنەوەی بۆشاییەكەی، بایەخو گرینگیی زیاتر بە نێچیرڤان بدەینو زوو بخرێتە بەر ئەركو بەرپرسیارێتییەوە، بۆیە لە كۆنگرەی دەیەمدا دەرفەتی بۆ رەخسێندرا". ساڵی 1999 بۆ نێچیرڤان بارزانی ساڵێكی گرنگ بوو، لەو ساڵەدا مەسعود بارزانی رۆڵێكی گەورەتری پێبەخشیو كردی بە سەرۆكی حكومەت، ئیتر تاوەكو ناوەڕاستی ساڵی 2019 واتە ماوەی (17 ساڵ) لە سەرۆكایەتی حكومەتدا مایەوە، لەم ماوەیەدا نێچیرڤان بارزانی ئابورییەكی گەورەی بۆ خۆی بنیادناو پەیوەندییە دەرەكییەكانی بەهێزكرد، بەڵام لەناوخۆی پارتیدا پێگەی وەكو خۆی مایەوە. ساڵی 2005 كاتێك پارتیو یەكێتی رێككەوتنی ستراتیژییان ئیمزاكرد، لەو رێككەوتنەشدا جارێكی ترو هاوشێوەی كۆنگرەی دەیەم، مەسعود بارزانی پێگەی نێچیرڤان بارزانی برازای زامن كردو بەمەرجی ئەوە قایل بوو بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەت بدرێت بە نێچیرڤان بارزانی، سەرەتا دوو ساڵ بە دوو ساڵ پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆكی حكومەت رێككەوتنیان كرد، بەڵام دواجار لەپێناو مانەوەی لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا، كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی دوو ساڵ بە دوو ساڵەكەی هەڵوەشاندەوەو پۆستی سەرۆك وەزیرانی بۆ نێچیرڤان بارزانی یەكلاكردەوە (جگە لە دوو ساڵ سەرۆكایەتی حكومەت لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە). نەوشیروان مستەفا لە گێڕانەوەكانیدا باسلەوە دەكات، مەسعود بارزانی لە رێككەوتنی ستراتیژیدا لەگەڵ یەكێتی قایل نەبووە بەوەی لە بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ مام جەلال پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێتو وتویەتی ئەمە كێشە بۆ بنەماڵەكەمان دروست دەكاتو دەبێت پۆستی سەرۆكی حكومەت بدرێت بە نێچیرڤان بارزانی. ساڵی 2013 جارێكی تر نێچیرڤان بارزانی بەهێزێكی زیاترەوە گەڕایەوە سەر شانۆی سیاسەت لەناوخۆی پارتیدا، لەو ساڵەداو لە كۆنگرەی 13ی پارتیدا، نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەمە دەستی مەسعود بارزانی لەبەردەم ئەندامانی كۆنگرەدا ماچ كرد، لە كۆنگرەی دەیەمی پارتیدا پۆستی سكرتێر هەڵوەشێندرایەوەو لەبری ئەوەی یەك جێگر بۆ مەسعود بارزانی دانرا، لەوكاتەوە تاوەكو كۆچی دوایی (عەلی عەبدوڵا) جێگری سەرۆكی پارتی بوو، بەڵام لە كۆنگرەی 13وە تاوەكو ئێستا نێچیرڤان جێگری سەرۆكە. ساڵی 2017 مەسعود بارزانی دوای 12 ساڵ مانەوە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، دەستبەرداری پۆستەكە بوو، ئەمە گۆڕانكاری لە نەخشەی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانیدا دروستكرد، نێچیرڤان بارزانی كاندیدكرا بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمو مەسرور بارزانیش بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت، ئیتر لێرەوە كۆتایی هێنرا بە 17 ساڵ دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانی لەناو حكومەتدا، مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرتو لەیەكەم هەنگاودا هاوڕێو دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت دورخستنەوە، دورخراوەكان لە بارەگای سەرۆكی هەرێم لای نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوە. كۆنگرەی 13 نێچیرڤان بارزانی كرد بە جێگری سەرۆكی پارتی، بەڵام هاوڕێكانی لە سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی پاكتاو كرد، رادەستكردنی حكومەتیش بە مەسرور بارزانی گورزێكی تر بوو بەر لایەنگرانی نێچیرڤان بارزانی كەوت لەناو پارتیدا. لەدوای شەڕی ناوخۆیی پارتیو یەكێتییەوە، جەلال تاڵەبانی یەكێك لەو كەسانە بوو بە گرنگییەوە تەماشای رۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەكرد، بەو ئومێدەی لەو رێگەیەوە دەست لە كاروباری بنەماڵەی بارزانی وەربدات، هەموو گرەوەكان لەسەر ناكۆكی نێوان نێچیرڤان بارزانیو مەسعود بارزانی شكستیان هێناو نێچیرڤان بارزانی بەبێ هیچ روبەڕووبونەوەیەك لەگەڵ مەسعود بارزانی سودی لە پاڵپشتییەكانی تاڵەبانی بینی بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی، ئێستا ئیتر نەیارەكانی پارتی گرەوێكی نوێیان لەسەر تێكچوونی پەیوەندی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مەسرور بارزانی ئامۆزای بەستووە. ئەوانەی نێچیرڤان بارزانی لە نزیكەوە دەناسن، پێشبینی ئەوە ناكەن هیچ جۆرە سەرچڵییەكی سیاسی لەناوخۆی پارتیدا بكات، ئەو دەیەوێت بەشێوەیەكی دیپلۆماسی پارێزگاری لە پێگەی خۆیو داهاتووی كوڕەكانی بكات لەناو خێزانی بارزانیدا، نەك لەپێناو نەیارە سیاسییەكانی پارتیدا، تەنانەت لەپێناو دۆستەكانیشیدا لەناو پارتی توانای هیچ جۆرە سەرچڵییەكی سیاسی نییەو لە پێگەو ئەو دەستكەوتانەی لەماوەی رابردوو لەناو پارتی بەدەستیهێناوە قایلو رازییە.
(درەو): رۆژی 3ی مانگی داهاتوو، پارتی كۆنگرەی (14)ی خۆی لە دهۆك دەبەستێت، دیار نییە لەم كۆنگرەیەدا بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی بەردەوام دەبێت یاخود دادەنیشێت، بارزانی لە ساڵی 1979وە سەرۆكایەتی پارتی دەكات، واتە ماوەی (43) ساڵە سەرۆكی حزبە. مەسعود بارزانی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا (بارزانیو بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد)، بەمشێوەیە باسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی دەكات وەكو سەرۆكی پارتی لەدوای مردنی مستەفا بارزانی باوكییەوە: هەرچەندە وەفاتی بارزانی بۆ هەموومان كۆستو كارەساتێكی گەورە بوو، بەڵام خوای گەورە یارمەتی داین، خۆمان راگرتو دوای بەخۆداچونەوەو رێكخستنەوەی كاروبارەكانمان، كەوتینە سەرپێی خۆمانو لەسەر رێبازەكەی بارزانی درێژەمان بەخەبات دا. سەركردایەتی كاتی چەندین كۆبونەوەی گرتو لەگەڵ زۆربەی كادیرو كەسایەتییە نیشتمانپەروەرەكان راوێژو راگۆڕینەوەمان كردو، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە پێویستە كۆنگرەی نۆیەم ببەسترێت. هەرچەندە سەرەتا رای جیاواز هەبوو لەسەر بەستنیو رەئێكی وا هەبوو تا بەهاری 1980 دوابخرێت. بەڵام دوای گفتوگۆیەكی چڕو ورد تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچەكەو كوردستانو پارتی، بڕیار درا، لە تشرینی دووەمی 1979دا كۆنگرە ببەسترێت. دوای ئەم بڕیارە، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە درا كە لەم هەڤاڵانە پێك هاتبوو: عەلی عەبدوڵڵا، ئیدریس بارزانی، محەمەد مەلا قادر، رەشید سندی، عارف تەیفور، كەریم سنجاریو وریا ساعاتی. لەسەرو بەندی كۆنگرەدا هەست بە بارودۆخێكی نائاسایی كرا. زۆر لە ئەندامانی سەركردایەتی كاتی پێیان راگەیاندم كە لە كۆنگرەدا خۆیان هەڵنابژێرنەوە بۆ سەركردایەتی. وەك بڵێی تەكەتولو باڵباڵێن دروست كرابێت، جگە لە ئیدریس بارزانیو عەلی عەبدوڵڵاو ئازاد بەرواری، هەموو ئەندامانی سەركردایەتی كاتی یەكهەڵوێست بوون، ژمارەیەكیان دوچاری رووگیری (ئیحراج)و پابەندییەكی هەڤاڵانە ببوون، بەڵام كاك سامی عەبدولڕەحمان هەستی كرد كۆنگرە بەو ئاقارەدا ناچێت كە دەیویست، ئیتر هەڤاڵانی تری هان دا بكشێنەوە. كاك جەوهەریش لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڤاڵان تووشی دەمەقاڵەیەك ببوو و ئەوەی لە دڵدا مابوو كە بۆچی سزا نەدراون، هەرچەندە كێشەكە هێندەی نەدەهێناو زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورە كرابووەوە. ئەوانی تریش زیاتر لەبەر برادەرایەتی كەوتنە ژێر كاریگەریی سامی عەبدولڕەحمانو جەوهەر نامیق سالم، هەوڵێكی زۆرم دا بۆ ئەوەی لە بڕیارەكەیان پاشگەز ببنەوە، چونكە لە كاتێكی زۆر ناسكو هەستیارو چارەنووسسازو تەنانەت مەترسیداردا شانیان دابووە بەر بارودۆخەكەو ئەركی بەرپرسیارێتییان گرتبووە ئەستۆو ئازارێكی گەورەشیان بینیبوو و، ژیانو گیانیشیان خستبووە سەردەستیان. خزمەتو ماندووبوونیان جێی رێزو پێزانین بوو، بۆیە حەزم نەدەكردو پێم خۆش نەبوو واز بێنن، بەڵام دواتر زانیم هیچ رێگاچارەیەك نییە، چونكە سامی عەبدولڕەحمان مەرجی دانابوو كە پێویستە ئێمە پازدە كەس لە لیستی خۆمان هەڵبژێرینو شەش كەسی تریش بە رێككەوتنی هەردوولامان بێت. هەروەها هەندێ ئاماژەم بۆ هاتبوو كە ئامادەن بەشداری كۆنگرەكە بنو خۆیان بپاڵێون، بەمەرجێك كاك ئیدریسو چەند هەڤاڵێكی تر خۆیان كاندید نەكەن. ئەمەیان بۆ من شۆكێكی گەورە بوو. كاتی خۆی لە شۆڕشی ئەیلوولیش زۆر كەس هەوڵیان دا نێوانی منو كاك ئیدریس تێكبدەن. بەڵام كەس ئاگاداری ئەوە نەبوو كە كاك ئیدریس بۆ من لە جێگەی باوكم بوو. جگە لەوەی برا گەورەم بوو، برای بیروباوەڕیش بوو و، ئەوم لەخۆم خۆشتر دەویست. بۆیە كاتێك گوێم لەو ئاماژانە بوو، بڕیارم دا چیی تر هەوڵ لەگەڵ ئەو كەسانە نەدەم كە بەنیاز بوون خۆیان نەپاڵێون. هەرچەندە رۆشتنی ئەو هەڤاڵانەم زۆر پێ ناخۆش بوو، چونكە وەك برا پێكەوە بووینو هەوڵێكی زۆریشم لەگەڵ دان بۆ ئەوەی بمێننەوە، بەڵام پێویستە ئەو راستییە لەبەرچاو بگیرێت كە كاروانی خەباتو تێكۆشان لەپێناو ئازادیو مافی گەلێكدا كاروانێكی دوورو درێژو پڕ هەورازو نشێوو كۆسپو تەگەرەیە. لەو كاروانە دوورودرێژەدا بەدڵنیاییەوە سەركەوتنو شكستو خۆشیو ناخۆشیو هیواو بێئومێدی دێنە بەردەم رێبوارانو درێژەپێدەرانی كاروانەكە. هەڵەو كاری راستو درووستیش دەكرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە كاروانی تێكۆشانی حزبێك، یان گەلێك لەپێناو ئازادیدا وازنەهێنانن یان وننەكردنی رێبازو ئامانجو سازشنەكردنە لە پرەنسیپو بنەما ستراتیژییە نەتەوەییو نیشتمانییە راستەقینەكان. گرنگە مرۆڤ بزانێت چۆنو بەرەو كوێو بۆچیو لەپێناو چیدا هەنگاو دەنێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دوای ماوەیەك زۆربەیان گەڕانەوەو لەناو پارتیدا درێژەیان بە خەباتەكەیان دا. پێویستە باس لە خۆڕاگریو بەرخودانی ئەو هەڤاڵو كادیرە دڵسۆزانەش بكرێت كە هاتنە ناو سەركردایەتیو بەلێهاتووییەوە شانیان دایە بەر بەرپرسیارێتیو لەكاتە هەستیارو ئەستەمەكاندا لە راپەڕاندنی ئەركەكانیانو بەرەوپێشەوەبردنی شۆڕشو گەشەپێدانی خەباتی گەلەكەمان لەو قۆناغە هەستیارەدا درێخییان نەكرد. پەیوەندییەكانمانن لەگەڵ هەڤاڵانی سەركردایەتی لە هەموو قۆناغو بارودۆخەكاندا پەیوەندییەكی برایانە بوو و لەسەر بنەمای پڕەنسیپو ئامانجە نەتەوەییو نیشتمانییەكان بنیات نرابوون، بۆیە هەمیشە پەیوەندییەكی پتەو و بەهێز لە نێوانماندا هەبوو. دوای تەواوبوونی ئامادەكارییەكان، رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 1979 لە گوندی (دەربەند)ی ناوچەی مەرگەوەڕی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەئامادەبوونی سێ سەدو بیستو پێنج ئەندام، كۆنگرەی نۆیەم دەستی بە كارەكانی كرد. هەموو ئەندامانی سەركردایەتی كاتیو ژمارەیەك لە هەڤاڵانو بەرپرسانی سەربازیو سیاسی لەناو ئاوارەكانو ناوەوەو دەرەوەی وڵات بەشدارییان لە كۆنگرەكەدا كردو هەتا كاتی خۆپاڵاوتنو هەتا كۆتایی كۆنگرەش تێكڕای هەڤاڵان بەشدار بوون. رۆژی 8ی تشرینی 1979 لەناو كۆنگرەدا بە تێكڕای دەنگی ئەندامانی كۆنگرە وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرام. هەر بەم پێیەش سەركردایەتیی كاتی نەماو، رۆژی دواتر دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی كرایەوەو بەدەنگدانی نهێنیو لە كەشوهەوایەكی دیموكراتیدا، ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران كە بریتی بوون لە هەڤاڵان: (ئیدریس بارزانی، عەلی عەبدوڵڵا، نووری شاوەیس، رەئیس عەبدوڵڵا سەدیق، فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، د. رۆژ نوری شاوەیس، فەلەكەدین كاكەیی، ئازاد بەرواری، محەمەد مەلا قادر، رەشید عارف، محەمەد سەعید دۆسكی، محەمەد ساڵح جومعە، جەرجیس حەسەن، حەمید بەرواری، مولازم یونس رۆژبەیانی، مولازم عەلی، نەجمەدین یوسفی، د. سەعید بارزانی، خورشید شێرەو هەجەر سندی). ئەم هەڤاڵانەش بە ئەندامی یەدەكی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران: (فرەنسۆ هەریری، نادر هەورامی، دكتۆر كەمال كەركوكی، عوسمان سندی، رەمزی شەعبان، ئازاد قەرەداغی، حەمید ئەفەندی، د. عەلی بابا شاوەیس، ساڵح پێداوی). بەم شێوەیە، كۆنگرە سەركردایەتییەكی نوێی هەڵبژاردو، چەندین بڕیارو راسپاردە لەسەر بابەتە جیا جیاكان پەسەندكران. كۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 10ی تشرینی دووەمی 1979دا كۆتایی بەكارەكانی هێنا. بەدڵنیاییەوە بۆ من زۆر ناخۆش بوو كە زۆربەی ئەو هەڤاڵانەی سەركردایەتیی كاتی كە رێزو تەقدیرێكی زۆریان هەبوو لەلای من، لەو بارودۆخە هەستیارو ناسكەدا وازیان هێناو زۆربەیان گەڕانەوە ئەورووپا. لێرەدا ئەو راستییە دەركەوت كە مرۆڤەكان گرنگیو بایەخی زۆریان هەیە، بەڵام هیچ كەسێك لە سەرووی بەرژەوەندەی گەلی كوردستانو پارتییەوە نییە. بۆیە بە هەموو هێزو توانایەكمان هەوڵمان دا هیچ بۆشاییەك پەیدا نەبێتو حزب بكەوێتەوە سەرپێی خۆیو باوەڕێكی تەواو و بەهێز بە كادیرانو هەڤاڵانو رێكخستنەكانمان بدەینەوە. لەمەدا زۆر باش سەركەوتین. چونكە رژێمی شا نەمابوو و دەرفەتێكی باشترو گونجاوترمان بۆ رەخسا بوو بۆ ئەوەی رێكخستنەكانی پارتی گەشە بكەنو بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن.
شیكاری: درەو چۆن پۆستە وزارییەکانی حکومەتی نوێی عێراق دابەشدەکرێت؟ پشکی کورد چەندە و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم چیان بەردەکەوێت؟ بۆچی دەوترێت یەکێتی پشکی خۆی وەرگرتووە؟ پشک و بەرکەوتەی لایەنی شیعەو سوننەکان چەند وەزارەی دەبێت و بەر کام لایەنی سیاسی دەکەوێت؟ لەم ڕپۆرتەدا بە گرافیک پشک و بەشی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان لە حکومەتی داهاتووی عێراق ڕوونکراوەتەوە. سیستمی خاڵ و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەپێی ئەم میتۆدە گریمانەییە هەر (2) کورسییەکی ئەنجومەنی نوێنەران بە (1) خاڵ هەژمار دەکرێت، هەروەها بۆ هەر پۆستێکی سەرۆکایەتییەکان و وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزارییەکان، کە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیان (22) وەزارەت بێت، ژمارەیەک خاڵ دیاری دەکرێت، بە جۆرێک؛ - هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی (کۆمار، ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران)، (15) خاڵ واتە (30 کورسی) ئەنجومەنی نوێنەران هەژمار دەکرێت. - هەریەک لە جێگری سەرۆک کۆمار و جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران (5) خاڵ واتە (10 کورسی) ئەنجومەنی نوێنەران هەژمار دەکرێت. - هەر وەزارەتێکی سیادی (5) خاڵ واتە (10 کورسی) ئەنجومەنی نوێنەران هەژمار دەکرێت، کە بریتین لە وەزارەتەکانی؛ (نەوت، ناوخۆ، بەرگری، دارایی، دەرەوە، پلاندانان) - هەر وەزارەتێکی خزمەتگوزاری (4) خاڵ واتە (8 کورسی) ئەنجومەنی نوێنەران هەژمار دەکرێت، کە بریتین لە وەزارەتەکانی؛ (خوێندنی باڵا، پەروەردە، بازرگانی، گوستنەوە، پیشەسازی، داد، ئاوەدانکردنەوە، کشتوکاڵ، کارەبا، تەندروستی، سەرچاوە ئاوییەکان، رۆشنبیری، کۆچ و کۆچبەران، ئیتصالات، وەرزش و لاوان و وەزارەتی کار) چارتی ژمارە (1) لە عێراقی نوێدا و لە دوای ساڵی (2005)ەوە ئەوە بووە بە نەریتێکی سیاسی لە عێراقدا کە وەزارەتە سیادییەکان بەسەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكەدا بەم شێوەیە دابەش دەکرێت: - سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێکهاتەی شیعە و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دراوە بە پێکهاتەی سوننەو سەرۆک کۆمار دراوە بە پێکهاتەی کورد. - سێ وهزارهتی سیادی بۆ پێكهاتهی شیعه و دوو وهزارهتی سیادی بۆ پێكهاتهی سوننه و یهك وهزارهت بۆ پێكهاتهی كورد. بە شێوەیەکی گشتی (12) وەزارەت بۆ پێکهاتەی شیعە، (6) وەزارەت بۆ پێکهاتەی سوننە، (3-4) وەزارەت بۆ پێکهاتەی کوردی، ئەمەش لە ئەگەری ئەوەدایە کە حکومەت لە (22) وەزارەت پێک بێت. زۆرجار یەک یان دوو وەزارەت زیاد دەکرێت و دەدرێت بە پێکهاتەکان یان پشکی یەکێک لە پێکهاتەکان (1) وەزارەت وەرگیراوە. پشکی پێکهاتەی کورد لە حکومەتی ئایندەی عێراق پشکی حیزبە کوردستانییەکان سێ وەزارەتە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کێبڕکێی لەسەر دەکەن. یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەرۆکایەتی کۆماری بەدەستهێناوە، بەو پێوەری سیستمی (خاڵ) بێت تەواوی خاڵەکانی بەکارهێناوە، بەڵام هێشتا پێداگری لەسەر وەرگرتنی یەک بۆ دوو وەزارەت دەکات، بۆیە یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە وەزارەتێک زیاد بکرێت بۆ ڕازیکردنی یەکێتی، یان پارتی دەست لە پۆستێکی وزاری هەڵبگرێت بۆ یەکێتی. پارتی دیموكراتی كوردستان، جێگری دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی وەرگرتووە، بەڵام هێشتا خاڵەکانی بەشی ئەوە دەکات (وەزارەتێکی سیادی) و یەک بۆ دوو (وەزارەتی خزمەتگوزاری) بە دەست بهێنێت. هەرچی (نەوەی نوێ)یە خاوەنی (9) کورسی واتە (4.5) خاڵە، شایسستەی ئەوەیە بەلانی کەمەوە (وەزارەتێکی خزمەتگوزاری) بەدەست بهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشداری حکومەت ناکات، پارتی یان بەتایبەتتر یەکێتی سود لەو دەرفەتە دەبینن. چارتی (2) چارتی (3) پشکی پێکهاتەی سونە لە حکومەتی ئایندەی عێراق پشكی ئەو لایەنانەی كە نوێنەرایەتی پێكهاتەی سوننە دەكەن (6) وەزارەتە، كە دوانیان (سیادی)ین، بە جۆرێک؛ - هاوپەیمانی سیادە (هاوپەیمانی تەقەدوم و پرۆژەی عەرەبی)، شایستەی بەدەستهێنانی پۆستی وزارین، بە جۆرێک؛ هاوپەیمانی تەقەدوم خاوەنی (22.5) خاڵەو بەهۆی دیاریکردنی (محەمەد حەلبوسی) وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران (15) خاڵی بردووە، بۆیە تەنها (7.5) خاڵی ماوەتەوە کە دەتوانێت (1) وەزارەتی سیادی یان دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری پێ بەدەست بهێنێت. - هاوکات پرۆژەی عەرەبی لە عێراق کە خاوەنی (7) خاڵە و تا ئێستا هیچ پۆستێکی نەبردووە، دەتوانێت (1) وەزارەتی سیادی یان دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری پێ بەدەست بهێنێت ئەگەر چاوپۆشی لە (1) لە خاڵەکانی بکرێت. - هاوپەیمانی عەزم خاوەنی (6.5) خاڵە و تا ئێستا هیچ پۆستێکی نەبردووە، دەتوانێت (1) وەزارەتی سیادی یان دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری پێ بەدەست بهێنێت ئەگەر چاوپۆشی کە (1.5) لە خاڵەکانی بکرێت. چارتی (4) چارتی (5) چارتی (6) پشکی پێکهاتەی شیعە لە حکومەتی ئایندەی عێراق پشکی پێکهاتەی شیعە بەپێی (12) وەزارەت دەبێت کە زۆربەیان بەشێک دەبن لە چوارچێوەی هەماهەنگی، کە دوای کشانەوەی رەوتی سەدری و هەڵبژاردنی هەندێکیان بووە تاکە نوێنەری پێکهاتەی شیعە لە حکومەتی داهاتوودا، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدکردنی (محەمەد شیاع ئەلسودانی) ڕێککەوتن کە لەلایەن هەموو لایەنەکانی چوارچێوەوە کاندید بکرێت و سەر بە هیچ لایەنێک نەبێت، بۆیە لەلایەن لایەنە سەرەکییەکانی شیعەوە کاندیدکرا، بەم کارەش (5) خاڵ لە هەر یەکێکیان بەکارهێنرا، چوارچێوه بهسهر چهند لایهن و هاوپهیمانییهكدا دابهشكراوه، كه بهم شێوهیهی لای خوارهوهیه؛ 1. هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە (38) كورسی کە بەرامبەرە بە (19) خاڵ، (5) خاڵیان بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بەكارهێنراوە، و بە (14) خاڵیان ماوەتەوە كە شایستەی بەدەستهێنانی وەزارەتێكی سیادی و (2) وەزارەتی خزمەتگوزاری، یان نزیکە لە (4) وەزارەتی خزمەتگوزارییەوە. 2. هاوپەیمانی فەتح خاوەنی (30) كورسییە كە بەرامبەرە بە (15) خاڵ و (5) خاڵیان بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بەكارهاتووە، هەروەها (10) خاڵی ماوەتەوە كە شایستەی بەدەستهێنانی وەزارەتێكی سیادی و نزیکە لە دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری یان سێ وەزارەتی خزمەتگوزارییە. 3. هاوپەیمانی هێزەكانی دەوڵەت (11) کورسی هەیە کە بەرامبەرە بە (5.5) خاڵ، كە (5) خاڵیان بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بەكارهێنراوە، بەم هۆکارەش بەجۆرێک خاڵەکانی کەم دەبێتەوە كە بەشی بەدەستهێنانی وەزارەتێك ناكات. 4. هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی (8) کورسی هەیە کە بەرامبەرە بە (4 )خاڵ، لەو ژمارەیەش (5) خاڵیان بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بەكارهێنراوە، بۆیە خاڵەکانیان بەشی بەدەستهێنانی پۆستی وزاری ناکات. چارتی (7) چارتی (8) چارتی (9) چارتی (10)
راپۆرت: درەو شیعەكان لەسەر وەزارەتی نەوتو پۆستە ئەمنییەكان لەناو خۆیاندا ناكۆكن، سوننە لەسەر وەزارەتی پلاندانانو بەرگری لە مشتومڕدان، لەتیف رەشید بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار (خاڵ)ی بە یەكێتی نەهێشتووە لەكاتێكدا پەرلەمانتارانی یەكێتی دەنگیان بۆ نەداوە، پارتی دەیەوێت لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماردا هەموو پشكی كورد لە وەزارەتەكان بۆ خۆی ببات، دەنگوباس گەرمە لەبارەی ئەوەی نرخی هەر وەزارەتێكی سیادی بۆ (75 ملیۆن) دۆلار بەرزبوەتەوە، لەم نێوەندەدا چارەنوسی پێدانی متمانە بە كابینەی نوێی حكومەت هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە، وردەكاری چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان لەم راپۆرتەدا. چاوپێكەوتن لەگەڵ كاندیدەكان بڕیاربوو رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لە پەرلەمان متمانە وەربگرێت، دواتر دانیشتنەكە بۆ سبەینێ دوو شەممە دواخرا، بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكانەوە پێدەچێت وادەی دانیشتنی پەرلەمان لەوە زیاتر دوابكەوێت كە چاوەڕوان دەكرێت، هەرچەند تائێستا بەفەرمی پەرلەمان پێدانی متمانەی بە حكومەت لە بەرنامەی كاری خۆیدا دانەناوە. محەمەد شیاع سودانی كە كاندیدی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەمڕۆ ئاشكرایكرد، بەردەوامە لە ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ كاندیدی لایەنە سیاسییەكان بۆ پۆستە وزارییەكان. شیاع سودانی لیژنەیەكی تایبەتمەندی بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ كاندیدەكان دروستكردووە، لیژنەكە خۆی سەرۆكایەتی دەكاتو ژمارەیەك راوێژكار لەخۆدەگرێت. سودانی رایگەیاند، دوای تەوابوونی چاوپێكەوتنەكان، بەشێوەیەكی فەرمی ناوی ئەو كاندیدانە رادەگەیەنرێت كە بۆ پۆستە وزارییەكان هەڵبژێردراون، ئەمەش بەوتەی ئەو بۆ ئەوەیە دڵنیابن لە سەلامەتی دۆخی كاندیدەكان لەڕووی یاساییو دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە. بەپێی ئەو پێوەرەی دیاریكراوە، دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان لەنێوان لایەنەكاندا، بەگوێرەی ژمارەی كورسییەكانی ئەو لایەنانەیە لەناو پەرلەمان، 2 كورسی پەرلەمان بە یەك پۆینت (خاڵ) ئەژماركراوە، پۆستە وزارییە سیادییەكان بەهای هەریەكەیان بە (5 پۆینت ئەژمار دەكرێت)، بەڵام وەزارەتەكانی تر بە (4 پۆینت) ئەژماردەكرێن، ئەمە نەریتێكە كە پێشتریش لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا پەیڕەو كراوە. زانیارییەكان باسلەوە دەكەن، محەمەد شیاع سودانی بەمدواییە بێزار بووە لە بەردەوامبوونی كوتلە سیاسییەكان لە پێشكەشكردنی ناوی ئەو كەسانە بۆ پۆستە وزارییەكان كە پسپۆڕییەكانیان دورن لەكاری ئەو وەزارەتانەوە. لەپاڵ ئەمەدا لەناو كوتلە سیاسییەكانی پێكهێنەری ئیئتیلافی (ئیدارەی دەوڵەت)دا بەتایبەتیش لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو پێكهاتەی سوننەدا كێشەی لەسەر چەند پۆستێكی وزاری هەیە، سوننەكان (سیادەو عەزم) لەسەر پۆستی وەزارەتی بەرگریو پلاندانان لەناوخۆیاندا ناكۆكن، شیعەكانیش لەسەر پۆستی وەزارەتی نەوتو چەند پۆستێكی ئەمنیی كێشەیان هەیە، پارتیو یەكێتیش وەكو دوو لایەنی كوردی پێكهێنەری حكومەتەكە پەیوەندییەكانیان گرژی زیاتری تێكەوتووەو یەكێتی چاوی لە وەزارەتێكەو پارتی نایەوێت وەزارەتی پێبدات. بەپێی دەستور لەدوای راسپاردنی، محەمەد شیاع سودانی ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێشكەشكردنی كابینەكەی بە پەرلەمانو وەرگرتنی متمانە، سودانی رۆژی 13ی ئەم مانگە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە راسپێدراوە، واتە رۆژی 13ی مانگی داهاتوو دواین مۆڵەتە لەبەردەمیدا. ئەگەر سبەینێ بۆ جاری دووەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ پێدانی متمانە بە حكومەت دوابكەوێت، پێشبینی دەكرێت دانیشتنەكە بكەوێتە دوای رۆژی 25ی ئەم مانگە، چونكە 25ی تشرینی یەكەم، تشرینییەكان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان یادی خۆپیشاندانەكەی ساڵی 2019 دەكەنەوە. ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت كە ئەركی پێكهێنانی حكومەتی گرتوەتە ئەستۆ پێكهاتووە لە (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی+ پارتیو یەكێتی+ سیادەو عەزم)، هەریەكێك لەم لایەنانە نوێنەرایەتی پێكهاتەیەكی سەرەكی عێراق دەكەن. پشكی شیعە لە كێكی حكومەت لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هاوپەیمانێتی نێوان (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەممار حەكیم+ عەبادی)ە، ئەم لایەنانە لە ئێرانەوە نزیكنو دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان ئێستا لە كۆی (329) كورسی پەرلەمان خاوەنی (138) كورسینو كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانن. (محەمەد شیاع سودانی) كاندیدی ئەم لایەنانەیە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەم لایەنانە تەنیا كورسییەكانی سەدریان لە پەرلەمان بەسەر خۆیاندا دابەش نەكردووە، بەڵكو دەیانەوێت وەزارەتەكانی سەدریش لەنێوان خۆیاندا دابەش بكەن، بەوپێیەی ئێستا ئەمانە نوێنەرایەتی پێكهاتەی شیعە دەكەن. پشكی شیعە لە كێكی حكومەت لەكۆی (22) وەزارەت بریتییە لە (12) وەزارەت. بەگوێرەی زانیارییەكان لەنێوان ئیئتیلافی (دەوڵەتی یاسا)ی نوری مالیكیو هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامریدا ناكۆكی هەیە لەبارەی پۆستی وەزیری نەوتەوە، عەسائیبی ئەهلی حەقو كەتیبەكانی حزبوڵاش لەسەر پۆستەكانی (ئاسایشی نیشتمانی- هەواڵگری- سەرۆكایەتی حەشدی شەعبی) ركابەرێتی دەكەن. پشكی كورد لە كێكی حكومەت لە پێكهاتەی كورد (پارتیو یەكێتی) بەشدارن لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا، پارتی (31) كورسیو یەكێتی (18) كورسی پەرلەمانی هەیە، یەكێتی لەرێگەی ئەم هاوپەیمانێتییەوە پۆستی سەرۆك كۆماری بردووە، پارتی بەنیازە لەبری پۆستی سەرۆك كۆمار، هەموو پشكی كورد لە وەزارەتەكان ببات، هەرچی لایەنە سیاسییەكانی تری كوردە بەشدارن نین لە ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتو هیچ پۆستێكیان بەرناكەوێت. كورد (3) وەزارەتی لە كابینەی حكومەتی عێراقدا بەردەكەوێت، وەزارەتەكان بریتین لە (دەرەوە+ داد+ ئاوەدانكردنەوە). لە كابینەی ماوەتەواوبووی مستەفا كازمیو پێشتریشدا ئەم سێ پۆستە بەردەوام دوانیان (دەرەوە+ ئاوەدانكردنەوە) لای پارتی بووەو وەزارەتی (داد)یش بۆ یەكێتی بووە بەڵام پارتی دەستوەردانی لە دانانی كاندیدی وەزارەتەكەدا كردووە. واتە تاكە وەزارەتە سیادییەكەی كورد كە وەزارەتی (دەرەوە)یە بۆ پارتی بووە، ئەمە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماردا بۆ یەكێتی، لەپاڵ ئەمەدا پێشتر پارتی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی بردووە كە پشكی كوردەو ئێستا (شاخەوان عەبدوڵا) لە پۆستەكەدایە. بۆچونێك هەیە ئەمجارە پشكی كورد لە (3) وەزارەتەوە بۆ (4) وەزارەت زیادبكرێت، ئەمەش لەرێگەی دروستكردنی وەزارەتێكی نوێیوە بەناوی وەزارەتی (ژینگە)و ئەم پۆستە بدرێت بە یەكێتی بەمەبەستی قایلكردنی بە حكومەتەكە، بەڵام سەرچاوەكان لەناو شیعەكانەوە دەڵێن كابینەی حكومەت لە (22) وەزارەت پێكدێتو هیچ وەزارەتێكی نوێ بۆ قایلكردنی لایەنەكان دروست ناكرێت. هەڵبژاردنی لەتیف رەشید وەكو سەرۆك كۆمار لەسەر پۆینتو كورسییەكانی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەژماركراوەو ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانتارانی یەكێتی دەنگیان پێنەداوەو پارتی خاوەندارێتی لێدەكرد، بەڵام دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار، یەكێتی لەتیف رەشیدی وەكو كاندیدی خۆی ناساندو بەوهۆیەوە هیچ پۆینتێكی بەدەستەوە نەماوە بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان، لەبەرامبەردا پارتی كە دەنگی بە لەتیف رەشید داوە، پارێزگاری لە پۆینتی كورسییەكانی كردووە بۆ بردنی هەرسێ وەزارەتەكەی كورد. پارتی ئەگەر ئەمجارەش قایل ببێتەوە بەوەی پۆستی وەزارەتی (داد) بە یەكێتی بدات، ئەوا هاوشێوەی كابینەی ماوە تەواوبوو دەستوەردان لە دانانی كاندیدی ئەم وەزارەتەدا دەكات. پشكی سوننە لە كێكی حكومەت پێكهاتەی سوننەش هاوشێوەی كورد دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی سەرەكیدا كە بریتین هاوپەیمانی سیادە (حەلبوسیو خەنجەر) كە نزیكەی (60) كورسییان هەیە هەروەها هاوپەیمانی عەزم (بەسەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی) كە خاوەنی (14) كورسی پەرلەمانە، هەردوو بەرە نەیارەكەی سوننە بەشدارن لە ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا. حەلبوسی پشكی گەورەی سوننەی بردووە كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانە، خەمیس خەنجەری شەریكی چاوی لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆك كۆمارە. ئێستا ماوەتەوە لەسەر دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان، پشكی سوننە لە حكومەت (6) وەزارەتە كە بریتین لە وەزارەتەكانی (بازرگانی+ پیشەسازی+ پلاندانان+ بەرگری+ رۆشنبیری+ پەروەردە)، لەناو وەزارەتە باڵاكاندا (سیادییەكان) پێكهاتەی سوننە دوو وەزارەتی بەردەكەوێت كە بریتین لە وەزارەتەكانی (بەرگری+ پلاندانان). حەلبوسی بەشی زۆری پۆینتەكانی رۆیشتووە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام هێشتا چاوی لە وەرگرتنی یەكێك لە دوو پۆستە سیادییەكەی سوننەیە، لەبەرامبەریشدا هاوپەیمانی عەزم كە هێشتا كورسییە پەرلەمانییەكانی بۆ وەرگرتنی هیچ پۆستێك بەكارنەهێناوە، دەیەوێت وەزارەتێكی سیادی سوننە وەربگرێت، حەلبوسیو عەزم لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی دوو پۆستە سیادییەكەی سوننە (وەزارەتی بەرگری+ وەزارەتی پلاندانان) ناكۆكن، بەمدواییە محەمەد شیاع سودانی چوەتە نێوانیان بۆئەوەی بگەن بە رێككەوتن، عەزم دەیەوێت پۆستی وەزارەتی بەرگری وەربگرێت، لەناو ئەم هاوپەیمانێتیەشدا ناكۆكی لەسەر كاندیدی پۆستەكە هەیەو چەند لایەنێك داوای دەكەن. بەپێی دواین زانیارییەكان، دوای كشانەوەی ناوی (سابت عەباسی) سەرۆكی بزوتنەوەی حەسم كە بەشێكە لە هاوپەیمانی عەزم، ئێستا سێ ناوی تر بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری لەناو پێكهاتەی سوننە پێشنیازكراون كە ئەمانەن: • خالید عوبێدی وەزیری بەرگری پێشوو كە ساڵی 2016 لە پەرلەمان متمانەی لێوەرگیرایەوە. • حەمەد نامس فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سەلاحەدین لەكاتی كۆنترۆڵكردنی پارێزگاكە لەلایەن داعشەوە، ئەم پیاوە نزیكە لە جومعە عنادی وەزیری بەرگری ئێستای عێراقەوە. • ناسر غەننام كە ئەمیش كارەكتەرێكی سەربازییەو ئێستا سەرۆكی كۆلیژی سەربازییەو پێشتر فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی ئەنبار بووە. بەپێی رێككەوتنی پێشتری نێوان لایەنەكانی سوننە، پۆستی وەزارەتی بەرگری دراوە بە هاوپەیمانی (عەزم)، لەناو عەزمیشدا بەدیاریكراوی پۆستەكە دانراوە بۆ ئەحمەد جبوری "ئەبو مازن". پێشتر هاوپەیمانی عەزم هەڕەشەی لەكارخستنی محەمەد حەلبوسی كرد لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ئەگەر وەزارەتی بەرگری پێنەدرێت، ئەمە بە "كودەتا بەسەر رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوان لایەنەكانی سوننەدا" ناوبرد. نرخی وەزارەت بەرزدەبێتەوە ! هاوشێوەی هەموو پرۆسەكانی تری پێكهێنانی كابینەی حكومەت لە عێراق، ئەمجارەش دەنگوباسەكان لەبارەی مامەڵەكردن بە كورسییە وەزارییەكانەوە گەرمن. هەندێك كەسی نزیك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی باس لەوە دەكەن، نرخی پۆستی وەزارەتی بەرگری لەناو سوننەكاندا بۆ (75 ملیۆن) دۆلار بەرزبوەتەوەو سیاسییەكان مامەڵەی پێوە دەكەن، هەمان نرخیش لەسەر پۆستەكانی وەزیری ناوخۆو پۆستە باڵاكانی تر دانراوە. بەم مشتومڕەوە پێدەچێت هاوشێوەی زۆرێك لە حكومەتەكانی تری دوای روخانی رژێمی سەددامەوە، محەمەد شیاع سودانی نەتوانی بە یەكجار متمانە بۆ هەموو وەزارەتەكانی كابینەكەی لە پەرلەمان وەربگرێتو هەندێك پۆستی كێشە لەسەر بە بەتاڵی بمێننەوە تا ئەو كاتەی لایەنەكان رێككەوتنی لەسەر دەكەن. بۆ وەرگرتنی متمانە شیاع سودانی پێویستی بە تێپەڕاندنی كاندیدی 14 وەزارەت هەیە، رەنگە متمانەی (8) وەزارەتی تری حكومەتەكەی جارێ بە بەتاڵی بمێنێتەوە.
راپۆرت: درەو ئامادەكارییان دەكرد بۆ تاقیكردنەوەی هەندێك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان (درۆن) كە توانای هەڵگرتنی بۆمبو تەقەمەنییان هەیە، لەوكاتەدا لەناو یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكان كە بۆمبە ئامادەكراوەكانی تێدا بوو، تەقینەوەكە رویدا، ئەمە چیرۆكی ئەو رووداوەیە كە (ئاكام عومەر)ی فەرماندەی هێزی كۆماندۆی یەكێتی تێدا بە سەختی بریندار بوو، (درەو) لەم راپۆرتە لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاگادار لە رەوتی لێكۆڵینەوەكان، وردەكاری تەقینەوەكەی 18ی ئەم مانگەی سنوری گەرمیان بڵاودەكاتەوە. تەقینەوەو گومانەكان رۆژی 18ی ئەم مانگە لە سنوری (غەڕڕە)ی ناوچەی گەرمیان تەقینەوەیەك رویدا، لەم تەقینەوەیەدا (ئاكام عومەر) فەرماندەی هێزی كۆماندۆی یەكێتی برینداربوو، ئەفسەرێكی هێزەكانی كۆماندۆ بەناوی (زوهێر محەمەد) گیانی لەدەستداو (7) پێشمەرگەی تری هێزەكە برینداربوون. لەو رۆژەوە تائێستا ئاكام عومەر فەرماندەی هێزی كۆماندۆ لە (نەخۆشخانەی فاروق) لەژێر چاودێری تەندروستیدایەو بەرپرسانی یەكێتی باسلەوە دەكەن دۆخی باش نییە. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئاكام عومەر لەدوای ئەو نەشتەرگەرییانەی بۆی كراوە، هۆشی نەگەڕاوەتەوە، برینەكانی زۆرنو سەرو پشتو رانو قاچەكانی بەركەوتوون. دوای چوار رۆژ لەم رووداوە، لیژنەی لێكۆڵینەوە هیچ راگەیەندراوێكی لەبارەی چۆنیەتی رووداوەكە بڵاونەكردوەتەوە، وەزیری پێشمەرگەو فەرماندەی هێزەكانی 70و میدیاكانی یەكێتی دەڵێن بۆمبی چێندراوی داعش لە سنوری گەرمیان بە هێزەكەی كۆماندۆدا تەقیوەتەوە، بەڵام ئەمە هێشتا رایگشتیو چاودێرانی تێر نەكردووە بۆ تێگەیشتن لە وردەكاری رووداوەكە، ئەمە گومانیو لێكدانەوەی جۆراوجۆری دروستكردووە، بەتایبەتیش دوای كوژرانی ئەفسەرێكی ئەنجومەنی ئاسایش لە تەقینەوەیەكدا لە هەولێر. لەبارەی رووداوەكەی ناوچەی خەڕرەو پەڵكانەوە هەندێك دەڵێن ئەوەی رویداوە رووداوێكی پلان بۆ داڕێژراو بووەو هەندێكی تر دەڵێن هەڵەی هێزەكە بووە كە شارەزای ناوچەكەو بۆمبە چێندراوەكان نەبوون، لەنێوان ئەم دوو بۆچونە جیاوازەدا (درەو) هەوڵیدا لەرێگەی ئەوانەی ئاگاداری لێكۆڵینەوەكانن بەدوای هۆكاری سەرەكی رووداوەكەدا بگەڕێت. ئەمە لەكاتێكدایە وێنەی شوێنی رووداوەكە تائێستا نەگەیشتوەتە دەست میدیاكان، بەڵام دیمەنی دوو كەس لە بریندارەكان لە نەخۆشخانەی فاروقەوە دزەیان كردە دەرەوە. رووداوەكە چۆن روویدا ؟ بەرە بەیانی رۆژی چوارشەممە 18ی ئۆكتۆبەر، هێزی كۆماندۆ لە دۆڵو شیوەكانی (غەڕڕە)و (پەڵكانە)ی سەربە ناحیەی (زینانە)ی گەرمیان جێگیربوون، لەم ناوچەیە بۆشاییەكی ئەمنیی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی سوپای عێراق هەیە، بووە بە شوێنی جموجوڵی چەكدارانی داعش، بەرپرسانی ئەمنی دەڵێن چەكداران لەم سنورە ژمارەیەكی زۆر بۆمبی چێندراویان داناوە. بەپێی بەدواداچوونە وردەكانی (درەو) بۆ ئەم رووداوە دوای قسەكردن لەگەڵ چەندین بەرپرسی ئەمنی باڵا، لیژنەكانی لێكۆڵینەوە لەبارەی رووداوەكە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی رووداوەكە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبە چێندراوەكانی "داعش"ەوە نەبووە. ئەو بەرپرسە ئەمنییانەی (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون دەڵێن" هێزەكەی كۆماندۆ بۆ ئەنجامدانی راهێنانێكی تایبەتی چوەنەتە شوێنەكە، هێزەكە لە چەند ئۆتۆمبیلێك پێكهاتووە، كاریان لەسەر تاقیكردنەوەی چەند (درۆن)ێك كردووە كە توانای هەڵگرتنی تەقەمەنیو بۆمبیان هەیە. ئاكام عومەر فەرماندەی هێزی كۆماندۆ بە كۆپتەرێك گەیشتە ناوچەكە ناوچەكە بۆ سەرپەرەشتیكردنی راهێنانەكە لەسەر فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان (درۆن)، كاتێك فەرماندە ئاكام عومەر لە هێلیكۆپتەرەكەی دابەزی، تیمەكەی لە نزیكی ئۆتۆمبیلەكانیان گفتوگۆیان كردووە، لەم كاتەدا لەناو یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكانی هێزەكەدا لە جۆری (نیسان پاترۆڵَ) تەقینەوەیەك روویدا، نەقیب (زوهێر محەمەد) لەناو ئەو ئۆتۆمبیلەدا بوو كە تەقینەوەكە تێیدا روویداو دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. ئەوانەی ئاگاداری وردەكاری لێكۆڵینەوەكانن لەبارەی رووداوەكە دەڵێن، كاتێك تەقینەوەكە رویداوە، ئاكام عومەر فەرماندەی هێزەكە بەرەو ئۆتۆمبیلەكە رایكردووە بۆ رزگاركردنی زوهێر محەمەدی ئەفسەری هێزەكەی، كاتێك دەرگای ئۆتۆمبیلەكەی كردووەتەوە، چەند تەقینەوەیەكی تر لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا رویداوە. لیژنەی لێكۆڵینەوە بەو قەناعەتە گەیشتووە، ئەوەی لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا تەقیوەتەوە چەند بۆمبو گولـلە هاوەنێك بووە كە ئامادەكراون بۆ ئەوەی لە (درۆن)ەكان ببەسترێتو تاقیكردنەوەیان لەسەر بكرێت. گومان هەیە تەقینەوەی بۆمبەكان بەهۆی ئەوە بێت نەقیب زوهێر محەمەد كە شارەزای بۆمب بووە، دەستكاری بۆمبەكانی كردبێت یاخود بەشێوەیەكی نائاگایانە قاچی بەریان كەوتبێتو بەوهۆیەوە تەقینەوەكە رویدا بێت. شارەزایانی سەربازی دەڵێن" بەستنی بۆمب و گولـلەی هاوەن لە درۆن كارێكی هەستیارو وردە، دەبێت بەشێوەیەكی ئاگایانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، چونكە ئەگەری تەقینەوەیان خێرایە". لەبارەی هێزی كۆماندۆ هێزی كۆماندۆ یەكێكە هێزەكانی سەربە یەكەی (70)ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەمە یەكێكە لە هێزە تایبەتەكانی یەكێتی لەڕووی راهێنانو چەكو تەقەمەنییەوە. ئەم هێزە لە بنەڕەتەوە بۆ ئەركێكی ئەمنیی فەڕەنسییەكان لە شەڕی دژ بە "داعش"دا لەلایەن جەعفەر شێخ مستەفای فەرماندەی پێشووی هێزەكانی 70وە دروستكرا، جەعفەر شێخ مستەفا ئێستا جێگری سەرۆكی هەرێمە بۆ كاروباری سەربازیی. هێزی كۆماندۆ لەلایەن فەڕەنسییەكانەوە راهێنانی پێكراوە، لەسەرەتای دروستبوونییەوە تائێستا فەرماندەی ئەم هێزە (ئاكام عومەر) بووە كە گەنجێكی خەڵكی سنوری پارێزگای كەركوكەو لە شەڕەكانی دژی داعشدا لێهاتوویی خۆی سەلماندووە. رۆژی 8ی تەموزی 2021 كێشەی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی (بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیی) تەقییەوە، بەرەبەیانی ئەو رۆژە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ هێزێكدا چووە قەلاچوالانو بارەگای سەرەكی دەزگای (زانیاری) یەكێتی كۆنترۆڵكرد كە لەژێر هەژموونی لاهور شێخ جەنگیدا بوو، ئەمە سەرەتای دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیی لە یەكێتیو دروستبوونی گۆڕانكاریی لە نەخشەی هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیدا بوو. پێنج مانگ دوای رووداوەكانی 8ی تەموزو بە دیاریكراوی لە 16ی كانونی یەكەمی 2021دا روبەڕووبونەوەیەكی چەكداریی لەنێوان دوو هێزی تایبەتی سەربە جەعفەر شێخ مستەفا لەناو شاری سلێمانی رویدا، هێزی (كۆماندۆ)و هێزی (ئاڵتونی) روبەڕووی یەكتر بوونەوە، كەسێك كوژرا، ئەم رووداوە بووە هۆی ئەوەی ئاكام عومەر فەرماندەی هێزی كۆماندۆ لە جەعفەر شێخ مستەفا جیاببێتەوەو بچێتە پاڵ بافڵ تاڵەبانی. لەوكاتەوە ئیتر ئاكام عومەر وەكو فەرماندەی هێزی كۆماندۆ لەناو خەڵكدا زیاتر ناسرا، بافڵ تاڵەبانی ناوبەناو لەگەڵ خۆیدا دەیبردە ناو كۆبونەوە ئەمنییەكانو هەندێكجاریش كۆبونەوەی لەگەڵ دیپلۆماتكاران. لەدوای (8)ی تەمووزەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی لەرووی داراییو چەكو جبەخانەی قورسەوە پشتیوانی بۆ هێزی كۆماندۆ دابینكردووە. ئەم هێزە وەكو چەكوشی بەهێزی دەستی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتییە، نەك بۆ روبەڕووبونەوەی نەیارە سیاسییەكانی، تەنانەت بۆ دەستگیركردنی هەندێك لەو كەسانەی كە مامەڵەیان بە زەویو زارەوە كردووە لە سلێمانی، بافڵ تاڵەبانی پشتی بەم هێزە بەستووە.
شیكاری: درەو # کورد لە (19) ساڵی ڕابردوودا بە (40) وەزیر بەشداری لە (8) کابیەی حکومەتی عێراقیدا کردووە. # (17) ساڵە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لای کوردە. # لە ساڵی (2004 - 2014) سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جێگرێکی هەبووەو کورد ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە. # لەدوای ساڵی (2003)ەوە کورد (372) ئەندامی گەیاندووە بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەردەوام جێگری ئەنجومەکە لای پێکهاتەی کورد بووە. # سەرەڕای ئەو پۆستانە زیاتر له سهد بریكاری وەزیر و باڵیۆزی وڵاتان و بەرێوەبەری گشتی و ئەندام و سەرۆكی دەستە، دراون به کورد. زیاتر لهوانهش زۆرتر له 30 پۆستی سوپا سالار و فهرماندهی هێزی ئاسمانی و فەرماندەو دەزگای هەواڵگیری عێراق له پشکی کورد بوون. یەكەم؛ کورد لە ئەنجومەنی حوکمدا لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە 9ی نیسانی 2003 سەركردایەتی كورد بە دوو ئیدارەیی هەرێمەوە چووە بەغداد، ئەنجومەنی حوكم دروستكرا له (12ی تەمووزی 2003 بۆ 1ی حوزەیرانی 2004) كە لە (25) ئەندام پێكهاتبوو، لەناویاندا (5) ئەندامی كورد بوون ئەوانیش: (مەسعود بارزانی - سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەلال تاڵەبانی - سكرتێری گشتی یهكێتی نیشتمانیی كوردستان، سەلاحەدین بەهادین - ئەمینداری یەكگرتوی ئیسلامی، د مەحمود عوسمان - سەربەخۆ و دارا نورەدین - سەربەخۆ). لە ئەنجومەنی حوكمدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە بەشێوەی خول هەر مانگەی یەكێكیان دەبووە سەرۆك كە (12)یان بۆ سەرۆكایەتی دیاریكران، لەناویاندا (مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی) كوردی تێدابوو. هەر لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا كوردا بە (5 وەزیر) بەشداری لە وەزارەتەكانی ئەنجومەنی حوكمدا كرد ئەوانیش؛ (هۆشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، نەسرین بەرواری - وەزیری شارەوانییەكان، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، محەمەد تۆفیق رەحیم - وەزیری پیشەسازی و عەبدوڕەحمان سدیق كەریم - وەزیری ژینگە). لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا بڕیاری نوسینەوەی دەستورو داڕشتنەوەی سیستمی نوێی عێراق درا، بە وتەی بەرپرسێكی باڵای كورد كاتێك گفتوگۆكرا بۆ داواكاری كورد، بەرپرسانی كورد نەیاندەزانی لەكوێوە دەست پێبكەن، هیچ نوسین و دۆكییۆمێنتێكی رەسمیان بەردەست نەبوو، ناچار گەڕانەوە بۆ رێككەوتننامەی 11ی ئازاری 1970، بەتایبەتیش ئەو مادانەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا چەسپێنران هەمان مادەی رێكەوتنی 11ی ئازاری 1970 بوو، بۆ نمونە: • كورد زمانی كوردی كرد بە زمانی رەسمی لە پاڵ زمانی عەرەبی، لە مادەی یەكی ریككەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە "زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی رەسمی دەبێت"، بەهەمان شێوە لە دەستوری عێراقیشدا 2005 هاتووە. • لە مادەی 2ی رێککەوتنی 11ی ئازاردا نوسراوە "كوردەكان بەشداری تەواوی حوكم دەكەن بە سوپاشەوە". • لە مادەی 6ی رێککەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە بودجەیەكی پێویست بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان تەرخان دەكرێت، بە هەمان شێوەی بودجەی هەرێم بەرێژەی 17% دیاریكرا. • لە مادەی 8ی بەیانی 11ی ئازاردا هاتووە "كوردەكان و عەرەبەكان دەگەرێندرێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان"، بەهەمان شێوە لە مادەی 58ی دەستوری كاتی و لە ماددهی 140ی دەستوری هەمیشەییدا واهاتووە، لەدوای ئاساییكردنەوەی ئینجا بڕیاری لێدەدرێت. واتا ئەوەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا هاتووە، بە دەستكاریەكی كەمەوە لە رێكکەوتننامەی 11ی ئازارهوه وەرگیراوە. دووەم؛ حكومەتی كاتی عێراق بهسهرۆکایهتی (ئەیاد عەلاوی) 2004 حكومەتی كاتی عێراق بە سەرۆكایەتی (ئەیاد عەلاوی) لە حوزەیرانی 2004 پێكهات، كورد بەشداری لهم حکومهته کردو تێیدا؛ (د.فوئاد مەعسوم، بووە سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتمانیی عێراق (پەرلەمان)و لەگەڵ 75 ئەندامی كورد لەو ئەنجومەنە لەكۆی 275 ئەندامی كۆمەڵەی نیشتیمانی عێراق، د. رۆژ نوری شاوەیس کرا به جێگری سەركۆماری عێراق. لەگەڵ جێگری سهرۆک وهزیران و 5 وەزیری كورد لهم کابینهیهدا بهشداربوون ئهوانیش؛ (د. بەرهەم ئهحمهد ساڵح - جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، وشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، نەسرین بەرواری - وەزیری شارەوانی، نهرمین عوسمان – وهزیری دهوڵهت بۆ کاروباری ژنان و بەختیار ئەمین کرا به وەزیری مافی مرۆڤ). سێیەم: حكومەتی كاتی عێراق بهسهرۆکایهتی (ئیبراهیم جهعفهری) 2005 لەسەردەمی كابینەی ئیبراهیم جەعفەریدا كە لە نیسانی ساڵی 2005 پێكهات، كورد سەڕەرای پۆستە وزارییەكان، بۆیەكەمجار پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی بەدەست هێنا، لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە، هاوكات عارف تەیفور، بووە جێگری سەرۆكی پارلەمانی عێراق، لەگەل 58 پارلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران، د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هەریەك لە (هۆشیار زێباری - وەزیری دەرەوە، د لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، د بەرهەم ساڵح، وەزیری پلاندانان، عەبدولباست كەریم مەولود - وەزیری بازرگانی، د.جوان فوئاد مەعسوم - وەزیری اتصالات، د.ئیدرس هادی - وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی و نەرمین عوسمان - وەزیری كاروباری ژنان) دانران. چوارەم؛ كابینەی یەكەمی نوری مالیكی 2006 - 2010 دوای ناڕازیبوونی كورد لەسەر ئەدای ئیبراهیم جەعفەری، نوری مالیكی لە مایسی 2006 كابینەیەكی نوێی راگەیاند، كورد بە چەند پۆستێك لەو حكومەتەدا بەشداربوو، سەرەڕای پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن تاڵەبانییەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەلایەن عارف تەیفور و د.رۆژ نوری شاوەیس، نوێنەری كورد لە ئەنجومەنی سیاسی ئاسایشی نیشتمانی عیراقداو 57 پارلەمانتار، هەریەك لە (د.بەرهەم ساڵح به جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، هۆشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، فەوزی حەریری - وەزیری پیشەسازی، بەیان دزەیی - وەزیری شارەوانی، دارا نورهدین – وهزیری داد، عهلی بابان – وهزیری پلاندانان و نەرمین عوسمان به وەزیری ژینگە) دیاریکران. لەسەردەمی كابینەی یەكەمی نوری مالیكیدا مادەی 140 كە 30ی كانونی یەكەمی 2007 دوا وادەی بوو، كۆتایی هات و جێبەجێش نەبوو، نوێنەرانی كوردیش هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو. پێنجەم؛ كابینەی دووەمی نوری مالیكی 2010 - 2014 كابینەی دووەمی نوری مالیكی كە لە 25/11/2010 دروستكرا، كورد بەچەند پۆستێك بەشدار بوو، هاوكات جارێكی تر رازی بوو بە دووبارە كاندیدكردنەوەی نوری مالیكی بۆ سەرۆكی حكومەتی عێراق و حکومهتهکه لە شاری هەولێریشەوە پێكهات. سەرەڕای جێبەجێنەكردنی هیچ ماف و داواكارییەكی كورد بە مادەی (140)یشەوە، لەو كابینەیەدا پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن جەلال تاڵەبانی و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن عارف تەیفور لەگەل 57 پارلەمانتاری كوردو د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران هەریەك له (هۆشیار زێباری - وەزیری دەرەوە، دیندار دۆسكی - وەزیری كۆچ و كۆچبەران، خەیروڵا عەبدولكەریم - وەزیری بازرگانی و عەبدولمەجید حەمە ئەمین به وەزیری تەندروستی) دیاری کران. شەشەم؛ كابینەی حەیدەر عەبادی 2014 - 2018 كابینەی حەیدەر عەبادی لە 8/9/2014 لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێدرا كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هات، لەو كابینەیەدا سەرەڕای پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن د. فوئاد مەعسوم و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئارام شێخ محەمەد، لەگەل 62 پارلەمانتاری كورد، هەریەك لە د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران (هۆشیار زێباری - وەزیری دارایی، د.دەرباز محەمەد - وەزیری كۆچ و كۆچبەران، فریاد رەواندوزی - وەزیری رۆشنبیری، بەیان نوری - وەزیری كاروباری ژنان و سامان عەبدوڵا به وەزیری دەوڵەت) دانران. بەڵام بەبیانووی چاكسازی و بچوکردنهوهی حکومهتهوه، حەیدەر عەبادی هەریەك لە د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران و بەیان نوری وەزیری كاروباری ژنان، سامان عەبدوڵا وەزیری دەوڵەتی ئیزنداو هۆشیار زێباری وەزیری دارایش لە پەرلەمان متمانەی لێسەندراوە. حەوتەم؛ كابینەی عادل عەبدول مەهدی 2018 - 2020 دوای ئهوهی له 12/5/2018 کورد توانی له ههڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهرانی (58) کورسی بهدهستبهێنێت، پۆستی سهرۆک کۆماری عێراقی جارێکی تر مسۆگهر کرد (د. بهرههم ئهحمهد ساڵح) بۆ ئهو پۆسته ههڵبژێردرا، جێگری سهرۆکی ئهنجومهنی نوێنهرانیش درا به (بەشیر حەداد)، له کابینهکهی عادل عهبدولمههدی کورد به سێ وهزیر بهشدار بوو ئهوانیش؛ (فواد حسێن – وهزیری دارایی، بهنگین ڕێکانی – وهزیری ئاوهدانکردنهوهو نیشتهجێکرن و حاکم فاروق ئهمین شوانی به وهزیری داد) دامهزرێندران، بهڵام کابینهکه تهمهنی خۆی تهواو نهکرد له ساڵی (2020) سهرۆکی ئهنجومهنی وهزیران دهستی لهکار کێشایهوه. هەشتەم؛ كابینەی مستەفا کازمی 2020-2022 دوای ئهوهی له عادل عهبدولمههدی له ساڵی (2020) دهستی له پۆستهکهی کێشایهوه (مستهفا کازمی) وهک سهرۆکی ئهنجومهنی وهزیران له ئهنجومهنی نوێنهران متمانهی پێدرا که کورد تێیدا (58) کورسی و جێگری سهرۆکی ئهنجومهنی نوێنهرانی تێدا ههبوو جگه لهوهی پۆستی سهرۆک کۆماری عێراقی لای (د. بهرههم ئهحمهد ساڵح) بهردهوام بوو، جێگری سهرۆکی ئهنجومهنی نوێنهرانیش درا به (شاخەوان عەبدوڵا)، هاوکات له کابینهکهی مستهفا کازمی کورد به سێ وهزیر بهشدار بوو ئهوانیش؛ (فواد حسێن – وهزیری دارایی، نازهنین محهمهد وسو – وهزیری ئاوهدانکردنهوهو نیشتهجێکرن و حاکم سالار حهبدولستار به وهزیری داد) دامهزرێندران، تائێستا وهک حکومهتی کاربهڕێکهر له کارهکانیان بهردهوامن چاوهڕوانی پێکهێنانی حکومهتی نوێی عێراقن. نۆیهم؛ پۆستەكانی دیكەی كورد لەبەغداد سەرەڕای ئەو پۆستانەی كورد كە تائێستا بەسەرجەم خولەكانی پەرلەمانەوە (372) پەرلەمانتارو (5) ئەندامی ئەنجومەنی حوكم و سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتیمانی و سەرۆك كۆمارو (40) وەزیرو لەگەڵ زیاتر له سهد بریكاری وەزیرو باڵیۆزی وڵاتان و بەرێوەبەری گشتی و ئەندام و سەرۆكی دەستە، دراون به کورد. زیاتر لهوانهش زۆرتر له 30 پۆستی سوپا سالارو فهرماندهی هێزی ئاسمانی و فەرماندەو دەزگای هەواڵگری عێراق له پشکی کورد بوون. نەوشیروان مستەفا لە وتارێكدا بەناوی (كێ بەرپرسە لە جێبەجێ نەبونی مادەی 140؟ ئەمریكا، عەرەب، یان كورد؟) كە لە 27/8/2007 دا بڵاویكردوهتەوە ئاماژە بەوە دەكات (با لە نوێنەرەكانی كورد كە لە بەغداد بون و ئیستا لە بەغدادن پرسیار بكرێ: چییان بۆ خۆیان كردوەو چییان بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان كردوە؟ بۆ خۆیان، چەندیان پارەی موچەی وەزیری و ئەندام پارلەمانی وەرگرتووەو دوای گۆڕانییشیان، چەندیان موچەی خانەنشینی وەرگرتوە، چەندیان خانو و زەوی وەرگرتوە، چەند سەیارەیان وەرگرتوە، چەند حیمایەیان دامەزراندوە، چەندیان لە خزم و دۆست و ناسیاوی خۆیان دامەزراندوە، چەند جار سەفەری دەرەوەیان كردوە، چەند عەقدیان ئیمزا كردوە... بەڵام بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانیەكان چی یان كردوە؟) لە كابینەیەكەوە بۆ كابینەیەكی دیكەو لە خولێكەوە بۆ خولێكی دیكەی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەكی زۆری نوێنەری كورد چۆنەتە بەغدادو بەشداربوون لە جومگە سەرەكییەكانی حكومەت و تەواوی دامودەزگاكانی دەوڵەتداریدا، بەڵام لەگەڵ زۆری و زەوەندی نوێنەرانی كورد لە بەغداد، نەك هەر پرسە سیاسی و ئابورییەكانی كورد یەكلانەكراونەتەوە بەڵكو ئاڵۆزترو پڕ كێشە تر بوون، لە بودجە، مادەی 140، پرسی پێشمەرگەو نەوت و دەسەڵاتەكانی هەرێم!!!. سهرچاوهکان - محهمهد رهوف، خاکی دابڕێندراو، چاپی یهکهم 2017، لاپهره، 350-365. - وهرزنامهی فۆکهس پرۆسهی حوکمڕانی و ههڵبژاردن له عێراق (2003 - 2021)، ژماره 12ی ئۆکتۆبهری 2021.
درەو: ڕیکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافیت لە پرۆسەکانی نەوت ئامادەکردن و نووسینی فریا کاڵێ ماستەر لە بواری بەڕێوەبەردنی كار، یادگار سدیق ماستەر لە بواری بەڕیوبردنی نەوت و گاز دەستپێك شۆڕشی پیشەسازی دەرفەتێکی فراوانی نوێی بۆ بەکارهێنانی نەوت ڕەخساند. لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی سەدەی بیستەمدا، نەوت وەک سەرچاوەی وزەی پەسەندکراو سەریهەڵدا. بزوێنەری سەرەکی ئەو گۆڕانکارییە گڵۆپی کارەبایی و ئۆتۆمبێل بوو. خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل و خواست لەسەر کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد ، لەگەڵ ئەوانیشدا خواست لەسەر نەوت زیادیکرد. دەرهێنانی سووتەمەنی بەردین زیانی گەورەی هەیە و دەرهێنانی نەوت پیشەسازییەکی مشتومڕاوییە. دەتوانین بڵێین سەرەتاکانی هۆشیاریی ژینگەیی رێکخراو لەدوای بڵاوکردنەوەی کتێبی "بەهاری بێدەنگ" کە کتێبێکی زانستی ژینگەیە لە نووسینی ڕەچەڵ کارسۆن. کتێبەکە لە ٢٧ی ئەیلوولی ١٩٦٢دا بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبەبە بەڵگە ئەو زیانانەی کە بەهۆی بەکارهێنانی قڕکەرەکانەوە بە ژینگە دەگات دۆکومێنت کردووە. کارسۆن پیشەسازی کیمیایی تۆمەتبار کرد بە بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست. کتێبەکەزیاتر لە ٥٠٠ هەزار دانەی لە ٢٤ وڵاتدا فرۆشرا ،هۆشیاری و نیگەرانی گشتی بۆ زیندەوەرە زیندووەکان، ژینگە و پەیوەندییە دانەبڕاوەکانی نێوان پیسبوون و تەندروستی گشتی بەرزکردەوە. ئەم هوشیارییە وایکرد ساڵی ١٩٧٠ سەرەتا بەهەوڵی گایلۆرد نێڵسن، سیناتۆری بچووکی ویلایەتی ویسکۆنسێن کە نیگەرانبوو لە پیسبوونی ژینگە و دواتر ستافێکی نیشتمانی دروستکرد کە ژمارەیان ٨٥ کەس بوو هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتیان راگەیاند سەبارەت بە پیسبوونی ئاو و هەوا هەر زوو هەوڵەکە فراوانتر بوو بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ڕێکخراو و گروپە ئایینییەکان و ئەوانی دیکە بگرێتەوە. ناوەکەیان گۆڕی بۆ ڕۆژی زەوی،٠ ڕۆژی زەوی ئیلهامبەخش بوو بۆ ٢٠ ملیۆن ئەمریکی بەشداری لە رۆژی زەویدا کرد. پاشان ساڵانە هەڵمەتە کە فراونتر دەبوو تاوەکو گەشتە ئاستێک ئێساتا ساڵانە ملیارێک کەس بەشدار دەبێت لە رۆژی ژینگەدا و بووە هۆی ئەوەی لە رێی ریکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە وڵاتان سنورێک دانێین بۆ پیس بوونی ژینگەو بەیاسا بەربەست بخرێتە بەردەم ئەو پیشەسازیانەی دۆستی ژینگە نین، رێکەوتننامەی پاریس لە ساڵی ٢٠١٥ دا باشترین نموونەیە. پێشکەوتنە پیشەسازییەکان و فشارەکانی رێکخراوەکانی ژینگە و شەقام لەلایەک و بەکارهێنانی وزە وەک چەکێکی سیاسی (جەنگی ئۆکرانیا بەنموونە) لەلایەکی تر هاندەرێکی زیاترن تاوەکو وڵاتان و بەتایبەت رۆژئاوا خێراتر هەنگاو بنێن بەرەو دورکەوتەوە لە سەرچاوەکانی وزەی پیس و وەبەرهێنانی زەبەلاح بکەن لە وزەی نویبووەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣دا درووشمی ئابووری سەربەخۆی بەرزکردەوە. هەنگاوەکانی هەرێم بۆ ئابووری سەربەخۆ زیاتر لە هەناردەکردنی نەوتدا کورت کرایەوە و دانەبەزی بۆسەکتەرەکانی تر و لە خودی نەوتدا ئامادەکاری نەکرا بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانی نەوت. دەتوانین بڵێین نەبوو بە پلانێکی گشتگیر و هەمەلایەنە کە پشت ببەستێت بە سەرچاوەی داهاتی هەمەجۆر. تەنها پشتبەستن بە تاکە سەرچاوە بۆ داهات وەك نەوت لە ئابوریدا کارێکی پڕ مەترسییە، بەدەر لەو هۆکارانەی پەیوەندی بە ناسەقامگیری نرخەوە هەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا ئەوەمان بەدی کرد کە نرخی نەوت لە )١٢٠( دۆلارەوە دابەزیە سەر کەمتر لە )٢٠( دۆلار. ئاڕاستەی ئابووری جیهان ئێستا ئاراستەی جیهان بۆ دوورکەوتنەوەیە لە بەکارهێنانی وزەی پیس( نەوت و گاز و خەڵوز ) و رووکردنە وەبەرهێنانە لە وزەی پاك و نوێ بووەوەدا بەئاراستەی پابەند بوون بە رێکەوتنامەی پاریس ٢٠١٥. هەتا ئەمڕۆ ١٩٣ لایەن (١٩٢ وڵات لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا) لە ناویشیاندا عێراق پەیوەست بوون بە ڕێککەوتنی پاریسەوە. بە پێی ڕیکەوتنەکە پێویستە بە زووترین کات دەردانی گازی ژەهراوی کەم بکرێتەوە و تا ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکەم بگاتە سفری پاك(zero emission). بۆ ئەوەی گەرمبوونی جیهان لە خوار )1.5( پلەی سەدی بمێنێتەوە، پێویستە تا ساڵی 2030 رێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە نزیکەی (٥٠٪) کەم بکرێتەوە. رێککەوتنەکە پابەندبوونی هەموو ئە وڵاتانە لەخۆدەگرێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و پێکەوە کارکردن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها داوا لە وڵاتان دەکات پابەندبوونەکانیان بە تێپەڕبوونی کات بەهێز بکەن. ڕێککەوتنەکە ڕێگایەك بۆ گەلانی پێشکەوتوو دابین دەکات بۆ یارمەتیدانی گەلانی گەشەسەندوو لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی دەرهاویشتە ژەهراویەکان و کاریگەریەکانیان لەسەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و خۆ گونجاندن لەگەڵی، لە هەمان کاتدا چوارچێوەیەك بۆ چاودێریکردنی شەفاف و ڕاپۆرتکردنی ئامانجەکانی کەشوهەوای وڵاتان دروست دەکات. ڕۆڵی تەکنەلۆژیا و نەوت دۆزینەوە نوێیەکان و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی رێکەوتنی پاریس و لەهەمانکاتدا دەبێتە مەترسی لەسەر سەکتەری نەوت (لەگەڵ ئەوەی بەرەو پێشچوونی تەکنەلۆجیا ئاسانکاری بۆ دەرهێنانی نەوت دەکات، بەڵام مەترسی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا لەسەر نەوت لەوەدایە کە پشت بەستن بە نەوت بۆ بەرهەمهێنانی وزە کەم دەکاتەوە بە وەی تێچووی وزەی جێگرەوە کە وزەی نوێ بووەوە یە کەم دەبێتەوە). هەربۆیە کۆمپانیاکانی جیهان لە پێشبڕکێدان بۆ وەبەرهێنان لە وزەی نووی بۆوە و دروستکردنی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە و دەیانەوێ رۆڵی پێشەنگی خۆیان لە دەست نەدەن. لێرەدا پێویستە دوو نموونە وەبیربهێنینەوە: 1. لەبواری پەیوەندییەکاندا لە کۆتایی سەدەی رابووردوودا کۆمپانیای نۆکیا بۆ ماویەکی زۆر گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی مۆبایل بوو وەك یاریزانێکی پێشەنگ لە بازاڕی جیهانی تەکنەلۆژیای مۆبایلدا سەیر دەکرا, و کۆنترۆڵی (٥٠٪) ی بازاڕی مۆبایلی کردبوو، بەڵام چوونکە نەیتوانی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکانی تەکنۆلۆجیادا لەبواری پەیوەندیدا کۆمپانیای تری وەکو ئەپڵ و سامسۆنگ هاتنە پێشەوە و توانیان بە هۆی داهێنانەکانیان لە مۆبایلی زیرەکدا بە پشت بەستن بە تەکنلۆجیای نوێ جێ پێ بە نۆکیا لەق بکەن و نەك پێشەنگی لەدەستدا بەڵکو ئێستا زۆر لە دواوەیە و کەمتر( ٥٪ )ی پشکەکانی بازاڕی هەیە. 2. کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل زۆرن و زۆریشیان ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایدان بەڵام تا ئێستا تێسلا کە ناوێکی نوێ یەو بە ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی دەستی پێکرد لە پێشەنگی هەموو کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئۆتۆمبێلی جیهاندایە. گۆڕانکاری بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و روکردنە وزەی نوێ بۆوە( وزەی خۆر، با و هایدرۆجین…هتد ) بەکارهێنانی نەوت وەك سەرچاوەی وزە لە جیهاندا کەم دەکاتەوە و دەبێتە مەترسی بۆ ئەو وڵاتانەی کە تەنها پشتیان بەداهاتی سامانی سرووشتی وەك نەوت بەستووە بە دوو هۆکاری سەرەکی: • یەکەم: کاریگەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سەر بەکاربردنی نەوت. • دووەم: کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت روودەکەنە وزەی نوێ بۆوە. کاریگەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سەر بەکاربردنی نەوت بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای ڕاوێژکاری LMC Automotive لە کۆی نزیکەی (٩٥) ملیۆن ئۆتۆمبێل کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا لە جیهاندا فرۆشراون، (١،٣) ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی پاتری بوون. هەروەها بەپێێ ڕاپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکی ئی ئای ئەی(EIA) ئاماژە بەوە دەکات کە کەم بوار لە جیهانی وزەی پاکدا هەیە کە بەقەد بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دینامیکی بێت. فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ساڵی ٢٠٢١ بە بەراورد بە ساڵی پێشوو دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ کە ٦ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٢دا تەنها (١٢٠) هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سەرانسەری جیهاندا فرۆشراون. لە ساڵی ٢٠٢١دا هەفتانە زۆر لەوە زیاتر فرۆشراوە. نزیکەی (١٠٪)ی فرۆشی ئۆتۆمبێلی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢١دا کارەبایی بووە، کە چوار هێندەی پشکی بازاڕی ساڵی ٢٠١٩ بووە، بەمەش کۆی ژمارەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە جیهان گەیشتە نزیکەی (١٦،٥) ملیۆن ئۆتۆمبێل. فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە شێوەیەکی بەهێز بەرزبووەتەوە، لە چارەکی یەکەمدا (٢) ملیۆن فرۆشراوە، کە بە ڕێژەی(٧٥%) زیادیکردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢١. بە پێی ئەم ئامارانەی کە لەسەرەوە خستمانە ڕوو دەبینین بەشێوەیەکی خێرا ئاڕاستەی بەرهەمهێنای ئوتومبیڵ بەرەو کارەبایی دەچێت. کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری جیهان هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ جیهانێکی نوێدا بگونجێنن کە کارەبا جێگەی بەنزین و دیزڵ دەگرێتەوە. کارگەکان چاکسازییان لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەم بهێنن و کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلیش هەموو لەپێشبرکێدان بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی. کۆمپانیای فۆرد مۆتۆر نزیکەی (٣) هەزار کارمەندی دەنێرێتەوە بۆ ماڵەوە بەمەبەستی کەم کردنەوەی تێچوو, هەوروەها ئامادەکاری بۆ گۆرینی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی بەنزین و گاز بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەکات. فۆرد لەبەرنامەیدایە تا ساڵی ٢٠٣٠ رێژەی (٥٠٪)ی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەرهەمی دەهێنێت کارەبایی بێت. هەروەها کۆمپانیای هیۆندا و کیا رایانگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار فرۆشی ئۆتۆمبێلە ژینگەدۆستەکانیان، کە ئۆتۆمبێلی هایبرید و کارەبایی لەخۆدەگرێت، (١١١) هەزار ئۆتۆمبێلی تێپەڕاندووە. گروپی ڤۆڵکسواگنی ئەڵمانی کە خاوەنی پۆرش، بوگاتی، سکۆدا، لامبۆرگینی و سیاتە، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا (٣٠) ملیار یۆرۆ خەرج دەکات بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی یان هایبرید بۆ هەریەك لە بڕاندەکانی، هەروەها پلانی هەیە تا ساڵی ٢٠٢٨ نزیکەی (٧٠) مۆدێلی نوێی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بخاتە بازاڕەوە، وە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٣٠ دەیەوێت لە هەر (١٠) ئۆتۆمبێلێك کە دەیفرۆشێت چواریان کارەبایی بێت واتە بەڕێژەی (٤٠٪)ی ئۆتۆمبێلە بەرهەم هاتووەکانی. هێربێرت دیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن پێی وایە کە کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن کە گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێلە لە ئەوروپا، دەتوانێت پێش کۆمپانیای تێسلا بکەوێت و تا ساڵی ٢٠٢٥ ببێتە گەورەترین فرۆشیاری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا. ئەمە لە کاتێکدا کە بەپێی دوایین زانیارییەکانی کۆمپانیای کێلی بلو بوك کە تایبەتە بە توێژینەوە لەسەر نرخی ئۆتۆمبێل کە بنکەکەی لە کالیفۆرنیایە؛ تێسلا پشکی شێری هەیە بە لە (٧٥٪)ی پشکی بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا. بەپێی ڕاپۆرتی توانای بەرهەمهێنانی کۆمپانیای تێسلا (TSLA)، توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی لە ئێستادا (٢) ملیۆن ئۆتۆمبێلە. تێسلا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا بە ڕوونی پێشەنگی جیهان بوو لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست لە بازاڕی چیندا خێرا گەشەی سەندووە وبەهێز بوو. بەڵام لە هەمان کاتدا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵدا، BYD کە بنکەکەی لە چینە وەك ڕکابەرێکی نوێی گەورە سەرهەڵدەدات و ڕکابەرایەتی تێسلا دەکات. لە ساڵی ٢٠٢١دا مامناوەندی نرخی ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی لە چین تەنها (١٠٪) زیاتر بووە لەئۆتۆمێلێکی ئاسایی. بە پێی توێژینەوەیەک کە لەسەر وڵاتی چین کراوە ئایا ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێچووی کێبڕکێی هەیە؟ ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی 2018، ئۆتۆمبێلی کارەبایی گرانتر بوون لە ئۆتۆمبێلی ئاسایی، بەڵام لە دوای ساڵی 2025 بە پێچەوانەوە هەرزانتر دەبێت. لەئەوروپاش کۆمپانیای مارسیدس لە دوایین تاقیکردنەوەی سەرکەوتوو بو کە بە تەنها بەیەك جار بارگاویکردن دەتوانێت هەزار کیلومەتر ببڕێت، ئەم سەرکەوتنە داهاتووی ئوتومبێلی کارەبای بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش دەبات. هەروەها کۆمپانیای تاتا مۆتۆرزی هیندستان ئاڤینیای کارەبایی بە مەودای (٥٠٠) کم نمایش دەکات. لە ئێستادا زیاد لە (٣٧) کۆمپانیا سەرقاڵی بەرهەم هێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایین، لەوانە هەر یەك لە تێسلا، لوسید مۆتۆرز، زووکس، ئاپتیڤ، ڕیڤیان، ئێن ئای ئۆ، نیسان، ڤۆڵڤۆ وە زۆری تر. ئەم نموونانەی کە باسمان کرد هەمووی ڕاستی ئەوەمان پیشاندەدن کە ئاڕاستەی ئۆتومبێڵ لە ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی داهاتوو بەگشتی دەگۆردرێت بۆ کارەبا. هەر پەیوەست بەم بابەتە یەکێتی ئەوروپا تا ساڵی ٢٠٣٥ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی نوێی بزوێنەری گەرمی قەدەغە دەکات. هەروەها لە ئەمریکا ئیدارەی بایدن زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری تەرخان کردوە بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی پاتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە چین. هەروەها ولایەتی کالیفۆرنیا ڕێسایەکی پەسەند کرد کە بەپێی ئەم ڕێسایە قۆناغ بە قۆناغ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی نوێی بەنزین و بارهەڵگر کۆتایی پێدەهێنێت، کە دەگاتە قەدەغەکردنی تەواوەتی فرۆشتنی نوێی ئۆتۆمبێلەی بزوێنەری گەرمی تا ساڵی 2035. لە هەمان کاتدا بەریتانیا لە ئێستاوە خۆی ئامادە دەکات بۆ قەدەغەکردنی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی نوێی بەنزین و دیزڵ لە ساڵی ٢٠٣٠. گۆرینی ئۆتۆمبێڵی بەنزین بۆ کارەبایی تەنها لە ئەوروپا و ئەمریکا و چین و هند نیە، زۆربەی زۆری وەڵاتان دەستیان کردووە بەم کارە، چ بەرهەم هێن یان بەکاربەری ئۆتومبێل بن. بۆ نموونە، سعودیە لە ماوەی (١٠) ساڵدا ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە کۆمپانیای لوسید دەکڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە پلانی خۆی بۆ دامەزراندنی کارگەیەك لە شانشینی سعودیە راگەیاند. ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی سعودیە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێك بۆ بەرهەمهێنانی پارچەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی، ئەوەش دوای هەوڵەكانی ئەم دواییەی سعودییە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەی كە هەمەچەشنكردنی ئابووری وڵاتەكەیەتی دوور لە نەوت. ئەم کارەی سعودیە لە کاتێکدایە کە سعودیە یەکەم بەرهەم هێنەری نەوتە لە جیهاندا و لە هەمان کاتدا ساڵانە (٢٠) ملیۆن گەشتیار روو ئەکەنە ئەو وڵاتە بۆ حەج و عەمرە و پلانیان هەیە ئەو ژمارەیە زیاد کەن بۆ (٣٠) ملیۆن لە ساڵێکدا. سعودییە بەم کارەی لە ئێستاوە خۆی ئامادە دەکات بۆ کەم کردنەوەی پشت بەستن بە نەوت. لە هەرێمی کوردستانیش تۆتۆمبێڵی هایبەرد لە ئێستادا دەفرۆشریت و پەیتا پەیتا خەڵك لە سوودی بەکارهێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە تێدەگەن بە تایبەتی لەم کاتەدا کە نرخی بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە. هەروەها لە ئاستی کەسیدا چەند ئۆتومبێلیکی کارەبایی هاتووەتە کوردستان کە پێ دەچێت تێچووی بارگاویکردنەوەی لە مانگێکدا لە ٥٠٠٠ دینار کەمتر بێت بەهۆی هەرزانی نرخی بارگاوی کردنی. بە پێی سایتی (ENERGY EFFICIENCY & RENEWABLE ENERGY) لە بەرمیلێك نەوتی خاو بڕی (٧٣) لیتر بەنزین و (٤٠) لیتر سووتەمەنی دیزڵ بەرهەم دەهێنرێت. بەرهەمەکانی دیکەی وەك سووتەمەنی فڕۆکە و ڕۆنی گەرمکەرەوە تەنها یەك لەسەر سێی پێکهاتەکان پێکدەهێنن. بە واتایەکی تر لە (٦٦٪)ی یەك بەرمیل نەوتی خاو دەکرێت بە بەنزین ودیزڵ بۆ سوتەمەنی ئۆتۆمۆبیل بەکاردێت، بۆیە ئەبێت خۆمان بۆ ئەگەری ئەوە ئامادە کەین کە پاش چەند ساڵێکی تر ئۆتۆمبێڵی بەنزین و دیزڵ زۆر کەم دەبێتەوە و ڕەنگە نەشمێنێت، دەرئەنجام ئەو خواستەی لەسەر نەوت هەیە بەڕێژەی (٦٦٪) بۆ بەنزین و دیزڵ کەم دەکات. هەروەها ئێمە وڵاتی بەکاربەرین و پشتمان بەو بەرهەمانەیە کە دەککەوێتە بازەڕەوە، وەکو دەشبینین ئاراستەی بازاڕ بە ئاراستەی ئۆتۆمبێلی کارەباییە بۆیە هەرلە ئێستاوە دەبێت خۆمانی بۆ ئامدەبکەین لە هەوڵی بنیادنانی ژێرخانی لەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بین. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت بە قورسی وەبەرهێنان لە وزەی نوێ بووە وەدا دەکەن کۆمپانیا نەوتییەکان لە بنەڕەتدا هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج وە مانەوەیان لە پێشبڕکیێ بازاردا و ئاراستەی جیهانیش چەندین ساڵە بەرەو وزەی نوێ بۆوە دەچێت و یاساکانیش بەتایبەت لە رۆژئاوا توند دەکرێنەوە لەسەر بەکارهێنانی وزەی پیس، بۆیە نایانەوێ لە پێشبرکی و پێشەنگبوون دەرکرێن هەربۆیە چەندین ساڵە دەستیان کردووە بە سەرمایە گوزاری لە وزەی پاك و نوێ بووەوەدا. پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی وەبەرهێنەران و خاوەن پشکەکان سەبارەت بە دەردانی کاربوون و گۆرانی کەش و هەوا بە تایبەت دوای ڕێکەوتنی پاریس رەنگە پاڵنەرێکی زیاتر بێت بۆ پەیڕەو کردنی ئەم ستراتیجیە. کۆمپانیا نەوتییەکان وردە وردە دەستیان کردووە بە دامەزراندنی ژێرخانی بارگاویکردن نەك تەنها لە ئەوروپا بەڵکو لە سەرانسەری بازاڕە سەرەکییەکانی ئەمریکا و ئاسیادا. شێل و تۆتال ئینێرجی پێشەنگی کۆمپانیاکانن لە بواری وەبەرهێنان، لەوانەش بەرهەمهێنانی کارەبای پاك، تەکنەلۆژیای پاتری و ژێرخانی شەحنکردنەوە، تا ساڵی ٢٠٢٥ کۆمپانیای شێڵ پلانی هەیە زیاتر لە (٥٠٠) هەزار خاڵ لە سەرانسەری جیهاندا درووست کات لە کاتێکدا کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی (١٥٠) هەزار خاڵی بارگاویکردن لە سەرانسەری ئەوروپادا دەکاتە ئامانج. کاریگەری نرخی نەوت کاتێك نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بەرزدەبێتەوە نرخی سوتەمەنیش زیاد دەکات تا وای لێهاتوو ئێستا تێچووی بەرهەم هێنانی کارەبا لە ڕێی وزەی نوێ بۆوە کەمترە لە سەرچاوەی گاز و نەوت. بەهەمان شێوە نرخی بەرهەمە نەوتییەکانی وەك و بەنزین و گازوائیل زۆر بەرزدەبێتەوەو تێچویەکی زۆر لەسەر بەکاربەر دەکەوێت، و لەبەرانبەردا روودەکەنە ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی. هەروەها ئەگەر نرخی نەوت نزمبێتەوە و لە چاوی وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوتەوە سەیر بکەین ئەوا داهاتیان کەم دەکات و تووشی قەیرانی دارایی دەبن، کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابووردوودا شاهێدی ئەوە بووین. هەریەك لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری نەوت ( تۆتاڵ، بی پی، شێڵ، En, شیفرۆن و ئێکسۆن مۆبیل) ساڵانە بڕێکی زۆر بوجە تەرخان دەکەن بۆ وەبەرهێنان لە وزەی نوێبۆوەدا و ساڵانە چەندین تۆێژینەوە دەکەن لەسەر ئەو بوارانە. دیدگەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت کۆمپانیای زەبەلاحی نەوت و غازی فەرەنسی تۆتاڵ ئامانجیەتی لە ساڵانی داهاتوودا گەشە بە وەزەی نوێبووە بدات و بەردەوامێش دەبێت لە ئایندەدا. کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٥٠ نزیکەی نیوەی فرۆشەکانی لە وزەی نوێبووەوە و کارەبا بێت. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیاکە پلانی هەیە ساڵانە ٣.٢٥ بۆ (٤ )ملیار دۆلار بۆ وزەی نوێبووەوە و کارەبا خەرج بکات تا ساڵی ٢٠٢٥. کۆمپانیای بی پی تاساڵی ٢٠٣٠ تە نها لە بەریتانیابڕی (٣٠) ملیار پاوەند کە زیاتر لە (٢١) ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەوزەی نوی بۆوە دا دەکات، هەروەها کۆمپانیای شێڵ هەوڵدەدات لە نەوت و گاز دوور بکەوێتەوە و بەرەو وزەی نوێبووەوە بڕوات. وە ستراتیژییەکی ڕوونی بۆ هەمان شت داناوە. کۆمپانیاکانی تریش بە هەمانشێوە. ئەم هێڵکارییە وەبەرهێنانی وزەی خاوێن لەلایەن کۆمپانیاکانی نەوت و گاز لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٠ نیشان دەدات، وەبەرهێنان لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی پەتای کۆرۆنا کەمیکردووە، بەڵام هێشتا زۆر لە سەرووی تێکڕای پێنج ساڵەوە ماوەتەوە. دەرئەنجام بە پێی ئەو راستیانەی باسمان کرد خواست لە ئایندەدا لەسەر نەوت کەم دەبێتەوە، کاتێكیش خواست کەم بوو نرخ دادەبەزیت، دابەزینی نرخیش مانای کەمی داهاتە بۆ وەڵاتیكی وەك عیراق و هەرێمی کوردستان کە نزیکەی (٩٥٪)ی داهاتیان پشتی بە نەوت بەستووە. لەگەڵ ئەوەی پێشبینییەکان هەمووی بەو ئاڕاستەیە دەڕۆن کە ئۆتۆمبێلی کارەبایی جێگای ئۆتۆمبێلی بەنزین دەگرێتەوە و خواست لە سەر نەوت کەم دەبێتەوە، لە لایەکی ترەوە ئەگەر ئەوەش بەو شێوەیە ڕوونەدا کە پێشبینی ئەکرێت، ئەوا مەترسیەکی تر هەیە کە ئەویش نەوت هەتا کەی بەکاردەهێنرێت؟ ئامانج لەم نوسینە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم هەرچی زووترە بەجدی کار لەسەر وزەی جێگرەوەی نەوت بکات، هەرلە ئێستاوە ئامادە سازی بکات بۆ ئەو کاتەی کە نەوت وەکو سەرچاوەی وزە و داهاتی سەرەکی ناتوانرێت پشتی پێببەسرێت. دەبێت ئامادەکاریی بۆ ئەو قۆناغە بەشێك بێت لە پلانی ستراتیجی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات . سەرچاوەکان: 1. https://www.energy.gov/eere/vehicles/fact-676-may-23-2011-us-refiners-produce-about-19-gallons-gasoline-barrel-oil#:~:text=button%20button-,Fact%20%23676%3A%20May%2023%2C%202011%20U.S.%20Refiners%20Produce%20about,from%20a%20Barrel%20of%20Oil&text=A%20standard%20U.S.%20barrel%20contains,an%20additional%206%25%20of%20product 2. https://www.iea.org/data-and-statistics/data-product/global-ev-outlook-2022 3. https://worldpopulationreview.com/country-rankings/oil-consumption-by-country 4. https://www.eia.gov/outlooks/steo/report/global_oil.php#:~:text=We%20estimate%20that%2098.8%20million,b%2Fd%20increase%20from%202021. 5. https://electrek.co/2022/07/20/tesla-tsla-reports-massive-increase-production-capacity-across-all-factories/ 6. https://electrek.co/2022/04/13/mercedes-benz-vision-eqxx-completes-1000-km-journey-on-a-single-charge-paving-the-way-for-future-long-distance-ev-travel/ 7. https://electrek.co/2022/04/13/mercedes-benz-vision-eqxx-completes-1000-km-journey-on-a-single-charge-paving-the-way-for-future-long-distance-ev-travel/ 8. https://news.middleeast-24.com/news/353910.html 9. https://www.nbcnews.com/business/autos/ford-laying-3000-workers-rcna44237?cid=sm_npd_nn_fb_ma&fbclid=IwAR1kyrMvPOEp67TIEpr_DPYtakcRCAGs-6foqIsyDpkuAUyYcPr3o-PQOpg 10. https://www.npr.org/2022/08/25/1119456396/california-is-set-to-ban-sales-of-new-gasoline-powered-cars-by-2035#:~:text=%22California%20now%20has%20a%20groundbreaking,better%20off%20for%20future%20generations.%22 11. https://www.un.org/en/climatechange/paris-agreement 12. https://www.ev-volumes.com/ 13. http://ae.ruc.edu.cn/docs/2021-10/9fcb3ef125be47ef9b11ccff4635c506.pdf 14. https://www.bp.com/en/global/corporate/news-and-insights/press-releases/bp-to-invest-up-to-18-billion-pounds-in-uk-energy-system-by-2030.html 15. https://auto.hindustantimes.com/auto/cars/electric-cars-beat-petrol-cars-in-sales-for-first-time-in-this-country-41648876403562.html#:~:text=According%20to%20the%20sales%20data,petrol%20models%20in%20this%20country. 16. https://www.powermag.com/oil-and-gas-majors-focus-on-renewable-energy-hydrogen-and-carbon-capture/ 17. https://powertechresearch.com/oil-companies-and-energy-retailers-take-charge-in-ev-charging-space/ 18. https://www.climate-transparency.org/15-market-share-of-electric-vehicles-in-new-car-sales 19. https://www.acea.auto/fuel-pc/fuel-types-of-new-cars-battery-electric-9-8-hybrid-20-7-and-petrol-39-5-market-share-in-q3-2021/ 20. https://www.offshore-technology.com/comment/oil-electric-vehicle-adoption/ 21. https://education.nationalgeographic.org/resource/petroleum 22. https://theicct.org/2021-global-race-evs-mar22/ 23. https://auto.economictimes.indiatimes.com/news/commercial-vehicle/lcv/electric-transport-revolution-set-to-spread-rapidly-into-light-and-medium-cv-market/69367425 24. https://www.youtube.com/watch?v=125epDfOPcQ 25. https://www.youtube.com/watch?v=9HwubmPbrWo
راپۆرت: درەو پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا، بەڵام هێشتا بابەتی گەرمی ململانێی نێوان پارتیو یەكێتییەو ساڵانە بە هێرشكردنە سەر یەكتر، یادی دەكەنەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لەم رووداوانەدا یەكێتیو پارتی هێندەی یەك خاكی ناوچەی جێنفوزیان لە دەستداوە، لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی (11,800) كم2 خاك لەدەستدراوەو لە ناوچەی جێنفوزی پارتی (15,400) كم2 خاك لەدەستدراوە. ریفراندۆمی بەر لە ئۆكتۆبەر رۆژی 6/7/2017 لیژنەی باڵای ریفراندۆم كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانو سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاریدا رۆژ 25/9/2017 ریفراندۆم بەڕێوەبچێت بۆ بڕیاردان لەسەر سەربەخۆییو جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، پەرلەمانی كوردستان كە ئەوكات ماوەی دوو ساڵ بوو پەكخرابوو، دەستی بەكاركردەوەو لە دانیشتنێكدا بڕیاری ریفراندۆمی پەسەندكرد. جگە لە بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی، لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی تر هەمویان بەشداربون لە لیژنەی باڵای ریفراندۆم. سەرباری ناڕەزایەتیو كێشمەكێشی زۆر لەسەر ئاستی ناوخۆییو فشارەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریكاو توركیاو ئێران، لەو وادەیەی كە دیاریكرابوو، ریفراندۆم بەڕێوەچوو. 21 رۆژ دوای بەڕێوەچونی ریفراندۆم، حكومەتی عێراق كە تازە لە كۆتایی شەڕی دژ بە "داعش" نزیكدەبوەوە، بەشێوەیەكی كرداری ئاڕاستەی شەڕی گۆڕی بەرەو ئەو ناوچانەی كە لەدوای ساڵی 2003و كەوتنی سەددامەوە كەوتبونە ژێر كۆنترۆڵی كورد. كۆكردنەوەی هێز.. سەرەتای روداوەكان حكومەتی عێراق كە خۆی لە بنەڕەتەوە بە بیانوو بوو لە دەسەڵاتی كورد بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان، لەدوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بەهانەی شەڕی لەدژی كورد دەستكەوت، ئەوەشی زیاتر پاڵی بە سوپای عێراقەوە نا هێرش بكات، بەڕێوەچونی ریفراندۆم بوو لەو ناوچانە. سوپای عێراق هەڵمەتی سەربازی بۆسەر "داعش" لە قەزای حەویجەی سەربە پارێزگای كەركوك دواخست بۆ دوای شەڕی موسڵ، ئەمە پەیامێكی روون بوو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەر لە ریفراندۆم كە سوپای عێراق جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ كەركوك، بەڵام ئاستی هەڕەشەكە بە هەند وەرنەگیرا. سوپای عێراق بەبیانوی شەڕی حەویجەوە هێزێكی زۆری لە سنوری كەركوك كۆكردەوە، بەر لە شەڕی حەویجە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق سەردانی كەركوكی كرد، دەسەڵاتدارانی عێراق وایان نیشان دەدات كە بەهاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەگە هێرش دەكەنەسەر "داعش" لە حەویجە، بەمشێوەیە سوپای عێراق هێزی خۆی لە سنورەكە جێگیركرد وەكو ئامادەكارییەك بۆ گەڕانەوە بۆ ناو كەركوك. بەوشێوەیەی بڕیاری لێدرابوو، سوپای عێراق هێرشی كردەسەر "داعش" لە حەویجەو سنورەكەی كۆنترۆڵكرد، هێزی پێشمەرگە بەهیچ جۆرێك بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكەدا نەكرد، دوای حەویجە، سوپای عێراق بەتەواوەتی دەستی كرایەوە بۆ روبەڕووبونەوەی پێشمەرگە. حكومەتی عێراق كە سەرەتا داوای دەكرد پێشمەرگە تەنیا ئەو ناوچانە رادەست بكاتەوە كە لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" لە ساڵی 2014وە دەستی بەسەردا گرتوون، بەڵام ئێستا كە شەڕ كۆتایهاتووە، دەیەوێت دەسەڵاتی كورد بگەڕێنێتەوە بۆ سنوری هەرێمی كوردستان بەر لە روخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا. قایمكردنی سەنگەرەكان سوپای عێراق لە نزیك هێزەكانی پێشمەرگە دەستیكرد بە لێدانی سەنگەر، هێزەكانی فیرقەی نۆی تانكو پۆلیسی فیدراڵیو فیرقەی ئاڵتونیو حەشدی شەعبی لەناوچەكەدا كۆبونەوەو ژمارەیەكی زۆر چەكو تەقەمەنی قورسیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا، لە رۆژی 14ی ئۆكتۆبەرەوە دەستیان بە جموجوڵ كرد. هەڕەشەی هێرشی سوپای عێراقو حەشدی شەعبی بۆسەر پێشمەرگە لە سنوری كەركوك گەیشتە خاڵی سفر، هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەستیان بە مەترسیی دۆخەكە كردبوو، دەرگای گفتوگۆیان لەگەڵ سەركردەكانی حەشدی شەعبی كردەوە بەمەبەستی رێگریكردن لە رودانی شەڕ، سەركردەكانی حەشد دەستپێشخەرییان بۆ گفتوگۆ قبوڵكرد، شەڕ لەبەردەرگای پێشمەرگەدا بوو، سەركردەكانی حەشد دووجار مۆڵەتیان بە فەرماندەكانی پێشمەرگەداو هێرشیان دەست پێ نەكرد، جاری یەكەم ماوەی (48) كاتژمێرو جاری دووەم ماوەی (24) كاتژمێر، بەڵام گفتوگۆكان هیچ شتێكیان لێ سەوز نەبوو. رۆژی 15ی ئۆكتۆبەر، پەرەسەندنێكی خێرا رویدا، كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ (حاجی ئیقبال پور)و (ئەبو عەممار) كە دەوترێت دوو فەرماندەی سەربازی ئێرانین، سەردانی بارەگای میحوەری (4)ی كەركوكی هێزی پێشمەرگەیان كرد، دوای كۆبونەوەكە، وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەرەكە ئاشكرایكرد، ئیقبال پورو ئەبو عیماد پێیان وتوون: بەخۆشی بێت یان ناخۆشی دەبێت پێشمەرگە ئەم شوێنانە رادەستی هێزە عێراقییەكان بكات: • سەربازگە كۆنەكانی كەركوك • بیرە نەوتەكان • جادە حەولییەكەی كەركوك تاوەكو گوندی كەڵوڕ لەنێوان ناحییەی پردێو شاری كەركوك، كە شەقامی سەرەكی كەركوك- هەولێر كۆنترۆڵ دەكات پێشمەرگە بەم پێشنیازانە قایل نەبوو، ئیقباڵ پورو ئەبو عیماد كە دڵنیابوون، پێشمەرگە ئامادە نییە ئەو ناوچانە رادەستبكات، بە وەستا رەسوڵی فەرماندەی میحوەری (4)یان رایگەیاند: • لەم ساتەوە چاوەڕوانی ئەوە بكەن هێرشی دەستپێدەكات • تاكە هۆكارێك كە هێرشەكەمان رابگرێت، ئەوەیە چاوەڕوانی كۆبونەوەی دوكان دەكەین، ئەگەر سەركردایەتی سیاسی كورد بڕیاریدا لەچوارچێوەی دەستوردا كێشەكانی لەگەڵ عێراق چارەسەر بكات، هێرش ناكرێت كۆبونەوەكەی دوكان رۆژی 15ی ئۆكتۆبەر لە قەزای دوكان كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو پارتی بەڕێوەچوو، مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی كۆبونەوەكەی دەكرد، لە لایەنی یەكێتی، كۆسرەت رەسوڵو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو مەلا بەختیار بەشداربوون، پاشان بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی دەچێتە ناو كۆبونەوەكەوەو دەڵێت" دەبێت لێكتێگەیشتن لەگەڵ حكومەتی عێراق بكەین، ناچارین ئەو لێكتێگەیشتنە بكەین"، مەسعود بارزانی بە بەرپرسانی یەكێتی دەڵێت" هیچ رێككەوتنێك لەئارادایە؟"، كۆسرەت رەسوڵو مەلا بەختیار دەڵێن" نەخێر، چونكە هێز لای ئێمەیەو ئەگەر رێككەوتنێك هەبێت، دەبێت ئێمە ئاگاداربین"، ئەمە وا دەكات بارزانی زۆر گوێ بۆ قسەكانی بافڵ تاڵەبانی شل نەكات. راگەیەندراوی كۆتایی كۆبونەوەی دوكان هیچ شتێكی تێدا نەبوو كە وەڵامدەرەوە بێت بۆ راگرتنی هەڕەشەكەی (ئیقبال پورو ئەبو عیماد)، بەدیاریكراویش راگەیاندنی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدا كێشەكانی لەگەڵ بەغداد چارەسەر بكات. رێككەوتنی یەكێتیو حكومەتی عێراق لە رۆژانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر، كاتێك ململانێ ناوخۆییەكانی یەكێتی توندبونەوە لەبارەی هۆكارەكانی لەدەستدانی كەركوكو لەلایەكی تر پارتی هێرشی راگەیاندنی توندی دەكردەسەر هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتیو تۆمەتباری دەكردن بە "خیانەت"، بافڵ تاڵەبانی دەقی رێككەوتنێكی نێوان یەكێتیو حكومەتی عێراقی بڵاوكردەوە، كە بەپێی قسەی خۆی، لە رۆژی 14ی ئۆكتۆبەردا لەلایەن (38) كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتییەوە ئیمزای لەسەر كراوە. دەقی رێككەوتنەكەی یەكێتیو حكومەتی عێراق بۆ رێگرتن لە روودانی شەڕ لەنێوان سوپای عێراقو پێشمەرگە لە سنوری كەركوك، ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت: • سەركردایەتی سەربازی هاوبەش لەسنوری كەركوك پێكبهێنرێت، نوێنەری هێزەكانی ئەمریكاو پێشمەرگەو سوپای عێراقی تێدا بێت. ئەركی سەرەكی بریتییە لە دابینكردنی ئاسایشو ئارامی لەو ناوچانەو بارەگاكەشی لە سەربازگەی "كەی وەن"ی شاری كەركوك دەبێت. • هیچ هێزێكی سەربازی نەهێنرێتە ناو شاری كەركوك. • كێشەو ناكۆكییەكانی تر لەنێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ لەڕێگەی دیالۆگ لەچوارچێوەی دەستوردا چارەسەر بكرێت. • نەتەوە یەكگرتووەكانو ئەمریكا هاوكارو پشتیوان بن بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە. رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر، مەسعود حەیدەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بافڵ تاڵەبانیو هادی عامری فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی رێككەوتنیان كردووە بۆ گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ ناوچە دابڕاوەكان. بەپێی قسەی مەسعود حەیدەر، ئەو رێككەوتنەی نێوان بافڵ تاڵەبانیو هادی عامری، بەسەرپەرەشتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقو نێوەندگیری قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران كراوە. ئەو پەرلەمانتارە كوردە، ئەوكات ئاماژەی بەوەكردووە، خاڵەكانی ئەو رێككەوتنە لە بیرۆكەیەكی فەرەنسییەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بۆ دوو ئیدارە یان دوو هەرێم، بۆ ئەوەی بەوتەی ئەو، كورد بیر لە مافی چارەی خۆنوسین نەكاتەوە لە ئایندەی نزیكدا. ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە بەپێی ئەوەی مەسعود حەیدەر لەوكاتەدا بڵاویكردەوە، ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت: • گەڕانەوەی هێزەكانی عێراق بۆ ناوچە دابڕاوەكانو كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بەبێ شەڕ. • تەسلیمكردنی 17 یەكەی ئیداری (قەزاو ناحیەو ناوەندی كركوك) بەدەسەڵاتی ئیتحادی كە لەدوای ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیدارەی ئەدات. ئەگەر ئەوانە تەسلیم نەكرێت، ئەوا عێراق داوای 11 یەكەی ئیداری تریش دەكات كە پاش 2003 هەرێم ئیدارەی ئەدات. كۆی گشتی دەبێتە 28 یەكەی ئیداری. • ناوەندی كەركوك ئیدارەی هاوبەش دەبێت، 15 گەڕەكی كوردی لەلایەن كوردەوە ئیدارە ئەدرێتو 25 گەڕەكی تری پێكهاتەكانی تر خۆیان ئیدارەی ئەدەنو ئەم حاڵەتە بۆ شەش مانگ بەردەوام دەبێت. • جێگا ستراتیژییەكانی كەركوك لەلایەن حكومەتی ئیتحادی بەڕێوەدەبرێت، سەربازگەی كەیوانو فڕۆكەخانەو بیرە نەوتەكانی كەركوك. • كردنەوەی فڕۆكەخانەی سلێمانی بەڕووی گەشتی نێودەوڵەتیدا. • پێدانی موچەی فەرمانبەرانی سنووری سلێمانیو كەركوك لەلایەن حكومەتی ئیتحادییەوە. • پێدانی موچەی پێشمەرگەی سنوری سلێمانی بەپێی لیستی ئامادەكراو لەلایەن بافڵ تاڵەبانی. • دروستكردنی هەرێمی هەڵەبجە- سلێمانی- كەركوك. • تەشكیلكردنی حكومەتێك بۆ ئەم هەرێمە نوێیە. بارزانی لە هەڵوێستی وڵاتان تێنەگەیشت! پێش ئەوەی بافڵ تاڵەبانی هەواڵی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراقی پێبدات، بارزانی چەندین هەواڵی تری سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی لەبارەی ریفراندۆمەوە بیست، بەڵام گوێی بەهیچ یەكێك لەو هەڵوێستانە نەدا. ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو یەكێتی ئەوروپاو توركیاو ئێران بەفەرمی دژایەتی خۆیان بۆ ریفراندۆم راگەیاند، روسیا هەڵوێستی روون نەبوو، ئیسرائیل تاكە وڵات بوو بەفەرمی پشتیوانی ریفراندۆمی كرد، بارزانی پشتی لە هۆشداریدانی ئەو وڵاتانە كرد لەبارەی سازدانی ریفراندۆم، بۆیە لە 16ی ئۆكتۆبەردا، جیهان بێدەنگ بوون لە هێرشی سوپای عێراق بۆسەر كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكانی تر. 16ی ئۆكتۆبەر چی رویدا؟ كاتێك هەوڵە سیاسییەكان بۆ چارەسەر نەگەیشتە ئەنجامو كۆبونەوەی دوكان هیچ وەڵامێكی قایلكەری نەدایەوە كە هێرشی سوپای عێراق رابگرێت، شەوی 15 لەسەر 16ی ئۆكتۆبەر كاتژمێر (9:30) خولەك، هێزە عێراقییەكان دەستیان بە جموجوڵ كرد بە ئاڕاستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە سنوری كەركوك. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە كۆی كردونەتەوە، بڕیاربووە سوپای عێراق كاتژمێر (1)ی شەو هێرش بكات، بەڵام كاتێك بینیویەتی هێزەكانی پێشمەرگە پاشەكشێ دەكەن، هەرزوو هێرشەكەی دەستپێكردووە. كشانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ خەڵك چاوەڕوان نەكراو بوو، چونكە ئەوكات وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەری باشوری هێزی پێشمەرگەی كەركوك كە سەربە یەكێتییە لێدوانێكی داو وتی:" تەمەننا ئەكەین بێن ئەوەندەیان پێ دەڵێن با بێن.. حەشدی شەعبی دوژمنمانن"، هاوكات كەمال كەركوكی فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركوكی هێزی پێشمەرگە كە سەربە پارتییە رایگەیاند:" ئەگەر بێن دەرسێكیان پێدەدەین قەت لەبیریان نەچێتەوە". دوای ئەم قسانە، هێزەكانی (70) كە سەربە یەكێتی بوون، پاشەكشێیان كرد، هێزەكانی (80)ش كە سەربە پارتی بوون، بە هەمان شێوە كشانەوە، دیمەنی كشانەوەی پێشمەرگە هەرزوو میدیاكانی جیهانی داگیركرد، خەڵێكی زۆری كورد كەركوكیان بەرەو شارەكانی هەرێمی كوردستان جێهێشت، لە شارەكانی هەرێم خەڵك بە خەمبارییەوە پێشوازییان لە هەواڵی شكانی هێزی پێشمەرگە كرد، كۆچكردووە (نەجمەدین كەریم) پارێزگاری كەركوك كە سەربە یەكێتی بوو، شارەكەی جێهێشتو رووی لە هەولێر كرد. بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی دابەشبوون بەسەر دوو بۆچوندا، بەرەیەك كشانەوەی پێشمەرگەی وەكو "خیانەت" ناودەبرد، بەرەكەی تر دەیانوت" كشانەوەكە تەكتیكییەو هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق نابەرامبەرەو كورد لەو شەڕەدا زیانی گەورەی بەردەكەوت ئەگەر پاشەكشێ نەكات"، لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا، هەندێك لەسەركردەكانی تری یەكێتی باسیان لەوەدەكرد، پێشمەرگە بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق كشاوەتەوە، ئاراس شێخ جەنگی برای لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئەوكاتی ئاژانسی پاراستنو زانیاری- زانیاری كە سەربە یەكێتییە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر لەناو شاری كەركوك دەركەوتو داوای لە خەڵك كرد بگەڕێنەوە، لەرۆژانی دواتردا زیاتر ناوی ئاراس شێخ جەنگی لە میدیاكانی كوردستانەوە درەوشایەوە، پارتییەكان وەكو "خیانەتكار" ناویان دەبرد، هەندێك لە یەكێتییەكانیش بەرگرییان لێدەكرد. ئاراس شێخ جەنگی ئەوكات رایگەیاند، ئەوان بەو هەنگاوەیان كەركوكیان لە كارەسات رزگاركردووە، چونكە گرتنی كەركوك لەلایەن هێزە عێراقییەكان لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نێودەوڵەتیدا بووەو توركیاو ئێرانو تەنانەت ئەمریكاش پشتیوانی ئەوەیان كردووە دۆخی كەركوك بگەڕێندرێتەوە بۆ پێش ساڵی 2003. هەر ئەو رۆژانە بوو كە ئاراسی شێخ جەنگی هێرشی توندی دەكردەسەر بنەماڵەی بارزانی تۆمەتباری دەكردن بەوەی هۆكاری ئەو روداوانە بوون كە بەسەر كەركوكدا هاتووەو ئەوان نەوتی كەركوكیان دزیوە. ئاراس شێخ جەنگی بەرگری لە گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان دەكرد بۆ كەركوكو دەیوت، ئەگەر حكومەتی ناوەند بگەڕێتەوە بۆ كەركوك خەڵك بارودۆخیان باشتر دەبێت، چونكە لە حكومەتی ناوەنددا یاسا سەروەرە، ئەمەش باشترە لەوەی لە كەركوك یەكێتیو پارتی دوو هێزی ئاسایشیان هەبێت، ئەو هەر لەو رۆژانەدا باسی لەوەدەكرد، لەماوەی 24 كاتژمێردا پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دادەنرێتو پارێزگار كورد دەبێتو كەسێكی یەكێتی دەبێت، بەڵام دوای چوار ساڵ تائێستا پارێزگارێكی عەرەب بە وەكالەت كاروباری كەركوك بەڕێوەدەبات. رۆژی 12/12/2017 ئاراسی شێخ جەنگی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" ئامادەم بچمە بەردەم پەرلەمانی كوردستانو هەموو راستی رووداوەكان وەكو خۆی لەبەردەم ئەندام پەرلەمانو راگەیەندكاران بۆ هەموو هاوڵاتیان روون بكەمەوە، بەڵام پارتی بەهۆی ئەوەی نایەوێت خەڵك راستییەكان بزانن، رێگری دروستدەكەن". رۆڵی نەوت لە 16ی ئۆكتۆبەردا كۆنترۆڵكردنی هەردوو بیرە نەوتی (ئاڤاناو بای حەسەن) لەلایەن پارتییەوە لەدوای هاتنی "داعش" بۆ ناوچەكەو كشانەوەی هێزەكانی عێراق، دەمێك بوو یەكێتی نیگەران كردبوو، پارتی لەو دوو بیرەوە رۆژانە زیاتر لە (260 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، وەكو باسدەكرێت یەكێك لە هۆكارەكانی رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ حكومەتی عێراق لەبارەی كەركوكەوە پەیوەندی بەو بیرە نەوتانەوە هەبووە. بەشێكی تری هۆكاری روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە پارتی كە دەستی بەسەر نەوتی ئەو دوو بیرەی كەركوكدا گرتووە، رێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسی كردووە، لە حاڵێكدا حكومەتی عێراق رێككەوتنی لەبارەی نەوتەوە لەگەڵ كۆمپانیای (بریتش پترلیۆم)ی بەریتانی هەبووە، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر، كۆمپانیا بەریتانییەكە رێككەوتنی لەگەڵ راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كردو هەرزوو رێككەوتنەكەش چووە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش بە ئاگاداری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق. كورد نیوەی خاكەكەی لەدەستدا! ئەوە لە كەركوكو بەشێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم رویدا، تەنها روداوێكی ئاساییو كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەك نەبوو لەلایەن حەشدی شەعبیو هێزە عێراقییەكانەوە، بەڵكو لەدەستدانی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان بوو بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، كە لەماوەی سێ ساڵی پێشتردا بەخوێنی (هەزارو 700) پێشمەرگەو برینداربوونی زیاتر لە (12 هەزار) پێشمەرگەی تر لە شەڕی دژ بە "داعش"دا بەدی هاتبوو. ئەوەی لەماوەی (5 كاتژمێر)دا لە كەركوكو بەشێك لەناوچە كوردستانییەكانی تر دەرەوەی هەرێم روویدا، لەدەستدانی زیاتر لە (12 هەزار) كیلۆمەتر دووجا خاك بوو، بەو پێیەی پارێزگای كەركوك بەتەواوی لەگەڵ قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدینو ناحیەكانی جەلەولاو قەرەتەپەو جەبارە لە پارێزگای دیالە بەتەواوەتی كەوتنە دەست حەشددی شەعبیو هێزە عێراقییەكان. سەرباری ئەوەی هەردووكیان یەكتری بە "خیانەتكردن" تۆمەتبار دەكەن، بەڵام بە تەماشاكردنی نەخشەی ئەو زەوییانەی كە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە رادەستی سوپای عێراق كراون، دەردەكەوێت هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم بەرپرسیارن لەو شكستە مێژوییە. یەكێتی و پارتی كەمیان زیاتریان لەدەستداوە؟ لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە سنوری ناوچەی دەسەڵاتی یەكێتی (11 هەزارو 800) كیلۆمەتر دووجا خاكی هەرێمی كوردستان كەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی هێزە عێراقییەكانەوە، لە سنوری دەسەڵاتی پارتیش (15 هەزارو 400) كیلۆمەتر خاك رادەستكراوە، سەرباری ئەوەی پارتی یەكێتی تۆمەتبار دەكات بە "خیانەتكردن"، بەڵام ئەو روبەرەی كە خۆی لەو رۆژانەدا چۆڵیكردووە بۆ هێزە عێراقییەكان، لە روبەرەكەی یەكێتی زیاترە. روبەڕی گشتی خاكی ناوچە جێناكۆكەكان (44 هەزارو 330) كیلۆمەتر دووجایە، ئەم روبەرە رێژەی 51.4%ی كۆی گشتی خاكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. لەو روداوانەدا، یەكێتی نیشتمانی دەسەڵاتی لەم ناوچانە لەدەستدا: • كەركوك • داقوق • خورماتوو • دوبز • خانەقین • جەلەولا • قەرەتەپە • پردێ لەو روداوانەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان دەسەڵاتی لەم ناوچانە لەدەستدا: • رۆژئاوای كەركوك • مەخمور • گوێر • شەنگال • سنونێ • زوممار • رەبیعە • بەعشیقە
شیكاری:درەو # لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە بڕی (38.12) ملیۆن بەرمیل و ڕۆژانەی (414 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە فرۆشراوە. # بەهای دوای فرۆشتنی هەر بەرمیلێک بە کەمتر لە (12) دۆلار لە نرخی جیهانی، زیاتر بووە لە (3.2) ملیار دۆلار، کە بەرامبەرە بە (4.9) ترلیۆن دینار، بە ڕێژەی (56%) و بڕی زیاتر لە (1.89) ملیار دۆلاری چووە بۆ خەرجی، بڕی زیاتر لە (1.48) ملیار دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم. # به گشتی نەوتی هەرێم لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2022) لە لایەن کەشتی (7) وڵاتی جیاوازەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە ڕێژەی (27.6%)، ئیسرائیلییهکان به ڕێژهی (22.2%)، یۆنانییەکان بە ڕێژهی (21.8%) پاشان کەشتییە کرواتییەکان (6.9%) و رۆمانییەکان (5%) و تایوان و سهنگاپورههریهکه بە ڕێژەی (2.6%) نەوتی ههرێمیان بارکردووە. یەکەم: هەناردەی نەوتی هەرێم لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی (تەموز، ئاب و ئەیلول)ی ساڵی (2022) بڕی (38 ملیۆن و 120 هەراز) بەرمیل نەوتی لەڕێگەی بەندەرەی جەیهانی تورکییە بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە کردووەو فرۆشتوویەتی، واتە تێکڕای ڕۆژانەی نەوتی فرۆشراو لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە (414 هەزار و 631) بەرمیل، (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (1)) بەجۆرێک؛ لە مانگی تەموزی ساڵی (2022) ڕۆژانە بە تێکڕا بڕی (430 هەزار و 323) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە (فرۆشراوە) بە کۆی مانگەکە دەکاتە (13 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل. مانگی ئابی هەمان ساڵ (11 ملیۆن 560 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، بە تێکڕای ڕۆژانەی (372 هەزار و 903) بەرمیل نەوت. هاوکات لە مانگی ئەیلولی ساڵی (2022) حکومەتی هەرێم بڕی (13 ملیۆن و 220 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێکڕای (440 هەزار و 667) بەرمیل لە ڕۆژێکدا. خشتەی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1) دووەم؛ نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان بەپێی زانیاری ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت و زانیارییەکان حکومەتی هەرێم لە ڕابردوودا بەردەوام بە (11 - 12) دۆلار کەمتر نەوتی خۆی ساغ کردووەتەوە. بۆیە؛ لە مانگی تەموزی ساڵی (2022) کە تێکڕای نرخی نەوتی برێنت بە (111.93) دۆلار تۆمار کراوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم بە (12) دۆلار کەمتر هەر بەرمیلە نەوتێکی فرۆشتبێت ئەوا بۆ هەر بەرمیلێک بڕی (99.93) دۆلاری بۆ ماوەتەوە. بەڵام لە مانگی ئابدا تێکڕای نرخی نەوت دابەزینی تۆمار کردووە و گەیشتوو بە (100.45) دۆلار، بۆیە بە هەمان پێوەر حکومەتی هەرێم نەوتەکەی بە (88.45) دۆلار فرۆشتووە. لە کاتێکدا لە مانگی ئەیلولدا دابەزینی بەرچاو تۆمار کراوە و نرخی نەوت بە تێکڕا گەیشتووە بە (89.77) دۆلار، بۆ دەکرێت بڵێین حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلە نەوتێکی بە زیاتر لە (77) دۆلار فرۆشتووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (2)) چارتی ژمارە (2) سێیەم: داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2022 1. کۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2022) بڕی (38 ملیۆن و 120 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلە نەوتێکی بە زیاتر لە (88) دۆلار فرۆشتووە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت زیاتر لە (100) دۆلار بووە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە بۆری بەدەستهاتووە بریتی بووە لە (3 ملیار و 383 ملیۆن و 667 هەزار و 600) دۆلار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3))، کە بەرامبەرە بە (4 ترلیۆن و 906 ملیار و 318 ملیۆن و 20 هەزار) دینار بە جۆرێک؛ لە مانگی تەموز کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (1 ملیار و 333 ملیۆن و 66 هەزار و 200) دۆلار. لە مانگی ئاب کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (1 ملیار و 22 ملیۆن و 282 هەزار) دۆلار. لە مانگی ئەیلولدا داهاتی فرۆشی نەوت بریتی بووە لە (1 ملیار و 28 ملیۆن و 119 هەزار و 400) دۆلاری ئەمریکی. 2. خەرجی نەوتی هەرێم بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان (56%)ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە دەڕوات، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ماوەی چارەکی سێیەمی ساڵی (2022) لە پرۆسەی نەوتدا بە خەرج دراوە، بریتی بووە لە (1 ملیارو 894 ملیۆن و 853 هەزار و 856) دۆلاری ئەمریکی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3))، بە جۆرێک؛ لە مانگی تەموز کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (1 ملیار و 333 ملیۆن و 66 هەزار و 200) دۆلار، بڕی (746 ملیۆن و 517 هەزار و 72) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%). لە مانگی ئاب کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (1 ملیار و 22 ملیۆن و 282 هەزار) دۆلار، بڕی (572 ملیۆن و 589 هەزار و 920) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%). لە مانگی ئەیلولدا کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (1 ملیار و 28 ملیۆن و 119 هەزار و 400) دۆلار، بڕی (575 ملیۆن و 746 هەزار و 864) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%). 3. داهاتی ماوەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت (44%)ی داهاتی نەوت لە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەکە بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ماوەی چارەکی سێیەمی ساڵی (2022) لە پرۆسەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە کەمترە لە کۆی خەرجییەکانی پرۆسەکە و بریتییە لە (ملیارێک و 488 ملیۆن و 813 هەزار و 744) دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 158 ملیار و 779 ملیۆن و 928 هەزار و 800) دیناری عێراقی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3 + 4))، بە جۆرێک؛ لە مانگی تەموز کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (1 ملیار و 333 ملیۆن و 66 هەزار و 200) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (586 ملیۆن و 549 هەزار و 128) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (850 ملیار و 496 ملیۆن و 235 هەزار و 600) دیناری عێراقی. لە مانگی ئاب کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (1 ملیار و 22 ملیۆن و 282 هەزار) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (449 ملیۆن و 892 هەزار و 80) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (652 ملیار و 343 ملیۆن و 516 هەزار) دیناری عێراقی. لە مانگی ئەیلول کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (1 ملیار و 28 ملیۆن و 119 هەزار و 400) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (452 ملیۆن و 372 هەزار و 536) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (655 ملیار و 940 ملیۆن و 177 هەزار و 200) دیناری عێراقی. چارتی ژمارە (3) چارتی ژمارە (4) چوارەم: کڕیارانی نەوتی هەرێم لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2022 1. نەوتی بارکراوی هەرێم لە مانگی تەموزی 2022 لە (تەموزی 2022)دا (13 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی تورکی لە لەلایەن کەشتی (6) وڵاتی جیاوازەوە بارکراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (5)) بەجۆرێک؛ - بڕی (5 ملیۆن و 180 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (38.8%)ی لەلایەن کەشتییەکانی (ئیتاڵیا)وە بارکراوە. - بڕی (2 ملیۆن و 20 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (15.1%)ی لەلایەن کەشتییە (کرواتیا)یەکانەوە بارکراوە. - بڕی (1 ملیۆن و 940 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (14.5%)ی لەلایەن کەشتییەکانی وڵاتی (یۆنان)ەوە بارکراوە. - بڕی (1 ملیۆن) بەرمیلی بە ڕێژەی (7.5%)ی لەلایەن کەشتییە (تایوان)یەکانەوە بارکراوە. - بڕی (1 ملیۆن) بەرمیلی بە ڕێژەی (7.5%)ی لەلایەن کەشتییە (سهنگاپور)یەکانەوە بارکراوە. - بڕی (600 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (4.5%)ی لەلایەن کەشتی (ئیسرائیل)یەوە بارکراوە. - بڕی (1 ملیۆن و 600 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (12%)ی دیار نییه ئهو کهشتیانهی نهوتی ههرێمیان بارکردووه ناسنامهی چی وڵاتێکیان ههبووه. چارتی ژمارە (5) 2. نەوتی بارکراوی هەرێم لە مانگی ئابی 2022 لە (ئابی 2022)دا (11 ملیۆن و 560 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی تورکی لە لەلایەن کەشتی (4) وڵاتی جیاوازەوە بارکراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (6)) بەجۆرێک؛ - بڕی (3 ملیۆن و 620 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (31.3%)ی لەلایەن کەشتییەکانی وڵاتی (یۆنان)ەوە بارکراوە. - بڕی (3 ملیۆن) بەرمیلی بە ڕێژەی (26%)ی لەلایەن کەشتییەکانی (ئیتاڵیا)وە بارکراوە. - بڕی (2 ملیۆن و 670 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (23.1%)ی لەلایەن کەشتییەکانی (ئیسرائیل)ەوە بارکراوە. - بڕی (1 ملیۆن و 270 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (11%)ی لەلایەن کەشتییە (ڕۆمانیا)وە بارکراوە. - بڕی (1 ملیۆن) بەرمیلی بە ڕێژەی (8.7%)ی دیار نییه ئهو کهشتیانهی نهوتی ههرێمیان بارکردووه ناسنامهی چی وڵاتێکیان ههبووه. چارتی ژمارە (6) 3. نەوتی بارکراوی هەرێم لە مانگی ئهیلولی 2022 لە (ئهیلولی 2022)دا (13 ملیۆن و 220 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی تورکی لە لەلایەن کەشتی (5) وڵاتی جیاوازەوە بارکراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (7)) بەجۆرێک؛ - بڕی (5 ملیۆن و 190 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (39.3%)ی لەلایەن کەشتییەکانی (ئیسرائیل)ەوە بارکراوە. - بڕی (2 ملیۆن و 740 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (20.7%)ی لەلایەن کەشتییەکانی وڵاتی (یۆنان)ەوە بارکراوە. - بڕی (2 ملیۆن 340 ههزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (17.7%)ی لەلایەن کەشتییەکانی (ئیتاڵیا)وە بارکراوە. - بڕی (650 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (4.9%)ی لەلایەن کەشتییەکی (ڕۆمانیا)وە بارکراوە. - بڕی (600 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (4.5%)ی لەلایەن کەشتییەکی (کرواتیا)یەوە بارکراوە. - بڕی (1 ملیۆن و 700 ههزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (12.9%)ی دیار نییه ئهو کهشتیانهی نهوتی ههرێمیان بارکردووه ناسنامهی چی وڵاتێکیان ههبووه. چارتی ژمارە (7) 4. کۆی نەوتی بارکراوی هەرێم لە چارهکی سێیهمی 2022 به گشتی نەوتی هەرێم لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2022) لە لایەن کەشتی (7) وڵاتی جیاوازەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە ڕێژەی (27.6%) و بڕی (10 ملیۆن و 520 ههزار) بهرمیل نەوتی هەرێمیان لە بەندەری جەیهانی تورکییەوە بارکردووە، پلهی یهکهمیان تۆمار کردووه. بە دوای ئەویشدا کەشتی ئیسرائیلییهکان به ڕێژهی (22.2%) و بڕی (8 ملیۆن و 460 ههزار) بهرمیل و یۆنانییەکان بە ڕێژهی (21.8%) و بڕی (8 ملیۆن و 300 ههزار) نەوتی هەرێمیان بارکردووە و پاشان کەشتییە کرواتییەکان (6.9%) و بڕی (2 ملیۆن و 620 ههزار) و رۆمانییەکان (5%) و بڕی (1 ملیۆن و 920 ههزار) و تایوان و سهنگاپور ههریهکه بە ڕێژەی (2.6%) و بڕی (1 ملیۆن) بهرمیل نەوتیان بارکردووە، ڕێژهی (11.3%) دیار نییه که به کهشتی چی وڵاتێک بارکراون بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (8 و 9)). خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمارە (8) چارتی ژمارە (9)