Draw Media

پارتی و یەكێتی رێككەوتوون

پارتی و یەكێتی رێككەوتوون

2022-09-14 19:49:08


(درەو):
یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر زۆرێك لە كێشەكانی نێوانیان رێككەوتوون، بە پرسی سەرۆك كۆمارو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشەوە، نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان دەكشێتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان داوای پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسییەكان دەكات، محەمەد سودانی دڵنیایی لەبارەی نەوتی هەرێمە بە بارزانی دەدات "من سەرۆك وەزیران بم ئەو كێشەیە ئاسانەو چارەسەری دەكەین".

تیمەكەی یەكێتی و پارتی
سەرەتای مانگی ئابی رابردوو لە پیرمام مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی كۆبوونەوە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاریانداوە لەسەر كێشە سەرەكییەكانی نێوانیان رێكبكەون، تیمێكیان لە یەكێتی و پارتی پێكهێناوە بۆ یەكلاكردنەوەو رێككەوتنی تەواوەتی نێوانیان لەسەر پرسەكانی ناوخۆی هەرێم و عێراق، تیمەكە دوور لەچاوی میدیاكان چەندین كۆبونەوەیان كردووەو لەسەر زۆرێك لە پرسەكان رێككەوتوون.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لە بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی و پارتییەوە دەستیكەوتووە، تیمەكەی یەكێتی و پارتی پێشنیازی رێككەوتنی هەنوكەیی و ستراتیژیان كردووە، هەنوكەیی بۆ رێككەوتن لەسەر ئەو پرسە هەڵواسراوانەی كە لە ئێستادا لە نێوانیاندایە بەزووترین كات یەكلای بكەنەوە، دواتر رێككەوتنی ستراتیژی بكەن هاوشێوەی رێككەوتنەكە ستراتیژییەكەی نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە 2005دا.

یەكێتی و پارتی لە بەغداد
پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریداوە بەشدار بێت لە حكومەتی داهاتووی عێراق، چونكە هەرجۆرە دووركەوتنەوەیەكی لە پرۆسەی سیاسی عێراق و خۆدوورگرتنی لە حكومەتی نوێی عێراق كاریگەری راستەوخۆ لەسەر حكومەتەكەی مەسرور بارزانی دروست دەكات.
بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، هەفتەی رابردوو وەفدی چوارچێوەی هەماهەنگی كە لە (فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و محەمەد سودانی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق) پێكهاتبوون، دوور لەچاوی میدیاكان بەجیا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەتەوە.
زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لە كۆبونەوەكەدا مەسعود بارزانی رازی بووە بە بەشداریكردن لە حكومەتی نوێی عێراق و پێی راگەیاندوون یەكێتی و پارتی بە هاوبەشی بەشداری پرۆسەی سیاسی و حكومەت و سەرۆكایەتی كۆمار دەكەن، سەبارەت بە پرسی نەوت كە دادگای فیدراڵی یاسای نەوت و گازی هەرێمی بە نادەستوری لەقەڵەمدا، محەمەد سودانی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دڵنیاییداوە بە مەسعود بارزانی كێشەی نەوت و گاز بە ئاسانی لەگەڵ هەرێم چارەسەر دەكات و پارەی نەوت لەدەرەوە دەهێنێـەوە بۆ هەرێمی كوردستان، نایەڵێت ئەو كێشەیە كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد دروست بكات، وتویەتی "من سەرۆك وەزیران بم ئەو كێشەیە ئاسانەو گرفت نابێت".
لەسەر پرسی سەرۆك كۆماری عێراق كە تا ئێستا پارتی بە (رێبەر ئەحمەد)و یەكێتی بە ( بەرهەم ساڵح) كێبەركێ دەكەن، بارزانی بە وەفدی چوارچێوەی هەماهەنگی وتووە "من لاریم نیە لە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار" هەرچەندە تا ئێستا روون نیە مەبەستی بارزانی بەرهەم ساڵحە كە تا ئێستا كاندیدی یەكێتییە، یان مەبەستی كاندیدێكی تری یەكێتییە، بەڵام زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن بارزانی بە كاندیدی یەكێتی رازی بووەو هێڵی سوری نیە لەسەر هیچ كاندیدێكی یەكێتی بە بەرهەم ساڵحیشەوە.
زانیارییەكان باس لە یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆك كۆمار دەكەن لە نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، بەڵام هێشتا روون نیە كێ كاندیدی هاوبەشە، بەرپرسانی باڵای پارتی ئاماژە بەوە دەكەن تائێستاش تاكە كاندیدیان (رێبەر ئەحمەد)ە، بەڵام دەنگۆی دانانی ( لەتیف رەشید ) وەك كاندیدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار گەرمە. 
ئاماژەی رێككەوتنەكان بەدەركەوتوون، بەڵام یەكێتی و پارتی بەرەسمی نایانەوێت رایبگەیەنن تا دوای چلەی ئیمام حسێن واتا سەرەتای هەفتەی داهاتوو، تا ئەوكاتەی بەتەواوی لایەنە شیعەكان رێكدەكەون لەسەر دیاریكردنی رۆژی كۆبونەوەی پەرلەمان و رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران.
•    بەشیر حەداد جێگری پێشوی سەرۆكى پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە: چاوەڕو‌انی موفاجەئە دەكرێت لە گفتوگۆكانی پارتی‌و یەكێتی‌و لەم ڕۆژانەدا دەرئەنجامەكان دەبینرێن، گفتوگۆكان گەیشتوونەتە ئاستێكی پێشكەوتوو، ئەگەر رێككەوتنیش سەد لەسەد نەكرابێت، ئەوە نزیكین لە رێككەوتن.
•    هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی: مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە رابردوودا دانیشتوون و تیمێكیان پێكهێناوە، كۆبونەوەكانی ئەم تیمە قۆناغی باشی بڕیوە، هەرچەندە تا ئێستا هەردوولا كاندیدی خۆیان هەیە بۆ سەرۆك كۆمار، بەڵام یەكێتی و پارتی نزیكن لە رێككەوتن و گفتوگۆكان بەئاراستەیەكی باشدا رۆیشتوون، چاوەڕوان دەكرێت سەركەوتووبێت.
•    ڤیان دەخیل وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە  پەرلەمانی عێراق: لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەگەڵ یەكێتی گەیشتوینەتە قۆناغی كۆتایی.

كێشە ناوخۆییەكان
لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش یەكێتی و پارتی رێككەوتوون لەسەر پرسی ناكۆكییەكانیان بەتایبەت لەسەر پرسی یەكخستنی داهات و نەمانی كورتهێنان و كێشەی موچەی موچەخۆرانی سلێمانی.
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنیش پەرلەمانی كوردستانیش، سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، پارتی و یەكێتی رێككەوتوون لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هێشتا دوو بۆچون هەیە ئەوانیش:
•    درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ دوو وەرزی یاسادانان بە پشووەكانەوە دەكاتە یەك ساڵ، واتا بۆ ماوەی یەك ساڵ تەمەنی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم درێژبكرێتەوە..
•    درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، واتا هەركات لایەنەكان گەیشتنە رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو ئەوكات وادەكە دیاری بكرێت.
لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، ئەوەی تا ئێستا بەدیدەكرێت هەڵوێستی نەوەی نوێیە كە بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پێش وادەی كۆتایی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان كە لە 6/11/2022 كۆتایی دێت نەوەی نوێ پەرلەمانتارەكانی لە پەرلەمان دەكشێنێتەوەو پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم بە ماوەبەسەرچوو و ناشەرعی لەقەڵەم دەدات، نەوەی نوێ دەیەوێت فشار بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەبەر ئەوەی (دۆخی ناوخۆی هەرێم،  پێگەی هێزە سیاسییەكان، دۆخی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بارودۆخ و نیگەرانی هاوڵاتیان) لەبەرژەوەندی نەوەی نوێیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
بزوتنەوەی گۆڕان جموجوڵێكی سیاسی دەستپێكردووە، بە ئاراستەی یەكخستنی هێزەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی، فشاردروستكردن لەبەرامبەر هەژمونی یەكێتی و پارتی. زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن بزوتنەوەی گۆڕان دركی بەوە كردووە یەكێتی و پارتی لە رێككەوتن نزیكبوونەتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پشتگوێخستنی هێزەكانی تر، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەیەكیان ئامادەكردووەو لە چەند رۆژی رابردوودا عومەر سەید عەلی و وەفدی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی لایەنەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتییان كرد (بەبێ نەوەی نوێ) بەمەبەستی فشارخستنە سەر یەكێتی و پارتی.
لە سەردانەكەدا عومەر سەید عەلی باسی لە زەروریەتی دروستكردنی كارتی فشار كردووە لەلایەن ئەو هێزانەوە، لە پرۆژەكەی عومەر سەید عەلیدا باس لە دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسییەكانی كوردستانی كراوە، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا گفتوگۆ بكرێت لەسەر پرسە چارەنوسسازەكانی هەرێمی كوردستان. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand