سولەیمانی و مەكگۆرك دوو یاریزانی سەرەكی گۆڕەپانی سیاسی عێراق
2018-05-16 08:12:37
راپۆرتی شیكاری: نامیق رەسوڵ
لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و نزیكبوونەوەی وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژ بە داعش كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ لایەنەكانی عێراقدا دەستپێكرد.
ئێران و ئەمریكا لە رێگەی سولەیمانی و مەكگۆرگەوە هەوڵدەدەن جێپەنجەیان بەسەر پێكهاتەی حكومەتی نوێی عێراقەوە دیاربێت، چاوەڕوان ناكرێت پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ئاسان بێت، و چارەسەركردنی دەكەوێتە ئەستۆ و هێز و توانای ئەو دوو كەسایەتییە، پێش لیستە براوەكانی عێراق.
لێرەدا بە كورتەیەك لە ژیان و كار و چالاكییەكانی ئەم دوو كەسە ئاشنا دەبن:
ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی
ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی ساڵی 1957 لە شاری قوم لە دایكبووە، لە گوندی (رابور)ی پارێزگای كرمان لە باشووری خۆرهەڵاتی ئێران لەناو خێزانێكی جوتیاری هەژاردا ژیاوە، كاری كرێكاریی كردووە، لە خوێندنیشدا تەنها تا قۆناغی ئامادەیی خوێندووە.
قاسم سولەیمانی ماوەیەك لە فەرمانگەی ئاوی شارەوانی كرمان كاریكردووە، لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 پەیوەندیكردووە بە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی و پلە سەربازییەكانی بڕیوە، ساڵی 1998 بووە بە فەرماندەی فەیلەقی قودس كە یەكەیەكی سوپای پاسدارانە و ئەركی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەواڵگرییە لە دەرەوەی خاكی ئێران.
كارەكانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی لە پشتی پەردەوە ئەنجامدەدرێن و كۆبوونەوە و دیدارەكانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم زۆر بە كەمی لە میدیا فەرمییەكانەوە باسدەكرێن.
سولەیمانی لە سەردەمی رژێمی سەددام حسێندا پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی شیعە و حزبە كوردییەكاندا هەبووە و لە جەنگی دژ بە رژێمی بەعسدا هاوكاریكردوون، دوای روخانی رژێمی بەعسیش ئەركەكەی بریتی بوو لە پاراستنی دەسەڵاتی شیعەكان لە عێراق، بە تایبەتی ئەو گروپە شیعانەی كە لە تارانەوە نزیكن هەروەها لە یەكخستنی شیعەكان بۆ پێكهێنانی كوتلەی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن رۆڵی گەورەی لە پشتی پەردەوە بینوە، رۆڵی باڵاشی هەبووە لە نزیككردنەوەی كورد و شیعە لە كابینەكانی پێشووی حكومەتی عێراق و لە شەڕی دژ بە داعش كە رووبەرێكی بەرفراوانی عێراقی كۆنترۆڵكرد فەرماندەكەی فەیلەقی قودس بە یاوەری هاوكارەكانی هاوكاری زۆری هەرێمی كوردستان و هێزەكانی حەشدی شەعبیی و سوپای عێراقی كردووە و بەردەوام سەرەڕای بوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان و بەغدادی كردووە.
ئێستاش لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، قاسم سولەیمانی جارێكی تر گەیشتوەتەوە بەغداد بۆئەوەی هەوڵەكانی بخاتەگەڕ تا ناوماڵی شیعە لە عێراق یەكبخات بۆ وەرگرتنەوەی سەرۆكایەتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بۆ چوار ساڵی ئایندە، هەرچەندە رەنگە ئەركەكەی لە پێشووتری قورستربێت، چونكە ئێستا شیعەكان بەسەر چەند كوتلەیەكدا دابەشبوون و هەمووشیان چاویان لە پۆستی سەرۆك وەزیرانە، هەروەها نێوانی كورد و بەغدادیش وەك پێشوو نیە و بەهۆی ریفراندۆم و هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیی بۆسەر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان كەلێنی گەورەی خستوەتە نێوانی هەولێر و بەغداد.
بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەك كە قسەیان بۆ كەناڵی " ئەلحوڕە" كردووە، ئێستا سولەیمانی لە ناوچەی سەوزی بەغدادە بۆ دانوستانكردن لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانەی دەوڵەتی یاسا بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانی " الفتح"ی هادی عامری گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پێكبهێنن و موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی پەراوێز بخەن، ئەگەر عەبادی پەیوەندی نەكات بەو هاوپەیمانێتییەی كە ئێران دەیەوێت پێكیبهێنێت.
برێت مەكگۆرك
ساڵی 1973 لە دایكبووە، پارێزەر و دیپلۆماتكارە، 23ی ئۆكتۆبەری 2015 لەلایەن باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكاوە وەك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دانرا.
مەكگۆرك 20ی نیسانی 1973 لە شاری پیتسبێرگی ویەلایەتی پەنسلڤانیا لەدایكبووە، باوكی پرۆفیسۆری زمانی ئینگلیزیی بووە و دایكیشی مامۆستای هونەر بوو، ساڵی 1996 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە هونەرەكاندا لە زانكۆی كۆنیتیكت بەدەستهێناوە، ساڵی 1999 بڕوانامەی دكتۆرای لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بەدەستهێناوە، دوای دەرچوونی لە كۆڵیژی ماف، مەكگۆرك بۆماوەی سێ ساڵ لە دادگایەكی ویلایەتی نیویۆرك كاریكردووە، پاشان لە چەند دادگایەكی تر و دواتر لە دامەزراوەی كێركلاند لە كەرتی تایبەت و وەك مامۆستایەكی یاریدەدەر لە كۆلێژی مافی زانكۆی ڤێرجینیا كاریكردووە.
شوباتی 2004 مەكگۆرك وەك راوێژكاری یاسایی دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان و راوێژكاری یاسایی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد گەیشتە عێراق، لەو ماوەیەشدا رۆڵی هەبوو لە نوسینی دەستوری كاتی عێراق و یاسای ئیداری ئینتیقالی و سەرپەرشتی گواستنەوەی دەسەڵاتیشیی كرد لە هاوپەیمانانەوە بۆ حكومەتی كاتیی عێراق بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی.
مەككۆرگ لە ئیدارەی جۆرج بوش و ئۆباما و ترەمپیشدا لە ئەرك و چالاكییەكانی لە عێراق بەردەوام بووە و چەندین كاری گرنگی لە عێراق ئەنجامداوە و بەنهێنی دانوستانی لەگەڵ ئێراندا كردووە بۆ ئازادكردنی چەند هاوڵاتییەكی ئەمریكی لە ئێران
ساڵی 2005 مەكگۆرك گەڕایەوە بۆ ئەمریكا، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا وەك بەڕێوەبەری كاروباری عێراق دەستبەكاربوو، دواتر وەك راوێژكاری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا و بەڕێوەبەری كاروباری عێراق و ئەفغانستان كاریكرد.
مەكگۆرك یەكێك بوو لەو كەسانەی كە پشتیوانی لە گۆڕانكاری ریشەیی لە ستراتیژی ئەمریكا لە عێراق دەكرد و بانگەشەی بۆ زیاتركردنی هێزەكانی ئەمریكا دەكرد، ئەوەش لە ساڵی 2007 دا بە فیعلی روویدا، ئەو یەكێكە لەو كەسانەی كە جۆرج دەبیلو بۆش لە كتێبەكەیدا " خاڵەكانی بڕیار" ئاماژەی پێداوە و وەك یەكێك لەو كەسانەی كە بوونە هۆی ئەوەی شەڕ لە عێراق بچێتە سەر رێڕەوی سەرەكی خۆی و دوای ئەوەش بوش داوایلێكرد لەگەڵ رایان كرۆكەر باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد سەرۆكایەتی دانوستان بكات لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بۆ داڕشتنی بنەماكانی رێككەوتنی ستراتیژی و ئەمنیی نێوان بەغداد و واشنتۆن.
ساڵی 2009 مەكگۆرك یەكێك بووە لەو سێ كەسەی ئیدارەی جۆرج دەبلیو بووش كە لە ئیدارەی باراك ئۆبامادا مانەوە و مەكگۆرك پۆستی راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا و راوێژكاری باڵیۆزی ئەمریكای لە عێراق پێ بەخشرا.
مەكگۆرك پاییزی 2009 دەستبەرداری كاری حكومیی بوو، رویكردە زانكۆی هارڤارد و ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەكییەكان، بەڵام هاوینی 2010 و كاتی سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و دوای ئەویش هاوینی 2011 بەهۆی بوونی كۆسپ لەبەردەم درێژكردنەوەی رێككەوتنی ئەمنی نێوان ئەمریكا و عێراق داوای لێكرایەوە و گەڕایەوە كاری حكومیی.
ئابی 2013 مەكگۆرك وەك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران و نوسینگەی خۆرهەڵاتی نزیك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دامەزرێنرا.
مەكگۆرك و شەڕی داعش
9ی حوزەیرانی 2014 مەكگۆرك لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بوو كە داعش موسڵی داگیركرد، بەپەلە گەڕایەوە بەغداد بۆ دوورخستنەوەی 1500 فەرمانبەری ئەمریكی لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و پاشان لەگەڵ باراك ئۆباما و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كاریكرد بۆ داڕشتنی پلانی دیپلۆماتی و سەربازی ئەمریكا بەرامبەر بە هەڕەشەی داعش، مەكگۆرك دواتر رۆڵی كاریگەری بینی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و دورخستنەوەی نوری مالیكی.
لە ئەیلولی 2014 مەكگۆرك لەلایەن جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وەك جێگری نوێنەری تایبەتی سەرۆك لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دیاریكرا، كە لە دیسەمبەری 2014 لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا بەبەشداری 62 وڵات بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی نوێی عێراق لەدژی داعش پێكهێنرا، مەكگۆرك دواتر بووە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لەو هاوپەیمانێتییە و سەرەنجام لە كۆتاییدا داعش لە عێراق وەدەرنرا.
كانوونی دوووەمی ساڵی 2016 مەكگۆرك بۆ لەناوبردنی داعش سەردانی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریای كرد و لەگەڵ لێپرسراوانی پەیەكە و یەپەگە و یەپەژە كۆبووەوە، دواتر سوپای ئەمریكا بۆ هاوكاریكردنی ئەوانیش هێز و هاوكاری سەربازی گەیاندە ناوچەكە.
جگە لەو رۆڵانەی تری كە لە عێراق و ناوچەكەدا گێڕاونی، مەكگۆرك لە ئۆكتۆبەری 2014ەوە تا شوباتی 2016 سەرقاڵی دانوستانی نهێنی بوو لەگەڵ ئێران بۆ ئازادكردنی چوار دەستگیركراوی ئەمریكی لە نێویشیاندا جیسۆن رەزائیان و ئەمیر حیكمەتی و سەعید عابدینی.
ئێستاش كە لە ماوەی داهاتوودا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەستپێدەكەن، مەكگۆرگ كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنەكە دەستپێكردووە بۆ لێكنزیككردنەوەیان.