Draw Media

راپۆرتی شیكاری: نامیق رەسوڵ  رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا " ئاكەپە" و سەرۆك كۆماری توركیا وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی وڵاتی پێشخست بۆ 24ی حوەزیرانی داهاتوو، هەرچەندە كە بڕیاربوو ئەو دوو هەڵبژاردنە سێی تشرینی دووەمی 2019 و هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ئازاری هەمان ساڵ ئەنجامبدرێن. ئەردۆغان هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی رەتدەكردەوە، بەڵام شێوازیی راگەیاندنی پێشخستنی ئەم هەڵبژاردنە سروشتێكی پلان بۆداڕێژراوی هەیە، رۆژ سێشەممە دەوڵەتی باخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا " مەهەپە" كە پێشووتر نەیارێكی سەرسەختی ئەردۆغان بوو ئێستا هاوپەیمانێتی، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد. ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی نیسانیش دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ باخچەلی، ئەردۆغان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا  وتی " بڕیارماندا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی رۆژی یەكشەممە 24ی حوزەیرانی 2018 بەڕێوەبچێت." دوابەدوای لێدوانەكەی ئەردۆغان ، فراكسیۆنی ئاكەپە و مەهەپە لە پەرلەمانی توركیا رایانگەیاند  رێوشوێنی یاسایی لە پەرلەمان دەگرنەبەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمان لە 24ی حوەزیراندا ." لیژنەی هەڵبژاردنەكان ئامادەكاریی دەكات  سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا رایگەیاند لە چوارشەممە وە ئامادەكارییان بۆ دانانی خشتەیەكی زەمەنی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتی و پەرلەمان دەستپێكردووە و لە دوو رۆژدا تەواوی دەكەن. سەعدی گۆڤەن لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا وتیشی : " داوا لە دادگای باڵا دەكەین دۆكیۆمێنتی پێویستمان بداتێ، ئەوكاتە رونیدەكەینەوە كە كام حزب مافی هەیە بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات". سێ مانگی تر باری نائاسایی پێش ئەوەی ئەردۆغان داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات پەرلەمانی توركیا بڕیاری درێژكردنەوەی باری نائاسایی وڵاتی بۆ سێ‌ مانگی تر پەسەندكرد كە لەلایەن حكومەتی توركیاوە پێشنیازكرابوو. لە دوای هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی توركیا بەردەوام حكومەتی ئەنكەرە باری نائاسایی درێژدەكاتەوە و لەو كاتەشەوە هەڵمەتێكی بۆ دەستگیركردنی نەیارانی حكومەت و داخستنی میدیا ئۆپۆزسیۆنەكان دەستپێكردووە و هەڵمەتەكەش بە شێوەیەكی سەرەكی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" و لایەنگرانی بزوتنەوەی خزمەتی فەتحوڵا گولەنی كردوەتە ئامانج كە ئەردۆغان ئەمەی دووەمیان بە پلانداڕێژەری سەرەكی كودەتاكە ناودەبات. هۆكارەكانی پێشخستنی وادەی هەڵبژاردن راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت  لەلایەن ئەردۆغانەوە لە كاتێكدایە كە توركیا لە رووی ئیقلیمییەوە رووبەڕووی دۆخێكی دژواری سەربازی و ئابوری بوەتەوە و پەیوەندییە دەرەكییەكانیشی لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەكەش خراپە. ئەم هەڵبژاردنانەی توركیا بە یەكلاكەرەوە دادەنرێن لە مێژووی توركیادا،  لە راپرسییەكەی نیسانی 2017دا گۆڕینی سیستمی وڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی پەسەندكرا، ئەم یاسایە دەسەڵاتی زۆر بە سەرۆك كۆمار دەبەخشێت و دوای ئەم هەڵبژاردنە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. بە گوێرەی هەمواری دەستوری توركیا ئەردۆغانی تەمەن ( 64 ساڵ ) كە لە 2003ەوە وەك سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار لە دەسەڵاتدایە، مافی ئەوەی دەبێت خۆی بۆ دوو خولی سەرۆكایەتی پێنج ساڵە كاندید بكات. جەنگیز تورك یەكێك لە سەركردەكانی جەهەپە دەڵێت" پێشخستنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن ئاكەپەوە بەهۆی ئەوەیە كە ترسێكی زۆری لە داڕمانی جەماوەر هەیە لە شەقامی توركیادا و ئەردۆغان ئەو هەنگاوەی ناوە بۆئەوەی هەل بۆ ئەوانی تر نەڕەخسێنێت كاتی تەواوەتیان هەبێت خۆیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئامادەبكەن، وەك ئەوەی كە ئەردۆغان خۆی چەند مانگێكە دەستیپێكردووە و ئەمسەر و ئەوسەری وڵات دەگەڕێت." هاوكات مستەفا ئۆزجان چاودێری سیاسی توركیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " عەرەبی 21 " رایگەیاند ئاراستەیەك لای پارتی دەسەڵاتداری توركیا دروست بووە بە پێویستی دەزانێت كە بەهۆی جێگیربوونی سوپای توركیا لە عەفرین و دۆخی خراپی ئابوری و دابەزینی خێرای بەهای لیرەی توركی هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت. هاوكات تۆران قشڵاقچی نوسەر و رۆژنامەنوسی تورك لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " عەرەبی 21" وتی :" راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت چاوەڕوانكراو بوو، جموجوڵی زۆری ئەردۆغان و وتاری رۆژانەی لە شارەكاندا ئاماژەبوون بۆئەوەی كە هەڵبژاردنی پێشوەخت بڕیاری لێدەدرێت." بە بۆچوونی قشڵاقچی ئۆپەراسیۆنی عەفرین و كێشە دەرەكییەكانی توركیا پێویستیان بە یەكخستنی بەرەی ناوخۆ هەیە و ئەوەش تەنها لە رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بەدی دێت.   هەدەپە و جەهەپە بۆ هەڵبژاردن ئامادەن لە كاردانەوەیدا بەرامبەر راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەخت پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە"  رایدەگەیەنێت كە ئامادەی هەڵبژاردنن. پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی " هەدەپە"  لە پۆستێكیدا لە پەیجی هەدەپە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی: " بە گیانی حەوتی حوەزیرانەوە پێشوازی لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەین و دەیبەینەوە." هەروەها بوڵەند توزجان وتەبێژ و جێگری سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە"  ئامادەیی حزبەكەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت راگەیاند. توزجان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی :" جەهەپە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن وەكو ئەوەی بەیانی ئەنجامبدرێت". وتەبێژی جەهەپە داواشیكرد دەستبەجێ‌ باری نائاسیی لە توركیا كۆتایی پێبهێنرێت و وتی:" پێویستە دەستبەجێ‌ باری نائاسایی كۆتایی بێت، ناكرێت هەڵبژاردن لە ژێر سایەی باری نائاساییدا بكرێت و وڵاتەكەمان پێویستی بەوەیە باری نائاسایی لە ئەمڕۆوە كۆتایی پێبهێنرێت".  سەرۆكی پارتی نیشتمانی توركیاش دوغو برینشیك رایگەیاند حزبەكەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ئامادەیە و وتیشی " ئەمجارە ئەردۆغان براوەی هەڵبژاردنەكە نابێت". كێ‌ ركابەرێتی ئەردۆغان دەكات؟ لە هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆكایەتی توركیادا ركابەری سەرەكی ئەردۆغان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان " سەڵاحەدین دەمیرتاش " بوو كە ئێستا لەدوای كودەتاكەوە لە كونجی زینداندایە و دەیان تۆمەتی ئاراستەكراوە و لە گۆڕەپانی سیاسی دووخراوەتەوەو تا ئێستاش نازانرێت كە هەدەپە كێ‌ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندیددەكات، لەبەرئەوە بەرای چاودێران ئێستا گۆڕەپانەكە بۆ ئەردۆغان تەخت بووە دەتوانێت بە ئاسانی كورسی سەرۆكایەتی بباتەوە، هەرچەندە پێشبینی ئەوەش دەكرێت كە ركابەری تر رووبەڕووی ئەردۆغان ببنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش رێكناكەون پرۆسەكە بە قازانجی ئەردۆغان دەشكێتەوە. وتەبێژی جەهەپە بوڵەند تورجان لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەیدا رایگەیاند بەمزوانە كاندیدای خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی رادەگەیەنن، ئەوەش دوای گفتوگۆی چڕ و قوڵ لەگەڵ پەرلەمانتاران و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی پارتەكەیان. ژنێك چانسی خۆی تاقیدەکاتەوە تا ئێستا بە رەسمی یەك كاندیدا ئامادەیی خۆی بۆ رووبەڕبوونەوەی ئەردۆغان راگەیاندووە لە  هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ئەویش " میراڵ ئاكشینەر " سەرۆكی پارتی چاكە "IYI "، كە پێشتر وەزیری ناوخۆ بووە و كۆتایی ساڵی رابردوو لە مەهەپە جیابوەتەوە و ئەو حزبەی دامەزراندووە. ئاكشینەر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند هیچ بەربەستێكی یاسایی نییە بۆئەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندید نەكات و بۆ بەشداریكردن لەو پرۆسەیە 100 هەزار ئیمزا كۆدەكاتەوە. ئاكشینەر كۆتایی ساڵی رابردوو حزبەكەی حزبەكەی دامەزراندووە و بە گوێرەی دەستوری توركیاش حزبە سیاسییەكان ناتوانن بەشداری  هەڵبژاردن بكەن ئەگەر شەش مانگ بەسەر یەكەمین كۆنگرەی حزبەكەدا تێنەپەڕیبێت. گویل دێتەوە مەیدان؟ دەربارەی ركابەریكردنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ئێستا لەناوخۆی توركیادا باس لە ناوی عەبدوڵا گویل سەرۆك كۆماری پێشوو و هاوڕێی ئەردۆغان دەكرێت كە ئێستا لە ئەردۆغان نیگەرانە و لە ئاكەپە دوووركەوتوەتەوە. شارەزایەكی توركیا پێشبینی ئەوەدەكات كە عەبدوڵا گویل لە رێگەی پارتی سەعادەتەوە ركابەری ئەردۆغان بكات لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، بەڵام ئاماژە بەوەشدەدات كە گویل چانسی لەو ركابەرییەدا لاواز دەبێت ئەگەر نەتوانێت هاوپەیمانێتییەكی بەهێز لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەكاندا پێكبهێنێت. دەربارەی كاندیدكردنی گویل محەمەد ئەمین یەكێك لە سەركردەكانی حزبی سەعادەت بەدووری نازانێت ئەو هەنگاوە بنێن و رایدەگەیەنێت حزبەكەی لە گفتوگۆدایە و تا ئێستا بڕیاری نەداوە و هەموو بژاردەكان تاوتوێدەكەن. ئامادەکردنی: نامیق رەسوڵ سەرچاوە: ئاژانسەکانی هەواڵ    


راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف  لەدوای دەركەوتنی ئەنجامی ریفراندۆمی 25ی ئەیلول كە لەبری رزگاریی و سەربەخۆیی، كارەسات و نەهامەتی بۆ هاوڵاتیان پێبوو، عەڕابی ئەو ریفراندۆمەش كە خودی مەسعود بارزانی بوو كە ( دوو خول سەرۆكی هەرێم و دوو ساڵ بۆی درێژكرایەوە و دووساڵیش پۆستەكەی جێنەهێشت).  شكستی ریفراندۆم، شكستی هەنگاو و ئەجێندای بارزانی بوو، بۆیە ریفراندۆم لەبری سەربەخۆیی بارزانی ناردە ماڵەوە، كە رەنگە بەشی زۆری ون بوونی بارزانی بۆ دەرنەچوونی پێشبینیەكانی بۆبێت، بەتایبەت " ریفراندۆم هیچ كارەساتێكی بەدوادا نایات، پشتیوانی نێودەوڵەتیمان هەیە، سەربەخۆیی رادەگەیەنین، ئەگەر سەرنەكەوتین بڵێن ئەم پیاوە شێت بووە و سوار سەری خۆی بووە". تەنها شكستی ریفراندۆم نەبوو كە بارزانی ناردە ماڵەوە، روانینێكی تر دەڵێت، كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا و مام جەلال بارزانی ناردە ماڵەوە و ئەو خۆی لە پرۆسەی سیاسی بەدوورگرتووە، زانیاریەكان دەڵێن بەشداری پرۆسەی بانگەشەی حزبەكەشی ناكات، وەك ئەوەی لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی هەڵمەتەكەی كرد، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بارزانی دەگەڕێتەوە سەر شانۆی سیاسی یاخود نا ؟  دەوترێت ساڵی 2017 ساڵی ماڵئاوایی جیلی یەكەمی سیاسی بوو لە هەرێمی كوردستان ، نەوشیروان مستەفا و مام جەلال ماڵئاواییان كردوو كۆچی دواییان كرد، مەسعود بارزانیش لەسەر ئەرزی واقیع ژیانی سیاسی كۆتایی هات و لەرووی سیاسیەوە مرد. ئەگەرەكانی نەگەڕانەوەی بارزانی: 1-    شكستی ریفراندۆم و لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی كوردستان كە كارتێك بوو دەكرا هەمیشە كورد تا دەیان ساڵی دیكە شەڕی مافەكانی پێبكات لە بەغداو  ناوچەكەش، بەڵام ئەو كارتە بە ئاسانی لەدەست بارزانیدا سوتا، بارزانی چەندین جار بەڵێنیدا ئەگەر سەری نەگرت، ئەوا سەری خۆی هەڵدەگرێت ، بۆیە دەیەوێت تا هەستانەوەی پێگەی كورد و لەبارنەبوونی بارودۆخەكە نەگەڕێتەوە ناو دیمەنە سیاسییەكە. 2-    شكستی ریفراندۆم، كۆتایی قۆناغی بارزانی و دەستپێكردنی قۆناغی پۆست بارزانی بوو، بەو پێیەی دواكارتی بارزانی بۆ مانەوەی بە زیندوویی راكێشراو سوتا، ژیانی سیاسی خۆشی پێوە سوتاند. 3-    ریفراندۆم خاڵی كۆتایی ژیانی سیاسی بارزانی بوو، بەو پێیەی ریفراندۆم بەشێك لە جوڵەی سیاسی بارزانی وەك كارەكتەرێكی سەرەكی سیاسی كۆتایی پێهێنا.  4-    دەوترێت بارزانی تاقەتی سیاسەتی نەماوە، وەك یەكێك لە نزیكەكانی بارزانی رایگەیاندووە كە مەسعود بارزانی لەدوای كۆچی دوایی ( نەوشیروان مستەفا و مام جەلالەوە) تاقەتی سیاسەتی نەماوە، بەو پێیەی كەس بە هاوشانی خۆی نابینێت و پێشی وایە ململانێی سیاسی لەگەڵ ئەم كارەكتەرانەی ئێستا لەبری بەهێزبوون، هێندەی تر بارزانی لاواز دەكات. 5-    ئەگەر گۆڕانكارییە نێودەوڵەتییەكان لە قازانجی بەرەی روسیا و ئێران و شیعە بوون، ئەوا ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی لاواز دەكەن و مەودای گەڕانەوەشی بۆ شانۆی سیاسی دووردەخەنەوە. 6-    لاوازی پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزب لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەش كە پێشتر خاوەنی پێگەیەكی بەهێز و پەیوەندیەكی فراون بوو. 7-    نەمانی متمانەی نێودەوڵەتی و عێراقی و هەرێمایەتی بۆ كارەكتەری بارزانی كە هەموو داوایان لێكرد ریفراندۆم نەكات بەڵام كردی، بۆیە دروستكردنەوەی ئەو متمانە نێودەوڵەتییە بۆ بارزانی هەروا ئاسان نیە.  ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی بۆسەر شانۆی سیاسی 1-    ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاریگەری دەبێت لەسەر گەڕانەوەی بارزانی بۆسەر شانۆی سیاسی، بەو پێیەی ئەگەر لە هەڵبژاردنەكاندا پارتی و یەكێتی دەنگی زۆرینەیان بەدەستهێنایەوە و پێگەی خۆیان بەدەستهێنایەوە لە بەغداد، بەغداد ناچارە لەگەڵ بارزانیدا مامەڵە بكات چونكە پێی وایە لە پشتی روداوەكان  و سیاسییەكانی پارتی و یەكێتیشەوە بارزانی ئامادەیی هەیە و كاراكتەری سەرەكیە. 2-    نەبونی دەستوری هەرێم گەڕانەوەی بارزانی ئاسانتر دەكات، بەو پێیەی ئێستا هیچ رێگرییەكی دەستوریی نیە بۆ گەڕانەوەی بارزانی كە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بگەڕێتەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی خۆ ئەگەر پرسی دەستوریش بێتە پێشەوە، جارێكی تر لەوێدا پینەی رابردوو بۆ بارزانی دەكەن و گەڕانەوەی بارزانی مسۆگەردەكەن. 3-    بارزانی تا ئێستاش ركابەری نیە، بەتایبەتیش هێزە ركابەرەكانی كۆك نین لەسەر ركابەرێك، كە بە جدی هەوڵی بۆ بدەن و پشتگیری بكەن و لەبەرامبەر بارزانی راستی بكەنەوە، بەتایبەتیش لەدوای كۆچی دوایی ( مام جەلال و نەوشیروان مستەفا). بەو پێیەش  هۆكاری سەرەكی لاوازی بەرامبەرەكانیەتی كە  تائێستاش نەیانتوانیوە ركابەری بدۆزنەوە و بەدیلی بارزانی پێشكەشبكەن، بە واتایەكی تر بەدیلیان نیە بۆ بارزانی. 4-    ئەگەر پارتی دەنگی زۆرینە بێنێتەوە و بەهۆی ناكۆكی لایەنە عێراقیەكانەوە هەولێر ببێتەوە بە چەقی پێكهێنانی كابینەی نویًی حكومەتی عێراق، ئەوەش لە پێناو راستكردنەوەی هاوسەنگی هێزەكان لە عێراق، ئەو كات بارزانی دێتەوە ناو شانۆی سیاسیی. 5-    دەوامكردنی بارزانی لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم و مانەوەی تیمی سەرۆكایەتی هەرێم وەك خۆی و بینینی میوان و وەفدەكان لە هەمان شوێنی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن بارزانیەوە، ئەوە نیشان دەدات كە وازهێنانی بارزانی كاتیە و هەركات بیەوێت دەگەڕێتەوە. 6-    سەركەوتنی هەندێك هێز لە عێراق و مامەڵە و سەودای پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەتیش دڵداری سیاسی ژێربەژێری نێوان پارتی و نوری مالیكی لەلایەك و پارتی و عەلاوی و نوجێفی لەلایەكی تر، بە عەبادیشەوە. ئەمە ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی زیاتر دەكەن. 7-    بەهێزی پەیوەندییەكانی پارتی بەهێزە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانەوە، دوور نیە ئەگەر لە داهاتوودا شوێنگرەوەی بارزانی نەبوو، بارزانی بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی. 8-    گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان لە ناوچەكەدا ئەگەر لە قازانجی بەرەی توركیا و سوننە بوو ئەوا ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی بەهێزتر دەكەن. دۆخی ئاڵۆزی ناوچەكەو گۆڕانگاریە خێراكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و پێویستی پارتی بە خودی بارزانی، بەتایبەتیش ئەگەر پارتی پارێزگاری لە كورسیەكانی بكات و وەك هێزی یەكەم بمێنێتەوە، ئەوا دوور نیە بە سیناریۆی جیاواز جارێكی تر بارزانی نەهێننەوە ناو شانۆ سیاسیەكە، بەو پێیەی تا ئێستاش بارزانی لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم دەوام دەكات و تیمەكەی وەك خۆیەتی، بەڵام باڵادەستی ئێران لە ناوچەكەو هەڵكشانی كێرڤی دەنگی نەیارانی بارزانی لەبەغداد و تاران و ئەنقەرە و لە ئاستی ناوخۆشدا،ئەگەرەكانی هاتنەوەی بارزانی بۆسەر شانۆی سیاسی بەتەواوی لاواز كردووە    


حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی چوارشەممە 18ی نیسانی 2018ی بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانەوە كردە پشووی فەرمیی، لەم راپۆرتەدا  بە زانیاری زۆر دەربارەی ئاینی ئێزدیی و زمان و بیروباوەڕ و پێكهاتەیان ئاشنادەبیت: ئاینی ئێزدیی ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە رەسەنە و دێرینەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زانیاری ئەوتۆ سەبارەت بەم ئاینە لەبەردەستدا نییە، بەهۆی ئەوەی باوەڕدارانی ئەم ئاینە باسی ئاین و بیروباوەڕەكانیان بۆ كەسانی تر ناكەن و بەهۆی ئەوەشی كە لە مێژوویاندا رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی پاكتاوكردن بوونەتەوە كە دواهەمینیان هێرشی چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" بوو بۆسەر شەنگال و ناوچە ئێزدیی نیشنەكانی پارێزگای نەینەوا كە بەهۆیەوە هەزاران  كەسیان لێكوژرا و هەزاران ژن و كچ و منداڵیشان كرانە كۆیلە و كەنیزەك لەلایەن داعشەوە، سەرەڕای ئەوەی كە ئێزدییەكان زۆر رووبەڕووی ستەم و چەوساندنەوە و پاكتاوكردن بوونەتەوە، بەڵام بەردەوام پابەندی ئاینەكەیانن و باوەڕیان وایە كە ئاینەكەیان رێگای رزگاربوونە. ئامارێكی دروستی ژمارەی ئێزدییەكان لە بەردەستدا نییە، چەند سەرچاوەیەك ژمارەیان بە 300 هەزار بۆ 750 هەزار كەس دەخەمڵێنن و بە زۆریش لە باكوری خۆرهەڵاتی موسڵ لە عێراق و باكوری سوریا نیشتەجێن. ئێزدییەكان خۆیان بە تایەفەیەك دادەنێن كە لە ئەزەلەوە هەن و بە تەنها لە وەچەی ئادەمن و بڕوایان وایە كە ئادەم تۆوی خۆی لە دەفرێكدا داناوە و پاشان وەچەی ئێزدیی لێوە پەیدابووە و پاشان خودا حەوای خەڵقكردووە و هاوسەرگیری لەگەڵ ئادەمدا كردووە و مرۆڤەكانی تری جگە لە ئێزدیی لێكەوتوەتەوە و بەوەش خۆیان بە وەچەیەكی زۆر تایبەتمەند دادەنێن. چیرۆكی شەیتان " ئیبلیس" لە ئاینی ئێزدییدا ئاینی ئێزدیی لە چیرۆكی سوجدە نەبردنی ئیبلیس بۆ ئادەم لەگەڵ ئیسلامدا هاوڕایە، لە ریوایەتی ئاینی ئیسلامدا قورئان لە ئایەتی " 34"ی سورەتی " البقرە" دا ئاماژەی بەوە چیرۆكە داوە و هاتووە: "ۆإِژْ قُلْنَا لِلْمَڵائِكَەِ اسْجُدُواْ ڵادَمَ فَسَجَدُواْ إِلاَّ إِبْلِیسَ أَبَی ۆاسْتَكْبَرَ ۆكَانَ مِنَ الْكَافِڕینَ". بەڵام ئێزدییەكان لەگەڵ ئەنجامی بەشی دووەمی ئەو ئایەتەدا جیاواز و ناكۆكن، ئەوان بڕوایان بەوە نییە كە ئیبلیس بەهۆی رەتكردنەوەی سوجدە بۆ ئادەم سزادرابێت، بەڵكو باوەڕیان وایە كە خودا ئیبلیسی خەڵات كردووە و كردوویەتی بە سەرۆكی مەلائیكەتەكان، بەهۆی ئەوەی تاكە مەلائیكەت بووە لە تاقیكردنەوەی خودا دەرچووە، چونكە خودا دوای خەلقكردنی مەلائیكەتەكان داوای لێكردوون جگە لە ئەو سوجدە بۆ كەس نەبەن و دوای خەلقكردنی ئادەمیش كە داوای لێكردوون سوجدەی بۆ بەرن وەك جۆرێك لە تاقیكردنەوە وابووە و جگە لە ئیبلیس كەسیان تێیدا دەرنەچوون ، بەوەش شیاوی ئەوە بووە كە خودای گەورە بیكاتە سەرۆكی مەلائیكەتەكان، كە ئێزدییەكان بە " تاووس مەلەك" ناویدەبەن و هەموو رۆژێك پێنجار نوێژی بۆ دەكەن. ئاینی ئێزدیی ئاینێكی موژدەبەر " تەبشیری " نییە و هیچ كەسێكی تازە ناتوانێت ببێت بە ئێزدیی بەڵكو دەبێت ئەو كەسە لە لەدایكبوونییەوە ئێزدی بێت واتە لە دایك و باوكێكی ئێزدیی لەدایك ببێت،  ئەوان خۆیان  بە " خواپەرست" وەسفدەكەن و دەڵێت ناوی ئاینەكەیان ئەو واتایە دەگەیەنێت و خواوەندی گەورەشیان بە " ئێزدان" ناسراوە و پێگەیەكی زۆر باڵای هەیە لایان بە جۆرێك نابێت راستەوخۆ بپەرسترێت، بەڵكو بە خاوەن هێزێكی شارەواەی لەبن نەهاتووە و لەگەڵ ئەوەدا كە خوڵقێنەری گەردوونە بەڵام پاسەوانی گەردوون نییە. مەزار و شوێنە پیرۆزەكانی ئێزدییەكان ئێزدییەكان خاوەنی چەندین شوێن و مەزاری پیرۆزن، یەكێك لەوانە مەزاری " شەرفەدینە" لە چیای شەنگال ، هەروەها پەرستگای " لالش" لە قەزای شێخانی باكوری خۆرئاوای موسڵ و ئێزدییەكان لە حەجدا دەچنە ئەم پەرستگایە و زۆربەی مەراسیم و سروتە ئاینییەكانیانی تێدا ئەنجامدەدەن. زمان و كتێبی پیرۆز ئێزدییەكان بە زاراوەی كرمانجی ژوورووی زمانی كوردی قسەدەكەن و زمانی رەسمی مەراسیم و سروتە ئاینییەكانیشانە، خاوەنی سیستمێكی ئاینیی و ئیداریی دێرینن كە لە كۆنەوە بۆیان ماوەتەوە و هەروەها چەند نەریت و كەلەپوری هاوبەشیان لەگەڵ ئاینیەكانی تردا هەیە. بەشێك لە ئێزدییەكان دەڵێن كتێبێكی پیرۆزیان هەیە بەناوی " مەسحەفا رەش" بەڵام زۆرینەیان جەختدەكەنەوە كە ئەم كتێبەیان نەبینوە هەرچەندە جەخت لە بوونی دەكەنەوە. ئایینی ئێزدی كاریگەری هەبوو بۆسەر ئاینەكانی تر و ئاینەكانی تری دراوسێشی كاریگەریان كردوەتە سەری، ئەم ئاینە لە بە پیرۆزدانانی خۆر و مانگدا لە ئایینی زەردەشتی و لە حەرامكردنی چەند خۆراكێكدا لە ئاینی جولەكە و  لە چەند ریتمێكی میوزیكیشدا لە ئاینی مەسیحی  و لە نوێژ و زەكات و حەج و خەتەنەكردنیشدا لە ئاینی ئیسلام دەچێت. بە گوێرەی چەند چاوپێكەتنێك لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ و چەند ئەكادیمییەك، رۆژووگرتن لای ئێزدییەكان دابەشدەبێت بۆ دوو رۆژووگرتن، یەكەمیان رۆژووگرتنی تایبەتە كە 80 رۆژە ( 40 رۆژ لە هاوین و 40 رۆژ لە زستان )، دووەمیشیان رۆژووگرتنی گشتییە واتە ( رۆژووی ئێزید ) كە سێ‌ رۆژە لە ساڵێكدا : سێشەممە، چوارشەممە و پێنج شەممەی هەفتەی دووەمی مانگی 12ی هەموو ساڵێك، دوای ئەوەش جەژنی ئێزید دێت كە یەك رۆژە. هەروەها ئێزدییەكان سێ‌ رۆژی تر لە مانگی دوومی هەموو ساڵێك بە رۆژوودەبن و دەبێتە بێكەوێتە ( دووشەممە و سێشەممە و چوارشەممە ) و بە رۆژووی خدر ئەلیاس ناودەبرێت و پاشان جەژن دێت كە یەك رۆژە. جەژنی سەری ساڵ ( چوارشەمبە سۆر ) هاوشێوەی ئاینەكانی تر ئێزدییەكانیش چەندین جەژنی تایبەت بە خۆیان هەیە، یەكێكیش لەو جەژنانە جەژنی سەری ساڵی ئێزدییە كە پێی دەڵێن جەژنی " چوارشەمبەی سۆر". جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكان دەكەوێتە یەكەمین چوارشەممەی مانگی نیسانی خۆرهەڵاتی هەموو ساڵێك، كە 13 رۆژ  جیاواز و درەنگترە لە مانگی نیسانی زاینیی و بەمشێوەیە سبەی چوارشەممە 18ی نیسان جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانە. ئێزدییەكان بە گوێرەی پێگەی ئاینی دەكرێن بە چەند چینێكەوە: یەكەم: چینی رۆحانییەكان: ئەمەش دەكرێن بە دوو گروپەوە: 1-    گروپی پیر: ئەمە كۆنترین گروپی ئاینی ئێزدیین، بە تێپەڕبوونی كات كەمبونەتەوە و بەهۆی ئەو هەڵمەتانەشی كە كراوەتە سەریان ژمارەیەكی كەمیان ماوەتەوە. 2-    گروپی شێخ: دوای لاوازبوونی گروپی پیر لە راپەڕاندنی ئەركە ئاینییەكاندا، لەسەر دەستی شێخ عادی بن مسافر ئەم گروپە دامەزرێنرا بۆئەوەی ئاینی ئێزدیی كۆبكاتەوە، ئەم گروپەش دابەش دەبەێت بۆ چەند چینێك، ئەندامەكانی هەر چینێك ناتواننجگە لە چینەكەی خۆیان هاوسەرگیری بكەن، ئەمەش چینەكانن: •     شێخ شەمش •    شێخ حەسەن •    شێخ بەكر •    شێخ ناسرەدین و .... هتد. 3-    چینی فەقیر: ئەمانە چینی خواپەرستن و پۆشاكێكی سپی تایبەت بە خۆیان هەیە و قژێكی درێژیان هەیە. 4-    چینی حادی یان قەواڵەكان: ئەمانە ئەو دەروێشانەن كە پلەی ئاینی وەك ( خواپەرست و باوەڕدار) یان هەیە، قەواڵ هەر كەسێك كە سرودە ئاینییەكان دەڵێت و سەربە یەك عەشیرەتن و ناوەندی سەرەكییان دەكەوێتە نێوان  ناوچەی باشیك و بەحزانی لە پارێزگای نەینەوا. 5-     چینی كەواچك: كەواچك كۆی وشەی " كوچك" ە كە بە مانای دیوەخان دێت چینێكن لە خەڵكی گشتی و پۆشاكی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەركەكەیان بریتیە " لە دۆزینەوەی چارەنوسی مردووان باش بێت یان خراپ لەگەڵ پەیوەندیكردن بە جیهانی غەیبەوە بۆ زانینی دۆخی ئێستا و داهاتوو" دەتوانین بڵێین ئەركەكەیان زیاتر رۆحانییە. 6-    چینی موریدەكان: نزمترین چینی ئێزدییەكانە و لە رابردوودا ئەركیان گوێڕایەڵی كوێرانە بووە، بەڵام نەوەی نوێی ئەم چینە ئێستا زۆر مەیلیان بۆ چەمكە مەدەنییەكان هەیە و زۆر ملكەچ نین و زەكات نادەن، و مافی ئەوەشیان نیە لەگەڵ چینەكانی تردا هاوسەرگیری بكەن. هەندێك لە ئێزدییەكان خۆیان تەنها بەسەر سێ‌ چیندا دابەشدەكەنن لەسەر ئەو بنەمایەی كە چینی كوچك و حادی لە بنەڕەتدا لە چینی موریدەكانن و چینی " پیر" یش چینێكی جیاوازن لە چینی " شێخ" بەڵام ئەوەی راستییەكی پشتڕاستكراوەیە كە ئەوەیە هاوسەرگیری لە نێوان پەیڕەوانی ئەو پێنج چینەدا رێگەی پێ نادرێت، هەتا تەنانەت لە ناو یەك چینی وەكو شێخەكانیشدان بۆ نمونە كەسێكی سەر بە گروپی شێخ حەسەن ناتوانێت لەگەڵ كەسێكی شێخ ناسرەدین یان گروپێكی تر هاوسەرگیری بكات. ئامادەكردنی : نامیق رەسوڵ     


 ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا حیزبەكان بە كۆمەڵێك كاندیدی زیاتری دوبارەوە دەچنە كێبەركێی هەڵبژاردنەوە، هەندێك پێیان وایە ئەمە ئاساییە، چونكە كاری پەرلەمانتاری ئەزموونە و گرنگە لیستەكان خەڵكانی بەئەزمونیان تێدا بێت، هەندێكی تر وەكو نەنگییەك لە لیستەكانی هەڵبژاردن تەماشای دەكەن و وەكو داخستنی دەرگا بەڕوی دەموچاو و بیری نوێ وێنای دەكەن. كاندیدكردنەوەی پەرلەمانتار و وەزیر و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەلایەن حزبەكانی هەرێمی كوردستانەوە، رەنگە چەندین هۆكاری جیاوازی هەبێت كە بەلای حزب و قەوارە سیاسییەكانەوە گرنگن، رەنگە یەكێك لەو هۆكارانە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و گەرەنتیكردنی سەركەوتنی كاندیدەكان بێت، چونكە ئەوانەی پێشتر كاندیدكراون بۆ پۆست و پلە جیاوازەكان زیاتر لەلای دەنگدەران ناسراون بن بە بەراورد لە كەسانی تر كە بۆ جاری یەكەمە بەشداری ئەم تاقیكردنەوەیە دەكەن، لەوانەشە هۆكارێكی تری ئەو دووبارە كاندیدكردنەوانە پەیوەندی بە تەكەتولەكانی ناو حزبەكانەوە هەبێت. هەرچەند لە سێ خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا حاڵەتی دوبارەكردنەوەی كاندیدەكان هەبووە، بەڵام بەبەراورد بە هەڵبژاردنی ئەمجارە ژمارەیەكی كەمتر بووە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەدا كە بڕیارە رۆژی 12ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبێت، دەموچاوی دوبارە بەشێكی زۆری لیستەكانی داگیركردووە. (درەو) لەم راپۆرتە شیكارییەدا ناوی كاندیدی دووبارەی لیست و هاوپەیمانێتییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات: یەكەم/ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان سەرۆكی لیستەكانیان لە هەولێر و سلێمانی هەمان كاندیدی پێشوون و ئێستاش ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن . 1-    ئەحمەد حاجی رەشید سەرۆكی لیستی كۆمەڵ لە پارێزگای سلێمانی، لە هەڵبژاردنی پێشوودا سەرۆكی لیستی كۆمەڵ بووە و ئێستاش سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامییە. 2-    زانا رۆستایی، سەرۆكی لیستی كۆمەڵ لە پارێزگای هەولێر، لە هەڵبژاردنی پێشوودا كاندیدی كۆمەڵ بووەو پێشتریش پەرلەمانتاری كۆمەڵ بووە لە پەرلەمانی كوردستان و ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 3-    سەلیم شوشكەیی، كاندیدی كۆمەڵ لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 4-    دارا حەمە ئەمین، كاندیدی كۆمەڵ لە پارێزگای سلێمانی، پێشتر وەزیری ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوەردستان بووە. دووەم/ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەرۆكی لیستەكانی یەكگرتووی ئیسلامە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی دووبارەن. 1-    موسەننا ئەمین، سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای سلێمانی، لە هەڵبژاردنی رابردوودا بەهەمان شێوە سەرۆكی لیستی یەكگرتوو بووە و ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 2-    عومەر كۆچەر، سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای دهۆك، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 3-    حاجی كاروان، سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە. 4-    شێركۆ جەودەت، كاندیدی یەكگرتوو لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی پەرلەەمانی كوردستانە. 5-    كەژاڵ هادی، كاندیدی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە. 6-    جوان حەسەن، سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای كەركوك، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە. 7-    ژمارەیەك كەسی تر كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا كاندیدكراون و دەرنەچوون، بەڵام ئێستا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاندیدكراونەتەوە. سێیەم / یەكێتی نیشتیمانی كوردستان  لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئێستا خۆیان كاندیدكردوەتەوە:  1-    رێزان شێخ دلێر، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 2-    بەختیار شاوەیس، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە.  3-    نەوزاد رەسوڵ، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 4-    ئارێز عەبدوڵا، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 5-    رێبوار تەها، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای كەركوك، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە . 6-    ژمارەیەك كەسی تر كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا كاندیدكراون و دەرنەچوون، بەڵام ئێستا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاندیدكراونەتەوە . چوارەم / بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكی لیستەكانی هەولێر و سلێمانی لە بزوتنەوەی گۆڕان دوبارەن: 1-    یوسف محەمەد، سەرۆكی لیستی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، سەرۆكی لیستی پێشووی گۆڕان و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان    2-    كاوە محەمەد، سەرۆكی لیستی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر، پێشتر سەرۆكی لیستی گۆڕان بووە لە هەولێر و ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 3-    ئەمین بەكر، كاندید گۆڕان لە پارێزگا سلێمانی، ئێستا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. 4-    هۆشیار عەبدوڵا، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 5-    عەدنان عوسمان، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، پێشتر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە. 6-    بەهار مەحمود، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە. 7-    غالب محەمەد، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە. 8-    عەبدولڕەحمانی موهەندیس، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرە. 9-    هێڤی هەیاف، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرە. 10-    سیوەیل عوسمان، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر، پێشتر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە . 11-    ژمارەیەك كەسی تر كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا كاندیدكراون و دەرنەچوون، بەڵام ئێستا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاندیدكراونەتەوە. پێنجەم/  پارتی دیموكراتی كوردستان  پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارەیەك كاندیدی دووبارەی خستوەتە ناوی لیستەكەیەوە: 1-    عەرەفات كەرەم، كاندیدی پارتی لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە.  2-    بەیار دۆسكی، كاندیدی پارتی لە پارێزگای دهۆك، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە . 3-    دانا جەزا، كاندیدی پارتی لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە . نەوەی نوێ رابون مەعروف - سەرۆكی لیستی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە لە فراكسیۆنی گۆڕان لەبارەی كاندیدكردنەوەی دەموچاوە كۆنەكانەوە لەناو لیست و هاوپەیمانێتییەكانەوە، هەندێك لە چاودێرانی سیاسی بۆچونی جیاواز دەخەنەڕوو. لە وتارێكدا بەناوی "مەترسییەكانی دووبارە كاندیدكردنەوەی پەرلەمانتاران"، د. كاروان عەلی بەتایبەتی لەبارەی ناوە دوبارەكانی لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نوسیویەتی:   1-    خیانەت و خۆفرۆشی لەنێو ماڵی كورد لەبەغدا زیاد دەكاو هەندێكیان دەستیان تێكەڵ دەكەن لەگەڵ ناحەزانی كورد وەك لە رابردوو بینیمان 2-    دەرگا داخستن بەرووی كادرانی دڵًسۆز و نەهێنانە پێشەوەی خوێنی نوێ، دەبێتە مایەی نیگەرانیەكی زۆرو دیسان كۆچكردنی كادیرانی یەكێتی بۆ نێو حزبەكانی تر دەست پێدەكاتەوە 3- كاندیدكردنەوەی پەرلەمانتارەكان بۆ خولێكی تریش، زیانێكی گەورەی دەبێ بۆ سەنگ و دەنگەكان، چونكە خەڵكی كوردستان تێبینی و سەرنجی زۆریان هەیە لەسەر ئەداو توانای سەرجەم پەرلەمانتاران بە هی یەكێتیشەوە، بۆیە خەڵك دەنگ نادا بەو دەمووچاوە دووبارانەو لە ئەنجامدا دەنگی یەكێتی كەمدەبێتەوەو هی حزبەكانی تر زیاد دەكا. ئەمە زیاتر راستەو كاریگەریی هەیە لە كەركوك و ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان پێشتریش حاكم شێخ لەتیف پسپۆڕی یاسای دەستوری و پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی ناوە دوبارەكانی لیستی گۆڕان لە نوسینێكدا بەناوی " میراتی نەوشیروان مستەفا" نوسیویەتی: میراتێكی زۆر ڕون و ئاشكرای نەوشیروان مستەفا  ئەوەبوو كە هیچ كەسێك لەناو گۆڕان لەیەك جار زیاتر سودمەند نەبێت لە پۆستەكان، چونكە بەداخەوە لەم وڵاتە پلەو پۆست بەبازرگانی كراون، بۆ ئەوەی زۆرترین هەل بۆ زۆرترین خەڵك بڕەخسێت و وەك دوو حیزبی دەسەڵاتدار پۆست و پلەكان بۆ ژمارەیەك دەموچاو قۆرخ نەكرێن و ئەزمونی ئەوان دوبارە نەكەنەوە، ئەوە ڕاستیە ئەو لەژیانی خۆیدا ڕێگای نەدا بەكەس دووجار سودمەندبێت، چەندە بەتواناش بوبێت، هێنانەوەی هەر بیانویەك بۆ دوبارە خۆكاندید كردن لادان و فێڵكردنە لە ڕێبازی كاك نەوشیروان.  


ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت لەدوای شكستی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، ئەوە تەنیا دەسەڵاتە فیدراڵییەكان نەبوون كە گەڕانەوە بۆ فڕۆكەخانە و دەروازە سنورییەكانی هەرێم، بۆ یەكەمجاریش لەدوای ئەو ریفراندۆمەوە لیست و لایەنە عێراقییەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە هاتنە ناو هەرێمی كوردستانەوە. سەرەڕای ئەوەی لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، هەرێمی كوردستان بەپێی دەستور لە چوارچێوەی عێراقدا مایەوە، بەڵام هیچ كاتێك لیست و حزبە عێراقییەكان هاوشێوەی ئێستا لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لیستیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان نەبووە، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەیەك لیستی عێراقی لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر- سلێمانی- دهۆك) كاندیدیان هەیە، جگە لەوەی كە لە كەركوكیش بە چڕی زۆرینەیان كێبركێی لیستە كوردییەكان دەكەن. بەشێوەیەكی گشتی (4) رەوت و هاوپەیمانی عەرەبی لە هەرێمی كوردستان كاندیدیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەهەمویانەوە (47) كاندیدیان هەیە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم. رەوتی حیكمەی نیشتمانی عەممار حەكیم كە بەر لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی جیابوەوە و رەوتێكی نوێی بەناوی (حیكمە) دامەزراند، لیستێكی لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە كە لە (14) كاندید پێكدێت. حەكیم لەو سەركردە سیاسیانەی عێراقە كە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ لایەنە كوردییەكاندا هەیە و بەردەوام سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات. لیستی كاندیدەكانی رەوتی حیكمە بۆ پارێزگای سلێمانی: 1-    قادر حەمەرەئوف مەجید/ سەرۆكی لیست 2-    عیسا رەشید عەبدولفەرەج 3-    خواستی ئیسماعیل عەلی محەمەد 4-    سوارە عومەر كەریم ئەحمەد 5-    چراخان لەتیف عارف محەمەد ساڵح 6-    عەبدولسەمەد فاتیح فەتاح ئیسماعیل  7-    شۆڕش ئەحمەد حەمەئەمین ساڵح 8-    دڵسۆز عەلی عارف قادر 9-    نامیق عەبدوڵا محەمەد كەریم 10-    زارا كەریم ئەحمەد شەریف  11-    رەنجدەر فەتاح رەشید فەرەج 12-    گوڵاڵە جەلال ساڵح شەریف 13-    سندوس نەجمەدین مەجید مەعروف 14-    سەركۆ عومەر محەمەد ئەحمەد لیستە عێراقییەكان 47 كاندیدیان لە هەرێمی كوردستان هەیەو 4 رەوت و هاوپەیمانێتی عێراقی لە هەرێم كاندیدیان هەیە     ئیئتیلافی نیشتمانی  ئیئتیلافی نیشتمانی كە ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات بەهەمان شێوە لیستێكی لە پارێزگای سلێمانی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لیستەكەی عەلاوی لە سلێمانی لە (4) كاندید پێكدێت: 1-     سامان عوسمان حسێن مەحمود/ سەرۆكی لیست 2-    سیروان موحسین خالید جەمیل 3-     زێڕین ئەحمەد ئەمین عەزیز 4-     شیرین جەمال فەرەج قادر   هاوپەیمانی سەركەوتن " النصر": هاوپەیمانی سەركەوتن كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات لە (سلێمانی و هەولێر و دهۆك) لیستی كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، لیستەكەی عەبادی لە سلێمانی (9) كاندید لەخۆدەگرێت: 1-     ژیان عەبدوڵا نوری عەبدوڵا 2-     محەمەد نوری سەیفەدین محەمەد نوری محەمەد سەعید 3-    ئیبراهیم رەشید عەبدوڵا عارف 4-     بەكر حەبیب مەحمود محەمەد 5-    ئومێد عەبدوڵا ساڵح عەبدولڕەحمان 6-     شادمان رەشید زۆراب عەلی 7-     سائیرە ئەكرەم محەمەد ساڵح 8-     شیان رەشید رەحیم ئەمین 9-     عیماد ئیسماعیل عەبدولقادر یوسف عەممار حەكیم 14 كاندیدی لە سلێمانی هەیە، ئەیاد عەلاوی 4 كاندیدی لە سلێمانی هەیە، عەبادی لە سلێمانی 9 كاندیدی هەیە، عەبادی لە هەولێر 8 كاندیدی هەیە، عەبادی لە دهۆك 6 كاندیدی هەیە   هاوپەیمانی سەركەوتن لە پارێزگای هەولێریش لیستێكی كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، لیستەكەی هەولێری حەیدەر عەبادی پێكدێت لە (8) كاندید: 1-    جەرجیس محەمەد حسێن عەدیل (جەرجیس گولیزادە)/ سەرۆكی لیست 2-    عیماد كەمال سەعید مەولود 3-    بەدیع شەرەفەدین عەزیز رەفیق 4-    ھیمان  رەمزی مەحمود عەلی 5-    خالید عەلی فارس ئەمین 6-    ئیبراهیم سەمین ئەمین خورشید 7-    ئەسرا شەرەفەدین عەزیز رەفیق 8-    فەرقەد محەمەد زەیدان زەنون هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی بەهەمان شێوە لە پارێزگای دهۆك لیستی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لیستەكەی عەبادی لە پارێزگای دهۆك پێكدێت لە (6) كاندید: 1-     ناسر تۆفیق رەشید/ سەرۆكی لیست 2-     شێركۆ عابید محەمەد رەشید 3-     رەوشەن عەبدولسەلام حەسەن ئەتروشی 4-     ئەنوەر محەمەد مەعسوم ئەنوەر 5-     فادیە حسێن محەمەد ئەمین 6-     عومەر عەلی سەعید عەبدولقادر رەوتی نیشتمانی عەشائیری لە عێراق ئەمەش رەوتێكی عێراقییە و لە پارێزگای هەولێر لیستێكی هەیە و لیستەكە لە (6) كاندیدی هەیە: 1-    فەیسەڵ عارەب حەمەد ئیسماعیل 2-    زانا عەزیز كەریم جەرجیس / سەرۆك زانا 3-    فازیل عەزیز كەریم جەرجیس 4-    دڵخۆش قادر ئیبراهیم قادر 5-    مژدە عەزیز كەریم جەرجیس 6-    دانا عەزیز كەریم جەرجیس  


دەنگی هێزەكان لە 1992 بۆ 2014 لە پارێزگای هەولێر. راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف ئەگەرچی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو پەیوەستە بە پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و گۆڕینی نەخشەی سیاسی هێزەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەو پێیەی لەماوەی چوارساڵی رابردوودا كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە رویانداوە كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و پێگەی هەرێمی كوردستان هەبووە، بۆیە ئەو كاریگەریانەش راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ پێگەی هێزەكان، ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو كاریگەریانەی لەسەر پێگەی هەرێم درووستی كردوو دواتریش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری بەدوای خۆیدا هێنا، هەموو ئەمانە كاریگەری لەسەر گۆڕینی نەخشەی هێزە سیاسیەكانی هەرێم درووست دەكەن و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی گۆڕینی پێكهاتەی حكومەت و بڕیاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی هێزەكان بەبێ گۆڕانكاری لە پێگەی هێزەكان لە هەولێر كاریگەریەكی ئەوتۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان درووست ناكات، چونكە هەولێر هەم پایتەختی هەرێم و ئەم شوێنی بریاری سیاسی و هەم قۆرخكراوی پارتی دیموكراتی كوردستانە، گۆڕانكاری لە نەخشەی هێزەكان لەو پارێزگایە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر گۆڕانكاری لە داهاتووی سیاسی و حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان. پێگەی هێزەكان لە پارێزگای هەولێر  یەكەم/ هەڵبژاردنی 1992  لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای هەولێر كە (340000) مافی دەنگدانی هەبوو(335827) دەنگیدا بەرێژەی ( 77.6%) لەو پارێزگایە ئاستی دەنگەكان بە جۆرێك بوو كە، پارتی دیموكراتی كوردستان (152143) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (45.9%) و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (148352) دەنگ بە رێژەی (44.4%) و لیستی ئیسلامی (11092) بە رێژەی (3.3%) و حیزبی شیوعی (11047) بەڕێژەی (3.3%) دەنگیان بەدەست هێنا، پارێزگای هەولێر لەیەكەم هەڵبژاردندا دەنگی یەكێتی و پارتی زۆر نزیك بوو لەیەكەوە، بۆیە كەڵكەڵەی یەكلاكردنەوەی شوناسی هەولێر بۆ یەكێكیان هەرزوو پەیدا بوو، بۆیە یەكێتی سلێمانی و پارتی هەولێریان بۆخۆیان یەكلاكردەوەو شەڕی هەیمەنەی هەولێریان كرد و لە شەڕی ناوخۆ ماوەیەك بۆ یەكێتی یەكلا بوەوەو دواتر پارتی لە 31ی ئابدا هەیمەنەی خۆی بەسەر هەولێردا چەسپاند و تا ئێستاش ئەو هەیمەنەیە بەردەوامە و لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتووە كە گۆڕان لە پێگەو نەخشەی هێزەكان لەو پارێزگایە درووست بكات.       دووەم/ هەڵبژاردنی 2005  بەڵام  لە هەڵبژاردنی 2005 دا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی و یەكێتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كرد بەلام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بە لیستی جیابوو بۆیە ئاستی دەنگی حیزبەكان لەو هەڵبژاردنەدا دەردەكەوێت، لەو هەڵبژاردنەدا (647994) كەس دەنگیان دابوو، تەنها (4) لیست توانیان كورسی مسۆگەر بكەن ئەوانی تر دەنگی پێویستیان نەهێنا، لیستی دەنگی دیموكراتی كوردستان كە لە (پارتی و شیوعی و ژمارەیەك حیزب پێكهاتبوو) كە (347772 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بە رێژەی (53.7%) دەنگەكان و لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (244343) دەنگ بەریژەی بەڕێژەی (37.7%)و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (22523) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (3.5%) و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (18781) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (2.9%)، دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە غیابی یەكێتی لەو شارە لەدوای روداوەكانی 31ی ئاب یەكێتی توانی نزیكەی 38%ی دەنگی ئەو پارێزگایە مسۆگەر بكات و پارتی كۆمەڵێك هێزی دیكەش نزیكەی 54%.                                           سێیەم/ هەڵبژاردنی 2010  بەلام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 ی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە (917685)، هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (680408) هاوڵاتیش دەنگیانداوە،   پارتی دیموكراتی كوردستان (306775) دەنگ بەڕێژەی (45.08%) دەنگەكان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (124632) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (18.3%) و لیستی گۆڕان توانی (103397) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (15.19%) و  كۆمەڵی ئیسلامیی ( 70662) دەنگ و توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (9.2%)، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (51065) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (7.5%)، لە دوای درووست بونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ئیدی یەكێتی دەنگەكانی لە پارێزگای هەولێر زۆر دابەزی بۆ 18% واتا بە بەراوردی 2005 بەرێژەی 20% دابەزی و دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی لە پارێزگای هەولێر پەرت بوو .  چوارەم/ هەڵبژاردنی 2014    بەڵام پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014، كە (936557) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (744489) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (354735) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (48% ) و ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (168688) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (23%) و لیستی گۆڕان توانی (104059) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (14%) و  لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80492) دەنگ بەڕێژەی (11%) و لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (26323) دەنگ و بەڕێژەی (4%)ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگی لایەنەكان زیاتر بوو لە پارتی كە پارتی 45% و لایەنەكانی تریش زیاتر لە 50%ی دەنگەكانیان مسۆگەر كردووە.    ئەگەر لە دەنگ و رێژەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو ورد بیتەوە دەردەكەوێت ئاستی دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنێكەوە بۆ هەڵبژاردنێكی تر زۆر گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەو پێیەی پارێزگای هەولێر لەژێر هەیمەنەی پارتیدا بووەو جموجول و چالاكی هێزەكانی سنورداركردووەو دۆخێكی سیاسی وای خوڵقاندووە، كە تەواوی پۆست و بڕیار و پرۆژەكانی ئەو ناوچانە لەژێر هەیمەنەی پارتی خۆیی و بۆ گیرفانی خۆی بووە. ئەگەرچی ململانێی توندی هێزەكان لە پارێزگای سلێمانی گەرم بووەو ئەوەش لە قازانجی دەنگی پارتیە لە هەولێر و دهۆك، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت  هەڵبژاردنی داهاتوو گۆرانكاری لە پێگەو دەنگ و رێژەی لایەنەكاندا درووست بكات بەتایبەتیش لە پارێزگای هەولێر، بەو پێیەی پارتی دەسەڵاتداری ناوچەكە بەرپرسی پلە یەكی خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ناسەقامگیری كوردستان بووە، بەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و بەم دوایانەش سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەیوەندیەكان و نەوت و ناوخۆ هەمووی لەدەستی پارتیدا بووە بۆیە بەرپرسیارێتی سەرەكی دەكەوێتە ئەستۆ، هاوكات ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو دۆخە پڕ لە قەیرانەی بەدوای خۆیدا هێنای دارێژەرو پلانی سەرەكی ئەنجامدانی لە دەستی پارتی و سەرۆكی پارتیدا بووە ئەو سیاسەتەش هۆكاری سەرەكی داروخانی ژێرخانی ئابوری و سیاسی و روخان و لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بووە لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و هەرێمایەتی و جیهانیش. بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هەموو ئەو بارودۆخانەی كە رویان داوەو رێوشوێنە توندەكانی كۆمسیۆنی عێراق بۆ رێگری لە تەزویر و ساختەكاری گۆڕانكاری لە دەنگ و رێژەی دەنگەكانی هێزە باڵادەستەكانی كوردستان لە پارێزگای هەولێر درووست بكات، بە درووستكردنی هەرجۆرە گۆڕانكاریەكیش لە دەنگی هێزەكان لە پارێزگای هەولێر راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان درووست دەكات.، بەتایبەتیش ئەو زنجیرە خۆپیشاندانانەی كە لەماوەی رابردوودا رویاندا هەیمەنەی دەسەڵاتی پارتی لە ترس و تۆقاندن و سەركوتكردن تێكشاند، كە ئەمەش رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی دەنگدەر ترسی نەبێت لەوەی دەنگ بە هێزوو لایەنی دیكە بدات.   


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت سەرەتایەكی پێویست دوای جەنگی جیهانی یەكەم، وڵاتانی زلهێز هەرسێ ویلایەتی (بەغداد، بەسرە، موسڵ) یان بەپێی رێككەوتننامەی (سایكس پیكۆ) لەچوارچێوەی وڵاتێكی نوێدا بەناوی (عێراق) یەكخست. لە رۆژی 11 ی تشرینی دووەمی 1920، عێراق بوو بە ئەندام لە كۆمەڵەی گەلان لەژێر ئینیتدابی بەریتانیادا، ئینگلیزەكان بۆ جێگیركردنی وڵاتە نوێیەكە، شۆڕشی 1920ی عێراق و شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفیدیان لە كوردستان سەركوتكرد. ساڵی 1921 بەسەرۆكایەتی وینستۆن چەرچڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كۆنگرەی قاهیرە بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا فەیسەڵی یەكەم وەكو پادشای عێراق دیاریكرا، كۆنگرەكە پێشنازی كرد ریفراندۆمێك سازبدرێت بۆ دانانی شا فەیسەڵ،  23ی ئابی 1921 فەیسەڵی یەكەم وەكو پادشای عێراق دانرا. كانونی دووەمی 1924 كە عێراق لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بو، هەڵبژاردنێك بەڕێوەچو بۆ دیاریكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی دامەزراندن، ئەوە یەكەم هەڵبژاردن بو لە مێژووی نوێی عێراقدا، شیعەكان كە دژی ئینتیدابی بەریتانیا بون، هەڵبژاردنەكەیان بایكۆت كرد. ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكە یەكەمین دەستوری بۆ عێراق نوسییەوە، تەموزی 1924 دەستوری عێراق پەسەندكرا، لە 21ی ئازاری 1925 شا فەیسەڵ دەستورەكەی ئیمزا كرد، لە دەستورەكەدا سیستمی حوكمڕانی عێراق بە سیستمی (پادشایەتی دەستوریی) دیاریكرا لەگەڵ بوونی حكومەتێكی پەرلەمانیی و دوو ئەنجومەنی یاسادانان بەمشێوەیە: •    ئەنجومەنی نوێنەران: ئەم ئەنجومەنە چوار ساڵ جارێك لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت •    ئەنجومەنی پیران (ئەعیان): ئەم ئەنجومەنە ئەندامەكانی لەلایەن پادشاوە دەدەنرا بەشێوەیەكی گشتی مێژوونوسان مێژووی عێراق بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەكەن: •    قۆناغی یەكەم: رژێمی پادشایەتی 1921-1958 •    قۆناغی دووەم: رژێمی كۆماریی 1958 تاوەكو ئێَستا لە هەردوو قۆناغەكەدا چەندین پەرلەمان هەبوون كە نوێنەرایەتی گەلیان كردووە. سەردەمی پادشایەتی و یەكەم پەرلەمان لە مێژووی عێراقدا ساڵی 1925 یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، بەشێوەیەكی گشتی لە قۆناغی پادشایەتیدا 16 خولی پەرلەمانی هەبووە، بەڵام هیچ یەكێك لەو پەرلەمانانە خولی یاسایی خۆیان تەواو نەكردووە و پێشوەخت هەڵوەشێندراونەتەوە جگە لە سێ خولی پەرلەمانی نەبێت، بۆ نمونە 1953 هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچووە، بەڵام سەرۆك وەزیران داوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختی كردوە‌و بەوهۆیەوە 1954 دیسان هەڵبژاردن بەڕێوەچوە، هەر هەمان ساڵ جارێكی تر هەڵبژاردن كراوەتەوە. تاوەكو روخانی سیستمی پادشایەتی لە ساڵی 1958 لە عێراق (10) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچوو، هەر لەو ماوەیە زیاتر لە (50) حكومەت پێكهێنرا، ئەمەش نیشاندەری ناسەقامگیری دۆخی سیاسی عێراقە لەو سەردەمەدا. لەم سەردەمەدا ئەنجومەنی نوێنەران یاخود پەرلەمان ناوی (كۆمەڵەی نیشتیمانی) لێنراوە. سیستمی كۆماری و سەردەمی قاسم ساڵی 1958 بە سەرۆكایەتی سەركردەكانی كودەتاكەی 14ی تەموزو ئەفسەرانی ئازادیخواز رژێمی كۆماری راگەیەندرا، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ هەنگاوێك بە ئاڕاستەی پرۆسەی دیموكراتی و هەڵبژاردن سەرنەكەوت. سەردەمی بەعسییەكان تاوەكو كودەتای ساڵی 1963ی بەعسییەكان هیچ هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەنەچوو، لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسییەكانیشدا ژیانی دیموكراتی لە عێراق تاوەكو ساڵی 1980 بەتەواوەتی پەكیكەوت، دوای 22 ساڵ راوەستان، 1980 یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچو. بەعسییەكان ناوی پەرلەمانیان گۆڕی بۆ (ئەنجومەنی نیشتیمانی)، ئەم ئەنجومەنە ئەندامەكانی سەربە حزبی بەعس بون، هەرچەندە لە 1980وە رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن ژمارەیەك هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدا، بەڵام هیچ یەكێك لە هەڵبژاردنەكان نەیتوانی دیموكراسی لە عێراق بچەسپێنێت. ناوی ژمارەیەك لە سەرۆكەكانی ئەنجومەنی نیشتیمانی (پەرلەمان) لەسەردەمی بەعسدا: •    نەعیم حەداد: 1980-1983 •    سەعدون حەمادی: 1983-1990 •    سەعدی مەهدی ساڵح: 1990- 1996 •    سەعدون حەمادی: 1996-2003 دوای سەددام ساڵی 2003 رژێمی بەعس روخێنرا، قۆناغێكی سیاسی نوێ دەستیپێكرد، مارسی 2004 ئەنجومەنی بەڕێوەبردن كە لەلایەن دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانانەوە دانرابو، ئیمزای لەسەر دەستورێكی كاتی كرد، دەستورەكە داوای پێكهێنانی كۆمەڵەی نیشتیمانی ئینتیقالی كرد، بەجۆرێك تەمەنی كۆمەڵەكە لە مانگی كانونی دووەمی 2005 تێپەڕنەكات، ئەركی ئەم كۆمەڵەیە ئامادەكردنی رەشنوسی دەستورێكی نوێ بوو بۆ عێراق لەگەل دیاریكردنی. لە قۆناغی دوای سەددام حسێندا پەرلەمان ناوی لێنرا (ئەنجومەنی نوێنەران)، یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یەكی كانونی دووەمی 2005دا بەڕێوەچوو. ئیئتیلافی عێراقی یەكگرتوو هەڵبژاردنەكەی بردەوە و رێژەی 48%ی دەنگەكانی دەنگەكانی بەدەستهێنا، كە ژمارەی دەنگەكانی دەیكردە 140 كورسی لە كۆی 275 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران. ئیتیلافی عێراقی یەكگرتوو وەكو لایەنی براوەی هەڵبژاردنەكە دەستیكرد بە گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتیلافی، لەسەر بنەمای ئەو دانوستانانە، رۆژی 4ی كانونی دووەمی 2005: •    حاچم حەسەنی وەكو عەرەبێكی سوننی بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا •    هەریەكە لە حسێن شەهرستانی لە پێكهاتەی عەرەبی شیعە و عارف تەیفور لە پێكهاتەی كورد وەكو جێگرانی یەكەم و دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردران •    جەلال تاڵەبانی لەسەر پێكهاتەی كورد وەكو سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا •    ئیبراهیم جەعفەری لەسەر پێكهاتەی شیعە وەكو سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرا دەستور 15ی تشرینی یەكەمی 2005 دەستوری نوێی عێراق خرایە راپرسییەوە، بەپێی ئەو دەستورە پەیكەری پەرلەمان یاخود ئەوەی پێی دەوترێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەمشێوەیە داڕێژرا: •    ئەنجومەنی نوێنەران •    ئەنجومەنی فیدراڵ ئێستا ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران (329) كورسییە كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن، ئەركی ئەم ئەنجومەنە دەركردنی یاسا و چاودێركردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە. بەشێوەیەكی گشتی لە پاڵ رۆڵی دەركردنی یاسا و چاودێریكردن، دەستور هەندێك ماف و دەسەڵاتی تری بە ئەنجومەنی نوێنەران داوە لەوانە:  •    ئیمزاكردنی پەیماننامەكان •    دەنگدان لەسەر كاندیدەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن •    هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران سەرۆك كۆمار •    پێدانی متمانە بە سەرۆك وەزیران ئەنجومەنی فیدراڵ ئەم ئەنجومەنە پێكدێت لە نوێنەری هەموو ناوچەكانی وڵات، لە هەندێك لە وڵاتانی جیهان ئەم ئەنجومەنە ناوی لێنراوە ئەنجومەنی پیران، تائێستا ئەم ئەنجومەنە لە عێراق پێكنەهێنراوە و كێشەی لەسەرە. لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە تائێستا ژمارەیەك هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچووە، ناوی هەندێك لە سەرۆكەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە قۆناغی دوای سەددام:  •    حاچم حەسەنی: 2005-2006 •    مەحمود مەشهەدانی: 2006-2008 •    فوئاد مەعسوم: 14ی حوزەیرانی 2010- 11ی تشرینی دووەمی 2010 •    ئوسامە نوجێفی: 2010-2014 •    سەلیم جبوری: 2014-2018  


تایبەت بە درەو/ راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 دا حزبەكان بەری رەنجی چوار ساڵی خۆیان دەدورنەوە، كە چوار ساڵی پڕ لە قەیران و گۆڕانكاریی و هەوراز و نشێو بوو، لە هەرێمی كوردستان و عێراق  و ناوچەكەدا، هەموو ئەو گۆڕانكارییە گەورانەش كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر پێگە و سەنگی حزب و لایەنەكانی  كوردستان هەبووە، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەكاندا، لێرەدا " درەو میدیا" بەدواداچونی ورد بۆ خاڵی بەهێزو لاوازی ئەو حیزبانە دەكات و بەشێوەیەكی بابەتیانە دەیخاتە ڕوو.  یەكەم: پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە 16ی ئابی 1946 دامەزراوە لەسەر دەستی ( مستەفا بارزانی) تا ساڵی 1979 لەدوای كۆچی دواییەوە بە نەخۆشی واتا بۆ ماوەی 33 ساڵ، لەدوای ئەویش مەسعود بارزانی كوڕی تا ئێستا سەرۆكی ئەو حیزبەیە واتا بۆ ماوە 39 ساڵ. پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا 28 كورسی  لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (٧٥٣٠١٤) دەنگی بەدەستهێناوە و ( ١٧ ) كورسی هەیە ( هەولێر 7 كورسی ، سلێمانی 2 كورسی ، دهۆك 8 كورسی ). پارتی زۆرینەی پۆستەكانی هەرێمی كوردستانی لەدەستدابووە بەتایبەتی ( دۆسیەی نەوت، سیاسی ، ناوخۆ ، ئاسایش، پێشمەرگە، ئابوری، پەیوەندی دەرەوە) ئێستاش سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمانی لایە و سەرۆكایەتی هەرێمیشی هەر لای خۆی هێشتوەتەوە، واتا بە 34%ی كورسییەكانی پەرلەمانەوە 85%ی پۆستە هەستیارو باڵاكانی هەرێمی لایە، بۆیە زۆرترین بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆ لە هەموو قەیرانەكاندا، لێرە باس لە خاڵی لاواز و بەهێزی ئەو پارتە دەكەین.   ا- خاڵی لاوازی پارتی بۆ هەڵبژاردن: 1-شكستی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستانی دەكەوێتە ئەستۆ بەو پێیەی 85%ی جومگە گرنگ و هەستیارەكانی هەرێمی كوردستان لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. 2- بڕیاری سیاسی و ئیداری لای پارتی بووە، بۆیە شكستی سیاسەتی حكومەتداری هەرێم دەكەوێتە ئەستۆی پارتی. 3- شكستی ئابوری سەربەخۆ كە پارتی لە بانگەشەكارانی سەرەكی بووە بۆیە دەكەوێتە ئەستۆی پارتی. 4- شكستی سیاسەتی نەوتی هەرێم كە سەرچاوەی زۆرینەی كارەسات و نەهامەتییەكانی هەرێم، بەپلەی یەكەم لە ئەستۆی پارتیە، بەو پێَیەی نوێنەرانی پارتی لە حكومەت و پەرلەمان بانگەشەیان بۆ كردووە و گرێبەست و رێككەوتنیان كردووە. 5- دەستبەرنەدانی سەركردەكانی پارتی لە دەسەڵات بە تایبەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە دوای ئەوەی دوو خولی 8 ساڵی تەواوكرد، دەستبەرداری پۆستەكەی نەبوو، 2 ساڵی تری بۆ درێژكرایەوە، دواتریش وازی نەهێنا و زیاتر لە 2 ساڵی تر سەرۆكایەتی كرد، تا شكستی ریفراندۆمەكە، كە خۆی وتی ئەگەر سەركەوتوو نەبووم ئەوا ئامادەی هەموو شتێكم ، بۆیە وازیهێنا. 6- داخستنی پەرلەمانی كوردستان  و رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان و شكاندنی هەیبەتی پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی باڵای خەڵكی كوردستان، بۆیە تا ئێستاش ئەو دامەزراوەیە لە تێكشاندایە و هەڵنەستاوەتەوە.  7- سەركوتكردنی  ئازادییەكان و گرتن و سوكایەتیكردن بە چالاكان و خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان. 8- لەدەستدانی 51%ی خاكی باشووری كوردستان، كە بە پلەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەو پێیەی بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمی 25ی ئەیلولەوە بووە، كە ئەوەش مەسعود بارزانی رێبەرایەتی كردووە و بەرپرسیارێتی شكستەكانی خستوەتە ئەستۆی خۆی وەك لە كاتی هەڵمەتەكەدا چەندین جار ئەوەی دووپاتكردوەتەوە. 9- لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی و سوتاندنی كارتی سەربەخۆیی، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوچەكە و كورد. 10- تێكچونی یەكڕیزی و ناوماڵی كورد، كە دەوترێت بەشی زۆری خۆبەگەورەزانین و لوتبەرزی پارتی بووە بەرامبەر بە هێزەكانی دیكە. 11- شكستهێنان لە سوپا و پێشمەرگە كە تا ئێستاش ئەو هێزانە دابەشبوون بەسەر دوو حیزبەكەدا و ئێستاش وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆش لای پارتیە. 12- شكستی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی كە لای پارتی دیموكراتی كوردستانە،  لەبری قۆستنەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و كورد بەرامبەر بە داعش لە جیهاندا، كە هاوسۆزی گەورەی نێودەوڵەتی بەلای خۆیدا راكێشابوو، بەڵام هەموو ئەوانە لەدەستدران.  13- شكستی پەیوەندییەكانی هەولێر لەگەڵ بەغداد، كە  ئێستا حكومەتی بەغداد بەتەواوی زاڵ بووە بەسەر هەرێمدا، ئەوەش دەرئەنجامی شكستی پلانەكانی حكومەتی هەرێم بوو بەرامبەر بە بەغداد، كە بڕیارەكان لای پارتیەوە دەدران. 14- تێكچونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردی پارچەكانی تر بەتایبەتی باكور و رۆژئاوا، ئەوەش لەبەرامبەر پشتیوانیكردنی پارتی لە توركیا و دژایەتیكردنی پرسی گەلی كورد لە باكور و رۆژئاوا. ب- خاڵی بەهێزی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو : 1-هێشتا دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێمی كوردستانە و بەهۆی كۆنترۆڵكردنی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتەوە، سەرچاوەی ئابوریی و دارایی و هێز و میدیا لەلای خۆی ماوەتەوە. 2- سەرەرای ئەو نەهامەتیانەی بەهۆی ریفراندۆمەوە روبەرووی خەڵكی كوردستان بوەوە كە پارتی خاوەنی بووە، بەڵام لە كۆتاییدا توانی باشی تەوزیف بكات و تەواوی شكستەكانی ریفراندۆمی خستە ئەستۆی باڵێكی ناو یەكێتی و بە خیانەتكار لەقەڵەمیدان.  3- هێزێكی سەنتراڵەو رێكخراوە بە بەراورد بە هێزەكانی دیكە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كەمتر دەردەخات،  ئەتوانێت بەیەك تیم هەڵمەتی هەڵبژاردن بەرێوەبەرێت. 4- خاڵی بەهێزی پارتی پەرتپەرت بوون و پەرتەوازەیی هێزەكانی دەرەوەی خۆی و ركابەرەكانێتی، بەتایبەتیش كە هێزەكانی هەموویان شەڕەكەیان خستوەتە سلێمانیەوە و كەمتر تەركیزیان لەسەر دهۆك و هەولێرە. 5- رێكخستن و ئەندام و لایەنگرانی بەهۆی پرەنسیپی حیزبیەوە كەمتر دەكەونە ژێر كاریگەری هێزە نوێیەكانەوە، بە پێچەوانەوە ئەو هێزە نوێیانە بەردەوام لە ركابەرەكانی پارتی دەبەن دووەم/ یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە 1/6/1976 دامەزراوە سكرتێرەكەی ( جەلال تاڵەبانی) بووە لەكاتی دامەزاندنییەوە تا كۆچی دوایی لە 3/10/2017 واتا بۆ ماوەی 41 ساڵ، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانیشەوە تا ئێستا نەتوانراوە سكرتێرێكی نوێ بۆ یەكێتی دیاری بكرێت. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا 21 كورسی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (٤٩٦٥٣٦)دەنگی بەدەستهێناوە و  ( 11 ) كورسی هەیە ( هەولێر 4  كورسی ،  سلێمانی 6 كورسی ، دهۆك 1 كورسی ).   لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا هەموو ئەو بارودۆخ و قەیران و نەهامەتیانەی روبەرووی هەرێمی كوردستان بونتەوە، یەكێتی بەشێك بووە تیایدا، بەو پێیەی سەرەرای پەراوێزخستنی لەلایەن پارتیەوە، بەڵام هێشتا حكومەت لە هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی بەڕێوە دەبات.   ا- خاڵی لاوازی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو: 1- هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو شكست و قەیرانانەیە  كە لە كوردستاندا روویانداوە، راستە ئۆباڵەكە دەخرێتە ئەستۆی پارتی، بەڵام یەكێتی بەردەوام هاوبەش بووە لە حكومەتدا و هیچ كات ئامادە نەبووە لە حكومەت بكشێتەوە چونكە بە كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان حكومەت هەڵدەوەشایەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكرا. 2- ناكۆكی سەركردایەتی و ناوخۆیی و دابەشبوونی بەسەر بەرژەوەندی و ئەجێندای جیاوازدا. 3- یەكێتی لە هێزێكی پێشكەوتنخوازەوە بەرەو حیزبێكی بنەماڵەیی موحافیزكار و بەرەو فۆرمی حیزبی پارتی هەنگاوی ناوە بەتایبەت لە ئیدارەدان و ناوخۆی حیزب و لەقەڵەمڕەوی حیزبەكەیدا. 4- دەوترێت یەكێتی لەسەر بەرنامە و پرەنسیپی حیزبی نەڕۆیشتووە،  هێندەی  بەرژەوەندی ئاراستەی كردووە، لە زۆربەی روداوەكان دوای پارتی كەوتووە، نەك لەسەر پرەنسیپ و ئەجێندای رون رۆیشتبێت. 5- بازرگانی نەوت و تێوەگلان لە گەندەڵی گەورە لەناو حیزبەكە و بەشێك لە سەركردەكانی. 6- كاڵبونەوەی روئیای یەكێتی، بەتایبەت كە یەكێتی هێزێكی دیموكرات و ئازادبووە، بەڵام چەندین رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر لە دەڤەری بندەستی یەكێتیدا لێیان دراوە و كوژراون، هاوشێوەی دەڤەری پارتی. 7- پەراوێز خستنی دەڤەری سەوز دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی كە هاوبەش بووە لە حكومەتدا و لە جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتدا بووە. 8- هەژمونی پارتی زاڵە بەسەر گوتار و هەڵوێستەكانیدا،  ئێستا یەكێتی لە بڕیار و هەڵوێستەكانیدا ناتوانێت یەكێتیانە بڕیار بدات بەڵكو دەوترێت پارتیانە بڕیار ئەدات. 9- روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی باشوری كوردستان، كە پارتی توانی تەوزیفی شكستی ریفراندۆم بكات بۆ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، كە هۆكاری راستەقینەی 16ی ئۆكتۆبەر ریفراندۆم بوو. 10 – وازهێنانی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی و دروستكردنی لیستێكی نوێ و گوێپێنەدانی سەركردایەتی یەكێتی پێی كە پێشبینی دەكرێت نزیكەی نیوەی دەنگەكەكانی یەكێتی بۆخۆی بەرێت. 11- نەبوونی سەنتەری بڕیاردان لە ناو یەكێتیدا، بڕیاری ناو یەكێتی دابەشبووە بەسەر باڵ و كوتلە جیاوازەكاندا، ئەمەش زیانی گەورەی لە یەكێتی داوە. ب- خاڵی بەهێزی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو  1-    یەكەم هەڵبژاردنێتی لەدوای كۆچی دوایی مام جەلال ئەگەر كۆچی ئەو فەراغی بۆ جێهێشتبن، ئەوا بە دیوەكەی تردا هەست و سۆزی دەنگدەرانی بەلای خۆیدا رادەكێشێت، بەتایبەت شەهیدان و پێشمەرگەكانی.  2-    هێشتا هێزی دەسەڵاتدارە لە سنوری زۆنی سەوز، سەرەرای كەمكردنی دەنگەكانی. 3-    بەهێزی سەرچاوەی دارایی و كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات، بە بەراورد بە هێزە ركابەرەكانی لە ناوچەی جێ نفوزی. 4-    سەرەرای ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی هێشتا ئەم هێزە خاوەنی رێكخستن و لایەنگر و هەیكەلیەتی خۆیەتی. 5-    ئەم هێزە هێشتا خاوەنی پێگەیە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە حسابی بۆ دەكەن.    سێیەم/ بزوتنەوەی گۆڕان  بزوتنەوەی گۆڕان لە 25/7/2009 وەك هێزێكی ئەكتیڤی ئۆپۆزسیۆن دەركەوت، بە رێبەرایەتی ( نەوشیروان مستەفا) كە لە یەكەم دەركەوتنیدا 25%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنا، تا كۆچی دوایی لە 19/5/2017  نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان بوو، واتە بۆ ماوەی 8 ساڵ، دواتر عومەری سەید عەلی بە رێكخەری گشتی گۆڕان هەڵبژێردرا. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا نۆ كورسی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانی (٤٧٢٥٠٣) دەنگی بەدەستهێناوە و ( 9 ) كورسی هەیە ( هەولێر 2 كورسی سلێمانی 7 كورسی) و لە دهۆك و كەركوك هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا.   ا- خاڵی لاوازی گۆڕان 1-    لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك بوومەلەرزەی سیاسی گەورە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەیان هەژاند، بزوتنەوەی گۆڕان روئایەكی رونی بۆیان نەبوو.  2-    شكستی گۆڕان لەرووی روئیای بۆ پرسەكان و لە رووی بە واقیعیكردنی دروشمەكانی. 3-    ئەوەی گۆڕان بۆ دەرەوەی خۆی داوای دەكرد بۆخۆی لەناو خۆیدا نەیدەتوانی تێی پەڕێنێت. 4-    خوێندنەوەی نادروست بۆ بەشداریكردنی لە حكومەت و جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی لەناو حكومەتدا. 5-    تا كۆتایی دژایەتی ریفراندۆمی كرد و بە گاڵتەجاڕ و ناشەرعی وەسفیكرد لە كۆتاییدا دەنگی پێدا. 6-    لە هێزێكی یاخی و هێرشبەرەوە بوە بەهێزێكی پاسیڤ و بێدەنگ، ئەوەی دەیڵێ هێزەكانی تریش دەیڵێن 7-    بەردەوامی كێشە و ململانێی ناوخۆیی، هەمان دەردی یەكێتی روبەرووی گۆڕانیش بوەتەوە. 8-     لە كاتی خۆیدا بڕیار نادەن و كاتێكیش بڕیار دەدەن، كاتەكەی تێپەڕیوە. 9-    خراپی ئەدای كارەكتەرەكانی لەناو حكومەت و پەرلەمان و گۆڕان باجەكەی دەدات. 10- هەڵگری كۆمەڵێك روئیا و دونیا بینی جیاواز بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات لەبری گەورەكردنی پانتایی جیاوازییەكان لەگەڵ هێزە نەریتەوانەكان، بەڵام لێكچونەكانی بەو هێزانە تۆختر كردەوە و بووە  كۆپی ئەوان. 11-    پێشتر بۆ داهاتوو كاری دەكرد، ئێستا وەك هێزەكانی دیكە لەسەر رابردوو دەژی. 12-    هەڵوەرینی بەشێك لە كادر و هەوادارانی بۆ ناو هێزەكانی دیكە و گوێپێنەدان و رانەچڵەكاندن و بەخۆدانەچونەوەی. 13-    نەبوونی جێگرەوەیەك بۆ نەوشیروان مستەفا، لەروی روئیا و بیركردنەوە و كۆنترۆڵكردن و گوتاردانی سیاسی. ب- خاڵی بەهێزی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو : 1-    سوربوون و بەردەوامی دان لەسەر پرەنسیپەكانی بەتایبەتیش لە رێگری لە هەوڵدانەبۆ درێژەدان بە مانەوەی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانیەوە، كە بوە دەستپێكی قۆناغی رێگری لە مانەوە لە دەسەڵاتدا. 2-    قوربانیدان لە پێناو مەبادیئەكانی كە وەزیرەكانی دەركران و سەرۆكی پەرلەمانەكەی رێگری لێكرا، كە ئەمەش سەروەتێكی مەعنەویە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان. 3-    كێشەو گرفتی هەبووە بەڵام هەڵەی ستراتیژی گەورەی نەكردووە، كە ببێتە هۆی عەیبداركردنی بزوتنەوەكە. 4-    كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ئەگەر بەدیوێكدا هۆكاری لاواز بوونی بزوتنەوەكە بێت بەدیوێكی تردا هۆكاری سەرەكی راكێشانی هەست و سۆزی هاوڵاتیانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان وەك وەفایەك بۆ روحی نەوشیروان مستەفا. 5-    تا ئێستاش هیچ هێزێك لە دەرەوەی هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان دروست نەبووە كە گوتارو هەنگاوەكانی گۆڕان دژ بە گەندەڵی و خراپەكاری دەسەڵاتی سیاسی تێپەڕێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئەمرۆ گۆڕان كۆنترۆڵی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكی كردووە خاڵی بەهێزی ئەو بزوتنەوەیەیە. چوارەم / یەكگرتووی  ئیسلامی كوردستان  یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە 6/2/1994 دامەزراوە ئەمیندارەكەی ( سەڵاحەدین محەمەد بەهادینە) كە جگە لە 4 ساڵی ئەمینداری محەمەد فەرەج لەسەرەتای دامەزراندنیەوە ئەمینداری یەكگرتووە  كە  20 ساڵ دەكات.  یەكگرتووی  ئیسلامی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا  چوار كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێنا ، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (١٩٢١٧٩) دەنگی بەدەستهێناوە و ( 4 ) كورسی هەیە (سلێمانی 2 كورسی ، دهۆك 2 كورسی ).   یەكگرتووی  ئیسلامی كوردستانیش لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەشێك بووە لە هەموو ئەو بارودۆخ و قەیران و نەهامەتیانەی روبەرووی هەرێمی كوردستان بونتەوە، بەو پێیەی لەناو كابینەی حكومەتی هەرێمدابووە و لەم دوایەشدا تۆمەتبار دەكرا بەوەی نزیكە لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوەو شوێن پێی ئەو هەڵدەگرێت .   ا- خاڵی لاوازی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی داهاتوودا: 1-    ناڕوونی لە گوتارەكانی لە پرسە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا. 2-    ناڕوونی لە هەڵوێستەكانی، لە پێناو رازیكردنی هەموو لایەكدا. 3-    ئەم حیزبە هاوشێوەی حیزبەكانی تر نەخۆشی دابەشبونی كادرەكانی هەیە لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان، ئەمەش وای لێدەكات نەتوانێت بڕیار بدات. 4-    ئەو رەخنانەی رووبەڕووی یەكگرتوو دەبنەوە، ئەوەیە كە بە حیزبێكی لاستیكی ئەژمار دەكرێت، كە لە دوو قۆناغی هەستیاری مێژوویدا بووە هۆی لەباربردنی پرۆسەی دیموكراسی و دەستاودەستی دەسەڵات، لە پارێزگای سلێمانی و سەرۆكایەتی هەرێم. 5-    بەشداری كارای لە ریفراندۆم و كەوتە دوای پارتی كە ئەو هەموو قەیران و كارەساتەی بەدواداهات. 6-    بەشداری لە كاراكردنەوەی پەرلەمان بەو شێوەیەی پارتی ویستی و جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی . 7-    ونبوونی ئەم هێزە لە نێوان دروشمی ئایینی و نەتەوەییدا. 8-    نەكشانەوەیان لە حكومەت و بوونە بەشێك تیایدا. 9-    هەڵوەرینی گەنجەكانی بۆ ناو هێزە نوێیەكانی دروست دەبن . ب- خاڵی بەهێزی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو  1-    خاوەنی رێكخستنێكی تۆكمەیە كە لایەنگران و ئەندامانی گوێڕایەڵی پرەنسیپە حیزبیەكانن، بۆیە دەنگەكانی كەمتر گۆڕانی بەسەردا دێت. 2-    ئایدیۆلوجی ئایینی وەك پرەنسیپی حیزبی كە ئەمەش هەست و سۆزی هاوڵاتیانی موسڵمان بەلای خۆیدا رادەكێشێت و خاوەنی چەندین بانگخوازی بەناوبانگە كە دەنگی زۆر بۆ ئەو حیزبە كۆدەكەنەوە. 3-    پارێزگای دهۆك بوەتە گرێكوێرەی هەڵبژاردنی زۆرێك لە حیزبەكانی كوردستان، بەڵام یەكگرتوو توانیویەتی ئەو گرێیە بكاتەوە و ناوچەگەرێتی تێپەڕاندووە، چەند دەنگی لە سلێمانی هەیە ئەوەندەش لە بادینان، تاكە حیزبە ئەو هاوسەنگییەی راگرتووە. 4-    ئەم هێزە ئەگەرچی بەشدار بووە لە حكومەت، بەڵام كابینە و حكومەتی وەرنەگرتووە بەتەواوی، بۆیە هێزێكە لە حكومەتداریدا تاقینەكراوەتەوە. 5-    خاڵی بەهێزیان ئەگەرچی لای هەندێك رەخنەیە بەلام خاڵی بەهێزە كە ئەوەش خۆ یەكلانەكردنەوەیە بۆ هیچ بەرە و زۆنێكی دیاریكراو، كە زۆرجار دەنگی ئەوان ئەیتوانی دۆخەكە یەكلابكاتەوە، بەڵام ئەمان لەسەر هێڵی گشتی ماونەتەوە. پێنجەم/ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە لە 31/5/2001 دامەزراوە، لەدامەزراندنیەوە تا ئێستا( عەلی باپیر ) ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیە واتە بۆ ماوەی 17 ساڵ.  كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا 3 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا ، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (١٤٠٧٧١)  دەنگی بەدەستهێناوە و ( 3 ) كورسی هەیە (هەولێر 2 كورسی ، سلێمانی 1 كورسی). ئەگەرچی ئەم هێزە بەردەوام هەڵوێستی توند بووە بەرامبەر بە حكومەت، بەڵام تا دوا ساتەكان لەناو حكومەتدا مایەوە و بووە بەشێك لە حكومەت و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا.   ا- خاڵی لاوازی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 1- دید و روانینێكی جیاوازی نەبووە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكانی ئەو قۆناغانەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە. 2- كێشە ناوخۆییەكانی و بەردەوامی جیابوونەوەی باڵەكانی كە ئێستا بەشێكی زۆری لە هاوپەیمانێتیەكەی د. بەرهەمدایە. 3- كۆمەڵی ئیسلامی یەكێك لەو رەخنانەی لێی دەگیرێت ئەوەیە، كە وەك هێزێكی سەربە بزوتنەوەی گۆڕان لێكدەدرێتەوە و بە شوێنكەوتەی  ئەو حیزبە وێنادەكرێت. 4- مانەوەی كارای لە حكومەتدا و كشانەوەی لە دوو مانگی كۆتاییدا. 5- وێڕای بەردەوام رەخنەكانی لە ریفراندۆم بەڵام لە كۆتاییدا دەنگی پێدا و نەیتوانی تاكۆتایی بەرگری لە هەڵوێست و روانینەكانی خۆی بكات.  ب- خاڵی بەهێزی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو : 1-سوربون و جدی بوونی لەسەر هەڵوێستەكانی بەتایبەتیش لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان 2- ئەم هێزە بەردەوام پێی راستی لەناو بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بووە، ئەگەرچی بەشداری لە حكومەتدا كردووە، بەڵام خۆی كابینەی وەرنەگرتووە و تاقینەكراوەتەوە لە حكومەتدا. 3- بەهێزی ئەمیرەكەی لە گوتار و روانینی و سووربوونی لەسەر پرەنسیپەكان و ناسینی وەك كەسێكی خاوەن مەبد‌و و راستگۆ لە هەڵوێستەكانیدا. 4- بەهێزی و چالاكییەكانی ئەم هێزە لەناو هەولێری پایتەخت كە بەپێچەوانەی زۆرێك لە هێزەكانی تر ئەم هێزە زۆرینەی دەنگەكانی لە هەولێری پایتەخدایە. 5-پەیوەست بوونی بە پرەنسیپی ئایینەوە كە خاوەنی چەندین مامۆستای ئایینی لێهاتوو خاوەن جەماوەرە، ئەمەش هۆكاری راكێشانی دەنگی هاوڵاتیانە بۆخۆی. شەشەم/ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە  ئێستا وەك قەوارە و حیزبیش خۆی تۆماركردووە، هەڵبژاردنی 12ی ئایار یەكەم ئەزمونییەتی و سەنگ و پێگەی خۆی تاقیدەكاتەوە،  د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح كراوەتەوە سەرۆكی قەوارەكە و حیزبەكەش. ئەم هێزە لەگەڵ ئەوەی وەك هێزێكی جیاواز خۆی وێنا دەكات، بەڵام هەڵگری هەمان گوتار و روئیایە كە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان هەیان بوو بۆ بارودۆخی هەرێم.   ا- خاڵی لاوازی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری: 1- خاوەنی پرۆژە و روئیایەكی روونی جیاواز نیە كە هێز و لایەنەكانی دیكەی پێش خۆی تێپەڕێنێت 2- بەشێكە لەو سیستمە سیاسییە شكستخواردووەی كە هەناوی كۆمەڵگەی كوردی هەڵتەكاندووە 3- بەشێكە لە فۆرمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، بە باش و خراپیەكانیەوە  4- بەشێك بووە لە خانەنشینی نایاسایی و كادری حیزبی و بندیوار، كە دووجار سەرۆكی حكومەت و كابینە بووە. 5- خاوەنی بەرنامەیەكی روون نیە بۆ هەستانەوەی هەرێم لە ناوەندی نێودەوڵەتی لە كاتێكدا خۆی بە كەسێكی ناسراوی ناوەندە نێودەوڵەتییەكان ناسراوە. 6- ئەو رێگەیەی كاری لەسەردەكات لە هاتنە دەرەوەی لە یەكێتی و دامەزراندنی حیزب، نوێ نیە، پێشتر نەوشیروان مستەفا تاقیكردوەتەوە. 7- وازهێنانی د. بەرهەم لە یەكێتی پرۆژەیەكی ستراتیژی نەبوو هێندەی پرۆژەیەك بوو بۆ فشاركردن لەسەر یەكێتی بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت، بەڵام كەزانی فشارەكان جێناگرێت ئینجا پرۆژەكەی خستە سەرپێ، ئەم پرۆژەیە رەگ و ریشەیەكی جدی نیە. 8- هەرلەسەرەتاوە چەقی هاوپەیمانی خزێنرایە سلێمانیەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت پێگەی سەرەكی هەر لەم دەڤەرە بێت. تێنەپەڕاندنی سنوری لۆكاڵی بوون وەك هێزەكانی دیكە.  ب- خاڵی بەهێزی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی دادپەروەری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو : 1-    هاوپەیمانتێتیەكە خاوەنی دیپلۆماسیەتیەكی بەهێزی سەرۆكەكەیەتی كە سەرەرای ئەوەش پەیوەندیەكی بەهێزی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە و لە ئاستی بەغداش پۆستی باڵای هەبووە و وەك كەسێكی سەركەوتوو لێیدەڕوانرێت. 2-    یەكەم تاقیكردنەوەی ئەم هێزەیە لە هەنگاونان بەرەو دەسەڵات و رەخنەگرتن و هاتنە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دژ بە گەندەڵی و قۆرخكاری و هەنگاونان بەرەو چاكسازی، لەبەرامبەریشدا یەكێتی تا ئێستاش ناكۆكی زۆرو باڵباڵێن شەكەتی كردووە، ئەمانە هەمووی لە قازانجی هاوپەیمانیدان. 3-    هەندێك دەستكەوتی ستراتیژی هەیە كە سەرۆكی قەوارەكەی لە كاتی سەرۆكایەتی حكومەتدا ئەنجامی داون و ئێستا تەوزیفی دەكات، بەتایبەتیش لە پرسی ( تواناسازیی، موچەی ئەنفال، پێشینەی خانوبەرە ، بڕینی بودجەی حیزبەكان...) 4-    كۆكردنەوەی كەسانی ئەكادیمی و تەكنۆكرات ، بەو پێیەی سەرۆكی قەوارەكە وەك كەسێكی تەكنۆكرات و نوێخواز دەركەوتووە، سەرەرای سود وەرگرتن لە كەسایەتی و چالاكانی ئاینی كە ژمارەك لەو كەسانەی لەرەوتە ئیسلامییەكاندا پێگەیان هەبووە، ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانێتیەكەدا كاردەكەن.  5-    سەرچاوەی دارایی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ بەرێوەبردنی كەمپەینی هەڵبژاردنەكەی.   حەوتەم/ جوڵانەوەی نەوەی نوێ جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە لەم هەڵبژاردنەدا ناوی خۆی تۆماركردووە و بە لیستێك بەشدارەو هاوكات ناوی وەك حیزبێكی سیاسیش تۆماركردووە،  لە كۆنگرەی یەكەمی خۆیدا ( شاسوار عەبدولواحیدی) كردە سەرۆكی جوڵانەوەكە. ئەم جوڵانەوەیە پشتی بە میدیا و سەرمایەی بازرگانی بەستووەو هەر لەسەرەتاوە بە شێوەیەكی رادیكاڵانە پەیامەكانی خستە روو، بەوپێیەی تا ئێستاش رادیكاڵبوون  و كاریگەری گەورەی لەسەر شەقامی كوردی جێدەهێڵێت.   ا- خاڵی لاوازی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 1-    ئەم جوڵانەوەیە زیاتر لە بزووتنەوەیەكی میدیایی و تۆڕی كۆمەڵایەتی دەچێت وەك لەوەی هەڵگری روئیا و دونیا بینی جیاواز بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی كەبەسەر هەرێمدا هاتووە. 2-    نەوەی نوێ دەیەوێت مۆدێلی فەرەنسا و ئەمریكا تاقیبكاتەوە لە سەر زەمینێكی وێرانە كە نە فەرەنسایە و نە ئەمریكا. 3-    ناشرینكردنی هەموان لەسەر جوانكردنی وێنای خۆی، كە دەڵێت من لەكەس ناچم ئەوان هەموویان لەیەك دەچن. 4-    تۆمەتبەخشینەوەیە بووە بەبەشێك لە گوتاری ئەم جوڵانەوەیە. 5-    پێی وایە لە هەناوی هیچ هێزێكدا نەهاتوەتە دەرەوە، بەڵام گوتار و هەڵوێستەكانی لە هەناوی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوەتە دەرەوە، هەمان گوتار و هێرشی سەرەتای 25ی 7ی 2009 ی بزوتنەوەی گۆڕانی گرتوەتە بەر. 6-    جوینەوەی بەشێك لە گوتارە پۆپۆلیستەكەی گۆڕان كە لەسەرەتاوە گۆڕان كاری لەسەركردووە. 7-    نەخێرەكەی نەوەی نوێ بۆ ریفراندۆم، نەخێر نەبوو بۆ دوورخستنەوەی كۆمەڵگە لە مەترسییەكانی بەڵكو نەخێرەكەی بۆ دروستكردنی پرۆژە سیاسیەكەی بوو. 8-    نەوەی نوێ سەربە پارتی و یەكێتی نیە، بەڵام پارتی و یەكێتی دەستیان واڵاكردووە، چونكە پێیان وایە مامەڵەكردن لەگەڵ نەوەی نوێ و جڵەوكردنی  ئاسانترە وەك لە گۆڕان كە خاوەنی پرەنسیپە. 9-    كاركردنی نەوەی نوێ‌ لەسەر گۆڕەپانی دەنگی گۆڕانە چونكە پێی وایە گۆڕان لە ماوەی 9 ساڵی رابردووی كاركردنیدا هەرچی دەنگی توڕەو ناڕازیە لە پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی تری هێناوەتە دەرە و ئەو دەنگانە جڵەوناكرێن و دەگۆڕێن، بۆیە نەوەی نوێ كار لەسەر ئەو دەنگانە دەكات نەك دەنگی پارتی. 10-    نەوەی نوێ شەڕەكەی خستوەتە سلێمانی و گۆڕەپانی گۆڕانەوە و دهۆك و هەولێریشیان بۆ پارتی بەتەختی جێهێشتووە. 11-    ئەم هێزە وا وێنا دەكات كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات و لە بەغداد پشتیوانی دەكرێت، بەڵام ئاماژەیەكی روونی دەستنەكەوتووە لەو وڵاتانەوە بۆ پشتیوانی.     ب- خاڵی بەهێزی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو:  1-    سەرچاوەی دارایی و میدیایی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆ كەمپەینی هەڵبژاردنەكەی. 2-    هەڵگری گوتاری رادیكاڵی توندە بەرامبەر بەدەسەڵات و كە نزیكە لە گوتاری شەقام و سودی لە ئەزمونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان وەرگرتووە. 3-    بایەخدانی زۆری بە تەكنەلۆجیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە شوێنی كۆكردنەوەو دەنگ و رەنگە جیاوازەكانە. 4-    راست دەرچونی پێشبینی و رەحنەكانی لە دژی ریفراندۆم و پێشبینیەكانی بۆ ئەو كارەساتانەی لێی كەوتەوە، كە ئەمەش خاڵی بەهێزە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان متمانەی پێبكەن. 5-    كاركردنی راستەوخۆی لەسەر توێژی گەنجان، كە تەنها لەماوەی ئەم چوارساڵەدا نزیكەی 400 هەزار گەنج و تەمەنەكانی ( 1997، 1998، 1999، 2000) لەم هەڵبژاردنەدا دەتوانن دەنگ بدەن. ئەم راپۆرتە كە بەشێوەیەكی بابەتیانە نوسراوە. هەنگاوێكە بۆ بەرچاوڕوونی حیزبەكان و دەنگدەرانیان، كە خاڵی بەهێز و لاوازیان چیە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن.


درەومیدیا/  محەمەد رەئوف           ئەوەی لە پرۆسەی ئەنفالدا روویدا تەنها هەوڵێك نەبوو بۆ لەناوبردن و كوشتنی تاكی كوردی، بەڵكو هەوڵێك بوو بۆ سڕینەوەی تەواوی مۆركی نەتەواویەتی گەلی كورد، بەو پێیەی ئەنفال پرۆسەیەكی پلان بۆ دارێژاوی پێش وەختەبوو، بەوەی  پلانی پێشوەختەی بۆ دارشتبوو پرۆسەكەی دابەشكردبوو بەسەر ( 8)قۆناغدا و  لە (6 ) ناوچەی جوگرافیای جیاوازدا  سەرجەمی ئەو قۆناغانە لە 23ی شوباتی 1988 دەستی پێكردوو لە 6 ی ئەیلولی 1988 پاش روخاندنی هەموو گوندەكانی كوردستان كۆتایی هات.   قۆناغەكانی ئەنفال لە 23ی شوباتی 1988 بۆ 6ی ئەیلولی 1988 ( 8)قۆناغ لە (6 ) ناوچەی جوگرافیادا   1- قۆناغی یەكەم بۆسەر ناوچەی دۆڵی جافایەتی  2- قۆناغی دووەم بۆسەرناوچەی قەرەداغ 3- قۆناغی سێیەم بۆسەرناوچەی گەرمیان  4- قۆناغی چوارەم بۆ سەر ناوچەی قەڵاسێوكە و دۆڵی زێی بچوك  5- قۆناغی پێنج و شەش و حەوت بۆسەر ناوچەكانی شەقڵاوە و رەواندوز 6- قۆناغی هەشتەم و كۆتایی بۆسەر ناوچەی بادینان.  سەرجەم ئەم قۆناغانەش لە 6 ی ئەیلولی 1988 پاش روخاندنی هەموو گوندەكانی كوردستان كۆتایی هات . رژێمی بەعس بۆ ئەو پرۆسەیە هێزێكی بێشوماری بۆ ئامادەكردبوو قەوارەی هێزەكەی رژێم لە پرۆسەی ئەنفالدا:    1- فەیلەقی یەك -  بە لێپرسراوی سوڵتان هاشم  2- فەیلەقی دوو –بەلێپرسراوی نزار خەزرەجی 3-فەیلەقی سێ‌ بەلێپرسراوی  - یونس محەمەد زەرب  4-سەرجەم تواناكانی  ئیستخبارات بە لێپرسراوی فەریق روکن وەفیق سامەڕائی  5-ئەمنی عامە و قوات الطواری و مكتب تنظیم الشمال 6-بە هاوكاری (300) فەوجی خەفیفە كە لە (250)هەزار جاش پێكهاتبوو                             قۆناغی یەكەمی پرۆسەی ئەنفال    لە ( 23 /2  تـــا 18 / 3 / 1988)          ئەم شاڵاوەی رژێم بۆ سەر ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی لە سنوری قەزا و ناحییەكانی ( دوكان ، بنگرد ، چوارتا ، قەڵاچوالان ، سەرچنار ، سورداش)ی سەربە پارێزگای سلێمانی دەستی پێكرد .       لە بەرەبەیانی 23 / 2 /1988 خەڵكی یاخسەمەر و سەرگەڵو بەرگەڵو بەدەنگی ناڵە و زرمەی راجیمەی كیمیایی بەئاگاهاتن ، ئەم بۆردومانە بەیەكەم تەقەی پەلاماری ئەنفال دەژمێردرێت ،   پاشان سەرلەبەیانی 23ی شوبات سوپا و هێزی ئاسمانی و گاردی كۆماری و هێزە زەمینیەكانی رژێم لە هەموو لایەكەوە پەلاماری ناوچەكەیان دا ،  1-    هێزێك لەمێرگە پانەوە بەرەو شەدەڵە< 2-    هێزێكی تر لە دۆڵە روتەوە بەرەو كەڵكی قزلەر. 3-    هێزیكی تر لەقەڵەم پاشاوە بەرەو بەرگەڵو. 4-    هێزێكی تر لەدەشتی بنگردەوە بۆ سەر گەورە قەڵا و ئاسۆس . 5-    هێزێكی تر لە گۆجاڕەوە بەرەو گەورە دێ‌. 6-    هێزێكی تر لە كارێزەوە بەرەو خەجە لەرزۆك        سەرپەرشتیاری ئەم هێرشەی ئەنفال  لیوا روكن سوڵتان هاشم ئەحمەد بوو   هێزەكانی بەشدار بوو لە قۆناغی یەكەمدا 1-    (20)لیوا 2-    ( 60) فەوج    3-    ( 10) فەوجی سوك ومەفرەزەی تایبەت  4-    جگە لە دەیان تانک ئەمانە هەموویان پاڵپشتی هێزی ئاسمانی بوون  5-     سەرەڕای ئەو هێزە زۆرو چەكە قورسانەش  كیمیاوی بەخەستی بەكارهێنرا .    زیانەكانی قۆناغی یەكەمی ئەنفال 1-    نزیكەی ( 250) كەس بونە قوربانی چەكی كیمیاوی  2-    نزیكەی ( 160) كەسیش لە رێگادا بەرەو ئێران بەهۆی سەرماو سۆڵەو بەفرەوە رەقبوونەوە                  قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئەنفال    لە  22 /3   تــا   1 / 4 / 1988      ئەم پەلامارەش بۆ سەرناوچەكانی ( قەرەداغ ، بازیان ، دەربەندیخان) بوو .       لە 22/ 3 / 1988  گوندی (سێوسێنان) بەسەختی و بە شێوازی بەعسیانە درایە بەر راكێتی كیمیایی .  بووبە هۆی شەهیدبوونی زیاد لە ( 66) كەس و بریندار بوونی دەیانی تر لە ناو شەهیدەكاندا (30)یان منداڵ بوون   لەم قۆناغەدا  1-    رووخانی 80 گوند 2-    2241  خانوو 3-      لە كۆی 12254 كەس  5637 كەس بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن                                                                              قۆناغی سێیەمی ئەنفال   7/ 4   تــا  20 / 4 / 1988      ئەم قۆناغە لە  7ی نیسان بەبۆنەی جەژنی شومی دامەزراندنی حیزبی بەعسەوە دەستی پێكرد ئەم هێرشە بەكاریگەرترین و كوشندەترین و بەزیانترین هەڵمەت داەنرێت  بۆسەر ناوچەكانی ( چەمچەماڵ ، سەنگاو ، قادركەرەم ، دوز ، كفری ، كەلار ، پێباز ، تیلەكۆ) ، ئەم ناوچانە سەر بە هەرسێ‌ پارێزگای ( كەركوك ، سلێمانی ، دیالە)بون  ، ئەمەش فراوانترین هێرشی ئەنفال بوو كە پتر لە ( 500)گوندی گرتەوە سەرەڕای تەختكردنی  4 ناحییە.      لەبەر فراوانی ناوچەكە رژێم بە سێ‌ پلان ئەم پرۆسەیەی ئەنجام دا :.   1- پلانی پەلاماری خورماتوو : بەرەبەیانی رۆژی  7ی نیسان هێزەكانی سوپا و فەوجەكان جاش كەوتنە جموجوڵ و لە بنكەكانیانەوە دەرچون كە لە خورماتووی باشوری رۆژئاوای گەرمیان بوو .    2- پلانی پەلاماری قادركەرەم و باكوری گەرمیان : ئەم پەلامارەیان لە 9ی نیسان دەستی پێكرد هێزەكان رژێم لە كەركوك و چەمچەماڵ و لەیلانەوە ، دەرچون و لە هەموو لایەكەوە بەرەو شارۆچكەی قادركەرەم پێشڕەویان كرد ، ئەم هێرشە بەسەر پەرشتی عەمیدی هێزی تایبەت ( بارق عبدالله حاجی حنطە)بوو كەوا دەردەكەوێت فەرماندەی گشتی پرۆسەی ئەنفالی سێ‌ بووبێت ، هێرشەكە رۆژی 10ی نیسان گەیشتە قادر كەرەم و سەرجەم گوندەكانیان خاپور كرد.     3-پلانی پەلاماری سەنگاو و باشووری گەرمیان : هێزی یەكەمی پەلامارەكە لە شارۆچكەی كفرییەوە لە 9ی نیسان كەوتە رێ‌.  4- رەتڵەكانی تر لە كەلارو بێبازو پونگەڵوە كەوتە رێ‌ . ستراتیژییەتی سەرەكیشیان بریتی بوو لە ئابڵۆقەدانێكی گەورە فراوان لە چەندین لاوەو دەستكردن بە كۆمەڵگرتنی تەواوی ئەو خەڵكەی دەوریان داون و روخاندنی گوندەكانیان و كۆكردنەوەی خەڵكەكە بۆ شوینە دیاری كراوەكانیان .     5- رەتڵەكەی كفری بەفەرماندەی لیوا سامی سەر بەفەیلەقی یەك سەرجەم گوندەكانی ئەو ناوچەیەیان روخاند و خەڵكەكەشیان دەستگیركرد . هێزی كەلاریش لە 9 ی نیسان بەفەرماندەی (  میندەر ئیبراهیم ) دەرچوو بۆ ئاوایی تیلەكۆ.     6-هەربۆیە سوپا ئابڵۆقەی سەرجەم گوندەكانی دابوو یەك لە دوای یەك وێرانی دەكردن ، خەڵكی هەموو ناوچەكە بەرەو گوندی ( ملە سورە و كوڵە جۆی حاجی حەمەجان ) دەهاتن و لەوێدا كۆببونەوە ، لە رۆژی ( 14 / 4/ 1988) لوتكەی هێرشی ئەنفال بوو ، لەم رۆژەدا بەپێی خەمڵاندنی ( كۆمیتەی بەرگریكردن لە مافی قوربانیانی ئەنفال ) نزیكەی ( 20)هەزار لە ژن وپیاو و پیرو مناڵ كۆكرانەوەو بە ئیڤای سەربازی و تراكتۆری گوندنشیەكان رەوانەی قەڵا سەربازییەكەی ( قورەتوو) كران و لە وێشەوە بەرەو چارەنوسی نادیار رۆیشتن هەر بۆیە ئەم رۆژە كرا بەرۆژی (ئەنفالەكان) .       ئەم هێرشەی قۆناغی سێیەم لە رۆژی  20 / 4 / 1988  كۆتایی هات و یەك گوند لە گەرمیاندا بە پێوە نەماو روخێنرا ،        زیانەكانی ئەنفال 1-    نزیكەی (500) گوندی گەرمیان وێران كرا  2-     پتر لە ( 30000)گەنج و ژن و مناڵ وپیری بێسەروشوێن كرد  3-    سنوری ناوچەی چەمچەماڵ ( 5645)كەسی بێ‌سەرو شوێن كراوە 4-    قادركەرەم ( 14863 ) 5-    كەلار ( 4567 ) 6-    سەنگاو ( 4922 )  7-    تیلەكۆ ( 3680 ) 8-    پێباز ( 0 442 )                                             قۆناغی چوارەمی ئەنفال  لە  3 / 5  تـــا  15 / 5 / 1988    قۆناغی چواره‌می ئەنفال بۆسەر ناوچەكانی ( ئاغجەلەر ، ناوشوان ، چەمی رێزان ، دەشتی كۆیە ، تەقتەق ) لە سنوری هەرسێ‌ پارێزگای ( هەولێر ، سلێمانی ، كەركوك ) بوو ، ئەم هێرشەش بە كیمیابارانكردنی گوندی گۆپتەی ( 300)ماڵە دەستی پێكرد. ئەم هێرشەشە بووە هۆی كوشتنی نزیكەی ( 300 )كەسی ئەم گوندە ، وە بە دووەم هێرشی زیان بەخش دائەنرێ‌ لە دوای شاری هەڵەبجە ،  1-    سەرلەبەیانی رۆژی 4ی مایس هێزی پیادەی رژێم لە هەموو لایەكەوە دەستی پێكرد ئەم هێرشە بە فەرماندەی لیوا روكن (سوڵتان هاشم) بوو بەشێك لەم هێرشە لەچەمچەماڵ وتەكیەوە بەرەو ناحییەی ئاغجەلەر كەوتە رێ‌ ئەم ناحێ‌یە سالێك لەوەو پێش روخابوو. 2-    پاشان هێرشێكی تر لە سوسێوە بەرەو سورقاوشان كەوتە رێو هێرشێكی دیكە لەناوچەی تەقتەقەوە بۆ گوندەكانی لێواری زێی بچوك و شێخ بزێنی و گۆپتەپە, هێرشێكی دیكە بەرەو گوندەكانی نزیك قەزای كۆیە بەرێكەوت .       سوپا لە رۆژی 15/5/ سەرجەم گوندەكانی ئەم ناوچەیەی روخاند و تەنها لە ناوچەی ئاغجەلەر كە ( 67) گوندی تیدا بوو (2813)خانوی تێدا بوو ( 14864)كەسی تێدا دەژیا نزیكەی ( 7201) كەس ئەنفال كراون.                                                    قۆناغی پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی  ئەنفال    لە 15 / 5   تـــا  26 / 8 / 1988      ئەم پەلامارە بۆسەر دۆڵی نێو چیاكانی ( شەقڵاوە و رەواندوز ) بوو بەسەرپەرشتی فەرماندەی فەیلەقی ( 5)و سەرپەرشتیاری ئەم قۆناغەی ئەنفال ( یونس محمد زەرب بوو) ،   رۆژی 15 / 5 / 1988 دوا روژی رەمەزان بوو خەڵكی خۆیان بۆ جەژنی رەمەزان ئامادەكردبووچەند فڕۆكەیەك كەوتنە كیمیابارانكردنی گوندەكانی ( وەرە ، عەلی یاوا ، سماقوڵی ، نازەنین ) لەم پەلامارەدا لە گوندی وەرە ( 36)كەس شەهید بوون  (17)پیاو و (19)ئافرەت .      لە میانی شاڵاوەكانی ئەنفالی ( پێنج و شەش و حەوت )دا زیاتر لە ( 52) گوند لە ناحێكانی خەلیفان و خۆشناوو رەواندوز وێران كران كە سەرجەم (2602) خێزان بوون وە ( 52) مزگەوت و (24) قوتابخانەی ئەم گوندانە وێران كران ، ئەمە جگە لە كوێركردنەوەی سەدان كانی و جۆگە و سوتاندنی سەدان رەز و باخی ناوچەكە كە ئەمانە ژێرخانی ئابووری ئەم ناوچانەی پێكدەهێنا.            قۆناغی هەشتەم و كۆتایی ئەنفال     26 / 8  تــا  6 / 9 / 1988    قۆناغی هەشتەمی شاڵاوی ئەنفال بۆسەر دەڤەری بادینانی سنوری توركیا بوو.       ئەم شاڵاوە لە رۆژئاواوە لە زاخۆوە تا ئامێدی درێژبووەوە لە باشوور و رۆژهەڵاتیشەوە شێخان و ئاكرێی گرتەوە .     بۆ ئەنجام دانی ئەم شاڵاوەش جگە لە فەیلەقی ( 5 ) چەند بەشێكیش لە فەیلەقەكانی ( سێ و شەش و حەوت) كە لە باشووری عێراقەوە گوازرابونەوە بۆ ئەوێ بەشدارییان تێداكرد , ئەم هێزانە (200)هەزار سەرباز دەبوون ، كەلە ( 14 ـ 16) فیرقەی سوپای نیزامی پێكدەهاتن هەریەكەی ( 12) هەزار سەرباز دەبوون ، ئەمانە و چەندین هەزار فەوجی جاش بەشداری هێرشەكەیان كرد .      ژمارەی ئەو گوندانەی لەم شاڵاوەدا وێران كران ( 450 )گوندە , بەم شێوەیە قەزای شێخان (  19 ) گوند  ئاكرێ‌  (35 )گوند   زاخۆ (  100 )گوند سەنتەری دهۆك (  63 )گوند , ئامێدی (  233 )     ئەو تێكدەرانەی خۆیان بەدەستەوە داوە ( 803) پێشمەرگەبوون ، ئەو تێكدەرانەی كەوا گیراون ( 771)كەس بوون ، پیاوی مەدەنی ( 1489)كەس ، ژن ( 3368) ، مناڵ ( 6964) ، سەرجەمیش ( 13395)كەس بوون .                                                   زیانی شاڵاوەكانی ئەنفال    شاڵاوی دڕندانەی ئەنفال زیانی مادی و مەعنەوی بە گەلی كورد گەیاندوو زیانێك كە تا سەر ئێسقان بەزامی كوردیا رۆچووە ، ئەم پرۆسەیە لە مانگی شوباتەوە تاسەرەتای مانگی ئەیلولی خایاند و گەورەترین زیانی گیانی بە گەلی كورد گەیاند ، هەروەك ( میدڵ ئیست ووچ) دەنوسێت ( پرۆسەی ئەنفال لە 23 ی شوبات تا 6 ی ئەیلولی ساڵی 1988 ی خایاند لەو ماوەیەدا فراوانترین ناوچەی كوردستان بەر شاڵاوی تێكدان و راپێچان كەوت ، لە هەڵمەتێكی وادا پتر لە (200)هەزار مرۆڤی كورد لەناو بران ، وەلای كورد و بزوتنەوەی سیاسی كوردیش (182) هەزار كەس رۆیوە ، لەناوبردنی ئەو خەڵكە زۆرەش كێشە و گرفتێكی لە چارەنەهاتووی بۆ پاش ماوەكەخۆی و گەلی كورد بەجێ‌ هێشت ).    زیانەكان 1-    182 هەزار مرۆڤ 2-    (4)هەزار گوندو 3-    ( 30)ناحییەو 4-    ( 3100)مزگەوت 5-    (100)كڵێسا 6-    بەتاڵان بردنی (2)ملیۆن سەر مەڕو ماڵات و ئاژەڵ 7-    كارەساتێكی ژینگەیی ئایكۆلۆژی گەورەبوو 8-    لەناوبردنی روبەرێكی فراوان لە باخ و رەزو چەم و چنار 9-    نزیكەی (  7729  )كم2 لەروبەری هەرێمی كوردستانی عێراق رەەبەڕووی شاڵاوەكانی ئەنفال بووەوە.                                             چارەنوسی شوێن بزركراوەكان         لەگەڵ بەردەوام بونی هێرشەكانی ئەنفال و وێرانكردنی هەر ناوچە و گوندێكدا ئەو خەڵكەی كە دەستگیریان دەبوو لەلایەن جاش وسەربازەكانەوە سەرەتا هەموویان لە شوێنێكی نزیكدا كۆدەكرانەوە تاكو ناوچەكە بەتەواوی وێران دەكرا پاشان هەموو ئەو خەڵكەی كە دەگیرا دەست دەكرا بە گوێزانەوەیان بۆ شوێنیكی تایبەت و چارەنوس نادیار.      ئەمیش بەتایبەتی لە ناوەڕاستی  3ی 1988 دا گیراوەكان گوێزرانەوە بۆ ئەو زیندانانەی كە لە ژێر كۆنترۆڵی ئیستخباراتی عەسكەریدا بوو , گوێزانەوەی گیراوەكان لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە گەیشتە لوتكە ،  لەم قۆناغەدا زۆربەی گیراوەكان گوێزرانەوە بۆ ( تۆپزاوا ) كە بریتیە لە سەربازگەیەكی گاردی میللی لە نزیك كەركوك لەسەر رێگای (تكریت)       پاش چەند رۆژێك یەكسەر زیندانیەكانیان لێك جیاكرانەوە و پۆلێنكران بەم شێوەیە :.      1- لە تەمەنی  12 ساڵ تا 45 ساڵ .      2- تەمەنی  50 ساڵ و سەرو تر .      3- ژن و مناڵ .      4- كچ بەجیا .            ئەو بەشەش كە تەمەنیان لە نێوان ( 50 ـ 90)ساڵیدابوو واتە پیرو پەك كەوتەكان بەرەو قەڵای بەجێماوی ( نوگرە سەلمان ) لە باشووری عێراق نێردران ، پاش ئەوەی ئەم پیرانەیان بە ئۆتۆمبێل گواستەوە بۆ نوگرە سەلمان كە نزیكەی ( 15)كاتژمێر لە تۆپزاواوە دوورە ، لەم بەندیخانە چۆڵەدا نزیكەی (8)هەزار بەندی تێدابوو كە لەژیانی دۆزەخی دا دەژیان هەروەك ئەفسەرێك لە تۆپزاوا پیچی وتبون : ( كورد هەموو خائین و ناپاكن و خۆمان دەزانین بۆ كوێتان دەنێرین ، ئەتان نێرین بۆو دۆزەخەی كەبەتایبەت بۆ كورد دروست كراوە ).         بەپێی زۆرێك لە بەڵگەكان و بەپێی قسەی دەسەڵاتدارانی رژێم خۆشیان ئیعترافیان لەسەر (100)هەزار كەس كردووە كە لەناویان بردون ئەوەتا ( عەلی حەسەن مەجید) زۆر بەراشكاوانە لە دانوسانی  1991دا كاتێك وەفدی كوردستان بە عەلی حەسەنیان وتبو سەبارەت بە چارەنوسی ئەنفالەكان ، ئەو ژمارەیەی وەفدەكە دایان نابوو (182)هەزاركەس بوو ( عەلی حەسەن) هەڵچوو تەقییەوە و وای دانا كەتێكڕا ئەو ژمارەیە كەلە ئەنفالدا كوژران بەهیچ جۆرێك لە (100)هەزار تێ‌نەپەڕیوە . سەرچاوە ئەنفال و رەهەندە سۆسیۆلۆجیەكانی، محەمەد رەئوف، چاپی یەكەم، 2005                       


كاندید چۆن گرەنتی بردنەوەی هەڵبژاردن دەكات ؟ ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت كاندیدی هەڵبژاردنەكان چۆن هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات و دەتوانێت متمانەی دەنگدەران بەدەستبهێنێت ؟ ئەمە پرۆسەیەكی سەخت و ماندوكەرە، پێویستی بە هونەر و لێهاتوویی هەیە، چونكە وەكو چەكێكی دوو سەرەیە، هەر هەڵەیەك بەشێوەی نەرێنی لەسەر كاندید دەكەوێت. مەبەست لە لێهاتوویی چییە ؟ لێهاتوویی بریتییە لە هونەری بەكارهێنان و قۆستنەوەی تواناكان بەشێوەیەكی باش، گوزارشتە لە شارەزایی و خوێندنەوەی ئەزمونەكان و كاركردن لەسەریان. مەبەست لە بەڕێوەبردن چییە ؟ كۆمەڵێك بنەما و پرۆسەی بەردەوامە لەپێناو بەكارهێنانی ئەو سامان و توانا مرۆیی و مادییانەی كە لەبەردەستدان و قۆستنەوەیان بە باشترین شێوە بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی ئامانجێكی دیاریكراوی رون و ئاشكرا. لەرێگەی بەڕێوەبردنێكی باشەوە ئەوانەی كە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن چیان دەوێت، چی دەكەن، لە كوێ و چۆن و لە چ كاتێكدا، كامەیە تواناكانی بەردەستیان؟، خەڵكەكانیان كامانەن؟ مەبەست لە هەڵمەتی هەڵبژاردن چییە ؟ كۆمەڵێك چالاكی پەیوەندیگرتنی پلان بۆداڕێژراوی رێكخراوە, كە تاك یاخود كوتلەیەك یاخود پارتێك دەیكات بەدوور لە هەركارێكی هەڕەمەكی، بەمەبەستی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی دەنگدەران.             * ئامانجەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن هەر هەڵمەتێكی هەڵبژاردن كار بۆ بەدیهێنانی سێ ئەركی هاوسەنگ دەكات: 1-    گرەنتیكردنی دەنگی دەنگدەرانی لایەنگری پارتەكەی، لەرێگای چەسپاندن و بەهێزكردنی هەڵوێستەكانیان و پاراستنیان لە كاریگەری پروپاگەندەی ركابەرەكانی. 2-    دانانی كاریگەری لەسەر زۆرترینی ئەو توێژانەی كە بێلایەنن، ئەمانە ئەو توێژانەن كە لەلایەن هەموو كاندیدەكانەوە كراونەتە ئامانج. 3-    پوچەڵكردنەوەی هەڵوێستی ركابەرەكان و گۆڕینی ئاڕاستە و بێ متمانەكردنی دەنگدەران بە بەرنامە و بیروبۆچونەكانیان.                *گرنگترین ئامرازە بەكارهێنراوەكانی پەیوەندیكردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا * بەسەركردنەوەی ماڵ و كۆبونەوەكان و هەر جۆرە پەیوەندییەكی تایبەتی * پۆستەری تایبەت بە بەرنامەی هەڵبژاردن * پۆستەری تایبەت بە لیستی هەڵبژاردن و ژیاننامەی كاندیدەكان * لافیتەی قوماش و كاغەزی كە گوزارشت لە بەرنامەی هەڵبژاردن بكات * كاغەز و نامەی پێچراوەی رەنگاوڕەنگ كە بەرنامەی هەڵبژاردنی كاندیدەكان لەخۆبگرێت * دروشمی دیوارەكان كە هەمان ناوەڕۆكی تابلۆ قوماشییەكان لەخۆدەگرێت * ئۆتۆمبیلی بانگەشەكردنی گەڕۆك كە بانگەواو بۆ بەرنامەی هەڵبژاردن و ناوی كاندیدەكان دەكات * بانگەشە و ریكلامی هەڵبژاردن لە دەزگا راگەیاندنە جەماوەرییەكان * فێستیڤاڵ و رێپێوانە جەماوەرییەكان                 *قۆناغەكانی پلانی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن هەر پرۆسەیەكی پلاندانان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بەچەند قۆناغێكی جۆراو و گرنگ و یەكانگیردا تێدەپەڕێت، گرنگترینیان: 1-     خۆئامادەكردنی كاندیدەكان و دیاركردنی باشترین بژاردە  2-    ئامادەكردنی تۆمار و زانیارییەكان لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە 3-    خوێندنەوەی ژینگەی هەڵبژاردن لەڕووی كێشە و بەربەست و دەنگدەرو ركابەرەكانەوە.. هەموو ئەو شتانەی كە تایبەتن بەو بازنانەی كە هەڵبژاردنیان تێدا بەڕێوەدەچێت 4-    ئامادەكردنی بەرنامەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەمانی پێشوتر، دەبێت بەرنامەكان رون و واقیعی بێت و پەیوەندیداربێت بە جەماوەرەوە 5-    دانانی پلانێكی دارایی بۆ دابینكردنی پارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن 6-    دیاریكردنی ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی گونجاو و ئامرازەكانی بانگەشەكردن 7-    خشتەكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و شێوازی جێبەجێكردنی                          *ئامرازەكانی لێهاتوویی بۆ جێبەجێكردن (10) بابەت هەن كە وەكو لێهاتوویی بنەڕەتی پێویستن بۆ جێبەجێكردنی پلانی هەڵبژاردن ئەژماردەكرێن. یەكەم: دیاریكردنی باشترین كاندید لەناو كۆمەڵێكی زۆری كاندیدەكان و دیاریكردنی باشترین پێوەر بۆ هەڵبژاردنی ئەم خەسڵەتانە: 1-    دەبێت كاندید كۆمەڵایەتی بێت بەو واتایەی دەبێت ئامادەگی كۆمەڵایەتی هەبێت و لەلای خەڵك قبوڵكراو بێت، ئاكاری باش بێت و مامەڵەی دۆستانە بكات. 2-    شێوە و روخساری قبوڵكراو بێت، خەندەیەكی ئارامی هەبێت كە بتوانێت بەهۆیەوە روبەڕوی خەڵك ببێتەوە. 3-    كەسێك نەبێ كە بەشێوەیەكی خێرا توڕە ببێت، چونكە دەبێت لەگەڵ هەموو رەنگەكانی خەڵكدا مامەڵەبكات چ یار و چ نەیار و خەڵكی حەماسی، بۆیە دەبێت كاندید كەسێكی خۆگر و بەتوانابێت لە گفتوكۆكردن و قایلكردندا، بەرامبەرەكانی قبوڵبكات و بەرگەی رەخنەكانیان بگرێت هەرچەندە توندیش بێت. 4-    زمانپاراو بێت لە قسەكردن و توانای كوێگرتنی هەبێت بەشێوەیەكی باش. 5-    كاریزما: ئەمە تایبەتمەندییەكە كە دیاریكردنی كارێكی ئاستەنگە، بەڵام دەتوانرێت بە ئاسانی بناسرێتەوە لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكدا، دیارترین رەگەزەكانی ئەم تایبەتمەندییە رێكپۆشی و وردبینییە لە قسەكردندا، ئەو كەسەی كە كاریزمای هەیە بەڕێزەوە مامەڵە دەكات و خەڵك بەلای خۆیدا كێش دەكات. 6-    بابەتیبون: ئەمە توانای تەماشاكردنی بابەتەكانە بەدوور لە بۆچونی كەسی و حزبی و لایەنداریكردن بۆ لایەنێك، بەواتای پاراستنی بەرژەوەندی گشتی. 7-    دەبێت كاندید رۆشنبیر بێت و زانیاری لەبارەی هەموو جۆرەكانی زانست و روداوەكان هەبێت. 8-    بایەخدان بە خەڵك و حەزی یارمەتیدانی ئەوانی تر دووەم: بونی گوتارێكی میدیایی باش و روون بەپێی ئەم تایبەتمەندییانە: 1-    بابەتیبون و بێلایەنی و نەشێواندنی بابەتەكان 2-    راستگۆیی و دووركەوتنەوە لە درۆكردن و دروستكردنی بابەت 3-    شایەتحاڵ و بەڵگە و ئارگیۆمێنت 4-    لەبەرچاوگرتنی باری دەرونی وەرگرەكان 5-    لەبەرچاوگرتنی پێداویستی و خواست و ئازارەكانی خەڵك 6-    پسپۆڕَتی و دەرنەچون لە بابەتە باوەكان. 7-    زمانی قسەكردن لەگەڵ تاك و لەگەڵ كۆمەڵ 8-    نادژیەكی لەگەڵ سیاسەتی گشتی بزوتنەوەكە 9-    نادژیەكی لەگەڵ سیاسەتی گشتی بزوتنەوەكە و فیكرە سیاسییەكەی لەكاتی راگەیانی بۆ رایگشتی 10-    شارەزایی زمانەوانی لە بواری رێزمان و نوسیندا سێیەم: بونی بارەگایەكی هەڵبژاردنی ئاشكرا و دابینكردنی هەموو هۆكارە پێویستەكانی پەیوەندیكردن بۆی، تێیدا تیمێكی راهێنراو سەرپەرشتی جێبەجێكردنی كەمپەینەكە بكەن و ناونیشانێكی هەبێت بۆ لیستی كاندید و راگەیاندنكار و جەماوەر. چوارەم: بوونی لیژنەیەكی هەڵبژاردن كە سەرۆكێكی هەبێت و هەموو پێداویستییە پیشەییەكانی هەبێت وەكو یاسا و راگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی و ئابوری.. سەرپەرشتی هەموو  پرۆسەی هەڵبژاردن بكات لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی. پێنجەم: بوونی وتەبێژێكی میدیایی تایبەتمەند، خاوەنی گوتارێكی میدیایی باش بێت، ئەو تایبەتمەندییەی هەبێت كە زمانحاڵی لیستی كاندیدەكە بێت، ئەمە دەكرێت هۆكار بێت بۆ رێگرتن لە لێدوانی دژبەیەكی كاندیدەكان كە زۆرجار رودەدات، مەرج نییە ئەو كەسە خۆی لەناو لیستەكەدا بێت، بەڵام باشترە یەكێك بێت لە كاندیدەكان. شەشەم: بەكاارهێنانی باشترین ئامرازەكانی پەیوەندیكردن لە بواری هەڵبژاردندا، هەر ئامرازێك تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەموو جەماوەرێكیش تایبەتمەندی خۆی هەیە، لێهاتوویی لێرەدا ئەوەیە ئامرازێك بەكاربهێنین كە گونجاو بێت لەگەڵ جەماوەر لە كاتێكی گونجاودا، بۆ نموونە: -    بەكارنەهێنانی رۆژنامە و گۆڤارەكان لە گوندەكاندا، چونكە زۆرینەی خەڵكی ئەو گوندانە نەخوێندەوارن. -    بەكارنەهێنانی ئەو ئامرازانەی كە خەرجییان زۆرە لەو هەڵمەتانەی هەڵبژاردندا كە بەرفراوان نین وەكو كەناڵە ئاسمانییەكان. -    دابەشكردن و خشتەكردنی بەكارهێنانی ئەو ئامرازانە و تێكەڵنەكردنیان لەگەڵ یەكتری، بەكارهێنانیان بەشێوەی خشتەكاری بەدرێژایی هەڵمەتەكە. -    دەبێت بەشێوەیەكی زیاتر پشت بە پەیوەندی تاكەكەسی ببەسرێت، بانگەوازی تاكەكەسی، سەردانی مەیدانی، دروستكردنی پەیوەندی گشتی و مرۆیی. حەوتەم: وردبینیكردن لە خەرجییەكان بەشێوەیەكی باش، خەمڵاندنی بەشێوەیەكی باش، دیاریكردنی بودجەی كەمپەینەكە و كاركردن بەپێی بودجەكان. هەشتەم: هەڵبژاردنی سەرەتایەك بۆ كەمپەینی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی زانستی، شارەزایان سێ‌ سەرەتایان بۆ جێبەجێكردنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن داناوە كە ئەمانەن: -    سەرەتایەكی بەهێز و كەمی لەسەرخۆ -    سەرەتایەكی دیاریكراو و زیادكردنی لەسەرخۆ -    سەرەتاییەكی هاوسەنگ ودووبارەكردنەوەی هێز و لاوازی لەگەڵ بەكارهێنانی هەر ئامرازێكی نوێدا هەندێك لە شارەزایان پێیانوایە جێبەجێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەم قۆناغانەدا تێدەپەڕێت: -    قۆناغی نمایشكردنی كاندیدە بۆ جەماوەر بەر لەكاندیدكردنی بۆ زانینی بۆچونی خەڵك دواتر خستنەڕووی بەرنامەی هەڵبژاردن -    قۆناغی بڵاوبونەوە و جێبەجێكردنی بەشێوەیەكی ئاشكرا و بەكارهێنانی هەموو ئامراز و هۆكارەكان و دووبارەكردنەوە. -    قۆناغی سەرەنج خستنەسەر چالاكی لەسەر پرسە تایبەت و چارەنوسسازەكان. -    قۆناغی هێرشكردنەسەر ركابەرەكان و پوچەڵكردنەوەی بەرنامەكانیان. ناتوانین بڕیار لەسەر باشترین سەرەتا بۆ دەستپێكردنی كەمپەینی هەڵبژاردن بدەین، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا دەبێت خوێندنەوە بۆ سەرەتای دەستپێكردنی كەمپەین بكرێت و لەسەر بنەمایەی زانیاری روون بەڕێوەبچێت، پێدەچێت لەگەڵ هەر جۆرێك لە جۆرەكانی هەڵبژاردندا یاخود هەموو قۆناغێك لە قۆناغەكانی هەڵبژاردندا جۆرێك لە جۆرەكانی دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ بگونجێت. نۆیەم: چاودێریكردنی رۆژی دەنگدان بەشێوەیەكی باش و بینینی وەكو رۆژێكی نائاسایی، دەبێت تێدا گوتارەكان یەكبخرێت، هەواڵ بڵاونەكرێتەوە مەگەر بەشێوەیەكی ناوەندی نەبێت، چاودێریكردنی پێشێلكارییەكان و چارەسەركردنی یەك بەیەكیان. رۆژی دەنگدان لەرێگەی ژوورێكی عەمەلیاتەوە بەڕێوەدەبرێت كە هەموو ئامرازە خێراكانی پەیوەندیكردنی بۆ دابینكرابێت و تیمێكی هەبێت كە پەیوەستكرابێت بە لیژنەی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكانەوە، ئەمەش بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری راست و دروست و راگەیاندنیان بەشێوەیەكی ئازایانە لەكاتی دەرچونی ئەنجامەكاندا جا ئەگەر ئەنجامەكە بردنەوەی هەڵبژاردن بێت یاخود دۆڕاندنی. دەیەم: ئامادەكردنی رەشنوسێك بۆ گوزارشتكردن لە بردنەوەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ئارام و لەسەرخۆ و دوور لە توڕەیی و جنێودان و گوازارشتكردن لەسەركەوتن بەشێوەیەكی خاكیانە و دڵنیاكردنەوەی لایەنە دۆڕاوەكان و سوپاسكردنیان، هەروەها سوپاسكردنی ئەو لایەنانەی كە هەڵبژاردنەكەیان سەرخستووە، هاوكات ئامادەكردنی رەشنوێك بۆ گوزارشتكردنێكی دیموكراتیانە لە كاتی دۆڕاندنی هەڵبژاردن و پیرۆزباییكردن لە لایەنە براوەكان و راگەیاندنی هەماهەنگیكردن لەگەڵیان، هەروەها سوپاسكردنی ئەو لایەنانەی كە هەڵبژاردنەكەیان سەرخستووە و رونكردنەوەی ژمارەی دەنگەكانی پارتەكە لە هەڵبژاردنەكەدا.


گرنگترین سات لە مێژوودا بۆ یاریزانێكی تۆپی پێ چوونە سەر سەكۆی سەركەوتن و بەرزكردنەوەی جامی جیهانییە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەیدا، چەندین چیرۆكی سەرنجڕاكێش و نامۆ هەن كە باس لەو جامە گرانبەهایە دەكەن، كەواتە چۆن یەكەمین جامی مۆندیال دروستكرا؟ كێ‌ دروستی كرد؟ ئەو رووداوانەی لەو بوارەدا روویانداوە كامانەن؟ لێرەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەینەوە: سەرەتای ئایاری ساڵی 1928 یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی " فیفا" لە كۆبونەوەیەكی مێژوویدا بڕیاریدا بە سازكردنی یەكەمین پاڵەوانێتی جامی جیهانی یاری تۆپی پێ‌ و لە ساڵی 1930 جۆل ریمیەی فەرەنسی جامەكەی رادەستی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆرۆگوای كرد ككە ئەو كاتە ناوی " جامی سەركەوتن" بوو، دواتر و دوای جەنگی دووەمی جیهانی ناوەكەی گۆڕدرا بۆ " جامی جۆل ریمیە" وەك رێزلێنانێك بۆ ئەو پارێزەرە فەرەنسییە كە بۆ ماوەی 33 ساڵ سەرۆكایەتی فیفای كرد. یەكەمین جام كە بۆ مۆندیال ئامادەكرا لەلایەن پەیكەرتاشی فەرەنسی ئەبیل لافلۆرەوە دیزاینكرا و بریتیی بوو لە خواوەندی سەركەوتنی یۆنانییەكان كە مەنجەڵێكی ئاڵتونیی هەڵگرتووە، ئەوەش وەك سیبموڵێك بۆ بردنەوەی تیمی سەركەوتوو لە پاڵەوانێتیەكەدا، درێژی جامەكە 35 سانتیمەتر بووو، كێشیشی 3.8 كیلۆگرام بوو لە زیوی روپۆشكراو بە زێڕ دروستكرابووە و لەسەر بنكەیەكی جێگیركرابوو كە لە بەردی بەنرخ دروستكرابوو، هەروەها لەسەر هەرچوار پارچە زێڕی بنكەی جامەكە ناوی ئەو وڵاتانە هەڵكۆڵرابووو كە لە ساڵی 1930 هەتا 1970 جامەكەیان بەدەستهێناوە كە ئەمانەن: ( ئۆرۆگوای 1930 و 1950) ، ( ئیتالیا 1934 و 1938) ، ( ئەڵمانیا 1954 ) ،  ( ئینگلتەرا 1966 )،  ( بەرازیل 1958 و 1962 و 1970 ) و بەرازیل ساڵی 1970 دوای بردنەوەی لە مەكسیك و بەدەستهێنانی جامەكە بۆ سێیەمجار جامی جۆل ریمیەی بۆ هەمیشەیی بەدەستهێنا بە گوێرەی یاساكانی ئەو كاتەی فیفا. سێجار دزینی جامەكە و سەگی پیكلز لە یەكەمین گەشتیدا جامی جۆل ریمیە بە كەشتی " كۆنتی فێردی" و بە زەریای ئەتڵەسیدا ساڵی 1930 بۆ ئۆرۆگوای گوازرایەوە، پاشان جامەكە برایە ئیتالیا ساڵی 1938 دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنا و  دۆخی ئاڵۆزی پێش هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی جیهانی بەرپرسانی دەربارەی بەهای ئەو خەڵاتە گرانبەهایە تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوكێ كرد، لەبەرئەوە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئەوكاتەی ئیتالیا ئۆتۆرینۆ پاراسی بڕیاریدا جامكە بەشێوازێك بشارێتەوە وەكو ئەوەی دزرابێت، لە سندوقێكی پێڵاودا لە ژێر جێگەی نوستەنەكەیدا شاردییەوە. جارێكی تر و لە ساڵی 1950 جامەكە رووناكی بینی و پێشكەشی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆرۆگوای كرا، كە وەك یەكەمین هەڵبژاردە لەداوی جەنگی دووەمی جیهانییەوە جامەكەی بەدەستهێنا. لە 20ی ئازاری 1966دا پێش دەستپێكردنی مۆندیال لە چوار مانگ جامەكە لە ئینگلتەرا دزرا، لە كاتێكدا لە پێشانگایەكەی نمایشیكردنی پوولدا لە هۆڵی ناوەندی لە وێستمنسەر نمایشكرا، ئەوەش بەرپرسانی ئەو یارییەی كە زۆرترین هەوادار و جەماوەری هەیە لە جیهاندا تووشی شۆك كرد و خەڵاتی 15 هەزار پاوەند دیاریكرا بۆ هەر كەسێك كە هاوكار بێت لە دۆزینەوەی جامەكەدا و بەپەلەش لێپرسراوای بەریتانیا دەستیانكرد بە دیزاینكردنی كۆپییەكی جامەكە تا بۆ مۆندیال ئامادەبێت، لە حاڵەتێكدا ئەگەر جامە راستەقینەكە نەدۆزرایەوە، پاشان سەگێك كە ناوی " پیكڵز بوو"  لە باشووری لەندەن كە لەگەڵ خاوەنەكەیدا بوو جامەكەی دۆزییەوە كە لە كاغەزەوە پێچرابووو، خاوەنی سەگەكە دەیڤید كۆربیت خێرا دەسەڵاتدارانی ئاگاداركردەوە و  پیكڵزیش لە شەو و رۆژێكدا بوووە پاڵەوانی نیشتمانی و خەڵاتی زیوینی رایتەی نیشتمانی بۆ بەرگریكردن لە سەگی وەرگرت لە ئاهەنگێكی گەورەدا لە هۆتێل كنسینگتۆن، هەروەها لەلایەن كارمەندانەی هۆتێلەكەوە سینییەكی زیویی كە بەهاكەی 53 پاوەند بوو پێبەخشرا و بۆماوەی یەك ساڵیش خۆراكی بێ‌ بەرامبەری پێ بەخشرا. دواتر ئەو سەگە پاڵەوانە لە فیلمی " The Spy with a Cold Nose " رۆڵی بینی و  كۆربیت بەبەهای شەش هەزار پاوەند خەڵاتی بەدەستهێنا و لە هەمانكاتیشدا هەموو یاریزانانەی هەڵبژاردەی ئینگلتەر كە ناناوی مۆندیالی 1966 یان بەدەستهێنا بە 1360 پاوەند خەڵاتكران. هەمان جام و بۆ دوومجار لە ساڵی 1983دا لە بارەگای یەكێتی تۆپی پێی بەرازیل دزرایەوە، دوای ئەوەی بەرازیل ساڵی 1970 بۆ سێیەمجار نازناوەی بەدەستهێنا و بوو بەخاوەنی هەمیشەیی جامەكە، بەڵام ئەمجارە هەرگیز جامەكە نەدۆزرایەوە و ئەگەری ئەوە هەیە كە دزەكە ئەمجارە جامەكەی تواندبێتەوە. جامێكی نوێ‌ پێویست بوو لەسەر یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی جامێكی تر پەیدابكات كە بەرازیل بەدەستیهێنابوو، لەبەرئەوە داوایكرد دیزاینی نوێی پێشنیاركراو پێشكەش بكەن و فیفا 53 دیزانیی نوێی جۆراوجۆری لە پەیكەرسازانی حەوت وڵاتەوە بەدەستگەیشت،  پەیكەرتاشی ئیتالی سێلڤیۆ گازانیگا دوو دیزاینی پێشكەش كرد و فیفا یەكێكیان دیاریكرد بۆئەوەی ببێتە جامی جیهانیی. جامەكە نوێكە لە زێڕی پوختەی عەیارە 18 دروستكرا و كێشەكەی دەگاتە 6.142 كیلۆگرام و بەرزییەكەشی 36.8 سانتیمەتر، دیزاینی جامەكە كە تیرەی بنكەكەی 13 سانتیمەترە بریتیە لە دوو یاریزان كە تۆپێكیان بەرزكردووەتەوە. گازانیگا دەڵێت" ئەو دووو یاریزانەی كە دەستیان بەرزكردووەوە سیمبوڵێكە بۆ تیپی براو لە ساتی دەربڕینی خۆشی و شادیدا، ئەو تۆپەشی كە لەسەر لوتكەی جامەكەیە وێنەی هەموو كیشوەرە جیاوازەكانی جیهان دەخاتەڕوو." جامەكە لەسەر بنكەیەكی زێڕ جێگیركراوە و ناوی ئەو وڵاتەی لێدەنوسرێت كە جامەكە بەدەستدەهێنن بە زمانی رەسمی ئەو وڵاتە بۆ نمونە ( Brazil 1994  ) و پێویستە ناوی وڵاتانی براوە بە شێوەیەكە بازنەیی بچوك بنوسرێت بۆئەوەی شوێن بمێنێتەوە بۆ ناوی ئەو وڵاتانەی لە داهاتوودا جامەكە بەدەستدەهێنن، بەڵام چەند راپۆرتێك ئاماژە بەوەدەدەن كە ئێستا جامەكە شوێنی نوسینی چوار ناوی تێدا ماوە، ئەوەش بە واتای ئەوە دێت كە پێویستە جارێكی تر لە 100 مین ساڵیادیدا ساڵی 2030 جارێكی تر جامەكە بگۆڕدرێت. پسپۆران و شارەزایان بڕوایان وایە كە جامی ئێستا لە ناوەوە بۆشە چونكە ئەگەر وانەبوایە كێشەكەی دەگەیشتە 70 كیلۆگرام، بەوەش بەشێوەیەكی زۆر قورس دەبوو، یاریزانەكان بەزەحمەت دەیانتوانی بەرزی بكەنەوە ئاهەنگی پێوە بگێڕن. پێش 2006 هەڵبژاردەی هەر وڵاتێك نازناوی مۆندیالی بەدەستبهێنایە جامەكەی لادەبوو هەتا جارێكی تر پاڵەوانێتییەكە دەستیپێدەكرد، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نەماوە و بە گوێرەی رێنماییەكانی فیفا ئەو تیمەی نازناوەكە دەباتەوە كۆپییەكی ئۆرجیناڵی دروستكراو لە برۆنزی بە زێڕ رووپۆشكراوی پێدەدرێت و جامە سەرەكییەوە لە ساڵی 206ەوە لە مۆزەخانەی فیفا لە زیوریخ دانراوە. ئامادەكردن و وەرگێڕانی : نامیق رەسول سەرچاوە: bbc arabic  


تایبەت بەدرەو میدیا/ راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف پرسەكەی دلۆڤان ئیدریس بارزانی، یەكەم شوێنی دەركەوتنی نەوەی سێیەمی شازادە سیاسییەكانی هەرێم بوو، كە پێشتر بەو شێوەیە و وا بەگروپ نەبینرابوون، ئەو نەوەیەی كە هاوڵاتیانی كوردستان تازە بە دەموچاویان ئاشنا دەبێت و لە قۆناغی ئامادەكاریدان بۆ هاتنە نێو دنیای سیاسەتەوە كە لە دایك بووی مۆدێلی ئەو تەوریسە سیاسیەیە كە لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا لەبرەودایە. ئەم نەوەیە لەگەڵ ئەوەی لەناو هەرێمی كوردستاندا دەژین و ناسنامە و زمانیان لە هەرێمدایە، بەڵام لە ستایلی ژیان و گوزەران و خوێندن و پەیوەندییەكانیان هیچ پەیوەندیەكیان بە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم و كوردستانەوە نیە ئەمانە لە ژیانێكی پڕ لە خۆشگوزەراندا دەژین هەروەك ژیانی  دۆق و بارۆن و شازادە و ئەمیرەكانی نەوەی سوڵتانەكانی سەردەمی رابردوو، ئەمانە بەهەموو پێوەرێك كەمینەیەكی جیاوازن، دابڕاون لە ژیانی ئاسایی كۆمەڵگە.  نمایشكردنیان لە مەراسیم و پرسەكاندا و دەركەوتنی ئەم نەوە گەنجەی كە بە شازادەی سەردەمی خۆیان ئەژمار دەكرێن كاردانەوەی گەورەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بەدوای خۆی هێنا، ئەمانە لە ئێستاوە پاسەوان و كۆشك و تەلارو ڤێلای تایبەتی خۆیان هەیە، ژیان و گوزەرانی ئەمانە زیاتر لە خەیاڵەوە نزیكە وەك لە واقیع، تەنها هۆكاری ئەو ژیانە شاهانەیەیان، ئەوەیە كە ئەمانە كوڕ و كچی نەوەی تەوریسی سیاسیین، وەچەی كۆمەڵێك سەركردەی سیاسین كە لە هەناوی خانەوادەی سوڵتانیدا لەدایك بوون. ئەوەی لە شێواز و ستایلی ژیانی ئەم نەوەیە دەگێڕدرێتەوە زیاتر لە چیرۆكی ناو حیكایەت و ئەفسانە كان دەچێت،  نەك لە واقیعی ژیانی هاوڵاتیان، ئەوان سەرەرای رەخساوی پاڵپشتی خێزانی و بنەماڵەی سوڵتانی، پاڵپشتی حیزبی سیاسیشیان بۆ ئامادەدەكرێت، تا لە كاتی گونجاودا بێنە سەرشانۆی سیاسی، ئەوان لە بازنەیەكی داخراوی ناوخۆییدا ژیانی شاهانە دەگوزەرێنن، ئەمانە لەدایك بووی ئەو سیستمە خێزانیە سوڵتانیەن كە سیستمی حوكمڕانی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆماری یان دیموكراتی بێت، بەڵام لەباشترین حاڵەتدا سیستمەكە بووە بە سیستمێكی حوكمرانی سوڵتانی پشتاوپشت، باوك ئامادەكاری كردووە بۆ هاتنە پێشەوەی كوڕەكانی ئەمەش بۆخۆی جارێكی تر گەڕانەوەیە بۆ شەرعیەتی خێزانی و بنەماڵەیی.  ئەم شێوازە لە حوكمڕانیە بەتایبەت لە وڵاتە رەیعیەكاندا لە برەودایە، بە واتایەكی تر نەوت و سیاسەتی نەوتی و كۆنترۆڵكردنی نەوت ژینگەیەكی لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو فۆرمە لە حوكمڕانیی، بەو پێیەی نەوت چەكێكی كاریگەرە لەلایەك بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن و كۆكردنەوەی خەڵك لە دەوری خێزانی سوڵتانی و لەلایەكیش بەكارهێنانیەتی وەك چەكێكی سیاسی لە كۆمەڵگەدا، لە كاتێكدا نەوت سەرچاوەیەكە بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان، بەوپێیەش نەوت سیستمی سیاسی و حوكمرانی دیموكراسی دەروخێنێ، چونكە لە وڵاتی رەیعی و حوكمڕانی خێزانیدا دەسەڵات پێویستی بە خەڵك نیە و منەتیان بە خەڵك نیە هەموو هەوڵێكیان پتەوكردنی پایەكانی خێزانیە، بەڵكو خەڵك پێویستی بە حكومەتە بۆ پارە و موچە گوزەرانیان، بەپێچەوانەوە  لە سیستمی دیموكراسیدا دەوڵەت پێویستی بە خەڵكە بۆ دەنگدان. دەركەوتنی ریزێك لە نەوەی سێیەمی خانەوادەی بارزانی لە پرسەی دلۆڤان ئیدریس بارزانیدا، گفتوگۆی گەرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەدوای خۆیدا هێنا، ریزی نەوەی سێیەم پێكهاتبوون لە ( ئارین مەسرور مەسعود بارزانی، یاسر مەنسور مەسعود بارزانی، ناسر مەنسور مەسعود بارزانی، ئیدریس نێچیرڤان ئیدریس بارزانی ) ئەمانە نەوەی سێیەمی ئەو مۆدێلە حوكمرانیە سوڵتانیەن، كە بوەتە مۆدێلی هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە، لە باشترین زانكۆكانی جیهان دەخوێنن و لە جوانترین مۆدیڵەكانی جیهان سودمەندن بەڵام هەڵگری خراپترین و دواكەوتوترین مۆدێلەكانی حوكمرانین  لە جیهاندا، ئەوان لەبری هێنانی مۆدێلی سوید و هۆڵەندا و وڵاتانی رۆژئاوا، مۆدێلی شازادەكانی سعودیە و مەغریب و ئەردەن و سیستمە شمولییەكانی لە چەشنی عەلی عەبدوڵا ساڵح و موبارەك و قەزافی برەوپێدەدەن. ئێستا مۆدێلی هێنانە پێشەوەی نەوەی سێیەمە، پێشتر مەلا مستەفا بارزانی نەوەی یەكەمی خانەوادەكەی مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی هێنایە ناو كایە سیاسیەكەوە بۆ درێژەدان بەتەوریسی سیاسی و حوكمڕانی بنەماڵەیی و ئەوانیش نەوەی دووەمیان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیان هێنایە ناو شانۆی سیاسییەوەو ئەمانیش نەوەی سێەم بەهەمان نەریتی باوو باپیرانیان پەروەردە دەكەن، نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمە، ئیدریسی كوڕی هێناوەتە ناو گۆڕەپانی سیاسییەوە، مەسرور بارزانی كە سەرۆكی ئەنجومەنی ئاساییشە ئارینی كوڕی ماوەیەكە بەگەرمی دەردەخات، مەنسور بارزانی كە خۆی فەرماندەی لەشكری تایبەتی گوڵانە، ناسری كوڕی بەرپرسی یانەی وەرزشی پێشمەرگەیە، ئەمانە خۆیان و بەردەستەكانیان وا رادێنن، كە  ئەمانە موقەدەسن و بە سەدان پاسەوان و بۆدیگارد دەورەدراون و فڕۆكەی تایبەت و ئۆتۆمبێلی گرانبەها بەكاردێنن، ئەمانیش بۆ  تەقدیسكردنی نەوەی دووەم هەمیشە ( جەنابی براگەورە، جەنابی فەرماندە، جەنابی دەوڵەتمەدار، پارێزەری ئاشتی و...) كۆمەڵێك ناوی قەبە و تەقدیسكراو بۆ یەكدی بەكار دەهێنن.    ناسر مەنسور بارزانی لە ساڵی 2017 لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن بڕوانامەی زانستی سیاسی وەرگرتووە و ئێستا سەرۆكی یانەی پێشمەرگەیە و خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریكییە، ئیدریس نێچیرڤان بارزانی كە لەدایك بووی 1998، لە تەمەنی 15 ساڵیدا دەزگای روانگەی دامەزراندووە كە بە یەكێك لە دەزگا دەوڵەمەندەكان ئەژماردەكرێت، بە گوێرەی بەدواداچونێكی عەبدوڵا حەوێز رۆژنامەنوس لە كەناڵی BBC  ی بەریتانی ،لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، ئیدریسی كوڕی نێچیرڤان بارزانی، كە تەمەنی ٢٠ ساڵە، خۆی وەك میر (بەو واتایەی لە خێزانی پادشاییە) خۆی ناساندووە، لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٦ ئیدریس بە فرۆكەی تایبەتی دایكی لە سویسرا سەردانی لەندەن دەكات و لەگەڵ ٧ لە پاسەوانەكانی لە هۆتێڵی دۆرچیستەر - كە یەكێكە لە گرانترین هۆتێلەكانە لەناو هۆتێلە پێنج ئەستێرەكان، ئەو كاتە كەسێك دەچێت بۆ سەردانی كە لە پرسگە دەڵێت دەیەوێت ئیدریس ببینێت و مەوعیدی لەگەڵ هەیە پێی دەڵێن مەبەستت پرینس (میر) ئیدریسە؟   ناساندنی ئەو بە میر لە خۆوە نەهاتووە، بەڵكو ژیانی تایبەتی و گرنگی پێدانی و ئەو پێگەیەی هەیەتی لە میرەكان میرترە.  ئەم ستایلەی ژیان و گوزەرانی شازادەكانی نەوەی سێیەمی خانەوادەكانی هەرێم، هەمان ژیان و تەقدیسی شازادەكانی مەغریب و ئوردن و سعودیەیە، هەروەك ئەمیر حەسەن جێنشینی پادشای مەغریب لە ( 8ی ئایاری 2003 ) لەدایك بووەو لەو كاتەوە بوەتە جێنشینی مەغریب و لە هەموو بۆنە و مەراسیمێكدا دەستی ماچدەكرێت و بۆدیگارد و پاسەوان و فڕۆكەی تایبەتی خۆی هەیە، هەروەها شازادەی جێنشینی ئوردن  ئەمیر ( حسێن كوڕی عەبدوڵا) كە ( 28 حوزەیرانی 1994 ) لەدایك بووە و لە 2ی تەموزی 2008 بوەتە جێنشینی باوكی، كوڕی شا عەبدوڵای دووەمی پاشی ئێستای ئوردنە،  پلەی مولازمی دووەمی هەیە لە سوپای  سوریای عەرەبی و مێژووی نێودەوڵەتی لە زانكۆی جۆرج تاون لە وشانتۆن خویندووە و ئارەزووی لە وەرزشە بەتایبەت تۆپی پێ. هاوشێوەی ناسر مەنسور بارزانی كە ئەویش لە ئەمریكا خوێندنی تەواو كردووە و ئارەزووی وەرزشی هەیە بەتایبەتی یاری تۆپی پێ. ئەم مۆدیڵەی شازادەكانی نەوەی سێیەمی خانەوادەی بارزانییەكان، تەنها مەترسیەكەیان ئەوە نیە كە لە ژیانێكی دابڕاون لە كۆمەڵگەی كوردی و لە هەمانكاتدا ئامادەدەكرێن بۆ بەرپرسیارێتی و حوكمڕانیەتی ئەو كۆمەڵگەیەی كە تەنها زمان و لە دایك بوونیان بە كوردستانیان دەبەستێتەوە، ئەگەرنا لە هیچ رەهەندێكی ژیانیانەوە ئاشنای كۆمەڵگەی كوردی نین، بەڵكو مەترسیەكە لەوەدایە كە ئەم فۆرمە تەنها لە خانەوادەی بارزانیدا نەوەستاوە و لەفراوانبوندایە بۆ گروپ و حیزب و خانەوادە دەسەڵاتدارەكانی دیكەی كوردستان، كە هەرێمی كوردستان دەكاتە كۆمەڵگەیەكی خانەوادەیی سوڵتانی و بەهۆی كۆنترۆڵكردنی نەوتیشەوە، كۆنترۆڵی تەواوی جومگە هەستیارەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بە ئاسانیش دەستبەرداری حوكمڕانی هەرێم نابن.  


باربارا بلیت ئاشەر- پەیامنێری بی بی سی، واشنتۆن وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت ویلایەتە یەكگرتوەكان تەنیا یاریزانێكی سەرەكی نییە لە گۆڕەپانەكانە شلۆقەكەی شەڕدا لە سوریا، بەڵكو یاریزانێكە كە بایەخێكی گەورەشی هەیە. هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانە لۆكاڵییەكانی كۆنترۆڵی ناوچەیەكی بەرفراوان و گرنگی ستراتیژییان لە بەشی خۆرهەڵاتی سوریا بەدەستەوەیە، ئەگەر بەشێوەیەكی رێژەییش بێت نەك تەواوەتی، شكستیان بەو رێكخراوە هێنا كە لەوێ پێی دەوترێت رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی. ئەمدواییانە، كۆشكی سپی رایگەیاند هێزەكانی ئەمریكا ئەركەكانیان بۆ لەناوبردنی یاخیبوەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی تەواو دەكەن، بەڵام نابێت ئەوە كاتێكی دورودرێژ بخایەنێت.  ئەوەی تائێستا هەیە ئەمەیە، لەوكاتەوەی كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەستیكردووە بە داڕشتنەوەی سیاسەتی وڵاتەكەی سەبارەت بە سوریا بەشێوەیەكی خێرا، ئەمەش لە رێگەی راگەیاندنی ئەوەی وڵاتەكەی لەوێ دەكشێتەوە " لە زوترین كاتی گونجاودا". سەرباری سەركەوتی هەڵمەتی سەربازی ئەمریكا لەدژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام لەناوبردنی بەشێوەیەكی تەواوەتی وەكو ئەوەی ترەمپ دەخوازێت، خێرا نابێت، بەتایبەتیش كە چەكدارانی رێكخراوەكە بەهێزی خۆیان سەلماندووە. هاوپەیمانە لۆكاڵییەكەی ئەمریكا كە كوردە، لە شەڕی دژ بە رێكخراوی داعش كشایەوە تاوەكو یارمەتی براكانیان بدەن لە باكوری وڵات، كە روبەڕوی هێرشی هاوپەیمانێكی تری ئەمریكا بونەوە كە توركیایە. بۆیە لەگەڵ هەڵپەساردنی ئۆپراسیۆنە زەمینییەكان لەدژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە مانگی رابردوودا، كارەكە بەتەواوەتی پڕبووە لە گرێ و گۆڵ. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەو ساتەش بێتەپێشەوە كە پێی دەوترێت "سەركەوتن"، وەزارەتی بەگری ئەمریكا "پەنتاگۆن" دەترسێت كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمریكا بۆشاییەكی مەترسیدار درروستبكات. رەنگە لە واقیعدا سازشكردن لەو ناوچانەی كە ئەمریكا كۆنترۆڵیكردون بۆ رژێمەكەی بەشار ئەسەدو و هاوپەیمانە روسەكانی وەكو ناپاكییەك بێت لە هاوپەیمانەكانی واشنتۆن لە سوریا، هەروەك ئەوە هەوڵەكانی واشنتۆن نائومێد دەكات بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر رژێمدا دوای جەنگ، كە بەرژەوەندنی واشنتۆن و هاوپەیمانە هەرێمایەتییەكانی بە هەند وەردەگرێت. لەگەڵ ئەمەشدا ستراتیژیەتی ئەمریكا پەكدەخات بۆ پاڵپشتیكردن لە سەقامگیری ناوچە وێرانبوەكانی شەڕ بە ئامانجی رێگرتن لە گەڕانەوەی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەمە لەرێگەی فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان كە وا لە ئاوارەكان دەكات بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانیان. هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریكا لەسەر ئەم بابەتە هاوڕان. هاوكات كشانەوە رێگە بۆ ئێران خۆش دەكات هەژمونی گەورەی خۆی لە سوریا و ناوچەكە بەگشتی فراوانتر بكات، هەروەها ئاسانكاری دەكات بۆ هەوڵەكانی تاران بۆ دروستكردنی رێگایەكی كۆمەكی وشكانی كە بە عێراقدا دەچێتە سوریا تا دەگاتە هاوپەیمانەكەی لە بەیروت كە حزبوڵایە. بەڵام ئەمە سەرچاوەی دودڵییەكی مەترسیدارە بۆ ئیسرائیل كە لە بونی سەربازیی ئێران لەسەر سنورەكەی دەترسێت، هەروەها بۆ سعودیەش كە ركابەری گەورەی هەرێمیی ئێرانە. محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بونی هێزەكانی ئەمریكای لە سوریا بە بەربەستی كۆتایی دژی فراوانخوازی ئێران لە ناوچەكە ناوبرد. هەڵۆكانی سیاسەتی دەرەوە لە واشنتۆن كە ئاماژەیان بۆ هێرشی ترەمپ كرد بۆسەر رێككەوتنە ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، لەخۆڕا قسەیان نەكرد، مارك دوبویتز سەرۆكی جێبەجێكاری دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراتییەكان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی وۆل ستریت ژۆرناڵ وتی" ترەمپ ناتوانێ ببێت بە خاوەتی ستراتیژیەتێكی جددی بەرامبەر بە ئێران ئەگەر رێگەی بە ئێرانییەكاندا لە سوریا سەركەون". پێدەچێت لای ترەمپ هۆكاری قایلكەر هەبن لە پشت ئارەزوەكەی بۆ كشانەوە لە جەنگی ئاڵۆزی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی كە ئەو بەڵێنی ئەوەی داوە. ئاماژە هەیە بۆ بونی پابەندبونێك سەبارەت بە ئەفغانستان كە كۆتایی نایەت، باوەڕی ئەو سەبارەت بەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان یەدەگی ترلیۆن دۆلاری نییە بۆ دابینكردنی خەرجییەكەی. ترەمپ وتی ئەو بە سعودییەكانی وتووە كە" ئەگەر دەتانەوێت بمێنینەوە، دەبێت خەرجییەكەی بدەن". لەڕاستیدا ئەم قسە وەكو ئەوە وایە رێبازی ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەدا كورتبكرێتەوە بۆ ئەوەی: گرێبەستی بازرگانی كورت مەودا لەسەر ئەوە وەستاوە كە دەكرێت لە كاتی ئێستادا بەدی بهێنرێت، نەك لەسەر بنەمای ستراتیژیەتێكی گشتگیر كە كاریگەر بێت بە بارودۆخی نەرێنی مێژویی و پڕ گرێ و گۆڵ. بەپێچەوانەی ئەمەشەوە، ریكس تیلەرسۆن وەزیری پێشووی دەرەوە لەڕوی تێڕوانینی دورمەوداوە لێهاتوو بوو. چەند مانگێك بەر لەوەی ترەمپ دوریبخاتەوە، تیلەرسۆن هۆكارەكانی رونكردەوە كە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكاتە كارێكی پێویست بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا تەنانەت دوای شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیش. بەڵام تیلەرسۆن ئەم ململانێیەی دۆڕاند، تائێستاش روون نییە ئایا سەركردە سەربازییەكانی تری ئیدارەكەی ترەمپ دەتوانن بیبەنەوە یاخود نا؟


شەڕ و ململانێی لە سوریا ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە دەستیپێكردووە و رۆژ لەداوی رۆژ دۆخەكە خراپتر دەبێت، شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە بووە ململانێیەكی نێودەوڵەتی لەسەر خاكی سوریا. هۆكارەكانی ئەو جەنگە چین؟ لایەنەكانی ململانێكە كێن؟ پاڵنەرەكانیان چین؟ هۆكاری جەنگەكە لەسەرەتادا بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا هەوڵیدا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە كە لەلایەن خۆرئاوای بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و بۆردومانكردنی هەڕەمەكی و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی تۆمەتباردەكرێت، هەرچەندە ئەسەد ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوەن ئامانجی ئەسەد لە سەرەتاد نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆن بوو كە بە " گروپە تیرۆریستییەكان" وەسفیدەكردن. ئۆپۆزسیۆنی سوریا دوای ئەو سەركوتكردنی ئەو خۆپیشاندانانەی كە بە شێوەیەكە ئاشتیانە لە 2011  بەڕێوەدەچوون دەستیكرد بە شەڕ  و سەرەتا چەندین كەسی سەربازی و مەدەنی پەیوەندییان كرد بە ریزەكانییە و ژمارەیەكی زۆریان لە شەڕەكاندا كوژران و ئێستا ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێكدێت لە چەند گروپێكی چەكداری ئیسلامی توندڕەو، هەروەها كوردەكانیش هەن كە دوای كشانەوەی هێزەكانی حكومەتی سوریا لەسەرەتای شەڕدا ناوچەیەكی بەرفراوانیان كۆنترۆڵكرد و ئەوان وەك خۆیان دەڵێن ئامانجیان لە شەڕ بەدیهێنانی ئۆتۆنۆمی و نەهێشتنی داعشە. لایەنەكانی ململانێی سوریا •    سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد: لە لایەن روسیا و ئێران و چەند هێزێكی سەر بەئێرانەوە لەوانەش حزبولای لوبنانی هاوكاری دەكرێت. •    گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان: ئەم گروپانە گورزێكی توندیان بەركەوت، بەڵام هێشتا شەڕ دەكەن و ئەمریكا و توركیا و وڵاتانی كەنداو هاوكاریان پێشكەشی چەند گروپێكی جیاوازی ئۆپۆزسیۆن كرد، گەورەترین گروپی سوپای ئیسلام و گروپی ئەحرار شامە. •    كورد: لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریان و ناوچەیەكی بەرفراوانیان لەژێر دەستدایە و هاوپەیمانی ئەمریكان. •    توركیا: كە دژی هێزەكانی كورد دەجەنگێت. •    ئیسرائیل: كە هێرشی ئاسمانی دەكاتە سەر باشووری سوریا •    رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی " داعش": ئەم رێكخراوە بۆ ماوەیەك رووبەرێكی بەرفراوانی خاكی سوریا و عێراقی كۆنترۆڵكرد و دواتر رووبەڕووی گورزی كوشندە بووە و تواناكانی لاوازبوون. پاڵنەرەكانی ئەم جەنگ و ململانێیە یەكێك لە هۆكارەكانی شەڕ و پشێوی سوریا ئەوەیە كە بووە گۆڕەپانی شەڕی بەوەكالەتی هێزە نێودەوڵەتییەكان، كەوات بۆچی ئەم هێزان دەستیان لەو شەڕ و ململانێیە وەردا؟ روسیا: ئەسەد  نزیكترین هاوپەیمانی مۆسكۆیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر بڕوخێت ئەوا روسیا جێ پێی لە ناوچەكەدا لەدەستدات و هەروەها تەرتوسیش لەدەستدەدات كە تاكە دەروازەیەتی لەسەر دەریای ناوەڕاست. ئێران: ئەسەد هاوپەیمانێكی دێرینی تارانە، هەروەها دەستوەردانی ئێران پەیوەندیشی هەیە بە رووبەڕووبوونەوەی سعودیەی نەیاری، جگە لە هەوڵدان بۆ فراوانتركردنی هەژمونی لە ناوچەكەدا. ئەمریكا: واشنتۆن هاوككاری چەند گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی سوریای كرد، بە تایبەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە پڕچەكی كردن و مەشق و راهێنانی پێ كردن و پێكهاتەی سەرەكی ئەم هێزەش یەكینەكانی پاراستنی گەلە. توركیا: رۆڵی سەرەكی بریتی بوو لە داڵدەدانی چەندین ملیۆن ئاوارەی شەڕ و ململانێتی سوریا، ئەنكەرە پشتگیری و هاوكاری گروپێكی ئۆپۆزسیۆن دەكات بەناوی " سوپای سوریای ئازاد" توركیا لەوە دەترسێت كە ئۆتۆنۆمیی و خۆبەڕێوەبەری كورد لە باكوری سوریا ببێتە هاندانی زیاتری بیری جواداخوازی كورد لە توركیا، لەبەرئەوە ئەنكەرە شەڕی لە دژی یەكینەكانی پاراستی گەل بەرپاكرد و بەوەش توركیا كە ئەندامی پەیمانی ناتۆیە لە نزیكەوە كار لەگەڵ روسیادا دەكات. ئیسرائیل: ئەوەی كە زۆر ئیسرائیل نیگەران كردووە گەیشتنی چەكی پێشكەوتووە بە حزبوڵای لوبنان، لەبەرئەوە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل جارجارە چەند پێگەیەك لە سوریا بۆردوماندەكان و دەڵێت پێگەی حزبوڵان. وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ سەرچاوە : بی بی سی   


ئامادەكردنی فازل حەمە رەفعەت   ئێوارەی رۆژی سێ شەممە لە دەروازەی سێمالكای هەرێمی كوردستانەوە، وەفدێكی بەریتانی چونە ناو سنوری رۆژئاوای كوردستان. سەردانی وەفدەكە لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بڕیاریدا هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای كوردستان بكشێتەوە، بەوەش هەلێكی زێڕینی تری خستە بەردەم توركیا درێژە بە لەشكركێشییەكانی بدات بۆ داگیركردنی ناوچەیەكی فراوانتری خاكی رۆژئاوای كوردستان. ئەو وەفدە بەریتانییەی كە دوێنێ چوە ناو رۆژئاوای كوردستان پێكهاتبوو لەم كەسایەتیانە:   •    لوید رسل مۆیل – پەرلەمانتار لە پارتی كرێكارانی بەریتانیا •    مۆریس گلاسمان- سیناتۆر لە ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا  •    سیمۆن دبینگ – بەڕێوەبەری نوسینگەی سەندیكا نێودەوڵەتییەكان •    ریان فلیچەر- بەرپرسی سەندیكاكانی بەریتانیا •    ئیبراهیم دۆگۆس- بەڕێوەبەری سەنتەری پێشكەوتنی كورد "ئێمە لێرەین لەپێناو بنیادنانی پەیوەندییەكی درێژمەودا لەگەڵ ئێوەدا، دەكرێت پاڵپشتیتان بكەین لەدژی هەموو ئەوانەی كە دەیانەوێت ئازادیتان وێران بكەن" ئەمە قسەی مۆریس گلاسمان سیناتۆری ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا بوو بۆ بەرپرسانی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان لەكاتی گەیشتی وەفدەكە بۆ شاری قامیشلۆ.  سەردانی وەفدە بەریتانییەكە بۆ رۆژئاوای كوردستان ئەو پرسیارەی دروستكردووە ئایا لە حاڵی كشانەوەی ئەمریكادا، بەریتانیا دەتوانێت هاوشان لەگەڵ فەرەنسا پشتیوانی لە راوەستانی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان بكات لەبەرامبەر هەڕەشەكانی توركیا. مانگی رابردوو سوپای توركیا شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستانی داگیركرد و هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچەكە كشانەوە. ئەمریكا كە لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە پشتیوانییەكی بەهێزی لە شەڕڤانانی كورد دەكرد لە رۆژئاوای كوردستان، ئێستا و دوای كۆتاییهاتنی داعش ترەمپ بەبێ گوێدانە هیچ بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقی دوای شەڕ، دەیەوێت هێز و بنكە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای كوردستان بكێشێتەوە. ترەمپ وەكو هەمیشە تێڕوانینێكی ئابوری بۆ بارودۆخەكە هەیە و دەڵێ مانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا خەرجی لەسەر ئیدارەی واشنتۆن زیاد دەكات، ئەوانەی خوازیارن سوپای ئەمریكا لە سوریا بمێنێتەوە دەبێت خەرجییەكەشی بدەن، لەمەشدا بەڕون و راشكاوی مەبەستی سعودیەیە. دەستهەڵگرتنی ئەمریكا لە پاڵپشتیكردنی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لە كاتێكدایە لێپرسراوانی رۆژئاوای كوردستان هیچ خواستێكی راگەیاندنی سەربەخۆیی و جیابونەوەیان لە سوریا نیشان نەداوە لەبری ئەوە بەردەوام جەخت لەسەر "خۆبەڕێوەبەرێتی"ی ناوچەكانیان دەكەن لە چوارچێوەی سوریایەكی نامەركەزیدا. عەبدولكەریم عومەر بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز لەبارەی سەردانی وەفدە بەریتانییەكەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، ئەوە یەكەمجارە وەفدێكی باڵای بەریتانیا لەو ئاستەدا سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكات، پێشتر كۆبونەوە كراوە بەڵام ئاشكرانەكراوە، بەڵام ئەمە یەكەمجارە بەریتانییەكان بەو شێوە فەرمییە سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكەن. بەپێی قسەی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كانتۆنی جزیرە، لەسەردانەكەیدا بۆ رۆژئاوای كوردستان وەفدە بەریتانییەكە لەگەڵ لێپرسراوانی كورد لەبارەی بارودۆخی عەفرین و كێشەی دەیان هەزاران ئاوارەی ئەو شارە گفتوگۆ دەكەن. وەفدە بەریتانییەكە تەنیا لەگەڵ لێپرسراوانی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان قسە ناكات، بەڵكو سەردانی یەكینەكانی پاراستنی گەل دەكەن و لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنە مەدەنییەكان كۆدەبێتەوە. بە كشانەوەی روسیا لە عەفرین، توركیا بە ئاسانی لەشكركێشی دەستپێكرد و سەرباری خۆراگری و بەرخودانی شەڕڤانانی كورد شارەكەی داگیركرد، كشانەوەی ئەمریكاش لە مەنبەج، رەنگە هەمان سیناریۆی عەفرین دووبارە بكاتەوە، ئەگەر ئەوروپا بەتایبەتیش بەریتانیا و فەرەنسی رۆڵ نەگیڕن لە پاراستنی ئیدارەی رۆژئاوا و خەڵكەكەی لە رودانی كۆمەڵكوژییەكی نوێ.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand